Thursday, October 28, 2021

ئالان وارد قارەمانێکی لە بیرکراوی کوردۆلۆژی لە ساڵانی ١٩٦٠ەکاندا، سێمینارێکی دوکتور عەدنان ڕێناس چەلیک

       

زانکۆی سەرهێڵی کوردی بە بەرپرسایەتی دوکتور ئیبراهیم سەیدۆ ئایدۆغان و گەلێک مامۆستا، پسپۆڕ و شارەزای دیکە.  ئەو بەرنامانە لە زووم، یوتیووب، فەیس بووک و ئینستاگرام  بە شێوەیەکی زیندوو  پێشکێش دەکرێن.

" ئالان وارد قارەمانێکی لە بیرکراوی کوردۆلۆژی لە ساڵانی ١٩٦٠ کاندا"
دوکتور عەدنان ڕێناس چەلیک
١١-ی ژووییەی ٢٠٢١
کردنە کوردیی سۆرانی: حەسەن قازی

دوکتور ئیبڕاهیم سەیدۆ ئایدۆغان:
هاوڕێیانی بەڕێز، هەمووتان بەخێر بێن بۆ دەرسی ئەمڕۆمان. هیوادارم هەمووتان باش بن. ئەوەتا مامۆستا عەدنان یش لێرەیە. ئێمە هەم پێی دەڵێێن عەدنان و هەم بە ڕێناسیش ناوی هەڵدەدەین. کاکە ئەوە ئەتۆش دەکەمە هاوبەڕێوەبەر بۆ ئەوەی ئەگەر گرفتێک هاتە پێشێ ئەتۆش بتوانی دانێشتنەکە بەڕێوە بەری و ئەو شتانەی لە پێوەندی لەتەک سێمینارەکەت دەتەوێ نێشانیان بدەی بەشیان کەی. لە ئێستاوە ئەتۆش بەڕێوەبەری. جاری وایە هێندێک کەس پێیان ەوایە ئەوانەی بەڕێوەبەری دەکەن دەسەڵاتی خۆیان  بە کەیفی خۆیان بەکار دێنن. نا وا نییە  ئێمە لێرە سیستمی هاو بەڕێوەبەری  پەیڕەو دەکەین با ئێوەش بزانن. دیارە ئەو کەسانەی پارەکەش لە دەرسەکاندا بەشدار دەبوون مامۆستای ئێمە، لێکۆلەرەوەی هێژا عەدنان ڕێناس باش دەناسن چونکە لە کۆمەڵی کوردیدا کار و بەرهەمەکانی بە کوردی و بە تورکی پێیان زاندراوە و لەو دواییانە دا بەرهەمی وی بە ئینگلیسیش بڵاو بوونەتەوە. بەڕێزیان سۆسیۆلۆگە، جڤاکناسە، کۆمەڵناسە لە سەر مێژووی سەردەمی نزیکی کوردان زۆری کار کردووە، کاتێک دەڵێین سەردەمی نزیک زەمینەیەکی گەلێک بەرینە، کاتێک مڕۆڤ بە چاوی کۆمەڵناسێک تەماشای مێژوو دەکا بە تایبەتی ئی سەدەی بیستەم زۆر شکان لە بواری زانستی بە تایبەتی لە زانستی کۆمەڵناسیش دا دەبینێ ئیدی لە سەر ئەو مەکتەبانەی کە هەبوون مێتۆدی نوێ هەڵنراون و تەنانەت فرە مێتۆدی هاتە مەیدانێ واتە فرە دیسیپلینی. بۆیە ئێوە دەبینن جار جار زمانناسێک باسی مێژوو دەکا،باسی سیاسەت دەکا، ئەدەبناسێک باسی کۆمەڵ دەکا، کۆمەڵناسێک باسی زمان و مێژوو دەکا و ئەوەش دەری دەخا لە نێو زانستی کۆمەڵایەتیدا فرە دیسیپلینی، فرە بواری و دیسیپلینی ناوکۆیی هەیە. پارەکەش مامۆستا عەدنان چەلیک لێکۆڵینەوەیەکی خۆی لەو بوارە دا لەگەڵ بەش کردین کە زۆر چاوڕاکێش بوو. ئێمە هەمیشە دەمانەوێ کەلک لە لێکۆڵینەوەکانی وەربگرین. ئەمڕۆش دیارە ئەمن دەزانم باسی ج دەکا بەڵام  بۆ ئێوەش دەردەکەوێ باسی بابەتێکی سەرنجڕاکێش دەکا کە کوردان لێی ئاگادار نین. ئەو بابەتەمان لەگەڵ بەش دەکا. مامۆستا بە خێر بێی. کەرەم کە دەتوانی میکڕۆفۆنەکەت بکەیەوە و دەرس ئی بەڕێزتە فەرموو!

دوکتور عەدنان ڕێناس چەلیک: سپاس مامۆستا خێراندار بی. ڕۆژباش لەهەمووتان ئەو هاوڕییانەی لەم بەرنامەیە دا بەشدارن. جارێکی دیکە سپاسی تۆ دەکەم کاک ئیبڕاهیم ئەمن زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ هاتووم بۆ ئەم بەرنامەیە. پارەکەش ئێمە بەرنامەیەکمان پێشکێش کرد بە ڕاستی بۆ من زۆر خۆش بوو، هیوادارم ئەمڕۆش هەر وا بێ. ئەگەر ئیزن هەبێ من سەردێڕی باسەکانتان لەگەڵ بەش دەکەم و ئاوا  هاسانتر دەتوانم قسە بکەم.


" ئالان وارد قارەمانێکی لە بیرکراوی کوردۆلۆژی لە ساڵانی ١٩٦٠ کاندا"
بە ڕاستی لە ٢٠١٩ بەملایەوە ئەمن لە سەر مژارێکی تازە کار دەکەم. تێزی دوکتوراکەم لە سەر بابەتێکی زۆر جیاواز بوو. زیاتر سەبارەت بە باکووری کوردستانێ بوو لە ساڵەکانی ١٩٩٠ ەکاندا. بەڵام دوای ئەوەی بەرگریم لە تێزی دوکتواریەکەم کرد دەستم کرد بە لێکۆڵینەوەیەکی دوای دوکتورا ( پۆست دوکتورا) و ئەوە بە ڕاستی پڕۆژەیەکی زۆر بەرفرەوانە و هەر ئەمن دەو پڕۆژەیە دا نیم چەند کەسین لە سەر ئەو پڕۆژەیە کار دەکەین. ئەو بابەتەی ئەمن کاری لە سەر دەکەم لە سەر تێکۆشان و چالاکی کوردانە لە ئوڕووپا زیاتر لە ساڵانی ١٩٥٠، ١٩٦٠ و ١٩٧٠کان. لە دانیشتنی پارەکە دا هێندێک باسی بڵاوبوونەوەی تؤڕی چالاکی کوردیم کرد، ئەمڕۆ دەمەوێ زیاتر لە سەر مژارێکی تایبەتی قسە بکەم چونکە بە ڕای من ئەم چیرۆکەی ئەمڕۆ بۆتان دەگێڕمەوە هەم گەلێک سەرنجڕاکێشە و هەمیش وەک مامۆستا ئیبڕاهیمیش گوتی کەس پێی نازانێ. من کاتێک چوومە ئامێستردام لە ئارشیوی سیلڤی وان ڕۆی دا زیاتر ئەو بەڵگانەم دەست خست و ڕاستەکەی من نزیکەی حەوتوویەک کارم لە سەر ئەو بەڵگانە کرد بۆ ئامادە کردنی ئەم پێشکێشییە.
 ساڵ و نیوێک لەمەوپێش ئەو قسانەی دەیانکەم  وەک وتارێک نووسیبووم و بۆ گۆواری ' دەروازە ' م نارد، مخابن لە بەر وەزعی کۆرۆنا هێشتا ئەو ژمارەیەی گۆوارەکە دەر نەکەوتووە. ئەوە وتارێکی درێژی بیست و پێنج لاپەڕەییە لە سەر ئەو بابەتە و بە خۆشییەوە دەبێ بڵێم گۆوارەکە لە ماوەیەکی نزیک دا چاپ دەبێ. ئەمن دەمەوێ تا ڕادەیەک لە سەر بنەمای ئەو نووسینە ئەم پێشکێشییەی ئەمڕۆ بکەم.



دەکرێ هێندێک لە ئێوە ناوی ' ئالان وارد ' تان بیستبێ چونکە  لە مانگی ئاوریل دا من و ئەرگین ئوێپەنگین شێعرێکی ئەومان بە ناوی ' گوریسی سوور ' وەرگێڕا سەر زمانی کوردیی کورمانجی و وەشانخانەی ئاوێستا ئەوەی بڵاو کردەوە، دواتر هێندێک باسی ئەوەش دەکەم. بەڵام ئەمڕۆ مەبەستم ئەمە نییە باسی شێعرەکەی بکەم بەڵکوو دەمەوێ هێندێک باسی چیرۆکی کارەکانی بکەم لە بواری کوردۆلۆژی واتە کوردناسیدا. ئەوەی کە دەیبینن وێنەیەکی ئالان واردە کە وا بزانم لە تەمەنی بیست ساڵی یان بیست و پێنج ساڵی دا گرتوویە. کوڕەکەشی بە لێبڕاوی نازانێ وێنەکە لە چ ساڵێکدا گیراوە بەڵام  ئالان وارد ئەم کەسەیە. لە ساڵی ١٩٣٧ لە بریتانیا لە شاری ۆرتینگ لە دایک بووە.بۆخۆیان بە ڕەچەڵەک ئیرلەندین بەڵام ماڵباتەکەی لە باشووری بریتانیا دامەزراون و دوایە لە ساڵی ٢٠١٤ لە میرایەتی ئاندۆرا کۆچی دوایی کردووە. ئێستا ئێمە باسی ژیانی دور و درێژ و چیرۆکی وارد و کارەکانی لە سەر کوردان وکۆردۆلۆژی بکەین.
ئەمن لێرە تایم لاین ێکم ئامادە کردووە ( مامۆستا ئیبڕاهیم نازانم بە کوردی چی پێ بڵێین؟)
ئیبڕاهیم سەیدۆ:  ئێمە پێی دەڵێین  ' خەتی کات "
عەدنان ڕێناس چەلیک: دەمخۆش، کە لە ڕووی ئەوە دەتوانین وە پێوشوێنی قۆناغەکانی ژیانی ئالان وارد کەوین. وەک دەبینن با بە کورتی بڵێم لە ساڵی ١٩٣٧ لە بریتانیا لە دایک دەبێ، لە ساڵی ١٩٥٠ بەشی زمانناسی لە زانکۆی ئاکسفۆرد تەواو دەکا، پاشان هەر لە زانکۆی ئاکسفۆرد دەرەجەی ماستر وەردەگرێ و دوایە دەچێتە دابلین لە ئیرلەند و لە Trinity college  دوکتورای خۆی وەردەگرێ لە بواری  زمانناسیدا، بۆ ماوەیەکی کورت دەچێتە هۆنگ کۆنگ و دوایە دەگەڕێتەوە ئوڕووپا و لە بەر ئەوەی دایکی ئالان وارد ماوەی بیست ساڵ لە پاریس کاری کرد بوو بەر لە شەڕی دووهەمی جیهانی و لە بەر ئەوەی پێوەندییەکی قووڵی هەبوو لەگەڵ فەڕانسە و لە بەر ئەوەی ئالان واردیش بە ڕێگای دایکییەوە زۆر فەڕاسەیی دەناسی و لە منداڵی را زمانی فەڕانسەیی فێر ببوو بۆیە کاتێک کە زانکۆ تەواو دەکا دەچێتە شاری نیم لە فەڕانسە لە لیسەیەک ( دەبیرستان) دا کار دەکا. ئێمە بە دوور و درێژی باسی ئەوانە بکەین بەڵام ساڵێک لە وێ مامۆستایەتی دەکا و لە پاییزی ساڵی ١٩٦٠ دا دێتە ئامێدێ، دیاربەکرێ، چوار مانگ لە دیار بەکر  دەبێ. بەڕاستی ژیانی ئەو ماوەیەی کە لە دیاربەکر بووە زۆر سەرنجڕاکێشە باسی لێوە دەکەین، دوایە لەوێڕا دەچێتە بارسێلۆنا وەک مامۆستای زمانی ئینگلیسی ساڵێک دەرس دەڵێتەوە و لە ساڵی ١٩٦٢ لە میرایەتی ئاندۆرا دادەمەزرێ وەکوو وەرگێڕی سوێندخواردوو  و هەتا دوایی ژیانی لەوێ دەژی.
چیرۆکێکی کە ئەمڕۆ بۆ ئێمە سەرنجڕاکێشە بێگومان لە دوای ساڵانی ١٩٦٠ دەست پێ دەکا. و کاتێک کە لە دیار بەکر دەگەڕێتەوە کتێبێکی شێعر بڵاو دەکاتەوە بە ناوی
La corda Roja واتە گوریسی سوور کە ئەنیستیتووی کاروباری ئۆکسیتانی لە پاریس چاپی دەکا، دوایە باسی دەکەین پاشان پێوەندی پەیدا دەکا لەگەڵ سیلڤیۆ وان ڕۆی. ڕەنگە وەبیرتان بێ پارەکە ئێمە باسمان کرد وان ڕۆی سەرۆکی " ڕێکخراوی جیهانی کوردستان" بوو، ئەو کۆمەڵەیە لە ئامستردام پێک هاتبوو  و دوای پێوەندی لەگەڵ سیلڤیۆ وان ڕۆی خەباتی کوردۆلۆژی وارد دەست پێ دەکا. مەم و زین وەردەگێڕێ بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، کتێبکی ڕێزمان بە ناوی " عونسورە کوردییەکان"  سەبارەت بە کوردیی باکوور ئامادە دەکا و لە سەر زازایانیش چەند تێبینی و نۆتی پچووک دەنووسێ. و دواجار لە ساڵی ٢٠١٤ لە ئاندۆرا کۆچی دوایی دەکا.



سەبارەت بەو تایم لاینە ( خەتی زەمان) ئەمن لە دوو ئارشیوان کەلکم وەرگرتووە. یەکیان ئی پایەبەرزی مەزنی خۆمان عیسمەت شەریف وانلی، وەک دەزانن کوردێکی ڕۆژئاوا بوو بەڵام بە ڕەچەڵەک خەڵکی وان بوو لە باکوور.عیسمەت شەریف وانلی لە کۆتاییەکانی ١٩٤٠ دا دەچێتە لۆزانێ و هەتا دوایی ژیانی خۆشی لە ئوڕووپا لە پێناوی دۆزی کوردان. لە پێناوی دۆزی گەلی کورد خەباتی زۆر گەورەی کرد. دوای کۆچی دوایی عیسمەت شەریف ئێستا ئارشیوە تایبەتییەکەی لە زانکۆی لۆزان پارێزراوە . ئاڕشیوێکی تاقانەیە بە ڕاستی. ئەمن هەمیشە ئەوە دەڵێم. وەک دەزانن لە کانتێکستی، لە چوارچێوەی کورداندا بە داخەوە ئارشیو زۆر نین بۆیە من هەمیشە بە دۆست و ئۆگران دەڵێم ئەگەر دەرفەتتان هەبوو و بتوانن خۆتان بگەیێنە لۆزان و سەری بدەن بە ڕاستی هەتا بڵێی ئارشیوێکی دەوڵەمەندە. بێگومان ئارشیوی ئەساسیش بۆ لێکۆڵینەوەکەی من ئاڕشیوی سیلڤیۆ وان ڕۆی یە لە ئامستردام. ئەمن لە زۆر بەڵگەی ئەو ئارشیوەش کەلکم وەرگرتووە و جگە لەوە من لەگەڵ کوڕی ئالان واردیش بە دوور و درێژی قسەم کردووە، ئەویش ناوی ئالان وارد جونیێرە. من چوار پێنج جار هەڤپەڤینی دوورودرێژم لەگەڵ کردووە سەبارەت بە ژیانی بابی.، ئەم شتانەی ئەمشەو دەیانڵێم لە ڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە لەسەر بنەمای ئەو سەرچاوانەن کە باسم کردن.



وەک من باسم کرد ئالان وارد لە ساڵی ١٩٥٨ دەچێتە نیم. نیم شارێکی فەڕانسەیە لە باشووری ئەو وڵاتە هەڵکەوتووە و وەک شارێکی ئۆکسیتانی ناسراوە،گەلی ئۆکسیتان لەوێ ژمارەیان زۆرە. کاتێک ئالان وارد لە لیسەی شاری نیم دەرس دەڵێتەوە لەگەڵ ڕۆبێرت لافۆنت ئاشنایەتی پەیدا دەکا. ڕۆبێرت لافۆنت کەسێکی بەنێوبانگ و گرینگە بۆ ئۆکسیتانەکان چونکە لە دوای ساڵانی ١٩٤٠ەکان کە وەچەی نوێی ئۆکسیتانی سەر هەڵدەدەن ئەو وەچەیە گەڵیک کاردەکەن لە پێناوی دۆزی گەلی ئۆکسیتان و لافۆنت یەک لەو تێکۆشەرانە بوو کە ئەنیستیتووییەکی دامەزراند بۆ کاروباری ئۆکسیتانی لە ساڵی ١٩٤٥و هاوکات لەگەڵ ئالان وارد، رۆبێرت لافۆنتیش لەو لیسەیەی نیمێ مامۆستا بوو لەوێ یەکتری دەناسن، دۆستایەتیان دەست پێ دەکا. ئەو وێنەیەی دیکەی کە لە لای ڕاستیش دەیبینن فڕانسوا فۆنتەن یەک لە ڕووناکبیرانی ئۆکسیتانە کە حیزبی نەتەوەیی ئۆکسیتانی دامەزراند، ئەو لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠ کاندا زۆر چالاک بوو، ئەوان هەر دووکیان کاریگەرێیەکی زۆریان هەبووە لە سەر ئالان وارد بۆ تێگەیشتنی بار ودۆخی کەمایەتییە نەتەوەییەکان و ئەوان بۆ وی زۆر گرینگ بوون چونکوو دوای پێوەندی بە وان ڕا ئیدی هێدی هێدی لە سەر ئیرلەندی بوونی خۆی، لە سەر بارودۆخی ئۆکسیتانان، لە سەر برۆتۆنان، با بڵیین لە سەر کەمایەتیە نەتەوەییەکانی ئوڕووپا کەم کەم ئاگادار دەبوو. جگە لەوانە کەسێکی دیکەش هەیە کەشوێنی لە سەر ئالان وارد داناوە کە من لە بیرم چوو باسی بکەم ئەویش کەسێکە بە ناوی پییێر لاگارد کە ئەو دەمی لە تولس بوو. تولسیش شارێکی ئۆکستانەکانە لە فەڕانسە. جا لاگارد پێوەندییەکی زۆر پتەوی هەبوو لەگەڵ ئۆکسیتانەکانی دانیشتووی بارسێلۆنا و ئالان وارد بە یارمەتی لاگارد لەگەڵ زۆر کەس لە بارسێلۆناش پێوەندی پەیدا کرد. و وارد دوای ئەوەی ساڵێک لە نیمێ مامۆستایەتی دەکا دەچێتە بارسێلۆنا و لەوێ کار دەکا و دواجار تێکەڵاوی ئالان وارد و ئۆکسیتانەکان دەتەنێتەوە. نازانم ئێوە ناوی ئۆکسیتانەکانتان بیستووە یان نا، ئەوانیش گەلێکی بێدەوڵەتن لە فەڕانسە وەکوو کوردان. زۆربەیان بە باشووری فەڕانسە، ئیتالیا و کاتالۆنیا بڵاو بوونەتەوە، ئەوانیش وەکوو کەمایەتییەکانی دیکەی ئوڕووپا خەبات دەکەن بۆ  وەدەستهێنانی مافی خۆیان  و زۆر تێکۆشاون. ڕۆبێرت لافۆنت لە ساڵی ١٩٧١ بە زمانی فەڕانسەیی کتێبێکی نووسی " لە کۆلۆنی کردنەوە لە فەڕانسە" لەو کتێبە دا لافۆنت بۆ جاری یەکەم وەزعی ئۆکسیتانەکان لە فەڕانسە لە چوارچێوە وبەستێنی کۆلۆنیالیستی دا هەڵدەسەنگێنێ. بە ڕاستی ئەو کتێبە  بوو بە سەرچاوەیەکی پتەو بۆ کەمایەتییەکانی ئوڕووپا چونکە بە دوای ئەو کتێبە دا کەمایەتییەکانی ئوڕووپا ئەوەی بەسەریان هاتووە لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆلۆنیالیستیدا هەڵدەسەنگێنن ، بۆیە ئەو کتێبەی لافۆنت زۆر گرینگە.
بە داخەوە کوڕی ئالان واردیش نازانێ کە باوکی بۆچی بڕیاری داوە بچێتە دیاربەکرێ لەوێ مامۆستایەتی بکا. یانی من زۆرم دە پرسان گرت بەڵام ئەویش نازانێ، بەڵام شتێکی کە ئێمە دەزانین ئەوەیە لە سەرەتای مانگی سێپتامبری ١٩٦٠ دا ئالان وارد دەچێتە ئامێدێ، ئەو دەمێ ڕەنگە ئێوە بیستبێتان لە دیار بەکر
" دیاربەکر مەعاریف کۆلێژی" هەبووە. ئەو کالیجە لە ساڵی ١٩٥٦ لە دیاربەکر دامەزرا. زمانی دەرس دادان لەو کالیجە دا ئینگلیسی بوو، ئالان واردیش دەچێ لە " دیاربەکر مەعاریف کۆلێژی" دەرسی ئینگلیسی و ماتێماتیک دەڵێتەوە. دیارە تەنێ چوار مانگ لە دیاربەکر دەمێنێتەوە و دەتوانین بێژین چیرۆکەکەی لەوبارەیەوە دڕاماتیکە. کاتێک کە دەگاتە دیاربەکر شتێک کە بۆ جاری یەکەم سەرنجی وی ڕادەکێشێ بەوە دەزانێ کە لەو شارە کورد دەژین نەک تورک. ئەو چوو بووە تورکیا، بەڵام بۆی دەردەکەوێ ئەوێ کوردستانە، خەڵکی دیاربەکر خۆ وەک کورد دەناسن  و زۆربەی ئەوانیش بە کوردی قسە دەکەن. و لە بەر ئەوەی کە زمانناس بوو و زۆریش بە توانا بوو بۆ فێر بوونی زمانان  دە ماەیەکی کورت دا ئالان وارد کورمانجی فێر دەبێ و کەمێکیش زازاکی و دوای ئەوەیە کە بەڕێوەبەری ئەو کۆلێژە و مامۆستاکانی دی هەست پێ دەکەن ئالان وارد زیاتر سەرنجی دەچێ بۆ سەر کوردی هەتا تورکی دەستبەجێ کۆتایی دەدەن بەکارەکەی و کۆنتڕاکتەکەی هەڵدەوەشێننەوە و لە کۆتاییەکانی دیسامبری ١٩٦٠ کارێکی وا دەکەن وڵات بە دەر بکرێ و وارد ناچار دەبێ تورکیا بەجێ بێڵێ. ئەو چوار مانگە دەمێکی زۆر کورت وەبەر چاو دێ بەڵام لە ڕاستیدا  شوێنی زۆرە گەورەی کردووە لە ژیانی ئالان وارد دا و ئێمە ئێستا باسی چۆنیەتی  ئەو کارتێکەرییانە بکەین


لەو ماوەیەی کە ئالان وارد لە دیار بەکر بوو دوو دۆستی پەیدا کرد. ئێمە ئەوە بە شێعرەکەی " گوریسی  سوور " ڕا دەزانین. لەو بەرهەمە دا دوو کەسایەتی سەرەکی کورد هەن کە ئالان وارد زۆر باسیان دەکا و بە ئەدیب و نەجیب نێویان دێنێ. ئێمە دەزانین ئەدیب، ئەدییپ ئاڵتن ئاکارە، نەجیبیش، نەجیب  باشاک ە. ئەدیب ئالتن ئاکار سەر بە ماڵباتی ئاڵتن ئاکارەکانە کە لە سەرهەلدانی شێخ سەعید دا پشتیوانیان لەو سەرهەڵدانە کرد بوو و دوای تێکچوونی بزووتنەوەکەش بنەماڵەکەیان دوور خرانەوە  بۆ ڕۆژئاوای تورکیا و بابی ئەدیب ئالتن ئاکار لە ساڵی ١٩٣٧ دا بەڵکوو ئێوە بیستبێتتان لە ڕووداوی  پردی ڕەش " کارا کووێپری حادیسەسی"  دا کووژرا  بە دەست ئەڕتەشی تورک لە بەر ئەوە ئەوەدمی عموومی موفەتیش  ( پشکنەری گشتی) عابیدین ئوێزمەن  لە دیار بەکرێ بوو و لەو ڕووداوە دا هێندێک ئاغا و گوندیی کورد کۆ دەکاتەوە و گوللە بارانیان دەکا و یەک لەوان بابی ئەدیب ئاڵتن ئاکار بوو. کاتێک کە ئالان وارد گەیشتە دیاربەکرێ ئەدیب ئاڵتن ئاکار سەرۆکی بورۆی پارێزەران بوو لە دیاربەکر، یانی خۆی پارێزەر بوو  وەک لێرە دەبینن لە کتێبی شێعری وارد دا ئەو قسەیە هەیە. لە پەراوێزی شێعرەکە دا لەمەڕ ئەدیب ئاڵتن ئاکار دەنووسێ. سەرۆکی بۆرۆی پارێزەران لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ لە دایک بووە بابی یەک لە سەرکردەکانی ساڵی ١٩٢٧ بووە و بە فەرمانی ئاتاتورک ئێعدام کراوە. ئەوە چاوڕاکێشە کە لە شێعرەکەی ئالان وارد دا زۆر هەڵەی فاکتی هەن جا ئەوە یان لەبەر ئەوەیە خراپ لە قسەی ئەو کەسانە تێ گەیشتووە کە شتێکیان بۆ باس کردووە یان بۆخۆی بە هەڵەی نووسیویە. ئێمە دەزانین کە بابی ئەدیب ئاڵتن ئاکار لە ڕووداوی  'پردی ڕەش ' دا کووژراوە، بەڵام ئەو دەڵێ دوای سەرهەڵدانی شێخ سەعید ئێعدام کراوە.
نەجیب باشاکیش سەر بە ماڵباتێکی بەگانە، بۆخۆشی شاعیر بوو و وارد سەبارەت بە ویش دەڵێ: شاعیری کورد ساڵی ١٩٢٥ لە دایک بووە، لەبەر بیروڕای سیاسی خۆی بووە بە ئەلکۆلیست و دەتوانێ بە ڕێگای ئارەق خواردنەوە تورکەکان توورە بکا. ئەویش ئاوا دەناسێنێ دەڵێ کەسێکی زۆر ڕووناکبیر بوو بەڵام لە تاوی ئەو هەموو زوڵم و زۆردارییەی کە لە دەست دەوڵەتی تورکان چێشتی تەنیا بە ڕێگای خواردنەوە دەیتوانی ئەو بەسەرهاتە لە بیر بەرێتەوە . ئەو دوو ئاواڵانەی خۆی ئاوا دەناسێنێ. دە شێعرەکە دا ئەو دوو کەسایەتییە کوردە بۆ بیرەوەرییەکانی ئالان وارد زۆر گرینگن.
وارد دوای ئەوەی لە تورکیا دەر دەکرێ دەگەڕێتەوە ئوڕووپا و لە ساڵی ١٩٥٤ بە ناوی
La corda Roja   واتە گوریسی سوور شێعرێکی دوور و درێژ دەنووسێ و ئەنیستیتووی کاروباری ئۆکسیتانی ئەو شێعرە وەکوو کتێب چاپ دەکا. وەک من باسم کرد ئالان وارد ئەو دەمی کە لە نیم لە فەڕانسە دەژیا لەوێ لەگەڵ لافۆنت یەکتریان ناسی، لافۆنتیش دامەزرێنەری ئەو ئەنیستیتووە بوو، تێکەڵی ئەوان ئاوا ساز بوو. دیارە کاتێک کە لە تورکیا دێتەوە باسی کوردستان و وەزعی کوردان دەکا و ئەوە سەرنجی ئۆکسیتانەکانیش  ڕادەکێشێ، پنکتێکی دیش ئەوەیە کە یەکێک لە ئۆکسیتانەکان ئەندامی کۆمەڵەی پشتگیری لە شۆڕشی کوردستان بوو، دوایە باسی دەکەم. بەو شێوەیە ئەو ئاوا پێوەندی لەگەڵ ئۆکسیتانەکان هەبوو و ئەو ئەنیستیتووە ئەو کتێبەی ئالان واردی لە کۆلێکسیۆنی شێعراندا چاپ کردووە، ئەوە بە ڕاستی شێعرێکی زۆر بە ناوەرۆکە و ئەگەر ڕۆژێک دەرفەت ساز بێ ئەمن دەمەوێ بە تایبەتی پێشکێشییەک لەسەر ئەم شێعرە بکەم، چونکە بە ڕای من مرۆ دەتوانێ بە شێوەی جۆر بە جۆر ئەو شیعرە هەڵسەنگێنێ.  من کورتەیەکی لێرە دا دەخوێنمەوە.
بۆ گەلی کورد
ئەوەی لە ناو بەدبەختی خۆشیدا
ئەوەندە خۆشەویستە
بۆ دوو  گەلی دیکەش،
[یەکیان ئیرلەندی و ئەویدی ئۆکسیتانی یە]
ئەوانە کە باش دەزانن تورک ناوی دیکەش لە خۆیان دەنێن
و لە دار دان هەر تاق و لۆق نییە، و نە ڕەزیل کردن
ڕێگای لە بیر بردنەوەیە

لێردە دا دەکرێ بڵێین ئالان وارد چارەنووسی ئیرلەندی، ئۆکسیتانی و کوردی وەک یەک دەبینێ و وەزعی  هاوبەشیانمان لە ژێر زوڵم و زۆرداری کۆلۆنیالیستاندا نێشان دەدا. ئالان وارد ئەو شێعرەی بە دوو زمانان چاپ کردووە بە زمانی فەڕانسەیی و بە زمانی ئۆکسیتانی. ئەو بۆخۆی بە ئۆکسیتانی نووسیبوو بەڵام وەریگێڕابووە سەر فەڕانسەییش و بە دوو زمانان چاپی کرد. جا هێندێک ئاواڵ دەپرسن ئێوە بۆچی ئەو کتێبەی ئالان واردتان بە کوردی و تورکی چاپ کردووە، ئەوەش هێندێک لە بەر ئەوەیە کە بە ماکەکە بە دوو زمانە. هۆیەکی دیکەش بۆ وەرگێڕان بە تورکی ئەوەیە ئالان وارد دەیەویست دەنگی بگاتە تورکان، لە شێعر دا دیالۆگێک دەکا لەگەڵ دەوڵەتی تورک سەبارەت بەو شتانەی کە بەسەر گەلی کورد دا هاتووە و هەر وەها شێوەی دەستکردنەوە و بەرخوەدانی کوردان. وەک من باسم کرد شێعرەکە زۆر درێژە، بەڵام سێ مژاری سەرەکی تێدایە یەک ئەوەی دیاربەکر وەکوو شارێکی کەونارا، وەکوو شارێکی مێژوویی پێناسە دەکا، دەگەڕێتەوە سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر تا ئەم  ڕۆژگارە. باسی ئەو ئالوگۆڕانە دەکا بە درێژایی مێژوو لەوێ پێک هاتوون، هێندێک باسی ئەمانە دەکا. دو فاقییەکیش ساز دەکا لەمەر گەلی ڕەسەنی وێ وەکوو ئەرمەنی و کورد و لە لایەکی دیکەوە ئەو گەلانەی کە هاتوون و دیاربەکریان داگیرکردووە. لە بیزانسەکانەوە بگرە، هەتا پارتەکان، تا تورکان . مژاری دووەم دیاربەکری ڕۆژانەیە. ئالان وارد چوار مانگان لەوێ بووە و لەو ماوە کورتە دا چاوەدێری زۆری ئەزموو و لەتەک خۆیان هێنانی . کولتوور و مێژووی وێندەرێ گەلێک سەرنجی وی بەرەو لای خۆی ڕاکێشا زۆر شتی ئۆرژیناڵ باس دەکا لە مەڕ دیاربەکر ئەگەر مرۆ ساڵانی ١٩٦٠-ی ئەم شارە لە بەر چاو بگرێ. وەک گوتم مژاری جۆر بەجۆر دەکرێ لەم شێعرە دا ببیندرێتەوە، بابەتێکی سەرەکی دیکە دیاربەکر وەک شارێکی کوردان کە لە ژێر زوڵم و زۆرداری تورکان دایە پێناسە دەکا و سەبەبی ئێش و ژانی کوردانیش بەوە دەبەستێتەوە. بە ڕای من ئالان وارد زۆر لە ژێر کاریگەری وەزعی گەلی ئۆکسیتان دا بوو. لەبەر ئەوەی دۆستی ئۆکیستانی زۆر بوو و بەو چاویلکەیەوە چاوی لە دیاربەکر کردووە. واتە دیاربەکری وەکوو کۆلۆنییەکی دەوڵەتی تورک دیوە.
بێگومان مرۆ واقی وڕ نامێنێ، کتێبەکە لە کۆتایی ١٩٦٤ دەرکەوتووە و لە ساڵی ١٩٦٦ ئەو کتێبە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە قەدەغە کراوە لێرە ئێوە بڕیارنامەی قەدەغە کردنەکە دەبینن. سەرنجڕاکێشە لەم بڕێارە دا گوتراوە زمانی کتێبەکە فەڕانسەیی یە و لە دوو کەواندا نووسراوە ( "لەهجە"ی ئۆکسیتانی)، لێرە دا مرۆ مەنتقی دەوڵەت دەبێنێ کە چۆن کار دەکا. ئێمە دەزانین زمانی ئۆکسیتانی لەهجەیەکی زمانی فەڕانسەیی نییە، بەڵکوو زمانێکی سەربەخۆیە و ئەوان ئاوایان ناو هێناوە. وەک باسم کرد لە ساڵی ١٩٦٦ ئەو کتێبە قەدەغە دەکرێ. بەڕای من لە دوو لایەنەوە ئەو کارە زۆر گرینگە، یەک وێدەچێ ئالان وارد ئەو کتێبەی ناردبێ بۆ ئاواڵانی خۆی لە دیاربەکر و کتێبەکە دۆزرابێتەوە ئەوە ئیحتیمالێکە، ئیحتیمالی دووەمیش ئەوەیە ئێمە دەزانین کۆنسولخانەکانی تورکیا لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا بۆ کۆ کردنەوە زابیاری و کاری ئیستیخباراتی زۆر چالاک بوون و ئەگەر لە ئوڕووپا شتێک لە سەر کوردان بڵاو بووباوە دەستبەجێ دەوڵەتیان لێ ئاگادار دەکرد. بەم دوو ڕیگایانە یەکێان، ئێمە نازانین کامەیان، کتێبەکە دەگاتە دەست دەوڵەتێ و  قەدەغە دەکرێ.
من و ئەرگین [ مەبەست دوکتور ئەرگین ئوێپەنگین ە ح.ق] ئەو کتێبەمان وەرگێڕا سەر کوردی و تورکی و پێشەکییەکی کورتیشمان بۆ نووسی لەمەڕ کانتێکسی شێعرەکە. بەڵام من وەک باسم کرد ئەمڕۆ دەمەوێ هێندێک باسی کارەکانی ئالان وارد لە بواری کوردۆلۆژیدا بکەم.
 لە دەرسی پارەکەشدا گوتم لە ساڵانی ١٩٦٠ کاندا سێ سازی، سێ کۆمەڵەی سەرەکی هەبوو بۆ چالاکی کوردی لە ئوڕووپا. یەکیان کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بوو لە ئەوڕووپا. ئەو کۆمەڵەیە ١٩٥٦ لە ئەڵمان دامەزرا و لە ساڵانی ١٩٦٠ دا ئەو کۆمەڵەیە نزیکەی ٢٠ لقی هەبوو لە ویشکاڕۆی ئوڕووپا و لە یەکێتی سۆڤیەت. کۆمەڵەیەکی زۆر چالاک بوو، نزیکەی ٢٠٠٠ ئەندامی هەبوو و لەبەر ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد بوو ئەو کۆمەڵەیە و لقەکانی وەک کونسولخانەی دۆزی کوردان هەڵدەسووڕان. جگە لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕووپا، دوو کۆمەڵەی دیکە هەبوون، ئەو دوو کۆمەڵانە لە لایەن کوردانەوە ساز نەکرابوون، بەڵام دۆست و لایەنگری کورد بوون. یەکیان لە پاریسێ لە ساڵی١٩٦٣ لە لایەن ژان پییێر ڤیێنۆ دامەزرا  بە ناوی
le comite de solidarite a la Reveolution Kurdeئەوان زیاتر لەگەڵ باشووری کوردستان  تێکەڵیان هەبوو هەمیشە ناوی سۆرانییان بە کار دێنا " کۆمیتەی پشتگیری شۆڕشی کوردستان"، ئەو کۆمەڵەیە زۆر سەرنجڕاكێشە، چونکە ئەو دەمی ژان- پییێر ڤیێنۆ  هێشتا لاوێکی بیست ساڵانە بوو و لە ساڵی ١٩٦٣ دا وەک ڕۆژنامەنووس چوو بۆ باشووری کوردستان  و هەڤپەیڤینی کرد لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی، بەشداری شۆڕشی کردبوو، ئەو دەمی خەباتێکی زۆر توند بە دژی حکوومەتی ناوەندی لە کوردستانی عێڕاق دەکرا و ژان – پیێر ڤیێنۆ ببووە شاهیدی ئەو ملەیە  و دوای گەڕانەوەی بۆ پاریس بڕیاری دا کۆمەڵەیەک بۆ پشتیوانی لە کوردان دابمەزرێنێ. شتی هەرە سەرنجڕاکێش سەبارەت بەو کۆمەڵەیە ئەوە بوو کە زۆربەی ئەندامەکانی سەر بە کەمایەتییە نەتەوەییەکان ئوڕووپا بوون. ئەوانیش وەکوو کوردان ئەوانیدی بوون، کەمایەتی بوون. بۆ وێنە یەکیان سەرۆکی یەکێتی ڤاڵدۆتن بوو، یەکیان ئەندامی بزووتنەوەی نەتەوەیی باسک بوو، یەکیان سەرۆکی ڕێفۆرمی والۆن بوو و یەکیان ئێدیتۆری ڕۆژنامەی  le peuple Breton بوو. گشت ئەوانەی کە ئەندامی کۆمیتە بوون بۆخۆیان سەر بە کەماتەتییان بوون. یا لە فەڕانسە، یان لە ئێسپانیا، یان لە بریتانیا ئەوانیش لە ژێر زوڵمی ئەو دەوڵەتانە دا بوون  و وەک گەلی بێدەوڵەت حەولیان دەدا مافی خۆیان وەربگرن. جگە لەوە ژان پیێێر ڤیێنۆ لە سەر کوردان لێکۆڵینەوەشی دەکرد. لە ساڵی ١٩٦٩ لە پاریسێ لە زانکۆی مامۆستا سەیدۆ ئایدۆغان ( واتە ئێنالکۆ ) دەیخوێند و لەوێش بەرگری کرد لە تێزەکەی و لەوێ دەستی کرد بە کار کردن و سەبارەت بە بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردلە ئینالکۆ دەرسی دەوتەوە. ئەمن دڵم وە ژان دەکەوێ کاتێک باسی ژان پییێر ڤیێنۆ دەکەم چونکە هێشتا ٣٤ ساڵان بوو ژیانی خۆی لە دەست دا. ئەو چوو بوو بۆ بەلووچستان بۆ پشتگیری لە خەباتی گەلی بەلووچ و لەوێ لە هەلومەرجێک دا کە هێشتا مرۆ نازانێ بۆ  ژیانی خۆی لە دەست دەدا و لەوێ دەمرێ و هەر لەوێش ئەسپاردەی خاکی دەکەن. گۆڕی وی لە بەلوچستانە. ئەمن ئێستا لای خۆم دەڵێم گەلۆ ئەگەر ئێستا ژان – پیێر ڤیێنۆ ژیا با چی دەکرد بۆ گەلی کورد؟ بێگومان زۆر شتی پیرۆزی بۆ کوردان کردبا. سەبەب چییە ئەمن باسی ئەو کۆمیتەیە دەکەم ئێوە ئێستا دەزانن. لە فەڕانسە، لە پاریسێ سیتە ئۆنیڤێرسیتە هەیە، مامۆستا زۆر باش دەزانێ، ئەوێ جێی لێمانەوە و خەوی خوێندکارانە، جێگایەکی زۆر گەورەیە و لە هەموو دەوڵەتان خوێندکار لەوێ دەین، چونکە  هەر دەوڵەتەی هاتووە لەوێ خانوویەکی دروست کردووە بە پێی چاند و فۆلکلۆری خۆی و بە پێی میعماری خۆی و ئەو خوێندکارانەی کە لەو دەوڵەتانەوە دێنە پاریسێ بۆ خوێندن  لەو مالانە دا دەژین. کامپوسێکی زۆر گەورەیە و لە ساڵی ١٩٦٦ دا بە ناوی fete des Nations la شایی میللەتان، شایی نەتەوان لە سیتە ئونیڤێرسیتە شەوێک دەکرێ فێستیواڵێک، جا ئەو کۆمیتەیەی پشتگیری لە شۆڕشی کوردستان ئەو شەوە بڵاڤۆکێک بڵاو دەکاتەوە ناوی بڵاڤۆکەکە بریتییە لە
" شێعرێک بە زمانی ئۆکسیتانی لە سەر کوردستان "، چونکە کۆمیتەکە بە چاپ بوونی کتێبی ئالان وارد دەزانێ و ئەوان دەیانەوێ لەو شەوە دا کتێبی ئالان وارد بناسێنن. بڵاڤۆکەکەیان سێ لاپەڕەیە. بە ڕاستی لەو بڵاوکرایەوە دا زۆر زۆر شتی چاوڕاکێش هەن باسی گەلی کورد دەکا، باسی پارچەبوونی کوردستان دەکا، باسی وەزعی هەیی باکووری کوردستان دەکا چونکە وەک دەزانن لە ساڵی ١٩٦٠ کۆدەتایەکی نیزامی کرا بوو، ژەنەراڵ گورسەل ببوو بە سەرۆک کۆمار و زوڵم و زەخت بە دژی کوردان دەستی پێکردبوو و ڕەنگە ئاگاتان لە دۆزی چل و نۆیان هەبێ ( قرخ دۆقوزلار)، چل و نۆ  ڕووناکبیری کورد گیران و زیندانی کران. لەو بڵاوکراوەیە دا بە دوورودرێژی باسی ئەو ڕووداوەش هاتووە. بڵاڤۆکەکە باسی ئینکار کردنی هەبوونی کوردان دەکا، باسی چلۆنایەتی قەدەغە کرانی زمان و هەبوونی کوردی دەکا لە تورکیا. بەڵام لە کۆتایی بڵاڤۆکەکەدا شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش هەیە، بڵاوکراوەکە دەڵێ هەڵبەت ئەم  شێعرەی ئالان وارد ناتوانێ گەلی کورد ڕزگار بکا، بەڵام ئەو شێعرە گرینگە لەبەر ئەوەی کە هەستێکی ئەنترناسیۆنالیستی لە ناوەرۆکی خۆیدا دەحاوێنێتەوە و دەڵێ ئەو شێعرە ئەو جێنۆسایدەی کە ئێستا بە دژی کوردان دەقەومێ شەرمەزار دەکا. ئەو پەیڤی جێنۆساید لێرە دا بۆ من زۆر گرینگە، چونکە ماوەیەکە لە سەر بەکار هێنانی ئەو چەمکە لە کانتکستی کوردان دا کار دەکەم. بە ڕاستی لە ساڵی ١٩٤٩ بەملایەوە زۆر کەسی جیاواز، کۆمەڵە یان سازی جیاواز ئەو پەیڤی جێنۆسایدە بە کار دێنن، لەو بڵاوکراوەیەشدا ئێمە ئەوە دەبینین  کاتێک دەنووسێ ئێستا لە باشووری کوردستان ئەوەی بەدژی بزووتنەوەی مەلا مستەفا بارزانی دەقەومێ ئەوە بە سەری خۆی جێنۆسایدە. ئاوای باس دەکا.
وەک پێشتر باسم کرد لە ساڵی ١٩٦٠ لە ئامستردام کۆمەڵەیەک دامەزرا بەناوی
International Society Kurdistan (ISK) ڕێکخراوی جیهانیی کوردستان، ئەویش کۆمەڵەیەک بوو کە بۆ پشتگیری لە کوردان پێک هات و ئەویش ئاکتۆری سێهەمی ساڵانی ١٩٦٠ەکانە. دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە سیلڤیۆ وان ڕۆی Silvio Van Rooy بوو، کەسێکی خەڵکی هولەند و بە پیشە ڕۆژنامەنووس بوو. لە ساڵی ١٩٥٩ لە شاری وین لە ئوتریش کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد دەبەسترێ، کامڕان عالی بەدرخانیش لەو کۆنگرەیە دا بەشدار دەبێ. بە ڕێکەوت لە هۆتێلێک سیلڤیۆ وان ڕۆی تووشی کامران بەدرخان دەبێ و یەکتری دەناسن و دوای ئەوەی گوێی لە قسەکانی کامڕان بەدرخان دەبێ دەڵێ باشە  ئێمەش پشتگیری دەکەین لە دۆزی گەلی کورد. وان ڕۆی لە پاییزی ساڵی١٩٦٠ ئەو کۆمەڵەیە دا دەمەزرێنێ. دوای پێک هاتنی ئەو کۆمەڵەیە پێوەندی وان ڕۆی هەم لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا و هەم کۆمیتەی پشتیوانی لە شۆڕشی کوردستان لە فەڕانسە ساز دەبێ و ئەو زانیبای هەر کەس لە ئوڕووپا بە دۆزی کوردەوە خەریکە پێوەندی لەگەڵ دەکرد. یەک لەو کەسانە ژان –پیێر ڤیێنۆ بوو. ژان- پیێر ڤیێنۆ هەموو مانگان بیبلیۆگرافییەکی پچووکی بۆ دەنارد، چونکە کۆمەلەکەی وان رۆی هەرمانگەی گۆوارێکی بڵاو دەکردەوە بە ناوی Kurdish Facts و لەو گۆوارە دا ئەستوونێکی تەرخان کرد بوو بۆ ئەو شتانەی دەرحەق بە کوردان چاپ ببوون و لیستەیەکیان ساز دەکرد. ژان- پییێر ڤیێنۆش ئەوەی لە فەرانسە لە سەر کوردان چاپ دەبوو بۆ سیلڤیۆی دەنارد. جا ڤیێنۆ لە نامەیەکی خۆی دا باسی کتێبی ئالان وارد دەکا و دەڵێ کەسێک بە ناوی ئالان وارد کتێبێکی شێعری لە سەر کوردان نووسیوە. ئەو خەبەرە زۆر سەرنجی سیلڤیۆ وان ڕۆی ڕادەکێشێ و وان ڕۆی نامەیەک دەنێری بۆ ئەنیستیتووی کاروباری ئۆکسیتانی و لێرە نامەکەی دەبینن کە لە ٢٤-ی ژووەنی ١٩٦٦  بۆ ئەو ئەنیستیتووەی نووسیوە و دەڵێ من بیستوومە کە لە کۆلێکسیۆنی ئێوە دا کتێبێکی ئاوا دەرکەوتووە ئایا دەتوانن  ئەو کتێبەمان بۆ بنێرن یان نا؟ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا سکرتێری ئەنیستیتووی کاروباری ئۆکسیتانی وڵامی دەداتەوە و دەڵێ بەسەر چاو ئێمە کتێبەکەت بۆ دەنێرین و لەگەڵ کتێبەکە ناونیشانی ئالان واردیش بۆ سیلڤیۆ وان ڕۆی دەنێرن. و بەو شێوەیە پێوەندی سیلڤیۆ وان ڕۆی و ئالان وارد ساز دەبێ. ئەنگیزەی وان ڕۆی ئەوە بوو  دەیویست بۆ ساڵی ١٩٦٦ ساڵنامەیەکی کوردستان چاپ بکا و دەیویست لەو ساڵنامەیە دا سێ پارچە شێعریش چاپ بکا. یەک لەو شێعرانە شێعرێکی سیمۆنێنکۆ بوو. سیمۆنێنکۆ  تێکۆشەرێکی ئۆکراینی بوو و شێعرێکی لە سەر کوردان نووسیبوو، ئەویدیکەشیان شێعرێکی ئەلجەواهێری بوو. شاعیرێکی عەرەب کە پشتگیری دەکرد لە دۆزی کوردان و تێکەڵی وی زۆر باش بوو لەگەڵ کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕووپا. وان ڕۆی ئەو دوو شێعرەی هەڵبژاردبوو، دەیویست بەرهەمەکەی ئالان واردیشیان لێ زیاد کا و هەم بە ئینگلیسی و هەم بە کورمانجی وەری گێڕێ. بۆیە سیلڤیۆ وان ڕۆی پێوەندی لەگەڵ ئالان وارد دەکا.
ئەمن پێشتر باسی نەجیب باشاک ئاواڵی ئالان واردم کرد لە دیاربەکر. لە ساڵی١٩٦٧ کاتێک سیلڤیۆ وان ڕۆی داوا لە ئالان وارد دەکا کە سێ ناوان پێشنیار بکا بۆ ساڵنامەی کوردستان کە شێعرەکانیانی تێدا بڵاو بێتەوە. ئالان وارد سێ کەسان هەڵدەبژێرێ یەکیان نەجیب باشاک ە، یەکیان حەمەڕەش ڕەشۆیە و یەکیشیان هەژارە.
ئەوە بۆ سەرنجڕاکێشە، وەک لە لای ڕاست دەبینن. کاتێک ئالان وارد لە دیاربەکر بوو وا دیارە نەجیب باشاک شێعرێکی بۆ خوێندبووەوە وئەو لای خۆی ئەوانەی ئاستە ( تۆمار) کرد بوو و نۆتێکی نووسیوە و دەڵێ ئەو شێعرە لە نۆڤامبری ١٩٦٠ دا بۆ من دیکتە کرا و نووسیمەوە.دەیویست سیلڤیۆ وان ڕۆی ئەو شێعرە چاپ بکا و کاتێک مرۆ لێی ورد دەبێتەوە و دەیخوێنێتەوە دیارە کەدیکتە کراوە:
هێدی ،...  پڕهێدی... ڕوحدانا ڕۆژێ
وو جی جی چەمەک دکەلە و دگرە
شۆپ شۆپ تێ ژێ
حەرەکاندنا ئاڤا فسوونکار
ئاڤ ... وو دەنگ ... و ڕەنگ
د دلاندا ئاهەنگدار
دلۆ، تو ژی بمەش
باوەر بکە...ئاتێ یێ
 سەرنجڕاکێشە بۆ پێشەڕۆژ لە تورکی دا ئاتیە بەکار دێننن ئەویش لێرەدا ئاتیە بەکار دێنێ.
ئەڤ وەلاتێ خوەش
ئەڤ وەلات، ئاخ،  ئەو بهشت وەلات
کەن و شادی ژێ هلات، هلات، هلات ...
ئەو شێعرە بۆ ساڵنامەی ١٩٦٧ ئامادە دەکەن، بەڵام مخابن ئەو ساڵنامەیە چاپ نابێ. لەبەر ئەوەی باری دارایی " ڕێکخراوی جیهانیی کوردستان " باش نەبوو نەیانتوانی چاپی بکەن، بەڵام ئەوانە لە ئارشیو دا هەن. دوای ئەوەی کە سیلڤیۆ وان ڕۆی و ئالان وارد یەکتری دەناسن زۆر نامە بۆ یەکتری دەنووسن و من دەتوانم بڵێم  ئێستا لە بەر دەستی مندا ١٤٠ لاپەڕە نامەی وان هەیە. لە ماوەی دوو ساڵان دا بە دەیان نامەیان بۆ یەکتری ناردووە. بە وەرگرتنی نامەی وان ڕۆی ئالان وارد زۆر کەیف خۆش دەبێ و دەزانێ کە کۆمەڵەیەکی ئاوا  لە ئامستردام هەیە و دەبێ بە ئەندامی " ڕێکخراوی جیهانیی کوردستان" و لە ساڵی ١٩٦٨ ئالان وارد وتارێک دەنێرێ بۆ چاپ لە
Kurdish Facts دا بە ناوی Diyar Bakir and beyond دیار بەکر و پشتی و لەو نووسینە دا بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە کە چۆن بووە چووەتە دیار بەکر و لەوێ چی کردووە و چی بە سەر هاتووە و بۆچی شێعری لا کۆردا  ڕۆخای نووسیوە. دوای ئەوەی ئالان وارد لە ڕێکخراوەکەی وان ڕۆی دا دەبێتە ئەندام دەست پێدەکەن بەیەکەوە پڕۆژەی هاوبەش گەڵاڵە دەکەن و بە خۆیان دەڵێن ئێمە بزانین چمان پێ دەکرێ بۆ کوردان. پڕۆژەی سەرەکییان ئامادە کردنی قامووسێکی کوردی یە. دەیانەوێ بە پێوانەی ئەلفوبێی جەلادەت عالی بەدرخان لە گۆواری هاوار دا فەرهەنگێکی پەنجا هەزار وشەیی ئامادە بکەن. ڕەنگە بزانن هەر لەو سەروبەندە دا لە لەندەنیش ئێدمۆندز و تەوفیق وەهبی حەولیان دەدا فەرهەنگێک ئامادە بکەن ، ئەوانیش دەیانەوێ کارێکی وا بکەن، و هەر وەها دەیانەوێ ئانتۆلۆژی شێعری کوردی ئامادە بکەن، دەیانەوێ وەشانخانەیەکی نیشتمانی نەتەوەی بن دەست دامەزرێنن، ئەویش سەرنجڕاکێشە چونکە هەر بە مەبەستی بڵاو کردنەوەی بەرهەمی کوردی نا بەڵکوو تەرخان بکرێ بۆ بڵاوکردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی گەلانی بن دەستی دیکەش. و دەیانەوێ بەرەیەک ( جەبهە) سازکەن لە دۆست و ئۆگران بە مەبەستی پشگیری لە کوردان.
بە داخەوە ناتوانن هیچکام لەو پڕۆژەیانە وەدی بێنن بەڵام زۆر فکری ئاوایان هەبووە. سیلڤیۆ وان رۆی هەتا ساڵی ١٩٦٥ زۆر بە سیاسەتی کوردییەوە خەریک بوو و تێوەی گلابوو. لە بەر شۆڕشی ئەیلوول، زۆر ڕووداو دەقەومین و زۆر خەبەر و دەنگوباس دەگەیشتنە ئوڕووپا. تا ئەو دەمی زۆری بیر لە کوردۆلۆژی نەکردبووەوە.و زیاتر خەریکی سیاسەت بوو بەڵام دوای ساڵی ١٩٦٥ دەست بە کوردۆلۆژی دەکا لەبەر ئەوەی کە سیلڤیو وان ڕۆی کەسێکی دژی کۆمۆنیست بوو و نەفرەتی دەکرد لە یەکێتیی سۆڤیەت و پێی وا بوو دەبێ لە ئوڕووپا ناوەندێکی کوردلۆژی بەهێز دابمەزرێ کە ببێ بە بەدیلێک بۆ کۆردۆلۆژی سۆڤیەتێ. ئێمە دەزانین تا ساڵی ١٩٦٠ کوردۆلۆژی لە سۆڤیەت لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر پێش کەوتبوو و ئەو کارانەی کرا بوون زۆر چاوڕاکێش بوون. بۆیە لە بەرانبەر ئەوە دا سیلڤیۆ وان ڕۆی دەیەویست ئامستردام بکا بە ناوەندی کوردۆلۆژی لە ئوڕووپا. کاتێک لەگەڵ ئالان وارد پێوەندی دادەمەزرێنێ لە نامەی یەکەمی دا بە ئاشکرا ئەوە دەڵێ ئەمن دەمەوێ لە ژێر چەتری ڕێکخراوەی جیهانیی کوردستاندا ناوەندێکی کوردۆلۆژی دامەزرێنم. لە نامەیەکی دا بۆ ئالان وارد باسی بازار دەکا و دەڵێ گەلۆ دەرفەتێکی بازار بۆ کوردۆلۆژی هەیە کە ئێمە بکرێ پێوەی خەریک بین.لەو بارەیەوە سێ بوار بەدی دەکا، دەڵێ لە دوای شۆڕشی ئەیلوول ئیدی ئێستا دەوڵەتە ئوڕووپاییەکان هەرچەند کەمیش بێ لا لە مەسەلەی کورد دەکەنەوە،نوختەی دووەم ئەوەیە وا وێدەچێ ئیدی بڵاوکراوەی دوو زمانی سەرنجی خەڵک ڕابکێشێ  و نوختەی سێهەمیش ئەوەیە کە نیدی نەک هەر لە ئەمریکا بەڵکوو لەهەموو جیهان خەباتی مەیدانی زۆر برەویان پەیدا کردووە و ئێمە دەتوانین سەبارەت بە کوردانیش کارێکی ئاوا بکەین.
لە نامەیەکی دیکە دا دەرەتانی کوردۆلۆژی لە ساڵی ١٩٦٨ دا  بۆ ئالان وارد شی دەکاتەوە. ئێوە لێرە دا لیستەیەک دەبین. وان ڕۆی دەڵێ ئەگەر ئێمە بمانەوێ ئامستردام بکەینە ناوەندی کوردۆلۆژی زۆر رەقیبی ئێمە هەن، دژبەری ئێمە هەن. دەستەیەکیان  ئەوانەی لەگەڵ دەوڵەتان کار دەکەن وەک مەکاروس،
Ernest N.McCarus لە ئەمریکا. مەکاروس پێوەندی زۆر باش بوو لەگەڵ ئەڕتەشی ئەمریکا. دەڵێ کەسی وەک مەکاروس هەن کە دژی ئێمەن.  دووهەم کوردۆلۆگە پیرەکان وەک تۆما بوا Thomas Bois لە فەڕانسە یان ئێدمۆندس Cecil John Edmonds لە بریتانیا دەڵێ ئەوانە هەرچەند پیریش بوون هەر ماون و زۆر بە هێزن. و ئەوی زیرەک کەسی وەکوو مەکێنزی David Neil MacKenzie ن. ئەمن هەر قسەی ویم وەرگێڕاوە، سیلڤیۆ وان ڕۆی زۆر لە ژێر تەئسیری مەکێنزی دا بوو و زۆری بە دڵ بووە؛ و دەستەیەک ڕووناکبیری کوردی وەک محەمەد موکری، محەمەد موکری ئەو دەمی لە پاریس بوو و دەستەیەکیش کەم ڕۆشنبیری وەکوو کامڕان بەدرخان. ئەوە چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە. وەک گوتم ئەوە کامڕان بەدرخان بوو کە بووە هۆی دامەزراندنی ڕێکخراوی جیهانیی کوردستان کە لە وین یەکتریان ناسی و دوایە وان ڕۆی بڕێاری دا ئەو کۆمەڵەیە ساز کا. بەڵام چەند ساڵ دواتر نێوانی وان ڕۆی و کامڕان بەدرخان زۆر تێک دەچێ، بەڕاستی مرۆ هۆیەکەی بە هاسانی ناتوانێ بڵێ چونکە من زۆر نامەم خوێندنەوە کە لە نێوان کامڕان و سیلڤیۆ دا ئاڵوگۆڕ کراون ئەوەندەی من لێم هەڵکڕاندن،کامڕان  بەدرخان لە سەرەتای ساڵانی ١٩٦٠ دا خەبەرێک بۆ سیلڤیۆ وان ڕۆی دەنێرێ کە لە Kurdish Facts  دا بڵاوی بکاتەوە. سیلڤیۆ دەست لەو خەبەرە وەردەدا و هێندێک وشەی لێ دەگۆڕێ و هێندیک شت دەگۆڕێ و کامران بەدرخان ئەوەی زۆر پێ ناخۆش دەبێ و دوای ئەوە ئیدی وردە وردە کامڕان بەدرخان خۆی دەکێشێتەوە و نایەوێ هیچ دانوستاندنێکی لەگەڵ سیلڤیۆ وان ڕۆی هەبێ و کاتێک دەگەینە ساڵی ١٩٦٨ ئیدی پێوەندییان بە تەواوی پچڕاوە و سیلڤیۆ بوو بە نەیاری کامڕان بەدرخان  و لە نامەکەی بۆ وارد وەک کەم ڕەوشەنبیر باس لە کامڕان بەدرخان دەکا.
ئالان وارد دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٦ سیلڤیۆ واردی ناسی و بوو بە ئەندامی ڕێکخراوەی جیهانیی کوردستان دیسان گەڕاوە سەر ئەو نۆتانەی لە ماوەی مانەوەی چوار مانگەی لە دیاربەکر هەڵی گرتبوون، و لای خۆی زۆر شتی نووسیبوو سەبارەت بە زمانی کوردی و دەست دەکا بە نووسینی هیندێک شت بۆ کۆمەڵەکە. یەکەم خەباتی وەرگێڕانی مەم و زین ە. ئێمە ئێستا باسی دەکەین. دوایە نووسینێک بە ناوی
elements of Kurdish  واتە  عونسورە کوردییەکان، ئەوەش کتێبێکە لە سەر زمانناسیی کوردی و چەند بەرهەمی پچووک سەبارەت بە زازایان ئەوانەش دەنێرێ بۆ سیلڤیۆ دەیانەوێ چاپیان بکەن بەڵام بە داخەوە ئەوە چاپ ناکرێ. وەک گوتم یەکەم بەرهەمی وەرگێڕانی مەم و زین ە. بەڵام وەک ئێوە دەزانن ڤێرسیۆنی سەرەکی مەم و زین، مەم و زینی ئەحمەدی خانی یە بەڵام  ئالان وارد سەرەتی دەدا بە شتێکی تەواو جیاواز. لەو سەروبەندی دا دەنگبێژێک هەبووە لە ئەرمەنستان بە ناوی عەتتاری جانۆ، لە ساڵی ١٩٥٥ دا حاجی جندی هێندێک لەو بەیتانەی عەتتاری جانۆ دەیانڵێ قەید دەکا و دەناویاندا مەم و زینیش دەڵێ و حاجی جندی لە ساڵی ١٩٦٢ ئەوانە وەک کتێبێک چاپ دەکا. ئالان وارد ئەو ڤێرسیۆنەی مەم و زین هەڵدەبژێرێ بۆ وەرگێڕان بە زمانی ئینگلیزی. لە پێشەکی دا دەڵێ بێگومان دەقی سەرەکی مەم و زین  ئی ئەحمەدی خانی یە، هیچ گومان لەوەدا نییە ، بەڵام من ویستم ڤێرسیۆنێکی کولتووری زارەکی هەڵبژێرم بۆ وەرگێڕان بە زمانی ئینگلیزی.
ئالان وارد دەقەکەی حاجی جندی لە بەر ئەوەی بە ئەلفوبێی کریڵی بووە دەکاتە ئەلفوبیی لاتینی بە پێی پێوەری ئەلفوبێی گۆواری هاوار ودوایە وەریدەگێڕێتە سەر زمانی ئینگلیزی. لە ساڵی ١٩٦٨ لە گۆواری
Kurdish Facts  دا ئێمە ڕاگەیاندێک دەبینین کە بۆ چاپی مەم و زین کراوە و دەڵێ ئەو کەسانەی دەیانەوێ دەتوانن بە ڕادانی بدەن و بیکڕن. وەک لێرە دەبینن، ئالان وارد جاری یەکەم بە ڕێگای پۆست دا سەرەتای وەرگێڕانی کتێبی مەم وزین بۆ سیلڤیۆ وان ڕۆی دەنێرێ وەک دەبینن ئالان وارد لە مانگی ئاوریلی ١٩٦٨  لە ئاندۆرا ئەو سەرەتایەی نووسیوە. و ئەوەش کە دەیبینن لاپەڕەیەکی مەم و زینە کە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی.
کاری دووهەمی ئالان وارد لە ڕوانگەی وییەوە کارێکی جیدی بوو چونکە بۆ ئامادە کردنی ئەو بەرهە کاتێکی زۆری بەخت کرد بوو. ئەویش ناوی
elements of Kurdish  ە واتە عونسورەکانی زمانی کوردی. کتیىێکی ٧٠- ٨٠ لاپەڕەییە لە سەر زمانی کوردیی باکوور، کورمانجی. بە ڕای من لە بەر دوو شت ئەو کتێبە زۆر گرینگە. یەکەم ئەوەی کە ئێمە دەزانین هەتا ساڵانی ١٩٦٠کاندا هەم لە ئەرمەنستان و وڵاتی سۆڤیەت، هەم لە باشوور یان ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش  زۆر مەردمناس یان زمانناس چوو بوون لە سەر زمانی کوردان لێکۆڵینەوەیان  کرد، بەڵام لە بەر ئەوەی لە تورکیا قەدەغە بوو کەس نەیدەتوانی بچێتە باکووری کوردستان  خەباتی مەیدانی بکا  لە مەڕ زمان یان فەرهەنگی کوردی، جا بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوە جاری یەکەم بوو کە ئالان وارد لە سەردەمی کۆماری تورکیا دا چووە دیاربەکرێ و کارێکی مەیدانی کرد. یانی لەوێ مایەوە و شتی ئاستە کرد و نۆتی هەڵگرتەوە و لە سەرئەو بنەمایە ناوەرۆکی کتێبی عونسورەکوردییەکانی ئامادە کرد. ئەوە جۆرەیەک ڕەسەنی دەدا بەو کارە و پنکتی دووەمیش ئەوەیە کە بە ڕاستی ئالان وارد لە دەسپێکەوە هەتا دوایی هەمیشە پێڕەوی دەکا لە ئەلفوبێی گۆەاری هاوار چونکە ئەو و سیلڤیۆ وان ڕۆی لە زۆر نامان دا  باسی ئەوە دەکەن و هەمیشە وەک ڕۆژەوێک دەڵێن ئێمە دەبێ کوردان پێمل بکەین هەموو کەس سیستمی ئەلفوبێی گۆواری هاوار بەکار بێنێ. سیلڤیۆ وان ڕۆی لەو بارەیەوە زۆر دەمارگرژ بوو و باوەڕی وا بوو کە ساز کردنی نەتەوەیەک لە سەر بنەمای ئەلفوبێیەکی ستاندارد دادەمەزرێ دەیگوت ئەگەر کورد بیانەوێ یەک بگرن و کوردستانێکی یەکگرتوو دامەزرێنن ناچارن ئەلفوبێیەکی هاوبەش بە کاربێنن و بە بۆچوونی سیلڤیۆ ئەو ئەلفووبێیە دەبێ ئەلفوبێی گۆواری هاوار بێ.
بۆیە ئالان واردیش ئەو کتێبەی خۆی بە پێوانەی ئەلفوبێی  گۆواری هاوار ئامادە کردووە. لە
Kurdish Facts لە ساڵی ١٩٦٨ ئاگادارییەک بڵاو بووەتەوە و خوێنەرەوان ئاگادار کراون کە کتێنی " Elements of Kurdish " لە هاوینی ساڵی ١٩٦٨ دا بڵاو دەبێتەوە. هەر چەند وان رۆی لە چەند جێیانیش باسی کردبێ بەڕاستی ئەمن هێشتا بە باشی نازانم کتێبەکە چاپ بووە یان نا؟ چونکە بە داخەوە لە ئارشیو دا من هیچ ڕچەیەکی کتێبەکەم بە دی نەکرد. بەڵام کوڕی ئالان وارد ئەو ڤێرسیۆنەی کە لە ساڵی ١٩٩٧ ئالان وارد وەک ڤێرسیۆنی دووەم ئامادەی کردووە بۆ ناردم . لەوێدا ئالان وارد دەڵێ ئەوە چاپی دووەمە. ئەویش بە ڕوونی ناڵێ گەلۆ ساڵی ١٩٦٨ چاپ بووە یان نا. یا ئامادەی کردووە و گرفت هاتووەتە پێشێ و چاپ نەبووە، لە ساڵی ١٩٩٧ دیسان کاری لە سەر کردووە و چاپ بووە. یانیش چاپ بووە و من دەستم نەکەوتووە.
ئەو ماوەی کە ئالان وارد لە دیاربەکر بوو زۆر خوێندکاری زازایشی هەبوو، دوو خوێندکاری هەبوو خدر و عیسمەت ئەوانە هەر دووکیان خەڵکی مەعدەن، ئەلعەزیزێ بوون و ئالان وارد زۆری خۆش دەویستن ودوای ئەوەی قسەی لەگەڵ ئەو دوانە کرد پێی زانی کە جگە لە کورمانجی زاراوایەکی دیکەش هەیە واتە زازاکی و زۆر شتی سەبارەت بە زازاکی لە خوێندکارەکانی پرسیوە و ئەوانی نووسیوەتەوە.
لە ساڵی ١٩٦٦ بە ناوی " چەند تێبینی لە سەر زازایان" نۆتێکی بۆ سیلڤیۆ وان ڕۆی ناردووە کە بریتییە لە ١١ لاپەڕە و لەو نۆتە دا حەول دەدا هێندێک زانیاری بدا بە ئێمە سەبارەت بە زمانی زازاکی و ئەوەی زازاکی چلۆنە. سەرنجڕاکێشە ئالان وارد دەنووسێ هەرچەند ئەو مادە و کەرەستەی لە دەست من دان کەمیش بن ئەمن لە سەداسەد گەیشتوومە ئەو باوەڕە کە زازاکی زمانێکی کوردی نییە. ئیدیعایەکی ئاوای هەیە دەڵێ زازاکی زمانێکی ئێرانی سەربەخۆیە بەڵام ئەوەشی لێ زیاد دەکا کە بێگومان تێکەڵییەکی سیمبیۆتیک (هاوژینی) لە نێوان کورمانجی و زازاکی دا هەیە و تێکەڵییەکی کۆمەڵناسانە لە نێوان کورمانج و زازایاندا هەیە، ئەوە ئاشکرا و بەرچاوە، بەڵام دەڵێ ئەمن گەیشتوومە ئەو باوەڕەی کە زازاکی زمانێکی جیاوازە لە کورمانجی. ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە ئەو وا بیردەکاتەوە. دیسان لە مەڕ زازاکی، ئەو ڕستە زازاکیانەی کە
Le Cog   Albert vonلۆکۆگ کۆی کردبوونەوە شرۆڤەیان دەکا. ڕەنگە بزانن لۆکۆگ لە ساڵی ١٩٠٣ دا کتێبکی سەبارەت بە زازاکی ئامادە کرد بوو, هێندێک گوتن و پەیڤی زازاکی کۆ کردبووەوە و ئالان وارد لەو نۆتە دا هێندێک کارەکەی لۆکۆگ هەڵدەسەنگێنێ.
یانی بە گشتی دەتوانین بڵێین ئالان وارد کەسێکی بە سەری خۆ، هێشتا تەمەنی بیست و سێ ساڵ بوو کە چووە دیاربەکرێ، لەپر چاوی بە دنیایەکی دیکە هەڵێنابوو، کوردی ناسی و دیاربەکر زۆری تەئسیر لە سەر کرد. کورەکەی دەڵێ هەمیشە باسی دیاربەکری دەکرد بۆ ئێمە، دەیگوت زۆر میواندۆست و زۆر ئینسانی باش بوون. تەنانەت دەڵێ کاتێک کە بڕیاری دەرکردنی دەدەن لە تورکیا، ئالان وارد گوتویە بەر لەوەی بڕیارەکەم پێ ڕاگەیێنن ئاواڵە دیاربەکرییەکانم خەبەریان بۆ هێنام و گوتیان ئاگات لە خۆت بێ  لەوانەیە شتێکی ئاوا  ڕوو بدا. یانی دۆستایەتییەکی زۆر هەستیارانە لە نێوان ئەو و کوردان، ئەو و دیاربەکرییان ساز ببوو و لە بەر ئەوەی زمانناس بوو و لە بەر ئەوەی لە مەڕ کوردانیش کانتکستێکی بندەستی هەبوو ئالان وارد بڕیاری دا سەبارەت بە کوردان کار و لێکۆڵینەوە بکا و بێگومان لە بەر ناسێنە ئیرلەندییەکەی و ئاوالە ئۆکسیتانەکانی دەورو بەری لە کاتالۆنیا ئەوانەش پاڵنەرێک بۆ ئالان وارد کە لە سەر کوردان کار بکا و وەک دیتمان لە کۆتاییەکانی ١٩٦٠ دا کاری سەرنجڕاکێش دەکا. بەڵکوو ئێوەش هەستتان کردبێ بەداخەوە  چیرۆکەکەمان ئیدی لە ساڵی ١٩٦٩ ڕادەوەستێ و لە ئاڕشیوی سیلڤیۆ وان ڕۆی دا لە دوای ساڵی ١٩٦٩ هیچ نامە و هیچ ئاگاداری سەبارەت بە ئالان وارد نییە. ئیدی دوای ساڵی ١٩٧١ گۆواری
Kurdish Facts دەرناچێ و چالاکییەکانی ڕێکخراوی جیهانیی کوردستانیش ئیدی لەو دەمێوە بزر دەبێ . ئێمە ناتوانین ڕچەکە ببینینەوە و بزانین دوای ١٩٦٩ چ بەسەر سیلڤیۆ وان ڕۆی هات، تێکەڵی سیلڤیۆ وان ڕۆی و ئالان وارد چی لێهات بە داخەوە ئەوانە ناکرێ تەعقیب بکەین ، شتێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە سیلڤیۆ وان ڕۆی لە هاوینی ساڵی ١٩٦٨ بۆ سێ حەوتووان دەچێتە ئاندۆرا و لە ماڵی ئالان وارد دەبێ بۆ پشوودان دەچێتە وێ. ئالان واردیش دوو جار دەچێتە ئامستردام چونکە ڕێکخراوی جیهانیی کوردستان کتێبخانەیەکی زۆر گەورەی هەبوو لە ئامستردام و وان ڕۆی زۆر کتێب و سەرچاوەی سەبارەت بە کوردۆلۆژی کۆ کردبووەوە. ئالان وارد دێتە ئەوێ و زۆر لێکۆڵینەوە دەکا لە سەر زمانی کوردی و زمانناسیی کوردی. یانی پێوەندییەکی ئاوا هەیە و دوایین شت کە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو ئەوەیە لە نامەکاندا کاتێک باسی کوردۆلۆژی لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا دەکەن شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەڵێن. ئالان وارد لە نامەیەکی خۆیدا دەڵێ ناچێ دەسەری منەوە ئەو هەموو کوردۆلۆگە لە ئوڕووپا هەن، باسی ئێدمۆندس، تۆما بوا، محەمەد موکری دەکا بەڵام دەڵێ ئەوانە هیچیان ڕووسی نازانن و واقی وڕ دەمێنێ و دەڵێ ئەگەر کەسێک ڕووسی نەزانێ گەلۆ ئەو چۆن دەتوانێ ببێتە کوردۆلۆگ؟ بە ڕاستی ئەو قسەی ئالان وارد زۆر سەرنجی منی ڕاکێشا و ئەو بۆخۆشی کاتێک دەست دەکا بە لێکۆڵینەوە لە سەر کوردان دەست دەکا بە خوێندنی کورسی زمانی ڕووسی، سیلڤیۆ وان ڕۆیش هەر وەها. وئەوەش لە بواری مێتۆدۆلۆژییەوە زۆر سەرنجی من ڕادەکێشێ. یانی لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا ئالان وارد دەڵێ بۆ ئەوەی ئەتۆ بتوانی لە سەر زمانی کوردی کار بکەی دەبێ ببڕ ببڕ ڕووسی یان فارسی بزانی . ویستم ئەمەش وەک نۆتێک بڵێم. ئەوەندە. ئەگەر پرسیار هەبێ ئێمە دەکرێ درێژەی پێ بدەین، بەڵام  جارێ ئەوەندە بەسە!
ئیبراهیم سەیدۆ: زۆر سپاس عەدنان، قالبت ساخ بێ.ماڵت ئاودان بێ بۆ ئەم بابەتە  کە بەڕاستی دەبێ ئەو کەسانە لێی ئاگادار بن کە سەری خۆیان بە کار و لێکۆڵینەوەی کوردناسی، کوردۆلۆژییەوە دەئێشێنن. سەروبەندی ساڵانی ١٩٦٠ەکان سەردەمێکئ ئاوایە کە بە دڵنیاییەوە ئەتۆش ئاگات لێیە ئەو دەمی لە فەڕانسە زۆر بابەت لە ڕۆژنامەی " لۆمۆبد دیپڵۆماتیک " دا لە سەر کوردان چاپ دەکرا، بەتایبەتیش بە بەڕێوەبەری ژان –پییێر ڤیێنۆ. ئەمن زۆر کەیف خۆش بووم کە تۆ باسی ویت کرد. لە ساڵی ١٩٧٠ دا دو وتاری ژان-پیێێر ڤینۆ لە  ڕۆژنامەی لۆموند دیپڵۆماتیک دا چاپ کراون. ئەمن ئەوانەم وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و ئێستا لێرە کۆپیم نارد بۆ ئاواڵان. ساڵی٢٠١٠ لە لۆمۆبد دیپڵۆماتیکی کوردی دا چاپ بوون و لە کتێبی " ئاڕشیوی بیرەوەری کوردان" یش دا چاپ کراون. کاتێک مرۆ ئەو وتارانە دەخوێنێتەوە لای خۆی پێی وایە ئەوانە کورد نووسیونی. ئەوەندە بە خاوەندارێتییەوە نووسراون نەبێتەوە. ئەو دەمی ئەو کۆمەڵانەی کە وان ڕۆی، وارد و ڤیێنۆ پشتگیریان لێ کردوون، سازیان کردوون و کاروبارەکانیان بەڕێوە بردوون مرۆ دەبینێ کە ئارشیوێکی زۆر دەوڵەمەندیان لەدوای خۆیان بەجێ هێشتووە و ماڵت ئاوا بێ ئەوە چەند جارە ئەتۆ ئەو ئارشیوە نیشانی ئێمە دەدەی بۆ ئەوەی ئێمە لە پێوەندییەکانی ئەو سەروبەندی تێ بگەین، ببێ و نەبێ ئەتۆش دەزانی لەو سەروبەندی دا تەئسیری کامڕان بەدرخان لە سەر وان زۆر بوو و بە ئیحتیمالێکی زۆر  ژان- پییێر ڤیێنۆش شاگردێکی کامڕان بەدرخان بووبێ ئەو دەمی.
عەدنان ڕێناس چەلیک: بەڵێ بەڵێ مامۆستا ببوورە من ئەوەم باس نەکرد. ماڵت ئاوا بێ وەبیرت هێنامەوە. لە ساڵی ١٩٧١ دەوڵەتی تورک وتارێکی کە ژان-پییێر ڤیێنۆ لە لۆمۆند دیپڵۆماتیک دا بڵاوی کردبووەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی تورکی، وەک شتێکی تایبەتی، بە نهێنی وەری دەگێرنە سەر زمانی تورکی و لەوێدا دەڵێن  ژان – پییێر ڤیێنۆ یەک لە شاگردانی کامڕان بەدرخان ە.
ئیبراهیم سەیدۆ: ڕاستە، ڕاستە سپاس. تەنانەت نووسراوەکەی وی، لە سەر ئیزنت لێرە نیشانی ئاواڵانی بدەم ، لینکەکەم نارد بۆ ئاواڵان. ئەم نووسینە  لە ژێر سەردێڕی "چارەڕەشی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت" و هەر وەها من نووسینێکی دیکەی ویشم پەیدا کرد ئەویشم وەرگێڕا بووە سەر  کورمانجی " کوردستان و نەتەوەیەکی پارچەکراو"
عەدنان ڕێناس چەلیک: دەوڵەتی تورک ئەمەیان وەردەگێڕێ " کوردستان و نەتەوەیەکی پارچەکراو".
ئیبڕاهیم سەیدۆ: ئەو ئاواڵانەی کە دەیانەوێ بیانخوێننەوە لینکەکانیان بۆ دەنێرم. ئەو وتارە لە کتێبی: " ئاڕشیوی بیرەوەری کوردان دا " دا چاپ کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە بیانەوێ بیخوێننەوە. ئەو سەروبەندی هەم لە ڕووی خەریک بوون بە مەسەلەوە و هەم ئەوەی کە جاری یەکەم بوو کە بە ئاشکرا شت لە سەر کوردان دەنووسرا. یانی ئەو سەروبەندی کە مامۆستا عەدنان باسی دەکا بە یارمەتی ئەو کەسایەتیانە  بەڕاستی کورد ئیدی لە ئووڕپایە ناسران جاری یەکەم بوو. هەرچەند کار و خەباتی عیسمەت شەریف وانلی و کامڕان بەدرخان  تەئسیریان لە سەر ئەو کەسانە زۆر بوو، گرینگیش بوو چونکە ئەگەر تێکەڵی وان لەگەڵ کوردان نەبووبا ئەوان چۆن توانیبایان باسی کوردان بکەن. جارێکی دیکە سپاست دەکەم کە تۆ باسی ئەو جوامێرانەت کرد بۆ ئاگاداری کەسانێک کە ئاگایان لێی نەبێ، ژان پییێر ڤیێنۆ لە ساڵی  ١٩٦٩ دوکتورای خۆی لە INALCO ( ئەنیستیووی نەتەوەیی زمانان وشارستانییە ڕۆژهەڵاتییەکان) وەرگرت و بەر لە کۆچی دوایی خۆی ساڵێک یان دوو سالێش وەک تۆ باست کرد لە ئینالکۆ مامۆستایەتی کرد بوو. دوکتورایەکەی لە سەر مێژووی کوردستانە. شتێکی سەیرە مرۆ دەبینێ ئەو کەسە لاوەییانە کە پێوەندیان بە کوردانەوە نییە، پێوەندییان بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە نییە و لەبەر ئەوەی خۆیان هەستیارن لە ئاست دۆزی نەتەوەی بندەست وەکوو تۆ بەحەق دەستنیشانت کرد، ئەوەندە تێوەدەگلێن دە دۆزی کورد دا و ئەمڕۆش زۆر زانیاری سەبارەت بە کوردان لە نووسینی ئەوانەوە دەردەکەون. بۆیە کاتێک ئێمە سەردانی ئارشیوی لۆمۆند دیپڵۆماتیکی فەڕانسەییمان کرد ئێمە لەوێ نووسینی ژان-پییێر ڤیێنۆ و ئەوانیدیکەمان  پەیدا کرد و ئێمە دوو وتارەکەمان بە کوردی چاپ کرد بۆ ئەوەی خەڵک بزانێ لە ساڵانی ١٩٦٠ و ١٩٧٠کاندا چۆن باسی کوردان کراوە و کێ ئەوەی کردووە. ئەمن لێرە لووسیش دەبینم. لووسی ئێمەش هاتووەتە ئەم دەرسە. لووسی ئاواڵێکمانە سڵاوێکی لێ بکەین. ئەمن خولێک دەرسی کوردیم پێ گوت و ئەویش دوکتورای خۆی تەواو کردووە.
عەدنان ڕێناس ڕێناس چەلیک: ئینشاڵا بە زووییش دەبێتە مامۆستا
ئیبڕاهیم سەیدۆ: ئینشاڵا، ئینشاڵا. ئەمن زۆر کەیف خۆش بووم دیسان دەیبینم. ئێستا ئەو ئاواڵانەی کە پرسیاریان هەیە دەتوانن دەستی خۆتان هەڵێنن. با بۆخۆم یەکەم پرسیارت لێ بکەم. پرسیارێکی زۆر هاسان کە بە ئاسایی بە زەینی هەموو کەسدا ڕادەبرێ. مامۆستا مادام ئەو هەموو شتە لە سەر کوردان کراوە وە وەک من نیشانم دا چەندین وتاریشم وەرگێرا، بەڵام کاتێک باسی مێژووی کوردان دێتە مەیدانێ ئەو کتێبانەی کە لە بازارێ هەن و ببێ و نەبێ تۆ زیاتر لەمن ئاگاداریت هەیە لە سەریان، چونکە بواری لێکۆڵینەوەی تۆیە، ئێمە زۆر کەم ئەو ڕێفرێنسانە دەبینین. بۆ وێنە بۆچی ئەو لێکۆلەرەوانەی لە سەر مێژووی کورد کاریان کردووە، ئەو ڕێفرێنسانە بەکار ناهێنن؟ لەبەرچی ئەو لێکۆلەرەوانە نەچوونە ناو ئەو ئارشیوانە؟ بۆچی قەت باسی ئەو کەسایەتییانە نەکراوە و بۆچی وەک ئەتۆ لە دەسپێکی سێمینارەکەتدا گوتت ئەوانە بۆ ناناسرێن؟ پرسیاری هەرە سادە ئەمەیە. گەلۆ چۆن دەکرێ ئەمە شرۆڤە بکرێ؟
عەنان ڕێناس چەلیک : مامۆستا سپاس، بە ڕاستی پرسیارێکی زۆر زۆر گرینگە. ئەمن ئێستا حەول دەدەم کتێبێک لە سەر ئەو سەردەمە ئامادە بکەم. لە زەمانی شەڕی ساردەوە لە ٤٦- ٤٧ وە هەتا دەگاتە ساڵانی ١٩٧٠کان. بە ڕای من چەند هۆ هەن، بە داخەوە لە مێژوونووسیی کورداندا هەتا ئیستا تەئسیری شەڕی سارد بە شێوەیەکی جیدی شرۆڤە نەکراوە. زۆر سەرنجڕاکێشە، بۆ وێنە دەیڤید مەکداوڵ هەیە  کە کتێبی هەرە سەرەکی لە سەر کوردان نووسیوە، ئەمن دوێنێ تەماشای کتێبەکەی ویم کرد کتێبێکە نزیکەی ٦٠٠ – ٧٠٠ لاپەڕەیە باوەڕکە لەوێدا  تەنیا سێ چوار جار دەستە واژەی شەری سارد دەبینین، یانی بە داخەوە نازانم بۆچی مێژووناسیی کوردان هیچ گوێی نەداوەتە  کانتێکستی شەڕی سارد. ئەوە شتێکی سەرەکی یە بۆ نەدیتنی وان یان لە بیرکردنیان. پنکتی دیکە مەسەلەی ئارشیوانە، یانی ئارشیو چۆن بۆ وێنە ئارشیوی عیسمەت شەریف وانلی ئەوە دە ساڵە لە لۆزانێ کراوەیە، ئارشیوی سیلڤیۆ وان ڕۆی هەری درێژ ئەوە بیست ساڵە هەیە. یانی ئەو ئارشیوانەی کە ئێمە هەموومان دەتوانین بچین و ئەو هەموو بەڵگانەیان تێدا ببینن هەتا ئێستا بەداخەوە لە بەر دەست نەبوون. و یەکیش ئەوانەی کە لە سەر مێژووی مۆدێڕنی کوردان کار دەکەن بە چاوی وان ئەم چیرۆکەی کە ئەمڕۆ ئێمە باسمان کرد، ئەو بەرە سازکردنانەی کە بوون ئەوانە زۆر لە پەراوێز دا دەبینن یانی ئەمە بە باوەڕی من زۆر سەیرە کە ڕێکخراوی جیهانیی کوردستان دەتوانم  بڵێم ئەو زانیاری و ئاگادارییانەی کە ئەوان لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا بڵاویان کردوونەتەوە دەکەس لەسەری کار بکەن بۆیان تەواو نابێ. ئەوەندە دەوڵەمەندە، بەڵام من لەهیچ کوێ نەمدیتووە رێفرێنسێک کرابێ بۆ خەباتی ڕێکخراوەی جیهانیی کوردستان. وەکوو دیکەی لەمەڕ فەڕانسە، ژان-پییێر ڤێێنۆ، ژێڕار شالیان، جۆیس بلۆ زۆر چاوڕاکێشە کە ئەوانە لە سەر تۆڕی هێنری کورییل بەڵکوو ئاواڵان بزانن، هێنری کورییل کەسێکی جوولەکە بوو خەڵکی میسر بوو هاتبووە فەڕانسە و لێرە دامەزرابوو و تێکۆشەڕێکی زۆر بە توانا بوو لە پێناوی دنیای سێیەمدا. زیاتریش لەمەڕ شەڕی جەزائیر بە دژی فەڕانسە زۆر زۆر کاری گەورەی دەکرد. بۆ وێنە هێنری کورییل پێوەندی کردبوو لەگەڵ کامڕان بەدرخان و لە سایەی سەری وی ئەوانە کامران بەدرخانیان ناسی. بەڵام کەس باسی ئەو تێکەڵی و پێوەندییانە ناکا. ئەویش بەڕای من لە بەر ئەوەیە کە کانتێکستی شەڕی سارد دنیای کرد بووە دوو پارچە مامۆستا. یانی دوو لایەن هەبوون، ئەو دەمی زانیاری و زانستیی لە سەر کوردان زۆربەی لە لایەن دنیای یەکەمەوە ئەوانەی کە دژی کۆمۆنیزم بوون، دژی سۆڤیەت بوون ودە کانتێکستی شەڕی سارد دا زانستیی شیان بە پێی ئەو پێوانانە دەخولقاند. جا دەو کانتێکستەدا ئەو زانیارییانەی کە پشتیان بە سۆڤیەت و بە کۆمۆنیزم دەبەست و بڵێین دنیای سێهەم  بەداخەوە زۆر چاویان لێ هەڵبوێردرا. یانی قیمەتی ئەوان لە کانتێکستی دنیای یەکەم دا نەبوو. یانی بەڵکوو ئاگاداریان هەبوو لە سەریان بەڵام نەیان دەویست ئەوانە بێننە ناو ئەم ئەدەبییاتە و بە ڕاستیش ئەتۆ شتێکی زۆر گرینگت گوت ئێستا ئەمن دەبینم لە مێژووی سەدەی بیستەمی کورداندا، لەمەر هەر چوار پارچە و لەمەڕ دیاسپۆرا دەڵێم ئەو سەردەمانەی کە هەری کەم کاریان لە سەر کراوە ئەو سەروبەندەیە. یانی ساڵانی ١٩٥٠کان، ١٩٦٠ەکان لە ئوڕووپا. یانی بەداخەوە ئەوانەی کە باسیشی دەکەن بە چەند وشە بەس دەکەن و دەڵێن کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد هەبوو، یان دەڵێن کامران بەدرخان لە پاریسێ لە ئینالکۆ کاری دەکرد و هەر ئەوەندە. بەڵام ئەو تۆڕ و تەونی لە لایەن دۆست و لایەنگری کوردانەوە ساز کرابوون کەس باسیان ناکا و شتێکیش لە دواییدا بڵێم میراتی ساز کردنی ئەو تۆڕە زۆر تەئسیری هەیە لە سەر ڕووداوەکانی ساڵانی ١٩٧٠کان و ١٩٨٠کان و ١٩٩٠ کان و تا ئەمڕۆ. دەبێ مرۆ ئەمەش ببینێ. یانی دیاسپۆرای کوردان کە ئێستا گەیشتووتە ئاستێکی گەلێک بەهێز و ئۆرگانیزە بە ڕاستی لەوە دا میراتی ساڵانی ١٩٦٠ گەلێک دیارە.
ئیبڕاهیم سەیدۆ: ئەتۆ باسی دیاسپۆڕای کوردیت کرد، عەدنان ئێمە لە ئوڕووپاین بۆ ئەو ئاواڵانەی کە لە وڵاتن وەک نموونە ئەمن دەڵێم و مەبەستم پڕۆپاگاندا نییە ، تەنیا وەک نموونە باس دەکەم. ئەو دەمی کە پارڵمانتارەکانی هەدەپە گیران  نزیکەی ٢٥٠٠٠ ئینسان لە خیابانەکانی پاریس خۆپیشاندانیان کرد، ئەودەمەش کە ئەڕتەشی تورکیا چووە ناو عەفرینێ بە هەزاران کەس چوونە پێش کۆنسوولخانەکانی وڵاتە ئوڕووپاییەکان بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خۆیان پێشان بدەن، بۆ ئەوەی زەختیان بۆ بێنن و بڵێن ئێمە ئەو وەزعە قەبووڵ ناکەین. یانی لێرە ئیدی نە تەنیا دۆست و لایەنگری لاوەیی خۆیان لە کوردان دەکەن بە ساحێب ئیدی ئێستا دیاسپۆڕایەکی زۆر بەهێزی کوردان هەیە  هەم لە بواری کولتووری، هەم لە بواری ڕۆژنامەگەری و هەم لە بواری ئاکادێمیک دا و هەم لە بواری ئیستخدامیدا ئیدی لە دیاسپۆرا هێزێکی زۆر بەهێزی کوردان هەیە. وا نییە عەدنان؟
عەدنان ڕێناس چەلیک: تێبینییەکی زۆر پچووک، Olivier Roy ئۆلیڤیێر ڕۆی هەیە ئێوە دەیناسن زۆر بە نێوبانگە ئێستا لە سەر ئیسلام و fundamentalism  (بنچینەگری) کار دەکا ئەو لە کتێبەکەی خۆیدا باسی ژان-پییێر ڤیێنۆ  دەکا کە لە ساڵی ١٩٦٠ کاندا لە سیتێ یونیڤێرسیتی تۆڕێکی تێکۆشانی چۆنی دامەزراند و لەوێد دا دەڵێ بەداخەوە لەو بۆنانەیدا لەوێ ڕێک دەخران کورد تەنیا مێزێکی پچووکیان دەست دەکەوت، چونکە  باسی وییێتنام هەبوو، جەزاییر هەبوو، مۆزامبیک هەبوو یانی بزووتنەوەکانی دنیای سێیەم زۆر بەهێز بوون و تەنیا مێزێکی  پچووکیان دەدا بە کوردان دەیانگوت باشە ئێوەش لێرە خۆتان بناسێنن و کاری خۆتان بکەن. یانی لەوێوە ئێمە گەیشتووینەتە ئێرە. ئەوەش شتێکی زۆر گرینگە بە ڕاستی لەو مێزە پچووکە را ئێستا کورد دەتوانن بە هەزاران ئینسانان مۆبیلیزە بکەن (دەنگ بدەن)، ئەوە شتێکی زۆر گرینگە.
ئیبڕاهیم سەیدۆ: هەڵبەت، هەڵبەت، زۆر سپاس. ئێستاش نۆرە دەدەم بە حسێن. فەرموو کەڕەم کە. حسێنیش ئاواڵێکی ئێمەیە عەدنان ڕەنگە پارەکە وەبیرت بێ، ئەویش فەلسەفەی خوێندووە و ئێستا ئەوە چەند ساڵە لە ئەڵمان دەژی. حسێن زۆر چالاکانە لە دەرسەکاندا بەشداری دەکا، ئەمن زۆرم هیوا پێیەتی. فەرموو حسێن.
حسێن: سپاس مامۆستا، سپاس بۆ مامۆستا عەدنانیش. ئەمن پارەکە ناسیم، بەڵام هەمیشە بە پێوشوێنییەوە هەم، لە پارەکەوە کارەکانی دەشوپێنم، ئەو شتانەی بەشیان دەکا بە وردی دەخوێنمەوە و لە سەریان ڕادەوەستم. ڕاستی پارەکەش من زۆرم کەلک لە دەرسەکەی وەرگرت، ئەمسالیش هەر وەها.دیسان دەڵێم ماڵی ئاوا بێ. مامۆستا تۆ گوتت سیلڤیۆ وان ڕۆی و کامڕان بەدرخان  لە سەر بەش کردن یا بڵاوکردنەوەی خەبەرێک کێشەیان لە نێواندا ساز بووە گەلۆ سەبارەت بە ناوەرۆکی ئەو خەبەرە هیچ زانیاری بەدەستەوەیە یان نا؟ ئەتۆ پارەکەش هێندێک باسی سیلڤیۆت کرد هێندێکم لە بیر ماوە، من حەوڵم دا بەڵام هێندەم زانیاری سەبارەت بە وی نەدۆزییەوە شتێک لە زەینی مندا ساز بوو گەلۆ  نێوانی وی و بەدرخان لەبەر ئەوە تێک چووە کە کوردستانی خۆش نەویستووە یان ئەوەی کە ئەو زۆری خۆش ویستووە و کامڕان بەدرخان ئەوەندەی وی خۆش نەویستووە ئەوە چۆن شرۆڤە دەکەی. ئەوە پرسیارێکم بوو. ئەتۆ باست کرد کە کتێبخانەی  کۆمەڵەی  وییەن [ ئامستردام، ح.ق] هەبوو گەلۆ ئێستا وەزعی ئەو کتێبخانەیە چۆنە؟ یانی ئەو کتێبانە چییان لێهات مرۆ دەتوانێ کەلکیان لێ وەربگرێ؟ ئەو ئارشیوە بڵاو بووەتەوە یان هەر ماوە و کورد دەتوانن کەلکی لێ وەربگرن؟ بەڵکوو ئاواڵانی بەشدار ڕۆژێک دەرفەت ببینن و بتوانن لێکۆڵینەوەی لە سەر بکەن، ئەگەر لەمبارەیەشەوە زانیاری بدەی باش دەبێ. پرسیاری دواییم ئەتۆ پارەکەش لە سەر ساڵانی ١٩٦٠کان زۆر ڕاوەستای و باسی خوێندکارانت کرد بە تایبەتی. خوێندکاران ئەو دەمی چالاکتر بوون، لە بواری زانستی دا زۆر پێش کەوتن. بەڵام ئێمە دەزانین لە دوای ساڵانی ١٩٧٠کان کورد وەک تەبعیدی دێنە ئوڕووپا، ئەو میراتی خوێندکاران نەگەیشتووەتە جڤاکێ ، یان بووە و من هەڵەم؟  گەلۆ ئەو تەجروبەیە ڕاگوێزراوە یان نا ئەمە یەک و ئەگەر نەبووە بۆچی نەبووە؟ چونکە لە ڕووی زانستییەوە کاری زۆر باش کراوە بەڵام ئەوەی لە دەستی ئێمە دا ماوە زانکۆی سۆربۆن [ئینالکۆ، ح.ق] ماوە وەکوو دی هیچ نەماوە و ڕەنگە من نەزانم ئەگەر زانیاریمان بدەیەی زۆر سپاست دەکەین. ماڵت ئاوا بێ، سپاس.
عەدنان ڕێناس چەلیک: کاک حسێن ماڵت ئاوەدان بێ بەڕاستی هەر سێ پرسیارەکانت زۆر پرسیاری چاکن.
ئێبڕاهیم سەیدۆ: من پێم گوتی فەیلەسووفە ها، من پێم گوتی.
عەدنان ڕێناس چەلیک: ماڵت ئاوا ئەو پرسیارانە دەرفەتم دەدەنێ هێندێک باسەکە ڕوونتر بکەمەوە. دەرفەت نەبوو باس بکەم سیلڤیۆ وان ڕۆی ئەوە دوو ساڵە کاری لە سەر دەکەم، بەڕاستی بڵێم کە کەسایەتییەکی گەلێک کۆمپلێکس ( پێچەڵپێچ) ی هەبووە. هێندێک لایەنی هێشتا بۆ من دیار نییە. لە هێندێک لە بەڵگەکان ڕا دەزانین کە میسیۆنێکی دژی کۆمۆنیزمی هەیە  کە هۆی دامەزراندنی ڕێکخراوی جیهانیی کوردستان یش خۆی بەو میسیۆنەوە گرێ دراوە. یانی ئامانجی سەرەکی سیلڤیۆ وان ڕۆی ئەوە بوو کە لە ئوڕووپا یانی لە دنیای یەکەم  خوێندکاران، ڕووناکبیران لە دژی کۆمۆنیزم ڕێک بخا. بەڵام کەسێک بوو کە باوەڕی وا بوو کە کوردەکان دەبێ مافی خۆیان وەدەست بخەن ، مافی ناسێنەی خۆیان وەدەست بێنن و پشتیوانی دەکرد لەو تێکۆشانە. لەو کانتێکستە دا کە مرۆ تەماشای دەکا ئەو و کامڕان بەدرخان زۆر لەگەڵ یەکتری جوور دەهاتنەوە. کامڕان بەدرخانیش ڕەنگە نەک بەقەد سیلڤیو دژی کۆمۆنیستێکی توند نەبوو بەڵام  کامران قەت کۆمۆنیزمی بە کەیف نەبوو. یانی کەسێکی زۆر دوور بوو لە کۆمۆنیزمێ. سیلڤیۆ وان ڕۆی بەر لە پێکهێنانی ئەو کۆمەڵەیە لە شەڕی دووەمی جیهانیدا هاوکاری کرد بوو لەگەڵ نازییەکان  و دوای ئەوە سێ ساڵ زیندانی کێشا بوو، لە زیندانێ دا ببوو. مێژوویەکی زۆر سەرنجڕاکێشی ئاواشی هەیە. و لە ساڵانی ١٩٦٠ دا قەیرانی یەکەمی وی لەگەڵ کامڕان ساز دەبێ و لە نامەکان دا بە تەواوی مرۆ بۆی دەرناکەوێ کە هۆی ئەساسی  ئەوە چییە. چونکە سیلڤیۆ سێ جار نامە دەنووسی بۆ تۆماس بوا و دەڵێ بۆ خاتری خودا کامڕان لێم تووڕە بووە وڵامی نامەکانم ناداتەوە گەلۆ تۆ دەتوانی بزانی هۆی ئەمە چییە و بۆ لەمن تووڕەیە؟ ئەوەندەی کە من بۆم دەرکەوتووە کامڕان خەبەرێک، نامەیەکی بۆ دەنێرێ و هێندێک زانیاری تایبەتی بۆ دەنێرێ کە دەبوو لە نێو خۆیاندا بمێنێتەوە و سیلڤیۆ دەستبەجێ ئەوانە لە Kurdish Facts دا چاپ دەکا و کامڕان بەوە لێی عاجز دەبێ. نوختەتی دووەم ئەوەیە کە سیلڤیۆ زۆری مستەفا بارزانی خۆش دەویست یانی ئەو کەسانەی کە دەچوونە ماڵی، من نامەیەکی شەفیق قەزازم خوێندووەتەوە دەڵێ کاتێک ئەمن چوومە ماڵی سیلڤیۆ وان ڕۆی کە دەچوویە ژوورێ لە لای چەپی دیوارەکە پۆستێری مەلا مستەفا هەڵئاوسرا بوو. یانی ئەوەندەی مەلا مستەفا بارزانی خۆش دەویست. و دەزانی لە ساڵی ١٩٦٥ [ ١٩٦٦ دروستە. ح.ق] لە ناو پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستاندا قەیرانییەک ساز دەبێ ئیبڕاهیم ئەحمەد و مام جەلال دژایەتی بارزانی دەکەن و ئەوە درزی یەکەمە لە پەدەکە دەکەوێ، کاتێک ئەوە دەردەکەوێ سیلڤیۆ دەرحال پشتگیری دەکا لە مستەفا بارزانی و مام جەلال و ئیبڕاهیم ئەحمەد وەک ئازانی ئینگلیسیان  نیشان دەدا. قەیرانی سێیەمیش ئەوەیە کاتێک شەڕ لە نێوان فەلەستینیان و ئیسراییل دەقەومێ زۆر سەرنجڕاکێشە سیلڤیۆ پشتگیری دەکا لە ئیسراییل دەڵێ ئەمن پێم سەیرە کورد دەچن پشتگیری دەکەن لە عەڕەبان، دەڵێ بە گردبڕی نابێ پشتگیری بکەن لە عەڕەبان و دەبێ پشتگیری بکەن لە جوولەکان. یانی ڕوانگەی تیژپەڕانەی وی لە بواری سیاسەت دا زۆر قەیرانان ساز دەکا. بۆ وێنە عومەر شێخمووس بەڵکوو ئێوە بیناسن کوردێکی ڕۆژئاوایە  و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نێستمانی کوردستانە. بۆ وێنە عومەر شیخمووس تا ساڵانی ١٩٦٨ لەگەڵ سیلڤیۆ وان ڕۆی نامە بۆ یەکتری دەنێرن، لە ساڵی ١٩٦٨ ئەو پێوەندی نامەیی یە دەپسێ لەبەر ئەوەی کە ئیدی سیلڤیۆ لە Kurdish Facts  دا لە دژی تاڵەبانی و لە دژی جەماعەتی مەکتەبی سیاسی زۆر شتی خراپ دەڵێ. دواجار وەک من گوتم لەمەر سیلڤیۆ من ناتوانم سەد لە سەد بڵێم چۆنە، بەڵام ئەوەی من لێی تێگەیشتووم  ئاجێندایەکی تایبەتی بووە و ئاجێنداکەشی ئەوە بوو کە کوردان لە عەرەبان دوور خاتەوە، کوردان لە تەئسیری سوڤیەت دوور خاتەوە، کوردان لە دنیای یەکەمدا یەکانگیر بکا. لە ڕوانگەی وییەوە پاشەڕۆژی کوردان لەم دنیایە دا بوو. جا لەو کانتێکستەدا کار وخەباتی ئاوا بەڕێوە دەبرد. و کاتێک دەگاتە کۆتاییەکان ساڵانی ١٩٦٠کان بە کامڕان دەڵێ، نیوە ڕۆشنبیر. یانی ئەوندە دڵی لە کامڕان پڕ بووە ئیدی کامڕان وانێک دەکا. بەڵام چەند شتی سەرنجڕاکێشی ویش هەنە بۆ وێنە لە نامەیکدا کە بۆ ئالان واردی ناردووە دەڵێ ئەوانە ناوی میرایەتییان لە خۆیان ناوە و دەڵێ کابرا هاتووە لە ئینالکۆ بووە بە پرۆفسۆر هێشتا تیتری (نازناوی) میر بە کار دێنێ بۆ وێنە و دەڵێ ئەوە زۆر سەیرە ئێمە گەیشتووینە ئەو ساڵ و عەیامە، مادام ئەتۆ  بە دوای دۆزی کوردی دا دەگەڕێی ئەوە چییە ئەتۆ هێشتا بە دوای دۆزی میرایەتی دا وێڵی؟ و لە جێیەکی دی لە نامەیەک بۆ تووما بوا دا دەڵێ کامڕان لەبەر ئەوەی میرە دەڵێ جگە لەمن کەسی دی هیچ نازانێ. یانی ڕەخنەی ئاواشی هەیە  بەڵام ئیدی ئەمن نازانم سیلڤیۆ ئەوە لە وانێکی خۆی ڕا دەڵێ یان ڕاستییە ئەمن ئەمە نازانم. لە سەر کتێبخانە. ئێمە دەزانین کە لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا کتێبخانەی هەرە دەوڵەمەند لە ئوڕووپا ئەو کتێبخانەیە بوو کە سیلڤیۆ پێکەوەی نابوو. بەڕاستی زۆر کتێبی سەرنجڕاکێشی هەبوو. پێوەندی لەگەڵ مامۆستا جەلیلی جەلیل کرد بوو. خوشکی واتە جەلیلەی جەلیل هەموو مانگێک کتێبی بۆ دەنارد ئەو کتێبانەی کە لە سۆڤیەت سەبارەت بە کوردان، سەبارەت بە کوردۆلۆژی چاپ دەبوون. یان لە پڕاگ ئادەلە کریکاکۆڤا هەبوو، لووسی ڕەنگە بیناسێ، ئادەلەش کوردۆلۆگێک بوو ئەویش زۆر کتێبی بۆ دەنارد. بەڵام ئێستا مخابن لە ئامستردام لە ئەنیستیتووی مێژووی کۆمەڵایەتیدا ئێمە ئەو  کتێبانە هەموویان نابینین یانی  هێندێکیان لە ئاڕشیو دا پاراستووە بەڵام زۆربەی ئەو کتێبانە دەتوانم بڵێم لە بەر دەستدا نین و بە داخەوە ئێمە نازانین لە کوێشن. ئەمن پێوەندیم کرد بە کچی سیلڤیۆ وان ڕۆی و نامەیەکی پێنج لاپەڕەییم بۆ نووسی، نامەیەکی دوور و درێژ ودەردی خۆم بۆ باس کرد و پرسیارم کرد ئاڕشیوەکە بە چ شێوەیەک پارێزراوە و چۆنیان کردووەتە دیاری بۆ ئەنیستیتووی جڤاکی بە داخەوە وڵامی نەدامەوە. پرسیارەکەی دواییت. بەداخەوە میراتی چالاکی و تێکۆشانی خوێندکاران نەگوێزراوە بۆ کڕیکار یان پەنابەرانی کورد. بەس بە ڕای من نموونەیەک  ئەوەیە  کوردەکانی ئێمەی باکوور هەر چەندە ژمارەیان کەمیش بوو لە کۆتاییەکانی ساڵانی ١٩٦٠کان ئەوان دوو ڕێکخستنیان دامەزراند یەکیان ڕۆناهی بڵێین گرووپی هەڤڕا، ئەویدیکەشیان باهۆز، حەمەڕەش ڕەشۆ سەرۆکی باهۆز بوو ئەوانە لە ساڵانی ١٩٥٠ کان و ١٩٦٠ کان ئەو میراتەی دایان نابوو حەولیان دەدا ئەوە بگوێزنەوە بۆ کرێکاران چونکە هەڤراش و باهۆزیش هیچیان خۆیان وەک ڕێکخستنی خوێندکاران پێناسە نەدەکرد خۆیان وەکوو ڕێکخراوی کڕێکار و خوێندکاران پێناسە دەکرد. بەڵام بە داخەوە لە ناو ئەو دوو ڕێکخراوەیەش ڕا ئەو میراتە بە شێوەیەکی کاریگەر و ئۆرگانیزە نەگوێرراوە بۆ ناو کرێکاران و ئەوە لە بەر دوو هۆ یەکەم ئەو کرێکارانەی کە لە باکوورەوە هاتبوونە ئەڵمان باوەڕ بکە زۆربەی وان هێچ بەسترانەوەیەکیان بە کوردایەتییەوە نەبوو، لە دوای ساڵانی ١٩٨٠ دەبینین زۆر کەسی کە خۆ بەکورد دەزانن هاتنە ئوڕووپایە. بەڵام لە ساڵانی ١٩٦٠کاندا زۆربەی خەڵکی ئاسایی بوون و لەجێدا لە تورکیا سیاسەتی تواندنەوە زۆر بەهێز بوو، خەڵک دەهاتنە ئوڕووپا بەڵام هیچ وشیارییەکیان نەبوو دەرحەق بە کورد بوونی خۆیان بۆ وێنە حەمە ڕەش ڕەشۆ زۆر گلەیی و گازندی دەکرد لەو بارەیەوە و بە سیلڤیۆ وان ڕۆی دەڵێ ئێمە دەچینە فابریکان، ئێمە دەچینە جێی جۆر بەجۆرە حەول دەدەین کرێکاران ڕێک خەین  بەڵام بەداخەوە سەر ناگرێ چونکە یان کڕێکار دەترسێن و دەڵێن ئەگەر ئێمە بچینەوە مەملەکەت شتێکمان بە سەر دێ یان دەڵێن هیچ حەوجێ نییە ئێمە کوردایەتی بکەین و هتد. یانی دینامیک و فاکتۆری جیاواز هەن کە ڕێگای لەو میراتە گرت کە ڕابگوێزرێ. بە کورتی ئەوە وڵامەکە بوو ببوورن هێندێک درێژ بووەوە.
ئیبڕاهیم سەیدۆ: نا، نا، قالبت ساخ بێ. ئەو قسانە لە وڵامی پرسیارەکاندا بابەتەکە ڕوونتر دەکاتەوە. ئێستا نۆرە دەدەم بە بێ ناڤ ، بێ ناڤیش گەنجێکە بە پەروەردەی زمانی کوردییەوە خەریکە. فەرموو بێ ناڤ! زۆر ویدێۆی هەیە عەدنان، لە تۆڕی یوتیووب کاناڵێکیان ساز کردووە پارچە پارچە زمانی کوردی بە ئاوایەکی لودیک و هاسان وەک بە فەڕانسەیی دەڵێن لودیک، زمانی کوردی فێر دەکەن.
بێ ناڤ: گەلێک سپاس مامۆستا، سپاس بۆ زەحمەتەکانی تۆش مامۆستا عەدنان. بە ڕاستی ئێمە جار جار لە کتێبەکانت دەگەڕێین بەڵام نایان بینینەوە. تەنیا بە زمانی تورکی لە تۆڕی ئامازۆن  دەیانبینم، ئەگەر ڤێرسیۆنی کوردییان هەبایە زۆر باش دەبوو. مامۆستا دوو پرسیارم هەن، بریاری یەکەمم لە سەر مێژوویە، بەڕاستی پرسیاری ئاوا جار جار ئێمە ناوێرین بیکەین. هەتا ئەمڕۆش لە نێو چیرۆکی ئێمە دا، لە نێو گۆرانی ئێمە دا دەڵێن ئێمە ئاریایین. بەڵام ناوی کوردان یان  وشەی کورد کە بۆ کوردان نیشانەیەکە بۆ خۆی لە ئاریا کۆنترە، گەلێک کەس هەن دەڵێن کورد مادین. یانی ناوی کوردان ئەوەندە لە مێزۆپۆتامیا یان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دان لە هاتنی مادەکانیش کۆنترە. مامۆستا سەیدۆش گوتی هێندێک سەرچاوە پاش گوێ دەخرێن، یانی بە ڕاستی زۆر سەرچاوە گوێیان نادرێتێ . یانی کتێبێک وەکوو ئەوە لە ساڵی ٢٠١٥ دەرکەوتووە نووسەرێکی ئوتریشی بە ناوی Ferdinand Hennerbichler  نووسیویە  بە ناوی " DIE HERKUNFT DER KURDEN " کوردان لە ڕووی ڕەچەڵەکناسی، شوێنەوارناسی و مرۆڤناسییەوە ڕیشەی کوردان شرۆڤە دەکا و لە سەر زمانی کوردی قسە دەکا و زۆر شتیش لەسەر ئەرگاتیڤ دەڵێ. بەداخەوە کتێبی ئاوا ئیهمال دەکرێ. دەسەڵاتداری باشووری کوردستان پێویستە ئەو کتێبە وەرگێڕێ بۆ سەر زمانی کوردی یان عەڕەبی بۆ ئەوەی هەموو کەس بیخوێنێتەوە، لەو کتێبە دا و لە زۆر کتێبی دیکەشدا کە بە ئەڵمانی نووسراون و لای من هەن  زۆر شت لە سەر مێژووی کوردی دەگوترێ بەڵام بەداخەوە ئەو شتانە بڵاو ناکرێنەوە. کاتێک من نەوێرم بڵێم ئێمە ئاریایی نین و یان شتێکی وا هەیە مامۆستا دیتنی تۆ لەمبارەیەوە چییە؟ یانی مێژوو هەیە، بەرد هەیە لە سەری هەڵکەندراوە و نووسراوە ودەڵی کەنگێ ئەو شتە ساز بووە بۆ چی هەتا ئەمڕۆ لە کۆمەڵی ئێمە دا شتی وا ناکرێن و بۆچی نووسەرانی ئێمە ئەوانەی کە مێژووی کورد دەنووسن خۆیان بەو ئاریایی بوونەوە دەبەستنەوە ، ئایا ئەوە شانازییەکە بۆ ئێمە؟
عەدنان ڕێناس چەلیک: کاکە بێ ناڤ، ماڵت ئاوەدان بێ. بەر لە هەمووشت حەق بە تۆیە  بەداخەوە، یانی وتاری من بە کوردی چاپ بوون بەڵام کتێب هێشتا قسمەت نەبووە ئینشاڵا ئەگەر تێزەکەم بە فەڕانسەیی بڵاو بوویەوە. لە سەر خێران ئەگەر دەرفەتم هەبێ بە دڵنیاییەوە وەریدەگێڕمە سەر زمانی کوردی، ئێستا پڕۆژەیەکی ئاوام هەیە. سەدی سەد لەگەڵ تۆم دەبێ کتێب وەربگێردرێن بەداخەوە ئەوە چارەنووسی ئێمەی کوردە. یانی نیو زمان بوونی ئێمە لە ژێر چەتری نەتەوە – دەوڵەتاندا و لە سەری دا کەم زمانی ئێمە لەمەڕ زمانی بێگانە زەحمەتی زۆر بۆ ئێمە ساز دەکەن. ئێمە هەموومان ئەوە دەئەزمووین. کاکە وەکوو مامۆستا سەیدۆ گوتی من بۆخۆم لە سەر مێژووی سەدەی بیستەم کار دەکەم بە ڕاستی ئەمن مێژووناس نیم ناتوانم هیچ شرۆڤەیەک بکەم سەبارەت بە مەسەلەی ئاریاییان. بەڵام دەتوانم شتێک بڵێم کە هەری کەم لە بواری ئارکیۆلۆژیدا، باستان ناسی دا، دەبێ کار بکرێ. بەداخەوە تا ئێستا لە سەر کوردان لە بواری ئارکیۆلۆژیدا  ئەگەر کاریش کرا بێ بە زمانی بێگانەن و وەرنەگێڕدراون بۆیە بەڕاستی ئێمە نازانین. ئەفسانەیەک هەیە سەبارەت بە ئاریایی بوون یان ماد بوونی کوردەکان. کاتێک مرۆ تەماشای مێژووی "خۆیبوون" دەکا لەساڵانی ١٩٣٠یەکاندا ئەو دەمیش ئەو ئەفسانەیە هەبوو، ئەوە چەندە ڕاستە، چەندە درۆیە ئەمن نازانم بەڵام دەبێ لەو بارەیەوە کار بکرێ. یانی ئەتۆش باش دەزانی لە مووزەخانان لە بواری ئارکیۆلۆژیدا کار کراوە. ئاواڵێکی منی ئارکیۆلۆگ هەبوو ئێمە بەیەکەوە هاتبووین بۆ پاریس بۆ خوێندنێ. بە ڕاستی ئەو شتی زۆرسەرنجڕاکێشی دەگوت ئەوەی من لە قسەکانی وی تێ گەیشتم دەیگوت ئارکیۆلۆژی شتێکی وایە بە هەزاران کار و لێکۆڵینەوە دەکرێ لە هەر لێکۆڵینەوەیەکدا وشەیەک بە کاری مرۆ دێ، ئەگەر مرۆ هەموو ئەوانە کۆ کاتەوە و وەک پازلێک لە تەنیشت یەکیان دانێ لە وانەیە مرۆ ڕاستی سەردەمێکی ڕوون کاتەوە و لبیخاتە سەر ئەو زانیارییەی هەیە. لە سەر کوردان مخابن جارێ کار و لێکۆڵینەوەی ئەوتۆ نییە، پێویست بە کار و پێویستی بە وەرگێڕان هەیە. دەتوانم ئەوە بڵێم.
ئیبڕاهیم سەیدۆ ئایدۆغان: زۆر سپاس، قالبت ساخ بێ. ئەوانە هەموو تێبینی سەرنجڕاکێشن. لەوانەیە هێندێک لەو کارانەی کراون باش نەناسرابن بەڵام هەڵبەت لە بواری کوردناسیشدا هەرچەند  لە ماوەی درێژ دا کتێب و لێکۆڵینەوە لێرو لەوێش هەبن بواری کوردناسی بوارێکی نوێ یە.یانی ئەوە بۆ ئێمە با ڕوون بێ. ئەمڕۆ هەرکەس هەر کارێکی بکا دەبێتە کەسی یەکەم  بە ڕاستی هێشتا ئاوایە، یانی بەر لە تۆ دەکەسیش لە سەر مژارێک کاریان کردبێ هەر تۆ دەبی بە کەسی یەکەم. چما چونکە وەکوو مامۆستا عەدنان گوتی ئەو شتی کە بەر لە تۆ کراون ئەگەر ئەوان لە تەنیشت یەک دانێی بەڵکوو تۆ بتوانێ تێبینی نوێی لێ دەرخەی و ڕێگای نوێش نیشانی ئێمە بدەی. بە ئیزنی مامۆستا عەدنان لە سەر وەرگێڕانیش دەمەوێ تێبینییەکی لێ زیاد بکەم بەر لەوەی بەرنامەکەمان تەواو بکەین. ئێستا ئەمن دەزانم لە باشووریش کارێکی بەربڵاوی وەرگێڕان دەستی پێکردووە و لە باکووریش حەولدانی تاکە کەسیش بێ کار دەکرێ بە تایبەتی لەو دە پازدە ساڵی دواییدا کاری وەرگێڕان هەیە. ئێستا بە شێوەی ڕەسمی لە ڕۆژئاواش لەو ڕووەوە کار دەکرێ. ئێستا ئەوانیش بەرهەم و سەرچاوە لە بواری زانستی کۆمەڵایەتیدا وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردی و بۆ ئەو کەسی کە ئاگادار نین لێرە مزگێنییەک بدەم  کتێبەکانی فڕانس فانۆن بەڵکوو لە فەڕانسییەوە  وەرگێرم بۆ سەر زمانی کوردی. بەو شێوەیە ئەگەر وەختم هەبێ بە ئیحتیمالی زۆر ئەمنیش کتێبەکانی فڕانس فانۆن  وەردەگێڕم بۆ سەر زمانی کوردی. چونکوو من پێشتر بە فەڕانسەیی خوێندوومنەتەوە ئاواڵان داوایان لێکردووم ئەو کارە بکەم. جا ئەوەندەی بتوانم بیکەم و کات دەست بدا کاری لە سەر دەکەین. بەڵام من پێم وایە هەر دووک کتێبی وی کە هەمووکەس پێیان دەزانێ وەرگێرینە سەر کوردی و بەو شێویە ئێمەش یارمەتی بدەین. هیوادارم وەکوو هەمیشە ئێمە لە کار و لێکۆڵینەوەی مامۆستا عەدنان کەلکمان وەرگرتبێ چونکە من بۆ خۆم وەپێوشوێنی لێکۆڵینەوەکانی دەکەوم. گۆوارێک هەبوو بە ناوی " کورد تاریهی" پێشتر بەرهەمی وی لەوێدا چاپ کرا بوون و هەر وەها هێندێک شتی کە بە فەڕانسەیی ش هەن من جارجار دەیانبینم و دەیان خوێنمەوە. هیوادارم ئەو لێکۆڵینەوەی دوایی کە وەکوو بابەتی پۆست دۆکتورای خۆی ( دوای  دوکتورا)  هەڵی بژاردووە، بۆ ئەو کەسانەی کە سیستمی ئاکادێمیک نازانن " پۆست دوکتورا" پشتی دوکتورا ئەنجام دەدرێ  و ڕێگایەکە بەرەو پرۆفسۆرییەوە دەچێ. بۆیە ئەمن هیوادارم وەکوو کار و لێکۆڵینەوەکانی  دیکەی عەدنان زوو لەو کارەشدا سەرکەوێ کە وەک هەمیشە ئێمە زیاتر پێی سەربەرز بین . مامۆستا ئەمن دیسان سپاست دەکەم بۆ بەشداری ئەم جارە. وشەی دوایی بۆ تۆ بەجێ دێڵم بۆ تەواو کردنی دەرس، کەڕەم کە!
عەدنان ڕێناس چەلیک: مامۆستا قالبت ساخ بێ.  بە ڕاستی ئەمن زۆر کەیف خۆشم کە ئێمە ئەم بەرنامەیەشمان ساز کرد، هەمیشە ئامادەم بۆ دەرسی ئاوا، بۆ کاری ئاوا و بە ڕاستی لە چاوی مندا زانکۆی سەرهێڵی کوردی نرخی زۆرە بە ڕای من کارێکی زۆر پیرۆزە و جار جار لەبەر منداڵان دەرفەت نابێ بەشدار بم بەڵام  ئەگەر بابەتەکان پێوەندی بە بواری منەوە هەبێ بە دڵنیاییەوە تەماشایان دەکەم، زۆر کەلکیان لێ وەردەگرم، ماڵتان ئاوەدان بێ و سپاسی هەرە گەورە بۆ تۆیە  کە ئەوە دوو سێ ساڵە زەحمەتێکی بێ وێنە بۆ ئەو کارە دەکێشی. بۆ ئێمە سەروبەندی هەنووکە و ئێستایە بەڵام ئەوەش دەبێتە ئارشیو، خودا عەمەر بدا بیست ساڵ، سی ساڵی دیکە دەبێ لێکۆلەرەوە بگەڕێنەوە سەری و بزانن لە سەردەمی پاندێمی کۆرۆنا دا کوردان ئاکادێمییەکیان کردبووەوە، ٦٠ بەرنامە پێشکێش کرا بوو لە سەر مژاری جیاواز. یانی بەڕاستی ئەوانە شتی زۆر گرینگن. ماڵی تۆ و ماڵی هەموو ئاواڵی بەشدار بوو ئاوەدان بێ. زۆر کەیف خۆشم.

ئیبڕاهیم سەیدۆ: گەلێک سپاس عەدنان ماڵت ئاوەدان بێ ئاواڵی هێژا!. هاوڕێیانی هێژا ئەم حەتوویە دەرسی ئێمە لێرەدا تەواو دەبێ حەوتووی داهاتوو دیسان مامۆستا جان ڕۆژ کەلەش و مامۆستا خەجێ لە ڕۆژئاواوە بەشدار دەبێ کە عەدنانیش دەیناسێ ئاواڵی هاوبەشمانە. وەک لووسی کە ماوەیەک لەوە پێش لێرە بوو و هەر وەها میخێل لیزنبێرگ دیسان دێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بێ لە سەر سێمیناری خۆی لە سەر ئەدەبیات و فەلسەفە. ئەمن دەڵێم شەوی هەمووتان خۆش بێ، ئێستا ماڵئاوایتان لێ دەکەین. بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێ دەمێکی کورتی دی تەماشای فیناڵی قارەمانەتی ئوڕووپا بکەن، ئێمەش تەماشای دەکەین. عەدنان دیسان سپاس، سەر سەران سەرچاوان!