باسی دوکتور جەواد قازی لە ڕۆژنووسەکانی وەحیدولمولکی شەیبانی دا
باسی دوکتور جەواد قازی لە ڕۆژنووسەکانی
وەحیدولمولکی شەیبانی دا
شرۆڤە و وەرگێڕان: حەسەن قازی
عەبدولحوسێن شەیبانی وەحیدولومولک لە نێوان
ساڵی ١٩١٦ و ١٩١٧ ماوەیەکی زۆر لە بێرلەن
ژیاوە و یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ئێران بووە. ئەو کۆمیتەیە بە پێی ڕەزایەتی ئەڵمان
وبۆ ڕووبەرووە بوونەوەی داگیرکاری ڕووسیای تێزاری و ئینگلیستان لە ئێران، لە
بێرلەن پێک هاتووە. وەحیدولمولک بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بیرەوەرییەکانی خۆی،
پێوەندییەکانی و باسی بەرەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی نووسیوەتەوە .
لەو ڕۆژنووسانەدا لە زۆر جێگا شەیبانی باسی ناسیاوی و دۆستایەتی خۆی
لەگەڵ دوکتور جەواد قازی دەکا لە بێرلەن. بە داخەوە لە چاپەمەنی کوردی دا ئەو
جۆرەی کە دەبێ دوکتور قازی نەناسراوە و ئەو ئاماژانەی شەیبانی تێشکی تازە دەخەنە
سەر زۆر لایەنی ژیانی دوکتور قازی لە ئەڵمان کە لە ساڵی ١٩٠٧ تا ١٩٢٧ لەوێ ژیاوەو
دواتر گەڕاوەتەوە ئێران و لە وەزاڕەتی عەدلیە دامەزراوە و پلەی تا " ڕاوێژکاری دیوانی بەرزی
وڵات" بەرز بووەتەوە.
سەبارەت بە هاوکاری میرزا جەواد قازی لەگەڵ
ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی ئۆسکار مان لە ساڵی ٢٠١٤
دوو چاوپێکەوتنی تێر و تەسەل و بەڵگەمەندم لەگەڵ توێژەرەوەی کورد
موجتەبا کوولیوەند لە بەرنامەی ڕاوێژی ستێرک تیڤی دا بڵاو
کردووەتەوە.
ئەو ڕۆژنووسانەی عەبدولحوسێن شەیبانی،
وەحیدولمولک لە ساڵی ١٣٧٨-ی هەتاوی (١٩٩٩) بە کۆششی ئیرەج ئەفشار و کاوە بەیات وەک
کتێب بە ناوی " خاطرات مهاجرت، از دولت موقت کرمانشاە تا کمیتەء ملیون
برلن" لە لایەن وەشانی شیرازە لە تاران بڵاو بووەتەوە. لەم
نووسراوە دا وەرگێڕاوی گشت ئەو ئاماژانەی وەحیدولمولک لە کتێبەکەی دا بە جەواد
قازی کردووە و لە هێندێک جێ بە تیبینییەوە دەخوێننەوە.
حەسەن قازی
پێنجشەمە ٢١-ی سێپتامبری ١٩١٦
دیداری ئۆسکار مان
دوای نیوەڕۆ بەڕێز نەواب تەلەفۆنی کرد کە پرۆفێسۆر [ئۆسکار] مان ی بەناوبانگی
ئەڵمانی کە بە ساڵان لە ئێران بووە و
زمانی فارسیش باش دەزانێ دێ بۆ دیدەنی بەڕێزیان بۆ چایی خواردنەوە ئەگەر ئەمنیش
پێم خۆشە بۆ دیداری بچمە سەفاڕەت. بۆیە سەعات پێنج بۆ دیداری پرۆفێسۆر مان چوومە
سەفاڕەت . پیاوێکە تەمەنی پەنجاوپێنج ساڵە، کورتە باڵایە بەڵام بیری تیژە. فارسیش
خراپ نازانێ. دەیگوت ئەو نامانەی کە بە فارسی دەنووسرێن بۆی دەنێرن بۆ ئەوەی
ڕاستیان کاتەوە. گازنی دەکرد کە لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەڵمان دا گرینگی
سیاسی پێ نادەن تەنێ پلەی وەرگێڕییان پێ داوە وگەنجەکان بەسەریدا زاڵن.
[تێبینی وەحیدولمولک لە زۆر جێی کتێبەکەی دا باسی حوسێن قوڵی خانی نەواب دەکا کە
ئەو دەمی کاربەدەستی هەرە بەرزی سەفاڕەتی ئێران بووە لە بێرلەن]
سێشەمە ١٤-ی نۆڤامبری ١٩١٦
جەواد قازی
دوای نیوە ڕۆ بەڕێزان نووری و [جەواد] قازی
هاتنە ماڵی بەندە و تا سەعات حەوتیش مانەوە. ئەوە بۆ جاری یەکەمە قازی دەبینم.
لاوێکی باش وەبەرچاو دێ. ماوەیەکە لە بێرلەنە و پلەی نیابەتی فەخری ناوچەیی
سەفاڕەتی هەیە. لە بێرلەن زەواجی کردووە و زۆر کەمیش دەچێتە سەفاڕەت. وەک دەیگوت
ڕەزایەتێکی ئەوتۆی لە بەڕێز نەواب نییە. بۆ شەوێ دوای خواردنی شێو لەگەڵ چەند کەس
لەهاوڕێیان نیزیکەی نیوە شەو گەڕاینەوە ماڵێ.
سێشەمە ١٢-ی دیسامبری ١٩١٦
چوون بۆ ڕایشتاگ
سێشەمە ١٢-ی دیسامبر –بەیانی زوو بەڕێز قازی تەلەفۆنی کرد کە دوو کارتی یەکیان بە
ناوی بەندە و یەکیشیان بە ناوی بەڕێزیان بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی ڕایشتاگ (مەجلیسی شووڕای میللی ئەڵمان)
وەرگرتووە و دەبێ بەر لە نیوەڕۆ بچینە ئەوێ، چونکە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و
گرینگە و بە لێبڕاوی خەڵکێکی زۆر بۆ تەماشای دێن. بەر لە سەعات یازدە بە یاوەری
بەڕێز قازی بە پێیان بە باغی " تیێرگارتن" دا چووینە بینای پارڵمان.
خەڵکێکی زۆر لە دەوروبەری مەجلیس کۆ ببوونەوە. سەعات دوازدە و چارەگێک دەرگا
کرایەوە. بڵێتی ئێمە بۆ لۆژی دیپڵۆماتەکان بوو، لە جێی خۆمان لە لۆژ دانیشتین.
تالارێکی زۆر بەرزە و ڕازاوە و ڕێکوپێکە و چێوکارییەکانی زۆر باشن. شێوەی دانیشتنی
مەجلیسی ئێمە لە تارانیش هێندێک وە ڕایشتاگ دەچێ. جێگای تەماشاچیش لەم تالارە دا
بەرفرەوان و زۆرە. هەر ئەمڕۆ ڕەنگە زیاتر لە هەزارکەس تەماشاچی لێرە کۆ بووبێتەوە.
لۆژی سەفیران دەڕوانێتە سەر کورسی
سەرۆکایەتی، کورسی سەرۆکایەتی لە سەر سەکۆیەکە کە لە دڕێژایی تالار هەڵکەوتووە و
جێی دامەزرانی ئەندامانی سەنا، وەزیران و سەرۆکی ئیدارەکانە. حەشیمەت و خەڵکێکی
زۆر لە سەر ئەو سەکۆ درێژە دەبیندرا و بە تەواوی لە پشت سەری یەک ڕاوەستابوون. لە
خوارەوە لە ڕووبەری تالارەکە دا جگە لە وەکیلەکانی مەجلیس کەسی دیکە مافی دانیشتن یان
ڕاوەستانی نییە. تەنیا لە ژێر کورسی وتار دان دا ڕووبەرێکی پچووک هەیە کە لەوێدا
ڕۆژنامەنووسان شت دەنووسن.
پەسن دان و شادی کردن
کاتێک سەدری ئەعزەم نوتقی دەکرد پەیتا پەیتا دەنگی پەسندانی بەرز دەبووەوە. بە
تایبەتی کاتێک باسی ئاشتی هاتە گۆڕێ، تەماشاچییەکان دەنگی هەر بژی، بژی یان بەرز کردەوە و
خانمەکانیش شادییان دەربڕی. سەدری ئەعزەم لێی زیاد کرد کە هەر ئەمڕۆ
هاوپەیمانەکانی ئێمە لە وین و ئەستەنبووڵ و سۆفیا هەر هەنگاوی وەک ئێمە دەنێنەوە،
ئەوانیش بانگەوازی ئاشتییان کردووە لە
نوێنەرانی دەوڵەتانی بێلایەن. لە دوای کۆتایی هاتنی وتاری سەدری ئەعزەم سەرۆکی پارتییە سیاسییەکان ئیزنی قسەکردنیان
خواست لەسەر ئەم بابەتە . سەرۆکی مەجلیس
ئیزنی نەدان. کۆتایی بە کۆبوونەوەکەهێنا و ئەو دانیشتنە گرینگە زیاتر لە سێ چارەک
درێژەی نەکێشا.
لە دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنەکە لە
پارڵمان دەرکەوتین و لەگەڵ قازی نانی نیوەڕۆمان خوارد و لەبەر ئەوەی لەگەڵ
ژمارەیەک لە میللیوون [ نیشتمانییەکان] بانگ کرا بووم بۆ گردبوونەوەیەکی چایی خواردنەوە ماڵاواییم لە بەڕێز قازی کرد و
چوومە شوێنی بانگهێشتنەکە. میرزا سولەیمان خانیش بانگ کرا بوو.
[ تێبینی: لەو ئاماژەیەی وەحیدولمولک ڕا دەردەکەوێ کە جەواد قازی ئەندامێکی دەستەی
میللیوونی ئێرانی نەبووە لە بێرلەن. مەبەست لە میرزا سولەیمان خان یش دەبێ میرزا سولەیمان خانی ئەسکەندەری لە ڕێبەرانی
دێمۆکراتەکان بووبێ]
دووشەمە ٢٥-ی دیسامبری ١٩١٦
قازیی کوردستانی
سەعات چواری دوای نیوەڕۆ لەگەڵ ئاغای نووری چووینە ماڵی بەڕێز قازی و چایی و
شێومان لەوێ خوارد. بەڕێز قازی خەڵکی کوردستانە و پێنج شەش ساڵ لەمەو بەر لەگەڵ
مامۆستای بەناوبانگی ئەڵمانی ئۆسکار مان هاتووەتە ئێرە و لێرە زەواجی کردووە.
نایبی فەخری سەفاڕەتی ئێرانیشە. خانمێکی ئەڵمانی هەیە هەرچەند جوان نییە و گەنج
نییە بەڵام نەقاشێکی باشە و گۆیا سەروەت و سامانێکی لەمەڕ خۆشی هەیە.
ئاپارتومانێکی باشی هەیە و وەزعیان لەهەموو ڕوویەکەوە ئاسوودە وەبەر چاو دێ. وەک
دەردەکەوێ بەڕێز نەواب زۆر لە هەڵسوکەوتی قازی ڕازی نییە و هەر بۆیەشە کە قازی
لەجێدا ناچێتە سەفاڕەت. تەنیا ناوی نیابەتی فەخری سەفاڕەتی لە سەرە.
دووشەمە ١٥-ی ژانڤییەی ١٩١٧
قاتیی چایی
ڕۆژی دووشەمە لەگەڵ بەڕێز نەواب چەند
سەعات تەقریبەن هەموو بێرلەن گەڕاین بۆ وەگیرکەوتنی هێندێک چایی بەو جۆرەی
دەردەکەوێ ئیدی لە بێرلەن چایی بوونی نییە. ڕۆژنامە فەڕانسەیی و ئینگلیسییەکان لەم
دوو ڕۆژانەدا زۆر بە داهاتووی خۆیان خۆش بینن و دڵنیایی تەواو دەردەبڕن.
ئینگلیسییەکان تەمایان گرتووە دەست بکەن بە قەرز کردنێکی گەورەی ناوخۆیی. وەک
بەڕێز عێزەتوڵا هیدایەت گوتی فۆن ویزندۆنگ
هاتووەتەوە بێرلەن. بەڕێز قازی ئەمنی بانگ کردبوو بۆ چایی خواردەنەوە کە لەو
کۆبوونەوەیە دا چاوم کەوت بە چەند ژن و پیاوی ئەڵمانیش.
[تێبینی: فۆن ویزندۆگ، لە گەورە بەرپرسانی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەڵمان بووە
لە بێرلەن]
یەکشەمە ١٨-ی فێڤرییەی ١٩١٧
فەوتی برای قازی
یەکشەمە ١٨-ی فێڤرییە- ئەمڕۆ دیسان هەوا ساردی کردووە و بەفڕێکی ئەستوور دەستی
کردووە بە بارین. لای ئێوارێ بەڕێز نەواب تەلەفۆنی کرد، تێلگرافێک لە تەورێزەوە
هاتووە بۆ میرزا جەوادخانی قازی کە خەبەری فەوتی براکەیان پێ داوە.
[ نەواب گوتی] باش دەبێ بەیەکەوە
تێلگڕافەکەی بۆ بەرین و لە حاڵی پرسین. سەعات شەش و نیو چووینە ماڵی قازی.
خانمەکەشی لە ماڵ بوو سەعاتێک لەوێ بووین. خانمەکەی بە ئینگلیسی زۆر چاک قسە دەکا
و نەقاشیش دەکا و تابڵۆی باشی کێشاوەتەوە.
[ تێبینی: بەم ئاماژەیە ڕوون دەبێتەوە کە مەلا عەبدولخالەق قازی ئیمام جومعەی
سابڵاغ و برا گەورەی میرزا جەواد و باوکی نەمر محەمەد قازی لە سەرەتای ساڵی ١٩١٧
کۆچی دوایی کردووە. بەڕێز
عەبدولخالەق کچ و کوڕێکی لە پاش بەجێماوە و نەمر محەمەد قازی لە کاتی وەفاتی باوکی
چوارساڵ کەمتر تەمەنی بووە.]
یەکشەمە ١-ی ئاوریلی ١٩١٧
ئەمڕۆ هەوا خۆش بوو لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین هەوەلی بەهارە، تیشکی هەتاو سەرنج
ڕادەکێشێ. دوای نیوەڕۆ لە سەفاڕەتی ئێرانەوە تەلەفۆنیان کرد خوشکی بێچارەی نەواب
لە ئاویلکە دان دایە. چوومە سەفاڕەت و تا نیوەشەو لەوێ بووم، نەخۆشە [ نووسەر
"مریضە"ی دەکار کردووە] لە بەیانییەوە تا نیوەشەو بێهۆش بووە و
لەگێانەڵا دایە. جێگای ئەو پەڕی داخ و خەفەتە کە ئەو بێچارەیە بەوهەموو هۆگرییەی لە ئاست ماڵ و مێرد و منداڵی خۆی
هەیەتی ئاوا غەریب لە بێرلەن بەو شێوەیە
دوور لە نیشتمان کۆتایی بە ژیانی بێ. ماوەیەک لە سەفاڕەت لەگەڵ بەڕێزان میرزا
محەمەد خانی قەزوێنی و [جەواد]قازی قسەمان دەکرد. قازی دەیگوت خەریکی خۆ ئامادە
کردنە بۆ تاقیکردنەوە و دوو مانگی دیکە ئیمتیحان دەدا.
شەمە ٧-ی ئاوریلی ١٩١٧
ڕاگەیاندنی شەڕ لە لایەن ئەمریکاوە
شەمە ٧-ی ئاوریل – ئەمڕۆ خەبەر هاتووە کە دوێنێ ئەمریکا بە ڕەسمی دژی ئەڵمان شەڕی
ڕاگەیاندووە. ئەگەری زۆری هەیە بە زوویی پێوەندی ئوتریش و ئەمریکاش بپچڕێ و
دوژمنایەتی لایەنەکان دەست پێ بکا.
شەوێ لەگەڵ بەڕێز قازی و چەند کەس لە ئێرانییەکان لە دەەرەوە شێومان خوارد و نیزیک
نیوەشەو هاتینەوە ماڵێ.
دووشەمە ٩-ی ئاوریلی ١٩١٧
گەڕانی پۆتسدام
دووشەمە ٩-ی ئاوریل – سەر لەبەیانی قازی تەلەفوونی کرد گوتی ڕۆژی چێژنە لەگەڵ چەند
کەس دەچینە پۆتسدام ئەگەر پێتان خۆشە
ئێوەش وەرن. سەعات دەی بەیانی لە کاڕێژی باغی وەحشەوە چووینە پۆتسدام. لە سەرەتاوە
هەوا هێندە ناخۆش نەبوو بەڵام دوایە با هەڵی کرد و ساردی کرد، بایەکی ساردی دەهات.
نۆزدە ڕۆژ لە جێژنی نەورۆز تێ دەپەڕێ و هێشتا گەڵای سەوز بەدارانەوە نابیندرێ.
تەنیا وەنەوشەی تازە لە باغی سان سوسی بە
ناوبانگی پۆتسدام دەبیندرێ. نیزیک ئێوارێ گەڕاینەوە. لە مەیدانەکانی شەڕ دەنگوباسی
گرینگ نەهاتوون بەڵام لە بەرەی فەڕانسە شەڕێکی قورس هەیە. ئینگلیسییەکان لە دوای
بۆمبارانێکی خەستی هێڵی ئەڵمانییەکان لە ئاراس [ئاڵزاس] هێڕشیان کردووە و هێندێک
خەساریان لە ئەڵمان داوە بەڵام نەیان توانیوە هێڵی ئەڵمانەکان تێپەڕێنن. شەڕ
بەردەوامە.
[ تێبینی: پۆتسدام لە نیزیک بێرلەن هەڵکەوتووە و شارێکی کۆنینەیە و تەمەنی بەلانی
کەمەوە دەگاتە هەزار ساڵ]
وێنەیەکی دوکتور جەواد قازت لە بێرلەن
جومعە ٢٠-ی ئاوریلی ١٩١٧
میوانیی جەواد قازی
پێنجشەمە شەو لە سەفاڕەت شێوم کرد. ماوەیەک لەگەڵ بەڕێز نەواب باسی زەمانی شوستر و
ئۆڵتیماتۆمی ڕووسمان کرد. ڕۆژی جومعە بۆشەوێ
بەپێی بانگهێشتن چوومە ماڵی بەڕێز قازی. بە بۆنەی ڕۆژی لە دایکبوونی
خانمەکەی هێندێک خەڵکی بانگ کرد بوو. لە ئەڵمان ڕەسم وایە مرۆڤ لە هەر جێیەک بۆ
شێو بانگ بکرێ هێندێک گوڵ بۆ خاوەن ماڵ بەرێ و کاتی ڕۆیشتنیش ئەنعامێک بدا بە
خزمەتکار. بە پێی قسەی بەڕێز قازی تەلعەت
پاشا ڕۆژی دووشەمەی داهاتوو دێتە بێرلەن. شەڕی ئاراس [ ئالزاس] بە توندی بەردەوامە
و وەک دەردەکەوێ ئەڵمانییەکان هێزێکی زۆریان بردووەتە مەتەرێزەکانی خۆیان.
[ تێبینی تەلعەت پاشا لە دامەزرێنەرانی سەرەکی کۆمیتەی " ئیتیحاد و تەرەقی
" بوو لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی و وەک وەزیری گەورە لە ساڵی ١٩١٣ تا ١٩١٨ بە
کردەوە فەرمانڕەوای ئیمپراتۆری عوسمانی بوو. لە ١٥-ی مارسی ١٩٢١ یەک لە ئەندامانی
داشناک بە تۆڵەی کوشتاری نەتەوەی ئەرمەنی لە ئەڵمان تێڕۆری کرد]
دووشەمە ٢٣-ی ئاوریلی ١٩١٧
هاتنی تەلعەت پاشا
دووشەمە ٢٣-ی ئاوریل – پێش نیوەڕۆ خەریکی نووسینی وتارێک بووم . ئێوارێ لەگەڵ چەند
کەس لە سەرانی میللیوون چووینە ماڵی پۆرت ڕینسکی لە ئەندامانی ئیدارەی چاپەمەنی لە
مەڕ وڵاتانی ڕۆژهەڵات. فۆن ویزندۆنگ و بەڕێزان قازی و خەلیل خالیدیش لەوێ بوون.
لەبەر ئەوەی تەلعەت پاشا ئەمشەو چارەگێکی بمێنی بۆ دە دەگاتە بێرلەن لەگەڵ خەلیل خالید زووتر هاتینە دەرێ کە بۆ دیدەنی وی بچینە ستاسیۆنێ، بەڵام لەبەر
ئەوەی لە ڕێیە زۆرمان پێ چوو نەگەیشتینێ و ئەو هاتبوو و چوو بووە هۆتێل ئادلۆن.
وەک دەڵێن ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک لە ستاسیۆن بە پیلییەوە هاتبوون. تەلعەت پاشا دوو
ڕۆژ لە بێرلەن دەمێنێتەوە و دوایە بۆ دیتنی ئیمپراتوور دەچێتە شوێنی فەرماندەیی
گشتی. هێندێکان دەڵێن کە بۆ موزاکەرەی
ئاشتی لەگەڵ ڕووسیا هاتووە بۆ ئەڵمان.
سێشەمە ٥ و چوارشەمە ٦-ی ژوەنی ١٩١٧
وەرزی گەڕان
سێشەمە ٥ و چوارشەمە ٦-ی ژوەن – ئەمڕۆ بەرەو لای ڕۆژهەڵاتی بێرلەن بۆ گەڕان چووم.
گشت ڕۆژەکە لە دەرێ بووم. لای ڕۆژهەڵاتی بێرلەنیش شوێنی خۆش و باسەفای هەیە، هەموو
جێیەکی سەوز و شیاوی پێدا گەڕانە. چوارشەمە شەشەمی ژوەن زیاتری ڕۆژەکە لەگەڵ بەڕێزان نەواب و میرزا
جەوادخانی قازی لە لای ڕۆژئاوای بێرلەن دەگەڕاین و لەوێوە چووینە پۆتسدام. هەوا
زۆر لەبارە بۆ ئەو جۆرە گەڕانانە و زۆر جێگەی پەژارە و خەفەتە کە ئینسان ئەو جۆرە
کاتانە لە مالێ بێ. زستانی سەخت و درێژ لە پشتەوەیە، هاوین بە خێرایی دێ،
کەلکوەرگرتن لە وەرزێکی ئەوتۆ و هەوا بۆ سڵامەتی پێویستە، بە تایبەتی لەو شوێنانەی
کە دیار نییە هەوای لەبار و خۆش چەندە درێژە دەکێشێ.
کۆتاییەکانی ژووییەی ١٩١٧
لە ستۆکهۆڵم
کەریمی کورد
لە تارانەوە خەبەر هات کە تەقەیان لە مونتەخەبودەولە سەرۆکی خەزێنە کردووە و
کوشتوویانە. ناوبراو زۆر نیزیک بوو لە ئینگلیسیییەکان و ئەو قەتڵە بۆیە کراوە.
دوای نیوەڕۆ چاوم بە کەریم ی کورد کەوت. ئەو کەسە لە کوردەکانی کوردستانی ئێرانە
بەڵام وەک دەردەکەوێ تەبەعەی عوسمانییە.
پێنج ساڵە لە ستۆکهۆڵم دەژی. بە زمانی ئەڵمانی و سوێدی بە باشی قسە دەکا. دوو
ساڵیش لە ئەمریکا بووە و هێندێک ئینگلیسی دەزانێ. هێندێک بارودۆخی سوێدی بۆ من باس
کرد بەڵام لەسەر یەک بە چاکە باسی سوێدییەکان ناکا. دەیگوت ئەو حەقیقەتەی دەبێ
بیان بێ نیانە. چاویان زیاتر لە ڕواڵەتە و زۆر بە تەماحن. چینی یایانی ئێرەش ئەو
پاکییەی جێگەکانی دیکەی ئوڕووپان نییە بە تایبەتی لەناو ژیانی خێزان دا. کەریم ی
کورد لێرە خەریکی کاسبییەکی موختەسەرە و خۆی پێ بەڕێ دەبا.
دیسان لە بێرلەن، یەکشەمە ١٩-ی ئووتی ١٩١٧
دوکتور قازی
ڕۆژی یەکشەمە نانی نیوەڕۆ لە ماڵی قازی سەرف کرا و تا نیزیکەی سەعات هەشت بەیەکەو
بووین. هەوا زۆر بلاوێن و خۆش بوو. وەک دەردەکەوێ ئیمتیحانی بەڕێز قازی بە خۆشی
تێپەڕیوە و بە زوویی دیپڵۆمی دوکتورا
وەدەست دەخا. هێرشی هاوپەیمانان لە لای ئیتالیا بە توندی درێژەی هەیە و
پەلاماری ئینگلیسییەکانیش لە لای فڵاندروە لە کورتێی نەداوە، [ تێبینی فڵاندرز بەشی هەرە گەورەی وڵاتی بێلژیکە]
شەمە ١-ی
سێپتامبری ١٩١٧
تەزکەرەی تازە
شەمە ١-ی سێپتامبر – سەر لەبانی بۆ دیداری بەڕێز حاجی میرزا یەحیا چوومە هۆتێلی
ئادلۆن. لەبەر ئەوەی چوو بووە دەرێ نەمتوانی بیبینم. بەڕێز میرا جەواد خانی قازی م
هەر لەوێ دیت چەند سەعات ئەو ڕۆژە بەیەکەوە بووین. دوای نیوەڕۆ بەڕێز
عەزیموسەلتەنە هات بۆ دیدەنی بەندە، هێشتا مەعلققم نییە بەڕێز نەواب کەنگێ دێتەوە
بێرلەن. داوام لە بەڕێز عەزیموسەلتەنە کرد نامەیەک بۆ کۆنسوولی ئیران بنووسێ بۆ
ئەوەی تەزکەرەی تازە بۆ بەندە دەر بکا. چونکە پێم خۆشە ئەم تەزکەرەیەی ئێستا
هەڵگرم. ئەوەندەی ڤیزا و و مۆر و ئێمزا پێوەیە بووە بە شتێکی عەنتیکە و دەبێ
هەڵگیرێ. پێم خۆشە وەک بەشێک لە نووسینەکانی ئەو سەفەرەم لای خۆم ڕای بگرم.
یەکشەمە ٢ و دووشەمە ٣-ی سێپتامبری ١٩١٧
پەلامارەکانی سنووری ڕیگا
یەکشەمە ٢ و دووشەمە ٣-ی سێپتامبر – یەکشەمە بۆ نانی نیوڕۆ لە ماڵی بەڕێز قازی
بانگ کرا بووم. دوای خواردنی نانی نیوەڕۆ تا سەعات ٧ بەیەکەوە بووین. دوو ڕۆژە ئەڵمانییەکان هێرشی توندیان لە سنووری
ڕیگا دەست پێکردووە و ڕۆژی شەمە یەکەمی سێپتامبر لە چۆمی دۆینا پەڕیونەتەوە و
خەساری توندیان بە ڕووسەکان گەیاندووە. ڕووسەکان بە پەلە پڕووزە سەنگەرەکانی خۆیان
بەجێ دێڵن و لە بەر ئەڵمانییەکان هەڵ دێن.
یەکشەمە ٢ و دووشەمە ٣-ی سێپتامبری ١٩١٧
نوتقی سەرۆکی موحافەزەکاران
یەکشەمە ٢ و دووشەمە ٣-ی سێپتامبر- زوربەی سەعاتەکانی شەمە لە ماڵێ خەریکی
خوێندنەوە و نووسین بووم. شەوەکەی لەگەڵ بەڕێز قازی چووین بۆ تالاری فێلارمۆنیک بۆ
گویگرتن لە توتقی سەرۆکی موحافەزەکارانی ئەڵمان کە یەکێک لە سیاسییەکان و نووسەرانی
بە ناوبانگە. سەرۆکی ناوبراو بە ناوی گراف دۆنیلۆ کە لە لایەنگرانی جیدی شەڕەە دوو
سەعات لە سەعات هەشتەوە تا دە نوتقی دەکرد، زۆر فەسیح و بەلیغ. شتێکی تازەی
نەدەگوت. بەڵام بە دژی سۆسیالیستەکانی ئەڵمان و سیاسەتی سەدری ئەعزەمی پێشووی
ئەڵمان بێتمەن هلووگ قسەی دەکرد و دەیگوت لە بۆ ئەڵمانێ تەنیا ئاشتییەک بە کەلکە
کە سنوورەکانی داهاتووی ئەڵمان دابین بکا و ئازادیی بازرگانی و پەرەپێدانی کاسبی و
سەناعەت دەستەبەر بکا. بە گشتی لەمەر ئۆپێڕاسیۆنەکانی ژێر دەریای ئەڵمان و
وێڕەکایەتی ئەڕتەشی ئەڵمان هیوای دەردەبرێ. لە کۆتایی نوتقەکەی دا لە دەسکەوتەکان
و داگیرکارییەکانی ئەڵمان لە لای ڕیگا شادی دەردەبڕی. دەی گوت کە پارتییەکی تازە
بە ناوی پارتیی نیشتمان لەو دواییانە دا لە پڕووسی ڕۆژهەڵات بە سەرۆکایەتی
دوک مەکلێنبورگ و دەریاداری بەناوبانگ فۆن تێر پیتز پێک هاتووە کە تا
کۆتایی شەڕ بۆ درێژە دانی شەڕ و بە دەستهێنانی ئاشتییەکی شەڕافەتمەندانە تێبکۆشن و
لە پێناو یەکێتیی گشت هێزەکانی ئەڵمان بۆ درێژە دان بە شەڕ تێبکۆشن. هەوای ئەو دوو
ڕۆژە زۆر بلاوێن و خۆشە.
سێشەمە ٢٥-ی سێپتامبری ١٩١٧
ژنی حەمید بەگ
شێوم وەک پێشتر بڕیار درابوو لە سەفارەت خوارد. شاعیری بە ناوبانگی عوسمانی جێگری
ئێستای سەرۆکایەتی مەجلیسی سەنا کە باوکی لە ئێران ماوەیەک سەفیری گەورەی دەوڵەتی
عوسمانی بووە و لە تاران وەفاتی کردووە و لە گۆڕستانی شازادە عەبدولعەزیم نێژراوە
و خانمەکەی و بەڕێز قازی و خانمەکەشی لەوێ
بوون. ئەو زیافەتە بە ئفتیخاری حەمید بەگ و خانمەکەی بەرپا کرا بوو. خانمەکەی
ژنێکی خاوەن دیمەن و زۆر مەجلیس ڕازێنەرەوەیە. بە شێوەیەک کە میوانییەکە بە
قسەکانی بەڕێزیان گەرم ببوو و بە دوور و درێژی باسی ئەستەنبووڵ و بارودۆخی
کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەوێی دەکرد. بە باوەڕی وی ژنانی عوسمانی خۆش دیمەن نین و وەجاهەتیان نییە. ژنانی
چەرکەسی خۆش ڕوون بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەک تێکەڵاو بوون کە بەهیچ جۆر ناتوانن لە
ڕووی ڕەگەزییەوە خۆیان نیشان دەن. باسی بارودۆخی حەرەم بازی لە عوسمانی دەکرد. پێ
دەکەنی و خەڵکی وە پێکەنین دەخست. پەسنی ئێرانییەکانی دەدا و دەی گوت نیسبەتێکیان
نییە لەتەک تورکەکاندا و زۆر بە زەوقترن. باسی ڕووداوی ئەو دواییانەی حەیدەر پاشا
و ئاگر گرتنی پاشەکەوتی قۆرخانەی شەڕێی لەوێ دەکرد و دەی گوت دوو ڕۆژی تەواو
بڵێسەی ئاگر بەرز بوو و ئاگر گرتنی قۆرخانە هەوای پڕ کرد بوو لە گازی ژاراوی. دەیگوت
نزیکەی سیسەد نەفەر کە زۆربەیان ئوتریشی بوون تەلەف بوون و قەدراییەکی زۆریش
کەلوپەلی شەڕ لە ناو چووە.
چوار شەمە ٣-ی ئۆکتۆبری ١٩١٧
میوانیی وەحیدولمولک
دوای نیوەڕۆ ژمارەیەک لە بەڕێزان میللیوونەکانی ئێران و هەر وەها حەمید بەگ و
خانمەکەی و شەکیب ئەرسلان بەگ و هەمزە
بەگ بۆ خواردەنەوەی چایی لە هۆتێل ئێسپلەناد میوانی نووسەر بوون. مەجلیسێکی خراپ
نەبوو. تەقریبەن تا سەعات ٧ بەر دەوام بوو. دوای شێو لەگەڵ بەڕێز قازی بەیەکەوە
بووین. باسمان لە بابەتی جۆر بە جۆر کرد. بەڕێز قازیش هیوایەکی زۆری بە کۆتایی ئەو
شەڕە و دوایی هاتنی ئەو شەڕە لە بەرژەوەندی هاوپەیمانان نییە.
پێنجشەمە ١١-ی ئۆکتۆبری ١٩١٧
میوانیی شەکیب ئەرسلان
پێنجشەمە ١١-ی ئۆکتۆبر- دوێنێ شەوێ موفەخەمودەولە بەرەو سویس چوو و ئەو سەفەرەی
دیکەی لە کۆڵ دەبێتەوە. تەنیا ئێرانییەک کە لە وێستگەی ڕێگای ئاسن چوو بوو بەڕێی
کا بەڕێز قازی بووە. گۆیا لە کۆنەوە لەگەڵ بەڕێز قازی دۆستایەتیان هەبووە. بۆ نیوە
ڕۆ لە هۆتێل ئادلۆن میوانی شەکیب ئەرسلان بووین. بەڕێز نەواب و خانمەکەی و میرزا
محەمەدخانی قەزوێنی و چەند کەسی دیکەش لەوێ بوون. شەکیب ئەرسلان دوو سبەی دەچێ بۆ
بروکسێل و گۆیا لەو سەفەرەدا مانگێکی پێ دەچێ و دوایە دێتەوە بێرلەن و دوای
ئیستێکی کورت دەگەڕێتەوە ئەستەنبوڵ. شەکیب ئەرسلان لە نەجیبزادەکانی عەڕەبەکانی
سووریایە و گۆیا کۆلکەی بنەماڵەکەی دەگاتەوە سەرەتای سەدەی ئیسلام. خۆشی کەسێکی
ناتیق و زۆر بە هۆشە. لە ماوەی کورتی مانەوەی لە بێرلەن لەگەڵ زۆر لە سیاسییەکانی
ئێرە هاو دەم بوو و ناوێکی لە دوای خۆی بە یادگار بەجێ هێشت. دانوستاندن لەگەڵی
زۆر خۆشە و گۆیا داراشە، چونکە لێرە میوانی زۆر بۆڵی دەدا.
[تێبینی موفەخەمودەولە دیپڵۆماتێکی کۆنینەی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بووە]
جومعە ٢-ی نۆڤامبری ١٩١٧
وەکالەتی نەواب
ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ لەگەڵ بەڕێز عەلەوی چووینە ماڵی قازی. ئەمڕۆ لە تاران لە
وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە تێلگرافێک بۆ بەڕێز نەواب هاتووە. لەو تێلگرافە دا ناوی
کۆمەڵێک لە نیشتماپەروەران و ئازادیخوازان هاتووە کە لە هەڵبژاردنەکانی تاران دا
سەرکەوتوون. بەڕێز نەواب یش لەوانە. پرسیار لە بەڕێز نەواب کراوە گەلۆ وەکالەت
قبووڵ دەکا یان وەەدوای دەداتەوە. ئەگەر قبووڵی نەکا ئاغا سەید حوسێن ئەردەبیلی
دەبێتە وەکیل. وەک دیارە پێنج کەس لە کاندیداکانی شازدە سولەیمان میرزا لەو هەڵبژاردنە
دا سەرکەوتوون.
جومعە ١٦-ی نۆڤامبری ١٩١٧
دیداری قازی
دوای نیوەڕۆ بەڕێز نووری هاتە مالی بەندە و لە دوای ئەوە بەیەکەوە چووینە دیداری
بەڕێز قازی کە تووشی گرانە تا بووە. بەڕێز قازی ئەو نەخۆشییە ئازاردەرەی لە
ئێرانەوە لەگەڵ خۆی هێناوە و هەموو ساڵێ بە تایبەتی لەم وەرزە دا تووشی دەبێ.
هەرچەندەش عیلاجی کردووە تا ئێستا ئەسەری نەبووە.
چهارشنبە ٥-ی دیسامبری ١٩١٧
وەفاتی ئۆسکار مان
چوارشەمە ٥-ی دیسامبر- ئەمڕۆ پرۆفێسۆر مان ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگی
ئەڵمانی کە سەفەری ئێرانیشی کرد بوو و بە زمانی فارسی بە چاکی قسەی دەکرد سەکتەی
کردووە و وەفاتی کردووە. پڕۆفێسۆری ناوبرا ماوەیەک پارەکە و سەرەتای ئەمساڵ نەخۆش
بوو. بەڵام لەو دواییانە دا بناوبیر ببۆوە و لە نەخۆشخانە هاتبووە دەرێ.
سەرچاوە: گۆواری دوو
مانگانەی بەیان، ساڵی نۆیەم، ژمارەی ٤٧، پوشپەڕی ٢٧٢٦
No comments:
Post a Comment