Monday, June 5, 2023

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣ پانێلی سێیەم : وتاری هێمن سەییدی لێکۆلەری سیاسی

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣
پانێلی  سێیەم
وتاری هێمن سەییدی لێکۆلەری سیاسی

دیمەن سۆهرابی بەڕێوەبەری پانێل: پانێلیستی دووەممان بەڕێز هێمن سەییدی یە لێکۆلەری سیاسی و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی مەرکەزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بووە و ئێستا لە زانکۆی ئیگزێتر کاندیدای دوکتورایە لە بواری  کوردی دا و دوازدە ساڵە لە میدیا فارسییەکان وەکوو کەسێکی سەربەخۆ چالاکە. ئەمڕۆ  لەسەر پێکهاتەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزب  و کەسایەتییە سیاسییەکان بابەتێکمان پێشکێش دەکات. فەرموو.
هێمن سەییدی: زۆرسپاس، سڵاوم هەیە بۆ هەموو لایەک . زۆر سپاسوو دەکەم ئێوە ڕۆژی شەمە بەو هەوا خۆشە لە سوێد سەرووی ٢٠ دەرەجە، غەنیمەتە لە جیات ئەوەی کە بچنە سەیران و میوانی هاتوونەتە ئێرە و ئەوە بۆ من زۆر جێی ڕێزە، دەستوو خۆش بێت بە تایبەت ئەوانەی کە لە ڕێی دوورەوە هاتوون. 
دەمهەوێ بەر لەوەی کە دەست بە باسەکە بکەم لە سەر قەوارەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان عەرزتان بکەم بە هێندێک پرسیار وەبیرتان بهێنمەوە کە ئێوە کێن؟ یەکەم پێناسەتان ئەوەیە کە کوردن، دووهەم ئەوەی کە دەکرێ بڵێین یا نێوی بنێین کوردستانی ئێران یا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڵام بە گشتی لە شوێنێک لە دایک بوون کە لە جوغرافیای سیاسییەکی ناسراو بە نێوی  ئێرانە. ئەگەر پێمان ناخۆش نەبێ ئێمە دەتوانین بڵێین ئێمە کوردی ئێرانین یان کوردێکین کە لە ئێران دەژین.
پێناسەی سێیەمتان ئەوەیە یا ئەندامی حیزبین یا لایەنگری حیزبێکن، یا کەسێکی سەربەخی سیاسین بەڵام سەیر ئەوەیە من لە دەرەوەی کوردستان  هیچ ڕێکخراوێک نابینم  کە ئێوە نوێنەرایەتی بکەن بە چ مانا؟ هیچ کام لە ئێوە ئەندامی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق نین. هیچ کام لە ئێوە دەکرێ بڵێین سەلتەنەت تەڵەب نین، هیچ کام لە ئێوە سەر بە گرووپی وەکوو چریک فەداییەکان، ڕاهێ کارگەر، جەبهەی متللی ئێران، یا حیزبی میللەتی ئێران یا ئەو ڕێفحمخوازەکان، بزووتنەوە سەوزەکان هیچکام لێرە نین یانی دەتوانین بڵێین لەو جوغرافیایەی کە پێی دەڵێن کوردستانی ئێران یا ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جوورێک بە سەربەخۆییەکی سیاسی گەیشتووین . قەوارەیەکی سیاسیمان هەیە کە ئەو قەوارە سیاسییە  هیچ پێوەندییەکی بە دەرەوەی کوردستانی ئێران نییە تەنانەت لە چوارچێوەی ئێراندا. مەسەلەن ئەو پێناسەیە بەلووچستان و ئازەربایجان و خووستان ناگرێتەوە. یا مەسەلەن ئەوڕۆکانێ ڕەخنەگیرا لە کۆمەڵگای کوردستان، لە حیزبە کوردییەکان بەڵام کەس باسی کۆمەڵگای ئازەربایجان و خووزستانی نەکرد، کە مەسەلەن لە شۆڕشی ژینا دا چییان کرد، چییان نەکرد. چون کارنامەیەکیان نەبووە هەتا هەڵیان بسەنگێنین بە باش و بە خراپ.
کەس ڕەخنەی لە حیزبەکانی ئازەربایجان یا خووزستان  یان تەنانەت بەلووچستان ناگرێ، بگرە بەلووچستانیش کە ئەلئان خەڵکەکەی لە سەر شەقامن  وە بەڕاستی خەریکن خەبات دەکەن بەڵام شتێک بە ناو حیزبی بەلووچیمان نییە تا کوونێ بێین شی بکەینەوە، تەوزیحی لە سەر بدەین. وە سەیر ئەوەیە لە سەرانسەری ئێران حیزبمان نییە بۆ وێنە ئەو حیزبانەی کە پێش حیزبی دێمۆکڕات دامەزرا بوون بۆ وێنە حیزبی توودەی ئێران، حیزبی دێمۆکڕاتی ئێران کە قەواموسەلتەنە سەرۆکوەزیران دایمەزراند یەک مانگ بەر لە دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان واتە لە پووشپەڕی ١٣٢٤، کەسێک کە سەرۆکوەزیرانە، دەسەڵاتی هەیە دێنێ و حیزب دادەمەزرێنێ بە نێوی حیزبی دێمۆکڕاتی ئێران ، ئیحتیمالەن هەر ناویشتان نەبیستووە، یا حیزبی توودە دە ساڵ بیست ساڵیشە زۆر باسی ناکردرێ. چرک فیداییەکان پێوەندییان لەگەڵ خەڵک نەماوە. میللی – مەزهەبییەکان، موجاهیدین  میانگینی تەمەنیان لە عەدەدی ٦٠ نزیک بۆتەوە واتە نەیان توانیوە تەنانەت نزیکانی خۆشیان ڕابکێشن.
ئەم سەربەخۆییە سیاسییە چۆن پێک هاتووە لە حیزبەکانمان دا و لە کەسایەتییەکانمان دا چون عەرزم کردن ئێوە دەتوانن کەسایەتی سیاسی سەربەخۆش بن بەڵام سیاسین. من لە سێ قۆناغی مێژوویی دا شی دەکەمەوە کە چۆن ئێمە  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەربەخۆیی سیاسی گەیشتووین و دوایە پێشنیارێکتان عەرز دەکەم.
قۆناغی یەکەم کە ئێمە توانیمان حیسابی خۆمان لە باقی  ناوچەکانی ئێران جیا کەینەوە وە قازانجمان کرد بە دامەزراندنی حیزبی  دێمۆکڕاتی کوردستان بوو. ساڵی ١٩٤٦ یان ١٣٢٤-ی هەتاوی. ئەو کات هەستێک هەبوو فەزایەکی سیاسی پێک هاتبوو لە ئێران و لە کوردستان ، چالاکی سیاسی لە ئەوج دا بوو، حیزبی سیاسی دامەزرا بوو، ئیشاڕەم کرد بە حیزبی دێمۆکڕاتی ئێران  کە سەرۆکوەزیران دایمەزراند بوو، دوو ساڵ پێشترەکەی حیزبی توودە دامەزرابوو، لە پەنا ئێمە فرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان دامەزرا بوو  کە هێندێک تەمایولیشی بۆ کوردستان هەبوو یانی پێی خۆش بوو تەنانەت لەکاتی دامەزرانی حکوومەتی میللی ئازەرباینجاندا  دەیانەویست کوردستان بکەنە بەشێکی حکوومەتی میللی ئازەربایجان. بەڵام دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کارێکی کرد ئەو لاوە کوردانە، ئەو خەڵکە کوردستانەی کە دەیانهەویست چالاکی سیاسی بکەن  نەچن ببنە ئەندامی حیزبی توودە یا ئەندامی حیزبی دێمۆکڕاتی ئێران یا فرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بوو بە چەترێک  بوو بە تۆڕێک، نێت ۆرکێک کە ئەو  لاوە کوردانە، ئەو گەنجە کوردانە و ئەو تێکۆشەرە کوردانەی لە دەوری یەک کۆ کردەوە. ئەوە حیزبە ماوە سەیرە . سێ حیزبەکەی دیکە ئیتر  نەماون، فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان  بیست ساڵ دواتر لە حیزبی توودە دا تواوە بوو بە لقی ئازەربایجانی حیزبی توودەی ئێران. ساڵی ١٩٥٩-ی میلادی ئەو ڕێکەوتنەیان ئیمزا کرد. حیزببی دێمۆکڕاتی ئێرانی قەواموسەلتەنە هەر کە مرد و حیزبی توودەش دەکرێ بڵێین بە ڕاستی حزووری واقعی نەماوە لە دونیای سیاسەت دا.
ئەو هەلومەرجە بۆ سی ساڵان درێژەی هەبوو، حیزبی دێمۆکڕات گەورەتر و گەورەتر بۆ وە، پەرەی سەند لە تەبعید دا، لە ئاوارەیی دا، لە دەرەوەی وڵات، لە تاراوگە، لە زیندان، لە سەنگەری خەباتی چەکداری لە قۆناغێکی دوو ساڵە دا، خۆی ڕاگرت تا هەلومەرجی ڕووخانی شای پێش هات  و  شۆڕش کرا. ئەو کات وێڕای وەی کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان حیزبێکی جەماوەری بوو، حیزبێکی بە نفووز بوو  بەڵام ئاڵوگۆڕێک لە فەزای سیاسی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەنانەت جیهان پێک هاتبوو  رادیکالیزمی چەپ گەیشتبووە لووتکە چێگوارا  بە جۆرێک، مائۆ بە جوورێکی دیکە، نەندیشەی کۆمۆنیستی ڕادیکاڵ لە ئەوجی خۆیدا بوو لە سەتحی جیهاندا. لەو ئوڕووپایە فیلسووفی گەورەی وەک ژان پۆل سارتر مان هەبوو کە خۆی وەکوو مارکسیست پێناسە  دەکرد.
لەو نێوە دا کۆمەڵە گەنجێک هەبوون کە کورد بوون هەستی شۆڕشگێڕییان هەبوو  پێیان وابوو دەبێ ئاڵوگۆڕێکی گرینگ لە کۆمەڵگای خۆیان پێک بێنن. ئەنواعی حیزبی چەپیش هەبوو؛ حیزبی پەیکار و تووفان و چریکی ئەکسەرییەت و ئەقەلییەت و چووزانم  بۆخۆتان ئەوانەتان ڕەنگە لە بیر بێت، بەڵام کۆمەڵە کە دامەزرا ئەوجار کۆمەڵە بوو بە چەترێک  کە ئەو کەسانەی کە بە هەر هۆیەک پێیان خۆش نەبوو لە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان  دا چالاکی بکەن ئیدی جەزبی جەرەیاناتی چەپی سەراسەری نەبن، نەبنە ئیتیحادییەی کۆمۆنیستها، نەبنە ئەقەلییەت، بەبنە پەیکار  وە ئەو دەگمەن کەسانەش کە بوونە دوایی گەڕانەوە بۆ ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە. لە ڕاستیدا ئەو جار کۆمەڵە بوو بە جەترێک کە قەوارەی سیاسی کوردستانی ئێران، ڕۆژهەڵاتی کوردستان  زیندوو بمێنێت. حیزبی دێمۆکڕات جێگاکەی مەحفووز بوو، جێگە و پێگەی هەبوو، ئێستاش دەتوانین بڵێین حیزبی یەکەم بوو، بەڵام کۆمەڵە کارێکی کرد کە لاوی کورد نەچێتە دەرەوەی کوردستان وەدوای ئاواتە سیاسییەکانی خۆی بکەوێ.
ئەو هەلومەرجە بۆ بیست ساڵی دیکەش درێژەی کێشا دوای بیست ساڵان دیسان جیهان گۆڕا سەدەی ٢١ بوو، ئاڵوگۆڕ پێک هاتبوو، شۆڕشگێڕی تازە  هاتبوونە مەیدان، لاوی خوێن گەرم  لە مەیدان دا بوون هەلومەرجێکی کراوەیی سیاسی تەقریبەن لە ئێرانێ هەبوو، سەردەمی ڕێفۆرمیست بوو، لەو بەری ئەندێشەی تازە  هاتبووە ئارا، باس لە دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵ دەکرا، باس لە کۆنفێدرالیسم دەکرا، باس لە فێمێنیزم و ژینگە پاراستن و شتی وا دەکرا کە ئەوڕۆ زۆریشمان باس لە سەر کرد  بەهەر حاڵ کۆمەڵە و دێمۆکڕات لە سەر جێی خۆیان مەحفووز بوون، جێگە و پێگەی خۆیان هەبوو. بەڵام کۆمەڵە کەسێک کە بە هەر هۆیەک پێیان خۆش نەبوو خۆیان لە قالبی کۆمەڵە و دێمۆکڕات دا نەدەدیتەوە نەچوون ئەوانیش لە دەرەوەی کوردستان ببنە بەشێک  لە  حیزبی میللەتی ئیران یان جەبهەی میللی ئێران، یان جەبهەی موشارەکەتی ئێرانی ئیسلامی  یان ببنە سەلتەنەت تەڵەب یان ببنە موجاهید یان ببنە  حێکمەتیست. لە قالبی پژاک دا خۆیان بە ڕێخستن کرد.
لە ڕاستیدا لە قۆناغی سێهەم دا پژاک بوو بە چەترێک کە نەیهێشت ئەو لاوە کوردانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  خەبات دەکەن هاتوونەتە مەیدان بەڵام بە هەر دەلیلێک پێیان خۆش نییە کۆمەڵە و دێمۆکڕات بن، نەبنە شتێکی دەرەوەی کوردستانی.  کە وایە ئێمە بە جۆرێک بە سەربەخۆییەکی سیاسی گەیشتین کە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان نییە.
عەینی ئەو دابەشکردنە کەسایەتییە سیاسییەکانیشمانی گرتەوە. کەسایەتی سیاسیمان هەیە سی ساڵە، چل ساڵە خەبات دەکا قۆناغێک حیزبی بووە یا قەت حیزبی نەبووە بەڵام ڕەنگە لە حیزبێک نزیک بێ یا نا بە ڕاستی ڕەخنەگرێکی بواری گشتی بێت، زۆر توندیش ڕەخنەگر بێت  بەڵام دیسان لە ڕوانگەیەکی کوردستانییەوە  ڕەخنە لە حیزبەکانی کوردستان دەگرێت.  نەک لە ڕوانگەی سەلتەنەت تەڵەبەکانەوە، نەک لە ڕوانگەی  موجاهیدەوە، نەک لە زاوییەی حیکمەتیستەوە، نەک لە زاوییەی نێهزەتی ئازادی و جیبهەی میللی ئێران و یا  نازانم جونبشی سەبز و یا مەسەلەن  پێی وابێ مووسەوی ڕێبەرێتی. کە واتە ئێمە کەسایەتییە سیاسییەکانیشمان بە جوورێک بە سەربەخۆییەکی سیاسی گەیشتووین. ئێستا چ بکەین، من نموونێک  دێنمەوە کاک ئەحمەدی ئەسکەندەری  چالاکی سیاسی تەشریفی لێرەیە [ کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەسکەندەری  بەدەستەوە دەگرێ و نێشانی ئامادبوانی دەدا]  کەسێکە چەند ساڵ لە دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین مەسئوولییەتی بووە بەڵام نزیک چوار دەیەیە سەربەخۆیە. بەڵام چالاکی سیاسی یە، تەئسیرگوزارە، نەسلی نوێی دەگەڵ خەبات  ئاشنا کردووە، دەوری  گێڕاوە، ئەوەندی کار کردووە کە بەرهەمی کارەکانی لە کتێبێکی پڕ ناوەرۆکی ٥٠٠ لاپەڕەیی دا بڵاو دەبێتەوە تاقە یەک نەفەریشە.
حیزبەکانمان کە ئێستا پەلاماریان دەدەین، ڕەخنەیان لێ دەگرین زۆریشم پێ خۆشە، چون لە ڕوانگەیەکی کوردستانییەوە ڕەخنەیان لێ دەگرین. بەڵام من بە گشتی بە تایبەت لە پێنج شەش مانگی ڕابردوو دا  لە کارنامەکانیان ناڕازی نیم چاکیان خۆ ڕاگرت، لە ژێر مەترسی درۆن و مووشەک دا. نەکەوتنە داوی شەڕی چەکداری، پیلانێک بوو کۆماری ئیسلامی بۆی دانان، دیسکۆرسێکی سیاسی سەربەخۆیان ڕاگرت، توانیان پێوەندی خۆیان دەگەڵ کۆمەڵگا ڕابگرن، کەسایەتییەکانیان کە دەردەکەوتن بە گشتی قسەکانیان – من وەکوو ڕەخنەگرێکی لە دەرەوە ڕا دەڵێم - . هەڵوێستی باشیان دەگرت . کاتێک کاک مستەفای هیجری زۆر بە توندی هەڵوێستی گرت  بە دژی ڕەزا پەهلەوی، بە ڕاستی هەڵوێستێکی مێژوویی بوو وە من زۆری پێ خۆشحاڵ بووم . ماوەیەک لەمەو بەر وتوێژێکی کاک سیامەندی موعینیم بینی لەگەڵ کاک ژیاری گوڵ لە تێلێڤیزیۆنی بی بی سی فارسی زۆر باش بوو، بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە تەماشام کرد یەک گافی سیاسی تێدا نەبوو. کاک خالیدی عەزیزی مەسەلەن، وتەبێژی حیزبی دێمۆکڕات قسەیەکی کرد کە بە بایەخە. کوتی ئێمە حیزبی سیاسین لەگەڵ سێلێبیرتییان ئیتیلاف ناکەین. دڵنیام ئەو قسەیە دەیان ساڵی دیکە لە نێو کۆمەڵگەی ئێرانێ  دەکوترێت کە کاتی خۆی کابرایەکی سیاسی کوتی ئێمە حیزبی سیاسین حیزبی سیاسی  دەگەڵ سێلێبرێتییەکان ئیتیلاف ناکا. وە دوای دوومانگان دیتمان قسەکە وە ڕاست گەڕا. سێلێبریتی بۆ ئیتیلاف نابێ.
کە واتە کارنامەی ئێمە چییە؟ ئێمە بە بێ وەی کە سەربەخۆیی خواز بین بیلئیجباری زەمانە  لە قەوارەی سیاسیدا بە سەربەخۆیی سیاسی گەیشتووین. ئەلئان هەڵبژاردنێکی ئازاد بەڕێوە بچێت  هیچ حیزبێکی سەراسەری لە کوردستان یەک دەر سەد دەنگ ناهێنێتەوە. بۆ وێنە بە قاتعییەتەوە ناتوانی ئەوەی لە سەر باکوور یا باقی پارچەکان بڵێین.  لەوبەریش کەسایەتییە سیاسییەکانیشمان ئاکادێمیک و غەیری ئاکادێمیکمان هەن  بە ڕاستی شوێندانەرن. کەسایەتی سیاسیمان هەیە، کەسایەتی ئاکادێمیکمان هەیە  دەچێتە سەر تێلێڤیزیۆن قسە دەکا ئێران گوێی لێ دەگرێ. جا گرینگ نییە تەئیدی دەکەن یا جار جار پەلاماری بۆ دەبەن بەڵام  شوێندانەرە.
لەو نێوە دا پێشنیاری من چییە؟ من بە گشتی پێم وایە ئەو کارانەی کە تا ئێستا کراون لە سەر یەک کەم بوون بەڵام خراپ نەبوون. دوو ئەوەی کە حیزبەکان و کەسایەتییەکان دەبێ تەواوکەری یەکتر بن. نابێ لە بەرانبەر یەکتر دا بوەستن . وەکوو کەسێک کە تەجروبەی هەر دووک مەیدانم هەبووە عەرزتان دەکەم حیزبی سیاسی کاری کەسی ئاکادێمیکی بۆ ناکرێ. کەسی سیاسی کە شەو و ڕۆژ لە کۆبوونەوەی سیاسی و لە ڕێکخستن دایە ناتوانێ شەو وڕۆژ سەری لە کتێباندا بێ دەگەڵ ئاخر زانستی ڕۆژ ئاشنا بێ. کەسی ئاکادێمیکیش کاری حیزبی پێ ناکرێ، لە ڕێکخستن تێ ناگا، هیچ تەسەورێکی لەوە نییە کە ئەتۆ مەسئوولییەتی سەدان کەست لە سەر شانە. لە ژێر مەترسی درۆن و مووشەک دای، هاوکات منداڵەکانی پێشمەرگەکانت دەبێ بەریەوە مەدرەسەی، هاوکات لە چەند میتری مەدرەسەکەت جمهووری ئیسلامی مووشەک باران دەکا وە هاوکات دەبێ دەگەڵ سەلتەنەت تەڵەبیش بەربەرەکانی بکەی. دەبێ هەڵویست بگری، دەبێ هۆشت بە سەر کۆماری ئیسلامییەوە بێ، دەبێ لە سەر باشووری کوردستان سیاسەت بکەی کە بەڕاستی پیاو لە پردی سیڕات تێ پەڕێ هاسانترە هەتا سیاسەت کردن لە باشووری کوردستان. ئەوەندە کارێکی زەحمەتە. ئەمن کابرای ئاکادێمیک دەبینم وێڕای  ئەوەی کە غوولێکە بەڵام لە زۆر بواری کاری کۆمەڵایەتی، کاری بە کۆمەڵ و کاری هاوبەش کەم ئەزموونە. بەڵام شتە موسبەتەکە چییە؟ ئەم دوانە دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن.  حیزبەکان کاری خۆیان بکەن، کەسایەتییەکان کاری خۆیان بکەن بەڵام پێکەوە لە هاوکاری و لە هەم ئاهەنگی دابن.


ئەم شتە باشانەی کە کەسانی ئاکادێمیک بە دەستی دێنن  لە پێوەندی و دیالۆگ لەگەڵ  حیزبەکاندا بە وانی مونەقیل بکەن. ئەو کەسایەتییانە لە تەعامول و کارکردن لەگەڵ حیزبەکان فێری کاری ڕێکخستن و کاری گرووپی و کاری بەرپرسیارەتی بن. من زیاتر لەوە کاتوو ناگرم . پێشنیارەکەم کۆنکرێت عەرز دەکەم.
 ئێمە لەسەر یەک ئەزموونی ناوەندی هاوکاری  ئەزموونێکی خراپ نەبوو  سەرباقی وەی کە هەموومان  زۆر شتی ناخۆشیشمان دیت بەتایبەتی لە سەر جەرەیانی مەنشوور. بەڵام  ئەو ناوەندی  هاوکارییە پێم وایە سەردەمی تێپەڕیوە تەواو، ئێکسپایر بووە. من پێشنهاد دەکەم کە ناوەندێکی دیکە  لە هاوکاری حیزبەکان زۆر بەرفراوانتر لەو دوو حیزبەی کە تێیدایە بە بەشداری هەموو حیزبەکان پێک بێت و دەگەڵ بازنەیەک لە ڕووناکبیران  و کەسانی ئاکادێمیک لە پێوەندی دابن. ناوەندی هاوکاری حیزبەکان و کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێران مان هەبێت وە پێکەوە پڕۆژەی موشتەرەکیان هەبێت، پێکەوە کاری هاوبەشیان هەبێت، پێکەوە بە یەک دەنگ دەگەڵ دەرەوەی ئێران بدوێن. ئێمە بە سەربەخۆیی سیاسی گەیشتووین باوەڕم پێ بکەن. جا ئێستا باقی گەلانی ئێران  ئەگەر پێشڕەوی و سەروەری سیاسی ئێمەیان قبووڵ کرد تێکەڵ بە ڕێزی ئێمە بوون ئێمە زۆر زۆر زۆر بە دڵێکی گەورەوە حازرین ئەزموونی تایبەتی ٧٠ – ٨٠ ساڵەی خۆمانیان  لە ئیختیار بنێین و  ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک  دابمەزرێنین دەنا ئەلئان دەتوانین ڕێگای خۆمان جیا کەینەوە. گرینگ ئەوەیە کە ئێمە بە سەربەخۆیی سیاسی گەیشتووین تەنیا ئەوەندەتان پێ بڵێم هێندێک جار تێکهەڵچوون دەبێ لە نێوان حیزبەکان و کەسایەتییەکان دا  ئەوە غەڵەتە ئەم دووانە  نە دەتوانن یەکتر بڕووخێنن ئەگەر ئاوا بە دژی یەکتر بوەستنەوە. هیچ حیزبێک جێگای کەس ناگرێتەوە و هیچ کەسێک جێگای حیزب ناگرێتەوە. بواری چالاکییەکانمان لێک جودایە.
پێشنهاد دەکەم ئەم  تەشکیلاتە پێک بێت، میکانیزمەکەی نازانم  چۆنە بەڵام ناوەندی هاوکاری  حیزبەکان و کەسایەتییەکانی کوردستانی ئێران  دابمەزرێت، وتەبێژی هەبێت ، دەگەڵ باقی ئێران و باقی جیهان بدوێت.
زۆر سپاس.
[چەپڵەی بەشداران]


دیمەن سۆهرابی: زۆر سپاس،دیارە تۆزێک زووتریش تەواوتان کرد دەستتان خۆش بێ. دوو دانە پرسیار وەردەگرین بەڵام تکایە پرسیار بێ. کاتی ئەوەمان نییە کە هێندێک درێژدادڕی بکەین . فەرموون


شەماڵ: دەستخۆش کاک هێمن. ناوم شەماڵە،قسەکانت زۆر جوان بوو کە ئێمە سەربەخۆییەکی سیاسیمان هەیە بەڵام حەز دەکەم  وەبیرت بێنمەوە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی  بۆچوونی ئێوە لە سەر پێشکەوتنی سیاسی  سەبارەت بە ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا چییە؟  زۆر پێم خۆشە ئەوە ببیسم!
دیمەن سۆهرابی: کەسی تر پرسیاری نییە؟ بەڵێ فەرموو!

ئەهوەن چیاکۆ: جون من جاری تر قسەم کرد بوو فەقەت  کاک هێمن بەحسی کرد، بەحسی  حیزب لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهەر حاڵ کوردستانی دروست بوو. ئەمما مێژوو شتێکی تر دەڵێ مەسەلەن حیزبی دێمۆکڕات دروست دەبێ، ئەمما دواتر حیزبی دێمۆکڕات دەبێ بە بەشێک لە حیزبی توودە و سەنەدیش قسەکانی نەسرینی قاسملوو و زۆرشتی ترە کە دەڵێ: کیانووری دەهات تەعلیماتی دەدا بە دوکتور قاسملوو. کۆمەڵە دروست دەبێ، ئەرێ کوردستانی دروست دەبێ ئەمما  دواتر دەبێتە بەشێک لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران ئایا ئەمە تەناقوز نییە کە بەڕێزیان پێێ وایە کە کوردستانی دروست دەبێ و کوردستانی دەمێنێتەوە. ئایا ئەمە موبالەغە نییە بە ڕاستی ئی رؤژهەڵات نیسبەت بە پارچەکانی تر، دەڵێ لە پارچەکانی تر وا نەبوور، لە حاڵێکدا لە پارچەکانی تر بەرعەکسی بووە. پ.ک.ک دروست دەبێ ئەمما هیچ وەخت  خۆی ناکاتە شاخەی مەسەلەن حیزبێکی تورکییەیی. حەتتا لە باشوور یەکێتیی و پارتی ، حەتتا پارتی کە چەندێ ڕەخنەشمان لێی هەیە  خۆی ناکاتە شاخەی کوردستانی حیزبێکی عێڕاقی و بێگومان ئەو شتەش بۆمن نە ، هیوادارم جۆرێکی تر تێگەیشتن دروست نەبێ، ئەمما ئەو تەفسیرە بۆ پەژاک دەخوات، بە ڕاستی پەژاک  کوردستانی دروست بوو نەبووە شاخەی ئێرانی حیزبێکی تریش. سپاس.
دیمەن سوهرابی: زۆر سپاس،
هێمن سەییدی: ببوورە ئەمن دەبێ جواب بدەمەوە یا دوایی
دیمەن سۆهرابی: دوایی کاتتان پێ دەدەمەوە


یایەک: کاک هێمن تەنیا ئەو سوئالەم هەبوو بزانم هەموومان لەسەر ئەوەی یەکین کە بە ڕاستی دژایەتی لە بەینی خۆماندا وەکوو تاکی کورد، وەکوو حیزبە سیاسییەکانی کورد یەکتر قەبووڵ نەکردن، یەکتر شکاندن زۆر زۆر ڕوون و ئاشکرایە لە نێو ئێمە دا. یانی چ میکانیزمێک دەتوانین پەیدا بکەین بۆ باشتر کردنی ئەو حاڵەی کە هەمانە. چۆن دەتوانین کۆتایی  بەو ناکۆکیانە بێنین؟ قەبووڵی یەکتر بکەین، قەبووڵی فکرە و ئیدە جوانەکانی یەکتر بکەین. مکانیزمێک هەیە؟ ئومێدێک هەیە بە ڕاستی کە ئێمە بتوانین دانیشین بە یەکەوە بە هەموو جیاوازییەکانەوە  یەکتر قەبووڵ بکەین و ئیستیفادە لە بیر و ڕایەکانی یەکتر بکەین. چۆن دەتوانین ئەو کارە بکەین؟ بێ شک هەموومان کۆکین لە سەر ئەوە بە ڕاستی زۆر گونجاو نین وەکوو کورد، وەکوو لایەنی سیاسی هەتا وەکوو تاکی کوردیش. زۆر سپاس.
دیمەن سۆهرابی: زۆر سپاس بۆ  ئێوە، ئیتر هیچ پرسیارێک وەرناگرین.
هێمن سەییدی: دەنگ دێ؟ زۆر بە کورتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بزووتنەوەی کورد دەکرێ بڵێین کەپسوولی بزووتنەوەی کوردە ژن، ژیان، ئازادی. هەم بە ناوەرۆک، هەم بە مێژوو دەتوانین بزووتنەوەی کورد لە دروشمی ژن، ژیان ئازادی دا  کورت بکەینەوە. دوو ڕوانگە هەیە من پێم وایە هەر دووکیان نادروستە. هێندێک کەس پێیان وایە خەباتی ژنان دەگەڵ پ.ک.ک دەستی پێکردووە، هێندێک کەس پێیان وایە نەخێر ئێمە لە حەفتا ساڵ پێشەوە ئەو خەباتەمان هەبووە. بە بڕوای من هەر دوو دروست نییە. ئەم خەباتە ڕەوتێکی تەی کردووە وە لە گەشە دا بووە هەم پەرەی سەندووە و هەم بەرفراوانتر بۆتەوە . بەڵێ حیزبی دێمۆکڕات کوردستان و کۆماری کوردستان  ژنی هێنا مەیدانی خەبات. پێنج ساڵ شەش ساڵ دواترەکەی لە سەر دەمی موسەدیق ژنی ڕۆژهەڵات رێپێوان و خۆپێشاندانی سەر شەقامی کردووە بۆ پشتیوانی لە موسەدیق بەڵام کاتێک شۆڕشی ١٣٥٧/ ١٩٧٩ کرا کۆمەڵە دامەزرا کە ئەم شتە باشەی لە حیزبی دێمۆکڕات وەرگرت کۆپی کرد، باشتری کرد. وە کارێکی کرد کە لە مێژووی ئەو کاتی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا نەببوو. ژنی چەکداری، فریدم فایتری ژنمان نەبوو کە کۆمەڵە ئەوەی دامەزراند. پ.ک.ک هات ئەم شتە باشەی لە کۆمەڵە وەرگرت، کۆپی کرد باشتری کرد، بەرفراوانتری کرد. یەپەگە هات پڕاکتیزی کرد، لە مەیدانی کردەوە دا نیشانی دا.
بە نیسبەت ئەوەی کە حیزبی دێمۆکڕات و حیزبی توودە بەڵێ دەکرێ بڵێین هەم فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازربایجان، هەم حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، حیزبی توودە حیزبی دایک بوو ماوەیەک بۆ ئەم دوو حیزبە بەڵام جیاوازی هەبوو. فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بەداخەوە تەواو تواوە لە حیزبی توودە دا، خۆی هەڵوەشاندەوە بەڵام حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان دوای ئەزموونی شکستی موسەدیق ڕەخنەی لە حیزبی توودە کرد و سەربەخۆیی خۆی لە حیزبی توودە بە دەست هێنا. ئەوەی کە کۆمەڵە حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانی دامەزراند ئەوە برادەرانی کۆمەڵە بۆخۆیان لێرەن، لە ڕاستیدا ئەو حیزبە هەر کوردستانی ماوە لانی کەم ئەوەی ئیسپات کرد یا لە ئێرانێ کۆمۆنیستمان نییە یا کۆمۆنیستەکانی ئێرانی کۆمۆنیستی کوردیان قبووڵ نییە، لە ڕاستیدا کۆمۆنیستەکانیشمان بەرەو سەربەخۆیی و کوردستانی ڕۆیشتن. ئەوەی کە بەڵێ پ.ک.ک نەبووتە حیزبێکی تورکی من ئەوەم قبووڵە، بەڵام ئەم ڕەوتە حەفتا هەشتا ساڵەیەی کە کوردی ڕۆژهەڵاتی گەیاندۆتە بە سەربەخۆیی سیاسی ئەم ڕەوتە لە باکوور تێپەڕ نەبووە. لە باکوور ئێستا کوردمان هەیە  دەنگ دەدا بە حیزبی غەیری کوردی. زۆر جار هەمیشە لە کاتی هەڵبژاردن  دەترسێین خوایە نەکا ئاکپارتی دەنگ بێنێتەوە بۆ وێنە، حیزبێکی فاشیستی وەکوو ئاکپارتی. بۆیە بەو ڕادە لە سەربەخۆییە سیاسییە نەگەیشتووین.
ئاخر قسەش ئەوەیە کە چ بکەین لێک نزیک بینەوە و شەرمان نەبێ، ناکۆکیمان نەبێ. بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفڕانسە بۆخۆی هەنگاوێکە لەو بوارە دا. هەر لە ڕیزی یەکەم کەسانێک دەبینم دانیشتوون  کە سەر بە حیزبی جیاوازن، کۆمەڵە، پ.ک ک.، پژاک، دێمۆکڕات ئەوە بۆخۆی زۆر زۆر باشە، هەنگاوێکی زۆر باشە، خۆشییەکەشی ئەوەیە کە لە سۆشیال مێدیا دا خۆشبەختانە بە شۆڕشی ژینا ئەم دمە قاڵە ناخۆشەی کە هەبوو  کەم بۆتەوە من ناکۆکی نێوان  دێمۆکڕات و پژاک نابینم، ساڵێک دووساڵ لەوە پێش زۆر بوو، ئێستا کەمی  کردۆتەوە ئەگەر ناکۆکییەکیشمان هەبێ  جەوهەرییە، سیاسییە بۆ وێنە لە سۆشیال مێدیا ڕەخنە دەگترێ لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی، ڕەخنە دەگیرێ لە عەوڵای موهتەدی  لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە و بە ئاکامێکی سیاسی دەگا بۆیە من پێم وایە خەریکین لێک نزیک دەبینەوە. زۆر سپاس
[چەپڵەی بەشداران]
دیمەن سۆهرابی: زۆر سپاس بۆ ئێوە و هەر وەها بۆ ئێوە بەڕێزان کە تا ئێستا دانیشتن و چاوەڕێ بوون. پانێلی سێهەم کۆتایی پێ هات و تکایە بمێننەوە هیچ پاوزەیەک ناگرین، هیچ ناوبڕێک ناگرین. پانێلی چوار دەست پێ ئەکات.    
 











 

No comments: