Wednesday, April 18, 2018

فەیلی یەکان، کوردەکان و لوڕەکان : ناڕوونی لە سەر سنووری ئێران و عێڕاق, پێداچوونەوەیەک بە ئەدەبییات دا

 فەیلی یەکان، کوردەکان و لوڕەکان :
ناڕوونی لە سەر سنووری ئێران و عێڕاق
پێداچوونەوەیەک بە ئەدەبییات دا

ئەو بابەتە لە سێهەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی سەبارەت بە کوردە فەیلییەکان پێشکێش کراوە
برووکسێل ، پارڵمانی ئوڕووپا، ١٢ی ئاوریلی ٢٠١٨

نووسینی: مارتین ڤان بڕاونێسن، زانکۆی ئوترێخت

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە حەسەن قازی

ڕێگام بدەن قسەکانم بە سپاس کردن لە ئەکڕەم  هەواس دەست پێ بکەم بۆ بانگ کردنم بۆ ئەم کۆنفڕانسە و پێداگری لە سەر ئەوەی هەر دەبێ بەشدار بم ئەگەر چی پێم گوت ئەمن قەت لێکۆلینەوەیەکی تایبەتیم لە سەر فەیلی نەکردووە. ئەوەی ئەمن ئەمڕۆ باسی دەکەم لەو ئەدەبییاتە زانستکاریانەیە دا دیتوومنەتەوە کە لە بەر دەست دان و چەند چاوەدێری و بە سەرهاتی کە لە زەینم دا ماوەتەوە ئی ئەو سەروبەندەی کە لە هەرێمە کە دا لێکۆڵینەوە و هاتووچووم دەکرد.
ئەمن بەکورتی ئەو فەرزەی کە لە پشتەوەی نێولێنانی ئەم کۆنفڕانسەی ئەمڕۆ دایە دەبەمە ژێر پرسیار:  ئایا ئەوە ڕاستە فەیلییەکان کوردن؟ ئەوان بە چ مانایەک کوردن، و ئایا هەموو فەیلییەکان خۆیان بە کورد دادەنێن؟ ئەگەر ئەوان ئێستا کوردن ، ئایا لە ڕابردووش دا هەمیشە کورد بوون ، یان ئەوەی دەکرێ ناسێنەی دیکەیان بووبێ؟ لە کەنگێوە ئەوان وەک فەیلی ناسراون؟ چ شتێکە فەیلییەکان  لە کوردەکانی دی ( یان لە لوڕەکان، یان ئێرانییەکان) هەڵ داوێرێ؟ ئایا بەشداری هێندێک لە فەیلییەکان لە بزووتنەوەی کورد دا بەڵگەیە بۆ سەلماندی کورد بوونیان؟ باشە بەڵام ئەوە چی ئەگەر فەیلی دیکە بڕیار بدەن چین یان فیرقەی دینی زۆر گرینگترە لە نەتەوایەتی و لە گەڵ بزووتنەوە کۆمۆنیستی و ئیسلامیستەکان بکەون؟  ئایا ئەوە لە کورد بوونیان کەم دەکاتەوە؟  ئایا نائومێدی سەبارەت بە بۆچوون و هەڵسوکەوتی پارتییە کوردەکان ( پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی) چ شوێنێکی هەبووە لە سەر ئەوەی فەیلییەکان چۆن خۆیان بناسێنن ؟ ئایا فەیلی بوون ناسێنەیەکی ئێتنیکی، زمانی ، دینی، هەرێمی یە یان ناسێنەیەکی سیاسی یە ؟
بە ئاوڕدانەوە لە دسپێکی مرخ و عەلاقەی خۆم سەبارەت بە کوردەکان ، یەکەم کوردی کە ئەمن وەبیرم دێ دیتبێتم  لەوانەیە فەیلییەک بوو بێ. ئەوە لە هاوینی ساڵی ١٩٦٧ دا بوو، و ئەمن تازە گەیشتبوومە بەغدایە بە ئوتوبۆسێک لە کرماشانەوە کە ژمارەیەکی زۆر خاو و خێزانی هەڵگرتبوو کە وا وێدەچوو ماڵ بار کەن بۆ عێڕاق، چونکە دەستەنوێنی زۆر و پێداویستی دیکەی ناو ماڵیان پێ بوو و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە سەر سنوور لە لایەن گومرگەوە چەند سەعات ڕابگیرێین. ، دوای خەوێکی چەند سەعاتە لە سەر بانی میوانخانەیەک. ئەمن لە کورسی پێشەوەی ئوتوبۆسەکە  دانیشتم و چاوم لە کڕوکاشی سەر لە بەیانی خەڵک دەکرد و بیرم لەوە دەکردەوە لە کوێ دەست پێبکەم بۆ سەردەرهێنان لەو شارە گەورەیە دا. سەری قسەم لەگەڵ پیاوێک کردەوە  کە پێی گوتم کوردە . ئەو گوتی،  ' خزمەکانم ' لە شیمالن ، لە ناو چیاکان و بە دژی حکوومەت شەڕ دەکەن. ئەو پیاوە منی بە دۆستەکانی خۆی ناساند، کە ئەوانیش کورد بوون، بازرگانی  پچووک بوون کە کەلوپەلی ئوتۆمۆبیل و وەسیلەی دیکەیان دەفرۆشت. ئەمن وەبیرم نایە ئێمە لە کام گەڕەکی شارەکە بووین  - ئەو ساڵە زۆربەی شاری بەغدام دیت بەڵام هێشتا نەخشەیەکی شارەکە لە زەینم دا نەبوو. بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو  زۆر جار بیرم کردووەتەوە بڵیی ئەو پیاوە فەیلی نەبووبێ ، و جیاوازی نێوان فەیلییەکان و کوردەکانی دیکەی دانیشتووی شارەکە چەند بووە. چونکە بە وەیڕا کە ئەو گوتی خزمەکانی شەڕی حکوومەت دەکەن، ئەمن پێم وابوو ئەو خەڵکی کوردستان و سوننی یە. بەڵام زۆر زوو بۆم دەرکەوت هەر وەها چەند فەیلی و شیعەکانی دیکە لەو ساڵانە دا لە ڕیزی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستاندا چالاک بوون.


لە ساڵانی ٧٥-١٩٧٤ ، کاتێک لە کوردستانی عێڕاق لە " ناوچە ئازاد کراوەکان " دا خەریکی توێژینەوە بووم ، چاوم بە چەندین فەیلی دیکە کەوت، بە تایبەتی حەبیب محەمەد کەریم، کە ئەو دەمی سکرتێری گشتی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو ، و هەر وەها برا ژنەکەی، زەکییە ئیسماعیل حەقی ، حاکمێکی عێڕاقی کە یەکێتیی ژنانی کوردستانی دامەزراندبوو و بەڕێوەی دەبرد. ئەوان هەر دووکیان بە چاو منەوە زۆر لەو کوردانەی  دیکەی کە چاوم پێیان کەوتبوو جیاواز بوون، و ئەوە ڕەنگە لە بەر ئەوە بووبێ ئەوان ئەندامانی نموونەیی ئێلیتی شارستانی بوون و شێوەی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەو پێشینەیە دەگونجا. وا وێدەچوو زمانی یەکەمیان عەڕەبی بێ و بە ڕوونی دیار بوو بەکارهێنانی عەڕەبی هەتا بڵێی بۆیان هاسانە، بەڵام ئەوان سۆرانیش فێر ببوون ، و بە پێی هەلومەرج بەکاریان دەهێنا. زەکییە یەکەم حاکمی ژن بوو لە عێڕاقدا ، و ئەمن تەسەورم وایە ئەو بەر لەهەموو شت وەک عێڕاقییەک هەستی بە خۆی دەکرد.  ئەو یەکێتیی ژنانی کوردستانەی کە ئەو بەڕێوەی دەبرد، ئەو دەمی ئەمن لەو باوەڕە دابووم ، لە ڕووی مۆدێلی یەکێتیی ژنانی عێڕاق ساز کرابێ و بە شێوەی عێڕاقی دەیەویست لە سەرەوە را بەرەو خوار ژنان لە کوردستان ڕاهێزێنی و ڕێکیان بخا . کە لەوێ تەنێ ئێلیتێکی کەم ئامادەی وەخۆ کردنی ئەو فکر و کردەوە نوێیانە بوو. دوای هەڵوەشانی بزووتنەوەی مەلا مستەفای بارزانی لە مانگی مارسی ١٩٧٥ ، ئەگەر ئەمن چاکم لە بیر بێ ، حەبیب محەمەد کەریم و زەکییە ئیسماعیل حەقی لێخۆشبوونی ڕێژیمیان پەژراند و لەو دەمییەوە هیچ دەورێکیان لە بزووتنەوەی کورد دا نەگێڕاوە. زەکییە زۆر دواتر دیسان دەوری هەبوو لە سیاسەت و کار کردن بۆ مافی مرۆڤ وەک کەسێکی سەربەخۆ و نەک لە ڕیزەکانی یەک لە پارتییە کوردەکان دا.
ئەمن دواتر زانیم حەبیب محەمەد کەریم برای جەعفەر کەریم ( دوکتور جەعفەر ڕەحمانی، وەرگێڕ) ، پزشکێک لە بەغدا بوو، کە لە ساڵی ١٩٤٥ یەک لە دامەزرێنەرانی پارتیی ڕزگاری ببوو ( ئەو پارتییەی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان لە سەر بناغەی ئەو پێک هات) و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی  پدک بوو لە ساڵی ١٩٤٦ [١]. جەعفەر وەک کەسێکی چەپ بوو ، و نوێنەرایەتی باڵی لایەنگری کۆمۆنیسمی دەکرد لە پارتی دا. برایەکەی حەبیب کە لە ساڵی ١٩٦٤ ، دوای ئەوەی بارزانی توانی ئیبراهیم ئەحمەد و باڵەکەی لە پارتی دەرکا، بوو بە سکرتێری گشتی پدک و بە کەسێکی نا ئیدێئۆلۆژیک دا  دەندرا.[٢] باسی ئەوە کراوە کە زۆربەی  ئەو فەیلیانەی فکری سیاسییان هەبووە ، بەتایبەتی ئەوانەی دانیشتووی بەغدا، لە پارتییە ناسیۆنالیستییە عەڕەبەکان درذۆنگ بوون ، کە عەڕەبە سونییەکان بە سەریاندا زاڵ بوون، و ئەوان وەک کەمایەتییەکی دووچاوکی لەگەڵ کراو بەرەو چەپ دەچوون و یان لەگەڵ پارتیی کۆمۆنیست دەکەوتن یان باڵی چەپی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان.  لەو فەیلیانەی کە لەگەڵ پارتیی کۆمۆنیست کەوتن عەزیر ئەلحاج لە هەموویان ناسراوترە. [٣] ئەو دواتر لە سەر دۆزی کورد کتێبێکی نووسی کە لەوێدا دەردەکەوێ ئەو خۆی وەک کورد ناناسێنێ و مەسەلەی کورد یەکجێ بە کوردەکانی جوگرافیای  کوردستانەوە دەبەستێتەوە. [٤]
بنەماڵەی کەریم لە فەیلییە هەرە نێو بەدرەوەکان بوون لە ڕیزەکانی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستاندا، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییەی کە بەغدا یەک لە ناوەندە سەرەکییەکانی چالاکییە سەرەتاییەکانی پارتی بووە ، و لە ساڵانی ٧٤-١٩٧٠ دا، وێدەچێ فەیلییەکانی دیکەش تێوە گلابن. [٦]  پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان هەر وەها بە تایبەتی بابەتی ئەتۆی دەورووژاند کە پەیوەست بوو بە فەیلییەکان – بە ڕەسمی ناسینی هاووڵاتێتی ، و هەڵوەشاندنەوەی حوکمی دەر کردن بۆ ئێران ( لە ساڵانی ٧١- ١٩٦٩ دا بە دەیان هەزار کەس دەرکران )  -  وەکوو مژاری هەموو بزووتنەوەی کورد. ئەوە ی ئەمن لە ئەدەبییات دا دۆزیومەتەوە نێشانەی هەرە دەستپێکی پەرۆش و نیگەرانی کوردی سەبارەت بە فەیلییەکان دەگاتەوە ساڵی ١٩٥٨. هەر چەند ڕۆژ لە دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم پاشایەتی ڕووخاند، ئیبراهیم ئەحمەد  چووە لای بە داوخوازەکانی کوردەوە  بۆ هەبوونی ئۆتۆنۆمی ئیداری. ئەو داوخوازە وەدوا دراوە بەڵام قانوونی بنەڕەتی کاتی عێڕاق لە ٢٧ی ژووییە دا ئاماژە دەکا بە عەڕەبەکان و کوردەکان وەکوو شەریکی نیشتمانی عێڕاق و باسی مافە نەتەوایەتییەکانیان دەکا. سێ حەوتوو دواتر، ئیبراهیم ئەحمەد و ڕێبەرانی دیکەی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان چاویان کەوت بە وەزیری بە وەکالەتی ناوخۆ عارف بۆ ئەوەی پێرۆزبایی قانوونی بنچینەیی لێ بکەن و سێ داوخوازی دیکەی کوردیان پێشکێش کرد ، کە یەک لەو داوخوازانە بریتی بوو لە دانی هاووڵاتێتی بە کۆمەڵ بە فەیلییەکانی بەغدا،" کە کوردەکان بە ئی خۆیانیان دەزانن.  [٦] عارف ئەو داوخوازەی وەدوایە داوە ، بەڵام بەڵێنی پێدان پێواژۆی پێڕاگەیشتن بە دانی هاووڵاتێتی بەتاک خێراتر بکا. قاسم، کە دەگوترێ دایکی خۆی فەیلی بووە، وەک باس دەکرێ  لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٥٩ دا سەنەد و بەڵگەی هاووڵاتێتی بۆ بە هەزاران فەیلی دەر کرد.

'فەیلی '  چ جۆرە ناسێنەیەکە؟

لە ئەدەبییاتی ناوەڕاست سەدەی بیستەمدا مرۆڤ دەتوانێ نووسەری جیدی ببینێتەوە  کە دەڵێن فەیلی کوردن (ئەگەر چی ڕەنگە کاتەگۆرییەکی برێک جیاوازی کورد ، واتە ، ' کوردە فەیلییەکان ' ) و نووسەری جیدی دیکە پێکێشی دەکەن کە فەیلی کورد نین بەڵکوو یەک لە جۆرەکانی لورەکانن ( کە واتە ' لوڕە فەیلییەکان ' ، زاراوەیەک کە چەندین جار لە سەرچاوەی جێی ئعتباری ئەنسێکلۆپێدیای ئیسلام دا دەکار کراوە). [٨] جیاوازی نێوان کوردان و لوڕان بە دەرەجەی یەکەم زمانییە بەڵام ڕەهەندی جوگرافیایی و سیاسیشی هەیە. شەرەفنامە مێژووی کۆتاییەکانی سەدەی شازدەهەم  لە قسەکانیدا لە مەڕ ئیمارەت و فەرمانڕەوایی کوردی باسی ئیمارەتەکانی لوڕستانی گەورە و لوڕستانی پچووک دەکا( لر بزرگ و لر کوچک) بەڵام ئەوەش دەڵێ ئەوان تا ڕادەیەک جیاوازن لەو ئیمارەتانەی لە کوردستانی سەرەکی دا هەن. لەو دەمییەوە کوردستان و لورستان وەک دوو هەریمی جیاواز ماونەتەوە بە مێژووی سیاسی جیاوازەوە، و لە کاتیكدا ناسیۆنالیسمی مۆدێڕنی کوردی دەتوانێ ئاماژە بە مێژوویەکی درێژی بزووتنەوە نەتەوەییەکانی سەرەتایی بکا، قەت ناسیۆنالیسمێکی لوڕ بوونی نەبووە.
لە ساڵی  ١٩٧١لە کتێبی ڕێنوێنی ناساندنی هەرێمەکانی  عێڕاق دا کە حکوومەتی ئەمریکا دەری کردووە  لە بەندی لەمەر گرووپە ئێتنیکییەکاندا، نەک لە بەشی سەبارەت بە کوردەکان بەڵکوو لە بەشی لەمەڕ ' فارسەکان و لوڕەکان ' دا ئاماژە بە فەیلی  کراوە و جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە لە بەر شیعەگەری  ئەوانە چوون دەباڵ یەکەوە و لە بەر ئەوەش کە زۆربەی لوڕەکان لە ئێران دەژین. ئەو کتێبی ڕێنوێنە دەڵێ " کوردە ناسیۆنالیستەکان جار جار گوتوویانە  کە لورەکانی عێڕاق و ئێران کوردن ، هەر وەک ' فەیلییەکان. بەڵام وێناچێ لوڕەکان ئەو ناودێر کردنەیان پەژراندبێ و خۆیان بە گەلێکی جیاواز دەزانن . ' [٩]
لەگەڵ ئەوەشدا، بەجێیە ئاماژەی پێ بکرێ کە ئەو کتێبی ڕێنوێنە پێداگری دەکا کە لە عێڕاق، ئێرانییەکان و لوڕەکان لە ڕاستیدا  کۆمەڵگەی تەواو جیاوازن. ' لوڕەکان گەلێکی عەشیرەتین ، و دەوری وان لە عێڕاق لە جێدا جیاوازە لە فارسە ئێتنیکەکان ' . سەبارەت بە ژمارەی فەیلییەکان و بڵاو بوونەوەی جوگرافیاییان ئەو کتێبە ڕێنوێنە ئاوا دەڵێ:
            'لوڕەکان بەتەنێ دەکرێ 0.5 تا یەک لە سەدی گشت عێڕاقییەکان بن؛ فارسەکان دەکرێ
گرووپێکی گەورەتر بن – لە 1 تا 1.5 تا  ٢ لە سەد .'  ' زۆربەی لوڕەکان لە ڕۆژهەڵاتی
عێڕاقن، لە باشووری ناوچە شاخاوییەکانی کوردی ، بە شێوەی سەرەکی لە ناوخۆ و لە
دەرەوەی مەندەلی، بەڵام ئی دیکەش هەن لە شار و گوندەکانی سەر چۆمی دەجلە و کاناڵی
غەڕاف ( باشووری کووت )، و ژمارەیەکیشیان لە بەغدا و بەسڕە هەن. لە عێڕاق ئەوان
زۆربەیان کرێکارن لە گوندەکان و شارەکاندا، و زۆریان وەکوو کۆڵ هەڵگری باری قورس
لە شارە گەورەترەکاندا کار دەکەن. ' [١٠]
چاوەدێری ئەو کتێبە ڕێنوێنە لە مەڕ ئەوەی کە لە ساڵی ١٩٧١ دا زۆربەی فەیلییەکان وەک کورد خۆیان نەناساندووە (ئەو زانیارییە  لەوانەیە لە ڕووی نوسخەی کۆنتری بەڵگەی ڕەسمییەوە کۆپی کرابێ) بەو ڕاستییەڕا بەرپەرچ دەدرێتەوە  کە ئەو گەڕەکەی بەغدا کە زۆر لە فەیلییەکانی لێ دەژین  ناوی عەقدەل ئەکراد، واتە 'گەڕەکی کوردان ' ە . ئەوە هەر کوردە ناسیۆنالیستەکان نەبوون کە فەیلییەکان بە کورد دادەنێن. بەڵکوو چەندین چاوەدێری بێگانەش هەر ئاوایان ناودێر کردوون ، بۆ نموونە  مێژوونووسی بریتانیایی  س.ئیچ. لۆنگریگ. ئەو لە کتێبەکەیدا مێژووی سیاسی عێڕاق  لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا لە مەڕ لوڕ ئاوا دەڵێ:
' ئەو خەڵکە پڕتاقەتە بوومییەی زاگرۆسی خواروو، و ڕەعییەتی والییە ئیرس دارەکەیان لە
بەغدا و  بەسرە وەک کۆل کێشی باری قورس دەناسرانەوە، و ئەو پێشەیەیەان تەرخانی خۆیان
کردبوو، ئەوان وەکوو بازرگان و سەنعەتگەر لە هەرێمەکانی ناوەڕاستی دەجلە و غەڕافیش
دادەنیشن ، و لەوێ بە کوردی فەیلی ناسراون ؛ و ئەوان سنوورەکانی نێوان مەندەلی و بەسرە
و گوندەکانی نزیک ئەوێیان داگرتبوو. نیو سەدەی ڕابردوو گشت ئەوەی هیچ نەگۆڕیوە ...'[١١]
سەبارەت بە نیشتمانی ماکی فەیلی دەنووسێ:
              لە باکووری ' عەڕەبستان و تەقریبەن تەواو سەربەخۆ  لە سیلسیلەی قاجار  لوڕستان
هەڵکەوتووە، واتە ئوستانی لوڕەکان. کە لە ڕووی ڕەگەزی و لەهجەییەوە جیاوازن
لە فارسەکان . ئەوێ بە دووبەش دابەش دەبێ، بەشی گەورە و بەشی  پچووک . پۆشتی
            کوه ، کە بەشی ڕۆژئاواییەکەی ئەوێیە و زێدی کوردە فەیلییەکانە ، و سنوورەکانی  لە
            ویلایەتی بەسڕە و بەغدا دەگەڕێتەوە. بۆ ماوەی سێ سەدە لە ژێر فەرمانڕەوایی تاقە
           زنجیرەیەک  لە والییەکان دا بووە . تاقە بەرعۆدەیی ئەو حکوومەتە دانی باج و خەڕاجێکی
           کەم بە حکوومەتی ناوەندی بوو. هێز و دەسەڵاتی لە چوار چێوەی پوشتی کوه دا بێ سنوور
           بوو. دەستەڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی عێڕاق بەرچاو بوو . غوڵامڕەزا خان ، چاردەهەمینی ئەو
           ڕێبازە ، لەبەر شەوکەت و جەلالی خۆی و لەبەرچاوگرتنی دین جێگای ڕێز و حورمەت بوو
           بەڵام  لەبەر ماڵپەرستی لە ڕادەبەدری خۆی بێز و قێزی لێ دەکرا ". [١٢]
لێرە لە ئاماژەیەکی کەم زیاتر هەیە لەمەر ئەوەی کە بۆچی فەیلی لە کوردەکان جیاوازن ، و لە هەمان کاتیشدا وەک ئەوانن . ئەویش ئەوەیە ئەوان بۆ ماوەی درێژ لە ژێر حوکمی سەرۆکێکی ئۆتۆنۆمی لە مەڕ خۆیاندا ژیاون واتە والی پوشتێ کوە. ئەوە لایەنێکە کە ئێمە  دەبینین لە زۆر لەسەرچاو مێژووییەکانی سەرەتایی دا  دووپاتە دەبێتەوە. لە بەکارهێنانی هەرە دەستپێک دا ، وا وێدەچێ ناوی فەیلی بچێتەوە سەر ئەو سیلسیلەی والییانەی ئەوێ، کە لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمدا بە سەر گشت ناوچەی لوڕستانی پچووک دا حکومیان دەکرد ، کە وەکوو  ' لوڕستانی فەیلی ' یش بە نێو دەکرا '. [١٣] لە سەدەی نۆزدەهەمدا ،کاتێک کە حکوومەتی والی هەر داکشا بۆ سەر پۆشتی کوه ، عەشیرەتەکانی ئەو هەرێمە وێدەچێ بە فەیلی سەرەکی داندرابن ، ئەگەر چی ناوی فەیلی زۆر لە گۆترەتر عەشیرەتەکانی بەشەکانی دیکەی  لوڕستانیشی ( پێشێ کوە و باڵا گەورا) دەگرتەوە.
نیشانەیەکی دیکەی کە خۆ ناساندن وەک فەیلی بە دەرجەی یەکەم لە سەر بنەمای ئەو لەهجەیە نییە کە قسەی پێ دەکرێ دەکرێ لە چاوەدێرییەکانی ئۆسکار مان دا ببیندرێتەوە سەبارەت بەو لەهجانەی لە لوڕستان قسەیان پێ کراوە. مان کە خەرێکی لێکۆڵینەوەی مەیدانی بوو لە مەڕ زمان لە هەرێمەکە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ، جیاوازێکی تەواو و گردبڕ دادەنێ لە نێوان لەهجە لوڕییەکانی وەکوو فەیلی و شێوە زۆر و زەوەندە کوردییەکان.  ئەو ئاماژەی پێ دەکا چەندین عەشیرەتی دانیشتووی پیشێ کوه بە لە‌هجە لەکییەکان قسە دەکەن ، کە خزمایەتیان هەیە لەگەڵ کوردیی خواروو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆیان بە فەیلی  دادەنێن.[١٤] وەکوو دەستەیەکی دانیشتوویی فەیلی ژمارەیەکی زۆر گەورەی وەبەر دەگرت کە بە فەیلی قسەیان نەدەکرد بەڵام بە زمانێکی دیکە. بۆ ئەوەی شتەکان ئەوەندی دیکەش ئاڵۆز بن، وا وەبەر چاو دێ بە لانی کەمەوە  هێندێک لەو خەڵکانە بەو لەهجەیەی کە قسەیان پێ دەکرد پێیان دەگوت فەیلی . لە پێداهاتنەوەیەکی ئەو دواییانە بە سەر لەهجەکانی کرماشان دا . حەبیب بورجیان ئاماژە دەکا کە زاراوای فەیلی هەم بۆ ئەو لەهجە کوردیانەی خواروو بە کار دەهێندرێ کە لە خوارووی ڕۆژئاوای کرماشان  قسەیان پێ دەکرێ و هەم بۆ لەهجەی سەرەکی فەیلی لوری. کە لە پۆشتێ کوه قسەی پێ دەکرێ. [١٥]
ڕەچەڵەکی ناوی فەیلی ڕوون نییە. ڕێبوارانی بریتانیایی لە سەدەی نۆزدەهەم دا زۆر شی کردنەوەی نادۆستانەیان لەمەر ئەو ووشەیە وەبەر گوێ کەوتووە ،کە وێناچێ مانایەکی ئەتۆی لێ بکەوێتەوە: ' ووشەی فەیلی مانای سەرهەڵداوێک دەدا، لە کاتێکدا ووشەی لور بە گشتی وەکوو هاو واتای کەسی بێ ئەدەب لە زمانی فارسیی مۆدێرن دا دەکار دەکرێ '. [ ١٦] زانستکارانی مۆدێرنی بوومی هیچ ڕیشەی ئەو ووشەیە بە دەستەوە نادەن بەڵام دەڵێن ئەوە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە  بە پلە و پایەی بەڕێژە سەربەخۆی والییەکانی لوڕستان:  ' ووشەی فەیلی ناوەکەی دەچێتەوە سەر حاکمەکانی(والییەکانی) لوڕی پچووک لە سەردەمی قاجار دا ، کە پوشتێ کوهی لوڕستانیان ئیدارە دەکرد ... ' [ ١٧] لە ڕاستیدا وێدەچێ ئەو ناوە چەند جار بەر لە سەردەمی قاجار ئاماژەی پێ کرابێ، ئەو دەمیش هەر لە پێوەندی لەگەڵ والییەکانی لوڕستاندا. [ ١٨]





هاووڵاتێتی و دەر کران لە عێڕاق

لە عێڕاق، بەسترانەوەی فەیلی بە لوڕستانەوە وەک بێگانەی سەرەکی مۆری پێوەناون ( ئەگەرچی لایەنی لەتی هەرە ڕۆژئاوای پۆشتێ کوه ، ئەو شوێنەی کە فەیلییە کۆچەرەکان ئارانی زستانەیان بوو و دواجار لەوێ ماڵیان دانا، لە عێڕاق هەڵکەوتووە). کێشە سەبارەت بە ستاتوسی هاووڵاتێتی ئەوان و هەر وەها ئەو دووچاوکییەی لەگەڵیان کراوە لە بەر شیعە بوون و عەڕەب نەبوونیان بووە بە هەوێنی فۆرم گرتنی ناسێنەیان. لە عێڕاق، ئەوان بە جوانی لە دەر و دراوسێیان جیاوازن ، لە کاتێکدا لە ئێران جیاواز بوونیان زۆر کەمتر بەدەرەوەیە. دەر کردن و بە زۆرملی ڕاگواستنی ژمارەیەکی زۆری فەیلی بێ کاغەزی هاووڵاتێتی بۆ ئێران ( لەگەڵ ئێرانییەکانی دیکە) ، لە دەوروبەری ساڵی ١٩٧٠ و دیسان بە  ژمارەیەکی زۆرتر لە دەوروبەری ساڵی ١٩٨٠ کاردانەوەی هەبوو لە سەر گشت کۆمەڵگەی فەیلی و ڕەنگە بووبێتە یەکەم ناساندنی ئەوەی کە فەیلی بوون لە عێڕاق مانای چییە.
دەرکردن و ڕاگواستنی زۆر ملی فەیلییەکان و ووڵام و کاردانەوەی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان و دواتر یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە  سەرپێی لە چەندین کتێب و مەقالەی لە مەڕ عێڕاق و کوردەکانی عێڕاقدا ئاماژەیان پێ کراوە . [ ١٩] ئەو دەرکردنانە بە ووردە ڕیشاڵی زیاترەوە  لە لایەن باباخان ( ١٩٩٤، ٢٠٠٢ ) ، مونیر ( ١٩٩٢) ، ئەسکەندەر (٢٠٠٦)  و جەعفەر ( ٢٠٠٨) باس کراون. ئەو سێ سەرچاوەیەی دوایی  قسەی چاوڕاکێش و تا ڕادەیەک جیاواز سەبارەت بە مژاری هاووڵاتێتیش دەهێننە گۆرێ.
مونیر دەڵێ لە کۆتاییەکانی سەردەمی عوسمانیدا ، ئەو فەیلییانەی لە عێڕاقدا دەژیان دەستیان لەوە پاراست هاووڵاتێتی عوسمانی وەربگرن بۆ ئەوەی خۆیان لە خزمەتی سەربازی بدزنەوە. لە ژێر ئینتیدابی بریتانیا دا و لە ساڵە بەراییەکانی  عێڕاقی سەربەخۆ دا، جووڵە و هاتوچوو لە نێوان سنوورەکانی عێڕاق و ئێراندا ڕێوشوێنی پتەوتری بۆ داندرا، و فەیلییەکان تووشی بژارێک هاتن لە نێوان هاووڵاتێتی ئێرانی و عێڕاقی دا. زۆر لەوانەی کە بۆ ماوەی درێژ لە عێڕاق ژیابوون بریاریان دا هاووڵاتێتی ئێران وەربگرن لە بەر ئەوەیکە خزمەکانیان و ئەندامانی عەشیرەتەکانیان زۆربەیان ئێرانی بوون و ڕەنگە هەر وەها لە بەر ئەوەش ئەوان  شیعەبوون و عەڕەبە سونیییەکان بە سەر عێڕاقدا زاڵ بوون. تا ناوەڕاستی سەدە، کاتێک ئەوان هەستیان کرد بە نرخی هەبوونی هاووڵاتێتی عێڕاقی ، ئەوە ئیتر چبڕ بژارێک نەبوو حکوومەت ببیەوێ لە بەر دەستیان بنێ. [ ٢٠]
ئەسکەندەر شرۆڤەیەکی زۆر هەموولایەنتر دەهێنێتە گۆڕێ و پێداگری دەکا زۆربەی فەیلییەکان لە ڕاستیدا هاووڵاتێتیی عێڕاقییان هەبوو، کە ئەوەش نیشانی دا چ دەستەبەر نییە بۆ ئەوەی بە زۆرملی ڕانەگویزرێن. نزیکەی ٢٠٠،٠٠٠ لەو فەیلییانەی کە لە ساڵی ١٩٨٠ و ساڵانی دواتری دەر کران بەرەو ئێران زۆر لەوانەشی وەبەر دەگرت کە هاووڵاتێتییان هەبوو لەتەک کەسی دیکە دا کە ستاتوسی دانیشتووی هەمیشەییان لە عێڕاقدا هەبوو. فەرمانێک لە لایەن ئەنجومەنی  قیادەی سەورەی بەعس ( فەرمانی ژمارە ٦٦٦ ، بە بەرواری ٧ی ئاوریلی ١٩٨٠) ئەو عێڕاقییانەی کە ڕەچەڵەکی بێگانەیان هەبوو لە مافی هاووڵاتێتی بێ بەش دەکرد ئەگەر بێتوو بە ' نا وەفادار دابندرێن لە ئاست نیشتمان، نەتەوە و (...) و شۆڕش ' و فەرمانی دەرکردنیانی دەر کرد. [ ٢١]
هۆی ڕاستەوخۆی ئەو فەرمانە لە بەر ڕووداوێک بوو ٦ ڕۆژ پێشتر قەومابوو کە تێیدا نارنجۆکێک بەرەو ژمارەیەک لە کاربەدەستانی پایە بەرز، بە سەرۆکایەتی تاریق عەزیز ، فڕێ درابوو  لە کاتێکدا خەریکی سەردان بوون لە زانکۆی موستەنسەرییە لە بەغدا. گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی شیعە ، ڕێکخستنی کردەوەی ئیسلامی ، دەگوترا لە پشت ئەو هێرشە دا بوو بێ ، و ئەو پیاوەی نارنجۆکەکەی هاویشتبوو ئیدیعا دەکرا فەیلییەک بووبێ .[ ٢٢] ئەو دەرکردنە پای خەڵکێکی زۆری لە بەغدا  و شارە سەرەکییەکانی دیکەی گرتەوە کە ڕەچەڵەکی ئێرانییان هەبوو و هەر وەها دانیشتووانی ناوچەکانی سەر سنوور.
ئەسکەندەر هۆی پشت ئەو هەنگاو و بڕیارە بە  قێز و بێزێکی قووڵی  دژی ئێرانی و ، دژی شیعە دەزانێ و ئەو دڕدۆنگییەی کە بەشێکی جیانەکراوە بووە لەناسیۆنالیسمی عەڕەبی سوننی لە وەتا سەردەمی    ساتیعولحوسری. ئەو بابە گەورەیەی ناسیۆنالیسمی عەڕەب  زاراوەی شعووبی داتاشیبوو بۆ ئاماژە بەو خەڵکەی  کە وا دادەندرا لە بەر پێشینەی خۆیان دژی عڕووبە بن. دە کردەوە دا ، ئەو بە تایبەتی شیعەکان و ئێرانییەکانی وەبەر دەگری ( هەڵبەت ، دیارە جووەکانیش) کە بە شعووبی دادەندران ، نەک کەمایەتییەکانی دیکەی وەکوو تورکومانان. [٢٣]   لەگەڵ ئەوەشدا ڕیشەی دیتنی دژی شیعە، دژی ئێرانی دەکرێ لە قۆناخێکی بەراییتری  مێژوو دا بێ ، هەر وەک کارەن م. کرن  لە لێکۆڵینەوەکەی خۆی لەمەر کۆتاییەکانی سیاسەتی عوسمانی نیشان دەدا  ئەو دەمی پێش بە چوونە سەر مەزەبی شیعە دەگیرا و ڕێگە بە ژنوشوویی نەدەدرا  لەنێوان هاووڵاتییانی عوسمانی و ئێرانی دا. [٢٤] ئەو سیاسەتانە  بە نۆرەی خۆیان ووڵام بوو بۆ لە دین وەرگەڕانی عەشیرەتە عەڕەبەکان لە خوارووی عێڕاق بەرەو شیعەیایەتی ، بە شێوەی سەرەکی  سەدەی نۆزدەهەمدا. لەو پێواژۆیەی  لە دین وەرگەڕانە دا  ئەو لە دووی لێکۆڵینەوە هەموولایەنەکەی ییتساق نەقاش  کە دەڵێ زۆربەی شیعەکانی عێڕاق هێندە لەمێژنییە مەزەبیان گۆڕیوە. ن نەقاش هەر باسی عەڕەبە شیعەکان دەکا ، و هیچ سەرنج ناداتە سەر ئەو دەستە عەشیرەتانەی بە زمانە ئێرانییەکان قسە دەکەن ( فەیلی ش دەناو دا  لە سەر سنوورەکانی عێراق – ئێراندا. [٢٥]

لورستان و فەیلی لە سەرچاوە مێژووییەکاندا

شەڕەفنامە . هەر وەک باش پێی دەزاندرێ ، لە بەندی یەکەمی خۆیدا ،باسی ئەو بنەماڵە فەڕمانڕەوایانە دەکا  کە لە لوڕی بوزروگ و لە لووری کووچەک دا حوکماتیان کردووە. بەڵام ناوی فەیلی وەکوو ناوێکی ئێتنیکی یان عەشیرەتی باس ناکا. دوایین توێژی فەرمانڕەوایانی لوری کووچەک ( ئەتابەکەکان)  لە شەڕەفنامە دا باسیان کراوە ، شاهوێردی خان ، کە بە دەستی شا عەبباس کووژرا ( لە دوایین ساڵەکانی سەدەی ١٦ هەمدا) . لە جێگای ئەو  شا عەبباس حوسێن خانی بەڕەسمی ناسی ، کە سەر بە لقێکی جیاوازی هەمان بنەماڵە بوو و کە ئابا و ئەژدادی ( کە ئێمە پێشتر وەک والییەکانی لوڕستان باسمان لێوە کردن) حاکمی لوڕستانی پچووک بوو تەقریبەن بە سەربەخۆیی بۆ ماوەی نزیک بە سێ سەدە. ناوی فەیلی بەو سیلسیلەی حاکمانەوە هەرە نزیک دەبەسترێتەوە. مینۆڕسکی دەنووسێ خاکەکەیان بە ناوی  لوڕستانی فەیلی دەناسرا، بەڵام ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەکی دیار ناکا، جا بۆیە ئێمە نازانین کەنگێ ناوی فەیلی بۆ یەکەم جار دەردەکەوێ. [ ٢٦]
مەقالەکانی مینۆرسکی لە ئەنسیکلوپێدیا دا ، لێکۆڵینەوەی کلاسیلی لۆنگرینگ سەبارەت بە عێڕاق لە سەردەمی عوسمانیدا، و سەرەتای پڕ لە زانیاری شارمۆی بۆ وەرگێڕانی فەڕانسەیی شەڕەفنامە، باسی مێژووی جۆر بە جۆری فارسی، عەڕەبی و عوسمانی دەکا  کە هێندێک زانیارییان تێدایە سەبارەت بە پێشوەچوونەکان لە لورستانی پچووک دا.[٢٧] ئەمن لێرە دا هەر بە گێڕانەوەی چەند سەرچاوە خۆم سنووردار دەکەم کە خۆشم لە سەریان دەزانم




ئەولیا چەڵەبی

یەک لە نووسەرانی هەرە بەدڵی من دنیاگەڕی تورکی ناوەڕاست سەدەی حەڤدەهەم ئەولیا چەڵەبی یە کە سەفەرەکانی (سەفەرنامە) زۆر جار چاوەدێری زۆر جێی سەرنجیان تێدایە سەبارەت بە بارودۆخی خۆجێی ئەو شوێنانەی سەری لێ داون. لە ساڵی ١٦٥٥ یان ١٦٥٦ ، ئەولیا لە بەغداوە سەفەری کرد بۆ شارەزوور و هەولێر و بەو خاک و کەوشەنە دا تێپەڕی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی فەرمانڕەوای لوڕ ( لوڕ حاکمی) ، حوسێن خان دا بوو . ئەوە گۆیا دامەزرێنەری بە ناوبانگی سیلسیلەی والییەکانی لوڕستانە. لەگەڵ ئەوەشدا ، وا وێدەچێ لێرو لەوێ ئەولیا  ئەردەڵان و لوڕستانی لێ تێکەڵ بووبێ و ئەو سنە بە مەکۆی سەرەکی جێی دانیشتنی فەرمانڕەوای لوڕ دا دەنێ. ئەو هەر وەها ئاماژە بە فەرمانڕەوایەکی دووەمی  لوڕ دەکا ، بە ناوی سولەیمان خان ، کە نازانین پێوەندی لەگەڵ حوسێن خان چ بووە.
ئەگەرچی ناوی ئەو شوێنانە و ئەو قەڵایانەی کە ئەو سەری لێداون ناکرێ گشتیان بناسرێنەوە، و زۆربەی ئەو زانیارییانەی ئەو بە دەستەوە یان دەدا دەکرێ لە سەر بنەمای دەنگۆ بن تا ئەوەیکە بریتی بن لە چاوەدێری شەخسی، بەڵام لە یادداشتەکانییەوە دەردەکەوێ کە کۆنترۆڵی زەوی و خەڵک بە دەستی حوسێن خان تەواو دەگەیشتە ئەو شوێنەی کە ئێستا خاکی عێڕاقە.[٢٨] ئەولیا باسی لورستان  دەکا وەک هەرێمێکی کە خاوەنی حکوومەتی خۆیی بووە و نە بەشێک لە ئیمپراتۆری عوسمانی بووە و نە بەشێک  لە دەوڵەتی سەفەوی. لە سەر دەمی دوو پەلاماری گەورەی عوسمانیدا بۆ داگیرکردنی عێڕاق ، لە ژێر فەرمانڕەوایی سوڵتان سولەیمان  لە ساڵی ١٥٢٥ دا و دیسان لە سەردەمی سوڵتان مورادەی چوارەم لە ساڵی ١٦٣٨ دا ، فەرمانڕەوا لوڕەکان ئەو شارانەی وا کونتڕۆلیان دەکردن ڕادەستی عوسمانییەکان کرد بوو. کە دواتر عوسمانییەکان کۆنتڕۆلی ئەو شوێنانەیان پێ دانەوە لە بری دانی بەڵێنی وەفاداریی دا. دانیشتووانی ئەو شارانە فرە چەشنە بوون ، و ئەولیا چەڵەبی کوردە سوننییەکان ( لە قزڵجە و لە کوردستانی سەرەکی) و کوردە لورستانییەکان ( ئەکرادێ لوڕستان ، لە نوقوود و زەڵم عەلی) لەیەک دەکاتەوە. ئەوانەی دوایی لە ئێرانییەکان بە گشتی(عەجەم)  دەکاتەوە ، کە شێوەیەک لەوانیش  لە نوقود دەژیان. مرۆ فکری ئەوەی دەکەوێتە سەری کە 'ئەکرادی لورستان 'ی ئەولیای چەڵەبی وەک ئاماژە بە گەلێک ببینێ کە دواتر وەکوو فەیلی ناسراون.

محەمەد خورشید پاشا

ئەوە سەیاحەتنامەیەکی دیکەیە، کە تەقریبەن دوو سەدە دواتر نووسراوە، کە نەک بە ڕاشکاوی ئاماژە بە ناوی فەیلی دەکا بەڵکوو زانیاری بە ووردەڕیشاڵ بە دەستەوە دەدا سەبارەت بە فەیلییان بە درێژایی سنووری ئێران – عوسمانی. نووسەری ئەو سەیاحەتنامەیە محەمەد خورشید پاشایە، کە ئەندامێکی کۆمیسیۆنی رووسی – عوسمانی – ئێرانی دیاریکردنی سنوور بووە کە ماوەی ٤ ساڵی خایاند ( لە ١٨٥٢ – ١٨٦٤ ) ئەو کۆمیسیۆنە بۆ ئەوەی درێژایی تەواوی سنوور بپشکنێ . [٢٩] لە هەرێمی نێوان بەغدا و سنووری ئێران دا، خورشید ئاماژە دەکا بە دوو گرووپی گەورەی عەشیرەتی، عەڕەبی بەنی لام و فەیلی ( کە لە تڕاسکریپسیۆنی مۆدێرنی تورکی دا بە هەڵە وەک فیلی نووسراوە). ئەو باسی فەیلییەکانی تەبعەی ئێران ( ئیرانە تەبەیی) دەکا. لیستی عەشیرەتەکانی پۆشتی کوە و پیشی کوه  دەنووسێ، هەژماری گشتیان بە تەخمین دەڵێ ٥٠٠٠٠ ە و لێی زیاد دەکا  کە گشت ئەو عەشیرەتە فەیلییانە کوردن ( کافەسی ئەکڕاد)  و بە فارسی قسە دەکەن. ئەو لە سەری دەڕوا ، ئەوان زۆر زانا و شاعیریان هەن بە زمانی فارسی و ' بە زمانی خۆیان ، گۆرانی' خوێندەوارن . زۆربەی هەرە زۆریان شیعەن و کەمایەتێیەکی کەمیان  ' نوسەیری یان عەلی ئەڵاهین' ( واتە، ئەهلی حەق ن). [٣٠]
ناوی ئەو عەشیرەتە فەیلییانەی وا خورشید لیستەی گرتوون ئاوایە:
ئا) لە پۆشتێ کوه : کوردە ، ڕەزا وەند ، مەحەکی، چەرخەستوون، دیناروەند ، شاد خوون
ب) لە پیشێ کوە : کاکە وەند ، بیتیاوەند ، موئمین وەند ، بیترنا وەند ، جەواری
پ) لە دێلفان: سیلە سیلە
ت)عەمەلە  ( وەرزێرانی ناکۆچەر و جووتێران)
ج)عەشیرەتەکانی حولەیلانی : عوسمان وەند ، جەلالاوەند، جیاوەند ، باڵاوەند ، سوورە مەری
چ)عەشیرەتەکانی باجەڵان : دالیاوەند ، سەگوەند
خ)عەشیرەتەکانی بیراناوەند : عالییە وەند ، دووشیە وەند . [٣١]
شارەکانی بەدرە، زورباتییە و مەندەلی دانیشتووی تێکەڵیان هەیە، زۆربەیان سوننین بەڵام کەمایەتییەکی گەورەی شیعەشی هەیە ( و ، لە مەندەلی  هێندێک عەلی ئەڵاهی ش'). عەشیرەتە فەیلییەکانی پۆشتی کوە رەعییەتی ئێرانن ، لێرە زەوییەکی زۆریان کڕیوە ، و ڕەنێویان دەهێنن . [٣٢]
  لە ناوچەی خانەقین، خورشید ئاماژە دەکا بە لێ بوونی چەندین لک لە عەشیرەتی باجەڵان  لە ناو دانیشتووان دا، کە بریتین لە زۆربەی کورد و کەمایەتییەکی گرینگی عەڕەب. لە ناو هەر دوو گرووپەکاندا ، موسوڵمانانی سوننی شافیعی باڵا دەستن بەڵام شیعەشی لێیە. [٣٣] لێرە دا خورشید کوردەکان بە فەیلی دانانێ. لە جێگای دیکە ئەو ئاماژە دەکا کە 
ناوەندەکانی دانیشتووانی فەیلی ناگاتە ئوستانی ئێرانی کرماشان ؛ دوایین ناوەندیان شوێنێکە بە ناوی  دێهێ باڵا. [
[٣٤]

جۆرج ن. کرزن و دنیاگەڕەکانی دیکەی بریتانیایی

دەوڵەمەندترین ئەنباری زانیاری لە سەر عەشیرەتە فەیلییەکان بەر لە دایکبوونی سەربەخۆیی عێڕاق لە ڕاپۆرتەکانی دنیاگەڕانی بێگانە دا دەبیندرێتەوە،کە زۆربەیان ئەفسەری عەسکەری یان سیاسیی بریتانیایی بوون. بەرژەوەندی بریتانیا لە ناوچە دا هەمیشە ستڕاتێژیک بوو و پێوەندی پەیدا دەکردەوە بە ئەگەری هەبوونی ڕێگای وشکایی بەرەو هیندستان و کاروباری دیکەی ئاساییشی. ئەو دنیاگەڕانە ڕاپۆرتی بە ووردەرێشاڵیان سەبارەت بەو ڕێیانە، لەمەڕ چۆم و ڕۆبار، سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی، لە مەڕ عەشیرەتەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان دەنووسی. سی، جەی. ئێدمۆندس، کە یەک لە دوایین جۆرەکانی ئەو لکە لە ڕێبواران و دنیاگەڕان بوو ، لیستێکی زۆر گرینگ لەو کەسانەی بەر لەو بەو ناوچانە دا گەڕاون بە دەستەوە دەدا. [٣٥] مەیجر راولینسۆن ، کە فەرماندەیی هەنگێکی گۆرانی دەکرد لە چوون بەرەو پۆشتێ کوە  لە ساڵی ١٨٣٦ دا، یەکەم کەس بووە کە زانیارییەکی بە ووردە ڕیشاڵ سەبارەت بە عەشیرەتە فەیلییەکان بە دەستەوە بدا.[٣٦] ڕێبوارانی دواتر جۆرج ن. کرزن وەبەر دەگرێ ، کە پاشان بوو بە ناییبی پادشا لە هیندستان، کتێبە دوو بەرگییەکەی لە سەر ئێران، کە لە سەر بنەمای سەفەرەکانی خۆی و ئەفسەر و کاربەدەستە بریتانیاییەکانی  نووسیویەتی  کۆکراوەی زانیاری زانستی هەرە جێی باوەڕە سەبارەت بەو ووڵاتە. ئەو کورتەیەک لە مێژووی سیاسی هەرێمەکە دەگێڕێتەوە کە ئێستاش شیاوی خوێندنەوەیە.
کرزن لە نووسین سەبارەت بە گرووپە کۆچەرە جۆر بە جۆرەکانی ئێراندا ، دەست دەکا بە دەستەبەندی کردنی ئەوان لە ڕووی زمانی و بنەمای کولتوورییەوە و بە چوار دەستەیان دابەش دەکا، تورکی ، عەڕەب ، بەلوچ و دەستەیەکی گەورە لە عەشیرەتان  کە بە زمانە ئێرانییەکان قسە دەکەن ، جار جار لە ژێر ناوی لەک دا دەگونجێن بەڵام زۆر بەربڵاوتر وەکوو کورد و لور باسیان لێوە دەکرێ. گشت گرووپە کۆچەرەکان دەستەی گەورەی دانیشتووی دامەزراویان هەیە ، ئەگەرچی لە ناو کوردەکان و لوڕەکاندا ئەوانە هێشتا کەمایەتییەکن.  عەشیرەتەکان تا ڕادەیەکی زۆر خراونەتە بەر حوکمی حکوومەتی ناوەندی و '  ئەو سەرۆکە عەشیرەتانەی کە لە ئێراندا ئێستا سێبەرێک لە دەستەڵاتی ڕاستەقینەیان بۆ مابێتەوە بریتین لە خانی قووچان ، ئەمیری قائێن و والی پۆشتی کوه. [٣٧] بە مانایەکی هەراوتر، لوڕستان سنووری لە دەشتەکانی دەجلەو چیاکانی سنووری دەگەڕێتەوە بە لای ڕۆژئاوا دا بەرەو سنووری ئیسفەهان و فارس لە لای ڕۆژهەڵاتەوە، و لە ناوچەکانی هەمەدان و کرماشانەوە لە باکوور  تا دەگاتە دەشتەکانی عەڕەبستان لە باکوور. عەشیرەتە سەرەکییەکانی بریتین لە فەیلی، بەختیاری، کوهگەلوو و مەمەسەنی . ئەوانە گشتیان لوڕن ، ئەگەرچی هێندێک لەوانە لەوانەیە خۆیان لەو ناوە بێ بەری کەن . بە مانایەکی سنووردارتر، لوڕستان ئەو ئوستانەیە کە بە شێوەی سەرەکی فەیلییە لوڕەکانی تێدا دەژین ، کە بە لوڕی کووچەک بەناو بانگە. کە ئەوە بە ئابێ دێز یان چۆمی دێزفوول ، لە لوڕی بوزورگ جوێ دەکرێتەوە کە لەوێ بەختیارییەکانی لێ نیشتەجێن. [٣٨]
ئابا و ئەژدادی والی پێشتر حوکمیان بە سەر هەموو لورستاندا دەکرد، بەڵام ئاغا محەمەد شا، دامەزرێنەری سیلسیلەی قاجار، توانی هەرێمی پیشی کوە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمدا، و لەو دەمییەوە ، هەر پۆشتی کوە لە لایەن حاکمێکەوە ئیدارە کراوە و ئەو وەک  والی لوڕستان ناچار کراوە هەر بە پۆشتی کوه  ڕازی بێ وەک ئوستانی لوڕستان ، و خۆی لە خوڕەم ئاباد دادەنیشێ . (...)جا بۆیە ناوی فەیلی، کە پێشتر بۆ هەموو لوڕی کووچەک  دەکار دەکرا، لە زمانی خەڵک دا سنووردار کراوە بۆ ناو هەڵدانی پوشتێ کوە ، کە تێیدا فەیلی سەرەکی زۆربەی دانیشتووان پێک دەهێنن . [٣٩]
والی لە سەردەمی کرزن دا حوسێن قوڵی خان بوو، کە وەک جێگرەوەکانی ژیانێکی کۆچەری تێ دەپەڕاند. 'شوێنی حاوانەوەی هاوینان و هەواری لە دۆڵی دوورەدەستی دێهباڵا بوو؛ ئارانیشی حوسەینییە ، لە داوێنی پوشتی کوە دایە، لە چوارچێوەی سنووری تورک دا. (...) ئەو بە ڕێگای کووت دا لە گەڵ بەغدا ساتوسەودا دەکا. ئەو تاڵان و پەلامارەکانی لە خاکی تورک دا دەکا، کێشەی هەمیشەیی هەیە سەبارەت بە داگیر کردنی خاکی عوسمانی بە دەست لوڕەکان ؛ و دوژمنە سوێند خواردوو و قەستەسەرەکانی بریتین لە عەڕەبە بنی لامەکان ، کە ڕەعییەتی تورکن. ئەو ڕەنگە نوێنەری هەرە باشی شێوازی کۆنی سەرۆکانی سنووری بێ  کە ئێستاش دەژی ، و دەگوترێ لە توانایی دا هەیە ٣٠،٠٠٠ جەنگاوەر دەنگ بدا ' . [٤٠]
 سەبارەت بە دینی فەیلییان، کرزن جەخت دەکاتەوە زۆربەیان موسوڵمانی شیعەن بەڵام لە بەجێ هێنانی ڕێوشوێنی مەزەبیدا وەنەبێ هێندە دەمار گرژ بن ( ' ئەوان حورمەتێکی زۆر کەمیان لە بەرە لە ئاست پێغەمبەر یان قورئان')،  و بە کێشەکانی خۆ جێیەوە بەستراونەتەوە :  ' پیر یان چاکی پیرۆزی لەمەڕ خۆیان هەیە، کە گۆڕی ئەوانە بە شوێنی پیرۆز دا دەندرێن ، و سەرۆکەکەیان ، بابە بوزورگ (...) لە ووڵاتەکەیان دا نێژراوە.' هەژمارێکی کەمتریان عەلی ئەڵاهی ، واتە ئەهلی حەق ن. [٤١]
زمانزانی ئەڵمانی ئۆسکار مان یەکەم کەس بوو کە لێکۆڵینەوەی بە ووردە ڕیشاڵی کرد لە ناو ئەو کۆمەڵگەیانەیدا  کە بە لەهجە کوردی و لورییەکان قسە دەکەن. ئەو بە گردبڕی لەهجە لەکییەکان  جیا دەکاتەوە ( کە سەر بە بنەماڵەی کوردین) لە فەیلی ( کە سەر بە بنەماڵەی  دەستەی لوڕی یە) کە لە هەمان هەرێم قسەی پێ دەکرێ و نموونەی هەر دوویانی کۆ کردووەتەوە. مان ئەو چاوەدێرییە جێی سەرنجەی کردووە، کە لە سەرەوە دا ئاماژەی پێ کرا، کە چەندین عەشیرەت لە پیشێ کوه بە لەکی قسەیان دەکرد تا ئەوەی کە بە لەهجە فەیلییەکان بدوێن بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هۆی سیاسییەوە خۆیان بە فەیلی دەزانی. [٤٢]  فەیلی دەتوانێ ناوێکی زمانی بێ، بەڵام سیاسەتی بەسترانەوەیی و خۆ لێ گرێدان دەکرێ جیاوازی زمانی وەبن دا.
ئەو زانیارییانەی بە دەست گشت ڕێبوارانی بریتانیایی  لە سەدەی نۆزدەهەم و لە بەراییەکانی سەدەی بیستەم دا کۆ کرانەوە، چ ئەوانەی چاپ کراون و چ مادە و کەرەستەی ناو ئاڕشیوان ، لەلایەن ستافی گشتی هیندستانی بریتانیاوە  لە شێوەی غەزەتە مێژووییەکانی لەمەڕ ئێران دا کۆ کرانەوە سەر یەک و وەکوو ئەنسیکلۆپێدیایەکی ناوی شوێنەکان و عەشیرەتەکان ئامادە کران . ئەو غەزەتەیانە، قەت بە شێوەی ماک بڵاو نەکرانەوە ، ودواتر هێندێک ماتریاڵی دیکەیان لە سەرچاوەی جۆر بە جۆرەوە لێ زیاد کرا . لە لایەن  لودویگ و. ئادامێجەوە ئێدیت کران و وەکوو کتێبێکی ڕێنوێن لە چوار بەرگ دا بڵاو کراوە . بەرگی سێیەم شرۆڤەیەکی دوور و درێژی تێدایە سەبارەت بە عەشیرەتە فەیلییەکان  و سەرچاوەیەکی هەتا بڵێی بەکەلکە بۆ ناسینەوەی ناوی شوێنەکان و هتاد. [٤٣]

ئەنجام

دیارە ئەو ئەنجامەی من لەم باسە پێی گەیشتووم بە پێویستیی زۆر سەرەتاییە. لوڕستانی پچووک ( لورێ کووچەک)  وەکوو هەبوونێکی سیاسی جیاواز دەناسرا هەر وەک ئیمارەتە کوردییەکان بە ئاستێکی بڵند لە سەربەخۆییەوە زۆر بەر لەوەی کە شەڕەفنامە ئامادە بکرێ. ناوی فەیلی بە جۆرێک دواتر دەکار کرا وەکوو ناوێکی گشتی و هاوبەش بۆ عەشیرەتەکانی لوڕی کووچەک ، کە سەرۆکی هەرە گەورەیان والی بوو. کاتێک کە قاجارەکان  بەشێک لە لوری کووچەکیان خستە ژێر کونتڕۆڵی ڕاستەوخۆوە و تەنێ  پۆشتێ کوە لە ژێر حوکمی والی دا مایەوە، ئیدی ناوی فەیلی بە تایبەتی هەرە زۆر  بۆ ئاماژە بە عەشیرەتەکانی پۆشتێ کوە  دەکار کرا،لە کاتێکدا بەردەوام بوو بۆ بەکارهاتن بە شێوەی زۆر شلتر لە مەڕ ئەوانەی پیشی کوە و تەنانەت لە هێندێک بەشی کرماشانیش. زۆربەی عەشیرەتە فەیلییەکان بە لەهجەی فەیلیی لوڕی قسەیان دەکرد ، بەڵام لە لوڕستان عەشیرەتی ئەوتۆش هەبوون کە بە لەهجەکانی دیکە قسەیان دەکرد ( لەکی و ڕەنگە لەهجەکانی دیکەش) و هەر وەها خۆشیان بە فەیلی دەزانی.
لە سەدەی نۆزدەهەمدا عەشیرەتە فەیلییەکان زۆربەیان کۆچەر یان نیوە کۆچەر بوون و زستانانیان لە دەشتەکانی لێواری دەجلە تێ دەپەڕاند واتە لە خاکی عوسامانیدا. ئەوان لە گەڵ شارە سەرەکییەکانی سەر دەجلە ساتوسەودایان دەکرد . هێندێک لە فەیلییەکان لە دەوروبەری گوندی وەکوو بەدەرە، زورباتییە و مەندەلی زەویان کڕی و لەوێ لێی دامەزران  و پەیوەست بوون بە دانیشتووانی تێکەلی وێندەرێ کە ڕەچەلەكی جۆر بە جۆریان هەبوو. ئەوانی دیکەیان بوون بە کرێکاری تاجران لە شارە گەورەکانی وەک: کووت ، بەغدا، بەسڕە.
مێژووی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە فەیلییەکان لەو شارانە دا، ڕزگاریی بە شێنەییان و یەکانگیر بوونیان لە ئابووری عێڕاق و ژیانی سیاسی عێڕاق لە سەدەی بیستەمدا  هێشتا دەبێ لە سەری بنووسرێ. لە لێکۆلینەوە هێژایەکەی حەنا باتاتوو دا چەند چاوەدێرییەکی پێوەندیدار بە سیاسەتەکانی ئێلیتەوە هەیە ، و چەند چاوەدێری وەسوەسە هێنەر سەبارەت بە پەروەردە لە لێکۆلێنەوەکەی خەلیل عوسمان دا سەبارەت بە فیرقەگەری . عوسمان دەنووسێ: ' لە ناوەڕاستی ١٩٤٠ کاندا ، کۆمەڵگەی فەیلی شیعە خوێندنگەی فەیلی دامەزراند (ئەلمەدرەسە ئەل فەیلییە)،  کە وەک خوێندنگەیەکی سەرەتایی دەستی پێکرد بەڵام زۆر زوو بوو بە خوێندنگەیەکی ناوەندی و لە ساڵی ١٩٤٦ دا خوێندنگەیەکی شەوانەشی دایر کرد. ئەو خوێندنگەیە خۆی لەگەڵ بەرنامەی دەرسی وەزاڕەتی پەروەردە ڕێک خست و لەو مەدرەسەیە دا بە عەڕەبی دەرس دەگوترایەوە. [٤٤] بێگومان زۆر شتی دیکە دەکرێ لە ئاڕشیوی بریتانیایەکان  و لە بیرەوەرییە بڵاو کراوە و بڵاو نەکراوەکاندا بدۆزرێنەوە. بۆ سەروبەندی زۆر نزیکتر،  وتووێژ لە بەستێنی مێژووی زارەکی دا زۆر زانیاری بە نرخ هەڵدەخاتەوە.




ژێدەرەکان

[١] کۆچێرا  ١٩٣، ١٥١ : ١٩٧٩

[٢]کۆچێرا ٢٧٠ : ١٩٧٩ ؛ وانلی ٢٣١: ١٩٧٠

[٣] موراد ٧n٢٢٨. ١٣١ : ١٩٩٢ عەزیز ئەلحاج لە ساڵی ١٩٦٧ لە حیزبی شیوعی عێڕاق جوێ بووە وە و حیزبی کۆمۆنیستی عێڕاق – قیادەی مەرکەزی دامەزراند و دەستی بە ئامادە کاری کرد بۆ وەڕێخستنی  شەڕی پارتیزانی لە تاڵاوکانی خوارووی عێڕاقەوە. لە ساڵی ١٩٦٩ ئەو لە بەغدا گیرا و لە ژێر هەڕەشەی ئەشکەنجە دا ناوی هاوڕییانی خۆی درکاند و بە ئاشکرا پەشیمانی خۆی لە کارو کردەوەکانی ڕاگەیاند.

[٤] کتێبەکە ڕەنگە تەسلیم بوونێکی دیکەی بێ لە بەرانبەر ڕێژیمی بەعس دا؛ ئەو کتێبە دوای شکانی سەرهەڵدانی بارزانی لە ساڵی ٧٥-١٩٧٤ دا نووسراوە ؛ کە تێیدا ئەلحاج ئەو سەرهەڵدانە بە دژی – شۆڕشگێڕانە دا دەنێ. ( ئەمن تەنێ وەرغێرانی فەڕانسەیی ئەو کتێبەم دیتووە: ئەلحاج ١٩٧٧). لە هیچ جێیەکی کتێبەکە دا ئەو ئاماژە بە فەیلی ناکا و ئەو گێرە و کێشە و گۆڵمەزانەی کە لەو ساڵانە دا تووشیان هاتن.

[٥] وانلی باسی فەیلییەکی دیکە دەکا کە لە ساڵی ١٩٦٤ دا بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان : م. یەدووڵا، ' فەیلییەکی خەڵکی بەغدا کە بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی بوو لە بەشی عەڕەبی عێڕاق دا.' وانلی ٢٣١: ١٩٧٠. لیستەیەکی ناوی ئەو فەیلییانەی کە لەو ساڵانەی دواییدا لە ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورد دا چالاک بوون – هەم لە ڕیزی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان و هەم لە ڕیزی یەکەتی نیشتمانیی کوردستان – لەم ووتارە دا هەیە و دەکرێ ئانڵاین بخوێندرێتەوە ' دەوری کوردە فەیلییەکان لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردیی عێڕاقدا'
http://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=8&q=20160319224437130828
.
[٦] دان ٧-١٣٦ : ١٩٦٩  دوو داوخوازەکەی دیکە دانی ئیزنی دەرکردنی ڕۆژنامەی  زمانحاڵی پدک . و بە ڕەسمی ناسینی  جێژنی نەورۆز بوو وەکوو پشوویەکی سەرانسەری. بولتەنێکی پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستان سەبارەت بەو دیدارەی کە هیچی لێ شین نەبوو  لە کتێبەکەی باباخان دا چاپ کراوەتەوە ١٧٢: ١٩٩٩٤

[٧] دان .٣n١٣٧:  ١٩٦٩. لەمەڕ دایکی قاسم : دان  .٢١ : ١٩٦٩

[٨]  سەردێڕەکانی  ' عەلی مەردان خان ' ( نووسینی  ل. لاکهارت) ، ' ئیلات '  ( ئەی،کەی.س لەمپتۆن ) ، ' کێرمانشاه '  (ئەی.کەی.ئێس. لەمپتۆن)

[٩]  سمیت و ئەوانیدی ٦٣ : ١٩٧١

[١٠]  سمیت و ئەوانیدی  ٦٣ : ١٩٧١

[١١]  لۆنگریگ  ١٠ : ١٩٥٣

[١٢]  لۆنگریگ . ١٤ – ١٣ : ١٩٥٣

[٣١]  مینورسکی ،  ' لورستان ' ،  لەمپتۆن  ' کێرمانشاه '

[١٤]  مان XXII  : ١٩١٠

[١٥] بورجیان ، ' کێرمانشاه '  ئەوە نا ئاسایی نییە. زمانناسان گۆرانی و کوردی بە زمانی لە یەک جیاواز دادەنێن. ، گۆران ، کە ناوی گۆرانی لێ داکەوتووە، دەکرێ  سەردەمایەک لە ڕابردوو دا بەو زمانە قسەیان کرد بێ، بەڵام لەم ڕۆژگارە دا ئەوان بە شێوەیەک لە شێوەزاری کوردیی کێرمانشاهی ( کرماشانی) قسە دەکەن. ئەوان بە زمانەکەیان دەڵێن گۆرانی ، ئەگەرچی زۆر لەو شتە جیاوازە کە زمانزانان پێی دەڵێن گۆرانی. [ تێبینی وەرگێڕ، دوکتور  بێهرووز چەمەن ئارا لەسەرەتای تێزی دوکتورایەکەیThe Kurdish Shahnama and its Literary and Religious Implications (English and Kurdish Edition)Paperback – May 8, 2015)  و لە چەند بۆنەی دیکەش دا دەیسەلمێنی کە گۆرانی نە ناوی زمانێک و نە ناوی شێوەزارێکە، بەڵکوو ستایلێکی نووسینی شێعرە کە لە تێکەڵاوێک لە شێوەزارەکانی هەورامی، سۆرانی و لەکی پێک دێ. شێعری مەولەوی تاوگۆزی نموونەیەکە لە ستایلی گۆرانی. ]

[١٦] کرزن، ٢٧٤ ، بەرگی II  ، ١٨٩٢

[١٧]  بۆرجیان ، لە زمان ئیسماعیل کەماندار فەتاحەوە دەگێڕێتەوە  ،  لەهجە کوردییەکانی خواروو :  لێکۆڵینەوەیەکی زمانی و لەهجەناسانە ، ئاکتا ئیرانیکا ٣٧ ، لییێژ ،  ٢٠٠٠ ،  ٧٤ -  ٧٠

[١٨]  نموونە لە  لەمپتۆن ، ' کێرمانشاە ' و '  ئیلات ' ، مینۆرسکی ،  ' لوڕ' .

[١٩] وانلی  ٢٥٥ : ١٩٧٨ ؛ کۆچێرا ٢٧٩ : ١٩٧٩ ؛ سلوگلێت  ١٩٦ : ١٩٨٦ ؛  ئەل خەلیل ١٩ : ١٩٨٩ ؛ میدڵ ئیست واچ ٧١: ١٩٩٠ ؛ مەکداوڵ  ٣٦٠، ٣٣٢ : ١٩٩٦

[٢٠]  مونیر  ٣٠ – ١٢٩ : ١٩٩٢

[٢١] ئەسکەندەر ١-١٩٠ : ٢٠٠٦  ؛ زۆر بە ووردە ڕیشاڵتر جەعفەر لێی دواوە  ٢٠٠٨

[٢٢]  باباخان  ١٩٣ : ٢٠٠٢ ، باسی  کتێبی دژی جوولەکە ، دژی ئێرانی نووسینی فازل بەڕاک دەکا، ئەلمدارس الیهودیە  الایرانیە فی العراق ، بەغدا ١٩٨٤.

[٢٣]  ئەسکەندەر  ٩- ١٩٧: ٢٠٠٦.  لە خاڵی پێشوو دا  ئاماژە بە کتێبەکەی بەڕاک کرا ، کە نموونەی هەر ئاشکرای بێزو قێز و ترسی سەرۆکایەتی بەعسە  لە جووەکان و ئێرانییەکان .

[٢٤]  کرن  ٢٠١١ .

[٢٥] نەقاش ١٩٩٤.

[٢٦]  کورتە مێژووی هەرە بەدڵ  ' لوڕ' ی مینۆرسکی یە. ووتارەکانی لەمپتۆن  ' کێرمانشاه ' و  'ئیلات'  یش بە کەلکن.

[٢٧]  مینۆرسکی ، ' لوڕ' ،  ' لورێ کووچەک ' ،  ' لوڕستان ' ؛  لۆنگریگ  ١٩٢٥؛ شارمۆا  ١٨٦٨

[٢٨]  ئەو شوێنانەی  لە کۆنتڕۆڵی لوڕ دا بوون ئاوا باس کراون : ( هەوار ( یان ، بە کوردی کوێخا کرمان )، باشیقە، نوقوود، نەریمان ، قزڵجە، زەڵم ، عالی . بڕوانە ئەولیای چەڵەبی  ٢- ٣٠١ : ٢٠٠١
[٢٩]  سەبارەت بە پێشینەی ئەو کۆمیسیۆنی دیاریکردنی  سنوورە و کارەکانی ، لە لێکۆڵینەوەی گرینگی سەبری ئاتەش بڕوانە         (٢٠١٣)  ، بەندی ٣
[٣٠] هورشید [ خورشید] پاشا  ٩ – ٦٥ : ١٩٩٧ . ئەوە  لە ڕووی نوسخەیەکی ماکی عوسمانییەوە نووسراوەتەوە  کە لە ساڵی ١٢٧٧ / ١٨٦٠  لە ئەستەنبووڵ چاپ کراوە.

[٣١] هورشید پاشا  ٨ – ٦٦ :   ١٩٩٧

[٣٢] هورشید پاشا  ١- ٨٠. ٧١ : ١٩٩٧

[٣٣]  هورشید پاشا   ٩١ – ٨٨ : ١٩٩٧

[٣٤]  هورشید پاشا  ١١٤: ١٩٩٧ ، کرزن  وەک باس کرا ، ئاماژەی پێ دەکا کە دێهێ بالا  لە پۆشتێ کوە هەوار و وارگەی هاوینی والی یە .  ش شرۆڤەیەکی بە ووردە ڕیشاڵ لەو بارەیەوە لە نووسینەکەی  ئادامێج دا هەیە ٤ – ٢٠٣ : ١٩٨٩

[٣٥] ئێدمۆندس ٤٠ – ٣٣٩ : ١٩٢٢

[٣٦] راولینسۆن ١٨٣٩

[٣٧]  کرزن   ٧٠ – ٢٦٩ : II ، ١٨٩٢ . قایین و قووچان هەر دووکیان لە خۆراسانن ، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران.

[٣٨]  کرزن  ٢٧٣ : II ، ١٨٩٢

[٣٩]  کرزن  ٢٧٥ : II،  ١٨٩٢

[٤٠] کرزن  ٢٨٠ : II  ، ١٨٩٢

[٤١] کرزن  ٢٨٢: II ، ١٨٩٢

[٤٢]  مان ١٩١٠

[٤٣]   ' فەیلی ' ، لە کارەکەی ئادامێج دا ١٩٨٩ : ٤ – ٢٣٠

[٤٤]  عوسمان  ١٨٦ : ٢٠١٠

کتێبنامە
Bibliography                    
An asterisk (*) indicates works that contain significant information on Faylis
a)      Oriental sources and academic studies based on oriental sources
*Ateş, Sabri. Ottoman-Iranian Borderlands: Making a Boundary, 1843–1914, Cambridge: Cambridge University Press, 2013.
Charmoy, François Bernard. Chèref-nâmeh ou fastes de la nation kourde … traduits du person et commentés, I/1. St.-Pétersbourg, 1868.
Evliya Çelebi. Seyahatnamesi, 4.cilt. Ed. Yücel Daǧlı & Seyit Ali Kahraman. Istanbul: YKY, 2001.
* Hurşîd [Paşa], Mehmed. Seyâhatnâme-i hudûd. Çevrimyazi: Alâattin Eser, Istanbul: Simurg Kitapçılık ve Yayıncılık, 1997.
* Minorsky, V. ‘Lur,’ ‘Lur-i Kūčik’ and ‘Luristān’, Encyclopaedia of Islam, 2nd ed.
* Lambton, Ann K.S. ‘Īlāt’, Encyclopaedia of Islam, 2nd ed.
* Lambton, Ann K.S. ‘Kermānshāh’, Encyclopaedia of Islam, 2nd ed.
Longrigg, Stephen Hemsley. Four centuries of modern Iraq, Oxford: Clarendon Press, 1925.
Sharaf Khān bin Shams al-Dīn Bidlīsī, Sharafnāma. Jild 1-2. Ed. V. Véliaminof-Zernof. St.-Pétersbourg, 1860-62.
b)      Travel accounts, with lists of tribes etc.
* Adamec Ludwig W. (ed.), Historical Gazetteer of Iran, vol. 3. Abadan and Southwestern Iran, Graz: Akademische Druck- u. Verlagsanstalt, 1989.
* Curzon, George N. Persia and the Persian question. Vol 2, London: Longmans Green, 1892.
* Edmonds, C. J. 'Luristan: Pish-i-Kuh and Bala Gariveh', The Geographical Journal 59(5), 1922, 335-356.
Edmonds, C. J. Kurds, Turks and Arabs. Politics, travel and research in North-Eastern Iraq, 1919-1925, London: Oxford University Press, 1957.
* Layard, Henry. ‘A description of the province of Khuzistan’, Journal of the Royal Geographical Society 16, 1846, 1-105.
* Mann, Oskar. Die Mundarten der Lur-Stämme im südwestlichen Persien [Kurdisch-Persische Forschungen, Abteilung II], Berlin: Georg Reimer, 1910.
Rabino, H.L. Les tribus du Louristan. Médailles des Qādjārs. Paris: E. Leroux [Collection de la Revue du monde musulman], 1916. [A very rare book; not seen by the present author]
Rabino, H. L. 'Kermanchah', Revue du monde musulman 38, 1920, 1-40.
* Rawlinson, H.C. 'Notes on a march from Zoháb ... to Khúzistán, in the year 1836', Journal of the Royal Geographical Society 9, 1839, 26-116.
Razm-ārā, Sartīp `Alī. Jughāfiyā-yi niẓāmī-yi Īrān: Pusht-i Kūh. Tehran 1320/1941.
c)      Linguistics
* Borjian, Habib. ‘Kermanshah vii. Languages and Dialects’, Encyclopaedia Iranica.
Dehqan, Mustafa. 'Arkawazi and his Baweyal: a Feylî elegiac verse from Pistiku', Iranian Studies 42(3), 2009, 409-422.
Fattah, Ismaïl Kamandâr.Les dialectes kurdes méridionaux: étude linguistique et dialectologique [Acta Iranica 37], Leuven: Peeters, 2000. [Not seen by the present author]
* Mann, Oskar. Die Mundarten der Lur-Stämme im südwestlichen Persien [Kurdisch-Persische Forschungen, Abteilung II], Berlin: Georg Reimer, 1910.
MacKinnon, Colin. “Lori language, i: Lori dialects,’ Encyclopaedia Iranica.
d)      Iraqi and Kurdish politics general
Batatu, Hanna. The old social classes and the revolutionary movements of Iraq. A study of Iraq's old landed and commercial classes and of its communists, Ba'athists, and Free Officers, Princeton: Princeton University Press, 1978.
Dann, Uriel. Iraq under Qassem. A political history, 1958-1963, Jerusalem and New York: Israel Universities Press / Praeger, 1969.
Ghareeb, Edmund. The Kurdish question in Iraq, Syracuse: Syracuse University Press, 1981.
El Hajj, Aziz. L'Irak nouveau et le problème kurde. Essai politique, Paris: Editions Khayat, 1977.
Ibrahim, Ferhad. Die kurdische Nationalbewegung im Irak: Eine Fallstudie zur Problematik ethnischer Konflikte in der Dritten Welt, Berlin: Klaus Schwarz, 1983.
Kern, Karen M. Imperial citizen: marriage and citizenship in the Ottoman frontier provinces of Iraq, Syracuse, NY: Syracuse University Press, 2011.
Al-Khalil, Samir. Republic of fear: the politics of modern Iraq, Berkeley: University of California Press, 1989. 
Kutschera, Chris Le mouvement national kurde, Paris: Flammarion, 1979.
MacDowall, David. A modern history of the Kurds, London: I.B. Tauris, 1996.
* Longrigg, Stephen Hemsley. `Iraq 1900 to 1950. A political, social, and economic history, Oxford: Oxford University Press, 1953.
Middle East Watch. Human rights in Iraq, New Haven: Yale University Press, 1990.
Nakash, Yitzhak. The Shi`is of Iraq, Princeton: Princeton University Press, 1994.
* Osman, Khalil. Sectarianism in Iraq: the making of state and nation since 1920. Oxon, Routledge, 2010.
Sluglett, Peter. ‘The Kurds’ in Fran Hazelton (ed.), Saddam’s Iraq: revolution or reaction? London: Zed Books, 1986, pp. 177-202.
* Smith, Harvey H., et al., Area handbook for Iraq, Washington DC: U.S. Government Printing Office, 1971.
Vanly, Ismet Chériff. Le Kurdistan irakien: entité nationale. Étude de la révolution de 1961, Neuchâtel: Editions de la Baconnière, 1970.
* Vanly, Ismet Chériff. 'Le Kurdistan d'Irak' in Gérard Chaliand (ed.), Les Kurdes et le Kurdistan, Paris: Maspéro, 1978, pp. 225-305 [English trl.: ‘Kurdistan in Iraq’, in Gerard Chaliand (ed.), People without a Country: The Kurds and Kurdistan, London: Zed Books, 1980, pp. 153-210].
e)      Citizenship and deportations
* Babakhan, Ali. Les Kurdes d'Irak. Leur histoire & leur déportation par le régime de Saddam Hussein, Paris: [private], 1994.
* Babakhan, Ali. 'The deportation of Shi`is during the Iran-Iraq war: causes and consequences' in Faleh A. Jabar (ed.), Ayatollahs, Sufis and ideologues. State, religion and social movements in Iraq, London: Saqi, 2002, pp. 183-210.
* Eskander, Saad B. 'Fayli Kurds of Baghdad and the Ba`ath regime' in Faleh A. Jabar and Hosham Dawod (ed.), The Kurds: nationalism and politics, London: Saqi, 2006, pp. 180-202.
* Jafar, Majeed. ‘Kurds Outside Iraqi Kurdistan Region: Faylee Kurds at the Turn of the Century. Challenges, Aspirations, and Opportunities’, paper presented to the International Academic Conference on the Kurds and Iraqi Kurdistan at the turn of the 20th and 21st centuries, Adam Mickiewicz University, Poznań, Poland, March 17-18, 2008. Online at: http://www.faylee.org/english/studies/doc4.php.  
Gökcan, Özcan. 'Irak’ta bir Kürt topluluǧu: Feyliler', Kürt Tarihi 10, 2013, 8-13.
* Morad, Munir. 'The situation of Kurds in Iraq and Turkey: current trends and prospects' in Philip G. Kreyenbroek and Stefan Sperl (ed.), The Kurds: a contemporary overview, London / New York: Routledge, 1992, pp. 115-133.
Tan, Vivian. ‘Feili Kurds in Iran seek way out of identity impasse.’ UNHCR, 28 May 2008. Available online at: http://www.unhcr.org/news/latest/2008/5/483d60872/feili-kurds-iran-seek-way-identity-impasse.html

 سەرچاوە:  وێبنووسی ڕوانگە ، ١٧ی ئاوریلی ٢٠١٨








No comments: