Saturday, March 31, 2018

باسی عەمەلییاتی نیزامی تورکیا لە سووریا، لە پارڵمانی بریتانیا، سێشەمە ٢٧ی مارسی ٢٠١٨ پارڵمانی بریتانیا ، سێشەمە ٢٧ ی مارس ٢٠١٨

باسی عەمەلییاتی نیزامی تورکیا لە سووریا، لە پارڵمانی بریتانیا، سێشەمە ٢٧ی مارسی ٢٠١٨ عەمەلییاتی نیزامی تورکیا
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

ئان کلوید ( نوێنەری سینۆن والی پارتیی کرێکار) پرسیاری ١١. ئاخر جار کەنگێ لەگەڵ هاوتا تورکەکەی دواوە سەبارەت بە عەمەلییاتی ئەو ووڵاتە لە سووریا ؛ و دەکرێ لەو بارەیەوە داخویانی بدا.


مایک کەین ( نوێنەری ویتنشاوێ و سەیل ئیست ، پارتیی کرێکار) پرسیاری ١٣. دوایین لێکدانەوەی چ بووە سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و هێمنایەتی لە سووریا .
وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزاڕەتی دەرەوە ( ئالستر برت) ئەمن حەوتووی ڕابردوو لە ئانکارا باسی مەسەلەی عەفرینم کرد لەگەڵ حکوومەتی تورکیا و گرینگی یارمەتیی ئینسانی و پاراستنی خەڵکی مەدەنیم داگرتەوە.ئێمە بە خۆشییەوە پێشوازی دەکەین لەو پێشکەوتنەی بە دژی داعش سووریا کراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، توند وتیژی لە هەموو ووڵات بەردەوامە و بارودۆخی ئینسانی خراپە. هیچ کام لەو ئاڵنگارییانە ناکرێ بە تەواوی چارەسەر بکرێن بە بێ پێشکەوتنێک لە بواری سیاسی دا لە چوار چێوەی پێواژۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان دا لە ژێنێڤ .
ئان کلوید : وەزیر دەزانێ ، زۆر جار گوتراوە ”کوردەکان چ دۆستیان نیییە جگە لە چیاکان نەبێ" . زۆر جار لەو مەجلیسە دا ئێمە پەسنی پێشمەرگە و ئازایەتی کوردەکانی سووریامان دا لە بەر ئەوەی داعشیان تێک شکاندووە. ئایا ئێمە لە بەرانبەر تورکەکان دا پشتیان بەر دەدەین؟ چی دیکە دەتوانین بکەین لەو بارەیەوە ؟
ئاڵستر برت ( وەزیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) جگە لەوەی بە گۆڕینی ئەو پەندی پێشینیانە دەبێ بڵێم یای ڕێزداریش دەکەوێتە ڕیزی دۆستی کوردەکان ، ئەمن دەڵێم بارودۆخ لەوێ ئاڵۆزە لە نێوان لایەنە جۆر بەجۆرەکاندا. ئێمە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێ دەگەین لە ئاست تێرۆریسم بە دژی سنوورەکانی ، بەڵام ئێمە بە ڕوونی هەڵوێستمان دەربڕیوە دەبێ کێشەکان کەم بکرێنەوە و ڕێگا چارەسەری سیاسییان بۆ بدۆزرێتەوە.
مایک کەین ( پارتیی کرێکار) ڕێکخراوی ' کریسشن ئەید ' دەڵێ ئێستا ٩٨٠٠٠ کەس لە واری خۆیان لە عەفرین دەرپەڕێندراون. لێکدانەوەی وەزیر چییە سەبارەت بە پێوەندیی ئێمە لەگەڵ تورکیا لەو بارەیەوە ؟
ئالستر برت ( وەزیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ) ئەمن ئاماژەم پێ کرد، لەو وتووێژانەی حەوتووی ڕابردوو لە ئانکارا هەم بوو مەسەلەی یارمەتی ئینسانی و پێداویستی بەوەی کە مرۆڤ بتوانێ ئەو یارمەتییانە بگەیێنێ، هێنامە گۆڕێ ، ئەگەرچی بارودۆخەکە هەر بە مەترسی یە. لە ناو عەفرین دا زنجیرەیەک بۆمبی چندراوی نەتەقیو و بۆمبای تەڵەیی هەن، کە پێشوەچوونیان دژوار کردووە بۆ گەیاندنی یارمەتی ئینسانی . ئەمن زۆر بە ڕوونی نیگەرانییەکانی خۆمانم سەبارەت بە یارمەتی ئینسانی و پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە هەر جۆرە پەلامارێکی دەکرێتە سەر ناوچەکە دەربڕی. ئێمە جەختمان کرد لە سەر کەمکردنەوەی کێشە هەتا زووە.

کریس ستیفنس ( نوێنەری باشووری ڕۆژئاوای گڵاسگۆ ، پارتیی نیشتمانیی سکاتلەند) ئەگەر مەبەست لە تێکشکاندن و کۆکرنەوەی داعش بێ ، کە وابێ بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگەی کورد لە هەموو لایەنێکی دیکەی زیاتری کردووە. ئایا ئەوەی ئێستا تورکیا دەیکا شتێک نییە بە دژی ئەو مەبەستە؟ گەلۆ ئەوە جۆرە شتێکە کە گۆیا لە هاپەیمانێکی ئێمە لە ناتۆ دا بوەشێتەوە؟
ئالستر برت : ( وەزیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) ئەمن ئەو نوختەیەم زۆر بە ڕوونی باس کرد کە پێشکەوتن بە دژی داعش دەبێ درێژە بکێشێ و نابێ هیچ مەترسی ئەوە بێتە گۆڕێ باری سەرنجی هێزەکان بگوێرێتەوە سەر بابەتی دیکە، لە جیات درێژە دان بە گوشار هێنان بۆ سەر داعش. حکوومەتی تورکیا تەواو بەو مەترسییە دەزانێ بەڵام گرینگی خەریک بوون بە تێرۆریسمەوە جەخت دەکاتەوە. پێویستە چارەسەرییەکی دیکە هەبێ لەگەڵ ڕەهەندەکانی دیکەی کۆمەڵگەی کورد، کە دەبێ لە چارەسەرییەکی گشتی بۆ قەوارەی داهاتووی سووریا دا جێی بکرێتەوە.


لیز مەکینێس ( نوێنەری هەی وود و میدلتن، پارتیی کرێکار) بە ڕاستی ئەوە زۆر دڵتاوێن بوو ببیندرێ میلیشیا سەرکەوتووکان بە پشتیوانی تورکیا هەڵبکوتنە سەر عەفرین ، دووکان و ماڵی خەڵک تاڵان بکەن ، و کەلەپووری فەرهەنگی کوردی شارەکە تێک ڕووخێنن . ئایا دەکرێ لە وەزیر پرسیار بکەم ئەو تاڵان و وێران کردنە چی داوە بەوەی کە وەزیری کارو باری دەرەوە وەک " پاراستن " ی " مافی ڕەوا " ی تورکیا باسی لێوە کرد ؟
ئاڵستر برت ( وەزیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) ئەمن بە هیچجۆر ناتوانم پاساو بهێنمەوە بۆ ڕەفتاری هێزەکانی تورکیا یان هیچ شتێکی وەک ئەوە. هەر وەک ئەمن پێشتر بەو پارڵمانەم گوتووە، ئامانجی ئێمە لە سووریا ئاشکرایە : تێکشکاندنی یەکجاری داعش، و گواستنەوەیەکی سیاسی بەرەو حکوومەتێک کە مافی هەموو لایەک بپارێزێ لەوانە کۆمەڵگە کوردەکان و هەموو گرووپە کەمایەتییەکان . گشت چالاکییەک کە کار دەکا لە سەر کۆمەڵگەی کورد دەبێ ئەوەی لە بیر بێ چارەنووسی دوایی سووریا بە ئەوە بەستراوەتەوە کۆمەڵگە کوردەکان هەست بکەن بەشێک لە ئەون ، بە بێ مەترسی تێڕۆر لە سنوورییەکانییەوە ، و ئەوە هەموو لایەک دەبێ ئەوە لە بەر چاوی بگرن. 







No comments: