Thursday, June 12, 2014

دوو پەخشانی سەد ساڵ لەمەوبەری مستەفا قازی

 دوو پەخشانی سەد ساڵ لەمەوبەری مستەفا قازی
ئەو دوو پەخشانەی مستەفا قازی ( دوکتور مستەفا قازی زادە – شەوقی) لە گۆواری " هەتاوی کورد" دا بڵاو کراونەتەوە و لە ڕوانگەی زمانناسیی مێژووییەوە هەتابڵێی گرینگن و دەکرێ بە پێوانەیەک دابندرێن بۆ هەڵسەنگاندنی ئاڵوگۆڕی پەخشانی شێوەزاری کوردیی موکری لە سەت ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا. سپاس بۆ بەڕێز تاهیر بای کوشاک بۆ سکان کردن و ناردنی
 ئەو لاپەڕانەی " هەتاوی کورد" کە ئەو نووسینانەی مستەفا قازییان تێدایە.شآیانی باسە بابەتەکان بە ڕێنووسی ئێستا نووسراونەتەوە!
حەسەن قازی
١٢ی ژوەنی ٢٠١٤

گۆواری " هەتاوی کورد"  عەدەد ٣ ،  ٢٩ کانون اول سنە ١٣٢٩ /  ١١ی ژانوییەی ١٩١٤
مەکتەب چییە
لە ڕۆزنامەی ئیقدام دا لە بەحسی تەڕەقی میللەتی ئەرمەنی دا چەند سەترێک نووسرا بوو؛ مولاحەزە و خوێندنەوەی ئەو سەترانە واقیعەن لە بۆ ئێمە بە دەرەجەئێکە کە دڵمان غەرقی خوێن دەکا. لە مەجمووعی ویلایەتێکی کە ئەرمەن تێیدا مەسکوونن و نفووسیشیان لە مەجمووعی ئێران و عوسمانی و ڕووس ئەگەر بگاتە میلیۆنێکی زۆرە، باز بە واسیتەی حەمییەتی خۆیان و بە ئیعانەی ئەهالی هەوتسەد مەکتەبیان پەیدا کردووە و دەنێو ئەو مەکتەبانە دا هەشتا[و] دووهەزار تەلەبەی ئەرمەنی مەوجوودە.
ئەوە حاڵی ئەرمەنییان ئێمەش کە ئەوڕۆکە کوردین و هەشت هێندەی ئەرمەنییان نفووسمان زیادە دەگەڵ تەئەسوفی هەشتا هەزار ساڵەی ئەوانمان تەلەبە نییە... بۆچی چونکە بێ کەسین، مەلاکان و کوڕەکانمان لە بەر تەمەعی شەخسی خۆیان کەسبی مەعاریف یان پێ حەرامە :
دو طائر متناسب جناح در عالم
یکی بە اوج شهان جا یکی بە نیران داد
ئەی ڕەئیس و ئاغای کوردان مەڕحەمەت فەرموون  گوێو لێ بێ؛ ئەگەر ڕەعییەتی ئێوە جاهیل نەبێ  چ لازمە کە لە بەیانییەوە تا شەوێ لە بەر جووتی رابکەن یانێوەکارێکە و یا سێیەک بەرێکە  و ، دە شتێکدا ئەگە مەنفەعەتی خۆیەتی تەمبەڵی نەکا. ئەڵبەتە دەزانن کە تەمبەڵی ئەو جووتیارە لە بەر نەزانینی مەنفەعەتی خۆیەتی، ئەگەر لە منداڵییەوە کەسێک مەنفەعەت و فائیدەی ئەو کاسبی یەی پێ بڵێ ئەو جووتێرە دەزانێ کە جووتی خۆی بۆ قازانجی خۆی دەکا و دەزانێ کە بۆ ئاغائییە.
ئەگەر وابوو دەگەڵ شێوەردی خۆی محەبەتێکی دەبێ پوخت دەیکێڵێ. دەو سووڕەتەی دا منداڵی جووتیاری لازمە کە کەمێک بخوێنن، و ئەگەر بێتوو بە زبانی خۆی مەکتەبی ببێ و قوتابخانەی ببێ. لە جێی وەی کە ساڵەکی بخوێنێ و هیچ فێر نەبێ  بە شەش مانگان دە زمانی خۆی دا دەبێتە میرزایەکی تەواو.
لە نێوی نامی مەکتەب کە کوتم سڵ مەبن چونکە مەکتەب دەگەڵ قوتابخانەیێکی کە لە زەمانی قەدیمەوە هەیە تەفاوەتی نییە.
ئەمن دەڵێم مەسەلەن لە شاری سابڵاغێ دوو سەد کوڕی دەوڵەمەندان هەیە کە دەگەڵ ئەوەش سێ ساڵان  لە قوتابخانەی ، کوڕی دەروێشێکی دەخوێنن و فارسی فێر نابێ ئایا ئەنگۆ  ئەی دەوڵەمەندینە پێو خراپە هەر لە قوتابخانەی کوڕە دەروێشێکی دا ساڵانە فارسی و کوردی و ترکی ، حیساب و تەجاڕەت و زەڕاعەت و علوومی دینی و جوغرافیا و تاریخی فێر بێ؟ ئەڵبەتە ئەگەر بڕێک محەبەتی خۆشبەختی کوڕی خۆتان هەبێ لە بۆ ئەو کارەی مەمنوون دەبن. ئەگەر ذەڵێن چۆن دەبێ کە منداڵی ئێمە بۆ سێ ساڵان ئەو هەمووەی فێر ببێ؟ ئەمن دەڵێم لەبۆ حەمییەتی ئێوە هیچ زەحمەت نییە چونکە ئەگەر ئەنگۆ ئەو دوو سەد کەسە هەریەکی ساڵێ دە تومانی بدا ساڵێ دەبێتە دوو هەزار تومان. بەو دوو هەزار تومانەی بە زەریفی مومکین دەبێ  کە خانووێکی خۆش دروست بکرێ و موعەلیمی چاکیش بۆ منداڵی ئێوە پەیدا ببێ .
کوڕی ئێوە لە قوتابخانەیێکی کە پڕە لە بێ تەربییەئی و هەموو خراپییە ساڵێ لە دە تومانی زیادتر پووڵ بۆ مامۆستای دەبا و لێی دەدرێ و عەقڵی مەعیشەت فێر نابێ.
ئەگەر بێتوو ئەنگۆ وەکوو کوتم مەجلیسێکی دە نێو خۆتان دابنێن و ئەو پووڵەی گردبکەنەوە هەم منداڵی خۆتان دەبێتە پیاو و هەم دەبێتە سەدەقە، چونکە چەند منداڵی فەقیرانیش بە خۆڕایی دەو مەکتەبەی یەعنی دەو قوتابخانەی دا دەخوێنن و بۆخۆی دە گەورە بوونی دا عەقڵی کاسبێکیش پەیدا دەکا.
شتێکی دیکەشوو عەرز دەکەم : سبەینێ ئەنجومەنە و لە هەموو شارێکی چەند کەس دەبێ بۆ مەجلیسی ئینتیخاب بکرێ. ئایا ئەنگۆ ئەگەر بێن و تەماشا بکەن کە ئەنجومەن بۆ مەنفەعەتی میلەتییە و بۆ ئەوەی کە بێگانان زوڵممان لێ نەکەن لێو مەعلووم نابێ کە بۆ ئەو مەجلیسە کەسێک دەبێ کە ئاگای لە ئەحواڵی ئەجنەبییان ببێ تا کوو بە گوێرەی وا لە میلەتی خۆی لە وەتەنی خۆت سەعی بکا .
ئینشاڵا بۆ تەربییەی منداڵی خۆتان هیمەتێک دەکەن و دەیانکەنە پیاو کە " همت الرجال تقلع الجبال "

قازی زادە 
 مستەفا شەوقی
//////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////////

گۆواری " هەتاوی کورد"  عەدەد ٤ ، ١٩ی مارت ١٣٣٠ /  ١ی ئاوریل ١٩١٤
تەڕەقی دین مان دەوێ ....
چەندێک لەوەی پێش بە واسیتەی ڕۆزنامەی ( هەتاوی کورد) لە خسووس فائیدە و مەنفەعەتی مەکتەب چەند سەترێکم عەرز کرد بوون. ئاغایانی موحتەڕەم، عەرزی ئێمەیان قەبووڵ فەرموو، وا دیارە کە ئەلحەمدولیلا حەمییەتی کوردان هاتۆتە جۆش. مەخسوس شوکر دەکەین ... ئێمە، کە موسوڵمانین، ئیعانە کردنی یەکترمان لە سەر لازمە  و حەتتا پێغەمبەر سەلەلاهو عەلەیهی وەسەلەم فەر موویەتی: من نفس علی اخیە کربە من کرب الدنیا نفس اللە عنە کربە من کرب یوم القیامە واللە فی عون العبد مادام العبدو فی عون اخیە:  یەعنی کەسێک کە لە سەر برای خۆی ( مەتڵەب لە برای موسوڵمانە چونکە هەموو موسوڵمانان پێکەوە بران: انما الموءمنون اخوە)غەمی دنیایە  دەفع کا؛ خودا غەمێکی قیامەتی لە سەر هەڵدەگرێ، و خودا ئیعانەی عەبدی دەکا مادام کە ئەو ئیعانەی برای موسوڵمانی خۆی بکا.ئەوە تەنگاوی جیهانی یە کە وەلابردنی هێندە خێرە، بە بێ شک لابردنی تەنگاوی مەعنەوی ئەجری زیاترە...
ئەوێستا  تەنگاوی لەوەی زیادتر نابێ کە بەدبەختی بگاتە ئەندازێکی زیادتر لەوەی کە ئێمەی بە موسیبەتی فەقیری و ئیحتیاجییێ موبتەلا کردووە، نیزیکە عەقیدەی موسوڵمانێتیشمان لابەرێ. مولاحەزە فەرموون چەند ساڵ پێشتر لە شاری سابڵاغ و ئەتڕافی وی بە چ جۆرێک  عێلم و فەزل دە تەڕەقی دا بی [! بوو] و چەند مەلای وەکوو مەلا عەلی تورجانی، مەلای پێنجوێنی، مەلای پیرە باب، مەلا وەسیم بە وجوودی خۆیان عالەمیان موزەیەن فەرموو بوو؛ و چەند کەس  لە ئەهلی تەریقەت و لە پیرانی دڵ ڕووناک بە ئیڕشادی خۆیان ڕەونەقیان بە دینی ئیسلامێ دابوو. دەگەڵ تەئەسوف حاڵی حازر لە هەزار فەقێ یا مەلایەکی وا ... و لە هەزار موریدان پیرێکی وا نابێ ... بۆچی ؟ بە بێ شک دەفەرموون : " چونکە وەقت هەتا دێ خراپ تر دەبێ .. بڵا ئایا ئێمە لە موقابیل وەی دا نابێ حەڕەکەتێکی بکەین؟ و دەبێ هەر وا مەئیووس و نا ئومێد بین؟ و ئایا بە خراپی ئەو دەمی تەکلیفی شەرعیمان لە سەر وەلا دەچێ؟ ...
مەعلوومە موسوڵمانان لە سەریان لازمە کە لە ئەوەڵەوە دە نوێژ و ڕۆژووی خۆیان دا هێندەی کە پێغەمبەر سەلەلاهی عەلەیهی وەسەلەم ئەمری پێ فەرمووە بزانن... و ئەگەر هیچ نەبێ دەبێ ئەقەلەن لە روبعی تەهارەتان و نوێژان  بە بێ جودائی نەسیبێکیان ببێ هەتا فەرزیان بە تەواوی پێ بەجێ بێ. بۆچی چونکە ڕەعییەتیش وەکوو ئاغایان و جاهیلیش وەکوو مەلایان دە فەرمایشی خودا و پێغەمبەران دا شەریکن...
ڕەجاو لێ دەکەم  چلۆن کرمانجانی لادێ کە لە هەزاران دوویان بە تەواوی فاتیحا و نوێژێ نازانن دوروستە پێیان بڵێی موسوڵمان؟ عولەمای ئێمە ئەگەر ئەمر بە مەعڕووفیان لە کن واجیبە، بۆچی بە بێ وەی کە ئاغایەک ساڵێ سەد تەغار گەنمیان نەدەنێ، ناچێ فاتیحا و نوێژیان پێ بڵێن. دیارە کە ئەوان کەمتر فکری پاشە ڕۆژیان هەیە. کرمانجی فەقیر زوو مردوویان – بە ئیستیلاحی خۆیان بە بێ چەقۆ دەمرن و تەلقینیان دانادرێ...

ئەوە حاڵی حازر. ئەڵبەتە چەند ساڵ لەوەی دواوە ئەحوالێ دێهاتی و شارستانیان وەکوو  عەرزم کردن خراب تر دەبێ. و لە دێهاتی هەر وەکوو عیلمی ئیسلامەتی دەفەوتێ و لە شارستانیش کەم دەمێنێتەوە... وە کەم کەم وەکوو موسوڵمانانی (چین) فاتیحا ڕەوانی مەلایە...
ئێمە هیچ ناڵێین کە عیلمی دنیایە بخوێنن دەگەڵ ئەوەش وا مەکەن کە عیلمی دینیشمان لە دەست بڕوا... ئەرمن ئێستا ئینجیلیان بە  کوردی تەرجەمە کردووە... تۆ خودا ئەی ئەهلی ئینساف دیقەت فەرموون  کوردێک کە نەزانێ  موحەمەد سەلی ئەڵاهعەلەیهی وە سەلەم کێ بووە و لە کوێ وەفاتی فەرمووە... شەریعەت چییە ... چلۆن دەتوانێ دینی خۆی ڕاگرێ و لە موقابیل واعیزی فەڕەنگیان، کە بە زبانی لووسیان شەیتان هەڵ دەفریوێ، هەڵ نەخەلەتێن؟ (!). ئایا ئەگەر زەمانە وا دەوام بکا ئێمە چیمان لە خەڵکی ئێسپانیای زیادترە؟ کە بە دووسێ پشتان  دەگەنە  موسوڵمانان بۆ خۆشیان کافرن...
لە یەکی بپرسە : نێوت چییە؟ دەڵێ نیقۆڵا... نێوی باپیرت ؟ پێترۆس...
نێوی بابی باپیرت چییە؟ دەڵێ ژۆرژ... نێوی باپیری باپیرت چییە ؟ دەڵێ موحەمەد ...
دەگەڵ ئەوەی کە سێ پشتی پێشوویان موسوڵمان بووە ئەوێستا کافرن... عیلاجی ئەو دەردەی دوو کەلیمەیە و بەس:
کتێبی شەرعی بە کوردی تەرجەمە بکرێ
ئیبنی حەجەرێکی فەقێی فەقیر پاش بیست ساڵ خوێندن نایزانێ... چ عەیبێکی هەیە بە کوردی تەرجەمە بکرێ وە بە دوو ساڵان ئەو فەقێ فەقیرە فێری بێ. مەقسەدی ئێمە  ئەوەندەیە...
 و نیشانەی تەڕەقی محەبەتە کە ئاغای محەمەد حوسێن خان سەرداری موکری کە خانەدانێکی نەجیبە  و حاکمی سابڵاغێ یە بە سیفاتی حەمیدەی خۆی مەشغووڵە  کە ئەو مەعرووزاتەی ئێمە و مەفهووماتی ڕۆزنامەی موحتەرەمی  ( هەتاوی کورد) لە قوە ببتە فێعل و خودا دەوام بدا ...
وە خسووس کە جەنابی مەولانا حاجی مەلا محەمەد سادق  عەزمی فەرمووە کە لە شەرەفکەندی مەدرەسەیەکی بە زبانی کوردی بینا بنێ...
ئێمە دڵمان دەجۆشێ و پڕە لە خوێن... مولاحەزە فەرموون ئەگەر قسەکەمان خراپە و یا زەرەرێکی بۆ دینی موبین تێدا هەیە دە گوێی مەگرن. وە ئەگەر خۆ چاکە و  باعیسی تەڕەقی دینی ئیسلامە ( لا تنتظر الی من قال و انظر الی ماقل، قسەکەی دە گوێ بگر ن و ئێمە موناسبین.
مرد باید کە گیرد اندر گوش/ ورنوشت است پند بر دیوار . والسلام علی من اتبع الهدی.

سابڵاغ، قازیی زادە مستەفا شەوقی

له‌ پشتی ئه‌م وێنه‌یه‌ نووسراوه‌: یک‌شنبه‌ 8 ماه شوال 1342 اسلامبول، دو نفر همشهری صمیمی. اولی دکتر مصطفی شوقی قاضی‌زاده‌ دیگری حبیب‌الله‌ مکری محض یادگار قلمی گردید
بە سپاسەوە ئەم وێنەیە لە فەیس بووکی عەبدوڵا سەمەدی وەرگیراوە