Sunday, July 31, 2022

"فێمێنیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان" وتوێژ لەگەڵ سومەیە ڕۆستەم پوور مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی غەنس، فەڕانسە



" فێمێنیزم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان"
 وتوێژ لەگەڵ سومەیە ڕۆستەم پوور مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی غەنس، فەڕانسە
چوارشەمە شەو ٢٧-ی تەمووزی ٢٠٢٢

 حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست، بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ئەمجارەی  ڕاوێژ دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز یای سومەیە ڕۆستەم پوور مامۆستا کۆمەڵناسی لە زانکۆی غەنس لە وڵاتی فەڕانسە. بەداخەوە بەڕێزیان نەیانتوانی لە ستودیۆ ئامادە بن جا بۆیە چاوپێکەوتنەکەمان و لێدوانەکەمان بە ڕێگای سکایپدا دەکەین. بەڕێز ڕۆستەم پوور بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ.

سومەیە ڕۆستەم پوور: زۆر سپاس مامۆستا حەسەن،سڵاو دەکەم لە بینەران و بیسەرانی ئازیز.
قازی: زۆر تەشەکور دەکەم. پێش ئەوەی بێینە سەر بابەتی سەرەکی بەرنامەکەمان کە سەبارەت بە فێمێنیزمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێم خۆش بوو ئەگەر بکرێ بە کورتی خۆت بناسێنی و هەر وەها باسی ئەوەش بکەی دەعەینی حاڵدا کە ئێستا مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی غەنس  وا بزانم خەریکی نووسینی پی ئێچ دییەکەشتی کە لە پایزێدا تەواو دەبێ. ناوەرۆکی پی ئێچ دی یەکەت چییە فەرموو!
ڕۆستەم پوور
: سپاس کاک حەسەن. پی ئێچ دی یەکەم لە ڕاستیدا تێزی دوکتورایەکەمە لە سەر خەباتی ژنانی کوردە، بەڵام پرسیاری سەرەکی تێزەکە ئەوەسە کە گرووپە نا- دەوڵەتیەکان، یان ئەو گرووپە دە پەراوێزخراوەکان ؛ ئەقەلییەتەکان بە ئیستیلاح لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەو فێمیمتزمە کە وەک ڕەخنەگری یۆرۆسێنتریزم خۆی ناساندووە و پێیان وایە کە دەبێ ئاڵترناتیڤێکی لۆکالیان بێ کە هاوکات لەگەڵ کولتووری خۆیان بخوێنێتەوە و دژی ئەمپریالیزم و دژی کۆلۆنیالیزم و دژی یۆرۆسێنتریزم خۆیان دەناسێنن بۆ ئەو بەشە لە فێمێنیسمانە، یان ئەو بەشە لە خەباتی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە چ شێوەیەک دەتوانێ خۆی نیشان بدا خەباتێک کە هەم جیاواز بێ لە خەباتی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە غەڕب و هەم ئەوەکە بە جۆرێک میراسداری خەبانی جەهانی بێ. بۆیە لە سەر کەیسی پ.ک.ک  من لە سەر ئەو پرسیارانە باس دەکەم و هاوکاتیش لە بەر ئەوەی پ.ک.ک هەنگاوێکیش چووتە بەرەوە یانی لە پ.ک.ک ژنۆلۆژیمان هەیە کە لە ڕاستیدا هەم ناسێنەی جێندری ژنەکانە و هەمیش نالجێکە، دانیشێکە کە نوێس و وەک دانشێکی نوێی جێندر دەناسێنێ لە مەڕ جینسییەت، لە مەڕ ژنان، لە مەڕ خەبات، لە سەر چەکداری شتێکی نوێ یە. لە سەر ئەوە باس دەکەم کە چۆن ئەو ژنۆلۆژییە دەتوانێ جێی خۆی بگرێ و لە ناو فێمینیزمدا بە شێوەی جەهانی بە تایبەتی دە کانتێکستی  بەجەهانی بوون، و لە کانتێکستی جەهانی سەرمایەداریدا  بە گشتی لە سەر ئەو شێوە لە فۆڕمی نوێی فێمینیزمە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەردەکەوێ و سەر هەڵدێنێ.
قازی: پایزێ تەواو دەبێ، وا نییە؟
ڕۆستەم پوور: بەڵێ ئاوا ئیتر یەک دوومانگی تری ماوە.  

 قازی: زۆر باشە.  ئێستا بێینە سەر بابەتی سەرەکی بەرنامەکەمان،ئەویش مەسەلەی  فێمێنیزمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەسەرەتاوە جەنابت لە پێوەندی لەگەڵ ڕٶژهەڵاتی کوردستان و ئێران فێمێنیزم چۆن پێناسە دەکەی؟

ڕۆستەم پوور: ئەگەر لە بەشی سەرەکی بمانەوێ دەست پێ بکەن زۆر کەس وەک شتێک بە ناو فێمینیزمی کوردی باسی دەکا. ئەمە خۆی جێی باسە کە ئایا شتێک بە ناو فێمینیزمی کوردیمان هەس یان  فێمینیزمی کوردی لە جێدا مانای نییە، ئێمە شتێکمان هەس بە ناوی فێمێنیزمی ئێران کە ژنە کوردەکانیش یان خەباتکارە  کوردەکانیش خۆیان لە ناو ئەو فێمینیسمە دا دەبیننەوە. وەلێ ئەو تیۆرییە جەدیدانە، یا ئەو ڕەخنە جەدیدانە  کە کریاوە هەم لە سەر جەرەیانی مارکسزم، هەم  لە سەر فێمینیزمی لیبێراڵ، بەتایبەتی فێمینیزمی لیبێڕاڵی شەپۆلی دووەم کە لە وڵاتانی  ڕۆژئاوا دەرکەوت و هەم ئازموونی ژیانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە کوردستان لە ڕاستیدا ئەوەی قەبووڵاندووە بە زۆر لە فێمینیسمەکان و زۆر خەباتکارانی بواری ژنان کە لە ڕاستیدا شتێک بە ناوی فێمینیزمی کوردی مانای هەیە. وەختێک ئێژین فێمێنیزمی کوردی مانای ئەوە نییە کە زۆر جیاواز یان بە تەواوی دووبەش کراوە لەگەڵ فێمینیزمێک کە لە ئێراندا هەس. بەو مانایەیە وجوودی هەس کە فێمینیزمێک، کە وەک فێمینیزمی زاڵ، وەک فێمێنیزمی دەسەڵاتدار، وەک فێمێنیزمی هێژێمۆنیک، وەک فێمینیزمی مەین ستریم خۆی ناساندووە لە دوای شۆڕشی ئێران، فێمینیزمێک بووە ئیسلاح تەڵەب، فێمینیزمێک  بووە کە ئازموونی ژنانی شارنشینی چینی ناوەندی یان چینی سەرەکی کۆمەڵگا بە تایبەتی لە شارە ناوەندییەکان، شارانی فارس نشین، ئازموون و تەجروبەی ژیانی ئەوانی زۆرتر ناساندووە، لە سەر ئەو بنەمایە دروست کراوە و بە تایبەتی هێزی خۆی زۆر لە سەر گۆڕینی یاساکان دانابوو، بۆیە بۆ چەندین ساڵ دوای شٶڕشی ئێران زۆربەی هەوڵەکانی ئەو فێمێنیستانە و ئەو شێوە لە فێمینیزمی ئیسلاح تەلەبە کە جۆرێک ناوەندگری لە ئێرانیشی تێدا بوو، جۆرێک ناسیۆنالیزمی ئێران، جۆرێک مەرکەز گریشی تێدا بوو.

قازی: ببووە دوایە دەگەینە ئەوە ئەمن پێم خۆش بوو لە پێشدا فێمینیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات بناسێنی. دوایە دەگەینە سەر ئەو پێوەندییەی لەگەڵ ئەوانەی لە ناوەندن.


ڕۆستەم پوور: بۆچی فێمێنیزمی ڕۆژهەڵات؟ فێمینیزمێک کە لە ڕۆژهەڵات خۆی لە چوارچێوەی فێمینیزمی کەمینەکراو یان دە پەراوێزخراو  دا دەناسێتەوە. یانی فێمینیزمێک کە وا دەزانێ  تەنیا ناسێنە جێندر نییە کە ئەهەمییەتی هەیە. کورد بوون، کوردایەتی یانی ناسێنەی ئێتنیکی، چینایەتی، چین  هەر وەها بۆ کەس و کەسانێک کە ناسێنەی جێندریان هەیە، کەسێک کە کەمایەتی جینسییە، کەسێک کە وەک کەمایەتی جینسی خۆی دەناسێنێ یا کەسێک کە مەعلوولییەتی تایبەتی هەیە هەر کام لەمانە دەبێتە هۆی ئەوە کە ناسێنەی ئەو فەردە بگوڕێ. ناسێنەی ژنانی کوردیش زۆر گرێ دراوە بە شکڵی مێژوویی، بە تەواوی ئەو ڕووداوانەی کە لە سەر کوردایەتی، لە سەر هەستی نەتەوەیی ئەو شۆڕشانەی کە بووگن لە کوردستاندا و لەبەر ئەوەی ستەمێکە لە ژنی کورد دەکرێ وەک ژنی کورد دەکرێ نەک هەر وەک  ژن. یانی ئێمە ستەمێک مان هەیە وەک ژن، ستەمێکیشمان هەیە وەک ژنی کورد و ستەمێکیشمان هەیە وەک ژنی کوردی دە پەراوێزخراو  لە ڕووی ئابوورییەوە ئەگەر باسی مەرکەز – پیراموون بکەین.  ئەو ئیستیلاحانە کە لەو بوارانەدا بەکاریان ئەوەن؛ پەراوێز – ناوەند. بۆیە تەواوی ئەوانە بەیەکەوە بووەتە هۆی ئەوە فێمینیزمێک کە لە کوردستاندا هەیە جۆرێک لە فێمینیزمی  ئینترسکشنالیتی  intersectionality بێ، کە لە ئەدەبییاتی جەهانیدا دەناسرێ، یانی فێمێنیزمێک کە خۆی لە بەریەک کەوتنی  ناسێنەی جیا جیا دا دەبینێتەوە و ئەو ناسێنانە هەر کامیان بە یەک ئەندازە ئەهەمییەتیان هەیە لە ڕاستدا بۆ شکلگرتنی سووژەی سیاسی ئەو چالاکوانانە. بەو مانایە فێمێنیزمی کوردیش فێمینیزمێکی ئینتر سێکشناڵە کە هەم ئێتنیک لە ناویدا گرینگە، هەم جێندر لە ناویدا موهیمە و هەم چینایەتی و چین لە ناویدا زۆر گرینگە.

قازی: دیارە ئەو ناساندنە، ناساندنێکی مۆذێڕنە دە ڕاستیدا دەکرێ بڵێێن، ئەو پێشینەیەی کە سەبارەت بە  هاتنی ژنان بۆ ناو پڕۆسەی سیاسی و لە سیاسەتدا بەشداریان کرد بێ نموونەکانی لە زەمانی پێکهاتنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦وە دەبینین  بەڵام ئەگەر تەماشای دیسکۆرسی ڕۆژنامەی  "کوردستان" دەو سەروبەندیدا بکەین  یان دواتریش دەبینن ژن وەکوو  موئەلیفەیەک لەگەڵ پیاو زیاتر بەحس کراوە، بۆ نموونە وەختێک پیاوان چوونە جەبهە ژنەکان نانیان کردووە بۆیان ناردوون یان گۆڕەوی و دەستەوانەیان چنیوە و بۆیان ناردوون. بەڵام ئەو تەعریفەی کە بەڕێزت دەیکا دەگەڕێتەوە سەر دنیای تازەتر و مۆدێڕنتر بەتایبەتیش دوای ئەو ئاڵوگۆڕەی کە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێرانێ ڕووی دا . ئەمن گوێم لە بەحسێکی جەنابت بوو کە باسی ژنانی باشووری دنیات دەکرد و لە بەشێکی دا ئاماژەت کرد بەو بۆچوونانەی کە هێندێک لە فێمێنیستە ئێرانییەکان  هەیانە لەمەڕ ژنانی دەپەراوێز خراو یان ژنانی دە کەمایەتیدا داندراو  کە کوردەکانیش بەشێک بن لەوان بەشێوەیەکی زۆر دەقیق و ورد ئەو کێشانەت هێنابووە گۆڕێ کە ئەوانە چۆن بۆ ئەو دۆزە دەچن. جا لەو پێوەندییە دا دەمەویست ئەو بەشە لە باسەکەمان بەرینەوە سەر ئەو پێوەندییە یانی لە لایەک فێمێنیستی کورد  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە لای دیکەش بۆچوونی فێمینیستەکانی ناکورد بەرانبەر بەو فێمێنیستانە. فەرموو!
ڕۆستەم پوور: زۆر سپاس مامۆستا. ئەو دووە زۆر بە یەک نزیکن. هەر وەک پێشتر باسم کرد بۆ چەندین ساڵ دوای شۆڕشی ئێران زۆربەی هەوڵەکانی فێمێنیزمی مەین ستریم  و ناوەندگر لە ئێران تەرخان کرا بۆ لێکدانەوەی ڕووناککرەوەتر و کەمتر دژە ژن  لە لایەن ئاییندارەکانەوە  و هەر وەها بۆ لابردنی بڕێک یاسای پیاوسالارانە، و پیاو مەرکەزانەی دژە ژن کە بە سەر یاسای ئێراندا زاڵن. بۆیە هێزێکی زۆر دریا بۆ گۆڕاندنی یاسا کە پێویستیشن بەڵام تەواوی هێزەکە موتەمەرکز بوو لە سەر ئەم گؤڕاندنە. بۆیە ئەم شێوە لە فێمینیزمی سانترالیزم هێنایە بەرەوە، شتێک کە پێی ئێژن فێمینیزمی سانترالیزمی ئیسلاح تەڵەب چون لە ڕاستیدا  هەم تێندێنسی ئیسلاح تەڵەبیان بوو، هەم  جۆرێک ناوەندگری و سانترالیزمیان  تێدا بوو ئەوە بووە هۆی ئەوە کە جیاوازییەکان لە ناو خودی ژنان لە نێو ئێراندا لە بەر چاو نەگرن و ئەمەیان پشتی گوێ خست کە زۆر جار  ئازموونی بۆ وێنە ژنێکی شیعەی تارانی بێژین فارس یان شیرازی سەر بە چینی ناوەندی یان چینی سەرەکی  کۆمەڵگا دەتوانی زۆر جیاواز بێ لە تەجروبە و ئازموونی ژیانی ژنێکی عەرەب یا بەلووچ یا کورد بێژین کە لە دێهات یا لە شارێکی بچووک دەژی و دەسەڵاتی بۆ کار کردن یا بۆ گۆڕاندنی ئەو سیستمەی کە لە ناوی خێزان و کۆمەڵدا هەبوو لە زۆر چت زۆر کەمترە. بۆیە پشتی گوێ خستنی ئەم جیاوازیانە شتێک بوو کە بە ساڵان کەس نەیدەبینی و کەسیش حەساس نەبوو لە سەری. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئازموونی ژنانی دیکە یانی ژنانی بەلووچ و کورد و عەڕەب و ئەوانە ئیتیفاقەن ئازموونێکی پێشکەوتوو بوو لانی کەم  لە کوردستان ژنان خەباتی پێشکەوتووانەی زۆریان بووە لەو ساڵانە. بۆ وێنە دژی توندوتیژی لە هەمبەر ژنان زۆر کار کراوە لە شاری وەک مەریوان، بانە، سەقز، سنە لە شاری جۆر بەجۆر کاری جۆر بە جۆر کراوە و هەر وەک ئەوەی کە ژنە کوردەکان لە کوردستان گوتیان ئێمە خەریکین کار دەکەین، هاوکات بیریان لەوەش کردەوە لە بەر چالاکی بەرچاوی پارتییە کوردەکان لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا. لە ڕاستیدا لە مێژووی مۆدێڕنی کوردستاندا پارتییە سیاسییەکان زۆر چالاک بوون لە ڕاستیدا ناسێنەی کوردی، کوردایەتی و کورد بوون لە ڕووی ئێتنیکییەوە ئەوەش زۆر گرینگ بوو بە لای فێمێنیزمی کوردییەوە یانی دەیزانی کە کێشەکەی تەنیا بە گۆڕاندنی مەسەلەی ژن چارەسەر نابێ. تۆ دەتوانی یاساش بگۆڕی وەلێ لە بەر کورد بوونت دیسان تۆ لە ژێر ستەمدا بی ئاوا زۆر شت نەیەتە گۆڕاندن. بۆیە هەر وا تماشای کرد دی کە مەسەلەی جێندر جیا نییە لە مەسەلەی ڕزگاری/ ڕزگاری کورد بوون، ڕزگاری چینایەتی و ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە  فێمێنیستە ناوەندگرەکان، ئەو فێمێنیستانە بەر لە هەر شتێ تر بە تەواوی چاویان هەڵدەبوارد  لە فاکتۆرە سیاسی و تەنانەت فاکتۆرە ئابوورییەکان. لە بەر چاویان نەدەگرت ئەگەر ژنانی کورد یان عەرەب یان بەلووچ  کەمتر دیارن لە بەر ئەوەیە کە ستەمی زۆرتریان لێ دەکرێ. جیاواز ئەو ستەمەی کە لێیان دەکرێ بە نیسبەت ئەو ستەمەی کە لە ژنانی بۆ وێنە فارس دەکرێ. هەر وەها فرەیەکیان بە ساڵان بێدەنگ بوون لەمەڕ کۆلۆنیالیزمی داخیلی یان بڵێین میلیتاریزە کردنی ناوچەکانی کورد نشین، عەڕەب نشین، بەلووچ ، تورک ئەو جۆرە ناوچانەی کە لە ڕاستیدا بە کەمینەکراوەکان لە ناویاندا نیشتەجێ بوون. و هەر واینە فێمێنیزمێک کە بڕیار بوو باسی تەبعیز/ دووچاوکی بکا زۆر کەم باسی ئەوەی دەکرد کە ژنە کوردەکان، ژنە عەرەبەکان، ژنە بەلووچەکان چەندە کەمتر لە ژنە فارسەکان دەستیان ڕادەگا بە سەرچاوەی وەک میدیا، وەک دەرەتانی چوونە ناو بازاڕی کار، بۆ کار کردن، بۆ خوێندن، بۆ چوونە زانکۆ. بۆ تەواوی ئەوانەش ژنە کوردەکان و دە ڕاستیدا ژنە بە کەمایەتی کراوەکان ستەمگەلی دووقاتیان تەجروبە دەکرد. گشت ئەوانە بوونە هۆی ئەوە ئێمەبگەینە ئەو نەتیجەیە کە ژنی فارس خەریکە لە جۆرێک ناسیۆنالیزم کە دوای دروستکردنی  دەوڵەت نەتەوەکان لە سەرەتای ساڵانی سەدەی بیستەم  دەستی پێکرد کەوتووەتە ژێر تەئسیری . ناسیۆنالیزمێک زاڵە لە ئێران، کە شوینی داناوە لە سەر فێمێنیستەکانیش  و هەر وا زۆر جاریش هەر خەباتێک لە لە لایەن ژنە کوردەکانەوە دەکریا، بە تایبەتی ژنە کوردەکان زۆر سیاسیتر بوون، ناوچە کوردنشینەکان، تاوانباریان دەکردن بە تەجزتەتەلەبی، تاوانباریان دەکردن بەوەی کە ئێوە لە چالاکی حیزبی ئەوتۆ دا بەشداری دەکەن کە ئەو حیزبانە غەتری قانوونین، شەڕی چەکداری دەکەن، تەنانەت هێندێکیان دەیانگوت ئەو حیزبانە تێرۆریستن و بەشداری لە چالاکی ئەواندا دەبێتە هۆی ئەوە کە ئەو ئامانجە هێمنانەیەی بزووتنەوەی فێمێنیزم لە ئێراندا کە خەریکە جێی خۆت دەکاتەوە ئەوە بکەوێتە ژێر هەڕەشە یا گیروگرفتی بۆ ساز بێ. ئەوە جۆرێک جیاوازی دروست دەکرد، هەر وەک لەو  وتارەی ئێران ئاکادێمیاشدا باسم کرد زۆر فێمێنیستی ناوداری ئێرانی هەن  وەک نووشین خۆراسانی بە ڕاشکاوی لە کتێبەکانی دا یان لە وتارەکانی دەڵێ ئێمە ئامادە نین  لەگەڵ فێمێنیزمێکی کورد هاوکاریمان بێ کە تەجزیە تەڵەبە. ئەو بە کەسانێک دەڵێ تەجزیەتەڵەب کە ژن بوون و کورد بوون هاوکات بناسێنن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ناسێنەی ئێرانی بوون بۆ ئەو فێمێنیستانە زۆر گرینگە، یانی شتێک کە خۆیان لە ڕاستیدا زۆر بەلایانەوە گرینگە داوا دەکەن ئەو ژنانەی کە لە بەر ناسێنەی خۆیان لە ژێر ستەم دان  ئەوە لە بەر چاو نەگرن. بۆیە تەواوی ئەو هۆکارانە کارێکی کرد کە ئەو ڕەخنانە و ئەو کەموکوورتیانە کە لە ناو جەرەیانی زاڵی فێمێنیزمی ئێرانیدا هەبوو بووە هۆی ئەوە کە فێمێنیزمە دە پەراوێزخراوەکان بگەنە ئەو نەتیجەیە کە دەبێ لە ڕاستیدا  پێدابگرن لەسەر چەشنێکی نوێ لە فێمینیزمی خۆیان. بەڵام ئەمەش زۆر گرینگە مامۆستا ئاماژەی پێ بکەم ئەو باسەی کە لە سەر فێمینیزمی ئینترسێکشنالیتی دەکرێ و  لە سەر فێمینیزمی کوردی دەکرێ و لە سەر فێمیمیزمی دەپەڕاوێزخراو یان کەمینەکراو، ئەوە زۆر گرینگە کە ئێمە هاوکات دەبێ ئەوە بزانین ئەوە نابی ئاوا وەربگیرێ  کە ئێمە دژی یەکگرتنین. بە پێچەوانە، ئامانجی نیهایی ئەوەیە کە یەکگرتنێک لە ناو ژنەکاندا پەیدا بێ، لە ناو فێمینیستەکاندا. بەڵام  یەکگرتن بە بێ ناسینی ئەو جیاوازییانە، بێ ناسینی ئەو ستەمە دوو لایەنەیە کە فێمینیستە کەمینەکراوەکان خەریکن دەیئەزموون، لە ئازموونی ژیانی ڕۆژانەیاندا، لە کاریاندا، لە خوێندنیاندا، لە خوێندنەوەیاندا. لە تەواوی ئاستی ژیانیاندا، بێ ناسین و ڕەسمییەت دان بەو جیاوازییانە ئەو یەکگرتنە مومکین نابێ تەنیا سێکتاریزم زۆرتر دەبێ بۆیە بە ڕای من زۆر گۆڕانکاری هاتووە بە تایبەتی دوای ساڵانی ٩٦ ١٣ و ١٣٩٨- ی ئێرانی زۆر گۆڕانکاری هاتووە ئێستا فێمێنیستەکان فرەتر لە هەر زەمانێک  لە ئێراندا، فێمێنیستی چەپ بە تایبەتی زۆر نزیکترن لە یەک چون فێمینیستە چەپەکان بەو قەناعەتە گەیشتوون زۆر گرینگە ئەگەر بەلایانەوە مەسەلەی چینایەتی موهیمە ئەشێ مەسەلەی جیاوازییە ئێتنیکییەکانیش بۆئان گرینگ بێ چونکە ئەمانە قەت لە یەک جیا ناکرێنەوە. ئەگەر ئێمە وەک ژن زوڵممان لێ دەکرێ، دوایە لە بەشی جەهانی دەتوانین باسی بکەین، ئێوە ئەگەر وەکوو ژن زوڵمتان لێ دەکرێ، ئیمکانی نییە کە کوردبوونتان ئەم زوڵمە فرە نەکا یا ئیمکانی نییە ئەگەر لە تاران بی یا لە شارێکی بچووک بی تەئسیرێکی نەبێ ئەو ستەمە  لە ڕاستیدا وەک ستەمێکی جێندری کە خەریکی هەستی پێ دەکەی. حەتمەن یا کەمی ئەکا یا فرەی ئەکا. بۆیە تەواوی دەسەڵاتگەلی تر، تەواوی ستەمگەلی تر دەتوانن ستەمی جینسییەتی کەم بکەن یان زیادی بکەن.  

قازی: زۆر باشە، یانی بەڕێزت بۆچوونت ئاوایە ئەو دەرگایبەی بەرهەمهێنانی زانست، بە تایبەتی لە لایەن ژنانی دە پەراوێز خراو کە سەر بە نەتەوایەتییەکانی جۆر بە جۆرن لە کۆمەڵگای ئێراندا نابی دابخرێ. ئەمن وا لە قسەکانت گەیشتم.

ڕۆستەم پوور: هەم زانست و هەم خەباتیشیان هەر دوو. ئەشێ بزانین زانست لە خەباتیانەوە دەست پێ دەکا. تەواوی تێزەکەم تەرخان کردووە بۆ ئەوە کە چۆن خەبات ئەتوانێ زانست بێرێ بە دوای خۆیدا، وە لەبەر ئەوەی خەباتەکە نابیندرێ زانستەکەش نابیندرێ. یانی هەر دووک ئەوانە بەیەکەوە بەرەو پێش دەچن.
قازی: مەبەستم ئەوەیە کە ئەو دیالۆگە بۆ وێنە بە ڕێگای سێمیناری هاوبەش و دەرفەتی ئاوا بەردەوام بێ.  ئەوە زۆر چاوڕاکێش بوو کە بەڕێزت بانگهێشتن کرا بووی لە لایەن ئێران ئاکادیمیاوە بەردەنگەکان زیاتر ژنانی غەیری کورد بوون وا نییە؟ یانی مەبەستم ئەوەیە ئەو جۆرە پلاتفۆرمانە دەبێ بەردەوام بێ بۆ ئەوەی فەرهەنگسازی بکرێ.
ڕۆستەم پوور: بەڵام پێم وایە کە دەبێ بەردەوام بێ. بەڵام کار دەبێ زۆر لەوە قووڵتر بێ، دەبێ هاوکارە سیاسییەکانیان، هاوکارە فکرییەکانیان زیاتر بکرێ. چتهایەکیش خەریکە ئەکرێ یانی بەشی خۆی کەمە، بەڵام دەستی پێکردووە ئەوە جێی خۆشحاڵییە بە ڕاستی.

قازی: ئێستا بێینە سەر جێگە و پێگەی فێمینیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەبەر چاوگرتنی چەند سنوورێتی یانی پێوەندی خەبات و لەسەر کردنەوەی مافی ژنان لە بەشەکانی کوردستان و پارچەکانی کوردستان.

ڕۆستەم پوور: بەڵێ. زۆر پێم خۆشبوو لە سەر ئەو باسە قسە بکەین زۆر پرسیارێکی باشە بە تایبەتی یەکێک لە ئیمتیازەکانی فێمینیزمی کوردی، فێمینیزم ئەو جۆرە کە کوردەکان دەیبینن ئەوەسە کەکوردەکان ئەو پارچە پارچە کردنیانەیان هەم نێگاتیڤە هەم پۆزیتیڤە. یانی بە لای زۆر لە فێمینیستەکان، وەک  فێمینیستە ڕەش پێستەکان، یانی فێمێنیستە بە کەمایەتی کراوەکان یان فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان کە زۆر ڕەخنە دەگرن لە سیستمی دەسەڵاتداری تەنانەت بە شتێک وەک ئیمتیازی مەعریفەتی ناوی لێ ئەبەن. یانی جۆرێک مەعریفەت شناسی ، واتە ئیمتیاز دەدەن بە سووژەی سیاسی ئەوتۆ کە دەپەراوێز خراون، و ئەو دەپەراوێز کەوتنە دەبێتە هۆی ئەوە کە تۆ زۆر باشتر و زۆر قووڵتر ستەمی جۆر بەجۆری کە لە دەوروبەرتدا دەیبینی بەرچاوی بخەی و دەبێتە هۆی ئەوە زوو شكڵ بدەی بە شێوەی جۆربەجۆری خۆڕاگری. فێمینیزمی کوردیش ئەو ئیمتیازەی هەیە چونکە دە پەراوێز خراوە، لەبەر ئەوەی ستەمی جۆراجۆری بە هۆی کورد بوونی، بە هۆی بێ وڵات بوونی تەجروبە کردووە ئەوە بووەسە ئیمتیازێکی مەعریفەتی بۆی و هەر ئەوە کە فێمینیزمێکی ترانس نەشناڵە یانی تەواوی هەوڵی جەرەیانی ڕادیکاڵی ڕەخنەگری فێمینیزمی جەهانی ئەمڕۆ ئەو مەسەلەیەی لە بەرچاوە کە چۆن ژنانی جەهان ئەتوانن ترآنس نەشناڵ چالاکی بکەن. ئێمە وەک ژنی کورد پێشاپێش ئەو ئیمیازمانەمان هەس. چون ئێستا ئەیبینین ئەو فێمێنیستانەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵات خەریکن چالاکی دەکەن هەر بەو ئەندازە شێلگیرن کە لە ڕۆژئاوا خەباتی ژنان چۆن پێش ئەچێ، لە باکوور دا چۆن بەرەو پێش دەچێ، لە باشوور دا چۆن پێش دەچێ. هەم ئاگادارین لە یەکتری و هەم تا ئەو جێگایەی بکرێ بەیەکەوە کار دەکەین و هەم ئەم ناسێنە کۆمەگمان دەکا. ئێستا ئێوە تەماشای کەن ئەو خەباتەی کە لە باکوورەوە بە تایبەتی لە دوای ساڵانی ٢٠٠٠وە پێش چووە تا ساڵی ٢٠١٥، کە بە داخەوە دوای ئەو هێرشەی کە کرا سەر شارەکانی باکوور جۆزێک گۆڕانکاری تێدا هاتووە، بەڵام ئەوە لە جێدا ئازموونێکی زۆر دەوڵەمەند و بەهێز و تایبەتییە بە نەزەری من نە تەنیا بۆ فێمێنیزمی کوردی لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو بۆ هەموو فێمێنیستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەر وەها تەنانەت لە بڕێک ئاستدا بۆ فێمێنیستەکان لە ئاستی سیاسییەوە، لە ئاستی ڕێکخستنەوە تەنانەت بۆ فێمینیستەکانی جەهانیش  وەک میسال و نموونە ئەتوانن کەلکی لێ وەربگرن. بۆیە ئێمە ئەو ئیمتیازەمان هەیە و لەو ئیمتیازە کەلک وەردەگرین و بە نەزەری من ئەوە زۆر ڕوانگەی ئێمەی باز کردووە. وەلێ ئەشێ ئەویچە بزانین کە ئێمە تەجروبەی باکوورمان هەیە، تەجروبەی باشووریشمان هەس. ئەوانە کۆمەک ئەکا بە ئێمە وەکوو فێمێنیست لە ڕۆژهەڵات. من یەکەم پرسیاری تێزەکەم کە بووە هۆی ئەوە کە تێزی [ دوکتوراکەم ] دەست پێبکەم ئەوە بوو کە خوب ئازموونی باشوور شکەستی خوارد لە ئاستی فێمێنیزمییەوە. یانی لە ساڵی ٢٠٠٣وە کە باشوور نیسبەتەن موستەقیل بوو و کەوتە دەست دەسەڵاتدارانی کوردەوە ئەو شکڵە لە فێمێنیزم کە زاڵ بووە لە باشوور فێمێنیزمێکی لیبێراڵ بووە کە بە داخەوە نەیتوانیوە گۆڕانکارییەکی کاریگەر یا تایبەتی  لە سەر ساختار و سیستمە جینسییەتییەکان، جێندریەکان لە کۆمەڵگای کوردستان لە باشوور دا بێڕێتە ئاراوە بۆیە ئازموونێکی شکەستخوردەس بە لای زۆربەی فێمێنیستەکان. بەڕێز شەهرزاد موجاب لە وتارێکدا زۆر باش باسی ئەوە دەکا کە چۆن ئەو فێمینیزمە غەربییانە، ئەو فێمێنیزمانەی، ئەو فێمێنیستانەی کە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دێنە ناو باشوور چ شکڵێک لە فێمێنیزمی ڕاست ئاژۆ، فێمینیزمێکی کۆنزێرڤاتیڤ لە ڕاستیدا بە شکڵێک وەک فێمینیزمی ئیسلامییە بەڵام ئیسلامی نییە ناوێ تری هەس. ئەو شێوە لە کۆبزێڤاتیزمە ڕادەهێزێنن لە باشووری کوردستان. ئێمە ئەوینین کە لە باشووری کوردستاندا توند وتیژی لە دژی ژنان لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ کەم نەبووە بۆیە ئەو ئازموونمانەمان هەس، هاوکاتیش ئازموونی باکوورمان هەس ناسینی ئەو ئازموونانە بە ڕای من زۆر یارمەتیدەرە بۆ فێمینیزمی ڕۆژهەڵات کە بتوانین کەلکی لێ وەربگرین بزانین ئێمە لە نیهایەتدا لە کام لەو سیستمانەدا دەتوانین زۆرتر خۆمان ببینینەوە، کەموکورتێکەیان چییە بتوانین لە کەموکورتیەکان درێژتر بڕۆین و تێپەڕیان کەین.

قازی: دیارە لەو بەشەدا هیچ باسی تەجروبەی ژنانت نەکرد لە ڕۆژئاوای کوردستان. پێم خۆش بوو هەر بەشەی بەشێوەیەکی تایبەتی باس بکەی.

رۆستەم پوور: ببوورە لە بیرم چوو، باکوور و ڕۆژئاوا زۆر تەجروبەیان بەیەک نزیکە. ئەو تەئکیدەی کە لە سەر باکوور کردم  زۆربەی لە ڕۆژئاواش خۆی نیشان دەدا چونکە ئەوەی کە ئێستا خەریکین لە ڕۆژئاوا دەیبینین زۆربەی بە ڕای من، میوەی بە ساڵان خەباتە کە ژنەکان لە باکوور کردوویانە و دەیکەن. ئەو میوە دەبینین لە ڕۆژئاوا بەری هێناوە و خۆی نیشان دەدا. شتی هەرە سەرەکی لە ڕۆژئاوا کە بە نەزەری من زۆر موهیم بوو ئەوە بوو کە تەنانەت لە کاتی جەنگدا ئازموونی ناساندن، خەبات،ڕێکخستنی ژنان بۆ یەک لەحزەش تەعتیل نەبووە هەتا ئەمڕۆ لە ساڵی ٢٠١١، ٢٠١٢وە هەتا  ئەمڕۆ هێزەکانی ژنان بە شێوەگەلی جۆراجۆر خەریکن ڕێکخستنی خۆیان پێش ئەوەن. ئەم ڕێکخستنە ئاستی جیاوازی هەیە لە ماڵی ژنان، تا ئاکادێمی ژنان یا بێژین ئاستی دیپڵۆماسی، لە پارڵمانەکان، لە کۆمۆنەکان کە لە شارە بچووکەکان هەن، لە هەموو ئەوانەدا ژنەکان بەشێوەی جۆر بە جۆر بەشدارییان کردووە و شتی گرینگتر لە ڕۆژئاوا شایەد ئەوە بێ کە بە ڕاستی ئەو ئازموونە کە کریا، تەجروبەی ئەمە کە ژنەکان لە هەموو ئاستێکدا دەبێ ئۆتۆنۆم بن، سەربەخۆیی ژنان. سەربەخۆیی ژنان لە دەسکەوتەکان و بەرهەمی خەباتی ژنانی باکوور بوو، ئەو مۆدێلەیان وەرگرت و زۆر بەربڵاوتر لە ڕۆژئاوا دایانبەزاند. ئەمڕۆ دەبینین کە لە هەموو بوارێکدا، لە ئاستی کۆمەڵگا، لە ڕووی کۆمەڵایەتی، لە ڕووی سیاسی، لە ڕووی نیزامی تەنانەت لە ئاستی کولتووری، بێژین زمان و زانکۆ لە تەواوی ئەو ئاستانە ژنان حەدێک لە ئۆتۆنۆمی و ئیستیقلالی خۆیان هەیە کە ئەو سەربەخۆ بوونە زۆر یارمەتی داون کە بتوانن لە هەمبەر هەموو ساختارەکان بوێستن چونکە ئەزانین تەجروبەی جەهانی بە ئێمەی وتووە شەڕێک دبێ ژنەکان بەشداری دەکەن دوای شەڕەکە ژنەکان دەگەڕێنەوە ماڵەوە. ئەمە ئازموونێکە تا ئەمڕۆ ژنان لە جەهاندا تەجروبەیان کردووە. ڕۆژئاوا نیشانی داوە کە شتی بە پێچەوانەی ئەوە دەتوانێ ڕوو بدا و ئەوە زۆر جێی دڵخۆشییە بە ڕاستی.
قازی: ئێستا بابێینە سەر فێمێنیزمی کوردی و ناسیۆنالیزمی کوردی. بەڵام ڕەنگە ناسیۆنالیزم لەفزێکی زۆر خۆش نەبێ بەڵام ناسێنە خوازی، هووییەتخوازی کوردی کە شتێکی زۆر لیگیتیم و ڕەوایە، ئەو پێوەندییە چۆن دەبینی؟  دەبێ چ جوورە پێوەندییەک هەبێ لە نێوان ئەو دوانە؟

ڕۆستەم پوور: بەڵێ زۆر سپاس مامۆستا، ئەوە باسێکە بەڕاستی حەتتا باسی بکەی لە کوردستان کەمە چون شایەد پێمان خۆشیش نەبێ، ئێستا زۆر ڕەخنە دەگرین لە وشەی ناسیۆنالیزم بەڵام واقعییەتی ئەوەسە کە ناسیۆنالیزم بە ساڵانی دوور و درێژ زاڵ بووە لە مێژووی کوردستان و هێشتا لە هێندێک بەشی کوردستان بە تایبەتی ڕۆژهەڵات و باشووریش زۆر زاڵە. لە بەشەکانی دیکەش هەر ئاوا، یانی بە گشتی ماوە وەکوو میراسێک. ئەمە کە ناسیۆنالیزم نیسبەتی لەگەڵ فێمینیزم لە کوردستان چییە بە ڕای من دەبێ چەند لایەنە تەماشای بکەین چونکە ناسیۆنالیزم  هەم ڕۆڵی موسبەتی بووە هەم ڕۆڵی مەنفی بووە. ئەگەر لە ڕۆڵە موسبەتەکانییەوە دەست پێبکەم ناسیۆنالیزم ئەو خەباتە بوو کە ئەو دەرفەتەی دا بە ژنان کە بێن بۆ ناو کۆمەڵگا، لە ماڵەوە دەرکەون لەو ڕۆڵە جێندرییە کە مەحدوودی کرد بوون بە دایک بوون، مەحدوودیانی کرد بوو بە ژنی ناو ماڵ لەوە دەرهاتن، هاتنە ناو کۆمەڵگا و ناسیوالیزم هێنانی بۆ ناو خەباتی سیاسی. یانی ئەو دەرفەتە ئەگەر ناسیۆنالیزمی کوردی و یا ئەو حیزبە سیاسیییانە نەبووبان کە زۆربەیان ناسیۆنالیست یان ناسیۆنالیست و چەپ بوون، ئەگەر ئەوە نەوایە هاتنی ژنان بۆ ناو پڕۆسەی سیاسی زۆر کەمتر ڕووی دەدا. یانی توانیویەتی دابەشکردنی جێندری کار لە نێوان جینسی پیاو  و ژن بگۆڕێ ئەوە زۆر ڕووداوێکی نوێ بوو لە مێژووی کوردستاندا، تا پێش ئەوە ژنمان بوو کە خەباتی سیاسی ئەکرد، خەباتی چەکداری ئەکرد وەلێ ئەوە ژنانی ئاریستۆکرات بوون، ژنانێک بوون زۆر نزیک بە بنەماڵەی بەرز، بە خانەکان و وەک تاکە کەس خەباتیان ئەکرد نە وەک خەباتی جەمعی، یانی زۆر کەمیش بۆ ژن بوونیان خەباتیان کردووە، بۆ نەتەوەی کورد خەباتیان کردووە. وەلێ ئەمە بە هاتنی حیزبە ناسیۆنالیستەکان گۆڕا یانی زۆر ژنی کورد هاتن بە خەبات لە ناو حیزبە ناسیۆنالیستەکان بۆ کوردستان دەستیان پێکرد بەڵام لە ناو خەباتە کە دەستیان پێکرد لەوە تێگەیشتن کە جیاوازی هەیە لە نێوان پێشمەرگەیەکی کورد و پێشمەرگەیەکی ژن، جیاوازی هەیە لە نێوان خەباتکارێکی پیاو و خەباتکارێکی ژن کە هەر دووک کوردن. بەو نەتیجەیە گەیشتن کە چتێک تر هەیە بە ناوی جێندر، جینسییەت کە لەم ناوە دا ئەویش دەبێ گرینگی پێ بدرێ. ئەگەر ئەو حیزبە سیاسییانە نەوایەن شایەد  ژنەکەن ئەگەر ئەو ساڵانە خەباتیان نەکردایە بەم  ئاگاهییە نەدەگەیشتن یانی ناسیۆنالیزم ئەمانەی بووە وەلێ بە داخەوە ناسیۆنالیزم لە کوردستان بەو تەجروبە کە نیشانی داوە وەک هەمووی جەهان، یانی بێژین کەیسێکی جیاوازیش نییە بەو مانایە، کتێوهایەکی بێ شومار نووسراوە کە نیشانی داوە لە ئاستی فێمێنیزمدا کە چۆن ناسیۆنالیزم کەلک وەردەگرێ لە ژنەکان بەڵام هیچوخت مەسەلەی ژن ناخاتە پێشەوە، مەسەلەی ژن لە ئاخرەوە گۆڕانکارییەکی وای لێ نایە بۆچی چون لە ڕووی مەعریفەت شناسی ناسیۆنالیستییەوە دە ڕاستیدا  ئەو شتە گرینگە ئەوەیە کە ئێمە وڵات ئازاد بکەین، دوای ئازاد کردنی وڵات ژنەکانیش ئازاد ئەون ئەمە چتێکە زۆر چووەتە ژێر پرسیار زۆر ڕەخنەی لێ گیریاوە. ژنەکان تماشایان ئەکرد ولات ئازاد بوو، ژنەکانیش ئازاد نەبوون. ئازموونی زۆریش ئەو شتەی نیشان داوە. جیا لەوەش دیسکۆرسی، یانی وتار و گوفتاری ناسیۆنالیزمیش خۆی بۆ خۆی دیسکۆرسێکی جینیسییەت زەدەیە، وتارێکی سێکسیستییە چون بۆ زۆربەی ناسیۆنالیستان ژن  وەک سەمبولی میلەتە و وەک دایکی میلەتە و زۆربەی ئەو ڕۆڵە ماڵداری و مناڵدارییە دیسان دووپاتە دەکاتەوە. دیسان دەسەپێنێ بە سەر ژنەکاندا. یانی نایەڵێ وەک سووژەیەکی سیاسی وەک سووژەیەکی ئازاد دەربکەون هەر پێیان تەحمیل دەکاتەوە ئەو نەخشە یانی دەڵێی ئێژێ ئێوە هەر لەوێ بمێنن. بۆ ناسیۆنالیزم باشە وەلێ بە شەرتێک ئێوە لە ڕاستیدا کولتوورمان بپارێزن. زمانمان بپارێزن، سەمبولی میلەتمان بن.  ئەمە ئەو کێشانە بوو کە نەک تەنێ هەر لە کوردستان لە زۆر شوێنی تر ناسیۆنالیزم کردوویە. و هەر وەها کارێکی دیکە کە ناسیۆنالیزم  کردوویە کە زۆر زەربەی لە گۆڕانکاری سیستمی جێندری داوە ئەوەسە کە زۆر جار هاودەستی سیستمە موحافەزەکارەکان بووە، هاودەستی بێژین دەسەڵاتدارانی کۆنزێرڤاتیڤی تەنانەت دژە ژن بووە، هاودەستیانی کردووە. بۆ وێنە هێندێک فئۆدال، بڕێک ئەو کەسانەی کە مەزهەبی بوون لەبەر ئەوەی ویستوویانە شۆڕشەکەی خۆیان بخەنە بەرەوە. یانی وەک شتێکی پڕاگماتیستی کە بەگشتی زەربەی داوە لە  مەسەلەی ژن. بۆیە ئەم کێشانە زۆر جیدین لە سەر ناسیۆنالیزم بەڵام  بە ڕای من دوو کێشەی زۆر جیدیتر هەن کە زۆر کەمتر باسی دەکرێ جیا لەم شتانە کە ئێژم لە زۆر کانتێستی تر جیا لە کوردستان باسی ئەکرێ. یەکێکی  ئەوەسە کە ئەم ناسیۆنالیزمە ناسیۆنالیزمی چەکدار بووە لە کوردستاندا  و ئەو ناسیۆنالیزمی چەکدارە بووەتە هۆی ئەمە کە شکڵێ لە خەباتی چەکداری ژنان تەقوییەت بوێ. یا ئەگەر زۆر ڕەخنە دەگرن هەواڵانی ڕۆژئاوا یا ژنۆلۆژی، بە دروستی زۆر ڕەخنە دەگرن لە ژنانی فێمێنیست لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کە غەیرە سیاسی بوون چوونەتە ناو زانکۆ و خەباتی ئاکادێمیکی خۆیان دەکەن و لە سەر ژنانی کۆمەڵگا دەنووسن بەڵام هیچ پێوەندییەکیان لەگەڵ ژنانی کۆمەڵگا نییە. ئەو ڕەخنەیەکی زۆر دروستە. ئەگەر ئەم ڕەخنە دروستە لە سەر ژنانی غەڕبی یان فێمینیستانی غەربی، فێمینیستانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە سەر ژنی کورد دەتوانین بێژین پێچەوانەیە. یانی تەواوی هێزی ژنی کورد، فێمێنیزمی کورد  تەرخان بووە بۆ مەسەلە و بۆ دەر واقع مەیدانی سیاسی و تەنانەت چەکداری. و ئەمە بەشێکی زۆری تەئسیری خەباتی چەکداری ناسیۆنالیستی بووە، حیزبەکان بووە. ئەم زاڵبوونە بووەتە هۆی شتێک کە فێمێنیستەکان ئەغڵەب پێی ئێژن فێمینیزمی ٩٩ لە سەد، فێمێنیستە ڕادیکاڵەکان، فێمێنیستە چەپە ڕادیکاڵەکان. کتێبێک هەیە بە ناوی " مانیفێستێ بۆ ژنانی ٩٩ لە سەد" یانی چی یانی تەنێ یەک لە سەدی ژنان هەن کە دەگەنە ئاستی هەرە سەرەکی، ٩٩ لە سەدی ژنان ژنانی ئاسایین، ژیانی ڕۆژانەیان هەیە.  زۆر گرینگە کە باسی ئەم ژنانە بکرێ وەلێ بەڕاستی زاڵبوونی ناسیۆنالیسم و حیزبیگەری سیاسی چەکداری و هەر بەهۆی ئەوە فێمینیزمی زۆر سیاسی  و چەکداری بووەتە هۆی ئەوە  ئەو بەشەی پرابلم و مەسەلە و کێشەی ژن کە سیاسی نییە زۆر پەراوێز خراوە. یانی ئێمە زۆر کاری لێکۆڵینەوەی کەممان هەیە لە سەر ژیانی ژنانی ئاسایی لە کوردستاندا. زۆر کەممان هەس، لە جێدا گرینگیان پێ نادرێ، لە جێدا ناویندرێن، ئێستا بۆ وێنە ژنانێکی زۆر هەن خەریکن ئەڕۆنە تاران کار دەکەن لە ماڵی فارسەکان، کاریان بۆ دەکەن، منداڵیان بۆ بەخێو دەکەن یا بۆ وێنە ماڵەکانیان خاوێن دەکەنەوە. ئەمە هەر وەک شێوەی ئەو باسانەیە کە ئەمڕۆ لە مەڕ تیوری فێمینیزمی social reproduction باسی ئەکەن  بە فارسی پێی ئێژن نەزەرییەی بازتەولیدی ئیجتیماعی یانی چۆن هەم کاری بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە لە سەر شانی ژنانە بەڵام بە تایبەتی لە سەر شانی ژنانی دە پەراوێزخراوە. یانی ئەو ژنانەی کە خەریکن ڕاسیسم تەجروبە دەکەن. تەرجومانی دەبێ بە بو وێنە ژنانی کورد و عەڕەب کە دەڕۆنە تاران کار دەکەن. خەباتی چەکداری بووەتە هۆی ئەوە تەواوی ئەو کێشانە زۆر کەم باسی بکرێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، کێشەی دووەمیش ئەمەسە کە توندو توێژی دژی ژنان هەمیشە دە پەراوێز خراوە. یانی لە بەر ئەوەی خەباتی گرینگتر بووە بە ناوی ئازاد کردنی وڵات، دوژمنی گەورەتر بووە بێژین بە ناوی دەوڵەتەکان، ئەو دوژمنی گەورەیە ئەوەندە گرینگی پێ دراوە کە بووەتە هۆی ئەوە ئەو پیاگە ئەگەر چەکدارە، ئەڕوا شەڕ ئەکا، ئەگەر خەبات ئەکا لە نێو هێزە سیاسییەکاندا نەک بە پێویستی چەکداریشدا کە دەچێتەوە ماڵ ئەگەر توند و تیژی دەکا دژی ژنەکەی ، دژی هاوژینەکەی، دژی خوشکی یا  هەرکەسێکی نزیکێتی ئێمە گەرەک چاومان ببەستین لە بەرانبەریدا، یا زۆر گرینگی پێ نەدەین. پێمان وا بێ ئێستا کاتی نییە. دواتر کاتی یە، و ئەم کاتە هیج کات، هیچ وەخت ناگات، یانی هیچ وەخت کاتی نییە، یا ئەلئان کاتییە یا ئەو کاتە ئەگەر بخرێتە دواوە ئەو کاتەدواخراوە هیچوخت ناگات بۆیە ئەمانە زۆر موهیمە کە وەک ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە باسیان لێ بکرێ و بتوانین تۆزێک گۆڕانکاری تێدا پێک بێنین.
قازی: باشە دەوری دیاسپۆرا لە سەر ژنی کورد و مافی ژنی کورد چۆن دەبینی؟
ڕۆستەم پوور: ئەوەش هەر یەکی تر لە ڕاستیدا بێژین لە هێزەکانی فێمێنیزمی کوردییە. هەر وا وەک شۆڕشی سیاسی بە گشتی لە کوردستاندا چون دیسان کامیونیتی گرووپێکی زۆر بەهێز و لە عەینی حاڵدا سیاسی کراو politicized یانی گرووپێک کە حەساسە، گرووپێک کە بەشداری دەکا لە گۆڕانکارییەک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە کوردستاندا ڕوو دەدا ئەوە زۆر چالاکن لە ئوڕووپا و ئەوە  کۆمەگی کردووە کە بتوانن خۆیان بەهێز بکەن. چتی سەرەکییە ئەوەییە کە وەختێک باسی لۆکاڵ/ گڵۆباڵ ئەکەین  لە ناو فێمینتزمدا یانی فێمینیزمێک کە هاوکات بتوانێ ناوەندگر بێ یانی بە کۆلتووری خۆی، بە مێژووی خۆی گرینگی بدا بەڵام گرێش درابێ بە جەهانێک  لە دەرەوەی خۆی، چون هەر چۆنێک بێ ئێمە لە جەهانێکدا دەژین کە گەورەترە لە جەهانی خۆمان بە تایبەتی تەئسیری سەرمایەداری جەهانی و تەئسیری globalization  بە جیهانی بوون ئێمە ناتوانین خۆمان جوێ کەینەوە، لۆکالین بەڵام دەعەینی حاڵدا گڵۆبالین و ئەوە دیاسپۆرایە کارێکی کردووە کە ئێمە زۆر پێوەندییەکی واقعیمان بێ  لەگەڵ جەهانی دەرەوەی خۆماندا. و بتوانین هێز لەیەکتری وەربگرین و کامیلەن هەڵنەپسێین یا بەتەواوی لە لۆکاڵ دا بمێنینەوە یان بە تەواوی بتوێینەوە و ببین بە هێزی کار بۆ وێنە لەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا کە لە ناویاندا دەژین. بە ڕای من دیسان ئازموونی پ.ک.ک و ئازموونی ڕۆژئاوا زۆر گرینگە لەم ئاستەدا چون بە ڕاستی بەهێزە. ئەمن لێرە هەر نموونەیەک باس دەکەم. ساڵی ٢٠١٨ کۆنفڕانسێک بەڕێوە چوو لە شاری فڕانکفۆرت لە ئاڵماندا کە لە ڕاستیدا هەڤاڵانی بزووتنەوەی ژنانی پ.ک.ک ڕێکیان خستبوو، هەڤاڵە ژنەکان ڕێکیان خستبوو تەنیا ژنیش بەشدارییان ئەکرد و سێ ڕۆژ تەواوی ژنانی شۆڕشگێڕ لە تەواوی وڵاتانی جەهان بەشدار بووین و هەموو لەوێ یەکتریمان بینی. بە کۆنفڕانس، و بە باس کردن و بە دیدار و یەکتر ناسین. لە ژنی ئەفغانستانی و ئەفریقایی و جیاپاسی تێدا بوو هەتا ژنێک کە لە رەقاوە هاتبوو، لە ڕۆژئاوا هاتبوو هەتا ژنانی فێمینیستی ڕادیکاڵە چەپە شۆڕشگێڕەکانی  لە لە بارسێلۆنا، لە ئێسپانیا، لە ئیتالیا، لە فەڕانسە، لە بێرلین لە زۆر شاری تر هاتبوون. تەنیا لە فەڕانسە بە تەنیایی ئێمە ٦٠ نەفەر بووین کە ماشێنمان گرتبوو چووین بۆ ئەو کۆنفڕانسە.  تەنیا وەک هێز خەباتی ژنانی پ.ک.ک دەتوانێ شتێکی وا بەڕێوەبەرێ وە ئەسڵەن ئەوە چتێک نییە کە گرینگی پێ نەدرێ، ئەوە چتێک نییە کە بنی ئایەم نەتوانێ بەرچاوی بخا. ئەوانە بەڕاستی دەتوانن یارمەتیدەر بن کە نیشان بدا دیاسپۆرا تا چ ئاستێک دەتوانێ گرینگی بدا بەو خەباتە کە خەریکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەکرێ لە لایەن ژنانەوە.

قازی: بەڕێزت دیارە لەو وێبینارەی کە ئاماژەیەکی کورتمان پێکرد باسی ئەو چەمکی باشووری جەهانی و باکووری جەهانی ت کرد بوو و دەوری سیستمی کاپیتالیستی و مەسەلەی ژێئۆپۆلیتیک و ئەوانەت هێناگۆڕێ  لە پێوەندی لەگەڵ فێمێنیزمی کوردیشدا ئەگەر دەکرێ ئەو زەمینەیە زیاتر شی بکەیەوە!

ڕۆستەم پوور: ئەو باسە بۆیە گرینگە بکرێ لە بەر ئەوەیە کە نیشان بدرێ فێمینیزم چتێک نییە کە جیا بێ لە تەواوی ئەو سیستمانەی کە لە ڕاستیدا جێندر دروست دەکەن. هەر وەها کە جێندریش سیستمی تر دروست دەکا. زۆر کەس پێی وایە کە سیستمی دەوڵەت نەتەوە سازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هیچ نیسبەتێکی لەگەڵ جێندر دا نییە، لە کاتێکدا ئەتۆ ناتوانی بێ جێندر تێخوێندنەوەیەکت هەبێ یان باسکردنێکت هەبێ لەمەڕ ئەو ڕەوتە، هەر وەها پێچەوانەکەشی هەس. یانی ئەو شتە کە فێمێنیستەکان فێریان کردووین بەلانی کەمەوە لە تەواوی ئەو وتارە ڕەخنەگرانەیانە کە لە بیست سی ساڵی  ڕابردوو دا هاتوونە دەرەوە و زۆر خوێندراونەوە، ئەو فێمینیستە ناودارە چەپانە زۆر باسی ئەوە دەکەن کە شتێک وە ناوی " یۆرۆسێنتریسم"  واقعییەتێکی جەهانییە  یانی بۆ ساڵانی دوورودرێژ تەجروبەی ژنانی وڵاتانی ڕۆژئاوا سەپێندراوە بەسەر ژنانی تر دا. یان چتێک بە ناوی ئەمپریالیزم وجوودی واقعی هەیە. ئەمپریالیزم یانی چی یانی ئەوە ئێمە ئێژین ژنانی ئەفغانستان دەمانەوێ ئازاد کەین و بە بیانووی ژنەکان هێرشی نیزامی دەکەین بۆ سەر ئەفغانستان، یان بە بیانووی ئازاد کردنی ژنان هێرشی نیزامی دەکەینە سەر عێڕاق. لە وانەیە دوو ڕۆژی تر بۆ ئێرانیش وا بێ. ڕاستە ژنان لە ئێران، لە ئەفغانستان، بێژین لە عێڕاقدا ستەمی جۆربەجۆری جێندری و سێکسیستی تەحەمول ئەکەن. ڕاستی ئەوە هیچ قسەی لە سەر نییە بەڵام ئالترناتیڤی ئەمە چی بێ ئێمە چ ڕێگاچارەیەکی بۆ داوا بکەین ئەوە زۆر گرینگە. ئەمە چتێک بووە کە ئەو تەجروبە جیاوازانە زۆر لە ناویدا ڕەنگ دەداتەوە چون زوربەیان ژنانی لیبێراڵن و ژنانی لێبێڕاڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا پێیان وا بوو ئازادی هەر ئەو تەعریفەی هەیە کە ئەوان تەجروبەیان کردووە و ئەگەر ئێمە بەو شێوەیە ناژین کە ئەوان ئەژین ئەو ئیجازە و دەرفەتەیان هەیە کە تەنانەت بە هۆی بۆمبارانکردنی ولاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بێن ئەو ژنانە ئازاد کەن یان ئەو شێوەیە لە ئازادی خۆیان تەحمیل کەن پێیان. ئەمە پێی ئێژن کۆلۆنیالیزمی نوێ، ئەمە پێی ئەڵێن ئەمپریالیزم. بە وشە و پەیڤی جیاواز باسیان دەکرێ. وەڵێ ئەوەی کە گرینگە ئەوەسە کە ئەتوانێ بە ناوی ئازادی ژن، مافی ژن، خەباتی ژن ئەتوانێ زۆر گەندەڵی تر ڕوو بدا. دەتوانێ زۆر ستەمی تر ڕوو بدا. ئێمە ئەوینین ئازموونی عێڕاق وا لە بەرچاومانە. ئەوشتە کە لە ڕاستیدا بۆ ئازادکردنی ژنە تەواوی ئەو وڵاتانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە لە لایەن ئەمریکاوە پەلامار دراون لە ماوەی ئەو بیست ساڵە، نۆزدە ساڵە نابوود بوون و نەک لە وەزعی ژنەکاندا هیچ گۆڕانکارییەک پێش نەهاتووە بەڵکوو جۆرێک قەیرانی هەمیشەیی لەو وڵاتانە حاکم بووە کە قوربانی سەرەکی ئەو قەیرانە هەمیشەییە ژنانی عێڕاق و ئەفغانستانن. ئەمڕۆ وەزعی ئەفغانستان ئەوینین بەجۆرێک نەتیجەی هەر ئەو جۆرە سیاسەتانەیە. بۆیە من لەوتارەکەی ئێران  ئاکادێمیا باسم کرد و ئێستاش تەئکیدی لەسەر دەکەم فێمێنیزم  شتێکە گرێدراوی کۆمەڵێک ستەمە، گرێدراوی ساختاری دیکەیە کە گەرەک هەموویان بە ڕەسمییەت بناسرێن. چونکە مەترسییەکی دیکەش هەیە ئەگەر ئێمە نەتوانین خۆمان گرێ بدەین لە کۆمەڵەی جەهانی مەترسی ئەوە هەیە بەولای دیکە دا بکەوین، یانی هەست بکەین کە چون ئێمە دژی ئەمپریالیزمین یان دژی یۆرسێنتریسمین یان دژی کۆلۆنیالیسمین حەتمەن شتێکی زۆر لۆکال بەقەولی ئینگلیسی purely local  یانی کامیلەن لۆکاڵ وجوودی هەیە کە ئێمە ئەتوانین دەستی پێوە بگرین و خۆمانی پێ ڕابگرین بەڵام بەداخەوە چتی وا وجوودی نییە ئێمە گشتمان لە یەک جەهاندا ئەژین  ناوی سەرمایەدارییە ئەو جەهانە و ئەو سەرمایەدارییەش بمانەوێ نەمانەوێ، بە ئیختیاری ئێمە نییە، ئێمە لە ناویدا دەژین و هەموو ئەو ساختارە ئابووریانە شوێنمان لە سەر دەکەن کە دیارە هەر تەنێ ساختاری ئابووری نییە ئەمە کە سەرمایەداری چۆن میکانیزمی هەڵدەسوورێ، میکانیزمێکە کە لە سەر بنەمای جێندر هەڵنراوە. مێکانیزمێکە بە مەبەستی جیاوازی دروست کردن لە نێوان گرووپگەلی جۆر بەجۆری کۆمەڵگا. بۆیە زۆر گرینگە ئەگەر لە فێمێنیزم دیفاع دەکەین لە کوردستان ئەو فێمینیزمە نابێ تەجروبەیەکی لیبێراڵی ئەمپریالیستی لە فێمێنیزم  بەرهەم بهێنێتەوە. هەر بۆیە باسی ئازموونی باشوورم کرد بۆ وێنە ئەمڕۆ ئێمە لە ڕۆژهەڵاتدا  ئەگەر بڕیار بێ دوو ڕۆژی دیکە گۆڕانکاری بێ لە ئێراندا، ئێران وەزعییەتی هیچ ڕوون نییە نازانین چ پێش دێ لەساڵانی داهاتوو دا، گۆڕانکاری بێ وەک فمێنیزمی کورد ئێمە داواکاریمان ڕوونە، ئەگەر بڕیار بێ دیسان سیستمێکی لیبێراڵ بیتە سەر کار، ئەمجارە بە کڕاواتەوە بە ناوی سکولاریزمەوە بییەوێ ژنان  بچەوسێنێتەوە دیسان ژنی کورد و عەرەب  بەڵام بە ناوێک تر، بە چێهرەیە تر، بە ڕواڵەتێک تر ئێمە ناتوانتن لەگەڵی بین تەنانەت ئەگەر جێی مەلاکان بگرنەوە،تەنانەت ئەگەر جێی کۆماری ئیسلامی بگرنەوە چون بە ڕاستی لە ناسێنە و ناوەرۆکیاندا هیچ جیاوازییەک لە نێو ئەوانەدا نییە. تەواوی ئەوانە بۆ ئەوەی ئێمە لە تێگەیشتنێکی دروست لەمەڕ فێمینیزمی کوردی بگەین پێویستە ئەو هات و چووی بەردەوامی لە نێوان مەسەلەی لۆکال و مەسەلەی گلۆباڵ و ئەمە کە چۆن ئەم ستەمانە بەیەکەوە دەبینین.
قازی: باشە باسەکەمان لیرە دا تەواو دەبێ بەڵام پرسیارێکی دوایی ئەگەر زۆر بە کورتی وڵامم بدەیەوە ئەمن هاوکار و هاوڕێیەکم کە زمانناسە و ئاگادارە لە بارو دۆخی زمانی فەڕانسەیی  داوای لێکردم ئەو پرسیارەت لێ بکەم ئەویش سەبارەت بە دووچاوکی یان تەبعیزی جینسییەتییە لە زمانی فەڕانسەییدا. دیارە پاک کردنەوەی زمانی لە لایەنی جینسییەتی لە زمانی ئینگلیسییدا لە مێژە لە کانادا دەستی پێکردووە تەنانەت لە زەمینەی زمانی کوردیی سۆرانیدا نەمر ئەمیر حەسەنپوور مەقالەیەکی زۆر ڕێکوپێکی هەتە بە ناوی " بەرهەمهێنانەوەی بابمەزنی لە زمانی کوردیدا ". بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ زمانی فەڕانسەییدا دەزانین لە ڕووی ڕێزمانییەوە جینسییەتی نێر و مێ هەیە. لەو بارەیەوە پێم وایە هێندێک لە فێمینیستانی فەڕانسەیی داوای ئەوە دەکەن کە گڕامێری فەڕانسەییش بگۆڕدرێ، ئەوە چۆنە؟
ڕۆستەم پوور: بەڵێ کاک حەسەن ئەو باسە باسێکی نوێ نییە بەڵام لەو چەند ساڵەی دواییدا وەک داواکارییەکی  زۆر جیدیتر لە لایەن فێمینیستەکانەوە هاتووەتە گۆڕێ. لە وڵاتی فەڕانسە دەزگایەک هەیە بە ناوی ئاکادێمی زمان کە زۆر گرینگی پێ دەدرێ و زۆر بڕیاردەرە سەبارەت بە زمان و هەموو لایەنەکانی و ئەو ئاکادێمییە بڕیار دەدا چ  جۆرە گۆڕانکارییرک چ گەورە چ بچووک لە بواری زماندا بێتە بەرەوە. چەند ساڵە کە فێمینیستەکان نامەیان نووسیوە و ئیمزایان کۆ کردووەتەوە و داوایان کردووە ئەو گۆڕانکارییە بکرێ و زۆریشیان لە سەری نووسیوە کە بۆچی سێکسیستییە ئەو دابەشکردنە بە تایبەتی تەواوی ئەو وشانە کە خونسان و نە مێن، نە نێر لە زمانی فەڕانسەییدا هەر وەک  وشەیەکی نێر باسیان لێوە دەکرێ بۆیە ئەوە دەکرێ بە ئاشکرایی وەک دووچاوکی جینسییەتی لە زماندا تەعبیر بکرێ و زۆر لە فێمێنیستەکان پێی لە سەر دادەگرن هەرچەند زۆر فێمێنیستی دیکەش هەن  باسی ئەوە دەکەن ئەوە مەسەلەیەکی سەرەکی نییە و زۆر نابێ گرینگی پێ بدرێ بەڵام کەسانێکیش هەن خەرێکن خەباتی بۆ دەکەن  و تا ئێستا هیچ خەبەرێک لە گۆڕانکارییەکی جیدی  لەو بوارە دا نییە و نە لە میدیاکاندا و نە لە دانوستاندنە ڕەسمییەکاندا لەو بابەتە  نابیسین تەنیا لە کۆڕوکۆمەڵی فێمینیستیدا جاروبار دەبیسین کە ئەو داواکارییە هەس.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم  بەڕێز ڕوۆستەم پوور  بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت دەکەم.
ڕۆستەم پوور: زۆر سپاس مامۆستا بژی، سپاس لە بینەرانیش.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. بینەرانی خۆشەویست  بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش،  تاکوو  ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش،

 
تێبینی: ئەم بەڕنامەیە لە ڕێگای سکایپەوە لە چوارشەمە شەو  ٢٧-ی تەمووزی ٢٠٢٢ بە شێوەی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. لەم لینکەی خوارەوە دا دەکرێ ڤیدێئۆی بەرنامەکە تەماشا بکەن.     

https://youtu.be/se3wCSdmwWw







 

Sunday, July 24, 2022

Thursday, July 14, 2022

Monday, July 4, 2022

وتوێژ لەگەڵ پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب سەبارەت بە بەرهەمەکانی، چاپ و ئامادەکردنی کارەکانی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور لە پاییزی ساڵی ٢٠١٧وە و کۆلێکسیۆنی کتێب، بەڵگە و نامەکانی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە زانکۆی تۆرنتۆ، کانادا


وتوێژ لەگەڵ پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب سەبارەت بە بەرهەمەکانی، چاپ و ئامادەکردنی کارەکانی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور لە پاییزی ساڵی ٢٠١٧وە  و کۆلێکسیۆنی کتێب، بەڵگە و نامەکانی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە زانکۆی تۆرنتۆ، کانادا. ڕاوێژ چوارشەمە شەو ٢٩-ی حوزەیران ٢٠٢٢

حەسەن قازی
: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارەماندا چاوپێکەوتنێکمان هەیە، وتوێژێکمان هەیە لەگەڵ پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب کە سەرۆکی دیپارتمانی پەروەردە و لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە ژنان لە زانکۆی تۆرنتۆ و بەڕێزیان وەکوو فێمێنیستێک بۆ بەشێک لە بینەرانی ئێمە کە لە بواری مافی ژنان و لەسەر کردنەوەی مافی ژنان کار دەکەن ناسراوە. لەم بەرنامەیە دا ئێمە باسی هێندێک لە کارەکانی بەڕێزی و ئەو پرۆژانەی کە بە دەستەوەیەتی دەکەین، بەتایبەتی سەبارەت بە ژنانی کورد و هەر وەها ئەو میراسەی کە لە نەمر ئەمیر حەسەنپوور بە جێ ماوە واتە کتێب و بەڵگەکانی کە دراوە بە زانکۆی تۆرنتۆ لە کانادا باسی ئەو ئارشیوە بە کەلکە دەکەین و هەر وەها باسی ئەو کتیبانەی مامۆستا ئەمیریش  دەکەین کە دوای لە دەستچوونی لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەی دواییدا بەڕێز موجاب  وەکوو هاوژینێکی وەفادار و وەکوو ئاکادێمیسییەنێک کە هەستی کردووە بە بەرپرسیاری ئامادە و بڵاوی کردووەتەوە. تا ئێستا ٥ کتێبی حەسەنپوور کە لێرە دەیان بینن [چەند کتێب نیشان دەدا] لە هاوینی ساڵی ٢٠١٧وە بڵاو کراوەنەتەوە.
بەڕێز موجاب زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ!
پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب: سەلام و ڕێز بۆ جەنابت مامۆستا گیان و بۆ  بینەرانی خۆشەویست و سپاس بۆ تۆ بۆ  ئەو دەعوەت و دەرفەتە، بە تایبەتی دەمەویست ئەوەشت پێ بڵێم سپاس بۆ حەول و بە دواداچوونەکانت لەمەڕە کارە سیاسی و عیلمییەکانی ئەمیر. بۆ خۆت دەزانی کە ڕەفاقەت و دۆستی و نزیکی  ئێوە ڕابردووی مێژوویی و قووڵی هەیە و هەر دووکتان حەز و عەلاقەی هاوبەشتان زۆر بوو  کە زۆرێ دەگەڕێتەوە سەر باس و خواستە مێژوویەکانی کوردستان. هەر چەند لە ڕوانگەی سیاسییەوە زۆر جارانیش تەوافوقتان نەبوو بەڵام دۆستایەتییەکی  مێژوویی و قووڵتان هەیە. لەبەر ئەوە زۆر مەمنوونم بۆ ئەو دەرفەتە، زۆر سپاستان دەکەم.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. ئەمن دیارە بە کورتی بەڕێزتم ناساند وەکوو ئینسانێکی فێمێنیست بە تایبەتی و دەزانم کە لە زەمینەی لە سەر کردنەوەی مافی ژنان و ڕۆڵی ژنان لیستەیەکی زۆر لە کتێبەکانتانم لە بەر دەست دایە لێرە، کە لیستەیەکی درێژە و زیاتر لە ١٠ کتێبە و لەبەر ئەوەی لەم بەرنامەیە دا ڕەنگە وەخت نەبێ یەک بە یەک باسی هەموویان بکەین پێم خۆش بوو هێندێک لە سەر بەرهەمەکانتان بدوێن، بە تایبەتیش  وا بزانم ئێوە لە ساڵی٢٠٠١ کتێبێکتان ئێدیت کرد سەبارەت بە " ژنانی نەتەوەی بێدەوڵەت"، زیاتر لە سەر ژنان و خەباتی ژنان لە سەر دەمی کۆماری کوردستاندا. لەو کتێبەدا وتارێکی زۆر بەنرخ و بەکەلکی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور هەیە کە سەبارەت بە بەرهەمهاتنەوەی بابمەزنییە لە زمانی کوردیی سۆرانی دا. فەرموو!

موجاب: بەسەرچاو، ئەمن لە دوو زەمینە دا قسە دەکەم. یەکیان لەمەر کارە تیورییەکانم کە زۆرتر سەبارەت بە مارکسیزم و فێمێنیزمە و هەر وەها لە بەشی پەرەوەردە و لە بواری ژناندا. لە ڕووی جوغرافیاییەوە تەئکیدی من  لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە ئاکامدا  تەرکیزی کارەکانی من لە سەر مەسەلەی ژنانی کورد، مەسەلەی دەوڵەت، مەسەلەی فێمێنیزم، ناسیۆنالیزم  و پاتریارکی ( بابمەزنی)یە. لەبەر ئەوە ئەو کتێبەی کە باست کرد، ئەز قەزا ناشرەکەی بە تازەگی پێوەندی کرد. ئەو کتێبە کە بە زمانی ئینگلیسی هاتووەتە دەرێ، یەکەم کتێبی کۆکراوەی وتارانە  سەبارەت بە ژنی کورد و تا ئێستا کتێبێکی دیکەی ئاوا بە زمانی ئینگلیسی دەرنەچووە، چاپ نەبووە. و لە ساڵی٢٠٢٤ بە بۆنەی بیستوپێنجەمین ساڵی چاپی ئەو کتێبە، کۆکراوەیەکی دیکە چاپ دەبێ کە لەوێدا ١٥ تا ١٦ لێکۆلەرەوەی ژنی زۆر بە توانا کۆمەڵە دانیشێکی تازە بەرهەم دێنن سەبارەت بە ژنانی کورد لە زەمینەی جیاوازی  فەرهەنگ، مێژوو، ئەدەبییات، زمان و لەمەڕ خەبانی ژنی کورد لە قۆناخی جۆر بە جۆر دا. بۆیە ئەو کارە دەبێتە کۆکراوەیەکی تازە و نایاب و هیوادارم نەسلی جەوان بتوانێ کەلکی لێ وەربگرێ یانی بتوانن ئیستیفادەی لێ بکەن. بەشی سەرەکی کارەکانی من سەبارەت بە ژنانی کورد لەو کۆکراوەیە دایە و هەر وەک باست کرد مەقالەیەکی ئەمیریشی تێدایە کە هێشتا لەو کارانەیە کە زۆر تازەیی هەیە و لە ڕاستیدا لە ڕووی مێژووییەوە کۆن نەبووە. بۆیە لەو کتێبەیدا کە ساڵی ٢٠٢٤ بە بۆنەی بیست و پێنجەمین ساڵی  کتێبی " ژنانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت" چاپی دەکەین ئەو مەقالەیەی ئەمیریش چاپ دەکرێتەوە.


قازی: هەر چۆنێک بێ، ئەوە مژارێکە، بابەتێکە، مەوزووعێکە کە لە پێوەندی لەگەڵ زمانناسی کوردیدا  زۆر کەم لێی کۆڵدراوەتەوە. دەزانین ئەو ڕەهەندە دە زمانی ئینگلیسی و فەڕانسەییدا، بە تایبەتی  لە جێگایەکی وەک کانادا زۆر بە گەرمی قسەی لێوە کراوە. واتە نەهێشتنی بابمەزنی لە زماندا بۆ نموونە لە جیات
policeman  بە پۆلیسی ژن بگوترێ  policewoman  و هتد. جا ئەوە لە کوردیدا بە تایبەتی لە کوردیی سۆرانیدا  ئەو مەقالەی مامۆستا زۆر شتێکی تازەیە. باشە لە زەمینەی دیکە دا لەمەڕ کتێبەکانت، ئەگەر پێوەندی بدەینەوە بە کێشەی ژنان و مارکسیزم؟
موجاب: ئەوانەش زیاتر تەئکیدی من لە سەر ئەوەیە بتوانین هەموو پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پێوەندییە سیاسییەکان، ئابووری، فەرهەنگی ئەوانە بە شێوەیەک بۆ تەئکید لە سەر سترووکتوورە گەورەکان لە کۆمەڵ دا  وەکوو دەوڵەت، وەکوو پێوەندییەکان باب-پیاو مەزنانە و پێوەندییە ئابوورییەکان چاو لێ بکەین و بزانین چ تەئسیرێکیان  لە سەر بارودۆخی ژنان و بە تایبەتی لە سەر
learning  فێربوون هەبووە نەک پەروەردە لە ئاستی مەدرەسە دا بەڵکوو لە گشت پڕۆسەی فێربووندا. ئەمن لە کارەکانم دا لە تەئسیری شەڕ لە سەر ژنان، زەبروزەنگ لە هەمبەر ژنان، دەکۆڵمەوە و کاردانەوەی لە سەر ژیانی ژنان و هەر وەها بوون و خەباتی ژنان لە کۆمەڵدا. ئەوە بە گشتی  زەمینەی کارەکانی منە. کۆکراوەیەکی زۆر لەو شتانەی کە من نووسیومە سەبارەت بە ژنانی کورد ئەوانە هەموویان وەرگێڕدراون لە زمانی ئینگلیسییەوە بۆ سەر زمانی فارسی و هیوادارم  لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا  ئەو کتێبەش حازر بێ و ناوی ئەو کتێبەش  " مارکسیزم، فێمێنیزم و ناسیۆنالیزم: ژنانی کورد لە بەستێنی مێژوویی و تیوری" دایە. ئەو کتێبەش حازر دەبێ و چاپ دەبێ.
قازی: ئەمن لە جێگایەکدا خوێندمەوە، کورتەیەک سەبارەت بە ناساندنی ئێوە، لە ماڵپەڕێکدا کە ئانڵاین لە سەر تۆڕی ئینترنێت هەیە لە سەر بارودۆخی ژنانی زیندانی کوردیش کار دەکەن وایە؟


موجاب: بەڵێ دروستە، بەشێک لە کارەکانی من لە مەڕ تەئسیری زەبروزەنگی دەوڵەتی لە ئاست ژنان بریتییە لە ئەزموونی ژنان و زیندان. یەکێک لەو زەمینانەی کە ئێسا کاری لە سەر دەکەم تەجروبەی ژنانی کورد و زیندانە چ لە تورکیا و چ لە ئێران لە دوای هاتنە سەر کاری جمهووری ئیسلامی. ئێستا ئاڕشیوێکی ئینترنێتی هەیە بە تایبەتی بە زمانی ئینگلیسی بۆ ئەوەی خەڵکی بەینەلمیلەل ئاگادار بن لە تەجروبەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زینداندا، و ئەوە نە تەنیا ئەو دەقانەی کە ژنان نووسیویانە بەڵکوو لە ڕووی هونەریشەوە بە جۆرێک خەبات و خۆڕاگری ژنان و تەجروبەی زندانیان لەو ماڵپەڕە دا باس دەکرێ. ئەمن لە سەر ئەو بابەتە زۆرم کار کردووە و لەوێدا بڵاوم کردوونەوە و ئەوە ئاڕشیوێکی لێکۆڵینەوەی زۆر باشە.
قازی: دیارە ئەمن دەزانم جەنابت وەکوو ئاکادێمیکێک باوەڕت هەر ئەوە نییە هەر لە چوارچیوەی زانکۆ دا کار بکەی بەلام پێت وایە ئەو کارەری کە دەکەی واتە بەرهەمهێنانی دانیش و کولتوور ئی خەڵکە و بۆ خەڵکە و دەبێ بچێتەوە نێو خەڵک. جا لەو پێوەندییە دا وابزانم ئێستا دە پڕۆژەیەکدا کار دەکەی لەمەڕ تەئاتر و هەڵپەڕکێ و ئەوانە. ئەو پڕۆژەیەش ئەگەر شی بکەیەوە زۆر باش دەبێ.

موجاب: سپاست لێ دەکەم ئەوە پرسیارێکی زۆر گرینگە چونکە ئەمن پێم وایە هونەر چ تەسویری بێ چ بە شکڵی تەئاتر یا مووسیقی بێ، هەڵپەڕکێ بێ ئەوە دەتوانێ گیروگرفتی زمانی و  فەرهەنگی بە شێوەیەکی زۆر خولقێنەرانە جێ بە جێ و چارەسەر بکا، یانی لەو بابەتەوە خولقێنەرە، ئافرێنەرە. بۆیە ئێمە دەبێ بتوانین ئەو باسە تیورییانەی کە بەرهەمی دێنین، ئەو دانیشەی کە بەرهەمی دێنین بیبەین بۆ ناو خەڵک بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن کەلکی لێ وەربگرن و بەرتەنگییە تیۆریک، کولتووری و زمانییەکان لا بەرین  و بتوانین  ئەوانە لە ناو فەرهەنگی جۆر بەجۆر، زمانی جۆر بەجۆر دا بەکار بێنین. بۆیە سەبارەت بە بابەتی موهاجەرەت، شەڕ، زەبروزەنگ و توند وتیژی بە دژی ژنان و سەبارەت بە خەباتی ژنان، خۆڕاگری ژنان دەکرێ ئەوانە بە شێوەیەکی خولقێنەرانە بەرینە ناو خەڵک بۆ ئەوەی بتوانن لەوە کەلک وەربگرن.
قازی: وا بزانم یەکێک لەو کەسانەی دیکەش کە لەو پڕۆژەیە دا ناوی پچووکی شەهرزادە؟
موجاب: بەڵێ ئەوە یەکێک لە هونەرمەندەکانە کە ئەمن هاوکاری لەگەڵ دەکەم و هەر لەم چەند حەوتوویە دا لە تۆرنتۆ تەئاترێکی هەیە بە ناوی
Children of Fire  کە ئەوەش لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەیە لە سەر ژیان و خەباتی شەرڤان و پێشمەرگەی ژنە لە کوردستان. ئەوە شەهرزاد ئەڕشەدی یە کە ئەو کارە دەکا کە وەکوو تەئاتر پێشکێش دەکرێ.
قازی: ناوی " منداڵانی ئاگر" ە؟


موجاب: بەڵێ دەقیقەن " منداڵانی ئاگر"ە، کە لە لێرە نمایش دەدرێ و خەبات و پێشمەرگایەتی ژنانی کورد دەباتە ناو خەڵک و پێیان دەناسێنێ کە ئەو خەباتە چییە؟
قازی: فەرمووت لە سەر  کێهە بەشی کوردستانە ئەو بەرهەمە؟
موجاب: زیاتر لە سەر کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێڕاقە!
قازی: ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ ئێستا بێینە سەر کتێبخانە و بەڵگە و نووسینی کاک ئەمیر، دیارە زیاتر بۆخۆت باسی بکەی باشترە، ئەو پێشنیاری کرد بوو ئەوانە پێشکێش  بکرێ بە کتێبخانەی زانکۆی تۆرنتۆ. لەو بارەیەوە ئەگەر بکرێ هێندێک بە وردی، بە وردەڕیشاڵ بتوانی شی بکەیەوە، پڕۆسەی وەرگرتنی ئەوانە لە لایەن کتێبخانەی زانکۆی تۆرنتۆ، وا بزانم لە ساڵی ٢٠١٩ بووە. فەرموو بابێینە سەر ئەو باسە!
موجاب: لەوە ڕا دەست پێ بکەم ئەمن کاری قورسی زۆر لە پڕۆژەکانی ئەمیرم بە یەکجار و بێ ئامادەیی پێشوو دەست پێ کرد. ئەوەی کە خواستی ئەمیر بوو. لێرە نوختەیەک بڵێم بۆ ئەوەی بینەران بزانن ئەو کارە چۆن بووە. نوختەی یەکەم شێوەی کار بوو واتە سەبارەت بە مێتۆدۆلۆژی ئەمیر کە من بۆ ئامادەکردنی کارەکان لەوە کەلکم وەرگرت. بۆ خۆت دەزانی ئەمیر زۆر بە دیقەت و وردی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئەنجام دەدا. و لەو بارەویەوە ئیبتیکاری عەمەل و دەستپێشخەری زۆر جوانی هەبوو. بەکار هێنانی نەخشە، کەلک وەرگرتن  لە ئارشیوی جیاواز، بەکار هێنان و کەلکوەرگرتن لە ئەدەبییاتی زارەکی، وتوێژ، وێنە، ڕەسم، ئیستیفادە کردن لە مووسیقی، دەنگبێژەکان و گۆرانی بێژەکان، لە فیلم و تەجروبەی وڵاتانی جۆربەجۆر. نەک هەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو ئافریقا، ئامریکای لاتین لە هەموو ئەوانە کەلکی وەر دەگرت. لەڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە یادداشتە جۆر بە جۆرەکانی ڕێکوپێک دەکرد و ئەوانەی لە دوای خۆی جێ هێشتبوو و ئەمن بە کەلکوەرگرتن لەوانە بوو  کە لەو ماوەیە دا توانیومە ئەو هەموو کارە ئەنجام بدەم. کارەکان بریتین لە ٣ کتێب بە زمانی فارسی. یەکەمیان:

" آریان پور وجامعە شناسی مارکسیستی: تاریخ، طبقەء اجتماعی و دیالکتیک " لە سەر بنەمای بیروهزری ئەمیر حوسێن ئاریان پوور، دوو کتێبی گرینگی دیکەش بە فارسی : " شورش دهقانان مکریان، ٣٢ – ١٣٣١ شمسی" و کتێبێکی ئینگلیسی کە بریتییە لە کۆکڕاوەی نووسینەکانی ئەمیر بە ئینگلیسی و دوایە کاری ئاڕشیو. دەمەوێ هێندێک باسی ناوەرۆکی ئەو کارانە بکەم ئەوەش بڵێم دوایین کتێنی کە ئەمیر خۆی دیتی بریتی بوو لە هێنانەگۆڕی بۆچوونەکانی خۆی لەگەڵ هاوڕێکانی لە " حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – مارکسیست، لێنینست، مائۆیست " کە ئەوانە یارمەتییان کرد کۆکراوەیەک لە نووسراوە فارسییەکانی خۆی لە کتێبی: " بر فراز موج نوین کمونیسم " دا چاپ بکرێ. ئەو کتێبە بابەتی ئەوتۆی تێدایە کە بۆ ئەمڕۆش گرینگن و پێوەندییەکی چڕوپڕیان هەیە لەگەڵ مەسەلە سیاسییەکانی کوردستان و پێوەندییەکی نزیکیان هەیە لەگەل مەسەلەی کوردستان لە ئێران  و لە تەواوی هەرێمیشدا. ئەو بابەتانەی لەو کتێبە دا هاتوونە گۆڕێ بریتین لە زمانکوژی یان لە ناوبردنی زمان، بابەتی چینایەتی، دەوڵەت، مافی نەتەوایەتی و نەتەوان و فۆرماسیۆنی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی، هەر وەها بۆچوون و ڕەخنەکانی ئەمیر لە تەواوی کارکرد و کارنامەی حیزبە سیاسییە کوردییەکان، دەوری سیاسەتی کۆلۆنیالیستی دەوڵەتە سەرەڕۆ و ئیستبدادییەکانی ناوچە و ئەمپریالیستەکان کە لەو ناوچەیە چییان کردووە و نەخشی ئەوانە بۆ سەرکوتکردنی کوردان، ئەوانە هەموو لەو کتێبەدا هاتوون. بڵاوکراوەیەکی دیکە کە هاتە دەرێ و بەداخەوە ئەمیر نەی دی. یانی کە نووسراوەکە بڵاو بووەوە بە چاپکراوی نەی دی، بڵاوکراوەی گرینگی " دەروازە " بوو. بۆ خۆت دەزانی ئەمیر سەر ئێدیتۆری بوو و لەوێشدا  بۆ جاری یەکەم وتارێکی گرینگی ئەمیر کە بریتییە لە ناساندنی لێکۆڵینەوە لە سەر ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان بڵاو بووەتەوە.

قازی: ببوورە بۆ بەرچاو ڕوونی بینەران با بڵێین کە کتێبی " ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان" [ کتێبەکە نیشان دەدا]، مامۆستا ئەمیر بڕیاری ئەوە بووە ئەو کتێبە بە فارسی بنووسێ، بەڵام لە ژمارە ١-ی دەروازە دا کە باست کرد و مامۆستا ئەمیر سەرنووسەری بوو بەڵام بە داخەوە گۆوارەکەی نەدی، لەوێدا بەندی یەکەمی ئەو کتێبە بە کوردی بەڵام بەخەتی لاتینی بەدرخانی چاپ بووە  و دواتر هێنراوتە سەر خەتی عەڕەبیش. بەندی یەکەمی کتێبی " شۆرش دهقانان مکریان" بە کوردیی سۆرانیش هەیە.

موجاب: بەڵێ ئەوە بە فارسیش وەرگێڕدراوە. بۆ خۆت دەزانی گرینگترین  مەسەلەیەکی تیوری کە بۆ ئەمیر مەتڕەح بوو، مەسەلەی چینایەتی و فۆرماسیونی کۆمەڵایەتی – ئابووری و پێوەندی ئەوانە بوو لەگەڵ شۆڕش لەو کتێبە دا. لە هەموو دەرفەتێک کەلکی وەردەگرت کە لەگەڵ کەسانی جۆر بەجۆر و جیاواز لە مەنتەقەی موکریانی کوردستان موساحەبەی دەکرد، زۆر پرسیاری گرینگ و کلیلی بە ڕێگای نامە و دواتر بە ڕێگای ئی- مەیل لەگەڵ ئەو لێکۆلەرەوانەی لە ئوڕووپا بوون، لە ئێران، تورکیا، عێڕاق لەگەڵ هەموو ئەوانە دەیهێنا گۆڕێ و ئارشیوێکی زۆر ڕێکوپێکی دروست کرد کە هەر ئەو ئاڕشیوەش بەشێکە لەو سەرچاوانە کە ئەمیر کەلکی لێوەرگرت بۆ بەرگی یەکەمی ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان. ئەو ئاڕشیوە ئەلئان لە زانکۆی تۆرنتۆ هەڵگیراوە. بەرگی دووەمی ئەو  کتێبە بریتییە لە بەڵگە و ئەسناد و نامەکانی کۆنسوولخانەی ئەمریکا لە تەورێز و هەر وەها موکاتەباتی دیپڵۆماتیک و بڕاوەی ڕۆژنامەکان کە باسی ئەو ڕووداوانەی تێدایە.
قازی: ئێستا لە ژێر چاپ دایە؟

موجاب: بەڵێ، بەڵێ ئەوە تا مانگێکی دی حازر دەبێ. نزیکەی ٥٥٠ لاپەڕەیە و نامەگۆڕینەوەی ئەمیر لەگەڵ مامۆستا مەسعوود محەمەد لەو بەرگە دا چاپ دەبێ. و ئەوەش بۆ خۆت دەزانی ئەو نامە گۆڕینەوانە لە ساڵی ١٩٧٦ دەست پێ دەکا بە ئەوەڵین نامەی کە ئەمیر بۆ مامۆستا مەسعوود محەمەدی نووسی و تا ئاخرین نامەی  لە ساڵی ١٩٩٩-ی تێدایە.
قازی: ببورە، لێرە بازەینی بینەرانیش بڕێک تازە بکەینەوە، ریفڕێش بکەینەوە ئەویش ئەوەیە وەختێک مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور لە ئەمریکا لێکۆڵینەوەی کردووە لە سەر تێزی دوکتورایەکەی لە  پێوەندی دابووە لەگەڵ مامۆستا مەسعوود محەمەد وەکوو سەرۆکی کؤڕی زانیاری کورد لە بەغدا و پێوەندییەکی زۆر چڕ وپڕیان هەبووە مامۆستا مەسعوود محەمەد چاپەمەنییەکانی کۆڕی زانیاری بۆ ناردووە و لەو ئالوگۆڕی بیروڕایە دا دیارە بیروڕایان جیاواز بووە سەبارەت بە مەسەلەی کۆمەڵایەتی و هتد. ئیدی ئەو پێوەندییە نەماوە، دوای ماوەیەک مامۆستا مەسعوود محەمەد لە دوو توێی کتێبێکدا یەکێک لە نامەکانی کاک ئەمیری دۆزیوەتەوە و لە سەر بنەمای ئەوە ویستوویەتی وڵامی کاک ئەمیر بداتەوە ئیدی ئەو نامەیە درێژ بووەتەوە و بووە بە کتێبێک بە ناوی " بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت"، کە دیارە کاک ئەمیر لە ساڵی ١٩٩٣ کە گۆڤاری گزینگ لە سوێد دەستی پێکرد لە وتوێژێکدا هێندێک وڵامی ئەو کتێبەی داوەتەوە و ئێستا بەڕێز شەهرزاد موجابیش ئاگاداریمان دەداتێ کە لە بەرگی دووەمی کتێبی " ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان" دا ئەو نامانەی لە نێوان مامۆستا مەسعوود محەمەد و مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور ئاڵوگۆڕ کراون بە وەرگێڕانی فارسی چاپ دەبێ.

موجاب: نامەکان بە فارسی وەرنەگێڕدراون. بە کوردین و بە فارسی تەرجومە نەکراون. چون ئەمن پێم خۆش بوو ئەوانە بە کوردی هەر وەکوو خۆیان چاپ بن  و دوایە ئەگەر لازم بوو ئەوانە بە فارسی تەرجومە دەکرێن. لەو فاسیلە لە نێوان ١٩٧٦ تا ئاخرین نامە کە  ١٩٩٩ بوو  فاسیلەیەکی ٧ ساڵە هەیە (١٩٨٦ – ١٩٧٩) کە هیچ نامەیەک لە ناو ئەوان ئاڵوگۆڕ ناکرێ. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە چووبووینەوە ئێران و لە شۆڕشی ئێراندا دەرگیر بووین و دوایە کە گەڕاینەوە بۆ ئامریکا دیسان ئەمیر دەست پێ دەکا و نامەی بۆ دەنووسێ. بەڵام هەر ئەوەی کە باست کرد لەو فاسیلەیەدا مامۆستا مەسعوود محەمەد کتێبی: " بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک  بێت" لە ساڵی ١٩٨٤ چاپ دەکا. لەبەر ئەوە ئەو دو کتێبەی، بەرگی دووەم کە بریتییە لە بەڵگە و ئەسناد، ئاماژەی بە دەیان تێزی تازەی خوێندکاریی دوکتورا و ماستری تێدایە یانی بۆ موتاڵای ئەسناد و بەڵگەکان. هیوادارم  ئەوە تا یەک مانگی داهاتوو چاپ و بڵاو بێتەوە.
قازی: بەڵام لەوێدا ئەو چاوپێکەوتنانەی کە بۆ ئامادە کردنی ئەو لێکۆڵینەوەیە، ئەو پەژووهێشە کراوە چاپ نابن. بۆ نموونە چاوپێکەوتن لەگەڵ حەمەدەمین شەشە (حەمەدەمین ئەحمەدپوور) کە یەکێک بووە لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی جووتیاران. یانی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە موساحەبە کراوە، مەتنی ئەو موساحەبانە چاپ ناکرێن و لە ئاڕشیو دان. وایە؟
موجاب: بەڵێ مەتنی موساحەبەکان هەموو لە ئارشیو دایە و ئەمیر دە ساڵی مەحدووییەت لە سەر دانابوون کە ئیزنی چاپیان نەبێ.
قازی: یانی مەحدوویەتی زەمانیان لە سەرە.
موجاب بەڵێ: مەحدوویەتی زەمانی دە ساڵەی دانا بوو،  ئەویش بۆ ئیحتیڕام بە خانەوادەی ئەو کەسانەی موساحەبەیان لەگەڵ کراوە. بەڵام هەموو موساحەبەکان هەم بە دەنگ واتە نەوارەکانیان و بە نووسراو کە هێنراونەتە سەر کاغەز هەموو ئەوانە هەن و لە ئارشیو دا پارێزراون.
قازی: ئەمن دەمویست لە پێشدا باسی ئارشیوەکە بکەین بەڵام کەوتە دواتر و هاتینە سەر کتێبەکان. کتێبێکی دیکەش کە بە داخەوە ئەمن لێرە نوسخەییم نییە، ئەویش کتێبنامەیەکە سەبارەت بە ژنانی کوردستان  کە دیارە ئەوە کارێکی هاوبەشی نەمر ئەمیری حەسەنپوور و بەڕێزتە  کە دوای نەمانی وی زەحمەتت کێشاوە و ئێدیتت کردووە. ئەگەر هێندێک لە سەر ئەو کتێبەش زانیاری بدەی بە جێیە. فەرموو.

موجاب: ئەو کتێبە ناوی : " ژنانی کورد، لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و کتێبنامەیی 
Women of Kurdistan:,A  Historiography and Bibliographic Study . ئەو کتێبە نزیکەی بیست ساڵ من و ئەمیر کارمان لە سەر کردووە و تەواوی ئەو سەرچاوانەی سەبارەت بە ژنانی کورد نووسراون لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە وسەرەتاکانی سەدەی بیست  تا ساڵی ٢٠٠٥ ئاستە کراون و ئەوە بە سێ زمانی ئینگلیسی، ئەڵمانی و فەڕانسەیی یە. سەرچاوەیەکی زۆر گرینگە بۆ لێکۆلەرەوان، بۆ هەر کەسێکی کە بییەوێ سەبارەت بە ژنانی کورد کارێکی تازە بکا، هەر سەرچاوەیەک بییەوێ دەتوانێ لەو کتێبەدا بیبینێتەوە. و ئێمە لەسەر ئەوە کارێکی عیلمی زۆر جیدیمان کردووە چونکوو لە سەرچاوەی باشترین دانیشنامەی ئێنسیکلۆپێدیای لێکۆڵینەوەکانی ژنان ئیستیفادەمان کرد و هەمان شێوە و مێتۆدۆلۆژیمان بە کار هێنا بۆ ناساندنی دانیش سەبارەت بە ژنانی کورد. هیوادارم وەچەی لێکۆلەرەوەی جەوان بتوانێ لەو بیست ساڵەی ڕابردوو بکۆڵێتەوە. چونکە لەو بیست ساڵە دا زانستێکی زۆر بەرهەم هاتووە سەبارەت بە ژنانی کورد. ئەوانیش بتوانن هەر ئەو شێوە و مێتۆدۆلۆژییە بەکار بێنن کە ئەو سەرچاوانە لە جێیەکدا هەبن و بتوانین کەلکی لێ وەربگرین. ئەوە زۆر گرینگە و زۆر جالیبە. یانی ئەلئان ئیدی کەس ناتوانێ بڵێ سەرچاوەمان نییە سەبارەت بە ژنانی کورد. ئەگەر چاو لەو کتێبە بکەن لە هەموو بوارێکدا سیاسەت، دەوڵەت، مێژوو، فەرهەنگ، مووسیقا، هونەر، جلوبەرگ و کراس، هەرچی کە فکری لێ بکرێتەوە، لە زەمینەی مەردمناسی، ئانترۆپالۆجی، کۆمەڵناسی هەموو ئەو سەرچاوانە لەو کتێبە دا هاتوون و سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند و باشە بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ژنان.

قازی: ئێمە دەزانین مامۆستا ئەمیر زۆر بابەتیشی بە کوردیی سۆرانی  نووسیوە کە لیر و لەوێ چاپ کراوە. بۆ نموونە لەم کتێبەی
Essays on Kurds:Historiography, Orality,and Nationalism   دابابەتێک هەیە سەبارەت  بە
 
" زارەکێتی و ناسیۆنالیزم" کە بەشێکی بە کوردیی سۆرانی  وەک سەرەتای یەکێک لە کارەکانی بەڕێز سەلاح پایانیانی بڵاو بووەتەوە. بەڕێزت هیچ پڕۆژەیەکت هەیە بەرهەمە کوردییەکانیشی کۆ کەیەوە، ئێدیتی بکەی و بڵاوی کەیەوە؟
موجاب: بۆخۆت دەزانی بە یارمەتی خۆت مامۆستا حەسەن ئەمن لیستکی نووسینەکانمان ئامادە کردووە و ئەوە لیستێکی درێژە. و لە ڕاستیدا پێم خۆشە دوای ئەوەی کارەکانی کتێبەکانی دیکەی ئەمیر تەواو بوو حەتمەن ئەو کارە بکەم. شتێکی دیکەش کە زۆر پێویستە ئەنجامی بدەم؛ ئەمیر نزیکەی ٧٠ لاپەڕە بەسەرهاتی خۆی نووسیوە کە ئەوەش دەبێ ئەمن تەکمیلی بکەم و حەتمەن چاپی بکەم. هێندێک لەو شتانەم باس کرد کە بە فارسی بوو بەڵام  نووسراوەی دیکەی ئەمیر هەیە کە بە ئینگلیسی چاپ بووە کە ئەگەر پێت خۆش بێ  دەتوانین باسی ئەوانیش بکەین.
قازی: فەرموو!
موجاب: دەزانی ناشرێک هەیە  سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بابەت چاپ دەکا، ئەو وەشانخانەیە ناوی
Peter Lang ە. لە ساڵی ٢٠١٦ داوایان لێ کردم  کە ببم بە ئیدیتۆری زنجیرەیەک کتێب سەبارەت بە سیاسەت، مێژووی گەلی کورد. یەکەم کتێبی ئەو زنجیرەیە کۆکراوەیەک بوو لە نووسینەکانی ئەمیر بە ئینگلیسی بە ناوی Essays on Kurds  "هێندێک مەقالە سەبارەت بە کوردان" هەر ئەوەی کە تۆ باست کرد. مێژوونووسی، کولتووری زارەکی و ناسیۆنالیزم. دوو مەقالەی گرینگی ئەو کۆکراوەیە بۆ جاری یەکەم چاپ دەبن، یەکیان "مێژووی زارەکی و ناسیۆنالیزم" ە، و ئەویدیکەشیان " نەبوونی ڕاپەڕینە جووتیارانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "
قازی: ببوورە  کتێبکی دیکەش هەیە، با ئەویشمان لە بیر نەچێ، چونکە وەخت کەم ماوە. ئەویش کتێبەکە بەڕێزێک بە ناوی ئەمیر حەڕاک ئێدیتی کردووە کە تێێدا لە سەر بنەمای مێتۆدۆلۆژی مامۆستا ئەمیر کاری کردووە. ئەگەر شی کردنەوەیەکی کورتیش لەسەر ئەو کتێبە بدەی باش دەبێ، بۆ ئەوەی بگەینە سەر ئاڕشیوەکەش.

موجاب: بەڵێ هەر دەمەویست ئەوە بڵێم کە کتێبی دووەمی ئەو زنجیرەیە بە ناوی " مێژووی سیاسی و فەرهەنگی کوردان"ە  کە پرۆفێسۆر ئەمیر حەڕاک ئێدیتۆری بووە و لەوێشدا چەندین مەقالەی گرینگ هەیە کە هیوادارم بینەرەکانی ئەو بەرنامەیە بیبین، مەقاڵەیەکیش لە سەر فەلەستین و کوردانە و ئەویدەکەیان کە بۆ جەنابت دەبێ زۆر جالب بێ " مێژوو نووسی کورد لە ڕوانگەی میسیۆنێرە کان" ە کە تام ڕیکس نووسیویە کە ڕەفیقێکی زۆر نزیک و کۆنی ئەمیر بووە، لە ساڵانی ١٩٦٠ لە مەهاباد بووە وەکوو ئەندامی سپای ئاشتی و لەوێ لەگەڵ کوردان و دۆزی کوردان ئاشنایی پەیدا کردووە.
قازی: باشە ئەو نووسینەی تام ڕیکس لەسەر ئەو میسیۆنێرانەیە کە لە مەهاباد بوون یان ئەوانەی کە لە ورمێ بوون؟
موجاب: لە سەر هەموویانە و ئەوانە چۆن و بە چ شێوەیەک مێژووی کوردیان نووسیوە.
قازی: ئێستا بگەینە سەر ئارشیوەکان. ئێستا هەموو ئاڕشیو و کتێبەکانی مامۆستا ئەمیر دراوە بە کتێبخانەی زانکۆی تۆرنتۆ و ئانڵاین، سەرهێڵیش زانیاری لەو بارەیەوە هەیە، ئەگەر بکرێ هێندێک شیکردنەوەی زیاتر لە سەر ئارشیوەکە بدەی و هەر وەها ئارشیوێکی دیکەش، بەڕێزێک، تێکۆشەرێکی کوردی ڕۆژهەڵات دانیشتووی تۆرنتۆ، کاک سەتاری ئاویهەنگ کە ئەویش ئاڕشیوەکەی داوە بە زانکۆی تۆرنتۆ وابزانم لە سەر کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
موجاب: کۆکراوەی ئەو دوو ئاڕشیوانە لە ڕاستیدا زانکۆی تۆرنتۆی کردووە بە ناوەندێکی گرینگ  بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە پرسی کوردستان. ئاڕشیوی ئەمیر تا  ئێستا ٢٥٠٠ بەرگ کتێب کە ٨٣٠ بەرگی بە سۆرانی یە،  ١٣٠ بەرگی بە کورمانجی و ٥١٨ کتێبی بە فارسی یە، و ئەو ئاڕشیوە نزیکەی ٢٠٠ بڵاوکراوە و گۆواری تێدایە لەوەش دەرچێ ئەو نامانەی کە لە لایەن تاکوتەرای ڕووناکبیر و سیاسی کوردستان بۆ ئەمیر هاتوون. ئەوە کۆکراوەیەکی زۆر باش و گرینگی  کوردی لێ پێک دێ. کۆکراوەی ئاڕشیوی کاک سەتاری فەتحی ئاویهەنگ کۆکراوەیەکی زۆرتر تەسویری و نەواری و دەنگی یە کە ئەوە نزیکەی ٤٠٠٠ وێنەی تێدایە و ١٨٢ نەواری تێدایە، نەواری فیلم
footages  و ١٤٩ نەواری سەوتی کە بۆخۆی سەرچاوەیەکی زۆر گرینگ وباشە. با باسی ئەوەش بکەم کە زانکۆی تۆرنتۆ بۆچی وا گرینگ بووە هەم لە ڕووی ئەو ئارشیوە  و هەم لە بەر ڕابردووی ئەمیر و دەوری ئەمیر لەوێدا ئەوەیە کە بوورسییەکیان بۆ دەورەی ماستر و دوکتورا بە ناوی ئەمیر داناوە و سێ ساڵە کە بۆ جاری یەکەم لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی سەبارەت بە کوردستان واتە Critical Introduction to  Kurdish Studies  لە زانکۆی تۆرنتۆ  بە دەرس دەگوترێتەوە. ئەوە یەکەمجارە کە کۆرسێکی ئاوا لە ئاستی زانکۆکانی دنیا دا بەڕێوە دەچێ.
قازی: زۆر باشە. ڕەنگە بۆ بینەرانی ئێمە و بە تایبەتیش بۆ لێکۆلەرەوان و ئاکادێمیسیەنی کورد بە تایبەتیش لە ناوخۆی وڵات جا چ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ، چ بەشەکانی دیکەی کوردستان گرینگ زانینی ئەوە بێ کە بە چ شێوەیەک ئەوان دەتوانن دەستڕەسی پەیدا بکەن بەو ئاڕشیوە  لە زانکۆی تۆرنتۆ. دەزانین ئێستا دەرفەتی تێکنۆلۆژی زۆرە چۆن دەتوانن دەستیان بەو ئاڕشیوە ڕابگا؟

موجاب: ئیستا باسی دەکەم تەنێ دەمەویست ئەوە بڵێم ئەو کلاسانەی کە باسم کرد پرۆفێسۆر جەعفەری شێخولئیسلامی  لە سێ ساڵی ڕابردوو دا دەرسی تێدا گوتووەتەوە و سەرپەرستی کردوون و کارەکەی زۆر سەرکەوتووانە بووە. بۆ دەست ڕاگەیشتن  بەو ئاڕشیوەش، زانیاری  لە ماڵپەڕی کتێبخانەی زانکۆی تۆرنتۆ دا بە ناوی ئارشیوی ئەمیری حەسەنپوور  هەیە
. Amir Hassanpour Collection  بەڵام دیجیتال کردنی ئەو بەڵگانە ماوەی زۆری پێ دەوێ. هەر کەس کە بییەوێ شتێک ببینێتەوە دەبێ پێوەندییان لەگەڵ بکا و ئەگەر ئیمکانی هەبێ دیجیتاڵی دەکەن و لەبەر دەستی دەنێن.


قازی: باشە پلانێکی ئاوایان هەیە کە هەموو ماتریاڵەکە، کتێبەکانیش دیجیتاڵ بکەن؟
موجاب: نەخێر کتێبەکان نا. بەڵام بەڵگەکان بەڵێ، نامەکان و ئەوانە.
قازی: لە سەر هێندێکان مەحدوویەتی زەمانی هەیە وایە؟
موجاب: بەڵێ مەحدوویەتی زەمانی زۆرتر لە سەر موساحەبەکانە سەبارەت بە ڕاپەڕینی جووتیاران و ئەو کەسانەیە کە لە ڕاپەڕینی جووتیاراندا بەشدار بوون. زیاتری مەحدوودییەت لە سەر ئەوانە.
قازی: لە بەر پاراستنی ئەمنییەتی ئەوان. دیارە ئەوانە بەڵگەی زۆر گرینگن بۆ مێژووی مۆدێڕنی کوردستان بەتایبەتی ئەو موساحەبانەی کە لە سەر ئەو بزووتنەوەیە کراون. ئێستا دوو سێ دەقیقەمان ماوە. پێم خۆش بوو لە کۆتاییدا پرسیاری ئەوەت لێ بکەم بەڕێزت حاڵی حازر چ پڕۆژەیەکی دیکەت بە دەستەوەیە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی ژنان؟
موجاب: ئەو کتێبەی کە بە بۆنەی ٢٥-مین ساڵی دەرچوونی یەکەم کتێب بە ئینگلیسی سەبارەت بە ژنانی کوردە. وکتێبێکی دیکەش سەبارەت بە خەباتی خوێندکارانی کوردە، بەشێکی گرینگی بڵاوکراوە خوێندکارییەکانی کورد کە ئەوەش بۆ خۆی لە ناو کتێبێکدا دەبێ کە ئەو کتێبەش بڵاوکراوە خوێندکارییەکانی ئێران و خەباتی خوێندکاریی چەپ لە ئێران وەبەر دەگرێ.
قازی: بە زمانی فارسی دەبێ؟
موجاب: بەڵێ بە زمانی فارسی دەبێ، بەڵام کتێبی لەمەڕ ژنانی کورد بە ئینگلیسی دەبێ.
قازی: زۆر باشە بەڕێز پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب گەورەییت نواند بۆ بەشداری لە بەرنامەی ڕاوێژ دا و سپاسداری بەڕێزیشتین بۆ ئەو  وەفادارییەی کە نیسبەت بە مامۆستای لە دەستچوومان ئەمیری حەسەنپوور  نیشانت داوە و هیوادارم  هەر سەرکەوتوو بی.
موجاب: ئەنگۆش هەر بژین، سپاس بۆ تۆ و بینەرەکانتان. زۆر مەمنوونم بۆ ئەم دەرفەتە.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەم جارەشمان. هیوا دارم ئەم بەرنامەیە کەلکی زۆر تایبەتی هەبووبێ  لەبەر ئەو هەموو زانیارییە بە نرخەی کە بەڕێز موجاب باسی کرد. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
 
تێبینی: ئەم بەڕنامەیە لە ڕێگای سکایپەوە لە چوارشەمە شەو  ٢٩-ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بە شێوەی زیندوو لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. لەم لینکەی خوارە ەر دا دەکرێ ویدێئۆی بەرنامەکە تەماشا بکەن.

https://www.youtube.com/watch?v=r1bCSaiqKKo&t=921s



پەیوەستی ١

بەشێک لە وتووێژی سولەیمان چیرە لەگەڵ مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە وڵامی کتێبەکەی مامۆستا مەسعوود محەمەدا دا.  گۆواری وەرزیی گزینگ، ژمارە ١، پاییزی ١٩٩٣، سوێد 
سولەیمان چیرە: ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ دێمە سەر پرسیارێکی خۆمانی: تا ئەو جێیەی من ئاگادار بم، ئێوە لەگەڵ زۆر نووسەری کورد،نامە و نامەکاریتان بووە کە یەکێک لەوانە مامۆستا مەسعوود محەمەدە؛ ئایا دەکرێ سەبارەت بە کتێبەکەی مامۆستا لە ژێر ناوی  " بۆ ئەمیری حەسەنپوور ..." * کورتەیەکمان بۆ باس بکەی؟ هەر وەها پێمان خۆش بوو بزانین ئایا دوای ئەوە، ئێوە هیچ وڵامێکتان داوەتەوە؟
حەسەنپوور: من تا ئێستە فرسەتی وەم نەبوە وەڵامی مامۆستا مەسعوود بدەمەوە. ئەو بۆ بەرپەرچدانەوەی  سێ پەڕەگڕاف کە من لە نامەیێک دا بۆم نووسیبوو کتێبێکی ١٧٢ لاپەڕەیی نووسیوە. منیش بۆ وەڵامدانەوەی ئەو کتێبە پێویستم بە نووسینی کتێبێکی چەند بەرگی هەیە. مامۆستا گەلێک باسی هێناوەتە گۆڕێ کە ئەمن لە نامەکەم دا هەر بە لاشیدا نەڕۆیوم. لێرە دا تەنیا پەنجە بۆ دوان ڕادەکێشم.
   یەکەم: دەڵێ پێوەندی کۆمەڵایەتی – ئابووری کوردستان لە ڕابردوو دا دەرەبەگی یان فێۆداڵی نەبوە. بۆچی؟ چونکە مڵکداری کورد فێۆداڵ نەبوە(ل ٤١). فئۆدالیسم یانی زەویداری و مڵکداری گەورە و ئەوەش لە کوردستان دا نەبوە (ل ٤٢)، فێۆدالیسم وشەیێکە بۆ دزێوکردنی زەویداری (ل ٤٨) و زۆر دەلیل و بورهانی تر کە ئەو قسانە تەنیا ئەوە دەر دەخەن کە ئەوەی مامۆستا بە فئۆدالیسمی دادەنێ لەگەڵ ئەوەی من لە نامەکەمدا نووسیومە دوو شتی جیاوازن. با کەمێکی شی بکەمەوە.
   فئۆدالیسم یان دەرەبەگی جنێو نیە. ناوی نیزامێکی کۆمەڵایەتی – ئابووری یە. لەو نیزامە دا دوو چینی سەرەکی هەبوون. چینی دەسەڵاتدار – دەرەبەگ یان فئۆداڵ – زەوی و ئاوی هەبوو بەڵام قەت لە سەر زەوی کاری نەدەکرد. چینی ژێر دەست – جووتیار -  هێزی کاری خۆی و ئامرازی بەرهەمهێنان  وەک جووت و گا و شتی وای هەبوو، وا دەبوو تۆویشی هەبێ. دەرەبەگ بە هۆی زەویدار بوون و زاڵبوون بەشێک لە حاسڵی کاری جووتیاری هەڵدەگرت . وێڕای وەش لە هەرچی بەرهەم و داهاتی  جووتیارە تەنانەت لە ژن هێنانیش سوور و ساتی وەردەگرت – ئاغایانە، پووشانە، جووتانە، ئاشانە، مەڕانە، تووتنانە، بزنانە، ڕۆنانە، هێلکانە، گوریسانە، ڕێواسانە، کاوڕانە، فڕووجانە، کایانە، دەوانە، تەپاڵانە، و هەزار باج و پیتاکی تر. شێوەیێکی دیکە بێگاری بوو. نەک هەر جووتیار – ژن و پیاو و منداڵ- بەڵکوو یەکسم (کەر و ئەسپ و ئێستر)ی جووتیاریش دەبوو بۆ ئاغا و ماڵی ئاغا بێگاری بکەن. دەسەڵاتی دەرەبەگ بە سەر ژیانی جووتیار دا هیچ سنوورێکی نەبوو. لە سەفەر کردن ڕا بگرە هەتا ژن هێنان ومێرد کردن ئیزنی دەرەبەگ یان کوێخای دەرەبەگی پێویست بوو. خەڵکی دێ بە جووتبەندە و ڕەشاییەوە بەشێک لە زەوی بوون و وێڕای زەویەکە دەکڕدران و دەفرۆشران. ئەوە نیزامێکی دەرەبەگی یان فئۆداڵیە،جا چ فئۆداڵەکە قوڵە ئاغایێک بێ  بە خۆی ونیو دانگ مڵکەوە یان بنەماڵەی جاف بن کە مڵکداری هەرە گەورەی سەرانسەری عێڕاق بوون. کە وا بوو چۆنێتی یان شێوەی چەوساندنەوە، پێوانەی نیزامی  کۆمەڵایەتی – ئابووری فئۆداڵیە نەک ژمارەی گوندەکان. یان ئاوەدانبوونی دیوەخان، یان بەرزایی کۆشک و خانووبەرە، یان هونەرپەروەر بوونی دەرەبەگ.
   دووەم: مامۆستا، هێرش دەباتە سەر فەلسەفەی " مادی، جەدەلی و مێژوویی " ( ماتریالیسمی دیالێکتیک و مێژوویی یان مارکسیسم). بەڵام بەداخەوە لێرەش دا وەک باسی دەرەبەگی، هاتوە بە کەیفی خۆی فەلسەفەیێکی داتاشیوە و نێوی ناوە مارکسیسم و پێی وایە تەرت و تونای کردوە. بۆ وێنە مەفهوومێکی سەرەکی لەو فەلسەفەیە دا مادەیە کە مامۆستا زۆری دەکار دێنێ، بەڵام نەک بەو مەعنایەی ماتریالیسمی جەدەلی  و مێژوویی دەکاری هێناوە. مامۆستا دوو مەفهوومی هەرە گرینگی ئەو فەلسەفە – مادە و شعوور-ی لەگەڵ دوو مەفهوومی دی – مادە و مەعنا یان مادییات و مەعنەوییات – تێکەڵ کردوە و لە باتی مەفهوومی فەلسەفیی، مەفهوومی دینی  دەکار دێنێ. هەر بە خەیاڵیشی دا نایە کە ئەو دوو "مادە"یانە بە قەد عەرز و عاسمان لێک دوورن.مامۆستا پێی وایە "مادە" شتی بێ گیان و تەق ق ڕەق (ل٣١-٣٤) و بەرچاوە کە دەکرێ دەستی لێبدەی یان هەڵیبگری. بەڵام "مادە" لە فەلسەفەی جەدەلی دا ئەو مەعنایەی نیە. "مادە" تەواوی ئەو دیاردە (ظاهرە/فێنۆمێن) یان ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی ئۆرگانیسمی ( بەدەنی) ئینسان، لە دەرەوەی مێشکی ئینسان، سەربەخۆ لە فکر و ویست و ئیرادەی ئینسان وجوودیان هەیە. ئەو " شتانە" هەم مادەکەی مامۆستا مسعوودیان تێدایە (شتی بێ گیان و ڕەق)، هەم مەعنەوییات و ئەوانەی نابیندرێن وەک هەستی نەتەوایەتی،ئەوین، دۆستایەتی، دەنگ،زانست و هەرچی لە دنیا دا هەیە.لێرە دا جێگەی وەی نیە پێوەندی نێوان "مادە و شعوور" لێک بدەمەوە و جیاوازیان لەگەڵ " مافە و مەعنا" شی بکەمەوە، بەڵام دەتوانم لە مامۆستا بپرسم کە چۆن لە خۆی ڕا دەبینێ بە بێ تێگەیشتنی مەفهوومە سەرەکییەکانی فەلسەفەی مارکسیسم، ئاوا بە گژ ئەو فەلسەفەیە دا بچێ و پێی وا بێ ئاداری بە سەر پاداریەوە نەهێشتوە؟
   مامۆستا مەسعوود محەمەد لە باسی ئەدەب دا هیچ پێوەندیێک لە نێوان ئەدەب و نیزامی کۆمەڵایەتی – ئابووری و چینە کۆمەڵایەتیەکان نابینێ (بڕوانە لاپەڕەی ١٥٠ بەو لاوە). پێی وایە ئەدەب ئەدەبە و لێکۆڵینەوەی ئەدەب لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵەی کە ئەو مادەیەی خولقاندوە وەدوای کڵاوی لار کەوتنە.پێی وایە لە لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی دا نابێ تخوونی دیاردەی کۆمەڵایەتی – ئابووری  وەک دەرەبەگی، دەسمایەداری و چینایەتی ببین. ئەو بۆچوونە – جیاکردنەوەی ئەدەب لە چینەکان و ئیدەئۆلۆژی و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان – لە جیهانبینی ئیدەئالیستی و دژی جەدەلی مامۆستا مەسعوود هەڵدەقوڵێ. لە فەلسەفە دا دیاردەکانی ئەو جیهانە – هونەر،ئەدەب،ئابووری،پیشە،دار،هەوا، ئاو، عاسمان... _هەر کامیان بگری سەربەخۆن و لێک جیاوازن. لەت و کوت کردنی واقعیەت ( واتە "مادە" یان ئەو دنیایەی کە جودا لە وجوودی ئێمە هەیە) و حاشا کردنی پێوەندی نێو دیاردەکان، بنچینەی فەلسەفی ئیدەئالیستی و بۆچوونی مامۆستا مەسعوودە. ئەو بۆچوونە سەرباقی کۆن بوون (مەنتیقی ئەرەستووئئ یە) و باو بوونی لەگەڵ واقیعیەتی کوردەواری و ئەدەبی کوردی نایەتەوە و لە نووسینی مێژووی ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی دا بەرەو پاشەومان دەبا.
     مامۆستا لەو کتێبە و لە نووسراوەکانی تری دا ئەوەندە بە بەژن و باڵای دەرەبەگی کورد هەڵدەڵێ سەد ئەوەندە لۆمەی خوێندەوار و ڕووناکبیری کورد دەکا. دەرەبەگی کورد کە زۆربەی خەڵکی – جووتیار و لادێیی- بە ڕەگەزێکی جیاواز و پەست دا دەنا و هەستان و دانیشتنی لەگەڵ نەدەکردن، "براگەورە"یە، کانگای کوردەواری و کۆڵەکەی کوردایەتی یە،بەڵام خوێندەوار و ڕووناکبیری کورد – بە تایبەتی ئەوەی ڕەخنە لە دواکەوتوویی و زوڵم و زۆری خۆماڵی بگرێ – کورد نیە، بێگانەیە و بگرە دژی کوردیشە.
     کتێبەکەی مامۆستا هەر بۆ " ئەمیری حەسەنپوور ...: نەنووسراوە. ئەو کتێبە پەیامێکە بۆ گشت ڕووناکبیر و چەوساوەی کوردستان. مامۆستا پێیان دەڵێ کوردایەتی و دەرەبەگایەتی یەکن.  هیچ ئاسۆیێکی بڵیند و ڕوون نیە. ڕەخنە لە ئێستە و لە ڕابردوو مەگرن دەنا گورگ ددانی تیژە! مامۆستا دەڵێ تەنیا دەرەبەگی کورد بوون کە لە دەوڵەتی قاجار و پەهلەوی هەڵگەڕانەوە (ل ١٣٣). لە پێشدا بابڵێم ئەو قسە تەواو ڕاست نیە.** ئەو بەشەی کە ڕاستە ئەوەیە زۆربەی ڕابەرانی بزووتنەوەی کوردایەتی دەرەبەگ بوون (شێخ عوبەیدوڵا، سمایل ئاغای سمکۆ و.. (ل١٣٣). مامۆستا لەو ڕاستیە دەگاتە ئەو ئەنجامە ناڕاستە: نەک هەر بۆمان نیە ڕەخنە لەو " براگەورانە" بگرین، پێویستە شانازیشیان پێ بکەین و بە ڕێگای ئەواندا بڕۆین. لادان لە ڕێگەی ئاغاوەت لادینی یە.
     سێسەد ساڵ لەوە پێش، لە جەنگەی دەسەڵاتی ئەماڕەتەکاندا، ئەحمەدی خانی ڕەخنەی لە خانەکان گرت. خانەکان قازانجی خۆیان پێ لە قازانجی گەلی کورد و کوردستان گرینگتر بوو و نەیان دەویست بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کورد یەک بگرن. خانی کوتی:
تابعیەتی وان [ ڕۆم و عەڕەب و عەجەم] ئەگەرچی عارە
 ئەڤ عارە لە خەلقێ نامدارە
نامووسە لە حاکم و ئەمیران
تاوان چیە شاعیر و فەقیران!
   دوو سەد ساڵ دوای خانی حاجی قادری کۆیی ئاڵای ڕەخنەی شەکاندەوە و گەلی کوردی هان دا بۆ دامەزراندنی دنیایێکی نوێ بەڵام  بەداخەوە سەد ساڵ دوای حاجی قادر، کێشەکە هێشتا لە سەر ئەوەیە: بەڕێگەی خانی دا ڕۆیشتن یان بەڕێگەی خانی دا؟
*
مەسعوود محەمەد،بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت. بەغدا، ١٩٨٤
**
مامۆستا هێمن سەبارەت بە ڕاپەڕینی جووتیاران ئاوای نووسیوە: " جووتیارانی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٣٢/ ١٩٥٣ دا لە دژی زوڵم و زۆر و چەوسانەوەی دەرەبەگەکان ڕاپەڕین و بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستانی ئێران دا ناتەبایی چینایەتی گەیشتە ڕادەی تەقینەوە و چینی چەوساوەی وڵاتەکەمان بۆ ماوەیەکی کورت لە بەشێکی  کوردستان دا توانی بە سەر چینی دەسەڵاتدار دا زاڵ بێ..." " .. سەرتیپ موزەفەری فەرماندەی تیپی مەهاباد بە سوپا و لەشکر و تانک و تۆپەوە بە هاواری دەرەبەگەکانەوە چوو و ڕاپەڕینی جووتیاران و وەرزێرانی زۆر بێ ڕەحمانە و بە توندی سەرکوت کرد..." .. جارێکی دی بە چاوی خۆم تێشکانی ڕەسەنترین ڕاپەڕینی گەلەکەم دی..." (تاریک و ڕوون،ل ٣٨ و ٣٩، چاپەمەنی سەیدیان، مەهاباد)

پەیوەستی ٢

بەشێک لە وتوێژی حەسەن قازی لەگەڵ نەمر ئەمیر حەسەنپوور، بەرنامەی ڕاوێژ ٢١-ی ژووییەی  ٢٠١٤  سەبارەت بە پێوەندیی لەگەڵ مامۆستا مەسعوود محەمەد

قازی: لە ساڵی ١٩٧٦ کە خەریکی  لێکۆڵینەوە دەبێ بۆ تێزی دوکتورایەکەت  پێوەندی دەکەی لەگەڵ ' کۆڕی زانیاری کورد ' لە بەغدا ، کە دیارە مامۆستا مەسعوود محەمەد دەورێکی دیاری هەبوو لەو کۆڕە دا و ئێوە هێندێک بیرو ڕا دەگۆڕنەوە و پاشتر ئەو نامانەی جەنابت کە ئەو ڕای دەگرێ لە لای خۆی لە دوو توێی  یەکێک لە کتێبەکانی دا دەمێنێتەوە و چەند ساڵێک دواتر ئەو سەر لەو نامانە دەداتەوە و دەیەوێ وڵامێکی دوور و درێژ بنووسێتەوە بۆ جەنابت و ئەو نامەیە دەبێ بە کتێبێک بەڵام ئیدی لەو وەختە دا کە نامەکە تەواو دەبێ ئەو دەمی ئیدی ئەو دەستی بە ئادرێسی بەڕێزت ڕاناگا و
حەسەنپوور: نەیدەزانی ئەمن لە کوێم.
قازی: وەک کتێب چاپی دەکا  بە ناوی: ' بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت '  ئێستا دەمەوێ جەنابت بە کورتی یەک : ئەوەی کە تۆ لەو نامانە دا بۆت نووسیبوو چ بوو؟ و بە کورتی وڵامی وی چ بوو؟ و وڵامی دیکەی تۆ چییە کە هەتا ئێستا  جگە لە چاوپێکەوتنێک دا کە کاتی خۆی لە گۆڤاری ' گزینگ ' لە ساڵی  ١٩٩٣ بڵاو بووەوە، هەتا ئێستا ووڵامێکی بەربڵاوی ئەو کتێبەت نەداوەتەوە.
حەسەنپوور: ئەوە حیکایەتێکی دوور و درێژە. ئەگەر پێوەندی بدەینەوە بە ڕووناکبیری دەبێ باسی وردە حیکایەتەکەی نەکەم. بە کورتی ئەوە بوو کە مەسعوود محەمەد چەند کتێبێکی بۆ نارد بووم یەکیان  کتێبە سێ بەرگییەکەی خۆی بوو سەبارەت بە  ' حاجی قادری کۆیی '. داوای کرد بوو کە بیر و بۆچوونی خۆمی سەبارەت بە کتێبەکانی بۆ بنووسم. منیش ئەوەندەی کە فرسەت بوو ئەو کاتەی بیخوێنمەوە، ئەو کتێبەم خوێندەوە زۆر بە کورتی لە ٣ پاراگراف دا بۆم نووسی ئەو باسەی کە کردووتە دەڵێی لە کوردستان دا فیودالیسم نەبووە ئەوە دروست نییە ، چونکە مەبەست لە فیودالیسم  ئەوەیە، بە کورتی باسم کرد بوو مەبەست لە فێودالیسم چییە. چەوساندنەوەی جووتیار لە لایەن دەرەبەگەوە ئەوە پێی دەڵێن فێودالیسم، وە گوتبووم فێودالیسمی کورد لەگەڵ وڵاتانی دی زۆر لایەنی هەیە کە وێک دەچن  و ئەدەبباتی کوردی لە دەورەی دەرەبەگی دا، کە زۆرتری ئەدەبییاتی کوردی لەو دەورەیەی دا پەیدا بووە لە ئەدەبییاتی دەرەبەگی فەڕانسە و ژاپۆن نزیکە. شتی ئاوا ، باسێکی ئاوام کرد بوو. کە مەسعوود محەمەدی ئیدی ... ، لە نامەکانی دا وڵامی ئەوەی دابووەوە. چون ئەو نامانە ماون و دەمەوێ بەو زووانە تا ساڵێکی تر بڵاویان کەمەوە. لەوێشدا ئەو باسانەی کرد بوو. بەڵام ئەوە بۆخۆی جێی سەرنجە کە مامۆستا مەسعوود محەمەد  بۆ ئەوەی هێندە پێ گرینگ بووە ، ئەو ٣ پاراگرافەی کە من گوتوومە. دیارە زۆرتر بەشێک لە بەر ئەوەی کە ئەوە لە ڕوانگەیەکی مارکسیستی یەوە بووە، یەکیش لە بەر ئەوەی کە ڕەخنەیەکی زۆر جیدی یە لە ناسیۆنالیسمی کورد و لە ڕووناکبیری ناسیۆنالیستی کورد کە ئەو ناکۆکی چینایەتی چ بەینی کرێکار و دەسمایەدار بێ ، چ بەینی  ئاغاوەت و جووتیار بێ ئەوەی ئینکار دەکەن. پێم وایە لەبەر وەیە وای بۆ گرینگ بووە دەنا خۆ من هەوەڵ کەسێک نیم کە قسەی وام کرد بێ. ڕەنگە شتی دیش بووبێ کە من ئاگام لێ نییە بەڵام بە کورتی ئەوەیە کە مامۆستا مەسعوود محەمەد یەکێک لەوانەیە کە دەڵێ ئەو ناکۆکی یە ناکۆکییەکی گرینگ نییە، بەلانی کەمەوە لە کوردستان دا گرینگ نییە ، ئاغاوەت برا گەورەی جووتیاران بوون و تەنانەت لە کتێبەکەی دا باسی وەی دەکا دەڵێ: کاتێکی ئێوەی خەڵکی شار مەبەستی چەپییەکان و غەیری چەپە کە لەگەڵ دەوڵەتان بە شەڕ دێن و دێنە گوندەکان ئاغاوەتن کە دەتان پارێزن و ڕێگەو دەدەن. ئەوە بۆچوونەکەی وییە، کە ئەوە بۆچوونێکی  زاڵە لە نێو بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی دا  کە باسی جووتیاران نەکەی، باسی خەباتی جووتیاران لە دژی  ئاغاوەت هەر نەکەی، ناکۆکی ناوەکی، ناو گەلی کورد، ناو کۆمەڵی کورد ئەوە گرینگ نییە. هەر ناکۆکی کورد و  غەیری کورد، کورد و عەڕەب، کورد و ترک، کورد و فارس و دەوڵەتەکانیان ئەوە گرینگە. بە کورتی مێژووی کورد، مێژووی گەلی کورد لە ناکۆکی دەرەکی دا کورت دەکەنەوە و ناکۆکی ناوخۆ کە کێشەیەکی دێمۆکڕاسی یە بۆ وێنە زۆربەی گەلی کورد جووتیار بوون چۆن دەکرێ  لە ژێر دەستەڵاتێکی ئاوا، واتە دەسەڵاتی دەرەبەگی دا بن. نیوەی گەلی کورد ژنن چون دەکرێ ژنی کورد لە ژێر  دەسەڵاتی پاتریارکی دا بمێنێ. کاتێکی کە ڕووناکبیری ناسیۆنالیستی کورد بێدەنگی دەکا سەبارەت بەو ناکۆکییە گرینگانەی کۆمەڵی کورد و تەنیا دوشمنایەتی لەگەڵ گەلانی بەدەسەڵات دەکاتە مەسەلەی سیاسی ئەوە ئاکامی یەکجار خراپی هەیە. زۆر جار دوشمنایەتی بەینی ئەو گەلانە ساز دەکا. و دوشمنایەتی بەینی کورد و ئەو دەوڵەتانە، دەوڵەتی عەڕەب، دەوڵەتی ترک و دەوڵەتی فارس ئەوانە دەکاتە دوشمنایەتی بەینی  کورد و ئەو گەلانە. یانی ئاکامی ئاوا خراپی هەبووە کە  تا ئەوڕۆش ئێمە دەیبینین کە گەلی کورد چی بە سەر هاتووە. زۆر شتی دەگەڕێتەوە سەر ئەو بۆچوونە

پەیوەستی ٣
کتێبەکانی شەهرزاد موجاب

*مارکسیزم و موهاجەرەت،  لەگەڵ جێنێڤ ڕیتچی و سارا کارپێنتر

*ژنانی کوردستان، کتێبنامە ( بە دوو قۆڵی لەگەڵ ئەمیر حەسەنپوور) ٢٠٢١ بڵاو بووەتەوە

*فێربوونی شۆڕشگێڕانە: مارکسیزم، فێمێنیزم و زانست، لەگەڵ سارا کارپێنتر ، ساڵی ٢٠١٧.

*جەوانان لە و دەناو قەیرانی دا: خەڵکی جەوان، سیاسەتی گشتی و سیاسەتی فێربوون. لەگەڵ سارا کارپێنتر، ساڵی ٢٠١٧

*مارکسیزم و فێمێنیزم  (ئێدیتۆر) ساڵی ٢٠١٥

*پەروەردە کردن لە مارکسەوە. ڕەگەز، جێندر، فیر بوون ، لەگەڵ سارا کارپێنتر ساڵی ٢٠١٢

*ژنان، شەڕ، زەبر وزەنگ و فێر بوون  ( ئێدیتۆر) ساڵی ٢٠١٠

*زەبرو زەنگ لە ژێر ناوی نامووسئالنگارییە تیوری و سیاسییەکان، لەگەڵ نەحلە عەبدۆ ساڵی ٢٠٠٤

*لە مەر کەلوپەلو شایستەیی: دەوری جێندر و چین لە ئەمپریالیزم و ناسیۆنالیزمدا، لەگەڵ هێمانی بانێرجی و جوودیت وایت هێد، ساڵی ٢٠٠١

*ژنانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت: کوردەکان ( ئێدیتۆر) ساڵی ٢٠٠١
 

پەیوەستی ٤

کتێبەکانی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە پاییزی ساڵی ٢٠١٧وە بە هەوڵی نەپساوەی شەهرزاد موجاب ئامادە و چاپ کراون
 
* بر فراز موج نوین کمونیزم

*آریان پور و جامعە شناسی مارکسیستی
تاریخ، طبقەء اجتماعی و دیالکتیک

Essays on Kurds*
Historiography, Orality, and Nationalism

ورش دهقانان مکریان
 ١٣٣٢- ١٣٣١

Women of Kurdistan*
A historical and Bibliographic study
بە دوو قۆڵی لەگەڵ شەهرزاد موجاب

 
ورش دهقانان مکریان
اسناد کنسولگری، مکاتبات دیپلۆماتیک و گزارش روزنامەها


مامۆستا ئەمیر، سەرنووسەری گشتی گۆواری "دەروازە" بوو. ژمارەی دووەمی ئەو گۆوارە ئاوریلی ٢٠١٨
بە(ئینگلیسی، کوردیی کورمانجی و کوردیی سۆرانی) بە تەواوی تەرخان کراوە بۆ ڕێزڵێنان لە بیرەوەری
مامۆستا ئەمیر