Sunday, May 20, 2018

بەشێک لە قسەکانی ژەنەڕاڵ مایۆر روپێرت جۆنس : ژەنەڕاڵ مەزلووم فەرماندەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) هێزی بڕیاردەر بوو

شاهیدی دانی زارەکی لە کۆمیتەی کارو باری بەرگری پاڕڵمانی بریتانیا ( هاوس ئاف کامنس)
سەبارەت بە : ئۆپێڕاسیۆنەکانی مووسڵ و ڕەققا
سێ شەمۆ  ١٥-ی مەی ٢٠١٨
شاهیدەکان: ژەنەڕاڵ مایور جۆنس ، جێگری سەرۆکی ستادی ئەڕتەشی بریتانیا، وەزاڕەتی بەرگری و جێگری پێشووی فەرماندەی ( ستڕاتێژی و پشتیوانی) هێزی هاوبەشی – ئۆپێڕاسیۆنی ئینهێرنت ریزاڵڤ ( چارەسەری زاتی) ؛ سپاسالاری هەوایی جانی سترینگر، سەرۆکی ستادی هێزەکانی فەرماندەیی هاوبەش، وەزاڕەتی بەرگری و فەرماندەی پێشووی بەشی هەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشێک لە قسەکانی ژەنەڕاڵ مایۆر روپێرت جۆنس
ژەنەڕاڵ مەزلووم فەرماندەی هێزەدێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) هێزی بڕیاردەر بوو

......
سەرۆکی کۆمیتەی کارو باری بەرگری پارڵمان دوکتور جولیان لویس:  ئایا دەکرێ هێندێک زیاترت لێ بپرسم سەبارەت ئەو تەعامولە سیاسییانەی ئێوە لە هەر کام لە ووڵاتەکان [ عێڕاق و سوورییە] هەتانبوو. تۆ گوتت  لە عێڕاق لە نزیکەوە تێکەڵاویتان هەبوو لەگەڵ حکوومەت. لە سووریا، ئاشکرایە ئەوە ناکرێ، بەڵام گوتت  لە سوورییە ئێوە لە نزیکەوە هاوکاریتان دەکرد  لەگەڵ سەرۆکایەتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی ( قەسەدە) سووریا، ئایا هیچ ئاکتۆرێکی سەرەکی دیکە هەبوو لە سووریا کە ئێوە بەو شێوەیە هاوکارییان بکەن یان بە دەرجەی یەکەم ئێوە هاوکاری هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی (قەسەدە) سووریاتان دەکرد؟
ژەنەڕاڵ مایۆر روپێرت جۆنس: بۆ تێکشاندنی داعش لە سووریا، ماوەیەکی کەمی پێ چوو بۆ ئەوەی ئێمە ئەو شەریکانەی  کە بکرێ باوەڕیمان پێیان هەبێ بناسین. کە ئامانجی بە کەلکیان هەبێ و توانایی ئەوەیان هەبێ بۆ ئەوەی پێویست بوو بکرێ. هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) بە ڕوونی تۆوی زاڵ بوون لە ناو شەریکەکاندا، کە ئەمن ئێستا کەمێکی دی دێمەوە سەری.  بەڵام هێندێک هێزی شەریکی پچووکتریش هەبوون  کە ئێمە لە خوارووی سووریا کارمان لەگەڵ دەکردن.  گوتم  "ئێمە" – مەبەستم هێزەکانی ئیتیلاف بوو، نەک بە تایبەتی ئێمەی بریتانیایی. هێزی ئیتیلاف لەگەڵ هێندێک هێزی شەریک لە باشووری سووریا هاوکاری دەکرد.....  بەڵام لە سەرەوە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فرات، ئەو خاکەی سەرنجی لە سەرە و ئەو خاک و کەوشەنەی دەگاتەوە ڕەققا، مەیادین، دەیرەزوور  و جێگای تر، بە ئاشکرایی لەو شوینانە هێزەدێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە)  هێزی یەکەم و سەرەکی بوون.

باشە ئێمە سەر و کار و تێکەڵاویمان لەگەڵ کێ بوو لە سووریا؟  ئێمە لە ئاستی عەسکەری دا پێوەندیی و تێکەلاویمان هەبوو لەگەڵ کەسێک بە ناوی ژەنەڕاڵ مەزلووم.  ژەنەڕاڵ مەزلووم فەرماندەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا( قەسەدە) یە. ئەو وەک پێشینە کوردە. ئەمن دڵنیام  ئێوە دەزانن کە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) لە دوو بەش پێک دێ: لایەنی زاڵی کورد لەو هێزە دا ، پەپەگە یە، و ژەنەڕاڵ مەزلووم پێشینەی یەپەگەی هەیە ، و ئیتیلافی عەڕەبی سووریایی . ئەوەی ژەنەڕاڵ مەزلووم توانی بیکا ئەوە بوو کە دەورێ بڕیاردەری گێڕا و ئەو گرووپانەی لەدەوری یەک کۆ کردەوە. 
 ئەو کاتەی کە ئێمە لەگەڵ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) قووڵتر بەرەو ڕەققا دەچووین ، هەتا دەهات لە ڕووی نەریتییەوە لە ناوچەی عەڕەب  نزیکتر دەبووینەوە و ئەوە ئاشکرا بوو کە شەڕڤانان دەبوو زیاتر و زیاتر لە عەڕەبان پێک بێن. ئەگەر ئەتۆ بتەوێ  دێیەکی عەڕەب ڕزگار کەی ، ئەوە دەبێ شەڕڤانە عەڕەبەکان ئەوە بکەن بە چوونە ناومان بۆ ناو ڕەققا لەگەڵ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) نزیکەی %٨٠ شەرڤانان لە ئیتیلافی عەڕەبی سووریایی پێک دەهات و ئەویتری هێزە کوردەکان بوون.
جا دەبێ بڵێم، ئێمە زۆر لە نزیکەوە دانوستاندمان هەبوو لەگەڵ ژەنەڕاڵ مەزلووم و لایەنگرانی وەکوو هێزی شەڕڤان.  ئێمە هەر وەها تێکەڵاوییەکی زۆریشمان لە تەک ئەنجومەنە خۆجێیەکاندا هەبوو لە نەبوونی حکوومەتێکی سەروەر دا ، بە تایبەتی لەگەڵ ئەنجومەنی مەدەنی ڕەققا، کە پێک هات بۆ ئامادەیی بۆ ڕزگار کردنی ئەستانەکە، بۆ ئەوەی دەست بکا بە ئیدارەی شوێنەکە .
سەرۆکی کۆمیتە دوکتور جوولیان لویس: لە لووتکەی خۆیدا، کاتێک ئێوە لە سووریا ئۆپێڕاسیۆنتان دەکرد بە هێرشی هەوایی هەتا مانگی مارسی ئەمساڵ، ئێمە ٣٣٣ پەلاماری هەواییمان هەبووە لە سووریا  ئایا بەڕێزت پێت وایە کە بەشی هەرە زۆری ئەو پەلامارانە بۆ پشتیوانی لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) بووە؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس : ئەوە پرسیارێکی زۆرباشی بریتانیاییە . جا ئەمن حەواڵەی هاوکارە بریتانیاییەکەمی دەکەم ووڵامی بداتەوە.     


سپاسالاری هەوایی سترینگر:  بە گرد بڕی وایە. سەرۆک، ئەگەر ڕێگام هەبێ  من هەتا ١٧ی ئۆکتۆبر [ ٢٠١٧] باس دەکەم چونکە ئیدی من هەڵبڕام. بە گردبرێ وایە ، پەلامارە هەواییەکانی ئێمە لە سووریا بۆ پشتیوانی بوو لە قەسەدە لە سەر زەوی.
..........................
فیل ویلسۆن: ئەمن پێم خۆشە  سەبارەت بە ڕەقەمی لەگۆترەی خەساری خەڵکی مەدەنی بپرسم. ئێوە چتان دەکرد بۆ ئەوەی لە کاتی پەلاماری هەوایی دا دەست لە خەڵکی مەدەنی و خەساری غەیرە نیزامی بپارێزن؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: ...................
دەمەوێ هەمان شت سەبارەت بە سووریاش بڵێم. هەر ئەو ژەنەڕاڵ مەزلوومەی کە باسم کرد هەتا بڵێی وورد و لە سەرەخۆ بوو کاتی چوون بەرەو ڕەققا چونکە زیاتری دانیشتوونی ئەو شارە عەڕەب بوون. ئەوە بووە هۆی ئەوە ژەنەڕاڵ مەزلووم ئەوەندەی دیکەش بە ئیحتیات بجووڵێتەوە، ئەگەر ئەو عەڕەبێک بووبایە ڕەنگە هەستی کردبا  دەستی کراوەترە و بڵێ  " ئەمن عەڕەبێکم، و ئەوەش شارێکی عەڕەبی یە. ئەوە شاری منە، جا بۆیە من دەکرێ زیاتر شەڕانی بم. " بەڵام ئەو هەڵوێستێکی ئاوای نەگرت و تەواو پێچەوانەکەی کرد. ئەو گوتی: " ئێرە شارێکی عەڕەبە، ئەمن کوردم، بۆیە دەبێ تەنەنات زۆر ووردتر بم لە نزیکبوونەوەی خۆم دا ". شەریکەکانی ئێمە ئەو شێوە هەڵسوکەوتە درەوشاوەیان زۆر بە دڵ بوو. .....
..........
گراهام پ. جۆنس: دەکرێ بە کورتی هێندێک باسی  پێشمەرگە بکەی، چونکوو ئاشکرایە ئەوە بابەتێکە لە ناو عێڕاق دا، باشە تێکەڵی تۆ لەگەڵ پێشمەرگە چۆن بوو ؟ کە ئاشکرایە ئەوان ڕێکخستنێکی حکوومەتن  بەڵام هێندێک لە بەغدا  دوورن؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس : ئەوە لە دوو ئاست دایە. یەکەم ئەوەیە کە بەگردبڕی ئێمە هەمیشە ئەو تێکەڵی و دانوستاندنەمان بە ئاگاداری سەرۆک وەزیر عەبادی دەکرد. سەرۆکوەزیر  قەوارەی حوکمداری لە هەولێر بە ڕەسمی دەناسێ بەڵام ئەو هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەیە ئەوە لە دەرەجەی یەکەم بە ڕێگای بەغدا دا بێ. و ئەمەش شەریکی بووین و ئێمە بە گردبڕی بە قسەمان دەکرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە ئاگاداری تەواوی سەرۆکوەزیر عەبادی، ئێمە زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی دەکەین لە هەولێر، بۆ جێ بە جێ کردنی ئۆپێڕاسیۆنی ئینسانی و هەر وەها جێ بە جێ کردنی هەموو  تۆوەکانی دیکەی ئۆپێڕاسیۆنەکە. هەر وەک گوتم، ئەوە بە گردبڕی بە هەم ئاهەنگی تەواوەوە بوو لەگەڵ سەرۆکوەزیر عەبادی.  لە ڕاستیدا، وەزیرە کوردەکان بۆ نەخشە داڕشتن دەهاتنە بەغدا، وبە ئاگاداری لە ئاڵنگارییەکانی ڕێفراندۆم، کوردەکان و عێڕاقییەکان دەڵێن ئەوان قەت هاوکارییەکی ئاوایان نەدیتووە لە نێوان هەولێر و بەغدا دا، ئەو جۆرەی کە ئەو هاوکارییەیان دیت لە نەبەردی ڕزگار کردنی مووسڵ دا .
تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر لایەنی عەسکەری کارو باری پێشمەرگە، ئێمە هەر ئەو جۆرەی کە پێشمەرگەمان پەروەردە دەکرد و ڕادەهێنا هەر ئەو جۆرەش  پاشماوەی هێزە ئەمنییەکانی عێڕاقمان پەروەردە دەکرد و بریتانیاییەکان دەورێکی گرینگیان لەو بارەیەوە گێڕا.
...................
کاک فڕانسوا: باشە، دەکرێ بگەڕێینەوە سەر ڕەققا؟ ئەتۆ زۆرت باسی ئەو ئالنگارییە نیزامیانە کرد کە لە بەر دەم ئۆپێڕاسیۆنی مووسڵ دا هەبوون. ئەو ئالنگاریانەی وا لە بەر دەم ئۆپێڕاسیۆنە نیزامییەکانی ڕەققا دا هەبوون چ بوون؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: با ئەمن دەست پێ بکەم و جانی [ سپاسالاری هەوایی سترینگر] جیاوازییەکەت بۆ باس دەکا لە ڕوانگەی هەواییەوە. یەکەم. ڕەققا شارێکی زۆر جیاوازە. زۆر لە مووسڵ چکۆڵەترە ، دانیشتوانی نزیکە ی ٢٥٠.٠٠٠ ە بەڵام باوەکوو ئەوەش  ناوچەیەکی گەورەی شارانەیە. هەڵکەوتی شارەکەش لەگەڵ مووسڵ جیاوازە. بەرزتر هەڵکەوتووە، خانووی گەورە و بەرزی لێیە. ئەوەش ئالنگارییەکی زۆر گرینگ ساز دەکا لە بەردەم مانۆڕدان و جووڵەی هێزی زەوینی. ئاڵنگاری و جیاوازییەکی دیکەش لە مەر ئەو ڕاستی یەیە لەوێ حکوومەتێکی سەروەر لە گۆڕێدا نەبوو . ئێمە باسی ئەوەمان کرد و ئەوەش گیرو گرفتێک بوو.
سەبارەت بە پێوەندیی و گرێدراوی ئێمە بە فەرماندەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) ژەنەڕاڵ مەزلووم  و ئەنجومەنی مەدەنی شاری ڕەققا، هێندێک لا هێندێک نیگەرانییان هەبوو سەبارەت بە دەسەڵاتی ئەوان . هێندێک ئالنگاریی ئیدارە کردن و حوکمداری لە گۆڕێ دایە..............
جیاوازی لە نێوان شەریکەکانیش هەیە. پێشتر باسم کرد ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق ٩٤٠٠٠ کەسن. هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) ئەوەندە نابن. و ئەرتەشی دەوڵەتێکی سەروەر نین کە تانک و تۆپخانەیان هەبێ و گشت ئەو شتانەی کە ئەڕتەشەکان هەیانە. ئەوان هێزێکی میلیسیایی سووکن ، بە ژمارەیەکی بە نیسبەت کەم بە پەروەردەیەکی کەمەوە، و هەر بۆیەش، ئەو شێوەیەی کە دەبوو ئێمە لە شەڕ دا پشتیوانییان لێ بکەین جیاواز بوو.  ئەو شێوەی ئەوان لە مەیدانی شەڕ دا شەڕیان دەکرد جیاواز بوو و ئێمە دەبوو  شێوەی پشتیوانیکردنی خۆمان لەوان ئەوەندە زیاد بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لە مەیدانی شەڕ دا هەڵسووڕێن. .......
................ 
سەرۆکی کۆمیتە دوکتور جولیان لویس: ببوورن ، لەبەر ئەوەی کاتمان کەمە دەبێ موداخەلە بکەم و بە خێراتر بدوێین. ئەوەی من دەمەوێ لێی تێبگەم ئەوەیە : هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا – ئێوە لە ماوەی ئەو دوو سەعاتەی دا کە بەیەکەوە دەدوێین زۆر جار ئاماژەتان بەوان کرد – و هەر وەها بە گرووپێک لە خوارووی سووریا  کە وە ئەو دەچێ، تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر شەریکەکانمان لە سووریا
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: بەرەو ڕۆژئاوای ڕەققا بەولاتر هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای میانەڕۆی ئەوتۆ هەبوون کە هێزی ئیتیلاف لە سەروبەندی جیاواز دا کاری لەگەڵ کردوون.
دوکتور جولیان لویس: باشە ئەوان قەت هیچ خاکیان ڕزگار کردووە؟
ژەنەڕاڵ جۆنس: بەڵێ، بە گردبڕی، لەوانەیە ئاگادار بی لەو ئۆپێڕاسیۆنەی کە تورکیا کردی بەرەو ئەلباب.  تورکیا ئەوەی بەهاوکاری هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کرد.
دوکتور جولیان لویس: ئەمن نامەوێ لە دەرەوەی بواری عەسکەری پرسیارت لێ بکەم. بەڵام بە بەربڵاوی ڕاپۆرتی ئەوتۆ بڵاو بوونەتەوە کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، جگە لە کوردەکان نەبێ ، لە ڕێباز و ئاڕاستە دا ئیسلامیستن. ئایا ئەوە هۆکارێکە کە دەبێ مرۆڤ لەبەرچاوی بگرێ کاتێک بڕیار دەدا لەگەڵ کێ هاوکاری عەسکەری بکا؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: ئەمن بە تەواوی لەو ناساندنە تێ ناگەم. بە دڵنیاییەوە بێ سێودوو قسەکەت ڕاستە کە مرۆڤ دەبێ بە ووردی و ووشیارییەوە شەریکەکانی هەڵبژێرێ.  بە دڵنیاییەوە گرووپی ئیسلامیست هەبوون لەوێندەرێ کە ئێمەنامانەوێ شەریکایەتیان بکەین و نەشمان کردووە . و تەنێ کوردەکانیش نەبوون کە شەریکایەتیمان لەگەڵ کردوون. بە چوونە ناو خاک و کەوشەنی عەڕەب ، تا ئاستێکی گرینگ، شەڕڤانانی عەڕەب کاری ڕزگاری ئەو شوێنانە ڕادەپەڕێنن ، و ئەوان  ئیسلامیست نین .
دوکتور جولیان لویس: ڕاستە ، ئەوان ئەو شەڕڤانە عەڕەبانە بوون لە ژێر سەیوانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) ، کە کوردەکان ڕێبەرایەتی دەکەن. چاوەدێرەییەکانت سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا چییە؟  هەر ئەو هێزانەی کە وا وەبەرچاو دێ  هاوپەیمانانی سەرەکی ئێمە بووبن لە سەر زەوی لە سووریا ئێستا وێدەچێ تووشی کێشەی توند هاتبن لەگەڵ تورکیا.
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: ئەمن پێم وایە ئەو پەیامەی کە ئێمە هەموومان وەک ئیتیلاف پێمان خۆشە بینێرین بۆ شەریکەکانمان  - قەسەدە – و تورکیا ئەوەیە، : با حەول بدەین یەکێتیی بپارێزین و با سەرنج و هێزی خۆمان لە سەر تێکشاندن و بە چۆک داهێنانی داعش کۆ کەینەوە.  ئەمن پێم وایە ئەوە هەڵوێستی حکوومەتی بریتانیایە – ئەوە خەڵکی دی دەبێ قسەی لێوە بکەن – ئەویش ئەوەیە کە تورکیا هێندێک بەرژەوەندی مەشڕووعی هەیە لە ناوچە سنوورییەکانی.  تا ئەو جێگای پێوەندی بە شەڕ بە دژی  داعش  پەیدا دەکاتەوە، ئێمە پێمانخۆشە هەموو لایەک سیلەی چاویان لە سەر ئەو خەڵاتە بێ. ئەو خەڵاتەش  تێکشکاندنی داعش ە . ئەمن دەبێ ئەوە دابگرمەوە ئێستا هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا ( قەسەدە) لە سەرەتای ئەو مانگەوە بە تەواوی و پتەوی هاتووەتەوە بەرەی پەلامار بۆ سەر داعش لە ناوچەی دۆڵی ناوەڕاستی چۆمی فرات.
دوکتور جولیان لویس: هەر لە حاڵی حازر دا ، تورکەکان و هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) بە گرد بڕی لە تێکهەڵچوونێکی تەواو دان، وا نییە؟
ژەنەڕاڵ ماتۆر جۆنس: ئەمن نامەوێ بکێشرێمە باسی ئەوەی کە لە عەفرین چ ڕادەبرێ. ئەوە بەشێک لەو شەڕە نییە کە ئەمن بەرپرسیاری بووم.  ئەوە دەگاتە ئەو نوختە ئاڵۆزەی کە جانی [ سپاسالاری هەوایی ستینگر] باسی کرد ؛ ئێمە دەزانین کە تورکەکان دژوارییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ یەپەگە وەکوو گرووپێک و ئەو ئیدیعایانەی وا سەبارەت بە پێوەندییەکانی لەگەڵ پ.ک.ک دەکرێ. بە ڕوونی، پ.ک.ک گرووپێکی تێرۆریستە  کە هەڕەشەیەکی گرینگە لە سەر تورکیا. یەپەگە  سەربەخۆ بوونی خۆی لە پ.ک.ک ڕاگەیاندووە . یەپەگە دەڵێ ئیدی چ بڕ هیچ پێوەندییەکیان نییە. ئێمە وەک ئیتیلاف بەوە ڕازی بووین. ئێمە دەزانین کە تورکیا ، وەکوو ئەندامێکی ئیتیلاف، ڕوانگەیەکی دیکەی هەبوو لەو بارەیەوە. ئێمە بەردەوام بووین لەسەر قسەکردن لەوبارەیەوە لەگەڵ تورکیا ، بەشێوەیەکی زۆر هاوکارانە.
................
دوکتور جولیان لویس: بە لەبەرچاو گەتنی شیکردنەوەی پەلامارە هەواییەکان ، دەکرێ بگوترێ ئەو هێزانەی کە ئەو جۆرە پشتیوانییەیان لێکراوە بە شێوەی سەرەکی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) بووە؟
ژەنەڕاڵ مایۆر جۆنس: بەڵێ، گورزی هەرە قایم لە سووریا لە لایەن هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا (قەسەدە) وە داعش کەوتووە.
............................

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی










No comments: