Wednesday, April 1, 2020

بەرز و پیرۆز بێ بیرەوەری حوسینی زێڕینگەران ( فرووهەر) [ کاوە -١ ] ئەندامی ژمارە یەک و یەکەم سەرۆکی کۆمەڵەی ژیانی کورد





بەرز و پیرۆز بێ  بیرەوەری حوسینی زێڕینگەران ( فرووهەر) [ کاوە -١ ]  ئەندامی ژمارە یەک و یەکەم سەرۆکی کۆمەڵەی ژیانی کورد
ئەمڕۆ سێزدەی خاکەلێوەی ١٣٩٩ ، چل وحەوت ساڵ لە مەرگی حوسێنی زێڕینگەران ڕادەبرێ، حوسێنی زێڕینگەران چ لە زەمانی چالاکی پارتیی ئازادیی کوردستان و چ لە پێکهێنانی کۆمەڵەی ژێکاف و لە ماوەی جمهووری کوردستان دا بێوچان تێکۆشا. ناوی وی بە گرتنی شارەبانی مەهاباد لە ٢٦-ی ڕێبەندانی ١٣٢٣ [ ١٥-ی فێڤرییەی ١٩٤٥]، وە لکاوە. کە تێیدا دوایین نیشانەی دەستەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بەر لە ڕاگەیاندنی کۆمار ، لە مەڵبەندی موکریان تێکەوەپێچرا . تا ئەوجێی زاندراوە زۆربەی ئەندامانی سەرەتایی ژێکاف لە ماڵی وی سوێندی ئەندامەتییان خواردووە. لە دامەزرانی کۆمەڵە تا کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٤ سەرۆکی کۆمەڵە بووە. زێڕینگەران ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیکاری هەڵدانی ئاڵای کوردستان بەر لە ڕاگەیانی کۆمار بوو ( نەغەدە، بۆکان ، یەكشەوە ... ). لە سەردەمی کۆمار دا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و کۆمیتەی شاری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئەرکی کۆکردنەوەی منداڵانی بێ دایوباب و دەبەر خوێندن نان و بەخێو کردنیانی پێ ئەسپێردراوە. لە هێزی دێمۆکڕاتی کوردستان دا دەرەچەی پۆدپۆلکۆڤنیکی هەبووە و لەچەندین مەئموورییەتی گرینگ دا نوێنەرایەتی حکوومەتی کوردستانی کردووە، بۆ نموونە وتووێژ لەگەڵ دوکتور سەلاموڵای جاوید  نوێنەری حکوومەتی ئازەربایجان لە دەورو بەری نەغدە و بەلا داخستنی ئەو کێشەیەی لە گۆڕێ دابووە. لە دوای ئەوەی ژەنەڕاڵ مایۆر حەمەڕەشیدخانی خانزادە ویستوویە جمهووری بەجێ بێڵێ وەک ئەندامی هەیئەتی لێپرسینەوە چووەتە سەرا. بە پێی گێڕانەوەی غەنی بلووریان لە کۆتاییەکانی سەردەمی کۆمار دا لە بەر جووڵانەوەی تاکە کەسی لە هێزی میللی وەلا نڕاوە و هەر ئەوەش بووەتە هۆی ئەوە کە دوای ڕووخانی کۆمار حوکمی ئیعدامی بشكێ.
دوای ڕووخانی جمهووری  لە دادگەی یەکەم لە تەورێز حوکمی ئیعدامی دەدرێ ،بەڵام لەگەڵ لێجۆشبوونی گشتی لە ساڵی ١٣٢٩ (١٩٥٠ ) لە زیندان دەردەکەوێ  و لەیەک دوو ساڵی ئازادی دا درێژە دەدا بە چالاکییەکانی، هەر وەک سەردەمی ژێکاف ماڵەکەی دەبێتە مەکۆی چالاکی سیاسی. 
چاکم وه‌بیر دێ له‌ زه‌مانی سه‌رۆکوه‌زیری محه‌مه‌دی موسه‌دیق دا که‌ چالاکی سیاسی  لە کوردستانیش بووژابووه‌وه‌ له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌که‌یان له‌ گه‌ڕه‌کی "ڕزگه‌یان" ی مهاباد به‌ سه‌رپه‌رستی  نەمر عه‌زیزی یۆسفی ڕێوڕه‌سمی ڕۆژی جیهانی منداڵان" به‌ڕێوه‌ چوو کە منداڵەکانی خۆی،. چەند لە منداڵەکانی پێشەوا و من و چەند کەسی دی ئەو سروودەمان خوێندەوە کە نەمر یۆسفی فێری کردین.
دوای کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ ( ١٩ی ئووتی ١٩٥٣) ، دیسان زێرینگەران گیراوە و تا ساڵی ١٣٤٥ لە زیندان دا مایەوە. زێرینگەران لەو تێکۆشەرانەی سەردەمی جمهووری بوو کە لە هەموان زیاتر زیندانی کێشا.
له‌ ساڵانی ١٣٤٦ – ١٣٤٧ ی هه‌تاوی، ئه‌و کاته‌ی له‌ تاران ده‌ژیام چه‌ندین جار چوومه‌ دیداری.سه‌باره‌ت به‌ ڕابردووی سیاسی و به‌ تایبه‌تی سه‌رده‌می کۆمار که‌مدوێ بوو. له‌چه‌ند که‌سی که‌ له‌ گه‌ڵی ده‌ زیندان دا بوون بیستوومه‌،له‌ ئاست زیندانه‌وانان بوێر و به‌گشتی که‌سێکی نه‌حاواوه‌ بووه‌. حوسێنی زێڕینگەران لە ١٣-ی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٥٢ی هه‌تاوی (٢-٤ -  ١٩٧٣  ) له‌ شاری تاران کۆچی دوایی کردووه‌ و ته‌رمی پیرۆزی له‌ گۆڕستانی به‌هه‌شتی زه‌هرا، قه‌تعه‌ی 3، نێژراوه‌.
ئەو وێنانە کە بۆ یەکەم جار بڵاو دەبنەوە ئی ئەو سەردەمەیە کە ماوەیەکی کورت دوای لێبوردنی گشتی بۆ گیراوانی بزووتنەوەی کوردستان و ئازەربایجان دیسان تێ هەڵچووەتەوە و لەگەڵ تێکۆشەرانی کرێکاری و ئەندامانی حیزبی توودەی ئێران لە بەر بینای مەجلیسی شووڕای میللی ئێران پرۆتێستی دانیشتن(تحصن) یان ئەنجام داوە. ئەو وێنانە لە ئەلبۆمی بنەماڵەیی دا بوون و بە پێی وەسیەتی نەمر ئیبراهێم زەردەشت فڕووهەر تاقە کوڕی لە لایەن کچەکانییەوە بۆ ماڵپەڕی ' وێنەی کۆماری کوردستان" نێردروان. لە پشت دوو لە وێنەکان نەمر حوسێنی زێڕینگەران بە دەستخەتی خۆی بەروار و بۆنەی هەڵگرتنی وێنەکانی ئاوا باس کردووە،
روز ٢٥ مرداد سال ٣٠ در موقع تحصن در محوطە مجلس شورای ملی با سایر رفقای متحصنین  کارگران و  نمایندگان کارخانەهای تهران و نمایندگان آبادان توسط خبرنگاران و عکاسان اطلاعات و غیرە برداشتە شد
٢٥/٥/  ٣٠  ( ڕۆژی ٢٥  -ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٠ [ جومعە ١٧-ی ئووتی ١٩٥١] لە دەوروبەری بینای مەجلیسی شووڕای میللی  لەگەڵ ئەو هاوڕێ کرێکارانەی دیکەی نوێنەرانی فابریکەکانی تاران و نوێنەرانی کرێکارانی ئابادان  کە پڕۆتێستی دانیشتنان کرد بوو . ئەو وێنانە لە لایەن نووچەگەیان و وێنەگرانی ڕۆژنامەی 'ئیتلاعات ' و هتاد. هەڵگیرا. ٢٥/ ٥/ ١٣٣٠  [  ١٧ / ٨/ ١٩٥١ ] )
روز ٢٥/٥/ ٣٠  در موقع تحصن در مجلس شورای ملی توسط خبرنگاران و عکاسان اطلاعات برداشتە شد
٢٥/ ٥/ ٣٠ ( ڕۆژی ٢٥ / ٥ / ١٣٣٠ [ جومعە ١٧- ی ئووتی ١٩٥١ ]  لە کاتی پرۆتێستی دانیشتن لە مەجلیسی شوورای میللی  لە لایەن نووچەگەیان و وێنەگرانی ڕۆژنامەی ' ئیتیلاعات ' ئەو وێنەی هەڵگیرا. ٢٥ / ٥ / ١٣٣٠ )

هەر بەرز و پیرۆز بێ یادی حوسێنی زێرێنگەران 










No comments: