Thursday, December 28, 2023

Friday, December 15, 2023

Thursday, December 14, 2023

وتوێژی کریستیان ئەمانپوور لەگەڵ کاربەدەستی دەست لەکار کێشاوەی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا چاش پۆل لەبەر ناڕەزایەتی لەسیاسەتی ئەمڕیکا لە ئاست ئیسراییل و غەزە.

وتوێژی کریستیان ئەمانپوور لەگەڵ کاربەدەستی دەست لەکار کێشاوەی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا جاش پۆل لەبەر ناڕەزایەتی لەسیاسەتی ئەمڕیکا لە ئاست ئیسراییل و غەزە.
تێلێڤیزیۆنی سی ئێن ئێن،  ٥-ی دیسامبری ٢٠٢٣


کریستیان ئەمانپوور: دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چ نفووزێکی هەیە لە کاتێکدا ئیسراییل حەول دەدا تۆڵەی کوشتوبڕی ١٢٠٠ ئینسان بکاتەوە لە ٧-ی ئۆکتۆبر، و لابردنی حەماس لە دەسەڵات لە غەزە. یەکەم میوانی ئەمشەومان جاش پۆل دەستی لە کار کێشایەوە لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە ڕاست دوای ٧-ی ئۆکتۆبر بە ئیعتراز بەوەی کە ئەو ناوی نا دانی چەک  لە لایەن ئەمریکاوە بە ئیسراییل بە بێ ئەوەی کۆنتڕۆڵێکی بەسەرەوە بێ. لە نامەی دەست لە کارکێشانەوەی دا ئەو دەڵێ وڵامدانەوەی ئیسراییل و پشتیوانی ئەمریکا لە ئیسراییل " تەنێ دەگاتە ڕەنجی قووڵتر بۆ هەر دووک لای گەلانی ئیسراییل و فەلەستین و بە قازانجی درێژخایەنی ئەمریکا نییە". جاش پۆل ئێستا لیرە لەگەڵمانە. بەخێر بێی بۆ ئەم بەرنامەیە.
جاش پۆل: زۆر سپاستان دەکەم بۆ بانگهێشتنی من بۆ ئەم بەرنامەیە.
کریستیان ئەمانپوور: ئەمن واقم وڕما بەوەی وەزیری کاروباری بەرگری ئەمریکا گوتی، ئەوە لێکدانەوەیەکی زۆر زەقی عەسکەرییە کە کووژرانی ئەو ژمارە کووژراوە مەدەنییە نەک ئەوەی دەگاتە ئەو تڕاژێدییەی کە ئێستا دنیا شاهیدێتی بەڵکوو لە ڕووی ستڕاتێژییەوە وشەی " شکان" ی بەکار هێنا. تکایە پێم بڵێ ئەتۆ قسەکانی چۆن لێک دەدەیەوە؟
جاش پۆل: ئەمن پێم وایە ئەو ڕاست دەکا. ئەمن پێم وایە ئەوەی دەیبینین گرژییەکە لە نێوان ئێمەمانانی کە لە بواری عەسکەری و سیاسی دا کارمان کردووە لە سەر ئەرز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دەزگای بەرگری دا  لە خزمەتەعەسکەرییەکان دا کە لەوە تێ دەگەن کە ئەوە هەڵناسووڕێ و ناگاتە ئەو ئاکامەی کە ئیسراییل دەیەوێ. تەنیا ڕەنج و مەینەتی هەم ئیسراییل و هەم گەلی فەلەستین بۆ وەچەیەکی دیکەش درێژ دەکاتەوە. ئەوە دژی ڕوانگەیەکی سیاسی یە کە لە ئاستی سیاسی دا لە ئەمریکا، لە ئیسراییل و لە بریتانیا لێی دەڕواندرێ، پێیان وایە ئەوە کار دەکا و هەڵدەسووڕێ، ئەوە کار ناکا و ئەو ڕەنج و مەینەتەی لە سەر ئەرزی واقع دیتوومانە و دەیبینین لە ڕاستییدا ئەوە دەنوێنێ. ئەمن بە پێی ئەزموونی خۆم قەتم هەڵپسانێکی ئاوا نەدیوە لە نێوان نرخ و بەهاکانمان و کردەوەکانمان دا، و لە نێوان ڕوانگەی ڕێبەرایەتی سیاسیمان و واقعییەتەکان لە سەر ئەرزی واقع دا.
کریستیان ئەمانپوور: دەتوانم لێت پرسم ئەتۆ لە کوێ و چۆن ئەو هێڵە دەکێشی کە گۆڕانێک ساز کا، ئەوە یەکەم جار نییە کە ئیسراییل شەڕی حەماس دەکا لە غەزە. و ئەوە یەکەم جاریش نییە کە ناڕەزایەتییەکی ئاوا بەربڵاو لە دنیا دا ڕوو دەدا. چی وات لێ دەکا کە بڵێی ئەو جار ئەوەندە جیاوازە کە ئەتۆی وا لێ کردووە کە دەست لە کار بکێشییەوە؟
جاش پۆل: چەند هۆکار لە گۆڕێ دا بوون. یەکەم زەمینە و درێژەی ئەو کێشەیەیە. ئێستا ئەوە دوومانگ لەم کێشەیە ڕادەبرێ و ئێمە شاهید بووین کە سێ ئەوەندە منداڵ مردوون، ٦٠٠٠ منداڵ لە غەزە،لە بەراوەرد لەگەڵ شەڕی دوو ساڵ بە دژی ئوکڕاین. ئێمە شاهیدی کووژرانی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژنامەنووس بووین، زیاتر لە ١٠٠ کرێکاری یارمەتیدەری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و زیاتر لە ٢٠٠ کەسی پرۆفێسیۆنێلی دەرمانی. دەزانی ئەوە چەند گرانە کە مرۆڤ لە غەزە دوکتورێک بێ؟
کریستیان ئەمانپوور: ئێمە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لەوان هەڤپەیڤینمان کردووە سەبارەت بە وەزعی وێ.
جان پۆڵ: داوێنی خەسار و گیان لە دەست دان زۆر دڵتەزێنە و هەڵبەت دەوری من لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە دەسەلمێنی ئەو هەموو چەکەی ڕاگوێزراوە و ئێستا دەگاتە ئیسراییل و رێی ئەو کوشتارانە خۆش دەکا.
کریستیان ئەمانپوور: ئەوە سیاسەتی ئەمریکایە. ئەوە ڕاگوێستن و ناردنی چەک بە شێوەی قاچاغ نییە. سیاسەتی ئەمریکایە هەر دوو پارتی گەورە لەگەڵی ڕێکن و بە دەیان ساڵ پێڕەوی کراوە. ئیسراییل بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریکایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. و ئەمریکا زۆربەی یارمەتی بە ئیسراییل لە جیهاندا دابین دەکا و هەر وەها بە میسریش، بەڵام بەگشتی زۆربەی ئەو یارمەتییە بە ئیسراییل دەکا. چ شتێک بووەتە هۆی ئەوە ئەوەندە لە نزیکەوە لێی بکۆڵدرێتەوە، ئەو جیاوازیە چییە  ئەتۆی وا لێکرد بە ئاشکرا دەست لە کار بکێشییەوە؟
جاش پۆل: سەبارەت بە ڕاگوێستنی چەک بۆ ئیسراییل من پێشتریش قسەم کردووە، لەوانە لەگەڵ ئیسراییلیش. هەمیشە دەرفەتی گفتوگۆ هەبووە لەو بارەیەوە و دیبەیت کراوە. مرۆڤ دەتوانی نیگەرانییەکانی خۆی بهێنێتە گۆڕێ گەلۆ ئەو چەکانە چۆن بەکار دەهێندرێن. ئایا ئێمە دڵنیاین کە قانوونی شەڕ، قانوونی پرۆپۆرشنالیتی ڕێزیان لێ دەگیرێ یان نا؟ ئایا ئێمە نیگەرانیمان هەیە سەبارەت بەو یەکانەی کە ڕەنگە ئەو چەکانەیان بکەوێتە دەستی و کارنامەیان چییە؟ ئەوەی ئەم جارە جیاوازە ئەوەیە کە هیچ قسەلەسەر کردنێک نەبوو، هیچ فەزا و دەرفەتێک بۆ قسە کردن لەو بارەیەوە نەبوو، بە شێوەی سەرەکی ئەوە بوو دەروازەی چەک دەرخستن کرایەوە و ئێستاش هەر ئاوایە. دوو ڕۆژ لەمەو بەر ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ نووسی کە ئەمریکا هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠٠  بۆمبی ناردووە بۆ ئیسراییل و چەندین هەزار سکەیتی ڕێنوێن (گایدن کیتس) و ٤٥٠٠٠ ڕاکێتی تۆپخانە. کە وابوو دەرگا کرایەوە و بە دڵنیاییەوە ئەمن تەشویق دەکا ئەوە ببیسم کە جێگری سەرۆک کۆمار هاریس بڵێ، ئەوەی وەزیری بەرگری ئاستن گوتوویەتی کە هەتا ئەو پرێسکانە بە کراوەیی بمێننەوە، گەلۆ ئیسراییل ئەو وشداری دانانە چەندە بە جیدی دەگرێ.
کریستیان ئەمانپوور: بۆم هەیە وڵامی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لە وڵامی دەست لە کار کێشانەوەی تۆ بخوێنمەوە: بە گشتی دەڵی لەگەڵ ئەوەیە کە مووچەرخۆران بیروڕای جیاوازیان هەبێ، هەڵبەت شتێک کە بۆ ئێمە هەموومان سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە کاناڵێکی ڕەسمی دژایەتی و ناڕەزایەتی هەیە لە وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە دا کە ڕێگا دەدا بە خەڵک کە نیگەرانی و پەشێویی خۆیان دەرببڕن لە مێژووی شەڕی ڤییەتنامەوە. وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە ئاوا دەڵێ سەبارەت بە تۆ " لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕەخنە تایبەتییەیدا کە کراوە، ئێمە بە ئاشکرایی ڕامانگەیاندووە  ئێمە بە توندی پشتیوانی دەکەین لە مافی ئیسراییل بۆ بەرگری کردن لە خۆی. و ئێمە بەردەوام دەبین لە دانی یارمەتی ئەمنییەتی  کە ئەوان حەوجێیان پێیەتی بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بکەن." بەڵام سەرۆک کۆمار و وەزیری کارو باری دەرەوە بە ڕوونی لەو بارەیەوە هەڵوێستیان دەربڕیوە  کە ئێمە چاوەڕوانیمان لە ئیسراییل ئەوەیە کەهەموو قانوونە نێونەتەوەییەکان لەبەر چاو بگرێ لە کاتێکدا بەرگری لە خۆی دەکا. ئیسراییل دەلێ بەهەموو توانایی خۆیەوە ئەوە دەکا.
جاش پۆل: ئەمن پێم وایە ئێمە هەموومان بەرپرسیارەتی ئەوەمان لە سەر شانە کە شەرێکێکی گەورەترین لەو پێوەندییە دا ئامۆژگاری بدەین، ڕێنوێنی بکەین، موداخەلە بکەین کاتێک شتەکان بە دروستی هەڵناسووڕێن و کاتێک دەڵێین ئێمە بەرپرسیارەتیمان هەیە یان بەرعۆدەییمان هەیە کە بەرگری لە ئیسراییل بکەین و پشتیوانی لە ئەمنییەتی ئیسراییل بکەین ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ چاو لەهەلومەرجەکە لە سەر ئەرزی واقع بکەین و بڵێین ئایا بە ڕاستی ئەوە دەکرێ. ئایا لەبەر یارمەتی ئێمە ئیسراییل زیاتر ئەمنییەتی پارێزراوە؟ و یان کۆمەگی عەسکەری ئێمە کارێکی وای کردووە کە ئیسراییل بەردەوام بێ لە سەر پەرەپێدانی ماڵدانەران لە قەراغی ڕۆژئاوا؟ ، و درێژەدان بە ئابڵۆقە دانی غەزە و هەڵگرتنی هەنگاوی ئەوتۆی کە لەبەرژەوەندی ئەمنییەتی خۆی دا نییە، لە جیاتی حەول دان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەموولایەنە.
کریستیان ئەمانپوور: وەک دەزانی ئیدارەی ئەمریکا باوەڕەکانی، جا چ بە ئاشکرایی بیدرکێنێ یان لە پشت دەرگای داخراوە ڕا کە تەنیا ڕێگای بۆ ئەوەی، لە پێشدا ئەوە شتێکی شاراوە نییە کە عیشق و سەفایەکی ئەوتۆ لە نێوان سەرۆک بایدن و سەرۆکوەزیر نەتەنیاهوو دا نەبوو بەر لەمە، سەبارەت بە تێکڕووخاندنی ( ئەوە قسەی منە) سیستمی دێمۆکڕاتیک لە ئیسراییل لە ژێر پەردەی گۆیا ڕێفۆرم لە دەزگای قەزایی دا. سەرۆک بایدن تەنانەت نەتەنیاهۆی بانگهێشتنیش نەکرد بۆ کۆشکی سپی، ئەوە قەت ڕووی نەداوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوان لە سەر ئەو باوەڕەن بۆ ئەوەی شوێن لە سەر سیاسەتی ئیسراییل دابنێن و بیخەنە ڕەورەوی پێواژۆی ئاشتییەوە ئەوان دەبێ باوەش لە ئیسراییل وەربێنن، بەرگری لە ئیسراییل بکەن، پشتیوانی لە ئیسراییل بکەن بۆ ئەوەی بتوانن باوەری خەڵکی ئیسراییل وەدەست بێنن. بۆ ئەوەی ئەو دەمی بتوانن بە ڕوونی قسە لەگەڵ حکوومەتی ئیسراییل بکەن. ئێمە ئەوەمان لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما دا بینی. خەڵکی ئیسراییل پشتیوانیان لە ئیدارەی ئۆباما نەکرد، چونکە لەو باوەڕە دابوون ئۆباما پشتیوانییان لێ ناکا.
جاش پۆل: یەکەم من دەپرسم گەلۆ ئەم باوەش پێداکردنە دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەگەیێنێتە ئەو کارەساتەی ئێستا لە غەزە دەقەومێ. کارەساتێکی سیاسەتی دەروەیی بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دنیای عەڕەب و لە بەشی باشووری کورەی زەوی دا. ئێمە وەک دوو ڕوو وەبەرچاو دێین لە لایەکەوە کاتێک ڕەخنە لە ڕووسیا دەگرین بۆ پێشیل کردنی مافی مرۆڤ بەڵام لەمەر ئیسراییل ئەوە ناکەین. و بۆیە لەمەر باوەش پێداکردنمان، من پێم وایە ئێمە دەبێ دیقەت بکەین لەو باوەش پێداکردنە دا چونکە ئێمەش دەکێشێتە ناو خۆی. دووهەم، هەڵبەت ئێمە قۆزی ئاوامان بە دەستەوەیە کە دەکرێ لەو باوەش پێداکرنەدا بەکاری بێنین. ئەمن پێشنیاری ئەوە ناکەم کە ئەمریکا لە ئیسراییل دوور کەوێتەوە و نزیکی نەبێ. ئەمن هەر ئەوەندە دەڵێم، لەبەر ئەوەی ئێمە چەک دەدەین بە ئیسراییل و لەبەر ئەوەی کە ئێمە بە بیلیۆنان دۆڵار لە دراوی ماڵیات دەران هەموو ساڵێ وەک یارمەتی دەدەین بە ئیسراییل، بە شوێنێک کە لە ڕاستیدا وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئێمە قۆزێکی زۆرمان بە دەستەوەیە کە بتوانین ئەمنییەتی ئیسراییل بپارێزین و پالپشتی دیپڵۆماتیکی بین  لە ناوچە دا و ئەوە یارمەتی داوە بە یەکانگیربوونی. ئێمە زۆر قۆزمان بەدەستەوەیە لێرە دا بۆ ئەوەی ئێسراییل بخەینە سەر ڕێپێڵگەیەی باشتر و کۆتایی بێنین بەو کوشتارە بێ مانایە لە غەزە. ئێمە ئەم قۆزانە بەکار ناهێنین.
کریستیان ئەمانپوور: ئەوەی لە ٧-ی ئۆکتۆبر لە ئیسراییل ڕووی دا، کردەوەیەکی بەربەریانە بوو، وەحشییانە و دڕندانە بوو . ئێمە چیرۆکی وەسەرپەڕین و وەسەپەڕینی بە کۆمەڵمان بیستووە ئی منداڵان، کە لەبەر چاوی دایکوباوکیان کووژراون. ئێمە دەزانین کە چ بەسەر زیاتر لە ٢٥٠ کەس هاتووە کە بە بارمتە گیراون، لەوانە منداڵی سەر پشتی لانک. چون گەلێک دەتوانێ لەوەی تێ پەڕێنێ،نازانم چ وشەیەک بەکار بێنم،  وشەی دروست چییە. چۆن دەکرێ کارێکی وا بکری کە هەست بکا پشتیوانی  لێدەکرێ بۆ ئەوەی ئەوەی ئێستا لە غەزە ڕوودەدا نەقەومێ، پیاوماقووڵانی بەساڵ داچوو کە کۆمەڵێک سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیری پێشوون و کاربەدەستانی پێشووی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانن هەر ئێستا داخویانییەکیان بڵاو کردووەتەوە و ڕاگوێستنی چەک دەبەنە ژێر پرسیار و باسی ئەو هەڵسوکەوتە نا ئینسانییە دەکەن کە لە غەزە دەقەومێ کە گەیشتووەتە ئاستێکی کە شیاوی تەحەمول نییە.
جاش پۆل: من پێم وایە ئەوەی ٧-ی ئۆکتۆبر قەوما کارەسەتێکی ڕەها بوو وەک هەزاران کارەساتی دیکە. ئەمن لەو باوەڕە دام ئێمە ئەو کارەساتانەی دیکەش مەحکووم بکەین. ئێمە دەبێ ئەو کارەساتانەش مەحکووم بکەین کە هەموو ڕۆژێ بەسەر فەلەستینییەکان دێ لە قەراغی ڕۆژئاوا. تۆ باسی توندوتیژی جینسیت کرد. ئەمن ئەندامی هەیئەتێکی لێکۆڵینەوە بووم سەبارەت بەو چەکانەی کە دەچنە ئیسراییل و دەزگایەکی چاکەکاری بە ناوی " بەرگری لە منداڵان، فەلەستین ئینترناشناڵ " لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا سەرنجی ئێمەی ڕاکێشا بۆ هێرشی جینسی لە ڕاستیدا وەسەرپەڕینی کوڕێکی ١٣ ساڵە لە زیندانێکی ئیسراییلی دا، لە مزگەوتێک لە ئورشەلیم. ئێمە ئەو ئیدیعایانەمان تاقی کردەوە. گەیشتینە ئەو ئاکامەی کە ئەوانە ڕاست بوون. ئێمە ئەوەمان لەگەڵ حکوومەتی ئیسراییل هێنا گۆڕێ و دەزانی چ ڕووی دا ڕۆژی دواتر؟ هێزی ئەمنییەتی ئیسراییل چوونە ئیدارەی ئەو ڕێکخراوەیە و هەموو کامپیوتێرەکانیان لا برد و ئەو ڕێکخراوە چاکەخوازیەیان وەک تێڕۆڕیستی ڕاگەیاند. ئەمن پێم وایە ئەوەگرینگە کە کارەسات بەسەر هیچ کەس نەیە ، نە تووندوتیژی جینسی و نەهیچ جۆرە توندوتیژییەک بەدژی مافی مرۆڤ.ئێمە لەگەڵ هەلومەرجێک بەرەوڕووین کە زۆر شت لەلایەنە ئینسانییەکەی دادەماڵدرێ. خەڵک بۆ ئەو نرخ و بەهایەی هەیانە نابیندرێن و پێم وایە ئەوە ڕاستە چ بۆ ئەوانەی لە کیبووتسەکان هێرشیان دەکرێتە سەری و یان ئەوانەی کە لە غەزە لە ماڵەکانیان دا هێرشیان دەکرێتە سەری یان لە قەراغی ڕۆژئاوا. ئەوەی ئێمە پێداویستیمان پێیەتی ئەوەیە ئینسان بخەینە چەقی ناوەند وئەوانەی کە لەو کێشەیە دا ڕەنجێکی زۆر دەچێژن و دەکێشن.
کریستیان ئەمانپوور: ئایا ئەتۆ پێت وایە بۆ ئەوەی جۆرەیەک چارەسەری ئاشتییانە هەبێ کە ئەوە قەت جارێکی دیکە نەقەومێ حەماس دەبێ دەستەڵاتی لێ بستێندرێ و نەهێڵدرێ؟
جاش پۆل: گەلۆ بێ کەلک کردنی حەماس چۆن هەڵدەسووڕێ؟ وڵام ئەوەیە بە ڕێگای چارەسەرییەکی سیاسی مانا و درێژخایەن دا کە زەمینە بۆ ساز بوونی دەوڵەتێکی فەلەستینی پێک بێنێ، نەک پێواژۆیەک کە بەڵێنی ساز بوونی دەوڵەتێکی وا دەدا بەڵام قەت وەدی ناهێنێ. ئەتۆ دەکرێ حەماس بێ کەلک بکەی بە ڕێگای نیشان دان بە گەلی فەلەستین کە ئەگەر ئەوان بیانەوێ سەرکەون ئەوە بە ڕێگای پێواژۆیەکی سیاسی دایە نەک خۆڕاگرییەکی بە زەبر و زەنگ. تا ئەو کاتەی ئەو پێواژۆ سیاسییە هەڵنەسووڕێ، مرۆڤ ناتوانێ خۆڕاگری فەلەستین تێک بشکێنێ.  

Wednesday, December 13, 2023

خوێندنەوەی پەیامی یای مۆژگان ئیفتیخاری دایکی ژینا ئەمینی بۆ پارڵمانی ئوڕووپا لەلایەن بەڕێز ساڵح نیکبەخت پاڕێزەری بنەماڵەی ئەمینی بە بۆنەی دانی خەڵاتی ئەندێشەی ئازاد ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی ستراسبورگ، فەڕانسە، بینای پارڵمانی ئوڕووپا، سێشەمە ١٢-ی دیسامبری ٢٠٢٣



خوێندنەوەی پەیامی یای مۆژگان  ئیفتیخاری دایکی ژینا ئەمینی بۆ پارڵمانی ئوڕووپا لەلایەن بەڕێز ساڵح
نیکبەخت پاڕێزەری بنەماڵەی ئەمینی بە بۆنەی دانی خەڵاتی ئەندێشەی ئازاد ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی و
شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی
ستراسبورگ، فەڕانسە، بینای پارڵمانی ئوڕووپا، سێشەمە ١٢-ی دیسامبری ٢٠٢٣

سەرۆکایەتی بەڕێزی پارڵمان، یەکێتیی ئوڕووپا!
نوێنەرانی زیاتر لە شەش سەد و پەنجا میلیۆن نەفەر خەڵکی جیهان!
یایان، ئاغایان!
 لەوەی کە من بەختەوەرم وەکوو پارێزەری بنەماڵە مەهسا ژینا ئەمینی  لەم شانۆیەی پارڵمان دا  پەیامی دایکی ژینا بخوێنمەوە کە لە هەمان حاڵ دا پەیامی بنەماڵەکەشیانە بۆ من جێی شانازییە و هیوادار بووم یای موژگان ئەمینی دایکی بۆ خۆی یان خانمێک ئەو پەیامەی خوێندباوە چونکە ئاخێزی خەڵکی ئێران لە ساڵی ڕابردوو دا و لەو ڕۆژەوە کە ژینا/ مەهسا گیرا لە لایەن ژنانەوە دەستی پێکرد و لە لایەن ژنانەوە ڕێبەرایەتی کرا و پیاوانیش هاوڕێیەتی ژنانیان کرد و ئاکامەکەی ئەوە بوو کە ئێوە دیوتانە و لە سەرتاسەری جیهاندا دروشمی ژن ژیان ئازادی کە خەڵکی کوردستان لە سەرەتاوە بە زمانی خۆیان ئەو دروشمەیان دەربڕی هەموو شانۆی جیهانی گرتەوە و لەهەموو جێیەکی وڵاتی ئێمە ئێران و لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی دەنگی دایەوە.
ئەمن ئەم پەیامە لە لایەن دایکێکی زگ سووتاو دەخوێنمەوە کە سەرتاپای ناوەرۆکی بریتییە لە هەست، عێشق و دڵپێوەبوونی دایکێک بە کچەکەی کە بە قسەی خۆی و بە قسەی خانمی مێتسۆلا
 ژنێکی جوان، بە نرخ بوو و وە دوای داوخوازی زۆر بەرز کەوتبوو بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی و ئەویش کاری پژیشکییە. بۆیە من لە سەرەتاکە تێ دەپەڕم و لەوەی کە بەشێک لە پەیامی خانمی موژگان ئەمینی بە زمانی کوردییە و وەرگێر نییە لەم پارڵمانە، ئەوە جێی داخە و هیوادارم  ڕۆژێک وەرگێڕان بە زمانی کوردیش وەکوو زمانەکانی دیکە لێرە هەبێ.
اندر دل من درون و بیرون همە اوست
اندر تن من جان و رگ و خون همە اوست
اینجای چگونە کفر و ایمان گنجد
بی چون باشد وجود من چون همە اوست
بەو دەمت کە بۆنی سەد بەهاری لێوە دێ
بۆنی دەستی بەختیاری و باوەشی چیای بەدەستی با،
بە گوڵ چناوی لێوە دێ
بۆنی سەر سەکۆی بەکاگڵی، بە ئاو پژاوی لێوە دێ
خۆشەویستەکەم لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەڵێڵەوە
چاوم لە دیمەنی کچی بەیانی یە
بە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی خیزە وردەکانی کانی یە



یایان، ئاغایان!
 پێم خۆش بوو لە کۆڕی بەنرخی ئێوە دا ئامادە بم، تا لە نزیکەوە و بە نوێنەرایەتی هەموو ژنانی نیشتمانەکەم لە ئێوە  پێشکێشکارانی خەڵاتی بە نرخی ساخارۆڤ، خەڵاتی ڕەمزی ئازادەیی پارڵمانی ئوڕووپا پێزانینی خۆم دەرببڕم. بەداخەوە بە پێچەوانەی هەموو ڕێوشوێنە قانوونی و مرۆڤییەکان نکووڵی ئەم دەرفەتەیان لە ئێمە کرد. پارێزەری ئێمە ئاغای ساڵح نیکبەخت لەگەڵ خانم دوکتور سوهەیلا قادری بە نوێنەرایەتی ئێمە لە کۆڕی ئێوە دا ئامادە دەبن تا پەیامی من بە ئێوە بگەیێنن.  ئێمە لێرەین ( یانی ئێمە لە فەڕانسەین، خۆی هەست بەوە دەکا لێرە بێ)، تا لە شوێنی لە دایکبوونی ژاندارک ڕێز لە ژینا بگرین و چەند جوان  و پڕمانایە بەیەک گەیشتنەوەی ئەو كچانە، ئەو کچانەی ئیلهامبەخشی مێژوو لە دڕێژایی ساڵ و سەدان دا. ئەوانەی کە بە مەرگی خۆیان سنوورەکانی نیشتمانیان تێ پەڕاند و دیسان گیانیان وەبەر ئیرادەی ڕزگاری و ئازادیی ئینسانەکان هێناوە. ژینا ژین/ زیندەگی دەنمێنێ واتە زێندەگی و زێندەگانی دەنمێنێ. هەر ئەوەی کە ناوی بوو بە ڕەمزی ڕزگاری و خەونی ئازادی لە شوێنی لە دایکبوونیەوە کوردستان بە گشت ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دا بڵاو کردەوە و بە میلیۆنان ژن و مرۆڤی ستەملێکراوی بە هێوای فڕین بە ئاسۆی بێ پایانی ڕزگاریدا وە جووڵە خست. مەزلوومانە گیانیان لێ ئەستاند و لە خەیاڵی خۆیان دا پێیان وا بوو بە ئەستاندنی گیان لە قالب لە بوون و دیسان بوون دەوەستێ. وەکوو ژاندارک لە تەسەوری پووچی زۆرداران دا، بە سووتاندنی قالبی، خەونەکانیشی دەبنە دووکەڵ و بەهەوا دا دەچن. وەکوو ئینسانێکی گەورە گوتوویەتی ئەوان ناتوانن، نازانن و هێشتاش نازانن کە لە خۆڵەمێشی ژاندارک و ژینا وەک قوقنووس ڕوحێک دەزێ لە داگیرکردن ناشێ و دەبێتە ئیلهامدەر، ڕوحی زەمانە.



 ئەم روحانەی زەمانە لە دوای چەندین سەدە ئێستا بەیەک پەیوەست بوون تا مزگێنی ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ ئێمە مرۆڤانی ئەم  چاخە بە دیاری بێنن. ئەوان مزگێنیدەری وەدیهاتنی نرخ و بەها بەرزە مرۆڤییەکانن کە ئێستا لە دروشمی پێشکەوتووی ژن، ژیان، ئازادی (زن، زندگی، آزادی) دا خۆی دەرخستووە. ئەو نرخانەی کە سنوور ناناسن، لەو پەڕی زەمان و مەکان دا. عەداڵەت، ئازادی، ئاشتی، هاوژینیی، و بەرابەری هەموو ئینسانەکان لەگەڵ یەک.



یایان، ئاغایان
!
داغی ژینا هەتاهەتایە بەسەر دڵمەوەیە و بۆ هەموو خەڵکی جیهان نەمر و هەتاهەتایە. دڵنیام کە ناوی وی لەگەڵ ناوی ژاندارک وەک ڕەمزی ئازادی دەمێنێتەوە. ئێستا لە شوێنی لەدایکبوونی ژینای هەمێشە زیندووەوە پێزانینی بێ پایانی خۆم  و بنەماڵەکەم  پێشکێشی ئێوە دەکەم  و هیوادارم لەم هەڵبژاردنە مەزنە دا مانا و سەربەرز بمێننەوە . بە هیوای ئەوەی کە هیچ دەنگێک لە هەموو دنیا دا لە گوتنی وشەی ئازادی نەپرینگێتەوە.

موژگان ئیفتیخاری، دایکی یاد زیندوو ژینا ئەمینی لە شاری سەقز لە کوردستانی ئێران






 

Saturday, December 2, 2023