Saturday, September 19, 2020

هێندێک لە بٶچوونەکانی دەیڤید گڕەیبر لەمەڕ ڕۆژئاوای کوردستان

هێندێک لە بٶچوونەکانی دەیڤید گڕەیبر لەمەڕ ڕۆژئاوای کوردستان
دابەزاندن و وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

ڕۆژئاوا: تڕامپ خیانەت بە کوردەکان دەکا ( وتوێژێک لەگەڵ یارۆن باستانی و دەیڤید گڕەیبر)
ئەم بەرنامەیە لە ٨-ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ بە شێوەی زیندوو بڵاو بووەتەوە.
لەکاتێک دا تڕامپ چرای سەوزی بۆ هێرشی تورک بۆ سەر ڕۆئاوا داگیرساندووە، ئێمە لە دەیڤید گڕەیبر دەپرسین گەلۆ چ هیوایەک بۆ کوردەکانی سووریا ماوەتەوە.

Add caption

مایکڵ واکر: بەخێربێن بۆ بەرنامەی  " تیسکی ساور"ی نۆڤارا میدیا. ئەمن دەمەوێ ئەم بەرنامەیە بە سپاسێکی گەورە لە بینەرانمان دەست پێ بکەم و بە تایبەتی ئەوانەی باربوویان کردووین. دوو حەوتوو لەمەو بەر ئێمە هەڵمەتێکمان دەست پێ کرد بۆ ئەوەی بیست هەزار پاوند کۆکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین ستودیۆکەمان بگۆڕین و لە ماوەی ئەم دووحەوتوویە دا ڕۆژی یەکشەمە بەر لە نیوە شەو گەیشتینە ئامانجمان و ئیستا لە دۆخێکی باش داین کە بگوێزینەوە و نزیکتر بینەوە لە وێستگەی مێتڕۆ. لە ماوەی چەند حەوتووی داهاتوو دا. ئێمە دەگۆزینەوە ستودیۆیەکی گەورەتر و هاسانتر دەبێ بۆ میوانەکانمان. ئێمە هێشتا  پشتمان بە یارمەتی زیاتری ئێوە قایمە بۆ ئەوەی بچینە ستودیۆی گەورەتر و لەوێندەرێ کارمەندی تەواو وەختمان هەبێ. بۆ ئەوەی بگەینە ئەو قۆناخە تکایە سەری ماڵپەڕەکەمان بدەن  و بارتەقای سەعاتێک مووچەی مانگانە باربوومان بکەن. ئەمن بە ئاسایی بە بانگەوازی داوای پارە دەست پێ ناکەم،بەڵام بۆنەیەکی تایبەتی یە 

لە ستودیۆ ئەمڕۆ دەیڤید گڕەیبر میوانە. مرۆڤناسی ناسراو لە ئاستی جیهانی دا و نووسەری کتێبی: " قەرز،پێنج هەزار ساڵی یەکەم" و هەر وەها " کاری قۆڕ، تێورییەک" . هەر وەها ئارۆن باستانی شمان لەگەڵە کە هاودامەزرێنەری نۆڤارا میدیا و نووسەرە. سپاس بۆ هەر دووکتان بۆ ئەوەی ئەم ئێوارە لەتەک من دان. ئێمە بەو خەبەرە ناخۆشە دەست پێ دەکەن کە دۆناڵد تڕامپ بڕیاری داوە یارمەتیدانی کوردەکانی سووریا ڕابگرێ ، بەرنامەکەمان بەوە دەست پێ دەکەین کە تڕامپ دەڵێ ئێمە پشتیوانییەکەمان ڕادەگرین واتە پشتیوانی کوردەکانی سووریا لە ڕۆژئاوا. دیارە ئەوە چرایەکی سەوزە هەڵی دەکا بۆ تورکیا بۆ ئەوەێ هێرش بەڕێ. هەرێمی کوردستان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا سەرنجی چەپی نێونەتەوەیی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە لەوەتا کوردەکان لە ساڵی ٢٠١٢  خۆسەری خۆیان بە فێعلی وەدەست هێنا لە جەنگەی ئالۆزیی بێ سنوور، لە گەرمەی شەڕی نێوخۆیی سووریا دا. لە ساڵی ٢٠١٢ وە تا ئێستا ڕۆژئاوا وەک کۆمەڵگەیەکی دێمۆکڕاتیک و عەلمانی خۆی ڕێک خستووە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئیدێئۆلۆژی سۆسیالیستی ئازادیخوازانە و لە سووریا هێزی سەرەکی بووە لەسەر زەوی و بەرپرسیاریی تێک شکانی داعشی بە ئەستۆوە بووە. لە تەواوی ماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریا دا کوردەکان هاوپەیمانێکی جێی باوەڕ بوون بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمرێکا کە پشتیوانی هەوایی لێ کردوون و ئەوە  پێویست بووە بۆ تێک شکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی. وتا کوو ئێستا ئەمریکا لە ئاست هەڕەشە و هێرشەکانی تورکیا کوردەکانی سووریای پاراستووە. لەو زەمینەیە دا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیای لەماوەی شەڕی نێوخۆیی سووریادا هەمیشە گوتوویە بەهێز بوونی کوردەکان لەوێ هەڕەشەی ستڕاتێژیکی هەرە گەورەیە بۆ سەر هێدیایەتی و بەرژەوەندییەکانی تورکیا و پێی وایە ئەوە دەبێتە هۆی بەهێز بوونی خەباتی کوردان لە نێوخۆی تورکیا و لە چوار چێوەی سنوورەکانی دا  لە پێناو خۆسەری و دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆ دا. بەڵام لە دووشەمەوە هێزەئەمریکاییەکان دەستیان کردووە بە کشانەوە و دوێنێ تڕامپ لە تویتر دا ڕایگەیاند ئیدی ئەمریکا چیدی پشتیوانی نیزامی لە کوردەکانی سووریا ناکا و کۆشکی سپی دایگرتووەتەوە کە ئەردٶغان ئەو ئۆپێڕاسیۆنەی کە لە مێژە نەخشەی بۆ داندراوە بەرەو باکووری ڕۆژ‌هەڵاتی سووریا دەست پێ دەکا. ئێمە لە باندۆری دەستبەجێی ئەو بڕیارە دەدوێین .  ئەمن دەمەویست لەوەوە دەست پێبکەم ، وەکوو سەرەتایەک  بە کورتی لە خەباتی  ڕۆژئاوا بدوێی، بە تایبەتی لە ڕوانگەی خۆتەوە، ئەتۆ کەسێکی ئێستا ماوەیەکە وەدووی پێوشوێنی ئەو بابەتە کەوتووی

دەیڤید گڕەیبر: بەڵێ چەند ساڵە

واکر: باشە، چەند ساڵە. دەکرێ باسی ئەوە بۆ  بینەران بکەی بۆچی ئەتۆ ئەو مەیلەت تێدا پێک هات بزانی لەوێ چ ڕادەبرێ و هێندێک باسی پێشخانی بابەتەکەش بکە. با پرسم بۆچی دەبێ بزووتنەوەی چەپ بە دواداچوون بکا بۆ ئەوەی لەوێ ڕادەبرێ؟

گڕەیبر: دەزانی، دە ڕاستی دا ئەوە یەکێک لە هەرە چاوڕاکێشترین ئەزموونە سیاسییەکانە لەوەتا خەباتی ئانارشیستەکان لە ئێسپانیا لە ساڵانی ١٩٣٠ یەکاندا. ئەوە لە ڕاستیدا چەندێک لەو دەرفەتانە بووە کە جەماوەری خەڵک  خاک و کەوشەنێکی درێژیان بە دەستەوە گرتووە کە تێیدا دەیانەوێ بزانن گەلۆ دەتوانن ئیدەکانی سۆسیالیستی ئازادانە بە کردەوە وەدی بێن یان نا. و ئەگەر ڕاستگۆ بین دەزانین سەرکەوتنێکی زۆریان هەبووە، ئەمن یەکەم جار سەبارەت بە ڕۆژئاوا کاتێک ئاگادار بووم کە خەڵکی وێ پێوەندییان لەگەڵ کردم. پێم وایە لە سەرەتاوە هەموو کەس بە بە ئیحتیاتەوە پەسنیان دەدا و لەخۆیان دەپرسی ئایا ئەوە ڕاستە؟ ئایا دەکرێ گشت ئەو شتانە ڕوو بدەن لە هەموو ئەو ساڵانە دا و من قەتم لەسەر نەبیستبێ. بەڵام هەتا ئەمن زیاترم لە سەر زانی، ئەوەندەش زیاتر بەوە سەرسام بووم کە بە ڕاستی ئەوە  ئەزموونێکی قووڵی مێژوویی یە.

واکر: بە چ شێوەیەک، مانای ئەوە چییە؟

گڕەیبر: مەبەستم ئەوەیە دە ڕاستیدا ئەوەی ئێمە باسی دەکەین ئاڵوگۆڕێکە کە لەناو پ.ک.ک وە دەستی پێکرد. کە بزووتنەوەیەکی پارتیزانی یە و بزووتنەوەیەکی گەورەتری سیاسییە لە ناوخۆی تورکیا دا کە بە ڕەچەڵەک بزووتنەوەیەکی مارکسیست _ لێنینیستی جیاوازیخواز بوو. و بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە ئاڵوگۆڕی بەسەر دا هاتووە و ئەو ئاڵوگۆڕە زۆر جار دەبەسترێتەوە تەقریبەن بە شێوەیەکی تایبەتی بە کەسایەتی تاقە کەسێک، سەرۆکی پ.ک.ک عەبدوڵا ئوێجاڵان. ئەگەرچی لە ڕاستیدا زۆر لەو شتانەی کە لە ناوخۆی پ.ک.ک دا ڕوویان داوە ئاکامی خەباتی ناوخۆیی خۆیەتی بە تایبەتی خەباتی ژنان لە چوارچێوەی رێکخراوەکە دا خۆی. ئەوە شتەی کە دەبێ ئوێجاڵانی بۆ پەسن بدرێ ئەوەیە ئەو کراوە بوو بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە کەچی زۆربەی تیپە مارکسیستە_ لنینیستە پیاومەزنە کۆنەکان لەگەڵ ئاڵوگۆرێکی ئەوتۆ نەبوون. بەرەبەرە بە تێپەڕینی زەمان پ.ک.ک  لە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نەتەوەییەوە کە داوخوازی دەوڵەتێکی جوێی کوردی دەکرد بوو بە شتێکی بەڕاستی جیاواز. تەوەرەی سەرەکی بەرنامەکەی بریتن لە ژینگە پارێزی کۆمەڵایەتی، کە لە ماری بوکچین ئیلهامی وەرگرتووە، هەر چەند ئەوان شێوەی خۆیان هەیە سەبارەت بە کۆنفێدراڵیزمی دێمۆکڕاتیک کە پێشیان خستووە بەشێکی لە سەر بنەمای نەریتی کوردی و بەشێکیشی لە سەر بنەمای تیوری ئانارشیستی. کە وابوو ژینگەپارێزی کۆمەڵایەتی، دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ و ئازادیی ژنان تەوەرەی یەکەمی خەباتی کۆمەڵایەتی یانە. چبتڕ ئیدی بە هیچجور نایەوێ دەوڵەتێکی جوێ ساز کا و دە راستی دا ئەوە بە دژایەتی ناوەندی دادەنێ لەگەڵ ئیدەی دەوڵەت، ئەوە شتێکە ئێمە هاوشێوەیەکیمان بە ساڵان  نەبینیوە، نموونەی هاوتەریبی هەرە نزیکی کە دەکرێ  بە بیری مرۆ دا بێ دەتوانێ بزووتنەوەی زاپاتیستەکان بێ، بەڵام  تەنانەت زاپاتیستەکانیش خاكێکی بەیەکەوە بەستراو کۆنتڕۆل ناکەن، بەڵام کوردەکان دەیکەن.  

واکر: ئەمن وا بزانم دەکرێ بڵیین وا وەبەرچاو دێ ئیتیلافێکی سەیر، جێی واق وڕەمان و نەلواو لە نێوان ئەو بزووتنەوەیە لە رۆژئاوا واتە بزووتنەوەیەکی سۆسیالیستی ئازادیخوازانە و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا هەبێ، و پێکهاتنی ئەو دوو هێزانە بوو کە توانی داعش تێک بشکێنێ لە وەتا ساڵی ٢٠١٤ وە و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژئاوای لە ئاست دوژمنەکانی دیکە بۆ وێنە تورکیا پاراست کە دواتر باسی دەکەین.

گڕەیبر: ئەگەر تۆ بتەوێ باسی پێشینەی بکەم دەتوانم ئەوە بکەم. لە پێشدا ئەوە پ.ک.ک بوو ئەو ئاڵوگۆڕە قووڵەی تێدا پێک هات. ئەوەی لە سووریا ڕوی دا ئەوەبوو پەیەدە کە پارتییەکە کە ئیدێئۆلۆژییەکەی زۆر وە ئیدێئۆلۆژی پ.ک.ک دەچێ و لە ئیدەکان و نووسینەکانی ئوێجاڵان پێڕۆیی دەکا، دیارە ئەوان ڕاستەوخۆ بەیەکترییەوە گرێ نەدراون بەڵام لە ماوەی شۆڕشی سووریا لەجێدا، ڕێژیم خۆی لەو ناوچەیە کشاندەوە. بەشە کوردییەکانی سووریا زۆر بە باشی ڕێک خراون. موزاکەرات گەیشتە ئەوەی هێزە سوورییەیەکان لەوێ پاشەکشە بکەن و هەڵسووڕانی ژیانی خەڵک لەوێ بۆ خەڵک خۆیان بەجێ بێڵن. کاتێک ئەوان پاشەکشەیان کرد هەموو شتیان لەگەڵ خۆیان برد . هەموو ئیدارە دەوڵەتییەکانیان بە چۆل و هۆل بەجێ هێشت. حکوومەتی سووریا و دەستوپێوەندەکانیان و  سەرمایەدارە پێکوڕەکانیش ئەوێیان بەجێ هێشت. بزووتنەوە لە هەڵکەوتێکی لەبارتر دابوو چونکە خانووبەرە دەوڵەتییەکان هەموویان چۆل کرابوون و لەپڕ هەلومەرجێک هاتبووە گۆڕێ ئەوان دەیانتوانی بیرو فکری کە بۆ ماوەی بیست ساڵ بوو قسەیان لێوە دەکردن بە کردەوە دابەزێنن. لە سەرەتاوە کەس پێی نەزانین، دوایە چەندین هێرش هاتە سەریان لەلایەن جیهادییەکانەوە کە بە گردبڕی لەلایەن پۆلیسی نهێنی تورکەوە بەخێو دەکران. بەڵام بەرەبەرە هەرێمی کوردستان تووشی کێشە بو لەگەڵ داعش. دیارە ڕەچەڵەکی بنچینەیی داعش هێشتاش تاریکە بەڵام زۆر ئاشکرایە ئیستیخباراتی تورک و هێندێک لە دەوڵەتانی کەنداو سەروکاریان لەگەڵیان هەیە و وا وەبەرچاو دەهات ئەوان هەنگاوەکانی خۆیان زۆر بە باشی لەگەڵ دەسەڵاتدارییە جۆر بەجۆرەکانی تورکی ڕێک خستبێ . ئەوان لەگەڵ تورکیا  سەودا و تەجاڕەت دەکەن، بۆ وێنە ئەو دەمی کە داعش لە ترۆپکی هێز دا بوو بە ئاشکرا تەجاڕەتی نەوتی دەکرد لەگەڵ تورکیا، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان لە سووریا لە ڕووی ئابوورییەوە بە تەواوی گەمارۆ درابوو،

واکر: وابزانم زاوای ئەردۆغان دەستی دەوە دا بوو

گڕەیبر: ڕاستە وایە

ئاڕۆن باستانی: وابزانم وەزیری ئەنێرژی یان شتێکی ئاوا بوو. زاوای ئەردۆغان بوو تێوەگلابوو.

گڕەیبر: ئەوە تەواو ئاشکرایە، ئەوە یەکێک لەو هەلومەرجانەیە کە لە هەرێم هەموو کەس دەزانێ چ ڕادەبرێ بەڵام مرۆ ئیزنی ئەوەی نییە لە سەر تێلێڤیزیۆن باسی لێوە بکا، لە ئوڕووپا یان ئەمریکا. کاتێک کاربەدەستە گەورەکانی داعش دەکووژران لە گیرفانیان دا پێناسەی ئەندامەتی لە ئیستیخباراتی تورکی دا دەدۆزرایەوە. یانی شتی ئاوا ئاشكرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هێندیك دەیانگوت: " ئێوە چۆن دەتوانن هاوپەیمانێکی ناو ناتۆ تاوانبار بکەن  کە کاری وا قێزەوەن بکا"؟ یانی دەبوو منیش باسی نەکەم، بەڵام لەجێدا داعش وەک دەستنێژێکی تورک هەڵدەسووڕێ و حەول دەدا هەریمی کوردستانی باکووری سووریا داگیر بکا و هێزی خۆی لەوێ سەقامگیر بکا بەتایبەتی ناوچەی سنووری لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی لەوێوە پێداویستییەکانی دابین بکا. ئەوان هێرشیان کردە سەر کۆبانێ چونکە ناوچەیەکی تەختە و گرتنی هاسانە کە لەگەڵ خۆڕاگرییەکی حەماسەخوڵقێن ڕووبەڕوو بوون کە لە جێدا ئەمریکا ناچار کرا لە بەر هۆ وسۆنگەی جۆر بەجۆر لەگەڵ هێزی ئەوتۆ هاوپەیمانی بکەن کە لە جێدا بیروڕایان زۆر لە ئانارشیستەکان نزیکە. دیارە ئەوە هەلومەرجێکی مێژوویی زۆر سەیر و نائاسایی یە. بەڵام ئەوان دە ناوەڕاست دا  گیریان کرد بوو و دوا جار پەیمانێکی دو جەمسەری دژ بەیەک لە ئاست دوژمنێکی دڕتر دا  پێک هات. ئەمن هەمیشە ئەو ڕاستییەم داگرتووەتەوە کە ئەوە پەیمانێکی نیزامی بوو، نەک پەیمانێکی سیاسی. بۆ وێنە حکوومەتی ئەمریکا قەت پشتیوانی لەوە نەکردووە ڕۆژئاوا بەشێک بێ لە پێواژۆی ئاشتی لە سووریا. ئەوان هیچ کورسییەکیان لە دەوری میزی موزاکەرەی ئاشتی دا نییە هەرچەند ئەو پارتییە پچووکانەی کە بەشێکن لەو پێواژۆیە لەجێدا نوێنەرایەتی هیچکەس ناکەن لە سەر زەوی. لە ڕاستیدا ڕووسیا پشتیوانی لەوە دەکا کە ڕۆژئاوا لە پێواژۆی موزاکەرە بۆ ئاشتی دا جێی بکرێتەوە و بەشدار بێ، بەڵام ئەمریکا ئەوە ناکا. زۆر لە خەڵک ئەوە نازانن. هاوپەیمانییەکی نیزامی هەبوو، لەجێدا لەبەر ئەوەی دوژمنی هاوبەشیان هەبوو و لە ئاکامی ئەوە دا هێندێک پێوەندی ساز بووە، بەتایبەتی پێوەندی شەخسی، زۆر لەو ئەمریکاییانەی کە لەوێن بەو ئاکامە گەیشتن بڵێن ئەو جەماعەتە دۆستی ئێمەن و تەنیا خەڵکێکن کە بەڕاستی ئێمە دەتوانین باوەڕیان پێ بکەین و زۆر بە قووڵی هەست بەوە دەکەن نابێ ئەوان گورگان خواردوو بکرین. هەر وەها لایەنی پڕاکتیکیش لە گۆڕێ دایە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی ئەمریکایی دەڵێن ىروانە ئەگەر ئێمە هاوپەیمانەتی لەگەڵ لایەنێک بکەین و بهێڵین ئەوان بەتەواوی ڕیشەکێش بکرێن و پێمان وابێ  ئیدی چیتر ئەوان لەبار نین بۆ هاوپەیمانەتی ئێمە وێناچێ ئیدی هیچ کەس هاوپەیمانەتیمان لەگەڵ بکا.  

واکر: ئەوە ئێستا لە ئەمڕیکا زۆر قسەی لە سەر دەکرێ.

گڕەیبر: ڕاستە زۆر ئاماژە بەو  خاڵە دەکرێ.

باستانی: با هێندێک شت بڵێم لە سەر هاوپەیمانەتی نیزامی کە بیروڕای گشتی لە ئەمریکا و بریتانیا لەوانەیە بە تەواوی لێیان بێ خەبەر بن. لە عێڕاق لەو ساڵانەی دواییدا ئەمریکا نەک هەر شانبەشانی شێعەکان بەڵکوو چالاکانە شانبەشانی ئێرانییەکانیش کاریان کردووە. هێزە تایبەتییەکانی ئەمریکا بیندراون یونیفۆڕمی پێشمەرگەی کوردیان دەبەر کردووە لە عێڕاق دا لەهەمان کاتدا کە ئەوان دەڵێن لە کوردستانی سووریا شانبەشانی SDF هێزی دێمۆکڕاتیکی سووریا کار دەکەن. ئەوە باشە، ئەوە بە تەواوی هاوپەیمانییەکی پڕاگماتیکی پێویست بووە لە کاتی شەڕ دا. بەڵام ئەوە هەتا بڵیی سەیرە چاپەمەنی هیچ لای لەوە نەکردووەتەوە. بۆ وێنە چاو لە بی بی سی بکە, چاوەڕوانی لێکدانەوەیەکی دروست و لایەن نەگرانەی لێ دەکەی . ئەو پێچەڵپێجییە ڕێگە دەدا بە بینەران، بە بیروڕای گشتی کە هەر چارەسەرییەکیش دەبێ بە ڕێگایەکی پێچەڵپێچ و ئالۆز دا بکرێ و هیچ چارەسەرییەکی هاسان لە گۆڕێ دا نەبێ. لە عێڕاق هاوپەیمانییەکی عەسکەری هەیە  ئەمریکا، ئێران و کوردەکانی عێڕاق وەبەر دەگرێ. وەزعێکی ئاواش لە کوردستانی سووریا هەیە. لە لایەک ئەسەد، ڕووسەکان و عێراقییەکان لە بەرەیەک دان، بە خشکەییش SDF ئ. ئەوان هیچ ناڵێن بەڵام شەری یەکتریش ناکەن. ئەمریکاییەکان پشتیوانی هەوایی لە SDF  دەکەن بەڵام ڕەقیان لە ئەسەد، ڕووسەکان و ئێرانییەکان دەبێتەوە . ئەمن پێم وایە دەبێ دڵپاکانەتر لە ئاستی سەرتاسەری دا سەبارەت بەو گرژییانە  قسە بکرێ و ئەوە زۆر یارمەتی دەکا بە دۆزینەوەی چارەسەری. بە داخەوە نایکەن ، سەیر بوو لە حیسابی تویترەکەم دا پەیامێکی  لایەنگرێکی تڕامپم دی نووسیبووی لە ڕاستیدا یەکینەکانی پاراستنی گەڵ زۆر باش نین چونکە پشتیوانی لە ئەنتیفا دەکەن. ئەنتیفا ڕێکخراوەیەکی تێرۆریستییە و بە گشتی بڵێین ئەو خەڵکەی ئەوانە دەیانکووژن داعش و ڕێکخراوی تێڕۆرستی ئاوان.

گڕەیبر: ڕەنگە ئەوانە لەوە تێنەگەن کە داعش بە مەترسی یە.

باستانی:  بۆ ئەو ئاستە لە پێچەڵپێچی و ئاڵۆزی پێویستە کەسی وەک دەیڤید گڕەیبر لە نۆڤارا و بی بی سی دا ئەو شتانە ڕوون کەنەوە.

گڕەیبر: بی بی سی قەت بۆ باسی ئەو بابەتە لێیان نەگێڕاومەوە.

واکر: ئەمن دەمەوێ  هێندێک باسی پێوەندیی ئەمریکا و تورکیا بکەین لە گشت ئەوە ماوەیە دا چونکە ئەوە هاسانە لەوە تێ بگەیشترێ ئەو ئیتیلافە نیزامییەی دژی داعش هەڵدەسووڕێ، کە بریتی یە لە ئەمریکا، و کوردەکان لە سەر زەوی پێیان خۆش بوو و دیارە حەوجێیان بەوە بوو کە داعش تێک بشکێنن. لەو ئیتیلافە دا قودرەتی هەوایی هەبوو، فڕۆکە ئەمریکاییەکان پشتی کوردەکانیان دەگرت لە سەر زەوی، هەرچەند تەمی هەڕەشەی داعش بە تەواوی نەڕەویتەوە، بەڵام مەترسی هەستانەوەیان کەمە. بەڵام ئەوان بۆ ماوەیەکی درێژ هەڕەشەیەکی هەمە لایە بوون لە سەر کوردەکانی سووریا کە لە تورکیاوە دەهاتن و دەیانویست ئەوان لە ناو بەرن لە بەر هۆی ستراتێژیک. و تا ئەو جێگای من دەزانم تا ئێستا ئەوە ئەمریکاییەکان بوون کە کوردەکانی سووریایان پاراستووە لە ئاست هێرشی تورکیا.

گڕەیبر: ئەوە لە ڕاستیدا داستانێکی زۆر سەرنجڕاکێشە چونکە بەر لە هەموو شت ئێمە باسی کوردان دەکەین و لەم پنکتە دا کوردەکانی سووریا. هیندێک خەلک کوردەکانی سووریا و کوردەکانی عیڕاق بەیەکەوە تاق و جووت دەکەن کە ئەوە سەیرە. بەڵام تەنانەت ئێستا هەر بگوترێ کوردەکانی سووریا دروست نییە چونکە ئەوە کۆنفێدراسیۆنێکی باکووری سووریایە. هێزەکانی SDF بە شێوەی سەرەکی عەڕەبن. و دەوێدا لە ناو هێزە نیزامییەکاندا کەمایەتی کورد هەیە. ئەوان مۆدێلێکیان هەیە کە بەڕاستی سەرنجڕاکێشە. کاتێک من جاری دوایی لەوێ بووم نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر یەک لە گیروگرفتە سەرەکییەکان ئەوە بوو کە لەگەڵ ئەندامانی پێشووی داعش چ بکەن کە پێیان خۆشە لەگەڵیان کەون.

باستانی: پێم خۆشە پرسیارێک بکەم. ئەگەر ئێستا کوردەکان کە SDF دا کەمایەتین چۆن دەکرێ پێی بگوترێ ئەوە خەباتێکی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی یە؟ یان نییە؟

گرەیبر: ئەوان وەک خەباتێکی ڕزگاریخوازیی سووریا چاو لە خۆیان دەکەن. زۆربەی ئەوەی دەیکەن لە بەستێنی سووریا دایە.

باستانی: کە وابوو هیچ باسی دامەزراندنی کوردستانێکی یەکگرتوو  لە گۆڕێ دا نییە. ئەمن پێم وا بوو ئەوە کۆنفێدڕالیزمە لە ناو کوردستانێکی یەکگرتووی بەرفڕاوانتر دا.

گڕەیبر:  ئەوەیە بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانەوێ بیکەن ئەوەیە کە مۆدلێکی کۆنفێدڕاڵ لە ناوخۆی عێڕاق دا پێش بخەن ، لە ناو سووریا، لە ناو تورکیا، و هیوادارم ئێرانیش وەک ئامانجی درێژ خایەن و لەو بەستێنە دا ئەوان دەکرێ کۆنفێدراسیۆنیان هەبێ لە دەرەوەی سنووران بە ڕێگای جۆر بەجۆری کولتووری و وەکی دیکە دا. بەڵام ئارمانی دوایی ئەوە نییە ئالنگاری سنوورەکان بکرێ. ئەو ئامانجەی هەیە ئەوەیە بتوانن لە ئاستی سەرتاسەری هەر دەوڵەتەی دا هەڵسووڕێن. جا بۆیە دابەزاندی ئەو مۆدێلە لە سووریا ئامانجی یەکەمیانە.

باستانی: یانی ئەوان نایانەوێ لە سووریا جوێ بنەوە؟

گڕەیبر: نا، بە هیچجور، پ.ک.ک ش چیتر نایەوێ لە تورکیا جوێ بێتەوە. بەڵام ئەوە دەیکا بە هەڕەشەیەکی گەورەتر. دیارە لە دەست دانی خاک و کەوشەن مەترسییە، بەڵام ئالنگاری گشت سیستمی حکوومەتەکەت بکرێ ئەوە ئەوە زۆر زیاترە. بوون بە ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕ کە دەیەوێ کۆمەڵی تورکیا دێمۆکڕات بکا. فکرێک کە دەیەوێ کۆمەڵی سووریا دێمۆکڕات بکا بە شێوەیەکی قووڵ و لە بناوانەوە.

واکر: کە وابوو هۆی ئەوەی تورکیا ئەوەندە پێکێشی دەکا بۆ لە ناوبردنی ئەو بزووتنەوەیە لە ڕۆژئاوا لە بەر تێکەڵاوێتی لەگەڵ بزووتنەوەی ئازادیدەری کورد، نەک لەبەر ئەوەی کە کوردەکان دەیانەوێ لە تورکیا جوێ ببنەوە. ئەوان دەیانەوێ قسەیان زیاتر بڕوا و تورکیا دێمۆکڕات بکەن. ئەوەیە کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەردۆغان.

گڕەیبر: وایە. و هەر وەها هەڕەشەی سیاسیشە. مەبەستم ئەمەیە ئەردۆغان لە جێدا فاشیستێکە، یان بابڵێین پۆپۆلیستێکی ڕاست ئاژۆیە، ئەگەر بتەوێ زمانی ئەوتۆ بەکار بێنی. بەدەستەودایرەی جۆر بەجۆری ئیسلامییەوە گرێ دراوە. و ئەوانە دوژمنی درێژخانەنیانن. کە زۆربەیان کوردن. پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان کە لێکەوتەیەکی بزووتنەوەی کوردە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا بەوەی کە پشتیوانی جەماوەرێکی بەرفراونتر وەدەست بێنێ و کەمایەتییە مەزهەبییەکانی دیکەی ڕێک خست، گرووپی گەی و لێزبییەن، سەندیکا کرێکارییەکان و بەوشێوەیە توانیان لە هەڵبژاردنی پارڵمان دا ڕێژەی دە لە سەد تێپەڕێنن. کە ئەو سنوورە لە بنەڕەت دا بۆ ئەوە داندرابوو تا  حیزبەکانی سەر بە کورد قەت نەتوانن بچنە ناو پارڵمان. و لەو دەمە دا بوو کە ئەردۆغان پێواژۆی ئاگربەسی خۆی لەگەڵ پ.ک.ک پێشێل کرد و شکاندی و دیسان دەستی کردەوە بە شەڕ.  کاتێک هەدەپە خۆی بوو بە هەڕەشەیەکی موعتەبەری چەپ لە وڵات دا.

واکر: ئەگەر ئیزنت لەسەر بێ لە سەر دوایین پێشهاتەکان قسە بکەین.  ئەوەی کە تا ئێستا ڕۆژئاوا لە چنگ هێرشی تورکیا هەر ماوەتەوە لەبەر پشتیوانی هەوایی ئەمریکا بووە.

گڕەیبر: ڕاستە ئەوان پەیمانی پشتیوانی هەوایی ئەمریکایان بووە. لە جیدا ئەوان سپەری ئینسانیان هەبوو، سەربازانی ئەمریکا لەوێن. ئەوان هێندە لە شەڕ دا بەشداری ناکەن بەڵام زۆربەیان تەنێ لەوێ دانیشتوون و ئەگەر تورکیا هێرش بێنی ئەوان دەبێ ئەمریکاییان بکووژن و خۆیان دەزانن ناتوانن ئەوە بکەن. ئەگەر ئەوە بکەن کەتنێکی گەورە ساز دەکەن. سەرنجڕاکێشە کە کارگێڕانی دیپڵۆماتیکی ڕۆژئاوا هەموو حەولی خۆیان دا  باڵانسێک  لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا ساز کەن بۆیە لە سەرەتاوە ئەوان لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕۆژئاوا ئەمریکاییەکانیان وەک سپری ئینسانی هەبوو، دوایە عەفرین هەیە کە کانتۆنێکی دابڕاوە بەڵای ڕۆژئاوای ڕۆژئاوا دا، کە بەجۆرێک حەولی داوە لەتەک کانتۆنەکانی دیکە دا یەک بگرێتەوە. ئەوێ لە ژێر چاوەدێری ڕووسیا دا بوو، و لەوێ سپەری ئینسانی ڕووسیا و پۆستی چاوەدێری رووسی هەبوو لە سەر سنوور. و ڕووسەکان لە جێدا پشتیان تێ کردن. ئەوە بە ڕاستی گرینگە بزاندرێ چونکە خەڵکێکی زۆر دەڵێن بەڵێ ئەوان خۆیان هاوپەیمانیان هەڵبژارد لە جیاتیان دەبوو لەگەڵ ڕووسیا و  حکوومەتی ئەسەد پەیمان ببەستن . ئەو قسەیە ڕاست نییە، ئەوان هەموو حەولی خۆیان دا باڵانسێک ساز کەن و ئەمریکا و ڕووسیا بە دژی یەک بە قازانجی خۆیان بە کار بینن. ئەوە ڕووسەکان بوون کە لەپێشدا لە پشتەوە خەنجەریان لێ دان. هەر ئەوەی ئەمریکاییەکان  ئێستا دەیکەن. ئەمن هێندێک پێم سەیرە. ئەمن پێم وا بوو ڕووسەکان زیاتر هەستی شانازی بەخۆ بوونیان هەیە و لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان دەمێننەوە و پشتیان تێ ناکەن. بەڵام بەر لە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرێن پۆستە ڕووسییەکانیان لەوێ ڕاگوێست.

واکر: و ئەوە لە بەر سەودای ڕووسیا و تورکیا بوو؟

گڕەیبر: دەبێ جۆرە سەودایەک بووبێ. ئێمە نازانین ، بەڵام بەڕواڵەت ئەوەش رووسەکان بوون کە پێشی ئەو مامڵە و سەودایەیان گرت کە کاربەدەستانی عەفرین دەیانویست لەگەڵ حکوومەتی سووریای بکەن. حکوومەتی سووریا گوتی باشە ئێمە ئەرتەشی سووریا دەنێرین ئەگەر تورکیا بییەوێ شەڕێکی نێونەتەوەیی دەست پێ بکا بەو شەرتەی ئێوە کۆنتڕۆڵ و ئەمنییەتی ناوخۆیی بدەنە دەست ئێمە. بەڵام ئەوان کوردەکان گوتیان ئێوە ناتوانن پۆلیسی نهێنی بێهێننەوە و ئیمە دەمرین بەڵام ئیزنی ئەوە نادەین. بەحکوومەتیان  گوت با ئەمنییەتێکی دەرەوەیی هاوبەشمان هەبێ و ئێمە هێنمی ناوخۆیی دەپارێزین. نوێنەری سووریا پێشنازەکەیانی بردەوە دیمیشق بەڵام دەستبەجێ ئەو پێشنیارەیان وەداویە داوە، بە ڕواڵەت ئێران و ڕووسیا قبووڵیان نەکرد. ئەوە ئەوانن ، ئێران خۆی کەمایەتییەکی کوردی هەیە و نایەوێ ئەزموونی ڕۆژئاوا لەوێ دووپاتە بێتەوە. ڕووسیاش وا وێدەجێ لەمەر کەمایەتییە ئێتنیکییەکان نیگەرانی هەبێ، بەڵام ئەمن دڵنیا نیم ئەنگیزەیان چ بوو کە نەیانهێشت ئەوە سەر بگرێ. و عەفرینیان گورگان خواردوو کرد.

باستانی: ئەوە ڕاستە ، شتی هەرە مەنتقی لێرەدا بەرژەوەندییەکانی ڕووسیایە لەگەڵ ئەسەد.

گڕەیبر: نەهێڵی وڵاتێکی بێگانە بەشێک لە وڵاتەکە داگیر بکا.
باستانی: ئەوە بە تەواوی بریتییە لە بەرژەوەندی خۆیی ڕووسیا، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە ئێرانییەکان بە بلیۆنان دۆڵاریان تەرخان کردووە نەک لە ڕووی نیزامییەوە بەڵام  بۆ ڕاهێزاندنی دراوی سووریاش. یەكێک لە ئەستوونەکانی سیاسەتی ناوخۆیی ئەمنییەتی ڕووسیا کە لە سیاسەتی دەرەوەش دا ڕەنگ دەداتەوە لە سەر بنەمای ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دەوڵەتە نەتەوانەیە کە زۆربەی دانیشتوانیان موسوڵمانن. ئەگەر پێشی ئەوە بەردەن لە سنوورە باشوورییەکانیان پێشی هیچ لایەکیان بۆ ناگیرێ، لە داغستان و زۆر جێگای دیکەش. جا بۆیە ئەو قسەیە ڕاستە.

واکر: با ئێستا دوو پرسیار بورووژێنم. یەکەم بۆچی ئەمریکا ئێستا پشتیوانییەکەی دەکێشێتەوە و دووهەم ئاکامی ئەو کشانەوەیە چ دەبێ؟

گڕەیبر: باشە دەزانی لە جێدا ئەردۆغان هەر هەڕشەی هێرشی دەکرد و هەر دووپاتەی دەکردەوە و دەیزانی ئەمریکایەکان زۆر ڕاڕان و دەستەوەستانن، دواجار تڕامپ بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەردۆغان قسەی کرد. دیارە موزاکەرەی زۆر دوورو درێژ کران، بەڵام من لە وردە ڕیشاڵی ئاگادار نیم لە نێوان کۆنفێدڕاسیۆنی دێمۆکڕاتیکی باکووری سووریا و ڕێژیمی ئەسەد. ئەوان حەولیان دەدا لەو وەختە تەنگانەیە دا جۆرێک هاتنە ڕەدایێ لەگەڵ دیمیشق دامەزرێنن. ئامانجی بەرزی سیاسییان وەک گوتم ئەوەیە مۆدێلێک ساز کەن بۆ شێوەی هەڵسووڕانی کاروباری سووریا لە  داهاتوو دا. جا بۆیە ئەوە لە بەرژەوەندییان دا بوو ئەو موزاکەرەیە بکەن. دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ، بۆ ئەوان قسەکردن لەگەڵ ڕێژیمی سووریا زۆر بە ئێش و ژان بوو. کاتێک ئەمن لەوێ بووم ئەگەر ئاماژەت کرد با بە ڕێژیم. وڵام ئەوە بو بەگردبڕی ئێمە ناهێڵێن ئەوانە بگەڕێنەوە ئێرە. لە ڕاستیدا نیوەی ڕێبەرایەتیی سەرەتایی پارتیی یەکێتی دێمۆکڕاتیک بە دەست ڕێژیم یان لە ناو بردراون یان هێشتا لە زیندان دان. ئەو خەڵکە زۆریان ئەزموونی ئەشکنجە کران و خراپەلەگەڵ کرانیان هەیە بە دەست ڕێژیمی ئەسەد. بە ڕاستیش ئەوان نایانەوێ ئەو سازانە بکەن، بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەموو ئامانجیان ئەوەیە کە لە چوارچێوەی سووریا دا بمێننەوە. جا ئەمن نازانم لەو موزاکەرەیان دا چ ڕابراوە. ئەوەی وێدەچێ ڕووی دابێ ئەردۆغان داوای دەکرد جۆرەیەک ناوچە دابمەزرێ کە پێی دەگوت ناوچەی ئارام، ئەگەر لە ڕووی سیاسییەوە چاوی لێ کەی ئەوەی ئەو داوای دەکرد ناوچەیەکە بۆ ئەوەی پاکتاوی ئێتنیکی تێدا بکا، ئەوەی دەیویست ئەوە بوو بە درێژایی ٥ کیلۆمیتر ناوچەیەک بگرێ خەڵکی ڕەسەنی خۆجێییان دەر بکرێن و لە شوێن ئەوان ئەو پەنابەرانە جێگیر بکا کە چیدی نەی دەویست لە تورکیا بمێننەوە. زنجیرەیەک موزاکەرە هەبوو، هەرنەبێ ئەو  داوای ناوچەیەکی نیزامی تامپۆن
( پارێزراو)ی دەکرد و وا وێدەچووئەو موزاکەرەیە بە جۆرە ئاکامێک گەیشتبێ و ئەمریکاییەکان ڕێک کەوتن لەگەڵیان لە سەر ئەوەی جۆرەیەک سیستمی گەشتی هاوبەش هەبێ لەو ناوچەیە دا. بەشێک لە داوخوازی تورکیا بۆ ئەو رێکەوتنە ئەوە بوو هەموو جۆرە سەنگەربەندییەک لەوێندەرێ هەڵگیرێ کە بە درێژایی سنوور هەبوو، و ئەوان لایانبەرد. بەڵام هەر دەستبەجێ کە ئەو ویستەی ئەمریکاییەکان جێ بەجێ کرا و
SDF سەنگەر بەندییەکانی لابرد، ئەمریکا بۆچوونی خۆی گۆڕیو گوتی دەکشێینەوە و بەو شێوەیە ڕێگای کردەوە بۆ هێرشی تورکیا. وا وێدەجێ هۆی ئەوەی ڕێژیمی سوریا ئەوەی قبووڵ کرد ئەوە بوو کە تورکیا دڵنیای کردن و بەڵێنی پێدان ئەوان ناوچە لە SDF  پاک دەکەنەوە و دوایە دەکشێنەوە بۆ ناو ناوچە ٥ کیلۆمیترییەکە و پاشماوەی خاکەکە دەدەنەوە بە حکوومەتی ناوەندیی سووریا. گەلۆ تورکیا ئەوە دەکا ئەوە یەکجار مایەی شک و دڕدۆنگی یە چونکە ئەگەر ئەتۆ تەماشای ئەوەی بکەی لە عەفرین  دەیکەن لە ڕاستیدا خەریکن ئەوێ وەسەر تورکیا دەخەن. لەوێ خوێندنگەیان داییر کردووە بەزمانی تورکی دەرس دەڵێنەوە، ئەوان پاکتاوی ئێتنیکیان کردووە و زۆربەی کوردەکانیان لەوێ دەرپەڕاندووە

باستانی: لەوێ پۆلی زمانی تورکی یان داناوە لە خاکی سووریا دا؟ واتە جێگایەک کە لەڕووی قانونییەوە خاکی سووریایە.

گڕەیبر: بەڵێ زمانی تورکی دەڵێنەوە
باستانی: ئەوە عەقڵ نایبڕێ، چۆن ئەندامێکی ناتۆ ئەوە دەکا؟ لێرە وێكچوونێک وەک وەزعی کرێیمە و ئۆکراین هاتووەتە ئاراوە. 

گڕەیبر:بەڵێ زۆر وە وەزعی وێ دەچێ
باستانی: بە ڕووسی کردنی خاكێک کە خاکی ئۆکڕاین بوو. ئەوان ئیدیعایان کرد شوێنەکە کەمایەتی جۆر جۆری هەیە وەک تاتارەکان. و ئەوان  دەکرێنە ڕووس و لە جێدا هەر ئەو شتەیە کە تورکیا لەگەڵ عەفرینی دا.

گڕەیبر: بەو جیاوازییەوە  کە ژمارەکە بە پێچەوانەیە. کڕایمێ نزیکەی نەوەد لە سەدی ڕووس بوون لەکاتێکدا عەفرین نزیکەی نەوەد و پێنج لە سەدی کورد بوو و ئێستا ئیدی کوردەکان لەوێ زۆربەی دانیشتوان نین.

باستانی: ئێستا ماڵدانەری تورک چوون لەوێ دامەزراون؟

گڕەیبر: نەک هەر تورک،  ئەوە زۆر سەرنجڕاکێشە و هۆی ئەوەی کە ئیزن دراوە بە تورکیا بۆ ئەو کارە، ئەوەی لە جێدا کردوویانە ئەوەیە خەڵکی ڕەسەنی خۆجێییان دەرپەڕاندووە و پەنابەرانیان هێناوەتە ئەوێ، و زۆریان عەڕەبی خەڵکی ناوچەکانی دیکەی سووریان بەڵام زۆربەیان بنەماڵەی جیهادی و میلیشیا کەلەڕەقە ئیسلامییەکانن. ئێمە بە تەواوی لە مەبەستیان تێ ناگەین بەڵام لەجێدا ئەو پەیامەی بۆ ئوڕووپایان ناردووە ئەوەیە ئەگەر ئێوە لێگەڕێن ئێمە هێرش بکەین بۆ ئەو خاکە ئێمە گشت ئەوانەی کە ئێوە ناتانەوێ بێن بۆ ئوڕووپا لەوێ دادەمەزرێنین. ئەوە هێزێکی ناو ناتۆیە، ئەوە ئەڕتەشێکی ناتۆیە ، تانکەکانیان تانکی ئاڵمانین، فڕۆکەکانیان ئەمریکایین و بریتانیایی/

باستانی: یەک لە باشترین ئەڕتەشەکانی ناتۆیە و بودجەی هەرە زۆرە

گڕەیبر: وایە، لە ڕووی ژمارە و لە ڕووی بودجەوە دووهەمین ئەڕتەشە لە ناتۆ دا. شتێکی کە ئەمن دایدەگرمەوە ئەوەیە کە ئێمە هەمیشە شتیان پێ دەفرۆشین و بەرپرسیاری ئەوە وەئەستۆ ناگرین ئەوان چۆنیان دەکار دەکەن. چەکوچۆڵی مۆدێرن بە شێوەی بەردەوام دەبێ کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئەگەر ئەتۆ فڕۆکەی جێتت هەبێ بۆ ئەوەی بکرێ لە شەڕ دا بەشداری پێ بکەی دەبێ هەموو بەش و پێداویستییەکانیت هەبێ و تەیاری کەی، هەر نەبێ سێ چوار ڕۆژ جارێک. ئەو تەعمیر کردن و کۆنتڕۆڵانە تورکەکان خۆیان نایکەن. ئەوە ئیتالیاییەکان، فەڕانسەییەکان، ئاڵمانییەکان، بریتانیاییەکان و ئەمریکاییەکان دەیکەن. واتە کۆنتڕاکتکاران. کە وابوو ئەوە ئەڕتەشێکی ناتۆیە، لە جێدا ئەڕتەشێکی ئەمپریالیستی یە کە باڵا دەستییە نیزامییەکەی بەتەواوەتی  بەستڕاوەتەوە بە پشتیوانی ئوڕووپاییەکان و ئەمریکاییەکانن. دەبێ ئەوەشمان لەبیر بێ  ئەرتەشی تورکیا زۆر شپرزەیە. نێوەی ئەفسەرە پایەبەرزەکانیان هێشتا لە زندان دان لەوەتا کودەتای ٢٠١٦. کۆنتڕۆڵی فەرماندەییان زۆر کەمە. ئەوان ناتوانن ئەوان بەباوەڕییەوە بەکار بێنن. کاتێک ئەوان لەگەڵ هێزێکی دیکە تووشی شەڕ دێن کە هاو شانیان بێ هەمیشە دەشکێن چونکە تەجروبەی شەڕیان زۆر کەمەو لەگەڵ هێزی وا ڕوبەروو دەبن کە هیچیان نییە جگە لە تەجروبەی شەڕ نەبێ.

باستانی: ئاشکرایە ئەڕتەشی تورکیا ئەڕتەشێکی ناتۆیە. باشە پێوەندی لەگەڵ ڕووسیا چۆنە کە زۆر شت لە ڕووسیا دەکڕن.

گرەیبر: ئەوان سەرکەوتووانە ئەو گەمەیە دەکەن هەر وەک خەڵکی ڕۆژئاوا کە حەول دەدەن ئەمریکا و ڕووسیا لە دژی یەکتر بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار بێنن. وا دەرکەوت کە قەڵەمڕۆی کوردی لە سووریا لە ڕووی ستڕاتێژییەوە ئەوەندە بۆیان گرینگ نەبوو  بۆیە کرا دەستی لێ هەڵگرن. لە کاتێکدا تورکیا ئەو گرینگییەی بۆیان هەیە. ئەوە گرینگە بزاندرێ کە ئەڕتەشەکەیان بە بێ تێکنۆلۆژی هەرە پێشکەوتوو هیچی نییە. ئەو ئامرازانەش ڕاستەوخۆ لە ئوڕووپا و ئەمریکاوە دابین دەکرێن و کۆنتڕۆڵ دەکرێن. جابۆیە گەوجانەیە بگوترێ ئەمریکا ئەوە لە سووریا وەک قەڵغانێکی ئینسانی ئەمپریالیستی دەجووڵێتەوە بەڵام  لە هەمان کاتدا ئەڕتەشی ناتۆ خەریکە دێ بۆ پاکتاوی ئێتنیکی خەڵکی خۆجێیی و دەردەکەوێ کە ئەو قەڵغانە بوونی نییە.
واکر: دەی ئێستا لەوەی دواوە چ ڕوو دەدا. ئەمریکا ئەوهەموو ئامرازەی هەیە، تورکیا بۆخۆی ئەوهەموو چەکەی هەیە بە تێکنۆلۆژی پێشکەوتووەوە، پێم وا نییە لە ڕۆژئاوا بتوان ڕقەبەری ئەوە بکەن.

گڕەیبر: ساتڵایت و زۆر شتی تریشیان هەیە. دەزانی ئەوەش زۆر گرینگە چونکە سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە SDF هاوپەیمانێکی نیزامی ئەمریکا بوو، ئەمریکا هەر چەکی سووکی دانێ و هێندێک گەڕۆکی نیزامی. چەکی دژە تانک و چەکی دژە فڕۆکەیان نەدانێ کە نەبوونی ئەوانەش تورکیا باڵادەست دەکا لە ڕووی نیزامییەوە. چونکە تورکیا تانک و فڕۆکەی هەیە.

واکر: لەبەر ئەوەی ئەمریکا نایەوێ SDF ببێتە هێزێکی سەربەخۆ.

گڕەیبر: ئەدی و چونکە تورکیا گوتی ئێمە هێزێکی ناتۆین و ئێوە ناتوانن دۆستی دوژمنی ئێمە بن. دەسەڵات و ئەندامەتی لە ناتۆ دا ئیمتیازێکی زۆری لە بەر دەست تورکیا ناوە کە خەڵک پێی نازانن. یەکێک لەو باڵا دەستییە کلیلییانە لە ڕووی سیاسییەوە ئەو ڕاستییەیە کە پ.ک. ک لە ئاستی نێونەتەوەیی دا بە تیڕۆریست ناوزەد کراوە بەڵام ئەو ناوزەد کردنە تەنێ لە ناو وڵاتەکانی ئەندامی ناتۆ دایە. ڕێکخراووی نەتەوە یەکگرتووەکان پ.ک.ک بە ڕێکخراوێکی تێڕۆریست دانانێ. ئاشکرایە کە ئەوان تێرۆریست نین بەڵکوو ئەرتەشێکی گریلایین. هەموو وڵاتەکانی دەرەوەی ناتۆ ئەمن پێم وایە هیچیان پ.ک.ک بە ڕێکخستنێکی تێرۆریست نازانن. ئاشکرایە تورکیا پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ناتۆ بە کار هێناوە بۆ ئەوەی کارێکی وا بکا کە ئەو هێزە گریلاییە بە شێوەی قانوونی و بە ئاشکرا نەتوانێ لە هیچ شوێنێک لە ئوڕووپا و لە ئەمریکای باکوور یارمەتی کۆ بکاتەوە یان بەیانی سیاسی دەرببڕێ.

باستانی: ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەیکا، شەڕێکی پارتیزانی زۆر کاریگەری خۆپارێزانە دەکا. بەڵام دیارە لە ڕێکی ئەڕتەشێکی ڕەسمی دا نییە. تەنانەت ئەو یارمەتییانەی کە بە سەرهەڵداوانی حوتسی لە یەمەن دەکرێ کە ئیدیعا دەکرێ لە لایەن ئێرانەوە دەیان درێتێ زۆر زیاترە و هێندێک لەو ئۆپێڕاسیۆنانەی دەیکەن زۆربەربڵاوترە لە ئی کوردەکان کە لە سووریا دەیکەن و ئاشکرایە ئەوە دەمانگەیێنێتە ڕەخنە لەو  ئیدێئۆلۆژییە سیاسییەی کە لە پشت ئەو بزووتنەوەیەیە. بەڵام ئەمن پێم وایە بەراوەردێک هەبێ لەگەڵ ئەوەی ئێمە لە ناوەڕاست ساڵانی ١٩٣٠ کاندا لە ئێسپانیا دیتمان. واتە سۆسیالیمی ئازادانە و بەرتەنگییەکانی و هەر وەها تیوری دەسەڵاتی دەوڵەتی و ئەوە شتێک بوو کە لە قامووسی دەوڵەت نەتەوەی هێژێمۆنیک  و هێزە هەرێمییەکاندا نە دەگونجا.

گڕەیبر: ئەوان ئاڵقەیەی دێپڵۆماتیکی زۆر بەهێزیان هەبوو.ئەو تێکۆشەرانە حەوت ساڵە  لە مەیدان دان. بیر لەوە بکەوە ئەوان لە چ هەرێمێک دان، دوژمنیان چەندیە. ئەو ڕاستییەی کە ئەوان هێشتا لەوێن و ماونەتەوە نیشان دەدا بە ڕاستی دێپڵۆماتی ژێرن.

واکر: هیچ هیوایەک هەیە خەڵک بتوانن لەوێ بژین و بزووتنەوەکە بمێنێتەوە لەکاتێکدا کە تڕامپ هێڵی گۆڕیوە لە ژێر زەختی ئەردۆغان دا؟

گڕەیبر: ئەوە پێشتریش جاڕێک ڕوویدا. بەڵام جاری پێشوو ئەوەندە خراپ نەبوو. ئەردۆغان تەلەفۆنی کرد بۆ تڕامپ گوتی باشە " دەی با ئەمن شەڕی داعش بکا". ژەنەراڵەکان قسەیان لەگەڵ کرد بە جۆرێک پاشگەزیان کردووە. ئەو ڕاستییەی دەبێ لە بیرمان بێ ئەوەیە ئیمڕاتۆری ئەمریکا بە جۆرێک وەک ئاڵمانی نازی وایە. لە ئیدارەی نازیش دا ناوەندە جۆر بەجۆرەکانی دەسەڵات ڕقەبەری یەکتریان دەکرد، گێشتاپۆ و ئێس ئێس جار جا ملیان لێک دەسوو. لەو ڕووەوە ئیمپڕاتۆری ئەمریکا هێندە جیاواز نییە. وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە، سی ئای ئەی، پێنتاگۆن هەر کامێکیان سیاسەتی دەرەوی لەمەڕ خۆیان هەیە، و یەکێک لەو هۆیانەی کە لە بەراییەکانی ئیدارەی تڕامپ دا، بارودۆخی ڕۆژئاوا بە ڕێژە باش بوو لە بەر ئەوە بوو تڕامپ هێندێک دژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە بوو. تڕامپ لە جێدا دەیویست وەزارەتی کاروباری دەرەوە تەواو هەڵتەکێنێ و هەلێ وەژێرێ و کاربەدەستی سیاسی خۆی لەوێ دانێ. هەر وەها ئەو هێندەش دڵی بە سی ئای ئەی نەدەکراوە  و دڵی پێی خۆش نەبوو. بەشێکی لەبەر ئەو بارگرژییەی لەگەڵ ڕووسیا هەبوو، بەڵام  تڕامپ  حەزی لە ئەڕتەش ( پێنتاگۆن) بوو، ئەڕتەشی ئەمریکا یەک لەو هێزە  ئەمریکاییانە بوو کە لە هەموویان زیاتر هۆگری SDF  بوو،چونکە لە نزیکەوە کاری لەگەڵ دەکردن. جۆرەیەک هەستی فیوداڵی پێزانین و وەفادارییان هەبوو لەئاست خەڵکێک کە شانبەشانی ئەوان شەڕی دەکرد. بەڵام وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە هەمیشە لایەنگرییەکی خەستی لە تورکیا دەکرد و دەیویست کێشەی ڕۆژئاوا هەرچی زووتر لەکۆڵ بکرێتەوە. سی ئای ئەی یش سیاسەتی لەمەر خۆی هەبوو وکەمتازۆر ئاڕاستەی وەزاڕەتی دەرەوەی وەبەر گرتبوو.

واکر: وێدەچێ پێنتاگۆن لە زانیاری دانەکەیاندا دژی ئەوە بن کە تڕامپ دەیکا، وایە؟ پێنتاگۆن دەڵێ بەردەوام دەبێ لە پشتیوانی کردن لە SDF

گڕەیبر: ئەوە ڕاستە چونکە ژمارەیەکی زۆر لە ئەفسەرانی ئەڕتەش بەو بڕیارەی تڕامپ زۆر تووڕە بوون. و تەنانەت ئەوانەش کە هەستیان ورووژاوە تەنێ ئەوە دەڵێن بڕوانە ئێمە دەبێ لەگەڵ هاوپەیمانانمان کار بکەین وئەگەر دوایین هاوپەیمانی ئێمە لەو ناوچەیە تووشی بە تووشی پاکتاوی ئێتنیکییەوە بێ و ببێ بە قوربانی جێنۆساید بە دەستی ئێمە، کاتێک ئەوە دەکرێ، ئیدی ئێمە چۆن دەبێ چاوەڕوان بین لایەنیکی دی هاوپەیمانەتیمان بکا. ئەوان ئەوەیان گوتووە.

باستانی: ئەوە چیرۆکی هاوپەیمانییەکانی ئەمریکایە بە سەدان ساڵ. بڕوانە چییان بە سەر شای ئێران هێنا، شای ئێران باشترین دۆستی ئەمریکا بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا  خەڵک دەڵێن ئیسراییل هاوپەیمانی دەرەجە یەکی ئەمریکا بوو لە هەرێمەکە دا. و تا ساڵی ١٩٧٩ تەنانەت ئەمریکا زیاتر لە ئیسراییل حیسابی بۆ شا دەکرد. ئەو کابرایە نەخۆشی شێرپەنجەی هەبوو، ئەمریکا لەبەر مولاحەزەی دیپڵۆماتیک  تەنانەت ڕێی نەدا بچتە وێندەرێ بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی و ئەو مرد.  ئەوەیە ئەمریکا بەو شێوەیە لەگەڵ دۆستەکانی دەجووڵێتەوە. ئەگەر بە قازانجێ بێ هەر سبەینێ بنەماڵەی سەلتەنەتی سعوودی وەک بەردێک بەر دەداتەوە. جا بۆیە ئەمن پێم سەیرە مرۆ دڵی بە دۆستایەتی ئەمریکا خۆش بێ و پێی وابێ بەڵێنەکانیان دەپارێزن.

گڕەیبر: لەو بارەیەوە جیاوازی هەیە لە نێوان ئەفسەرەکان و سیاسەتمەدارەکان دا. شتی سەیر لە مەر تڕامپ ئەوەیە ئەو حەز لە ئەفسەرەکانی ئەڕتەش دەکا و ئەگەر لە بەختی ڕەش دەرفەتێکی ئەوتۆ هەبێ شۆڕشێکی سۆسیالیستی بپارێزدرێ هەر لەبەر ئەوەیە کە تڕامپ حەز لە نیزامییەکان دەکا. ئەو دەمی جیهان شوێنێکی سەیر دەبێ.

واکر: ئەوە بەمانای ئەوە دەبێ کە ئەوان چاکەی ئەو کەسانە بدەنەوە کە شانبەشانیان  شەڕیان کردووە. وا وێدەچێ لە ڕۆژئاوا هەموان زانیویانە پشتیان تێ دەکرێ بەڵام هیچ بژارێکی باشتریان لە بەر دەست دا نەبووە و پێویستییان بە هاوپەیمانێک بووە کە بتوانێ دوژمنەکانیان بۆمباران کا. ئەمن پێم وا نییە ئەوان چ تەوەهومێکیان هەبووبێ.
گڕەیبر: ڕاستە ئەوان تەوەهومی وایان نەبووە. ڕەنگە فەردی ئاوا هەبوو بێ. مەبەستم ئەوەیە من قسەم لەگەڵ کردن، ئەوان گشت شتەکەیان پێ گاڵتەجاری بوو، کەسی ئەوتۆی کە هەموو ژیانیان دژی ئەمپریالیست بوون. ئەوەی کە لە حاڵی حازر دا ژمارەیەکی زۆر لەوانی نیگەران کردووە بۆچون و کاردانەوەی ئوڕووپایە و ئەمە دە ڕاستیدا شتێکی سەرنجڕاکێشە. ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک کە ئەمن لە ڕۆژئاوا و هەر وەها هێندێک لە کوردەکان کە ئەمن ئێستا لە هەندەران قسەم لەگەڵ کردوون لە ڕاستیدا لەو باوەڕە دان ئەوەی کە ئێستا دەقەومێ و یەکێک لە هۆیەکانی هەر ئەوە نییە کە ڕێگە بدرێ بە ئەڕتەشێکی ناتۆ کە بێتە ناو و پەلاماری وڵاتێکی دیکە بدا  کە ئەوە بۆخۆی بە نەغدەن کردەوەیەکی تیژپەڕانەیە،بەڵام ئەوەیە کە پەلاماری وڵاتیکی دی دەدرێ و بە ئاشکرا دەر دەبڕدرێ کە مەبەست ئەوەیە جینایەتی شەڕ بکرێ. بە ئاسایی وایە ئەو کەسانەی کە جینایەتی شەڕ دەکەن لە پێشدا و بەر لە ئەنجام دانی ئەوە ڕاناگەێێنن کە پێوەن جینایەتی شەڕ بکەن و لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک ئەوان لە عەفرین ئەو جینایەتەیان کرد و ئەوە ئێستاش دەیکەن کەس دەستی وەبەر نەهێنان. کەس نەیگوت هوی دەقیقەیەک ڕاوەستە پاکتاوی ئینتنیکی مەکە. گوێتان لێ بووە هیچ هێزێکی سەرەکی لە دنیا دا ئەوەی گوتبێ؟

باستانی: تەنانەت ولاتانی وەک سوید و نۆڕوێژیش پڕۆتێستیان نەکردووە؟

گڕەیبر: جێرێمی کۆربین داخویانییەکی دا.

باستانی: هیچکام لە سەرۆکانی فەوڵەتە ئوڕووپاییەکان هیچیان نەگوت؟

گڕەیبر: ئەمن دڵنیام هێدێک قسە کراوە. جار جار مێرکل گوتوویە ئەوە کارێکی خراپە بەڵام لە هەمان کاتدا تانکی زیاتری داوە بە تورکیا. بەڵام بەڕاستیش دژایەتێکی جیدی نەکراوە بە دژی ئەو پەلامارە. گوتوویانە دەی دەبێ ئێمە چاوەڕوان بکەین بزانین ڕاپۆرتی ئەمنستی نێونەتەوەیی لەو بارەیەوە دەڵێ چی!! دە ڕاستیدا ئەوەی ئەردۆغان پێی خۆش بێ دەیکا و ئێستا دەڵێ بەڵێ من پێکهاتەی ئێتنیکی شوێنەکە دەگۆڕم  ودەڵێ ئەو جێیە داگیر دەکەم. وێدەچێ دیتنی ئاوا بێ. هۆیەکی کە ئەوە ڕوو دەدا ڕەنگە هەر وەک گوتم ئەردۆغان بەردەوام ئاماژە بەوە دەکا بڕاونن من ئەو هەموو پەنابەرم لایە کە ئێوە لە ئوڕووپا ناتانەوێ، و من بە ڕاستی نازانم چون دەتوانێ ئەو ئارگومێنتەی هەبێ. ئەو بەردەوام هەڕەشە لە خەڵکی مەدەنی ئوڕووپا دەکا. ئەو جارێک بۆ بەرپەرچ دانەوەی شتێکی کە  پێی خۆش نەبوو، گوتی ئوڕووپایەکان دەبێ بزانین کە تەنانەت تێپەڕین بە خیابانەکانیش دا ئەمین نییە. بە ڕاستی من لە خەڵکی ڕۆژئاوام بیستووە لە هەندەران کە دەڵێن ڕاستەکەی ئەوەییە ئوڕووپاییەکان سەرەتی بەوە دەدەن ئێمە لایان ببینە پەنابەر هەتا ئیسلامیستەکان. یانی ئەگەر ئەتوو جەماعەتێک کوردی چەپی لە جێی خۆ هەڵکەندراو  بنێری بۆ کوێلن، بێرلین یان لەندەن ئەوان هێج کوێ ناتەقێننەوە ڕەنگە پێشی پردان بگرن، بەڵام بەڕێژە ئەوان دانیشتووی خوێندەواری بەشارستانی دەبن و هەڕەشە لەکەس ناکەن.

باستانی:  نا دیارە پنکتێک هەیە کە پاساو دەدرێ، ئەویش بۆچوونی سی ساڵ، چل ساڵ لەوە پێشی سیاسی لەمەڕ بریگادی سوور و فڕاکسیۆنی ئەڕتەشی سوور بوو هەتا ئەو سەردەمە، دیارە مێژوویەک هەیە لەمەڕ پ.ک.ک. ئاشکرایە کە خەباتی پ.ک.ک خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی و بە تەواوی مەشڕووعن بەڵام مێژوویەک هەیە. ئێمە بە دڵنیاییەوە ناتوانین خۆمانی لێ بدزینەوە.

گڕەیبر: ئەوەی ئەمن دەیڵێم ئەوەیە کە ئەوەی ئوڕووپاییەکان دەیڵێن ئێستا ئەوە ناکەن و ڕێگا نادەن تاکوتەرای داعش بێنە ئێرەکانێ. ئەگەر ئەمن هەڵبژاردنێکم هەبێ  کە لەو خیابانەی ئەمن تێیدا دەژیم لایەنگری داعشی  لێ بژی یان لایەنگری لە پ.ک.ک ئاشکرایە کە ئەمن پێم خۆشە پ.ک. کەییەکان لەوێ بن. بە جۆرێک ئەوان قوربانی رێفۆرمی ناوخۆیانن و چیدی ئیدی کەسانی ترسێنەر نین دەی جا بۆیە لە وڵاتی خۆیان دەرنەپەڕێندرێن و نەهێندرێن بۆ ئوڕووپا وەک پەنابەری کە خەسڵەتی بەرزیان هەیە.

واکر: بینەرانی بەڕێز ئەگەر ئێوە پرسیارێکتان هەیە لە سەر ڕۆژئاوا لە کۆتایی بەرنامەکە دا  وڵامی دەدەینەوە. ئێستا دەچینە سەر بابەتێکی دیکە.
******
ئەو پرسیارە ئالنگاری شۆڕش بوونی ئەوەی دەکا کە لە ڕۆئاوا ڕادەبرێ. تۆماس مۆر دەپرسێ: ئایا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژئاوا کراوە بە لەبەر چاو گرتنی ئەوەی هێشتا دامەزراوەی گەورەی بازرگانی و زەوی و زارێکی زۆر هێشتا مڵکی خاوەنانی پێێشوویانەن . ئەو ئاماژە دەگا بە کتێبی شمێدینگر لە ساڵی ٢٠١٨، و دەڵێ ئایا ئەوە ئانارشیزمێژی تێکەڵاو بە خۆ نواندنە؟

گڕەیبر: نا دە ڕاستیدا نا، بە گردبرێ زەوی دابەش کراوەتەوە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم  ئیسلاحی زەوی تا ڕادەیەک لە ژێر حوکمی بەعس دا کرابوو. هێندێک لە دیسان خسووسی کردنەوەکان ئەمری واقیع بوون، خاوەنانیان هەموو ڕایان کرد. پێیان گوتم کە خاوەن مڵکە گەورەکان ئێستا بۆیان هەڵناسوورێ کڕێکار پەیدا کەن چونکە هەر کەسە پەڵە زەوی لەمەڕ خۆی هەیە و بە ئەندازەی کافی زەوی دابەشکراوە. خاوەن موڵکەکان ناچار بوون دەست لە بەشێکی زۆر لە زەوییەکانیان هەڵگرن چونکە ئەوان ناتوانن کەس پەیدا کەن بۆیان ڕەعەمەل بێنێ. هیچ هێزی کاری بەستراوە نییە و هیچ کەس ئەوەندە دەستەنگ نییە کە مجبوور بێ کاریان بۆ بکا. گشت ئابووری بە تەواوی بە هەرەوەزی نەکراوە جارێ ، خەڵک دەڵێن بە هەرەوەزی کردن یەکێک لە لایەنەکانی شۆڕشە کە زۆر کەم بەرەوپێش چووە. بەڵام ئەوەش ڕاستە کە هیچ دامەزراوەی گەورەی بازرگانی بوونی نییە. بۆ وێنە لەو بەشەی سووریا دا فابریکی خسووسی بوونی نییە. ئەگەر جێی وا هەبێ ئەوانە مڵكی هەرەوەزی و کۆمەڵایەتین تا ئەوەی کە مڵکی خسووسی بن.تاجری سەربەخۆ هەن کاری خۆیان دەکەن. تا ڕادەیەکی کەم بورژوازی پچووکی بازەگانی بوونی هەیە.

واکر: ئەمە پرسیارێکە زۆر سەرنجڕاکێسە بۆ هەر دووکتان، دانییێل ئیدن دەپرسێ: ئایا چەپ دەوێرێ سەبارەت بە دەستێوەردانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەدەنگ بێ. بە ڕوونی دیارە کە کوردە سۆسیالیستەکان قازانجیان کردووە لە دەستیوەردانی ئیمپریالیزم.

گڕەیبر: دەزانی ئاش و ناش. ئەوەی هەیە دەرهاویشتەی بارودۆخێکی زۆر تایبەتی یە. ئەمن پێم وایە هیچ کەس نایەوێ کە نیزامییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێننەوە.  بە دڵنیاییەوە ئەمن نامەوێ. کەس نایەوە، ئەمن هیچکەس لە ناو گەڵی کورد لە هەرێم یان لە چوار چءوەی بزووتنەوەی کورد دا ناناسم کە بڵێ بەڵێ ئێمە دەمانەوێ ئەمریکاییەکان بمێننەوە. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ڕەنگە ئەوان بیانەوێ ئەمریکاییەکان بۆ شەش مانگ تا ساڵێک بمێننەوە بەڵام ئەوەی کە خەڵک بە ڕاستی دەیانەوێ ئەوەیە کە بتوانن چەکی دژە تانک و دژە فڕۆکە وەدەست بێنن بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و ئەوان ئیدی هیچ حەوجێیەکیان بەوە نابێ ئەمریکاییەکان لەوێ بن. وەک دەبینین ئێستا گەمەیەکی هێزە گەورەکان لەوێ لە گۆڕێ دایە. ئەمریکا لە حاڵی حازر دا لەوێ هێزی کەم دەبێتەوە، زۆر هێز هەن، ڕووسەکان هەن، ئێران لەوێیە، دەوڵەتەکانی خەلیج لەوێندەێن  هەر کامە سیاسەتی دەرەوەیی و دەستپێشخەری لە مەر خۆیان هەیە، تورکیا لەوێیە و کاری جۆر بەجۆر دەکەن. ئیسراییل کاری جۆر بە جۆر دەکا. چەندین هێزی ئەمپریال و نیوە ئەمپریاڵ هەن کە ڕۆژەڤی جۆر بەجۆریان هەیە و  ناتۆ یەک لەوانە. دیارە جێی خۆشی دەبێ ئەگەر هەموویان ئەوێ بەجێ بێڵن. دەزانی لەوانەیە بۆنەی ئەوتۆ هەبێ لە  بەر ئەوەی هێزەکان لە ئاست یەک گەمە دەکەن  هێزە گەورەکان بەتایبەتی یەکیان کە لە زۆرە دوورەوە هاتووە و کەمتر لەهەموان پێوەندی بە هەرێمەکەوە هەیە، لەوانەیە بکرێ دەورێک بگێڕێ بۆ پاراستنی شۆڕشێکی سۆسیالیستی بەڵام بە دەرەجەی یەکەم من قەت پێم وا نییە شتێکی ئاوا بکا.

واکر: چ دەبێ ئەگەر لەوێ بمێننەوە، مەبەستمە پرسم داوخوازی هەرە لانی کەم چییە، چونکە من وای بۆدەچم هێشتا بمانەوێ ئەمریکا لەو هەلومەرجە دا  ئەوێ بە جێ نەهێڵێ.

گڕەیبر: ئەگەر بە من بێ من داوای  ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕێن دەکەم. مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە هێزی هەوایی تورک بەتەواوی لە لایەن هێزە ڕۆژئاواییەکانەوە تەیار کراوە. هێزە ڕۆژئاواییەکان بە هاسانی دەتوانن ئەو یارمەتییە نەدەن بە تورکیا. ئەگەر ناوچەی دژە فڕین ڕابگەیێنن بە سەر ئاسمانی ڕۆژئاوا دا و ڕێگایان دابا SDF  چەکی دژە تانک و دژە هەوایی هەبێ بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆی بکا ئەمن پێم وا نییە لە دۆخێکی ئاوا دا بوونی هێزێکی ئەمریکای بە هیچجۆر یارمەتیدەر بێ.

واکر: ئەگەر ناوچەی دژە فڕین هەبێ لە سەر ئاسمانی ڕۆژئاوا، ئەمن وا بزانم ئەوە داوخوازێکە چەپ شیلگیرانە داوای کردووە  فکری ڕاگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین هەبووە لە ئاسمانی هەموو سووریا دا.

گڕەیبر: ئەو دەمی ئەوە دەبێتە پێشێل کردنێکی ئەمپریالی سەروەری حکوومەتی سووریا. ئەمن پێم وایە حکوومەتی سووریا بە پێویستیی پێی ناخۆش نییە ناوچەیەکی دژە فڕین داسەپێندرێ لە دژی ئەو خەڵکە ناسووریاییەی کە دێنە ناو خاکی سووریا.

باستانی: بە ڕاستی سەیرە، وا نییە. لە هەمان کاتدا دەیڤید ڕاست دەکا ئێمە بە نەغدەن چەک دەفرۆشین بە لایەنەکان. فکری دەستێوەرنەدان دەبی بە مانای دەستێوەرنەدانی هێزە نیزامییەکان بێ و دەبێ ئەوە یارمەتی ئابووری لێ زیاد بکرێ، یارمەتییە نیزامییەکە هەر بۆ لایەک دەچێ. بۆ نموونە لە شەڕی یەمەن ئێمە ئەوە  لەگەڵ سعوودییەکان دەکەین، لەوانەیە ئێمە هێزی پیادەمان لەوێ نەبێ _ شایە هەشمان بێ، ئێمە هێزی ئەڕتەشی ڕەسمیمان لەوێ لە سەر ئەرز نییە، بەڵام یەگجار زۆر لەو کێشەیەوە گلاوین، بیروڕای من دەپرسی من قەت نامەوێ هێزە نیزامییەکانی بریتانیایی لە هیچ کوێیەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینم بە هیچجۆر، بەڵام تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەر چەک و یارمەتی لۆجیستیکی هەر وەک دەیڤیدیش گوتی  ئەمن پێم وایە ئەوە بایەخی خۆی هەیە و لە ژێر حکوومەتی کۆربین دا _ و ئەوە شتێکە ئێمەی هێزی چەپ لێی وەپاش کەوتووین. چونکە لە مێژە چەپ لەم وڵاتە دەسەڵاتی بە دەستەوە نەبووە و لە مێژە لە سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆنی دا هەڵسووڕاوە. کێ لە ئێمە دەیەوێ هاوپەیمانانی بریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بن لە ئەگەری بوونی حکوومەتێکی سۆسیالیستی لێرە. ئەوە زۆر پرسیارێکی گرینگە. کاردانەوەی ئێمە چ دەبێ لە ئاست ئێران دا. ئەمن دەمەوێ  پرسی کێشەی ئەتۆمی ئێران بهێندرێتەوە دەوری مێزی موزاکەرە. ئەمن دەمەوێ ئەو سزایانەی لە سەری داندراون هەڵبگیرێن بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ ئەوە لە بەر چاو بگیرێ کە ئێران لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێل جی بی تی  چۆن دەجووڵێتەوە، هەڵسوکەوتی لەگەڵ کوردان و هتد چۆنە؟ ئێمە دەبێ لە ئەگەری هاتنە سەر کاری کۆربین دا گەنگەشەیەکی زۆر هەموولایەنترمان هەبێ سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە. چونکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەکۆیەکی گرێنگە لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەیی دا.

گڕەیبر: ئەگەر مرۆ چاو لەوەی بکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕادەبرێ ئەوەی کە بە ڕاستی سەرنجی من ڕادەکێشێ ئەو شێوەیەیە کە ڕەگەزپەرستیی ئوڕووپایی لە ئاست  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەسووڕێ. پێچەوانەی حەدس و گومانە. چاو لەو هاوپەیمانییەی بکە لەگەڵ ئەڕتەشی تورک دا هەیە. ئەوان سەربازانی پیادەی تورک بە کار ناهێنن، عەڕەبە جیهادییەکان بەکار دێنن ، وەک چەکداری پێشووی داعش، چەکداری پێشووی ئەلقاعیدە و لە پشتەوە ئەڕتەشی تورک پاڵپشتیانە. ئەمریکاییەکان، ئاڵمانییەکان، بریتانیاییەکان لە پشت پەردە دەزگا و ماشێنەکان هەڵدەسووڕێنن بۆ تورکیا. دواجار ئەوە مانای ئەوەیە کە ئەمریکایی و بریتانیاییەکان لە وێ دانیشتوون ئەڕتەشێک بەڕێوە دەبەن کە پیادە نیزامەکەی جەماعەتی داعشن. باشە ئەوە چۆن وا دەبێ و چۆن دەکرێ. ئەمن پێم وایە وایان بڕیار داوە هەر ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چاوەڕوان دەکرێ. خەڵک بە تاقمێک لە دڕندە و وەحش دادەنێن، یان جەماعەتێک ئیسلامیستی گەوج، لە جیات ئەوەی خەڵکی ئەوێ ئاوا ببینن کە خاوەنی هەمان نرخ و بایەخی خۆیانن. لە ناو ئەو خەڵکە دا فێمینیست هەن، ژینگەپارێز هەن، خەڵکی ئاوا هەن کە باوەڕیان بە دێمۆکڕاسی ڕاستەوخۆ هەیە، بە کردەوە باوەڕیان بەو نرخانەیە کە ئوڕووپاییەکان بە هەڵە ئیدیعا دەکەن باوەڕیان پێیانە و بەڕاستی ئەوان بە جیدی وەربگرن. بە ڕاستیش مرۆ گوێی لێ دەبێ دیپڵۆماتە ئوڕووپاییەکان دەڵێن: دەی ئەوە هەر دەبێتە هۆی توندوتیژی و تێرۆریزم زیاتر، ئەوان ئەگەر شتەکان ڕاتەتڵەکێنن شێخەکان تووڕە دەبن. وا وێدەچی خەڵک بە جەماعەتێکی وەحش و ذڕندە دابنێن و ناکرێ چاوەڕوانییان لێ بکرێ وەک خەڵکی شارستانیی ببزوونەوە. و دواجار دەگەنە ئەو پنکەتە سەرەتی بدەن بە هاوپەیمانی لەگەڵ داعش تا جەماعەتی ژینگەپارێزی فێمینیست. و لەجیدا ئەمە ئێستا ڕوو دەدا.

واکر: جان. دابلیو دەپرسێ: چ ڕێبازێک هەیە بۆ کوردەکان بۆ گەیشتن بە دەوڵەتداری لە درێژخایەن دا ئەگەر ڕێبازێکی ئەوتۆ هەر هەبێ؟ ئەتۆ هێندێک باسی ئەوەت کرد. گوتت فکری هەبوونی دەولەت نییە.

گڕەیبر:نا ئەوان دەوڵەتیان ناوێ. ئەوان هەمیشە بە ڕاشکاوی ئەوە دەڵێن
واکر: ئەوان کۆنفێدراسیۆنی دێمۆکراتیکیان دەوێ. ڕێبازێک بیگرن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە؟

گڕەیبر: من پێم وایە ئەوان دەبێ وەک ئەردۆغان لە سەرەخۆ بن. هۆی ئەوەیکە ئەردۆغان بڕیاری دا هێرش بکا، ئەو هەر شتێکی دە مێشکی دابوو، دەیزانی چی دەوێ. ئیدی ئەو هەر زەخت دێنێ، دێنێ و دێنێ و ئەوە شتێکە بزووتنەوەی کوردیش دەیکا. ئەوە خاکێکی گەورەیە و هەرکات دەرفەتێکیان دەست کەوێ بۆ بەرەوپێش بردنی مۆدێلێکی کۆنفێراسیۆنی دێمۆکڕاتیک ئەوە دەکەن وەک ئێستا لە هێندێک بەشی عێڕاق کە ئەو جۆرە مۆدێلانە وەڕێ دەخرێن، ئەوە لە لایەن پەنابەرانی کوردەوە دەستی پێ کرد و ئێستا خەڵک زۆریان حەز لێیە. خەڵک دەبینن ئەوە هەڵدەسووڕێ، خەڵک دەبینن ئەوە جۆرە کۆمەڵگەیەک پێکەوە دەنێ کە پێشتر لە جێی دیکە نەبووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێڕاق زۆر لەوە نیگەرانە کە خەڵکی جەوان بەرەو ئەو جۆرە شتە دەچن. HDP ئەوە دەکا. مرۆ دەبێ پەسنی ئەو لەسەرەخۆییە بدا. وەچە لە دوای وەچە دەگیرێن، ئەشکەنجە دەکرێن، دەکووژرێن، بە دوای ئەوە دا پێبج ساڵی دی یەکی دی دێ و بەردەوام دەبێ و بەردەوام دەبێ و دواجار ئەو مۆدێلە هەڵدەسووڕێ.

باستانی: مەنفاش گرینگە، ئەگەر وەچەی جەوانی ئێستای کورد ببنە سیاسەتمەدار و  سبەینێ ببنە ڕۆژنامەنووس لە ئاڵمان، فەڕانسە، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بریتانیا و دەستیان بڕوا گرینگە. خەڵکی باسی لۆبی جوولەکە دەکەن کە بە ماوەی ساڵان داو ودزگای زۆر بەهێزیان ساز کردووە کە شوێن دادەنێ لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە هەرێم دا، ئەوە هیچی خراپی تێدا نییە. ئەوە شتێکە مرۆ دەبێ وەک دەوڵەت نەتەوە بیکا، ئەمن ئەوە بۆ سیاسەتی کوردیش لەبەر چاو دەگرم گەلۆ ئەوان دەتوانن شوێن دانێن لە سەر دیاریکردنی سیاسەتی دەرەوە لەو وڵاتانە. کوردستان لە بەر ئەو هۆیانەی کە دەیڤید باسی کرد ناتوانێ لە هەرێم دا هاوپەیمان بۆخۆی پەیدا کا، چونکە چوار وڵاتەکە دەکەونە بەر شوێن دانانی هەر جۆرە سەرهەڵدانێکی  توانایەکی جیاوازیخوازانە. لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی زۆر دەبێ بۆ وێنە ئەگەر لێرە پارتیی کرێکار چوار پێنج نوێنەری کوردی لە پارڵمان هەبێ و لە پارڵمان نوێنەرایەتییەکی بەهێزیان هەبێ. یان بازرگانی بەهێزی کورد هەبن، لۆبی بەهێزی کورد هەبێ و شووین دانەر بێ بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا، ئەگەر ئەوە ببێ ڕەنگە مرۆ بکرێ بڵێ گۆڕانێک دێتە ئاراوە.

دەیبید گڕەیبر: و ئیدەی کۆنفێدرالیزمی دێمۆکڕاتیک هەر وەها یەکێک لەو شتە چاوڕاکێشانەی کە من دیومە ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر لە ناو بزووتنەوەی کورد دا و لە بزووتنەوەی دیکەش دا دەپرسن ئایا تۆ بیرت لە چارەسەری کێشەکە کردووەتەوە کە وەکوو تر چاوڕاکێش وەبەرچاو دێ. بۆ موونە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ناو فەلەستینیان دا پەیدا بوون دەڵێن ئێمە باسی دوو دەوڵەتمان کرد باسی دەوڵەتی تاقانەمان کرد لە ڕاستیدا کۆنفێدرالیزمی دێمۆکڕاتیک دەتوانێ هەڵسسوڕی وەک ڕێبازێک بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان.

واکر: ئەدی لە فەلەستین یش لۆبی کردنێکی کاریگەر لە دەرەوە هەیە هەرچەند ئەوان لەگەڵ هێزێکی بە توانا ڕووبەڕوون. بزووتنەوەیەک دەتوانێ هەمان شت بکا تەنانەت زۆر کاریگەرتریش بە بێ دەوڵەت.

گڕەیبر: فەلەستینییەکانیش لە هەندەران دیاردەیەکی زۆر تازەن.

واکر: دەیڤید گڕەیبر زۆر سپاس بۆ ئەوەی ئەم ئێوارەیە لەگەڵمان بووی. قەدەمت بەخێر. ئاڕۆن باستانی سپاسی تۆش دەکەم وەک هەمیشە . سپاس بۆ ئەوەی نۆڤارا میدیاتان تەماشا کرد، سپاس بۆ تەماشای تیسکی ساور، شەو باش. 

 

تێبینی: بە داخەوە دەیڤید گڕەیبر لە ڕۆژی چوارشەمە ٢-ی سێپتامبری ٢٠٢٠ لە کاتێکدا لەگەڵ هاوژینەکەی بۆ پشوودان چووبوونە وێنیز، ئیتالیا لە پڕ نەخۆش کەوت و بە جەستە بەجێی هێشتین و بەو پێیە ڕۆژئاوای کوردستان دۆست و هاوڕێیەکی گەورەی لە دەست دا