Monday, December 31, 2018

لینزی گڕاهام " کوردەکان لە کاتێکدا بۆ شەڕی داعش هاتنە پێشەوە کە کەسی دیکە لە مەیدان دا نەبوو و سەرکۆمار ئەوە زۆر باش دەزانێ "

لینزی گڕاهام " کوردەکان لە کاتێکدا بۆ شەڕی داعش هاتنە پێشەوە کە کەسی دیکە لە مەیدان دا نەبوو و سەرکۆمار ئەوە زۆر باش دەزانێ "
  لینزی گڕاهام " کوردەکان لە کاتێکدا بۆ شەڕی داعش هاتنە پێشەوە کە کەسی دیکە لە مەیدان دا نەبوو و سەرکۆمار ئەوە زۆر باش دەزانێ "
سەناتۆری جمهووری خواز و دۆستی نزیکی دوناڵد تڕامپ، لێنزی گراهام  لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوو دا زۆر جار دژایەتی خۆی لەگەڵ بڕیاری تڕامپ بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەربڕیوە. ڕۆژی یەکشەمە ٣٠ دیسامبر دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ لەگەڵ دۆناڵد تڕامپ لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی دا باسی ئەو بابەتانەی کرد کە لە گەڵ سەرۆک کۆمار باسیان لێوە کردووە و سەبارەت بە سووریا گوتی:
" ئێمە نانێکی خۆشمان بەیەکەوە خوارد. سەبارەت بە سووریا قسەمان کرد و شتێکی بە من گوت کە من نەمدەزانی. بە بیستنی ئەوە ئێستا زیاتر هەست بە باشی دەکەم سەبارەت بەوەی کە لە سووریا دا هەمانە. ئەو بەڵێنی دا داعش تێک بشکێنێ . ئەو بەڵێنە دەپارێزێ ، دیارە هێشتا نەگەیشتووینە ئەو خاڵە بەڵام هەر وەک گوتم ئەمڕۆ ئێمە زۆر لێی نزیک بووینەتەوە و پرێزیدێنت بە تەواوی لەوە تێ دەگا کە پێویستە ئەو کارە جێ بە جێ بکرێ. سەرکۆمار نیگەرانی نفووزی ئێرانە لە [سووریا] و هەر وەها مەترسی توانایەکی بۆ سەر ئیسراییل و ساز بوونی جادەیەکی گەورە لە تارانەوە بەرەو بەیڕووت بە مەبەستی گەیاندنی چەک بە لوبنان . سەرکۆمار هەر وەها لەگەڵ تورکیا قسە دەکا بۆ ئەوەی دەستەبەر بین کە شەڕێک لە نێوان تورکەکان و هاوپەیمانەکانمان کوردەکان ڕوو نەدا. جا بۆیە ئەمن زۆرم پێ خۆش بوو ئەوەم لێ بیست. هێشتا هێندێک جیاوازی لە بۆچوونمان دا هەیە بەڵام دەمەوێ پێتان بڵێم سەرکۆمار زۆر لە پەرۆشی سووریا دایە و بیری لێ دەکاتەوە. لە لایەکەوە هێزەکانمان دەکشێنینەوە بەڵام لە هەمان کاتدا بەرژەوەندە نەتەوییەکانمان وەدەست دێنین کە ئەویش بریتی یە لە دەستەبەر بوونی تێکشکاندنی داعش کە قەت سەر هەڵنەهێننەوە و هەڵنەستنەوە. و ئەوەی کە هاوپەیمانەکانمان واتە کوردەکان بپارێزدرێن و ئێران نەبێتە بەرەوەی گەورە لە بەر ئەوەی ئێمە سووریا بە جێ دێڵین. ئەمن ئێستا هەستم زۆر باشە لە مەڕ ئاڕاستەی جووڵەمان . ئەمن بە سەرکۆمارم گوت سەفەرەکەی بۆ عێڕاق زۆر جێی پێ زانینە. پێم وایە زۆر شت لەو سەفەرە فێر بووە و بە دڵنیاییەوە ئەمنیش ئەمڕۆ زۆر شت لەو فێر بووم.

پرسیار: سەناتۆر ئایا بە سەرکۆمارت گوت کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بە کاوەخۆ بێ و یەکدا بە دوو نەبێ ؟

لێنزی گڕاهام: ئەمن پێم وایە سەفەری سەرکۆمار بۆ عێڕاق بووە هۆی چاو وگوێ کرانەوە. فەرماندەکان لەوێ پێیان گوتووە داعش گورزی قورسی وێکەوتووە بەڵام بە تەواوی تێک نەشکاوە بەڵام لە ناوبردنی بەڕێوەیە. ئەمن لەو باوەڕە دام ئۆپێڕاسیۆن بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش بەردەوام دەبێ و خێراتر دەبێ . سەرکۆمار دڵنیای کردم ئەو دەستەبەر دەبێ ئەو کارە بکرێ و ئەمنیش دڵنیام کردەوە کە هیچ کەس بە قەت ئەوی نەکردووە بۆ تێکشکاندنی داعش و ئێمە زۆر لە ئامانج نزیک بووینەتەوە.
 دوایە دیارە مەسەلەی کوردەکان هەیە کە پێویستە ئێمە نیگەرانی بارو دۆخیان بین. کوردەکان بۆ شەڕی داعش لە کاتێکدا هاتنە پێشەوە کە کەسی دیکە لە مەیدان دا نەبوو و سەرکۆمار ئەو مەسەلەیە زۆر باش دەزانێ. ئەو  لەگەڵ تورکیا قسە دەکا بۆ دڵنیا کردنی تورکیا کە ناوچەیەکی حائیل ساز بکرێ کە ئەوان پێداویستییان پێیەتی بە لەبەرچاو گرتنی نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە کوردەکانی یەپەگە . بەڵام دوایین شتی کە ئێمە نامانەوێ ڕوو بدا شەڕە بە دژی کوردەکان کە ئەوە گوشار لە سەر داعش کەم دەکاتەوە و لەوەش دەرچێ شتێکی دیکەی کە ئێمە نامانەوێ ئەوەیە کە ئێران ببێتە بەرەوەی گەورە لێرە دا.


دابەزاندن و وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی
سەرچاوە : تێلێڤیزیۆنی سی ئێن ئێن
ڕاگوێستنی ئەم بابەتە بە ئاماژە بە  ویبنووسی ڕوانگە ڕەوایە

No comments: