Sunday, April 1, 2018

شیکردنەوەی خاڵێك

شیکردنەوەی خاڵێک

لە ڕەوتی کۆتاییەکانی لەمەر ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی ناوچەی مەهاباد و لە کاتی هاتنەوەی ئەڕتەشی شایشایانی بۆ ئازەربایجان و کوردستان ، فەرماندەیی گشتی هێزە عەسەکەرییەکان  بە سەرلەشکر فەزلوڵای هومایوونی بوو. ناوی زۆربەی فەرماندەرەکانی ئاستی بەرەوەتر ، یانی سەرۆکەکانی یەکە عەسکەرییەکان، لە سەرهەنگ و سەروان و سیتوان و تەنانەت لە دەرەجەدارەکان و ... لە کتیبی : لە مەهابادی خوێناوییەوە هەتا لێوارەکانی ئاراس، نووسینی نەجەفقوڵی پسیان، بنگەی چاپەمەنی ئیمرووز، چاپی ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی – هاتووە. بەڵام ناوی هێندێک لەو کەسانەی کە بەڕەسمی ئەندامی دادگەی عەسکەری بوون ، لە دوو توێی  نووسراوەکەی ئاغای نەجەفقوڵی پسیان ، بۆ نموونە لە لاپەڕەکانی ١٦٤، ١٦٩، و ١٧٦ دا هاتووە . لە بەشێک لە لاپەڕەی ١٦٤ دا دەخوێنینەوە :" دادڕەسی لە تاوانبارکراوانی سەرەکی واتە محەمەد قازی، سەدری قازی، و سەیفی قازی ، لە دادگەیەکدا بە سەرۆکایەتی سەرهەنگ پارسی تەبار ، و داد ئەستێنی سەرهەنگ فیووزی دەستی پێکرد" . لە بەشێک لە لاپەڕەی ١٦٩ی هەمان کتێبدا هاتووە: " بەدبەختی قازییەکان لەوە دا بوو کە دادئەستێنی دادگەی عەسکەری قازییەکان بە ئەستۆی سەرهەنگ فیووزییەوە، بوو کە سەرۆکی ستادی نیروو بوو و لە ناو ئەندامانی دادگە دا کەسانێکی وەک سەرهەنگ موزەفەری دەبیندران  کە ماوەی ساڵێک لەگەڵ قازیی محەمەد سەروگوێلاکیان لێک دابوو و زانیاری زۆر قووڵیان هەبوو سەبارەت بە چالاکییەکانی و ئەو نامانەیان بە دەستەوە بوو کە بە دەستخەتی خۆی بە دژی دەوڵەت نووسرابوون و ئەوە مەجالی نکووڵی لێ کردنی نەدەدا بە قازیی محەمەد". لە لاپەڕەی ١٧٦ دا لەگەڵ باسکردنی ئەوەیکە چونکە بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام  بڕێک وەخرا ، کاربەدەستان لە تاران و لە ناوچە دا نیگەران بوون و ،  "تاکوو ئەوەیکە دادگەیەکی دیکە بە سەرۆکایەتی ئاغای سەرهەنگ نەجاتوڵای زەڕغامی لە تاران بۆ پێڕاگەیشتن چووە مەهاباد و لەبەر ئەوەی دانەبەرچاوی سیاسی و بۆچوونی خسووسی دیکە لە گۆڕێدا نەبوو، بۆیە حوکمی ئەو دادگە نوێیە کە ئەویش وەک دادگەی ڕابردوو حوکمی ئێعدامی تاوانبارکراوانی دابوو، لە دووشەمە شەو، دەیەمی خاکەڵێوە بەڕێوە بردرا...".  

ناوی سەروان شەریف وەکوو پارێزەری تۆبزی قازیی محەمەد ، و سەرهەنگ نێکووزاد و سەروان سوڵح جووش وەکوو ئەندامانی دادگەی عەسکەری لە نووسینی جۆر بە جۆر دا ئاماژەی پێ کراوە. قازیی محەمەد لە سەرەتای پێکهاتنی دادگەی عەسکەری دا دەڵێ  ئەو دادگەیە لێی ناوشێتەوە لە دۆسییەی وی بکۆڵێتەوە چونکە ئەو کارێکی نەکردووە کە پێویست بە موحاکەمە کردنی وی لە دادگەی عەسکەریدا بکا، وقازی ناوی دوو کەس لە ئەفسەرانی ئێرانی دەدا بە دادگە بۆ ئەوەی ببنە پارێزەری: سەرتیپ ئەسڵانی و سەرتیپ مووسا شاقوڵی کە هەر دوویان بەشی حقووقیان تەواو کرد بوو، بەڵام دادگە بە بیانووی ئەوەی ئەوان لە تارانن و پارێزەرەکەی دەبێ دانیشتووی خۆجێی بێ داوخوازەکەی وەدوایە دەدەنەوە. دواجار دەبینین کە بە پێویستی هەموو ئەندامانی دادگەی نیزامی حقووقزان نەبوون، لەوانە سەرهەنگ فیووزی. لە هێندێک لە دانیشتنە سەرەتاییەکانیشدا، بە دەم ڕەوتی دادگەوە ئەفسەرانی وەکوو سەرتیپ ئایروم و سەرهەنگ غەففاری و تەنانەت سەرلەشکر هومایوونی خۆشی جار جار سەریان لە دانیشتنەکان داوە و لەوێ ئامادە بوون. جا بۆیە لەبەر ئەوەی سەرلەشکر هومایوونیش لە یەکێک لە دانیشتنەکانی دادگە دا بەشداری کردووە بە مانای ئەوە نییە بە سەرۆکی دادگەی نیزامی دابنێین و لەوە بێ خەبەر بین کە ئەو فەرماندەی گشتیی هێزە ناردراوەکان بەرەو ئازەربایجان و کوردستان بووە. بریا ئەو جۆرە وورد بوونەوە و ڕیز بینییەمان هەبایە سەبارەت بە مەسەلەی گرنگتر و چارەنووس سازتر.
سەید محەمەدی سەمەدی
دەهەمی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی

تێبینی:١- ئەو نووسینە کورت و بەجێیەی بەڕێز سەمەدی لە دیواری کاک فاروق فەرهادەوە وەرگێراوە و لە فارسییەوە  کراوەتە کوردی.

٢- لەو وێنەیەی سەرەوە دا  سەرهەنگ فیووزی دەبینین کە دادئەستێنی دادگەی یەکەمی قازییەکان بوو. 


سەرچاوەی شەرحی وێنەکە : وێنەی کۆماری کوردستان
 

ڕێژەی هێزی پێشمەرگە لە سابڵاغی بە ئامادە بوونی ئەفسەرێکی ئێرانی

لە کتێبی " از مهاباد خونین تاکرانەهای ارس " دا نەجەفقوڵی پسیان لە زمان سەرهەنگ فیووزی کەلەو "دادگە" نیزامییەی دا کەبۆ پێشەواوهاوڕێیانی لە مەهاباد پێک هێندرا، دادستان بوو دەنووسێ:
"
سەرهەنگ فیووزی جگە لە پێشاندانی بەڵگەی پێویست بە دادگە، ئاماژەی بەو گەشتەی خۆی کرد کە لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەتیی قازیی محەمەد دا کرد بووی بۆ مەهاباد و گوتی " " قازی محەمەد نەک تەنێ سووکایەتیی بە ئەڕتەش دەکرد بگرە لە سەردانی ڕۆژی حەوتی گەلاوێژ [ ١٣٢٥] و یەکی ڕەزبەر و بیست و یەکی خەزەڵور دا کە بۆ مەهابادم کرد هەڕەشەی لێکردم و گوتی : " بەم زووانە هێرش دەکەمە سەر هێزی دەوڵەت ، سەقز و سنە و کرماشانیش دەگرم." لە سەردانی ٧ی گەلاوێژ دا لە بەر چاوی من بە بەرگی ژەنەڕالییەوە ڕێژەی بە هێزەکانی خۆی کرد ". بەو قسانە ڕا دەر دەکەوێ کە ئەم وێنەیە لە ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی هەڵگیراوە .بەڵام بە پێچەوانەی قسەی فیووزی پێشەوا بەرگی ژەنەڕاڵی دە بەر دا نییە. خاڵێکی جێی سەرنج لەم وێنەیە دا ئەوەیە کە سەرهەنگ فیووزی بە پێچەوانەی ڕێسای ڕێژەی نێزامی دەستی بە نیشانەی ڕێز بەرز نەکردووەتەوە وبێ ڕێزی کردووە

تێبینی: ئەم وێنەیە بە سپاسەوە لە کتێبی " : ساوجبلاغی مکری (مهاباد) وەرگیراوە و وەک لەژێر وێنەکەشدا هاتووە لە ئاڕشیڤی نەمر سەید عوبەیدیللای ئەیووبیانی مەرکەزی ( بڕرەک) وەرگیراوە

No comments: