Monday, April 29, 2019

بە بۆنەی ١١٩ هەمین ساڵی لە دایکبوونی پێشەوا قازیی محەمەد سێشەمە ١١-ی بانەمەڕی ١٢٧٩ کۆچی هەتاوی / ١-ی مەی ١٩٠٠ی زایینی

 بە بۆنەی ١١٩ هەمین ساڵی لە دایکبوونی پێشەوا قازیی محەمەد
سێشەمە ١١-ی بانەمەڕی  ١٢٧٩  کۆچی هەتاوی  / ١-ی مەی ١٩٠٠ی زایینی 
     
 دیداری پێشەوا قازیی محەمە د و ئاتاشەی نیزامی ئەمریکا لە ئێران  ئارچی ڕوزڤێڵت لە مەهاباد

 ١٤ – ١٦ ی سێپتامبری   ١٩٤٦ زایینی /  ٢٣ – ٢٥  ی خەرمانانی  ١٣٢٥ی  هەتاوی

     ...شاری مەهاباد پڕبوو لەو کوردانەی کە هەموو بە جلوبەرگی کوردییەوە لە هاتووچوو دابوون.  ئێمەیان ڕێنوێنی کرد بۆ خانووی  شارداری و لەوێ بە کاربەدەستە خۆجێیەکان ناسێندراین و پێیان ڕاگەیاندین بۆ بەیانی قازیی محەمەد دەمانبینێ. لەوێ بۆ شیو خواردن داوەتیان کردین و بەڕێوەبەری تەبلیغات سەدیق حەیدەری میوانداری لێ کردین . ئەو ئینسانێکی ڕووخۆش و تاقە ئەندامی کابینەی [کورد] بوو کە دەیخواردەوە وئەفسەرە هاوسەفەرەکەی منیش بە خۆشییەکی زۆر بۆ فڕ کردنی چەند پێک ۆدکا هاوڕێیی کردین.
  ڕۆژی دوایی سەر لە بەیانی بردیانین بۆ خانوویەک کە بە ڕواڵەت لە لایەن سۆڤێتیەکانەوە دەکار کرا بوو وەکوو مەقەڕی سەرکردایەتی  ڕەنگە بۆ ئەڕتەشی تازە دامەزراوی مەهاباد. دیوارەکانی ئەو بینایە پر بوو لە تەبلیغاتی سۆڤێتی و وێنەی ڕێبەرانی سۆڤێت. کاتێک چووینە ناو دەفتەری قازیی محەمەد ئەو لە دەوری مێزەکەی دانیشتبوو و نەخشەیەکی گەورەی کوردستانی مەزنی بە تەنیشتەوە هەڵواسرا بوو. قازیی محەمەد پیاوێکی کورتە باڵایە، و وەک  کەسێکی مەتین وەبەرچاوم هات و  باڵتۆیەکی کۆنی سەربازیی ئێرانی دەبەر دابوو . ریشێکی تەنک دەموو چاوی بزڕکاو و زاهیدانەی ئەوی داگرتبوو. ئەو پاشان پێی گوتین نەخۆشی زۆر جیدی مەعیدەی هەیە و جگە لە ماست بە هەڵکەوت شتێکی تر دەخوا.
    پاش ئەوەی خۆمان ناساند و مەبەستی سەفەرەکەمان بۆ باس کرد ، پارچە کاغەزێکی هەڵگرت و قسەکانی لە پێش ئامادە کراوی بە فارسی خوێندەوە. ووشەکانی تەواو ڕوون و دەنگی ئارام بوو. لە کاتی خوێندنەوە دا جار و بار بە چاوە سێحراوییەکانی سەیری دەکردین . لە قسەکانیدا بە کورتی باسی ئەو زۆردارییەی کرد کە لە کوردەکان کراوە ،ئاواتە نەتەوەییەکانیان وهەر وەها پێویستی ئەوەی  کە خەڵکی لایەنگری ئازادی – بە تایبەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا – یارمەتییان بدەن  بۆ وەدەستخستنی ئازادی و مافە ئینسانییەکانیان لە سەر بنەمای ئەو پرێنسیپانەی کە بۆ پاراستنیان شەڕی دووهەمی جیهانی کرا.
  من لە ووڵام دا گوتم: "دەوڵەتە  یەکگرتووەکان هەمیشە لایەنگری  ئازادی و کەلک وەرگرتنی گشت گەلان لە مافی مرۆڤ بووە . ئێمە هیوا دارین ڕۆژێک تەواوی خەڵکی دنیا بەو ئاواتەی خۆیان بگەن. ئێمە هاتووینە کوردستان تا لە وەزعی کوردەکان بکۆڵینەوە و ڕاپۆرتی خۆمان بدەینەوە بە حکوومەتەکەمان.هیوادارین وەزعی کوردەکان باش بێ و کوردەکان جۆرێک لە دیکتاتۆری بە جۆرێکی دیکەی دیکتاتۆری نەگۆڕنەوە."
     قازیی محەمەد گوتی: " تەواوی ئەو خەڵکەی لەو بەشانەی ووڵات دەژین کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی من دان ئازادن بۆ ئەوەی چ دەڵێن و چ دەنووسن."
    من لە ووڵامدا گوتم:  " خۆم بە چاو ئەوەم دیوە کە وایە ." لە کاتێکدا لە ئازەربایجانی دێمۆکڕات دا خەڵک دەتوانن تەنیا گوێ  لە ڕادیۆی تەورێز و مۆسکۆ بگرن  ئەمن دوێنێ شەو لە شەقامەکانی ئێرە گوێم لە دەنگی ڕادیۆی لەندەن و ئانکارا بوو."
    قازیی محەمەد کە دیار بوو ئەو قسەی منی پێ خۆشبوو گوتی وەزعی تەورێز لە گەڵ مەهاباد بە تەواوی جیاوازە. شادی وی نەما کاتێک باسی ئەو گیروگرفتەم بۆ کرد کە هاتبووە سەر ڕێم لە سەرسنوورەکەی،هەر وەها  ئەوەی کە  گوتم لەوە سەرم سوڕ دەمێنێ کە دەبینم مەقەڕیی سەرکردایەتی وی بە پۆستێری تەبلیغاتی سۆڤێتی داپۆشراوە.
    قازی گوتی: " کوردەکان ناچارن هەر کەس یارمەتیان پێ بکا لێی وەربگرن بەڵام ژێردەستەیی هیچ کەس قەبووڵ ناکەن." " ئێمە سکاڵایەکمان دا بە سێ دەوڵەتی زلی بەشدار لە کۆنفڕانسی ئوڕووپایی - کۆنفڕانسی پۆتسدام – بۆئەوەی ئاوڕێک وە نارەزایەتییەکانی  کوردەکان بدەنەوە.  بەڵام بریتانیا  و ئەمریکا گوێیان نەداوینێ " . قازی بە ئاماژە بە مەنشووری ئاتڵانتیک گوتی: کوردەکان هەموو هیوادار بوون  دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  - پێشوەچووترین دەوڵەتی سەر زەوی  – بۆسەرکەوتن  بە سەر دواکەوتووییدا یارمەتییان بدا .
   "ئەگەر ئەمریکا لە جیاتی  ناردنی سی هەزار سەرباز بۆ ئێران تەنیا  سەد مامۆستای بۆ ئەم ووڵاتە ناردبایە چ دەبوو؟ بەڵام ئێوە  لە جیاتی یارمەتی ئێمە بدەن  یارمەتی دوژمنەکانی ئێمە– وەک تورکەکان – دەدەن ، ئەوەش بە ڕێگای دانی چەک و  تەقەمەنی بۆ سەرکوت کردنمان . "
  پاشان بۆ سەرکۆنەی بریتانیاییەکان ووتارێکی دا وکردەوە جیاوازەکانی ئەوانی بۆ سەرکوت کردنی کورد لە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو دا ئەژمارد و بە ئاماژە بە شکانی مەلا مستە کۆتایی پێ هێنا .
    لە سەرێکی دیکەوە لە سەر فەڕانسەییەکان بیرو ڕای باش بوو. کە  لە سووریا "یارمەتی کوردەکان" یان  دا بوو. ئێمە دوایە بیستمان " ناپلیۆن ژاکل " هەواڵدەرێکی فڕانس پرێس کە بیروڕای چەپی هەبوو لەو دواییانە دا سەفەرێکی مەهابادی کرد بوو و بە دوای ئەوە دا زنجیرەیەک ووتاری  لایەنگرانەی سەبارەت بە کوردەکان لە چاپەمەنی فەڕانسە دا بڵاو کردبووەوە
   قازیی محەمەد پاشان لە باری تێکۆشانی ناسیۆنالیستی لە ووڵاتانی دراوسێدا قسەی کرد و نامەیەکی تایپ کراوی پێشان داین کە خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی ئەستەمبووڵ نووسیبوویان لە سەر پارچەیەکی سپی و دیار بوو ئەو چەپەرەی هێنابووی دە جلوبەرگەکانی دا شارد بوویەوە. دوایە ئەو بە دوور و درێژی باسی ناسیۆنالیزمی کوردی بۆ کردین لە عێڕاق
  بەڵام کاتێک باسی مەلا مستەفام لێ پرسی کە وا بڵاو ببوەوە دەیەوێ بگەڕێتەوە بۆعێڕاق ئەو ووڵامێکی وای نەداوە .لە مەڕ وتووێژ لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق شتێکی گوت و لێی زیاد کرد ، هەڵبەت، مەلا مستەفا ئازادە هەر کاتێک  بییەوێ بچێتەوە عێڕاق. کە داوام کرد چاوم بە مەلا مستەفا یان لانی کەم ئەو ئەفسەرە عێڕاقییانەی لەگەڵی هاتوون بکەوێ چ ووڵامی نەدایەوە. 
     قازیی محەمەد  لە پاشان سەبارەت  بە وتووێژی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و پێشنیاری پێک هێنانی ئوستانێکی گەورەی کوردستان قسەی کرد. ئەو ئیدیعای دەکرد  ئەو پێشنیارە لە لایەن حکوومەتی ناوەندی خۆی کراوە : " ئەو بڕیارە  دوای گفتوگۆ لەگەڵ من و دوکتور جاوید دراوە "
   ئەو گوتی : حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان هێشتا بڕیاری نەداوە کە داخودا پێشنیاری سەرۆکوەزیر قەوام لە بارەی چوونە  ناو حیزبی  تازە دامەزراوی دێمۆکڕاتی ئێران قەبووڵ دەکا یان نا ؟ ئەو هەر وەها ئاماژەی بۆ ئەو گیرو گرفتە کرد کە عەشیرەتە موخالیفەکان بۆیان سازکردووە و قسەکانی بە دەربڕینی گشتی لە مەڕسەرکوت کردنی کوردەکان لە لایەن ڕەزا شاوە کۆتایی پێ هێنا کە " چۆن زمانی ئێمەی بڕی بوو " واتە ئیزنی نەدەدا زمانی کوردی بە ئازادی دەکار بکرێ.
    قازی گوتی: " کوردەکان داوای شتێکی سەیر و سەمەرە ناکەن، ئەوان تەنیا ئەو ماف و ئازادییە تەبیعیانەیان دەوێ  کە هەموو ئادەمیزادان هەیانە." " ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ بارودۆخی کورد لە بەر چاو بگرێ ، و ئەگەر ئێستا هەڵنەسووڕێ دەستبەجێ  کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ ساز بکرێ ، بەلانی کەمەوە ئەو دەستگایە دەتوانێ ئەو دەوڵەتانەی کە کەمایەتی کوردیان تێدا دەژی ناچار بکا ناوچەی ئۆتۆنۆمیان بۆ پێک بێنن دە چوارچێوەی سنوورەکانیان دا."
  دوای دیدار و وتووێژ لەگەڵ قازی، چووینە گەڕانی نێو شار. دەرفەتێکی زۆرمان بۆ هەڵنەکەوت بۆ قسە کردن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک ، چونکە تەواوی ئەو ماوەی کە لە مەهاباد بووین لانی کەم یەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانمان لە گەڵ بوو ، و جگە لەو ئاڵقە پچووکە بە کەسی دیکە نەناسێندرایان .
   بەڵام شۆفێرە ئەرمەنییەکەمان  بە کەیفی خۆی بە شار دا گەڕابوو و گوتی لە سەرەتاوە خەڵک  وایان زانیوە ئێمە ڕووسین و پرسیبوویان ڕووسەکان بۆچی گەڕاونەتەوە. کە زانیبوویان ئێمە ئەمریکایین کەیف خۆش ببوون و ویستبوویان ئەمریکاییەکان کورد بناسن. هەر چەند هێندێکیان لە  مەڕ ئامانجی دیداری ئەو ئەفسەرە ئەمریکاییانە دڕدۆنگ بوون. بە گشتی خەڵک لە قازیی محەمەدی ڕازی بوون و دەیانگوت  حکوومەتەکەی ئەو لەچاو حکوومەتی ڕەزا شا باشبوونێکی 
گەورەیە. تەنیا سەبارەت بە مانەوەی نیگەران بوون
  من لە ڕاپۆرتەکەم دا بیروڕای ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیم کورت کردبۆوە کە لە مانەوەی کورتمان لە مەهاباد هێنایانە     گۆڕێ. ئەوان شوکرانەبژێری سۆڤێت بوون کە دەرەتانی سەربەخۆیی بۆ پێک هێناون، بەڵام پێداگرییان کرد سۆڤییەت دەست لە کاروباری حکوومەتەکەیان وەر نادا  و هێج کاربە دەستێکی سۆڤییەت لە شارەکەیان نییە. ( زۆربەیان وێنەدەچوو هۆگرییان هەبێ بەرەو کۆمۆنیزم ، و وا وێدەچوو ئەشڕافییەتی کەونارا هێشتا جڵەوی بە دەست بێ.). ئەوان خۆیان لە  بارو دۆخی شۆڕش دا دەبینی  - بەڵام شۆڕشێکی ناسیۆنالیستی . دەیانگوت: هیوادارن حکوومەتەکەیان ئەوەندە پەرە بستێنێ  کە هەموو ناوچە کورد نشینەکانی ئێران بگرێتەوە. ئەوە بریتی دەبێ  لە ناوچەی خوارووی ژێر کۆنتڕۆڵی  حکوومەتی ئێران. تەنانەت مەڵبەندە عەشیرەتییەکانی زێدی لور و بەختیارییەکانیش کە خۆیان بە کورد نازانن . بەرەو باکوور ئەو بەشە لە ئازەربایجان وەبەر دەگرێ کە کەوتووەتە خواروو و ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی ڕەزائییە تا دەگاتە سنووری سۆڤییەت.
    ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی  بێزاری هەرە قووڵیان دەربڕی لە ئاست ئەڕتەشی ئێران ، وێدەچوو ئەوان زۆر نیگەڕان بن لە بوونی  ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ئێرانی بە لای باشوورەوە. بەلانی کەمەوە یەکێکیان ڕایگەیاند کە حکوومەتی ناوەندی خەریکی هاندانی هێندێک لە عەشیرەتە کوردەکانە .
    سەرلە بەیانی زوو، ١٦ی سێپتامبر، چووینە سەردانی چاپخانەی مەهاباد کە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی کوردستان و هێندێک 
گۆواری کەم تیراژی بە زمانی کوردی بڵاو دەکردەوە 

زمانی کوردی بە کورتی دوو زاراوەیە.یەکەمیان لەهجەی  زازا یە، کە کوردەکانی سووریا و تورکیا و ناوچەکانی سەرووی عێڕاق و خێلی هەرکی و شکاک و کوردەکانی لای سەرووتر لە ئێران قسەی پێ دەکەن. بەدرخانییەکان شێوە نووسینێکیان بۆ ئەو دیالێکتە لە سەر بنەمای ئەلفووبێی ڕۆمی داهێنا  کە لە سوریا دەکار دەکرێ. لەهجەکەی دیکە کە زۆربەی کوردەکانی عێڕاق و ئێران قسەی پێ دەکەن  و فەرقێکی گەورەی لەگەڵ  لەهجەی یەکەم هەیە ، کورمانجی یە.  ئەمە بە  ئەلفوبێیەکی هەموار کراوی عەڕەبی چاپ دەکرێ ، کە لە نووسین دا ڤاڤێلەکان دەکار دەکرێن  و ئەو زمانەیە کە لەو کتێب و چاپەمەنییانە دا بە کار دەهێندرێ کە لە مەهاباد و بەغدا و سلێمانی چاپ دەبن .
     مودیر چاپخانەکەی نیشان داین کە چەرخی یە و لە ڕووسیا ساز کراوە. هەرچەند هێندێک لە پارچەکانی ئەڵمانی و چێکی بوون . هەموو ژمارەکانی کوردستان  یان داینێ لە سەرەتای دەرچوونیەوە و چەند گۆوار و چەند نامیلکەی شێعر و ئێمە ئەوانەمان نارد بۆ بەڕێوەبەری دەستگای ئیستیخبارات.هێندێک  لە نوسخەی ئەو رۆژنامەنەشم داوە بە کتێبخانەی کوردی لە شاری نیۆیۆرک. 
     هەر ئەوەی کە کوردەکان زانیان  هەر هەمان ڕۆژ دەمانەوێ مەهاباد بەجێ بهێڵین ، پێیان ڕاگەیاندین  قازیی محەمەد بۆ  نانی نیوەڕۆ بانگ هێشتنی کردووین. ناچار بووین سەفەرەکەمان بۆ دوای نیوەڕۆ وەدوا بخەین. نیزیک نیوەڕۆ ئێمە  دووبارە لە دەفتەرەکەیدا لەگەڵ قازی کۆ بووینەوە ئەمجارە قسەکانمان  زیاتر لە سەر بابەتی کولتووری بوو. قازی گوتی:  "پێم خۆش بوو ئێوە نوسخەی  بڵاوکراوەکانی ئێمە وەربگرن  چونکە دەمەوێ  دەوڵەتە یەکگرتووەکان لە بارەی کوردستانەوە هەموو شت بزانێ" . "من هیچم نییە بیشارمەوە ".   "کە وابێ"  ئەمن گوتم " ئەدی بۆچی مودیری تەبلیغات ئاخرین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان ی لێ وەرگرتینەوە؟ "
      قازی نوسخەیەکی لەو ژمارەیە هەڵگرت و سەرخەتێکی نیشان دام کە  ئاماژەی دەکرد بە ئەنجومەنی ئەیالەتی کورد. واتە  شووڕای ئوستانی کوردی.
     گوتی: " ئەمە هەڵەیێکە کە زۆری تووڕەی کردووم. " هیچ ئوستانی کوردی نییە -- ئێمە بەشێکین لە ئازەربایجان و من نامەوێ ئەم نوسخانەی ئەم هەڵەیان تێدایە بڵاو ببنەوە."
    ئەمە بە تەواوی نیشاندەری سیاسەتی وی بوو. ناسناوی تەنیا پێشەوا بوو بە مانای ڕێبەر. و ناوی سەرۆکی وەزاڕەتخانەکانی ڕەئیس بوو ، نەک وەزیر کە مانای  مینیستر دەگەیێنێ.
    وەک لە دیتنەکان دەرکەوت ئەو هێشتا خۆی بە  کاربەدەستێکی ئێرانی دەزانی و ئامانجی دەستبەجێی وەدەست هێنانی خودموختاری بوو لە نێو سنوورەکانی ئێران دا. ئەو دایگرتەوە کە کورد و فارس  گەلی خزمن و باسی ڕەچەڵەکی کوردەکانی بۆ کردین،  کە بە پێی قسەی وی لە مادەکان  کەوتوونەتەوە.
   لەگەڵ قازی و ئەندامانی کۆمیتەکەی نانی نیوەڕۆمان خوارد . و وەک  ئیمتیازێک ۆدکایەکی تایبەتی توندیش ئامادە کرا بوو. تەنیا  یەک یان دوو کەس لە خانەخوێیەکانمان خواردیانەوە.
   دواجار نیزیکەی سەعاتی سێو نیوی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ کوردێکی بەخۆ وەی خەڵکی مەهاباد وەڕی کەوتین کە شارەزامان بوو  و پاش تێپەڕبوون لە جادەیەکی شاخاوی  گەیشتینە بۆکان.
    هەوا بە تەواوی  تاریک داهاتبوو  کاتێک گەیشتینە سنووری جەبهە. لەپڕ شارەزاکەمان هاواری کرد، ڕاوەستن! سێ بارزانی لە کاتێکدا لوولە تفەنگیان لێ ئێمە کرد بوو هاتنە پێش و بردیانین بۆ لای ئەمیر خانی فەرماندەکەیان کە بارزانییەکی وێچوو بوو. ئەمیر خان لە  سەرەتاوە گوتی: ئیجازەی نووسراوتان لە لایەن پێشەواوە پێ نییە، ناتوانم ڕێگاتان بدەم . بەڵام پاشان فەرقێکی بۆ ئێمە دانا و بە بزە و دەستگوشینێکی دۆستانە بە ڕێی کردین.
   چەند میل لەولاتر ڕێبەندانێکی دیکەمان هاتە پێش. دوای ماوەیەک هۆرنی ماشێنەکەمان وەدەنگ خست سەروکەلەی دوو سەربازی ئێرانی لە تەپەکەوە دەهاتنە خوارێ دەرکەوت .  یەکیان کاغەز و قەڵەمێکی بە دەستەوە بوو ناوی ئێمەیان نووسی و ژمارەی تفەنگەکانیان پرسی و ئێمەش چوار ژمارەی ساختەمان پێگوتن . بەڵام ئەوان نەیان توانی ژمارەی تفەنگی شارەزا کوردەکەمان بنووسن چونکە کووژێندرابووەوە. هەر کە وەڕێ کەوتینەوە دیتم شارەزاکەمان قاقا پێ دەکەنێ و سەری ڕادەوەشێنێ. جیاوازی نێوان تەپ بوون و بوروکڕات بوونی ئێرانییەکان و ووشیاری و بەبڕیاری بارزانییەکان جوان دیار بوو.  
    شەو لە سەقز لەگەڵ ژەنەڕاڵ هومایوونی ڕامان بوارد. تامەزرۆ بوو بیروڕای ڕێبەران لە مەهاباد سەبارەت بە عەشیرەتەکانی دژی قازیی محەمەد بزانێ. ئەو گوتی عەشیرەتەکانی مامەش و مەنگوڕ و چەند نوێنەری گەورکان ڕۆژی پێشتر هاتوونە لای داوای چەک و یارمەتیان لێکردووە.
      لە کۆتایی سەردانەکەمدا، بەو قەناعەتە گەیشتم کە قازیی محەمەد بە یارمەتی ڕووسەکان توانیویەتی  بەکردەوە کۆمارێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ. ئەگەرچی قازی بە چاوی باشترین دۆست سەیری ڕووسەکانی دەکرد ، بەڵام ڕووسەکان بە ئاشکرا دەستیان لە کار و باری نێوخۆیی کوردستان وەرنەدەدا. بزووتنەوەی قازیی محەمەد ناسیۆنالیستی بوو، نەک کۆمۆنیستی . بەشێکی بەرچاو لە کوردەکانی دانیشتووی ووڵاتانی دیکەش پەسندیان دەکرد .لەگەڵ ئەوەشدا، عەشیرەتە
گرینگەکان لە کوردستانی ئێران یا دژی بوون و یا لە ئاست  قازیی محەمەد بێ تەفاوەت بوون .....

 تێبینی : ئەو بابەتەی سەرەوە  لە کتێبی : " ئارچی روزڤێلت ، لە پێناو سوێی زانین ، بیرەوەرییەکانی
ئەفسەرێکی ئیستیخبارات، وەشانخانەی ویدنفیڵد و نیکلسن ، لەندەن ، ساڵی  ١٩٨٨  لاپەڕەی  ٢٧٧ – ٢٨٢ " وەرگێڕدراوە. سەرنووسی بابەتەکە ئی وەرگێڕە. بە داخەوە نووسەر لە چەند شوێن تووشی هەڵە هاتووە بە تایبەتی لەمەڕ پۆلێنکردنی شێوەزارە کوردییەکان .
 جێی ئاماژەیە بەشی چوارەمی ئەم کتێبە  بە ناوی ' ڕۆژەکانی ئێران '   نەمر کەریم حیسامی  لە زمانی فارسییەوە کردووەیەتە کوردی و لە ڕێبەندانی ساڵی ١٩٩٥ وەکوو کتێب بڵاوی کردووەتەوە ، کە بە بەروارد
لەگەڵ دەقی ماک هێندێک کەمایەسی تێدایە کە ئەوەش دەکرێ لە بەردەقی فارسی بێ .
 وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە حەسەن قازی