Saturday, December 22, 2018

شەش پرسیاری من و نۆ ووڵامی پانێلیستان لە پانزدەهەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکیا و نەتەوەی کورد ، برووکسیل ، پارڵمانی ئوڕووپا ، چوارشەمە – پێنجشەمە ٥-٦ ی دیسامبری ٢٠١٨


شەش پرسیاری من و نۆ ووڵامی پانێلیستان  لە پانزدەهەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکیا و نەتەوەی کورد ، برووکسیل ، پارڵمانی ئوڕووپا ، چوارشەمە – پێنجشەمە ٥-٦ ی دیسامبری  ٢٠١٨

قانوونی نێونەتەوەیی بەشەردۆستانە دەبێ بکرێتە پێوانەی هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی کورد
لە پازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا ، تورکیا و نەتەوەی کورد کە ڕۆژانی ٥-٦ ی دیسامبری ٢٠١٨ لە بینای پارڵمانی ئوڕووپا لە برووکسێل بەڕێوە چوو . لە پانێلی یەکەم دا لە ژێر سەردێری " تورکیا وەک دەوڵەتێکی کە خۆی لە حوکمی قانوون بێ بەش کردووە " چەندین بابەت پێشکێش کرا . لە ناو ئەوانە دا
هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا ئوێزتورک تورک دۆغان بابەتێکی پێشکێش کرد بە ناوی: "ڕاستەقانی ناو زیندانەکانی تورکیا و دەسەڵاتی قانوونی بارودۆخی ئاوارتە / سیستمی زیندانی ئیمراڵی وەکوو نموونەیەکی سەرەکی سیستمی زیندان لە بارو دۆخی نائاسایی دا. "

ئیبراهیـم بیلمەز پارێزەری سەر بە ئۆفیسی پارێزە ریی سەدە بابەتێکی پێشکش کرد بە ناوی : "تاکهێشتنەوە لە زیندانی ئیمراڵی وەک مێتۆدێک بۆ پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و زەمینە حقووقییەکانێتی"

دوکتور گیانی تۆینۆنی سکرتێری گشتی دادگەی هەمیشەیی گەل لە ئیتالیا بابەتێکی پێشکێش کرد بە ناوی : "بەرپرسیارییەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی / مێکانیزمەکانی مافی مرۆڤ و ئاسۆگەکانی داهاتوو"

لە بەشی پرسیار و ووڵام دا ئەمن ئەو بۆچوونەی خوارەوەم هێنا گۆڕێ:
قسەکەی من ڕووی لە هەموو ئەندامانی ئەم پانێلەیە . قانوونێکی نێونەتەوەیی هەیە بە ناوی قانوونی نێونەتەوەیی بەشەر دۆستانە کە چوارچێوەی کێشەی چەکداری دیاریی دەکا. نەتەوەی کورد بزووتنەوەی خۆی بە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی دادەنێ ، ئەوە لە هەر بەشێکی کوردستان دەبێ بڵا ببێ ، چ لە باکوور ، چ لە باشوور ، چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە ڕۆژئاوا . ڕەنگە لە چوارچێوەی قانوونە نێونەتەوەییەکاندا ئەوە تاکە قانوون بێ کە کێشەی چەکداری وەبەر دەگرێ. ئەوە گرینگە بزووتنەوەی کورد لە بواری نێونەتەوەیی دا بە پێی ئەو قانوونە خۆی دەرببڕێ ، ئەوە گرینگە چونکە بزووتنەوەی کورد بە تایبەتی لە باکووری کوردستان هەمیشە گوشاری ئەوەی لە سەرە کە شەقڵی تێرۆریزمی لێ بدرێ. لە ئێرانیش هەمان شت . بۆیە بە باوەڕی من حقووقزانان پێویستە لە سەر ئەو قانوونی نێونەتەوەییە بەشەردۆستانەیە تەرکیز بکەن و تاوانی تێڕۆریزم وەدوایە بدەنەوە . بۆچوونی ئەندامانی پانێل لەو بارەیەوە چییە ؟

ئیبراهیم بیلمەز، ئۆفیسی پارێزەریی سەدە : ئەو جۆرە کێشە ئێتنیکیانە لە زۆر ووڵاتان هەن. یانی لە هەموو جێگایەکی دنیا دا هەن. لە هەر جێگایەکدا ئینکار هەبێ ، زوڵم هەبێ لەوە بەرخوەدان و خۆڕاگری دەزێتەوە. سەبارەت بە مەشڕووعییەتی ئەو جۆرە خۆڕاگرییانە پێم وایە لەو کۆنفڕانسە دا هەموو هاوفکرن. هەم قانوونە نەتەوەییەکان و هەم قانوونە نێونەتەوەییەکان هەن بەڵام دەوڵەتەکان ڕێبازی ئەو قانوونانە دیاری دەکەن. هێز لە دەست ئەوان دایە ، ئەوان قەرار دەدەن کێ تێرۆریستە و کێ تێڕۆریست نییە . کە وابوو ئەو هێزانەی لە پێناو داوخوازەکانی گەلی کورد دا خەبات دەکەن ، ڕێکخستنی پ.ک.ک ش کە لەو ڕێیە دا خەباتی سیاسی دەکا وەک ' تێڕۆریست ' دەبینن و ناوی دەخەنە لیستی تێڕۆرەوە. دیارە لەو بارەیەوە حقووقزانان دەستە وەستان نین ، ڕەنگە بە ڕێگای میدیاوە بیستبێتتان لە ئوڕووپا چەندین دۆز کراونەتەوە بۆ ئەوەی پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر بهێندرێتە دەرەوە و لەو بارەیەوە بەو نزیکانە بڕیارێکی زۆر گرینگ دەرچوو و ئەوە قەرارێکی بەجێ بوو .مەحکەمەی گشتی دیوانی عەداڵەتی یەکێتیی ئوڕووپا بڕیاری دا پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر دەربهاوێژرێ. تا ئەو جێگایەی من بزانم پ.ک.ک لە بەر مەسەلەیەکی تێکنیکی هێشتا ناوی لە لیستی ساڵی ٢٠١٨ دا ماوە. دیارە لە گشت ئەو کێشە ئێتنیکییانە دا مەسەلەی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوان ئامادەیی هەیە ئەوەش لە ڕووی سیاسییەوە بابەتێکی جێی مشت و مڕە. بە داخەوە لەو بارەیەشەوە ئەوانەی هێزیان بە دەستە بڕیار دەدەن. هەمیشە هەر وا بووە. ئەگەر لە چوارچێوەی قانوونی نێونەتەوەیی بەشەر دۆستانەوە لێی بڕوانین دیارە ئەو قانوونە نکووڵی لە ناسێنەی گەلێک یان ئێتنیسیتییەک ناکا. مومکین نییە ئەگەر شتێک سەبارەت بە مافی مرۆڤ بێ بتوانێ ڕەدی بکاتەوە. بەڵام دەزانین لە ئاستی جیهانی دا کێشەکان بەردەوامن و دەزانین و دەبینین کە ئەو قانوونی نێونەتەوەیی بەشەردۆستانەیە بەشی ئەو وەزعە ناکا. دیارە لەو بارەیەوە دەبێ زۆر کار بکرێ . نازانم تا چەند توانیم ووڵام بدەمەوە ، هەر ئەوەندە دەتوانم بڵێم.

ئوێزتورک تورک دۆغان ، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە تورکیا : دیارە پەیماننامەی ژێنێف و دوو پرۆتۆکۆڵە لێ زیادکراوەکانی باسی حقووقی شەڕ دەکەن .بۆ ئەوەی ناوەرۆکی ئەو پەیماننامەیە لە بەر چاو بگیرێ پێویستە مێکانیزمە نێو نەتەوەییەکان دەست بەکار بن. ئەو میکانیزمانە بریتین لە دادگەکان ، ئۆرگانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانەکانی یەکێتیی ئوڕووپا. دیارە لەو شوێنانەش کە تێکهەڵچوونی چەکداری هەیە ستاتوسی چاوەدێری بۆ خاچی سوور لە بەر چاو گیراوە. و ئەگەر دەوڵەتەکانی لایەنی کێشەکە قەبووڵ بکەن خاچی سوور دەتوانێ ئەو ئەرکی چاوەدێر بوونەی خۆی بەڕێوە بەرێ. جا ئیستا ئەگەر تەماشای تورکیا بکەین ، تەماشای جوغرافیای کوردستان بکەین ، کوردستانی تورکیا، کوردستانی سووریا، کوردستانی عێڕاق یان کوردستانی ئێران لەو شوێنە خاچی سوور چەندە بتوانێ ئەرکی چاوەدێریی خۆی ڕاپەڕێنێ جێگای موناقەشەیە. ئەوان لە تورکیا نین .حکوومەتی تورکیا پەیماننامەی پێویستی لەو بارەیەوە ئیمزا نەکردووە . تا ئەو جێگایەی من بزانم لە سووریا خاچی سوور دەبێ ئەرکی چاوەدێری خۆی بەڕێوە بەرێ. لە سووریا ئێستا شەڕێکی ناوخۆیی هەیە . لە عێڕاق و لە ئێرانیش پێویستە ئەو ئەرکی چاوەدێرییە بەڕێوە بچێ بەڵام ئەوانە بەش ناکەن. بۆ دەکار کرانی پەیماننامەی ژێنێڤ و پڕۆتۆکۆلەکانی دەبێ میکانیزمی زۆر کاریگەرتر و بە دەستەڵاتر هەبێ . لە سەرووی ئەوانەش ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە . پێکهاتەی سیاسی ئێستای ئەنجومەنی ئاسایش ئاوایە بێتوو ٥ ئەندامی هەمیشەیی ئەو ئەنجومەنە لە سەر بابەتێک یەک دەنگ بن دەکرێ وەدی بێ و جێ بە جێ بکرێ . ئەنجومەن سیستمێکی ئەوتۆی هەیە. لێرە دا گرفتێک هەیە ، ڕەخنەی کەسانی وەک ئێمە پارێزەرانی مافی مرۆڤ کاتێک مافی مرۆڤ شرۆڤە دەکەین دەڵێین تەنانەت پاراستنی نرخەکانی مافی مرۆڤیش بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی سیاسی دەوڵەتەکانی ئەندامی ئەنجومەن.دواجار ئەو میکانیزمە دەبێ بە شێوەیەک خۆی بکاتەوە و بگۆڕدرێ.
نوختەیەکی دیکەش ئەوەیە دەبێ حەول بدەین هەموو ووڵاتان بریارەکانی دادگەی هەمیشەیی تاوانی نێونەتەوەیی کە ستاتوسی ڕۆم چوارچیوەی ئەرکەکانی دیاری دەکا بپەژرێنن. تورکیا بن ئەو ستاتوسەی ئیمزا نەکردووە ، سووریا نەی کردووە و ئێران و عێڕاقیش ئیمزایان نەکردووە . کە وابوو دۆزگەری دادگەی لاهەش دەستی بەستراوە و لەو بارەیەوە ناتوانێ هیچ بکا. هەر ئەوە دەمێنێتەوە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو شوێنانەی تێکهەڵچوونی چەکداریان تێدایە بریار بدا. دیارە گوتنی ئەوەش لە جێ دایە ، لەمەڕ کێشە و هەرای یوگوسڵاوی پێشوو قەرار و بڕیاری جۆر بە جۆر هەن . ئەو قەرارانە زۆر گرینگن ئەگەر بێتوو ئەو بڕیارانە بکرێنە نموونە دەکرێ مادەی ٣ی پەیماننامەی ژێنێڤ سەبارەت بە تێکهەڵچوونەکانی ناو تورکیاش بە کار بهێندرێ. لە سووریاش لە بەر ئەوەی شەڕی ناوخۆ هەیە هەم پەیماننامەکە و هەم پڕۆتۆکۆڵەکانی دەکرێ لەوێ دەکار بکرێن.لە عێڕاق و ئێرانیش دا ئەگەر دۆخی تێکهەڵچوونی چەکداری هەبێ ئەوانە هەموویان دەکرێ دەکار بکرێن.
دیارە ئەرکی حقووقزانانیش ئەوەیە گشت ئەوانە بگەیێننە دادگەکان و میکانیزمەکان و زەمینە خۆش بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری تازە بدرێ . ئەگەر حقووقزانانەکان حەولەکانیان چڕتر بکەنەوە بەڵکوو لە سایەی تێکۆشانی پارێزەرانی مافی مرۆڤ بکرێ لەو بوارانە دا پێشوەچوون مەیسەر بێ. من دەمەویست ئەوانە بڵێم.


دوکتور گیاننی تۆینۆنی ، سکرتێری گشتی دادگەی هەمیشەیی گەل ، ئیتالیا: منیش دەمەوێ بە کورتی بڵێم ئەگەر چاو لە بڕیاری دادگەی هەمیشەیی و ئەو باسانەی تێیدا هاتوونەتە گۆڕێ بکەین مەسەلە ئەوە نییە کە دەوڵەتان پەیماننامەیەکیان ئیمزا کرد بێ یان نەکرد بێ . بە تایبەتی پرۆتۆکۆڵەکانی ستاتوسی ڕۆمی لە مەڕ دادگەی تاوانی نێونەتەوەیی.ئەوە بۆخۆی جێگای مشتومڕێکی زۆرە گەلۆ ناساندنی هێرش و پەلامار چییە ؟ ئێستا وێدەچێ ناساندنی چەمکی " تێرۆریست " زۆر گرینگتر بێ لە ناساندنی چەمکی " مافی مرۆڤ " و " مافی شارۆمەندی ".
" تێڕۆریزم" زاراوەیەکە بە تەواوی لە بەر هۆی ژێئۆپۆلیتیکی ساز کراوە و لە ناو خەڵک دا بڵاو دەکرێتەوە بە بێ ئەوەی شتێکی شێلگیر بێ و مانایەکی پتەوی هەبێ. بۆ نموونە ئەو ڕێکخراوە ناحکوومییانەی لە ئیتالیا یا لیبی لە سەر مافی پەنابەران و موهاجیران دەکەنەوە دەست و باڵیان بەستراوە بۆ نموونە لە ئیتالیا دابەزاندن و بە کارهێنانی قانوونی نێونەتەوەیی بەشەردۆستانە قەدەغەیە و ناکرێ لە مەڕ موهاجیران دەکار بکردرێ. کەس نازانێ کەنگێ وچۆن ؟ هەموو کەس دەڵێ ئەوە دژی قانوونی بنچینەیی یە ، بەڵام دەستەڵاتداران خۆیان بڕیار دەدەن و مەبەستیان ئەوەیە لە ناو بیرو ڕای گشتی دا ترس و خۆف ساز بێ. لە بەر ئەوەی مژاری گەلانی بندەست لە ئاستی نێونەتەوەیی دا باسی لێوە ناکرێ ئەوە خۆی ئاڵۆزی زیاتر ساز دەکا سەبارەت بەو قانوونانەش کە هەنووکە هەن.


داوەری دادگەی گشتی یەکێتیی ئوڕووپا، ئاکامە سیاسی و حقووقییەکانی


دووەمین پانێلی پازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا ، تورکیا و نەتەوەی کورد لە ژێر سەردێڕی "هاوپێوەندیی زیندوو " لە دوا نیوەڕۆی چوارشەمە ٥-ی دیسامبری ٢٠١٨ دا بەڕێوەچوو لەو پانێلە دا پینج بابەت پێشکێش کران کە دوویان، یەکیان ئی جەنابی کەشیش جۆ ڕایان سەرۆکی کۆمیسیۆنی عەداڵەت و ئاشتی وێستمینیستر و ئەویدیکەیان ووتاری مەحموود شاکار پارێزەر و ئەندامی کۆمەڵەی داد – ماف بوو کە کۆمەڵەیەکی حقووقزانانی کوردە.
ناوی بابەتی ڕێزدار ڕایان " تکایە گوێ بدە بەسەرهاتی من " و ووتاری مەحموود شاکار " لەمەڕ داوەریی دادگەی گشتی ئوڕووپا ؛ ئاکامە سیاسی و حقووقییەکانی " بوو.
لە بەشی پرسیارو ووڵام دا ئەو دووپرسیارەم ئاڕاستەی ئەو دوو بەڕێزە کرد:
-ئەمن دوو پرسیارم هەیە یەکیان ڕووی لە جەنابی ڕایانە . ئێوە باسی لیستی تێڕۆرتان کرد . ئەمن وەک بزانم لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لایەنی تاوانی ' تێرۆریست ' وەپاڵدراو بۆی هەیە دژی بڕیاری ئەوتۆ پڕۆسەیەکی حقووقی وەگەر بخا. ئایا دەکرێ ئەوە زیاتر شی بکەنەوە ؟

پرسیاری دووەمیش ڕووی لە بەڕێز مەحموود شاکار ە . ئێمە دەزانین ئەو بڕیارەی دادگەی گشتی دیوانی عەداڵەتی یەکێتیی ئوڕووپا لە ڕاستیدا ڕاستەوڕاست سەروکاری نییە لەگەڵ لیستی تێڕۆر خۆی . بڕیار لەو بارەیەوە بڕیارێکی سیاسی یە. دادگە تەنێ لە ڕووی قانوونی یەوە لەو بڕیارە دەکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی بزانێ گەلۆ ئەو بڕیارە لەگەڵ قانوونەکانی یەکێتیی ئوڕووپا دا دەگونجێ یان نا ؟ باشە چۆن دەکرێ بڕیارێکی سیاسی بی زەمینەی قانوونی بەڕێوە بچێ ؟ چۆن شتی وا دەبێ ؟

جەنابی جۆ ڕایان: تێبینی من لەو بارەیەوە لە سەر بنەمای ئەو ڕاستییەیە؛ سێ حەوتوو لەمەو پێش ئەمن لە پارڵمن سکوێر بووم لە لەندەن ، لەوێ خۆپیشاندانێک هەبوو و یەک لە نوێنەرانی بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکی کورد باسی سێناریۆیەکی کرد کە من پێشتر نەمبیستبوو ئەویش ئەوەی کە ئاغای ماتیو پالمر جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا باسی دانی خەڵاتی کردووە بۆ زانیاری لە سەر سێ ڕێبەری پارتیی کرێکارانی کوردستان کە کراونەتە ئامانجی ئەو هەڕەشەیە. ئەمن ئەوەم زۆر پێ سەیرە لەو سەردەمە کە ئێمە تێدا دەژین شتی وا بکرێ ئەوە وە جەنگەڵستانی وایلد وێست ( ڕۆژئاوای وەحشی) دەچێ . ئەمن دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانم کە ناوی تێڕۆریستان چۆن لە لیست پاک دەکرێتەوە . بە دڵنیاییەوە ئاوایە وەزیری کارو باری دەرەوە بە هاوکاری وەزیر خەزێنەداری ئەوە ئامادە دەکەن و دەیخەنە بەر دەم دەنگی کۆنگرە و بە دوای ئەوە دا کاتێک کارەکە تەواو بوو دەوڵەتانی دی وەکوو دەوڵەتی بریتانیای مەزن ، ئیسرئیل و هتاد بێ ئەوەی سڵی لێ بکەنەوە یەک دا بە دوو ئەو بڕیارە وەخۆ دەکەن. پێواژۆیەکە هەموو ئاوا دەست پێ دەکا و لایەنێک شەقڵی تێرۆریستی لێ دەدرێ. لەبەر ئەوەی لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارێکی ئاوا دراوە ئەوانیدی چ یەکێتیی ئوڕووپا بێ و چ لایەنی دی بێ ئەوەی چ پرسیارێک بکەن ئەوە قەبووڵ دەکەن. ئەوە بەشێکە لە گیرو گرفتەکە بۆیە ئەگەر ڕێکخستنێک ناوی کەوتە ئەو لیستی تێڕۆرەەەوە ئیدی پێواژۆیەکە وە گەڕ دەکەوێ و دیارە هەڵگێڕانەوەی دەکرێ بڵیم نامومکینە. دیارە من ئیدیعای ئەوە ناکەم بە هەموو کەلێن وکولێنی ئەوە بابەتە بزانم بەڵام حەول دەدەم لە سەری بزانم و بە دڵنیاییەوە ناوی ڕێکخستنێک لە لیست دەرخستن دەبێ مژارێکی کلیلی بێ.



مەحموود شاکار،پارێزەری ئەندمی کۆمەڵەی ماف – داد : ئەمن تا ئەو جێگایەی لە پرسیارەکە گەیشتبم حەول دەدەم لە چەند نوختەیەکدا ووڵامی بدەمەوە. تەبیعی مەحکەمەی گشتی مەحکەمەیەکی گەورەی ئیدارییە. خستنە ناو لیست و دەرخستن لە لیست بە دەست کۆنسەی یەکێتیی ئوڕووپا یە. کە وابوو ئەو دادگەیە سەڵاحییەتی ئەوەی نییە لایەنێک بخاتە ناو لیست یان لە لیستی دەرباوێژێ . یانی ئەو مەحکەمەیە تایبەتمەندییەکی ئاوای نییە. تەنانەت لە دانیشتنی ١٨ی ئاوریلی ٢٠١٨ی مەحکەمە دا مەحکەمە ڕایگەیاند ئەمن دادگەیەکی نێونەتەوەیی نیم. یانی مەحکەمە سەڵاحییەت نادا بە خۆی بۆ داوەری لە سەرکارو باری ووڵاتانی دی. بۆ وێنە دادگە دەیگوت ئەو شتانەی لە کوردستان و تورکیا روو دەدەن ئەمن بۆم نییە لە بەر چاویان بگرم و سەڵاحییەتی من تەنێ ئەوەیە بڕیار بدەم گەلۆ بڕیاری کۆنسە بە پێی قانوونی یەکیتیی ئوڕووپا دراوە یان نا؟
بە بۆچوونی من ئەو دادگەیە لە چوارچێوەی سنووری سەڵاحییەتەکانی خۆی داوە لە مەڕ ئەو لیستە بڕیاری داوە و ئەوە لەو ڕوانگەیەوە گرینگە. دیارە ئەمن پێم وایە ئەو بڕیارە تەئسیر لە سیاسەت دەکا چونکە بڕیارێکی سیاسی دەبێ پاڵپشتی حقووقی هەبێ. جا بۆیە پووچەڵکردنەوەی بڕێارەکە لە لایەن دادگەوە لە ڕووی سیاسییەوە چاو پێداخشاندنەوەیەک دەکاتە شتێکی پێویست و لەو باوەڕە دام هێندێک ئاکام و پێهاتی لێ دەکەوێتەوە . بەلانی کەمەوە دەتوانم ئەوە بڵێم دادگە تا ئەو جێیەی دەکرێ گوشاری خستووەتە سەر ئەو بڕیارەی کۆنسەی یەکێتیی ئوڕووپا. من بە شەخسە پێم وایە لەو بارودۆخە سیاسییەی ئێستا دا یەکێتی ئوڕووپا دەست لەو لیستە وەر نادا . بەڵام ئەگەر بێتوو کۆنسەی یەکێتیی ئوڕووپا درێژە بدا بە تازە کردنەوەی ناوی پ.ک.ک لەو لیستە دا مەحکەمە دەرسێکی باشی داوەتێ و دەبێ حەول بدا بتوانێ لە ژێر قورسایی ئەو قەرارەی مەحکەمە هەستێتەوە .
نوختەی دووەم ئەوەیە ئێمە لە ماوەی چوار ساڵ پڕاتیک لە جێدا فێر بووین کە چۆن دەکرێ بە دژی ئەو لیستە بەربەرەکانی بکرێ. لە کاتێکدا پڕاتیکێک لە گۆڕێ دا بوو ، بۆ ئێمەش پێواژۆیەکی لێ فێر بوون هەبوو. دواجار لایەنی هەرە زەحمەتی ئەو کارە ئەو مەرحەلەی یەکەمە بوو، ئێستا ئێمە ئەو مەرحەلەیەمان بردووەتەوە و لە پێواژۆی لەمەودواش دا پێم وایە شێوەی خەباتمان زۆر باشتر دەتوانین هەڵسووڕێنین، دەتوانین لایەنێکی زۆر پتەوتری حقووقی بەرەوپێش بەرین. دیارە بڕیاری ئەو مەحکەمەیە هێندێک ڕێبازی بەردەم ئێمەشی کردووەتەوە.
نوختەی سێیەم پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە تێکەڵی نێوان دەوڵەتان. لەو نوختەیە دا ڕەنگە ئەو بڕیارە تەئسیر نەکاتە سەر حقووقی ناوخۆیی ئەو دەوڵەتانە بەڵام پێویستە ئەو بڕیارە لە ئاستی ناوچەیی ش دا دەکار بکرێ و ئێمە لە حاڵی حازر دا لە ووڵاتی ئەڵمان و لە دەرەوەی ئەڵمان لەگەڵ حقووقزانەکانی دیکە سەبارەت بەو دۆزانەی لە بەر دەم مەحکەمانن ڕاوێژ دەکەین و دەدوێین. بۆ وێنە داخودا ئەو بڕیارە چ تەئسیرێکی دەبێ لە سەر بڕیاری ئەو دادگەیەی کە لە بێلژیک پێک دێ ؟ ئەو کارتێکەرییە ڕەنگە یەکەمجار لە بێلژیک ببینین. لە مانگی ژانڤییەی ساڵی ٢٠١٩ دا لە بێلژیک بە ئەگەری زۆر دانیشتنەکانی دادگە کۆتایی دێ و لە مانگی فێڤرییە مەحکەمە بڕیارەکەی ئاشکرا دەکا . لەو دادگەیەی بێلژیک دا دەکرێ ببینین بڕیاری دادگەی گشتی ئوڕووپا چ کاردانەوەیەکی بووە لە سەر حقووقی ناوخۆیی ووڵاتێک. هەری درەنگ لە مانگی فێڤرییە ئەوە لە بێلژیک دەبینین. بەڵام لە دەرەوەی ئەوەش ، لە ئەڵمان و لە ووڵاتەکانی دیکەش لە مەڕ ئەو دۆزانەی کە لە بەر دەم دادگاکان دان لەگەڵ پارێزەرەکان قسە دەکەین و ئەو بڕیارەی دادگەی گشتی دیوانی عەداڵەتیان بۆ شی دەکەینەوە.
لە کۆتاییش دا شتێک بڵێم نازانم لە مەحکەمە نەتەوەییە کاندا چ نەتیجەیەکمان دەست دەکەێ یان نا، [مەبەست لە مەحکەمەی ناوخۆیی هەر کام لە ووڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا یە ] ، بەڵام ئێستا ئارگومێنتێکی بەهێزمان بە دەستەوەیە ئەویش ئەوەیە کە کوردەکان، کۆمەڵی کورد لە هەر جێگایەکی ئوڕووپا دەبێ ببێ ئەگەر لەگەڵ گوشار و زەخت ڕووبەروو هاتن ، لە هەر ووڵاتێکی ئورووپایی بێ یانی گوشار لە بەر خەباتی سیاسی . لە بەرانبەر ئەوە دا قەراری مەحکەمەی گشتی دیوانی عەداڵەت ئارگومێنتێکی جیدی و بەهێزە. ئامرازێکە بۆ پارێزگاری کردن لە خۆ و لەو ڕوانگەیەوە لە جێدا خەباتی سیاسی و دێمۆکڕاتیکی گەلی کوردی بەهێز کردووە و بە بڕوای من لە بواری کۆمەڵایەتییەوە هەموو کوردەکان بە پاڵپشتی ئەو بڕیارە دەبێ خەباتی سیاسی ، دیپڵۆماتیک و دێمۆکڕاتیکی خۆیان بەرەو پێش بەرن و ئەو خەباتەی کە تا ئەمڕۆ کوردەکان لە ووڵاتانی ئوڕووپایی کردوویانە لە سایەی ئەو پریارە دا شێوەیەکی مەشڕووعی بەخۆیەوە گرتووە و هاتووەتە ناو دۆخێکی ئەوتۆ کە دەکرێ بە ئاشکرا بەرگری لێ بکرێ. ئەمن قەناعەتم وایە لە ڕوانگەی حقووقییەوە سەرکەوتن بە دەست هاتووە، بەڵام گەورە کردنەوە و قووڵتر کردنەوەی ئەو سەرکەوتنە هێندێکیش کاری مێکانیزمە سیاسییەکانە. یانی پێویستە ئەو بڕیارە حقووقییە دەکار بهێندرێ . لەو ڕوانگەیەوە میکانیزمە سیاسییەکان، پارڵمانەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێ ئەو بڕیارە هەڵسەنگێنن، ئەودەمی ئەو بڕیارە لە ئاستی ناوچەیی دا گرانایی زیاتر دەبێ.
---
کاردانەوەی ناڕاستەوخۆی برێگزیت لە سەر دۆزی کورد!
تێبینی: دوکتور بیل پارک مامۆستای دیپارتمانی لێکۆڵینەوە بەرگرییەکان لە زانکۆی کینگ‘ز کالێجی لەندەن لە بریتانیا یەک لەو زانایانە بوو کە لە کۆنفڕانسی ساڵانەی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکیا و نەتەوەی کورد کە ڕۆژانی ٥-٦ ی دیسامبری ٢٠١٨ لە بینای پارڵمانی ئوڕووپا لە بروکسێل بەسترا بابەتێکی بە ناوی: ” دەوری هێزە هەرێمییەکان لە کێشە دا ” پێشکێش کرد. لە بەشی پرسیار و ووڵام دا لێم پرسی:
-بەلەبەرچاو گرتنی بڕیاری ئەو دواییانەی دادگەی گشتی دیوانی عەداڵەتی یەکێتیی ئوڕووپا کە پای بریتانیاش دەگرێتەوە، پێت وایە برێگزیت چ کاردانەوەیەکی ناڕاستەوخۆی دەبێ لە سەر دۆزی کورد؟
دوکتور بیل پارک : سەبارەت بە کارلێکەری برێگزیت لە سەر دۆزی کورد. بەر لەهەموو شت ئەگەر مرۆڤ بریتانیایی بێ دەزانێ برێگزت هەموو ژیانی ئێمەی داگرتووە و ناپەرژێینە هیچی دی. وەک ئەوە وایە کە هیچ سیاسەتی دیکە لە گۆڕێ دا نەبێ، بۆ من زەحمەتە بڵێم پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە ناو برێگزیت و کورد دا هەبێ. لەگەڵ ئەوەشدا پێوەندییەکی زۆر چاوڕاکێش هەیە کە خەڵک زۆر کەم باسی لێوە دەکەن. ئەویش ئەوەیە بریتانیای مەزن بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە چ حیزبێک لە سەر دەستەڵات بێ ، بە ساڵانی دوور و درێژ لایەنگری ئەوە بووە و هەیە کە تورکیا بێتە ناو یەکێتیی ئوڕوپا . ئەتۆ خۆت بریتانیا لە یەکێتیی ئوڕووپا دەردەکێشییە دەرەوە و ئەوە هەر هەمان دەنگە کە لایەنگری ئەوەیە تورکیا بێتە ناو یەکێتیی ئوڕووپا. بریتانیا هەمیشە لایەنگرێکی شێلگیری لەگەڵ کەوتنی تورکیا لەگەڵ ئوڕووپا بووە . پێوەندییەکە ناڕاستەوخۆیە.
پێوەندییەکی دیش هەیە کە ڕەنگە لەمەڕ برێگزیت نەبێ ئەویش ئەوەیە ئێستا ئێمە لە بریتانیا حکوومەتێکمان هەیە کە بە هیچ جۆر حەزی لە مافی مرۆڤ نییە. ئەوە نەک هەر لەمەڕ ئاکارو ڕەفتاری حکوومەتی تورکیا لەگەڵ پ.ک.ک و بزووتنەوەی کورد لە ناوخۆی تورکیا دا بەڵکوو لە پێوەندی لەگەڵ سەرکوتی خەڵک لە پارکی گەزی ، لەگەڵ بزووتنەوەی گولەن و وەکوو تر. ئەمن بۆخۆم لەو بارەیەوە دمەتەقەیەکی زۆرم بووە لەگەڵ حکوومەتی بریتانیا و گوتوومە دە شتێک بڵێن لە سەر شتێک بەڵام ئەوان متەقیان لە بەر دەم نەهاتووەتە دەرێ. هەر هەمان سیاسەت لەمەر عەڕەبستانی سعوودی و چین و هتاد پەیڕەو دەکەن. ئێمە حکوومەتێکمان هەیە کە هیچ مرخی نییە بۆ مافی مرۆڤ و هیچ لا لە بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان ناکاتەوە. نازانم ئەوانەی گوتم ووڵامی پرسیاری تۆ بوون یان نا؟ بەڵام بەڕاستی برێگزیت هەموو شتی داگرتووە و ئێمە ئیتر ناتوانین پێوەندیی بدەین بە هیچ شتێکی تر جگە لەخۆمان نەبێ. ئەمن دڵنیام پێوەندی هەیە بەڵام وەک گوتم ناڕاستەوخۆیە. ئێمە حکوومەتێکمان هەیە کە خۆشی لە مافی مرۆڤ نایە و ئەمن بە شەخسە پێم وایە مرخێکی ئەوتۆی لە ئاست دێمۆکڕاسیش نییە. و ئەگەر بتوانێ بریتانیا لە ئوڕووپا بە دەر کردن دا پێم وایە ئەوە بە جۆرێک کاردانەوەی دەبێ لە سەر مەسەلەی پشتیوانی کردن لە ئەندامەتی تورکیا لە یەکێتیی ئوڕووپا دا و ئەوە بە جۆرێک دۆزی کوردیش دەگرێتەوە.
کتێبێک سەبارەت بە جمهووری کوردستان لە مەهاباد، چاپی تۆکیۆ، ژاپۆن

پازدەهەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکیا و نەتەوەی کورد لە ڕۆژانی ٥-٦ ی دیسامبری ٢٠١٨ لە بینای پاڕلمانی ئوڕووپا لە برووکسیل بەڕێوەچوو. لەو کۆنفڕانسە دا هەیئەتێکی چەند کەسی لە ژاپۆنەوە بەشداریی کرد بوو کە بریتی بوون لە ئەندامانی کورد و ژاپۆنی دەستەی دۆستایەتی ژاپۆن – کوردی. لە سێیەم دانیشتنی کۆنفڕانس لە سەر لە بەیانی پێنجشەمە ٦-ی دیسامبر کە لە ژێر سەردێڕی " ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست : کێشە و ئاکامە هەڕیمی و نێونەتەوەکان " بەڕێوە چوو بەڕێز ئاکینۆبو کینۆشیتا سەرۆکی دەستەی دۆستایەتی ژاپۆن – کوردی بابەتێکی بە ناوی " سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە ئاست کوردەکان لە جێهانێکی بە گۆ کراو دا " پێشکێش کرد.لە هەیئەتەکە دا چەند کوردی ژاپۆنی ئاخێو هەبوون.
لە بەشی پرسیار و ووڵام دا زانیاری و پرسیارێکم ڕووبەڕووی ڕێزدار کینۆشیتا کرد. لە پشوو دا بەڕێزیان کتێبێکی خۆی بە دیاری دامێ و ئیمزای کرد کە لێرە دا نێو بەرگ و ئیمزاکەی دادەنێم.


-پرسیاری دووەمم لە میوانی بەڕێزی ئەم کۆنفڕانسە لە ژاپۆنەوەیە . ئەمن چاوەڕوان بووم لەقسەکانیدا زیاتر زانیاری بدا سەبارەت بەو کارانەی پێشتر لە پێوەندیی نێوان کوردان و ژاپۆنیان دا کراون. بۆ نموونە ئەمن دەزانم تێزێکی پی ئیچ دی هەیە زانایەکی ژاپۆنی نووسیویە سەبارەت بە " جمهووری کوردستان" و ئەو لێکۆڵینەوەکەی خۆی لە زانکۆیەک لە پاریس – فەڕانسە پێشکێش کرد لە ناوەڕاست ساڵەکانی ١٩٨٠ کاندا. بابەتی دووەم کە ڕەنگە زۆر چاوڕاکێش بێ بۆ ئامادە بووانی ئەم کۆنفڕانسە ئەوەیە کە چەند ساڵ لەمەو بەر لە ژاپۆن کتێبێک چاپ کرا بە کوردیی سۆرانی سەبارەت بە جمهووری کوردستان لە مەهاباد. تێبینییەکی کورتیشم هەیە بەڕێزیان لە بابەتەکەیاندا بە ووشەیەکیش چییە باسی ئەمریکای نەکرد ، تەنێ باسی پێوەندیی ئەردۆغان و ئوڕووپاییەکانی کرد. بەڵام هیچ باسی تێوەگلانی ئەمریکا نەکرا لەو ئاڵۆزییەی دا کە هەنووکە لە جیهان دا هەیە . سپاس

ئاکینۆبو کینۆشیتا : بە داخەوە ئەمن ئینگلیسییەکەم باش نییە، بەڕێز ئاپۆ کە لە تەنیشتم دانیشتووە هەم بە ئینگلیسی و هەم ژاپۆنی دەزانێ ، ئەو لە جیات من ووڵام دەداتەوە. هیوادارم ڕێگام بدەن. زۆر سپاس. یەکەم سەبارەت بە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەبەستی من ئەوە بوو کە بابەتەکەم ڕاستەوخۆ لە سەر ژاپۆن و کورد و دۆزی کورد بێ. باسی ئەمریکا لە ووتارەکەی من دا نەبوو ، ئەمن دەتوانم بڵێم ئێستا بە نیسبەت کورد هەڵوێستێکی پۆزیتیڤی هەیە . ئەو پشتیوانییە دەکرێ زیاتر بێ لەوەی کە ئێستا هەیە ، ئامانجی من ئەوە بوو هەر باسی بەرپرسیارەتی ئوڕووپا بکەم سەبارەت بەو دۆزە.  سەبارەت بەو کتێبانەی کە باستان کرد و چالاکییەکان . ئەمن بۆخۆم کتێبێکم نووسیوە ، ئەوە لیرە لە سەر مێز داندراوە . گەلێک سپاس.

هەست و سۆزی کۆمەڵگە کوردە جوولەکەکانی ئیسراییل بەرانبەر بە کوردستان
تێبینی : یەکێک لە بەشدارانی پازدەهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا ، نەتەوەی کورد و تورکیا کە لە ٥-٦ ی دیسامبر لە پارڵمانی ئوڕووپا لە بروکسێل بەڕێوە چوو دوکتور جاناتان سپایر بەڕێوەبەری ناوەندی ڕابین لە ئیسراییل بوو کە بابەتێکی پێشکێش کرد بە ناوی: ” لە سەر وێرانییەکانی کۆبانێ ، بەرپرسیارەتی نێونەتەوەیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ڕۆژئاوا و بە ڕەسمی ناسینی فێدراسیۆنی دێمۆکڕاتیکی باکووری سووریا ” . لە بەشی پرسیار و ووڵام دا ئەم پرسیارەی خوارەم لێ کرد:
-بە پێی زانیاری ئێوە وەکوو بەڕێوەبەری ناوەندی ڕابین لە ئیسراییل لە ناو کۆمەڵگە جوولەکە کوردەکانی ئیسراییل دا چ مرخێک هەیە بۆ یارمەتی کردن بە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان لە ڕۆژئاوا ؟


دوکتور جاناتان سپایر : سپاس بۆ پرسیارەکەت. لە پێوەندیی لەگەڵ جوولەکە کوردەکان لە ئیسراییل بەر لەهەموو شت گرینگە تەبیعەتی ئەو کۆمەڵگەیەمان لە بەر چاو بێ. ئەوانە دەستەیەکی خەڵکن کە لە بەراییەکانی ساڵانی ١٩٥٠کاندا هاتوون بۆ ئیسراییل و زۆریان ئێستا وەچەی سێیەمی ئەو خەڵکەن لە ناو ئیسراییڵ دا و و لە هەموو ڕویەکەوە وەک باقی ئێمە جوولەکە ئیسراییلییەکان وان. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا هەستێکی پتەویان هەیە لە ئاست کەلەپووری کوردی و پێوەی گرێ دراون و زۆر لەوان شانازییەکی زۆر بەو کەلەپوورەوە دەکەن.
بەڵام ڕەنگە ئەوە هەڵەبێ ئەوان بە هاوتەریبی هێندێک لە کۆمەڵگە کوردییەکان لێرە لە ئوڕووپا دابندرێن کە لە چاو ئەوان هێندە لە مێژ نییە کوردستانیان بە جێ هێشتووە و هەستیان بەرانبەری زۆر ڕوون و ئاشکراترە و زۆر ڕێکخراوترن و زۆر زیاتر گرێ دراون بە ناسێنەی کوردییەوە.
سەبارەت بە هەستی بەرعۆدەیی بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و هاوپێوەندییان لەگەڵ ئەزموونە کوردییەکان لە سووریا و عێڕاق . دیارە ئەوە لە ڕووی هەست وسۆز و خۆ پێ ناساندنەوە زۆر بەهێزە. مرۆڤ ئەوە دەبینێ ، زۆربەیان لەو ناوچانەوە هاتوون کە ئێستا بەشێکە لە هەرێمی حکوومەتی کوردستان ، نەک خاكی ڕۆژئاوای ئیستا. خەڵکی ناوچەی زاخۆ و ئەو دەوروبەرانەن، ئی وایان تێدایە لە هەولێرەوە هاتوون . جا ئێستا ئەگەر تێکەڵاوی و تێوەگلانێکیان هەبێ لەگەڵ کوردستان ئەوە بە گشتی لەگەڵ کۆمەڵگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێڕاق خۆی دەر دەبرێ. بە نیسبەت ڕۆژئاوا هەستیان زۆر کەمترە ، تەنێ هەر ئەوەیە کە دەزانن لەوێ چ ڕادەبرێ. هەستی خۆ پێوە ناسین هەیە بە ڵام ئەوەی کە بەکردەوە شتێک بکەن پێم وایە ئەوە زۆر کەمە.
--
بڕیاری دادگای گشتی دیوانی عەداڵەتی یەکێتیی ئوڕووپا بۆ پووچەڵ کردنەوەی حوکمی کۆنسەی یەکێتی ئوڕووپا لەسەر پ.ک.ک  
تێبینی: لە پانزدەهەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی نێونەتەوەیی یەکێتیی ئوڕووپا ، تورکیا و نەتەوەی کورد کە لە ٥- ٦ ی دیسامبری ٢٠١٨ لە بینای پارڵمانی ئوڕووپا لە بروکسێل بەڕێوەچوو یای ماری - کریستین ڤێرژیات ، نوێنەری پارڵمانی ئوڕووپا سەر بە فڕاکسیۆنی دەستەی فێدراڵی چەپی یەکگرتووی ئوڕووپا - سەوزی چەپی ئوڕووپایی بابەتێکی بە ناوی: ”دۆزی کورد و یەکێتیی ئوڕووپا : دەرخستنی پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر“ پێشکێش کرد.
لەو پێوەندییە لە بەشی پرسیار و ووڵام دا لێم پرسی : - دوای ١٥-ی نۆڤامبر چ ڕوو دەدا ؟ دوای ئەو بڕیارەی دادگەی گشتی دیوانی عەداڵەتی یەکێتیی ئوڕووپا بە کردەوە چ ڕوو دەدا؟ ئایا کۆنسەی یەکێتیی ئوڕووپا بە دژی ئەو بڕیارە پڕۆتێست دەکا و داوای پێدا چوونەوە دەکا ؟ زۆر سپاس


ماری - کریستین ڤێرژیات : چەند کامێنتێک . ئەمن لە بابەتەکەم دا لە بیرم چوو بڵێم ئێمە لە پارڵمانی ئوڕووپا دا بەردەوام دەبین لە سەر شەڕی خۆمان بۆ دەرخستنی پ.ک .ک لە لیستی تێڕۆر. لە ڕاستیدا ئێمە هەموو ساڵێ لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو ڕاپۆرتەی کە لە سەر تورکیا بڵاو دەبێتەوە ئەو داوایە دەکەین و دەڵێین دەبێ پ.ک.ک لەو لیستە دەربهاوێژرێ. هیوادارم ئەو بڕیارەی دیوانی عەداڵەت هێندێک لە هاوکارانی من پێمل بکا کە هەڵوێستی خۆیان بگۆڕن. ئێستا لە ڕووی حقووقییەوە ، ئەگەر لێرە پارێزەری پسپۆڕی قانوونی یەکێتیی ئوڕووپا هەبن با قسەکەی من ئەگەر هەڵەیە ڕاستی کەنەوە. ئەگەر هەڵە نەبم تا ئێستا و دوای ئاشکرا بوونی بڕیارەکە کۆنسەی یەکێتیی ئوڕووپا داوای پێداچوونەوەی بەو بڕیارە دا نەکردووە. لە تیوری دا دەکرێ ئەوە بکرێ. ئەوە لە مەڕ حەماس ڕووی دا - داوای لێ بوردن دەکەم بۆ بەراوەرد کردنی ئەو دوو فایلە، هەڵبەت وەک یەک نین. بەڵام لە مەڕ مەسەلەی حەماس دادگای بەرزتری دیوانی عەداڵەت دژایەتی دەربڕی لە گەڵ حوکمی دادگە،
ئێستا لیستێک بڵاو بووەتەوە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨ دا و ناوی پ.ک.ک لەو لیستە دا هەیە. دەکرێ بڕیارێک بدرێ. کۆنسەی یەکێتیی ئوڕووپا دەکرێ بڕیاری خۆی بگۆڕێ . دیارە ئەمن زۆر خۆشبین نیم بە لەبەر چاوگرتنی ئاڵۆزی پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئوڕووپا لە حاڵی حازر دا. هەر وەها لە بەر ئەوەش کە تورکیا لە چوارچێوەی سیاسەتی ئوڕووپا دا ئامرازێکی کاریگەری بە دەستەوەیە بۆ هەڕەشە و گوڕەشە لە ئوڕووپا سەبارەت بە مەسەلەی پەناخوازان . جا بۆیە کاتێک باسی تورکیا دێتە گۆڕێ ووڵاتانی ئوڕووپایی خۆیان لە ژێر بەرداشێکدا هەست پێ دەکەن.
لە ڕوانگە حقووقییەوە هەموو شتێک دەتوانێ ڕوو بدا. بەڵام تا ئەو جێگەیەی من دەزانم، ئەوە بڕیارێکی تازەیە و کۆنسەی ئوڕووپا دەکرێ داوای پێداچوونەوەی بکا. ئەگەر کۆنسەی ئەو بڕیارەی دادگەی گشتی بپەرژێنێ و ئەگەر مرۆڤ چاو لە ناوەرۆکی بریارەکەی دادگە بکا بۆی دەردەکەوێ فاکتی تازەی تێدایە. بۆ نموونە ئەو بڕیارەی دادگە لە سەر بڕیاری مەحکەمەکانی دوو لە دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا ، بریتانیا و فەڕانسە داویەتی. ئارگومێنتەکانی ئەو حکوومەتانەی وەدوایە داوەتەوە و گوتوویە بەڵگەکانین تەواو نین و تێر ناکەن. جا بۆیە ئێمە لە دۆخێکی لە گۆڕانهاتوو داین . ئەمن پێم وایە ئەو بڕیارەی دراوە زۆر پتەوە و بە ووردە ڕیشاڵ باسی ڕووداوەکان دەکا لە ساڵی ٢٠٠١ ەوە تا ئێستا. و ئەو هۆیانەشی تێدایە کە بۆچی دادگە خستە ناوی پ.ک.ک لە لیستی تێرۆر دا بەرپەرچ دەداتەوە.

سەرنج بدەن: هۆی چەندبارە بوونەوەی ناو و شوێن و بەرواری بەسترانی کۆنفڕانسی سەرەوە لە بەر ئەوەیە کە ئەو بابەتانەم بە جوێ لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک دا بڵاو کردبووەوە



















No comments: