Saturday, March 11, 2017

کاپیتان حەمەدی ڕاتبی ، حەمەدی مەولوودە چرچی

 کاپیتان حەمەدی ڕاتبی ( حەمەدی مەولوودە چرچی)
کاپیتان حەمەدی ڕاتبی یەکێک لە فەرماندە بەوەجەکانی پێشمەرگە بوو لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا.
دوای ڕووخانی جمهووری کاک حەمەد و هێندێک پێشمەرگەی دیکەی ڕۆژهەڵات خۆیان بە دەستەوە نەدا و تا ئەو جێی توانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانەوە. کاپیتان ڕاتبی دواتر پەنای بردە لای شێخ لەتیفی حەفید کە ماڵەکەی داڵدەی هەموو ئەو غەوارانە بوو کە لە سنووری دەستکرد پەڕیبوونەوە.
حەمەدی مەولوودی دواتر لە ساڵی 1951-2 لە کوردستانی عێڕاقەوە چووە ئازەربایجانی شووڕەوی و ماوەیەک لە زیندان دا بوو لە زەمانی خۆڕۆشچۆف دا بەر درا و لە دەور و بەری باکۆ خەریکی باغەوانی بوو. پێوەندیی بەو تێکۆشەرە ڕۆژهەڵاتییانەی کە لە باشوور دەژیان پاراستبوو و زۆر جار لەگەڵ ڕەحمەتی ئەحمەد تۆفیق ( عەبدوڵا ئیسحاقی) نامەیان ئاڵوگۆڕ دەکرد. كاک حەمەد  لەجەنگەی خەباتی کۆمەڵانی ڕاپەڕیوی ئێران بە دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی پەهلەوی دا نەخۆش کەوت و بەداخەوە لە ٢٨-ی ژووەنی ساڵی ١٩٧٨  لە تەمەنی ٧٠ ساڵی لە تاراوگەی ئازەربایجان چاوی وێک نا.
کاک حەمەد لە مەهاباد چوار منداڵی بە جێهێشتبوو کە وەک زۆر منداڵی دیکەی کورد بێ باب گەورە بوون و بە ئاواتەوە بوون چاویان بە بابیان بکەوێتەوە ، ئامینی ڕاتبی ( مامڵێ) یەک لەو منداڵانەیە. هاوسەری ڕەحمەتی خورشید ڕەهبەر لە نەبوونی کاک حەمەد دا منداڵەکانی گەورە کرد و هەتا مرد هەر بە هیوای دیتنەوەی بوو . حەمەد لە تاراوگەی ئازەربایجانیش بۆ جاری دووەم خێزانی پێکەوە نا و کچێکی هەیە کە وەک لەم وێنەی خوارەوە دا دەبینین ئەو کێلەی بۆ گۆڕی پیرۆزی بابی دروست کردووە. لە سەر کارنامەی ژیانی کاپیتان حەمەدی ڕاتبی دەبێ زۆر لەوە درێژتر بنووسرێ. هەژار لە ' چێشتی مچیور ' دا باسی هێندێک بیرەوەری خۆی لەگەڵ وی دەگێڕێتەوە.

سەبارەت بە سەردەمی چالاکی وی لە کۆمەڵەی ژیانی کورد و جمهووری دا  دەنووسێ: " لە دامەزرانی  " ژ- ک " دا هاتە حیزبەوە. پیاوێکی زۆر بە بڕشت و موخلیس بوو . " ژ – ک " کە دە پێشدا خەڵکی دەترساند، تفەنگ هاویشتن و ترساندن لە عۆدەی حەمەد بوو. دەگەڵ هێزی چەکداری کۆمەڵە لە هاوکارە هەرە ئازا و بەکارەکان بوو ، لە شەڕی  ' مەکڵاوێ ' ی دەوری سەردەشت ، و لە ئەتڕافی سەقز ناوی دەر کرد . پڵنگێک بوو لە بەر هەزار کەس نەدەپرینگاوە. هەموو زۆرمان خۆش دەویست "

 نووسینێکی کاپیتان حه‌مه‌دی مه‌ولوودی له‌ ڕۆژنامه‌ی 'کوردستان ' دا
ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌ی 85، 21ی خه‌رمانانی 1325ی هه‌تاوی / 12ی سێپتامبری 1946
له‌میره‌ دێ وه‌
سوپاس
ئه‌من محه‌مه‌دی مه‌ولوودی به‌ خۆم و پێشمه‌رگه‌کانمه‌وه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک بوو له‌ گوندی به‌ڵه‌جه‌ڕ کارمان پێ ئه‌سپێردرابوو، ئاغایانی به‌ڵه‌جه‌ڕ مامه‌ند ئاغا و فارس ئاغا و برایانی مامه‌ند ئاغا هه‌میشه‌ به‌ بوونی ئێمه‌ شاد و خۆشحاڵ بوون و هه‌موو ڕۆژێ دیده‌نیان لێ ده‌کردین و ده‌یانگوت ئێمه‌ به‌ نۆبه‌ی خۆمان له‌ هیچ جووره‌ خۆ ده‌پێناونانێک کۆتایی  ناکه‌ین و ئاماده‌ین به‌ ماڵ و گیان ده‌ ڕێی ئازادی و پاراستنی ئاڵای موقه‌ده‌س و به‌ دوژمنایه‌تی ئیرتیجاع گیانبازی بکه‌ین.دیسان ڕۆژی جێژنی ڕه‌مه‌زان ته‌واوی پێشمه‌رگه‌کانی به‌ڵه‌جه‌ڕیان دیده‌ن کرد و جێژنه‌ پیرۆزه‌یان لێ کردین.
 له‌ به‌رواری 9-6-25 له‌ لایه‌ن جه‌نابی پۆت پۆلکۆڤنیک مسته‌فا خۆشناو به‌ ئێمه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا که‌ پۆستی به‌ڵه‌جه‌ڕ بگوێزیینه‌وه‌ بۆ میره‌ دێ. ئاغایانی به‌ڵه‌جه‌ڕ به‌ گوێزینه‌وه‌ی ئێمه‌ زۆر غه‌مناک بوون و تا میره‌ دێ  ده‌گه‌ڵمان هاتن و به‌ڕێیان کردین.که‌ چووینه‌ پۆستی میره‌دێ ئاغای ڕه‌سووڵ ئاغای جه‌وانمه‌ردی هات به‌ پیرمانه‌وه‌ و له‌ پۆستی میره‌دێش دیده‌نی لێ کردین و له‌ ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتان که‌ له‌ کنمان دانیشتن ڕه‌سووڵ ئاغا به‌ قورئانی مه‌جید سوێندی خوارد  که‌ ئه‌من به‌ نۆبه‌ی خۆم ئاماده‌م ده‌ ڕێی ئازادی و پاراستنی خاکی کوردستان و ئاژینی ده‌ستووری پێشه‌وای مه‌حبووب دا له‌ هیچ جۆره‌ خۆده‌پێناونانێک ڕوو وه‌رنه‌گێڕم، پاشان ده‌ستی له‌ ناو ده‌ستی هه‌مووان نا و زۆر به‌ دڵخۆشی و شادمانی به‌ جێی هێشتین. ئێمه‌ ئه‌و ئاغایانه‌: ڕه‌سووڵ ئاغا، مامه‌ند ئاغا، فارس و ساییرین به‌ کوردی نیشتمانپه‌روه‌ر ده‌زانین و زۆریان سوپاس و قه‌درزانی لێده‌که‌ین.کاپیتان محه‌مه‌دی مه‌ولوودی

تێبینی

وێنەکانی کاک حەمەد و وێنەی مەزارەکەی بە سپاسەوە بەڕێز ووریا مامڵێ نەوەی کاپیتان ڕاتبی بۆی ناردووین. لە سەر کێلەکە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی نووسراوە: " کورد محەمەدی کوڕی مەولوود ، لە دایکبووی  1908 ، کۆچکردوو لە 
1978.06.28
، بیرەوەرییەک لەلایەن كچەکەیەوە




No comments: