Saturday, April 21, 2018

ئالنگارییەکانی قەیرانی کەمایەتی ووڵاتە جۆر بە جۆرەکان


 ئەو بابەتە لە سێهەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی سەبارەت بە  کوردە فەیلییەکان لە پارڵمانی ئوڕووپا پێشکێش کراوە

 برووکسێل ،  ١٢ی ئاوریلی ٢٠١٨

ئالنگارییەکانی قەیرانی کەمایەتی ووڵاتە جۆر بە جۆرەکان

ووریا قەرەداغی

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

 بەڕێز سەرۆکی کۆنفڕانس ،

میوانانی هێژا

یایان و کاکان

زۆر سپاس بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بۆ ئەوەت بانگی کردووم لێرە لەم کۆنفڕانسە دا  سەبارەت بە مژاری گرینگی قەیرانی کەمایەتی قسە بکەم لە هێندێک لەو ووڵاتانەی کارم لێکردوون وەکوو کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان.
ئەمن دەمەوێ پوختەیەک لە ئەزموونەکانی خۆمتان لە حەوت ووڵاتان لەگەڵ بەش بکەم کە لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٦ خزمەتم تێدا کردوون، لە سیستمی ئاپارتایدەوە بگرە بەرەو دێمۆکڕاسی فرە پارتایەتی لە ئەفریقای خواروو، سەبات و پێشوەچوونی ئابووری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کێشەی بۆسنیا و هەرسێگۆڤینا  لە نێوان سێ دەستەی ئێتنیکی  کە ڕەچەلەکی وەکیەکی سڵاڤی بەڵام دینی جیاوازیان هەیە، کۆسۆڤۆ و کێشە ئێتنیکییەکەی کە لەوێ زۆربە بە سەر کەمایەتییان دا زاڵە، ئەفغانستان بە ناسێنەی ئاڵۆزی سیاسی و عەشیرەتی یەوە، سیری لانکا  ٣٠ ساڵ شەڕ لە نێوان بەورەکانی تامیل  و حکوومەت و دواجار ئاسیای ناوەڕاست و زیاتر لە ١٠٠ لە دەستە ئێتنیکییەکانی کە تاکوو ئێستا لە فەزایەکی ئاشتییانە دا بەیەکەوە دەژین.
  ئەفریقای باشوور ( دوای شەڕی سارد):
 لە ئاپارتایدەوە بەرەو دێمۆکڕاسی فرە پارتایەتی، قۆناخی تێپەڕین و دامەزرانی دێمۆکڕاسی. ووڵاتێک کە شوێنی لێ دامەزراوانی موهاجیر بوو  لە ئوڕووپای ڕۆژئاواوە بۆ ئەوەی ناوچەی نوێ  تاقی بکەنەوە بۆ سەودا و بازرگانی. لە قۆناغەکانی پێشتر دا ، ئەو ووڵاتە بە هەزاران پڕۆتێستانی ڕاکردوو ، کالڤێنیستەکان و خەڵکی دیکەی وە خۆ کرد کە دژی دەستەڵات و ئینتیدابی کلیسای کاتۆلێکی ڕۆم بوون.
ووڵاتەکە بوو بە زێدی کێشە لە نێوان دانیشتووانی جێیی و ماڵدانەرانی تازە و ئەوە لە ساڵی ١٦٥٢  دەستی پێکرد و هەتا ساڵی ١٩٩٤ی خایاند.ئەفریقای باشووری ئەم ڕۆژگارە نیشتمانی زیاتر لە دە دەستەی ئێتنیکی یە  بە ئاشتی و سەباتەوە لەگەڵ یەکتری دەژین لە سایەی ئەو بناغەی پتەوەی نێلسۆن ماندێلا دایمەزراند وەکوو یەکەم ڕێبەری بە   ڕێگای دێمۆکڕاتیک هەڵبژاردرابێ لە ئەفریقای باشوور لە ساڵی ١٩٩٤.
ئەنجام:
ئەفریقای باشوور لە ڕابردوو فێر بوو و کێشەکەی کرد بە پلانێک بۆ ئاشتی ساز کردن و بەرەوپێشچوون  بە بەشداری گشت دانیشتووان. حکوومەتی نوێ  خزمەت پێشەییەکان و ئەزموونی ماڵدانەرانی پێست سپی بەکار هێنا  کە پێشتر بۆ نزیکەی ٥٠٠ ساڵ دووچاوکییان کرد بوو لە گەڵ دانیشتووانی پێست ڕەش.
   باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ( لە دوای شەڕی ڤییێتنام)
 شەڕی ڤییێتنام/ هیند و چین  لە ساڵی ١٩٥٥ دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٩٧٥ کۆتایی هات، جگە لە ڤییێتنام، کامبۆج و لائۆس ووڵاتەکانی دیکەی باشووری ئاسیا  لەو شەڕەوە گلان.کاتێک من یەکەم جار چوومە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە هەموو شوێنێک نیشانەی بەرەو پێشچوون بەدی دەکرا  کە بە دەرجەی یەکەم بە دەرهێنان و وەگەڕ خستنی سەرچاوە خۆڕسکییەکان بەڕێوە دەچوو وەکوو حەولێک بۆ چارە سەرکردنی دواکەوتوویی و بەسترانەوەی کەمتر بە ڕۆژئاوا
  لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا زۆر نیشانەی ڕەگەزپەرستی دەبیندرێ  بەشێوەی سەرەکی لە لایەن دەستە ئێتنیکییە زۆرایەتییەکان و زاڵەکان کە ئەوەش سەرنج ڕادەکێشێ سەبارەت بە پێشێلکاری مافی مرۆ  و تا ڕادەیەک پاکتاوی ئێتنیکی.
ئەنجام:
ئاسیا لە رووی  جۆراوجۆری دینییەوە لە سەرووی هەموو جێیەکە لە جیهاندا. باشووری ڕۆژهەڵات  زێدی دینی جۆر بە جۆرە بە ئاستێکی بەرزی دەربردن ، لەگەڵ ئەوەش لەو دواییانە دا زۆر ووڵاتان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا  تووشیان بە 
تووشی ناڕەزایەتی ئێتنیکییەوە هاتووە و ڕەخنەیان لێ گیراوە بۆ سەرکوتکردنی ئەو کێشانە
 بۆسنیا و هێرسێگۆڤینا ( لە دوای شەڕی سارد ):
 کێشەی بۆسنیا، شەڕ لە بەر بەسترانەوەی ئێتنیکی ( ١٩٩٥ – ١٩٩٢ )  لە بۆسنیا و هێرسێگۆڤینا  بە دانیشووانی فرە ئێتنیکییەوە کە بریتین لە  موسوڵمانانی بۆسنیایی، سڕبەکان و کڕوواتەکان.دوای بە ساڵان شەڕی تاڵ کە ئەو سێ گرووپەی بۆسنیا و هەر وەها ئەڕتەشی یۆگۆسڵاوی تێوە گلا، ووڵاتانی ڕۆژئاوایی بە پشتیوانی ناتۆ ئاگربەسێکی کۆتاییان داسەپاند کە لە ساڵی ١٩٩٥ قسەی لێوە کرا. 
ئەو سێ گرووپە هەمان ڕەچەڵەکی سڵاڤی باشووریان هەیە . جیاوازی سەرەکی کولتوری لەناو ئەواندا ڕیشەی دینی نەبێ ، هیچ شتێکی دیکە نییە. لە شەڕی ساڵانی ١٩٩٥ – ١٩٩٢ دا  شەڕ لە ڕیشەوە هەلومەرجی دێمۆگڕافی گۆڕی. بە سەدان هەزار ئینسان لەجێ و واری خۆیان دەرپەڕێندران لە ماوەی شەڕ دا، بەشێکی گەورەیان چوونە تاراوگە.
 ئەنجام:
گرژیی ئێتنیکی لە بۆسنیا  کاردانەوەکانی لە سەر ئاشتی و سەبات  دانەمرکاوە و دەکرێ خێراتر لە گەورە بوونەوەی شانەی سەرەتان لە سنوورانی تێپەڕێنێ و بڵاو بێتەوە.
کۆسۆڤۆ ( دوای شەری سارد):
کێشەی نێوان سڕبەکان و ئاڵبانییەکان ڕادەی بێ تەحەمولی دینی ، سیاسی و ڕەگەزی نیشاندەدا بە درێژایی مێژوو لە نێوان سڕبەکان و ئاڵبانیاییەکاندا. ووڵات بوو بە مەکۆی  ئیدێئۆلۆژی ناسیۆنالیسم بە دژی یەکتری. ئاڵبانییەکان حەول دەدەن بۆ کۆنتڕۆڵی تەواوی کۆسۆڤۆ ئەو ناوچانەش دە ناو دا  کە زۆربەی دانیشتووانیان سڕب ن  لە  بەرانبەر ئەوە دا سڕبەکان حەولی دابەش کردنی ئێتنیکی دەدەن کە لە لایەن ڕێبەرایەتییەکەیانەوە پێشنیار کراوە. بە ڕواڵەت زۆربەی حەولەکان بۆ یەکانگیر کردنی کەمایەتییەکان سەری نەگرتووە.  
 شەڕی کۆسۆڤۆ تا ڕادەیەکی زۆر لە سایەی دەستیوەردانی ناتۆ  کۆتایی پێ هات  بە دامەزرانی میسیۆنێکی نەتەوە یەکگرتووەکان هەر وەک ئەوەی لەمەڕ بۆسنیا کرا .
 ئەنجام:
دەبێ گفتگۆ و دیالۆگ لە نێوان  ئێتنیکەکاندا هەبێ کە قانوونی بنچینەیی  پەسندی دەکا  و دەستەبەر دەبێ بۆ بەرەو ژوور بردن و پاراستنی مافی کەمایەتییەکان بە ڕێگای نوێنەرایەتی یەکسان و وەکوویەک.
  ئەفغانستان ( کێشەی هەرێمی / دوای شەڕی سارد) :
 ئەفغانستان لە مێژ ساڵە وەکوو شەڕگەیەک بە کار هاتووە لە پێناو ستراتێژی شەڕ لە لایەن دەستەڵاتە  دەرەوەییە گەورەترەکانەوە. ئەوەش تا ڕادەیەک لە بەر هەڵکەوتی جوگرافیایی ئەفغانستانە  لە نێوان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئاسیای ناوەندی و باشووری  ئاسیا . لەوەش دەرچێ  تەبیعەتی  دابڕ دابر و جەمسەربەندیکراوی  کۆمەڵی ئەفغان ، کە بریتی یە لە زۆر دەستەی ئێتنیکی جیاواز، بووەتە هۆی  خەباتی ناوخۆیی چەند ڕەهەندی کە ئەوانەش لە لایەن دەستەڵاتی جیاوازیی دەرەوەییەوە پشتیوانیان لێ دەکرێ.
لە ناو ئەفغانەکاندا کاتێک باسی  ئێنیسیتی  دەکرێ  هەمیشە جەنجاڵێکی زۆر دێتە گۆڕێ، زۆربەیان  جەخت دەکەنەوە لە سەر ناساندنی خۆیان وەک ئەفغان  تا ئەوەی کە ناسێنەی ئێتنیکییان بخەنە پێشەوە و کەسانی دیکەش  پێکێشی دەکەن کە ئێتنیسیتی هە تا دێ زیاتر تۆوێکی گرینگی جێی کێشە دەبێ.
ئەنجام:
لەم قۆناغە دا ، ئەوە زۆر گرینگە کە هەر جۆرە بەرنامەیەکی سیاسی بە شێوەیەکی ئاوا دابڕێژرێ کە هەموو گرووپەکان لە ئەفغانستان وەبەر بگرێ. و دەبێ بە ناڕەزایەتییە مێژوویەکانەوە بچارێ کە ئەو دەستە ئێتنیکییانەی کەلە کەمایەتی دان هەستی پێ دەکەن لە ئاست زاڵبوونی پەشتووەکاندا بە سەر حکوومەت و زالبوونی شیعەکان بە سەر زۆربەی دانیشتووانی سوننی دا. ئەگەر ئەو  ناڕەزایەتییانە بە شێوەیەکی کاریگەرانە جێ بە جێ نەکرێن و لێکاڵا نەکرێنەوە، تۆوی لە داهاتوو بە شینی دەمێنێتەوە و بنەبڕ ناکرێ.
  سیری لانکا:
پێواژۆی گرینگی ئاشتی بە ڕێگای کردەوەی عەسکەرییەوە  لە سیری لانکا  کێشەی ئیتنیکی چارەسەر نەکردووە.    ئەو کێشە ئێتنیکییە لە دوڕگەکە دا ڕەهەندی دەروونی ، پێشوەچوونی، سیاسی و ئینسانی هەیە. تەبیعەتی کێشەکە کاردانەوەیەکی جیدی ئاسایشیی هەرێمی هەیە بە تایبەتی بۆ هیندستان. ئاشتییەکی مانا لە دوڕگەکە دا تەنیا بە ڕێگای پێشخستنی دێمۆکراسییەکی لیبڕاڵی ڕاستە قینە دەلوێ.
کێشەی تامیل لە سیری لانکا  لایەنی ناوخۆیی و ناونەتەوەیی هەیە. لەو ووڵاتانەی دا کە شەڕی ناوخۆیی بە تەنیشت  دامەزراوەی بە سبات و دێمۆکڕاتیک دا  لە ئارا دایە، پێ ڕاگەیشتن بە کێشەکە  دەبێتە  پێواژۆیەکی  ئاڵۆزی پارسەنگ ڕاگرتنی داوخوازی ڕقەبەر لە ناوخۆی حکوومەت دا.  لەهەلومەرجێکی ئاوا دا ، دەستێوەردانی نا تۆبزی ، وەکوو ناوبەین کاری و ناوبژیوانی ، دەتوانێ دەورێکی زۆر کاریگەرتر بگێرێ لە کردەوەی عەسکەری.
ئەنجام:
کێشەی گەورەتری سیری لانکا ئەوەیە کە بە چ شێوەیەک  دانیشتووانی تامیل کە لە دوڕگەکەدا لە کەمایەتی دان یەکانگیر بکا تەنانەت ئەگەر بەورانی تامیل ( LTTE ) یش تێک بشکێن. ئەوە گرینگە  حکوومەت حەول بدا بە شێوەیەکی ڕەوا  لەگەڵ تامیلەکان هەڵسوکەوت بکا و ئەوان بە شێوەیەکی کاریگەرتر یەکانگیر بکا لە پێواژۆی سیاسی دا.
  ئاسیای ناوەندی ( دوای شەڕی سارد)
 کۆمارەکانی  ئاسیای ناوەندی  ( قازاخستان،ئوزبەکستان ، تاجیکستان، تورکەمەنستان  و قرقیزیستان )  سەر بە یەکەتیی سۆڤییەتی پێشوو لە چەقی شارستانییە کەونارەکاندا هەڵکەوتوون. لە سەر جادە سەرەکییە مێژوویەکان  (ڕێگای ئاوریشم)  لە نێوان ئوڕووپا و ئاسیا دا.
لە سەردەمی سۆڤییەت دا ، گشت ئەو پێنج ووڵاتانە بە یەکترییەوە بەسترابوونەوە بەڵام لە ناوەندەوە وەکوو یەکەی  سەر بە سیستمی سۆسیالیستی سۆڤییەتی  ئیدارە دەکران. لە ئاسیای ناوەندی دا زیاتر لە ١٤٠  دەستەی جیاوازی ئێتنیکی هەن. زۆر لە دەستە ئێتنیکییەکان بە شێوەی نەریتی بە سەرپێچەکانیان ڕا دەناسرێنەوە و  لە ڕووی مەردمناسییەوە بە  ئاخێوەرانی زمانانی تورکی و فارسی ، موسوڵمان و ناموسوڵمان،  کۆچەر و خەڵکی دامەزراو دابەش دەبن.    
لە ئاکامی ئەو سنوورانەی وا ستالین لە سەردەمی سۆڤییەت ڕاکێشان و نەریتی ژیان و هاتوچووی بێ سنوور لە نێوان دەستە ئێتنیکییەکاندا، هەتا بڵێی ئالۆزییەکی زۆری دێمۆگڕافیک لە ئاسیای ناوەندی لە گۆڕێ دایە . مرۆ دەتوانێ  لە قیرقزستان گوندی ئوزبەکی ببینێ و گوندی قەقیزی لە ئوزبەکستان. تاجیکەکان لە هەموو کوێیەک وەبەر چاو دەکەون.  تورکەمەنەکان زۆر جار دەچنە ناو ئوزبەکستان و قرقیزەکان  زۆر جار سەر لە قازاخستان دەر دێنن.
 ئەنجام:
ئاسیای ناوەندی مێژوویەکی درێژی دەربردنی هەیە. لە ڕووی نەریتییەوە تێپەڕگەیەک بووە بۆ خەڵک بە دەستەی ئێتنیکی ، دینی و هەرێمی جیاوازەوە. لە سەردەمی سۆڤییەتی دا ، ئاسیای ناوەندی، و بە تایبەتی  ئوزبەکستان ، شوێنی تێ پەستاوتنی دژبەران و کەمایەتییە نەویستووەکان بوو. لە ناو ئەو گرووپانەیدا  کە بۆ ئەو هەرێمە ڕاگوێزرابوون  تاتارەکانی کرەیمە، کوردەکان، چەچەنەکان و دەستەکانی دیکەی خەڵکی قەفقاز، ئەڵمانییەکان و کورەییەکان دەبیندران.
زیاد بوونی سەرهەڵێنانی ناسیۆنالیسمی سەرکوتکراو، توندوتیژی ئێتنیکی یان دینی ، کارەساتە مرۆڤییەکان ، قەیرانە سەرەکییەکانی هەرێمی ، و بڵاو بوونەوەی چەکی بە مەترسی. زۆر لە توند و تیژییەکان  لە بەر کێشەی ناوخۆیی لە  دەوڵەتە هەییەکاندا دەتەقنەوە.هەتا خەڵک  زیاتر و زیاتر ئاگادار دەبن  لە هەلومەرجی ژیان لە پاشماوەی جیهان دا  رادەی دەربردن و تەحەمولی ئەوان  لە ئاست  ڕێبەرانی ستەمکار و نالێوەشاوەی خۆیان کەمتر دەبێتەوە.
ووریا قەرەداغی
 لە زیاتر لە ١٤ ووڵات کاری کردووە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩١ تا ٢٠١٦
١٢ی  ئاوریلی ٢٠١٨




No comments: