کۆنفڕانسی بیستەمی کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان، وتاری ناچۆ سانچێس ئامۆر، ڕاپۆرتۆری یەکێتی ئوڕووپا لە مەڕ تورکییە
کۆنفڕانسی بیستەمی
کۆمیسیۆنی مەدەنی یەکێتیی ئوڕووپا، تورکییە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان
وتاری ناچۆ
سانچێس ئامۆر، ئەندامی پاڕلمانی ئوڕووپا
لە فڕاکسیۆنی هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازانەی سۆسیالیستەکان و دێمۆکڕاتەکان لە
پارڵمانی ئوڕووپا، ئێسپانیا، ڕاپۆرتۆری یەکێتیی
ئوڕووپا لەمەڕ داوخوازی تورکییە بۆ پەیوەست بوون بە یەکێتی
ئوڕووپا
پێنجشەمە ١٥-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦، پارڵمانی ئوڕووپا، بروکسێل
مۆدێڕاتۆری ئەم دانیشتنە هشیار ئوێز سۆی
، ئەندامی پێشووی پارڵمانی تورکیاسەر بە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان (هەدەپە) : ئەگەر لە بیرتان بێ لە ساڵی
١٩٩٩ دوو
ڕووداوی گرینگ ڕوویان دا لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی کورد دا. یەکیان ئەوە بوو کە لە
مانگی فێڤرییەی ١٩٩٩ بەڕێز
عەبدوڵا ئوێجەلان گیرا و بردراوە بۆ
تورکییە. و ئێستا ئەو حەول دەدەدا لەگەڵ
حکوومەتی تورکییە و داودەزگاکانی دەوڵەت بۆ موزاکرە بۆ ئەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە
بدۆزرێتەوە بۆ کێشەی کورد. ئێستا پڕۆسەیەک بەڕێوەیە، زۆر ئاڵۆز و پێچەڵپێچە و لە
شکانهاتوویە، بەڵام لەو بارەیەوە باشە کە زیاتر لە دوو ساڵە لەبەر ئەو کێشەیە کەس
نەمردووە. پڕۆسەیەکی توورە و دژوارە بەڵام
هێندێک هیوا لەگۆڕێ دایە.
ڕووداوی گرینگی دیکە ئەوە بوو کە تورکییە لەو ساڵە دا پلەی کاندیدای ئەندامەتی
درایە و ئەوە لە مانگی دیسامبری ١٩٩٩ بوو
کە بەشێوەی ڕەسمی ئەو پلەی کاندیدا بوونەی درایە. ٥ ڕۆژ دوای ئەوەی تورکییە بە
ڕەسمی پلەی کاندیدابوونی ئەندامەتی لە یەکێتیی ئوڕووپا درایە مەسعوود ییڵماز کە
ئەو دەمی ئەندامێکی حکوومەتی ئیتیلافی تورکییە و سەرۆکوەزیرێکی پێشوو بوو
ڕایگەیاند کە ڕێگای تورکییە بۆ نێو یەکێتیی ئوڕووپا بە دیاربەکر دا تێ دەپەڕێ. و
ئەوەش بوو بە قالبێک
کەئەگەر تورکییە بتوانێ مەسەلەی کوردی خۆی جێ بەجێ بکا، دوایە ڕێگای یەکێتیی
ئوڕووپای بە ڕوو دا دەکرێتەوە. جۆرێک لە شەرت. بەڵام ئێستا ئەوە ٢٧ ساڵ لەو ماوەیە
ڕابردووە و ئەمن دەمەوێ میوانەکەمان لێرە کەمێک باسی ئەوەمان بۆ بکا کە قۆناغی
ئێستای پێوەندی نێوان تورکییە و یەکێتیی ئوڕووپا چۆنە و لەو بەستێنە دا مەسەلەی
کورد لە تورکییە کە ئێستا لەحاڵی حازر دا لە ڕۆژەڤی موزاکەرە دایە.
ناچۆ
سانجێس ئامۆر: سپاس هشیار، بەر لە هەموو شت ئەمن زۆر
خۆشحاڵم کە دوای چەندین ساڵ دیسان دەت بینمەوە. ئەمن زۆر چاکم لەبیرە کە تۆ یەک لە
زانیاریدەرەکانم بووی و یەک لەو کەسانەی کە لەمەڕ بارودۆخی تورکییەو مەسەلەی کورد رێنوێنیت دەکردم.
ڕۆڵی من ئەوەیە کە ڕاپۆرتدەری بارودۆخی تورکییە بم بۆ یەکێتی ئوڕووپا، ڕۆلێک کە
پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە داوخوازی تورکییە بۆ ئەندامەتی لە یەکێتیی ئوڕووپا دا. داوخوازی کۆمیسیۆن ئەوەیە کە لە پێوەندی لەگەڵ
هەلومەرجی بوون بەئەندامیی دا گوزارشی ساڵانە ئامادە بکرێ سەبارەت بارودۆخی وڵات و
پێواژی ئەندامەتی. پێوانی ئەوەی گەلۆ بۆ ئەوەی ئەندامەتی پەسند بکرێ چ پێشوەچوون
کراوە یان هیچ نەکراوەوەک لەمەڕ تورکییە کە هیچ نەکراوە لە پڕۆسەی پەیوەست بوون دا،لە چەندین ڕووەوە لە مەر
کاندیداکە. ئەوە ڕاپۆرتی ئەوتۆن کە ئێمە لە مەر هەر دە وڵاتی کە کاندیدای
ئەندامەتین ئامادەیان دەکەین.
دوایە وەزیرانی وڵاتانی ئەندام لەو ڕاپۆرتانە دەکۆڵنەوە کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە
ئامادە دەکرێن بە ناوەرۆکی جیاوازەوە. ئەمن ئەو ڕۆڵەم لە ساڵی ٢٠١٩ وەئەستۆ گرت. پێشتر سەروکارم هەبوو لەگەڵ
تورکییە . ئەمن هەر وەها لەبیرمە کە جێگری
سەرۆکی دەسەڵاتە هەرێمییە ناوچەییەکان بووم لە پێوەندی لەگەڵ شارەدارەکان لە ناوچەی کوردی لە
تورکییە ئەمن پێم وایە ئەوە بەر لەساڵی
٢٠١٠ بوو . ئەمن بە قووڵی لەگەڵ وڵاتی ئێوە دا لە پێوەندی دا بووم بە لانی
کەمەوە لە ساڵی ٢٠١٥ وە. ئەمن دەکرێ بڵێم سزا درام بە دۆسییەی تورکییە و
هەمیشە بە شۆخی بە هاوکارانم دەڵێم من چم کردووە لە ڕابردوو دا کە ئەوەتان بە ملی
مندا هێناوە. بڵێی
گوناهی من چ بێ کە ئەوەتان بە من سپاردووە. بەڵام گاڵتە بەجێی خۆی من خۆم داوام
کرد بەردەوام بم لە پێوەندی لەگەڵ تورکییە دا. چونکە زۆر سەرمایەی سیاسی لەو
بارەیەوە لام هەبوو . ئەرکی من ئەوەیە، کە
لە مەڕ تورکییە ئینتێگریتی پڕۆسەی پەیوەست بوون بپارێزم. ئەمن دەبێ بۆ پارڵمانی
ئوڕووپا ، هاوکارانم و داوودەزگای دیکە و بیرو ڕای گشتی شرۆڤە بکەم کە پرۆسەکە لە چ بارودۆخێک
دایە و دەبێ بڵێم لەمەڕ تورکییە هیچ پێشوەچوونێک بەر بە ئەندام بوون نابیندرێ.
کاتێک من لە تورکیا ڕەخنە لە شتەکان دەگرم هەمیشە بەوە وڵام دەدرێمەوە ئەتۆ بۆ چی
بە کاروباری ناوخۆی ئێمەوە نیگەرانی، ئەتۆ بۆ پێویستی دەبینی باسی موشکیلەی کورد و
ئیمام ئۆغلوو و شتی لەو بابەتە بکەی.
وڵامی من ئەوەیە لە بەر ئەوەی تورکیا
داوای کرد، ویستی کە یەکێتیی ئوڕووپا ڕاپۆرت لەسەر بارودۆخی وڵاتەکە ئامادە
بکا و دیارە ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە بریتییە لەوەی کە پێواژۆی لەگەڵ کەوتن چی بەسەر هاتووە و چەقی پێواژۆی لەگەڵ کەوتنیش
بوونی ستانداردە دێمۆکڕاتیکەکانە. هەر لەبەر ئەو هۆیە ئێمە دەبێ لەمەڕ ستانداردە
دێمۆکڕاتیکەکان لە تورکیا قسە بکەین.
پارڵمانی ئوڕووپا موداخەلە لە کاروباری ناوخۆیی تورکیا دا ناکا بە پێچەوانە
دەسەڵاتدارانی تورکیا داوایان لە یەکێتیی ئوڕووپا کردووە کە ئەم ڕاپۆرتە ساڵانانە ئامادە بکا. ئەمن پێکێشی ناکەم لە سەر وەزعی نالەباری
ستانداردی دێمۆکڕاتیک لە تورکیا ، بەڵام دیارە ئێوەش [ وەکوو کورد] ئەم چەت
تێکەوتنە لە دێمۆکڕاسی ئازارتان
دەدا.
خەباتی من ئێستا چییە. خەباتی من ئێستا بریتییە لە بەرپەرچ دانەوەی
پڕۆپاگاندەکانی کۆشک [ مەبەستی کۆشکی کۆماریی تورکیایە ] ە کە بە بیروڕای گشتی لە
تورکیا دەڵێ ئێمە ئەوەندە گرینگین، ئەڕتەشەکەمان ئەوەندە بەهێزە، ئێمە ئەو هەموو
دڕۆنە بەرهەم دێنین کە ئەو جەماعەتە
لە بروکسێل ناچار دەبێ ڕێگەی ئەندامەتی ئێمە بکەنەوە. بەڵام ئێمە دەڵێین نا ببوورن، قسە لە سەر دڕۆن
نییە، قسە لە سەر نیزامیان و ئەڕتەش نییە، قسە لەسەر تەجاڕەت و بازرگانی نییە،
ئەوەی هەیە قسە
لە سەر دێمۆکڕاسییە. ئێمە لە ماوەی پێنج شەشە ساڵی ڕابردوو دا بەردەوام ئەوەمان
دووپاتە کردووەتەوە باس لە سەر دێمۆکڕاسییە. ئەندام بوون لە بیر خۆتان بەرنەوە ئەگەر
هیچ پێشوەچوونێکی دێمۆکڕاتیک لە گۆڕێ دا نەبێ. ئێمە لە زۆر ڕووەوە دەتوانین
سەروکارمان لەتەک تورکیا دا هەبێ وەک دراوسێ، وەکوو وڵاتی سێیەم ڕەنگە وەک پارتنر
بەڵام ئەندامەتی لە بیر بەرەوە. چونکە یەکێتیی ئوڕووپا هێشتا کلووبێکی دێمۆکڕاسییە
بەڵام کاتێک هێندێک لایەنی
تورکییەیی دەڵێن باشە بەڵام ئێوە مەجارستانتان قەبووڵ کرد. دەزانن چییە مەجارستان
واکسینە، مەجارستان ئەو هۆیەیە کە یەکێتیی ئوڕووپا هەڵەیەکی دیکە نەکا. ئێمە دێمۆکراسی پێ گەیشتوو،
دێمۆکڕاسی بێگەڕانەوەمان
لە کلووبەکە دا دەوێ. دیارە باسی
دێمۆکڕاسی بێگەڕانەوە
دوای هاتنە سەرکاری تڕامپ برێک سەیرە بەڵام
ئێمە دەبێ دڵنیا بین کە دەبێ دێمۆکڕاسی پێگەیشتوومان لەگەڵ بکەوێ. و کێشەی سەرەکی
من لەگەڵ ئەو
هاوکارانەی
دیکە کە بارودۆخی تورکییە تاقیب
دەکەین ئەوەیە کە بیروڕای گشتی پێمل بکەین ئەوەی هەیە هیچ پێوەندی بە مەنتقی کۆشکەوە
نییە.
ساڵێک لەمەو بەر کۆبوونەوەیەکی لووتکەی بازرگانی تورکیا هەبوو لێرە لە بروکسێل،
چەند ڕۆژ لەوە پێش ئەوان کۆبوونەوەیەکی دیکەیان هەبوو. یەکێک لە ڕێبەرانی کۆمەڵگەی
بازرگانی بە ئاشکرا کوتی: " ئوڕووپا زیاتر حەوجێی بە تورکییە یە تا تورکییە بە ئوڕووپا" ، مەیە ئەوە لە
بروکسێل مەڵێ، ئەو قسەیە بۆ میدیای لایەنگری ئەردۆغان باشە. بەڵام گوتنی ئەوە لە
بروکسێل گەوجانەیە. مانگێک دوای ئەو قسە فڕێ دانە
هات و گوترا ئەوە لە ئوڕووپا ساز کراوە و ئەوە پانیکی ساز کرد لە ئانکارا.
ئێوە هاتن لە بروکسێل گوتتان ئێمە حەوجێمان بە ئوڕووپا نییە، ئەوە خۆتان گوتتان بۆ
یەخەی ئێمە دەگرن کە دەمانەوێ مۆدێلی خۆمان بپارێزین. ئێمە هەموو حەولی خۆمان
دەدەین کە پەیامی خۆمان بگەیێنینە
بیروڕای گشتی لە تورکییە کە پێواژی هاتنە نێو ئوڕووپای تورکییە هێشتا بە بابەتی دێمۆکڕاسییەوە
بەندە. و ئەگەر لە ستانداردە دێمۆکڕاتیکەکاندا پێش وەچوون نەبێ تورکییە
دەبێ ئەندام بوون لە بیر خۆی بەڕێتەوە. ئەوە لایەنی جۆر بەجۆری هەیە کە دەکرێ لێی بدوێین
بەڵام ئەوە پەیامی سەرەکی منە، ئەمن دەبێ چاوم بەسەر پێواژۆی ئەندامەتییەوە
بێ. ئەمن دەبێ بیروڕای گشتی لە تورکییە
ئاگادار بکەم کە بارودۆخی هەیی چییە و ئەویش بریتییە لە نەبوونی دێمۆکڕاسی. ئەمن
پێم وابوو شەش ساڵ حەوت ساڵ لەمەو بەر لە
دوای کودەتا وەزع خراپتر نابێ. بەڵام خراپتر بووە ، لە ڕاستیدا وڵاتێکە تەواو لە
ئۆتۆکراسی ( حکوومەتی تاکی ) دا خنکاوە ، کە تێندێنسی تەواو سەرەڕۆیانەی هەیە و
نوخبەی دەسەڵاتدار لەوە
تۆقیوە دەسەڵات لە دەست بدا و
هێندێک شت بۆ پاسا هێناوە بۆ وێنە لەمەڕ ئیمام ئۆغلوو، و یان ئەوەی کە بەسەر خەڵکی ئیڵ جی
بی تی هات دەڵێن
ئەوە بەڵگەی ئەوەیە کە ئەوان تۆقیون لەوەی کە دەسەڵات لە دەست بدەن. چونکوو ئێوە
دەزانن کە دەسەڵات لە دەست دان هەر دەسەڵات لە دەست دان نییە بەڵکوو کارەسات و لە
دەست دانی مادیشی لەگەڵە. ئەوەی گەنجی ئاکەپەیی
سەعاتی گران قیمەت لە دەست کەن و نیوەشەوان ئارەق بخۆنەوە. ئەرکی من ئەوەیە
کە وەبیر دەسەڵاتدارانی تورکییە
بێنمەوە کە هیچ پێشوەچوونێک لە پێواژۆی ئەندام بوون دا بەدیارەوە نییە یان
گۆڕانێکی قووڵ نەکراوە و لە هەمان کاتدا دەڵێم ئێمە دەبێ سەروکارمان هەبێ لەگەڵ
تورکییە
وەک دراوسێیەک، سەروکارمان لەگەڵی هەبێ لە
بواری بازرگانی، ئەمنییەت و پاراستن دەتوانین سەبارەت بە ئوڕووپا قسەیان لەگەڵ
بکەین، لەمەرڤێزا کە ئەوە گیروگرفتێکە بۆ تورکییە. ئێمەدەتوانین لە سەر زۆر شت
لەگەڵ تورکییە
قسە بکەین، بەڵام تکایە ئەو پڕۆپاگاندایە لە بیر بەرنەوە کە ئێوە دێنە ناو یەکێتیی
ئوڕووپا لەبەر ئەوەی کە دڕۆن تان هەیە. و ئەمن هەمیشە بە هاوکاران و بەردەنگەکانم
دەڵێم مۆنتێنێگرۆ وڵاتێکی پچووکە، زۆر بە تایبەتی بەهێز نییە، ئامرازی نیزامی
نییە، ئەڕتەشێکی گەورەی نییە، مۆنتێنێگرۆ زۆر بەر لە تورکییە دەتوانێ ببێ بە ئەندامی یەکێتیی
ئوڕووپا چونکوو لەوە تێگەیشت کە شەرتی ئەندام بوون چییە. قسە لە سەر ستانداردی دێمۆکڕاتیکە. سەبارەت بە
هاوپێوەندی و زۆر نرخی دیکەیە کە ئەوان
لێی تێکەیشتوون و دەسەڵاتدارانی تورکییە
لێی تێنەگەیشتوون. 
سەبارەت بە مەسەلەی کورد. ئەرکی من ئەوەیە لەمەڕ تورکییە ڕاپۆرت ئامادە بکەم. ئەمن
هەمیشە خۆم لەوە پاراستووە کە بەشێک بم یان بیروڕایەکی زۆر دەرببڕم و تێوەبگلێم
سەبارەت بە کێشەی گەورەی کورد و بوونی کوردەکان لە سووریا و عێڕاق و ئێران. ئەمن
هەمیشە هەوڵم داوە و زۆر بە مەحدوودییەتەوە باسی ئەو شارومەندانەی تورکیام کردووە
کە ڕەچەڵەکی کوردییان هەیە واتە گەلی کوردی تورکیا. هەمیشە هەوڵم داوە یارمەتیدەر
بم لە ژێر چەتری قانوونی بنەڕەتی تورکیا دا، هەرچەند ڕەچاو ناکرێ بەڵام لەوێ هەیە
و هەمیشە هەوڵم داوە خۆم مەحدوود بکەم زۆر ئاگادارانە باسی کێشەی گەورەی کورد
نەکەم، ئەمن قەت زاراوەی " ڕۆژئاوا" م بە کار نەهێناوە. هەمیشە هەوڵم
داوە لە چوارچێوەی ئەرکەکەم دا بمێنمەوە کە چاوم بەسەر مافی خەڵکی بە ڕەچەڵەک
کوردەوە بێ لە تورکیا. کاتێک من لەگەڵ پەروین و ڕێبەرانی دیکەی هەدەپە / دەم قسە
دەکەم وەکوو پارتییەکی سیاسی تورکییە قسەیان لەگەڵ دەکەم. وەک لایەنێک
کە شارومەندی تورکیان و بەو سفەتە دیفاع لە خۆیان دەکەن. لەمەڕ پێواژۆی ئاشتی: پێواژۆی ئاشتی هێندێک
هیوای دا، هەستەکە لەوێیە، تەنانەت ئەمن ڕەخنە لەوە دەگرم کە دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی
هەڵنەگرتووە چونکە ئوێجاڵان و ئەو ڕێکخراوەی پێوەندی بە گەلی کوردەوە هەیە ئەوان هەنگاوی زۆریان هەڵێناوەتەوە لە ماوەیەکی
کورت دا. ئەوە ڕاستە کە دەوڵەت [ پارڵمان] ئەو قانوونی چوارچێوەیەی پەسند کردووە،
بەڵام ئەوە دەبێ جێ بەجێ بکرێ و ئەوە دەبێ تەنێ هەر لە بەر ئەوە نەبێ کە گەلی کورد
یارمەتی ئەردۆغان بدا بۆ ئەوەی بەسەر هێندێک دژواریی قانوونی دا زاڵ بێ. ئێوە
دەزانن کە ریسکی ئەوە لە گۆرێ دایە. ئەوە قانوونێک نییە بۆ هەدەپە یان دەم، ئەوە کالکولۆس ە، لێکدانەوەی سیاسییە. بە
سادەیی ئەوان حەوجێیان بە هێندێک دەنگە بۆ ئەوەی هێندێک قانوون تێ پەڕێنن و
ئەردۆغان بتوانێ دیسان بیباتەوە یان رقەبەری بکا یان لە پێناو ڕۆژەڤی دیکە. ئەمن
دەزانم چونکە ئەمن قسە لەگەڵ خەڵک دەکەم و دەزانم سەرۆکایەتی دەم پارتی بە تەواوی
ئاگادرە لەو ڕیسکە. بەڵام لایەنی گرینگ ئەوەیە ئەوەی ئوێجاڵان کردی لە یەکەم
هەنگاو دا، ڕەنکە لە دوای بانگەوازەکەی باغچەلی؛ ئەوەی ئەو پێشنیاری کرد بە وڵات
لە ڕوانگەی منەوە کارێکی زۆر عاقڵانە بوو . ئەمن لایەنگرێکی بەڕێز ئوێجاڵان نیم،
بەداخەوە ئەمن لایەنگرێک نیم، لەبەر زۆر شتان، بەڵام ئەمن پێم وایە ئەو بۆچوونێکی
زۆر ژیرانەی نیشان دا کاتێک کە گوتی ئەو بابەتە بەتەواوی وهەموولایەنە گرێ دراوە
بە پێواژۆی دێمۆکڕات کردنی گشتی وڵات واتە تورکییەوە. ئەمن کە لەگەڵ ئەندامانی
هەدەپە و دەم قسە دەکەم دەڵێم بەڕێزان ئێوە کارێکی باش دەکەن بۆ ئەوەی کە پێتان
دەکرێ بۆ گەلی خۆتانی وەدەست بێنن. مافی کولتووری، بڵاو کردنەوەی تێلێڤیزۆنی و
مافی پەروەردە و وەکوو تر. بەڵام ئێوە دەبێ وشیار بن ئەگەر دێمۆکرات کردنێکی گشتی
لە وڵات دا نەبێ، ئەو دەسکەوتانەی ئێوە وەدەستتان هێناوە دەکرێ بە شەوێک نەمێنن.
فەرمانێکی سەرۆک
کۆماری دەکرێ بارودۆخەکە بێنێتەوە دۆخی سەرەتایی و نقتەی سیفر وەک ئەوەی کە چ
مافێک لە گۆڕێ دا نەبووە. ئەوەی کە من دەیڵێم و هیوادارم چارەسەریەک هەبێ، بەڵام
هەنگاوی ئوێجاڵان زۆر ژیرانە بوو . ئەوە لەمەڕ
ماف بۆ گەلی من نییە، ئەوە لە مەر مافی کولتووری، مافی ناسێنەیی، مافی
سیاسی گەلی کورد نییە بەڵکوو مەبەست ساز کردنی فەزایەکی دێمۆکڕاتی گشتییە کە ڕێگا
دەدا گەلی کورد مافەکانی خۆی بە شێوەیەکی حیمایەت لێکراو بەکار بێنێ و بەشێوەیەک
کە هەموو دژوارییەکانی دیکەش جێ بەجێ
بکرێ. ئەمن دەزانم ئەو پێواژۆیە بە مەترسییە و ریسکی پێوەیە و بەشێک لە پێواژۆیەکە
پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە حەوجێی ئاکەپە بۆ
هەبوونی هاوپەیمانی نوێ . من دەمەویست ئەو شتانە بڵێم، ببوورە کاتم گرتن.
هشیار ئوێزسۆی: زۆر سپاس، وتەکانتان زۆر ڕوون و ئاشکرا بوون. ئێمە لەم
دانیشتنە دا نزیکەی ١٠ دەقیقەمان کات ماوە
و بەلانی زۆرەوە سێ پرسیار بۆ بەڕێز سانچیس وەر دەگرم. تکایە بە کورتی و بە
وردی پرسیارەکانتان بکەن. پرسیارێک لە دواوەی هۆلەکەوە، تکایە فەرموو!
ئایشێ بینگوێل: زۆر سپاس، ئەمن ئایشێ بینگوێل پارێزەری مافی مرۆڤم و لەگەڵ
گرووپی پشتیوانی بۆ چارەسەری کێشە لە تورکییە کار دەکەم و جار جار لەگەڵ ئێوە
بەڕێز سانچێس پلاتفۆرمی هاوبەشمان بووە . ئەمن دەبێ سپاستان بکەم بۆ هەموو ئەو
کارە بە نرخانەی کە ئێوە دەیکەن. لەمەر ئەو پێواژۆیەی ئاشتی و دیالۆگە یەکێک لە
ڕەخنەکان ئەوەیە کە داودەزگا نێونەتەوەییەکان نەهاتوونە نێوی و پشتیوانییان
نەکردووە. ئێوە وەک بەشێک لە سیستمی یەکێتیی ئوڕووپا ئایا هیچ ئامۆژگارییەکتان
هەیە کە ئێوە چۆن دەکرێ لەو بارەیەوە زیاتر چالاک بن و زیاتر تێوە بگلێن و زۆر
ڕاشکاوانەتر پشتیوانی لە پڕۆسەکە بکەن.
هشیار ئوێزسۆی: پرسیارێکی کورت و باش بوو، سپاس. نەفەری دووەم فەرموو!
بەختیار ئەمین: ئەمن بەختیار ئەمینم ، وەزیری پێشووی مافی مرۆڤ لە عێڕاق.
بە ساڵانی درێژ ئەمن ڕاپۆرتەکانی
ڕاپۆرتۆرەکانی یەکێتی ئوڕووپام لە سەر بارودۆخی تورکییە خوێندووەتەوە. زۆر سەرنجراکێش و تژی
زانیاری بوون. بەڵام لە سەر ئەرزی واقع زۆر کەم کراوە بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو ڕاسپاردە
ە ئامۆژگارییانەی کە کراون. لێرە ئەمن دوو شت پێشنیار دەکەم، ئەگەر ئێمکانی هەبێ
پارڵمانی ئوڕووپا بڕیارنامەیەک پەسند بکا
پشتیوانی بکا لە پێواژۆی ئاشتی یان هەر نێوێکی دیکەی لێ دەنێن، هەر نێوێک کە لەم دیالۆگە بندرێ دەبێ لە لایەن دۆستانی ئاشتییەوە
پشتیوانی لێ بکرێ کە گرینگە بۆ تورکیا خۆی، بۆ کوردەکان، بۆ تورکەکان و بۆ هەموو
دانیشتووانی تورکیا و بۆ وڵاتانی دراوسێش. ئەوە لە عێراقیش کاردانەوەی لە سەر
ئێمەش زۆر دەبێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوکێشەیەی لە کوردستانی عێڕاق و لە عێڕاق
هەیەبە گشتی. ئەو پێواژۆیە جگە لەوەی کە باشە بۆ ئاشتی و هێمنی نێونەتەوەیی بۆ
تورکییە
و بۆ هەموو لایەک باشە، ئەمن پێم وایە گرینگە ئێمە چاومان بەسەر بارودۆخەکەوە بێ و
پشتیوانی لە پێواژۆیەکە بکەین و هیوادارم ئەو بابەتە بێتە بەر دەم کۆبوونەوەی
ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەندامی یەکێتی ئوڕووپا و بۆ فۆڕوومی بەربڵاوتری هەرێمی و
داودەزگای نێو نەتەوەیی کە خەڵک چاوەدێری بکەن، خەڵک لا لە بابەتەکە بکەنەوە کە
ئەو کێشەیە لە ئوڕووپا و دەرەوەشی شیاوی سەرنجدانە. ئێمە دەبێ پشتیوانی لێ بکەین و
بەرەوپێشی بەرین بۆ ئەوەی بکەوێتە سەر ڕەیلێکی دروست و چارەنووسی کورد، داوخوازی
کورد سەرنجی بدرێتێ . ئیدی بەسە، زیاتر لە سەدەیەک بێ
عەداڵەتی
و ڕەنج کێشان بۆ خەڵکی ئەو هەرێمە دەبێ کۆتایی پێ بدرێ. سپاستان دەکەم
هشیار ئوێزسۆی
: هیچ پرسیاری دیکە هەیە؟ ئەگەر پرسیارێکی دیکە نییە ئەمن
پرسیارێک زیاد دەکەم و دوایە بەڕێزیان وڵام بدەنەوە.
هشیار ئوێزسۆی: پرسیار
ئەوەیە جگە دەوری
ئێوە وەکوو ئەندامی پارڵمانی ئوڕووپا و ڕاپۆرتۆر لە مەڕ تورکیا لە ڕاستیدا لە
وڵاتێکەوە
دێی کە گیر و گرفت و کێشەی لە مەڕ خۆی هەبووە . شەڕی نێوخۆیی و دوایە ئێسپانیا
بە شێوەیەک توانی کێشەکان چارەسەر بکا و هێندێک گۆڕان پێک بێنێ لە قانوونی بنەڕەتی
دا. ئێوە بارودۆخی باسک تان بوو، بارو دۆخی کاتالۆنیاتان هەبوو . بەڵام بەشێوەیەک،
و بە هێندێک گۆڕانی دێمۆکڕاتیک
لە قانوونی بنەڕەتی دا هێندێک گارانتی و دەستەبەری مافان کرا. ئەمن دەزانم ئەوە
مێژوویەکی بە تەواوی جیاوازە، بەڵام لە سەر بنەمای ئەزموونی ئێسپانیا ئێوە
ڕێنوێنیتان بۆ ئەو پێواژۆی ئاشتییەی کە لە تورکییەبەڕێوەیە چییە؟
ناچۆ سانچێس
ئامۆر: سەبارەت
بە بێدەنگی، ئەوەی یەکێتیی ئوڕووپا دەتوانێ بیکا بە وردی ئەوەیە کە پارڵمان دەیکا.
کێشە ئەوەیە کە هیچکەس ئەوە ناڵێ کە هەموو کەس بیری لێ دەکاتەوە. ئەزموونی من
لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکییە
ئەوەیە کە ئەوان ئینسانی زۆر ژیرن. ئەوان زۆر چاک دەزانن ئێمە چۆن بیر دەکەینەوە.
ئەگەر بچییەتورکییە و
تەنیا پەسنی ئەردۆغان بدەی و باسی ڕۆژوڤی ساکاری پێوەندی نەبوون بکەی کافی نییە.
چونکە ئەمن بە ساڵان ڕەخنەم لە دەسەڵاتدارانی
تورکیا گرتووە و سەرەڕای ئەوە ئەمن هێشتا کاناڵی کراوەم هەیە بۆ قسەکردن لەگەڵ
کاربەدەستان. ئەوان گەوج نین، بە دڵنیاییەوە دەزانن کە ئێمە باسی بەرەو دوا
گەڕانەوەی دێمۆکڕاسی دەکەین لە تورکیا. دوایە، ئیدیعای من، ڕەخنەی من ، بۆچوونی
ڕەخنەگرانەم لە ڕاپۆرتەکە دایە . ئەمن ڕەخنە لە کۆمیسیۆنی ئوڕووپا و شووڕای
ئوڕووپا دەگرم کە بەرگری ناکەن لە پرێنسیپەکان و نرخەکانی ئوڕووپا لە پێوەندی
لەگەڵ تورکیا دا.
ئەمن ڕەخنەیان لێ دەگرم چونکە ئەوان بێدەنگن. بێدەنگی بەشێک لە یەکێتی ئوڕووپا،
ئەمن هەمیشە دەڵێم ئەم لایە پارڵمانە [ بە دەست ئاماژە دەکا] لەم جادەیە و لایەکەی
دیکەی جادەکە رێئال پۆلیتیکە. رێئال پۆلیتیک یانی ئێمە دەبێ لەگەڵ هەر
دەستەڵاتداری سەرەڕۆی کە لە جیهاندا هەن دانوستاندنمان هەبێ ئەگەر ئەوان مادەی خاو
یان ئەنێرژی یان هەر شتێکیان هەبێ. و ئەوە تەنیا ڕاسیۆنالێکە کە لەو بەری جادەی
پارڵمان واتە لە کۆمیسیۆن هەیە. ئەمن دەزانم ئەوە هاسان نییە بۆ بیروڕای گشتی لە
تورکیا کە جیاوازییەکانی یەکێتی ئوڕووپا لێک بکاتەوە. یانی هەموو یەکێتی ئوڕووپا وا نییە. کۆمیسیۆن
بێدەنگە، شووڕا ( کۆنسە) بێدەنگە بەڵام پاڕلمان دەنگی بەرزە. ئەوە باشە مرۆڤ لەو
جیاوازییە تێ بگا. ئەمن بە هاوکارەکانم دەڵێم جەماعەت بیروڕای خۆتان [ لەمەر تورکیا] دەرببڕن ،
ئەوە نەک لەبەر ئەوەی ئەوە بۆچوونێکی بە ئینسافانەیە بە ڵکوو لە بەر ئەوەی ئێمە
ئەوەندە بیروڕایە لایەنگرەی یەکێتی ئوڕووپایەی کە لە تورکییە هەیە لە دەست دەدەین. چونکە
لایەنگرانی یەکێتی ئوڕووپا لە تورکییە
هەست دەکەن بە تەنێ هێشتراونەتەوە و بەجێ
هێشتراون لە لایەن یەکێتی ئوڕووپاوە. چونکە تەنێ سانچێز [ مەبەستی خۆیەتی ] و چەند
گێژی دیکە [ ئاماژە دەکا بۆ
دووسێ نوێنەرێک لە هۆڵەکە] لە پارڵمان
دا شتی وا دەڵێن کە پێویستە بگوترێن لە تورکییە. و ئەوە شتێکە کە ئێمە بە دەیان
ساڵە نرخەکەی دەبژێرین. ڕەنگە بە ساڵانی بوێ کە بتوانین جارێکی دیکە باوەڕی
بیروڕای گشتی لە تورکیا بۆ یەکێتیی ئوڕووپا وەدەست بێنینەوە. چونکە ئێمە کۆمەڵگەی
مەدەنیمان لە
تورکییە
بە تەنێ
بەجێ هێشتووە، ئێمە لایەنگرانی ئوڕووپامان بەتەنێ جێ هێڵاوە. ئەوە بۆچوونی منە،
ئەوە شتێکە کە من
بە وەزیرەکانی دەڵێم، ئەوە شتێکە کە من بە ئورسولا ڤۆن درلەین و شووڕای ئوڕووپای دەڵێم. تکایە دەنگ هەڵبڕن
چونکە بەردەنگە تورکەکانمان گەوج نین. لەو دواییانە دا مارتا کۆز کۆمیسۆنێری گەورە
کردنەوەی ئوڕووپا هێندێک قسەی ڕەخنەگرانەی
دەربڕی، ئێمە پێشوازیمان کرد لەو هەڵوێستەی مارتا کۆز بەڵام ئەمن پێم وایە
بارودۆخی تورکیا پێویستی بە زۆر وشەی توندتر دەکا.
ئەمن جارز بووم، بەتەواوی جارزم لەوەی کە خەلکم چەند ساڵ لەوە پێش ناسیوە و ئێستا
دەبێ بچم لە زیندان سەریان لێ بدەم. ئەمن چەند حەوتووی دیکە دەچم بۆ تورکیا.
دوایین سەردانم بۆ وێندەرێ تەنێ چوونی
زیندانەکان بوو. ئەمن تەواو جاڕز بووم، دەمەوێ ناسیاوەکانم لە دەرێ ببینم. ئەم
دەمەوێ سەڵاحەدین [دەمیرتاش] لە مەقەری پارتییەکەی لە ئانکارا ببینم کە زۆر جار سەردانی دەکەم. ئەمن دەمەوێ
کاواڵا خۆی ببینم، هەر دەگەڵ پڕۆفێسۆر ئایشێ بووگرا قسە نەکەم. ئەمن دەمەوێ
شارەدارەکانی هەدەپە لە دەرەوەی زیندانەکان ببینم و حەول بدەین بۆ ئەوەی دیسان
تورکیا ببێتە دێمۆکڕاسییەکی تەواو. بەڵام کێشەکە بێدەنگی یەکێتیی ئوڕووپایە.
لەمەڕ عێڕاق و پەسند کردنی بڕیارنامە.
لەمەڕ پێواژۆی ئاشتی. ئەمن بەتەواوی دەزانم کە هەڵوێستی ڕەسمی یەکێتیی ئوڕووپا
چییە. ئێمە پشتیوانی دەکەین لەو پڕۆسەیە، ئێمە پشتیوانی لە چارەسەری دەکەین بەڵام
ئێمە دەست لە کاروبار وەرنادەین ئەگەر داوایەکی ئاوامان لێ نەکرێ. ئەوە پڕۆسەیەکی
قانوونییە لە تورکیا ، ئێمە چاوەڕوانی زۆر شت دەکەین،ئێمە پشتیوانی دەکەین لە
پێواژۆیەکە . ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە ئەوە
پەنجەرەیەکە بەرەو هیوا دەکرێتەوە، بۆ ئێوە بۆ هەموو تورکییە. بەڵام ئێمە دەبێ زۆر وشیار بین
کە وا نێشان نەدرێین کە خۆیان لێ دەکەین بە شت و بە کەمیان دادەنێین و زۆری لە سەر نەڕۆین و ئەمن پێم وانییە بتوانین
بگەیەنە ئەوەی بڕیارنامەیەک دەرکەین چونکە لە ڕاپۆرتەکەی من دا هەڵوێستی ئێمە لە
سەر پێواژۆیەکە هەیە و ئەوە جۆرێک چاوەڕوانییە. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین
وڵاتەکە ئامرازی پێویستی هەبێ بۆ ئەوەی دەست پێ بکا بە چارەسەری کێشەکە بەڵام
ئەمن نازانم گەلۆ بڕیارنامەیەکی ئەوتۆ
کاریگەرییەکی باش یان خراپی دەبێ لە سەر هەڵوێستی پاڕلمانی ئوڕووپا. ئێمە نامانەوێ
وا نیشان بدرێین کە بمانەوێ پێواژۆیەکە تێک دەین و بڵێن ئەها ئەوەتا دیسان
کۆلۆنیالیستەکان لێرەن و ئوڕووپاییەکان بە
کەممان دادەنێین و لە پێواژۆیەکمان دا خۆیان دەکەن بە شت. لەو بارەیەوە دەبێ زۆر
وشیار بین.
لەمەڕ ئێسپانیا! ئێمە بەساڵان ئازارمان کێشا بە دەست تێرۆریستانەوە لە وڵاتی باسک.
چارەسەری لەوێ جیاواز بوو. ئەمن زۆر حەز لەو زاراوەیە ناکەم، بەڵام لەوێ
تێرۆریستان لە ڕووی نیزامییەوە شکان لەبەر زۆر هۆیان، لەوانە لە بەر ئەوەی لە ناو
کۆمەڵانی خەڵک دا پشتیوانیان نەبوو، چونکە دواجار فەڕانسە بۆچوونی خۆی لەمەڕ
ڕێکخراوی ئێتا گۆڕی و دوای کوشتارێکی زۆر ئێمە هێزێکی پۆلیسی دژی تێڕۆری زۆر
ڕێکوپێکمان هەبوو و لەبەر ئەوەش کە مافی وڵاتی باسک لە ساڵی ١٩٧٨ وە مسۆگەر کرا
بوو. یەکەم ئێمە [ئێسپانیا] قەت نەمان گوت باسەکان تێرۆریستن. بۆ ئێمە ئەوە هەر بەخەیالێش
دا نەدەهات بڵێین باسک تێرۆریستن. لە وڵاتی باسک دیاردەی تێرۆریستی هەبوو، بەڵام
باسکان تێرۆریست نین. بەڵام ئەو بەیەک دانانە واتە هەر کردەوەیەکی کورد بە
تێرۆریست دانان گەوجانەیە بۆ ئێمە وایە. چونکوو ئەوەی ماف، ناسێنە، زمان و مافی
وڵاتی باسکی دەستەبەر دەکرد قانوونی بنەڕەتی ئێسپانیا بوو، نەک هەر قانوونی
بنەڕەتی ئێسپانیا، بەڵکوو پڕاتیکی سیاسی ئێسپانیاش. دوایە وڵاتی باسک،
کاتالۆنییەکان و گالیسیاییەکان و گەلانی دیکە لە وڵاتی من بەرزترین دەرەجەی حوکمی
خۆبەڕێوەبەرییان هەبوو و هەیە لە هەموو ئوڕووپا. لە هێندێک لایەنەوە زۆر زیاتر لە
وڵاتە فێدێڕاڵ و کۆنفێدراڵەکان. جا دیارە ئەوە زۆر هاسانترە کە لەگەڵ دیاردەیەکی
تێڕۆریستی دەستوپەنجە نەرم بکەی لە کاتێک
دا کە مافی خەڵکەکە لە لایەن دەوڵەتەوە دەپارێزدرێ. کەیسی ئێسپانیا زۆر جیاوازە لە
کەیسی ئێوە. دەوڵەت نەک تەنیا مافی ئێوەی دەستەبەر نەکردووە بەڵکوو جاروباریش
هێرشی بردووەتە سەر مافی سیاسی ئێوە. ئەندامانی هەدەپە ڕاونراون، پارێزبەندییان لە
پارڵمان هەڵوەشێندرا ، هێرش کرا سەر شارەدارەکان و بە دانانی قەیومان جێیان
گیرایەوە. بەڵام لە ئێسپانیا جیاواز بوو لەوێ دەوڵەت و دادگای قانوونی بنەڕەتی
مافی سیاسی، مافی کولتووری، مافی زمانی و
مافی ناسێنەی زۆر گەلانی لە ئێسپانیا دەستەبەر دەکرد لەوانە مافی وڵاتی باسک. ئەوەی
کە من دەمەوێ بە بەردەنگەکانمی بڵێم ئێمە هێندێک سیاسەتمان هەبوو کە زۆر کاریگەر
بوون بۆ کۆتایی هێنان بە پڕۆسەکە. سیاسەتی ئەوتۆی کە دەکرێ لە تورکیاش بەکار
بهێندرێ، هیوادارم قەت دیسان جارێکی دیکە پێویست بەمە نەکا. ئەویش بریتی بوو لە
سیاسەتی لەمەڕ زیندانەکان. ئێمە جیاوازیمان دادەنا لە نێوان ئەو چالاکوانانەی کە
دەیانەویست دەست لە شەڕی چەکداری هەڵگرن و ئەوانەی کە دەیانویست درێژەی پێ بدەن و
ئێمە پاداشی ئەوانەمان دەداوە کە بەوقەناعەتە گەیشتتبوون چەک بەکار نەهێنن و
ڕێگەمان خۆش کرد بوو بۆ پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە وڵاتی باسک و بە ساڵان
ئەوە بەڕێوە دەچوو چونکە جیاوازی دانان بە ساڵان کرا و دواجار ئاکامی هەبوو.
هشیار ئوێزسۆی: سپاس ناچۆ بۆ پێشکێشکارییەکەت . هیوادارم هەموو زیندانی
سیاسی بەر بدرێن و پێویست بە سیاسەتی
جیاوازی دانان نەبێ. چونکە لە تورکییە هێشتا ژمارەیەکی زۆر لە
سیاسەتمەداران لە زیندان دان، هاوسەرۆکەکانی پارتیی ئێمە، کاوالا هەر وەک ئێوە
ئاماژەتان پێ کرد و جان ئاتاڵای و
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە زیندان توند کراون. ناچۆ دیسان زۆر سپاس بۆ قسەکانت.
چەپڵەی بەشداران
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە : حەسەن قازی
تێبینی ئەم بابەتە لە ڕووی ڤیدێئۆی دانێشتنەکەوە دابەزێندراوە.
