Monday, April 23, 2018

هێژێمۆنی کاری فکری، کاری فەرهەنگی ، کاری کۆمەڵایەتی لەوانەش گەورەتر کاری فکری تێۆریکی دەوێ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە هەمانە و ئەوەی دەبێ ببێ



 وتووێژێک لە گەڵ پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی
'هێژێمۆنی کاری فکری، کاری فەرهەنگی ، کاری کۆمەڵایەتی لەوانەش گەورەتر کاری فکری تێۆریکی دەوێ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە هەمانە و ئەوەی دەبێ ببێ.'

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست، بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز پڕۆفێسۆر دوکتور عەبباس وەلی مامۆستا کۆمەڵناسی و تیوری سیاسی. زۆر خۆشحاڵین بەڕێزیان جارێکی دیکە لە بەرنامەی ڕاوێژ دا بەشداری دەکەن.
مامۆستا لەوەڕا دەست پێ بکەین، دەزانین کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٧ ، شەپۆلێکی ئعترازی هەستا کە لە شاری مەشهەد دەستی پێکرد. ئەو ئعتراز و پڕۆتێستانە بە دژی گشتی سیستمی کۆماری ئیسلامی تەنییەوە و هەر لە شارێک دا نەما گەیشتە زۆر لە شارەکانی ئێران و تایبەتمەندییەکیشی کە هەبوو ئەوە بوو ، ئەگەر ئەو پڕۆتێستانە بەراوەر بکەین لەگەڵ بزووتنەوەی کەسک، بە پێچەوانەی بزووتنەوەی کەسک لە شارە گەورەکان نەبوو ، و لە گشتی خۆیدا هەموو سیستمەکەی بردە ژێر پرسیار و زۆر چاوەدێری سیاسی دەڵێن ئەوە دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ ئەو بارودۆخە سیاسییەی کە لە ئێراندا هەیە ، بەڕێزت تێخوێندنەوەت چییە لەو بزووتنەوە ئعترازییە، ئەگەر تابڵۆیەکی گشتی لێ بکێشییەوە.

وەلی: ئەو پێشەکییەی کە ئێوە فەرمووتان دوو مەتڵەبی گەورەی تێدایە، یەکیان ئەوەیکە ئەو جووڵانەوە، ئەو قەیرانەی کە هاتووەتە پێشێ لە ئێرانێ زۆر جیاوازە، فەرقی هەیە لەگەڵ رووداوەکانی ساڵی ٨٨ ، لە لایەکی دیکەشەوە دروستە ئەو فەرقەی هەیە بەڵام  بە شێوەیەکی سیاسی – تاریخی پێوەندی هەیە لەگەڵ ڕابردوو و ئەمن لەگەڵ قسەی ئەو چاوەدێرانە هەم ، ئەوانەی کە تەماشای ئەو ڕووداوەیان کردووە و شی دەکەنەوە دەڵێن: ئەوە دەتوانێ دەسپێکێکی تازە بێ لە سیاسەتی ئێرانێ دا. ئەو دوانە دروستن. با بچینەوە سەر ئەو مەتڵەبەی کە من عەرزم کردی ئەویش ئەوەیە کە لە لایەکییەوە جیاوازی هەیە لەگەڵ ٨٨ ی ، لەلایەکی دیکەوە پێوەندی هەیە لەگەڵی. جا دەبێ ئەوەی شی بکەینەوە بە باوەڕی من زۆر مەتڵەبی لێ دێتە دەرێ. ئەوەیکە دەڵێم جیاوازی هەیە لەگەڵ قەیرانی ٨٨ ی لە لایەکی دیکەشەوە زۆر پێوەندی نزیکی لەگەڵ هەیە ئەوەیە ئەو وەزعەی لە ئێرانێ هاتووەتە پێشێ هەم ساڵی ٨٨ی، هەم ئێستا، ئەوە دە حەقیقەت دا جوورە تەحەولێکە، قەیرانێکە کە لە ناوەرۆکی دەستەڵاتی سیاسی لە ئێرانێ هەیە. ئەگەر لە بیرمان بێ لە بەحسێکی کە کردمان پاش ٨٨ ی ئەمن ئەو دەمی عەزرم کردن کە سیستمی ئێرانێ یانی ڕێژیمی ئێرانێ واریدی قەیرانێکی بووە،ئەو قەیرانە ئەمن گوتم قەیرانی شەرعییەت، ئی مەشرووعییەتی سیاسی یە. یانی ئەو سیستمە شەرعییەتی خۆی لە دەست دەدا و ئەوانەی کە لە داخڵی خودی ئەو سیستمەی دا وەکوو ئۆپۆزیسیۆنی ئەو سیستمەی بوون یان لە ناوەرۆکی سیستمەکە یان لە پەراوێزی دابوون، ئەوەیان دەدی و دەیانەویست ئەو ڕێژیمەی لە سەر ڕا بەجوورێکی ساز بکەنەوە کە شەرعییەتێکی کە بنەمای خەڵکی هەبێ، بنەمای جەماوری هەبێ بۆ ڕێژیمەکەی ساز بکەنەوە. ئەوە لە ڕاستیدا لە دایکبوونی پڕۆسەی ئیسلاحات بوو لە ئێرانێ. ئیسلاحات دەیەویست ووڵامێک بداتەوە بە قەیرانی مەشرووعییەتی ڕێژیم . بەڵام ئێمە دەزانین ئیسلاحات لە ئێرانێ دا شکستی خوارد ، لە بەر ئەوەی کە بە شێوەی ئۆپۆزیسۆنێکی ناوخۆی ڕێژیم هاتە مەیدانێ، و ئەو دەمی کە ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی دروست بوو وکوو مانگی بەفرانبار، پێوەندی ئیسلاحاتی هەم لەگەڵ ڕێژیمی و هەم لەگەڵ ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە لە دەرەوەی ڕێژیمی بوو پسا. ئەلئانەکە لە هەلومەرجی ئێستا دا لە ئێرانێ دا قەیرانەکەی ناوەرۆکی دەسەڵاتی سیاسی هاتووەتە ناو قۆناغێکی تازە، دیارە ئەوە لە خولی دووەمی سەرکۆماری ئەحمەد نژادەوە هەبوو و جەنابی ڕووحانیش نەیتوانی ئەوە چارەسەر بکا و ئەو قەیرانەی کە ئێستا هەیە قەیرانی مەشرووعییەت نییە، ئەوە ئاستێکی بەرزتر لە تەحەولی قەیرانی ناوەرۆکی سیاسی سیستمەکەیە کە ئەوە قەیرانی حاکمییەتی سیاسی یە. بەو مەعنایەی کە دەسەڵاتی سیاسی ئەساسەن بە هیچ شێوەیەکی جگە لە بەکار هێنانی زەخت، ناتوانێ سوڵتەی خۆی لە ئێرانێ دابمەزرێنێ بەو مەعنایە کە قەیرانی حاکمییەت یەکێک لە بنچینەکانی و یەکێک لە نیشانەکانی ئەوەیە کە قانوون لە ڕێژیمەکەدا  ناتوانێ دە پڕۆسەی قانوونیدا کار بکا و نەتیجەی هەبێ، یانی هەمیشە ئەو زەختەی کە لە پشت سەری قانوونی ڕاوەستاوە، ئەو زەختە موسەلەت دەبێ بە سەر قانوون دا حاڵەتێکی دەدا بە ڕێژیمی کە هەمووشت بە حوکم ئیجرا دەکرێ نەک بە قانوون.

قازی: باشە لێرە دا شتێک هەیە ئەویش ئەوەیە وەکوو باسم کرد ئەو حەڕەکەتە لە شارە گەورەکان نەبووە لە ناوچە مەرکەزییەکان و ڕۆژهەڵاتی ئێران دەستی پێکرد ، بەڵام لە عەینی حاڵ دا کە زەبر و زەنگ بەکار هاتووە و ژمارەیەک  خەڵک کووژراون و خەلكێکی زۆر گیراون بەڵام بە نیسبەت وەک ئەوەی باستان کرد، بەڵام دەکرێ بڵێین ئەو زەبر وزەنگە سنووردار و بەر تەسک بووە چونکوو ڕەد فێعلیش لە ئاست ئەوە دا تا ڕادەیک جیاواز بووە، بۆ وێنە ئەگەر گوێ بدەیە قسەکانی ڕووحانی یان ئەوەی کە خامنەیی کە لەو حەڕەکەتە دا باسی لاچوونی کراوە و شەخسییەت و کەسایەتی وی براوەتە ژێر پرسیار ، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر توندو تیژ مەوقیفی نەگرتووە ، ئەوەیکە دەفەرمووی ئەو حاکمییەتە بۆ مانەوەی خۆی مەجبوورە زەبر وزنگ بەکار بێنێ.

وەلی: زەبروزەنگەکە، هەڵبەتە ئەمن هێندە لەگەڵ ئەوە نیم کە زەبر وزەنگ کەم  بەکار هاتووە. لە هێندێک جێگا زۆر بەکار هاتووە، بە بەرفراوانی دەکار کراوە وەک لە کرماشانێ. لە سنەی ، لە لوڕستانێ ، بەڵام لە مەشهەدێ ئەو جوورە نەبووە، لە مەرکەزی قەیرانەکەی، سەرهەڵدانەکەی ئەو جوورە نەبووە. ئەوە یەک شتی نیشان دەدا ئەوەیش ئەوەیە وەختێک ڕێژیم دێتە سەر بوحڕانی حاکمییەتی ، یانی دەستەڵاتەکەی لە ئیختیار دایە ، دەسەڵاتەکەی بە کار دێنێ بەڵام ناتوانێ ئەو نەتیجەی کە دەیەوێ لێی وەربگرێ. یانی هەتا ئەو جێگایەی کە بەکار هێنانی دەسەڵاتەکەیە ئەوە تەسەلووتی خۆی نیشان دەدا ، بەڵام ئەوەی کە چ نەتیجەیەکی دەتوانێ لەوەی وەربگرێ ، هێزی دیکە لە مەیدانێ دا هەن لە سەر نەتیجەی ئەوەی تەئسیر دادەنێن. هەر ئەو جوورەی کە دەڵێن لە ئێرانێ بۆ خۆیان ئەو قەیرانەیان لە مەشهەدێ ساز کردووە وەکوو قەیرانێکی ناو خۆیان کۆنتڕۆڵ کراو، کە بتوانن ئەوەی بە دژی حکوومەتی ڕووحانی بە کار بێنن بەڵام بەکردەوە لە دەست چووە دەرێ. شوعارەکان بوونە ئەوەی پێی دەڵێن ساختار شێکەن، وەختێکی شوعار ساختار شکێنە، لە بناغەی دەدا بەو مەعنایەیە کە قەیرانییەکە گەیشتووەتە ئاستێکی دیکە. ئەگەر تەماشای بکەین ، لە ٨٨ی دەگوترا  ' کوا دەنگەکەم ؟ ' یان باسی نەبوونی ئیجماعی سیاسییان دەکرد، باسی ئەوەیان دەکرد کە دەستەڵاتی سیاسی بەو شێوەیە کار ناکا. پێشتر لەوی، زۆر پێشتر لە ٨٨ یش کەسانی وەکوو خاتەمی ، وەکوو سرووشی و ئیسلاح تەڵەبانی دیکە لە سەر ئەوە نووسییان کە ئەگەر حکوومەتی جمهووری ئیسلامی نەتوانێ ئەو قەیرانییەی مەشڕووعییەتی جێ بە جێ بکا ئەوە دەگاتە مەرحەلەیەکی دی، ئێستا لەو مەرحەلەی تێپەڕ بووە. ئەوەی کە دەبینین ئیسلاح تەڵەبان دە دەرەجەی ئەوەڵ دا دەیانەویست لە شارە گەورەکان کە لەوێ چینی ناوەندی بە هێزە، چینی ناوەندی لەوێ بە هێزە ، چینی ناوەندی تەحسیلکەردە بە هێزە، داوخواز و موتالەباتی ئەوانە فەرقی هەیە ، بەڵام ئێستا کە بڵاو بووتەوە، وەکوو ئە جوورەی ئەوانەی لەوێ بوون و شاهیدی بوون و بە ئێمە دەڵێن چینی ناوەندی دەورێکی کەمتری هەیە لێرە، لێرە بەو شێوەیە حەساس نییە و ئەوە بڵاو بووەتەوە، یانی داوخوازییەکان وەکوو ئەوەی بە فارسی پێی دەڵێن ئی ' فروو دەستان ' ە، ئەوانەی کە نەدارن ، ئەوانەی کە برسین ئاوای لێ هاتووە. جا بۆیە حکوومەت کە هەمیشە بە تایبەتی بەشی ئووسول گەراکان، تۆند ئاژۆیەکانی حکوومەت ئەوانە هەمیشە شەرعییەتیان لە موستەزعەفین وەر دەگرت ، لە پێخواسەکان، لە نەدارەکان، ڕووت و قووتەکان، لەوانە شەرعییەتیان وەر دەگرت. شەرعییەتیان لە نیاوەران و دانیشتووانی شیمالی تارانێ وەر نەدەگرت ، بەڵام ئێستا هەر ئەوانەن کە هاتوون دەڵێن برسیمانە ، نانمان نییە، دەست لە سووریای بکێشەوە فکرێکی بۆ حاڵی ئێمە بکەوە ، دەست لە لوبنان و غەزەی بکێشەوە و یان ئەوەی کە شوعاری ' مەرگ بەر دیکتاتۆر' دێتە پێشێ و بە ڕاشکاوی دەچن وێنەکانی دیکتاتۆری دەسووتێنن ئەوە نیشان دەدا کە ئەو جەماوەرە چیدی بۆیان موهیم نییە کە ئایا ئەو سیستمە دەتوانێ شەرعییەتێکی مەقبووڵی هەبێ بۆ چینی ناوەندی لە تارانێ. ئەوەشت عەرز بکەم کە دەبینین  لە هێندێک لە شارەکان چینی ناوەندی بەو شێوەیەی بەشداری نەکردووە لە لایەکی دیکەوە تەفسیری کۆمەڵناسانەشی هەیە . تا حەدێکی لەو پازدە بیست ساڵەی دا چینی ناوەندی لە ئێرانێ وەکوو چینی ناوەندێکی ڕانت خۆر بووە ، ئەوە لە ڕانتی حکوومەتی کەلکی وەرگرتووە و ئەوەی کە قەدیم مارکسیستان پێیان دەگوت پێتی بورژوازی، پێتی بورژوازی داکشاوە، ئێستا پێتی بورژوازی نەک لە ڕووی هەڵکەوتی چینایەتی خۆیەوە بەڵکوو لە ڕووی داهات و توانایی کڕینی گەیوەتە حاڵەتێکی پرۆلێتێری، ئاوای لێ هاتووە.

قازی: ئێستا بێینە سەر لایەنی کاردانەوەکان. ئێمە دەزانین ئەو حەڕەکەتە وەکوو بە گشتی باس دەکرێ بزووتنەوەیەکە لە خۆوەیە و رێبەرییەکی تایبەتیشی نییە ، ئەگەڕ چی هێندێک لە دروشمەکانی و ئەو داخوازیانەی هێنایە گۆڕێ دەکرێ هێزی ئۆپۆزیسیۆن یان هێزی کۆمەڵایەتی بکرێ ئەوانە بقۆزنەوە و لە چوارچێوەی ڕوانگە، و ویستەکانی خۆیاند بتوانن بە کاریان بهێنن. باشە تەئسیراتی کورتخایەن و درێژ خایەنی ئەو بزووتنەوە چ دەبێ؟ یانی لە کورتخایەندا ئێمە شاهیدی چ دەبین ؟ ئایا ئەگەر  ئەوە بەردەوام نەبوو وەک دیاردەیەکی کاتی بووە و نەماوە یان ئەوەی هێندێک کاردانەوەی دەبێ لە ڕوی کۆمەڵایەتییەوە؟


وەلی: بە باوەری من ئەو جووڵانەوەی لە ئێرانێ هەبووە، ئەلئانیش بەشێوەیەکی بەردەوامە، بە شێوەیەکی لاوازتر و زەعیفتر ئەوە ڕێبەرایەتی هەبووە دیارە ئەتۆ دەبێ ڕێبەرایەتییەکت هەبێ کە شوعارەکان لە هەموو جێیەک بێنیە گۆرێ، بەڵام ڕێبەرایەتی ستڕاتێژیکی نەبووە. ڕێبەرایەتی ستراتێژیکی بەو مەعنایەی کە ئێمە  موحاسەبەی دەکەین کە ئەو کارەی دەکەین هەدەفی ئەو کارەی چییە و  لە بەر ئەوەی کە هەدەفی ئەو کارەی بەدی بێ ئێمە چەندە هێز بەکار دەهێنین و نەتیجەی ئەو هێز بەکار هێنانە چۆن دەبێ و لە چوارچێوەی ئەوەیدا تەواوی مێعیاری ئەساسی هەڵسەنگاندنی بەکار هێنانی زەبر و زەنگ یان بەربەرەکانی لە بەرانبەر زەخت دا نیشان دەدا کە مێعیارەکە ئی هەدەفێکی گەورەترە. ئەو هەدەفە گەورەترە ئەساسی سازمانەکەی مەعلووم دەکا. ئەو سازمانی ستڕاتێژیکەی بەو شێوەیەی نەیبووە ئاوا دیارە. بەڵام سازمانێکی ئەوەندەی هەبووە کە بتوانێ بڵێ بۆ وێنە لە فڵان شاریدا دەبێ شوعارەکە ئاوا بێ، لە شوێنێکی دیکە جۆرێکی دیکە. لە نەزەر فکرییەوە ئەو ڕێبەراتییە ستراتێژیکییەی نەبووە، لە ڕووی تەئسیسات و ئەنستیتووشن و ئەوانەشەوە وا دیارە کە فکری ئەوەیان نەکردووەتەوە بەو شێوەیەی. ئەگەر ئەوە بەردەوام بێ بەشێوەیەک  نەفی ئەو جوورە تەجهیز و مۆبیلیزاسیۆنێکە کە بەشێوەی کلاسیک هەمیشە دەکرا، ئەویش ئەوە بوو لە پێشدا حیزبێک، ڕێکخراوێک دەهات ئعترازەکەی ڕێک دەخست، شوعاری بۆ ساز دەکردن. بەڵام ئێستا ئێمە باسی ئەو حەرەکەتە کۆمەڵایەتییە تازانە دەکەین. لەو حەڕەکەتە کۆمەڵایەتییە تازانە دا ئاسایی وایە کە حەڕەکەتەکە دەست پێ دەکا و لە ناوەرۆکی ئەو حەڕەکەتە ئەو ستڕاتێژی ئەساسیەی کە ئەو کەسانەی کە ئەوە بە کار دێنن دێتە دەرێ، بەڵام لێرە دا یەک شت هەیە ئەویش ئەوەیە بۆ ئەوەی کە حەڕەکەتێکی کۆمەڵایەتی تازە سەربکەوێ پێویست بەوە بوو کە لە پێشدا ئەو کەسانە مەیدانی وێژیاکی یانی مەیدانی فەرهەنگییان گرتبایە. لێرە دا ئێمە دێینە سەر ئیسلاح تەڵەبان . یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئیسلاح تەڵەبان ئەوە بوو کە وەختێکی هاتن بوون بە ئۆپۆزیسیۆنی نێو ڕێژیمی ئەوانە مەیدانی وێژیاکی ئۆپۆزیسیۆنیان گرت بەڵام تا ڕادەیەک ئەوەیان کرد چونکە ئەگەر دیقەت بکەین لەوی ڕۆژێوە کە ئیسلاحات لە ئێرانێ پەیدا بووە هەتا ئەمڕۆ وێژیاک یانی دیسکۆرسی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسلاحات هەمیشە  لە چوارچێوەیەکی وێژیاکی دا بووە کە حدوود و سنوورەکەی ویلایەتی فەقیه دایناوە.

قازی: یانی سیستمی نەبردووەتە ژێر پرسیار

وەلی: نەخێر ئەسڵەن. ئیسلاحات هەتا ئێستا هەرچەندێکیش باسی ڕادیکاڵیان کرد بێ  نەیانتوانیوە لە حدود و سنووری دیسکۆرسی ، لە مەیدانێکی گوتاری دا کە سنوورەکەی چەمکی ویلایەتی فەقیه موشەخەسی کردووە لەوێدا کاریان کردووە و نیشانەشی ئەوەیە کە ڕادیکاڵیزمی ئەوانە هەمیشە دیوارێک سەد بووە لە پێشی . ڕادیکالیزمەکەیان ئەوە بووە کە قانوونی ئەساسی دەبێ بەڕێوە بچێ بەڵام چەمکی ئەساسی قانوونی بنچینەیی کە لە سەر ڕا دایان ڕشتەوە چ بوو ئەوەش قودرەتی موتڵەقەی وەلی فەقیه بوو.

قازی: ئێستا بێینە سەر لایەنێکی دیکە. زۆر لە چاوەدێرانی ئەو ڕووداو و سەرهەڵدانانە  لەو پێوەندییە دا باسی دەوری تێکنۆلۆژی مێدیایی نوێ دەکەن. بە تایبەتی باسی ئەوە دەکرێ لە ئێران نزیکەی ٤٠ میلیۆن نەفەر تێلێگرام بە کار دەهێنن و تەنانەت کەسانێکی زۆر کە لە تێلێگرام دا بەشداریان کردووە و لەو مێدیۆمە کەلکیان وەرگرتووە بۆ دابین کردنی  ژیانیان بووە، بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بووە. یانی ئەوە چۆن دەکرێ لێک بدرێتەوە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە؟

وەلی: بە باوەڕی من ئەوە ئەلئانەکە نیشان دەدا کە تێکنۆلۆژی تازە حدوود و سنوور و عەرسە و مەیدانی چالاکی سیاسی گۆڕیوە. بەو مەعنایەی  ئەگەر لە ڕوانگەی ئەدەبییەوە تەماشای بکەین تێکنۆلۆژی مێدیایی سنووری نێوان واقع و مەجازی شکاندووە. ئەو سنوورە نەماوە. ئەوەیکە بە تەلەفوون و بە ئیترنێت و ئانڵاین و ئەوانە دەکرێ  ئەوە دە حەقیقەتدا درێژایی ئەو مەیدانەیە کە شەڕەکەی تێدا دەکرێ. یانی شەڕی سیاسی تەنانەت مومکینە کوشتاری تێدا بکرێ ، بەڵام ئەوە بۆ خۆی شتێک نیشان دەدا  کە تێکنۆلۆژی باعیس بووە کە ماهییەتی دەستەڵاتی سیاسی بگۆڕدرێ. ئەوە زۆر گرینگە لە ڕووی ستڕاتێژیکەوە، هەم بۆ حیزبەکان و هەم بۆ تاکوتەرا.  ئێمە ئێستا لە سیستمێکدا کار دەکەین  کە دەوێدا دنیای مەجازی و ئەوانە بووەتە  درێژەی مەنتقی دنیای کۆنکریت و  مادی سیاسەتێ.


قازی:  دەزانین  لەبەر ئەوەی لە جوغرافیای ئێراندا ، لە سیستمی حاکمییەتی ئێراندا ئیجازە نەدراوە بە ئۆپۆزیسیۆن ، بەشێکی زۆر لەو هێزانەی  کە جۆرێکی دیکە بیر دەکەنەوە  لەگەڵ سیستم نین مەجبوور بوون موهاجەرەت بکەن بێنە دەرەوەی ووڵات و دەزانین کە کامیونیتی ئێرانی  لە زۆر لە ووڵاتانی دنیا دا پەرتەوازە بوون و بڵاو بوونەتەوە. پێت وایە ئەو سیستمە نوێیەی تێکنۆلۆژی دەتوانێ ئەو مەودا جوغرافیاییە لە ناو بەرێ؟ یان بە کردەوە لە بەینی بردووە؟

وەلی: بەڵێ، بە باوەڕی من تا حەدێکی زۆر. بەڵێ وای لێ هاتووە دروستە. ئەلئان ئەو وەزعەی قیاس بکەن لەگەڵ ساڵی ١٣٥٧ ( ٧٩ – ١٩٧٨). ئەو دەمی تێکنۆلۆژی لە حەدی نەوار ( کاسێت) دا بوو ، لە حەدی ئەخباری ڕادیۆی دا بوو. ئەو دەمی موئەسیر بوو . ئایەتوڵا خومەینی لە پاریسێ دادەنیشت و بە کاسێت پێوەندی دەگرت، ئێستا زۆر لەو زەمانی بەرفرەوانتر بووە . مەودا کورتتر بووەتەوە. یەک شتی سەرەکی  هەیە کە دێتە گۆڕێ ، ئەو فەزایە ، ئەمن فەزای هەم بە مانای مەکان و هەم بە مانای  زەمان بە کار دەبەم  ئەو فەزایەی  کە خەباتی سیاسی تێدا دەکرێ ، لە پێشدا ئیدێئۆلۆژییەکی تایبەتی خۆی هەبوو ، ئیدێئۆلۆژی سپەیس بۆ سیاسەتێ. بۆ وێنە  بازار ، دروستە مێعماری بازاڕی جوورێک بوو  کە ئەو بازاڕە بۆخۆی هەم ئاهەنگییەکی دەهێنا پێشێ ، بازاڕی سەربەستە ، هەمیشە مەرکەزێک بوو . بەڵام پاشان کە ئەوەیان  کردەوە بوو بە دووکان و مەغازەی سەر خەیابان  مەرکەزەکەش بەر بڵاو بووەوە. بۆیە ئەو ئیدێئۆلۆژی سپەیس ی کە ئێستا هاتووەتە پێشێ  ، ئەو ئیدێئۆلۆژییە زۆر گرینگە لە پێوەندی لەگەڵ  فەزای مەجازیدا کە هەیە  یانی ئینترنێت و ئەوانە. بە باوەرێ من  ئەوە هەر گۆڕانی جوغرافیا نییە بەلکوو گۆڕانی ئەو پێوەندییە ئیدێئۆلۆژیکانەیە  کە جوغرافیا و فەزا دەیدا بە قودرەتی سیاسی ، ئەوانیش گۆڕاون. ئەلئانەکە شێوەی سەرکوتکردنی ئەوانەش گۆڕاوە   بۆ وێنە بڕوانە ئێستا چۆن ' بەسیج ' دەجووڵێتەوە و ئەو ئامرازانەی بەکاریان دەهێنن  چۆنە؟ بەڵام لە هەمان کاتدا  نیشان دەدا هەرچەند ئەوان دەتوانن ئەو شتانە بکەن ، بەڵام لەو چەند حەفتەیەی بەفرانبار دا یەک شت  بە تەواوی مەعلوومە  ڕێژیم نەک هەر کۆنتڕۆڵ و  سەروەری  فەزای  مەجازی بەڵکوو کۆنتڕۆڵ و سەروەری فەزای دیسکۆرسی ( وێژیاکی ) شی لە دەست دا. بەو مەعنایەی کە شتێکی تازەی پێ نییە. ئێستا تەماشا بکە سەرۆکایەتی جمهووری ئیسلامی چۆن باسی  ئەمریکا ، ئیسرائیل دەکا ، چۆن بە موجاهیدین و ئەوانە دەڵێن ئەوانە نۆکەری بێگانەن. ئەو دیسکۆرسە یەک شت دەگەیێنێ  ئەویش ئەوەیە کە فکرێکی ستڕاتێژیک لە ناو رێژیمی دا نییە کە ئەوەی شی بکاتەوە، تەحلیل بکا.  بێ ئەوەی شی بکاتەوە بۆخۆی شتێکی لەوەی دەر بێنێ کە بتوانێ بە خەڵکی نیشان بدا.  بۆیە ئەوە دەری دەخا کە  هەر چەندێکی کە ئەوە بەردەوام بێ ڕێژیم هیچ ڕێگایەکی نییە  چونکە سەروەری مەیدانی دیسکۆرسی لە دەست داوە ، بە تایبەتی وەختێکی هەمیشە لە وەسیلەی ئیسلاح تەڵەبان کەلکی وەردەگرت.

قازی: ئێستا  هێندێک بێینە سەر هەڵوێستی هەمبەرانی ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی لە کولییەتی خۆیدا .  بەر لەوەی ئەو حەرەکەتانە دەست پێ بکەن لە شاری برووکسێل ' پلاتفۆرمی دێمۆکڕاتیکی بزووتنەوەکانی گەلانی ئێران' کۆنفڕانسێکی نیو ڕۆژەی  ڕێک دەخا کە تێیدا بەڕێزت باسی وەزعی نەتەوەی کورد  لە ئێران دەکەی.  چەند کەسی دیکەش هەر یەکەی باسی بارودۆخی نەتەوەکانی دیکە دەکەن. بە گشتی ئەگەر تەماشای بکەین دیسان  لە بەرەکەتی تێکنۆلۆژی تازە  و ئەو پلاتفۆرمانەی لە سەر تۆڕی ئینترنێت پێک دێن بە گشتی ئێمە مەیلی یەکایەتی دەبینین . بە گشتی نرخاندنی ئێوە لەو بارەیەوە چییە و دوایە دێینە سەر کاردانەوەی ئەو ڕووداوانە لە سەر ئاستی جیهانی.

وەلی:  بە  باوەڕی من ئەو وەزعەی کە لە ئێرانێ هاتووەتە پێشێ  هەلومەرجێکی زۆر حەساسی بۆ کوردان و هەر وەها بۆ ئێتنیکەکان و نەتەوەکانی دیکەی ئێران  پێک هێناوە. ئێستا ئەمن شەخسەن بەو نەتیجەی گەیشتووم  مەسەلەی تورکیاش لە چەند ساڵی ڕابردوو دا ئەوەی نیشان دەدا ، ئەو هێزانەی کە لە ناو کۆمەڵگە ئێتنیکی، قەومی یان نەتەوەییەکاندا کار دەکەن  ئەوانە ئەگەر سیاسەتەکەیان و ئامانجەکەیان  مەحدوود و سنووردار بێ بە کۆمەڵگەی خۆیان سەر ناکەون .ئەوانە وەختێکی سەر دەکەون  بتوانن ووتارێک و سیاسەتێک و ستڕاتێژییەکیان  هەبێ کە بتوانن ئەو دیوارانە وئەو سنوورانەی ئێتنیک  بشکێنن بچنە پێشێ  وەکوو ئەو کارەی کە  هەدەپە لە تورکیا کردی. وەزعێکی پێک هێنا کە ناچار بوون قەبووڵی بکەن. لە بەر ئەوە دێینە سەر ئەوەی کە ئەو ئێتنیکانە،  ئەو کۆمەڵگەیانە ، هەرچۆنێکی ناویان بێنین  ئەوانە بە تەنێ ناتوانن مووەفەق بن دەبێ  بەرەیەکی فراوانتر ساز کەن و ئەوە  ئێستا خەتە ئەساسییەکانی  مەیدانی سیاسی گۆڕاوە. ئیمکانی  ئیتیلاف لەگەڵ ئیسلاح تەڵەبان  یان ئەو گرووپانەی کە دیسکۆرسیان وەک ئیسلاح تەڵەبانە  بە باوەڕی من کاری کوردان ناگەیێنێتە جێگایەکی چون ئەگەر هەدەف ئیجرای قانوونی ئەساسی بێ ، ئەو قانوونی ئەساسییە شتێکی هێندە گرینگی نییە بیدا بە کوردان یا بیدا بە تورکان یا  بە بەلووچان. دەبێ لە چوارچێوەی  ڕادیکاڵتری کە ئەلئان  هاتووەتە پێشێ و ئەگەر ئەوە بەردەوام بێ ، کە مەیدانی سیاسی ڕادیکاڵتر بێ  دەبێ هێزە کوردییەکان دە چوار چێوەی  ئەو ڕادیکاڵیزمە تازەیە دا لە موئتەلیفی تازە بگەڕێن. یەک ئەوەی کە لە موئتەلیفی تازە دەگەڕێن و  دووەمیش ئەوەیە کە  دەبێ گوتارەکەیان ، ستڕاتێژییەکەیان جوورێک بێ  لە هەمان کاتدا کە دەتوانێ ووڵامی مەسەلەکانی  کوردی  لە جێدا ئی کۆمەڵگەی کوردستان بداتەوە  بتوانێ جەزابییەتی هەبێ بۆ  ئەو کەسانەی کە لە تاران و شیراز  و ئەوانەش. یانی لێی نەترسێن  موتەحیدێکی تێدا ببینن.

قازی: نموونەی ئاوا لە دەرەوەی سنووری ئێران هەیە بۆ وێنە لە ڕۆژئاوا.

وەلی: دەقیقەن . دەبێ ئەو وەزعە بێتە پێشێ ، دەبێ ئەو سنوورە بشکێ. مەسەلەی ئەساسی ئەوەیە  ئەگەر حیزبێک لە ئێرانێ، حیزبێکی نەتەوەیی یا ئێتنیکی ، ئەگەر ئەوە بتوانێ تا ئەو ڕادەیە سەر بکەوێ  کە چینی ناوەندی ئێرانێ کە ئەوان ئەلئان بڕێک  زەعیف بوون و خوودی جەماوەری ڕادیکاڵ بووی ئێرانێ باوەڕیان  بەوەی هەبێ کە سیاسەتی کوردی یا  بەلووچی یا ئی ئازەربایجانی بە مەعنای جیاوازیخوازی نییە  - ئەمن کارم بەوەی نییە کە جیاوازیخوازی باشە یان خراپە -  بەڵام ئەگەر ئەتۆ دەتەوێ لە موئتەلیفێکی  لە مەیدانێکی سیاسی ڕادیکاڵ دا بگەڕێی  دەبێ بتوانی ئەو جەماوەری ئێرانێ  قانیع بکەی کە هەدەفەکانی کوردان یا بەلووچان ،  ئی ئازەربایجانییان ، یان ئی عەڕەبان  ئی تورکەمەنان  مەعنای دژایەتی لەگەڵ ئەوان نییە.

قازی: بەڵام یەک مەسەلە هەیە لێرە دا ئەویش ئەوەیە لە ڕووی فیزیکییەوە ، یانی لە ڕووی نزیکی و هاو ژینییەوە  ئەو مەسەلەی ژیانی هاوبەش و  لە ناویەکدا دروست بکا لە ڕاستیدا لە نێوان گەلی کورد و نەتەوەی تورکی ئازەربایجان هەیە لە هێندێک ناوچەی جوغرافیایی دا. ئەو چوارچێوەیە چۆن دەبێ ئاڵوگۆڕی تێدا پێک بێ بە  لە بەر چاوگرتنی ئەو بەستێنە گشتییەی کە دەتوانین بیبینین ؟

وەلی:  ئەوەندەی ئەمن لێی دەزانم کوردان لەگەڵ ئازەربایجانییان  یا لەگەڵ تورکی ئازەربایجانی  نوختەی هاوبەشیان زۆرە بەڵام  موشکیلاتیشیان هەیە. ئەوە دەگەڕێتەوە سەر ئەو مەتڵەبەی کە  کوردەکان لە گەڵ تورکەکانی ئازەربایجانی و ئەوانیدی چ پڕۆگرامێکیان بۆ خۆیان دەوێ. ئەگەر بێین بڵێین کە  هەموویان سیستمێکی فێدراڵییان دەوێ  ئەوە لە قسە دا زۆر باشە  بەڵام ئەمن شەخسەن باوەڕم بەوەی نییە  کە کۆمەڵگەی ئێڕانێ یان بنەمای ئابووری ، سیاسی ئێرانێ ئەوەی هەیە  کە دە دڕێژخایەندا بتوانێ سیستمێکی فێدێڕاڵی ڕابگرێ ئەوە عێڕاق نموونەیەتی. بۆ ئەوەی ئەو سیستمە فێدڕالییە هەبێ ئەو سیستمە لە بنەوە دەبێ مێکانیزمێکی  هەبێ کە ئەو تێکەڵ بوونە دڵخوازانەیە  - ئەوە بە قسەیە واقیعەن دڵخوازانە نییە، هیچ شتێک لە سیاسەت دا دڵخوازانە نییە. هەمیشە پێوەندییەکانی دەستەڵات ئەوە دیاری دەکا.  ئەمن کە دێم لە ئیتیلافێکییەوە لەبەر ئەوەیە لە بەرژەوەندی من دایە کە لێی دەچمە دەرێ  لە بەرژەوەندیم دا نییە، جا ئەو تێکەڵ بوونە دڵخوازانە نییە ، دەبێ بنەمایەک هەبێ کە لە عەینی حاڵدا تەقازا و ویستەکان و  موتالەباتی من لە خۆیدا ڕابگرێ  بەڵام ئەو سیستمەش لە بنەوە ڕابگرێ. ئێمە ئەوەمان دیوە. گرینگترین نموونەی ئەمریکا ، کانادا ، ئەڵمان  ئەوە ئابوورییەکی زۆر بەهێزی سەرمایەداری ڕای گرتوون یان لە سیستمی شووڕەوی دا لە ڕاستیدا  هێزی سیاسی ڕایگرتبوو وەختێکی شەرعییەتی ئیدێئۆلۆژیکی ڕێژیمەکە ڕووخا  هێزە نیزامییەکەشی خۆی ڕانەگرت.کە باس دەکەن دەبێ فکری ئەوەی بکەنەوە  کە  لە چوارچێوەیەکی دا دەتوانن دوو کاران بکەن. یەک ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئێرانێ دا  سیستمێک بێ کە بتوانێ ووڵامی  هێندێک لە ئەسڵە بنەڕەتییەکانی گشتی کە بۆ هەموو دانیشتووانە  بداتەوە و لە هەمان کاتدا  باوەڕی من ئەوەیە کە لە هەر ناوچە و مەنتیقەیەکدا  وەکوو کوردستان ، ئازەربایجان  و بەلووچستان  هێندێک تایبەتمەندی خۆیان هەیە کە دەبێ لەبەر چاو بگیرێن.

قازی: دیارە وەختمان زۆر نەماوە  ئەو بەشەش تەرخان بکەین بۆ  هێندێک لایەنی دیکەی  پێوەندیدار لەگەڵ ئەو سەرهەڵدانانە لە ئێران . ئەویش ئەوەیە وەک ئێوە باستان کرد باڵی زۆر توندئاژۆی ئوسوول گەرا/ بنچینەگرەکان  وەک هەمیشە بە شێوەی نەریتی و ترادیسیۆنێلیش ئەوەیان کردووە. ئەو سەرهەڵدانانەیان بەستەوە بە هێزە دەرەکییەکان  ، بە ئەمریکا و بە سی ئای ئێی، تەنانەت باسی باشووری کوردستانیشیان کرد  ئەوە لە لایەک، بەڵام لە لایەکی دیکەوە  دیتمان لە چوارچێوەی هێندێک لە دەستگا ناونەتەوەییەکاندا بۆ وێنە  ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا بە شێوەیەکی تایبەتی ئەوەی هێنا مەیدانێ و گوتیان پشتیوانی دەکەن لەو سەرهەڵدانانە  و تەنانەت گوتیان  ئەگەر هێڵی ئینترنێت زیاتر چەتی تێ بخرێ ئامادەن دەرەتانی بە کارهێنانی ئینترنێت بدەن بە شارومەندانی ئێران و  دیارە ئەو پێشنیارەی کە ئەمریکا هێنایە گۆڕێ لە لایەن هێندێک لە ووڵاتانی ئوڕووپاییەوە  پشتیوانی لێ نەکرا یانی لێرە دا ناکۆکییەک دەبینین لە نێوان سیاسەتی  ئیدارەی تڕامپ  و هێندێک لە ووڵاتانی ئوڕووپایی  نەک هەر لە سەر ئەو مەسەلە تایبەتیەش بەڵکوو لە سەر ئەو ڕێکەوتنەش کە لە سەر بەرنامەی هێزی ناوەکی ئێران کرا. یانی بێ لەبەرچاو گرتنی ئەو ئیدیعایانەی کە ئێران دەیکا  بەڕێزت ئەو موداخەلە و ئەو بۆچوونانەی ئەمرێکا چۆن دەبینی ؟

وەلی:  بە باوەڕی من بۆچوونەکانی ئەمریکایە  جۆرێک تەشەدود یان ناکۆکی سیاسی تێدایە. ئەوەی دەتوانین لە سیاسەتی ئیسرائیلیش دا ببینین . سیاسەتەکەیان لە سەر بنەمای پڕێنسیپ نییە، ئەگەر مەسەلەیەک لە بەرژەوەندییان دا بێ قبووڵی دەکەن و  ئەگەر لە بەرژەوەندییاندا نەبێ عەینی مەسەلەی ڕەد دەکەنەوە. ئوڕووپا دە چوارچێوەیەکی درێژخایەنتر دا چاو لە ئێرانێ دەکا  تا ئەمریکا. بە باوەڕی من ئوڕووپاییەکان موشکیلەیان ئەوەیە  کە ئەگەر ئەو ڕێژیمە لە ئێرانێ هەڵگیرا کێ لە جێگای دادەنیشێ ؟  کێ دەتوانێ ئەوێ کۆنتڕۆڵ بکا.   دروستە بنەمای کۆمەڵایەتی و بنەمای چینایەتی و وەزعی  فەرهەنگی سیاسی ئێران لەگەڵ سووریا و لەگەڵ   ئەفغانستان فەرقی هەیە بەڵام ئەو فەرقەش تا حەدێکی دەتوانێ بچێتە پێشێ. ئوڕووپاییان دەلێن ئەگەر ئەو ڕێژیمە هەڵبگیرێ  چ لە جێگای دادەندرێ. لێرە دا  ئوڕووپاییان ئەو کارەی  دەکەن کە هەمیشە کۆنسێرڤاتیڤان کردوویانە یانی ئەمنییەت بۆ ئەوان لە دێمۆکڕاسی گرینگترە. ئەمریکاش هەمیشە بە شێوەیەکی سوننەتی  ئەوەی لە میسرێ کردووە، لە ووڵاتە عەڕەبییەکان کردوویەتی. ئەمریکا ئەگەر ئەلئان دەڵێ  ئازادی و دێمۆکڕاسی گرینگترە لە ئەمنییەت فکری ئەوەی کە لە ئێرانێ چ دادەندرێ، بەباوەڕی من  جوورێک ئەوەی کە پێی دەڵێن هەلپەرستی تێدایە. هەلپەرستییەکەشی ئەوەیە کە هەتا ئێستا  دیاریی ناکا کە دەیەوێ لە چ ئۆپۆزیسیۆنێکی پشتیوانی بکا دەیەوێ ناوی خۆی لە سەر کام ئۆپۆزیسیۆن دابنێ  چ ئۆپۆزیسیۆنێکە دەیەوێ شەرعییەتی بداتێ؟  ئەوە زۆر گرینگە و لە جێدا دەگەڕێتەوە سەر ئەوەیکە بە باوەڕی من  لە زەمانی ڕووخانی ڕێژیمی شاوە لە ئێرانێ  ئەمریکا سیاسەتێکی درێژ خایەنی ستراتێژیکی سەبارەت بە ئێران  نەبووە. هەمیشە زۆرتر سیاسەتێکی  کار و کاردانەویی هەبووە لە ئاست ئێران  ئێستاش  سەرەڕای ئەوەی کە دەڵێ  واقیعەن سیاسەتێکی درێژخایەنی یەکگرتووی بۆ ئێران دانەناوە و ئەوەی کە دەڵێ  لە هەلومەرجی ئێستای ئێران دا  دێمۆکڕاسی لە ئەمنییەت گرینگترە  ئەوە هەدەفێکی باشە، وەختێکی لە بیرمانە  ئەگەر  ' بەهاری عەڕەب ' یش قەوما دیپڵۆماتێکی گەورەی  ئەمریکایی گوتی بە داخەوە ئێمە لە جێگای وەکوو میسرێ  یا لە جێگای وەکوو توونس  هەمیشە بۆ ئێمە ئەمنییەت گرینگتر بوو لە ئازادی و دێمۆکڕاسی. و ئەلئان ئەوەی کە دەڵێن  لە ئێرانێ  دەبێ بکرێ ئەوە تەنیا  بە قسە و جریوە ( تویت)ی جەنابی تڕامپی ناکرێ ، ئەوە دەبێ ستڕاتێژییەکی چالاکی لە  پشت بێ ، ئەو ستراتێژییە چالاکە بتوانێ  ئۆپۆزیسیۆنێکی دیاریی بکا  ، مەیدانێکی عەمەل دیاریی بکا  کە خەڵک بزانن چ دەقەومێ و کێ دێ و  کێ دەروا؟  بەڵام ئێستا بەشێکی زۆری چینی ناوەندی ئێرانێ  بە تایبەتی ئەو بورژوازییەی ڕانت خۆر کە  تەنانەت ئێستا لە کوردستانیش بڵاو بووەتەوە ئێمە دەیبینین  ئەوە لە گۆڕانکاری ڕادیکاڵ دەترسێ.

قازی: مامۆستا دیارە بە شێوەیەکی نەریتی بو وێنە جەنابت وەکوو ئاکادێمیکێک تەسەور وایە وەختێک جەنابت ڕەخنەیەکی کۆمەڵایەتی دەگری باسی وەزعێک دەکەی و تێی دەخوێنییەوە پێشنیاریش دەبێ بدەی. لە حالێکدا لەوانەیە لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا بە تایبەتی  کە بنەما دێمۆکڕاتیکەکان بە تەواوی جێگای خۆیان نەکردووەتەوە، تەقسیمی کاریش بەو شێوەیە دیاری نەکرابێ بۆ وێنە لە ووڵاتێک کە بنەماکانی دێمۆکڕاسی جێگیر بووبێ جیاوازی  ڕۆڵی سیاسەتمەدارێک، پارتییەکی سیاسی لە ڕووناکبیرێک هێندێک ئاشکرایە. لەو پێوەندییە دا بە لەبەر چاوگرتنی چوارچێوەی جوغرافیایی و ئەوەی کە لە فەرهەنگی ئێرانێ دا بە گشتی هەیە و لە فەرهەنگی کوردی و نەتەوە و ئێتنیکەکانی دیکە ، ئەگەر بۆ وێنە کوردێک، ئازەربایجانییەک یان بەلووچێک یان عەڕەبێک ڕوو دە جەنابت بکا وەکوو ئاکادێمیسیەنێک جەنابت ڕێگە حەلت چییە، چ پێشنیار دەکەی؟ خەڵک چ بکەن ؟


وەلی
: بە باوەڕی من ئەو وەزعەی کە لە ئێرانێ هاتووەتە پێشێ نیشان دەدا کە چارەنووسی ڕێژیمی ئێرانێ لە شارەکاندا دیاری دەکرێ. بۆ ئەوەی بۆ سازمانەکان و حیزبە سیاسییەکان و تەنانەت بۆ تاکوتەرایان دوو شت زۆر گرینگە بە باوەڕی من دەبێ ئەهەمییەتێکی زۆر گەورە بدەن بە بەرهەمهێنانی فکری ڕادێکاڵ. دووەمیش ئەوەیە کە دەبێ دەست پێ بکەن بنەمایەکی  بەرفرەوان بۆ ڕێکخراوی مەدەنی لە ئێرانێ ساز بکەن. ئەلئان هەرچی ئێمە بەرەو پێشەوە دەچین دروستە لێرە شەڕە و گوللەی داوێن، ئەوە وایە بەڵام ئەوەیکە ڕۆژ بە ڕۆژ ئەهەمییەتی زیاتر دەبێ ئەوەیکە ئەو هێزە دەیباتەوە کە بتوانێ مەیدانی فەرهەنگی ، مەیدانی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی مەدەنی ، ئەو جێگایانەی ستڕاتێژیکی وانە لە کۆنتڕۆڵی خۆی دا بگرێ. لە بەر ئەوە بە باوەڕی من تەئکیدێکی زۆر گەورە دەبێ بدرێ بە ئەنتەلێجێنسیای ڕادیکاڵ، ئەوان فکری تەولید دەکەن. ئێمە حیزبمان هەیە سی ساڵە بە ئەندازەی یەک میلی گڕەمیش فکری تەولید نەکردووە، هەر قسەکانی سی ساڵ لەوە پێش دووپاتە دەکاتەوە. ئەوە نابێتە هیچ . ئێستا ئەو هیزە دەتوانێ بۆ وێنە لە کوردستانێ  پێش ئەوەی کە کۆنتڕۆڵی سیاسی ناوەندە ستڕاتێژیکەکان وەدەست بخا دەبێ لە پێشدا سوڵتەی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خۆی دابمەزرێنێ. ئەوە شەرتی ئەساسییە  ئەگەر بییەوێ بەرەو فکرێکی ستڕاتێژیک بۆ وەی دابمەزرێنێ کە هێژێمۆنی هەبێ لەوێ. بۆیەش ئەمن لێرە باسی هێژێمۆنی دەکەم ، هێژێمۆنی لەگەڵ سوڵتەی فەرقی هەیە. سوڵتە هەمیشە بە زەخت  دادەندرێ بەڵام هێژێمۆنی، کاری فکری، کاری فەرهەنگی ، کاری کۆمەڵایەتی لەوانەش گەورەتر کاری فکری تێۆریکی دەوێ بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە هەمانە و ئەوەی دەبێ ببێ.

قازی: پێت وا هەیە ڕێژیم دەتوانێ ئەو قەیرانییەی حاکمییەت جێ بە جێ کا؟

وەلی : بە باوەڕی من نا. هەڵبەت یەک شت هەیە هیچ ڕێژیمێک بۆ خۆی ناڕووخێ، ڕێژیمی دەبێ بڕووخێنن. تەنانەت ئەوەی کە دەڵێن  فڵان ڕێژیم لە ناوەرۆکی خۆیدا فاسید بوو کەوت وا نییە، دیسان دەبێ سەبەبێک هەبێ. ئەو ڕێژیمە لە ناوەرۆکی خۆیدا تووشی ئەو فەسادی سیاسی و ئابووری بووە، ئەو ڕێژیمە فکری ستڕاتێژیکی لە دەست داوە ، ئەو ڕێژیمە کۆنتڕۆڵی حەوزەی دیسکۆرسی لە دەست داوە. ئیسلاح تەڵەبان فاشیل بوون . ئیمکانی ئەوەی کە لە سەر بنەمای چوارچێوەی پێشتر دا بتوانن خۆیان ساز بکەنەوە زۆر کەمە. بەڵام ئەوانە هەمووی بە جێگای خۆی ؛ ئایا ئۆپۆزیسیۆنێکی فەعال دەبێ  کە بتوانێ ئەو مەیدانەی کە لە زەعفەکانی ئەمڕۆی حکوومەتەوە هاتووەتە پێشێ ، ئەو مەیدانەی بێنێتە ژێر سەیتەرە و کۆنتڕۆڵی خۆی و ئەو ڕێژیمەی بخا؟ ئەوە بە باوەڕی من مەسەلەیەکی ستڕاتێژیکە.

قازی: زۆر سپاست دەکەم  بەڕێز عەباس وەلی زۆر سپاس بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا.
وەلی: سپاست دەکەم

قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی ئەم بەرنامەیەی ڕاویژیش هیوادارم ئەو لێکدانەوە گشتییەی کە بەڕێز وەلی کردی بە کەلک بووبێ. تا ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.

تێبینی: ئەم وتووێژە بۆ بەرنامەی 'ڕاوێژ 'ی تێلێڤیزیۆنی ستێرک  پێشتر ئاستە کرا بوو و لە یەکشەمە شەو ٢٢-ی ئاوریلی ٢٠١٨ بڵاو کراوەتەوە. دەتوانن لە لاپەڕەی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک و لە یووتیوبی بەرنامەی  ' ڕاوێژ' دا ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە تەماشا بکەن. 








No comments: