Monday, March 5, 2018

قانوونی شەڕ ,نووسینی جوولیا لایتن ، وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

                            دادگەی نورنبێرگ: تاوانبارکراوان گوێرینگ، هێس، ڤان ریبنترۆپ وکیتێل لە ریزی پێشەوە 
قانوونی شەڕ

جوولیا لایتن

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
سەرەتا:
لە بەستێنی هەموو تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە دا بابەتی جینایەتی شەڕ بە تایبەتی لە ڕاپۆرتی لە مەڕ خەساری کەسانی نیزامی و نا نیزامی و یەخسیری شەڕ بە پێویستی دێتە گۆڕێ. فکری جینایەتی شەڕ زۆر نابەجێ وەبەرچاودێ. زۆر لە ئێمە لەگەڵ ئەوە ئاشناین لە شەڕ و لە ئەوین دا هیچ قانوون نییە و لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە دا کە تێیدا کوشتنی هێزەکانی دوژمن وەکوو ڕێگایەکی جێی پەسند بۆ گەییشتن بە ئامانجی دووایی وەبەر چاو دێ  چەمکی جینایەت لێڵ دەکا. بەڵام ڕێوشوێنی یەکجار زۆر هەن کە شتی دیکە دەڵێن . ئەو ڕێوشوێن و قەراردادانە تەقریبەن لە لایەن هەموو نەتەوەکانی دنیا وە ئیمزا کراون.
قانوونەکانی لاهە و پەیماننامەی ژێنێڤ بریتین لە ڕێکەوتنە هەرە کاریگەرەکانی ناونەتەوەیی . ئەو ڕێکەوتننامانە باسی مژاری وەک بەشدارانی شەڕ، قوربانییەکانی شەڕ، داگیرکران لە لایەن هێزەکانی دوژمن و چلۆنایەتی سامانی کولتووری دەکەن. لە ساڵی ٢٠٠٣ لە عێڕاق هێزە عێڕاقییەکان ئاڵای سپییان هەڵکرد ، بەڵام دوای ئەوە لە کاتێکدا سەربازە ئەمریکاییەکان بەرەو ئەوان دەهاتن بۆ ئەوەی تەسلیم بوونیان بپەژرێنن تەقەیان لێ کردن. ئەو کارە بە پێی قانوونەکانی لاهە خیلاف وە حیساب دێ. لە شەڕی دووەمی جیهانی دا، نازی یەکان لە ئەڵمان تاقیکردنەوەی پزشکییان لە سەر کەسانی مەدەنی ئەنجام دا. لەم ووتارەی بەر دەست دا ئێوە لە سەر بنەماکانی قانوونگەلی شەڕ و ئەو هەنگاو تایبەتییانەی کە لە سەر بنەمانی قانوونگەلی لاهە و پەیماننامەی ژێنێڤ وەک جینایەتی شەڕ دادەندرێن هێندێک شت فێر دەبن.
کورتە مێژوو
هەمیشە جۆرەیەک قانوون بۆ شەڕ هەبووە. ئەڕتەشی جۆر بە جۆر قانوونی لەمەڕ خۆیان هەبوو کە دیاریی دەکرد کردەوەی نیزامی چۆن ئەنجام بدرێ، ناوچەی قەدەغە کوێن، چ جۆرە ناوچەیەک ڕێگا پێدراون و هەر وەها قانوونگەلی پێکهەڵپڕژان کە شێوەی دەستپێکردنی شەڕیان دیاری دەکرد . بە درێژایی مێژوو ئەو نەتەوانەی ڕووبەڕووی یەکتری دەبوون  بنەمای قانوونگەلی شەڕیان دا دەڕشت. بەڵام تا سەدەی نۆزدەهەم ئەو قانوونگەلە تەنێ لە سەر هێندێک شەڕی تایبەتی و ئەو ووڵاتانەی تێوەیان گلابوون بەڕێوە دەچوون. هەر کە شەڕ تەواو دەبوو ، قانوونەکانیش توڕ هەڵدەدران.
بە پەیماننامەی ژێنێڤ لە ساڵی ١٨٦٤ دا قانوونی شەڕ بوو بە مژارێکی ناونەتەوەیی. ئەو قانوونانەی لە ژێنێڤ و لاهە سەریان وەدەر نا بەرزتر بوون لە هەر جۆرە تێکهەڵچوونێکی تایبەتی . ئەو قانوونانە حەول دەدەن زەبر و زەنگ و فاجیعەی شەڕ بە گشتی کەم بکەنەوە. ئەو قانوونانە هەموو جۆرە تێکهەڵچوونی چەکدارانە وەبەر دەگرن.
پەیماننامەکانی ژێنێڤ
پەیماننامەکانی ژێنێڤ کە لە ساڵی ١٩٤٩ وە شێوەی ڕەسمییان بە خۆوە گرت و دواجار لە لایەن ١٩٠ ووڵاتەوە پەسند کران . ئەو پەیماننامانە قانونی لە مەڕ چلۆنایەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ قوربانییەکانی شەڕ لە وانە بریندارەکان و سەربازە نەخۆشەکان، یەخسیرانی شەڕ و نا نیزامییەکان دادەمەزرێنن. پەیماننامەکانی ژێنێڤ ئەو جۆری کە ئێمە ئێستا پێیان دەزانین لە ساڵی ١٩٤٩ دوای شەڕی دووەمی جیهانی دامەزران. یەکەم پەیماننامەی ژێنێڤ لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٨٦٤ دا داڕێژرا  . لە یەکەم کۆنفڕانس دا ، کۆمەڵێک قانوون بۆ پاراستنی هێزی نەخۆش و بریندار لە مەیدانی شەڕ دا دامەزرا.
قەرار دادی سەرەتایی ساڵی ١٨٦٤ لە لایەن ڕێکخراوێکەوە بەناوی کۆمیتەی ناونەتەوەیی وەفریا کەوتنی برینداران دامەزرێندرا. ئەو ڕێکخراوە ئێستا بە ناوی کۆمیتەی ناونەتەوەیی خاچی سوور دەناسرێ. خاچی سوور  لە جێدا بۆ ئامادە کردنی یارمەتی پزشکی بۆ برێنداری شەڕ دامەزرا. بناغەی ئەو ڕێکخراوە کەسێک داینا بە ناوی  هێنری دۆنانت. ئەو کە سێک بوو کە دوای شەڕی سۆلفێرینۆ لە ساڵی ١٨٥٩ بە ئیتالیا دا تێ دەپەڕی و لەوێ چاوی بە هێندێک سەرباز کەوت کە لەبەر ئەوەی موداوا نەکرابوون خەریک بوو دەمردن . ئەو داوای لە خەڵکی مەدەنی کرد  یارمەتی بکەن بە کۆ کردنەوە و دەرمانی بریندارەکان و دایگرتەوە لە سەر بنەمای نەتەوایەتی، دووچاوکی لەگەڵ کەس نەکەن. خاچی سوور  لە سەر ئەو بنەمایە بە خۆ دا هات کە گشت سەربازان بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە سەر بە چ هێزێکی چەکدار بن دەبێ لە موداوای پزشکی کەلک وەربگرن. ئەو یەکەم ڕێکەوتننامەیە لە دانیشتنەکانی دواتری دا چاکتر کرا و لە ساڵی ١٩٤٩ دا گەیشتە دوندی خۆی. دانیشتنی ساڵی ١٩٤٩ چوار پەیماننامەی خوارەوەی لە ژێنێڤ پەسند کرد:
١-پەیماننامە بۆ باشتر کردنی هەلومەرجی هێزی چەکداری بریندار و نەخۆش لە مەیدانی شەڕ.
٢-پەیماننامەی باشتر کردنی هەلومەرجی ئەندامانی هێزی چەکداری بریندار، نەخۆش و خنکاو لە دەریا.
٣-پەیماننامەی لەمەڕ موداوای یەخسیری شەڕ.
٤-پەیماننامەی لە مەڕ پاراستنی کەسانی مەدەنی و نانیزامی لە شەڕ دا.
پەیماننامەکانی لاهە
کۆنفڕانس لەمەڕ قانوونگەلی ناونەتەوەیی شەڕ لە شاری لاهەی هولەند لە ساڵانی  ١٨٩٩، ١٩٠٧ و ١٩٥٤ پێک هاتن. ئەو کۆنفڕانسانە کە بە کۆنفرانسانی ناونەتەوەیی ئاشتی ناو دەنران بوونە هۆی گەڵاڵە کردنی قانوون یان ڕێکەوتننامەی زۆر کە بە شێوەیەکی هێندەش بە دڵ نا چوونە ناو مژارگەلی لەمەڕ مەیدانی شەڕ، چەک و چۆڵ، مافی خاوەندارێتی و ئەرکی ووڵاتانی بێ لایەن لە کاتی شەڕ دا.
دوو پەیماننامەی لاهە کە بریتی بوون لە پەیماننامەی ئاشتی لاهە لە ساڵی ١٨٩٩ و پەیماننامەی شەڕی سەر زەوی لاهە ئی ساڵی ١٩٠٧ بە شێوەی سەرەکی وەکوو یەکتر دەچن. کە کۆنفڕانسی ١٩٠٧ بەشە سەرەتاییەکانی لە مەڕ قانوونی شەڕ ، چەکوچۆڵی ڕێگا پێنەدراو و پەشێوی دارایی پەرە پێدەدا و لێیان زیاد دەکا. وا داندرابوو کۆنفڕانسێکی دیکەش بکرێ بەڵام دواتر بە دەستپێکردنی شەڕی یەکەمی جیهانی هەڵوەشاوە.
ئەو کاوولکارییە سەختانەی کە لەمەڕ سامانی هونەری کران ، وەکوو شوێنەورای هونەری، ئەدەبییات و دەستکردی دەستی بەشەر لە ماوەی شەڕی یەکەم و دووەمی  جیهانیدا، بۆشاییەکی زۆری کە لەقانوونگەلی ئەو دەمیدا هەبوون وەڕوو خست. لە ساڵی ١٩٥٤ کۆنفڕانسی لاهە بۆ پارێزگاری لە سامانی هونەری لە جەنگەی تێکهەڵچوونی چەکدارانە دا ئیمزا کرا بۆ ئەوەی بە کردەوە کاری پێ بکرێ. ئەوە سێیەمین کۆمەڵە قانوونە ، پاراستنە کولتوورییەکانی بە قووڵاییەکی زیاترەوە لە ئاست ئەوانی پێشوو دەخستە ڕوو و حەولی دەدا لە ناسێنەی نەتەوەیەک لە ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ شەڕ و داگیرکاری پارێزگاری بکا.
هەر وەک چۆن تێکنۆلۆژی و ئاگایی پێش کەوتووە ، ئەو پەیماننامانەی لە لاهە و لە ژێنێڤ بەرهەم هاتوون بەرە بەرە چوون دەباڵ یەکەوە: پێش کەوتنە تێکنۆلۆژییەکان لە چوارچێوەی شەڕ دا مەیلیان بەرەو ئەوەیە مژارگەلی بەشەر دۆستانە درێژ کەنەوە و کاروباری بەشەر دۆستانەش مرخی ئەوەیان هەیە ڕیشەی پێشکەوتنی چەکوچۆڵ و ڕێگای کاوولکاری خاشە بڕ کەن. ئەو قەرادادە گەورانە کە هێندێک لە گرینگترین قانوونەکانی لەمەڕ شەڕن حەول دەدەن پارێزگاری بکەن لە پەرۆشی بەشەردۆستانە، کولتووری و ماڵی لە مەیدانی شەڕ
پەیماننامەکانی لاهە نەتەنیا جەخت دەکەنەوە لە سەر تێکهەڵچوونە چەکدارانەکان بەڵکوو یەکێک لە قانوونە  سەرەتاییەکانی لاهە پێداگری دەکا لە سەر بەلاداخستنی کێشە بە ڕێگای ئاشتی. بە شێوەیەکی ئاوا کە حەولی خۆی دەدا تا بە هۆی ڕێگای تایبەتی لەوانە چارەسەریی دیپڵۆماتیک بۆ هەموو کێشەیەکی نەتەوەیی یان ناونەتەوەیی پێش بە شەڕ بگرێ. کۆمیتەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە، ناوبژیوانی بێ لایەن و هەر شتێکی کە بکرێ وەک مۆڵەتی سێ ڕۆژە، هەموو ئەو شتانەن کە بۆ پێشگیری لە شەڕ کەلکیان لێ وەر دەگیرێ. تەنیا لە شوێنک دایە کە گشت ئەو قۆناغانە وەلا دەندرێن و ئەویش کاتێکە کە بەشێوەی ڕەسمی شەڕ ڕابگەیێندرێ. بەو پێیە ڕاگەیاندنی ڕەسمی پێویستە ، پەلاماردانی لەپڕی سەرەتایی بە ناقانوونی دادەندرێ.
شەڕ و چەکوچۆڵ
مافی ئەو هێزانەی کە بە دژی یەکتری شەڕ دەکەن بۆ هەبوونی ئامرازی ئاوای کە پێیان سەدەمە لە دوژمن بدەن  بێ سنوور نییە ( لاهە -٤ ). زۆر لەو قانووانەی کە حوکم دەکەن بە سەر مەیدانی شەڕ دا بە تەواوی ئاشکران : "کەلکی خراپ وەرگرتن لە ئاڵایەکی سپی ، وەکوو نیشانەیەک بۆ  تەسلیم بوون یان ئاگر بەس ناقانوونی یە (لاهە ٤ ). کوشتن یان سەدەمە لێدان لە کەسێک کە گەمارۆ دراوە نا قانوونی یە . هیڕش بردنە سەر شوێن یان کەسێکی بێ دیفاع قەدەغەیە . پەلاماردانی خانووبەرەیەک کە وەکوو نەخۆشخانە کەلکی لێ وەردەگیرێ قەدەغەیە. بەڵام هێندێک لە قانوونەکان کەمتر ڕوونن. شوێنی کولتووری و نەتەوەیی لە ژێر پارێزگاری دایە، باشتر وایە  هێزەچەکدارەکان لە ئاڵا ، یونیفۆڕم یان نیشانەی ڕەسمی دوژمن و هەر وەها نیشانەی خاچی سوور بۆ ئامانجەکانی خۆیان کەلک وەرنەگرن. نابێ ماڵ و موڵکی دوژمن تاڵان بکرێ و یان کاوول بکرێن مەگەر ئەوەی بۆ ئۆپێڕاسیۆنی نیزامی زۆر پێویست بەو کارە هەبێ. ئەو خانووبەرانەی کە لە مەڕ هونەر، زانست و کارو باری خێرخوازانەن و هەر وەها هەر شتێکی مێژوویی و کولتووری دیکە پارێزراون هەڵبەت جگە لەوانەی کە بۆ ئۆێڕاسیۆنی نیزامی بە کار دەبردرێن. لە کاتی ئاوا دا تەقریبەن هێرش کردنە سەر ئەوان قانوونی یە. بە گشتی قەدەغە لە سەر ئەو جۆرە چەکە هەیە کە مەبەستیان دەرد و سەدەمە پێگەیاندنی هەرە زۆرە. چەکی کیمیایی و چەکی ژاراوی قەدەغەیە. کەلکوەرگرتن لەو گوللەیانەی کە ئەگەر بگەنە ناو لەش دەبنە هۆی سەدەمە لێدانی زێدەتر، قەدەغەیە. بەکار هێنانی چەکی کیمیایی و بیۆلۆژیکی قەدەغەیە.
لە هەر دوو قانوونەکانی لاهە و ژێنێڤ دا ئاماژە کراون بە شەڕە کێمیایی و بیۆلۆژیکی ( میکڕۆبی) یەکان . بەیاننامەی ژمارە ٢ی کۆنفڕانسی ئاشتی لاهە  کە لە ساڵی  ١٨٩٩ پێک هات بەکارهێنانی گازی کوژەری بە ناقانوونی ڕاگەیاند. پرۆتۆکۆڵی ١٩٢٥ی ژێنێڤ  گازی کوژەر و شێوەی میکڕۆبی شەڕی قەدەغە کرد. کۆنفڕانسی ١٩٧٢ی ژێنێڤ جەختی کردەوە لە سەر بە قەدەغە کردنی ئەو چەکانە و بە ناقانوونی ڕاگەیاندنیان، پەرە پێدان، بەرهەم هێنان و ئەنبار کردنی ئەوان و پێی داگرت ئەوەی کە هەن دەبێ نەهێڵدرێن و لە ناو ببردرێن.
کوشتاری بەکۆمەڵی ڕەگەزی - کوشتاری سیستماتیکی گرووپێک لە خەڵک لە سەر بنەمای  نەتەوایەتی یان ڕەگەز لە بەیاننامەیەک دا کە لە ساڵی ١٩٤٨ دا دەر کراوە قەدەغە کرا و تەنێ تەرخان کراوە بۆ پێشگرتن لەو جۆرە کوشتارانە و سزادانی کەسانێک کە بەشدارایان لە کوشتاری ئاوا دا کردووە.
سەربازانی بریندار یان نەخۆش
بە شێوەی پێویست ئەگەر ئەوان بریندار یان نەخۆشن یارمەتیان بدەن! یەکەم پەیماننامەی ژێنێڤ باس لە مژاری هێزی بریندار یان هەر چۆنێک بێ ناتوانا دەکا ( لەگەڵ کادری دەرمانی و ئەفسەرانی کارو باری دینی)  و بە شێوەیەکی بەشەر دۆستانە دەیەوێ  هەر کە هاتوو سەربازێک ئیدی نەیتوانی شەڕ بکا  ئیدی نابێ وەکوو ئامانج سێرەی لێ بگیرێ. و لەوەش زیاتر داوای هەنگاو هەڵێنانەوە دەکا بۆ: بێ لەبەرچاو گرتنی کە کەسی بریندار سەر بە کامێک لە لایەنەکانی شەڕ بووبێ دەبێ ببڕ ببڕ بکەوێتە بەر چاوەدێری  دەرمانی. ئەوە بەڕێوەچوونی چالاکانەی دەرمان کردن و ئیزن دان بە خاچی سوور بۆ بەڕێوەبردنی دەرمان کردن دەگرێتەوە.
سەبارەت بە پاراستنی هێزە بریندارەکان یان نەخۆش ، کادری دەرمانی و ئەفسەرانی کارو باری دینی وا دادەندرێ کە ئەوان خەڵکی بێ چەک بن ( یان لە مەر ئەو هێزانە وا دادەندرێ ئەوان ناتوانن  هەر جۆرە چەکێکی کە ڕەنگە لە بەر دەستیان دابێ هەڵگرن). لە مەڕ کادری دەرمانی و ئەفسەرانی کارو باری دینی ناکۆکییەکی ئاشکرا وەبەرچاو دێ کە ئەو کەسانە لە ڕاستیدا بۆ بەرگری لە خۆیان هەڵگرتنی چەکیان لێ قەدەغە ناکرێ . بەڵام ئەوان ئەگەر خۆیان چەک لە خۆیان شەتەک دەن ، هێندێک لایەنی تایبەتی ڕێگاپێدراوی خۆیان لە کیس دەدەن. بەو پێیە بۆ ئەوەی لە سەر بنەمای قانوونگەلی شەڕ بەتەواوی لە پەلامار خۆیان بپارێزن دەبێ خۆیان بخەنە بەر ئەگەری سەدەمە وێکەوتن لە کاتی پەلامار دا.
هێزە نەخۆشەکان یان بریندار لە هەموو هەلومەرجێکدا دەبێ بە شێوەی مێهرەوانانە دەرمان بکرێن بە بێ لە بەرچاوگرتنی دووچاوکی لە سەر بنەمای ڕەگەز، ڕەنگ ، مەزەهەب یان باوەڕی ، جینسییەت، لەدایکبوون یان سەروەت یان هەر پێوەرێکی دیکەی وەک ئەوە ( ژێنێڤ – ١ ) . کوشتن ، خەوش پێگەیاندن و ئیفلیج کردن، ئەشکەنجە دان یان ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی بیولۆژیک لەسەر کەسی بریندار یان نەخۆش ناقانوونی یە. هەڵسوکەوتی سووکایەتی پێ کردن لەگەڵ کەسێکی ئەوتۆ ناقانوونی یە. بەکارهێنانی ئەو کەسە وەکوو بارمتە قەدەغەیە. پەیماننامەی ژێنێڤ سەبارەت بە هەڵسوکەوت لەگەڵ برینداران و نەخۆشان بە لە بەر چاوگرتنی ووردەکارییەکان ، باسی شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکێک لە بە برەوترین ڕەهەندەکانی شەڕ  دەهێنێتە گۆڕێ: مەرگ . مەیتەت دەبێ هەڵ بگیرێن ، تاقی بکرێنەوە ( تەنیا بۆ دڵنیا بوون لەوەی کە کەسەکە مردووە) . ناسنامەیان دیاری بکرێ و بە شێوەی لەبار بنێژرێن. ئەگەر پێویست بێ دەبێ ببڕ ببڕ تێکهەڵچوون بە شێوەی کاتی ڕابگیرێ بۆ ئەوەی مەیتەکان کۆ بکرێنەوە. دەبێ بە حورمەتەوە  لەگەڵ مەیت هەڵسوکەوت بکرێ و ئەگەر هەڵسووڕێ بە پێی مەزەبی لەمەڕ خۆی بنێژرێ. لەگەڵ کەسێکی کە لە زەمانی شەڕ دا دەمرێ دەبێ هەمان هەڵسوکەوت بکرێ لەگەڵ کەسێک کە لە زەمانی ئاشتیدا دەمرێ. پێوەندی لە ڕێگای سەبت و زەبتی گۆڕەکان لە سەرەتای شەڕ دا بکرێ . دەبێ شوێنێک بۆ قەبری هێزی دوژمن دیاری بکرێ ، بە شێوەیەکی ئەوتۆ کە دوایی بکرێ مەیتەکان دەربهێندرێن و بنێردرێنەوە بۆ ووڵاتی خۆیان و هەر شتێکیش کە بە تەنیشت مەیتەوە دەدۆزرێتەوە دەبێ بگێڕدرێتەوە بۆ میراتگرەکانی.
ڕاگرتنی قانوونی
ئەگەر یەکێک لە لایەنەکانی تێکهەڵچوو بزانێ کە پێرسۆنێلی تەواوی پزشکی نییە بۆ ئاگاداری لە برینداران و ئەو نەخۆشانەی لە ژێر چاوەدێری دان، دەتوانێ پێرسۆنێلی پزشکی هێزی دوژمن تا ئەو کاتەی کە قەیرانی پزشکی دەڕەوێتەوە لە لای خۆی ڕابگرێ.
یەخسیری شەڕ
یەخسیرانی شەڕ لە هەموو هەلومەرجێکدا شیاوی ڕێز لێنانن لە بەر کەسایەتی ئینسانی و کەڕامەتی خۆیان (ژێنێڤ – ٣) . بەر  لە هەموو شت زێندانییەکان شەڕ ( یەخسیری شەڕ)  زیندانی ئەو ووڵاتەن کە ئەوانی گرتووە. ئەوان زیندانی سەربازی یەکەیەک یان فەرماندەیی یەکەیەک نین کە ئەوانی گرتووە . هەر وەها بە پێی ئەو پێوانەیە  کە " بێ تاوانە مەگەر ئەوەی تاوانی لە سەر سوور بێتەوە " هەر شەڕکەرێک کە دەگرێ وا دادەندرێ کە یەک لە زیندانییەکانی شەڕە و ببڕ ببڕ دەبێ ئاوایان هەڵسوکەوت لەگەڵ بکرێ:  ئەگەر هەر جۆرە شک و گومانێک هەبێ سەبارەت بە بەڕێوەبردنی دۆخی یەخسیری شەڕ (pow) نابێ قانوونی لە مەڕ یەخسیری شەڕ بەڕێوە ببردرێ. تا ئەو کاتەی کە دادگەیەکی لەبار  پێک بێ سەبارەت بە ئەوەی گەلۆ  چلۆنایەتی یەخسیری شەڕ لە سەر بنەمایەک  یەک بە یەک بەڕێوە ببردرێ یان نا. کاتێک کە ووڵاتە یەکگرتووەکان بە شێوەی سیستماتیک  دەستی گێڕاوە لەوەی ئەو هیزانەی تالیبان کە لە شەڕەکانی ساڵانی ٢٠٠١-٢٠٠٢ دا گیرابوون ، بە یەخسیری شەڕ دابنێ،ئەو کارەی ئەمریکا گوێ نەدان و لادان بوو لە پەیماننامەی سێیەمی ژێنێڤ . ئەندامی ئەو هێزانەی کە لە جەنگەی تێکهەڵچوونی چەکدارانە دا دەگیرێن  وەک یەخسیری شەڕ وەحیساب دێن مەگەر ئەوەی کە پێچەوانەکەی بسەلمێ.
هەر وەکوو نەخۆش یان برینداران، یەخسیرانی شەڕ (pow ) بە پێی قانوونەکانی ژێنێڤ و لاهە لە ئاست هەموو جۆرە زەبر و زەنگ، سووکایەتی پێ کران و یان تاقیکردنەوی بیۆلۆژێکی پارێزراون . ئەگەر یەخسیرانی شەڕ پێویستیان بە چاوەدێریی پزشکی هەبێ دەبێ ببڕ ببڕ ئەوەیان بدرێتێ و کادری پزشکی بە لانی کەمەوە مانگێ جارێک  دەبێ بهێندرێتە ناو کەمپی یەخسیرانی شەڕ بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێ کە هەموویان لە وەزعێکی لەبار دان. بەڵام بە پێچەوانەی نەخۆشان و برینداران لە مەڕ یەخسیرانی شەڕ دەبێ رێزی ئاستی نیزامی لە بەر چاو بگیرێ: ناکرێ بە ووردی هەمان کاری تۆبزی بە ئەفسەران بکرێ کە سەربازی ئاسایی ناچار دەکرێ بیکا. و ئەگەر چی وەک سزا دانی نیزامی دەکرێ کاری سەخت و گران بە هیزی سەربازان بکرێ ، بەڵام ناکرێ ئەفسەرێک بەو شێوەیە تەنبێ بکرێ.
زۆر لە ئێمە لە فیلمان و لە تێلێڤیزیۆن دا ووڵامی لێپرسینەوەمان دیتووە لە مەڕ ناو، دەرەجە و ژمارە. ئەوانە ڕیشەیان لە پەیماننامەی ژێنێڤ ئاو دەخواتەوە، بەڵام  ئامانج لەوان بە ووردی ئەوە نییە کە وەبەر چاو دێن. ئەوە دروستە  کە یەخسیری شەڕ دەبێ ناو، دەرەجە و ژمارەی ( لەگەڵ بەرواری لە دایکبوونی خۆی) دیاری بکا. بەڵام ئەو کارە نە تەنیا بە مەبەستی ناسینەوەی ناسێنە بەڵکوو بۆ دڵنیا بوون لە هەڵسوکەوت لەگەڵ کەسەکەیە لە سەر بنەمای دەرجە یان هەڵکەوتی ئەو . ئەگەر نەکرێ بزاندرێ ئەفسەرێک ئەفسەرە ، ناکرێ دەستەبەر بکرێ کە ئەو لە کارهاسانی بۆ ئەفسەرێک کەلک وەربگرێ.
سەبارەت بە لێپرسینەوە لە یەخسیرانی شەڕ گشت تاکتیکەکانی لێپرسینەوە کە وا وەبەرچاو دێن شێوەیەیکی بە برەو بن لە زمانی شەڕ دا، گشتیان ناقانوونی ن. پەیماننامەی ژێنێڤ هەموو کارێک زیاتر لە پرسینی پرسیارێکی سادە بە ناقانوونی ڕادەگەیێنێ: نە هیچ جۆرە ئەشکەنجەی فیزیکی زەینی و نە هەر جۆرێکی دیکە لە هەڕەشە و تۆبزێتی نابێ قەت لەمەڕ زیندانیانی شەڕ  دەکار بهێندرێ بە مەبەستی وەدەست هێنانی هەر جۆرە زانیارییەک لەوان. ئەو یەخسیرانەی شەڕ کە ووڵام نادەنەوە نابێ هەڕەشەیان لێ بکردرێ، نابێ سووکایەتیان پێ بکرێ نابێ هیچ جۆرە هەڵسوکەوتێکی ناخۆش و بەزەرەریان لەگەڵ بکرێ.
زیندانی کردنی لە قاوش ( سیلوول) دا نا قانوونی یە ( ناکرێ یەخسیرانی شەڕ لە قاوشی بەندیخانە دا زیندانی بکرێن مەگەر ئەوەی بۆ پاراستنیان پێویست بێ) بەڵام بن چاو کردن ڕێگا پێدراوە.دەکرێ ئەوان لە ناو سنووری دیاریکراو دا ڕابگیرن. بەڵام شوێنی ڕاگرتنیان تا ئەو جێگایەی هەڵدەسووڕێ دەبێ لە شوێنی تێکهەڵجوون دوور بێ. لە کەمپی تایبەتی یەخسیری شەڕ دا ئەوان دەبێ هەموو ئەو ماف و دەرفەتانەیان هەبێ  کە لایەنی یەخسیرگر دەیدا بە هێزەکانی خۆی بە لانی کەمەوە لە ڕووی خۆراک، ئاو. سەرپەنا، پۆشاک، وەرزش، نامە نووسین. کارو باری مەزەبی و پێداویستییە ئینسانییەکانی دیکە. پێویستە پێیان بگوترێ لە کوێ ڕاگیراون ( لە ڕاستیدا ئادرێسی پۆستییان دیاری بکرێ) بە شێوەیەکی ئاوا کە خزمەکانیان بتوانن نامە و شتیان بۆ بنێرن.
جگە لە پارێزگاری لە ئاست زەبر و زەنگ و ترساندن و سووکایەتی پێکردن بە کەڕامەتی کەسان، یەخسیرانی شەڕ لە ئاست بەپرسیاری گشتیش پارێزراون ( ژێنێڤ – ٣ ) . بڵاو کردنەوەی تێلێڤیزیۆنی وێنە و فیلمی یەخسیرانی برینداری شەڕ  سووکایەتییە بە شان و شەوکەوتیان . و ئەوەش بەپرسیاری گشتی دەگرێتەوە و بەو پێیە قەدەغەیە .
هەر کە هاتوو ئەو یەخسیرانەی شەڕ لە لایەن دوژمنەوە گیران دەکەونە بەر هەمان ئەو قانوونانە کە ئەو هێزە چەکدارانە دەپارێزن کە ئەوانیان گرتووە. یەخسیرەکان دەبێ ببڕ ببڕ بە لەبەرچاو گرتنی قانوون و ڕێوشوێنەکانی ئەوانەی گرتوویانن هەڵسوکەوت بکەن . و بە شکاندن و پێشێل کردنی ئەو قانوونانە هەر هەمان ئەو مەحکەمە و سزایانەیان بە سەر دا دەسپێ کە نیزامییەکی بن چاو کراوە لەگەڵی ڕوو بە ڕوو دەبێ. ئەوان لە بن کۆنتڕۆڵی ئەو هێزە دان کە بن چاوی کردوون و بن چاو کردنیان قانوونی یە. هەر ئاواش هەڵاتنی ئەوان بە لادان لە قانوون  دەژمێردرێ. بۆیە ئەگەر ئەوان هەڵێن دەکرێ تەنبێ بکرێن. ئەوەش تەنێ زەمانێک بەڕێوە دەچێ ئەوان بەر لەوەی بگەنەوە ئەڕتەشی خۆیان بگیرێنەوە.  
ئەگەر ئەوان لە هەڵاتن دا سەرکەوتوو بن -  واتە بگەنەوە ناوچەت هێزە چەکدارەکانی خۆیان -  و جارێکی دیکە بگیرێنەوە ناکرێ ئەوان لە بەر هەڵاتنی پێشوویان سزا بدرێن . ئەو قانوونەی سەرکەوتن لە پووچەڵ کردنەوەی پەلامار بە ووردی بۆ ئەو جاسووسانەش دەکار دەکردرێ کە لەدەست ئەوانەی گرتوویان ڕادەکەن: ئەگەر جاسووێک هەڵبێ و بەر لەوەی بگاتەوە ماڵێ بگیرێ هێشتا دەکرێ وەک جاسووسێک هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێ . ئەگەر ئەو بتوانێ بەرەو لای هێزەکانی خۆیان بچێتەوە و لە دوای ئەوە بگیرێ، ئیدی ئەو وەک جاسووسێک  کە دەبێ دادگای بکرێ و سزا بدرێ  ناژمێردرێ . ئەوە وەکوو یەخسیرێکی شەڕە و دەبێ بپارێزدرێ.
ستاتوسی یەخسیری شەڕ
کاتێک بە دست دوژمن دەگیرێن، ئەو کەسانەی خوارەوە بە یەخسیری شەڕ دەژمێردرێن:
*ئەندامانی هێزی چەکدار
*ئەندامانی میلیشیا و دڵخوازانی دیکە
*ئەندامانی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتێک کە دوژمن بە ڕەسمی ناناسێ
*خەڵکی ئاوای کە لەگەڵ هێزی چەکدارەکان کەوتوون ( وەکوو ئەندامانی مێدیا)
*کارگێڕانی کەشتی بازرگانی و فڕۆکەی مەدەنی  

خەڵکی مەدەنی  و داگیرکارکردن
لە ئاستی هەرە بنەڕەتیدا ، خەڵکی مەدەنی بە پێی هەمان پڕێنسیپە گشتییەکانی بەشەر دۆستانە دەپارێزدرێن  کە هەڵسوکەوت لەگەڵ یەخسیرانی شەڕ، بریندارەکان و کەسانی دیکەی کە لە تێکهەڵچووندا دەوری چالاکیان نییە، دیاری دەکەن . هەر جۆرە زەبر و زەنگی فیزیکی یان سووکایەتی پێ کردن قەدەغەیە. هێزێکی چەکدار نابێ هێرش بکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و هەر وەها نابێ ئەوان وەکوو "قەڵغانی ئینسانی" بەکار بهێنێ بۆ پاراستنی ناوچەیەک لەئاست پەلامار.
ئامانجی گشتی پەیماننامەی چوارەمی ژێنێڤ بە شێوەی تایبەتی پاراستنی خەڵکی مەدەنی و منداڵانە لە ئاست پێهاتەکانی شەڕ. ئەو پەیماننامەیە "ناوچەیەکی بێ لایەن"  دیاری دەکا کە شەڕ کردن تێیدا قەدەغەیە و نەخۆشخانەکان و ناوچەی هێمن بۆ پاراستنی نەخۆشان، بەساڵداچووان، ژنانی دووگیان، منداڵانی لە خوارەوەی پازدە ساڵ و دایکانی منداڵانی لە خوارەوەی ٧ ساڵان لە بەر چاو دەگرێ . وا لەبەرچاو گیراوە کە ئەو جۆرە ناوچانە بە نیشانەی زۆر گەورەی خاچی سوور دیاری بکرێن بۆ ئەوەی بکرێ لە پارێزراو بوونیان دڵنیایی هەبێ. ئاوا لە بەر چاو گیراوە بێتوو ئەو منداڵانەی وون دەبن یان هەتیو دەبن نیشانەی تایبەتی بە خۆیانەوە هەڵئاوەسن. هەر وەها وا داندراوە ئەوانەی لە نەخۆشخانە کار دەکەن کارتی ناسنامەی تایبەتی لە مەڕ خۆیان هەڵگرن بۆ ئەوەی قەت پێشیان پێ نەگیرێ بۆ ئەوەی ئەرکی خۆیان ڕاپەڕێنن.
هێزەکانی دوژمن بۆیان نییە دەست بە سەر موڵکی شەخسی دا بگرن مەگەر ئەوەی بە دژی ئەوان کەلکیان لێ وەربگیرێ.  و لە نموونەی ئاوا دا ئەوان دەبێ دوای کۆتایی هاتنی شەڕ ئەو مڵک و ماڵە بگێڕنەوە یان جەریمەکەی ببژێرن. ڕێزپەڕی سەرەکی لەو قانوونە دا کاتی داگیرکاری ڕوو دەدا . کاتێک کە تێیدا گشت مڵک و ماڵی لەمەڕ ڕاپۆرتی ڕووداوەکان شیاوی دەست بەسەر داگرتنن. بەڵام تەنانەت لەو نموونەیەشدا هێزە داگیرکەرەکان دەبێ دوای کۆتایی داگیر کاری مڵک و ماڵەکە بگێڕنەوە یان جەریمەکەی ببژێرن. هەر خانووبەرەیەک یان شتێک کە لەمەڕ مەزهەب، کاروباری خێرکاری، پەروەردە، هونەر، زانست و مێژوو بێ ، لە سەر بنەمای قانونگەلی لەمەڕ مڵک و ماڵی خسووسی دەپارێزدرێن تەنانەت ئەگەر ئەو مڵک و ماڵە ، مڵک و ماڵی دەوڵەتیشیان تێدا بێ.
بە لەبەرچاو گرتنی قانوونی لاهە:
ناوچەیەک کاتێک بە داگیرکراو دەژمێردرێ کە بە کردەوە بکەوێتە ژێر توانایی  ئەڕتەشی دوژمن.
داگیرکاری تەنیا تا ئەو ناوچانە دەچێ کە دەسەڵاتێکی ئاوا لەوان دا ئاشکرا و شیاوی دەکار کردن بێ .
بە گوتنێکی دی هێزێکی چەکدار کاتێک بە بەرپرسیاری  شتێک دەژمێردرێ کە لە ڕاستیدا بەرپرسیاری بێ. کاتێک کە هێزی داگیرکەر ئیدی نەتوانێ ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکا ئیدی هێزێکی داگیرکەر نییە و لەو دەمییەوە دیسان دەبێتەوە بە هێزێکی سادەی دوژمن. هێزێکی داگیرکەر بەرپرسیارەتییەکی ئاشکرای هەیە بۆ ئامادە کردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ئەو خەڵکەی کە لە بن کۆنتڕۆڵی دان  لەوانە خۆراک، پۆشاک، سەرپەنا، چاوەدێری پزشکی و پارێزگاری لە نەزم و قانوون. هێزێکی داگیرکەر ناتوانێ بە کەمتەرخەمییەوە شاهیدی تاڵان کردنی ناوچە داگیرکراوەکان بێ.
تەقریبەن  لە هەموو  کاروبارەکاندا ئەو قانووانەی کە بەر لە داگیر کاری لە ناوچەیەک  بەجێ بوون و بەڕێوە بردراون لە دوای داگیرکاریش هەر وا بەجێن و  بڕ دەکەن . تەنێ بەڕێوەبەر گۆڕاوە.
هێزی داگیرکەر ناتوانێ کەسانی مەدەنی لە بەر ئەو شتانەی کە بەر لە داگیرکاری قەوماون تەنبێ بکا. ئەو شتانە ئەو قسانەش دەگرێتەوە کە خەڵکی مەدەنی بە دژی ووڵاتی داگیرکەر گوتوویانە.
تەنانەت ( یان بە تایبەتی)  لە کاتی داگیرکارییدا، پێوەندی نێوان خەڵکی مەدەنی و بە شێوەی تایبەتی لە نێوان ئەندامانی خێزان بە مافێکی بنەڕەتی دادەندرێ. ئەو مافە تەنێ کاتێک دەکرێ ببڕدرێ کە گومانی ئەوە هەبێ  نامەگۆڕینەوەی ئەو کەسانە دەتوانێ زەرەری هەبێ بۆ ئەمنییەتی هێزە داگیرکەرەکان بەڵام تەنانەت ئەو زەمانیش خەڵکی مەدەنی  دەتوانن بە کەلک وەرگرتن لە فۆرمی ئەوتۆی کە ڕێگایان دەدا بەلانی کەمەوە لە بیست و پێنج ووشەی کە ئازادانە هەڵبژێردراون بەکار بێنن ، و بۆ پێوەندی کەلکی لێ وەربگرن ( ژێنێڤ – ٤).
خەڵکی مەدەنی  نابێ  بەند بکرین یان  ببردرێن بۆ ووڵاتێکی دیکە ، مەگەر ئەوەیکە بۆ هێمنی خۆیان یان هێمنی دەوڵەت زەرەری هەبێ . و ئەوەش تەنیا زەمانێکە کە هیچ بژارێکی دیکە لە بەر دەست دا نەبێ. ئەگەر خەڵک لە ناوچەی داگیرکراو ڕا ڕابگوێزدرێن  ، تەنیا دەکرێ ئەوان بنێردرێنە ووڵاتێک کە پەیماننامەکانی  ژێنێڤی ئیمزا کرد بێ . لە مەڕ بن چاو کردن یان ڕاگوێستن ، ئەوە دەبێ بە شێوەی کاتی بێ و هێزی داگیرکەر دەبێ هەموو تەدارەکی پێویست ئامادە بکا بۆ دۆزینەوەی تاکوتەرا، ڕاگرتنی ئەندامانی خێزان لە لای یەکتر، و گەڕاندنەوەی ئەوان بۆ لای بنەماڵەکانیان دوای کۆتایی دوژمنکاری. هێزە داگیرکەرەکان باشترە  شارومەندانی خۆیان  نەهێننە قەڵەمڕۆی داگیرکراو.
بە تۆبزی کار بە خەڵکی مەدەنی کردن قانوونییە بەڵام ئەو کارە نابێ وەکوو کارێکی نیزامی بە دژی ووڵاتی خۆیان و یان بە شێوەی کاری کۆیلەتی بێ . دەبێ بۆ ئەو کارەی دەیکەن پارەیان بدرێتێ. ئەگەر خەڵکی مەدەنی  لە کەمپێکی کار دا وەک هێزی پۆلیس کەلکیان لێ وەربگیرێ ئەوان  ناکرێ ناچار بکرێن کە کرێکارانی دیکە بە شێوەی فیزیکی تەنبێ بکەن. ڕێکخراوە ناونەتەوەییەکان وەکوو خاچی سوور دەبێ لەهەموو کاروبارێک دا دەستیان بە خەڵکی مەدەنی ڕابگا و دەبێ لە هەموو کەمپەکانی کار دا ، کەمپی ڕاگرتن و "شوێنی دیاری کراو" دا  دەستیان بە خەڵک ڕابگا. هێزی داگیرکەر بۆی نییە بە مەبەستی ناسینەوەی خەڵکی مەدەنی خاڵ لەبەدەنیان بنەخشێنێ.
ئازادیی  [ ووڵات] بە جێ هێشتن
کەسێکی مەدەنی نبۆی هەتە لە هەر دەمیکی کێشەی چەکدارانە دا ووڵات بە جێ بێڵێ. ئەگەر ڕێگا بەو تێپەڕ بوونە نەدرێ ، دەوڵەت دەبێ هۆی ئەوە هەم بە تاکەکە و هەم بە کۆمەڵگەی ناو نەتەوەیی بڵێ. کەسی مەدەنی مافی ئەوەی هەیە لە لای دادگەیەکی قانوونی داوای پێداچوونەوە بەو حوکمە بکا.

نیشانەی مڵک و ماڵی کولتووری
 
مڵک و ماڵی کولتووری
چاو ڕاکێشە بزانن ئەو قانوونانەی کە بۆ پاراستنی ئینسانەکان داندراون تا ئەو جێی بکرێ بۆ تاڵان و بڕۆی بارودۆخی شەڕیش لە پێش چاو گیراون  و بۆ پاراستنی کولتوورانیش بە دروست و بەکارهاتوو دادەندرێن. ءاشکراترین پێوەندی لە نێوان تاکوتەرا و کولتووران ئەوەیە کە هەر دووکیان لە ڕووی بایەخەوە جێگایان پڕ ناکرێتەوە. قانوونە بەشەر دۆستانەکان بە شێوەیەکی تایبەتی پارێزگاری دەکەن لە ماڵ و موڵکی کولتووری کە نیشاندەری دەوری کاریگەری نەریتە کولتوورری و مێژووییەکانن لە بەختەوەری تاکوتەرا و کۆمەڵ بە شێوی گشتی:
... سەدەمە لێدان لە مڵک و ماڵی کولتووری ئی هەر کەسێک بێ بە مانای سەدەمە گەیاندنە بە کەلەپووری کولتووری گشت بەشەر. چونکوو  هەر کەسێک بەشی خۆی هەیە لە کولتووری جیهاندا  ( پەیماننامەی لاهە – ١٩٥٤) .
مڵک و ماڵی شەخسی لە هەموو بەشەکانی پەیماننامەکانی لاهە و ژێنێڤ دا پارێزراون، بەڵام مڵک و ماڵی کولتووری خاوەنی بەڵگەیەکی ئەوتۆن کە بە تایبەتی تەرخان کراوە بۆ هەبوونی ئەوان. لە کاتێکدا لە کۆنفڕانسەکانی ئاشتی لە لاهە لە ساڵی ١٨٩٩ و ١٩٠٧ ئاماژە کرا بوو بە پارێزگاری لە مڵک و ماڵی کولتووری  وا وەبەرچاو دەهات کە دوای شەڕی جیهانی دووەم گەڕانەوە بۆ سەر ئەو مژارە پێویستە. لە پەیماننامەی ساڵی ١٩٥٤ دا شتە فیزیکییەکان کە دەربڕی شێوازی کولتووری  گەلێکن بە قەد نەخۆشخانەکان و خانووبەرە مەزەبییەکان  کە لە پەیماننامەکانی پێشوو دا پارێزگاریان لێ کرا بوو ، لە ئاست دەست بەسەر داگرتن و کاول کردندا پاڕیزدراون. مڵک و ماڵە کولتوورییەکان بریتین لە یادگارییە مێعمارییەکان یان مێژوویی و شاکارە هونەری و زانستییەکان ، کتێب و دەستخەتەکان و هەر خانووبەرەیەکی کە هەرکام لەو شتە کولتوورییانەیان تێدا نیشان دەدرێ .
پارێزگاری لە مڵک و ماڵی کولتووری بە تەنێ هەر بەرعۆدەییەک نییە لەسەر ئەستۆی هێزە چەکدارەکان. لە سەردەمی ئاشتیدا ، وا دادەندرێ کە دەوڵەت هەنگاو هەڵێنێتەوە بۆ دەستەبەر بوون بۆ سەلامەتی ئەو شتانە بێتوو کێشەیەکی چەکدارانە بێتە گۆڕێ. هەر کە هاتوو شەڕ هەڵئاییسا ، بەرپرسیارەتی پاراستنی ئەو شتانە بە هاوبەشی دەکەوێتە سەر ئەستۆی دەوڵەت و ئەڕتەش و ئەگەر دەوڵەت داگیر کرا بێ ، دەکەوێتە سەر ملی ئەڕتەشی داگیرکاریش. هێزێکی چەکدارانە چ سەر بە دەوڵەت یان دەسەڵاتی دوگیرکەر بێ، وا داناندرێ کە هیچ کوتێک لە کەلەپووری کولتووری بۆ مەبەستی نیزامی بە کار بهێنێ ، یان بۆ هەر مەبەستێکی کە بتوانێ بیخاتە ژێر مەترسییەوە .
هەر وەک ئەو نیشانەی خاچی سوور بۆ ناسینەوەی نەخۆشخانەیەک دا ندرا، پەیماننامەی لاهە  لە ساڵی ١٩٥٤ دا نیشانەیەکی دیاری کرد بۆ ناسینەوەی موڵکی کولتووری. سێ لە نیشانەکان  کە لە سێ کوچکەیەک ترینجێندران ( دوو لە سەرەوە ، و یەک لە خوارەوە) ملکێکی کولتووری پارێزراونیشان دەدا. سەمبولێک بەتەنێ کەسێک دەناسێنێ کە بۆ پاراستنی مڵکی کولتووری لە بەر کار نراوە .
هێزە داگیرکەرەکان قەت بۆیان نییە شتە کولتورییەکانی قەڵەمڕۆکی داگیر کراو هەناردەی دەرەوە بکەن و ناکرێ ئەو جۆرە شتانە وەکوو قەرەبووی شەڕ دوایی کۆتایی شەڕ پێشنیار یان داوا بکرێن .
ئاکامەکانی پێشێلکاری
بەر لەوەی باسی سزاکانی پێشێلکاری بکەین، دەبێ ئەوە دیاریی بکەین گەلۆ ئەمە لە سەر چ کەسانێک  بەڕێوە دەچێ. هەر وەک ڕوونە ناساندنی شتێک کە دەبێ قانوونگەلی شەڕی بۆ دەکار بکرێ تا ڕادەیەک ئاستەمە .
وەک دەزاندرێ پەیماننامەکان لە سەر هێزە چەکدارەکانی هەموو ئەو نەتەوانەی کە ئەو پەیماننامانەیان پەسند کردووە دەکار دەکرێن بەڵام ئەوە قسەی دوایی نییە، بەڵگەکانی لاهە دەڵێن کە ئەو قانوونانە نەک تەنێ پای ئەڕتەشەکان دەگرنەوە بەڵکوو ملیشیا و هێزە دلخوازەکانیش دەگرنەوە کە:
*کەسێک لە ژێر فەرماندیی ئەواندا بێ
*نیشانەیەکیان هەبێ کە بکرێ لە دوورەوە بناسرێتەوە
*چەکوچۆڵیان بە ئاشکرا و لەبەر چاوی خەڵک هەڵبگرن
*قانوون و ڕێوشوێنەکانی شەڕ ڕەچاو بکەن.
ئەو شەرتەی دواییە کە دیاریی کردنی دەکارهێنانی ئەو قانوونانە هێندێک ئاڵۆز دەکا. لە چوارچێوەی دەوڵەتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا  دا  هەموو هێزە چەکدارە ڕەسمییەکان و هەموو هێز چەکدارە ناڕەسمییەکان کە لەگەڵ پێداویستییەکانی سەرەوە ڕێک دێنەوە دەبێ پێڕۆیی لەو قانوونانە بکەن و قانوونگەلیش دەیانپارێزێ. بەڵام یەک لەو پێداویستیانەی کە لە سەرەوەر دا هاتووە ، گوێڕایەڵی لە قانوونەکانە. بەو پێیە وەبەرچاو دێ  پەیماننامەکان  لەسەر ئەو هێزانە دەکار دەکرێن کە پێرۆییان لێ دەکەن.
هەر دوو پەیماننامەکانی لاهە و ژێنێڤ باس لە مژاری سزادان دەکەن، بەڵام هیچ کامیان بە شێوەیەکی تایبەتی باسی ئەو دۆخەناکەن کە  پێشێلکار چۆن محاکەمە بکرێ و چۆن سزا بدرێ. یەیماننامەی یەکەمی ژێنێڤ لە هەر دوو لایەنی کە پەیماننامەکەیان ئیمزا کردووە دەخوازێ " قانوونی پێویست پەسند بکەن بۆ دەستەبەری بەڕێوەچوونی کاریگەری سزا دانی ئەو کەسانەی هێزی ئاوا بەکار دەهێنن یان فەرمانی بە کار هێنانی ئەوان دەردەکەن " بۆ ئەنجامدانی ئەم پێشێلکاریانەی خوارەوە:
    ... کوشتاری خۆسەرانە، ئەشکەنجە یان هەڵسوکەوتی نا ئینسانی لەوانە تاقیکردنەوە بیولۆژیکی، بە کەیفە ئازار دانی زۆر یان سەدەمەی جیدی گەیاندن بە سڵامەتی یان بەدەنی شەخس و کاول کردنی بەربڵاو و دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵ،  کە بە پێداویستی نیزامی پاساو نەدرێن و لە بەر بێ فکری و بە ناقانوونی ئەنجام بدرێن .
سزای ماڵی بە شێوە تایبەتی لە پەیماننامەکانی لاهە دا ئاماژەیان پێ کراوە و لە هەر دوو پەیماننامەکان دا ، زیندانی کردن بە شێوەی سەرداگیراو لە بەیاننامەکانی لەمەڕ پێداویستی هەبوونی دادگەیەکی بە ئینساف هێمای پێ کراوە. باس کردنی پێشێلکاری قانوونی ناونەتەوەیی و پێکهێنانی دادگەی جینایەتی شەڕ  تەقریبەن خراوەتە ئەستۆی ئەو ووڵات یان ووڵاتانەی کە لایەنێک تاوانبار دەکەن و بە گشتی بە ڕێگای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دا دەمەزرێن .
دیوانی عەداڵەتی ناونەتەوەیی (کە بە ناوی دادگەی جیهانی ش دەناسرێ) لە لاهە هەیئەتێکی دائیمی یە بۆ بیستنی کێشە ناونەتەوەییەکان.  لە مانگی مەی ساڵی ١٩٩٩ یوگوسڵاوی دادخواستێکی پێشکێشی دادگەی جیهانی کرد کە تێیدا ئارگومێنتی ئەوە بوو بۆمبارانی ئەو ووڵاتە لە لایەن ناتۆوە "بووەتە هۆی دەستدرێژی نا قانوونی و جێنۆساید" . دادگە بە پێچەوانەی بۆچوونی یوگوسڵاوی حوکمی دا و ڕایگەیاند کە ئەو بۆمبارانە نەبووەتە هۆی جێنۆساید . هەر وەها ئەو دادگەیە لە مانگی فێڤرییەی ٢٠٠٢ دا  حوکمی دەر کرد کە دادگەیەکی بێلژیکی بۆی نییە کە وەزیری دەرەوەی کۆنگۆ ( یرودیا دومباسی)  بە تاوانی جینایەتی شەڕ محاکەمە بکا چونکە ئەو لەو ووڵاتە دا خاوەنی مەسوونییەتی دیپڵۆماتیکە .
لە دوای شەڕی دووەمی  جیهانی دادگەیەکی نیزامی ناونەتەوەیی بۆ پێڕاگەیشتن بە جیناتەتەکانی شەڕلە سەردەمی نازییەکان دامەزرا. ئەمریکا، فەڕانسە ، ڕووسیا و بریتانیا لەو ووڵاتانە بوون کە لە محاکەمەکانی نۆرنبێرگ دا داوای سزای قانوونیان کرد بۆ بیست و دوو کەس- یەک لەوان ئامادە نەبوو و وا داندرا مرد بێ - ئەو بیست و دوو کەسە تاوانبار کرا بوون  پێشێلکردنی قانوون و ڕێوشوێنەکانی شەڕ و لێ لادانیان و جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی.  سێ کەس لە تاوانبار کراوەکان تاوانیان لە سەر لاچوو، هەشت کەسیان حوکمی زیندانیان بۆ بڕدراوە و یازدە کەسیشیان بە ئێعدام مەحکووم کران.
  محاکەمەی جینایی ناونەتەوەیی بۆ یوگوسڵاوی  لە ساڵی ١٩٩١ لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک هات بۆ دادگایی کردنی ڕێبەرانی یوگوسڵاوی پێشوو  کە تاوانبار کرا بوون بە پێشێلکردنی  قانوونگەلی بەشەردۆستانەی ناونەتەوەیی .  بە گشتی  زیاتر لە ١٠٠ کەس لە بەر جێنۆساید، جینایەت بە دژی مرۆڤایەتی، پێشێلکردنی قانوونی لاهە و بە تایبەتی دەستدرێژی جینسی تاوانبار کرا بوون. ٢٥ کەس لەو تاکوتەرا تاوانبار کراوانە هەر وا ئازادن  و پێڤاژۆی ئەو دادگەیە هەر وا بەردەوامە ( لە کاتی نووسینی ئەو بابەتە)  . تا ئێستا مەحکەمە  هێندێک حوکمی داوە کە لە پێنج ساڵ تا پەنجا ساڵ دەگرێتەوە  کە ئەو حوکمانە دەبێ لە ووڵاتی جۆر بە جۆر بەڕێوە بچن.
بزووتنەوەیەک هەیە بۆ ئەوەی دادگەیەکی جینایی ناونەتەوەیی بە شێوەیەکی هەمیشەیەیی و بە ناوەندکراو دامەزرێندرێ تا بتوانێ بە پێشیلکارییەکانی قانوونی ناونەتەوەیی ڕابگا. ئەو دادگەیە نەک هەر بە کێشەی ناو نەتەوانەوە دەچارێ کە ئێستا ئەو ئەرکە لە ئەستۆی دیوانی عەداڵەتی ناونەتەوەیی دایە  بەڵکوو بە کێشەی ناو تاکوتەراشانەوە خەریک دەبێ. دادگەی جینایی ناونەتەوەیی (ICC ) لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزراوە و قازییەکانیشی هەڵبژێردراون ، بەڵام هێشتا لە هیچ کێشەیەکی نەکۆڵیوەتەوە.

سەرچاوە: https://people.howstuffworks.com/rules-of-war.htm




No comments: