هەڤپەیڤین لەگەڵ پڕۆفێسۆر جەعفەر شێخەلئیسلامی سەبارەت بە: "
بەردەستە کتێبی ئاکسفۆرد بۆ زمانناسی کوردی" لە بەرنامەی ڕاوێژ دا. ئەم بەرنامەیە دووشەمە شەو ١٤-ی ئاوریلی ٢٠٢٥ لە ڕێی سکایپەوە بە ئاوایەکی ڕاستەوڕاست
لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە.
حەسەن قازی: بینەرانی
خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارەمان دا باسی بەرهەمێکی
زۆر زۆر گرینگ دەکەین ئەویش " بەردەستە کتێبی ئاکسفۆردە بۆ زمانناسیی کوردی"،
کە دیارە ئەوە حەولێکە کە بەشێوەی سەرەکی مامۆستا جەعفەر شێخەلئیسلامی مامۆستای
زمانناسی لە زانکۆی کارڵتن لە کانادا لەگەڵ ژمارەیەک لە زمانناسانی کورد و بیانی وەئەستۆی
گرتووە و لەم بەرنامەیە دا ئێمە بە دوور و درێژی سەبارەت بەو بەرهەمە دەدوێین. مامۆستا
جەعفەر زۆر زۆر بەخێر بێیەوە جارێکی دیکە بۆ بەرنامەی ڕاوێژ.
پرۆفێسۆر جەعفەر شێخەلئیسلامی: زۆر سپاس مامۆستا حەسەن گیان سپاست دەکەم.
قازی: زۆر مەمنوون،
وەک لەبیرم بێ ئێمە ئاخر جار لە مانگگی ژووییەی ساڵی ٢٠٢٣ لە بۆنەیەکی ناخۆش دا لەم
بەرنامەیە بەیەکەوە دواین، کاتێک کە تووڤێ سکووتناب کانگاس وەفاتی کرد بوو. پێشتریش
لە ساڵی ٢٠٢٠ سەبارەت بە شۆوێنیزمی زمانی
و هەر وەها گۆڕانی دەنگ دیارە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو وەزعەی کە ڕۆژهەڵاتی
کوردستان دا هەیە. ئێستا پێم خۆشە لەم بەرنامەیە دا لە سەر ئەو کارەی کە ئەمساڵ بڵاو
دەبێتەوە ئەویش
" بەردەسەتە کتێبی ئاکسفۆرد بۆ زمانناسیی کوردی"
یە قسە بکەین. بەر لە هەمووشت ئەو زاراوەی
" بەردەستە کتێب " کە وابزانم وەرگێڕانێکە
لە Handbook و بەڕێزت بۆ ناساندنی ئەو کتێبە دەکاری
دەکەی هێندێک شی بکەوە.
شێخەلئیسلامی: بە
چاوان، سڵاو لە جەنابتان دیسان، سڵاو لە بینەرانی بەڕێزتان. Handbook لە ئینگلیزی دا بۆ خۆتان دەزانن زۆر
ناو هەیە یەکیان ئینساکلۆپێدیایە بۆ وێنە کەلێکشن ، کۆی دەستەیەک وتار collection of poems، collection of papers دوایە هەندبووک هەیە، هەندبووک من
ناوم ناوە " بەردەستە کتێب" لە بەر ئەوە کە بۆ وێنە لە ئینگلیزی دا بۆ خۆت
دەزانی زاراوەی handy
هەیە بۆ وێنە دەڵێن فڵانە شت هەندییە واتە لەبەر دەستانە، تەنانەت کەسێک کە لە ماڵەوە
زۆر بە دەستوبردە ئەگەر کارەبا خراپ دەبێ یان بەرق گرفتێکی هەیە یان شێرەئاو خراپ
بووە دێ چاکی دەکاتەوە دەڵێن فڵانکەس هەندی یە. he is a handy man یان she is handy girl هەڵبەت ئەوەی کەمتر دەڵێن زۆرتر بۆ
پیاوەکەیە. واتە بەردەستان، بەدەستوبرد. منیش هەندبووکەکەم کردووەتە بەردەستان بۆ
ئەوەی کە ئەرکی ئەمەیە کە کۆمەڵەیەک وتار لە سەر بابەتێک هەبێ و بتوانێ پوختەیەک لەو
بابەتە بۆ وێنە فۆنۆلۆژی/ دەنگناسیی کوردی
بە دەستەوە بدا، مێژووەکەی بڕێک بخوێنێتەوە پاشان ئەو پرێنسیپە سەرەتاییەکانی پێشکەش
بکا و بتوانێ وێنەیەکی گردەوەکۆی وێنەکانی دیکە بە دەستەوە بدا بۆ ئەوەی کە یەکێک
بتوانێ تێگەیشتنێکی باشی بۆ وێنە لە دەنگناسیی کوردی هەبێ.
قازی: زۆر باشە مامۆستا،
دیارە ئەمن بەر لە بەرنامە هێندێک بە دواداچوونم کرد لەو بارەیەوە و بۆم دەرکەوت کە
یەکەم کاری کە ئەو وەشانخانەی ئاکسفۆرد کردبێتی، کە دیارە بەشێکە لە زانکۆی ئاکسفۆرد
لە زەمینەی لێکۆڵینەوە دا و لە ئاستی جیهانیدا کار دەکا، یانی هەر ئەوە نییە کە
ناوەندەکەی لە ئینگلیستان بێ، لە ئەمریکاش کار دەکا. یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٣
" بەردەستە کتێبی ئاکسفۆرد بۆ زمانناسیی عەڕەبی" چاپ کردووە و لە ساڵی
٢٠١٨ش " بەردەستەکتێبی ئاکسفۆرد بۆ زمانی فارسی" بڵاو کردووەتەوە کە دیارە
دوو خانمی زمانناسی ئێرانی ئەو بەرهەمەیان ئیدیت کردووە و تێێدا لە بوارە جۆربەجۆرەکانی
زمان کۆڵدراوەتەوە بەڵام، بۆم دەرکەوت لە وەشانەکانی ئاکسفۆرد دا بەردەستە کتێبێکی
ئەوتۆ بۆ زمانی تورکی چاپ نەکراوە ئەگەر زمانەکانی ناوچە لە بەر چاو بگرین. بەڵام
دیارە ئەو کارەی ئێوە کارێکی زۆر گەورەیە بۆ یەکەمجار ئەمساڵ بەرهەمێکی ئاوا بە
زمانی ئینگلیسی بڵاو دەبێتەوە. پێم خۆشە لە سەرەتاوە باسی هاوکارەکانت بکەی بۆ ئەو
بەرهەمە. هاوکارەکان کێ بوون و ئەو ئالنگارییەی کە لە پێشتان بوو بۆ ئامادە کردنی
ئەو کتێبە، ئەو سەرچاو گرینگە چ بوو؟
شێخەلئیسلامی:
من یەکەمجار ساڵی وا بزانم ٢٠١٨ بوو دوکتەر حەیدەر خزری کە مامۆستای زانکیە لە فلۆریدا
ستەیت یونیڤێرسیتی لە ئۆرلاندۆ پێوەندی پێوە کردم گوتی ڕەنگە ئەوەی فارسیت بینیبێ،
شتێکی وا دەرچووە یەکێک لە ئیدیتۆرەکانی هاوکارمە من بە ڕاستی هان دراوم کە شتێکی
ئاوا بکەین بەڵام لەوانەیە بۆ خۆت بزانی لەوانەیە ئاکسفۆرد زەحمەتە ڕێگا بدا، هەم
ئەمن تازەکارم و هەم بەتەنێش کاری وا ناکرێ. ئەو کارە بە کۆ دەکرێ. منیش بە ڕاستی
چەند شتی ترم بەدەستەوە بوو، لەبەرم گران بوو بەڵام هەر چۆنێک بوو پێوەندیم کرد بە
دۆستێکی دیکەوە پرۆفێسۆر ساڵح ئاکن لە فەڕانسە لە زانکۆی غوەن نۆڕماندی، ئەویش زۆری
پێ خۆش بوو ئیتر وا بوو پڕۆپۆزلێکمان پێشکەش کرد. لێرە ئەو وەشانخانە گەورانە زۆر
جیدین لە سەر ئەوە کە چی چاپ کەن، لەبەر ئەوە بە ڕاستی دەبێ پێیان بسەلمێنی ئەو بەرهەمەی
تۆ دەتەوێ ئامادەی بکەی و گەرەکتە ئەوان چاپی بکەن دەبێ پێداویستی هەبێ لە نێو دنیای
ئاکادێمی دەبێ خوازیاری هەبێ، بازار چون بەهەر حاڵ بمانەوێ و نەمانهەوێ ئەمانە
کاسبین. ئەم وەشانخانانە دەیانەوێ پارەش پەیدا بکەن. لەبەر ئەوە پڕۆپۆزلێکی ئەگەر
بە هەڵە نەچم نزیکەی ١٥ لاپەڕەی ئینگلیزی وردمان بۆ ناردن و ناردبوویان بۆ چەند پێداچۆرەوە
کە ئێمە ئێستاش نازانین کێن ئەمانە. وڵام هاتەوە کوتیان بە ڕای ئێمە بڕێک بەشی تری
لێ زیاد کەن، زۆرتر ئەوان حەزیان دەکرد کە ئەوەی ئەوان پێی دەڵێن زمانناسیی تۆخ،
زمانناسیی پەتی وەکوو دەنگناسی، مۆرفۆلۆژی، وشەناسی ئەمانەشیان لێ زیاد بکەن و هەر
وەها دڵنیاش بن کە یەک یا دوو کەسی دیکە کە بەڕاستی تایبەتمەندی لێکۆڵینەوەیان زۆرتر
ئەمەیە یاریدەردەر بن بەڵام هەر فڵانکەس بۆخۆی سەرپەرشتی بکا و بەسەر ڕابگا. بە هەر
حاڵ وا بوو قەبووڵمان کرد، من پێوەندیم کرد بە پڕۆفێسۆر ئەرگین ئوێپەنگین کە بە ڕای
من ئەمڕۆ یەکێک لە هەرە باشترین زمانناسە کوردەکانی زمانناسیی کوردی یە و ئێستا لە
زانکۆی کەمبریج کار دەکا. پاشان مامۆستایەکی ئینگلیزی پرۆفێسۆر جێفری هەیگ لە زانکۆی
بامبێرگی ئاڵمان هەر دووکیان بەیەکەوە پێوەندیم پێوە کردن و زۆر حەزیان کرد و زۆر
بە دڵێکی گەورەوە هاتنە بەرەوە چونکە ئەو کاتە کە من پێوەندیم پێوە کردن ئەوان دوو
یان سێ کتێبیان چاپ کرد بوو لە وەشانخانەی زانکۆی بامبێرگەوە،واتە ئەزموونێکی زۆر
باشیان هەبوو بە تایبەت پڕۆفێسۆر جێفری هەیگ. بەهەر حاڵ کە تۆ ماوەیەکی زۆر لەم
بوارە دا بووبی نزیکەی سی ساڵ دیارە زۆر گرینگە بۆ شوێنێکی وەکوو ئاکسفۆرد پاشان چەند
کتێبت بڵاو کردووەتەوە، لە وتار گەڕێ، بە دەیان وتار، سی چل وتار، بەڵام چەند کتێبیشی
لەسەر زمانی کوردی دەگەڵ ئەرگین و دەگەڵ دۆستانی دیکە بڵاو کردبووەوە لەبەر ئەوە دیسان
ئەوانمان زیاد کرد پێیدا هاتینەوە، پرۆپۆزڵەکە
دیسان نووسراوە، تێبینییەکانی ئەو کەسانەی کە پێی دا چووبوونەوە بە وردی لەبەرچاو
گیران دیسان پێشکەشمان کردەوە. دیسان چووە بەرچاوی دوو یان سێ کەسی تر کە ئەوانەش
نازانین کێن ئێستا.
قازی: دیارە مامۆستا بۆ ئەوەی کە بینەرانیش لەو مەسەلەیە
جوان تێ بگەن ئەوە دە ڕاستیدا مێتۆدێکی کاری ئاکادێمیکە یانی ئەوە لە گۆواری زانستی
و ئەوەش دا باوە، ئەتۆ وتارێک دەنووسی و ئەوەی پێیدا دێتەوە نووسەرەکە نایناسێ لەوانەیە
بۆی بچێ بەڵام نایناسێ ڕاستەو ڕاست و کابراش بێ ئەوەی نێوی خۆی بدرکێنێ و بە سەر
شتەکە دا دیتەوە و نەزەری خۆی لە سەر دەردەبڕێ. فەرموو بەردەوام بە.
شێخەلئیسلامی: زۆر
سپاس، زۆر سپاس مامۆستا لە ئینگلیزی دا پێی دەڵێن peer review واتە جووت پێداچۆرەوە کە بە ڕاستی
ئەوەی کە کوتت کاک حەسەن ئەمە جەوهەری پێشکەوتن و داهێنانی ئاکادێمی ڕۆژئاوایە کە
هەر شتێک لە لایەن وەشانخانەیەکی بە نێوبانگەوە یان گۆوارێکی بەنێوبانگەوە بڵاو دەبێتەوە
ئەوە دەچێ بۆ لانی کەم دوو کەس، جاری وایە سێ کەس، جاری وایە چوار کەس ئەگەر ڕاز
بوونی لەسەر نەبێ، ئەگەر دمەقڕەی لەسەر بێ دەچێ بۆ ئیتریش، بۆ نێوبژیکەری دیکە. ئەمە
زۆر زۆر گرینگە بەڕاستی چونکە کە تۆ ئەو کەسە بە کارەکەدا دەچیتەوە بۆت دێتەوە وەکی
جەنابت کوتت لەوانەیە شک بکەی کێ بێ بەڵام سەتاسەت نازانی، تەنانەت لەوانەیە بەو
وتارەکەی تۆ دا چووبێتەوە لە کۆنفڕانسێکیش دا دەتبینێ بەیەکیشەوە نان دەخۆن بەڵام
قەت پێت ناڵێ ئەو بووە کە شتێکی وای کردووە. چونکە بۆ خۆم ئەوە بە دەیان جار ڕووی
داوە بەڵام قەت بەوانی ترم نەکوتووە.
قازی: ئەوە بەشێکە لە
ئەخلاقی ئاکادێمیک، لە ئێکیتێکی ئاکادێمیک.
شێخەلئیسلامی: بە
بێ شک! هەر ئەوەشە کە ئەو سەربەستییە داد بەمن یان بە کەسێکی کە پێداچۆرەوە دەکا کە
ئازاد بێ، کە نەترسێ، کە شەرم نەکا کە نەڵێ فڵانکەس سبەینێ دەزانێ من چیم وتووە ئەگەر
وتاری من چووبووە بەر دەستی ئەو ئەویش هەر ئەو بەڵایەم بەسەر دێنێ، ئەمن قەت نازانم
کێ بووە. ئەمە زۆر گرینگە، بە ڕاستی گرینگە. بە داخەوەم با بەراوەرد نەکەین، بەڵام
دنیای ئینگلیزی ئاوایە. ئەگەر ڕێگا بدەی
کاک حەسەن گیان نازانم پێی دابێم بە وتارەکان.
قازی: بەڵێ، بەڵێ مەبەستم
ئەوە بوو، یانی شێوەی ئامادە کردنەکە و ئەو ئالنگاریانەی کە هەبوون بۆ وێنە لە پێوەندی
لەگەڵ نووسەرەکان دا، چونکە دەزانین کە ئێدیتۆرەکان هەر چەند خۆشیان نووسینیان هەبێ
لە کتێبەکەدا خۆیان جیاوازن لە نووسەرەکان. دیارە لێرە ئەمن سەردێڕی ناواخنی کتێبەکەم
وەرگێڕاوە و لەبەر دەستمە. فەرموو بەردەوام بە لە سەر شێوەی ئامادە کردنی کتێبەکە
و هەر وەها ئێدیت کردنی کتێبەکە.
شێخەلئیسلامی: بەڵێ،
پرۆپۆزڵەکە هاتەوە کە پەسندیان کردووە، ئەوجار هاتینە سەر ئەوە، ئەوانەی کە پێشتر
تەمامان گرتبوو کە پێوەند بە کوێوە بکەین بۆ وێنە بۆ فۆنۆلۆژی پێوەندی بە پڕۆفێسۆر
ئەننبی یەوە بکەین ئەو دەم پێمان وتوو و وتمان بۆ وێنە ساڵێکتان دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی
کە وتارەکەتان ئامادە بکەن دوای ئەوە وتارەکە لە لایەن دوو کەسی ترەوە پێیدا دەچنەوە،
دووکەسی تر پێی دا دەچنەوە ئەو دەم دیسان ئێوە دەبینن کە ئەوان چییان گوتووە پێشنیاریان
چییە بۆ ئەوەی کە وتارکە بەهێزتر بکەن، جارێکی تر دەبێ بینووسییەوە، جارێکی تر تێبینییەکانی
وان ڕەچاو بکەی، دوای ئەویس دیسان ئەوجار ئێمە وەکوو ئێدیتۆری بەشەکە پێیدا دەچینەوە.
جا ئەمانە کە ئێستا تەحویل دراون چووەتە ئاکسفۆرد، ئەوە ئاکسفۆرد جارێکی دی پێیان
دا دێتەوە، واتا بە ڕاستی هەتا شتێک چاپ دەکەن ئینسان چۆن بڵێم، ئینسان ماندوو دەبێ.
ڕاستت بوێ بەڵام کە زەحمەتت پێوە کێشا و ئۆگر بووی بە شتەکە و زانیت کە چەند ڕێک و
پێکە کارەکە ئەو دەم ئینسان کۆڵ نادا و درێژەی دەدا.
یەکێک لە
ئالنگارییە گرینگەکان کاک حەسەن بۆمان هاتە پێشێ ئەوە بوو کە ئێمە قسەمان لێکرد لەگەڵ
چوار هەواڵی دیکە کوتمان حەز دەکەین لە کوردستانەوە لێکۆلەری زۆر بەشدار بن. چونکە
پێشتر زۆربەی ئەو شتانەی نووسراون بۆ وێنە لە سەر زمانی کوردی لە ڕۆژئاوا، لەلایەن
ڕۆژئاواییەکانەوە نووسراون. ئێمە کوتمان نا، ئێمە لێرەین، لە ڕۆژئاواین ڕاستە هەموومان،
ڕۆژئاواییەکی ناکوردیشمان لەگەڵە، پرۆفێسۆر هەیگ، ئەوانی تر کوردن چوار، ئەمە بۆخۆی
ناوازەیە بە ڕاستی بەڵام کوتمان با نووسەرەکان زۆری لە لای خۆمان بێ. هەوڵی خمان
دا، بەڵام خۆزگە خۆرتر بوو با، بەداخەوە با کورت و موختەسەریش بلێم هۆیەکەی چییە،
ئینسانی لێهاتوو یەکجار زۆرن لە وڵات بەڵام بەداخەوە زۆربەی هەرە زۆریان بە ئینگلیسی
نانووسن کە ئەگەر تەنانەت بشنووسن، ئینگلیزییەکەیان لەوانەیە زۆر باش بێ، ئینگلیزییەکەیان
هیچ گرفتی ڕێزمانی نەبێ. بڕوا بفەرموو ئێستا مامۆستای لێیە کوردستان، هەر چوارپارچەی
کوردستان ئەگەر باسی ڕێزمانی ئینگلیزی لێ بپرسی لە زۆر ئینگلیزییان باشتر ڕێزمانەکە
شی دەکاتەوە بەڵام، بەداخەوە بەداخەوە ناتوانێ وتارێک بە ئینگلیزی بنووسێ. چونکە
وتار نووسین کولتووری خۆی هەیە، رێسای خۆی هەیە، ڕێجستری خۆی هەیە. بە داخەوە ئینگلیزی
بیر ناکەنەوە، کە ئینگلیزیت بیر نەکردەوە ناشتوانی بە ئینگلیزی بنووسی. ئەمە گرفتێکی
گەورە بوو بەڵام بەختەوەرانە دیسان ڕادەیەکی
باش دەتوانم بڵێم زۆرتر لە دە کەس لە کوردستانەوە بەشدارن لە نووسین دا لە هەر
چوار پارچەی کوردستان ئەمە بەڕاستی زۆر جێی خۆشحاڵییە خۆزگە زۆرتر بووبان، بەڵام ئەمە
دەتوانین بڵێین ماندووبوونی بەدواوە بوو بەڵام بەش بەحاڵی خۆم هیچ پەشیمان نیم لەمە
بەڵکوو زۆریش شانازی دەکەین کە یەکێک لەو بەرهەمانەیە دەتوانم بڵێم بۆ یەکەمجار کە
لە دەرەوەی وڵات و لە لایەن وەشانخانەیەکی یەکجار بەناوبانگەوە دەر دەچێ کە چوار لە
پێنج ئێدیتۆری سەرەکی کوردن، کوردیی ئاکادێمی بەڵام زۆر نووسەریش کە لە وتارەکان
دا بەشدارن، لە نووسینی وتارەکان دا هەر لە کوردستان دەژین و ئەوانی تریش لە دەرەوەی
وڵات دەژین بەڵام زۆربەیان، ئەوانی تریش،
نووسەرەکانی دی کوردن.
قازی: زۆر باشە مانۆستا
دیارە ئەمن کە تەماشای نێوئاخنەکەیم کرد، ڕەنگە لە پرسیارەکەم زۆریش قووڵ نەبووبمەوە
بەڵام ئەوەی کە هەستم کرد باسی مەسەلەی پێوەندی
زمان و کامپیوتر و بەکار هێنانی زمان
لە کامپوتر دا
باسێکی ئاوام نەدیت. ئەگەرچی یەکێک لەو نووسەرانەی کە لیستەکە دا وەبەرچاوم کەوت
پسپۆڕایەتی هەیە لە بواری کامپیوتر دا. چۆنە کە باسێکی ئاواتان نەگونجاندووە دە کتێبەکە
دا؟
شێخەلئیسلامی: تێیدایە
کاک حەسەن، ئەگەر ئەمن چاو لە table
of contents بکەم بەڵام وا بزانم وتارەکە زۆر بەربڵاو بوو لە سەر داوای
ئێمە داوامان کرد لە نووسەرەکە پرۆفێسۆر حەسەنی وردی کاتەوە لە سەر ئەوەی کە پێی دەڵێین
corpus linguistics، کورپس لینگویستیکس ئەمەیە کە خەزێنەیەکی
زمانی دروست دەکەی بۆ وێنە لە تەواوی ڕۆژنامەی کوردستانی ١٨٩٨وە تەواوی ڕۆژنامە
کوردییەکان دەخەیە نێو خەزێنەیەکی کامپیۆتێری و مێشکێکی کامپیۆتێری، پڕۆگڕامێکی
کامپیۆتێری ئەو دەم تۆ دێنی ئەمە بۆ لێکۆڵینەوە کەلک وەردەگری بۆ وێنە دەتەوێ بزانی
بۆ یەکەم جار وشەی " کوردایەتی" کێ کەلکی لێ وەرگرتووە. یەکجار بە نرخە
بۆ لێکۆڵینەوە یانی جاری وایە لە ساڵانی پێشوو دا لەوانە بوو بە دەیان کەس، بە سەدان
کتێب و هەزاران ڕۆژنامە هەڵدەنەوە بۆ ئەوەی کە شتێکی وایان بۆ وەدەرکەوێ. ئەکەم
جار کێ کوردایەتی بەکار هێناوە؟ ئێستا ئەگەر ئەتۆ
هەموو ئەمانە کۆ بکەیەوە بیدەی بە بەرنامەیەکی کامپیوتێری دەتوانی لە دوو
سانییە دا ئەوە بدۆزییەوە. یەعنی بەڕاستی شتێکی سەیرە جا ئینگلیزییەکان بۆ هەموو
شتێک کەلکت لێ وەردەگرن. بۆ وێنە بۆ گوتنەوەی وانەی کوردی سبەینێ دەتوانی کەلکی لێ
وەرگری. ئیستاش جەنابت بپرسە لە زمانی کوردیدا ئەگەر بمهەوێ بیانییەک بەس دەفەتم کەمە
هەر دوو حەفتەم فورسەتە،نمهەوێ بیانییەک فێری سەد وشەی کوردی بکەم ، ئەم سەد وشە
کوردییە کە کەلکیان یەکجار زۆردەبێ لە زمانی کوردیدا چین نازانین. بەڵام تۆ ئەگەر
ئەو خەزێنەت هەبێ دەتوانی بە یەک فەرمان بیدۆزییەوە و ئەو دەم دەزانی ئەو سەد وشە
چن و فیری قوتابییەکەی دەکەی. ئینگلیزی ئاوا کەلکیان لێ وەردەگرن بێجگەلەوەی کە بۆ
لێکۆڵینەوەی وێژمان، بۆ دیسکۆرس ئانالیسس، بۆ لێکۆلینەوەی ئیدێئۆلۆژی لە دەنگوباس
دا، بۆ دەیان شتی تر کەلکی لێ وەردەگیرێ. ئەمەمان هەیە.
قازی: زۆر باشە ئێستا
بێینە سەر لایەنێکی پێوەندیدار بەو کارەی ئێوە کردووتانە ئەویش مەسەلەی گرینگی ئێدیت
کردنە. وا نییە؟ بە کورتی ئاماژەیەکت پێکرد بەڵام دیسان ئەگەر هێندێک شی بکەیەوە.
دەزانین کە کاری وا واتە ئێدیت کردن لە کوردستان نییە. ئەگەرچی لەو دواییانە دا
نووسینێکی بەڕێز دوکتور بەختیاری سەجادیم دیت کە ئاماژەیەکی ئاوات تێدایە بە مەسەلەی
ئێدیت کردن. بەداخەوە تا ئێستا بە کوردی بەرهەمێکی ئاوامان نییە لە سەر ئێدیت کردن
کە وەکوو بەردەستە کتێبێک بێ. ئەوە چۆن شی دەکەیەوە؟
شێخەلئیسلامی: ئەمە
جێی داخە بە ڕاستی چونکە یەکێک لەو کارانەی کتێبی ئێدیتکراو واتە کۆمەڵەیەک وتار لە
سەر بابەتێکی تایبەت کە لە لایەن نووسەرگەلی
جیاوازەوە نووسراوە بەڵام یەک یان دوو، ئێ ئێمە پێنج ئێدیتۆری بەسەرەوەیە کە ئەمانە کۆ بکاتەوە و ڕێکوپێکیان
بکا و ڕیڤیویان بکا و پێداچوونەوەیان بۆ بکا و دوایە بیانخاتە نێو کتێبێک ئەوە زۆر
گرینگە چونکە دەتوانێ زۆر بیر وڕا و ڕێبازی لێکۆڵینەوە و هەر وەها تیۆری جیاواز کە
لە لایەن لێکۆلەری جیاوازەوە کەلکیان لێ وەرگیراوە
لە کتێبێک دا کۆ بکاتەوە.
لە لای ئێمە هێندێک کۆمەڵە وتار هەن،
بۆ وێنە کۆمەڵە وتاری من خۆم بۆ وێنە، کۆمەڵە وتاری خۆم بۆتە کتێبێک یان بۆ وێنە کۆمەڵەیەک
وتاری ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەمانە نووسراون لە سەر مامۆستا هێمن، بۆ وێنە دوکتور
عوسمان دەشتی کۆی کردوونەوە و لە کتێبێک دا بڵاوی کردوونەوە. ئەمانە هەن بەڵام ئەمە
زۆر جیاوازە لەوەی کە لە دنیای ڕۆژئاوا دەکرێ. بۆچی جیاوازە هەر بۆ وەی کە عەرزم
کردی. پرۆپۆزڵ دەبێ بنێردرێ بۆ گۆڤارەکە، یان بۆ ئەو وەشانخانەیە، دوایە ئەو کەسانەی،
هەر کەسە لە بوارێک دا بۆ وێنە بواری فۆنۆلۆژی شارەزایە پرس بەو دەکرێ، داوای لێ دەکرێ
کە وتارێک بنووسێ، پاشان چوارچێوەیەکی پێ دەدرێ کە ئەو وتارە ئێمە چیمان گەرەکە نەک
ئەوەی بۆ خۆت هەرچییەکی حەز بکەی، تا ڕادەیەکی زۆر بۆ خۆت سەربەستی چ دەنووسێ بەڵام
دەمانەوێ ئاوا بنووستێ چونکە ئامانجی کتێبەکە ئەمەیە. پاشان کە هەموو هاتنەوە، پێداچوونەوەیان
بۆ کرا، ئامادە بوون ئیدیتۆرەکانی سەرەکی دێن پێشەکییەک دەنووسن و پێوەندییەکانی نێوان
ئەو وتارانە نیشان دەدەن بۆ وە کە نیشان بدەن کە ئامانج چ بوو لەو کتێبە، ئامانج چییە
و چۆن هەر وتارێک بەشێکە لەو ئامانجە و ئەو ئامانجە وەدی دێنێ. هێندێک لەو کتێبانە
ئەنجامیشیانهەیە کە ئێمە بەداخەوە نەمان بوو.
ئەگەر ڕێگام بدەی کاک حەسەن یەک دەقیقە
زوو هەر بگەڕێمەوە سەر ئەو بەشی ئالنگارییەکان پرسیارەکەی بەڕێزت لە سەر کامپیۆتێر
و زمان بەڕاستی وەبیری هێنامەوە. هێندێک بابەت سەتاسەت کەمن لەو کتێبە دا. یەکێک لەوانەی
دیکە دەتوانم عەرزت بکەم هەر ئەوەی کە جەنابت
کوتت ئێمە وردمان کردەوە بۆ خەزێنەی زمانی، بەڵام بەڕاستی ئەوەی کە ئەمڕۆ دەتوانم
بڵێم نزیکەی دە پازدە لاوی بەهێز و پڕ لە وزەی کورد کە لە فەڕانسە و ئەمریکا و ئەڵمان و ئینگلیستان و
کانادا و ئەمانە پەروەردە بوون ئێستا خەریکی ئەوەن کە پێی دەڵێن
natural language
processing پڕۆسەکردنی سروشتیانەی
زمان یا پڕۆسە کردنی بە کامپیوتێری زمانی سروشتی کە مەبەست ئەو زمانی کە من و جەنابت
قسەی پێ دەکەین و کار دەکەن لە سەر زمانی
کوردی. بۆ وێنە بەپەلە، یەکێک لە وتارەکانی ئەم ڕۆژانەی بەڕێز دوکتور سینا ئەحمەدی
تان پێ بڵێم دەگەڵ چەند کەس کردوویانە بۆ وێنە ئەوەی کە ئەمڕۆ ئێمە پێی دەڵێین
ستانداردی کوردیی ناوەندی کامێک لەو شێوەزارەکانی کە یارمەتی وەدیهێنانی ئەمەیان
داوە لێی نزیکترە؟ سلێمانی، شارەزوور، گەرمیان، سۆرانی هەولێر، سۆرانی موکریان، ئەردەڵان
دەی دەی دەی، ئەگەر بتوانی لە هەمووی ئەمانە
لە لایەنی ڕێزمانییەوە، لە لایەنی وشەوە، وا بزانم ئەوان بەس چاویان لە لایەنی
وشە کردووە، دەی دەی بەو خەزێنە زمانییە هێندێک ئیشی ئاماری هەیە دیارە دەبێ لەو
شتانە بزانی بەڵام دوایە نیشان دەدەی، ئەمە زانستە ئیتر بە ڕاستی بۆ موناقەشە نابێ.
مادام ئەوەی کە موشکیلەت هەبێ لەگەڵ داتاکەی، لەگەڵ پێدراوەکان ، دەنا لەگەڵ نەتیجەکە
دا زەحمەتە بتوانی موناقەشە بکەی ڕەتی بکەیەوە نیشان دەدا کە کام شێوەزار نزیکترە لە ستانداردی کوردیی ناوەندی،
کامیان چەندە دوورە، شێوەزارەکان مامیان زۆرتر لەیەکتر نزیکن. واتە زۆر کاری پێ دەکرێ.
بەداخەوە ئەمە لە گەڵتام، ئەمەیان کەمە.
شتێکی تر کە کەمە بەڕاستی زۆر حەزم
دەکرد تێیدا بێ وتارێکی تایبەت لە سەر زمان و جێندەر، زمان و جینسییەت کە بەداخەوە
ئەمە کەمە. دە فکری ئەوە دا بووین کە وتارێکی دوکتور ئەمیری حەسەنپوور لەوێدا
دووبارە چاپ بکەینەوە بەڵام نەمانتوانی ڕازی بوون وەربگرین دەیانەویست ئۆریجیناڵ بێ،
تازە بێ، نوێ بێ بڵاو نەبووبێتەوە بەداخەوە. یەکی تر بۆ وێنە دەتوانم عەرزتان بکەم.
قازی: ببوورە کاک جەعفەری
حوسێنپووریش کارێکی ئاوای کردووە لە سەر زمانی ژنان لە موکریان. وەنییە؟ مامۆستا هێدی.
شێخەلئیسلامی: بەڵێ، بەڵێ دەستە بوغچە، ئەو بە کوردییە، مەسەلەن ئەوە
ئەگەر بەڕێز کاک هێدی توانیبای بە ئینگلیزی بۆمان بنووسێ سەتاسەت شتێکی زۆر باش دەبوو.
بەڵام لێرە کە کوتت بە ئینگلیزی بۆمان بنووسی دەبێ چوارچێوەی تیۆری دیاری بکەی، دەبێ
مێتۆدۆلۆژیت هەبێ. دیسان ئەوەی عەرزم کردی ئینسانی زۆر لێزان و شارەزا هەن لە لای
خۆمان بەڵام ئایا دەتوانن لە دیسکۆرسی ئینگلیزی دا شتەکە ئامادە بکەن ئەمە چالنجێکی
دیکەیە. بۆ وێنە شتێک کە چۆن کاک حەسەن هەمیشە ئینسان بە دڵی خۆی نابێ ئەوەی کە دەیهەوێ
هەرچەند ٢٧ وتارن لە دەنگناسییەوە بگرە حەتتا زمان و مۆسیقا. بەڵام دیسانیش بۆ وێنە
من هەر بواری خۆم، چونکە بۆخۆت دەزانی من بواری دوکتوراکەم زمان و میدیا بوو، وتار و میدیا بوو. زۆر حەزم
دەکرد لە سەر زمان و میدیا، کە میدیاش ئێستا بە تایبەت میدیای سۆسیال چەندە کارتێکەری
هەیە لە سەر زمان و ئەوە، حەزم دەکرد خۆزگەم دەخواست وتارێکی ئاواش هەبێ کە بۆخۆشم
ئامادە بم بینووسم بەڵام بە ڕاستی مەیدان نەبوو.
قازی: زۆر باشە مامۆستا با ئێستا بگەینە سەر نەخشەی دابەشبوونی
زمانی کە دیارە بەڕێزت لەگەڵ مامۆستا ئێریک ئاننبی کە پطۆفێسۆرێکە بە تایبەتی لە
باری فۆنۆلۆژی پسپۆڕایەتی هەیە دەگەڵ بەڕێزیشت هاوکاری هەبووە لە گەڵ بەڕێز تەنانەت
هاوکاری هەبووە لە ئامادەکردنی بەردەستەکیطبی زمانناسیی فارسیش وابزانم، جەنابت ئەگەر
ئێستا هاوکارانم ئەو نەخشەیە نێسان بدەن
کارێکی زۆر تایبەتیتان کردووە بە ڕاستی یانی ئەوە دەکرێ یەکەمجار وەکوو شتێکی
زانستی کەلکی لێ وەربگیرێ، دیارە پێشتریش نەخشەی زمانی هەبووە بەڵام ئەو کارەی ئێوە کردووتانە کارێکی یەکجار
زۆر گەورەیە پێم خۆشە هێندێک زیاتر ئەوە شی بکەیەوە کە ئەو نەخشەیەتان چۆناوچۆن
ئامادە کرد، چەندی پێوە خەریک بوون؟

شێخەلئیسلامی: زۆری پێوە خەریک بووین بەڵام خەریک بوونەکە دەتوانم بڵێم
دەگەڕێتەوە بۆ کاری حەوت هەشت ساڵ بەڵام کاری وردە وردە. بۆ وێنە ئەو کاتی کە پڕۆفێسۆر
ئاننبی، ئەو بەرپرسی ئەتڵەسی زمانە ئێرانییەکانە. واتە نەخشە سازی دەکا بۆ ئەو
زمانانەی کە لە ئێران قسەی پێ دەکرێ. ئەوە پرۆژەی خۆیەتی و بوودجەی بۆی هەیە و یاریدەدەری
زۆرن و منیش تا ئێستا لە چەند بوارەوە یارمەتیم داوە، ئەو وەکوو پارێزگا دەڕوا وەکوو
ئەو نەخشە سازییەی کە لە ئێران هەیە. بۆ ئەوەی کە خۆی، بە هەر حاڵ دەیەوێ ئاوا کار
بکا، لەبەر زۆر هۆیان دەیهەوێ ئاوا کار بکا پارێزگا بە پارێزگا دەڕوا. بۆ وێنە کە
گەیشتە پارێزگای کوردستان داوای لێ کردم کە بۆ پێداچوونەوەی داتاکان و نەخشەکە بەشدار
بم یارمەتی بدەم لەوێ وتارێکیشمان بڵاو کردەوە لە یەکێک لەو کتێبانە دا کە کۆمەڵە
وتارێکن لە سەر زمانی کوردی. بۆ وێنە ئەمە ئەزموونێکی باش بوو واتە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی
کوردستان ئەزموونێکی باشمان هەبوو، زانیاریمان زۆر بوو، زانیارییەکە زۆر وردە، بەڵام
کەلکمان لە زۆر نەخشەی دیکەش وەرگرتووە بۆ وێنە نەخشەی بەڕێز کاک سولەیمان چووکەڵی
کە یەکێک لە یەکەم کەسەکان بووە. ئەوەی لە لە ئێران پێی دەڵێن ئازەربایجانی ڕۆژئاوا
نەخشەکەی ئامادە کردووە یانی نەخشەی کاک سولەیمان دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠١٠، ٢٠١١ ئەمە دەمێکە،
لەوانەیە بڵێم یەکەم نەخشە وردەکانە کە لە سەر ئەمە، لە سەر پێکهاتەی ئێتنیسیتە و
پێکهاتەی زمانی و پێکهاتەی دینی تەنانەت، بەتایبەت لەو ناوچە ئاڵۆزەی نەغەدە و ورمێ
و سەڵماس و قوتوور و ئەمانە، کە بەڕاستی زۆر ئاڵۆزە بەڵام دێ بە دێ ئەمە سەرژمێری
کردووە، چاوی لێکردووە کە کێی لێیە، کێی لێ دەژی، دینیان چییە، زمانیان چییە، شێوەزاریان
چییە. بۆ وێنە لەوە کەلکمان زۆر وەرگرتووە، نە تەنیا کەلکمان زۆر وەرگرتووە بەڕێز
چووکەڵی یەکێک لەوانە بوو کە ئەم نەخشەی بینیوە
و تێبینی خۆی پێداوین و یاتمەتی داوین، چەندین کەسی تر. چەندین کەسی تر وەکی عەرزم
کرد دوکتور ئەرگین ئوێپەنگین، حەوانەی کە بەشدارن لە ئێدیت کردنی بەرهەمەکە دا ئەمانە
هەموویان پێداچوونەوەیان بۆ کردووە قبووڵیان کردووە لە کۆتایی دا. واتە کارەکەی ئێمە
لە سەر ئەو ئەزموونەی من و پڕۆفێسۆر ئاننبی هەمان بووە بۆ ماوەی حەوت هەشت ساڵان لە
سەر نەخشەسازی و کار کردن لە سەر زمانەکانی ئێران و ئەمە، هەر وەها کەلک وەرگرتن لە
نەخشەی بەڕێز مێهردادی ئیزەدی کە زۆر بە نێوبانگە، کەلک وەرگرتن لە نەخشەی کاک سولەیمان چووکەڵی، کەلک وەرگرتن لە
چەندین نەخشەی دیکە.
یا بۆ وێنە نموونەیەکتان عەرز بکەم
چیم کردووە مامۆستا بۆ بەشی باشووری کوردستان چیم کرد، لە گووگل مەپس، ئەگەر ئەتۆ
حیسابێکی گووگلت هەبێ دەتوانی لەو هەموو ئیمکاناتەی، دەرەتانەی کە گووگل پێت دەدا:
My Documents
و نازانم Google Docs،
Google Drive و گووگل ئی مەیل و گووگل جی مەیل و هەموو ئەمانە و هەر وەها دەتوانی
My Maps واتە نەخشەکانی من دەتوانی ئەوە لێ
بدەی بچی ئەتۆ نەخشەی خۆت دروست بکەی کە نەخشەی خۆشت دروست دەکەی بڕێکیشی یاری پێ
بکەی دێتە دەستت کە چۆن ئەو کارە دەکەی. کە نەخشەی خۆت دروست دەکەی، ئەمن ئەوەم
کرد بوو بۆ وێنە بۆ باشووری کوردستان کە کوردی لە کوێ قسەی پێ دەکرێ و شێوەزارەکان
لە کوێ لێک دەگەڕێنەوە، بەڵام دوای ئەوەی کە ئەو نەخشەیەم دروست کرد بەشم کرد ئەوەی
کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن share
وا بزانم ئێستاش ئەوە زۆر باو بووە لە زمانی کوردی دا. شەیرم کرد، بەشم کرد لەگەڵ
چەندین شارەزای زۆر بەڕێز لە سلێمانی، لە ڕانیە، لە گەرمیان، لە زانکۆی کەرکووک، لە
زانکۆی کەلار، لە هەولێر، لە سۆران هەموو ئەمانە، ئەوانەی کە لە بواری کۆمەڵناسیی
زمان کار دەکەن و هێندێک لە سەر نەخشەسازی و ئەوەش کاریان کردووە، لە ناوچەی خۆشناوەتی
دوکتور هێمن، زۆریان سپاس دەکەم زۆر بەڕێزی دیکە کە بە ڕاستی منەتباریانم، سپاسیشمان
کردوون بەڵام بە هەر حاڵ ئاسان نییە ئەمە چونکە بەداخەوە بۆچی وەکوو زۆر کاری دیکەی
کوردی بەداخەوە حکوومەتەکان گوێیان لێ نییە. حکوومەتەکان لە سەرژمێری دا گوێ نادەنە
زمانی کوردی چییە و لە کوێ هەیە. گوێ بەوە نادەن کێ لە بواری نەتەوەییەوە، لە بواری
کەمینەییەوە، لە بواری کەمینەکراوییەوە کوردە و کورد نییە، لەبەر ئەوە کاتێک تۆ دەتهەوێ
ئەم ژمارانە بدەی یا سنووری خەڵکەکە بزانی لە کوێیە؛ دانیشتوان، یان سنووری شێوەزارەکان
لە کوێن، سنووری زمانی کوردی لە کوێن. بە ڕاستی کارێکی ئاسان نییە بەتایبەت ئەگەر
بتهەوێ بۆ شوێنێکی وەکوو ئاکسفۆردی بکەی کە چەندین جار بچێتەوە ژێر زەڕەبین و خەڵکی
تر پێیدا بچێتەوە و ئەو دەم دیسان بگەڕێنەوە لات بڵێن ئەوە بۆ ئاوایە، ئەمە چۆن بەمە
گەیشتووی. لەبەر ئەوە ئێمە زۆر زۆر وشیار بووین کە زێدەگۆیێ نەکەین. زێدە گۆیێ نەکەین
بۆ وێنە ئەگەر دەزانین زۆربەی خەڵکی دانیشتووی ئێران کە بە خۆیان دەڵێن لوڕ ئەگەر
بۆخۆیان ناڵێن کورد ئێمە بە زۆری تێمان ناویشتووە کە بڵێین نەخێر لۆڕ پێی خۆش بێ و پێی ناخۆش بێ کوردە، چونکە
نامانهەوێ دەنگمان وەکوو دەنگی ئاتاتورکەکان و ڕەزا خان بێ کە بڵێین کورد چ پێی خۆش
بێ و چ پێی ناخۆش بێ تورکە، نامامهەوێ ئەوە بکەین.
قازی: مامۆستا پرسیارێکی گشتی بەپێی ئەو لێکدانەوەی کردووتانە
ئاخێوەرانی شێوەزارە کوردییەکان یانی ئەوانەی بە کوردی قسە دەکەن بە گشتی چەندە لە
جوغڕافیای جیهان دا؟
شێخەلئیسلامی: واتە بە ژمارە،
بە ژمارەی ئاخێوەران؟
قازی: بەڵێ بە ڕادەی تەقریبی؟
شێخەلئیسلامی: تەقریبی، ئەوەش کاک حەسەن بۆ خۆی بە ڕاستی زۆر ئاڵۆزە.
بەڵام ئێمە چمان کردووە چەندین سەرچاوەی کە تا ئێستا هاتوونە دەرێ، سەرچاوەی ئاکادێمی
نەک ئەوەی کە یەکێک بە کەیفی خۆی لە سەر فەیس بووک حەز دەکا شتێک بڵاو بکاتەوە،
نا، ڕێزم هەیە ئەڵبەتە منیش بۆ خۆم ئەو کارە دەکەم بەڵام شتی ئاکادێمی، شتی جیدیتر
بۆ وێنە Minority Rights
Group estimates تەخمینەکانی ڕێکخراوەی مافی کەمینەکان، مافی گرووپە
کەمینەکان کە ڕێکخراوەیەکی نێونەتەوەییە و لە سەر ئینترنێتیش هەیە دەتوانی چاو لێ
بکەی لەوێ ئەو تەخمینێک لێ دەدا بۆ کوردەکان لە هەر چوار پارچە،یا لە دیاسپۆرا،
پاشان ئەنیستیتووی کورد لە پاریس ئەو شوێنانەی کە بە ڕاستی جێگای ئیعتیبارن یا بۆ
وێنە کتێبە مێژووییە کەی لە سەر مێژووی کوردی دەیڤید مەک داوڵ ئەوانە هەموومان بەراورد
کردووە، پاشان چیمان کردووە لانی کەمی نفووسی کورد لە ئێران بۆ وێنە هەشت میلیۆن و
هەشت سەد و پەنجا هەزار کەس بەڵام زۆرینەشمان لێ داوە بە پێی ئەوەی کە لە هەموانی
زیاتر نووسیوە دە میلیۆن و شەش سەد و بیست هەزار، واتە هەم کەمینەمان هەیە هەم زۆرینە.
کەمینەکە لانی کەمی کورد بە ڕای ئێمە ٣٥ میلیۆن ئاخێوەر هەیە چونکە کوردیش هەیە لەوانەیە
کوردی قسە نەکا.
قازی: ئی هەموو شێوەزارەکان بەیەکەوە؟
شێخەلئیسلامی: ئی هەموو شێوەزارەکان بەیەکەوە ٣٥ میلیۆن و سێ سەد و پەنجا
و نۆ هەزار کەس با بڵێین ٣٥ میلیۆن بەڵام زۆرینەشمان هەیە واتە دەکرێ بڵێی ٤١ میلیۆنیش ئاخێوەری کورد هەیە.
قازی: زۆر باشە دەزانم ئەمن بۆ ئەو پرسیارەم کرد چونکوو لەو
کتێبی بەردەستە کتێبی ئاکسفۆرد بۆ زمانناسیی فارسی لەوێ ئەوان دەڵێن ١١٠ میلیۆن
فارسی زمان هەیە دیارە سێ وڵات حیساب دەکەن ئێران و ئەفغانستان و تاجیکستان بەڵام
ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە بە پێی هەموو دانیشتوانی هەر کام لەو وڵاتانە ئەوە بڵێن بۆ
وێنە وای دانێین ئەگەر دانیشتووانی ئێران ٩٠ میلیۆن بێ هەمووی بە فارسی زمان دابنێن.
بۆیە ئەوەم پرسی.
شێخەلئیسلامی: بەڵێ وایان کردووە بە داخەوە.
قازی: باشە مامۆستا ئێستا با بێینە سەر لایەنێکی زۆر زۆر گرینگ
بە دیتنی من ئەوش ئەوەیە دە ناو ئەو نووسەرانە دا کە بابەتەکانیان نووسیوە، ئەو ٢٧
بابەتە هێندێک مامۆستا هەن کە لە پێوەندی لەگەڵ هەورامی یا گۆرانی، زازاکی یا دملکی
دا؛ دیارە ئێوە زازاکی تان بەکار هێناوە بۆچوونیان ڕەنگە هێندێک دەگەڵ بۆچوونی بەڕێزت
جیاواز بێ و بە تایبەتیش بەلەبەرچاوگرتنی ڕاستی جیاوازییە ڕێزمانییەکان لە ناو شێوەزارەکاندا،
بەڵام دیارە لەو کارە دا کە کردووتانە، لەو کارە هاوبەشە دا ئەوەیان قەبووڵ کردووە
کە وشەی کوردی بەکار بهێندرێ و بە دووی ئەو دا باسی شێوەزارێکی تایبەتی بکرێ بۆ وێنە
کوردیی کورمانجی، کوردیی هەورامی، کوردیی سۆرانی، کوردیی زازاکی و هتاد. بە بۆچوونی
من ئەوە دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە، دیارە لە باری زانستیشەوە ئەوان نەک ئاوانسێکیان
دابێ بەڵام واقعییەتیان بەو شێوەیە قەبووڵ کردووە. پێشم خۆشە ئەوە وەبیر جەنابت بێنمەوە
کە ئەمن زیاتر لە هەشت ساڵ لەمەوپێش لە کۆنفڕانسێکدا
کە بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد بوو دەقیقەن ئەو پێشنیارەم کرد کە ئێمە لە میدیا دا
واچاکە چەمکەکە ئاوا بە کار بێنین یانی بڵێین کوردیی سۆرانی، کوردیی کورمانجی،
کوردیی هەورامی، کوردیی دملکی. لەو بارەیەوە من پێم خۆشە پیرۆزباییت لێ بکەم بۆ ئەو دەسکەوتە و ئەوەشت لێ پرسم کە چۆن بوو ئەوان
قەناعەتیان هێنا بەڕێزێکی وەکوو لودویگ پاول بۆ نموونە؟

شێخەلئیسلامی: ئێمە
لە پێشەکی کتێبەکە دا وەکوو ئێوە کوتتان باسی زمانی کوردی دەکەین بەڵام دوایە دەڵێین
زمانی کوردی وەکوو هەموو مانێکی دیکە بۆ وێنە وەکوو ئینگلیزی شێوەزاری جیاوازی هەیە
شتێکی زۆر زۆر ئاساییە بۆ هەموو زمانێک لەم دنیایە دا شێوەزاری جیاوازت هەبێ.
ئێمە وا بزانم بۆ جاری یەکەم بێ ئەگەر
بە هەڵە نەچووبم کە ئێستا شێوەزاری کوردی، جاران زۆربەی ئەگەر چاو لێ بکەی ئێمە نەخشەیەکمان
هەیە دابەش دەکا بۆ وێنە مامۆستا زەبیحی چۆنی دابەش کردووە زمانی کوردی، مامۆستا حەسەنپوور
چۆنی کردووە، مامۆستا نەبەز چۆنی کردووە هەموو ئەمانەمان تێدا هەیە، مەکێنزی چۆنی
کردووە، مەکارس چۆنی کردووە. ئێمە وا بزانم شتێکی تازەیە ئێمە دەڵێین زمانی کوردی
پێنج شێوەزاری سەرەکی هەیە، چوار نا، پێنج. لەکی شمان زیاد کردووە، جیامان کردووەتەوە
ئەوەش لەوێ باس کراوە بۆچی لە بەشی باشووری.
کە وابوو کوردیی کورمانجی یان باکووری، کوردیی سۆرانی یان ناوەندی، کوردیی
کەلهوڕی یان باشووری و شێوەزارەکانی دیکە، لەکی، زازاکی یان دملکی یان کرمانجکی، دوایەش گۆرانی،
هەورامی.
قازی: ئەوە نابێتە شەش؟ مەبەستم ئەوەیە کە لەکی لە کوردیی
خواروو جوێ کراوەتەوە.
شێخەلئیسلامی: بەڵێ دەکاتە شەش، ڕاست دەکەی دەکاتە شەش. لەکی جیاوازە،
جاران هەتا ٥ چووبووین بۆیە ئێستاش لێم تێک چوو، جاران
قازی: ببوورە هاوکارێکم لە وەتاغی ڕێژی بۆخۆی هەورامی یە ئەویش
قسەی هەیە دەلێ بۆ پێناسەی ئەو کۆدە هەورامی بگوترێ باشترە لە گۆرانی.
شێخەلئیسلامی: ئەوەش ئەخر هینی خۆی هەیە چۆنت عەرز بکەم. زەحمەتە بڵێی
شەبەکی لقێکە لە هەورامی بەڵام زۆر ئاسان دەتوانی بڵێی شەبەکی لقێکە لە گۆرانی.
زمانناسەکان زۆر حەساسن بەو شتانە، لە خۆڕا
شت ناڵێن بەپێی تیۆری و تا ئێستا چی گوتراوە بەهەر حاڵ دەبێ ئەوانیش ناچارن
یاری بەو وشانە دەکەن، بەو نێوانە دەبێ بزانن پۆلێن بەندییەکە صۆن بکەن. چون بە ڕاستی
شەبەکی ناچێتە ژێر هەورامی مەگەر بە زۆر بیکەی، بەڵام دەچێتە ژێر گۆرانی. هەورامیش
هەر دەجێتە ژێر گۆرانی. گۆرانییەکە چەترە گەورەکەیە پاشان لە ژێر وی ئەوانیتر هەن
بۆیە مەبەست ئەمەیە. دەنا لێی تێدەگەم لە قسەی دۆستەکەمان چونکێ یەکێک لە باسەکانمان
ئەوەیە کە کەس ئەمڕۆ بە گۆرانی قسە ناکا، بۆ وێنە ئەگەر تۆ بچییە ڕۆژهەڵات هەموو بە
هەورامی قسە دەکەن. قازی: تەنانەت
قسەیەکی ئاواش هەیە کە یەکێک لەو بەشدارانی کە لە کتێبە کە دا نووسینی هەیە بەڕێز
دوکتور بەهرووزی چەمەن ئارا بۆچوون و نووسینی هەیە لە سەر ئەو مەسەلەیە کە دەڵێ کە
گۆرانی دەراستیدا شێوازێکی شێعر گوتنە هەتاوەکوو ئەوەی کە زمانێک بێ. هەرچۆنێک بێ ڕەنگە
ئێستا ئەوەمان بۆ جێ بەجێ نەبێ فەرموو ئێستا بەردەوام بە.
شێخەلئیسلامی: بەڵێ، ئەوە کێشەی زۆرە بەڵام ئێمە وەکوو ئێدیتۆر لە سەر
ئەوە ساغ بووینەوە کە هەر چەند جیاوازیی ڕێزمانی زمانناسانە هەبێ لە نێوان ئەو شێوەزارانە
دا، مادام زۆربەی ئاخێوەرانی ئەو شێوەزارانە خۆیان بە کورد دەزانن حەق وایە ئێمە بە
ئەمانە بە هەموویان بڵێین کوردی، چونکە زمان تەنیا وەکوو بابەتێکی بۆ وێنە بیۆلۆژی
نییە تۆ بە تەنیا بڵێی ئەوە ئەو بەشەت لێوە
دەکەم و جیا لەوەی کە ئەو کەسە کێیە کە بۆ وێنە ئەو بەشەی لەشی هاتووە من دەچم لە
تاقیگە چاوی لێ دەکەم کارم بەوەی نییە سپییە، ڕەشە، کوردە، تورکە. لەگەڵ زمان
ناتوانی شتێکی وا بکەی. زمان شتێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە. ئەتۆ ناچاری بزانی کێیە
قسەی پێ دەکا، ئی کێیە، چۆن دروست بووە. مێژووەکەی چۆنە، چۆن تێکەڵاوی سیاسەتە، تێکەڵاوی
پەروەردەیە، تێکەڵاوی شێعرە، تێکەڵاوی خەم و مێژووی ئەو خەڵکەیە. کە وابوو نەتتوانی
خەڵک جیا بکەیەوە حەق وایە کە پۆلێن بەندیش دەکەی خەڵکەکە جیا نەکەیەوە. بزانی خەڵکەکە
دەڵێ چی ئەو خەڵکانە خۆیان بە کورد دەزانن
من پێم وایە بە هەموان گوتن کوردی قازانجێکی گەورەی دیکەشی هەیە، ئێستا بۆ وێنە
چاو لە باشووری کوردستان بکە، چاو لە دەستووری عێڕاق بکە نێوی شێوەزار ناهێنێ دەڵێ
زمانی کوردی زمانێکی ڕەسمی یە. جا ئیتر ئەتۆ دە نێو خۆتدا چەندە زیرەکی، چەندە دڵسۆزی
بۆ شێوەزارەکانی خۆت و چۆنیان پێوە دەسازێی ئەوە باشترە لەوەی کە ناوەند بڵێ ئێوە
شەش شێوەزارن کامتان مافتان دەوێ. من مافی شەش زمانی کوردی بدەم چۆن شتی وا بتوانم
بکەم. بە ڕای من ئەوانە ئاوا جیا کردنەوە بیانوودانە بە دەست ئەویتر. کوردی کە لەگەڵ
ئەویتر قسەت کرد هەر باسی زمانی کوردی بکەی، لە نووسینیش دا باسی زمانی کوردی بکەی
بەڵام دوایی کە هاتییەوە ناوخۆمان ئۆکەی
ناوچەی بۆ وێنە هەورامانی تەخت بە چ بخوێنن. ئەو دەم دەگەڵ خەڵکی هەورامان دادەنیشی
و قسە دەکەی و چۆنیان پێ خۆشە وا دەخوێنن. ئەو دەم پڕۆگرامیان بۆ دادەنێی و پڕۆگرامی
فێرگە دادەندرێ کە بۆ وێنە هەم بە هەورامی دەخوێندرێ، هەم بە حەزیان کرد لە بەر ئەوەی کە مەریوان و سنە و ئەوەش نزیکە
هەم بە کوردیی ناوەندی دەخوێندرێ هەم بە فارسی بخوێندرێ. ئەوە خەڵکەکە بۆ خۆی دەبێ
بزانێ، بەڵام ئەمە زۆر گرینگە کە بەڕاستی پێیان بگوترێ کوردی.
یەک شتی تریش مامۆستا، لەوانەیە لە
کتێبەکە دا وتاری جیاوازی تێدا بێ کە نووسەرەکە تەواو دەگەڵ ئەو ڕایەی ئێدیتۆرەکان
نەبێ، لێرە دا ئەوان سەربەست بوون بە ڕاستی ئێمە ڕای خۆمان دانەسەپاندووە.
قازی: زۆر باشە مامۆستا دیارە
ئێمە کاتمان زۆر کەم ماوە، بەڵام پێم خۆشە لە کۆتاییشدا ئەوە بفەرمووی چ جۆرە هەوڵدانێک
پێویستە بۆ ئەوەی کە بەردەستە کتێبێکی ئاوا لە زمانی کوردیش دا جا بە هەر شێوەزارێک
دەبێ با ببێ ئامادە بکرێ و دووەمیش ئەوەی کە ئەو کتێبە کەنگێ لە چاپ دەردەکەوێ؟
شێخەلئیسلامی: ئەو کتێبە ئێستا لە ژێر چاپ دایە لە لایەن وەشانخانەی
ئاکسفۆردەوە، لایەنێکی زۆر باشی ئەمە لە چاو کتێبەکانی بەردەستە کتێبی زمانناسیی عەڕەبی
و بەردەستە کتێبی زمانناسیی فارسی ئەمەیە جیاوازییەکەی کە ئێمە یارمەتیمان لە نزیکەی
دوازدە زانکۆی ناوخۆ و دەرەوە کۆ کردەوە بۆ ئەوەی کە بتوانین ئەوەی کە پێی دەڵێن open access واتە دەست پێڕاگەیشتنی خۆڕایی کاتێک
بە پی دی ئێف هاتە دەرێ هەموو کەس بتوانێ بە خۆڕایی بێ بەرانبەر داونلۆدی بکا، دایبەزێنێ
و کەلکی لێ وەربگرێ.
ئاواتی خۆم ئەوەیە
کە ئەم بەردەستە کتێبە هەرچی زووتر بکرێت بە کوردی بەڵام ئەمە بە ڕاستیدەستەیەکی بە
هێزی دەوێ، من بۆخۆم حەز دەکەم بە سەری ڕابگەم، سەرپەرشتی بکەم بەڵام لەوە دەگەڕێم
کە پشتیوانی ئەوەی کە ئێستا لە باشووری کوردستان پێی دەڵێن سپۆنسر، پشتیوانی ماڵی
پەیدا بکەم چونکە نامهەوێ کەس بە خۆڕایی تەرجومەم
بۆ بکا. دەنا دەزانم خۆ بەختکەر هەن، خۆ بەش هەن بەڵام حەز دەکەم بودجەیەکی ئەوتۆ
پەیدا بێ لە زانکۆیەک، یان چەند زانکۆ وەکوو ئەویتر لەوانەیە بیکەینە چەند زانکۆ،
بنکە و زانکۆ کۆ بکەینەوە بۆ ئەوەی کە وەرگێڕی لێهاتوو، مەبەستم چییە وەرگێڕی لێهاتوو،
مەبەستم ئەوەیە کەسێک بەشی فۆنۆلۆژی، دەنگناسی وەربگێڕێ کە هەم ئینگلیزییەکەی باش
بێ، هەم کوردییەکەی باش بێ، هەم لە دەنگناسی وەکوو زمانەوان بزانێ. ئەو دەم دەتوانین
یارمەتی وەربگرین لە یەکتر، ئەو کە تەواوی کرد ئاواتی من ئەمەیە کە یەکی تر کە وەکوو
ئەو شارەزایە ئەویش پێی دا بێتەوە، جا دوایی یەکێکی تر وەکوو ئێدیتۆر بۆ خۆم یان کەسێکی
تر پێیدا بێتەوە و بە زووترین کات هەمان بەردەستە کتێب بکەین بە کوردی چونکە شتی
وا، ئەوە ناڵێم جونکە بۆخۆمان پێنج ساڵ، شەش ساڵە کاری لەسەر دەکەین، شتی وا لە هیچ
بەشێکی کوردستان تا ئێستا بەرهەم نەهاتووە پێویستە.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم
مامۆستا شێخەلئسلامی لەم بەرنامەیە دا داوای سەکەوتنت بۆ دەکەم. زۆر سپاس بۆ
ئەو کاتە و بۆ ئەو زانیارییە بەنرخانە سەبارەت بە بەردەستە کتێبی ئاکسفۆرد بۆ
زمانناسیی کوردی. کاتێکی خۆش.
شێخەلئیسلامی: زۆر سپاس بۆ میوانداریتان مامۆستا حەسەن، سەرچاوان
قازی: زۆر سپاس. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی
بەرنامەی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبێنی: ئەم بەرنامەیە لە ئێوارە دووشەمە ١٤-ی ئاوریلی ٢٠٢٥ بە شێوەیەکی
ڕاستەوخۆ بە ڕێگای تۆڕی سکایپ لە ستێرک تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ بەو لینکەی
خوارەوە دا ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە کاناڵی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیووب دا
تەماشا بکەن.
https://youtu.be/9nOhRP_NvBg?si=NAUTKxEvi-sPYbbW