Tuesday, February 12, 2019

پەسنی نەتەوەی کورد و قەسەدە لە پارڵمانی بریتانیا . بەشێک لە پرسیار و ووڵامەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا لەو بارەیەوە


پەسنی نەتەوەی کورد و قەسەدە لە پارڵمانی بریتانیا
بەشێک لە پرسیار و ووڵامەکانی وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا  لەو بارەیەوە.
دووشەمە ١١ی شوباتی ٢٠١٩
ئێوارەی دووشەمە ١١ی شوباتی ٢٠١٩  جێرمی هانت وەزیری کاروباری دەرەوەی بریتانیا کورتە ڕاپۆرتێکی پێشکێشی کۆبوونەوەی پارڵمان کرد سەبارەت بە خەبات دژی داعش و لە قسە کردن سەبارەت بەو کورتە ڕاپۆرتە دا ئەو قسانەی خوارەوە لە مەڕ نەتەوەی کورد و قەسەدە و پێشمەرگە  هاتە گۆڕێ.
جێرێمی هانت ( وەزیری دەرەوەی بریتانیا)
 بەڕێز سەرۆکی پارڵمان ئەگەر ڕێگام بدەی  پێم خۆشە دوایین زانیاری لە بەر دەست ئەم پارڵمانە بنێم  سەبارەت بە هەڵمەتی دژی داعش،کە یەکێک لە ڕێکخراوە هەر بێ بەزەیی و هەر دڕندە تێرۆریستییەکانە  کە دنیا بەخۆیەوە دیتبێ.لەوەتا حوکمی تێڕۆری داعش دەستی پێکرد ، لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە ٢٠٠ گۆڕی بە کۆمەڵیان دۆزیوەتەوە لەو ناوچانە عێڕاق کە سەردەمێک لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو تێرۆریستانە دا بوون  و لە گۆڕانە دا لە نێوان ٦٠٠٠ تا ١٢٠٠٠ مەیت دۆزراونەتەوە. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو ئاکامە گەیشتووە کە پەلاماری داعش بۆ سەر کەمایەتی ئێزیدی لە باکووری عێڕاق گەیوەتە جێنۆساید ، هەر وەک شاهیدی دانی تاکوتەرای ئازا و سەرنجڕاکێش دەیسەلمێنێ ، وەکوو بەرەوەی خەڵاتی ئاشتی نۆبێل نادیا موراد.
داعش سەردەمایەک حوکمی تێڕۆری خۆی بە سەر سەرزەوەییەک کە ئەندازەی بە قەد شانشینی یەکگرتوو دەبوو زاڵ کرد بوو ، بەڵام ئێستا ڕەپاڵ نراوە و لە قولنچکێک لە ڕۆژهەڵاتی سووریا پەستێوتراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پارڵمان نابێ هەڵە بکا و شکانی زەوینی داعش بە تێکشکانی یەکجارەکی ئەو دابنێ. کردەوەی نیزامی لە لایەن زۆر نەتەوانەوە ، شانشینی یەکگرتووش لەگەڵ، دەستەڵانی داعشی بە سەر بەهەزاران میلی چوارگۆشە لە سووریا وعێڕاق دا ، شکاندووە – و دەکرێ ئەو سەرکەوتنە بە پشت گەرمی بۆ خۆمان بزانین ، لە هەمان کاتدا ئێمە سڵاو دەکەین لە ئازایەتی ئەوپەڕ ئاسایی هێزە چەکدارەکانی ئیتیلاف  کە ئەو هەلەیان ڕەخساند -  بەڵام لەکاتێک دا خەریکین داعش لە شوێنە سەرەکییەکانی  ڕادەماڵین ، دەبینین کە تفەنگ بەدەستەکانی ڕوو لە تاکتیکی گریلایی دەکەن  و تۆڕی تێرۆریستی نەریتی پێکەوە دەنێن. جا بۆیە ئێمە دەبێ درێژە بدەین بە هەڵمەتی عەسکەریی خۆمان ، تەنانەت کاتێک کە هەموو جۆرە ئامرازێکی دیپڵۆماتیک و ئینسانی خۆمان دەکار دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هەلومەرجانەی دا کە بە دەرەجەی یەکەم بوون بە هۆی لە دایکوونی داعش.
ئەمڕۆ، ئەمن باسی ئەو هەنگاوانە دەکەم کە بریتانیا هەڵیان دەهێنێتەوە  بۆ خۆ پاراستن بە دژی سەرهەڵێناوەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  و لە پێناو پاراستنی خەڵکی خۆمان لێرە لە ووڵات.  ئەمن لە بارودۆخی هەنووکەوە دەست پێ دەکەم. قەسەدە ( هێزە دێمۆکڕاتەکانی سووریا)  ناوچەیەکی گەورەی لە دۆڵی فراتی لە داعش پاک کردووەتەوە  ولە ناوەندی  گرینگی جێی نێشتەجێی خەڵک ڕەپاڵی ناوە و  شەڕکەرەکانی لە ناوچەیەکی پچووک لە سنووری عێڕاق پەستاوتووە. کردەوەکانی قەسەدە ، لەتەک حەولەکانی هێزە چەکدارەکانی هەموو ووڵاتانی ئەندامی ئیتیلافی جیهانی بە میلیۆنان خەڵکی لە چنگ سەرەڕۆیی ڕزگار کردووە. هەڵبەت ئێمە بە تایبەتی شانازی دەکەین بە ئازایەتی و کارلێهاتوویی پیاوان و ژنانی ئەندامی هێزە چەکدارەکانی بریتانیا و ئەمن وا بزانم هەموو ئەندامانی ئەم پارڵمانە پیرۆزبایی دەکەن لە سیتوانی هەوایی توماس هانسفۆرد، فڕۆکەوانێکی تایفوون ، سەر بە گەلە فڕۆکەی ١ ، کە لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ڕابردوو خەڵاتی تایبەتی درایە دوای ئەوەی چوار بارهەڵگری بۆمب ڕێژکراوی داعشی لە ڕاسپاردەیەکی تاقانە دا لە سووریا لە ناو برد.
لە ١٩ی دیسامبری ساڵی ڕابردوو، پرێزیدێنت تڕامپ کشانەوەی دەستبەجێی سەربازە ئەمریکاییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند، کە لەوێ ٢٠٠٠ پیرسۆنێلی ئەمریکایی دامەزرێندرابوون.  بە پێچەوانەی ئەوەی زۆر کەس ئەو دەمی چاوەڕوانیان دەکرد، هیچ پەلەیەکی ئەوتۆ و لەپڕ بۆ ئەو دەرچوونە نەکراوە. هەر وەک ئەوەی  کە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ، مایک بۆمپێئۆ لای من دایگرتەوە  کاتێک مانگی ڕابردوو لە واشنتن چاوم پێی کەوت. ئیدارەی ئەمریکا لە گرینگی ئەوە تێدەگا کە ئەو هێز کشاندنەوەیە دەبێ بەشێوەیەکی ئاوا ئەنجام بدرێ کە بکرێ ئەو پێشوەچوونە زۆرەی کە بە دژی داعش دەست کەوتووە بپارێزدرێ. ئێمە هەر وەها دەبێ ئەوەی لە هێزمان دا هەیە بیکەین ووڵامی ئەو هەلومەرجانە بدەینەوە کە بووە هۆی سەرهەڵێنانی داعش ، کە ئەمن ئێستا دێمە سەری. واتە پێداویستی سەرەکی بە پێشوەچوونێکی سیاسی لە عێڕاق و لە سووریا دا.  حکوومەتی تازەی عێڕاق . لە ژێرڕێبەرایەتی پڕێزیدێنت ساڵح و سەرۆکوەزیر عەبدولمەهدی لە گرینگی ئەوە تێگەیشتوون کە ئاشتی بە ڕێگای سیاسەتی دێمۆکڕاتیک و ڕێفۆرمی ئابوورییەوە دەبردرێتەوە ، و حکوومەتی شانشینی یەکگرتوو  ئەوەی لە دەستی بێ دەیکا بۆ یارمەتیدانیان. دۆستی بەڕێزم سەرۆکوەزیر لە مانگی نۆڤامبری ساڵی ٢٠١٧ سەری لە عێڕاق دا  و لەوێ پێشنیاری شەراکەتێکی درێژخایەنی کرد لە بواری ئەمنییەتی دا. دۆستانی بەڕێزم  وەزیری کارو باری بەرگری  و بەرپرسی هێزە چەکدارەکان لە وەزاڕەتی بەرگری  لەو دەمییەوە چوونە عێڕاق و ئەو بەڵێنەیان بەرەو پێشەوە بردووە ، و لەو دواییانە لە مانگی ژانڤییە دا دۆستی بەڕێزم وەزیری بەرپرسی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەزاڕەتی دەرەوە  سەردانی بەغدای کرد ، و لەوێ چاوی بە سەرکۆمارو سەرۆکوەزیر کەوت و لەوێ پاکەتێکی یارمەتی ٣٠ میلیۆن پاوەندی ڕاگەیاند.  شانشینی یەکگرتوو بە پەروەردە کردنی نزیکەی ٩٠٠٠٠  کەس لە هێزە ئەمنییەتییەکانی عێڕاق یارمەتی کردووە . ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەو کارە گرینگە ، لەوانە دامەزراندنەوەی ئاکادێمی نیزامی.
لە سووریا ، شەڕی ناخۆیی ، کە دەرفەتێکی گەورەی دا بە داعش ئەوە نزیکەی ٨ ساڵە درێژە دەکێشێ. پارڵمان چیرۆکی ئەو کێشە دەرداوییە دەزانی. هەر لە سەرەتاوە ، ئێمە ئەو پەڕی حەولی خۆمان داوە بۆ چارەسەرییەکی سیاسی، بەڵام حەولەکانمان لەگەڵ بڕیاری ئەسەد بۆ ژێردەستە کردنی  ووڵاتەکەی بە هەر نرخێک دەبێ بڵا ببێ  تێکهاڵاوە و بە مێتۆدگەلی هەرە دڕندانەوە . ئێمە درێژە دەدەین بە کار کردن بۆ پێشخستنی چارەسەرییەکی ئاشتییانە. لە هەمان کاتدا، ئێمە ووڵامی هەرە گەورەمان داوەتەوە بە تاقە قەیرانێکی ئابووری. حکوومەت بەڵینی دانی زیاتر لە ٢ میلیارد و حەسەدهەزار پاوندی داوە وەک یارمەتیی ئینسانی بۆ قەیرانی سووریا  و زیاتر لە ٢٧ میلیۆن جەمە خۆراکی لە بەر دەست ناوە و هەر وەها ١٠ میلیۆن ڤاکسین لە ساڵی ٢٠١٢وە . ئێستا کە ڕووبەرێکی گەورەی سووریا لە داعش پاک کراوەتەوە. پێداویستییەکی دەستبەجێ هەیە بە یارمەتیی ئینسانی لەو هەرێمانە دا. لە لایەن دۆستی بەرێزم وەزیری  کاروبارەی بەرەوپێشبردنی ناونەتەوەیی ئەمن دەتوانم ڕابگەێێنم  کە (UK Aid) ٢٠ میلیۆن پاوندی دیکەی یارمەتی کردووە بەو ناوچانەی سووریا کە لە دەست داعش دەرهێندراون . لەوانە ڕەقە، کە بە گشتی ئەو یارمەتییە لەم ساڵی داراییە دا دەگاتە زیاتر لە ٤٠ میلیۆن پاوند.
حکومەت هێشتا لەو بڕوایە دایە کە داعش بەتەنێ گەورەترین هەڕەشەی تێڕۆریستی یە لە سەر ئەم ووڵاتە. و لە کۆتایی دا ئەمن باسی ئەو هەنگاوانە دەکەم  ئێمە هەڵیان دەهێنینەوە بۆ پاراستنی ساخ و سڵامەتی خەڵکی خۆمان لەم ووڵاتە.  ئێمە زنجیرەیەک ئامراز دەکار دەکەین  بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەی تواناییەکی لە لایەن ئەو شەڕکەرانەی لە عێڕاق و سووریاوە دەگەڕێنەوە ئێرە.
ئەو کەسانەی کە دێنەوە شانشینی یەکگرتوو  دەبێ چاوەڕوان بن لێرە لێیان بکۆڵدرێتەوە ، و ئەگەر بەجێ بوو، ڕاوەدوو بنرێن. ئەو شەڕکەرانەی کە بەدەست هێزەکانی شەریکەکانمان لە هەرێمەکە دا گیراون ئەوانیش دەبێ چاوەڕوان بن بێنە بەر عەداڵەت بۆ هەر تاوانێکی کە کردبێتیان ، بە پێی پێواژۆی قانوونی ، بێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوایەتییان .
لە سەر دەمی ئینترنێت دا ، داعش حەوجێی بەوە نییە خاک کۆنتڕۆڵ بکا بۆ ئەوەی پڕۆپاگاندە ژاراوییەکەی بڵاو بکاتەوە. پشتیوانانی لە چوارقوڕنەی دنیا هەتا دێ لە زێدە پڕۆپاگاندەی خۆیان بەرهەم دەهێنن، هەر وەها ناوەرۆکی دەستگاکانی پڕۆپاندەی ئەو گرووپە تێرۆریستییە لەگەڵ یەکتر بەش دەکەن . وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە میوانداریی دەکا لە بنکەی ستڕاتێژیی پێوەندیی ئیتیلافی جیهانی ، کەلەگەڵ شەریکە ناونەتەوەییەکان کار دەکا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پڕۆپاگاندەی داعش. حکوومەتی ئێمە هەر وەها دەستی کردووە بە ئۆپێڕاسیۆنی سایبری بەربڵاو بۆ تێکشکاندن و لەناو بردنی تواناییەکانی ئانڵاینی داعش.
ئەو کاتەی بریتانیا لەگەڵ هەڵمەتی  دژ بە داعش کەوت ، ئێمە دەمانزانی دەست بە خەباتێکی درێژخایەن دەکەین بە دژی بزووتنەوەیەک کە خۆی تەرخان کردووە بۆ بارباریزمێکی لەگوێن سەدەی ناوەڕاست و تاریکیی. ئەگەرچی تێکشکاندی داعش و خاک لە دست دەرهێنانی دڵ قایمییمان دەداتێ ، بەڵام خەبات بە دژی ئیدێئۆلۆژییەکەی زۆر ماوەیەکی درێژتر دەخایەنێ و زۆری ماوە بە کۆتا بێ. تا ئەو کاتە، ئێمە دەبێ ووشیار بین ، و حکوومەت بەردەوام دەبێ لە سەر ڕاپەڕاندنی ئەرکی یەکەمی بە ئەنجام دانی هەرچییەکی کە پێویست بێ  بۆ پاراستنی خەڵکی بریتانیا. ئەمن ئەم داخویانییە پێشکێشی پارڵمان دەکەن.

 ئێمیلی تۆرنبێری  ( وەزیری سێبەری کارو باری دەرەوە لە پارتیی لەیبر)
....ئایا دەکرێ لە وەزیری کارو باری دەرەوە بپرسم چۆنێتی پێوە چاران چ دەبێ بە شارو شارۆچکە کوردەکان لە باکووری سووریا؟  ئایا ئەو لەگەڵ قسەی من ڕێکە ، کە دوای ئەو هەموو فیداکارییەی هێزە کوردییەکان کردیان لە شەڕ بە دژی داعش دا ، و هەر ئێستاش و ئەمڕۆش لەسەر ئەو فیداکارییە بەردەوامن ئایا ئەوە نەنگ و ڕیسواییەک بۆ ئەمریکا و دنیا نابێ ئەگەر ئێستا ئەوان جێ بهێلرێن و بخرینە بەر بەزەیی تورکیا و میلیشیاکانی ؟ ئایا وەزیری کاروباری دەرەوە بە ڕوونی دەڵێ نرخی چ دەبێ ببێ حەوڵ دەدرێ پێش بە دۆخێکی ئاوا بگیرێ؟ .......
جێرێمی هانت
 یای بەڕێز باسی شەرڤانانی کوردی قسەدەی کرد. ئەمن دەمەوێ ئازایەتی بەرز و جێی سەرسووڕمانی ئەو شەڕڤانانە بە ناوی ئەو پارڵمانەوە تۆمار بکرێ. ئەمن ئێستا لە بەر دەم پارڵمان ڕاوەستام و باسی ئەوە دەکەم کە پێم وایە زۆربەی ئەندامان پێیان وایە ئەوە کارێکی ئەوپەڕ سروشتی یە و – دەوێرم بڵێم – سەرکەوتنێکی نەدیتراوە لە سیاسەتی دەرەوەیی دا کە بکرێ ڕێکخستنێکی پیس هەر سێبەرێک لە ڕابردووی لێ مابێتەوە . و ئەوەش هەڵنەدەسووڕا و موومکین نەبوو بە بێ ئازایەتی سەرسووڕهێنەری شەڕڤانانی قەسەدە نەبێ. بە گردبڕی بە هیچ جۆر جێگای قەبووڵ نییە بۆ ئەو پارڵمانە ، حکوومەت یان ووڵات لەوێ بن و ئەوە ئاکامی دوژمنانەی هەبێ بۆ ئەو شەڕڤانانە لەلایەن دەستەڵاتە هەرێمییەکانەوە. ئەمن لەو بارەیەوە لەگەڵ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قسەم کردووە کاتێک لە ٢٤ی ژانڤییە سەرم لەوێدا ، و ئەمریکاش بۆ چوونی وەک دیتنی ئێمە وایە. لە ڕاستییدا ، تورکیاش لە بۆچوونی ئێمە سەبارەت بەو بابەتە ئاگادارە. تورکیا حاڵی حازر دەورێکی گەورە بۆ ئێمە دەگێڕێ، چونکە ژمارەیەک لە شەڕکەرانی گیراوی بێگانەی لە لایە  و ئاگادارییان لێ دەکا. ، جا بۆیە دەوری وی درێژە دەکێشێ تابڵیی گرینگ بێ بۆ ماوەیەک.
کریسپین بلانت ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ ، ڕایگەیت)
  ئەمن سپاسی قسەکانی وەزیری کاروباری دەرەوە دەکەم بۆ دەربڕینی پێزانی تەواو لە ئاست قەسەدە لە شەڕکردنی لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئێمە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەئ ئەوان ٨٠٠٠ عەسکەریان بەخت کردووە ، چ ژن چ پیاو ، و ٥٠٠٠ کەسیان بۆ هەمیشە سەقەت بوون. وەزیری کاروباری دەرەوە دەلێ ئەوان لە کاتێکدا هەموو خاکەکەیان ڕزگار کردووە دوایە بە هەزاران شەڕکەری بێگانەشیان دەردەست کردوە و ئێستا بەرپرسیارن بۆ لێکۆڵینەوە لەو گیراوانە. بە دڵنیاییەوە ئەو دەوڵەتانەی کە ئەو جۆرە گیراوانە لە ووڵاتەکانی ئەوانەوە هاتوون دەبێ قورسایی لێکۆڵینەوە و ڕاوەدوونانی شارومەندانی خۆیان بە ئەستۆوە بگرن کە ئێستا ئاگادارییان لێ دەکرێ. کەنگێ وەزیری کارو باری دەرەوە کاربەدەستانی ڕادەسپێرێ بۆ ئەوەی دەست بکەن بە موزاکەرە لەگەڵ هێزەکانی فێدراسیۆنی دێمۆکڕاتیکی باکووری سووریا بۆ ناردنەوەی ئەو جۆرە گیراوانە بۆ شانشینی یەکگرتوو  و لێکۆڵینەوەی تەواو و ڕاوەدوونانی شارومەندە بریتانیاییەکان  کە بریتیین لە خەڵکی تەواو بێ گوناه تا کەسانی نائاسایی و تا دەگاتە خەڵکانی بکووژی بەمەترسی، کە ئەوانە دەبێ لە زیندانی بریتانیا دا بن هەرچەندی زووی کە لە ڕووی پراتیکییەوە هەڵبسووڕێ؟

جێرێمی هانت
ئەمن سپاسی دۆستی بەڕێز دەکەم بۆ قسەکانی. یەکەم، سەبارەت بە ئازایەتی ئەو خەڵکەی کە شەڕی داعشیان کردووە لە سووریا، گرووپێک هەیە کە تا ئێستا باسمان نەکردوون ، و ئەوانیش بریتین لە کڵاو سپییەکان، کە کاری ئەو ئەوپەرسروشتییان کرد لە سووریا – نەک هێندە لە کێشەی تایبەتی بە دژی داعش دا، بەڵام دەکرێ ئێمە شانازی بکەین کە ووڵاتەکەمان ٢٩ بنەماڵەی لە کڵاو سپییەکان لەم ووڵاتە دامەزراندووەتەوە و دەوری سەرەکیمان بوو بەرەو کۆتایی ساڵی ڕابردوو بۆ هێنانە دەری ٤٠٠ کڵاو سپی لە سووریا.
ئەو مەسەلەی دی کە دۆستی بەڕێزم هێنایە گۆڕێ – ئەمن هیچ گومانم لەوەدا نییە کە ئەو بە زانیارییەکی یەکجار زۆر لەمەر هەریمەکەوە قسە دەکا – هەتا بڵیی ئاڵۆز و پێچەڵپێچە. هۆکاری ئاڵۆز بوونی ئەوە نییە کە ئێمە نامانەوێ بەرپرسیارەتی ئەو تاکوتەرایانە بە ئەستۆوە بگرین ، ئەگەرچی چت لێت بشارمەوە ئێمە پێی خۆشحاڵ دەبین کە ئەوان قەت نەگەڕێنەوە، چونکە ئەوان چوونەتە ئەوێ بۆ شەڕ کردن لە ڕیزی  دوژمنێک دا کە جینایەتی هەرە دڵتاوێنی ئەنجام داوە. ئەوەی لە سەر شانی ئێمەیە ئەوەیە کە ئەو جۆرە کەسانە ڕووبەرووی عەداڵەت بکرێنەوە ، و جار و بار تەنێ ئەوە هاسان نییە کە ئەوان بهێندرێنەوە  ئێرە. جا بۆیە ئێمە لە سەر ئەوە کار دەکەین ئەوەندە گورج و خێرا کە ئێمە بتوانین چارەسەرییەکی  دروست بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بکرێ چاو لە چاوی ئەو قوربانییانە بکەین کە ئازاریان چێشتووە  و پێیان بڵێین کە ئێمە بکەرانی ئەو جینایەتانەمان هێناوەتە بەردەم عەداڵەت .

باب ستوارت  ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ  ، بێکن هام )
بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی لە دادگەی تاوانکاری شەڕ دا شاهیدیم داوە ، تێ گەیشتنی من ئەوەیە  ئەو کەسانەی تاوانبار دەکرێن بە تاوانی جێنۆساید یان تاوان بە دژی مرۆڤایەتی  دەبێ لەو ووڵاتە دا دادگایی بکرێن  کە تاوانکارییەکانیان تێدا ئەنجام داوە . ئایا ئەو کەسانەی کە بە دژی ئێزیدییەکان جێنۆسایدیان کرد  لە عێڕاق دادگایی دەکرێن یان ئەوەی کە دادگای تاوانکاری ناونەتەوەیی لەو بارەیەوە  هێندێک بەرپرسیارەتی هەیە بۆ ئەوەی بەو مەسەلەیەوە بچارێ ؟
جێڕێمی هانت
دۆستی بەڕێزم قسەکەی ڕاستە؛ یەکەم مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئەوان دەبێ  لە عێڕاق دادگایی بکرێن ئەگەر هەڵبسووڕێ کە لە عێڕاق عەداڵەتیان لە سەر تەتبیق بکرێ. و هێچ هۆیەک لە گۆڕێ دا نییە ئەوە نەکرێ، بە لە بەرچاوگرتنی هاتنە سەر کاری حکوومەتی تازەی عێڕاق. هەڵبەت کەیسی ئاوا هەیە  کە لەواندا خەڵک ناتوانن عەداڵەتیان بەر بکەوێ  لەو ووڵاتەی دا کە جینایەتەکەی تێدا کراوە. ئەوە دۆخێکی وایە کە
ICC واتە دادگای تاوانکاری ناونەتەوەیی دەتوانێ دەور بگێڕێ ، و هەر بۆیەش ئێمە پشتیوانی لەو دادگەیە دەکەین . ئەو دادگەیە دەورێکی زۆر گرینگی هەیە کە لە ڕووی ناونەتەوەییەوە بیگێڕێ، سەڕەرای ژمارەیەک ئالنگاری کە هەنووکە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.

جەک لۆپرێستی  ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ ، فیلتن و برادلی ستۆک)
دۆستی بەڕێزم دەزانێ کە هەرێمی کوردستانی عێڕاق و پێشمەرگەی دلێر هاوپەیمانانی سەرەکی و گرینگ بوون  لە تێکشکانی داعش لە مەیدانی نەبەرد دا.  ئێمە هەموومان پێمان وایە و پێی لێ دەنێین  کە ئیدێئۆلۆژی داعش  هێشتا تێک نەشکاوە.  بە لەبەرچاوگرتنی  دەوری گرینگ و پۆزیتیڤی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڵنگاری و ڕووبەڕووبوونەوەی  ئێدێئۆلۆژییە تیژپەڕە بەردەوامەکان و پاراستنی ئەمنییەت لە هەرێم دا ، ئایا جەنابی وەزیر  حەولەکانی زیاتر دەکا  بۆ ڕاهێزاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە عێڕاق دا  و یارمەتییان دەکا بۆ وەدەستهێنانی چارەسەرییەکی سیاسی تەواو و عادڵانە لەگەڵ بەغدا ؟
جێرێمی هانت
دۆستی بەڕێزم ئاماژە دەکا بە خاڵێکی گرینگ.  ئێمە لە حاڵی حازر دا یارمەتی دەکەین بۆ پەروەردەی پێشمەرگە.  دۆستی بەڕێزم وەزیری بەرپرسیار بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا هەر نزیکەی دوو حەوتوو لەمەوبەر لە بەغدا و هەولێر بوو ، و لەوێ چاوی کەوت بە سەرکۆمار ساڵح  وسەرۆکوەزیر عەبدولمەهدی  بۆ ئەوەی قسە بکا سەبارەت بە ئەو ئاشتبوونەوە گرینگە و جێکردنەوەی کوردەکان لەو پێواژۆی ئاشتبوونەوەیە دا،

مارک پریچارد ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ ،  ورێکین )
وەزیری کارو باری دەرەوە دەزانێ کە ڕێژیمی خۆسەر و ئیتیلافی عەڕەب – مەسیحی  لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا  لە ژێر گوشارێکی زۆری ڕێژیمی ئەسەد دان . دوایین بیر کردنەوەی حکوومەت چییە سەبارەت بە نەخشەی ناوچەی هێمنی
سەرکۆماری تورکیا  ئەردۆغان؟
جێرێمی هانت
ئێمە لە نزیکەوە چاو لەو نەخشەیە دەکەین.  و ئێمە لەو بارەیەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان  لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەریکی قسە کردنین.  ئێمە لە هۆی ستڕاتێژی تێ دەگەین کە بۆچی سەرکۆمار تڕامپ  دەیەوێ سەربازە ئەمریکاییەکان بکشێنێتەوە، بەڵام دەغدەغە و غەمی ئێمە ئەوەیە دەستەبەر بین ئەوە ئاکامی مەبەست نەبووی بە دواوە نەیە. جا لەبەر ئەوە ئێمە پێمان وایە ئەوە جێی دڵخۆشییە ، لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ڕاگەیاندنی سەرەتایی دا گوترابوو کە ئەو پاشەکشەیە زۆر بە خێرایی دەست پێ دەکا ، بەڵام دەوڵەتە یەکگرتووەکان بە کردەوە بە پراگماتیسمێکی جێی سرنج جووڵاوەتەوە.

فیلیپ هۆلۆبۆن ( پارتیی کۆنسێرڤاتیڤ ، کێتێرینگ)
وەزیری کاروباری دەرەوە ، دۆستی بەڕێزم سیاسەتمەدارێکی ناونەتەوەییە.  سەد ساڵ لەوە پێش ، ئەو کەسەی لەم پلەیەی ویدا بوو  نەخشەی سنوورەکانی گشت ئەو ووڵاتانەی کێشاوە کە ئێمە ئێستا قسەیان لە سەر دەکەین لەم دوای نیوەڕۆیە دا . لە پەیماننامەی ڤێرسای لە ١٠٠ ساڵ لەمەو بەر ، گەلی کورد  بە کردەوە لە لایەن هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە چاوی  لێ هەڵبواردرا و لای لێ نەکراوە. سەد ساڵ دواتر ، دوای حەولە دلێرانەکانیان بە دژی داعش ، داخودا دۆستی بەڕێزم  دڵنیایی دەدا بە پارڵمان  کە دیسان  پشتی کوردەکان بەر نادا  و یارمەتییان دەکا  بۆ دەستخستنی ئەگەر سەربەخۆێیش نەبێ ، بەلانی کەمەوە بۆ وەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی  لە سووریا ، عێڕاق ، تورکیا و ئێران دا ؟

سەرۆکی پارڵمان
جگە لە نرخی ئەو قسانەی  کە ئەندامی ڕێزدار کردی سەبارەت بە ستاتووی  وەزیری کارو باری دەرەوە  وەکوو سیاسەتمەدارێکی ناونەتەوەیی  ئەو ڕێزدارە بە گشتی خاوەن ڕوحێکی گەورەیە و باوکێکی هەتا بڵێی چاوکراوەیە لەتەک منداڵان دا .
جێڕێمی هانت
ئەمن تاڕادەیەک سەرەم لێ تێکچووە ، بەڵام کەسێک ڕوونم دەکاتەوە سەبارەت بە دەرگاکانی حیکمەتی ئێوە. ئەمن پێم وایە ئەوەی دۆستی بەڕێزم دەیڵێ نرخی ئەوەی هەیە بەجیدی بیری لێ بکرێتەوە. ڕاستی ئەوەیە ئێمە بینیومانە  کوردەکان چ هاوپەیمانێکی گرینگمان بوون لەو نەبەردە دا بە دژی داعش.  ئەگەر ئێمە ئێستا  پشتیان بەردەین ، ئەوە سیگناڵێکی گەلێک خراپ دەنێرێ سەبارەت بە بەرعۆدەییەکانی ئێمە لە ئاست هاوپەیمانەکانمان  لە هەر کێشەیەکی داهاتوو دا کە لەوانەیە ئێمەی تێوە بگلێین . لە پێوەندی لەگەڵ کاردانەوە نیشان دان لە ئاست ئەوەی کە هاوپلەکانی من  سەد ساڵ لەمەو بەر کردوویانە ، ئەوە لە سەر شانی هەموو وەزیڕێکی کاروباری دەرەوەیە کە پێویستی بەوەیە بە دەرەجەیەک لە دڵنەزمی لە پیشەکەی نزیک ببێتەوە.

جاناتان ئێدواردس ( پارتیی پلاید کامری ، کارماردنی ڕۆژهەڵات و دینەفۆر)
وەک زۆرێک لەو کەسانەی لەم گۆتوبێژە دا بەشداریان کرد ئاماژەیان پێ کرد . کوردەکان  کارە خراپەکەیان بۆ ئێمە کردووە لە سەر زەوی لە باکووری سووریا بە دژی داعش ، لەگەڵ ئەوەشدا ، بە پیی قسەی لێکدەرەوەیەکی بارودۆخی بەرگری ، ئەوان لەگەڵ قەسابییەکی توانایەکی ڕووبەڕوون بە دەست ئەڕتەشی تورکیا. حکوومەتی بریتانیا چ دەکا بۆ ئەوەی پێش بەو خەیانەتە پیسە بگرێ و کوردەکان لە ئاست هێرش و دەستدرێژی تورک بپارێزێ و دەرفەت بدا بە کوردەکان بۆ ئەوەی  کارەکە تەواو کەن لە دوایین پێگەی داعش لە ئەستانی دەیرەزۆر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ؟
جێرێمی هانت
ئێمە لەوە تێ دەگەین  کە تورکیاش ، مافی هەیە سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی خۆی ، بەڵام ئێمە زۆر نیگەرانین  لەوەی کە دەکرێ ڕووبدا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەی ئاغای بەڕێز هێنایە گۆڕێ بێتوو پاشە کشەی ئەمریکا زۆر بە پەلە و تاڵووکە بێ، و ئەگەر ئەوە ڕوون نەبێ کە چ ئاکامێک هەم بۆ ئەمریکا و هەم بۆ ئێمە قابیلی قەبووڵ نابێ. هەر لەبەر ئەوەشە گۆتوبێژێکی زۆر هەبووە لە نێوان تورکیا، ئەمریکا، شانشینی یەکگرتوو، و هاوپەیمانەکانمان ، بە ووردی بۆ پێشگرتن لەو ئاکامەی ئەو بەڕێزە باسی لێوە دەکا.

وەرگێڕان : حەسەن قازی

سەرچاوە: ویبنووسی ڕوانگە
ڕاگواستنی ئەو وەرگێڕانە بە ئاماژە بە سەرچاوە ڕەوایە




No comments: