Monday, March 17, 2025

ئاوڕێک لە ڕێکەوتنامەی نێوان هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا و دەوڵەتی ئەحمەد ئەلشەرع. دوکتور کامڕان مەتین

ئاوڕێک لە ڕێکەوتنامەی نێوان هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا و دەوڵەتی ئەحمەد ئەلشەرع
دوکتور کامڕان مەتین
٢٣-ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ [
١٣-ی مارسی ٢٠٢٥]
ئەو رێکەوتنامەیەی کە لە نێوان مەزلووم عەبدی، فەرماندەی " هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا"  و ئەحمەد ئەلشەرع،  فەرماندەی " هەیئەتی تەحریری شام " و سەرۆک کۆماری کاتی سووریا" واژۆ کراوە، هەم وەک رێکەوتنێکی مێژوویی پەسنی دراوە و هەمیش باسو خواسێکی زۆر هێناوەتە گۆڕێ سەبارەت بە لێکەوتەکانی بۆ کوردەکانی سووریا!
لە یەکەم تێڕوانین لەو ڕێکەوتنە، وا وەبەرچاو دێ بەشێوەیەکی یەکلایەنە بە قازانجی شام بێ. تەنانەت هێندێکان ئەو ڕێکەوتنە وەک کارلێکەری بانگەوازی عەبدوڵا یوێجاڵان بۆ چەک دانانی پارتیی کرێکارانی کوردستان و هەڵوەشاندنی، لە سەر هێزەکانی " ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا"  یان " ڕۆژئاوا" لێک دەدەنەوە، بە بێ ئەوەی لە بەرانبەر ئەوە دا حکوومەتی تازەی سووریا بە ڕەسمی مافی نەتەوەیی کوردەکان بە ڕەسمی بناسێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە لێکاڵاکردنەوەی وردتری دەقی ڕێکەوتنامەکە وا وەبەرچاودێ کە ئەو ڕێکەوتنامەیە تەنێ ئەو پرێنسیپە گشتی و شیاوی لێکدانەوانە وەبەر دەگرێ کە ئامانجی سەرەکییان دیاریی کردنی چوارچێوەی گشتی تەنزیمی پێوەندییەکانی نێوان شام و ڕۆژئاوایە و نەک وردەڕیشاڵ و شێوەی کۆنکرێتی ئەو پێوەندییانە.لە ڕاستیدا، بە پێی مادەی کۆتایی ئەو ڕێکەوتنامەیە شکڵ و مێکانیزمی تایبەتی دابەزاندن و جێ بەجێکردنی بڕیارە لە ماوەی ٩ مانگی داهاتوو دا لە لایەن کۆمیسیۆنانی هاوبەشی پسپۆڕ و دوای گفتوگۆ و پێک هاتن لە نێوان لایەنەکان دا دیاریی بکرێ.
قسەیەکی ئینگلیسی هەیە دەڵێ" ئیبلیس لە وردە ڕیشاڵەکان دایە". بۆ ڕوون بوونەوەی مانا و بەرعۆدەییەکانی لایەنەکان ئەو ڕێکەوتنامەیە مادە بە مادە شرۆڤە دەکەین.
١-
دەستەبەر کردنی مافی گشت سوورییەیەکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداری لە پێواژۆی سیاسی  و گشت دامەزراوە دەوڵەتییەکان دا لە سەر بنەمای لێوەشاوەیی، بێ لەبەرچاوگرتنی بەسترانەوەی دینی و ئێتنیکی ئەوان
ئەو مادەیە، ماف و دەرفەتی کوردەکان بۆ بەشداری لە سیاسەت و حکوومەت دا دەستەبەر دەکا، شتێکی کە ئەوان لە مێژە داوایان دەکرد. هەرچەند لەو مادەیە دا بە سەرداگیراوی بە ڕەسمی ناسینەی ئەو مافانە لە ئاستی تاکەکەسی و وەک مافی شارومەندیی یە.
٢-
کۆمەڵگەی کورد کۆمەڵگەیەکی ڕەسەنە لە سووریا دا و دەوڵەتی سووریا مافی شارومەندیی و گشت مافی قانوونی بنەڕەتی ئەوان دەستەبەر دەکا.
ئەو مادەیە، زەمینە خۆش دەکا بۆ زیندوو کردنەوەی پلە و مافی شارومەندیی کوردەکانی سووریا کە زۆر لەوان لە لایەن ڕێژیمی ئەسەدەوە لێی بێ بەش کرا بوون.
بە لە بەرچاو گرتنی ئەوەی کە قانوونێکی بنەڕەتی نوێ گەڵاڵە نەکراوە. مادەکانی ١ و ٢ –ی ئەو رێکەوتنامەیە ڕێگە دەدەن بە کوردەکان لە نووسین و گەڵاڵە کردنی قانوونی بنەڕەتی تازە دا بەشدارییان هەبێ و ئەو قانوونە بە نۆرەی خۆی  دەتوانێ مافی بەکۆمەڵی کوردەکان وەکوو میلییەتێک و جگە لە مافی تاقەکەسی شاروەمەندی بە ڕەسمییەت بناسێ.
٣- بەرقەراریی ئاگربەس لە هەموو ناوچەکانی سووریا
ئەو مادەیە یەک لە داوخوازە هەرە دەستبەجێیەکانی ڕۆژئاوا دێنێتە گۆڕێ؛ چونکە تورکیا و ئەو هێزانەی تورکیا پشتیوانیان لێ دەکا، لەوانە " جەیشی وەتەنی سووریا" ، ئەوە بە مانگانە بێ پسانەوە  پەلامار دەبەنە سەر ژێرخانە ئابووری و ئیدارییەکانی ڕۆژئاوا و تەنانەت دوای واژۆکرانی ئەو رێکەوتنامەیش درێژەیان داوە بەو پەلامارانە. حەول دان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مادەیە لە لایەن دەوڵەتی شامەوە ئەو دەوڵەتە دێنێتە ڕووبەڕووی تورکیا و ئەو هێزانەی تورکیا پشتیوانییان لێ دەکا. ئەگەر هەیئەتی تەحریری شام نەتوانێ پێش بەو پەلامارانە بگرێ و ڕایان وەستێنێ  لە ڕاستییدا ڕێکەوتنامەکەی پێشێل کردووە و زەمینەی بەرعۆدە نەبوون بە پاشماوەی ناوەرۆکی ڕێکەوتنامەکە لە لایەن هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا پێک دێنێ.
٤-تێکەڵ بوونی گشت دامەزراوە مەدەنی و عەسکەرییەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە وانە تێپەڕگە سنوورییەکان ، فڕۆکەخانە و مەیدانەکانی نەوت و گاز، لە دامەزراوە ئیدارییەکانی دەوڵەتی سووریا دا.
ئەو مادەیە بووتە هۆی نیگەرانی قووڵی کوردەکان، چونکە وا وەبەر چاو دێ ئاماژەبێ بە هەڵوەشانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا و ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. بەڵام لە هەمان کات دا، رێکەوتنامەکە کەلک لە وشەی تێکەڵکردن [ ادغام ] وەردەگرێ بێ ئەوەی ناوەرۆکی ئەو " ادغام" ە شرۆڤە بکا.
یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی جێگەی خیلافی دوو لایەنە کە بە دەم موزاکەرەکانەوە بەرلە واژۆ کردنی ڕێکەوتنامەکە  پێداگری هێزەکانی دێمۆکڕاتیکی سووریا بووە  بۆ پەیوەست بوون بە وەزاڕەتی بەرگری دەوڵەتی تازە وەکوو بلۆکێک یان یەکەیەک. ئەو شێوەیە لە پەیوەست بوونی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا بناغەی هەنووکەی ئەو هێزانە و پێکهاتەی فەرماندەیی ئەوان دەپارێزێ.
هێندێک ڕاپۆرت دەڵێن لایەنەکان رێک کەوتوون کە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا وەکوو " ئەڕتەشی دووەم" ی سووریا پەیوەست بن بە وەزاڕەتی بەرگری دەوڵەتی کاتی .ئەگەر ئەوە ڕاست بێ ئەوە سەرکەوتنێکی گرینگ دەبێ بۆ کوردەکانی سووریا.
هەر چۆنێک بێ بە پێی مادەی ٨-ی ڕێکەتنامەکە شێوە و مێکانیزمی ئەو تێکەڵبوونە دەبێ لە لایەن هەر دووک  لاوە و بە ڕێگای موزاکەرە لە کۆمیتەگەلی هاوبەش دا دیاریی بکرێ. بەو پێیە مادەی ٤ خۆی لە خۆیدا بە مانای چەک دانان یان هەڵوەشانەوەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا نییە بەڵکوو تەنێ رێک کەوتنی لایەنەکانە لە سەر پێویستی بوونی ئەڕتەشێک و دەوڵەتێک لە جوغڕافیای سووریا دا.
٥-دەستەبەر بوونی گەڕانەوەی گشت ئاوارە سوورییەیەکان بۆ شارەکان و گوندەکانیان و دابین کردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
بیتوو ئەو مادەیە جێبەجێ بکرێ، داوخوازی چەندین ساڵەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا بۆ گەڕانەوەی دانیشتووانی کوردی ئەو ناوچانەی تورکیا داگیری کردوون، لە وانە عەفرین، سەرێ کانێ و گرێ سپی، وەدی دێنێ. زۆربەی دانیشتووانی ئەو شارانە لەبەر پەلامارەکانی ئەڕتەشی تورکیا و هێزەکانی بن باڵی لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ لە زێد و واری خۆیان ئاوارە کران. هەیئەتی تەحریری شام یان دەبێ ئەو مادەیە جێبەجێ بکا و تورکیا پێمل بکا بۆ پەژراندنی، یان لەگەڵ تورکیا تووشی بەرکەوتنی سیاسی بێ، یان بە جێبەجێ نەکردنی  بەرعۆدەیی ڕۆژئاوا لە ئاست ئەم رێکەوتنامەیە بخاتە مەترسییەوە.
٦-پشتیوانی لە دەوڵەتی سووریا لە خەبات بە دژی پاشماوەکانی ڕێژیمی ئەسەد و گشت هەڕەشەکان بە دژی ئەمنییەت و یەکێتیی دەوڵەتی سووریا.
ئەومادەیە، بەر لەهەموو شت لاوازیی دەوڵەتی ژێر کۆنتڕۆڵی هەیئەتی تەحریری شام لە شام نیشان دەدا کە هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی لە حەوتووی ڕابردوو دا ڕووبەڕووی سەرهەڵدانی عەلەوییەکانی لایەنگری ئەسەد لە ناوەچەکانی قەراغی ڕۆژئاوای سووریا بوون و بە سەرکوتکرانی ئەوان نزیکەی هەزار کەس لە خەڵکی مەدەنی عەلەوی کووژران. ئەو ڕووداوە بووەتە هۆی ڕەخنەی توند و یەکجار زۆر لە دەوڵەتی ئەحمەد ئەلشەرع هەرچەند ئەو بەڵێنی داوە کە بکەرانی ئەو جینایەتانە سزا بدا.
ڕاپۆرتی ناڕەسمی دەڵێن بەشێکی زۆر لەو کوشتارە لەلایەن تاکوتەرای جیهادی خەڵکی ئاسیای ناوین کراون  کە زۆربەیان لەو گرووپە ئیسلامخوزانە دا ئەندامن کە تورکیا پشتیوانییان لێ دەکا بەڵام بە کردەوە تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆیانە دەجووڵێنەوە. هەر جۆرە پێکهەڵپڕژانێکی هێزەکانی هەیئەتی تەحریری شام لەگەڵ ئەو گرووپانە بە قازانجی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا و ڕۆژئاوا دەبێ
٧-وەدوا دانەوەی بانگەوازی جیاوازی خوازی، نەفرەت بڵاوکردنەوە و حەولدان بۆ تەفرەقە ساز کردن لە نێوان گشت پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا.
ئەو مادەیە، باس لەو ئیدیعا نادروستانە دەکا لە مەڕ گۆیا جیاوازیخوازی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا و ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا  و نیشان دەدا کە کوردەکانی سووریا بە دووی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردەوە نین و لە جێدا ئیدەئۆلۆژی ئەوان کە لە ڕامانی عەبدوڵا ئوێجاڵان ئیلهام وەردەگرێ، دروست بێ یان هەڵە، دەوڵەت – نەتەوە بە سەرچاوەی نەهامەتییەکانی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێ.
٨-کۆمیتە بەڕێوەبەرییەکان دەبێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێکەتنامەیە تا کۆتایی ساڵ حەول بدەن.

ئەو مادەیە دەکرێ گرینگترین مادەی ئەو ڕێکەوتنامەیە بێ، چونکە دای دەگرێتەوە کە شێوە و جۆری جێبەجێ کردنی پڕێنسیپەکانی ڕێکەوتنامەکە لە لایەن کۆمیتەگەلی هاوبەشی پسپۆڕ و بەدەم پێواژۆیەکی دوورودرێژی موزاکەرە دیاریی دەکرێ. بە گوتنێکی دیکە، هیچ شتێک دوایی نییە تا ئەو کاتەی کە لە سەر هەموو شت ڕێکەوتن دەکرێ.
بە پێی ئەو شرۆڤە خێرایەی سەرەوە و لە سەر بنەمای ئەو کۆپییەی رێکەوتنامەکە کە بڵاو کراوەتەوە، وا وەبەرچاو دێ لەو رێکەوتنامەی کە لە نیوان ئەلشەرع و عەبدی دا واژۆ کراوە، ئیمتیازێکی گەورە لە لایەن هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریاوە بە شام نەدراوە، بەڵام ئەو تواناییەی تێدایە کە بە ڕەسمی ناسینی خۆسەری ڕۆژئاوا لە قانوونی بنەڕەتی تازەی سووریا دا وەدی بێنێ، بابەتێک کە بەر لە هەموو شت بە پارسەنگی هێزە ناوخۆیی و ناوچەییەکانەوە بەستراوەتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە زەمانی بڵاوکرانەوەی ئەو ڕێکەوتنامەیە دا، ڕاپۆرتی زۆروزەوەند بڵاو بوونەتەوە کە دەڵێن رێکەوتنی کۆنکرێت تر لە نێوان لایەنەکان دا کراوە کە ناوەرۆکی بە ڕەسمی بڵاو نەبوونەتەوە.
تۆوە کلیلییەکانی ئەو ڕێکەوتننانە دەکرێ لە چاوپێکەوتنێک دا کە چەند حەوتوو لەمەوپێش بەر لە واژۆ کردنی ڕێکەوتنامەکە مەزلووم عەبدی لە گەڵ گۆواری عەڕەبی " ئەلمەجەلە" کردوویەتی، دەر بخرێ.
عەبدی دای دەگرێتەوە کە" مێکانیسمەکانی جێبەجێکردن و زەمانبەندی" رێکەوتنامە دەبێ قسە و گفتوگۆیان لەسەر بکرێ. لە مەڕ پرسی کلیلی هێزەدێمۆکڕاتیکەکانی سووریا وەکوو هێزێکی نیزامی، عەبدی دەڵێ:
" ئێمە لەو باوەڕە داین کە دەبێ بەشێک بین لە وەزاڕەتی بەرگری، بەو پێیە دەبێ لەمەڕ شێوەی کەلکوەرگرتن و چەشنی کەلکوەرگرتن بۆچوونمان هەبێ. تا ئەوە زەمانی کە ئێمە بەشێک بین لەو [وەزاڕەت] ە و ڕای ئێمە سەبارەت بە کاروبارە سەرەکییەکان لەبەر چاو بگیرێ، ئێمە لەئاست [ ڕێکەوتنەکان] بەرعۆدەینە. ئێمە بڕیارمان داوە لەو پێواژۆیە دا هەبین... ڕەپ و ڕوو بڵێم، تا ئەو زەمانی کە ئێمە بەشێک بین لەو پێواژۆیە، لەئاست ویش بەرعۆدە دەبین."
هێندێک ڕاپۆرتی دیکەی کە پشتڕاست نەکراونەوە وردە ڕیشاڵی زیاتر لە مەڕ تێکەڵبوونی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا و ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە دامەزراوە دەوڵەتییەکان دا پێشکێش دەکەن. ئەوانە بریتین لە مێکانیزمگەلی دابەشکردنی داهاتی سەرچاوەی نەوت، گاز و کشتوکاڵی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دان، جۆرێک لە لامەرکەزێتی حکوومەتی، و دانی مافی بنەڕەتی بە خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی کوردەکان و کەمایەتییەکانی دیکەی دانیشتووی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
لە ڕاستیدا " مەجلیسی دێمۆکڕاتیکی سووریا" [ مەسەدە]، کە بە پارڵمانی ڕۆژئاوا دادەندرێ، لە داخویانییەک دا وێڕای پشتیوانی لەو ڕێکەوتنامەیە ئیرادەی ئەوانی بۆ دامەزراندنی سووریایەکی نوێی لامەرکەز داگرتووەتەوە.
یەکێکی دیکە تۆوە کلیلییەکانی ئەو رێکەوتنەی کە بڵاو نەکراوەتەوە ئەوەیە کە بوون و ئامادەیی هێزەکانی حکوومەتی شام لە ڕۆژئاوا بەربڵاو نابێ و تەنێ بەربەست دەبێ بە ناوچە و دەروازە سنوورییەکان و هێندێک شوێنی تر، کە خاوەنی گرینگی سەمبۆلیکن.
ئەگەر ئەوە ڕاست بێ، ئەوانە دەسکەوتی گەورەن بۆ کوردەکانی سووریا و تا ڕادەیەکی زۆر داوخوازە سەرەکییەکانی ئەوان و پاراستنی ئەو ماف و ئازادییانە دابین دەکا کە بە لەخۆبردوویی مەزن لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوو دا بە دەستیان هێناوە و یارمەتی بەوە دەکا.
هۆکارە بێگانە سەرەکییەکان لەو ڕێکەوتنە دا وا وەبەر چاو دێ " گێزەر"ی یەکێتیی ئوڕووپا و " گۆپاڵ"ی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووبێ.
یەکێتیی ئوڕووپا لە بەڵێنی دانی یارمەتی ماڵی و ئابووری خۆی بۆ هاندانی ئەلشەرع بۆ سازان کەلکی وەرگرتووە. یەکێتی ئوڕووپا ئەلشەرعی بانگهێشتن کردووە بۆ دانیشتنێکی باربوو دەرانی یارمەتی لە ١٧-ی مارس لە ئوڕووپا. ئەو بانگهێشتنەی ئەڵشەرع لە کاتێکدا کراوە کە لە حەوتووی ڕابردوو دا کوشتاری بەربڵاو لە عەلەوییەکان لە ڕۆژئاوای سووریا کراوە کە هەر وەک ئاماژەی پێ کرا وا وەبەرچاو دێ هێندێک بەش لە هێزەکانی هەیئەتی تەحریری شامی ژێر فەمانی ئەلشەرع دەستیان تێیدا بووبێ.
وا وەبەرچاو دێ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵی بە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریاوە نابێ بەرەو ئەو ڕێکەوتنە چونکە ئەگەری دەرکەوتنی هێزە ئەمریکاییەکان لە سووریا لە ژێر سەرۆک کۆمارایەتی تڕامپ زیادی کردووە. فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ناوەندی دەوڵەتە یەکگرتووەکان (
CENTCOM)، ژەنەڕاڵ مایکڵ کوریلا، لە ٦-ی مارس، چوار ڕۆژ بەر لە واژۆ کرانی رێکەوتنەکە، دیداری لە مەزلووم عەبدی کرد و دەگوترێ  عەبدی بە هیلی کۆپتێرێکی ئەڕتەشی دەوڵەتە یەکگرتووەکان چووەتە ئەو شوێنەی کە ڕێکەوتنەکە لەوێ واژۆ کراوە.
هەر وەها گوزارشت دراوە کە جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنامەکە بە چاوەدێری ئەمریکا، فەڕانسە و یەکێتیی ئوڕووپا کراوە و ئەو وڵاتانە دەستەبەری وەگیان کەوتنی ڕێکەتنامەکەن.
بەڵام هێشتا بەرهەڵستی گەورە هەن لە سەر ڕێگای دابەزاندنی رێکەوتنامەی نێوان کوردەکانی سووریا و حکوومەتی ئەحمەد ئەلشەرع.
تورکیا دەتوانێ بە فشار هێنان بۆ ئەلشەرع و درێژە دان بە پەلامار و هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوا ئەو ڕێکەتنامەیە لە ڕێبازی خۆی هەتەڵە بکا. یان ئەلشەرع بە تەسبیتی حکوومەتەکەی و ڕاهێزانی هێزەکانی لە ڕێکەوتنامەکە پاشگەز بێتەوە و بییەوێ ڕۆژئاوا بە دەکارکردنی زەبر و زەنگ داگیر بکا. ئەگەری ئەوتۆی کە وێدەچێ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریا بیریان لێ کردبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بە لەبەرچاوگرتنی بانگەوازی ئوێجاڵان بۆ هەڵوەشاندنی پ.ک.ک و ئاگاداری ئەلشەرع لەو واقعییەتەی کە مانەوەی دەوڵەتی وی بەستراوەتەوە بە تەسبیتی وەزعی ناوخۆیی، تێچووی سیاسی و دیپلۆماتیکی پێشگرتنی تورکیا لە دابەزانی رێکەوتنامەکە ئەگەری هەیە لەسەرەوە بێ بەتایبەتی بەردەوامیی شەر لە سووریا دەتوانێ لێکەوتەی بە مەترسی و پێشبینی نەکراوی بۆ تورکیا خۆشی هەبێ.
ئەو بابەتە گرینگییەکی زیاتری دەبێ ئەگەر زامنە نێونەتەوەییەکانی ڕێکەوتنامەکە، بە تایبەتی ئەمریکا و فەڕانسە، لە چاوەدێری کردنی جێبەجێکردنی دا جیدی بن و سەرچاوە و ئیمکانی پێویست بۆ ئەو کارە ئامادە بکەن؛ شتێک کە تا ئەو زەمانی کە هێزە ئەمریکاییەکان لە ڕۆژئاوا ماونەتەوە تەواو مەیسەرە.
وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، لە داخویانییەک دا وێڕای پێشوازی لەو ڕێکەوتنامەیە گوتوویەتی ئەوان درێژە دەدەن بە چاوەدێری بە سەر پێکهاتنی دەوڵەتی تازە و بەرعۆدەبوونی لەئاست لانەگری و هەموان حاواندنەوە.
وا وەبەرچاو دێ ئەگەر تورکیا هێرشێکی بەربڵاو نەکا بۆ سەر ڕۆژئاوا. باڵانسی ئێستای هێزەکان لە سەر زەوی بە قازانجی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سووریایە یان بەلانی کەمەوە بە جۆرێکە کە تێکەلبوونی یەک لایەنە و بەتۆبزی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێزە نیزامییەکانی ڕۆژئاوا لە دەوڵەتی تازە پێ هەڵگرتوو بۆ حکوومەتی ئەلشەرع زۆر دژوار دەکا.
ئاڕاستەی پێشوەچوون و ئاڵوگۆڕەکان تا ڕادەیەکی زۆر بە بیرکردنەوەی ستراتێژیکی ڕێبەرانی ڕۆژئاوا و پاڵپشتی ئەوان بە وزەی جەماوەری و باوەر بەخۆ بوونی بەکۆمەڵ و کەلک وەرگرتنی دروست و ئاکامدەرخەر بەستراوەتەوە لەو دەرفەتە سیاسی و ژێئۆپۆلیتیکیانەی ناوخۆیی و ناوچەییانەی کە هاتوونەتە گۆڕێ.

سەرچاوە: ماڵپەڕی ڕادیۆ زەمانە
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی

No comments: