Wednesday, April 29, 2026

وتوێژ لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس_ بریتاننا لەمەڕ شەڕی ئەمریکا- ئیسراییل دژی جمهووری ئیسلامی ئێران. دووشەمە ٩- مارسی ٢٠٢٦

وتوێژ لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس_ بریتاننا
لەمەڕ شەڕی ئەمریکا- ئیسراییل دژی جمهووری ئیسلامی ئێران. دووشەمە ٩- مارسی ٢٠٢٦

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست ئێستا کە ئەمن قسەتان لەگەڵ دەکەم دە ڕۆژ ڕادەبرێ لە پەڵاماری دوو قۆڵی ئیسراییل و ئەمریکا بۆ سەر جمهووری ئیسلامی ئێران. وەک دەزانن لە ڕۆژی یەکەمی ئەو هێرشە دا عەلی خامەنەیی وەلی فەقیهلەناو چوو. دەزانین شەڕ هەمیشە ئاکامی زۆر دڵتاوێن و ناوخۆشی هەیە بە تایبەتی بۆ ئینسانی سیڤیل و دەزانین لەو ماوەیەشدا ئەو بۆمبارانانەی  کە کراون زۆر تەئسیری نێگاتیڤی هەبووە  لە ڕووی ئینسانی و ئابوورییەوە. لەو ناوە دا ژمارەیەکیش خەڵکی بێ تاوان لە ناو چوون و دیارە لەو شەڕە دا گەلی کورد دەخالەتێکی نییە بەڵام ئاکامەکانی شەڕ لەسەر گەلی کوردیش ڕاستەوڕاست باندۆر و کاردانەوەی خۆی دەبێ. ئێمە لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێز دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا لەو بارەیەوە قسە دەکەین. مامۆستا زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ!
دوکتور کامڕان مەتین: سڵاو وڕێز زۆر سپاس بۆ ئێوە و بینەرانی بەرنامەی ڕاوێژ.
قازی: مامۆستا کامڕان دیارە ئەمن نووسینەکانی بەڕێزت لە تٶڕی کۆمەڵی دا دەشۆپێنم، بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ بێ کەلک کرانی عەلی خامەنەیی شتێکت نووسیبوو پێم خۆشە ئەوە لێرەش دووپاتە کەیەوە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر بیبیسن. جەنابت یەکەم رێئاکسیۆنت چ بوو وەختێک ئەو خەبەرەت بیست کە خامەنەیی نەماوە؟
مەتین: من بەر لە هەموو شتێک هەر وەک لە تۆڕەمیدیاییەکانیش دا باسم کرد بوو و ئێوەش ئیشاڕەتان پێ کرد ڕاستییەکەی وەبیر وتەکانی باوکی " کۆمار دەرئوفتادە" کەوتم کە خەڵکی پیرانشار بوو لە جەرەیانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەداخەوە گیانی بەخت کرد و شەهید بوو و وتەکانی ئەو لە سەر گۆڕی جگەرگۆشەکەی بە ڕاستی کاردانەوەیەکی یەکجار قووڵی لە سەر من هەبوو و ئەو کاردانەوەیە تا ڕۆژی ئەوڕۆ هەر ماوە. ئەمن ئەو کات وەبیر ئەو وتانە کەوتم و بیرم لەوە کردەوە کە هەرچەند هیچ شتێک ناتوانێ بەڕاستی زام و ئێشی لە دەستدانی مناڵ ساڕێژ بکا بەڵام هەواڵی کووژرانی خامەنەیی ڕەنگە بۆ کورتە ساتێکیش بووبێ سوکناییەکی دابێ بە هەزاران دایک و باب کە جگەرگۆشەکانیان، ڕۆڵەکانیان بە دەستی کۆماری ئیسلامی و لە ژێر چاوەدێری خامەنەیی شەهید بوونە. بۆیە منیش لەو بارەیەوە بەهەرحاڵ تەقریبەن وەک هەموو کەسێک لە کوردستان و زۆر کەس لە ئێران لەو هەواڵە زۆر خۆشحاڵ بووم.
قازی: وا دیارە ڕایەدارانی ئەمریکا و پرێزیدێنت تڕامپ خۆشی وەختێک باسی ئەو مەسەلەیە دەکەن، تەنانەت ئیسراییلیش، پەیامێکی مەعلووم و کۆنکرێت نییە گەلۆ ئەو پەلامارەی کە دەستیان پێ کردووە بە مەبەستی  لەناوبردنی تەواوی سیستمی جمهووری ئیسلامییە یان نا. دیارە بە نەمانی عەلی خامەنەیی و ئەوەش کە دەزانین ئەمڕۆ کوڕەکەی داندراوەتەوە وەکوو سیستمی مەورووسی پاشایەتی، لێکدانەوەی بەڕێزت لەو بارەیەوە چۆنە. پێت وایە بە نەمانی خامەنەیی ویلایەتی فەقیهیانی نیزام و پەرگالی ویلایەتی فەقیهبتوانێ بمێنێتەوە لە کۆمەڵگەی ئێراندا؟
مەتین: لێرە دا کۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەی کە سیستـمێکی دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆییشە بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە لەو وڵاتانەی کە ئەساسەن دامەزراوەی دەسەڵات بەو شێوەی کە ئێمە لە ئێران دەیبینین نەبووە و تەنیا یەک کەس هەموو دەسەڵاتی پێ بووە و نەمانی ئەو کەسە دەیتوانی ئەو حکوومەتانە بە تەواوی لێک بترازێنێ وەکوو  مەسەلەن قەزافی لە لیبی، یا سەدام حوسێن لە عێڕاق. لە ئێران وێڕای وەی کە بەهەر حاڵ ویلایەتی فەقیههەیە بەڵام چونکە ئەم نیزامی کۆماری ئیسلامی هەڵقوڵاو و بەرهەمی شۆڕشێکی جەماوەری بووە، بە هەر حاڵ لایەنێکی ئەو شۆڕشە کە ئیسلامیستەکان بوون کە توانین دوای شۆڕش ئەو دەم دەسەڵات بە دەستەوە بگرن  هێندێک تایبەتمەندی ئەو دەوڵەتانەی کە بەرهەمی شۆڕشن تێیدا هەیە وەکوو ئەوەی کە مەسەلەن ئێمە دەبینین لە ئێران پارڵمان هەیە، با وجوودی ئەوەیکە هەڵبژاردنەکان بە ئیستیلاح موهەندیسی دەکرێن و شووڕای نیگەهبان هەموو کەس هەڵدەبژێرێ بەر لەوەی کە خۆیان کاندید بکەن، بەڵام شتێک بە نێوی پارڵمان هەیە، هەڵبژاردنەکان بۆ زۆر شوێنی تریش هەن،دوایە دامەزراوەکانی دەسەڵات جیاوازن، دامەزراوەکان بەربڵاون وە لە سەرەتاشەوە کۆماری ئیسلامی هەمیشە فڕاکسیۆنی ناوخۆیی هەبوە ئەو شتەی کە لە ڕۆژئاوا زۆر جار وەکوو توند ئاژۆیەکان و مەسەلەن ئیسلاح تەڵەبەکان ناویان دەبەن. ئەوە خۆی نیشان دەدا کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی تەواو یەکپارچە و یەک دەنگ هەر نەبوە وەکوو مەسەلەن دەوڵەتی یەکێتی سۆڤیەت لە دەورانی ستالین. بۆیە ئەو چەند دەنگییە لە ناو خودی دەوڵەت و ئەو دامەزراوانەی کە بەشێکیان لە سەر بنەمای هەڵبژاردن دامەزراون هەرچەندی کە ئەو هەڵبژاردنانە موهەندیسی کراون خۆی لە خۆیدا نەوعێک تەنەوع و تەکەسور دەدا بە نێو خودی ئێلیتی حاکم کە باعیس دەبێ ئەو کێشمە کێشمانە هەمیشە بووبن وە لە نەتیجە دا دەسەڵات وێرای وەی کە لە تەحلیلی نەهائی دا بەدەست یەک کەسە بەڵام ئەو یەک کەسە بۆخۆی، ئەو دەسەڵاتە لە ئیڕتیبات لەگەڵ شەبەکەیەکی وەسیع لەو کەسانەی خاوەنی دەسەڵات و دەسەڵاتی ئابووری، بە هەر حاڵ ئەمنییەتی و نیزامین بە کار دێنێ بۆیەش ئەو شتەی کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن differentiation  یانی نەوعێک ئینکیشافی دەروونی لە کۆماری ئیسلامیدا هەیە بۆیەش وێڕای وەی کە ڕۆڵی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەکوو وەلی فەقیهزۆر زۆر گرینگە بەڵام سیستیمەکە جۆرێکیش دامەزراوە وا نییە بە بێ ئەو هەموو شت یەک جێ بڕووخێ بەهەر حاڵ شتێک هەیە، نیهادێک هەیە، دامەزراوەیەک وەکوو مەجلیسی خوبرەگان کە وێڕای ئەوەی کە موستەقیل نییە، سەربەخۆ نییە و سپای پاسداران دەتوانێ کاردانەوەی لە سەر هەبێ بەڵام بەهەر حاڵ لە باری procedural وە، لە باری دیوانسالارییەوە ڕۆڵی هەیە و دەتوانێ کار بکا. بۆیەش بەڵێ من پێموایە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی جێگرێک تەعین بکا و لە حاڵەتی شەڕ دا بە هەر حاڵ ئاسەواری نەمانی خامەنەیی وە ئەوەی کە کوڕەکەی لە باری مەداریجی فیقهی و عیلمییەوە بە هیچ عینوان ئەو مێعیارانەی کە قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامی دیاری کردوە بەرئاورد ناکا بۆتە جێگرەوەی، لە کورت ماوە دا ڕەنگە ئاسەوارەکەی نەبینین چونکە ئێستا لە شەڕ دایە و هەموو دەوڵەتێک لە شەڕ دا هەموو لایەنەکانی لێک کۆ دەبنەوە بۆ وەی کە بەرگری، پارێزگاری لە خۆیان بکەن. بەڵام لە میان مودەت دا، لە درێژ ماوە دا ئەمن پێم وایە ئەو هەڵبژاردنەی موجتەبا خامەنەیی شتێک نییە کە هەموو لایەنەکانی نێو دەسەڵات بەئاسانی قەبووڵی بکەن. وە بە ئیحتیمالی زۆر کێشمە کێشمی لە سەر ساز دەبێ حەتتا هەر ئەو ڕۆژانە باس کرا ئەوەی کە هەڵبژاردنی موجتەبا خامەنەیی وەدرەنگی کەوت بەشێکی ئەوە بوو کە عەلی لاریجانی کە زۆر کەسێکی بە دەسەڵات و بەهێزە و سەرۆکی یا بڵێین دەبیری شووڕای عالی ئەمنییەتی میللییە ئەو موخالیفی هەڵبژاردنی ئەو بوو. ئەو پێی وا بوو کە دەبێ سادقی ئامولی لاریجانی کە برای خۆیەتی، برا گەورەی خۆیەتی پێم وایە و ئایەتوڵایە و بە هەر حاڵ زۆر زۆر لەسەرترە لە باری ئەو مەراتیب و دەرەجاتی عیلمی و فیقهی کە لە شیعە دا هەیە. بەڵام ئەو نەبوویە، بۆیەش زۆر کەس پێیان وایە موجتەبا خامەنەیی بژاردەی سپای پاسدارانە و بۆیەش لەو کاتە دا هەڵیان بژاردووە چونکە سپای پاسداران عەمەلەن هەموو شتێکی هەر لە دەست دا هەیە بەڵام ئێستا نەفەرێکیشیان لە ڕێبەرایەتی دایە. بۆیە ئەگەر کورتی کەمەوە ئەمن پێم وایە زەربەیەکی قورس بووە بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵام ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی لەو جۆرە ڕێژیمانە نییە کە بە نەمانی یەک نەفەر بڕووخێ. هەر وەک دەشبینین جارێ نەڕووخاوە هەر چەند هەر وەک عەرزم کردن کێشمەکێش لە سەر وەی کە ئایا سەلاحییەتی ڕەهبەری هەیە ئەو کەسە یان نا  دواتر مەعلووم دەبێ، ئەڵبەتە ئەگەر کۆماری ئیسلامی سەری خۆی دەرباز بکا دوایی بەهەر حاڵ دوای شەڕەکە ئەم ئیختیلافانە، ئەم جیاوازییانە  زۆرتر دەردەکەون.

قازی: باشە مامۆستا پرسیار ئەوەیە ئێستا بە دانانی موجتەبای خامەنەیی و ئەو ڕاستییەش کە دەزانین لەناوخۆی ئەمریکا پشتیوانییەکی بەربڵاو نییە بۆ ئەو شەڕەی کە ئەمریکا دەیکا و ئەوەش دەزانین کە مۆتیڤ و ئەنگیزەی ئەمریکا و ئیسراییلیش لەو شەڕە دا برێک جیاوازە، چەندە ئەگەری ئەوە هەیە ئەوان بتوانن لەگەڵ کەسێکی وەکوو موجتەبا خامەنەیی بێنە ڕەدایە یانی قەبووڵ بکەن کە ئەو  وەکوو وەلی فەقیهی تازە کار بکا؟
مەتین: من زۆر بە دووری دەزانم دیارە تڕامپ چەند ڕۆژ لەمەوپێش کوتی کە ئێمە دەبێ بەشدار بین لە هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی ئێران، یا لانی کەم دەبێ بیروبۆچوونی ئێمە لەبەر چاو بگیرێ. دواییش کە موجتەبا هەڵبژێردرا پەیامێکی دابوو کە پێم وایە بە زوویی بە دیداری باوکت شاد دەبییەوە یانی بە نەوعێک باسی وەی دەکرد کە دەکووژرێ، دیارە ئیسراییلیش ڕەسمەن کوتوویەتی لێی دەدەین.
بۆیە ئەمن پێم وایە موجتەبا خامەنەیی کەسێک نییە کە ئەمریکا بتوانێ لەگەڵی سات و سەودا بکا بەڵام لە عەینی حاڵدا هەر وەک ئێوەش باستان کرد ستڕاتێژی ئەمریکا و ئیسراییل زۆر دیار نییە.
دوو خوێندنەوە دەتوانین بۆ ئەوە بکەین. یەک ئەوەی کە ئیسراییل و ئەمریکا هەر بە ڕاستی پێیان وابوە ئەو شەڕە شەڕێکی کورت ماوە دەبێ و ئەوان دەتوانن زۆر بە خێرایی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن و لەوەدا ڕەنگە دوچاری هەڵەی موحاسباتی بوو بن. یان ئەوەی کە ئەوان بە ئانقەست ستراتێژی خۆیان زۆر بە ئاشکرا ناڵێن بۆ وەی کە دەستی خۆیان ئاواڵە بهێڵنەوە بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکی بە مەسڵەحەتی خۆیان زانی بڵێن جا ئێمە بە ئامانجەکانمان گەیشتووین. بۆ وێنە هەر ئێستا ترامپ دەتوانێ بڵێ ئێمە سەرکەوتووین چونکە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیمان لە بەین بردوو، هێزی دەریایی ئێرانمان لە بەین بردوە، هێزی مووشەکی ئێرانمان بە شێوەیەکی زۆر لاواز کردووە، بناغەکانی سەربازی و نیزامی ئێرانمان کوتاوە وهتاد، و دوایی بەهەر حاڵ شەڕەکە تەواو کەن، بێ وەی کە کۆماری ئیسلامی ڕووخابێ یا کۆماری ئیسلامی بە جۆرێک گۆڕا بێ کە ئامادە بێ لەگەڵ ئەمریکا سازش بکا.
ئەوەی کە نیهایەتەن چ ڕوو دەدا بە ڕاستی ئایا ئەوان شەڕەکە تەواو دەکەن و هەر بەو ئەندازەی کە ئێستا بەدەستیان هێناوە ڕازی دەبن یان نا لە ئێمە دیار نییە بەڵام  ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە ئێران ئەو هەڕەشەی خۆی کە کوتی لە ڕۆژی هەوەڵەوە ئێمە ئەو شەڕە دەکەینە شەڕێکی ناوچەیی ئەوەی وەڕاست گەڕاندوە، لە وڵاتانی کەنداو دەدا، قیمەتی نەوت یەکجار زۆر چۆتە سەرێ، دەتوانێ زۆرتریش بچێتە سەرێ و ئەوە دەتوانێ کاردانەوەی زۆر جیدی هەبێ لەسەر ئابووری ئەمریکا بە تایبەت لە ساڵێک کە
  قەرارە لە پاییزی ئەوساڵ هەڵبژاردنەکانی میان دەورەیی لە ئەمریکا بەڕێوە بچێ و بۆ جمهووریخوازەکان، بۆ دەوڵەتی تڕامپ خراپ بوونی وەزعییەتی ئابووری بە تایبەت بۆ چینی مام ناوەندی، لە ئەمریکا هەمیشە قیمەتی نەوت یا قیمەتی بێنزین مێعیارێکی زۆر سەرەکییە بۆ وەی کە بزانین ئایا ئەوان ڕازین لە دەوڵەت یان نا؟ بۆیە ئەو کاردانەوانە لە سەر ئابووری ئەمریکا و ئابووری دنیا هەن و دەتوانن زۆرتر بن، و لە لایەکی تریشەوە لەباری سەربازییەوە ئێوە و بینەران دەزانن کە زۆر باسی ئەوە دەکرێ کە ئەمریکا و ئیسراییل بە ئەندازەی پێویست چەکی دژی دڕۆن و مووشەکی ئێرانیان نییە و ڕەنگە ئەوە تەواو بێ. لە حاڵێکدا ئەگەر ئێرانیش لانچرەکانی، سەکۆی پەرتابەکانی بە ئەندازەی کافی نەبێ یا لە بەین چوو بن دڕۆنی یەکجار زۆرە و ئەو دڕۆنانە ئەگەر نەشگەنە ئیسراییل دەگەنە وڵاتانی کەنداو.
بۆیە زۆر دیار نییە بە ڕاستی ئەو شەڕە چۆن بەرەوپێش دەبەن. یەک ئەگەر ئەوەیە کە ئەمریکا بە ڕاستی بیهەوێ هێزی زەوینی بەکار بێنێ بۆ وەی کە بتوانێ توانایی ئێران بۆ بەکار هێنانی مووشەک و دڕۆن کەمتر کاتەوە چونکە ئەگەر ئەوان بچنە ناو خاکی ئێران تەبیعەتەن هێزەکانی ئێرانی دوور دەبنەوە لە سنوورەکان و کێشە دروست دەبێ بۆ ئەو سەکۆ مووشەکی و دڕۆنانەی کە لە نزیک سنوورەوە ئەو کارانە دەکەن. بەڵام ئەو کارەش ڕیسکی خۆی هەیە بۆ ئەمریکا. بە تایبەت بۆ تڕامپ کە پلاتفۆڕمی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەوە بوو کە ئێمە چیتر سەربازی ئەمریکایی دەرگیری شەڕ ناکەین لە شوێنی تر. وە شەڕی زەوینیش بۆخۆت دەزانی وەختێک هاتیە ژوور تەواو بوونی یان تەواو کردنی زۆر ئاسان نییە. بۆیە بە بڕوای من بە جۆرێک هەر دووک لا کێشەی جیدییان هەیە لە بەرەوپێشبردنی ئەو شەڕە. بۆ کۆماری ئیسلامی ڕێبەرانیان هەر دێ و لێیان دەدەن، بنەماکانی نیزامی و سیاسییان لێ تێک دەدەن و مەعلووم نییە هێزە چەکدارەکانی ئێرانی تا چەندە دەتوانن ئەو گورزانە تەحەمول بکەن.
لەوبەریشەوە مەسەلەی ئابووری دنیا هەیە، مەسەلەی گوشاری وڵاتانی کەنداو بۆ سەر ئەمریکا هەیە، مەسەلەی ئوڕووپا هەیە کە ئێستا دووبارە مەجبوور بوونە دووبارە بە دزی لە ڕووسییە نەوت بکڕن و تەبیعەتەن ئەوە دەستی ڕووسییە بە هێز دەکا لە شەڕی ئۆکراین. لایەنی سەربازی هەیە هەر وەک عەرزم کردن ڕەنگە ئەمریکا و ئیسراییل نەتوانن بەشێوەی پێویست دژ بە مووشەک و دڕۆنی ئێرانی کار بکەن و لە بەینیان بەرن. هەمووی ئەوانە فاکتۆری جۆراوجۆرن کە بە ڕاستی چارەنووسی ئەو شەڕە ناڕوون دەکا بۆ ئێمە. بەڵام تا ئەو چرکە ساتەی ئێمە قسە دەکەین ئێمە شتێکمان نەبیستوە لە ئەمریکاییەکان نیشان بدا ئەوان بەرەو بڕیاری کۆتایی هێنان بەشەڕ نزیک دەبنەوە. پیتر هێگست وەزیری شەڕی ئەمریکا کوتی شەڕ تازە ئێستا دەست پێ دەکا گورزی ئەسڵی خۆمان نەوەشاندووە. بۆیەش بە ڕاستی جگە لەحەدس و گومان و چاوەڕوانی ئینسان زۆر ناتوانێ بە دڵنیاییەوە تەحلیلێکی جیدی بکا لەوەی کە ئەم شەڕە کەی کۆتایی پێ دێ و چۆن کۆتایی پێ دێ.
قازی: مامۆستا مەسەلەیەکی دیکەش هەیە لە باری سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا. دەزانین کە ئەو دۆسییەی جێفری ئێپستین و تێکەڵاوی زۆرێک لەگەورە پیاوانی دنیا لەگەڵی، نەک هەر لە ئەمریکا  لە جێگای دیکەش  ئێستا ئەوە لە ئەمریکا زۆر لەو لێپرسینەوانەی کە لە سەنا و لە مەجلیسی نوێنەران دەکرێ و ئیستا یەکێک لە بەرپرسانیان ناچار کردووە لە کارەکەی بکشێتەوە و هەتا دێ حەولی ئەوەش زیاتر دەدەن کە پێوەندی ئێپستین لەگەڵ ترامپ بشارنەوە. پێت وایە ئەو شەڕە لەحاڵێکدا کە موزاکەرە هەبوو لە ژێنێڤ، بەشێکیشی لەبەر ئەوە نییە کە لە داخڵی ئەمریکا دا ئەو دۆسییەیە بشاردرێتەوە؟
مەتین: بەڕاستی ئەمن لەسەر ئەو بابەتە زانیاریم نییە ڕەنگە لە باری مەنتقییەوە ئەوە سەیر نەبێ بەڵام لە عەینی حالێشدا بڕیار بۆ شەڕێکی ئاوا بەو ئاکامانەی کە باسمان کرد زۆر زۆر لەوە گەورەترە، زۆر لەوە زۆرتر بەرژەوەندی ستراتێژیکی ئەمریکا کاردانەوەی لەسەر دەبێ کە لەبەر یەک نەفەر، لە بەر وەزعییەت و ستاتوسی سیاسی یەک کەس شەڕێکی ئاوا هەڵبگیرسێ. ڕەنگە هۆیەکی ئەوە بێ کە ئەو شتەی کە ئەمریکا دەیویست ئێران ددانی پێدا نەدەهێنا و لەو لاشەوە زانیاری ئەوەی خامەنەیی و ئەو کەسانەی دیکەش کە لەگەڵێ کووژران لەیەک شوێن، لەیەک کاتی دیاریکراو دا کۆ بوونەتەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسراییل نەیانهەوێ ئەو دەرفەتە لە دەست بدەن. پێیان وابوو ڕەنگە ئەوە بەو شێوەیە دووبارە ڕوو نەداتەوە بۆیەش لەو هەلەیان کەلک وەرگرت و دوای ئەو هێرشەش شەڕەکە ڕەسمەن دەستی پێکرد. بەڵام هەر وەک عەرزم کردن ئەو شتەی ئێوە باستان کرد دوور نییە بەڵام بەڕاستی دیاریش نییە کە بەڕاستی وا بووبێ و لەبەر ئێپستین ئەو کارەیان کرد بێ.
قازی: زۆر باشە مامۆستا با ئێستا بێینە سەر ئەو شێواز، شێوە و جووڵەی جەماعەتی پادشایی خواز، بە تایبەتیش دەزانین دوای ئەو قەتڵی عامەی لە مانگی ژانڤییە دا لە ئێرانێ کرا، ئەوانە لە دوەرەوەی وڵات بە تایبەتی دەستیان کردوە بە خۆپیشاندان و لەپێوەندی داوخوازەکانیاندا شتێکیشیان بڵاو کردووەتەوە بە نێوی  دەفتەرچەی ئیزتیرار کە ئێمە لێرە دا نامانەوێ بچینە نێو ناوەرۆکەکەی، بەڵام ئەو بەشانەی کە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە لەگەڵ دۆزی کورد و ئەو هێرشەی کە لەو بەڵگەیە دا بە ئاشکرا کراوەتە سەر گەلی کورد. وا لەو ڕۆژانە دا دەبینین لە لەندەن هێرشیان کردووەتە سەر ڕێستوڕانی کوردی چەند کەسێکیان بریندار کردوە یا لە تێلێڤیزیۆنەکاندا خانمی وا دێنن جلکی کوردیان دەبەر دەکەن بۆ ئەوەی بێن بە سیستمی پاشایەتی هەڵبڵێن. ئەوە لە حاڵێک دایە ئێمە دەزانین لەو شۆڕشانەی کە لە ئاستی جیهانیدا کراون، بۆ وێنە  کاتیک لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕووسیا شۆڕش کرا، هیچ ئەو تەسەورە نەبوو پاش چەند ساڵێک ڕووسە سپییەکان بیانەوێ جارێکی دیکە بێنەوە سەر کار یان بنەماڵەی ڕۆمانۆف بێنەوە سەر تەخت. یانی ئەوە نایە دە مێشکەوە کە دوای ٤٧ ساڵ سیستمێک کە بە شٶڕشێک ڕووخاوە، کە دوایە ڕێبازەکەی گۆڕاوە، جارێکی دیکە دەسەڵات بە دەست بگرێتەوە و کەسێکیش کە لە ماوەی ئەو ٤٧ ساڵە هیچ ناوی لە ناوان دا نەبووە  و لەو دووسێ ساڵە دا نێوی هاتووەتە مەیدانێ خۆی بەسەر خەڵک دا بسەپێنێ. پێم خۆش بوو سەبارەت بەو هەڕەشەی کە لە ناوەرۆکی ئەو دەفتەرچەیە دا لە نەتەوەی کورد کراوە و ئەو قسانەی کە ئەو کابرایە کردوویە دوای ئەوەی کە ٦ هێزی کوردی یەکتریان گرتووە بۆچوون و لێکدانەوەی بەڕێزت بزانم. فەرموو.
مەتین: ئەوەی کە ڕەوتێکی پادشایی خوازی بە ئاشکرا فاشیستی توانیویەتی تا ڕادەیەک لە ناو بەشێک لە خەڵکی ئێران پشتیوانی بەدەست بێنێ بە بڕاوی من چەند لایەنی هەیە. لایەنێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە لە ئاستی دنیا دا جەرەیاناتی ڕاستی کە بە فارسی دەڵێن ئیفڕاتی پەرەیان سەندووە لە مەجارستانەوە بگرە تا خودی بریتانیا مەسەلەی برێگزیت، حیزبی ڕێفۆرم کە ئێستا هەیە، و لە واقیعدا ڕاستی توندئاژۆ یان ئیفڕاتی دیاردەیەکی جیهانییە و خود بە خود ئەو جوورە ڕەوتانە لە هەموو شوێنێک تەقوییەت دەکا، بەهێز دەکا.
هۆیەکی دیکەی کە ئەوانە توانیویانە خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە تەقریبەن لە دوای شەڕی ئێران – عێڕاق بەو لاوە، لەو کاتەوە کە جووڵانەوەی ئیسلاح تەڵەبی لە ئێران دەستی پێکرد و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژیش ئەوان، دوو دەورەی خاتەمی هێزیان هەبوو، دەسەڵاتیان هەبوو، سەرۆک کۆمار لە ئەوان بوو دوایە ڕووحانیش تا حەدێک لە ئیسلاح تەڵەبەکان نزیک بوو. پڕۆژەیەکی هەرە سەرەکی ئیسلاح تەڵەبان ئەوە بوو کە ئەوان پێیان وابوو کە لایەنی بەرانبەری خۆیان واتە ئوسوولگەرایانی جمهووری ئیسلامی دەتوانن لە ڕێگای هەرچی قووڵکردنەوەی پێوەندییەکانی سەرمایەداری و ڕەوابیتی بازاڕ لە ئێران لاواز بکەن. یانی سەرمایەدارییەکی ئۆلیگارشیک کە سپای پاسداران و ئەو کەسانەی نزیک لە خامەنەیی بوون خاوەنی بوون لە بازاڕی ئازادێکی موتەعاریفدا ئەوانە  ناتوانن ڕەقابەت بکەن و خود بە خود لە باری ئابوورییەوە لاواز دەبن و بە پێی ئەوە لە باری سیاسیشەوە لاواز دەبن.
بۆیە دیسکۆرسی ئەوان بۆ پەرەپێدانی وەها دۆخێک لە باری سیاسییەوە زۆر بە توندی دژی چەپ بوو. دژی هەر بیرۆکەیەکی چەپ بوو و هەر شتێکی سۆسیالیستی و هەر شتێکی دژی سەرمایەداری.
بۆیە ئێمە دەبینین نزیک سی ساڵ تەواوی گوشار و وتاری ئەم بەشە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە ئیزافەی بەشەکانی دیش، بەڵام ئیسلاح تەڵەبەکان بە تایبەت لە باری گوفتمانییەوە دژی چەپ بوو و ئەو مەسەلەیە زۆر شەباهەتی هەیە بەوەی کە لە زەمانی شا ڕووی دا.
ئەو دەمی شا تەواوی ترسەکەی، ئەو ترسەی کە هەیبوو لە چەپ بوو بۆیە چەپی بە هەموو جوور کوتا و لاوازی کرد و لەو دۆخە دا بوو کە ئیسلامییەکان بە ڕێبەری خومەینی یا شەریعەتی توانیان پەرە بستێنن، یانی وزە و ئیمکاناتی شا لە سەر چەپەکان موتەمەرکیز بوو، ئیسلامییەکان توانیان خۆیان سازمان بدەن.
لە دەورەی جمهووری ئیسلامیشدا وا بوو یانی هەموو گوشارەکان لە سەر گوفتمانی چەپ بوو لە بەر ئەوە دەر واقیع گوفتمانی ڕاست خود بە خود بوو بە گوفتمانێکی نۆرماڵ لە فەزای گوفتمانی ئێراندا. وە هەم زەمانیش ئەوەی کە گۆیا چەپ لە شۆڕشی ٥٧ ڕۆڵی ئەسڵی گێڕاوە ئەو جیلە لە جەوانانی ئێران کە تەجروبە و تەمەنیان ئیقتیزای وەی نەکردووە کە شۆڕشی ٥٧یان دیتبێ، خود بەخود تەواوی نەهامەتەکانی دوای شۆڕشی ٥٧یان پێوەندی داوە بەوەی کە گۆیا ئەوە چەپ ئەو شۆڕشەی دروست کردوە و بەو جێگایە گەیشتوە. بۆیە لە واقیعدا تێکەڵاوێک لەو دژە چەپی بوونی کۆماری ئیسلامی و ئیسلاح تەڵەبەکان بە تایبەت بە ئیزافەی ئەو تەسویرەی کە دروستیان کرد لە هەرچی کێشەیە دوای شۆڕش  لەبەر ئەو شۆڕشە بووە و شۆڕشەکەش چەپەکان دروستیان کردوە خود بە خود بەشێک لە خەڵک ڕاکێشراون بەرەو گوفتمانێکی زۆر ڕاستی ئیفڕاتی کە شاپەرستەکان نوێنەرایەتی دەکەن و ئەو فیلم و دوکومێنتارانەش کە لە دۆخێ ئێران لە بەر لە شۆڕش دا نیشان دەدرێ لە تێلێڤیزیۆنەکانی نزیک بەو ڕەوتە، خوب ئێرانێک نیشان دەدەن کە بەهێزە، کە دەوڵەمەندە، کە پاسپۆرتەکەی ویزای ناوێ بۆ هیچ شوێنێک لە دنیا. هەمووی ئەوانە لە واقیعدا شتێکی فانتێزی لە ئیڕانی بەر لە شۆڕش بە خەڵک پیشان دراوە بۆیەش بە بڕاوی من ئەو شتانە دەستیان وە دەستی یەک داوە بۆ ئەوەی کە ئەم ڕەوتە بە ئاشکرا فاشیستییە بتوانێ لایەنگری هێندێک خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بە تایبەت کە ئەو خەڵکانە پێیان وا بوو کە بە ڕاستی ئەم ڕەوتە نزیکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا و ئەمریکاش قەرارە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ بۆیە ئەم ڕەوتەیە کە زۆرترین شانس و ئیمکانی وەی هەیە کە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی بێ.
هەر وەک دەزانین خوب ئەو شتە وا نەبوە و وا نییە بۆیەش بە بڕوای من پەرەگرتنی کۆمەڵایەتی ئەم جەرەیانە دەبێ لە وەیدا ببینین. بەڵام من هێشتا وڵامی ئەو بەشەی مەڕبووت بە کوردستانم نەداوەتەوە ببوورن.
لەو " دەفتەرچەی ئیزتیڕار" ە دا زۆر بە ئاشکرا باسی وەی دەکرێ کە ئەوەڵەن تەواوی دەسەڵات لە دەستی ڕەزا پەهلەویدا کۆ دەبێتەوە لەو دەورەیە دا و هەر جۆرێک بۆخۆی ئیشتیای لێ بێ دەتوانێ بەکاری بێنێ. مەعلووم نییە کە بۆچی ڕێفراندۆمێک کە بە ئیشتیای خۆی نەبێ ڕێکی دەخا و نەتیجەکەی قەبووڵ دەکا. لە عەینی حاڵدا لەو دەفتەرچەیە دا زۆر بە ئاشکرا کوتراوە کە بەشێک لە قانوونەکانی ئێستای جمهووری ئیسلامی ئەوان ڕادەگرن و لەغویان ناکەن و هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان تا ئەو جێگای مومکینە ڕادەگرن مەگەر ئەوەی محاکەمە بکرێن و یا باسی بەخشینی دەستەجەمعی دەکا ولە بەشێکیدا زۆر بە ئاشکرا باسی وەی دەکا کە ئەڕتەشی داهاتووی ئێران لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەوان ئەوەڵین کاری ئەوەیە کە لە بەرانبەر بەقەولی وان " تەجزییە تەڵەبان" ڕابوەستێ و نێوی چەند هێز زۆر بە ئاشکرا دێنێ لەوانە " جەیشولعەدل"، " پەژاک "، " داعش"، و دوایەش دەنووسێ  گروههای تجزیەطلب دیگر، کە دیارە مەنزووریان هێزە کوردستانییەکانی ترە. بۆیە مەبەستم ئەوەیە کە وێڕای ئەوەی کە ئەو دەفتەرچە ئیزتیرارە هەر زاتەن و بەگشتی شتێکی زۆر دژی دێمۆکڕاتیکە و نوسخەی دامەررانی سەلتەنەتێکی موتڵەقەیە بەڵام تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەر کوردستان دوو قات خراپترە چونکە زۆر بە ئاشکرا باسی سەرکوتی هەر جۆرە داوخوازی مافی نەتەوایەتی دەکا لە ژێر ناوی وەی کە ئەوانە تەجزیە تەڵەبن دەبێ لە ناو بچن.
قازی: دیارە مامۆستا بەڕێزت لە سەر مەسەلەی " تەجزیە تەڵەبی " چەند ساڵ لەوە پێش مەقالەیەکت هەبوو. ئەوانە تەمامییەتی ئەرزییان کردووەتە گورزێک بە دژی کوردەکان. بۆ وێنە ئێستا لەو بەرنامە تێلێڤیزیۆنیانە کە بە زمانی فارسی بەرنامە بڵاو دەکرێتەوە ئەگەر میوانێکی کورد بانگ دەکەن وەک ئەوە وایە لەو بارەیەوە شادوئیمانی پێ بهێنن وەک لە ئیستیلاحی مەزهەبی دا دەگوترێ. دەڵێن لە پێشدا دەبێ بڵیی تەمامییەتی ئەرزیم قەبووڵە جا دوایە دێینە سەر بابەتی تر. لە حاڵێکدا ئەوە بەستراوەتەوە بە ڕەوتی دیاردەکان ئەگەر لە هەلومەرجێکدا کورد بتوانێ بۆخۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکا لە فۆڕمی دەوڵەتێکی نەتەوەیی دا بۆخۆی، پێم وا نییە هیچ کوردێک بتوانێ دژی ئەوە ڕاوەستێ. ئەوە موشکیلەکەیە، بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە لە پێوەندی لەگەڵ جەرەیان و ڕەوتی مۆنارکیستی دا، دیارە ئەو گرووپانەی کە کۆماریخوازن بە شێوەیەک لە شێوەکان و چوارچێوە سیستمی سیاسی لە زەینیان دا دیاری کراوە بەڵام هەر چۆنێک بێ دەکرێ ناسیۆنالیزمی ئێرانی دە نیو ئەوانیشدا گوڵ بکا. پێت وایە چەندە ئیمکانی سازانی ئەو دوولایەنە بەیەکەوە هەیە لە هەمبەر مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران؟
مەتین: بەڵی، ئەو زەرفییەتەیان یەکجار زۆرە. ئێوە چاو لێ بکەن، یەک شت و تەنیا یەک شت هەیە کە هەموو لایەنەکانی ئێرانی لەسەری کۆکن. ئەویش دژایەتی مافی چارەی خۆنووسینێ گەلانی ئێرانە، میللەتانی ئێرانە بەتایبەت میللەتی کورد. یانی ئێوە چاو لە دیسکۆرسی کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی پەهلەوی بکەن هیچ جیاوازییەکیان نییە بە ڕاستی. لایەکانی کۆماریخواز و چەپی ئێرانی دیارە بە زمانێکی جیاواز، بەڵام لە نەهایەتدا ئەوانیش دژی وەن. یانی ئەوان پێیان وایە کە داواکاری مافی نەتەوایەتی یانی لێک هەڵوەشاندنەوەی ئێران. کە ئەوە لەگەڵ خودی نەریتی چەپی ئێرانیش جیاوازی زۆرە چونکە بۆ وێنە لە حەفتاکان، لەهەشتاکان بەشێکی زۆر لە چەپی ئێرانی ددانی بەوەدا هێنا بوو کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و مافی چارەی خۆ نووسین شتێکی سروشتییە کە ئەو گەلانە دەبێ هەیانبێ.
بەڵام هەر ئەو ڕەوتەی باسم کرد کە لە ئێراندا گوفتمانی سیاسی هەر چووە و بەرەو ڕاست ڕۆیشتوە، دیارە لە مەڕ چەپەکان و کۆماریخوازەکانیشدا هەر سیدق دەکا و ئەوانیش کە دێتە سەر مەسەلەی نەتەوایەتی هەر بەو شکڵە قسە دەکەن. دیارە ئەمن هەر ئەو ڕۆژانەش نووسراوەیەکی بڕێک دوورودرێژم هەبوو لە سەر سۆشیال میدیا کە کاتی خۆی لە شۆڕشی ژینا بڵاوم کردبۆوە بەڵام ئێستا لەبەر ئەو شتەی کە ئێوەش باستان کرد، ئەو شتەی کە هەر کەسێکی کورد کە دێتە سەر شاشەی تێلێڤیزیۆنەکانی فارسی زمان بازجووییان لێ دەکەن و دەبێ ئەوەڵ ئێعلام بکەن کە تەجزیە تەڵەب نین، لەبەر ئەوە ئەمن ئەو نووسراوەیەم دیسان بڵاو کردەوە و تێیدا زۆر بە تێر و تەسەلی باسی ئەوەم کردوە کە بۆچی ئەو شتە، ئەوەی کە ئێران تەجزییە دەبێ لە واقیعدا سەرپۆشێکە بۆ  سەرکوتکردنی مافە ڕەواکانی، داوخوازی مافە ڕەواکانی میللەتان بە تایبەت نەتەوەی کورد لە کوردستان، کە نە لە باری سیاسی و نە لە باری مێژووییەوە و نە لە باری مەنتقییەوە هیچ بنەمایەکی هەیە و ئەوە سەرەڕای وەش کە زوربەی هەرە زۆری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژهەڵات داوای سەربەخۆیی ناکەن هەر چەند سەربەخۆییش هەر مافی خەڵکی کوردە. مافی چارەی خۆ نووسین چەندین شکڵی هەیە، مافی چارەی خۆ نووسین دەتوانێ ئۆتۆنۆمی بێ، دەتوانێ فێدراڵیزم بێ، دەتوانێ کۆنفێدرالیزم بێ، دەتوانێ سەربەخۆیی بێ. هەر چۆنێک بێ مەسەڵە ئەسڵی مافی چارەی خۆ نووسینە کە دەبێ بە ڕەسمییەت بناسرێ و ئەوەی کە ئەو مافە چ قەوارەیەک بە خۆیەوە دەگرێ بە پێی دۆخ و بە پێی شەراییت و بە پێی بەراوەردی خەڵکی کوردستان و هێزەکانیان تەعیین دەکرێ و بۆیە ئەمن پێم وایە ئەو شتە دەبێ زۆر تەئکیدی لەسەر بکرێ.

قازی: مامۆستا ببوورە پرسیارێکی دیکەش هەیە، بەڵام لێرە دا لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەگەر بە کورتیش بێ ئاماژەی پێ بکەی. دیارە ئەوە بەشێکە لە تیۆری دێمۆکڕاتیک و لە مارکسیزم دا ڕێفرێنسەکەی دەچێتەوە سەر تیۆری دێمۆکڕاتیک. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە باسی ئەوە دەکرێ ئەو مافە لە زەمانێک دا بووە کە ئەو وڵاتانەی کە کۆلۆنی بوون پێویست بووە دەرفەتی ئەوەیان هەبێ مافی دیاریکردنی چارەنووس بەکار بێنن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قالبەی کە بۆ چەمکی کۆلۆنی هەیە و کوردستان بەو شێوەیە کۆلۆنی نەبووە ئەو قالبە چۆن دەتوانین تەتبیق بکەین لەگەڵ دۆزی کورد؟
مەتین: بەڵام ئەمن پێم وایە ئەو تیۆرییانەی کە ئەو شتە دەڵێن هەڵەن. کوردستان کۆلۆنی بوە و کۆلۆنی هەیە چونکە کۆلۆنی دەبێ بزانین چۆنی تەعریف دەکەن. ئەو کەسانەی کە ئەو شتەی ئێوە دەڵێن باس دەکەن ئەوان پێیان وایە دەبی کۆلۆنیالیستەکە حەتمەن لە پینج هەزار کیلۆمیتر لەولاتر هاتبێ مەسەلەن بریتانیا لە هیندووستان، فەڕانسە لە ئەلجەزاییر یا لە وییێتنام و فڵان و بێهمان. لە حاڵێکدا ناوەرۆکی دۆخی کۆلۆنیالیستی ئەوە نییە کە دەبی کۆلۆنیالیست حەتمەن لە شوێنێکی زۆر زۆر دوورتر هاتبێ یا زمان وفەرهەنگەکەی بە تەواوی جیاواز بێ.
کۆلۆنیالیزم بریتییە لەوەی کە خەڵکێک کە چەوسێنەری خۆیان بە بێگانە لە خۆیان دەناسن وە مافی چارەی خۆ نووسینی ئەو خەڵکە لە لایەن هێزێکی دەرەکی و هێزێکی بێگانە زەوت دەکرێ. و ئەوە شتێکە لە کوردستان زۆر دیارە یانی کوردستان و خەڵکی کوردستان هێزێکی دەرەکی کە بە زمانێکی جیا لە کوردی قسە دەکا و بە زمانێکی جیا لە کوردی دەیچەوسێنێتەوە و بە زمانێکی جیا لە کوردی مافی چارەی خۆ نووسینی لێ دەستێنێ دە واقیعدا کارکەردی  کۆلۆنیالیستی هەیە و ئەوە شتێکە کە حەتتا بەشێک لە ڕووناکبیرانی خودی ئێرانی ئەوەیان کوتوە. مەسەلەن ئەمن کە زۆر جار شت دەنووسم نەقڵی قەول دێنمەوە لە ئەفشینی مەرعەشی. ئەو زۆر بە جوانی یانی زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێ کە دەوڵەتی ڕەزا شا بە ئیستیلاحی ئینگلیسی ئەو دەڵێ
surrogate colonialism  یانی کۆلۆنیالیزمێکی جێگرەوە یانی کۆلۆنیالیزمێکی نیابەتی بوە دەوڵەتی ڕەزا خان. بۆیە ئەمن پێم وایە لەو بارەیەوە دەکرێ زۆر قسە بکرێ و کوردستان دۆخەکەی کۆلۆنیالیستییە بەڵام  لە عەینی حاڵدا هەر وەک عەرزم کردن مافی چارەی خۆ نووسینی گەلانێک کە کۆلۆنیزە کراون ئیلزامەن و هەمیشە باشترین ڕێگا چارەسەری یا هاسانترین ڕێگا چارەسەری سەربەخۆیی نییە و خەڵک دەبێ بۆخۆیان تەشخیس بدەن کە چۆن لەو مافە کەلک وەردەگرن. و هەر بۆیەش کە هێزە کوردەکان ئیلزامەن باسی مەسەلەن سەربەخۆیی ناکەن ئەوانەی کە بڕوایان بە مافی چارەی خۆ نووسیی هەیە. هەرچۆنێک بێ هیوادارم لە داهاتوو دا بتوانین لە سەر ئەو مژارە زۆرتر قسە بکەین چون پێم وایە هێندێک سووئی تەفاهوم لە مەسەلەی کۆلۆنیالیزم دا هەیە کە بۆتە هوی ئەوە کە ئەوە مەسەلەی چارەی خۆ نووسین وەکوو شتێکی زۆر ماکزیمالیستی چاوی لێ بکرێ لە حاڵێکدا وا نییە.

قازی: حەتمەن کارێکی وا دەکەین، مامۆستا ئاخر پرسیارم لە پێوەندی دایە لە سەر مەسەلەی یەکگرتن و ئیتیلافێک کە لە نێوان  هێزە سیاسییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتوە، هێزی ئەوتۆی کە پێشینەی دوورو درێژیان هەیە لە خەبات دژی جمهووری ئیسلامی و تەنانەت پێش ئەویش دژی حکوومەتی پادشایەتی لە ئێرانێ دا. لەو زەمینەیە دا تا ئێستا زۆر قسە کراوە، تا ئەو جێگای من دیتوومە چەند ڕووناکبیرێک لەو بارەیەوە نەزەریان دەربڕیوە، دیارە سەر بەهیچکام لە حیزبەکان نین، یەک لەوانە بەڕێزێک بە ناوی شەماڵ بەشیری کە دەڵێ ئەوە باشە کە ئەو لایەنانە یەکتریان گرتوە بەڵام دەبێ بەرنامەیان ڕوون بکەنەوە، باسی ئەوە بکەن کە دوای ئەوەی جمهووری ئیسلامی ڕووخا ئەوان چ دەکەن و ئەو مەسەلەیە دەبێ لە چوارچێوەی بەیان و ئەو شتانەدا نەمێنێ بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیتیلافی ئاوا تازەیی هەیە لە کۆمەڵگەی کوردی دا، جەنابت لەو بارەیەوە یانی ئەو ئیتیلافەی کە پێک هاتووە، ئەرکەکانی کورتخایەن و درێژخانەی ئەو هاوپەیمانییە بە چ دادەنێی؟
مەتین: ئەمن پێم وایە ئەو ئیتیلافە یەکێک لە باشترین و خۆشترین ڕووداوەکانی ژیانی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوە لە چەندین و چەند ساڵی ڕابردوو دا و دیارە ئەو پلاتفۆڕمە دەکرێ داواکارییەکان و بەرنامەکانی بۆ داهاتوو تەبعەن بەتەفسیل و تەوزیحێکی زۆرتر ئیڕائە بکا بەڵام ڕووداوەکان هێندە بە خێرایی ڕوو دەدەن کە هەرچۆنێک بێ زۆر سەیر نییە ئەو ئیتیلافە لە سەر فەوریترین مەسەلە فێعلەن ڕێک کەوتبن. ئەوە گرینگترین و فەوریترین مەسەلەش ئەوەیە کە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەیە و ئەو هاوپەیمانییە بە پێک هاتنی خۆی هەم  ئەو ڕووخانە دەتوانێ خێراتر بکا و هەم دەتوانێ وەکوو ئاڵترناتیڤێک بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشایی دەسەڵاتەی کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ پێکی بێنێ کار بکا. بەڵام لە عەینی حاڵدا خۆ هیچ شتێک پێشگیری لەو ئیتیلافە و لە ئەندامانی ئەو ئیتیلافە ناکا لە سەر وردەکاری ئەو داهاتوویەی کە دەیانەوێ دەستەبەری بکەن لە کوردستان یا لە ئێران کار بکەن. بەڵام ئەمن پێم وایە ئەوە نابێ مانیعی وەی بێ کە ئیتیلافەکە دروست نەبێ لەبەر ئەوەی کە هێشتا لەسەر هەموو شت ڕێک نەکەوتوون.
بۆیەش هەرچۆنێک بێ بۆچوونی من ئەوەیە، بەڵام هەر وەک دەشبینین پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە تەئسیر و کاردانەوەیەکی یەکجار زۆری هەبوە لە فەزای سیاسی ئێران و تەنانەت ناوچەکە و دنیاش.
ئێمە دەبینین هەموو لایەنە ئێرانییەکان، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەڵوێستیان گرتوە، کاردانەوەیان بوە، چ ئەوانەی کە پێشوازییان لێ کردوە و چ ئەوانەی کە لێی دەترسێن و پێیان وایە کە ئەوە مەسەلەن سەرەتای پێکهاتنی کوردستانێکی سەربەخۆیە و فڵان و بێهمان.  بۆیە من پێم وایە بە گشتی ئەو ڕووداوە ڕووداوێکی زۆر زۆر موسبەتە بەڵام ئەوەی کە چ دەکەن لەمە بەدوا بە بڕوای من هەڵسوکەوتێکی زۆر زۆر ژیرانەی دەوێ بە تایبەت تا ئەو جێگای دەگەڕێتەوە سەر ئەو دەنگۆیانەی کە گۆیا ئەمریکا داوای لە وان کردوە کە بچنەوە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و دژی کۆماری ئیسلامی شەڕ بکەن. من پێم وایە ئەوە مەسەلەیەکە دەبێ زۆر زۆر بە ئیحتیات و بە ژیری چاوی لێ بکەن. چونکە زۆر هۆ هەنە بۆ ئەوەی کە کورد ئیعتیماد و متمانە بە ئەمریکا نەکا هەم ڕابردووی ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردییەکان چ لە ڕۆژئاوای کوردستان، چ لە ڕێفراندۆمی ٢٠١٧ –ی باشووری کوردستان، چ لە ساڵی ١٩٩١ کە داوایان لە خەڵک کرد هەستنەوە دوایە بەجێیان هێشتن،چ لە ساڵی ١٩٧٥، میسال بۆ ئەوە زۆرن. وێڕای وەش کە ئەمریکا بۆ وەی هێزە کوردەکان بتوانن ڕۆڵی نیزامی بگێڕن دەبێ بەر لە هەموو شتێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵی ڕێک کەوێ چونکە بە هەر حاڵ ئەو هێزانە بەشێکیان لەوێ جێگیرن و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەش بەحاڵی خۆی متمانەی بە ئەمریکا نییە هەر بەو هۆیانەی باسم کرد، هەر وەها بە هۆی ئەوەی کە ئەوانیش بە دروستی بیر لەوە دەکەنەوە، هەر وەک هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بیر لەوە دەکەنەوە؛ دەی ئەوە تڕامپ کەسێکی دەمدەمی مەزاجە بەڵکوو سبەینێ کوتی بەڵێ جا ئەوە ئێمە سەرکەوتووین و شەڕ کۆتایی پێ دێنین و لەو حاڵەتە دا بڕوا لە ناوچەکە.  
قازی: ئێستاش کوتوویەتی. کوتی ئەمن نامەوێ کوردەکان بچنە نێو ئێران، دەمەوێ کوردەکان بپارێزرێن و نە کووژرێن. ئەوەی کوت خۆ.
مەتین: ئەوە دروستە، ئەوەی کوتووە، ئەوە دەقیقەن لەبەر ئەوەی بوو کە کوردەکان زۆر بە ئاسانی نەچوون بە پێشوازی بڵێن جا زۆر باشە، ئێمە زۆریش خۆشحاڵین بچین شەڕ بکەین بە بێ ئەوەی کە ئێوە هیچ تەعەهودێکی عەلەنیتان هەبێ نیسبەت بە ئێمە. ئێمە ئەو شەڕە بکەین. بەڵکوو کۆماری ئیسلامی نەڕووخا، ئەمریکا کوتی ئێمە سەرکەوتووین و ڕۆیشتن ئەو دەم خەڵکی کوردستان دەبێ باجی ئەو شەڕە بدەن، حکوومەتی هەرێم مومکینە زەربەی زۆر گەورەی لێ بکەوێ. کوردەکانیش بەهەر حاڵ ناتوانن دەگەڵ ئەڕتەشێکی چەند سەد هەزار نەفەری کۆماری ئیسلامی هەر بە هێزی خۆیان بە شەر بێن.  
بۆیە ئەمن پێم وایە کە ئەوە لایەنی سیاسییەکەی زۆر زۆر گرینگە و هێزە کوردییەکان دەبێ لەگەڵ هەر دانوستاندنێکی لەگەڵ ئەمریکا هەیانبێ لەسەر یە دوو شتی زۆر بنەمایی پێ داگرن یەک؛ ئەوەی ئەمریکا دەبی بە عەلەنی نەک بە دزی، دەبێ بە عەلەنی داکۆکی بکا لەوەی داهاتووی ئێران دەبێ داهاتوویەکی لامەرکەزی بێ کە تێیدا مافی نەتەوایەتی گەلی کورد دەستەبەر بێ. دەبێ تەعەهودێکی عەلەنی بەوە بدا دەنا دەتوانن لە قسەکانیان پاشگەز ببنەوە، بە دزی ئەگەر شتێک بکەن دەتوانن  دوایە وەستۆی خۆی نەگرن. دوایی دەبێ لە باری نیزامییەوەش تەعەهودێکی عەلەنیان هەبێ مەسەلەن لە ساڵی١٩٩١ ناوچەی دژە فڕین کە لە باشووری کوردستان دروست بوو بوو بە بنەمای پێکهاتنی ئەو حکوومەتی هەرێمەی کە ئێستا هەیە. دەبێ شتێکی لەو جۆرە ئەمریکا قەبووڵ بکا، دەنا دەبێتە ڕیسکێکی یەکجار زۆر گەورە و نەهامەتییەکەی هەم بۆ ئەو هێزە ڕۆژهەڵاتییانە دەبێ ئەگەر ئەمریکا ئەم تەعەهودە نەدا و هەم بۆ خەڵکی کوردستان دەبێ چون دەکەونە بەر تۆڵە سەندنەوەی کۆماری ئیسلامی کە هێشتا نەکەوتوە. بۆیە من پێم وایە وێرای وەی کە هێزە کوردییەکان، هێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافی خۆیانە کە یارمەتی وەربگرن لە هێزە دەرەکییەکان، بەڵام ئەو مافە بە مانای ئەوە نییە کە لە هەر دۆخێک و تەحتی هەر شەڕایتێک ئەو کارە بکەن.
دەبێ لە زۆر شت دڵنیا بن لەوەی کە کۆماری ئیسلامی هێزەکانی سەربازی و ئەمنییەتی لە کوردستان یا نەماون یا لە ئاستانەی ڕووخان دان ئەوە یەک، دوو، ئەمریکا دەبێ بە عەلەنی، نەک بە دژی و حەتتا ئەگەر پێویست بێ لە کۆنگرە دا باسی داهاتوویەکی دێمۆکڕاتیکی لامەرکەزی لە ئێران بکا، کە مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کورد تێیدا دەستەبەر بێ. ئەگینا دەتوانێ لێی پاشگەز بنەوە و من لێرە دا پێم خۆشە باسی مەسەلەی ڕۆژئاوای کوردستان بکەم چون ئەمریکا لەوێ چونکە یارمەتی ئیدارەی خۆسەری دەدا بەڵام هیچ کات ئەمریکا ئەم ئیدارە خۆسەرە و هێزەکانی سووریای دێمۆکڕاتیکی بە شتێک جگە لە پارتنری دژی تێڕۆر پێناسە نەکرد.
بۆیەش کاتێک کە مەسەلەی تێڕۆر بە ئیستیلاحی خۆیان تەواو بوو، ڕۆیشتن بێ وەی کە هچ تەعەهودێکیان دابێ، دەیانکوت خۆ ئێمە نەمان کوتوە دەوڵەت بۆ ئێوە دروست دەکەین، ئێستاش ئێمە خەیانەتێکمان بە ئێوە نەکردوە. هەر چۆنێک بێ لە سەر کاغەز ئەوە ناڕاست نییە چونکە ئەوان هیچ وخت ددانیان یانی
recognition ی پێناسەی سیاسییان نەدا بە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمن پێم وایە ئەو هەڵەیە نابێ دووپاتە بێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ پێناسە کردنی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو ئاکترێکی سیاسی کە ئەمریکا تەعەهود دەدا  بە دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەوە دابین بکرێ. بەبێ ئەوە ئەمن پێم وایە هەمیشە ترسی وەی هەیە کە ئیسراییل و ئەمریکا ئەو کاتەی لە بەرژەوەندییان دا بوو یارمەتییان بکەن و هەر وەخت دیتیان کە بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون بڕۆن و ئەو شەڕ و نەهامەتییە بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەجێ بێڵن دوای خۆیان.


قازی: دیارە هێزێکی کوردی، بە کۆنکرێت ناوی بێنین" ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کوردستان، کۆمەڵە"  لەگەڵ ئەو هاوپەیمانی ئەو شەش گرووپە کوردیە نەکەوتووە، لە هەمان کاتدا هێندێک هێزی چەپی دیکە هەن  کە بەیانیان دەرکردووە لەو بارەیەوە. بە تایبەتیش دیارە ئەوان لە چوارچێوەیەکی تەواو ئیدێئۆلۆژیک لەمەڕ ئەمپریالیزم بۆ مەسەلەکە دەچن، بەڵام ئیتیلافێکی ٦ گرووپیش کە لایەنگری سەربەخۆیی کوردستانن ئەوانیش گەیشتوونە یەکتر وپێم وا نییە دژایەتیەکی ئەوتۆ بکەن لەگەڵ هاوپەیمانیی  هێزە سیاسەکانی کوردستانی ئێران. لەو زەمینەیە دا  بەڕێزت پەیامت بۆ ئەو جۆرە گرووپانە چییە؟
مەتین: تا ئەو جێگایە کە دەگەڕێتەوە سەر ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆمەڵە ئەمن پێم وایە خوێندنەوەی وان لە پرسی نەتەوەی کورد زۆر دروست نییە و بۆیەش ئەوان بەو شێوەی دەیبینن کە باستان کرد. پرسی نەتەوەیی و جووڵانە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەکان زاتەن و بینا بە تەعریف هەمیشە دیاردەی ناونەتەوەیین نەک دیاردەیەکی ناوخۆیی، بۆیە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی ئەو حیزبە لە واقیعدا دەیەوێ پرسێکی ناونەتەوەیی لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی نێو ئێراندا چارەسەر بکا کە ئەوەش ئەگەر لایەنی بە ڕاستی چەپی بەهێزی ئێرانی هەبوایەن کە لایەنگریان لەمافی چارەی خۆ نووسینی گەلی کوردستان کردبا ئەوە مەنتقێکی تێدا بوو، بەڵام ئەوەش  نییە لە نەتیجە دا ئەمن پێم وایە ئەو تیۆرییەی ئەمپریالیزم کە لە پشت ئەو هەڵوێستەی ئەوانە لە مێژە کە ڕەد کراوەتەوە هەر لە لایەن خودی مارکسیستەکان خۆیانەوە، نەک لە دەرەوەی مارکسیستەکان.
یانی ئەگەر ئەمپرێالیزم بریتییە لەوەی کە دەوڵەتێک دەسەڵاتی خۆی دادەسەپێنێ بە سەر دەوڵەت و خەڵکێکی دیکە دا، کۆماری ئیسلامی بە هەمان ئەندازە ئەمپریالیستە کە ئەمریکا ئەمپریالیستە. کۆماری ئیسلامی لە سووریا، لە لوبنان، لە عێڕاق لە هەر شوێنێک کە چاوی لێ کەن ‌ەوڵی داوە پڕۆسەی سیاسی بێنێتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. بە بێ نەزەری ئێران دەوڵەت لە عێڕاق ناتوانێ تەشکیل بێ، کاتی خۆی لە سووییەی یارمەتی ئەسەدیان دا،چەند سەدهەزار نەفەر کووژرا، لە لوبنان هەر بەو شێوەیە. بۆیە ئەگەر ئەمریکا ئەمپریالیزمە، ئێرانیش مینی ئەمپریالیزمە مەعلووم نییە لەو نێوە دا بۆ دەبێ ئەو دژایەتییە حەتمەن بچێتە هەمبەر ئەمریکا. با ئەوەش زیاد کەم  یارمەتی وەرگرتن لە هێزی دەرەکی بە مانای ئەوە نییە کە تۆ ئیدێئۆلۆژی ئەو هێزە قەبووڵ دەکەی، تۆ یارمەتییەکی زۆر دیاریکراو بۆ مەبەستی خۆت قەبووڵ دەکەی یانی هەر وەک لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزەکانی سووریای دێمۆکڕاتیک یەپەگە/یەپەژە یارمەتییان لە ئەمریکا وەردەگرت بەڵام پڕۆژەیەکی زۆر زۆر ڕادیکاڵی دژی ئەمپریالیستی و دژی سەرمایەدارییان لە عەرزی واقیعدا دروست کردوە کە کۆنفێدرالیزمی دێمۆکڕاتیک بێ. بۆیە ئەمن پێم وایە ئەو دوو شتە تێکەڵ دەکەن، یارمەتی وەرگرتن بە مانای ئەوە نییە کە تۆ ئیدێئۆلۆژی تەڕەفی موقابیلیش قەبووڵ دەکەی.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور کامڕان مەتین بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا، هیوادارم لە دەرفەتێکی دیکە دا بە زوویی لەسەر بابەتی کۆلۆنیالیزمیش کە باست کرد بەیەکەوە قسە بکەین کاتێکی خۆش.
مەتین: زۆر سپاس بۆ ئێوەش بژین.
قازی: زۆر مەمنوون. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی، ئەم بەرنامەیە ئێوارەی دووشە ٩-ی مارسی ٢٠٢٦ ڕاستەوخۆىە ڕێگای پلاتفۆڕمی تیمس لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو بووەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لێنکەی خوارەوە دا تەماشا بکەن.
https://youtu.be/bDTlmFpQnn0?si=B_tyPGbsHgeipF20

     

 

 









Sunday, April 26, 2026

بەرنامەی ڕاوێژ دووشەمە ٢٠-ی نیسانی ٢٠٢٦، وتوێژ لەگەڵ ڕامیار حوسێنی لێکۆلەرەوەی زمان، فەلسەفەو شارستانییەتی یۆنان، باس و شڕۆڤەی هێندێک چەمکی تیۆری و پڕاتیک

 

بەرنامەی ڕاوێژ دووشەمە ٢٠-ی نیسانی ٢٠٢٦، وتوێژ لەگەڵ ڕامیار حوسێنی لێکۆلەرەوەی زمان، فەلسەفەو شارستانییەتی یۆنان، باس و شڕۆڤەی هێندێک چەمکی تیۆری و پڕاتیک
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی  ئەمجارەماندا میوانداری دەکەین لە بەڕێز ڕامیار حوسێنی لێکۆلەرەوە لە زمان، فەلسەفە و شارستانییەتی یۆنان،لەم بەرنامەیە دا ئێمە باسی هێندێک چەمکی تیۆری و پڕاتیک دەکەین. وەکوو چەمکی تەمامییەتی ئەرزی، ئەوەی کە
" ئێرانییەت " چییە ؟ چلۆناتەتی بەناو کردنی کورد لە ئێران. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز حوسێنی.
ڕامیار حوسێنی: زۆر سپاس
قازی: لەوەڕا دەست پێ بکەین، لەبەر ئەوەی بەڕێزت یەکەم جارە لە بەرنامەی ڕاوێژ دا بەشداری دەکەی و وەکوو لێکۆلەرەوەیەکی زمان، فەلسەفە و شارستانییەتی یۆنان، پێم خۆشە لە سەرەتاوە ئەگەر بە کورتیش بێ هێندێک لەمەڕ ئەو لێکۆڵینەوانەت بدوێی. فەرموو!

حوسێنی: زۆر سپاس بۆ دەعوەتەکەتان پێش هەموو شتێک. ئەوەی ڕاستی بێت من لە شەش حەوت ساڵی ڕابردوو دا خەریکی لێکۆڵینەوە بووم لە سەر بە گشتی دەتوانین بڵێین شارستانییەتی یۆنان، کە دیارە بە شێوەیەکی تایبەتی تر لەسەر فەلسەفە و لە سەر زمانەکەی زیاتر لێکۆڵینەوەم کردوە و بەشێکی ئەگەر کەمێک تایبەتتر باسی بکەم لە سەر چەمکی شێعر [پیسی بە یۆنانی]  و پێوەندی ئەو لەگەڵ پۆلیتیکی یا سیاسەت. هاتووم هێندێک لێکدانەوەم کردوە و کارم کردوە باز ئەو دوو چەمکی سیاسەت و شێعرییەتەش، جوزئیتر  لەسەر دووچەمکی تر وەک سوڕئالیزم و ئانارشیزم  واتە تێزە گشتییەکە ئەوە بوە کە شاعیرەکان یەکەمجار گڕامێر ئەشکێنن، ئەو شێوازە ڕوانینە بۆ زمان ئەشکێنن لە مێشکیان دا، لە نا وشیاریان دا و ئەمە لە مەکتەبی سوڕێالیزم  کە بزووتنەوەیەکی ئەدەبی  سیاسی بوو لە یۆنان لە دەیەکانی ١٩٣٠ بەملایەوە دەستی پێکرد، دیارە رەفیقیش بوون لەگەڵ ئاندرێ برێتۆن و ئەو کەسانەی کە لە فەڕانسەوە بەهەر حاڵ دەستیان پێکرد لە پاریس و لەPlace Blanche   ی پاریس کە کۆ ئەبوونەوە لەوێ ئیدەکانیان هێنا هاتن لە یۆنان لە سەر ئەوە تەشەنەیان دا و کەسێکی زۆر سێنتێری ئەمە ئاندریاس ئاسێبێری کۆچ کە من لەسەر ئەمە کارم کردووە و هەندێ شتیشیم بەکوردی تەرجومە کردووەتەوە، ئەم بۆ خۆی مامۆستای دەروونشیکاری بوو، دەروونشیکار بوە بۆ خۆی و سورێئالیزمیشی هێناوە و من ئەو پێوەندییەم  بەررەسی کردوە کە چۆن ئەمانە دواتر وەکوو بزووتنەوەی سیاسی دەردەکەون و لە بزووتنەوە سیاسییەکەشدا ئەچنە پاڵ کۆمۆنیزم، بەڵام تا کاتێک لە زەمانی ستالین گوشار بۆ سەر نووسەران و ڕۆشنبیر دەست پێ دەکا لە نێو خۆی حیزبی کۆمۆنیست دا، و دیاریشە ئەکسەری مۆدێلە کۆمۆنیستەکان هێندێک لە نێو خۆیان دا توند بوون ئەوان دێن بەرەو ئانارشیزم و منیش لەوێوە دێم کە ئەمانە پێشتر  ڕێئالیزمیان وەکوو ڕاستییەکی ئەدەبی ئەو کاتە شکاندوە بۆیە دواییش نەیانتوانی چوارچێوەی کۆمۆنیزمەکەش قەبووڵ کەن و هاتوونەتە دەرەوە.
بە گشتی ئەوە بەشی سێنتێری کارەکەم بوە لەم لێکۆڵینەوانە و دواتریش هاتوومەتە سەر بەشێک لێکۆڵینەوە لە سەر دوو سێ چەمکی تایبەت وەکوو گەرانەوە بۆ سەر کارەکانی فیلسۆفێکی کۆنی باستان ئەرەستوو و تێکەڵی ئەو لەگەڵ کەسێکی نوێ فیلسۆفێکی هاوچەرخی بە نێو کاستێرۆیادیس، هاتووم لێکۆڵینەوەی ئەوەم کردوە کە پۆلیتیکی ئەبێ بەچی و بۆچی ئەم پۆلیتیکییە لە زمانە ئوڕووپاییەکاندا تەرجومە نەبووەوە، لای خۆمان ئیستا دەیکەن بە سیاسەت بەڵام
قازی: یا ڕامیاری، ڕامیار
حوسێنی: ڕامیاری بەڵێ. [پێدەکەنی] و ئەمە بەشێکە بە ڕاستی لە پۆلیتیکی بەو شێوەیە کە خودی چەمکەکە دێت، دوایی چەمکی دێمۆکڕاسی وئاوتۆنۆمی کە ئەمانە کاسترۆیادیس کاری کردوە لە سەریان و تێزێکی زۆر گەورەی هەیە ئەڵێ لە سەدەی چواری پێش مەسیحەوە دێمۆکڕاسی نەبوە لە هیچ کوێ لە دنیا و ئەوە ئیدیعایەکی گەورە بوو و من کەمێک لەسەر ئەوانە لێکۆڵینەوەم کردوە بە گشتی.
قازی: باسی مەسەلەی زمانت کرد. ئێمە دەزانین لە زمانی یۆنانی دا هێندێک ڕێفۆرمی زمانی کراوە، دەتوانین باسی یۆنانی کۆن و یۆنای تازە بکەین. دەکرێ هێندێک لە سەر ئەوە بدوێی، ئەوەی ئەو گۆڕانە بە چ شێوەیەک بووە، ئایا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە ڕووی تێگەیشتنەوە ئەوە چۆناوچۆنە؟ دەقەکان، ئەو دەقانەی لە کۆنەوە ماون وەچەی ئێستا لێیان تێ دەگا یان لێیان تێ ناگا؟

حوسێنی: یەک شت کە زۆر زۆر جالبە ڕووی داوە لەمەڕ زوانی یۆنانی بەڵام لە هیچ زمانی تردا ڕووی نەداوە ئەویش ئەوەیە هەر لەکۆنەوە تا ئێستا ئەو زمانە نەشکاوە دیالێکتیکی دیکەی لێ دروست بێ وەکوو لاتین کە شکا فەڕانسەیی و ئێسپانیایی لێ دەر هات یان وەکوو بنەماڵە زمانە جێرمەنییەکان کە بشکێتەوە نێو هولەندی و ئەوانە، ئەمە خۆی ڕاگرت و هەر لە کۆنەوە تا ئێستا بە دووسێ دەورە دا تێ پەڕێوە، کە دەڵێین دەورەی کۆن یانی پێش لە مەسیحییەت و پێش ئەوەی کە مەسیحییەت لە ڕێی کلیساوە ببێ بە شتێکی سیاسی، بوونێکی سیاسی.
ئەو دەقانەی ئەو کات لەگەڵ ئێستا بە ڕاستی ناتوانی، ئەگەر نەتخوێندبێت، یانی یۆنانی کۆن ئەگەر فێر نەبی ناتوانی ئێستا لێی تێ بگەی هەرچەند یەک زمانە بەڵام بە گشتی ئەتوانین بڵێین  دوو جار سادە کراوەتەوە وئەمە بە دوو دەستەبەندی گشتی دادەنێن لە دەورانی بیزانس هەتا دەوڵەتی یۆنان دروست دەبێ لە ساڵی ١٨٢١، ئەوەی ڕاستی بێت پێیان ئەوت " کاتارێووسا" ئەو شێوە لە زوانی یۆنانییە کە زۆر لە خەسڵەتە کۆنەکەی ڕاگرتبوو، چ لە باری گرامێرەوە، چ لە باری سینتاکس و جوملەبەندییەوە.
بەڵام دواتر شاعیڕێک بە ناوی " سێفێریس " کە بەقەولێک دەتوانین بڵێین نووری شێخ ساڵح یا مامۆستا گۆرانی ئەدەببیاتی یۆنانی یە کە شێوازێکی نوێی یۆنانی داهێنا و لە خەسڵەتە کلاسیکەکە دەری خست وەکوو شاعیر بەڵام بۆخۆی وەکوو سیاسەتکاریش سەفیر بوو، سەفیری یۆنان بوو لە ئینگلیستان، لە فەڕانسە، بۆیە یەکەم تەرجومەکانی ئیلیۆتیشی کردوە. ئەم بزووتنەوەیەک ڕێک ئەخا پێی ئەڵێن سێفێریست بە ناو خۆی، ئەم بزووتنەوەیە بۆ سادە کردنەوە و ستاندارکردنەوەی زمانی یۆنانی بوو و ئەو کارەی ئەو کردی پێیان ئەوت
 " دێمۆتیکی" کە دژی ئەو" کاتارێووسا" ئەوان ئەیان وت موحافەزەکار بوون ئەیان وت دەبێ زمانەکە پەتی بکەینەوە، ڕای بگرین با هەر لە کۆن بچێ، ئەم وتی نا ئەبێ بە جۆرێک ستانداردی بکەینەوە کە لە زمانی خەڵک بچێ وا ئێستا قسەی پێ دەکەن. و هەر واش ئەوان سەرکەوتن و ئەتوانین بڵێین ئێستا لە ١٩٤٠ بەملایەوە زوانێکیان پێش خستووە کە هەر ئەو جۆرەیە کە لە خیابان قسەی پێ ئەکرێ هەر ئەوەش تەدریس ئەکەن. ئەمە جیایی زۆر هەیە لەگەڵ پێشووەکان، هەندێ شت ڕاگیراوە با بڵێین وەکوو ئیستیلاح لە ڕۆژ دا.
قازی: ئەو ڕێفۆرمە لە ئۆرتۆگرافی، یانی لەخەت و ئەوەشدا کراوە؟
حوسێنی: بیکەن بە لاتین یانی؟
قازی: نا، ئەلفوبێی یۆنانی کە لە کۆنەوە بووە هیچ ئاڵوگۆڕی تێدا کراوە لە نیشانەی دەنگەکاندا؟
حوسێنی: ئەوە باسێکی زۆر تازەی ئێستایە، هێشتا زۆر تازەیە لەیۆنان. هەندێ کەس ئەڵێن ئەبێ سادەی بکەینەوە چون پێنج  / ئی/ یان هەیە ئەم ئیانە هەر یەک دەنگە بەڵام پێنج عەلامەتی جیای هەیە، پێنج کۆدی جیای هەیە. کێشەیەک بۆ ئەوە هەیە کە سادە نەکراوەتەوە. کێشەکە ئەمەیە ئەم ئی یانە، ئۆشیان هەیە، ئۆ میکڕۆن، ئۆمێغا ئەمانە ئەگەر سادە بکرێنەوە هەموویان بکرێن بە یەک ئۆ یا یەک ئی ئیستیدلالەکە ئەوەیە کە ڕیشەی وشەکانمان لێ ئەشێوێ، چون ئەو ئی یانە مانایەکی تایبەت ئەدەن بە ئێستاش، پەیوەستە و ناکرێ سادە بکرێتەوە لەوە زیاتر. بەڵام لە ئاستی تۆن دا، بڵێم حەڕەکەی عەڕەبی، ئەوەیان هێندێکیان لا بردووە بەڵام ئێستا هەر وشەیەک تۆنێک ئەخوات. لەوە زیاتر سادە نەکراوەتەوە.
قازی: ئێستا تەرکیزی لێکۆڵینەوەکەت لە سەر چییە، لەسەر چی چڕ بوویەوە؟
حوسێنی: ئێستا لەسەر وێژمان زیاتر، یانی ئەوەی کە زمان چۆن کاریگەری دائەنێ لە سەر بوونی سیاسیمان لە ئێستا دا بە کورتی.
قازی: زۆر باشە ئێستا بێینە سەر بابەتەکانی دیکەی بەرنامەکەمان ئەویش ئەوەیە هێندێک پێوەندی پەیدادەکاتەوە بە لایەنی فەلسەفی. چەمکێک هەیەلە ئێستای ئێراندا لە هەمبەر کوردەکاندا، ئەو هێزانەی کە غەیری کوردین بە مانای زیاتر ناسیۆنالیزمی ئێرانی لە بەرانبەر کورد دا بەکاری دێنن ئەویش چەمکێکە بە ناوی تەمامییەتی ئەرزی و لەو پێوەندییەش دا وێژمانێک یان دیسکۆرسێک هەیە بە ناوی " ئێران شەهری" کە مێژوویەکەی دەبەنەوە کۆن یانی کاتێک باسی  ئێرانشەهری و ئێرانییەت و شتی وا دەکەن لە زەمانی حازر و ئێستا دا نین لەسەر بنەمای هێندێک نەزەرییە دەیبەنەوە زەمانی ساسانیان و پێشووتر. جا ئەگەر یەک یەک باسی ئەوانە بکەی. یەکەم لە مەڕ تەمامییەتی ئەرزی کە دیارە دەو ساڵانەشدا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو شەڕەی کە لە ئۆکراین هەیە لە نێوان ڕووسیە و ئۆکڕایندا، لە پێوەندی لەگەڵ دوڕگەی کرێمەدا کە لە پێوەندی لەگەڵ قانوونی نێونەتەوەییدا زۆر باسی دەکرێ چونکە زەمانێک بووە سەر بە ڕووسیا بووە ، دوایە لەساڵی ١٩٥٤بە ڕێنوێنی خرۆشچۆف کراوە بە بەشێک لە ئۆکڕاین و ئێستا ئەوە جوێ بۆتەوە و مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەکار هێناوە. یانی ئەو چەمکە لە سەدەی ١٩وە لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و ئەو دەوڵەت نەتەوانەی کە دروست بوون هاتووەتە گۆڕێ. بەڕێزت ئەو تەمامییەتی ئەرزییە لە جوغڕافیای ئێراندا چۆن بە ناو دەکەی؟
حوسێنی: ڕوانگەیەکی گشتی وا هەیە کە من دژی ئەوێستم ئەوەیە کە ئەڵێت هەرچۆنێک بێت ئێستا ئێرانێک هەیە، با ئەمە دێمۆکڕاتیزە بکەین و ئەمە تەواوە ئیتر. بەڵام من پێم وایە ئەمە گەر بنیادەم قووڵتر لێی بڕوانێت تێ ئەگەین کە بە ڕاستی ناکرێ باس لە بنەماکان نەکرێ، ئەم شتانەی کە ئێوە وتتان، باس لەو بنەمایانە نەکرێت و ئێمە بێین بڵێن ئینگار ئێمە هەر دیوکمان هەیە با ئەمە دێمۆکڕاتیزە بکەینەو.
ناکرێتەو، بۆچی بەخاتری ئەوەی کە وێژمانێک هەیە هەر ئەو جۆرەی ئێوە وتتان. ئێرانییەت بۆ من زیاتر وێژمانە. دیارە مەسەلەن کەسانی تر ڕەنگە لە بواری ئابووری سیاسی سەیری بکەن، کەسانی تر لە باری ترەوە سەیری بکەن بەڵام من وەکوو خۆم ئیحساس ئەکەم  وێژمانی ئێرانییەت ئەگەر قسەی لە سەر نەکەین دێمۆکڕاسی ڕوونادا لە ئێران، شایەد ئەمەش ئیدیعایەکی گەورە بێ من ئەیکەم بەڵام  بۆچییەکەی ئێستا ئەچینە سەر ئەوە. لە یۆنانی کۆن دا فەیلەسووفێک هەیە کە کەمتر ناسراوە چون لای خۆمان زیاتر ئەرەستوو یان ئەفلاتوون یا پلاتۆن ناسراون، زیاتر لە سەر ئەوانە کار کراوە بەڵام کەسێک هەیە کە ئەفلاتوون خۆی دیالۆگێکی نووسیوە بە ناوی " دیالۆگی کراتیلۆس". دیالۆگی کراتیلۆس دیالۆگێکە لەو سەبکی دیالۆگانەی کە ئەفلاتوون ئەی نووسی کە هەمێشە لە نێوان کەسانێک بوو لەگەڵ سوقرات دا.
ئەم کابرایە لەوێدا تێزێک دێنێتە گۆڕێ کە ئەمە دواتر حەتتا کەسانی وەکوو فوکۆ و بۆردیۆش دەگەڕێنەوە سەر ئەوە.
باسەکە لە سەر ناوە. ئەڵێ ناو، ناوەرۆک دیاری ئەکات. ئەرەستووش لە شوێنێکا باس ئەکات ئەڵێت ناونان لەتۆ، من چۆن ناوی ئێوە ئەنێم، ئێوە چۆن ناوی من ئەنێن ئەوە ئەبێتە هۆی ئەوەی کە تۆ چۆن من دەرک بکەی و من چۆن تۆ دەرک ئەکەم. یانی من ئا لەئەوێوە ئەیگەڕێنمەوە سەر ئێرانییەتەکە. ئەوەی ڕاستی بێت پێش ئەوەی کاپیتالیزم دروست بێت مەنتقێک هەبوو کە لای خۆمان زۆر درەنگتریش هات، ئەوە بوو کە کیشوەرگوشاییان پێ ئەوت. کیشوەرەکەمان گەورە ئەکردەوە، خاکێکیان ئەگرت ئەچوونە مەنتقەیەکی تر، ئەو مەنتەقەیە لە بەر هێندێک هۆکار، هەمیشەیش چونکە ئیمپراتورییەکان گەورە بوون شتێکی مەرکەزی تا شۆڕشی فەڕانسە بەدوا ئەو سێترالیزمە نەبوو، لە ئێرانیشا لە سەفەوییەوە وردە وردە دەست پێ ئەکات، لە ڕەزاخانا ئیتر تەواو دادەمەزرێ.  شێوازی کارەکە ئەوە بووە ئەچوونە شوێنێک ناوچەیەکیان ئەگرت، لەگەڵ ڕەئیسی ئەو ناوچە؛ ئێستە ئەو ناوچە ناوی خۆی بوو، ناونیشانی خۆی بوو، مێژووی خۆی بوو ئەهاتن معامەلەیەکیان ئەکرد. مەعامەلەکەش ئەوە بوو کە سەرباز و خەڕاج بدەن تەواو. یانی پێوەندییەک نەبوو کە ئێمە ناو لەیەک بنێین، بۆخۆت ناوی خۆت هەبوو، ئیمپڕاتوورییەکە ئەهات مەعامەلەکان ئاوا بوو.
بەڵام دواتر کە ئیدەی دەوڵەت – میللەت دروست ئەبێت ئێمە ڕیوایەت دروست ئەکەین. دەست ئەکەین بە ڕیوایەت دروست کردن و بۆ من ئەوەیە کە گێڕانەوە بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات ئەگەر بابەتەکە ڕاستەوخۆ بێنمەوە سەر ئێران و کوردستان ئەوەیە کە چون کوردستان خوب چوار تیکە کراوە بەو مانایەیە کە چوار بەرخوردی جیاوازیشی  لەگەڵ کراوە لە سێنترەکانەوە، جگە لە نێونەتەوەییش.
جا ئەگەر ئێمە زۆر ورد بینەوە بێینەوە سەر ڕۆژهەڵات و ئێران من پێوەندی ئەو دوانە نەک بۆ هەموو کوردستان، بەڵام پێوەندی ئەو دوانە وەکوو گرینگترین و فەلسەفی ترینی کێشەی کە من دەیبینم کێشەی وێژمانی یە، کێشەی گێڕانەوەیە، چۆن ئێمەیان گێڕاوەتەوە و ئەمە چۆن بوە.
لە نەزەری مندا ئەوەیە قاجار کە تەواو ئەبێت چون ئەو خاکە هەر جیا ئەبۆوە کوتمان مەنتیقەکە ئەوە بوە، هەتا تورکەمەن چای و دواتریش هەر لێی جیا ئەبۆوە. بەڵام لە شوێنێک بەو لاوە ڕەزا خان دێتەسەر کار ئەوەی ماوەتەوە لە ١٩٣٥ بەو لا لە پێرژیاوە ئەیگۆڕن بۆ ئێران. من ئا لێرە ئەوێستم و ئیحساس ئەکەم ئێرە بۆ ئێمە زۆر گرینگە، لەبەر ئەوەی ئێران وشەیەکی خونسا یا بێلایەن نییە. ئێران وشەیەکە ئەگەر بگەڕێینەوە دواوە ئەمە ئیرجاعێک بوە بە بەستێنێکی گەورەی جوغڕافیایی
ئەم بەستێنە گەورە جوغرافیاییە ناوی ئێران بوە، لەو مانایە دا هەموو کەس ئەتوانێ لە هیندەوە تاکوو تورکیا هەموو ئێرانی بێ. بەڵام ئەمان هاتن ئەمەیان دابەزاندە سەر خاکێکی مۆدێڕن. یانی کێشەکە ئەوەیە کە تەمامییەتی ئەرزی وەکوو هەنجارێکی مۆدێڕن سەیر ناکرێ، لەم گێڕانەوەی ئێرانشەهرییەکە دا هاتوە لینکێکی داوە لە ئاریا و ئەمانەوە هەتاکوو ئێستا. ئینگار ئەم دەوڵەت میللەتە وا دروست کراوە، ئەم تەواوییەتی ئەرزییە ئینگار تەبیعییە، هەر لە ئەوەڵەوە وا بوە. بەڵام ئەمە بەڕاستی دوورە لە ڕاستی وەختێک سەیری ئەکەین وە بۆ من ئەمە چی کراوە لەم گێڕانەوەیە دا هاتوە هێندێک مێژووی هاوتەریبی خۆی لەگەڵ فارسا، لەگەڵ خەڵکی ترا کە لەم ناوچەیەدا ژیاون لەو جوغرافیایە دا بوون هاتوە مێژووی سەربەخۆی ئەوانی کۆمپرێس کردوەتە ناو مێژوویەکی واحیدەوە بە ناو ئێرانییەت.
قازی: با لێرە ئیستێک بگرین، لێرە دا دوو پرس دێتە گۆڕێ یەک ئەوەی کە بەڕێزت ئەوت بەستەوە بە چوارچێوەی ئەو جوغرافیایەی کە ئێستا پێی دەڵێن ئێران و مەسەلەی کورد. ئایا کورد بوون بە مانای ئەو ئاگاهی و جیا لەویدیکەی ئێستایە یا لەو زەمانی دا کە ئەو پڕۆسەیە بووە، یانی دەوڵەت نەتەوە خەریکی چێ بوون بووە لە ناوچە دا ئەو ئاگاهییە لە نێو ئەو بەشە کوردە دا هەبوە وەکوو کورد؟ مەبەستم ئەوەیە ئەوە چۆن شی دەکرێتەوە ئایا بە مێعیار و پێوەری ئێستا شی دەکرێتەوە یان بە بۆچوونی بەڕێزت ئەوە لە تاریخدا ئاوا هەبووە بەڵام لەبەر وەی باڵانسی هێز بە لای دیکەدا شکاوەتەوە، تەمامییەتی ئەرزی و هێشتنەوەی کورد لەو چوارچێوەیە دا بە دوور لە داوخوازی خۆی بووە؟
حوسێنی: نەزەری من ئەوەیە کە ئێرانییەت وەکوو وێژمانێک هاتوە بە سێ لایەن نەهادسازی کردوە، گێڕانەوەی دروست کردوە ئەم گێڕانەوەش دواتر دەروونی بۆتەوە. پێشتر وا نەبوە خانی لە قەڕنی حەڤدە بەر لە شوڕشی فەڕانسەش باسی وڵاتی کوردستانی کردوە ئەو جۆرەی کە ئێستا ئەزانین بەو مۆدێلەی ئەو وەختەی خۆی. بەڵام من پێم وا نییە کە ئەمە تەبیعی بوە. نموونەش هەیە لە مێژوو دا ئەگەر بنیادەم سەیری بکات. من پرسیارێک دەکەم، پرسیارەکە بە سەروسەکوت سادە بە نەزەر دەگات بەڵام ئەوەی کە ئەگەر ئێمە ئێرانی بووین، لە مانای ئەو چوارچێوەیە دا، لەو چوارچێوەی تەواوییەتی ئەرزییە دا، بۆچی ئەم بزووتنەوە کوردییە ناوێستێت؟ بۆ چی بو وێنە کەسێک وەکوو قازیی محەمەد کۆمارێک دروست ئەکات کە خەریکە هەستییەکی سیاسی موستەقیل کە پێشتر کۆمپرێس کراوە لە ناو ئێرانییەکە خەریکە کۆمار ڕائەگەینێ و ئەمە تازەیە، و هێشتا سەد ساڵیشی بەسەر دا نەچوە، هەشتا ساڵە. ئەمە چی بوو دروستە نەهادەکە دروست کرا بوو وەکوو ئێران، بەڵام گوفتمانەکەی هێشتا لە ڕێی نەهادەکانییەوە دەروونی نەببۆوە، کەوا بوو دیارە ئەمە بە زۆری کراوە. ئەم تەواوییەتی ئەرزی یە، و ئەمەش مۆدێلێک بوو،چونکوو ئەوانی تریش ئەڵێن هەموو جیهان وا بوە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە بە نیسبەت کورد چونکوو نەتەوەیەکی فرە چەشن و بەربڵاو و گەورە بوە و چوار تیکە کراوە ئەم ڕاستییە زۆر سەختە دابشارێت. جیاوازییەک کە من دای ئەنێم لە بەینی تورکییە و ئێران ئەوە بوو کە تورکییە ڕاستوخۆ وتی نیت. لە ئێران ئەمە مانووپیلە کرا، ئەمە هات گوتارێکی ئاوای دروست کرد کە ئەمە تەمامییەتی ئەرزییە بۆیە تەقەدوسیشی پێ ئەدا. چونکوو ئەگەر ئێمە قەبووڵی بکەین، ددان بەوە دا بێنین کورد نەتەوەیە، بەلووچ نەتەوەیە، فارس نەتەوەیە، نازانم تورک نەتەوەیە، خودی نەتەوەی ئێرانەکە کۆلاپس ئەکات، بە قەول تێک ئەشکێت وەکوو وێژمانێک کە ئەمان سەد ساڵە پووڵی تێدا خەرج ئەکەن.
قازی: بەشێک لە پرسیارەکەت جواب نەداوە ئەویش ئەوە بوو پرسیم ئەو دەمی ئەو کوردە کە ئاوا دابەش بوە، لە زەمانی ئیمپڕاتوورییەکانیشدا، بەشێکی لە ئیمپڕاتووری پرشیا بووە، بەشێکیشی لە ئیمپراتووری عوسمانی. ئایا بۆ خۆی ئەو دەمی هەستی بە جیایی خۆی کردووە یان نا، مەبەستم ئەوەیە یانی هەستی پێ کردووە کە کوردستانی عوسمانی بەشێکە لە کوردستانی سەفەوی یا بە پێچەوانە؟ پێت وایە ئەو هەستە هەبوە؟
حوسێنی: لە ئاستی ڕۆشنبیراندا وەکوو خانی و ئەوان بووە، بەڵام لەو ئاستە ئەو کاتە نەبوە چونکوو ئەساسەن هێشتا ئیدەی دەوڵەت نەتەوە نەبووە، چون ئێمە نەتەوەمان لەگەڵ دەوڵەت – نەتەوە نابێ لێ تێک بچێ. ئەوە نەبێت کە مەسەلەن بڵێین ئەو وەختە دەوڵەتی کوردی وەکوو ئیدە لە ئاستی ڕۆشنبیرێک وەکوو ئەحمەدی خانی دا بوە پێشنیارەکەشی ئەوەیە ئەوە دوو کوردستانن جیابوونەتەوە بۆ ئێمەش شایەک دروست نەکەین بە مۆدێلی ئەو وەختە. شایەکمان ببێ و بیگرین و تەواو کوردستان یانی ئیدەکە بوە لە ئاستی ڕۆشنبیران دا.
بەڵام ئەو وەختە شوناسگەلێکی تر گرینگ بوە. زیاتر دینەکە گرینگ بوە و لە تەواو دنیاش دا وا بوە. یانی وردە وردە ئەمە دەست پێ ئەکا شتێکی نوێ یە دەوڵەت – میللەت. بەڵام لە ئێران دەوڵەت – میللەتەکە کێشەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت – میللەتێک بە ناو ئێران ئەوە هەنجارێکی مۆدێڕنە، دروست کراوە وەکوو ئەوە وایە کە من ئەڵێم مەسەلەن سمکۆی شکاک، سمایل ئاغای شکاک تەواوی ئێرانی بگرتبایە ناوی نابا کوردستان و ئەو وەختە فارسی بکردایە بە کورد بە زۆر وە ئێستا جەماعەتی فارس بیان وتیایە خۆتۆ ناوی هەمووت ناوە کوردستان خۆ من ناتوانم غەیرەز ئەوە بم. یانی ئەوان هاتوون ئەوەڵ چوارچێوەکەیان دیاریی کردوە و دوای ئەم چوارچێوەیە دیسان کۆدگوزارییان کردۆتەوە. یانی ئەوەی کەسێک کە نەتەوە بوو نیشانەکانیشی دیار بوو هەتا ١٩٤٥، ١٩٤٦ داوای وڵاتی سەربەخۆی خۆی دەکرد حەتتا لە ناو ڕۆژهەڵات و ئێرانییەتەکەشدا. ئەمە تەبدیل بوە، باز کۆدگوزاری کراوە بە کەمینەیەکی کولتووری.
یانی وەختێک کەمینەی کولتووری بین ئاستی بوونی سیاسییەکەمان دا ئەبەزێت. چون ئەبین بە کەمینەیەکی سروشتی ئینگار هەمیشە ئێمە کەمینە بووین و نەتەوەیەک هەیە بە ناوی ئێران کە ئێمە کەمینەکەیین. بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستی.
قازی: ئا بەڵام دیارە کەمینەبوونیش بۆ خۆی جێگای مشتومڕ و موناقەشەیە بەڕاستی. یانی لایەنەکەی دیکە مومکینە ئەتۆی پێ کەم بێ بەڵام ئەتۆ بۆخۆت زۆری. وای دەبینی بەڕێزت؟
حوسێنی: دەقیقەن. چونکوو ئەوەش وتمان ئەگەر کورد و تورک وعەڕەب و بەلووچ و مازەندەرانی و گیلەک ئەمانە هەموو کەمینەن ئەی زۆرینەکە کێیە؟ زۆرینەکە بە نەزەری من وێژمانی ئێرانییەتە کە ئەسڵەن وجوودی نییە، لێرە دا بەحسەکە زیاتر مێژوویی فەلسەفییە تا بە ژمارە بێ، بە ژمارە حەسابی بکەین. و ئەمە ناکۆکیش دروست ئەکا مەسەلەن من بۆخۆم هەمێشە ددان بەوە دا دێنم کە کوردستان چوار تیکەیە، دەبێ چوارجاریش تەماشای کەی بەڵام  ئەگەر یەکجار تەماشای ئەکەی کورمانجی زمان وەکوو ئەکسەرییەتی ناو کورد وان، بەڵام لە نێو ڕۆژهەڵات کەمینەن بە نیسبەت کوردەکانی تر. دیارە ئەم سنوورانە تازەن.
قازی: ئەگەر وای حیساب بکەی دیارە  ئەو گرووپە زمانییەش دە نێو خۆیدا ئەگەر بە نیسبەت گرووپێکی زمانی دیکە لە باری تێعدادەوە کەمتر بێ، بەڵام لە نێو خۆیدا هەر زۆرایەتییە. یانی ئەوە جێگای موناقەشەیە.
حوسێنی: چونکە ئەو کەمینە بوونەکەیان بۆ ئەوەی ئێرانییەتەکە نەشێوێ دروست کردووە. شتێکی تر کە کردوویانە ئەوەیە لە وەختی خۆیدا کاتێک ئەمارەتە کوردییەکان لە شەڕی بەینی عوسمانی و سەفەوی دا بەشدارییان ئەکرد لە ناو ڕیوایەتی ئێرانی دا وەکوو مەرزبانی باش ئیستفادەیان لێ کردوون. بەڵام لە مێژووی فەرمی دا ئەسڵەن لە هیچ کوێیەک دا ناڵێ کە زمانێک بوە بە ناو کوردی، شێعری کوردی بوە، ئەمارەتی کوردیمان بوە، ئەوانە خۆسەری خۆیان بوە، ئەمانە باس ناکات. تەنێ لە شوێنێکدا  ئەو ڕەوتە تەبیعییە وا دروستی کردوە لە ئیڕانییەت و بەکار دێت دێ ئەیانکاتە قارەمانانی مەرز.
قازی: دیارە لە هێندێک وڵات لە پێوەندی لەگەڵ دروست بوونی دەوڵەت – نەتەوە بۆ وێنە لە وڵاتانی ئوڕووپایی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێندێک جیاوازی هەیە بۆ وێنە  هەر لەم وڵاتەی بێلژیکدا سێ چوار نەتەوەی تێدایە بەڵام  لە شێوەی بەڕێوەبردنی ڕا سەڕە ڕای ئەوەی کە سیستمەکە پادشایی یە، فێدێڕاڵییە، دیارە لەوێش خەبات کراوە و دەشێ نەتەوەیەک  لە نەتەوەیەکی دیکە باڵادەستتر بووبێ، بەڵام لە قۆناغی ئێستا دا  کابرای شارومەند هەست بە زۆرداریی زمانی ناکا لەسەر خۆی چونکوو زمانەکە ئازادە، پاڕڵمانی خۆی هەیە و بەزمانی خۆی زانکۆی هەیە. لەوانەیە کێشەی دیکە هەبێ وەکوو کێشەی ئابووری و ناوچەیەک لە ناوچەیەکی دیکە دەوڵەمەندتر بێ. بەڵام وەک باست کرد لە جێگایەکی وەکوو ئێران ئایا ئەو پێوەرە نێونەتەوەییانە دەکرێ بەسەریدا تەتبیق بکرێ؟
حوسێنی: نا ئەو موقایەسە کردنانە زۆر زەحمەتە چونکوو ئەگەر ئێمە حەتتا بڵێین کەمینەین، ئەوەش قەبووڵ کەین؛ کە من قەبووڵم نییە ، دیسان دەچینە سەربەحسێکی تر کە من ئەو بەحسەم هێشتا پێ هەر ئەوەیە کە هەر لە ئەوەڵەوە گوتم دژی دەبمەوە. جیاوازییەکە ئەوەیە فەڕانسە هات ئەیالەتی بریتۆنی گرت کە زمانەکەیان لاتینیش نییە ئەوێی گرت ناوی نا کەمینەی فەڕانسەیی چون پێشتر وڵاتەکەی دیاری کرد بوو وەک مەرزەکەی، بەڵام دواتر وەک فەڕانسەییەک مافەکانی پێ دا وەکوو کەمینە نەیهێشتەوە. لە ئێران ئەوەش نەکراوە. یانی تۆی کردوە بە کەمینە، دوورە لە ڕاستی، لە ئاستی دووەمیش دا وەکوو کەمینەیەکیش لەگەڵتدا بەرخوردی نەکردوە. هەوڵی داوە لە لایەکەوە ئینتگرەیەکی ناقیست بکا، بە زمانی فارسی بە زۆر کە کردوویە بە زمانی مەشڕووعیەت، تۆ ئەوەش فێرئەبی تێکەڵیش ئەبی، ئەچی بەڵام هەتا ئاستێکە. بەڵام میسالێک بوو کەسێک دەیهێناوە دەیگوت دە لە سەد موسوڵمانی سوننی مان هەیە، وەختێک لە قانوون ئەساسییەکە نووسراوە کە سەرۆک کۆمار هەر دەبێ شیعە بێ ئەوە یانی تۆ هەر لە هەوەڵەوە خەڵکەکەت لەیەک دابڕیوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئینتیزاریان هەیە کە ئێمە لە چوارچێوەی ئێرانییەتەکەدا ئێمە خۆمان هەر وا قەبووڵ بکەین. بەڵام بەنەزەرم ئەوە کێشەی ئەو کۆدگوزاری یانەیە، بۆچی مەسەلەن باس لە نەتەوەی فارس ناکەن ؛ کەمینەس، زۆرینەس، ماجەرای چییە؟ بۆیە ئەو فیلسۆفەی باسم کرد کراتیلۆس  زۆر جوان ئەو کاتە باسی کردوە کە ناو، ناوەرۆک و ئەوەی کە چۆن سەیرت ئەکەن دیاری ئەکات.
قازی: بەڵام لەبەر ئەوەی کە بە زۆر یان هەر شێوەیەک ئەو دەسەڵاتە دامەزرا بێ، سەرەرای ئەوەی کە ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشێکی جەماوەری کرا و دواتر ئیسلامی سیاسی بەسەری دا زاڵ بوو، بەڵام کە دۆخ دەگاتە هێرشی دەرەوەیی و قەومانی شەڕ دیسان ئەو ئێرانییەت و ورووژاندنی هەستی ناسیۆنالیستی دێتەوە ڕوو بۆ وێنە دەبینی لە شەڕی دوازدە ڕۆژەی ساڵی ڕابردوو و لەو شەڕەی دوایی پەلاماری ئەمریکا و ئیسراییل بۆ سەر جمهووری ئیسلامی دیسان مەسەلەی ئێرانییەت زاڵ دەبێ بەسەر لایەنی دینی دا و دێتەوە گۆڕێ.
حوسێنی: ئەوە بەحسێکی جالبە ، ئەچێتەوە سەر بەحسی بە دەروونی بوونinternalization  بۆچی لەبەر ئەوەی کە، بۆیە وێنەی قازیی محەمەد و ئەوانیشم هێناوە ئەوان ئەو وەختە لەو فکرە دا نەبوون، ئێرانییەت لە جێدا بۆیان گرینگ نەبوە. بە قەولێ لە ١٩٦٧ هێندێک گەردش گەری ئوڕووپایی بە کابرای سیمنانی دەڵێن هاتووین بۆ ئێران کابرای سیمنانی هەر نازانێ، کورد هەر هیچ، نازانێ ئێران لە کوێیە. یانی سیمنانییەکە بۆ خۆی نازانێ ئێران کوێیە. دەروونی بوونەکە ئەوەیە کە  وەختێک ئێمە نەهادمان دروست کرد، گێڕانەوەیەکمان دروست کرد لە ڕێگەی مەدرەسە و ئامووزش و خوێندنگە و لە زانکۆ و لە تەواوی جیهەتەکانە و لە ژیانی ڕۆژانە دا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە کەم کەم ئەو باوەڕە دەروونی بێتەوە وەکوو شتێکی تەبیعی نیشان بدرێت و وەکوو میساڵ ئاوای لێ دێت بە تایبەت دوای ١٩٩٠کان لە ئێران هێندێک لە منداڵە کوردەکان دەستیان بەوە کرد کە فارسی فێری دایکوباوکی خۆیان بکەن، چون ئینگار ئیدی لە ڕووی دەروونییەوە قەبووڵیان کرد بوو کە ئەمەیە ئیتر خوێندەواری و سەواد یانی زمانی فارسی، مەشڕووعییەتە ئەبێ ئەوە فێر بی، ئەم دەروونی کردنەوەیە شتێکی تر ساز دەکا چون دەروونی کراوە باوەڕمان پێ کردوە چونکە نەیانهێشتوە هیچ وەخت وێژمانێکی تر بێت  ڕیوایەتێکی ترت بۆ باس بکا.
بۆیە شتێکی تریش لە بەرانبەری دا دروستە وەختێک ڕۆژئاوا پێش دێت لە باکوور، و باشوور و ڕۆژهەڵاتیشەوە ئەچن ئەوەش بەحسێکی تر ئەگەر وا بێ ئەم کوردە وەکوو نەتەوەیەک یا نەتەوەی کوردە یا نەتەوەی ئێرانییە ناتوانێ هەر دووکی پێکەوە بێ چونکوو ناکۆکی هەیە ئەوەیە بۆ من بابەتەکە.

قازی: زۆر باشە ئێستا بگەینە سەر بابەتێکی دیکە ئەویش ئەوەیە کە دەزانین ماوەیەک لەمەو پێش یەکگرتنی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان ئەو جووری بۆخۆیان دەڵێن کوردستانی ئێران، یەکگرتنی ئەو شەش لایەنە جۆرە هەیەجان و خۆشییەکی دروست کردووە سەرەڕای ئەوەی کە شەڕ هەیە و نەهامەتییەکانی و ئەو پەلامارە مووشەکی و دڕۆنییانەی کە دەکرێتە سەر باشووری کوردستان، سەڕەرای ئەوانە ئەو یەکگرتن و هاوپەیمانییە لە ناو هێزە سیاسییەکاندا لە زۆر لایەنەوە هەم لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە لایەن ڕووناکبیرانی کوردەوە پێشوازی لێکراوە و ئەوە بە دەسکەوتێکی باش نرخێندرا و دەبێ حەولی پتەوتر کردنی بدرێ و خەڵکی دیکەش، بە تایبەتی ئەوانەی کە سەر بە پارتییەکان نین و لە کۆمەڵگەی مەدەنی دا هەن بێنە ناو و یارمەتی بە پێشبردنی بدەن. چەنابت ئەوە چۆن دەبینێ و پێت وایە ئەرکەکانی ئەو هاوپەیمانییەی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران چییە لە قۆناغی ئێستا دا؟
حوسێنی: من لە پێشدا ئەوە بڵێم کە هاوپەیمانیی شتێکی نوێیە لە لای ئێمە، لە ڕۆژهەڵات وگرینگییەکەشی ئەوەیە کە هەموویان هێزی ئیدێئۆلۆژیکن و بە پێی ئیدێئۆلۆژی تایبەتی خۆیان سەیری کوردستان ئەکەن. بەڵام ئێستا یەکیان گرتووە و ئەمنیش پێم وایە روویکەردەکەمان بە نیسبەت ئەو هاوپەیمانییە ڕوویکەردێکی با بڵێین ئەرێنی بێت و ئێستا نەک ئەوەی ڕەخنە لە حیزبەکان نەگرین؛ هەمیشە ئەبێ ڕێکخراوێک بەردەوام هاوتەریب ڕەخنەی لێ بگیرێ، بەڵام هاوتەریب کە ڕەخنە ئەگرین ڕەخنەکانمان ئەرێنی بێت و ڕێکاری ئەوتۆشمان هەبێ کە ئەو هاو پەیمانییە بەهێزتر بکرێت. ئەوەی ڕاستی بێت دروستکردنی حیزب لەگەڵ دروستکردنی هاوپەیمانی بۆ من جیاوازییەکی سەرەکییان هەیە ئەویش ئەوەیە ئێمە بۆ ئەوەی هاوپەیمان بین پێویست ناکا ئیدێئۆلۆژی و سیاسەت وەکوو یەک ببینین. وەک ئەوەی کە چرچیل و ستالین دادەنیشن پێکەوە  ڕوو بە هیتلێر ئیتیلاف ئەکەن. کە وا بوو لە هاوپەیمانیدا پێویست ناکا من لە ئێوە دا بتوێمەوە، ئێوە لە هێزی مندا بتوێنەوە. پێویست بەوەیە کە ئێمە هێندێک مینیمۆم مان هەیە لەسەر ئەم مینمۆمانە ئێمە هاودەنگین چونکە هەموو شت ئەگرێتەوە.
بەنەزری من بۆ ئەو هاوپەیمانییە من ئەمەم جارێکی تر لە شوێنێکی تر دا گوتووە کە ئەوەی ڕاستی بێت ئەم هاوپەیمانییە نوێنەرایەتی هەموو ڕۆژهەڵات ناکات و ئەمە با وا نەنێت کە ڕۆژهەڵات ببێ بۆ ئەوان، بە پێچەوانە بێت حیزبەکان بۆ ڕۆژهەڵات بن. بۆ ئەوەیش چونکە ئەمان هەنگاوی یەکەمین هەڵگرتوە و ئەم هەنگاوە زۆر گرینگە کە شەش حیزب بە ئیدێئۆلۆژی جیاوازەوە هاتوون هاوپەیمانییەکیان دروست کردوە. ئەو هاوپەیمانییە ئەبێ بەربڵاو بێتەوە ئەویش یانی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان؛ ئەم هاوپەیمانییە ئەبێ خۆی داوای بکات، بێن مولحەق بن بەم هاوپەیمانییە و ئێمە ڕێکار و مێکانیزممان دەوێ. ئێمە بۆ ئەو هاوپەیمانییە تەنیا مێکانیزمی کاتیشمان دەوێت بۆ ئەبەد نییە ئەو هاوپەیمانییە. ئەو هاوپەیمانییە ئەو جۆرەی لە هاوپەیمانی من تێ دەگەم  هاوپەیمانی ئەوەیە کە ئێمە لەسەر یەک مینیمۆم  بۆ هەدەفێکی کورت ماوە کار ئەکەین پێکەوە و مێکانیزمێکی کاتیش دیاری دەکەین لەبەر ئەوەی کێشە دروست نەبێت.
قازی: باشە ئەو مینیمۆمانە، ئەو لانی کەمانە، لانی کەمی گشتی کە پێت وایە ئەو هێزانەی کە ئێستا لە هاوپەیمانی دان و دەتوانن لەسەری یەکبگرن و لە ڕووی ئیدێئۆلۆژییەوە جیاوازی ناخاتە نێویان چییە، ئەو داوخوازانە چییە؟
حوسێنی: من پێم وایە هەر ئیدێئۆلۆژییەکمان هەبێ لە  کوردستان لە سەر سێ شت بە گشتی ئێمە دەتوانیبن هاودەنگ بین. کە ئەم سێ شتە بپارێزن، یەکێکە زمانە کوردییەکانە.
قازی: کاتێک دەڵێی زمانە کوردییەکان مەبەستت ئەوەیە کە کورد چەندین زمانی هەیە یان  چۆنە وا دەڵێی؟
حوسێنی: بەڵام من باوەڕم بە چەمکی دیالێکت و زمان و جیاوازییەکانی نییە من پێم وایە زیاتر مەسەلە ئەوەیە کە هەموویان زمانن و زمانی کوردین. بۆیە من چەمکی زمانە کوردیەکانم  پێ دروستترە چونکە سۆرانی هەر ئەوەندە زمانە، ئینگلیسی هەر ئەوەندە زمانە، هەورامیش هەر ئەوەندە زمانە کە ئینگلیسی زمانە، دەمێنتەوە بەحسەکەی کە چەندی پووڵی تێدا خەرج دەکەی.
قازی: باشە ئەگەر بێین و خوردی کەیەنەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دیارە هێندێک زانای زمانزان کاریان لەسەر ئەو بابەتە کردووە. ئەمساڵ بەردەستەکتێبێک بڵاو دەبێتەوە کە تێیدا جوان دیاری کراوە و زانایەکی نەخشەی زمانی هەیە یارمەتی کردووە و تەسبیت کراوە کە لە کام ناوچانە بە شێوەزارەکوردییەکان قسە دەکرێ، لە چوار ئوستانی ئەوەی دە ڕەسمییەت دا ئازەربایجانی ڕۆژئاوا یان ورمێ یە، سنە، کرماشان، ئیلام ، لە لورستان و هەر وەها لە هەمەدان و لە خۆراسان و باکووری ئێرانیش کوردیی ئاخێو هەیە. پێت وایە دەبێ ئەوانە کۆنکرێت بکرێ و هاوپەیمانی لەسەر ئەوانە یەک بگرێ، چون هەر چۆنێک بێ ڕەنگە تێندێنسی وا هەبێ و لە ناو حیزبە سیاسییەکانیشدا ڕەنگ بداتەوە کە بڵێن نەخێر ئەوە سۆرانی هەیە و بە سۆرانی دەنووسرێ و تەواو ئەوە چۆن شی دەکەیەوە؟
حوسێنی: من پێم وایە ئەوە لە درێژماوە کێشە دروست ئەکا چونکە گەورەترین کێشەیەک کە زمانە کوردییەکان بوویانە لە هەمبەر خەڵکی تر دا، زمانێکی تر هاتوە فرە چەشنییەکەی لە بەین بردوە یا هەوڵی داوە لە بەینی بەرێ، لە بەین نەچوە. من پێم وایە وەختێک ئەڵێین زمانە کوردییەکان ئەم ناوەندی هاوپەیمانییە لە جیاتی ئەوەی کە؛ چون یەک ڕەخنەی گەورەیان کە لەو کارنامەی دوو مانگە دا پێ واریدە، ئەوەی ڕاستی بێ بیڵێم قەید ناکا ئەوەیە کە زۆر جار وەکوو هاوپەیمانی هەڵسوکەوت ناکەن و ئەگەر بۆنەیەک بێ بە تاک و بەتاک ئەچن و من پێم وایە وەختێک بە تاک بچیت کەمینەیەکی ئێرانیت، بەڵام ئەگەر بە ناوی هاوپەیمانی بچیت وەک نەتەوەی ڕۆژهەڵات ئەچی.
قازی: دیارە شتێک بڵێم لێرە بۆ ئەوەی کە زەینی بینەرانیش لەگەڵمان بێ ئەویش ئەوە بوو حەوتوویەک لەوە پێش لە پارڵمانی ئوڕووپا لەبروکسێل دوو کۆبوونەوە هەبوو، دیارە دەعوەت کرا بوو لە چەند هێزی سیاسی کوردیی ڕۆژهەڵات و لە یەکێک لەو کۆبوونەوانە دا کە کاک مستەفای هیجری قسەی کرد وەکوو بەرپرسی یەکەمی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە بەشێک لە قسەکانیدا گوتی کە ئەمن بە ناوی هاوپەیمانیش  قسە دەکەم. یانی ئەو شتانەش هەیە تا ڕادەیەک.
حوسێنی: زۆر چاکە، من مەبەستم کۆنگرەکەی " برای آزادی ایران" لە لەندەن بوو. بەڵام وەکوو ناوەندی هاوپەیمانی وەکوو نەتەوەی ڕۆژهەڵات ئەوە دواتریش کێشەکانی تریش چارەسەر دەکا ئەگەر ئێمە وەک نەتەوە سەیری شتەکان بکەین. مەسەلەن ئێستا بەرنامەی ناوەندی هاوپەیمانی لە سەر زمانەکان ئەوە بوایە کە بیر لەوە بکەنەوە، میکانیزم دابڕێژن بۆ ئەوەی کە ئەم زمانانە لە کوردستان بپارێرێن چونکوو دوای ئەو هەموو هێرشە  کە کراوە لە سەری، هێرشی زمانی خۆی پاراستوە. زمانێک وەکوو هەورامی لە ڕۆژهەڵات ئەگەر تەماشای کەین چون ڕۆژهەڵات بۆ خۆی فرە چەشنە، ئەو فرە چەشنییە دەبێ ڕابگیردرێت، سۆرانی، کەلهوڕی، هەورامی، کورمانجی و لەکیش، ئەم پێنجانە من دەبینم شایەد ئیتریش هەبێ ئەبێ بەرنامەیان بێ لە نێو داوخوازییەکانیان بێ لە تاران لە کاتی خۆیدا ئەگەر لازم بێت. ئەوەی کە چوویتە ناوچەی هەورامان منداڵەکان ئەبێ بە هەورامی دەرس بخوێنن. 
قازی: ئەوە نوختەیەکە کە پێت وایە ئەو هێزانەی ناو هاوپەیمانی دەتوانن لەسەری یەک بگرن و بە پڕاتیکش، بە کردەوەش کاری بۆ بکەن. لایەنی دیکە چی؟
حوسێنی: دوای ئەوە ئەویتریان جەستەیە، یانی جەستە وەکوو تێخوێندنەوەیەکی فێمینیستیش، ئەوەی کە جەستەی ژنان و منداڵان و کوییرەکان بە تایبەت  پەلکە زێڕینە نەک هەر ئەوەی بپارێزرێن، ئەوان بۆ خۆیان خۆیان ئەپارێزن، بەڵام ئەبێ ببن لە ناو ئەو هاوپەیمانییە کە دەنگیان ببیسرێت. وە ئەمە وەکوو مرۆڤی کورد.
سییەمەکەشی ژینگە.
قازی: تکایە ئەوە هێندێک شی کەوە، بۆ وێنە لە چوارچێوەی ئەو پارتییە سیاسییەنەدا لە ناو لایەنگران و ئەندامانی ئەو پارتییە سیاسییانە دا ژن هەیە و ئەوانە هەموو هەیە بەڵام ڕەنگە ئەتۆ مەبەستت ئەوە بێ کە هێزێکی فێمێنیستی تایبەتی بێ و ئەویش ببێ بە بەشێک لە هاوپەیمانی؟ مەبەستت چییە؟
حوسێنی: مەبەستم ئەوەیە کە وەختێک ئەڵێم جەستە کە باسەکانی ئیدیئۆلۆژیک ناکاتەوە، زمان و جەستەیە تا ئێستا، ئەوەیە بلۆکێکی تر کە زیاد ئەبێت؛ چونکە من ئەوەم پێشتر نەوت گەرەکمە ئەوە کامڵ کەم کە ئەو ناوەندی هاوپەیمانییە دەبێ خۆی بەربڵاو بکاتەوە. ئەم بەربڵاوکردنەوە، یەک لەو شتانەی کە دەبێ بیپارێزێ زمانە، ئەویتر جەستەیە. ئەم جەستەیە ئەمەیە کە ئێمە ئەبێ بلۆکێکی سەربەخۆمان ببێت کە ئەم بلۆکی سەربەخۆیە وەکوو بلۆکی بابڵێین ژنان و پەلکە زێرێنە دێتە ناو هاوپەیمانییەکە، ئەتوانێ لەو کەسانە پێک بێ کە لە حیزبەکان دان و ئەندامی حیزبەکانن ئەوان دروستی بکەن و ئەوە ڕێگا دەکاتەوە بۆ ئەوانەش کە ئەندامی حیزب نین بێنە ناو ئەو بلۆکە و ئەوان بۆ خۆیان لە هەموو بڕیارەکاندا ببن چونکە هەر بڕیارێک بدەین بەهەرحاڵ جەستەشی بەر ئەکەوێت. ئەگەر قەرار بێ پێشنیارقانوونێک بنووسین، هەر پێشنیارێک بدەین  بۆ داهاتووی ئێران کە کورد دەبێ چی بکا ئەبێ ئەو مافانەشی تێدا بێ هەر ئەو جۆرەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوا خەریکن لە دیمیشق بەحسی یەپەژە دەکەن و مەسەلەی ژنان بەحس ئەکەن. ئەبێ بناسرێت نەک وەک شتێکی گشتی ئەبێ زۆر تایبەت و بە وردی لەسەری بڕۆن ئەوە خۆیان لە نێو دا ببن و نەزەریان ببێ و ئەمەش کاری ناوەندی هاوپەیمانییە کە بەربڵاوی بکاتەوە و بانگیان بکا بێن.  
قازی:لایەنی دیکە
حوسێنی:لایەنی دیکە ژینگەیە بۆ من،ژینگە یان خاکەکە، ئەوەی کە زرێبار خراپ نەبێ چووزانم وە ئەوانە مەفاهیمێکی ئیدێئۆلۆژیک نین کە باری  ئیدێئۆلۆژیکیان هەیە بەڵام مەفاهیمی ئیدێئۆلۆژیک نین  وەکوو خۆیان. هەموو کوردێک ناوچەکەی خۆی و شار و دێهاتەکەی خۆی خۆش ئەوێ ئەگەر ناوەندی هاوپەیمانی بێت داوا بکا لە خەڵک  کە هەموو بێن لە بلۆکی جیاواز جیاواز  پەیوەست بن و تەنانەت ناوەکەشی بگۆڕن بیکەن بە ناوەندی هاوپەیمانی ڕۆژهەڵات و ئەم ناوەندی هاوپەیمانی ڕۆژهەڵاتە وەکوو  بلۆکێکی نەتەوەیی بچێت  ئەم داواکاری ئەم شتانە بکات لەگەڵ تاران،لەگەڵ ئازەربایجان، لەگەڵ هەر هێزێکدا کە قەرارە قسەبکا یان دیپڵۆماسی بکا  پێم وایە ئەبێت هێندێک بلۆکی تری پێ زیاد بێت و ئەم بلۆکانە لە چوارچێوەی حیزبی دێتە دەرەوە بەو مەعنا نییە کە  حیزبەکان ئەبێ هەڵشێونەوە، ئەمە بەو مانایە کە  حیزبەکانیش هەر کامێکیان ئەبن بە دەنگێک. ئەمە هێندێک مێکانیزمی کاتییە ، بە بێ ئەوەی کە بەحسی ئیدێئۆلۆژیک بێتە ناوی ،بەحسی زوانە و جەستەیە و خاکە بۆ من وەکوو شتی گشتی.
قازی: بۆ ئەوەی ئەو شتانە لە باری کردەییەوە بکرێن نەک هەر باری نەزەری، ئەو میکانیزمەی کە دەبێ ئەو هاوکارییە لەگەڵ دەرەوەی خۆی بکرێ بە چ شێوەیەک دەبێ؟
حوسێنی: لە  ڕووی میکانیزمی کردەوەییەوە من ئەتوانم پێشنیارێک بدەم ، پێشنیارەکەش ئەوەیە ئەم ناوەندە کاتێک  توانی خۆی بەربڵاو بکاتەوە  و خەڵکی تریش بێنە ناوی  ئەتوانێ لە پێنج کۆمیتەی گشتیدا  خەڵکەکە ڕێک بخا، یەکێکیان کۆمیتەی ماڵی بێت،بۆ کاروباری ماڵی، پێشنیارێک بدەم شایەد بە شۆخی بیگرن، سندووقێکی پارەمان هەیە ئەم سندووقی پارەیە  ئەتوانێت هەر لە کۆنسێرتی هونەرمەندە کوردەکانەوە کۆڵێک پارە  بێتە ناوی کە لە کاتی خۆیدا، هەر ئێستاش پێویستە  پارە بچێتە نێو ڕۆژهەڵات بۆ یارمەتی خەڵک  بۆ پاراستنی ئەو شتانە وا وتمان.
کۆمیتەیەکی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ دروست کات  کە ببێ بە زمانحاڵی ئەم ناوەندە  و بە زمانە جیاوازەکانیش لەگەڵ خەڵک قسە بکا.کۆمیتەکەی تر ئەتوانین بڵێین با کۆمیتەی دیپڵۆماسی بێت کە ئەم کۆمیتە دیپڵۆماسییە ئەتوانێت لە ئاستی هێزە کوردییەکانی تری کوردستان  وەکوو یارمەتی و بەک ئاپ سەیریان بکات، لەگەڵیان نزیک بێتەوە لەگەڵیان قسە بکات، شتی زۆر تایبەتیان لێ داوا بکات  و موشەخەس و موعەیەن. کۆمیتەیەکی  تر  ئەتوانێ کۆمیتەی بەڕێوەبەری بێت کە دوایی وەختێک بەربڵاو بوەوە و بوو بە ناوەندێکی گەورە  بەشێک لەم ئەفرادە ئەتوانن ببنە بەشی بەڕێوەبەری ئەم کۆمیتەیە.بەم شێوە ئەکرێ مێکانیزمی کاتی دروست بکرێت   ئەگەر خواستەکەی ببێت، دروستکردنی مێکانیزمی کاتی بەڕاستی ئاسانترین بارەکەیەتی لە باری کردەییەوە بە نەزەرم.
 
کێشەکە ئەوەیە کە لە باری فەلسەفییەوە نایکەین پێی نەگەیشتووین چونکە وەک کەمینە تەماشای خۆمان دەکەین و ئەمن پێم وایە ئەگەر وەکوو نەتەوە نەچینە دەوری مێز  بە کەمینە قسەمان لە سەر دەکەن.

قازی:ئەمن پرسیارم نەماوە فەرموو ئەگەر پەیامێکت ماوە.
 حوسێنی:هەر ئەوە ئەڵێم یان نەتەوەی ئێرانمان قەبووڵە یان  ئەڵێین ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەییە، ئەگەر وڵاتێکی فرە نەتەوەییە، یەک لەو نەتەوانە نەتەوەی کوردە و باش وایە نەک  بە تاک و پەرەرەوازە بەڵکوو وەک بلۆکێکی نەتەوەیی بچێتە دەوری مێز کە ببێ بە  ئیلهامێکیش بۆ بلۆکی ئوستانی عەڕەبستان،ببێ بە بلۆکێک بۆ بەلووچستان،ببێ بە بلۆکێک بۆ ئازەربایجان کە ئەوانیش فێر بن  و ئە بەم شێوە  ئەو لامەرکەزییە کە نزیکترین و ئاسانترین شتە بۆ  ئایەندەی ئێران ئەتوانێ ڕوو بدا، بەڵام کورد توانایی ئەوەی هەیە چون ڕێکخراوە هێزی سەربازی هەیە  ئەتوانێ ئەو نموونە دروست بکات وەکوو بلۆکێکی نەتەوەیی  بچێتە دەوری مێز نەک وەکوو  فەردێکی ئێرانی، کەمینەیەکی نازانم کولتووری، قەومی و زمانی.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز   ڕامیار حوشینی بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
حوسێنی: زۆر سپاس بۆ ئێوەش
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ئەمجارەی بەرنامەکەمان، تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەو بەرنامەیە ئێوارەی دووشەمە ٢٠-ی ئاوریل ی ٢٠٢٦  ڕاستەوڕاست بڵاو کراوەتەوە. دەکڕێ بە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە ڤیدێئۆی بەرنامەکە لە کاناڵی یوتیوبی ڕاوێژ دا ببینن.
https://youtu.be/HfR_1uP1ZBU?si=X_frcjlgBcEYRBja