Friday, July 23, 2021

قەڵای قازی (چیرۆک) , خەبات ڕەسووڵی


 

قەڵای قازی (چیرۆک)
2021-07-22 by کانوونی نووسەران
خەبات ڕەسووڵی
,

منداڵێکی بچووک لە پێش پەنجەرەی ماڵێک ڕاوەستابوو و سەیری دەرێی دەکرد. سەیری شوێنی ڕوانینیم کرد. ڕێک سەیری چوارچرای دەکرد. تا ڕۆژ بووە لە بن پەنجەرەی ماڵەکە دانیشتم. لەم چەند کاتژمێرەدا گوێم لێبوو. کەسێکیان لە سێدارەدا یەک بۆخۆی دەینەڕاند و دەیگوت بژی پێشەوا ، بژی کۆماری کوردستان. زۆر جنێویشی بە شا و ژاندارمەکاندا. نەمزانی کێیە. وردە وردە ڕۆژ بووەوە و خەڵک هاتنە دەرێ و بەرەو چوارچرا وەڕێ کەوتن. لە گەڵیان وەڕێ کەوتم. لە تەرمەکان نزیک بوومەوە. لە نێو حەشیمەتەکەدا پیرە پیاوێک دڕی بە خەڵکەکەدا و هاتە پێشێ. گۆچانەکەی هەڵێنا و لە لاقی پێشەوایدا و گوتی قازی برای منت کوشت. ئەمڕۆش بۆ خۆت کوژرایەوە. کەس هیچ نەگوت. بێ دەنگ وەرسووڕا و ڕۆیشت. بوغز گەروومی گوشی. پێش هەمووان خۆم گەیاندە مزگەوت. شەهیدەکانیان شۆرد و لە مزگەوت نوێژیان لەسەر کردن. لە گەڵ خەڵکەکە بەرەو داشامەجید وەڕێ کەوتم. گۆڕەکانیان هەڵکەند. مەلا تەلقینی دادان و خەڵک بە گریان و فاتیحا خوێندنەوە وردە وردە گۆڕەکانیان بەجێهێشت. سەرم لە سەر خاکە گەرمەکەی سەر سینگی دانا و گوێم بە قەبرەکەوە نا. گوێم لە ترپەی دڵی بوو. هاوارم کرد خەڵکینە بگەڕێنەوە پێشەوا زیندووە. بە دەنگی هاوارەکەی خۆم وەخەبەر هاتم. سەیرێکی دەروبەرم کرد. لە ناو ئوتوبوسی کاستامۆنۆ- ئانکارا دام. دیاکۆی هاوڕێم لە پەنام خەوی لێکەوتووە و سەری کەوتووەتە سەر شانم. شادیمانم هێنا. بیرم لە خەوەکەم کردەوە. سەیری دەرەوەم کرد. خەریکە ڕۆژ دەبێتەوە. لە بن لێومەوە گوتم خوایە بە خێری بگێڕی.
بەیانی زوو لە گەڵ دیاکۆ لە ترمیناڵی ئاشتی ئانکارا دابەزین و لە ناو ترمیناڵدا نزیک دوو کاتژمێر خۆمان خافڵاند تا کاتی کردنەوەی ئیدارەکان بێ و سواری تاکسی بین و بچین بۆ یوئێن و من ناونووسی بکەم. لە بەردەرکەی ترمیناڵ لانیکەم بیست تاکسی چاوەڕێی موسافیر بوون. دیاکۆ بە تورکی لە گەڵ یەکیان معامەلەی کرد. کابرا گوتی: بە سەت لیرە دەتانبەم. دیاکۆ لەو دوورکەوتەوە و لە گەڵ دوو شۆفیری دیکە خەریکی مەعامەلە کردن بووەوە. پیاوێکی زگ زلی کورتە باڵای ڕەشتاڵەی سەرڕووت، چاویلکەیەکی ڕەشی بە چاوەوە بوو، لێم هاتە پێشێ و بە کوردی گوتی: منیش دەچم بۆ یوئێن، با بە شەریکی پوڵی تاکسییەکە بدەین. سەیری ڕووخساریم کرد. سمێڵی نیوەی دەموچاوی داپۆشیبوو. لەبەر چاویلکە ڕەشەکەشی چاویم نەدەبینی و نەم دەتوانی بزانم کێیە و بۆ هاوسەفەربوون دەبێ، یان نا؟ چەند چرکە بێ ئەوەی وەڵامی بدەمەوە هەروا بێ دەنگ سەیرم کرد. گوتی: خۆ نامکڕی بۆوا سەیرم دەکەی؟ ڕێگای قەندەهاریش نییە، دوو شەقامە بۆ هەردوو لامان هەرزانتر تەواو دەبێ. ئێوە بە دوو کەس پەنجا لیرە دەدەن و منیش بە تەنیا پەنجا لیرە دەدەم. ئیتر ئەم هەموو بیر لێ کردنەوەیەی بۆ چیە؟
وەک لە خەو ڕاچڵەکیبێم، جووڵەیەکم کرد و چووم قۆڵی دیاکۆم گرت و قسەی کابرام بۆ گێڕاوە. ئەویش بە دردۆنگییەوە سەیرێکی کابرای کرد و سەرەنجام بە ناچاری ڕازی بوو و سێ نەفەری سواری تاکسییەک بووین. کابرا لە پەنا شۆفیرەکە لە پێشەوە دانیشت و ئێمەش لە دواوە. شۆفیرەکە لە ئاوێنەوە سەیرێکی دیاکۆی کرد و پرسی هەر ئەم سێ کەسەن؟ دیاکۆ بە لەقە لەق خەریک بوو بە تورکی بڵێ بەڵێ هەر ئەم سێ کەسەین. کابرا وەپێش دیاکۆ کەوت و بە تورکییەکی ڕەوان گوتی: بەڵێ هەر ئەم سێ کەسەین، تکایە وەڕێ بکەوە. شۆفیرەکە بە خۆشحاڵییەوە ڕووی لە کابرا کرد و گوتی: شوکور تۆ تورکی؟
کابرا گوتی: مرۆڤم. شۆفیرەکە وەک بڵێی بەو وەڵامە ڕازی نییە. دیسان گوتی: باشە هەموومان مرۆڤین، بەڵام نەتەوەکەت چیە؟ تورکی، عەرەبی، فارسی؟ کابرا دەستی هەڵێنا و دەسکی سەرەوەی دەرکەکەی گرت و ڕووی وەرگێڕا و سەیری شۆفیرەکەی کرد و گوتی: هەموو زمانێک دەزانم.
دیاکۆ هەڵیدایە و گوتی: مامە مەترسە ئێمەت لە گەڵین بڵێ کوردم. شۆفیرەکە بە لالوتێکەوە گوتی: کوردی؟ کابرا گوتی: کوردیش دەزانم. هەروەک گوتم هەموو زمانەکانی ئەم دنیایە دەزانم. چاوێکم لە دیاکۆ کرد و تێمگەیاند وازی لێ بێنێ. شۆفیرەکەش چیتر قسەی نەکرد. گەیشتینە بەردەرکەی یوئێن بینیمان قیامەتە. دڵمان خۆش بوو زوو هاتووین، کەچی لانیکەم سەت کەس لە سڕە دابوون. لە گەڵ کابرا چووینە ناو ڕیزەوە ڕاوەستاین. کاتژمێر دە نۆرەمان هات و چووینە ژوورێ. بەڵام لەم ماوەیەدا ئاگام لێ بوو کابرا لە گەڵ عەرەبێک بە عەرەبی باسی شەڕی سووریەی دەکرد. منداڵێکی فارسیش کەوت کابرا بە پەلە گەیشتە سەری و هەڵیستاندەوە. دایکی هات و سپاسی کابرای کرد و کابرا بە فارسییەکی ڕەوان وەڵامی دایەوە. حەزێکی شێتانە مێشکمی ختیلکە دەدا لێی نزیک بمەوە. لە نێو هۆڵی بینای یوئێندا لە سەر کورسییەکی پەنای دانیشتم. دیاکۆش لە پەنامان ڕاوەستا. هۆڵەکە ژێرزەمینێکی قووڵ و پێچەڵاوپێچ بوو. خەڵکێکی زۆریان تێ ئاخنی بوو. هەناسەکێشان تێیدا زەحمەت بوو. باش بوو ئەو کات هێشتا نەخۆشی کۆرۆنا بڵاو نەببۆوە، دەنا کەس بە سڵامەت قوتار نەدەبوو.
چارەگێک دەبوو دانیشتبووین، کابرا وەرسووڕا و گوتی: حەز دەکەی بمناسی؟ گوتم: بەڵێ. گوتی: بەڵام ناسینی من زەرەری پترە لە قازانج. پێکەنیم گوتم: خێرە؟ بۆ جەنابت کێی؟ گوتی: گرینگ نییە جەنابم کێم. گرینگ ئەوەیە من لەم حەوتوویەدا لە ئانکارا دەکوژرێم و پاش مەرگیشم ئەو کەسانەی لە گەڵ من لە پێوەندیدا بوون تووشی کێشە دەبن. دەمزانی لە خۆڕا واناڵێ و درۆ ناکات. گوتم: کێ دەتکوژێ؟ گوتی: تورکەکان. گوتم: بۆ دەتکوژن؟ گوتی: چونکە تێدەگەن من کێم. گوتم: بۆ تۆ کێی؟ گوتی: من ئەو کەسەم ڕوحی خۆم بە شەیتان فرۆشتووە. دیاکۆ قاقایەکی کێشا و گوتی: فیلمی هیندییە. کابرا وەک بیەوێ هێزی خۆیمان نیشان بدات گوتی: چوار ساڵە لە تورکیەی و قبوڵیشت هەیە، بەڵام با پێت بڵێم یوئێن قەت بەڕێت ناکات، ساڵی داهاتوو ئەم حەلانە ناچار دەبی ملی ڕێگەی قاچاخ بگرییەبەر و بڕۆی. بەڵام مەترسە بە سڵامەتی دەگەیەی. لێ مخابن پێنج ساڵ لەوێش چاوەڕوانی وەڵام وەرگرتنەوە و قبوڵی دەبی.
دیاکۆ تفی نێو زاری قووتدا و لە جێی خۆی ویشک بوو. کابرا سەیرێکی چاوە حەپەساوەکانی منی کرد و گوتی: تۆش قبوڵ دەبی، بەڵام یوئێن تۆش بەڕێ ناکات. پاش نزیک شەش ساڵ چاوەڕوانی بە ڕێگەیەکی دیکە دەگەیە ئورووپا.
دیاکۆ بە لاڵە لاڵ گوتی: هەر دەتوانی نێو دڵی مرۆڤەکان بخوێنییەوە و داهاتوویان ببینی، یان کاری دیکەشت لە دەست دێ؟ بۆ نموونە دەتوانی بانگی ڕوحانەتەکان بکەی؟
کابرا گوتی: دەتەوێ لە گەڵ ڕوحی باوکت قسە بکەی؟ دیاکۆ وەک بەرق گرتبێتی وەلەرزە لەرز کەوت و ڕەنگ بە ڕوویەوە نەما و سپی هەڵگەڕا. کابرا گوتی: پاش نیوەڕۆ وەرنە ئەم پارکەی بەرانبەر یوئێن. گوتم: من دەمەوێ لە گەڵ ڕوحانەتی کەسێکی دیکە بدوێم. گوتی: قازی محەمەد؟ بێ ویستی خۆم لەسەر کورسییەکە هەستام و واق وڕماو سەیری ئەم کابرا سەیروسەمەرەیەم کرد. ئەفغانییەک کە دیار بوو کارمەندی یوئێنە نەڕاندی: سەلیمی جەوهەری. کابرا هەستا سەر پێ و گوتی: بەڵێ. ئەفغانییەکە بە دەست ئاماژەی پێ کرد و گوتی: بەدوامدا وەرە.
2
دیاکۆ گوتی: دەزانم چۆن بانگی ڕوح دەکات. کارێکی ئاسانە و پێشتر بیستوومە. ئەم کارە لە بەشە ناوخۆییەکانی ئێران زۆر باو بوو. کاغەزێک دێنێت، لەسەرەوە وێنەی دەرکەیەکی چینی دەکێشێتەوە، لە لای ڕاستی دەنووسێ بەڵێ و لە لای چەپی دەنووسێ نا. لە بنەوە لە سیفرەوە تا نۆ دەنووسێ و لە بن ژمارەکانیش پیتەکانی ئەلفوبێ دەنووسێ. پاشان پارەیەکی ئاسن لە سەر دەرکە چینییەکە دادەنێ. دوو کەس نووکی قامکیان دەخەنە سەر پارە ئاسنەکە. دوعایەک دەخوێنێ و داوا لە شەیتان دەکات یارمەتی بدات. پاشان بانگی ڕوحانەتی کەسە ویستراوەکە دەکات. ئەگەر ڕوحەکە بیەوێ قسە بکات پارەکە وەرێ دەکەوێت و دەچێتە سەر بەڵێ. ئەگەر نەیەوێ قسە بکات دەچێتە سەر نایەکە. دواتر ئەگەر قسە بکات بە یارمەتی ژمارەکان و پیتەکان وەڵام دەداتەوە و پارەکە دەچێتە سەر پیت و ژمارەکان. لە کۆتایشدا دەبێ داوا لە ڕوحانەتەکە بکەی بڕوات و شوێنەکە بە جێهێڵێت. کوڕێک دەیگوت لە زانکۆی ئیسفەهان بانگی روحی خومەینیان کردبوو، دواتر ڕوحەکە نەدەڕۆیشت و مابووەوە، دەیگوت بینای زانکۆکە دەلەرییەوە. بە هەزار ڕجا و پاڕانەوە گەڕاوە ئەو دنیا. ئەگەر ئەم مام سەلیمەش ئەوە بکات هیچ نییە. دڵتی پێ خۆش مەکە. ئەویش کەسێکی وەکو قازی محەمەد زۆربەی خەڵک ژیاننامەکەی دەزانن. بۆ خۆی لەجیاتی ئەو وەڵامت دەداتەوە. دەنا ئەگەر ڕاست دەکات خۆ باوکی من ناناسێ با سەرەتا ڕوحی باوکم بانگ بکات، دەی بزانم ئەم قەلەیە مام جەلال بیخوات؟
گوتم: دیاکۆ سەبر قسە بکە ئەوە وردە وردە بەرەو لامان دێت. دیاکۆ سەری هەڵێنا و سەیری لای دەرکەی یوئێنی کرد. خۆرەتاوی پاش نیوەڕۆی هاوین هێشتا هێندە بە هێزبوو کە دیاکۆ نەتوانێ چاوی لەبەر هەڵێنێ و تەنیا ڕەشاییەکی بینی. ناچار دەستی کردە کەپری چاوی و دووبارە سەیری مام سەلیمی کردەوە. مام سەلیم سەبر سەبر لێمان نزیک بووەوە و بێ دەنگ لەپەنا ئێمە لە سەر چیمەنی پارکەکە دانیشت. گوتم: چیان پێ گوتی و بۆ کامە شاریان هەڵداشتی؟
گوتی: ئێوە بۆ چ شارێک نێردراون؟
دیاکۆ گوتی: مەگەر ناڵێی زەینی خەڵک دەخوێنمەوە؟ دەی بۆ خۆت بزانە؟
سەلیم بزەیەکی کرد و گوتی: چوار ساڵە لە کاستامۆنۆ دەژی و هاوڕێکەشت هەر دراوە بەوێ، بەڵام ئەگەر من بەردەوام مێشکی خەڵکی بخوێنمەوە، نابێ قەت قسە بکەم و قسەم بۆ بکەن.
دیاکۆ بە مۆنییەوە گوتی: دەی باشە تۆیان داوە بە کوێ؟
گوتی: نەیاندام بە هیچ کوێ. گوتیان لە ئانکارا بمێنەوە و لە پێش چاومان دوور مەکەوە کارمان پێتە. ئێوە گەنجن تێناگەن ، ئەوانە هەروا سووک و ئاسان لە یەکی وەک من خۆش نابن. کاریان پێمە ولە کۆتایی ئەم حەوتوویەشدا دەمکوژن.
گوتم: باشە تۆ بۆ هاتییە بەردەستیان؟ بۆ ڕاناکەی؟ بۆ لێرەی؟
سەلیم چاویلکەکەی لەسەر چاوی لابرد. چاوە ڕەش و برۆ پڕەکەیمان بۆ یەکەمجار بوو دەبینی. قاقا پێکەنی. وا پێکەنی ددانە سپییەکانی وەدیار کەوتن و چاوەکانی هێندە بچووک بوونەوە دیار نەمان. گوتی: لە تەمەن درێژی بێزار بووم و لە پاش هەزار و چوار سەت ساڵ هاتووم لێرە بمرم.
سەیرێکی دیاکۆم کرد. دەمی داپچڕیبوو و بە سەرسووڕمانەوە سەیری سەلیمی دەکرد. ناحەقی نەبوو. ئەم پیاوە دەڵێ چی؟ بە گەوجمان دەزانێ، یان بە ڕاستێتی؟ هەرسێکمان چەند چرکەیەک سەیری یەکترمان کرد. لەپڕ سەلیم وەک شتێکی وەبیر بێتەوە گوتی: کوڕەکان من کاتم کەمە کاتژمێر شەشی ئەمڕۆ میتی تورکیە دەستبەسەرم دەکەن. واتە سێ کاتژمێرمان کات هەیە. مەپرسن بۆ دەمەوێ هاوکاریتان بکەم، مەپرسن من کێم و لە ژیانمدا چیم کردووە و بۆ لێرەم؟ تا کەمتر بزانن کەمترتان تێهەڵدەدەن. کاتژمێر چواری سبەی بەیانی میتی تورکیە دەڕژێنە ماڵەکەتان و ئێوەش دەگیرێن. ئەو کات بۆ هەر وشەیەک کە لەسەر من دەیزانن نینۆکێکتان هەڵدەکێشن. بۆیە مەمنوون دەبن کە هیچم پێ نەگوتوون. دیاکۆ بە پەلە هەستا سەر پێ و گوتی: کە وایە هەر ئێستاش تۆ گیانی ئێمەت خستووەتە مەترسییەوە. سەلیم پێکەنی و گوتی: پێم وابوو تۆ بووی دەتەویست لە گەڵ ڕوحی باوکت قسە بکەی؟ دیاکۆ گوتی: کوڕە گوم خوارد لە گەڵ جەدو ئابادم. ئەوەی لە تۆ دوور بێ لە خودا نزیکە. پاشان ڕووی لە من کرد وگوتی: هەستە با بڕۆین و لەم بەچکە شەیتانە دوور کەوینەوە.
گوتم: دیاکۆ دڵنیابە ئەوان هەر ئێستاش ئێمەیان خستووەتە ژێر چاوەدێرییەوە. یانی ترشمان بێ و شیرینمان بێ شەقەکانمان مسۆگەرە. مادام وایە با درێژە بە قسەکانمان بدەین. دیاکۆ چۆکەکانی شل بوون و هێواش خووشییە سەر ئەرزی و ڕۆنیشت. دانیشتنەکەی پتر لە لەسەرخۆ چوون دەچوو تا دانیشتن.
گوتم : مام سەلیم سەرەتا باوکی دیاکۆمان بۆ بانگ بکە. دیاکۆ وەک ژنێکی تازییەبار کە تازە هەواڵی کۆستەکەیان پێ داوە و بڕستی لێ بڕاوە و ناتوانێت قسە بکات. وەک بڵێی مێشێک لە خۆی دوور دەخاتەوە دەستی لە حەوا ڕاوەشاند و ناڵەیەک لە گەرووی هاتە دەرێ و گوتی: من نامەوێ.
سەلیم گوتی: زۆر باشە کێشە نییە ناتەوێ نەتەوێ، مۆبایلەکەت دەربێنە و لەسەر ئەرزی دانێ. دیاکۆ بە لەرزە لەرز موبایلەکەی دەرهێنا. سەلیم ڕووی کردە من و گوتی: بە ژمارەی خۆت زەنگێک بۆ موبایلەکەی لێدە. موبایلەکەم دەرهێنا. بە ترسەوە لە ناوی دیاکۆ گەڕام و دۆزیمەوە. پێش ئەوەی زەنگ لێدەم دیسان سەیری هەردوکیانم کردەوە. سەلیم زۆر بڕوا بەخۆ بەچاو ئاماژەی پێ کردم زەنگ لێدەم. بەڵام دیاکۆ دەتگوت شەپڵە لێیداوە. نەرم نەرم دەلەرزی. قامکم خستە سەر وێنەی تەلەفونەکە و فشارمدا. چەند چرکە دواتر تەلەفونەکەی دیاکۆ دەستی بە زڕە زڕ کرد و زەنگی بۆ چوو. دیاکۆ بە کاوەخۆ دەستی برد وەڵام بداتەوە، بەڵام هێشتا دەستی نەگەیشتبووە تەلەفونەکە، لەمبەری هێڵەوە کەسێک هەڵیگرت و گوتی: ئەلۆ.
بە دەنگێکی نووساوەوە گوتم : ئەلۆ سڵاو زەحمەت نەبێ لەگەڵ کێ قسە دەکەم؟
کەسەکە وەڵامی داوە من قازی محەمەدم. فەرموو.
3
گوتم: خۆشحاڵم گوێم لە دەنگت دەبێ و پێم وایە گەورەترین شانازییەکە کە بە نەسیبم بووە.
پێشەوا: سپاس ، بەڵام وانییە منیش مرۆڤێکی وەک تۆ بووم و شتێکی سەیروسەمەرە ڕووینەداوە. تەنیا جیاوازی من و تۆ، جیاوازی سەردەمی ژیانمانە، دەنا تۆش دەتوانی قازی محەمەدێک بی و ئەوەی لە دەستت دێ بۆ گەلەکەت و بۆ مرۆڤایەتی بیکەی.
گوتم: لە پاش تۆ کەسی وامان نەبووە کە هەموو لایەک قبوڵیان بێ و ڕێزی بگرن. ئەوە بووە هۆی ئەوەی قەت یەک دەنگ نەبین و بەردەوام پرشوبڵاو بین. خوزگە وەک پیشەوەری تۆش ڕۆیشتبوایەی.
پێشەوا: ئێمە بە پێی ئیمکاناتی سەردەمی خۆمان ئاگامان لە هەواڵەکانی تەورێز بوو. ئەگەر من ڕۆیشتبوایەم ئەوەی لە ئازەربایجان ڕوویدا لە کوردستانیش ڕوویدەدا، بۆیە فیداکردنی گیانی من لە بەرانبەر پاراستنی گیانی خەڵکیدا، کەمترین کارێک بوو کە دەمتوانی بیکەم. سەبارەت بە خۆشویستنی هەمووانیش وانەبوو و وانییە. نە ئەو کات هەموو منیان خۆش دەویست، نە ئێستا مابوایەم هەموو منیان خۆش دەویست. ئەوە تایبەتمەندی مرۆڤە کە ناتوانێ بە دڵی هەمووان بێت. لە بنەڕەتدا کەسێک کە هەمووان قبوڵیان بێ لە دایک نەبووە. بەڵام لەوانەیە زۆرینە کەسێکیان زیاتر بە دڵ بێ و کەمینەیەک قبوڵیان نەبێت. گرینگ ئەوەیە ئێوەش پشتی کەسە باشەکانی سەردەمی خۆتان بگرن و یارمەتیان بدەن.
گوتم: من ئێستا کەسم پێ شک نایەت کە بتوانێ ڕۆڵی سەرکردەیەکی مەزن بگێڕێت، هەموو سەرۆکی حیزبی خۆیانن.
پێشەوا: دەی منیش سەرۆکی حیزبی خۆم بووم، بەڵام گرینگ ئەوەیە لە هەڵسووکەوتدا نەتەوەیی بیر بکەیەوە و نەتەوەیی کار بکەی. سەرۆکی حیزب بوون گرفت دروست ناکات.
گوتم: بەڵام واناکەن، بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکانیان خستووەتە سەرەوەی بەرژەوەندی گەلەوە.
پێشەوا: (بێ دەنگە)
گوتم: جەنابی پێشەوا من دەمەوێ لە گەڵ شەیتان مەعامەلە بکەم. دەمەوێ لە بەرانبەر زیندووکردنەوەی جەنابتدا ڕوحی خۆمی پێ بفرۆشم.
پێشەوا: قەت شتی وامەکە. من تەمەنی خۆم کردووە و ئەوەی ئەرکی سەرشانم بوو ئەنجامم داوە و ئێستا نۆرەی ئێوەیە، ئێوەش دەبێ ڕۆڵەی سەردەمی خۆتان بن و ئەوەی لە دەستتان دێت دریغی نەکەن. زیندوو بوونەوەی من هیچ شتێک ناگۆڕێت. ئەلۆ…. ئەلۆ ؟
نا …نامەوی پەشیمانم بکاتەوە. من دەزانم تەنیا ڕێگەیەک کە هەمانە ئەوەیە کە پێشەوا زیندوو بێتەوە و ئەرکی ڕێبەرایەتی وەئەستۆ بگرێ و ئەم گەلە سەرلێشێواوە بگەیەنێتە ئارامی و حەسانەوە. ئەو ئێمەی فێر کرد کە گیانێک لە پێناو گەلدا هیچ بایەخێکی نییە و ئێستاش نۆرەی منە. بە سەلیمی جەوهەریم گوت: گوێت لێبوو؟ من دەمەوێ لە گەڵ شەیتان معامەلە بکەم. پێم بڵێ دەبێ چی بکەم؟
سەلیم گوتی: وادیارە تۆش بە قەت من گێل و گەمژەی. من هەزار و چوارسەت ساڵ لەوەپێش ئەم معامەلەیەم لە گەڵ شەیتان کرد، ئێستا هاتووم بمکوژن بەڵکوو لەم معامەلەیە ڕزگارم بێت، تۆ تازە بە تازە دەتەوێ کارێکی ئاوا بکەی؟ پەکوو خوایە کەر چەند زۆرە.
گوتم : تکایە جارێ خۆت بەدەستەوە مەدە من کارم پێتە. لانیکەم حەوتوویەک درەنگتر ئەم کارە بکە.
سەلیم کەمێک لە چیمەنەکە ڕاما و گوتی: باشە، بەڵام منیش مەرجی خۆم هەیە.
گوتم مەرجەکەت چیە؟
گوتی: من لە مێژە لە ژیانی ئاسایی دابڕاوم دەمەوێ حەوتووی دوایی تەمەنم وەک کەسێکی ئاسایی بژیم.
دیاکۆ گوتی: خەمت نەبێ بێیە کاستامۆنۆ هێندە ئاسایی دەژی بۆ خۆت وەڕەز بی.
سەلیم دەستی هەڵێنا و وەک بە بەری دەستی هەڵمی شووشەیەک پاک بکاتەوە، دەستی بە بۆشاییەکەدا هێنا.
گوتم : ئەوە چت کرد؟
گوتی: بۆ ئەوەی بتوانم لە گەڵ ئێوە بێم، ئەمڕۆم لە مێژوودا پاک کردەوە.
بە نیگەرانییەوە گوتم: یانی دەبێ من جارێکی دیکە بێمەوە لە یوئێن و ناونووسی بکەم؟
پێکەنی گوتی: مەگەر ناڵێی لە قازی محەمەدەوە فێر بووی خۆت فیدا بکەی؟ دەی ئەوەش بەشێکە لە خۆ فیداکردنەکەت. حەوتووی داهاتوو وەرەوە و ناوت دیسان بنووسەوە.
بە ناقایلی گوتم: باشە بەڵام من ئەمڕۆ زۆرم پارە چوو. بڕێک دەستم کورتە دووپات کردنەوەی ئەمە گوشارم بۆ دروست دەکات.
سەلیم گوتی: دەڵێم ئەمڕۆم پاک کردووەتەوە، یانی چی؟ یانی ئەوەی خەرجت کردووە هاتووەتەوە ناو گیرفانت و تۆ نەچووی بۆ ئانکارا.
دیاکۆ بە سەرسووڕمانەوە تێیکوتام و گوتی: سەیری دەوروبەرت بکە، لە کیشلا پارکی کاستامۆنۆین. چۆن هاتینەوە؟ بە ترسەوە لە سەلیمی ڕوانی.
سەلیم گوتی: مەترسە، ئەمە بەشێکە لە مەعامەلەکە. دەبێ ئەمشەو مەعامەلەکەمان بنووسین و ئیمزای بکەین، ئەڵبەت ئەو مەعامەلەیە لە گەڵ من نییە. مەعامەلەیەکە لە نێوان جەنابی ئیبلیس و ئەم بەڕێزەدایە. ئێستاش هەستن با بڕۆینەوە ماڵێ، زۆرم برسییە و قەرارەکەمان هەر لە ئێستاڕا دەستی پێکردووە.
4
هەوا تاریک ببوو کە گەیشتینە بن قەڵا. ماڵەکەی دیاکۆ یەکێک لە خانووە کۆنەکانی گەڕەکی قەڵا بوو. سەربانەکەی شیروانی بوو. دیواری پشتەوەی ماڵەکە پاڵی بە گڵی ژێرپێی قەڵاوەدا دابوو. دیوارەکان تەڕی گڵەکەیان مژتبوو و لە نێو ماڵەکە بۆنی نم و ڕتووبەت هەوایەکی قورسی چێ کردبوو. ماڵەکە بریتی بوو لە دوو دیو و چێشتخانە و حەمام و ئاودەستێک. هەموو ژوورەکان دەهاتنەوە سەر پێشخانەیەکی بچووک. بە هەموو ژوورەکان دوو پەنجەرەیان هەبوو. حەمام و ئاودەستەکەش دەربیجەی بچووکیان تێگیرابوو. دەرکەی دەرێ و ژوورێ گشتیان دار بوون. دەرکەکان سەردەمی عوسمانیان لەبیر مابوو و تێپەڕینی کات بێ ڕەنگ و هێزی کردبوون و لە نێوەوە کلۆر و کرمۆڵ ببوون.
سەلیم گوتی: دوو سەت ساڵ لەوەپێش هاتمە کاستامۆنۆ. ئەو کات گوندێکی بچووک بوو.ئێرە زۆر گۆڕاوە.
شەوێ نانمان خوارد و هەرکەسەی خۆی بە شتێکەوە خافڵاند.مام سەلیم لە سەر تەختەکەی دیاکۆ قنگەوتلوور کەوتبوو و سەیری دیوارەکەی بەرانبەری دەکرد و زوو زوو باوێشکی دەدا. دیاکۆش لە دیوەکەیتر خەریکی چەت کردن لە گەڵ کچێک بوو.
گوتم: سەلیم بەگ کەی شەیتان ببینم؟
سەری خوراند و منجە منجێکی کرد و هیچی نەگوت.
بە قەڵسییەوە لێم دووپات کردەوە قەرارمان ئەمشەو بوو خاڵۆ.
گوتی: باشە. هەستە بچۆ پێش ئەو ئاوێنەیە ڕاوەستە.
سەیری دیوارەکەم کرد. ئاوێنەیەکی پەنجا سانت لە سی سانتی هەڵواسرابوو. دەوری ئاوێنەکە پلاستیکێکی شینی کاڵ بوو.
بە دوو دڵی و ڕاڕاییەوە هەستامە سەر پێ و لە ئاوێنەکە نزیک بوومەوە و بەرانبەری وەستام.
خۆمم بینی و هیچیتر. گوتم: کوا شەیتان؟
سەلیم گوتی: سەیری بکە. لە خۆم ورد بوومەوە. لەپڕ ئاوێنەکە لێک ڕەوییەوە و بە قەت ژوورێکی لێ هات. من لە نێوەڕاستی ژوورەکەدا بە پێوە ڕاوەستابووم. دەوران دەورم ئاوێنە بوو. لە هەموویاندا خۆمم دەبینی. سەلیمیش لەوێ بوو. لە سووچێک چوارمەشقی دانیشتبوو. زگە زلەکەی کەوتبووە سەر ڕانی و بە هێمنی دەنگی هەناسە هەڵکێشانی دەبیسترا.ترسام. ویستم بڵێم بیسمیلاهی ڕەحمانی ڕەحیم. لە ناکاو گرمە گرمێکی سەیر دەستی پێ کرد دەتگوت تاوەرێکی گەورە خەریکە تێک دەقرمێ و بەسەرمدا دەڕژێتە خوارێ. لە ترسان گوتم بیسمیلاهی ڕەحمانی ڕەحیم. بەڵام هیچ شتێک نەگۆڕدرا. وردە وردە دەنگەکە تەواو بوو. بینیم ئاوێنەکان سوورهەڵگەڕان و دڵۆپ دڵۆپ خوێنیان لەبەر دەڕۆیشت. خوڕە خوڕی خوینبەربوونەکە وەک دەهۆڵ لە مێشکمدا دەنگی دەداوە. خوێنەکە هێدی هێدی زیاد بوو و تا گوێزینگی لاقم هات. مام سەلیم لە نێو ئەم خوێن و خوڕەدا دانیشتبوو. لەپڕ ئاوێنەی بەرانبەرم درەوشاوە و دەتگوت تاو تێیدا هەڵهات و کراوە و پیاوێکی نورانی هاتە ژوورێ. لە گەڵ هاتنە ژوورەوەی سەلیم قرچە پێ لەبەری هەستا و دەستەونەزەر ڕاوەستا.
پیاوەکە هێندە بە هەیبەت بوو. چۆکەکانم لەرزین و لە تاوان دانیشتم. نەمزانی بۆ وا دەکەم، بەڵام نەخوازراوانە سوژدەم بۆ برد و سەرم تا نزیک شەپۆلی خوێنەکان دانەواند. پاش چەند چرکە بێ دەنگی، شەیتان بە دەنگێکی پڕ و تەژی لە هێز و متمانە بەخۆ بوونەوە گوتی: هەستە سەر پێ.
دەستم خستە سەر چۆکم و هەوڵمدا پێش بە لەرزە لەرزەکەی بگرم. هەر چۆنێک بوو قیت بوومەوە و ڕاوەستام. سەرم ڕێک تا سەرەوەی نێوکی شەیتان دەهات. سەرم هەڵێنا. جلێکی سپی لەبەردابوو. چاوی دەتگوت مروارییە و دەدرەوشێتەوە، ڕدێن و پرچی سپی بوون. لووتی تەواو قەپۆز بەرانی بوو. بەڵام چاوی لای چەپی کوێر بوو. زانیم ئەم چاویەتی کە دەڵێن کاتی خۆی عومەری کوڕی خەتاب کوێری کردووە.
گوتی: بۆ دەتەویست بمبینی؟
گوتم: بینینی جەنابت لەبەرخۆم نییە، لە پێناو گەلەکەمدا دەمەویست بتبینم.
5
شەیتان: بۆ من هەموو گەلان وەکو یەکن. لە ڕوانگەی منەوە دنیا لە پاش شەڕی من و ڕەحمان دوو بەرەیە. بەرەیەک ئەوانەن کە لەگەڵ ویستی ڕەحمانن و دەیانەوێ ئەو ڕازی بکەن و بەرەکەیتر ئەوانەن کە بە دڵی خۆیان دەژین و خواست و ویستی خۆیان پێ لە هەموو شتێک گرنگترە. من سەرکردەی بەرەی دووەمم، من مزگێنی هێنەری ئازادی مرۆڤم.
گوتم: زۆر باشە ، بەڵام من نامەوێ خۆم تێکەڵی ئەم شەڕە بکەم. من دەمەوێ ساڵێک قازی محەمەد بێنییەوە سەر دنیا و ببێتە ڕێبەرمان و لە دەوری ئەو کۆ ببینەوە.
بێ دەنگ بوو. لەپڕ قەڵافەتی بچووک بووەوە و بە قەت منی لێهات. ئەمجارە زۆر جوانتر دەمبینی. پێشتر زەینم نەدابویە لەسەر سەری دوو شاخ بوون. دوو شاخی وەک شاخی بەران. شاخەکان بۆ پشتەوە چووبوون. لە جیاتی لاقیش سمی هەبوو. هەنووکە کلکیشیم دەبینی. کلکێکی ڕەش لە پشتەوە قەفی خواردبۆوە و لە لاقی هاڵابوو.
دەستە تووکنەکانی خستە سەر شانم و سەری لە دموچاوم نزیک کردەوە و گوتی: چەند میلیارد ساڵی تەمەنم لە پێناو ئازادی مرۆڤەکاندا داناوە و دژی ڕەحمان و بەرەکەی ڕاساوم. ئێستە تۆ چۆن دەتوانی داوای ئەوەم لێ بکەی یەکێک لە لایەنگرانی ڕەحمان زیندوو کەمەوە؟ کەسێک کە خۆی بە دوژمنی من دەزانێ؟
گوتم: دڵنیابە ئەویش لەم باسانە دوورە. ئەو ڕێبەری حیزبێکی ئایینی نییە. ئەو ئەگەر زیندووش بێتەوە کەسێکی سێکۆلارە.
شەیتان پێکەنی و گوتی: من و ڕەحمان دوو ڕووی دراوێکین، لە یەک پێکهاتە و بیچم و ڕەگەزین و تا هەتایە هیچمان یەکترمان پێ لە ناونابردرێ. ئێمە ئاگامان لە ترپە ترپی دڵتانە، کەچی تۆ دەتەوێ فێڵم لێ بکەی و مەلایەکم لێ بکەیە شۆڕشگێڕێک؟ دەبێ گەرەنتی بکەی دژم ناوەستێتەوە.
بە پەلە تاڵێک لە سمێڵم لێ کردەوە و بەرەوئەوم ڕاداشت. دەستی درێژ کرد و وەریگرت و خستییە نێو سمێڵی خۆیەوە. تاڵەکە شین بۆوە. تاڵێکی ڕەش لە نێو ملیۆنان تاڵی سپیدا.
دەستێکی بە سمێڵیدا هێنا و بەدەنگێکی نزم گوتی: ئەڵبەت من بەرهەمی ناسپاسی خاوەنەکەم بووم. لە ناکاو دەنگی هەڵێنا و نەڕاندی خاوەنی من …. خاوەنی من… نا من خاوەنم نییە. من بوونەوەرێکی یاخی و ئازادم. چێژ دەبینم لە شکاندن و بەزاندنی سنوورەکان.
دیسان دەنگی نزمتر کردەوە و گوتی: مخابن من ناتوانم کەس زیندوو کەمەوە. لەپڕ وەرسووڕا و پشتی تێکردم و ڕووی کردە ئاوێنەکە. لە ئاوێنەکەدا بینیم لووتی هەڵقرچاند. وەک بێزی هەستابێ گوتی: زیندوو کردنەوە کاری ڕەحمانە.
بۆ چەند چرکە بێ دەنگ بوو. پاشان وەک زارۆکێک هەیەجان گرتی و بە پەلە گوتی: بەڵام توانام هەیە لە کاتدا سەفەرتان پێ بکەم. دەتوانم تۆ بەرمە سەردەمی دایناسۆرەکان. یان قازی محەمەد بێنمە ئێستا. پێت چۆنە؟ چاکە؟ ها ها بڵێ چاکە دەی، دەی مرۆڤی دۆڕاوی دەستی ڕەحمان، بڵێ چاکە دەی.
گوتم: چاکە بەڵام قازی بێتە سەردەمی ئێمە هێڵی مێژوو تێک دەچێ. کورد لەوەی هەشە ماڵ وێرانتر دەبێ. قازی ئێستا هێمایە، لە سێدارە نەدرێ نابێتە هێما.
شەیتان چاوێکی نووقاند و وەک بیر بکاتەوە قامکی شادەی خستە سەر لێوی و گوتی: زۆر باشە، من دەتوانم ئەو گوریسەی پێی لە سێدارە دەدرێ بگۆڕم. دەیکەمە لۆکە. دەتوانم پێش لە سێدارەدان بێهۆشی بکەم و ئەو کاتەی کە دەیخەنە گۆڕەوە یەک ڕاست بیهێنمە ئێرە. پێت چۆنە؟
گوتم: زۆر باشە.
شەیتان: بەڵام یەکەم تۆ دەبێ قسەی لە گەڵ بکەی و ڕازی بکەی، چونکە بێ ڕازی بوونی ئەو من ناتوانم ئەم کارە بکەم، دووەم لە بەرانبەر ساڵێک ژیانی ئەو لەم سەردەمەدا من سی ساڵ تەمەنت لێ دەستێنم. سێهەم لەم ساڵەدا تۆ دەبێ شەو و ڕۆژ لە گەڵ ئەو بی. بێ ئەوەی بتبینێ و یارمەتی بدەی. تۆ دەکەم بە هەڵم. پێت کووە؟ پێت کووە مرۆڤی خەساوی دەستی ڕەحمان؟
گوتم :زۆر باشە، بەڵام من بۆ ڕازی کردنی پێشەوا دەبێ دووجار بچمە سەردەمی کۆمار، جاری یەکەم شەوی پاش ڕاگەیاندنی کۆمار و جاری دووەم شەوی پێش لە سێدارەدانی.
6
بە دەنگی قرچە قرچی سۆبەی دار وەخەبەر هاتم. بە حاستەم چاوم هەڵێنا و چاوێکم بە دەوروبەری خۆمدا گێڕا. ژوورەکە تاریک بوو. من لە پەنا کورەیەکی دار خۆم گرمۆڵە کردبوو. کورەکە گەرمایەکی خۆشی هەبوو. بەڵام دیاربوو هەوای دەرێ زۆر سارد بوو و بەتەنێ کورەکە دەرقەتی ئەم سەرمایە نەدەهات. سەرم هەڵێنا و لە دەوروپشتم خورد بوومەوە. دوو کەس لە نێو نوێن و باندا خەوتبوون. سەرم داناوە سەر ئەرزی و خەریک بوو دەنووستمەوە. لە پڕ بە مێشکمدا هات لە کوێم؟ ئەوانە کێن خەوتوون؟ ئەم کورەی دارە چیە؟ دەتگوت بە دار لە سەریانداوم و کاسم. شتەکانم بۆ نەدەچوونەوە سەر یەک. بەڵام با خەریکە هێدی هێدی وەبیرم دێتەوە. شەیتان گوتی: بەیانی کە لە خەو هەڵدەستی لە مهابادی. ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ساڵی هەزار و سێ سەت و بیست و چوار. یانی خودایە من ئێستا لە مهابادم؟ لە ماڵی کێم؟ شەیتان گوتی: تا شەوێ دەرفەتت هەیە لە گەڵ قازی قسە بکەی. هەر ئەوەندە خەوت لێ بکەوێتەوە دێیەوە تورکیە و سەردەمی خۆت. هەستێکی سەیر بەسەرمدا زاڵ بووە. تێکەڵێکە لە ترس و خۆشی و نیگەرانی. هەروا کە خەریکم بیر لە تاوهەڵاتن و کارەکانی سبەی دەکەمەوە، لە سەرمان هەڵدەلەرزێم. وەختە لەسەرما خۆم بە کورەکەوە بنووسێنم. هەی لە دینت بم شەیتان منی بە توێی ژێرکراس و شۆرتێکی هاوینییەوە هێناوەتە نێو چلەی زستانەوە. جا باشە من ئێستا دەستێک لیباس لە کێ وەربگرم؟ خۆ ئەوانەی خەوتوون بەیانی من بە شۆرت و ژێرکراس و عەینەکێکەوە ببینن هەر زەندەقیان دەچێ. باشە ئێستا چی بکەم؟ ناعیلاج دەستم درێژ کرد و پەتووی ئەوەی تەنیشتم ڕاکێشا و بە خۆم دادا. لە بن پەتووەکەوە جەستەی ژنێک وەدیار کەوت. ژنێکی بڕێکی قەڵەوی خڕیلانە. ژنە بڵمە بڵمێکی کرد و بەدەم خەوەوە پەتووەکەی کێشاوە بۆ لای خۆی و بە خۆیداداوە. ئەی تێت تڕم شانس. جا خۆ بە قورئان ئاوا تا بەیانی ڕەق هەڵدێم. مادام ئەمە ژنە، حەتمەن ئەوەیدیکە مێردەکەیەتی بە سەبرایەک هەستامە سەر پێ و بە کوێرە کوێرە خۆم گەیاندە دووەم کەس و خزیمە بن پەتووەکەیەوە. ئۆخەیش چەندە گەرم و خۆشە. هەرئەوەندەی بڵێی سێ و دوو خەوم لێ کەوتەوە. کەڕەی بەیانی بە دەنگی قووقەی کەڵەباب وەخەبەرهاتم. چاوم هەڵێنا بینیم، سەرم لەسەر سەنێرێکە و لە پەنام کیژێکی جحێڵ خەوتووە و قژێکی ڕەشی قەترانی بەسەر سەنێرەکەدا بڵاو ببووەتەوە. هەر جوڵامەوە و وەخەبەرهات. چاوی پێم کەوت و یەک بە خۆی پڕ بەو ماڵە قیژاندی.
7
لە گەڵ قیژەی کچەکە خۆم بینی لە نێوەندی شەقامەکانی سابڵاغدا شەپ تڕێنم دەکەن و شەق بە شەق دەڵێ جێمکەوە. دەمبینی بەو چلەی زستانە چۆن ئازای گیانم لە خوێن و ئارەقە و قووڕ هەڵکشاوە و منداڵە ورکە خەریکی بەردەباران کردنمن.
دایکی لە گەڵ قیژەی کچەکە لە خەو ڕاپەری و وەک شێتان بەرەو دەرێ هەڵات. کچەکە لەو چەند چرکەیەدا کە دایکی سەری لێ شێوا بوو و نەیدەزانی چ بکات و چ دەکات، لێفەکەی بەسەر سەرمدادا. من گوێم لە دەنگی دایکی بوو کە بە هەناسەبڕکێ هاتەوە ژوورێ و بەسەر کچەکەیدا ڕووخا و گوتی: کچەتیو ئەوە بۆ ئاوا قیژاندت؟ خۆ زراوم چوو. چ بووە؟
کچەکە لە بن لێوییەوە گوتی: هیچ. خەونی ئاڵۆزم دی دایە گیان.
بە حاڵ لۆیەکی لێفەکەم هەڵدایەوە و لە بنەوە سەیری دەرێم کرد. ژنەکە لە پەنا کورەکە پاڵی بە دیوارەوەدا و چۆکەکانی لە باوەش گرت. دیار بوو دڵەکوتەی گرتبوو.
کچەکە گوتی: زگم دێشێ. کەمێکی دیکە ڕادەکشێم بەشکم چاک بمەوە.
دایکی گوتی: ئەمشەو هەر خەونی ئاڵۆزم دی. لە خەونمدا سێ پیاویان لە چوارچرا هەڵواسیبوو و ئێمەش بەدەوری پیاوەکاندا چەقڵە سەمامان دەکرد. پشتم لە پیاوەکان بوو. لەنکاو وەرسووڕام و دەموچاوی یەکیانم بینی.
کچەکە گوتی: دەی کێ بوو؟
ژنەکە گوتی: باوکت بوو باوکت.
کچەکە گوتی: خەونە ئیدی گوێی مەدەیە بابی قوڕبەسەرم ئێسکیشی نەماوە.
ژنەکە وەک لە خەوێکی قووڵ ڕاچڵەکێ گوتی: ڕاست دەکەی، بەڵام تۆش تازە مەخەوەوە. ئەمڕۆ هەرچی خەڵقی خودایە هاتووەنەتە مهابادێ. دەڵێن ماڵ نییە بیست میوانی نەبێ. ئێمەش زوو نان دەخۆین و دەچینە چوارچرایە. بزانین چ باسە.
کچەکە گوتی: باشە تۆ بڕۆ من کەمێکی دیکە دێم.
ژنەکە هەستا و نوێنوبانەکەی خۆی قەد کرد و خستییە سەر دەستەنوێنەکان و لە دیوەکە ڕۆیشتە دەرێ. کورەکە لە مێژبوو کوژابووەوە و ژوورێ سارد بوو. وەرسووڕام و ڕووم لە کچەکە کرد. بێ دەنگ چاومان لە یەکتر بڕی.
گوتم: بۆچی منت ڕزگار کرد؟
گوتی: نازانم. لە خۆڕا هەستێکی سەیرم بۆ دروست بوو، پێم وابوو نابێ بە دەستەوەت بدەم. کێی؟ بۆ لێرەی؟
گوتم: جا چۆنت بۆ بگێڕمەوە؟ لە کوێڕا دەست پێ بکەم؟ چۆن باوەڕم پێ دەکەی؟
کچەکە پێکەنی و گوتی: مادام لە نێو جێگای من دای و پەنام داوی بێڵێ، لەوانەیە بۆت کەر بم.
پاش ئەم قسەیە پێکەنی و ئەنیشکی خستە سەر سەنیرەکە و ئاشقانە سەیری کردم.
دڵەکوتەم گرت. گوتم: نازانم چۆنی بگێڕمەوە، بەڵام بڕوا بکە من زۆر بە ڕێکەوت هاتوومەتە نێو جێگەکەی تۆوە. پێت بڵێم لە سەرمان هاتووم بڕوام پێ دەکەی؟
کچەکە پێکەنی. کە پێکەنی چاوەکانی دەتگوت دوو زەیتوونی ڕەشن و دەبریسکێنەوە. گوتی: ئەی بۆ وا بە ڕووتی هاتووی؟ پێت وابوو ئاوا زیاتر ئاشقت دەبم؟
دیسان پێکەنی و دەستی بۆ قژی برد و هەوڵیدا لە پشت گوێچکەی ڕایگرێ، بەڵام هێندە نەرم بوون پێش ئەوەی دەستی بێنێتەوە خوارێ هەڵخلیسکان و هاتنەوە پێش چاوی. گوتی: نێوت چیە و ماڵتان لە کوێیە و لە کوێ منت دیتووە؟
گوتم: دەکرێ لەو جێگاوبانە بێینە دەرێ و ئەگەر هەتانە دەستێک جلوبەرگی پیاوانەم بۆ بێنی؟
کەمێک بێ دەنگ بوو. دوایە گوتی: پێم بڵێ نێوت چیە، جا دەچم کەواپانتۆڵی باوکمت بۆ دێنم. وابزانم بەژنتان بەقەت یەکە و پڕ بە خۆتە.
گوتم: نێوم وریایە.
گوتی: درۆزنێکی باش نی. بەڵام قەیناکە. با جارێ وریا بی. ئێستە دێمەوە.
لێفەکەی لادا و هەستا سەر پێ. بە چاوی کڕیار سەیرم کرد. بەژنێکی مامناوەند، بەڵام گۆشتن و نەرمونۆڵی هەبوو. تەنانەت لە بن جلەکانیشیەوە هەستم بە لەرەی نەرموشلی مەمک و سمتی کرد.
هەر ڕۆیشتە دەرێ چەپۆکێکم بە سەری خۆمدادا و گوتم: قوڕت بەسەر بۆچی هاتووی و تووشی چی بووی؟
کەمێک دواتر گوێم لە سرتوخورتی دایک و کچەکە بوو. دیار بوو کچەکە خەرێک بوو ورد ورد هەموو شتێک بۆ دایکی دەگێڕاوە. چەند چرکە دواتر دەرکەکە کراوە و هەردووکیان لە پێش دەرکەکە ڕاوەستان. وەک مەلێکی یەخسیری دەستی تەوار لە سەر چۆک دانیشتم و سەرم داخست.
ژنە هاتە ژوورێ و دەنگی هەڵێنا و گوتی: هەتیووە بەڕەڵڵایە کوڕی کێی و بۆ بەدزییەوە هاتوویەتیە نێو جێگەی کچەکەمەوە؟
بە ناعیلاجی هەستامە سەرپێ و بەرانبەریان ڕاوەستام. لە دڵمدا گوتم: بەو شۆرت و ژێرکراسێکەوە ڕواڵەتێکی زۆر قووڵمم هەیە. لە دەرەوە دەنگە دەنگێکی سەیر دەهات. دەتگوت خۆپیشاندانە.
بە کورتی بەسەرهاتەکەم بۆ گێڕانەوە. بە قەت نووکە دەرزییەک چیە بڕوایان پێ نەکردم.
ژنە ڕووی لە کچەکەی کرد و گوتی: سۆیبە بچۆ بانگی حوسێنی ئامۆزام بکە. وادیارە ئەوە بە شێتمان دەزانێ. گوتم : نا بە قوربانت بم سۆیبە گیان مەچۆ ڕاستییەکەیتان پێ دەڵێم.
8
من ناوم کاوەیە. خەڵکی ورمێم. باوکم بە فیتی فارسەکان و بەدەستی تورکەکان کوژراوە. من نۆکەری قادرئاغای دێیەکەمانم. پیشەی من مەیتەرییە. مەیتەری ئەسپەکانی قادر ئاغام. دوو ساڵ لەوە پێش کوڕێکی جیرانمان ئاشقی خوشکم بوو. مەلای ئاوایی بە فێڵ و بە درۆ پێی لە کەوشێک نا و گوتی ئەم دووە پێکەوە شیریان خواردووە و خوشک و بران و پێک ناشێن. بووک و زاوا لە مەلا و خودا یاخیبوون و زەماوەندیان کرد. بەڵام پیاوەکانی قادرئاغا بە بیانووی لێک حەرام بوونیان شەوی شاییەکە زاواکەمانیان کوشت و ئاغا بووکی لە خۆی مارە کرد و چووە پاڵی. هەر ئەو شەوە خوشکم خۆی خنکاند. من بۆ سکاڵا هاتووم بۆ سابڵاغ. سکاڵا لە فارس و لە تورک کە باوکمیان کوشت. سکاڵا لە مەلای درۆزن و لە ئاغای دڵ ڕەق.
سۆیبە و دایکی واقوڕماو سەیریان دەکردم. هەر دووکیان دەمیان ببووە تەڵەی تەقیوو و چاویان مولەق وەستابوو. دایکی سۆیبە لەپڕ وەک شتێکی وەبیر بێتەوە گوتی: ئااااا. دواترلە بیری چووەوە دەبێ درێژە بە قسەکەی بدات. سۆیبە سەیرێکی دایکی کرد و گوتی: ئەم کوڕە ناتوانێ درۆ نەکات. باشە دایە تا ئێستا مەیتەری چاویلکە لە چاوت بینیوە بە چلەی زستان بە شۆرتێک و توێی ژێرکراسێکەوە بچێتە ماڵی بێوەژنێک و بخزێتە نێو جێگای کچێکی جحێڵەوە؟
برۆی تێکنا و هەرچی ئاو و بەڵغەمی نێو زاری بووی کردە تفێک و ڕێک بە دەموچاومی داکرد. گوتی: دایە مەهێڵە ئەم بەچکە شەیتانە پەل ببزوێ، ئێستا دەچم بانگی کاک حوسێن دەکەم و دێمەوە. ئەگە ویستی بڕوا بە شیشی تەندورەکە خوری شۆری بکە.
گوتم: کچێ سۆیبە تۆی ناسک و نازدار و شل و مل بۆ وا بێ بەزەیی؟ تۆی مێهربان کوێڕا وا گۆڕدرای؟ڕاستت پێ دەڵێم بڕوا ناکەی. درۆت بۆ دەکەم بڕوا ناکەی. ئەی من چ قوڕێک بەسەر سەری خۆمدا بکەم؟
ئەم قسانەم کە دەکرد سۆیبە لە مێژ بوو لە ژوورەکە نەمابوو. دەستەوەستان ڕوو بە دایکی سۆیبە ڕاوەستام و لەبەرانبەر ئەم چارەنووسە نادیارەدا دۆش دامام.
وادیاربوو کاک حوسێن زۆر بێکاربوو و لە خودای دەویست بەزمێک دروست بێ و ئەم ببێتە کوێخا و کەوچی تێوەردات. تاوێکی پێ نەچوو سۆیبە و دوو پیاو خۆیان بە ژوورێدا کرد. سۆیبە بە قامکی شادەی ئاماژەی پێ کردم و ڕووی لە یەکیان کە دیاربوو کاک حوسێنە کرد و گوتی: ئەمە بچکەی شەیتانەکەیە و بە خۆی گوتی: ڕوحی بە شەیتان فرۆشتووە.
حوسێن گوتی: ئەم خوشک حیزە درۆ دەکات. ئەمە جاسووسە. بێت و نەبێت نێردراوە و هاتووە جاسووسی لە ئێمە و کۆمار بکات. هەر مەگین خودا بۆ خۆی بزانێ کلکی لە کلکی کێ هاڵاندووە و سەربە کوێیە. ئەوەی دیکەیان کە دواتر زانیم ناوی ڕۆستەمە هات و پشتە ملی گرتم و وەک جووجکەیەک لە ئەرزی بەرز کردمەوە و بە هێز و قووەتی خۆی شەقێکی تێ سرەواندم و گوتی: ئەمە زووڕییەتی شەیتانە و دەبێ ڕەجمی بکەین و بیکەینە قوربانی ئەم ڕۆژە پیرۆزە.
گوتم: کوڕە لە ڕاهی خودادا دەست لە یەخەم کەنەوە و بێڵن بڕۆم. کوڕە من و جاسووسی؟ کوڕە من و شەیتان؟ ئاخە چۆن دەبێ من ڕەجم بکرێم؟ لە پای چ تاوانێکی نەکردوو؟
حوسێن لێم هاتە پێشێ و دەستی درێژ کرد و توند هێمای زەرتووشی کە بە زنجیر لە ملم کردبوو گرت. سەیرێکی کرد و بێ ئەوەی لێی تێبگات و بزانێ چییە، گوتی ئەم مەلعوونە خاچ پەرەستیشە. شا شا وەرن سەیری بکەن. ئەمە خاچە بە ملییەوەتی. شەرتە وەک عیسا ئەمڕۆ لە خاچت بدەین.
دوایین وشەکانی حوسێن لە مێشکمدا وەک دەنگی ناقووسی کلیسا زرینگانەوە و کاسی کردم. ئەمجارە نە مست و نە شەقەکانم هەست پێ نەدەکرد و نە جنێوەکانیانم دەبیست. دەتگوت دوو بوتڵم ویسکی خواردووەتەوە و فڕم بە دنیاوە نەماوە. دەتگوت ئەوە من نیم منداڵەورکە و هەتیوو مەتیوی مهاباد ڕەجمی دەکەن و کچان و ژنان تەشتی ئاوی کوڵاتووی پێدا دەکەن. دەنگی ناقووسەکە لە مێشکمدا نەدەبڕایەوە و نەدەبڕایەوە. لە گەڵ هەر دینگە دینگی زەنگەکە ئازای گیانم دەلەرزی و تێکەڵ لەرزی سەرما و گەرمی خوێنی بەربووی لوت و چاوم دەبوو. ئێستا نە حوسێن مابوو و نە ڕۆستەم و نە سۆیبە و نە دایکی. ئەوانەی منیان بە کۆڵانەکاندا دەگێڕا، نەیاندەزانی بۆ لێم دەدەن و چیم کردووە. یەکێک دەیگوت: دزە و یەکێکیتر دەیگوت لە سەرژن گرتوویانە.
لای نیوەڕۆ و ڕێک ئەو کاتەوەی خەڵکەکە دەستە دەستە بەرەو چوار چرا دەڕۆیشتن و خەریکبوون خۆیان بۆ ڕێژە و سانی هێزی پێشمەرگە و وتاری پێشەوا ئامادە دەکرد، ئیتر من لە چەقی سەرنجیان ترازم و وەک پەرۆیەکی گواوی و پیس لە چڵپاوی کۆڵانێکدا بەجێیان هێشتم. بەو حاڵ و وەزعەوە تازە نەمدەتوانی بچمە پێشێ و لە پێشەوا نزیک بمەوە. بەڵام من بۆ ئەوە نەهاتووم لێرە دۆشدامێنم. نابێ کۆڵ بدەم. کاتم نییە بۆ بە فیڕۆدان.
بەوپەڕی زەلیلی و تێکشکاوییەوە بەدوای خەڵکەکە کەوتم و لە پشت جەماوەرەکەوە ڕاوەستام و چاوەڕێی دەست پێکردنی ڕێوڕەسمەکە مام. چاوە خوێن تێزاوەکانم و شووشە شکاوەکانی چاویلکەکەم کەلکی دیتنیان نەمابوو و تەنیا گوێیەکانم بوون کە حیلەی ئەسپەکان و زرمەی پێکوتانی پێی سوپای پێشمەرگە و دەنگی تەقەی خۆشی تفەنگەکانی گوێ لێ دەبوو. من لەو دەقەیەدا شەیتانی ڕەجیم و عیسای لە خاچ دراو بووم و هاتبووم سەرەڕای ئەوەی لە بن قورسایی کێوی ئازارە تاقەتپڕۆکێنەکانم پان ببوومەوە، ببمە گوێگر و گوێم لە دەنگی ڕزگاریدەری گەلەکەم بێت. ڕێبەرێک کە بۆ ئێمە لە ئاو بۆ تینوو و لە نان بۆ برسی پێویستر بوو. قازی کە چووە سەر سێنەکە و دەستی بە قسە کرد، دەتگوت ئەم هەزاران هەزار مرۆڤە بە جارێک مردن و بوونە بەرد. گشتی بوونە گوێچکە و کڕبوون و هەناسە لە سنگیاندا قەتیسما. قازی گوتی:
کوردستان موقعییەتێکی مەخسووسی هەیە کە بێ‌پسانەوە و بێ‌ ئەوەی نەتەوە و میللەتێک کە لە نێویاندا فاسڵ و لێکیان بپچڕێتەوە، کورد بەسەر یەکەوە و پێکەوە سکونەتیان تێدا هەیە و دارای مالکییەتی میللین دەوێ‌دا. بەسەرهات و سەوابقی تاریخییان یەکە و عموومەن تێیدا شەریکن. خاوەنی ئاداب و عادەت و ڕسوومی میللەتێکی وان کە هیچ جۆرە سەدەمە و حوادیسێک نەیتوانیوە سستییەک لە بناغەی میللەتی ئەوان‌دا پەیدا بکا. کورد لە قەدیم‌ڕا هەزاران پادشا و حوکمدار و تەشکیلاتیان بووە. هەر لەم کوردستانی ئازادەی ئیستادا بنەماڵەی ئۆمەرای موکری کە سەرسلسلەی ئەوان ئەمیر سەیفەددین بووە تا (١٠٢٠ کۆچی) بە ئیستقلالی، یەک لە دوای یەک ئەمیر سەیفەددین، سارم ‌بەگ، شێخ حەیدر، ئەمیر بەگ، ئەمیر پاشا، تا دەگاتە قوبادخان، بە دەسەڵات و قودرەتەوە حکومەتیان کردووە. میللەتی ڕەشید و بەغیرەتی کورد لە هەموو دەور و زەمانێک‌دا هەرکەس خەیاڵی ئیستیلای نیشتیمانی ئەوانی بووبێ، بەرەنگاری بوون و بەربەرەکانییان کردووە و لە هیچ فیداکارییەک دەستیان دانەنواندووە. لە پاش لە دەست‌چوونی سەلەتەنەت و حوکمداریشیان بۆ وەگیر خستنەوەی ئیستقلال و ئازادی بە میلیۆن قوربانییان داوە، لەبەر ئەوەی کە هەمیشە لە موبارزە و ملەدا بوون، هیچ جۆرە ئەزیەت و ئازارێک نەماوە نەیچێژن و نەیبینن .لەگەڵ ئەوەش هەموو کوێرەوەری و کوشتن و بڕینێکیان تەحموول کردووە و قەت لە ئامانج و ئارەزوی خۆیان شل نەبوونەوە و لەرێی وەدەست‌خستنەوەی ئازادی‌دا وچانیان نەداوە. بە دڵێکی فراوان و هێز و عەزمێکی هیندە سابیتەوە تێکۆشاوەن تا ئیستا هێزێکی وا بەهێز نەبووە بتوانی تێکڕا خەفەیان بکا، میرە کوێرەیان کوشتووە، بابانییەکان سەریان هەڵداوە. بابانیان بێدەنگ کردووە، ئەردەڵان هاتوون. ئەوانیان لە ئەرزی داوە بیتلیسی بەرز بوونەوە و هەزاری وەک ئەوان .لەو دواییانەدا لە پاش شەڕی بەینەولمللیی پێشوو کە دیکتاتۆری ئێران و تورکیە هاتنە سەر کار، زمان و عادەت و مەزهەب و ئیحساساتی میللیی کوردیان بە جارێک لاواز و کز و کەنەفت کرد. لە هیچ وەحشییەت و دڕندەییەک ڕانەوێستان، خوێندن و نووسینی کوردی مەمنووع و پۆشینی لیباسمان قەدەغە بوو. نەیاندەهیشت لە هیچ جۆرە مزایا و حقوقێکی بەشەرییەت بەشمان ببێ، ڕێگای فێربوونی عیلم و سەنعەتیان لێ بڕیبووینەوە. هەر ڕۆژی بە بەهانەیەک و هەر دەمێ بە تەشقەڵەیەک دەستە دەستە و پۆل پۆل کوردی هەژار و بەدبەختیان حەبس و تەبعید دەکرد و دەیانکوشتن و لەبەینیان دەبردن، حاسڵ و دەستڕەنجی ئەو میللەتە بێچارەیان دەبرد بۆ خۆیان و ئەوانیشیان برسی و تینوو و ڕووت و قووت دەهێشتەوە. تا لە شەهریوەری 1320 دا فریشتەی ئازادی دەزگای دیکتاتۆری و فاشیستیی ڕەزاخانی تێک‌شکاند. کورد سەری لەو هەموو فشار و ئەزیەتە کەمێ فارغ بوو و فەوری ئیحساسی کرد کە چۆن دەبێ لە فورسەت ئیستفادە بکا، و ڕێگای سەڵاح و وەدەست‌خستنی ئازادیی ئەو میللەتە چییە و چی بکا؟ پیاوانی بەبیر و هۆش و بەشەڕەف کە زۆر لەمێژ بوو خوێنی دڵیان دەخواردەوە بۆ زەلیلیی ئەو میللەتە دووکەڵ لە دەروونیان دەهاتە دەرێ، زۆر زوو تەشخیسیان دا کە وەختی کارە و لەو فورستە دەبێ بەهرە وەرگیرێ و ئەوە تەواو ئەو ڕۆژەیە کە پشتاوپشتمان چاوەڕوانی بوون. یەک جار خێرا و بێ‌وچان و ڕاوەستان دەستیان بە کار کرد و حیزبی دێموکراتی کوردستان‌یان تەشکیل دا و بە دەستوبرد خەریکی کاروباری میللی بوون و بە چاوێکی ورد و بەدیقەت ئیحتیاج و پێداویستیی کوردیان تەشخیس دا و بەدیی کرد. لە پێش هەموو شتێک‌دا ئیختلافات و دووبەرەکانیی عشائیری کە بە دەسیسە و حیلەبازیی ئیستعمارچی و دیکتاتۆران بۆ ئیستسمار و خواردن و کروساندنەوەی ئەو میللەتە بە قەولی خۆیان (تفرقە بیانداز و حکومت کن) لە بەینی خستبوون و تا ئەندازەیەک ئەو ئاورە بڵیسەی ئەستاندبوو، برای دایک‌وبابی لە یەک ترازاندبوو، یەکیەتی لە گۆڕێ هەڵگیرا و، ناوی عەشیرەت و تەوایف و هەرچی کە ئەسبابی ئەو نفاق و پەرش و بڵاوییە بوو فڕێ درا و عموومەن لەژێر عینوانی حیزبی دێموکراتی
کوردستان‌دا کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان تێکڕا بەرەو ئامانجی ئازادی کەوتنە ڕێ. زمانی زگماکمان کە لەگەڵ شیری دایک تێکەڵی خوین و گۆشتی ئێمە بووە لە زەمانی دیکتاتۆری‌دا سەخت قەدەخە کرابوو، زمانی فارسی بە زۆر تەحمیلی ئێمە و منداڵەکانمان دەکرا و ئەوە پتر سەبەبی پاشکەوتنی کورد بوو، زمانی کوردی لە مەدارس ڕەسمییەتمان پێدا و خوێندن و تەحسیلاتمان بە سەبک و تەرتیبی دنیا خستە سەرباری کوردی، چەند مەدرەسەی کچان و کوڕانمان کردەوە و مەدرەسەی شەوانەمان دائیر کرد و کتێب بە زمانی کوردی تەرجەمە کران، چەند سەد کوڕ و کچ و پیاوی گەورە لە مەدارسی شەوانە و ڕۆژانە بە زمانی کوردی دەخوێنن. لەجیاتی ئەوەی شەش حەوت ساڵ خەریکی خوێندن و فێربوونی زمانی فارسی بن، لە مانگێک دوومانگ‌دا دەبنە خوێندەوار و هەموو شتێک دەخوێننەوە و دەنووسن. بۆ ناساندنی لیاقەتی میللی و، وەدەرخستنی حەیاتی ئەدەبی و فەرهەنگەی کورد و بۆ ڕاگەیاندنی هاواری خۆمان بە گوێی دنیای بەشەرییەت و عەداڵەت موحتاجی وەسیلەی چاپ و بڵاو کردنەوە بووین، چاپخانەی زۆر چاک تەئسیس کرا و دامەزرا، لە شاری خۆمان گۆڤار و ڕۆژنامە دەردەچێ و بیر و فکر و داخوازیی ئێمە لە دنیادا بڵاو دەکاتەوە. حاسل و بەروبومی ئێمە کە میقدارێکی زۆروزەوەند و بەقیمەت بوو بە فیڕۆیی لە دەستیان دەر دەهێناین و دەستی ئیستعمار سەدێکی لە پێش ئێمە و بازاری دنیادا دروست کردبوو، ڕێگاحەلمان دییەوە و تیجارەت و ئیقتسادی کوردستان زۆر باش تەئمین کرا .لە زەمانی دیکتاتۆری‌دا کە هەموو عەوارزێکیان لێ دەستاندین کەم و زۆر وەسیلەی لەشساغی و معالیجە نە حکیم، نە دەرمان، نە نەخۆشخانە بۆیان ساز نەدەکردین، ئێمە بۆخۆمان نەخۆشخانەی زورباش بەم زووانە دائیر دەکەین و لەشساغیی وڵاتمان تەئمین دەبێ. هێزێکی میللیمان تەشکیل داوە کە بە شوجاعەتێکی تەواو حازرە دیفاع لە نیشتمان بکا .دیارە موەفەقییەتی ئێمە سەراسەر لە عەینی مەرامی دێموکراسی و لە ئەنجامی فەعالییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە پشتیوانیی عالەمی دێموکراتە. لەبەر ئەوە بەدڵ و بەناو دەڵیین: بژی موئسسینی دێموکرات .میللەتی کورد هەزاران سەد و بەربەستی سەخت و سەهەندی لەڕێ‌دا بوو، دەستە و دائیرەی دیکتاتۆری بێ‌وەچان کارشکێنیی ئێمەیان دەکرد و لە هیچ نامەردییەک ڕانەدەوستان، ئیختلافاتی عشائیر بۆ داخڵیش ئیشکالێکی گەورە بوو بۆ ئێمە، ئەمما ئەوانە هیچ کامیان نەیانتوانی پێش بە ئێمە بگرن و بە دڵێکی بەهێز پایەداریمان کرد و ئیدامەمان بە فەعالییەتی خۆمان دا تا ئیستقلال و ئازادیی نەتەوەی کوردمان بەدەست هێنا. دیارە بەقایای ئەو خەتەراتەش کە ماوە چ لە داخڵ‌دا و چ لە خاریج‌دا میللەتی کورد موبارزەی خۆی لەگەڵیان ئیدامە پێ دەدا و بە پشتیوانیی خودا موزەفەر و مەنسوور دەبێ. ئەوڕۆ کە نمایندەگانی تەواوی نواحی و نوقاتی کوردستان بێ ڕەعایەتی تەبەقات ئەعم لە ئاغا و ڕەعییەت و گەورە و چووک کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان هاواری دێموکراسی دەکەن و بەڕێی دێموکرات‌دا دەرۆن، قودەرت و قووەتی دێموکرات نیشان دەدا.
قازی کە تەواو بوو، دەتگوت دنیا تەقییەوە و بە هەزاران کەس دەستیان بە چەپڵەلێدان و فیتوولێدان و شوعاردان و تەقەی خۆشی کرد. هەر لەوێ گایەکیان لە ئەرزیدا و من بۆنی خوێنەکەیم بۆ هات و پڕ بە سییەکانم هەڵمژت. خەڵک وەک بەیانی جێژن یەکتریان لە ئامێز دەگرت و یەکتریان ڕادەمووسی و پیرۆزباییان بە یەکتر دەگوت. بە شەلە شەل لە قازی نزیک بوومەوە. شادی و خۆشییەکە لە ئاستێکدا بوو کە بە ئانقەست چاویان لە حاند من دەنووقاند و نەیاندەویست خۆشی ڕۆژەکە بە دیتنی من لە خۆیان تێکدەن. دەتگوت ئەم خوێن و قوڕە منیان نابەدی کردووە و بوونەتە پاسپۆرتی پەڕینەوەم. تا گەیشتمەوە پشتی پێشەوا کەس نەیپرسی ئەرێ تۆ بەم حاڵ و وەزعەتەوە لێرە چ دەکەی و لە چی دەگەڕێی؟ کە گەیشتمە پشت سەری پێشەوا دەستم درێژ کرد و شانیم گرت. قازی وەک لە نێو ئەم هەموو زەنا زەنایەدا لەپڕ کەوتبێتە بێ دەنگی و تەنیاییەوە، ئاوڕی داوە و سەیری کردم.
9
تۆ دەتوانی باوەڕت بە موعجیزە هەبێ و بڕوا بکەی کە عیسا مردووی زیندوو دەکردەوە و مووسا بە گۆچانەکەی دەریای شەق دەکرد و محەمەد بە قامکی مانگی لەت دەکرد. هەروەها دەتوانی بڕواشیان پێ نەکەی و هەموویان بە بەرهەمی خەیاڵی مرۆڤ بزانی.
بەڵام من ئەوکاتەی بە فانیلەیەکی عەلاگە و شۆرتێک و چاویلکەیەکی شکاوەوە، لە کاتێکدا ئازای جەستەم لە قوڕ و خوێن هەڵکشابوو، خۆم لە بەرانبەر پێشەوا دابینییەوە، بڕوام بە موعجیزە هێنا. ئەی موعجیزە نییە چیە؟ ڕێک ئەو کاتەی لانیکەم بیست هەزار میوان هاتوونەتە ئەم شارە و شار لەبەر ئاغا و سەرۆک خێڵ و پیاوماقووڵ جمەی دێت. من بەم سەرو بیچمەمەوە بتوانم لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی کۆماردا خۆم بگەیەنمە پشتەسەری پێشەوا و دەست درێژ بکەم و شانی بگرم. پێت کەمە؟
ئەو کاتەی پێشەوا بە سەرسووڕمانەوە لای لێ کردمەوە و سەیری کردم، من وەک بەلەمێکی سەرلێشێواو بووم کە گەیشتووەتەوە ویشکایی. یان وەک مەلێکی شەوارەکەوتوو بووم کە گەیشتووەتەوە هێلانەکەی. لەپڕ هەستم کرد قورسایی ئەرکێکی مێژوویی لەسەر شانم لاچووە. ئەم سووک بوونە بووە هۆی بەتاڵ بوونەوەی وزەم و پێش ئەوەی لەسەرخۆ بچم تەنیا توانیم بڵێم قوربان کارم پێتە. پێشەوا چی گوتووە و کێ منی گرتووەتەوە، یان کێ لەسەرئەرزی هەڵیستاندوومەتەوە، نازانم. تەنانەت نازانم پێشەوا گوتوویەتی بمبەنە ماڵی خۆی، یان بە هەڵکەوت ئەمە هاتبووە پێشێ.
کە چاوم هەڵێنا، زانیم خاوێنیان کردوومەتەوە و جلیان لەبەر کردووم و لە نێو جێگەیەکی گەرمدا درێژیان کردووم. ماڵی شەیتان ئاوا بێ، ئەم لەسەرخۆچوونەی بە خەو بۆ ئەژمار نەکردم دەنا ڕیسەکەم لێ دەبووەوە بەخوری. دیاربوو ئەم ژوورەی منی لێ بووم بەشێکی تەریکی خانوویەکی گەورە و ئاوەدانە. سەرەڕای ئەوەی هەوا تاریک ببوو و شەو باڵی بەسەر شاردا کێشابوو، کەچی هێشتا ئەم ماڵە لە جموجۆڵ نەکەوتبوو و دەنگی بەردەوامی هاتووچۆی خەڵکیم هەر گوێ لێ دەبوو. ژوورەکە ژوورێکی بچووکی سێ لە چوارە و مافوورێکی کۆنی لێ ڕاخراوە. بە حوکمی زستان کورەی داری لێیە و لە قوژبنێکی ژوورەکەش مێز و سەندەڵییەک دانراوە. لەسەر مێزەکە چەند کتێب و دەفتەرێک دانراوە. پەنجەرەیەکی بچووکی هەیە، بەڵام پەردەیەکی ناسکی سپی دادراوەتەوە و دەرێ دیار نییە. دەرکەیەکی دووتایی دار لە دەستی بەرانبەری سۆبەدارەکە نیوە ئاوەڵەیە و تیشکێکی زەردی کزی لامپ خۆی خزاندووەتە ئەم ژوورەی من و بەحاڵ ڕووناکی کردووە.
هەروا کە ڕاکشابووم و بیرم دەکردەوە. دەرکەکە جیڕەیەکی لێهات و ژنێکی خانوومان هاتە ژوورێ. تەکانم لە خۆمدا لەبەری هەستم. خێرا خۆی گەیاندە من و گوتی: ڕاکشێ پێویستت بە حەسانەوەی زیاترە. ڕاکشێ.
بە قسەم کرد و هەڵنەستام، بەڵام بە لای ژنەکەدا وەرسووڕامە سەر ئەنیشک. پێش ئەوەی دانیشێ دەستی برد و گڵۆپی ژوورەکەی پێ کرد. دەستبەجێ ناسیمەوە مینا خانمی خێزانی پێشەوا بوو. هەربۆیە بە پەلە هەستام و چوارمەشقی دانیشتم.
قژێکی ڕەشی قەترانی بە پێی مۆدی سەردەمی خۆی لە نێوەڕاستی سەرییەوە قاش کردبوو و دەسماڵێکی سپی بە سەر سەریدادابوو. گوتم: جەنابت دەناسم، تۆ مینا خانمی قازی.
بزەیەکی کرد و گوتی: ئاساییە بمناسی،ئێمە لەم شارەدا ناسراو و بەرچاوین. کەمێک ڕاوەستا و پاشان داهاتەوە و لە پەنا جێگاکەی من دانیشت و گوتی: ئێستا تۆ پێم بڵێ کێی و چ کارێکت بە پێشەوایە؟ بۆ ئاگاداریت لە گرینگترین ڕۆژی ژیانیدا تۆی هەر لە بیر بوو و بۆ خۆی ڕایسپاردم بێم و قسەت لە گەڵ بکەم.
گوتم: دەزانم زۆر زەحمەتە بڕوام پێ بکەی، بەڵام من لە داهاتووەوە هاتووم. لە سەردەمێکەوە دێم کە سەردەمی ئێوە نییە.
ژنەکە وەک لەم قسەیەم سڵەمیبێتەوە. هەستایە سەر پێ و دوو هەنگاو لێم دوورکەوتەوە و ڕاوەستا و بێ دەنگ سەیری کردم.
گوتی: فکرمان بۆ هەموو شتێک دەچوو، فکرمان بۆ ئەوە نەدەچوو تەواو نەبی.
بە ناڕەحەتییەوە گوتم: من شێت نیم. پاشان وەک ڕێگە چارەکەم بینیبێتەوە گوتم: دەتوانم پێت بسەلمێنم. بەختەوەرانە جەنابت تەمەن درێژ دەبی و نزیک نەود ساڵ تەمەن دەکەی. بەڵام بەداخەوە لە پاش ڕووخانی کۆمار زۆر جار تووشی گیران و ئەشکەنجە و چەرمەسەری دەبی.
گوتی: وادیارە پێشگۆی. گوتم: مینا خانم عەرزم کردی لە داهاتووەوە هاتووم.
گوتی: جا بۆ هاتووی؟
گوتم: لەسەردەمێکەوە دێم کورد تووشی پرشوبڵاوی بووە و کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە. نەبوونی ڕێبەرێکی کاریزما پشتمانی شکاندووە. ئەم سەرکردانەی هەمانن هەموو بەرژەوەندی خۆیان و حیزبەکانیان خستووەتە پێش بەرژەوەندی نەتەوەوە و یەکگرتووییان بە قوربانی ئامانجەکانی خۆیان کردووە.
بە شەرمێکەوە درێژەم دایە و گوتم: هاتووم پێشەوا بەرم.
گوتی: وەی ڕۆ. دواترهەڵچوو و گوتی: حەدتت نییە دەستی لێدەی. مەگەر بەسەر تەرمی مندا بڕۆی.
بە ناڕەحەتییەوە گوتم: تەمەنی ئەم کۆمارەی ئەمڕۆ ڕاگەیاندرا تەنیا یازدە مانگە. لەم یازدە مانگەدا سەدان گرفت بۆ کۆمار دێتە پێشێ و سەرنجامیش قەواموسەڵتەنە بە فێڵ و درۆ وا دەنوێنێ کە ئیمتیازی نەوتی باکووری ئێران بە ڕووسەکان دەدات و ڕازیان دەکات لە ئێران بڕۆنە دەرێ. ڕووسەکان دەڕۆن و پشتی کۆماری کوردستان و ئازەربایجان چۆل دەکەن. ئەرتەشی ئێران دەگەڕێتەوە ناوچەکە و زۆر ڕووداوی نەخوازراو دێتە پێشێ.
میناخانم بە هێواشی دیسان هاتەوە پێشێ و گوتی: من دڵنیام هەر شتێک بێتە پێشێ پێشەوا زۆر بە وردی هەڵیدەسەنگێنێ و ژیرانەترین بڕیار دەدات، بۆیە نیگەرانی هیچ شتێک نیم.
سەرم بە نیشانەی سەلماندنی قسەکەی لەقاند و گوتم: بەشێکی بەرچاو لە ئاغاوات و دەوڵەمەندەکان پشت لە پێشەوا دەکەن و بەدزییەوە نامە بۆ تاران دەنێرن و خۆبەدەستەوە دەدەن. بارزانییەکانیش لێرە نامێنن، دەچنە سۆڤییەت. پێشەوا بە تەنیا دەمێنێتەوە. بە تاقی تەنیا بەرپرسیارەتی کۆمارێک وەئەستۆ دەگرێ و لە جیاتی هەموو خەڵکی سزا دەدرێت.
مینا خانم بێ دەنگ سەیری دەکردم و گوێی دابووە قسەکانم.
گوتی: پێشەوا چی لێ بەسەردێ؟
گوتم: من دەبێ بۆ خۆی بیبینم و عەرزی خۆی بکەم.
گوتی: پێم گوتی پێم بڵێ پێشەوا چی بەسەر دێت؟
گوتم: تکایە با من ئەم هەواڵە قورسەت پێ نەڵێم. با ئەم شەوە جوانەت لێ تێک نەدەم.
لە نەکاو باوەشی پێداکردم و بە بانگ و سەڵا گریا. منیش وێڕای ئەو دەستم بە گریان کرد. بەڵام زۆر زوو خۆی کۆ کردەوە و لێم کشاوە و گوتی: یانی تۆ دەڵێی دەتوانی ڕزگاری بکەی؟ گوتم: نا. ئەو لە نێو چارەنووسی خۆیدا گیری کردووە. بەڵام ئەگەر ڕازی بێ، بێ ئەوەی کەس بزانێ لە دوایین چرکەساتی ژیانیدا دەیگوازمەوە بۆ داهاتوو. لەوێ ساڵێکیتر دەژی. بەشکم لەوێ بتوانێ کارە ناتەواوەکەی تەواو بکات.
گوتی: ئەو بۆ ئەوەی بتوانێ کارێکی ئاوا بکات، دەبێ هەموو ئێمەی لە گەڵ بێ. پێشەوا بە ئێمەوە پێشەوایە. چۆن ببێتە ڕێبەری خەڵکێک کە نایناسن؟
گوتم: نیگەران مەبە هەموو دەیناسن و خۆشیان دەوێ. من پێم وایە تەنیا کەسێکە کە هەمووان بێ دوو دڵی لە دەوری کۆ دەبنەوە.
مینا خانم بێ دەنگ بوو. نزیک خولەکێک هەروا سەیری دەکردم و بیری دەکردەوە. گوتی: ئەو ئەگەر تەنانەت لە گەڵیشت بێ، ئێستا نایەت. چونکە ئێستا لەئەوپەڕی دەسەڵاتی خۆیدایە.
گوتم: ڕاستە بۆیە من دوایین شەوی تەمەنی دیسان دەگەڕێمەوە. بەڵام زۆر گرینگە ئەمشەو بتوانم بیبینم و مێشکی ئامادەی ئەم سەفەرە بکەم.
گوتی: هەر ئەم شەو؟ دەزانی ئێستا سەعات نزیک سێی بەیانییە و پێشەوا نووستوە. مەگەر بەیانی بیبینی.
گوتم: من ناتوانم بەیانی بیبینم، چونکە خەوم لێ بکەوێ دەگەڕێمەوە سەردەمی خۆم.
میناخانم گوتی: دەی مەخەوە. دەنا ئەگەر خەویشت لێ کەوت من قسەکانتی بۆ دەگێڕمەوە.
10
مینا خانم کە بە جێی هێشتم. ئازاری برینەکانم دەستی پێکرد و بە خێرایی بڕستیان لێبڕێم. بە بێ تاقەتییەوە لە سەر جێگاکەم درێژ بووم. بەهەر بارێکدا ڕادەکشام هەر برینەکانم دەکولانەوە. ئۆقرەم لێبڕابوو. وردە وردە لە ماندوویەتیان خەودایگرتم. بەڵام چۆن دەتوانم بخەوم؟ من نوێنەری گەلێکی ئاوارەم کەس نییە لە دەوری کۆبنەوە. من هاتووم کاپیتانێک بۆ کەشییە ون بووەکەمان پەیدا بکەم. ڕێبەرێکی بە مشوور بۆ نەتەوەیەکی زوڵم لێکراو وەدۆزم. ئەگەر خەوم لێ بکەوێ چۆن جوابی خەڵک و ویژدانم بدەمەوە؟
هەرچۆنێک بێ هەستامە سەر پێ و بە لارە لار لە نێو ژوورەکەدا دەستم بە پیاسە کرد. ژوورەکە بچووک بوو، بەڵام بە زەحمەت ئەم سەرەوئەو سەرم دەکرد .دەتگوت بە بێگار قورسترین ئیشی دنیام پێ دەکەن.
لاقەکانم دەلەرزین و زوو زوو چۆکم دەنووشتاوە. دوایین جار کە لە میز و سەندەڵییەکە نزیک بوومەوە، لەسەر سەندەڵییەکە دانیشتم. چاوێکم بە میزەکەدا خشاند. بڕووسکەی بیرۆکەیەک بە پڕتاو بە مێشکمدا ڕابوورد. من کوا ئاوا بەرگەی ئەم شەوە درێژە دەگرم؟ هاکا نووستم. بۆ نامەیەک بۆ پێشەوا نەنووسم؟ بێ گومان ئەم میزوسەندەڵی و قەڵەم و دەفتەرە هی پێشەوایە و نامەکەم دەبینێ.
بە پەلە دەستمدا دەفتەرەکە. سەرنجمدایە نیوەی زیادی دەفتەرەکە نووسرابوو. بە خەتێکی جوانیش نووسرابوو. گوتم بەم خەتە ناشیرینەی خۆم ئەم دەفتەرە جوانەش دەشێوێنم. چەند جار بە دڵمدا هات سەیرێکی ناوەرۆکی نووسینەکان بکەم. نا ئەمە ئەوپەڕی ناپیاوییە. خاوەنی دەفتەر ئیزنی خوێندنەوەی پێ نەداوم. دوایین لاپەڕەم هەڵداوە و گەیشتمە لاپەڕەیەکی سپی. لە سەر دێڕ نووسیم بۆ جەنابی قازی محەمەد پێشەوای کورد.
هەستم کرد قەڵەمە دارەکە لە نێوان قامکەکانمدا دەلەرزێ. پێم وابێ نەدەبوایە وابنووسم. دەبوایە بنووسم بیسمیلاهی ڕەحمانی ڕەحیم. پێشەوا مەلایە و ئاوا زۆرتر دەتوانم سەرنجی ڕاکێشم. لە پاککەرەوەیەک گەڕام. هیچی لێ نەبوو. ناچار درێژەم بە نامەکەمدا و نووسیم.
جەنابی قازی محەمەد، من لە هەشتا ساڵ پاش ئەم ڕێکەوتەی ئەم نامەیەی کە دەینووسم، گەڕاومەتەوە و خۆم گەیاندووەتە ئێرە. بەداخەوە ئەم کۆمارەی ئێوە ئەمڕۆ ڕاتانگەیاند، پتر لە یازدە مانگ تەمەن ناکات و بە فێڵ و تەڵەکەی نەیاران لە ناو دەچێت. پاشی ئێوەش کورد لە ئێران چەندین قۆناغی بەرز و نزمی بینیوە، بەڵام لە کۆتاییدا ئێستا ڕەنج بەخەسار و بێ ڕێبەر و هیوا بە باچوو ماوەتەوە. ڕێبەری کارتۆنیمان زۆرە. کەسانێک کە تەنانەت لە نێو حیزبەکەی خۆشیاندا بە تەواوی قبوڵیان نین و جێی پەسەندی هەمووان نین. بۆشایی بوونی ڕێبەرێکی کاریزما تەواو هەست پێ دەکرێت. بەداخەوە ڕێبەر وەک هیچ شتێک نییە و ناتوانی بچی لە وڵاتێکیتر بیکڕی و لە وڵاتی خۆت بەکاری بێنی. بۆیە من لە پێناو ساڵێک ژیانی ئێوەدا بەشێک لە تەمەنی خۆم بە شەیتان فرۆشتووە. هیوا دارم ئێوەش پێشنیارەکەم پەسەند بکەن.
دوایین شەو، پێش ئەوەی کارەساتەکە بقەومێ من دێمەوە خزمەتتان و پێکەوە دەچینە داهاتوو. هیوا دارم لەم ساڵەدا بتوانی نێو ماڵی کورد یەک بخەیەوە و بەرەیەکی یەک دەنگ پێک بهێنی و ئەرتەشی کوردستان دامەزرێنی و کورد لەم هەزار دەنگی و پەرتەوازەییە ڕزگار بکەی. بەو ئاڵایەی ئەمڕۆ لە چوارچرا هەڵتدا سوێند دەخۆم ڕێگا چارەی دیکەم هەبوایە پەنام بۆ تۆ نەدێنا و لەو خەوە مێژووییە هەڵم نەدەستاندی.
پاش تەواو بوونی نامەکە. دەفتەرەکەم هەروا بە کراوەیی بە جێهێشت و بە ئەرخەیانی چوومەوە سەر جێگاکەم و چاوم قووچاند و نووستم. دڵنیابووم قازی نامەکەم دەبینێ و دەیخوێنێتەوە.
11
چاوم کە هەڵێنا دیاکۆم لە سەر سەری خۆم بینی. هەڵترووشکابوو و ملی بە لای ڕاستدا خوار کردبووەوە و بە خەمباری سەیری دەکردم. تازەم زانی سەفەری من تەواو جەستەیی نییە. یان باشتر بڵێم کۆپیەکی جەستەم لێرە هەر ماوەتەوە. سەلیمی جەوهەری خەوتبوو. پرخەی ڕۆژە ڕێیەک دەڕۆیشت. هەرهەستام و خۆم گەیاندە سەری و هەڵمستاند و پێم گوت: بەو سەرۆکە گەوادەت بڵێ، نامەوێ بێجگە لە قازی کەسی دیکە بمبینێ.
سەلیم تازە لە خەو هەستابوو و هێشتا ویندۆزەکەی وەکارنەکەوتبوو و گێژ گێژ بوو. حەپەساو سەیرێکی کردم و گوتی: بەخێر بێیەوە. جارێ دانیشە بزانم چیت بەسەرهاتووە و بۆ وا تووڕەی؟
گوتم: جا بڵێ چیم بەسەر نەهاتووە؟ کاکت منی بە ڕووت و قووتی لە ماڵی بێوەژن و کچێک دانا. هەر ئەوەی کە زیندووم دەبێ شوکرانە بژێر بم.
دیاکۆ قاقا دەستی بە پێکەنین کرد. دەنگی پێکەنیننەکەی وابوو، دەتگوت جنێوم پێدەدا. بە ناڕەزایەتییەوە گوتم: پێبکەنە، پێبکەنە خۆ تۆ نەبووی بە شەق دەیانهێنای و دەیانبردی. جا بۆ پێناکەنی بابم؟
بەم قسەیەم سەلیمیش وێڕای دیاکۆ دەستی بە پێکەنین کرد. سەلیم گوتی: ئێستا دەتەوێ چی بکەی؟ گوتم: سەیرکە پێشەوا و سەیفی قازی و سەدری قازی پاش ئەوەی کە ئەرتەش دێتەوە مهاباد دەگیرێن و پاش ماوەیەک دادگایی دەکرێن. لە دادگا قازی زۆر چاک بەرگری لە خۆی و کۆمار و خەڵک دەکات، بەڵام بڕیار لەسەرەوە دراوە و دادگا حوکمی لە سێدارە دانیان دەردەکات. پاش ماوەیەک قازی داوای حوکمی پێدا چوونەوە بە حوکمەکەی دەکات و هیوا دارە دۆستەکانی پێش بە بەڕێوە چوونی ئەم بڕیارە بگرن. شەوی دەی خاکەلێوە دەچنە نێو زیندان و پێی دەڵێن بڕیاری لێبوردنت دراوە و دەبێ بچی بۆ تاران و دیسان دادگایی بکرێیەوە. زیندانییەکان زۆر خۆشحاڵ دەبن. یەکتر لە ئامێز دەگرن و یەکتر ماچ دەکەن. لە پێشدا قازی دەبەن. کە دەیبەنە چوارچرا لەوێ مەلایەکی کورد و ژاندارمەکان دەبینێ تازە تێدەگات کە بۆچی هێناویانە. وەسیەتنامەیەکی پێ دەنووسن و پاشان لە سێدارەی دەدەن.
کاک سەلیم من دەمەوێ لە مەودای نێوانی نووسین و ئیمزای وەسیەتنامەکەی و لەسێدارەدرانی، نیو کاتژمێر بیبینم. بەڵام نامەوێ کەسیتر بمبینێت. تێگەیشتی. سەلیم خەریکبوو سەنیرەکەی ڕێک دەکردەوە بخەوێ گوتی: نیگەران مەبە، وابزانە شەیتان گوێی لێبووە. چۆنت دەوێ هەروا دەبێ. ئێستا بڕۆ ڕاکشێ و هەوڵ بدە بخەوی. کە هەستای لە خەو کاتژمێر سێی بەیانی ڕۆژی دەی خاکە لێوەیە.
ئەم قسەیەی کرد و ڕووی کردە دیوارەکە و خەوت. دیاکۆ سەرێکی ڕاوەشاند و گوتی: لە نێوان ئێوەدا گیرم کردووە. یەکێک دێ و یەکێک دەڕوات. خودا بە خێری بگێڕێت. دەی فەرموو بخەوەوە برانم ئەمجارە چ دەکەی؟
بە پەلە کراسێک و شارواڵێکم لەبەر کرد. گوتم: با لانیکەم ئەمجارە جلێکی شیاوم لەبەر دابێ. پاشان ڕاکشام و چاوم قووچاند. چاوم هەڵێنا و ویستم بڵێم کوڕە خۆ خەویشم نایات. بینیم زۆریش پێویست نەبووە بخەوم و لە نێوان پەتی سێدارەکانم و قازی بەرەو من دێنن. لە دوورەوە قازی منی بینی و بە سەرسووڕمانەوە بەرەو سێدارەکە دەهات. دڵم بەوە خۆش بوو. وادیاربوو ئەوانەی دیکە نامبینن. گەیشتە نزیک من و مۆڵەتە نیوکاتژمێرەییەکەم دەستی پێکرد. ژاندارمەکان بوونە پەیکەر و لە جووڵە کەوتن. قازی ئەوەندەی دیکە سەری سووڕما. قۆڵی لە دەستی ژاندارمەکان دەرکێشا. دەستی درێژ کرد و لە پێش چاوی یەکێک لە ژاندارمەکان دەستی ڕاوەشاند. ئەرخەیان بوو کە نایبینێ. ئاوڕی داوە و سەیری منی کرد. شانم هەڵتەکاند و پێکەنیم و بەرەو پیلی چووم و باوەشم پێدا کرد. هەستێکی لەڕادەبەدەر خۆشم هەبوو. گوتی: نامەکەتم خوێندەوە و مینا و حوسێن و سوێبە و دایکیشی زۆر قسەیان بۆ گێڕامەوە. بەداخەوەم کە جاری پێشوو ئەزیەتیان کردی. گوتم: هەموو بە قوربانی ئێوە بێ. من لە چاو ئێوە چیم نەکردووە. گوتی: بژی. وادیارە بە پێچەوانەی بێ هیواییت خەڵکێکی زۆر پاش ئێمە دێنە نێو گۆڕەپانەکە و بۆ گەلەکەیان تێ دەکۆشن. گوتم: قوربان بە هەزاران کوڕ و کچی ئەم وڵاتە دێنە نێو ئەم شۆڕشەوە، بەڵام لە کۆتاییدا بێ سەرکردە ماونەتەوە. مات بوو. سەری بەرزەوە کرد و سەیری سێدارەکەی کرد. گوتی: من قەت ئامادە نیم نەک بیست ساڵ تەنانەت چرکەیەک لە تەمەنی تۆ بۆ من بە فیڕۆ بچێت. تۆش نەدەبوو لە گەڵ شەیتان معامەلە بکەی. تۆ دەبێ ڕووت لە خودا بێ و بارەگای باری تەعالا بە هیچ شتێک نەگۆڕییەوە و ئەم مەلعوونە بە نەحلەت بکەی.
قازی کە ئەم قسەیەی کرد. یەکێک لە ژاندارمەکان جووڵەیەکی کرد. وەک بڵێی شەیتان پێی نیشاندام کە ئەگەر قازی لەم جۆرە قسانە بەردەوام بێ مۆڵەتەکە تەواو دەکات. خێرا گوتم: تازە ئەوەی بوو بوو. ئێستا ئێوە تەشریفتان دێ بۆ سەردەمی ئێمە و ببییەوە بە پێشەواومان؟
بزەیەکی تاڵی کرد و بێ دەنگ سەیری کردم. پاشان گوتی: بڕوانە هەر نەوەیەک چیرۆکی خۆی بۆ خۆی دەینووسێتەوە. هەر نەوەیەک پاڵەوانی خۆی هەیە. من و هاوتەمەنەکانم کاری خۆمان کردووە. ئێوە دەتوانن لە مێژووی ئێمە زۆر دەرس وەربگرن. بۆ نموونە سەیری ئەندامانی ژێ کاف بکە. ئەوان دەیانتوانی زۆر کەس بکەنە سەرکردەی خۆیان. خۆ زۆر کەس لە من دەوڵەمەندتر و دەستڕۆیشتووتر بوو. ئاغای واهەیە بەلانیکەمەوە هەزار پیاوی هەیە، ئەی بۆ لە نێو ئەم خەڵکەدا منیان هەڵبژارد؟ بیری لێ بکەوە. ئێوەش دەبێ کەسانی لێهاتووی خۆتان هەڵبژێرن. کارتان بە ناو و ناوبانگ و هێز و دەسەڵات نەبێ. کە زانیتان کەسێک بەکارتان دێ لە دەووری کۆ ببنەوە. دوایە کێ دەڵێ دەبێ کەسێک ڕێبەر بێ. با بە شۆڕایی کارەکان بەڕێوە بچێت. ئێمە هەڵەمان زۆر کرد. هەڵەکانی ئێمە دووپات مەکەنەوە. من زۆرم هیوا بە چینی ئاغاوات و دەستڕۆیشتوو بوو. سەیر بکە ئێستا کێ دەبینی؟ کەوایە گەورەترین هێزی ڕزگاری هێزی گەلە. لە گەڵ گەلەکەتان ڕاستگۆ بن. گەل پشتیوانتان بێ تێکناشکێن. بە تەنیا نامێننەوە. من هەڵبژێردراوی گەلەکەمم بەڵام لە نهایەتدا پشتم بە دەسەڵاتدارەکان بەست، کەچی هەموو بە دزییەوە نامەیان بۆ تاران نارد و خۆیان تەسلیم کردەوە. لە مزگەوت سوێندیان خوارد بەرگری لە کۆمار بکەن. بەڵام بە کردەوە چیان کرد؟ کوان؟ ئێوە وامەکەن. مەڵێن ئەوە سەرۆک و ڕێبەری فڵانە حیزبە. هەرچی بڵێ وایە و ڕاست دەکات. نا کەستان پێ پیرۆز نەبێ. گەل پیرۆزە.
گوتم: قوربان تەشریف بێنە و ئەم قسانەمان بۆ بکە.
پێکەنی و دەستێکی لەسەر شانم دانا و گوتی: بەدوای سیمورغ داهاتووی. لە کاتێکدا بۆ خۆتان سیمورغن.بە هاتنی من هیچ شتێک ناگۆڕدرێ. من تاکێکم. ئێوە دەبێ بە پشتیوانی خودا سەر لە نوێ تێهەڵچنەوە. خۆ لەسەردەمی ئێمە ئەنگوستە چاوتر هەر نییە؟ ئێمە ژێ کافمان دانا. کوردستانمان ژیاندەوە. لە سیفرەوە دەستمان پێ کرد. ئێوەش دەتوانن. پشتی یەکتر بەرمەدەن. دڵنیام سەردەکەون.
هاوارم کرد پێشەوا ئێمە زۆر پەرتەوازەین. ڕێبەرەکانمان ڕێبەر نین. وەرە فریامان بکەوە.
دەتگوت گوێی لە قسەکانم نابێ. لە سێدارەکە نزیک بووەوە. دەستێکی لە پەتەکەدا و ڕووی لە من کرد و گوتی: لەو خەوە هەستە. من ئەوەی لە دەستم هات کردم. ئێوەش ئەوەی لە دەستتان دێت بیکەن. شەرمەزاری خۆتان و خودا مەبن.زۆر شتیش هەیە تەقدیرە و دەربازبوون لێی مەحاڵە. من ناتوانم لەم پەتە ڕزگارم بێ. بەڵام بەم مردنە سەربەرز دەبم و سەرشۆڕ نابم، چونکە بە مردنم گیانی خەڵکی خۆم دەپارێزم. ئێوە ئەم شتانە ببینن. دڵنیام لە نێو ئێوەشدا کەسانێک هەن کە بەرژەوەندی خۆیان فیدای گەل دەکەن. ئەوانە بدۆزنەوە. یەک بگرن. ئێوە هەمووتان قازی محەمەدن. هەمووتان سەیف و سەدرن.
سەربازەکان زیندوو بوونەوە و لەوەی قازی بە تەنیا لە پێش سێدارەکەیە و ئەوان لێی دوورن، پەشۆکان. بە پەلە خۆیان گەیاندەوە ئەو.
ڕووم لە گەڕەکەکانی شار کرد. منداڵێکی بچووک لە پێش پەنجەرەی ماڵێک ڕاوەستابوو و سەیری دەرێی دەکرد. سەیری شوێنی ڕوانینیم کرد. ڕێک سەیری چوارچرای دەکرد. تا ڕۆژ بووە لە بن پەنجەرەی ماڵەکە دانیشتم. لەم چەند کاتژمێرەدا گوێم لێبوو. کەسێکیان لە سێدارەدا یەک بۆخۆی دەینەڕاند و دەیگوت بژی پێشەوا ، بژی کۆماری کوردستان. زۆر جنێویشی بە شا و ژاندارمەکاندا. نەمزانی کێیە. وردە وردە ڕۆژ بووەوە و خەڵک هاتنە دەرێ و بەرەو چوارچرا وەڕێ کەوتن. لە گەڵیان وەڕێ کەوتم. لە تەرمەکان نزیک بوومەوە. لە نێو حەشیمەتەکەدا پیرە پیاوێک دڕی بە خەڵکەکەدا و هاتە پێشێ. گۆچانەکەی هەڵێنا و لە لاقی پێشەوایدا و گوتی قازی برای منت کوشت. ئەمڕۆش بۆ خۆت کوژرایەوە. کەس هیچ نەگوت. بێ دەنگ وەرسووڕا و ڕۆیشت. بوغز گەروومی گوشی. پێش هەمووان خۆم گەیاندە مزگەوت. شەهیدەکانیان شۆرد و لە مزگەوت نوێژیان لەسەر کردن. لە گەڵ خەڵکەکە بەرەو داشامەجید وەڕێ کەوتم. گۆڕەکانیان هەڵکەند. مەلا تەلقینی دادان و خەڵک بە گریان و فاتیحا خوێندنەوە وردە وردە گۆڕەکانیان بەجێهێشت. سەرم لە سەر خاکە گەرمەکەی سەر سینگی دانا و گوێم بە قەبرەکەوە نا. گوێم لە ترپەی دڵی بوو. هاوارم کرد خەڵکینە بگەڕێنەوە پێشەوا زیندووە.