Saturday, April 15, 2017

هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین لە سەر زمان ، لەهجە، لەهجە ناسی و لێکۆڵینەوە بۆ نووسینی ڕێزمانی کوردیی موکری


هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەرگین ئوێپەنگین
 لە سەر زمان ، لەهجە، لەهجە ناسی و لێکۆڵینەوە بۆ نووسینی ڕێزمانی کوردیی موکری

 ئەم هەڤپەیڤینە لە ٤-ی مارسی ٢٠١٣ لە تێلێڤیزۆنی ستیرک بڵاو کراوەتەوە

قازی: بینەرانی بەڕێزی ' ڕاوێژ ' دیسان بەخێرهاتنی ڕێزدار ئەرگین ئوێپەنگین دەکەین کە بۆ خۆی لە زانکۆی پاریسی ٣ خەریکی کاری دوکتورایە لە سەر زمانناسی. لەو بەرنامەیە دا  حەول دەدەین  بە تایبەتی لە سەر لەهجە ناسی، ئەوەی کە زمان چییە، لەهجە چییە و پێوەندیی ئەوانە لەگەڵ شێوەزارە کوردییەکان و لەهجە کوردییەکان بدوێین و هەر وەها لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەشماندا قسە دەکەین لە سەر ئەو لێکۆڵینەوەیەی  مامۆستا ئەرگین ئوێپەنگین لە موکریان دەیکا سەبارەت بە گڕامێر یان ڕێزمانی کوردیی موکری. زۆر زۆر بەخێر بێی مامۆستا!

ئوێپەنگین: زۆر سپاس کاک حەسەن جارێکی دیکە بۆ دەعوەتەکەت.

قازی: سپاست دەکەم،ئەمن پێم خۆش بوو باسەکەمان لە بەر ئەوەی لە سەر لەهجەناسی کوردییە لە پێناسەی زمان و لەهجە ڕا دەست پێ بکەین. فەرموو!

ئوێپەنگین: دیارە ئەوە شتێکی زۆر کلاسیکە. بۆخەڵکی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانە دا یان لە ژیانی کۆمەڵایەتی دا نەک لە ئاستێکی تێکنیکی دا بەڵکوو لە ئاستی کۆمەڵایەتی دا زۆر جار جیاوازی قەتعی هەیە لە نێوان لەهجە یان دیالێکت و زمان دا و ڕەنگە ئەتۆ بۆخۆشت زۆر لەمن باشتر بزانی لە زمانناسی دا زۆر جار زەحمەتە مرۆڤ جیاوازییەکی ئاوا دابنێ ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێندێک کاردانەوەی ئەو جیاوازییە هەیە. یانی بە فەڕزێکی مرۆڤ دەتوانێ ئەو دوو شتانە لەیەک جوێ بکاتەوە. بەو پێیە ئەمن حەول دەدەم ئەوەی کە زمان چییە، لەهجە چییە ئەوانە لێک جوێ بکەمەوە. زمان بە ئاوایەکی قەتعی مرۆڤ دەتوانێ بڵێ ئەو فۆرمە لە لەهجەیە کە زیاتر ستاندارد کراوە و وەکوو فۆڕمی زمانی دانوستاندنی فەرمی و تا پلەیەک لە دانوستاندن لە بوارێکی بەرز دا بەکار دەهێندرێ، زۆر جاران ئەوە زمانێکی ستاندارد ە یان نیو ستانداردە بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ زۆر بەشی جیاوازی کۆمەڵ هاسان بکا.

قازی: یانی بە پێی ئەو پێناسەیە ی ئێوە ، ئێوە وای دەبینن ئەو لەهجەیەی کە ستاندارد بووە لە ڕاستیدا ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێ پێی بڵێ زمان.

ئوێپەنگین: بەڵێ بەڵام ، هەر نەبێ لایەنی گرینگی هەر بە قەد ئەو پێناسەیە ئەوەیە ئەوشتەی کە ئێمە پێی دەڵێن زمان یان زمانی ستاندارد ئەو بۆخۆشی تەنێ لەهجەیەکی زمانەکەیە. بۆ وێنە ئێستا ئێمە باسی کورمانجی دەکەین دەڵێین کورمانجی زمانێکە یان با بڵێین لەهجەیەکی کوردی یە کە لە بنی دا بن زاراوە هەنە، لەهجەی شەمزینان ، لەهجەی دیاربەکر، لەهجەی بۆتان، لەهجەی سەرحەدان. هەر کام لەوانە خۆشیان بە شێوەیەک کۆدێکن کە بە قەد لەهجەی ستاندارد ، ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین کورمانجی ستاندارد موعتەبەرن.

قازی: یانی نرخیان لە ڕوانگەی زانستییەوە وەک یەک وایە.

ئوێپەنگین: بەڵێ. ئاستی نرخاندنیان لە زمانناسی دا وەک یەک وایە. تەنێ جیاوازییەکی کە هەیە کاتێک کە ئێمە باسی زمانی ستاندارد دەکەین، ئامرازی ئێمە یان با بڵێین مێتۆدی ئێمە بۆ هەڵسەنگاندنی زمانی ستاندارد جودایە لە نرخاندنی زمانی قسە کردن یان لەهجە. بەڵام وەکوو دی زمانی ستاندار بۆخۆشی یەکێک لەو لەهجانەیە. کاتێک ئێمە دێینە سەر زمانی کوردی ئەوە گەلێک ئاڵۆزتر دەبێ لەبەر ئەوەیکە ئەتۆ بۆخۆت دەزانی کە ٥ کۆدی سەرەکی دانوستاندن هەیە لە ناو کوردی دا بۆخۆی. کاتێک ئێمە دەڵێین کوردی هەر نەبێ چوار پێنج کۆمەڵە لەهجەی سەرەکیمان هەیە ئەگەر ناویان بەرین بریتین،  ئەگەر لە سەرەوە ڕا بێینە خوارێ لە زازاکییەوە دەست پێ بکەین دملکی یان کرمانجکی مان هەیە ، زەحمەتە مرۆڤ بڵێ کە کامەیەک لەو ناوانە موعتەبەرترن بەڵام با لێرە بڵێین کرمانجکی، پاشان کورمانجی ، ئەگەر بێینە خوارتر دەگەیە سۆرانی، لەوێ خوارتر بچی دەگەینە لەهجەکانی کوردیی باشوور کە تێیدا کرماشانی هەیە ، کەلهوڕی هەیە، فەیلی هەیە ، بەشێکی لەکی هەیە ، هەموو لەکی نا ، ئەو لەکییەی کە لە لای ڕۆژهەڵاتی ئەیالەتی کرماشان قسەی پێ دەکرێ لە لای هەرسین و ئەو ناوانە ، چونکە لەکییەکی دیکە هەیە ئەو زیاتر دەچێتە ناو لوڕی و جگە لەو کۆمەڵە لەهجە سەرەکییانە، هەر وەها دەکرێ پێی بڵێین لەهجەی گۆرانی هەیە. ئەوەی ڕاستی بێ گۆرانی ش بۆخۆی گەلێک ناکۆکە، زاراوەی گۆرانی بۆخۆی گەلێک ناکۆکە چونکە ناوی گۆران ناوی عەشیرەتێکە لەوێندەرێ و لە درێژایی زەمان دا کاتێک ئۆریانتالیست چوونە ئەوێ دیتوویانە کە خەڵکی ' یارسان ' خەڵکی پێرۆی دینی یارسان کە ڕێوڕەسمی دینی خۆیان بەجێ دەهێنن بە زمانێک قسە دەکەن و لە بەر ئەوەی عەشیرەتی گۆران خۆیان سەر بەو دینە بوون لە بەر ئەوە بە شێوەیەکی هەڵە ناوی گۆرانییان لە زمانی وان ناوە. بۆچوونێکی دیکەش هەیە دەڵێ گۆرانی زمانێک نییە تەنێ زمانێکی بەرزی ئەدەبی یە کە لەسەدەی شازدەوە کاری دانوستاندنی ئەدەبی پێ کراوە . جا ئەگەر ئێمە ئاوای تەماشا بکەین دە ناو زاراوەی گۆرانی دا هەر وەها هەورامی تێدایە، باجەڵانی تێدایە، شەبەکی تێدایە یانی کۆمەڵەیەک لەهجەی پچووک پچووکی کوردستانی باشوور و کوردستانی ڕۆژهەڵاتی تێدایە.

قازی: ئەگەر زەحمەت نەبێ لێرە ئیستێک بگرە. با شتێک لێرە دا ڕوون بکەینەوە ئەویش ئەوەیە کە لە زانستی زمانناسیی کۆمەڵایەتی دا یان زمانناسیی جڤاکی دا باسی ئەوە دەکرێ کە ئاخێوەرانی زمانی ئینسانی واتە ئەوەی قسەی پێ دەکرێ بۆ ئەوەی حەساسییەت کەم بێتەوە کە یەک بڵێ ئەوە زمانە و ئەویدی بڵێ لەهجەیە  بە زمانی ئینگلیسی و ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە لە زمانی فەڕانسەییش دا هەر ئاوا بێ لە جیاتی بڵێن " لەنگوێج " ، " ڤرایەتی" بەکار دەهێنن یان " ڤاریەتێ " ، ئایا لە کوردیش دا بە بۆچوونی ئێوە وەک کەسێکی پسپۆڕ پێت وانییە لە جیات زمان " شێوەزار " بە کار بهێنین باشتر نەبێ؟

ئوێپەنگین: دەقیقەن، ئەمن بۆخۆشم خەریک بووم بێمە سەر ئەو مژارە. جا ئێستا ئێمە ئەگەر تەماشا بکەین پێنج کۆمەڵە لەهجەمان هەیە کە هەر کام لەوان لەهجە سەرەکییانە، سۆرانی و کورمانجی هەر کام لەوان بۆخۆیان لە ناو خۆیان دا خاوەنی گەلێک لەهجەی هەرێمین. بۆیە زۆر زۆر باشترە ئێمە ناوی لەهجە یان دیالێکت لەو کۆمەڵە لەهجانە نەنێین . بە سۆرانی و کورمانجی و زازاکی و گۆرانی و کوردیی باشوور بڵێین شێوەزار بۆ ئەوەی ستاتووی ئەوان هەموویان وەک یەک بێ و لە بن ئەو دا تەنێ بە مەبەستی لەیەک جودا کردنەوە بە شێوەزارە ناوخویی و هەرێمییەکانی ئەوان بڵێین لەهجە. یانی  کورمانجی بۆ خۆی شێوەزارێکی کوردی یە، سۆرانی شێوەزارێکی کوردییە، زازاکی شێوەزارێکی کوردییە، هەر یەک لەوان خۆیان دە نێو خۆیاندا لەهجەی هەرێمییان هەیە یان ئەو کۆدە زمانییانەی کە لە هەرێمێک دا بەکار دەهێندرێن و قسەیان پێ دەکرێ. ئەو پێشنیارەی کە ئەتۆ دەڵێی بە بۆچوونی منیش گەلێک مەعقوولە.

قازی : باشە ، بێجگەلە لەهجە، ووشەی  ' دەڤۆک' یش دەتوانین بەکار بهێنین، لە کورمانجی ژووروو دا هەیە؟

ئوێپەنگین: لێرە دا فەرقی لەهجە ناسی و تێگەی لەهجەناسی زۆر بەکاری مرۆڤ دێ. چونکە لەهجە ناسی وەکوو من گوتم حەول دەدا جیاوازی لە ناو زمانێک دا ڕوون کاتەوە و دیاری بکا، واتە بزانێ دە ناو زمانێک دا چ جۆرە جیاوازی هەن، بە پێی هەرێم، بە پێی چینی کۆمەڵایەتی ، یانی ئەوەی کە ئینسانێکی کە سەر بە چێنێکی باڵایە لە نێو خەڵک دا چۆن قسە دەکا ، کۆدی ئاخافتنیان چۆنە و ئی ئەوانەی کە لە فەزای گوندان دا دەژین چۆن قسە دەکەن. جا لەهجە ناسی حەول دەدا فەرقی ئاوا دیاری بکا. و ئەوانە کاتاگۆرێزە (کەڵەکە بەندی ) بکا. کاتێک جیاوازی ئەوتۆ وەک کۆمەڵێک جیاواز لە ئەوانیدی دێنە بەرچاو ، دەکرێ بۆ ئەوە دەستەیەک دروست بکری بۆ وێنە بگوترێ ئەوە لەهجەی دیاربەکرە، لەهجەی ڕۆژئاوای کوردستانێ یە، بەو شێوەیە مرۆڤ حەول دەدا مەیدانی زمانێک دابەش بکا بۆ ئەوەی باشتر بزانێ کە هەرێمەکانی زمانەکە چین .

قازی: بەڕێزت وەک زمانناسێک کە زیاتر لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە چاو لە زمان دەکەی ، لە قۆناغی ئێستا دا، لەو قۆناغەی کە زاراوە یان شێوەزارە کوردییەکانی تێدان پێت وایە پاراستنی هەرکام لە لەهجەکان زۆر گرینگە، وایە؟ ئەگەر بڵێی ' ئا ' دەمەوێ پرسیارێکی دیکەی بە دوو دا دەکەم

ئوپەنگین: بەڵێ ووڵامی من ' ئا' یە و هیچ گومانم نییە لەوە دا.

قازی: لە ڕوانگەی تۆوە ئەوە گومانی تێدا نییە واتە بۆ بەڕێزت پاراستنی لەهجەکان ، شێوەزارەکان گرینگترە لەوەی کە مرۆڤ تەنیا لە سەر ئەوە تەرکیز بکا شێوەزارێک بکاتە ستاندارد؟ یانی ئێستا ستاندارد هەیە، لە کورمانجی دا، وەک دەزانی پێواژۆی ستاندارد بوون قەت تەواو نابێ ، بەردەوام دەبێ، ئەگەر من باش تێگەیشتبم بەپێی دیتنی بەڕێزت پاراستنی لەهجەکان لەو کاری ستاندارد کردنە گرینگترە.  وایە؟

ئوێپەنگین: بە بۆچوونی من لەهجەکان فۆنکسیۆنێکی زۆر گرینگیان هەیە بۆ زمانی ستاندارد بۆخۆشی. زمانی ستاندارد ئەگەرببەوێ خۆی وەک تەنیا کۆدی دانوستاندن دە ناو خەڵک دا داسەپێنێ باوەڕ ناکەم لە هەلومەرجی هەنووکەی کوردی دا ئەوە  سەر بگرێ، بەکار بێ چونکە خەڵک هەموویان بە لەهجان قسان دەکەن، جا ئەگەر ئێمە هەستین و سەڕەڕای ئەوە زمانێکی ستاندارد داسەپێنین.

قازی: زمانی ستانداردیش بۆخۆی  لەهجەیەکە.

ئوێپەنگین: بێگومان وایە. دەقیقەن ئەوە یانی شتێکی کە ئەمن دەمەوێ بیڵێم هەر دووکیان چ لەهجەی هەڕێمی و چ لەهجەی ستاندارد وەک یەک موعتەبەرن و ئەگەر ئێمە هەستین و زمانی ستاندارد بە سەر لەهجەیان دا بسەپێنین و لەهجەکان  بێ قیمەت بکەین ئەو خەڵکەی کە بەو لەهجانە قسە دەکەن بە چ شێوەیەک دەتوانن تەعامول لەگەڵ زمانی ستاندارد بکەن.  ئەوە پرسێکە باوەر ناکەم هاسان بڕوا.

قازی: باشە ئێستا بە لەبەرچاو گرتنی گرینگی پاراستن و کار کردن لە سەر ئەو لەهجانە، من دەمەوێ بزانم بە پێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی بەڕێزت کردووتە ، دەزانم لە کۆنفڕانسێک لە سێپتامبری ٢٠١٢ دا بابەتێکت پێشکێش کرد لە سەر هێندێک جیاوازی فۆنۆلۆژیک دە نێوان لەهجەکانی شێوەزاری کورمانجی کە لە باکووری کوردستان و لە تورکییە بە کار دەهێندرێن، لەو چوارچێوەیە دا ئەمن دەمەوێ بزانم  پێوانی ناسینەوە و جوێ کردنەوەی لەهجەیەک لە لەهجەیەکی دیکە چۆن دیاری دەکەین لە چوارچێوەی زانستی زمانناسیی کۆمەڵایەتی دا ؟

ئوێپەنگین: بۆ ئەوەی ووڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە دەبێ لە پێشدا هێندێک کۆنسێپتان، چەمکان ڕوون بکەمەوە. لە لەهجەناسی دا دا وەک من پێشتر هێمام پێ کرد دوو جیاوازی جەختی لە سەر دەکرێ ، جیاوازی لە فۆنۆلۆژی واتە لە دەنگان دا،. دەنگەکانی زمانێک لە نێو خۆیاندا بە چ شێوەیەک لەیەکتری جوێ دەبنەوە.

قازی: ئەگەر دەکرێ بۆ ئەوانە نموونەش بهێنییەوە. بۆ وێنە جیاوازی دەنگێک لە کوردیی ئادیامان دا لەگەڵ ناوچەیەکی دی.

ئوێپەنگین: بۆ وێنە لە کورمانجی شەمزینان دا جیاوازی لە نێوان دەنگی / وێ / و / ڤێ/ دا نییە. لە سۆرانیش دا هەر وایەو،

قازی: باجارێ هەر باسی کورمانجی بکەین.
ئوێپەنگین: هەموویان هەر / وێ/ ن. ئەگەر مرۆڤ بەر بە ڕۆژئاواوە بچێ ، بۆ نموونە لەهجەی مێردین لەوێ جیاوازی لە نێوان  / ڤی/ و / وێ / دا هەیە ، هەر دووکیان فۆنێمی لەیەک جیاوازن. ئەوە دوو لەهجەی کورمانجی لە یەک جیا دەکاتەوە بۆ نموونە. ئاستێکی دیکە بۆ جوێ کردنەوەی لەهجەکان لە یەکتری ئەویش لە مۆرفۆلۆژی دایە یانی جیاوازی لە نێوان مۆرفێمان دا ئەو لەت یان بەشانە کە ووشەیەکی مانادار ساز دەکەن. پارچە یان پێکهاتەی ووشەکان لێرە دا لە نێوان لەهجەکانی کورمانجی دا هێندێک جیاوازی هەن. دیسان ئەگەر لە شەمزینانەوە بەرەو ڕۆژئاوا بچین ، مەبەستم هەرێمی دەور و بەری قەزای شەمزینانە ، واتە کورمانجی دەور و بەری قەزای شەمزینان لەوێ پاشگری کەسی سێهەم ئی تاک لە دۆخی ئێستا دا  [ ئیت یان ئت ] ە بۆ وێنە دەڵێن ' ئەو ئاوێ وەدخۆت' یان ' ئەو وی گۆتنێ دبێژیت ' ، ئەگەر بچین بەرەو کورمانجی لای شنۆ دەىێتە ' دبێژیتن ' ، ئەگەر بەرەو ڕۆژئاوا بێین دەبێتە ' دبێژە ' ، بۆ نموونە لای دیاربەکرێ ، خوارتر ئەگەر بەرە باشوور بچین بۆ لای مێردین دەبێ بە ' دبێژێ ' پاشگری کەسی سێهەم دەبێتە[ئێ].

قازی: ئەی لەو لەهجە کورمانجیانەی دا کە لە ڕووی جوگرافیاییەوە لە وانیدی تەریک کەوتوونەتەوە ، بۆ وێنە لە کورمانجی ئانادۆڵی ناوەڕاست و یان لە کورمانجی خۆراسان دا چۆنە؟

ئوێپەنگین: مخابن لە حاڵی ئێستا دا ئێمە لێکۆڵینەوەی خۆمان ئەوەندە بەربڵاو نەکردووە یانی ئێمە زانیاریمان لە کوردیی ئانادۆڵی ناوەڕاست وەرنەگرتووە و ئی خۆراسانیش هەر وەها. شتێکی کە پێویستە مرۆڤ بیکا بەڵام وا وەبەرچاو دێ  هەم کوردیی خۆراسان و هەمیش ئی ئانادۆڵی ناوەڕاست زیاتر وەکوردیی لای مەلاتییە و ئادیامانێ بێ.  بو وێنە لەو ناوچانە  هەردووکیان داچەکی وەک  [ لە ]

قازی : زەحمەت نەبێ نموونەکەشی بڵێ.

ئوێپەنگین : بۆ نموونە، لە هەموو شوێنی کورمانجی ئاخێو دەڵێن ' ل مالێ ' ، لە کورمانجی ماڵاتییە دا دەبێتە ' لە ماڵێ' .، ' لە ڤر' ،  'ژە ڤر' ، ' دە ڤر ' . لە کورمانجی خۆراسانیش دا ئەو جۆری ئەمن دەزانم ئەگەر هەڵە نەبم لەوێش هەر وایە و لە کورمانجی ئانادۆڵی ناوەڕاستیش دا تا ئاستێک ئاوایە. ئاستێکی دیکەی جیاوازی لەهجان سێنتاکس یان پەیڤ و ڕستەسازییە.

قازی: دە ڕستەسازی دا فەرق چییە ؟

ئوێپەنگین: لە ڕستەسازیدا مرۆڤ دەکرێ باسی جیاوازییەکی ئاوا بکا؛ سەبارەت بە جێناوە خۆییەکان بۆ وێنە کاتێک ئەمن دەڵێم: ' ئەز خوە د قۆدیێ دە دبینم ' یان ' خوە د عەینکەێ دە دبینم '  ئەو [ خوە ]  لە زۆربەی لەهجەکانی کورمانجی دا ئەگەر بەرکاری ڕستەیەک بێ دەبێ کارا و [ خوە ]  هەمان کەس بن . یانی رێفرێنسی ئەوان یەک بێ، بەڵام لە کورمانجی ناوچەی ئادیامان و ئەو شوێنانە دا مرۆڤ دەتوانێ بە هاسانی بێ ئەوەی کە کارایەکی هاو ڕێفرێنسی [ خوە] هەبێ ، بە [ خوە ] دەست پێ بکا. بۆ نموونە دەتوانێ بڵێ : 'باوێ خوە نەخۆەشە ' ، لە هەموو جێی دیکەی کوردستانێ بۆ ئەوەی [ خوە ] و [ باڤ ]  پێکەوە بەکار بهێندرێن پێویست مرۆڤ بڵێ : ' ئەو لگەل باڤێ خوە دچە ' ، ' ئەو ب باڤێ خوە رە قسە دکە ' ، بەڵام لەو دیالێکە ، لەو لەهجەیەی کورمانجی دا بە هاسانی مرۆڤ دەتوانێ بڵێ: ' باوێ خوە نەخوەشە'  واتە  [ خوە ] کە گشتی کراوە . ئەو جێناوی خۆییە گشتی کراوە.

قازی: باشە، ئەگەر ئێمە ئەوە لە بەرچاو بگرین لە بەر ئەو سنوورە دەوڵەتییانە کە لە نێوان شێوەزارە کوردییەکان دا دروست بوون ، بە تایبەتیش شێوەزاری کورمانجی. بە گشتی ئەگەر تەماشا بکەین شێوەزاری کورمانجی لە هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە تەنیا شێوەزاری کوردییە کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا هەیە و دیارە ڕەنگە لە ڕووی لەهجەییەوە فەرقیان دە نێواندا هەبێ. تا ئەو جێگایەی کە ئێوە بزانن ، دەزانین لە لایەکەوە مەنتەقەی شەمزینان نزیکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە لایەکی دیکەش ناوچەی شڕنەخ نزیکی باشووری کوردستانە. تێکەڵاوی و نزیکی و دووری لە نێوان ئەو لەهجە کورمانجییانەی ئەمبەر و ئەوبەری سنوور چەندەیە؟ لەگەڵ بادینی و لەگەڵ ئەو کوردییەی – نازانم چ ناوێکی لێ بکەین – ئەو کوردییەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کار دەبردرێ لە ناوچەی ورمێ و سەڵماس بەو لەهجەیە دەڵێن چی؟

ئوێپەنگین: ئەتۆ ڕەنگە بۆخۆت بزانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پێی دەڵێن ' شکاکی '

قازی: مەبەستم لە دابەشکردنەکەی ئێوە دایە.

ئوێپەنگین: بە بۆچوونی من ئەوە بۆخۆشی دەبێتە دووبەش یەک کورمانجی لای ورمێ ، لای باشووری ورمێ وەک کورمانجی شەمزینان بۆ خۆی دەبێتە " شپراخ بووند " ێک ، یانی هەرێمێکی زمانی لەگەڵ بادینی، دەبێتە درێژەیەک و فەرقی جگە لە تەئسیری فارسی نەبێ لەوان چەند دەساڵێن دواییدا جیاوازییەکی ئەوتویان لەگەڵ یەکتری نییە. کورمانجی شنۆ ، ورمێ ، شەمزینان و هەتا زیاتر دەچی بەرەو لای بادینان فەرقێکی ئاوایان لەگەڵ یەکتری نییە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ئەو سنوورانەی کە هەن جگە لە تەئسیری ڕاستەوڕاستی زمانی فەرمی هیچ مانایەکی دیکەیان نەبووە. و تەئسیری زمانی مەرکەزی وەکوو فارسی و تورکیش لە دوای پەرەسەندنی شاریگەری، لە دوای بەربڵاوبوونی خوێندەواری زێدەتر بوو، بەڵام کاتێکدا مرۆڤ دەچێتە سەر ئەو حدوودانە و حدوودی کوردستانی باکوور لە گەڵ کوردستانی باشوور ، لای مێرگەسوور و ئەو ناوانە دیسان کوردی ئەوان وەک یەک وایە یانی فەرقێکی ئاوایان نییە، یانی سنوور بۆخۆی شتێکی هێندێک ئەفسانەییە لە مێشکی مرۆڤ دا ساز دەبێ ، دەنا وەکوو تر ئەگەر  ئەو سنوورە لە مێشکی ئێمە دا وەک واقعییەتێک خۆی دانەسەپاندبێ ، ئەوەی ڕاستی بێ هیچ کاریگەریی نییە. نموونەی هەرە باشیش ئەوەیە کە هەتا ١٠ ساڵ لەمەوبەر ، هەتا ١٠ – ١٥ ساڵ بەر لە ئێستا کە لە سەر حدوودان حاکمییەتی دەوڵەتە مەرکەزییەکان زێدەتر بوو ، ئەو سنوورانەیان زیاتر کۆنتڕۆڵ کرد ، تا ئەو دەمی زمانی هەر دووک لا بە تەواوی وەکوو یەکتری بوون. ئێستا هێدی هێدی لەیەکتر جوێ دەبنەوە ئەویش لەبەر ئەوەی کە لە هەر دوو لای سنوور شاریگەری ،بەشاریی بوون و خوێندەواری هەتا دێ زیاتر دەبێ و ئەوە تەئسیر دەکا بۆ پێک هاتنی گۆڕان لە هەر دووک لای سنوور.

قازی: لە ڕوانگەی کۆمەڵناسی زمان را بەتایبەتی لە بواری ' لەنگوێج پلانینگ ' یانی پلاندانانی زمانی ڕا ئەگەر چی ئەوانە سنووری دەوڵەتی دابەشی کردوون ، بەڵام ئەگەر بۆ نموونە بتەوێ پلانێک دابنێی بۆ بەرەوپێشبردنی کوردیی ناوچەی شەمزینان ناتوانی ئەوە داببڕی لەو کوردییەی کە لە ورمێ بەکار دەهێندرێ یان لە بادینان . وایە یان نا؟


ئوێپەنگین
: ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە مرۆڤ لە سەر چی دەکۆڵێتەوە . ئەگەر بۆ تەسبیت کردنی لەهجەی ئەو هەرێمە بێ، بەڵێ ناکرێ لە یەکتریان داببڕی و جوێیان کەیەوە چونکە لەهجە بۆ خۆی سنووران ناناسێ ، ئەوە نییە کە لەهجە کەوتبێتە دوو لای سنوور بەڵکوو سنوور ئەو لەهجانەی لەیەک دابڕاندوە، زمانی لەیەک جوێ کردووەتەوە. واتە لە ڕاستییدا ئەوە جیاییەکی واقعی نییە.

قازی: باشە، ئەگەر ئێمە بە گشتی ئەو باسە کۆ بکەینەوە لایەنێکی دیکەش هەیە کە ڕەنگە گرینگ بێ ، ئەویش ئەوەیە دەزانین کۆنسێپتێک هەیە،  تێگەیەک هەیە لە زماناسیی کۆمەڵایەتی دا پێی دەڵێن ' میوچوواڵ ئینتیلیجیبیلیتی ' یان  ' لەیەک تێگەیشتنی دوو لایەنە' . ئەگەر بمانەوێ ئەوە لە سەر لەهجەکانی شێوەزاری کورمانجی لەبەر چاو بگرین ئەوە  تاچ ڕادەیەکە؟ ئێمە دەتوانین بڵێین لە شوێنێک ئاخێوەرێکی لەهجەیەکی کورمانجی لە ئاخاوتنی ئاخێوەری لەهجەیەکی دیکەی کورمانجی تێ نەگا؟

ئوێپەنگین: لەمەر ئەوە لەو دەساڵەی دواییدا تێکنیکی زۆر باش پێش خراوە. تێکنیکی ستاتێستیک و کامپیوتێری. لە سەر کامپیوتێرێ کاری لەهجەناسی دەکرێ و ئەو فاکتانە دە کامپیوتێر داوێژرێن و دوایە حەول دەدرێ بزاندرێ کە لەهجەی ئەوسەری زمانێک هەتا لەهجەی سەرەکەی دیکەی ئەو زمانە چەندە لەیەک دوورن. لێکۆڵینەوەیەکی ئەوتۆ بۆ کوردی گەلێک بەکار دێ، بەڵام لە حاڵی حازر دا پڕۆژە بۆ ئەوە پێویستە . بەڵام لە سەر قسەی تۆ سەبارەت بە هەبوونی جیاوازی دە ناو کورمانجی دا.  لە ساڵی ١٩١٩ بەرپرسێکی ئینگلیسی بە ناوی مەیجر نوێل کە لە ژێر دەستەڵاتی ئیمپڕاتۆری عوسمانی دا کار دەکا و لە ڕووی عەسکەرییەوە یارمەتی ئەوان دەدا بە کوردستان دا دەگەڕێ و  دەچێتە سەردانی عەشیرەتی ' سینەملی ' کە لە لای سیواس و ماڵاتییە بوون و ئەو لە ماڵاتییەوە  ئاوا دەنووسی: " ئەوە ڕاست نییە کە جیاوازی دە ناو کورمانجی دا گەلێک زۆر بێ و لە جیاوازییەکانی ناو زمانەکانی دیکە گەورەتر بێ ، ئێستا ئەمن هێندێک خەڵکم  لەگەڵە کە خەڵکی بۆتان ، دیار بەکر، وحەکاری ن و ئێمە  ئێستا لە گۆشەی هەرە ڕۆژئاوای کوردستانین، یانی سینەملی ، و ماڵاتییە و ئەوجێیانە، بەڵام ئەوانە هیچ گرفتێکیان نییە بۆ لەیەکتری تێگەیشتن' . ئەو نموونەیە ئی نزیکەی سەد ساڵ لەمەوبەرە . ئەوە بۆ وەچەیەکی زۆر زۆر پێشتر لە ئێمە بووە. لە حاڵی حازر دا ئێمە دەزانین خوێندەواری پێش کەوتووە و تێکەڵی لەگەڵ کورمانجی زیاتر بووە جا بۆیە ئەگەر ئاخێوەرێکی، قسەکەرێکی کورمانجی لەهجەی قەرەقۆچان لەبەر چاو بگری، ئەگەر تەنیا لەهجەی گوندی خۆی بزانێ بەڵکوو زەحمەت بێ لەگەڵ بادینییەکی لای ئاکرێ یان لای شنۆ بتوانێ قسە بکا ، دانوستاندن بکا، بەڵام ئەو زەحمەتییە هەتا دەرەجەیەک دەبێ ، وەکوو دیکە لە نەسلی پێشووتر دا ئەمن باوەڕ ناکەم موشکیلەیەکی ئاوا هەبووبێ بۆ لە یەک تێگەیشتن لەبەر ئەوەی جیاوازی لە نێو کورمانجی دا خۆی زێدەتر لە سەر دەنگانە و تا دەرەجەیەکی کەمتر لە سەر پەیڤ و ووشان . ئەگەر ئێمە بڵێین جیاوازییەکی کەمێک گەورە هەیە ئەویش لە نێوان ئەو لەهجانە دایە کە ئێمە پێیان دەڵێین بادینی ، ئەگەر خەتێک لە نێوان کوردستانی باشوور و هێندێک ناوچەی کوردستانی باکوور هەتا دەگاتە باشووری ورمێ و خەتی سەرەوە  کورمانجی کلاسێک ، کورمانجی قەدیمی ، کورمانجیی عادەتی و سوننەتی یانی سەرحەد، دیاربەکر ، مێردین ئەوانە هەمووی تێدا جیاوازی کەمێک گەورەتر لە نێوان ئەو دوو بەشانە دا هەیە ، دەنا وەکوو تر باوەڕ ناکەم جیاوازییەکی هێندە گەورە هەبێ.

قازی: بەڕێز ئەرگین ئوێپەنگین ئەتۆ لە سەرتاوە هێندێکت باس کرد بەڵام دەمەوێ ئەو بابەتە هێندێک زیاتر شی بکەیەوە.  ئەگەر تەماشای هەر قامووس یان لێکسیکۆنێکی کوردی بکەین یان هەر گڕامێرێکی کوردی ، هەر دەستووری زمانێکی کوردی لە سەرەتاوە باس کراوە کە کوردی لە ئەوەندە  کۆمەڵە لەهجانە دروست بووە و ئاوا دابەش دەکرێ. بەڵام دیارە ئەوەش زۆرجار وایە کە نووسەرێک لە نووسەرێکی پێش خۆی وەرگرتووە. ئێستاش پێش دێ بۆ وێنە لە کۆبوونەوەیەک دا کە لە سەر بابەتی زمان نیقاش دەکرێ لەوانەیە وەکوو رێفرێنس باسی ئەوە بکرێ کە لە فڵان کتێب دا ئەمین زەکی بەگ ئاوای دابەش کردوون ، یان چوارسەد ساڵ پێشتر لە شەڕەفنامە دا شەڕەفخانی بتلیسی ئاوای دابەش کردووە. ئەوەش بۆخۆی بووە بە ئاستەنگێک لە مەڕ لێکۆڵینەوە.

ئوێپەنگین : بێ گومان

قازی: بە پێی بۆچوونی تۆ ئەو دابەشکردنە دەبێ چۆن بێ ، تۆ لە سەرەتاوە هێندێکت باس کرد بەڵام ئەگەر بکرێ زیاتری شی بکەیەوە.

ئوێپەنگین: باشە. بە دیتنی منیش ئەوە گەلیک گرینگە، تەنانەت زمانناسانی کورد بۆ خۆیان زۆر جار بە ئاشکرایی دەڵێن  ئێمە نازانین کوردی لە چەند شێوەزاری سەرەکی پێک دێ. لەبەر ئەوە پێویستە مرۆڤ ڕوونی کاتەوە. ئەوە دەشگەڕێتەوە بۆ سەر باوەری مرۆڤ بە فاکتۆری سەرەکی بۆ دیاریکردنی لەهجەکانی زمانێک، شێوەزارەکانی زمانێک. کە وابوو دوو ڕێگا هەیە، دوو تێگەیشتن هەیە لێرەدا. یەکیان ئەوەیە کە دابەشکردن یان کلاسیفیکاسیۆنی شێوەزاری زمانێک یان زمانان بە پێی تێکنیک یان مێتۆدۆلۆژی میژوویی بەراوەردکاری زمانناسی ئەنجام دەدا ، ئەوەی لە بەر چی دەڵێم چونکە هەتا دوایی سەدەی ١٩ هیچ گومانی تێدا نەبوو کە هەموو کەس زازاکی بە شێوەزاری کوردی  دادەنا. لەوانە شەڕەفخانی بتلیسی، ئەولیا چەڵەبی لە سەدەی ١٧ دا ، هەر وەها پیتر لێرخ ، بەڵام باش نازانم لە چ  تاریخێک ڕا ئاوای لێ هات بەڵام هاوکات لەگەڵ کار و لێکۆڵینەوەکانی ' ئۆسکارمان' ئیدی ساڵانی ١٩٠١ ، ١٩٠٣ ، ١٩٠٥ کەم کەم تێگەیشتنێک بڵاو بووەوە کە بەڵێ زازاکی لە کورمانجی جودایە و هەر وەها ئەوەی ئەوان  پێیان گوت  گۆرانی کە هەورامی ، باجەڵانی، شەبەکی وەبەر دەگرێ  و هێندێک لەهجەی پچووکی دیکە. گوتیان ئەوانیش جیاوازن. تەنیا ئارگومێنتی وان تەنیا ئیحتیجاج و پاڵپشت بۆ ئیسپات کردنی قسەکەیان ئەوە بوو کە ئەوان گۆڕانی دەنگەکانیان لە نێوان ئەو زمانانە دا بەشێوەیەکی سیستماتیک لەیەک جیا دەکردەوە. بۆ نموونە بۆ ئەوەی مەبەستی خۆم زیاتر ڕوون کەمەوە  ووشەی ' زاوا ' لە کورمانجی دا تەماشا دەکەن.  دەنگی / ز /  لە ناو هەژمارێک شێوەزاران دا ؛ کۆدی زمانی دا ، زازاکی ، کورمانجی ، فارسی ، بەلووچی ، کرماشانی ، گۆرانی موقایەسە دەکەن . تەماشا دەکەن بزانن ووشەی پرۆتۆ ، فۆرمی قەدیمی ئەو ووشەیە لەو زمانانە دا چۆن بووە. دەبینن لە بەلووچی دەنگی / ز / لە ووشەکەدا وەک خۆی ماوتەوە لە کورمانجی دا / ز/ ماوتەوە. لە زازاکی دا / ز / ماوەتەوە ، لە هەورامی دا / ز/ ماوە  لە فارسی دا بووە بە / د /  بۆ نموونە. دەنگێکی دیکە بۆ نموونە دەنگی / س/ لە ووشەی ئاسن دا ، بە سۆرانی ' ئاسن ' ، بە کورمانجی ' حەسن '  دەبینین دیسان زازاکی لەگەڵ کورمانجی ڕێک دێتەوە ، هەورامی وەک فارسی  دەبێ بە دەنگی / h /  ئاهەن بۆ وێنە. بەو شێوەیە موقایەسەیەک دەکەن و تەنیا پالپشتی قسەکەیان گۆڕانی سیستماتیکی دەنگەکان بە یەکتری یە. و بە پێی ئەوە دەڵێن زازاکی و هەورامی لە سەر هێندێک شتان بۆ نموونە  ووشەی ' خواردن ' لە سۆرانیدا و لە کورمانجی دا ' خوارن'  ئەو [ خ و و ] کە پێی دەڵێن دیفتۆنگ بەڵام دیفتۆنگ نییە ، چونکوو دیفتۆنگ هەر بۆ کۆنسۆنانتان بەکار دەهێندرێ جا بۆیە ئێمە دەڵێن دوو دەنگ / خ/ و / و /  ئەوە لە زازاکی دا دەبێتە / و/  و لە هەورامیشدا دەبێتە  / و/ . هەر وەها دەنگی / ب / لە ووشەی  ' با '  لە هەر دوو زمانان دا دەبێ بە / و/ . لە کورمانجی و سۆرانی و لەهجەکانی باشووری دا وەکوو کرماشانی و فەیلی وەک دەنگی / ب/ دەمێنێتەوە . بەو شێوەیە دەڵێن زازاکی و هەورامی با بڵێین گۆرانی لە لەهجە کوردییەکانی دیکە جیاوازن . بەڵام شتێکی زۆر بە مەترسی لێرە دا ئەوەیە ئەوە تەنیا تەسبیتێکە سەبارەت بە ژێنێئۆلۆژی (ڕەچەڵەکناسی) زمان یانی مێژووی زمان و بە هیچجۆر هیچ پێوەندییەکی نییە بە ناسنامەی کولتووری یان مێژوویی ئاخێوەرانی ئەو زمانانە .

قازی: یانی لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیشەوە ئەو لایەنەی دوایی گرینگە.

ئوێپەنگین: ئەو لایەنە گرینگە بەڵام دژی یەکتری نین. ئەوەی کە ئەمن دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە ، کاتێک زمانناسێکی فیلۆلۆگ هەڵدەستێ ودەڵێ  زازاکی و هەورامی لەبەر ئەو سۆنگە و سەبەبانە  لە کورمانجی دوورە مەبەستی وی تەنیا ئەوەیە کە بڵێ گۆرانی و زازاکی پاشتر لە جوێبوونەوەی سۆرانی و کورمانجی ، لەیەک جوێ بوونەتەوە. مەبەستی وان تەنێ ئەوەیە جا کاتێک ئاکتۆری سیکولاریست و مۆدێرنیست هەڵدەستن و دەڵێن زانست دەڵێ زازاکی و هەورامی لە کوردی جیاوازن بۆیە ئەوان نابێ بە خۆیان بڵێن کورد، ئەوە دەبێتە شرۆڤە کردنی زیادی ، لەبەر ئەوەی کە هیچ زمانناسێک شتێکی ئاوای نەگوتووە. یانی هەر دووک شت زۆر بە هاسانی دەتوانن بەیەکەوە هەڵسووڕێن . شتی گرینگتر وەکوو من پێشتریش باسم کرد ئەوەیە کە فەرقێکی ئەوتۆ لە نێوان لەهجە و زمانیش دا نییە. بۆیە شتێکی هەتا بڵیی ئاسایی یە کە لە ڕووی زمانییەوە لەهجەیەک لە زمانێک جیاواز بێ ، بەڵام لە ڕووی کولتووری و مێژووییەوە وەک یەک وا بن. نموونەیەکی گەلێک گرینگ هاوشانی ئەوە نموونەی ' لەکی ' یەکانە. لەکی پیشی کوهه و پپشتێ کوهە[ پیشکوە و پشتکوە] هەیە . قسەکەری لەکی پشتکوە لە لای هەمەدان ئەوان خۆیان بە لوڕ دەزانن ، دەڵێن ئێمە لوڕین . و لوڕیش لە کوردان جیاوازن. بەڵام ساڵی ٢٠٠٤ مەقالەیەک بڵاو بووەوە ئی ئانۆمبی ، لێکۆڵینەوەیەکی گەڵێک قووڵ و دوورودرێژی کردووە ئەو دەیسەلمێنێ کە زمانەکەیان گەلێک نزیکترە لە لەهجەکانی کوردیی باشووری تا لوڕی، بەڵام ئەوان خۆیان بە لوڕ دادەنێن و زمانی خۆیان بە  لوڕی دەزانن ، لەبەر ئەوە ئەوە وایە و ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ. چونکە ئەوان بۆخۆیان لە سەر بەنێوکردنی خۆیان بڕیار دەدەن . کورد ناکرێ هەستن و بەوان بڵێن لەبەر ئەوەی زمانی تۆ زیاتر لە کوردی نزیکە ئەتۆ دەبێ بە زمانی خۆت بڵێی کوردی و بە خۆت کورد.

قازی: ئێستا باسی شتێکی دیکەش بکەین گرینگە ئەویش ئەوەیە دیارە پێوەندی و  تێکەڵی هەیە لە نێوان شێوەزارە کوردییەکانیش، هەتا ئێستا ئێمە زیاتر لە سەر کورمانجی قسەمان کرد. لە نێوان کورمانجی و سۆرانی یان کوردیی  باکووری و کوردیی ناوەڕاستیشدا پێوەندی هەیە و دیارە لە هێندێک ناوچە ئەو تێکەڵییانە زیاتر دەبێ و بە پێی ئیزۆگلۆس کە باس دەکرێ لەوێدا  ئەو شتانە دەناسرێنەوە. هێندێکیش ئەو نموونانە باس بکەی بۆ ئەوەی ئیدی بێینە سەر لێکۆلینەوەکەت سەبارەت بە کوردیی موکری. باسی ئەو ناوچانەی کە کوردیی سۆرانی و کوردیی کورمانجی تێکەڵ دەبنەوە.

ئوێپەنگین: پێش ئەوە ئەمن هێندێک باسی پاشخانی لەهجە کوردییەکان دەکەم. زمانی قەدیمی ئیرانی دوو زمانن ، یانی ئەگەر لە  ٣ قۆناغی جیاوازی مێژوویی دا ئێمە زمانە ئێرانییەکان کەڵەکەبەندی بکەین. ئێمە دەڵێین زمانە ئێرانییە قەدیمەکان ، زمانە ئێرانییەکانی ناوەڕاست و زمانە ئێرانییە نوێباوەکان ، مۆدێرنەکان. زمانە قەدیمەکان ، ئاوێستایی و فارسی کۆنن ، زمانەکانی ناوەڕاست دەبنە دوو بەش ، بەشێکیان دەبنە زمانە ئێرانییەکانی ڕۆژهەڵاتی و بەشێکیشیان دەبن بە زمانە ئێرانییەکانی ڕۆژئاوایی. کوردی دەکەوێتە ناو زمانە ئێرانییە ڕۆژئاواییەکان کە فارسی، بەلووچی و تالشی و زمانەکانی دن ئی ئەو لکەن. زمانەکانی ناوەڕاستیش ، پارتی ، فارسیی ناوەڕاست و هێندێک زمانی دیکە. ئێمە سەبارەت بە لەهجە کوردییەکان هێشتا نازانین کە پڕۆتۆ زمانیان ، یانی زمانی سەرەکییان مەبەستم ئەوەیە ٢٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر چ زمانێک بووە. جاران دەیانگوت ئەوە مادی بووە بەڵام ئێستا ڕوون بووەتەوە کە لێکاڵاکردنەوەی ئەوتۆ ئەوەندەش جێی باوەڕ نییە . کاتێک ئەو زمانانە دەگەنە قۆناغی مۆدێڕن ، ئێمە باسی پێنج لەهجەمان کرد ، دە ناو ئەو پێنج لەهجانە دا ئەگەر ئێمە بە پێی تێکنیکی لەهجە ناسی چاو لە جیاوازی و وەکوویەکی ئەو لەهجانە بکەین مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە سۆرانی ، کورمانجی و لەهجە کوردییەکانی باشووری وەک من گوتم کرماشانی ، فەیلی ، کەلهوڕی ئەوانە وەکوو درێژەیەکی لەهجەیی وەبەرچاو دەکەون.

قازی: ئەمن ئەو دیاردەیەم بە  ' زنجیرەی لەهجەیی ' وەرگێڕاوە.

ئوێپەنگین: دەقیقەن وایە، زنجیرەی لەهجەیی ؛  ' لینگویستیک کۆنتینوم ' . هەمان شت بۆ زمانەکانی ڕۆمانس هەیە ، بۆ زمانە ژێڕمەنەکان هەیە. بۆ وێنە زمانە ڕۆمانسەکان سپانیۆلی، کاتاڵانی، فەڕانسەیی ، ئیتالیایی ن کاتێک تەماشایان دەکەین ، تەماشای کۆدە ستانداردەکانیان دەکەین دەڵێین ئەوانە زمانی زۆر لە یەک جیاوازن کە ئاخێوەرەکانیان ناتوانن لە یەکتری حاڵی بن، بەڵام کاتێک مرۆڤ  دەچێتە ئەو هەرێمانەی کە ئەو زمانانە دێنەوە سەر یەک ، یانی سەر حدوودی زمانەکان گەڵێک جاران مرۆڤ نازانێ ئایا ئەوانە دوو زمانی جیاوازن یان هەمان زمانن. ئێستا نموونەیەکی گەلێک چاوڕاکێش لە نێوان ماکادۆنیا ( مەقدوونییە ) و بوڵغارستان دا هەیە  دوای ئەوەی کە یۆگۆسڵاویا  دابەش بوو ئەو لەهجانەی لە سەر سنوورن لە بولغارستان پێیان دەڵێن لەهجەکانی بوڵغارستان و لە ماکادۆنیا پێیان دەڵێن لەهجەکانی ماکادۆنیا ، لەبەر ئەوەی هەر بە تێکنیکی لەهجە ناسی ناتوانن لەیەکیان جیا بکەنەوە. جا هەمان شت یان زنجیرەی لەهجەیی لەو جێگایەی کە ئیزۆگلووس یانی تایبەتێتی لەیەک جیاکردنەوەی زمانان هەیە، بۆ نموونە ئیزۆگلۆسێک لە نێوان سۆرانی و کورمانجی دا [ ئەکە] یە یانی نێشانەی مەعریفە لە سۆرانی دا دەڵێین : " کتێبە سپییەکە لە سەر مێزەکەیە " ، ئەگەر گوتت " کتێبە سپییەکە " ئەوە دیاری دەکەی مەبەستت کێهە کتێبە دیاری دەکەی واتە باسی شتێکی پێ زاندراو دەکەی. بەڵام ، لە کورمانجی دا ئەوە نییە ، بو وێنە لە کورمانجی ستاندارد یان کورمانجی نووسینی دیار بەکر یان سەرحەدێ دا ئەتۆ ناتوانی بڵێی  ؛ ' کاغەزە سپییەکە ' یان  ناتوانی بڵێی : ' مرۆڤەکە ل سەر کورسی رۆنیشتبوو '  نییە، بەڵام ئەگەر بێیە لای شەمزینان ، لای ئاکرێ لە ناو سوورچییان ، لەهجەی سوورچی شنۆیێ یان ئی برادۆست بڕێک لە دەرەوەی ڕەواندزێ لەو هەرێمە دا هەموو ئەو نیشانەی مەعریفەی [ ئەکە ] یە هەیە. ژنەکە ، مرۆڤەکە زۆر عاقڵ نەبوو. یان ' کاغەزەکە ل سەر ماسەیە ' زۆر بە هاسانی دەتوانن ئەوە بڵێن.

قازی: ئێمە بە کوردیی سۆرانی یان کوردیی کورمانجی بە ' ئیزۆگڵۆس "  بڵێین چی ؟

ئوێپەنگین: دەبێ فکری لێ بکەینەوە. ئەمن لە چەند مەقالەی کورمانجی دا دیوومە کە هەر ووشەی  ' ئیزۆگلۆس ' بەکار دەهێنن . یانی  ووشەیەک یان فۆڕمێکی زمانی، ئەوە دەنگیش دەگرێتەوە  هەمان دەنگی / وە / و / ڤە /  ئیزۆگلۆسێکی فۆنۆلۆژیکە لە نێوان  کورمانجی و سۆرانی دا ، چونکە لە سۆرانی دا هەر / وە / هەیە و لە کورمانجی دا جیاوازی نێوان / وە / و / ڤە/ هەیە. بەڵام وەک من باسم کرد لە شەمزینان یان دەور و بەری شەمزینان ئەو فەرقە نییە تەنیا / وە/ هەیە . یانی مەبەستی من دیسان ئەوەیە لە نێوان کورمانجی و سۆرانی دا هەرێمێک هەیە کە مرۆڤ تەنانەت زەحمەتە بە هاسانی بتوانێ لێکیان کاتەوە گەلۆ فۆرمەکە ئی کام لە شێوەزارەکانە  چونکە فۆرمە زمانییەکانی هەر دوو شێوەزاری ستاندارد لەوێندەرێ مرۆڤ دەتوانێ ببینێ. هەر ئەو هەرێمەی کە من گوتم فەرقی دەنگی / وە/  نییە یان نێشانەی مەعریفەی [ ئەکە ] ، لە هەمان کاتدا دەبینین جیاوازی لە نێوان جێناوی  ' ئەز ' و ' من ' دا هەیە بەڵام  لە سۆرانی دا نییە ، لەوێ ئەوە هەیە، یانی مەبەستی من ئەوەیە  ئەو فۆرمانەی کە ئەو شێوەزارانە لە یەکتری جوێ دەکەنەوە لەو هەرێمە دا هاتوونەتە  سەر یەک یان بە کورمانجی لەهەڤ قەلەبینە،  تێکەڵ بوون. مرۆڤ دەتوانێ  ئەوە لە نێوان سۆرانی و لەهجە کوردییە باشوورییەکانیشدا ببینێ وەک کەلهوڕی و ئەوانە. بۆ وێنە لەهجەی سۆرانی سنە، ئەردەڵانی ئەتۆ بۆخۆت دەزانی لە هێندێک فۆڕمی خۆی دا زۆر وە کەلهوڕی دەچێ ، دەبێ بە درێژەیەک لە نێوان سۆرانی سولێمانی و موکری و ئەواندا و کەلهوڕی دا. بەڵام مخابن هەمان شت ئێمە لە نێوان زازاکی و کورمانجی دا نابینین. سەبارەت بەهەورامی ئەمن باش نازانم ، پێم وایە لە ناو هەورامیش دا زەحمەتە مرۆڤ بیبینێتەوە بەڵکوو بە قەدەر کورمانجی و زازاکی نا ، بەڵام لەوێش ڕەنگە زەحمەت بێ مرۆڤ ئەو تێکەڵبوونەوەیە ' ل هەڤ قەلەبینە' یان زنجیرەی لەهجەیی ببینێ. بەڵام، لە نێوان کورمانجی و زازاکی دا هەرێمێکی ئاوا نییە کە فۆڕمەکانی زازاکی و کورمانجی تێکەڵی یەکتری ببن، هەتا دەرەجەیەک بێ سێ و دوو تەئسیری وان لە سەر یەکتری هەیە ، لەبەر ئەوەی بەڵکوو لە هەزاران ساڵ زیاترە کە لە تەنیشت یەکتری دەژین بەڵام کورمانجێک یان زازایەک ، زازا زمانێک، کرمانجکی زمانێک لە دیاربەکرێ کاتێک بییەوێ لەگەڵ کورمانجێک قسە بکا تەنیا ڕێگایەکی لەبەرە ئەویش گۆڕینی زمانی خۆیەتی ، واتە شێوەزاری خۆی دەگۆڕێ ئاخافتنی خۆی دەکاتە کورمانجی بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ کەسەکەی دیکە قسە بکا. بەڵام ، لەو هەریمانەیدا کە من باسم کردن لە نێوان سۆرانی و کورمانجی دا یان لە نێوان سۆرانی و کەلهوڕی دا لەو هەڕیمانە دا ئەو فۆرمانە تێکەڵی یەکتری دەبن ئیدی حەوجێ ناکا کورمانجی زمانێک زمانی خۆی بگۆڕێ بۆ ئەوەی لەگەڵ سۆرانی زمانێک لە یەک تێبگەن . هەر کامەیان بە زمانی خۆیان قسە دەکەن. بۆ وێنە لە قەزای دیانای هەرێمی سۆران هەر دوو زمان تێکەڵن، کەس زمانی خۆی ناگۆڕێ بەڵام زۆر بە هاسانی لە یەکتری تێ دەگەن، بێ ئەوەی کە کۆدەکانیان بگۆڕن. نەبوونی هەرێمێکی ئاوا لە نێوان کورمانجی و زازاکی دا بەو مانایەیە کە زازاکی بەڕاستیش تەواو لە کورمانجی جیاوازە .

قازی: با لێرە دا پرسیارێک بکەم و ئەم باسەمان تەواو بکەین. ئەویش ئەوەیە چونکە ئەتۆ لە سەر زمانی نووسینیش هێندێکت کار کردووە. بە تایبەتی لە سەر هێندێک ڕۆمانی کە بە کوردی نووسراون سەبارەت بە ئەوەی کە تەئسیری تورکی لە سەر نووسەران تا چەندە بووە ، ئەوە بۆیە باس دەکەم ئەوەت لێ پرسم پێت وا نییە لە ڕووی سێنتاکسەوە بۆ وێنە کەسێک کە بە کرمانجکی یان بە زازایی یان دملکی دەنووسێ تەئسیری ڕستە سازی کورمانجی لە سەر بێ یان لە سەر نەبێ ؟ یان لەو بارەیەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەک نەکراوە ؟

ئوێپەنگین: لە پێوەندی لەگەڵ پرسیارەکەت ، ئەمن لە سەر سینتاکس ( ڕستە سازی ) چ لێکۆڵینەوەم نەدیتووە و پێی نازانم

قازی: دەزانی بۆچی ئەوە دەپرسم چونکە لە نێوان هەورامی و سۆرانی یان کوردیی ناوەڕاست دا ئەوە هەیە. کاتێک ئەتۆ چاو لە سینتاکس یان ڕستە سازی هەورامی دەکەی ، ئەگەر کەسێکی سۆرانی ئاخێو بی تا ڕادەیەک لێی تێ دەگەی. چونکە تا ڕادەیەکی زۆر تێکەڵ دەبنەوە.

ئوێپەنگین: لە سەر ڕستەسازی ئەمن ناتوانم شتێک بڵێم بەڵام لە ڕاستییدا جیاوازی لە نێوان ئەو زمانانەی لە یەک نزیکن دە ڕستەسازی دا نییە ، گەلێک جاران وەک یەک وان یانی ڕستە سازی زازاکی و کورمانجی بە ئیحتیمالێکی زۆر وەک یەک بن ،ڕەنگە فەرقێکی زۆریان نەبێ هەر وەک چۆن ڕستەسازی کورمانجی و فارسیش هێندە لەیەکتری  دوور نین. بەڵام شتێک هەیە لە قۆناغی مۆدێرنیزاسیۆنی زازاکی دا خۆی ، کە دەتوانین بڵێین کورمانجی زووتر دەستی کرد بە پێواژۆی مۆدێرنیزاسیۆنی خۆی، خۆی ئەداپتەی مەیدانی نوێی ژیانی شارییانە، خوێندەواری و تێکنۆلۆژی کرد، کرمانجکی یان زازاکی کەلکی لەو بەسەرهاتەی کورمانجی وەرگرت  و ئاشکرایە هەر ئەو جۆرەی کە کورمانجی کەلک لە سۆرانی وەردەگرێ ، ئەوانیش بە هەمان شێوە کەلک لە کورمانجی وەربگرن. لەبەر ئەوە زۆر ووشەی هاوبەش، موشتەڕەک هەن لە نێوان زازاکی و کورمانجی دا و مرۆڤ هەتا دەرەجەیەک لە یەکتری تێ دەگەن.

قازی: باشە، بەڕێز ئوێپەنگین ئێستا بێینە سەر ئەو توێژینەوە ،لێکۆڵینەوە و کارە مەیدانییەی  کە ئێوە ئێستا لە سەر کوردیی موکری دەیکەن. ئەوە بۆ نووسینی دەرەجەی دوکتورایە یان چۆنە؟ ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی ئەو لێکۆڵینەوەیەمان بۆ بکەی.

ئوێپەنگین:  بەڵێ ئەوە کاری دوکتورای منە. لێکۆڵینەوەی منە بۆ نووسینی تێزی دوکتورا. ئەمن خەرێکم گەڵاڵەی ڕێزمانێک ئامادە دەکەم سەبارەت بە بن –لەهجەی موکری . دیارە ئەوەش پشت دەبەستێ بە کارێکی مەیدانی .

قازی: یانی لەو لێکۆڵینەوەیە دا ئەتۆ هیچ کاری کتێبخانەیی ناکەی بەڵکوو کاری مەیدانی دەکەی.


ئوێپەنگین
: ئەمن چوومە ئەو هەرێمە نزیکەی دوو مانگ مامەوە

قازی: لە هەرێمی موکریان

ئوێپەنگین: بەڵێ لە هەرێمی موکریان ، لە لادێکانی دەورو بەری مەهاباد، ئەمن تێکستم زەبت کرد، پاشان هاتم ئەوانم نووسییەوە و دەستم کرد بە ئانالیز کردنیان .

قازی: لەو ئانالیز کردنەدا بەر لەهەموو شت لە چی دەگەڕێی ؟ بۆ نووسینی گڕامێر

ئوێپەنگین: کەمێک زەحمەتە چونکە کاری من لەو لێکۆڵینەوەیە دا بریتی یە لە شێوەی نیشاندانی کەسان  لەو زمانە دا یانی  بەشدارانی ئاخافتن بە چ شێوەیەکی ڕێزمانی  لەو زمانە دا کۆدیان بۆ دیاری دەکرێ ، ئەوە تا دەرەجەیەک کارێکی تێکنیکی بوو ، لایەنێکی هێندێک ئانترۆپۆلۆژکیشی ( مەردمناسانە) ئەوە بوو پشتی دەبەست بە کارێکی مەیدانی ، یانی ئەمن تێکستی ئەدەبییاتی زارەکیم زەبت  (ئاستە) کردوون و ئەوە لەو ڕووەوە وەخەباتی ئۆسکارمان دەچێ لە سەد ساڵ لەمەوپێش دا. تێکستی زۆر جوان لەو هەرێمە دەردەکەون و مەبەستی من لەو گڕامێر یان با بڵێم داوخوازی من  بۆ نووسینی گڕامێری ئەو لەهجەیە ئەوە بوو، وەک دەزانی گەلێک  گڕامێری کوردی هەن بەڵام ، کاتێک مرۆڤ لە بواری زمانناسیی تیپۆلۆژیک یان زمانناسیی جیهانی دا تەماشایان دەکا زۆر کەم تێیاندا ڕێفرێنس دەدرێ بە زمانی کوردی. لە ڕووی زمانییەوە لەو لەهجەیە دا گەلێک شتی سەرنجڕاکێش هەن با لە ڕووی ڕێزمانییەوە نموونەیەک باس بکەم .

قازی: ئێستا ئیدی بە سۆرانی قسە بکە، هێندێک بە موکری قسە بکە .

ئوێپەنگین: باشە ئەوە کردمان بە موکری، هەر بە موکری ئیدامەی دەدەین. لە نێو تەواوی زمانەکانی دنیا دا – پڕۆژەیەک هەبوو بە نێوی ڤۆلس لە شاری لایپزیک بەڕێوە چوو ، لە وێ لە سەر ٢٤٨ زمانی جیهان لێکدانەوەی موقایەسەیی کرا ، جا یەکێک لە بوارەکانی کە موقایەسەی لە سەر کرا ئەوە بوو ئەو جێناوانەی کە پێیاندەڵێن دمۆنستڕاتیڤ کە کەس یان شتێک نیشان دەدەن ، واتە جێناوی نێشاندان ، لە جێناوی نێشاندان دا لە زۆربەی زمانان دا فەرقێک هەیە لە نێوان جێناوێکی کە شتێکی نزیک نێشان دەدا و ئەوەی کە شتێکی دوور نیشان دەدا ، بەوەش دەڵێن دیستەنس یانی مەسافە ، ئەو جێناوەی کە مەسافە نیشان دەدا. جا لە نێو ئەو لێکۆڵینەوە موقایەسییە دا ٧ زمان هەبوون ئەو فەرقەیان نەکردووەتە شتێکی ڕێزمانی  واتە لە ڕووی گرامێرییەوە کۆدیان بۆ دانەناوە. مەبەست ئەوەیە بۆ نموونە لە کورمانجی دا فەرقی نێوان شتێکی  نزیک و دوور بە پێی جیاواییەک لە فۆرمی جێناو دا نێشان دەدرێ. دەڵێ: ' ئەڤ ئاڤ ' بۆ ئاوێک دوورتر بێ دەڵێ ' ئەو ئاڤ ' . یانی بە سۆرانی ستاندارد دەگوترێ : ' ئەم ئاوە ' ، ' ئەو ئاوە ' بەو شێوەیە لە یەکیان جوێ دەکاتەوە، بەڵام لە موکریان ئەتۆ دەبینی نزیکیش بێ، دووریش بێ هەر دەبێتە ' ئەو ئاوە '. یانی مەسافە لە جێناوی نێشاندان دا لە بەین چووە یان با بڵێین لە بەین نەچووە بە شێوەیەکی دیکە نیشانی دەدەن. جا  ئەوە لە ڕووی تیپۆلۆژییەوە زۆر سەرنجڕاکێشە، چونکە هەتا ئێستا لە دنیایە دا هەر ٧ زمان قەید کراون  کە ئەو فەرقە ناخەنە ئەو جۆرە جێناوە.

قازی: پرسیار ئەوەیە  بەڕیزت بۆخۆت لەوێ بە حزووری لەگەڵ کابرای زانیاریدەر کار دەکەی ، ئانکێتت هەیە یان چۆناوچۆنە؟ یان قسەکان ئاستە دەکەی دوایە ئانالیزیان دەکەی؟ ئەوەی کە هەتا ئێستا کردووتە.

ئوێپەنگین:  هەر دووک شێوە هەیە. بۆ گڕامێر، یانی بۆ لێکدانەوەی گشتی تر پێویستم بەوە بوو کە زانیاریدەر ، قسەکەر بە پێی دڵی خۆی ، بە ڕاحەتی پێیدا بچێتەوە و دەقم بۆ دابین بکا، ئیدی هەرچ قسەیەک دەبێ با ببێ، بەسەرهاتی خۆی بێ یان هەرچی.

قازی: دەبێ بە کوردیی موکری قسە بکەی. دەی

ئوێپەنگین: باشە.حیکایەت بگێڕێتەوە، بە هەر شێوەیەک بێ ئەوە بە دلێ خۆیەتی. بەڵام بۆ شتی دیکە هێندێک بەشی تێزەکەم کە زیاتر پێویستم بوو شتی موشەخەستر ، شتی دیارترم وەدەست بێ بۆ ئەوانە بە ئانکێت کارم دەکرد ، بۆ ئەو شتە لێم دەپرسی ئەو شتە چۆن دەڵێی؟ فڵانە شتە چۆن دەڵێی؟ ئەگەر وا بێ چۆنە، ئەگەر وا بێ پێت قەبووڵە؟ بەو شێوەیە. یانی هەر دووک شێوەم دەکار کرد.

قازی
: باشە ئەو فاکتانە کە کۆ دەکەیەوە ، پاشان بە شێوەی گڕامێرێکی نوێی دەردەهێنی وا نییە؟ دوایە دەگەڕێیەوە سەر شتی نووسراو؟ بۆ وێنە دەگەڕێیەوە سەر ئەو ڕێزمانەی ئۆسکارمان کە ئەوە وەک لێرە دەیبینی بەشێکی وەرگێڕدراوە لە لایەن بەڕێز جەعفەر حوسێنپوور- هیدی. تەقریبەن نیوەی تەرجومە کردووەتەوە لە زمانی ئەڵمانی ڕا. یان کتێبێکی دیکە هەیە ئەوەندەی کە ئێستا لە زەینی من دا بێ خانمێکی زمانناسی ئێرانی بە نێوی ئێران کەلباسی نووسیویە بە ناوی " بررسی گویش کردی مهاباد " ناوێکی ئاوای هەیە. دەگەڕێیەوە سەر شتی چاپکراو یان نا؟

ئوێپەنگین: لە شتی چاپکراو لە کارەکانی ئۆسکارمان زۆرم کەلک وەرگرتووە، بەڵام لە گڕامێرەکەی نا. گڕامێرەکەی ئەوەندە بێ سەر وبەر نووسراوە کە هیچکەس ناتوانێ کەلکی لێ وەربگرێ ، ئەوە ئەمن ئەوەندە  ساڵە کار لە سەر زمانناسیی کوردی دەکەم هێشتا نەمدیتووە کەسێک ڕێفرێنس بدا بەو گڕامێرە چونکە بەکار ناهێندرێ، بەڵام وەکوو دەق زۆر دەقی گرینگین، دەقی سەد ساڵ لەمەو پێشن . زۆر گرینگە ئیستیفادەی لێ بکەین.ئەمن بۆخۆشم زۆر جار نموونەم لەو دەقانە وەرگرتووە بەڵام فەرقی گرامێری من چ دەبێ؟ بە شێوەیەک ڕێک خراوە ، با بڵێم بە زمانی زمانناسی  نووسراوە ، یانی هەموو زمانناسێک لەو سەری دنیا لە ژاپۆنیش دەتوانێ بە ڕاحەتی ئیستیفادەی لێ بکا بۆ ئەوەی کە ئەگەر فۆرمـێکی پێویست بوو بزانێ ئەو شتە لە کوردیی موکری دا چۆن رێک دەخرێ لە زمان دا زۆر بە ڕاحەتی دەتوانێ ئیستیفادەی لێ بکا و بیبینێتەوە.

قازی: زۆر باشە. ئەو لێکۆڵینەوەیە هێشتا تەواو نەبووە، کەنگێ تەواو دەبێ بە تەوای ؟

ئوێپەنگین: قەرار وایە تا چەند مانگی دیکە دیفاع لە تێزەکەم بکەم.

قازی: لە پێشدا بە ئینگلیسی بڵاو دەبێتەوە ؟

ئوێپەنگین: بەڵێ.

قازی: باشە دوایە وەک کاری ماسترەکەت کە بۆخۆت لە فەرانسەیی ڕا وەرت گێڕابووە سەر کورمانجی ، هیچ پلانی ئەوەت هەیە دوایە ئەو بڕوانامەی دوکتورایەش وەربگێڕییە سەر کوردیی سۆرانی یان نا؟  چونکە لەو ئاستە دا وەکوو باست کرد تەنێ کەسانی ئاکادێمیک و زمانناس دەتوانن کەلکی لێوەربگرن و لەناو کوردانیش دا تەنیا ئەو کەسانەی کە ئینگلیسی بزانن. پلانت نییە بۆ وەرگێڕانی؟

ئوێپەنگین: ئەوە کارێکی زۆر باش دەبێ سپاس بۆ پێشنیارەکەت بەڵام چاوی  لێ دەکەین، ئەگەر وەختمان بوو و بزانین کەلکی دەبێ بۆ خەڵک دەیکەین بۆ نایکەین؟ بەڵام موشکیلەیەک هەیە زۆربەی ئەو ووشانە و زۆربەی ئەو چەمکانە زەحمەتە مڕۆڤ هاوتای کوردییان بۆ بدۆزێتەوە ، تەنیا نموونەی مەقالەیەکی زمانناسیی تێئۆریتیک  بەیەک مەقالە دەزانم ئەویش مەقالەی کاک نەوزاد هرۆری یە لە سەر دەنگناسیی کوردی نووسیویە، کارێکی زۆر جوانی کردووە ، بە کورمانجی نووسیوە ، تێرمینۆلۆژییەکی زۆر ڕێک و پێکی بۆ پێشنیار کردووە ، بەڵام سەختە پیاو بۆ هەموو بوارێکی ئاوا تیرمینۆلۆژی ببینێتەوە . ئەگەر ئەوە چارەسەر بێ ڕەنگە زۆر هاسانتر بتوانرێ وەربگێڕدرێ.

قازی: ڕێزدار ئوێپەنگین: دیارە ئەتۆ کاری دیکەشت کردووە، ئاکادێمیسیەنێکی پرکاری، کارت کردووە لە سەر زمان و شیوازی نووسینی ڕۆمان لە کورمانجی دا ، لە سەر زمانی مێدیا کارت کردووە ، هیوادارم ماوەیەکی دەرنگی پێ نەچێ کە جارێکی دیکەش بتوانین بۆ جاری سێهەم بە یەکەوە لەو بەرنامەیە دا قسە بکەین. بۆ ئەوەی بینەرانیش بە گشتی کەلک وەربگرن لەو کارانە و لەو تێکۆشانانەی جەنابت. زۆر زۆر بەخێر بێی سپاست دەکەم بۆ بەشداریت.

ئوێپەنگین: زۆر سپاس کاک حەسەن بۆ دەعوەتەکەت دووبارە ، مەمنوونم.

قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش . هەتاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی : ئەو چاوپێکەوتنە بە شێوەزارەکانی کورمانجی و سۆرانیی کوردی کراوە و لێرە دا هەمووی هێنراوەتە سەر سۆرانی. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم هەڤپەیڤینە لە لاپەڕەی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک یان لە یوتیووب دا تەماشا بکەن





No comments: