Thursday, December 28, 2023

Friday, December 15, 2023

Thursday, December 14, 2023

وتوێژی کریستیان ئەمانپوور لەگەڵ کاربەدەستی دەست لەکار کێشاوەی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا چاش پۆل لەبەر ناڕەزایەتی لەسیاسەتی ئەمڕیکا لە ئاست ئیسراییل و غەزە.

وتوێژی کریستیان ئەمانپوور لەگەڵ کاربەدەستی دەست لەکار کێشاوەی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا جاش پۆل لەبەر ناڕەزایەتی لەسیاسەتی ئەمڕیکا لە ئاست ئیسراییل و غەزە.
تێلێڤیزیۆنی سی ئێن ئێن،  ٥-ی دیسامبری ٢٠٢٣


کریستیان ئەمانپوور: دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چ نفووزێکی هەیە لە کاتێکدا ئیسراییل حەول دەدا تۆڵەی کوشتوبڕی ١٢٠٠ ئینسان بکاتەوە لە ٧-ی ئۆکتۆبر، و لابردنی حەماس لە دەسەڵات لە غەزە. یەکەم میوانی ئەمشەومان جاش پۆل دەستی لە کار کێشایەوە لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە ڕاست دوای ٧-ی ئۆکتۆبر بە ئیعتراز بەوەی کە ئەو ناوی نا دانی چەک  لە لایەن ئەمریکاوە بە ئیسراییل بە بێ ئەوەی کۆنتڕۆڵێکی بەسەرەوە بێ. لە نامەی دەست لە کارکێشانەوەی دا ئەو دەڵێ وڵامدانەوەی ئیسراییل و پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسراییل " تەنێ دەگاتە ڕەنجی قووڵتر بۆ هەر دووک لای گەلانی ئیسراییل و فەلەستین و بە قازانجی درێژخایەنی ئەمریکا نییە". جاش پۆل ئێستا لیرە لەگەڵمانە. بەخێر بێی بۆ ئەم بەرنامەیە.
جاش پۆل: زۆر سپاستان دەکەم بۆ بانگهێشتنی من بۆ ئەم بەرنامەیە.
کریستیان ئەمانپوور: ئەمن واقم وڕما بەوەی وەزیری کاروباری بەرگری ئەمریکا گوتی، ئەوە لێکدانەوەیەکی زۆر زەقی عەسکەرییە کە کووژرانی ئەو ژمارە کووژراوە مەدەنییە نەک ئەوەی دەگاتە ئەو تڕاژێدییەی کە ئێستا دنیا شاهیدێتی بەڵکوو لە ڕووی ستڕاتێژییەوە وشەی " شکان" ی بەکار هێنا. تکایە پێم بڵێ ئەتۆ قسەکانی چۆن لێک دەدەیەوە؟
جاش پۆل: ئەمن پێم وایە ئەو ڕاست دەکا. ئەمن پێم وایە ئەوەی دەیبینین گرژییەکە لە نێوان ئێمەمانانی کە لە بواری عەسکەری و سیاسی دا کارمان کردووە لە سەر ئەرز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دەزگای بەرگری دا  لە خزمەتەعەسکەرییەکان دا کە لەوە تێ دەگەن کە ئەوە هەڵناسووڕێ و ناگاتە ئەو ئاکامەی کە ئیسراییل دەیەوێ. تەنیا ڕەنج و مەینەتی هەم ئیسراییل و هەم گەلی فەلەستین بۆ وەچەیەکی دیکەش درێژ دەکاتەوە. ئەوە دژی ڕوانگەیەکی سیاسی یە کە لە ئاستی سیاسی دا لە ئەمریکا، لە ئیسراییل و لە بریتانیا لێی دەڕواندرێ، پێیان وایە ئەوە کار دەکا و هەڵدەسووڕێ، ئەوە کار ناکا و ئەو ڕەنج و مەینەتەی لە سەر ئەرزی واقع دیتوومانە و دەیبینین لە ڕاستییدا ئەوە دەنوێنێ. ئەمن بە پێی ئەزموونی خۆم قەتم هەڵپسانێکی ئاوا نەدیوە لە نێوان نرخ و بەهاکانمان و کردەوەکانمان دا، و لە نێوان ڕوانگەی ڕێبەرایەتی سیاسیمان و واقعییەتەکان لە سەر ئەرزی واقع دا.
کریستیان ئەمانپوور: دەتوانم لێت پرسم ئەتۆ لە کوێ و چۆن ئەو هێڵە دەکێشی کە گۆڕانێک ساز کا، ئەوە یەکەم جار نییە کە ئیسراییل شەڕی حەماس دەکا لە غەزە. و ئەوە یەکەم جاریش نییە کە ناڕەزایەتییەکی ئاوا بەربڵاو لە دنیا دا ڕوو دەدا. چی وات لێ دەکا کە بڵێی ئەو جار ئەوەندە جیاوازە کە ئەتۆی وا لێ کردووە کە دەست لە کار بکێشییەوە؟
جاش پۆل: چەند هۆکار لە گۆڕێ دا بوون. یەکەم زەمینە و درێژەی ئەو کێشەیەیە. ئێستا ئەوە دوومانگ لەم کێشەیە ڕادەبرێ و ئێمە شاهید بووین کە سێ ئەوەندە منداڵ مردوون، ٦٠٠٠ منداڵ لە غەزە،لە بەراوەرد لەگەڵ شەڕی دوو ساڵ بە دژی ئوکڕاین. ئێمە شاهیدی کووژرانی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژنامەنووس بووین، زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری یارمەتیدەری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی پرۆفێسیۆنێلی دەرمانی. دەزانی ئەوە چەند گرانە کە مرۆڤ لە غەزە دوکتورێک بێ؟
کریستیان ئەمانپوور: ئێمە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەوان هەڤپەیڤینمان کردووە سەبارەت بە وەزعی وێ.
جان پۆڵ: داوێنی خەسار و گیان لە دەست دان زۆر دڵتەزێنە و هەڵبەت دەوری من لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دەسەلمێنی ئەو هەموو چەکەی ڕاگوێزراوە و ئێستا دەگاتە ئیسراییل و رێی ئەو کوشتارانە خۆش دەکا.
کریستیان ئەمانپوور: ئەوە سیاسەتی ئەمریکایە. ئەوە ڕاگوێستن و ناردنی چەک بە شێوەی قاچاغ نییە. سیاسەتی ئەمریکایە هەر دوو پارتی گەورە لەگەڵی ڕێکن و بە دەیان ساڵ پێڕەوی کراوە. ئیسراییل بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. و ئەمریکا زۆربەی یارمەتی بە ئیسراییل لە جیهاندا دابین دەکا و هەر وەها بە میسریش، بەڵام بەگشتی زۆربەی ئەو یارمەتییە بە ئیسراییل دەکا. چ شتێک بووەتە هۆی ئەوە ئەوەندە لە نزیکەوە لێی بکۆڵدرێتەوە، ئەو جیاوازیە چییە  ئەتۆی وا لێکرد بە ئاشکرا دەست لە کار بکێشییەوە؟
جاش پۆل: سەبارەت بە ڕاگوێستنی چەک بۆ ئیسراییل من پێشتریش قسەم کردووە، لەوانە لەگەڵ ئیسراییلیش. هەمیشە دەرفەتی گفتوگۆ هەبووە لەو بارەیەوە و دیبەیت کراوە. مرۆڤ دەتوانی نیگەرانییەکانی خۆی بهێنێتە گۆڕێ گەلۆ ئەو چەکانە چۆن بەکار دەهێندرێن. ئایا ئێمە دڵنیاین کە قانوونی شەڕ، قانوونی پرۆپۆرشنالیتی ڕێزیان لێ دەگیرێ یان نا؟ ئایا ئێمە نیگەرانیمان هەیە سەبارەت بەو یەکانەی کە ڕەنگە ئەو چەکانەیان بکەوێتە دەستی و کارنامەیان چییە؟ ئەوەی ئەم جارە جیاوازە ئەوەیە کە هیچ قسەلەسەر کردنێک نەبوو، هیچ فەزا و دەرفەتێک بۆ قسە کردن لەو بارەیەوە نەبوو، بە شێوەی سەرەکی ئەوە بوو دەروازەی چەک دەرخستن کرایەوە و ئێستاش هەر ئاوایە. دوو ڕۆژ لەمەو بەر ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ نووسی کە ئەمریکا هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠٠  بۆمبی ناردووە بۆ ئیسراییل و چەندین هەزار سکەیتی ڕێنوێن (گایدن کیتس) و ٤٥٠٠٠ ڕاکێتی تۆپخانە. کە وابوو دەرگا کرایەوە و بە دڵنیاییەوە ئەمن تەشویق دەکا ئەوە ببیسم کە جێگری سەرۆک کۆمار هاریس بڵێ، ئەوەی وەزیری بەرگری ئاستن گوتوویەتی کە هەتا ئەو پرێسکانە بە کراوەیی بمێننەوە، گەلۆ ئیسراییل ئەو وشداری دانانە چەندە بە جیدی دەگرێ.
کریستیان ئەمانپوور: بۆم هەیە وڵامی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لە وڵامی دەست لە کار کێشانەوەی تۆ بخوێنمەوە: بە گشتی دەڵی لەگەڵ ئەوەیە کە مووچەرخۆران بیروڕای جیاوازیان هەبێ، هەڵبەت شتێک کە بۆ ئێمە هەموومان سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە کاناڵێکی ڕەسمی دژایەتی و ناڕەزایەتی هەیە لە وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە دا کە ڕێگا دەدا بە خەڵک کە نیگەرانی و پەشێویی خۆیان دەرببڕن لە مێژووی شەڕی ڤییەتنامەوە. وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە ئاوا دەڵێ سەبارەت بە تۆ " لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕەخنە تایبەتییەیدا کە کراوە، ئێمە بە ئاشکرایی ڕامانگەیاندووە  ئێمە بە توندی پشتیوانی دەکەین لە مافی ئیسراییل بۆ بەرگری کردن لە خۆی. و ئێمە بەردەوام دەبین لە دانی یارمەتی ئەمنییەتی  کە ئەوان حەوجێیان پێیەتی بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن." بەڵام سەرۆک کۆمار و وەزیری کارو باری دەرەوە بە ڕوونی لەو بارەیەوە هەڵوێستیان دەربڕیوە  کە ئێمە چاوەڕوانیمان لە ئیسراییل ئەوەیە کەهەموو قانوونە نێونەتەوەییەکان لەبەر چاو بگرێ لە کاتێکدا بەرگری لە خۆی دەکا. ئیسراییل دەلێ بەهەموو توانایی خۆیەوە ئەوە دەکا.
جاش پۆل: ئەمن پێم وایە ئێمە هەموومان بەرپرسیارەتی ئەوەمان لە سەر شانە کە شەرێکێکی گەورەترین لەو پێوەندییە دا ئامۆژگاری بدەین، ڕێنوێنی بکەین، موداخەلە بکەین کاتێک شتەکان بە دروستی هەڵناسووڕێن و کاتێک دەڵێین ئێمە بەرپرسیارەتیمان هەیە یان بەرعۆدەییمان هەیە کە بەرگری لە ئیسراییل بکەین و پشتیوانی لە ئەمنییەتی ئیسراییل بکەین ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ چاو لەهەلومەرجەکە لە سەر ئەرزی واقع بکەین و بڵێین ئایا بە ڕاستی ئەوە دەکرێ. ئایا لەبەر یارمەتی ئێمە ئیسراییل زیاتر ئەمنییەتی پارێزراوە؟ و یان کۆمەگی عەسکەری ئێمە کارێکی وای کردووە کە ئیسراییل بەردەوام بێ لە سەر پەرەپێدانی ماڵدانەران لە قەراغی ڕۆژئاوا؟ ، و درێژەدان بە ئابڵۆقە دانی غەزە و هەڵگرتنی هەنگاوی ئەوتۆی کە لەبەرژەوەندی ئەمنییەتی خۆی دا نییە، لە جیاتی حەول دان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەموولایەنە.
کریستیان ئەمانپوور: وەک دەزانی ئیدارەی ئەمریکا باوەڕەکانی، جا چ بە ئاشکرایی بیدرکێنێ یان لە پشت دەرگای داخراوە ڕا کە تەنیا ڕێگای بۆ ئەوەی، لە پێشدا ئەوە شتێکی شاراوە نییە کە عیشق و سەفایەکی ئەوتۆ لە نێوان سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیر نەتەنیاهوو دا نەبوو بەر لەمە، سەبارەت بە تێکڕووخاندنی ( ئەوە قسەی منە) سیستمی دێمۆکڕاتیک لە ئیسراییل لە ژێر پەردەی گۆیا ڕێفۆرم لە دەزگای قەزایی دا. سەرۆک بایدن تەنانەت نەتەنیاهۆی بانگهێشتنیش نەکرد بۆ کۆشکی سپی، ئەوە قەت ڕووی نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان لە سەر ئەو باوەڕەن بۆ ئەوەی شوێن لە سەر سیاسەتی ئیسراییل دابنێن و بیخەنە ڕەورەوی پێواژۆی ئاشتییەوە ئەوان دەبێ باوەش لە ئیسراییل وەربێنن، بەرگری لە ئیسراییل بکەن، پشتیوانی لە ئیسراییل بکەن بۆ ئەوەی بتوانن باوەری خەڵکی ئیسراییل وەدەست بێنن. بۆ ئەوەی ئەو دەمی بتوانن بە ڕوونی قسە لەگەڵ حکوومەتی ئیسراییل بکەن. ئێمە ئەوەمان لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما دا بینی. خەڵکی ئیسراییل پشتیوانیان لە ئیدارەی ئۆباما نەکرد، چونکە لەو باوەڕە دابوون ئۆباما پشتیوانییان لێ ناکا.
جاش پۆل: یەکەم من دەپرسم گەلۆ ئەم باوەش پێداکردنە دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەگەیێنێتە ئەو کارەساتەی ئێستا لە غەزە دەقەومێ. کارەساتێکی سیاسەتی دەروەیی بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دنیای عەڕەب و لە بەشی باشووری کورەی زەوی دا. ئێمە وەک دوو ڕوو وەبەرچاو دێین لە لایەکەوە کاتێک ڕەخنە لە ڕووسیا دەگرین بۆ پێشیل کردنی مافی مرۆڤ بەڵام لەمەر ئیسراییل ئەوە ناکەین. و بۆیە لەمەر باوەش پێداکردنمان، من پێم وایە ئێمە دەبێ دیقەت بکەین لەو باوەش پێداکردنە دا چونکە ئێمەش دەکێشێتە ناو خۆی. دووهەم، هەڵبەت ئێمە قۆزی ئاوامان بە دەستەوەیە کە دەکرێ لەو باوەش پێداکرنەدا بەکاری بێنین. ئەمن پێشنیاری ئەوە ناکەم کە ئەمریکا لە ئیسراییل دوور کەوێتەوە و نزیکی نەبێ. ئەمن هەر ئەوەندە دەڵێم، لەبەر ئەوەی ئێمە چەک دەدەین بە ئیسراییل و لەبەر ئەوەی کە ئێمە بە بیلیۆنان دۆڵار لە دراوی ماڵیات دەران هەموو ساڵێ وەک یارمەتی دەدەین بە ئیسراییل، بە شوێنێک کە لە ڕاستیدا وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئێمە قۆزێکی زۆرمان بە دەستەوەیە کە بتوانین ئەمنییەتی ئیسراییل بپارێزین و پالپشتی دیپڵۆماتیکی بین  لە ناوچە دا و ئەوە یارمەتی داوە بە یەکانگیربوونی. ئێمە زۆر قۆزمان بەدەستەوەیە لێرە دا بۆ ئەوەی ئێسراییل بخەینە سەر ڕێپێڵگەیەی باشتر و کۆتایی بێنین بەو کوشتارە بێ مانایە لە غەزە. ئێمە ئەم قۆزانە بەکار ناهێنین.
کریستیان ئەمانپوور: ئەوەی لە ٧-ی ئۆکتۆبر لە ئیسراییل ڕووی دا، کردەوەیەکی بەربەریانە بوو، وەحشییانە و دڕندانە بوو . ئێمە چیرۆکی وەسەرپەڕین و وەسەپەڕینی بە کۆمەڵمان بیستووە ئی منداڵان، کە لەبەر چاوی دایکوباوکیان کووژراون. ئێمە دەزانین کە چ بەسەر زیاتر لە ٢٥٠ کەس هاتووە کە بە بارمتە گیراون، لەوانە منداڵی سەر پشتی لانک. چون گەلێک دەتوانێ لەوەی تێ پەڕێنێ،نازانم چ وشەیەک بەکار بێنم،  وشەی دروست چییە. چۆن دەکرێ کارێکی وا بکری کە هەست بکا پشتیوانی  لێدەکرێ بۆ ئەوەی ئەوەی ئێستا لە غەزە ڕوودەدا نەقەومێ، پیاوماقووڵانی بەساڵ داچوو کە کۆمەڵێک سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیری پێشوون و کاربەدەستانی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن هەر ئێستا داخویانییەکیان بڵاو کردووەتەوە و ڕاگوێستنی چەک دەبەنە ژێر پرسیار و باسی ئەو هەڵسوکەوتە نا ئینسانییە دەکەن کە لە غەزە دەقەومێ کە گەیشتووەتە ئاستێکی کە شیاوی تەحەمول نییە.
جاش پۆل: من پێم وایە ئەوەی ٧-ی ئۆکتۆبر قەوما کارەسەتێکی ڕەها بوو وەک هەزاران کارەساتی دیکە. ئەمن لەو باوەڕە دام ئێمە ئەو کارەساتانەی دیکەش مەحکووم بکەین. ئێمە دەبێ ئەو کارەساتانەش مەحکووم بکەین کە هەموو ڕۆژێ بەسەر فەلەستینییەکان دێ لە قەراغی ڕۆژئاوا. تۆ باسی توندوتیژی جینسیت کرد. ئەمن ئەندامی هەیئەتێکی لێکۆڵینەوە بووم سەبارەت بەو چەکانەی کە دەچنە ئیسراییل و دەزگایەکی چاکەکاری بە ناوی " بەرگری لە منداڵان، فەلەستین ئینترناشناڵ " لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا سەرنجی ئێمەی ڕاکێشا بۆ هێرشی جینسی لە ڕاستیدا وەسەرپەڕینی کوڕێکی ١٣ ساڵە لە زیندانێکی ئیسراییلی دا، لە مزگەوتێک لە ئورشەلیم. ئێمە ئەو ئیدیعایانەمان تاقی کردەوە. گەیشتینە ئەو ئاکامەی کە ئەوانە ڕاست بوون. ئێمە ئەوەمان لەگەڵ حکوومەتی ئیسراییل هێنا گۆڕێ و دەزانی چ ڕووی دا ڕۆژی دواتر؟ هێزی ئەمنییەتی ئیسراییل چوونە ئیدارەی ئەو ڕێکخراوەیە و هەموو کامپیوتێرەکانیان لا برد و ئەو ڕێکخراوە چاکەخوازیەیان وەک تێڕۆڕیستی ڕاگەیاند. ئەمن پێم وایە ئەوەگرینگە کە کارەسات بەسەر هیچ کەس نەیە ، نە تووندوتیژی جینسی و نەهیچ جۆرە توندوتیژییەک بەدژی مافی مرۆڤ.ئێمە لەگەڵ هەلومەرجێک بەرەوڕووین کە زۆر شت لەلایەنە ئینسانییەکەی دادەماڵدرێ. خەڵک بۆ ئەو نرخ و بەهایەی هەیانە نابیندرێن و پێم وایە ئەوە ڕاستە چ بۆ ئەوانەی لە کیبووتسەکان هێرشیان دەکرێتە سەری و یان ئەوانەی کە لە غەزە لە ماڵەکانیان دا هێرشیان دەکرێتە سەری یان لە قەراغی ڕۆژئاوا. ئەوەی ئێمە پێداویستیمان پێیەتی ئەوەیە ئینسان بخەینە چەقی ناوەند وئەوانەی کە لەو کێشەیە دا ڕەنجێکی زۆر دەچێژن و دەکێشن.
کریستیان ئەمانپوور: ئایا ئەتۆ پێت وایە بۆ ئەوەی جۆرەیەک چارەسەری ئاشتییانە هەبێ کە ئەوە قەت جارێکی دیکە نەقەومێ حەماس دەبێ دەستەڵاتی لێ بستێندرێ و نەهێڵدرێ؟
جاش پۆل: گەلۆ بێ کەلک کردنی حەماس چۆن هەڵدەسووڕێ؟ وڵام ئەوەیە بە ڕێگای چارەسەرییەکی سیاسی مانا و درێژخایەن دا کە زەمینە بۆ ساز بوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی پێک بێنێ، نەک پێواژۆیەک کە بەڵێنی ساز بوونی دەوڵەتێکی وا دەدا بەڵام قەت وەدی ناهێنێ. ئەتۆ دەکرێ حەماس بێ کەلک بکەی بە ڕێگای نیشان دان بە گەلی فەلەستین کە ئەگەر ئەوان بیانەوێ سەرکەون ئەوە بە ڕێگای پێواژۆیەکی سیاسی دایە نەک خۆڕاگرییەکی بە زەبر و زەنگ. تا ئەو کاتەی ئەو پێواژۆ سیاسییە هەڵنەسووڕێ، مرۆڤ ناتوانێ خۆڕاگری فەلەستین تێک بشکێنێ.  

Wednesday, December 13, 2023

خوێندنەوەی پەیامی یای مۆژگان ئیفتیخاری دایکی ژینا ئەمینی بۆ پارڵمانی ئوڕووپا لەلایەن بەڕێز ساڵح نیکبەخت پاڕێزەری بنەماڵەی ئەمینی بە بۆنەی دانی خەڵاتی ئەندێشەی ئازاد ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی ستراسبورگ، فەڕانسە، بینای پارڵمانی ئوڕووپا، سێشەمە ١٢-ی دیسامبری ٢٠٢٣



خوێندنەوەی پەیامی یای مۆژگان  ئیفتیخاری دایکی ژینا ئەمینی بۆ پارڵمانی ئوڕووپا لەلایەن بەڕێز ساڵح
نیکبەخت پاڕێزەری بنەماڵەی ئەمینی بە بۆنەی دانی خەڵاتی ئەندێشەی ئازاد ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی و
شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی
ستراسبورگ، فەڕانسە، بینای پارڵمانی ئوڕووپا، سێشەمە ١٢-ی دیسامبری ٢٠٢٣

سەرۆکایەتی بەڕێزی پارڵمان، یەکێتیی ئوڕووپا!
نوێنەرانی زیاتر لە شەش سەد و پەنجا میلیۆن نەفەر خەڵکی جیهان!
یایان، ئاغایان!
 لەوەی کە من بەختەوەرم وەکوو پارێزەری بنەماڵە مەهسا ژینا ئەمینی  لەم شانۆیەی پارڵمان دا  پەیامی دایکی ژینا بخوێنمەوە کە لە هەمان حاڵ دا پەیامی بنەماڵەکەشیانە بۆ من جێی شانازییە و هیوادار بووم یای موژگان ئەمینی دایکی بۆ خۆی یان خانمێک ئەو پەیامەی خوێندباوە چونکە ئاخێزی خەڵکی ئێران لە ساڵی ڕابردوو دا و لەو ڕۆژەوە کە ژینا/ مەهسا گیرا لە لایەن ژنانەوە دەستی پێکرد و لە لایەن ژنانەوە ڕێبەرایەتی کرا و پیاوانیش هاوڕێیەتی ژنانیان کرد و ئاکامەکەی ئەوە بوو کە ئێوە دیوتانە و لە سەرتاسەری جیهاندا دروشمی ژن ژیان ئازادی کە خەڵکی کوردستان لە سەرەتاوە بە زمانی خۆیان ئەو دروشمەیان دەربڕی هەموو شانۆی جیهانی گرتەوە و لەهەموو جێیەکی وڵاتی ئێمە ئێران و لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی دەنگی دایەوە.
ئەمن ئەم پەیامە لە لایەن دایکێکی زگ سووتاو دەخوێنمەوە کە سەرتاپای ناوەرۆکی بریتییە لە هەست، عێشق و دڵپێوەبوونی دایکێک بە کچەکەی کە بە قسەی خۆی و بە قسەی خانمی مێتسۆلا
 ژنێکی جوان، بە نرخ بوو و وە دوای داوخوازی زۆر بەرز کەوتبوو بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی و ئەویش کاری پژیشکییە. بۆیە من لە سەرەتاکە تێ دەپەڕم و لەوەی کە بەشێک لە پەیامی خانمی موژگان ئەمینی بە زمانی کوردییە و وەرگێر نییە لەم پارڵمانە، ئەوە جێی داخە و هیوادارم  ڕۆژێک وەرگێڕان بە زمانی کوردیش وەکوو زمانەکانی دیکە لێرە هەبێ.
اندر دل من درون و بیرون همە اوست
اندر تن من جان و رگ و خون همە اوست
اینجای چگونە کفر و ایمان گنجد
بی چون باشد وجود من چون همە اوست
بەو دەمت کە بۆنی سەد بەهاری لێوە دێ
بۆنی دەستی بەختیاری و باوەشی چیای بەدەستی با،
بە گوڵ چناوی لێوە دێ
بۆنی سەر سەکۆی بەکاگڵی، بە ئاو پژاوی لێوە دێ
خۆشەویستەکەم لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەڵێڵەوە
چاوم لە دیمەنی کچی بەیانی یە
بە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانی یە



یایان، ئاغایان!
 پێم خۆش بوو لە کۆڕی بەنرخی ئێوە دا ئامادە بم، تا لە نزیکەوە و بە نوێنەرایەتی هەموو ژنانی نیشتمانەکەم لە ئێوە  پێشکێشکارانی خەڵاتی بە نرخی ساخارۆڤ، خەڵاتی ڕەمزی ئازادەیی پارڵمانی ئوڕووپا پێزانینی خۆم دەرببڕم. بەداخەوە بە پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنە قانوونی و مرۆڤییەکان نکووڵی ئەم دەرفەتەیان لە ئێمە کرد. پارێزەری ئێمە ئاغای ساڵح نیکبەخت لەگەڵ خانم دوکتور سوهەیلا قادری بە نوێنەرایەتی ئێمە لە کۆڕی ئێوە دا ئامادە دەبن تا پەیامی من بە ئێوە بگەیێنن.  ئێمە لێرەین ( یانی ئێمە لە فەڕانسەین، خۆی هەست بەوە دەکا لێرە بێ)، تا لە شوێنی لە دایکبوونی ژاندارک ڕێز لە ژینا بگرین و چەند جوان  و پڕمانایە بەیەک گەیشتنەوەی ئەو كچانە، ئەو کچانەی ئیلهامبەخشی مێژوو لە دڕێژایی ساڵ و سەدان دا. ئەوانەی کە بە مەرگی خۆیان سنوورەکانی نیشتمانیان تێ پەڕاند و دیسان گیانیان وەبەر ئیرادەی ڕزگاری و ئازادیی ئینسانەکان هێناوە. ژینا ژین/ زیندەگی دەنمێنێ واتە زێندەگی و زێندەگانی دەنمێنێ. هەر ئەوەی کە ناوی بوو بە ڕەمزی ڕزگاری و خەونی ئازادی لە شوێنی لە دایکبوونیەوە کوردستان بە گشت ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دا بڵاو کردەوە و بە میلیۆنان ژن و مرۆڤی ستەملێکراوی بە هێوای فڕین بە ئاسۆی بێ پایانی ڕزگاریدا وە جووڵە خست. مەزلوومانە گیانیان لێ ئەستاند و لە خەیاڵی خۆیان دا پێیان وا بوو بە ئەستاندنی گیان لە قالب لە بوون و دیسان بوون دەوەستێ. وەکوو ژاندارک لە تەسەوری پووچی زۆرداران دا، بە سووتاندنی قالبی، خەونەکانیشی دەبنە دووکەڵ و بەهەوا دا دەچن. وەکوو ئینسانێکی گەورە گوتوویەتی ئەوان ناتوانن، نازانن و هێشتاش نازانن کە لە خۆڵەمێشی ژاندارک و ژینا وەک قوقنووس ڕوحێک دەزێ لە داگیرکردن ناشێ و دەبێتە ئیلهامدەر، ڕوحی زەمانە.



 ئەم روحانەی زەمانە لە دوای چەندین سەدە ئێستا بەیەک پەیوەست بوون تا مزگێنی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ ئێمە مرۆڤانی ئەم  چاخە بە دیاری بێنن. ئەوان مزگێنیدەری وەدیهاتنی نرخ و بەها بەرزە مرۆڤییەکانن کە ئێستا لە دروشمی پێشکەوتووی ژن، ژیان، ئازادی (زن، زندگی، آزادی) دا خۆی دەرخستووە. ئەو نرخانەی کە سنوور ناناسن، لەو پەڕی زەمان و مەکان دا. عەداڵەت، ئازادی، ئاشتی، هاوژینیی، و بەرابەری هەموو ئینسانەکان لەگەڵ یەک.



یایان، ئاغایان
!
داغی ژینا هەتاهەتایە بەسەر دڵمەوەیە و بۆ هەموو خەڵکی جیهان نەمر و هەتاهەتایە. دڵنیام کە ناوی وی لەگەڵ ناوی ژاندارک وەک ڕەمزی ئازادی دەمێنێتەوە. ئێستا لە شوێنی لەدایکبوونی ژینای هەمێشە زیندووەوە پێزانینی بێ پایانی خۆم  و بنەماڵەکەم  پێشکێشی ئێوە دەکەم  و هیوادارم لەم هەڵبژاردنە مەزنە دا مانا و سەربەرز بمێننەوە . بە هیوای ئەوەی کە هیچ دەنگێک لە هەموو دنیا دا لە گوتنی وشەی ئازادی نەپرینگێتەوە.

موژگان ئیفتیخاری، دایکی یاد زیندوو ژینا ئەمینی لە شاری سەقز لە کوردستانی ئێران






 

Saturday, December 2, 2023

Wednesday, November 22, 2023

Rawêj Thursday 16.11.2023 at 19:00 hours CET

نووسینێکی کورتی عەزیز ماملێ بە بۆنەی کۆچی دوایی نووسەری ناسراو باقر موئمینی

عەزیز ماملێ

باقر موئمینی نووسەر، وەرگێڕ و خەباتگێڕی سیاس کۆچی دوایی کرد

بەڕێز باقر مۆئمینی یەکێک لە نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانی شاری کرماشان لە ساڵی ١٣٠٥ لەو شارە لە دایک بوو و لە پاش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تاران نیشتەجێ بوو..

لە نێو حیزبی توودەی ئێران دەستی بە تێکۆشانی سیاسی کرد، لە گەڵ زیندوویاد سارمەددینی سادق وەزیری دوستایەتی نزیکیان بوو و وەک دوو هاورێ و هەواڵ لە ئێران گەلێک لەیەک نزیک بوون و لە ئورووپاش بەیەک گەیشتنەوە.ئەو دوو کەسایەتیە پایەبەرزە لە پاش کوودتای ١٣٣٢ پەیوەندی و ئەندامەتی خۆیان بە حیزبی توودەوە پچڕاند.

لە سەردەمی پاش شۆڕشی ٥٧ ڕۆژنامەی « صدای معاصر» یان دەر کرد، سارمخانی سادق وەزیری سەر نووسەر بوو و لەسەر بزووتنەوەی کوردستان وتاری بە نرخی ئاراستە کرد.

لە دەربەدەری دا، ژمارەیەکی بەرچاو نامەیان بۆ یەکتر بەڕێ کرد کە کۆمەڵێک باس و بابەتیان هێناوەتە گۆڕێ. سارمخان  نزیک سەد نامەی بۆ باقر مۆمنی نووسی.
کاک باقر لە ناو بزووتنەوەی چەپ و کرێکاری ئێران نەخش و دەوری بەرچاوی بووە و دوو جار لە لایەن ڕێژیمی پاشایەتی بریندار بوو. تێکۆشان و خۆ بەدەستەوەنەدانی کاک باقر  بوو بە هۆی متمانە و پلە و پایەیەکی گرینگ لە ناو هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئێران دا. هەروەها ڕێزی تایبەتی بۆ دادەندرێ لە ناو کۆمەڵگای مەدەنی و ڕووناکبیری دا بەشێک لە کتێبەکانی بە زمانی فارسی بریتین لە:

تاریخ مشروطیت در ایران

دین و دولت در عصر مشروطیت

مسائل اپوزیسیون ایران

گفتارهای سیاسی و دمکراسی

از موج تا توفان

اسلام ایرانی و حاکمیت سیاسی

حکومت اسلامی و اسلام حکومتی

پروەندە پنجاە و سە نفر

یادماندەهای ایرج اسکندری

در خلوت دوست

دنیای ارانی و

بەڕێز باقر مۆئمینی هەتا ئاخرین هەناسەکان هەر بە سۆسیالیزم وەفادار ماوە.

خەباتگێڕان و نووسەرانی شاری کرماشان وەک زیندوو یاد عەلی ئەشرەفی دەرویشیان و مەنسووریاقووتی، لە سەردەمی
رێژیمی پاشایەتی دا پەیوەندی نزیکیان  لە گەڵ کاک باقر دامەزراندبوو.
 ئەو کەسایەتیە سیاسییە ناسراوەی کرماشان لە ڕۆژی نۆزدەی مانگی نۆوامبری ٢٠٢٣ دا لە تەمەنی ٩٧ ساڵە لە پاریس کۆچی دوایی کرد.

Friday, November 3, 2023

وتوێژ لەگەڵ دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی سەبارەت بە پڕۆژەی کورد ناسی لە وڵاتی لەهیستان (پۆلۆنیا) و توانایاندنی ژنان، لێکدانەوی کەسایەتی و بەرهەمی مەستوورە کوردستانی لە ڕوانگەیەی دیکەوە هەر وەها ئەو بەرهەمانەی کە لەو ساڵانەی دواییدا لە ئێران لە زمانی کوردییەوە وەرگێڕدەاونە سەر فارسی و بڵاو کراونەتەوە. ئەم بەرنامەیە چوارشەمە ٦-ی سێپتامبری ٢٠٢٣ ئاستەکراوە.

وتوێژ لەگەڵ دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی سەبارەت بە پڕۆژەی کورد ناسی لە وڵاتی لەهیستان (پۆلۆنیا) و توانایاندنی ژنان، لێکدانەوی کەسایەتی و بەرهەمی مەستوورە کوردستانی لە ڕوانگەیەی دیکەوە هەر وەها ئەو بەرهەمانەی کە لەو ساڵانەی دواییدا لە ئێران لە زمانی کوردییەوە وەرگێڕدەاونە سەر فارسی و بڵاو کراونەتەوە. ئەم بەرنامەیە چوارشەمە ٦-ی سێپتامبری ٢٠٢٣ ئاستەکراوە.

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بە خێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لەم بەرنامەیەش دا بەردەوام دەبین لە سەر قسە کردن لەگەڵ بەڕێز دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی کە لوتفی کردووە وقبووڵی کرد ئەمجارەش لە ڕاوێژدا بەشداری بکا. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز حاجی ئاقایی.

دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی: زۆر سپاس  کاک حەسەن بۆ میوانداریتان. سپاس و رێزم هەیە بۆ ئێوەو بۆ بینەرانی خۆشەویست!
قازی: زۆر سپاس، دیارە ئێمە لە بەرنامەی پێشووتر دا باسی چەمکی " ئێرانشەهرێتی" مان کرد بەڵام ئێستا پێم خۆشە زیاتر چڕ بینەوە لە سەر ئەو کاروبار و لێکۆڵینەوانەی کە جەنابت بەشداری تێدا دەکەی لە وڵاتی پۆلۆنیا (لەهیستان). وابزانم یەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ئەنیستیتووی ڕۆژهەڵاتناسیی زانکۆی یاگێلۆنسکی لەشاری کراکۆ لێکۆڵینەوەی کوردی دەستی پێکردووە بە دەستپێشخەری بەڕێز دوکتور یووانا بۆخێنسکا کە من زۆر خۆشحاڵم کە ساڵی ٢٠١٣ میوانی ئەم بەرنامەیە بوو و بە کوردیی کورمانجی قسەی کرد لە بەرنامەکە دا. دیارە لەو زەمانییەوە ئەو پڕۆژەیە بەرفرەوانتر وبەرفرەتر بووە و بەڕێزیشت تێیدا بەشداری، جا بۆ ئەوەی زەینی بینەرانیش هێندێک بیراز بێتەوە پێم خۆشە لە سەرەتاوە باسی کورتە مێژووی کوردناسی بکەی لە وڵاتی پۆلۆنیا و دوایە بێینە سەر پڕۆژەکەتان.
حاجی ئاقایی: سپاس بۆ پێشەکییەکەتان، بەشی ڕۆژهەڵاتناسی زانکۆی یاگێلۆنسکی کە وا بزانم کۆنترین زانکۆی وڵاتی پۆلۆنیایە چەند دیپارتمانی تایبەتی هەیە بۆ بەشی لێکۆڵینەوەی زمانە جیاوازەکان، زمانی فارسی، کوردی، چینی و ژاپۆنی و لە بەشی ئێرانناسی دا لکێک بە هۆی هەوڵ و تێکۆشانەکانی پرۆفێسۆر یووانا بۆخێنسکا کراوەتەوە کە لانی کەم لە دە ساڵی ڕابردوو دا توانیویەتی بە گرینگی پێدان لە سەر لایەنەکانی جیاوازی ئەدەبیاتی کوردی و بە تایبەت ئەدەبیاتی ئۆراڵ، زارەکی، دەق بەرهەم بێنێت و ئەو دەقانە بە تێڕوانینی نوێ، بە فەلسەفەی مۆدێڕن بخوێنێتەوە. هێندێک لە کارەکانیشی تا ئەو جێگای من وەبیرم بێت ئەو وەختەی کە بۆخۆم لە ناوخۆ بووم، یەکێک لە وتارەکانی وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی لە ژێر سەردێڕی" لە نێوان چاکە و خراپە" دا؛ کە باسی میتۆلۆژی و ئەفسانەکانی کوردی دەکرد و دوا بە دوای ئەویش پرۆفێسۆر بووخێنسکا کتێبێکی لەگەڵ بەشێک لە ئاکادێمیسیەنەکانی پۆلۆنیا لە ئینتیشاراتی پاڵگرەیڤ لە سەر لایەنە جیاوازەکانی کولتوور و ئەدەبییاتی کوردی چاپ کرد لە ژێر ناویRediscovering Kurdistan’s Culture and Identities .  بۆ خۆی لە نووسینەکەی دا گرینگییەکی زۆری خستووەتە سەر بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو کارو چالاکییانەی کە لە سەر زمان و ئەدەبییاتی کوردی دەکرێ. یانی ئێمە دەتوانین لانی کەم لە ئەنیستیووتی ئۆریانتالسکی ، لەزانکۆی ئاگێلۆنسکی ئەو پێشینەیەی بۆ دابین کەین. دیارە پڕۆفێسۆر بۆخێنسکا پێشتر زۆرتر لە سەر باکووری کوردستان کاری کردووە بەڵام  لەو چەند ساڵەی دواییدا گرینگیشی داوەتە سەر خوێندنەوەی ئەدەبییاتی کوردی لە بەشی ڕۆژهەڵات.

قازی: زۆر باشە بەڵام ئەگەر بکرێ یەک بە یەک باسی پڕۆژەکان بکەین. پڕۆژەی یەکەم وا بزانم پێش لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێکردووە. ئەمن تەماشای ماڵپەڕەکەتانم  کرد باسی ئەوە دەکەن کە پێشتر لە لەهیستان لە سەر کورد چ کراوە بۆ نموونە باسی تێزێکی دوکتورا دەکەن کە سەبارەت بە باشووری کوردستان نووسراوە. یا ئاماژەکراوە بە ژاپا کە لەگەڵ مەلا مەحموودی بایەزیدی لە سەر فۆلکلۆری کوردی کاری کردووە. یەک یەک ئەگەر بکرێ باسی پرۆژەکان بکەین زۆر باش دەبێ وەختیش هەیە.

حاجی ئاقایی: ئەگەر باسی زەمینەی کارەکان بکەین و بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پێشووتر من ئەوە زۆرتر وەکوو هەوڵ و تێکۆشانی پرۆفێسۆر بۆخێنسکا دەیبینم؛ ئەویش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە لە سۆڤییەتی پێشوو خوێندوویەتی، زمانی ڕووسی زانیوە و بە هۆی ئەو ڕۆژهەڵاتناسانەی کە  سۆڤییەتی بوون و بۆخۆشتان دەزانن لە ئەنیستیتووی ڕۆژهەڵاتناسی لێنین گڕاد زۆریان کار کردووە. ئەو پێشینەیە یانی وەکوو بەردەوامییەک دواتر دەگوازرێتەوە ناو زانکۆی یاگێلۆنسکی و بە هۆی ئەو پێوەندییانەی کە بۆخێنسکا لەگەڵ کورد لە باکوور  و لەگەڵ ئەدەبییاتی کوردی هەیەتی گرینگییەکی زۆرتر بەو کارە دەدا. من بۆیە زیاتر تەرکیز لە سەر ئەو لایەنە دەکەم ڕەنگە پێش لەو هێندێک کاری پرش و بڵاو کرابێت و لە چوارچێوەی ئاکادێمیکیش دا بووبێت بەڵام  لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک و لە چوارچێوەی دیپارتمانێکی دامەزراوەو و ڕێک و پێک نەکراوە. تاکوو ئێستاکەش ئەگەر ئێمە سەیری بکەین بەشی کوردناسی لە زانکۆی یاگێلۆنسکی بەشێکە لە لێکۆڵینەوەکانی ئێرانی. بۆیە من پێشینەی ئەو خوێندنەوە چڕ و پڕانە دەگەڕێنمەوە بۆ سالانی ٢٠١٢، ٢٠١٣ بەدواوە کە بە دەرکردنی کتێبێک ئەوە خۆی دامەزراند و توانی خۆی بچەسپێنێت و دواتر بە پڕۆژەکانی دواتر کە خۆشم بەشداری یەکێک لەوانە هەم  ئێستاکە بە شێوازێکی چڕوپڕتر کە چەندین لایەنی جیاوازی گرتووەتە خۆی ئەو کارە ئاکادێمییە دەچێتە پێشەوە.

قازی: باشە یەکێک لە پڕۆژەکانی کە دامەزراوەیەک لە بێلژیکیش تێیدا بەشدار بوو، واتە ئەنیستیتووی کوردی لە بروکسێل و هەر وەها شارەداری دیاربەکر، زانیارییت لە سەر ئەو پڕۆژەیە کە لەمەر زمانی کوردی بوو چییە؟

حاجی ئاقایی: کەم و زۆر شتێکم بیستووە، بەڵام زانیاتی کۆنکرێتم نییە لەو بارەیەوە.
قازی: باشە، حاڵی حازر ئەو پڕۆژەیەی کە ئێوە تێیدا بەشدارن و ئێستا بەدەستەوەیە چییە؟

حاجی ئاقایی:ئەو پڕۆژەیەی کە ئێستاکە من و هاوکارانی تر لە زانکۆی یاگێلۆنسکی و زانکۆی کراکۆف کاری لە سەر دەکەین پڕۆژەیەکی چەند لایەنە یە بە نیسبەتی خیاڵکردە ئەخلاقییەکان و بنەما کولتوورییەکان؛ کە چۆن ژنان بتوانن توانایی خۆیان بەهێزتر بکەن. ئەوە ناونیشانێکی کەمێک بەربڵاوی ئەو پڕۆژەیەیە و هەوڵ دەدرێت کە لە هەر کام لە بەشەکانی کوردستان دا ئەو لایەنانەی کە ژنی کورد دەتوانێ خۆی تێدا بنوێنێتەوە لە ئەدەبییات بێ، لە بینا سازی بێ، لەهەر بوارێکی کۆمەڵگا دا بێ بتوانین ئەو شێوازانە، ئەو بنەمایانە، یانی بنەمای ئەخلاقی، بنەمای مەعریفی ئێمە دەربێنین، ئەو خیاڵکردە ئەخلاقییانە کە ژنانی کورد چۆن بە پێی پیوانە ئەخلاقییەکانی خۆیان بەرەو چالاک بوون و بەشدار بوون لە کۆمەڵگا دا هەنگاو دەنێن نیشان بدەین. ئەمە یەکێک لە لایەنەکانی ئەم پڕۆژەیەیە و تەرکیزەکە لە سەر ئەوەیە ئێمە بنەمای ئەخلاقی بڕیاردانی ژنانی کورد لە هەر یەک لە بەشەکانی  کوردستان بە تێڕوانینێکی فەلسەفی یا کۆمەڵناسی بتوانین شی بکەینە؛ بۆ نمونە کە چۆن و بۆ ژنان بەشداری لە فێستیواڵێک دەکەن، بۆ ژنان ئەم بڕیارە یان بڕیارێکی دیکە دەگرن. بۆ هەوڵ دەدەن چالاکییەک، بۆ وێنە چالاکی هونەری بنوێنن؟ یانی بە شێوازی جیا جیا، لە ڕوانگەی جیاوازەوە ئێمە لە هەوڵی ئەوە داین کە ئەو بنەما ئەخلاقی و مەعریفییانە شی بکەینەوە و بتوانین بەرەو چوارچێوەیەکی کۆنکرێت لە مێنتالیتی ئینسانی کورد و بەتایبەتی ژنی کورد بگەین. ئەوە لایەنەکانی مەعریفی ئەو پڕۆژەیەیە و وەکی تر ئەو پڕۆژەیە وەکوو پڕۆژەیەکە کە بکرێ لە هەر یەک لە بەشەکانی کوردستان شێوازی بەشداری ژنان بۆ بە توانا کردنی خۆیان بنوێنرێتەوە تاکوو ئێمە بتوانین ئەو چالاکییانە هەڵیسەنگێنین و لە کۆتاییش دا ئێمە بتوانین بەراوەردێک لە سەر شێوازی تێڕوانینی ژنە جیاوازەکان بە نیسبەتی خۆیان، بە نیسبەتی کۆمەڵگا و بە نیسبەتی جیهان و ئەو هەوڵەی کە بۆ گۆڕینی جیهان دەیدەن هەڵسەنگێنین تا لە ئاکامدا بزانین بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات؟ ئەمە رەنگە هێندێک لایەنی جیاوازیشی لێ بکەوێتەوە چونکە خۆتان دەزانن لە هەر کۆنتێکستێک دا ڕەنگە بنەما مەعریفییەکانی ئەخلاق تا ڕادەیەک ئاڵوگۆڕی تێدا بەدی بێت یا ئەوەی کە  لە هەر کۆمەڵگایەک دا، یان لە هەر بەستێنێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری دا بە پێی ئەو سیاسەتانەی کە لە سەر کۆمەڵگاکان دا بەڕێوە دەچن ڕەنگە شێوازی بڕیاردان لە ئان و ساتێکی جیاواز دا لەگەڵ بەشێکی تر، یا پارچەیەکی تر ڕەنگە هێندێک جیاوازی هەبێت.
قازی: باشە، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی کە لە ساڵی ڕابردوو ڕا دەستی پێکرد و هەرچۆنێک بێ یەکێکە لەو ئالنگارییە سەرەکی یانەی کە لەماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی دا هاتووەتە مەیدانێ  هیچ تەئسیری هەبووە لە هەڵبژاردنی مژارێکی ئاوا و لێکۆڵینەوەیەکی ئاوا دا؟
حاجی ئاقایی: نا، چونکە ئەو پڕۆژەیە ساڵی ٢٠٢١ دەستی پێکردووە و هیچ پێوەندیێکی تایبەتی بەوەوە نەبووە. ئێمە زۆرترحەولمان داوە کە لایەنە مەعریفی و مێنتالیتیەکانی ئەو شتە هەڵسەنگێنین و ئەوە پێش ئەو ڕووداوانە دەستی پێکردووە.

قازی: وا بزانم ئێوە یەکێک لەو کەسانە، لەو فیگوورانەی کە هەڵتان بژاردووە ماه شەرەفخانمی ئەردەڵانی یا مەستوورەی کوردستانییە کە دیارە لە ئەدەبییاتی کوردی دا تا ڕادەیەک ئەگەر کەمیش بێ ناسراوە؛ چونکە هاوزەمان بووە لەگەڵ شاعیرانی وەک نالی و مەحوی وهتد. بەڵام ئەوەی کە زۆر چاوڕاکێش بێ و لە ئەدەبییاتی فارسی ئێرانیش دا باس دەکرێ وەکوو یەکەم ژن باس دەکرێ کە تاریخی نووسیبێ. بە تایبەتی تاریخی دوودمان و سیلسیلەی ئەردەڵان. لەو پڕۆژەیە دا لێکۆکۆڵینەوە لە سەر کارەکانی وی بە چ شێوەیەکە؟
حاجی ئاقایی: ڕاستە مەستوورە ئەردەڵان بە چەند هۆکاری بەرچاوەوە فیگوورێکی تایبەتە لە ئەدەبییاتی کوردی  دا و لە ناو مێژوزانەکان و مێژووناسەکانیش ئەوە دانی پێدا نراوە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی کە لە سەردەمی داڕمانی ئیماڕەتی ئەردەڵانەکان مێژوویەک دەنووسرێتەوە کە ئێستاکەش ئێمە دەتوانین پشتی پێ ببەستین. جیا لەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی دنیای مۆدێڕن. ئێمە دەبینین چەند ساڵ دواتر؛ کاتێک باسی چەند ساڵ دواتر دەکەین لە مێژوو دا ڕەنگە ماوەیەکی کەم بێت، دوو دەهە دواتر، ئێمە دەبینین کە ئیمپراتووری عوسمانی دەڕووخێت و دواتر شتێک لە ئیمارەتە کوردییەکان نامێنێتەوە. بۆیە نووسینی مێژوویەکی بەراوردکارانە بە دەستی خانمێکی با بڵێین ئاریستۆکڕاتی کورد، لەو سەردەم دا شتێکی زۆر شاز و دەگمەنە. هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە سەر ئەوە کە بێجگە لەوەی مەستوورە کتێبی مێژووی نووسیوە، شەرعیاتیشی بۆ ژنان نووسیوە. ئەوەش بۆخۆی زۆر چاوڕاکێشە. بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە سەر لایەنە مێژووییەکەی؛ بەشێک لە پڕۆژەی ئێمە کە گرینگی بە مەستوورە ئەردەڵان ئەدات پێداگری کردنێکە لە سەر ئەو لایەنە زانستییەی کە لەو سەردەم دا مەستوورە بۆ نووسینەوەی مێژووی بنەماڵەی ئەردەڵان گرتوویەتە پێش. لە تەواوی ئەو سەرچاوانەی کە لە کاتی خۆی دا لەبەر دەستی بووە کەلکی وەرگرتووە، هاتووە ئەوانەی بەراوەرد کردووە و لە هەندێک جێگا گوتویەتی ڕەنگە ئەمە ڕاست نەبێت و  بە پێی قەراین و بە پێی ئاماژەکان ڕەنگە ئەوە دروستتر بێت، دوایە بۆچوونی خۆی بۆ نووسیوە، لە چەند جێگاش دا ئێمە دەبینین کە مەستوورە چونکە لە نێو بنەماڵەی ئەردەڵانی بووە، بۆخۆشتان دەزانن بنەماڵەی ئەردەڵانیەکان لەگەڵ بنەماڵەی قاجارەکان پێوەندی خزمایەتییان  بووە، بۆیە توانیویەتی بە چەند لایەنی جیاوازەوە مێژووی ئەو سەردەمە بخوێنێتەوە. ئەوە یەکێک لە لایەن گرینگەکانی ئەو پڕۆژەیە بوو کە ئێمە دەمانەویست بە نیگایەکی نوێ لە چوارچێوەی ئەدەبییاتی مۆدێڕن دا بێین میراتی مەستوورە بخوێنینەوە، نەک خودی مەستوورە. مەستوورە وەکوو کەسایەتییەکی مێژوویی زۆری کار لە سەر کراوە؛ لە ڕووسیا پرۆفێسۆر واسیلیۆڤا کتێبی لە سەر نووسیوە و وابزانم دوکتور ڕەشاد میران یەکێک لە کتێبەکانی واسیلۆڤای وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. بەڵام مەبەست ئەوەیە کە ئێمە بتوانین لە ڕۆژی ئەوڕۆکە دا کە نزیکەی سەدو بیست ساڵ بە سەر کۆچی مەستوورە ڕادەبرێ، بتوانین میراتەکەی ئەوڕۆکەی بخوێنینەوە بزانین ئەو میراتە لە ڕۆژی ئەوڕۆکە دا چۆن ڕیپرێزنت کراوەتەوە، دووبارە نوێندراوەتەوە. موخاتیبی کورد یا تووریستێک کە دێتە شاری سنە چۆن لە پەیکەرەی مەستوورە دەڕوانێ و مەستوورە بۆ ئەو چ مانایەکی هەیە. یان بۆ ژنی کورد مەستوورە ئەوڕۆ دەبێتە چ فیگوورێک. چ تێگەیشتنێکی  لە ژنێکی ئاریسیۆکڕات هەیە؟

قازی: باشە ئەو تاریخەی کە نووسیویەتی بە پێی پێوەری مۆدێڕن دەکرێ بڵێن ئەو هەستی کردووە کە کورد کاراکتێرێک یا ناسێنەیەکی جیاوازی هەیە لە ئەوانیدی، چونکە بەرهەمەکە بە فارسی یە.

حاجی ئاقایی: ئەوەش دەگەڕێتەوە ئەوە ئەو زمانە فەرمییەی کە ئەو سەردەم لە بارەگا یان کۆشکی ئەردەڵانەکان ئەردەڵان" نییە تا ئەو جێگایەی کە ئێمە بە دواداچوونمان کردووە؛ ناوی کتێبەکەی لە سەرەتاوە " تاریخ الاکراد" ە، مێژووی کوردەکانە و ناسر ئازادپوور کاری لە سەر کردووە و ساغی کردووەتەوە.باو بووە و شتەکانیش هەر بەو زمانە نووسراون. بەڵام دوو تێبینی دەکرێ لێرە باس بکرێ؛ ئەوە وەکوو "تاریخی

قازی: یەکێک لە ڕووناکبیرانی ناسراوی سنە بووە وەختی خۆی، لە حەوتوونامەی " کوهستان" دا نووسینی زۆرە.
حاجی ئاقایی: بەڵێ ڕاستە، کە ئەو کتێبەی بۆ یەکەم جار ساغ کردووەتەوە تا ئەو جێگایەی کە ئێمە بەدوادا چوونمان بۆ کردووە باسی ئەوە دەکرێت کە چاپی ئەو کتێبە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و هێندێک بیرەوەریش هەن کە باسی ئەوە دەکەن ناسر ئازادپوور ئەندامی ژێکاف بووبێت، هێندێک بەڵگەش دەڵێن کە نەبووە، بەشدار نەبووە. لە هەر حاڵ دا ئەوە ئیستاکە بە نێوی مێژووی ئەردەڵان یا تاریخی ئەردەڵان چاپ کراوە و دەناسرێت، بەڵام ئەوە لە ئەسڵ دا " تاریخ الاکراد"، مێژووی کوردەکان بووە بەڵام لەبەر حەساسییەتی ئەو سەردەم کە تازە کۆمار ڕووخاوە و ویستوویانە ئەو کتێبەش چاپ بکرێت بۆیە ناوەکەی دەگۆڕدرێت. ئەوە زانیارییەکە کە دەکرێ پشتی پێ ببسترێت.      
قازی: شتێکی دیکەش ئەمن لە سەرچاوەیەک دیتم کە بە فارسی لە سەری نووسراوە، چەند شێعری کوردی ویشی لەگەڵە و وەک پیاوێک وەسفی ژنێک دەکا و بە زولف و خەت و خاڵی هەڵ دەڵێ، یانی زمانێکی پیاوانەیە. وا دیارە دە سەردەمی ویدا ئەوە باو بووە. وا نییە؟
حاجی ئاقایی: ڕاستە ئەگەر بە ڕوانگەیەکی میژووییەوە سەیری ئەو زمانە بکەین نازانم بەراوەردەکە دەتوانێ دروست بێ یان نا؟ بەڵام قرەالعین طاهری ئەویش شێعری هەیە بەڵام زمانەکەی ژنانەیە. دەکرێ شێعری مەستوورەش وەکوو زمانێکی ژنانە نەکوو زمانێکی پیاوانە سەیری بکەین چونکە زۆر جار دەبینین کە خانمەکانیش ئەگەر شێعریان گوتووە ئەو زمانە پیاوانەیە هەر هەبووە، بەڵام شێعرەکانی مەستوورە، دیارە من ئەدیب نیم و شارەزاییشم لە ئەدەبییاتدا نییە، بەڵام کە تۆ شێعرەکانی دەیخوێنییەوە هەستێکی زۆر ناسکی ژنانەی تێدایە و  باسی خۆشەویستییەکی زۆر چڕ و پریش دەکرێ لە نێوان  ئەو و خوسرەوخانی والی ئەردەڵان هەر چەند هێندێک شتی دیکەش هەیە کە...

قازی: باسی ئەوە دەکرێ کە زۆر تەمایولی نەبووە ژیانی هاوبەش لەگەڵ خوسرەو خان پێک بێنێ، بەڵام دواتر زەواجیان کردووە.

حاجی ئاقایی: بەڵی بەپێی ئەو مێژوویەی کە بۆخۆشی چەند جار لە لەفافە دا باسی لێوە کردووە، بە ئیما و ئیشارە مایل نەبووە، پێی خۆش نەبووە زەواجی لەگەڵ بکا، چونکە کچی فەتح عەلی شای قاجار خێزانی خوسرەوخانی والی بووە و ئەویش پێی خۆش نەبووە کە سەر بە هەوێ بچێت بەڵام دوایی دەبینین کە خوسرەو خان فشار دێنی بۆ بنەماڵەکەی
قازی: بنەماڵەکەی دەگرێ...

حاجی ئاقایی: دەیان گرێت و تەنانەت هەرچی موڵک و ماڵ هەیە لەبەر دەستیان دەردێنێت و بەو شێوازە ناچاریان دەکات کە مەستوورە بدەن بە والی.

قازی: ئەخر باشە بۆ ئەو سەروبەندی لە ئاتمۆسفێرێکی ئاوا دا کچێک خوێندەواری هەبێ شتێکی تاتبەتی و دەگمەنە

حاجی ئاقایی: تەبعەن هەر وایە، چونکە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بنەچەکەی بابی مەستوورە یانی میرزا عەبدوڵا خان و ئەوانە دەزانین کە بۆخۆیان بەشێک بوون لە ئاریستۆکراسی و ئەشڕافییەتی ئەو سەردەم. یانی ئەوانە بەردەوام لەگەڵ بنەماڵەی ئەردەڵان پێوەندییان هەبووە و بۆخۆشیان لە بنەماڵەی قادری بوون ئەگەر هەڵە نەبم، و پێشینەی ناردنی کچان بۆ قوتابخانە بەردەوام وەکوو سوننەتێک لە سەردەمانی کۆنیش لە ناو ماڵە کۆنەکان و خانەدانە کۆنەکاندا هەبووە، یانی بەردەوام هەبووە. ئێمە لە مێژووی قاجارەکانیش دا دەبینین.

قازی: مەبەستم دە ناو کوردەکان دایە زیاتر

حاجی ئاقایی: ئەوە ڕاستە ، ئێمە ئەگەر کوردستان لەگەڵ ناوچەکان و شارەکانی دیکە بەراورەد بکەین دیارە ئەوە ڕچەشکێنی بووە.

قازی: کتێبەکەی لە مەڕ مێژووی کوردان یەکەم جار لە ساڵانی ١٩٤٠-ی زایینیدا چاپ بووە، وا نییە؟

حاجی ئاقایی: لە سەر کتێبەکە ٤٦ یا ٤٧ نووسراوە بەڵام دەڵێن دواتر چاپ کراوە بەڵام ئەم مێژوویەی لە سەر نووسراوە.

قازی: بەچی ڕا دەڵێن ئەوە یەکەم ژنی مێژوونووسە لە تاریخی ئێران دا؟
حاجی ئاقایی: چون پێش ئەو هیچ بەڵگەیەک بەدەستەوە نییە لە بیسەلمێنێ ژنێکی مێژوونووس هەبووبێ و مێژوویەکی ئاوا کۆنکرێت و چڕوپڕ و زانستی داڕشتبێتەوە. ئەوە یەکێک لە خاڵە گرینگەکانە کە سەرنجی زۆر کەسی ڕاکێشاوە و هەر بۆیەش ئێستا وەکوو یەکەم ژنی مێژوونووس لە ئێران و کوردستان دەناسرێ.

 قازی: زۆر باشە، دیارە نێوی خوسرەوخانی ناکام، خوسرەوخانی ناکاو بەخۆوەیەتی چونکوو لە تەمەنێکی زۆر کەم دا وەفاتی کردووە و ئەوەش کە مەستوورە لە سەرەتاوە ئامادە نەبووە پێوەندی هاوسەری لەگەڵ پێک بێنێ، بەڵام دواتر ئەوین و خۆشەویستی لە نێوانیان دا پەیدا بووە و دوای ئەوەی خوسرەو خان لە تەمەنێکی زۆر کەم دا نزێک لە سی ساڵ، وەفاتی کردووە ئیدی مەستوورە ماوەیەک لە دەرباری ئەردەڵان دا ماوەتەوە دوایە هیجرەتی کردووە چووە بۆ بابان و سلێمانی. پێت وا نییە تێوەگلانی لە کولتووری کوردی دا لەوێ گەشەی کرد بێ؟ چونکە ئەوە دەزانین کە میرنشینی ئەردەڵان زۆر لە ژێر تەئسیری فەرهەنگی ئێرانی دا بووە.

حاجی ئاقایی: ئەگەر ئاوای چاو لێ بکەین، پێش ئەوەی مەستوورە بچیتە سلێمانی، نالی چوووەتە سنە. یانی مەبەستم ئەوەیە کە بەردەوام پێوەندییەک هەبووە، ئەو پێوەندییە ڕەنگە ئەگەر لە ئاستی سیاسیش دا چاوی لێ بکەین ڕکەبەرایەتییەک بێ لە نێوان دوو میرنشینی ئەردەڵان و بابان؛ کە زۆر جار ئەردەڵانەکان غەیری خۆیان پێ کوردنەبووە. هێندێک ئیشاڕەش هەیە تەنانەت لە نێو کتێبەکەی مەستوورەش دا، جۆرێک دەینووسێت و جۆرێک ئیشاڕەی پێ دەکا کە بێجگە لە ئەردەڵانەکان، ئەوانیدیکە کورد نین. بۆیە  دوا بە دوای کۆچی خوسرەو خان ئێمە دەبینین کە مەستوورە سەردەمێکی پڕ لە نەهامەت و ناخۆشی دەست پێ دەکات و دەگوازێتەوە بۆ سلێمانی و هەر لەوێش سەردەنێتەوە تا ئەو چەند ساڵانەش؛ تا دوای ١٩٩٥ و ٩٦ خۆ کەس نەیدەزانی تەنانەت گۆڕەکەشی لە کوێیە.
 قازی: لەسەرچاوەیەک دا بە زمانی فارسی باسی ئەوەش دەکرێ کە گۆڕەکەیان گوێستووەتەوە بۆ نەجەف.
حاجی ئاقایی: ڕاستە، تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم دوکتور جەماڵ ئەحمەدیایین بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆی توانیبووی کە ئەو گؤڕە ببینێتەوە. لە نەجەف نەبوو، پێشتر باسی ئەوە دەکرا کە لە نەجەفە، بەڵام بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بۆ خۆی کردبووی، ئێمە هێندێک باسی تێر و تەسەلمان لەگەڵی هەبوو کە چۆن  ئەو گۆڕەی دیوەتەوە. بە وردی باسی دەکرد، وەلحاسڵ دوای ماوەیەکی زۆر گۆڕەکە دۆزراوەتەوە، لەگردی سەیوانە و دیاری کراوە. ئەوەی کە ئێستاکە گرینگە میراتی مەستوورەیە، دیارە مەستوورە بەرهەمەکانی، شێعرەکانی ماوەتەوە بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئێستاکە تۆ دەبینی لە سنە پەیکەرەیەکی چەند میتری دروست کراوە، مامۆستا هادی زیائەدینی ئەم پەیکەرەیەی دروست کردووە و وابزانم یەکەم پەیکەرەی ژنیشە، ئەگەر ئێمە لە تەواوی ئێران چاوی لێ بکەین بەو شێواز و بەو ستایلە پەیکەرەیەکی دیکەی ژن وەبەرچاو ناکەوێت. ئەم پەیکەرەیە بەجۆرێک دووبارە بەرهەمهێنانەوەیەکی  ژنێکی ئاریستۆکڕاتی کوردە کە لە سەردەمێکی نوێ دا، بە ستایلێکی نوێ دووبارە دەبێ بە سیمبولی شارێک؛ یان ئێمە دەبینین دواتر وەکوو بەشێک لە میراتی مەستوورە یا وەکوو بیرەوەرییەک کە لە مەستوورە بی جێ ما بێ، جیا لە بەرهەمەکانی خۆی دەبینی ڕۆمانی لە سەر دەنووسرێ. ئێمە دەبینین لە نێو نووسەرانی کوردیش کاک جەماڵ ئەحمەدیایین ڕۆمانێکی لە سەر نووسیوە، کاک عەتا نەهایی لەکورتە چیرۆکێک دا وەکوو تێمایەک باسی مەستوورەی کردووە. یانی مەبەستم ئەوەیە کە ئێمە ڕەنگە زۆر بە کۆنکرێتی نەچینە ناو قالبی ئەدەبییات و مێژوونووسییەوە؛ دێین باسی ئەوە دەکەین کە چۆن لە سەردەمانی مەرگی کەسێک میراتی ئەو کەسە وەکوو بیرەوەرییەک دەمێنێتەوە، دواتر ئەو میراتە دوای خۆی چۆن دووبارە بەرهەم دێتەوە ڕەنگە بە لاڕێ دا بچێ، ڕەنگە ستایلێکی تازە بەخۆیەوە بگرێت یا ڕەنگە زۆر جاران لەگەڵ ئەو شتەی کە بووبێت، ئەو ئیماژەی کە ئێمە لە کەسایەتییەک، لە فیگوڕێک هەمانە ڕەنگە لەگەڵ ئەو ئیماژەی کە خۆی هەیبووە وەکوو پێرسۆنالیتی، وەکوو شەخسییەت/ کەسایەتی خۆی تەواو  جیاواز بێ، بەڵام  مەبەستەکە ئەوەیە میرات، ئەو میراتەی کە لە کەسێک بەجێ دەمێنێت دەگاتە قۆناغێک کە دەتوانێ بچێتە ناو بیرەوەری کۆمەڵایەتی، دەتوانێ ببێتە بەشێک لە بیرەوەریی مێژوویی و تەنانەت  دەور بگێڕێ لە بیرەوەرییە سیاسییەکان دا. لێرەیە کە کاراکتێرێکی مێژوویی دێتەوە نێو کۆمەڵگا و حازر دەبێ. بۆ نموونە  تۆ دەبینی ئێستاکە پەیکەرەی مەستوورە کە کاک هادی دروستی کردووە وەکوو بەشێک لە سیمبۆلەکانی شاری سنەی لێ هاتووە، یان دەبینی دواتر هەر ئەو پەیکەرەیە لە هەولێریش هەیە، لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان دامەزراوە ئەوەش هەر  بۆخۆی نیشان دەدا کە ئەو کەسایەتییە پردی پێوەندییە ئێستاکەی  لە نێوان هەولێر و سنە دروست کردووە. یانی بەشێک لە دروست کردن و بینا کردنەوەی زێهنییەتی کۆمەڵایەتی.
قازی: باشە، بەو تێخوێندنەوانەی بەڕێزت و یا ئەو سەرچاوانەی کە سەبارەت بە مەستوورە نووسراون لە ڕوانگەی ناسێنەی کوردی ڕا، یانی بەو مانایە کە هووییەتێکی جیایە لە هووییەتی غەیری خۆی، ئەگەرچی  ئەو زمانەی کە بۆ نووسینی بەرهەمەکانی جگە لە شێعرە کوردییەکانی بەکار هاتووە فارسییە، پێت وایە فەرقی بەو جیاوازییە کردووە یان نا ئەگەر بە مەفهوومی ئەمڕۆیی لێی بڕوانین.
حاجی ئاقایی: وەکوو موخاتەبێک کە دوای مەرگی مەستوورە و دوای چەند بەرە کتێبەکەی دەخوێنییەوە، ڕاستە ئەوە بەشێکە لە مێژوو و ناسێنەی کۆمەڵگای کوردی و کۆمەڵگای کوردستان، بۆیە ڕەنگە لە ڕووی زمانییەوە بڵێین ماکەکەی فارسی یە، هەرچەند مامۆستا هەژار دواتر دەیکا بە کوردی بەڵام ئەوەی کە وەکوو نواندنەوەی ئەوڕۆکە، وەکوو رێپریزەینتێشنی ئەوڕۆکە ئێمە دەیبینین  ئەوە تەواو ناسێنەیەکی کوردی هەیە و بەشێکیشە لە هیستۆریوگڕافی کوردی، دەچێتە نێو خانەی ئەدەبییاتی کوردیشەوە وەکوو لیترێچێر و ئێمە دەتوانین وەکوو فاکت بە تەواوی پشتی پێ ببەستین چونکە  خۆشی وەکوو کتێبێکی زۆر زۆر پڕ و بەهێزە و لەسەر بنەمای کتێبەکانی پێشوو نووسراوەتەوە و بێ بەڵگە ئاماژەی بە هیچ شتێک نەکردووە.
قازی: ئێستا بەڕێز حاجی ئاقایی بگەینە هێبدێک شتی دیکەی کە تۆ کردووتە لە بواری ڕووناکبیری، فکری دا. ڕەنگە بینەرانی ئەم بەرنامەیە کەمتری پێ بزانن. یەکێک لەو بەرهەمانەی بەڕێزت کاری تەرجەمەی [ کتێبەکە بەدەستەوە دەگرێ و نیشانی دووربینی دەدا] کتێبێکە کە لە زمانی ئینگلیسی ڕا وەرت گێڕاوە بە ناوی "منازعە، دموکراتیزاسیون و کردها در ترکیە،ایران، عراق و سوریە"  کە دەیوید ڕۆمانۆ کە ئاکادێمیسیەنێکی کۆبێکی – کانادایی یە و محەمەد گورسەس کە کوردێکی باکوورییە ئێدیتیان کردووە . ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی ئەو کتێبە بکە و هەر وەها کارەکانی دیکەی خۆت لە بواری ئاکادێمیک دا.
 حاجی ئاقایی: زۆر باشە ئەوە کتێبێکە ئەگەر خوێنەران دیقەتیان کرد بێ لە زمانی ئینگلیسی دا، لە جیهانی ئەدەبییاتی ئینگلیسی دا کەم هەڵدەکەوێ کەسێک بۆ خۆی دانیشێ کتێبێک لە  دەسپێکەوە تا کۆتایی بنووسێ، بۆیە نووسەران هەوڵ دەدەن کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە پسپۆڕن بە نیسبەتی لایەنە جیاوازەکانی پرسێکەوە کۆیان بکەنەوە و ئەوانە مەقالە بنووسن یا مژارێکی تایبەت  لەلایەنی جیاوازەوە باس بکەن. لە سەر ئەو ئەساسە کە ئەو کتێبە نزیکەی چەند وتار بوو  کە هەر یەک لەوانە پسپۆڕ و ئاکادێمیسیەنی زانکۆ جیاوازەکان باسیان لێ کرد بوو و هەر یەک لەوانە بە لایەنێکی جیاوازەوە پرسی کورد و دێمۆکڕاسییان لە کوردستان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستبووە بەر باس و لێکۆڵینەوە.
قازی: وا بزانم لە ئێران گۆڤارێک دەردەچوو، بە ناوی  " ڕۆژەڤ". لەسەر ئەو گۆڤارەش ئەگەر باس بکەی چونکە وا بزانم  جەنابیشت دەستت تێیدا هەبووە.

حاجی ئاقایی: ڕاستە، ئەو گۆڤارە دەگەڕێتەوە سەردەمێکی زۆر کۆنتر ئەو وەختەی کە جەوان بووین و با بڵێین زیاتر وەکوو کاری خوێندکاری سەیرمان دەکرد. دەتوانین ئاوا باسی گۆڤاری ڕۆژەڤ بکەین کارێکی ئاکادێمیک بوو، زانکۆیی بوو کە هەوڵمان دەدا دوور لە هەموو تێڕوانینی لایەنێکی حیزبی و سیاسی، زۆرتر بە ڕوانگەیەکی ئاکادێمیکەوە پرسەکانی تایبەت بەو سەردەم کە هێندێکیان ئێستاکەش مژاری لێکۆڵینەوە و باس کردنن، بورووژێنین. هەوڵ دانێک بوو کە زۆربەی کات  ئێمە لە دیوە چووکەکانی بەشی ناوخۆیی زانکۆکان کارمان لە سەر دەکرد و پێم وابێ یەکێک لە ئەزموونە باشەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی بووە و وەکوو ڕێفرێنس ئێستاکەش زۆر کەس وەک سەرچاوە ئاماژەی پێ دەکا و ئێستاش من لە شوێنە ئاکادێمییەکان بینیومە کە رێفرێنسیان پێ داوە. ڕەنگە هی سەردەمێکی تایبەت بووبێت بەڵام پێم وابێ ئێستاکەش ئەو نیگایەی کە بە نیسبەت پڕۆژەکانی ئەو سەردەم هەمان بوو هەر ئەو نیگایە نوێ یە. ئەگەر بە باشی وەبیرم بێ ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ دەستی پێکرد تا ٢٠٠٧یش بەردەوام بوو. ئێمە هەر ساڵەی دەمانتوانی دوو یا سێ ژمارە بەرهەم بێنین، چونکە ئیمکاناتمان نەبوو، پووڵ و پارە و چاپخانە نەبوو. بەڵام چونکە بەشێوازی کتێب دەرمان دەهێنا بۆیە هەر ماوە و ماندگار بوو.

قازی: دیارە زەخت و فشاری ئیدارەی ئیرشادیش لە سەری بوو زۆر وانییە؟
حاجی ئاقایی: لەبەر ئەوەی ئێمە مۆڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوەیمان لە زانکۆ وەرگرتبوو، بۆیە سانسۆر نەبوو، ڕەنگە هێندێک جار ئێمە خۆمان سانسۆرمان کردبا بۆ ئەوەی کە حەساسییەتێکی زۆر دروست نەبێت، بەڵام سانسۆری لە سەر نەبوو بێ ئەوەی کە بیبینن! ئێمە بڵاومان دەکردەوە. ئەو سەردەمە ئینترنێت و ئەوە زۆر پەرەی نەسەندبوو وەک ئێستاکە و ئەوەی کە لەبیرمە  ئێمە زۆر جاران هێڵە سوورەکانیشمان وەلا دەنا، و ئەو بابەتانەی کە بۆ ئەو سەردەم با بڵێین زۆریش تابوو بوو ئێمە دەمان شکاند و پێم وابێ بە نیسبەتی ئێستا کە سەیری ئەو کات دەکەم ئەزموونێکی سەرکەوتوو بوو.

قازی: دەزانین سەرەڕای سانسور و ئەو بەرتەنگیانەی کە لە ئێران هەیە، ڕێژیمی سیاسی کە لەماوەی چل و چەند ساڵی ڕابردوو حاکم بووە ئەگەر بەراوەردی بکەین لەگەڵ ڕێژیمی پێشوو، ڕێژیمی شاهەنشاهی لەو ساڵانە دا لەسەر بابەتی کورد بە تایبەتی بە زمانی فارسی و تا ڕادەیەکیش بە زمانی کوردی زۆر شت بڵاو بووەتەوە هەرچەند لە وانەیە بەرهەمەکانی کە چاپ دەکرێن سانسۆر بکرێن، بۆ نموونە کتێبی بەڕێز پرۆفێسۆر مارتین ڤان بڕاونێسن کە نەمر برایمی یۆنسی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی بەشێکیلێ دەرهاوێژراوە.بێت وایە ئەو کتێب و بابەتانەی کە بڵاو بوونەتەوە چەند توانیویانە شوێن دابنێن لە سەر زێهنییەتی توێژی ڕووناکبیرانی ئێرانی بەگشتی بە نیسبەت دۆزی کورد؟
حاجی ئاقایی: پێم وایە وڵام دانەوەی ئەو پرسیارە هێندێک  پێویستی بە زانیاری ورد هەیە یانی تۆ دەبێ بچی وەکوو کارێکی مەیدانی هەڵیسەنگێنی کە چۆن بووە و چۆن نەبووە، بەڵام  بە گشتی لەو چەند ساڵەی دواییدا بە تایبەت لە دە ساڵی ڕابردوو دا لە هەر حاڵ ئەگەر بە گشتی چاو لە کۆمەڵگای ئێرانی بکەین لە سەر ئەدەبییاتی کوردی بە گشتی ئاگاداری هەیە. ئێمە دەبینین بۆ نموونە لە نووسەرانی کورد، لە بەشەکانی دیکەوە دەبینین زۆر کتێب بە فارسی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە ئەوە بۆ خۆی هێندێک ئیماژی هەیە، هێندێک دنیا و جیهانبینی خۆی هەیە. بۆیە ئەزموونەکان لە بەشە جیاوازەکان دەگوێزێتەوە بۆ زمانێکی تر. بە نیسبەتی  پرسیارەکەی جەنابیشت ڕاستە لەو چەند ساڵە دا کتێبی زۆر لە سەر مژاری سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت پرسی کورد کراوە بە فارسی یان هێندێکیان کراون بە کوردیش و چاپ و بڵاوبوونەتەوە. بەڵام تا ئەو جێگایەی کە من ئاگادار بووبم، زۆربەی ئەو کتێبانە لە ناوچەی کوردستان دەفرۆشرێت. کەمتر لە کتێبفرۆشییە سەرەکییەکانی ئێران دەفرۆشرێن، بۆ ئەوە بەڵگەشم هەیە پێم وایە نیوەی زیاتری کتێبێک کە لە ئێران چاپ دەکرێت لە تاران دەفرۆشرێت و نیوەکەی ترە کە لە شارەکانی تری ئێران دەفرۆشرێت، ئەوە بە پێی حەشیمەتی تاران و بە پێی ئەو زانکۆیانەی کە لەوێیە.
قازی: باشە، دەسگایەکی وا هەیە کە ئەوەی هەڵسەنگاندبێ، پێواوبێتی بزانێ بۆ وێنە خوێنەرەوەی کتێب لە چ شارێک زیاترە.
حاجی ئاقایی: ئامارێکی چڕ و پڕ و کۆنکرێت بەدەستەوە نییە. بەڵام بە پێی ئەو پێوەندییانەی کە لەگەڵ کتێبفرۆشییەکان، لەگەڵ دۆست و برادەران هەیە زۆربەی ئەو کتێبانەی کە لەسەر کوردان دەنوسرێن و چاپ دەکرێن، دێنەوە بۆ کوردستان. بەڵام تەبیعیشە کە لە شارەکانی دیکەش کەسانێک هەبن کە بیخوێننەوە، لە هەر حاڵ دا لە سەر بەشی ئاکادێمی دەتوانێ کاریگەری هەبێت.

قازی: بۆ نموونە تا ئەو جێیەی کە زاندراوە بەشێکی زۆر لە کارەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئوێجاڵان بە زمانی فارسی وەرگێڕدراوە. تا ئەوجێیەی بەڕێزت ئاگادار بی ئەوە چەند بڵاو بووەتەوە لە کۆمەڵگەی ئێران دا؟

حاجی ئاقایی: ئەمن لە بیرمە ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ بوو کتێبێک بڵاو کرایەوە بەو ناونیشانە بەڵام دوایی کۆ کراوە. تا ئەو جێگایەی کە ئەمن لە بیرم بێ و لە کتێبفرۆشییەکاندا شتێکی ئاوا [ لە کاتی ئێتساکەدا] تۆ ناتوانی ببینی. دیارە ئەو زانیارییەی من کۆنە ئێستاکە تەنانەت لە خودی ئێرانیش ئەگەر ئەتۆ چاو لێ بکەی زۆرێک لە کتێبەکان کە مۆڵەتیان نادرێتێ بۆ چاپکردن، و هەر بۆیە دوایە بە شێوازی پی دی ئێف ئانڵاین بڵاو دەکرێنەوە. ئێستا لە کۆمەڵگای ئێرانی دا بە تەواوی زمانەکان تۆ  پێویستیت بە هەر کتێبێک هەبێ دەتوانی بە شێوازی پی دی ئێف یان ئانلاین وەدەستی بێنی.

قازی: سەبەبی ئەوەی کە من ئەو پرسیارم کرد ئەوەیە کە هەر لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا، بە تایبەتی بە ڕێگای ئەو پلاتفۆرمە مەجازییە گشتییانەی کە هەن، تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئەوە بۆ وێنە لە جێگایەکی وەکوو کلاب هاوس زۆر جار بیستوومە غەیری کورد کە باسی بارودۆخی ئێران و ئەو شۆڕشە دەکەن بۆ وێنە ئاگایی هەبووە بە نیسبەت نووسینەکانی بەڕێز ئوێجاڵان و بە زمانی فارسی خوێندوویەتەوە. ئەمن مەبەستم لە موحیتی ئێران دایە. لە دەرەوەی وڵات بەجێی خۆی و لە ناوخۆی ئێرانیش دا ئەوە دەبێ گەیبێتە دەست هێندێک توێژی کۆمەڵایەتی غەیری کورد.
حاجی ئاقایی: تەبعەن هەر وایە، تا ئەو جێگایەی من ئاگادار بم دوا بە دوای هیرش کردن بۆ سەر کۆبانێ بوو و داگیر کردنی عەفرین بوو کە پرسی ڕۆژئاوا لە ئێرانیش زۆر بەربڵاو بوو  وەک هەموو شوێنەکانی دیکەی جیهان دەنگێکی زۆری دایەوە. هەر ئەوە کاریگەرییەکی زۆری دروست کرد تەنانەت وا بزانم کەسێکیش لە کانوونی نووسەرانی ئێران کتێبێکی وەرگێڕا بە ناوی " کلید کوچک برای دروازەای بزرگ انقلاب رۆژاوا " ئەگەر جوانم لەبیر مابێ باسی ئەو شێوازە خۆبەڕێوەبەرییە دەکا؛ کە دوایی وەرگێڕی ئەم کتێبە گیرا و تووشی زیندان کرا.

قازی: ئەو بەڕێزە ناوی ئاڕەش گەنجی یە ئەندام و مونشی کانوونی نووسەرانی ئێرانە و چوارساڵ لەمەوبەر لە سەر وەرگێڕانی ئەو کتێبە ١١ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و ئێستا لە زیندان دایە.

 حاجی ئاقایی: دیارە لەم ڕۆژگارە دا پێش بە ئایدیاکان ناگیرێ، بڵاو دەبنەوە جا بە شێوازی کتێبی فیزیکی بێ یا پی دێ ئێف.
قازی: هێندێک لە ڕۆمانەکانی بەڕێز بەختیار عەلی ش بە فارسی وەرگێڕدراوە و لە لایەن خوێنەرانەوە زۆر پێشوازی لێکراوە.

حاجی ئاقایی: بەڵی کارەکانی بەختیار عەلی ش لە ئێران زۆر چاک پێشوازی لێ دەکرێت چونکە من خۆم لەبیرمە چەند ساڵ پێش لە تاران کۆڕێک بۆ خوێندنەوەی چەند ڕۆمانێک تەرخان کرا بوو، چەند ئەدیبی ئێرانی لەوێ بوون و ئەوان باسی ئەوەیان دەکردکە ڕۆمانی فارسی گەیشتووەتە بون بەست بەڵام خوێندنەوەی بەختیار عەلی دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ ئەوەی کە هەوایەکی نوێ بێتە نێو ڕۆمانی فارسی. من ئەدیب نیم بەڵام ئەوەم لەوان بیست؛ بۆیە لەو چەند ساڵەی دواییدا بە تایبەت ئەو وەرگێڕانانەی مەریوان هەڵەبجەیی کە دەیان کات توانیویەتی ئەدەبییاتی کوردی و هاوکات لەگەڵ ئەو ئەدەبییاتە، خەیاڵات و ئەو ئەزموونەی کە ئینسانی کورد لە دۆخی ئەوڕۆکە دا چێشتوویەتی و دەیجێژێت بیگوازێتەوە بۆ بەردەنگی فارس و پێشوازی زۆریشی لێ کراوە، تا ئەو جێگەیەی کە ئاگادار بم لە ئێران تیراژی کتێب لە خوارەوەیە بەڵام کتێبەکانی بەختیار عەلی بە وەرگێڕانی مەریوان هەڵەبجەیی جاری وایە پێنج شەش جاریش چاپ دەبێتەوە و تیراژیشیان لەسەرەوەیە.

قازی: بەخۆشییەوە ئەم ڕۆژانە ئەمن لە فەیس بووک دا دیتم کە ڕۆمانی " داگیر کردنی تاریکی" بەختیار عەلی بە ناوی " تصاحب تاریکی " خەریکە لە زێر چاپ دەر دەکەوێ و بە ڕاستیش ئەوە زۆر خەبەرێکی خۆشە.

حاجی ئاقایی: ڕاستە، وا بزانم پێش ئەو " شهر موزیسینهای سپید" چاپ کرا بوو.
قازی: ئەو ڕۆمانە بۆیە باسم کرد لەبەر ئەوەیە کە ئەمن بۆخۆم زۆرم بە دڵە.
حاجی ئاقایی: دیارە پێوەندی بە پرسی زمانیشەوە هەیە؛ ڕۆمانی " داگیر کردنی تاریکی" زۆر لایەنی فەلسەفی بە سەر دا زاڵە بە تایبەت ئەگەر لە ڕوانگەیەکی فۆکۆیی بیخوێنییەوە کە بەشێکی ئەو کتێبە لە سەر  کتێبی " مێژووی شیتێتی " فۆکۆ دامەزراوە؛ تەبیعەتەن ئەگەر فارسەکانیش بیخوێننەوە ڕەنگە زۆر هەڵسەنگاندنی زۆر باشی لە سەر بنووسن.
قازی: زۆر باشە بەڕێز ئازاد حاجی ئاقایی زۆر زۆر خۆشحال بووم  کە وەختت دانا و بەشداریت کرد لە بەرنامەی دووەم مان دا. داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم، هیوادارم بینەرانیش لەو زانیارییانەی بەڕێزت کەلکیان وەرگرتبێ.
حاجی ئاقایی: سپاس، هەر بژین ماندوو نەبن. کات و ساتێکی خۆشتان بێت.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە  لە چوارشەمە ٦-ی سێپتامبری ٢٠٢٣ ئاستە کراوە و ئێوارەی پێنجشەمە ١٩-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە دەکرێ بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە لە کاناڵی یوتیوبی ڕاوێژ ئەم بەرنامەیە تەماشا بکەن.
https://www.youtube.com/watch?v=NTmgqJzRl7s&t=43s