Tuesday, May 5, 2026

کۆنفڕانسی سەد ساڵ دەوڵەت – نەتەوەی ئێران لە کوردستان، شەمە ٢٥-ی ئاوریلی ٢٠٢٦شاری کوێلن – ئەڵمان وتاری پرۆفێسۆر عەبباس وەلی


کۆنفڕانسی سەد ساڵ دەوڵەت – نەتەوەی ئێران لە کوردستان، شەمە ٢٥-ی ئاوریلی ٢٠٢٦شاری کوێلن – ئەڵمان

           وتاری پرۆفێسۆر عەبباس وەلی
گەلێک سپاس، سپاس دەکەم لە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنفڕانسە مەمنوونم ئەو دەرفەتەیان ڕەخساندووە کە لێرە لەگەڵ ئێوە وتوێژ بکەین، قسان بکەین، فکر بگۆڕینەوە. بە تایبەتی لەسەر مەسەلەی زۆر زۆر حەساسی دەوڵەت – نەتەوە.
دەوڵەت نەتەوە ئەوجۆرەی کە ئێستا لە وێژمانی سیاسی ئێرانێ دا دەڵێن موعزەلێکی زۆر گەورەیە چ بۆ ئەو کەسانەی کە پشتیوانی دەوڵەت نەتەوەن و تاریفی دەکەن و پێیان خۆشە کە دە نووسراوەکانی خۆیاندا سەقامی بدەنێ و چ بۆ ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە دەوڵەت نەتەوەی دەگرن. هەر دووک ئەوانە ئەو جوورەی کە من دەزانم بابەتەکە سادە دەکەنەوە.
ئەو سادە کردنەوەیە گیروگرفت دێنێتە پێشێ، ئەوە مەسەلەیەکە کە من لێرە باسی دەکەم، مەسەلەکەی دیکەش سەد ساڵ مێژووی دەوڵەت نەتەوە لە ئێرانێ دایە. ئەو مێژووە یا ناسیۆنالیستی ئێرانی نووسیویانە یا چەپی ئێرانی نووسیویانە. ئەو دوانە نوسیویانە بە نەزەری من بۆچوونی ئەوانە هەر دووکیان هەڵەیەی یەکجار گەورەی تێدایە. و ئەو هەڵانە ئەرکی ئێمە وەکوو کورد، وەکوو خوێندەواری کورد، وەکوو تاکی کورد ئەوەیە ئەو هەڵانە بنوێنین ئاکامەکەی بۆ خۆمان و لە سەر مێژووی خۆمان نیشان بدەین. چون مێژوو نووسیی کوردیش بەشێکی زۆری ئەو هەڵانەی بردووەتە ناو خۆی و قبووڵی کردووە بێ ئەوی کە بزانێ و بێ ئەوەی کە نەزانێ ئەو هەڵانەی هێناوەتە ناو وێژمانی خۆی.
جا بۆیە بۆچوونی ڕەخنەگرانە بۆ سەد ساڵ مێژووی دەوڵەت –نەتەوە پێویستە. ئەمن حەول دەدەم باسی مۆعزەلی دەوڵەت – نەتەوە بکەم لەچوارچێوەی وێژمانی چەپ و ناسیۆنالیستەکانی ئێرانی دا.
ئەوە دروستە کە دەوڵەت – نەتەوە خسڵەتێکی ئەساسی هەیە. ئەو خسڵەتەش ئەوەیە کە یەک هووییەت دەناسێ و هووییەتەکانی دیکە تەقلیل دەدا ئەوەی کە بە فارسی دەڵێن تقلیل گرائی؛ ئەگەر ئەمن ئەو وشانە بەکار دەبەم زۆر ببوورن لەبەر ئەوەیە کە هاوتا کوردییەکانیان بە باشی نازانم جا بۆیە داوای لێبوردن دەکەم. بۆیە باسی تقلیل گرائی و فروکاستن و ئەو جوورە شتانە دەکەم داوای لێبوردنتان لێ دەکەم، ئەگەر بمزانیبایە حەتمەن وشە کوردییەکانم دەکار دەهێنا. عەرزی بە خزمەتت دەکەم دەوڵەت – نەتەوە ئەو گرفتەی هەیە هەمیشە بە دوای هووییەتێکی یەکگرتوو دایە و لەو چوارچێوەی دا هەمیشە تەفاوەتەکان، فەرقەکان، جیاوازییەکان تەقلیل دەدا و دوا جار یا لەبەینیان دەبا یا بەتەریبێکی ئەوانە دەخاتە پەراوێزەوە کە لە نەزەر سیاسییەوە بێ ئەهەمییەت دەبن.
بەلام ئایا ئەو موشکیلەیە هەر موشکیلەی چوارچێوەی دەوڵەت- نەتەوەیە، چوارچێوەی سیاسی حقووقی دەوڵەت نەتەوەیە، ئایا ئەوە موشکیلی بنەمای کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی دەوڵەت نەتەوەیە یا مەسەلەیەکی دیکەش لێرە هەیە کە بە ئاسایی لەبەرچاو ناگیرێ. ئەوەی کە لە بەرچاو ناگیرێ ئەگەر دیقەت بکەین لە مێژووی ئێراندا، لە مێژووی ناسیۆنالیستی ئێراندا، ئەو جوورەی کە دەینووسن زۆر هەن لەوانە نموونەی شاید باشترینیان، مونسەجیمترینیان کە لەو بیست ساڵەی دا دەرکەوتووە کتێبی کاتووزیان بێ.
کاتووزیان پڕۆسەیەکی مێژوویی دە کتێبەکەیدا دادەمەزرێنێ. پڕۆسەیەکی مێژوویی کە ٢٥٠٠ ساڵە دە جەرەیان دایە. ئەو پڕۆسەیە سووژەیەکی هەیە، عامیلییەتێکی هەیە کەبەوەی دەڵێ میللەتی ئێران. ئەو میللەتی ئێرانە هەبوە، هەیە و دەشبێ وەکوو شتێکی لایەزال و ئەزەلییە.
ئەوە ئی ناسیۆنالیستەکان، عەینی وەی دەتوانم بڵێم دە نووسراوەکانی ناسیۆنالیستە ئیفاڕاتییەکانی کوردیش دا هەیە، کە عەینی ئەو بەحسەی لەمەر میللەتی کورد دەکەن لە زەمانی مادەکانەوە هاتووە عامیلییەتی هەبوە، فەعالییەتی کردوە مێژووی بە نێوی خۆی دامەزراندوە، هەبوە و هەیە و دەشبێ و خسڵەستەکی ناگٶڕێ.
یانی مەبەستم ئەوەیە کە دە مێژوونووسیی ناسیۆنالیستی دا هەبوونی ئەو سووژەی، ئەو عامیلییەتەی چالاکی مێژوویی هەمیشە دەبێ هەبێ. بەڵام لە مەڕ ناسیۆنالیستەکانی ئێراندا لێرە دا تووشی موشکیلەیەک دەبین ئەویش وەختێک دەبێ کە دێینە دەورانی مەشڕووتییەت.
لە دەورانی مەشڕووتییەت لە پڕڕایەکی ڕا دەبینی کە لەو سەروبەندە دا میللەتێکی کە ئەوانە بە نێوی ئەو میللەتەی نووسیویانە و کوتویانە، مێژوویان نووسیوە، ڕووداوە مێژوویەکانیان گێڕاوەتەوە، نەتیجەیان لێ وەرگرتووە تا ناوەڕاستی سەدەی ١٩ ئەو میللەتە دەنگی نییە. موتڵەقەن دەنگی نییە. ئێمە دە دیسکۆرسی فارسی دا شتێک بە نێوی میللەتی ئیران کە عامیلییەتێکی هەبێ کە بۆخۆی قسان بکا بڵێ ئەوەم، ئەمن میللەتی ئێرانێم هەتا ساڵەکانی
 ٨٠ – ١٨٧٠ ی وجوودی نییە. یانی هەمیشە بە نیابەت لە تەڕەف ئەو میللەتەیەوە قسە کراوە، لە حاڵێکدا بۆخۆی نە ماهییەتی، نە هووییەتی ئێتنیکی، نە هووییەتی زمانی، هەموو شتێکی هیچ مەعلووم نەبوە کە مەسەلەن لە سەدەی ١٢-١٣ی میلادی دا مەسەلەن کەسانی دیکەش دە ئێرانێ دا هەبوون، نەبوون چۆن دنیایان دیوە، چییان کردوە. چییان خواردوە، مووسیقییەکەیان چ بوە، شێعرەکەیان چ بوە هیچ خەبەرێک نییە.
بەڵام ئەو مەسەلە لە دواییەکانی سەدەی ١٩ دا تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێ. لەپڕڕایەکی ئەو میللەتە هەم  دەنگ پەیدا دەکا، هەم عامیلییەتی سیاسی  پەیدا دەکا. کە ئەوجی وەی دەبێتە شۆڕشی مەشڕووتییەت. شۆڕشی مەشڕووتییەت دەبینی ئەو میلەتەی ئەوان باسی دەکەن دێن تەزاهورات دەکەن لە خیابانێ، دەچنە سەفاڕەتی ئینگلیستانێ بەست دادەنیشن، تێلگڕافی بۆ فڵان جێگای لێ دەدەن و نوێنەرکانیشیان چ لە ناو مەزهەبییەکان و چ لە ناو غەیرە مەزهەبییەکان دا پەیدا دەبن.
لێرە دا ئەو پارادۆکسە دێتە پێشێ. میللەت وەکوو عامیلێک، فاکتۆرێکی سیاسی ئایا هەمیشە دە مێژوو دا هەیە یان بە سیاسەت  دروست دەکرێ؟ ئەگەر ئێمە جوابی ئەو پرسیارەی بدەینەوە کە ئایا واقیعەن ئەو میللەتە وەکوو دیاردەیەکی سیاسی، ئەو دیاردە سیاسییە هەمیشە عامیلییەتی هەبوە، دە مێژوو دا هەبوە، هاتو چۆی کردوە، دروستی کردوە، شەڕێ کردوە، ئاشتی کردوە، شێعری کوتوە، موسیقای ساز کردوە فڵان و ئەوانە، بەڵام ئایا ئەو میللەتە وەک عامیلییەتی سیاسی هەبوە یا ئەوە بە سیاسەت دروست کراوە؟
ئەگەر بە سیاسەت دروست کراوە ئێمە دەبێ میللەتی، نەتەوەی بە جوورێکی ببینین، ئەگەر بە سیاسەت دروست نەکراوە دەبێ بە جوورێکی دیکەی ببینین. یانی ئەوە دەقیقەن گرفتی تەواوی مێژوو نووسینەکانی ناسیۆنالیستییە. ئەویش ئەوەیە کە ئایا میللەت بۆخۆی دیاردەیەکی مێژوویی ئەزەلییە یا میللەت دیاردەیەکە کە  سیاسەت دروستی دەکا.
لێرە مەبەستم لە میللەت ئەوە نییە کە جەماوەرێک بێ، لێرە مەبەستم لە میللەت کولییەتێکە، دیاردەیەکە  هووییەتێکی سیاسی موشەخەسی هەیە و زمانێکی سیاسی موشەخەسی هەیە و عامیلییەتی سیاسی هەیە، مەبەستم ئەوەیە. ئەگەر ئێمە ئەوە قەبووڵ بکەین کە ئەو عامیلییەتە سیاسییەی میللەت سیاسەت پێی داوە دەبێ بڵێین چ فەرقێک بوە، چۆن بوە کە ئەگەر دەوڵەتی قاجاری ساڵی ١٨٥٠ دەگەڵ دەوڵەتی مەشڕووتەی ٦ -  ١٩٠٥، یا لە دوایە دەورەی ڕەزا شا ١٩٢٦ چ فەرقێکیان هەبوە. ئەگەر ئەوە عەینی میللەتە مەشڕووتییەت چۆن تەوجیهدەکرێ؟، ئەگەر نا ئەو میللەتە دەو پڕۆسەی دا دامەزراندراوە و عامیلییەتێکی سیاسی پێ دراوە و ئەو عامیلییەتە سیاسییەیە کە دە چوار چێوەی دەوڵەت – نەتەوەیدا ڕەنگی داوەتەوە ئەو دەمی ئێمە دەبێ جوورێکی دیکە مەسەلەکەی ببینین. یانی ئەو میللەتە کە دامەزرێندراوە؛ ئەو ئێرانییانەی کە باوەریان بە دەوڵەتی ئەزەلی ئێرانێ یە هەمیشە لە سەر ئەو باوەڕە بوون کە لە ئەوەڵەوە هەبوە و دەوڵەتی ئێرانێ لە ئەوەڵەوە حاکمییەتی هەبوە، حاکمییەتی سیاسی بەو شێوەیەی کە ئێمە ئێستا دەیناسین.

ئەوە دروست نییە. ئەو حاکمییەتی سیاسی دەوڵەتی ئێرانێ پێش ساڵێ ١٩٠٥ و ١٩٠٦ ی زۆری فەرق هەیە  لەگەڵ نەوعی حاکمییەتی کە لە ئێرانێ دوای ١٩٠٥ و ١٩٠٦ دامەزراوە. ئەوە گرفتێکی گەورە بۆ ناسیۆنالیستەکان ساز دەکا کە بڵیی ئەتۆ کە لەسەر عامیلییەتی ئەو میللەتەی لە ٢٥٠٠ ساڵاندا نووسیوە، لە واقیعدا پێش ١٩٠٥ هەر وجوودی نەبوە، دروست کراوە. ئەتۆش ئەگەر مێژوویەکت نووسیوە ٢٥٠٠ ساڵ  عامیلییەتت بەوەی داوە، ئەوە شتێک بوە کە بۆخۆت ئەوەت خوێندۆتەوە.
ئەوە تەنێ موشکیلی ناسیۆنالیستی فارس نییە. ئەو موشکیلی تەواوی مێژوونووسینەکانی ناسیۆنالیستییە. ئەگەر ئینگلیسیش بگری، ئاڵمانیش بگری، فەڕانسەییش بگری،ئەو لەحزەی کە میللەت عامیلییەت پەیدا دەکا ئەوان نایانەوێ بە هیچ جوور قبوولی بکەن کە ئەوە ناسیۆنالیزمە میللەتی دروست دەکا، ئەوە دە حەقیقەتدا ناسیۆنالیزمە کە میللەتی دروست دەکا لە بەر ئەوەی کە ناسیۆنالیزم دەوڵەتی دروست دەکا، دە حەقیقەتدا دەوڵەتە کە میللەتی دروست دەکا.
سەروەری یا حاکمییەتی ساڵی ١٨٥٠ ی دەورەی قاجار زۆر زۆر فەرقی هەبوە لەگەڵ ئەو حاکمییەتەی کە لە ساڵی ١٩٠٦ دە قانوونی ئەساسی ئێرانێ دا نووسراوە. لە دوایە ئەو حاکمییەتەش کە بە تەرتیبێکی لە ساڵی ١٩٧٩ دە قانوونی ئەساسی جمهووری ئیسلامیدا نووسراوە ئەوە حاکمییەتێکە کە لە تیۆرییەکی تایبەتی وەرگیراوە. ئەو تیۆرییە تیۆری دێمۆکڕاتیکی پێ دەڵێن حاکمییەتی گەلە. حاکمییەتی گەل لە ساڵی ١٩٠٥ی، ١٩٠٦ی هێنراوەتە نێو قانوونی ئەساسی ئێرانێ. بەڵام  حاکمییەتی گەل ئەوەیە کە، هەمیشە دەبێ ئەو مەسەلەی ناسیۆنالیستان بەو شێوەیەی قەبووڵی ناکەن، ئەویش ئەوەیە پێش وەی کە حاکمییەتی گەل دابمەزرێ گەل هەر گەلە. گەل هەزار جوور هووییەتی تێدایە.
گەل هووییەتێکی موشەخەسی نییە. بەڵام کاتێک ئەوە دەچێ دە قانوونی ئەساسییەوە و دەبێتە دەوڵەت نەتەوە ئەو دەمی هووێتێکی زۆر موشەخەس پەیدا دەکا. ئەو هووییەتە دە قانوونی ئەساسیدا نووسراوە. دەڵێن زمانی ئەوەیە، فەرهەنگی ئەوەیە و هتد. پێش دەورەی قاجار، زمانی فارسی هەبوە، زمانی کوردیش هەبوە، بەلووچیش هەبوە، عەڕەبیش هەبوە، ئازەریش هەبوو، تورکەمەنیش هەبوە، مەسەلەیەک بە نێوی زمانی ڕەسمی وجوودی نەبوە، موتڵەقەن وجوودی نەبوە. وە هیچ جوورە ئیلزامێکیش لە سەر هیچکەس نەبوە کە بە فارسی بنووسێ، یا بە کوردی بنووسێ، یا بە بەلووچی بنووسێ. ئەمن بۆخۆم موکاتەباتی توجاڕی کوردی قەڕەنی ١٩م دیوە بە فارسی نووسیویانە، دە حاڵێکدا کە هیچ مەمنووعییەتێکیش لە سەر زمانی کوردی نەبوە. هەر واتر دەتوانی ئازەرییەکان ببینی، یا دەبینی کوردەکان بەعزێکیان بە کوردییان نووسیوە، بەعزێکیان بە کوردییان نەنووسیوە. یا لە مزگەوتێ بابی من وەختێک دەرسی خوێندوە، هەم کتێبی کوردی خوێندوە، هەم گولستان و بۆستانی سەعدی خوێندوە.
مەبەستم ئەوەیە وەختێک حاکمییەتی میللی دادەمەزرێ، حاکمییەت ئەو خاسییەتەی هەیە هەموو شتێکی
homogenized دەکا، یەکدەستی ساز دەکا، ئەو یەکدەستی کە ساز دەکا دەبێتە هۆی تەقلیل دان و هووییەتەکانی دیکە دادەکەون. لێرە دا ئەوە گرینگە ئێمە ئەوە لە نەزەر بگرین ئەوە بەشێک لە بۆچوونی ناسیۆنالیسییە لەمەڕ مێژوو. بەڵام  بۆچوونی چەپیش لەوەی باشتر نییە.
چەپی ئێرانێش ئەگەر دیقەت بکەی، چەپی ئێڕانێ هیچ وەختێک هەتا ئێستا حازر نەبوە قبووڵ بکا ئەو شتەی کە پێی دەڵێن حاکمییەتی میللی ئێرانێ بێتە ژێر پرسیار. ئەتۆ لێیان پرسی ئەو حاکمییەتی میللییە چۆن دامەزراوە، وەختێک دامەزراوە ئەو هووییەتە یەکگرتوویە چۆن پێناسە کراوە، چۆن دروست کراوە وە وەختێکی ئەوە کراوە هووییەتەکانی دیکە چییان بەسەر هاتوە، حازر نین باسی بکەن.

ئەمن بۆخۆم بەحسێکم هەبوو لەگەڵ محەمەد ڕەزای نیک فەڕ عەینی ئەو پرسیارە بوو. محەمەد ڕەزای نیک فەڕ جوابەکەی بۆ من ئەوە بوو کە پاش دوو هەزار ساڵ، دووهەزار و پێنجسەد ساڵ دەوڵەتێک لە ئێرانێ دامەزراوە کە هووییەتی عەشیرەتی نییە بۆ دەتەوێ وێرانی بکەی. ئەوە عەینی جوابی محەمەد ڕەزای نیک فەڕ بۆ من بوو،کە ئەمن بەویم دەگوت کە ئێمە هەتا نەتوانین ساختاری حاکمییەتی ئێرانێ شالوودە شکێنی بکەین هەتا ئەوەی نەکەینەوە، هەتا ئەوەی نیشان نەدەین کە ئەو دەوڵەتە چۆن ساز بوە و ، چون گەل کە هووییەتی نییە دەهێندرێتە نێو قانوونی ئەساسی بەڵام کە لەقانوونی ئەساسی دەچێتە دەرێ ئیدی گەڵ نییە میللەتە. میللەتە هووییەتی هەیە، هووییەتی یەکگرتووی هەیە. چەپیش عەینی ناسیۆنالیستەکانی ئێرانی حازر نین ئەو پرسیارەی جواب بدەنەوە. جوابی وەی بدەنەوە ئەو دەوڵەتە وەختێکی دروست کراوە هەزینەی ئەو دروستکردنەی چ بوە؟ کێ لە بەین چوە، کێ کەوتۆتە پەراوێزێ، چ زمانێک مەحو بۆتەوە، چ گەمارۆی لە سەر داندراوە، چ کەسانێک لە بەر قسە کردن بەو زمانەی، نووسین بەو زمانەی چوونە زیندانێ. حازر نین ئەوەی قبووڵ بکەن ئەوە یەکێک لە کەموکووڕییەکان و کۆسپەکانی شەرماوەری چەپی مارکسیستی ئێرانێ یە کە هیچ وەخت ئەو جەسارەتەی نەبوە کە ساختاری حاکمییەتی، ئەوەی کە پێی دەڵێن حاکمییەتی میللی ئێرانێ ئەوە بخاتە ژێر پرسیار کە ئەوە چۆن پێک هاتوە. هەمیشە دەو لەحزەیدا کە حاکمییەتی میللی دا دەمەزرێ تەنیا ئەوە دەوڵەت نییە کە ساز دەبێ، بەڵکوو دەو لەحزەش دا، میللەتیش دەو لەحزەی دا لە دایک دەبێ. ئەو میللەتی یەکگرتووی ئێرانێ کە باسی دەکەن ئەو لەحزەی کە دەوڵەتی مەشڕووتییەت دامەزراوە هاتۆتە دنیایە پێش وی وجوودی نەبوە.
ئێرنێست گێلنێر شتێکی زۆر باش دەڵێ. ئێرنێست گێلنێر دەڵێ یەکێک لە خاسییەتەکانی ناسیۆنالیستان ئەوەیە کە هەمیشە مێژووی خۆیان بە هەڵە تێ دەگەن. یانی ئەو لەحزەی کە دەوڵەت لە دایک بوە، ئەو لەحزەش بوە کە میللەت لە دایک بوە. ئەگەر ئەوە قبووڵ بکەی دە عەینی حاڵدا یەک شتی دی هەیە ئەویش ئەوەیە کە چەپی ئێرانێ عەینەن وەکوو ناسیۆنالیستی ئێرانێ ڕەفتار دەکا. ئەویش لەو لەحزە کە میللەتی یەکگرتوو لە دایک بوە، میللەتەکانی دیکە حەزف بوون.
دەو نوقتەی دا چەپی ئێرانێ حازر بە قبووڵی ئەو مەسەلەی نییە. ئەگەر دیقەتێ بکەین لەو بارەیەوە ئەتۆ ناتوانی هیچ فەرقێکی لە نێوان حیزبی توودە و جەبهەی میللی دابنێی. چونکە هەر دووکیان عەینی ئەو نوقتەیان قبووڵە و هەر دووکیشیان حازر نین ئەو پڕۆسەی ئینکاری کە لە لەحزەی لە دایکبوونی دەوڵەتی میللی دا دەستی پێکردوە باسی بکەن. ناکرێ باسی بکەی، ئەگەر بڵیی وەرە ئێمە دەمانەوێ ساختاری حاکمییەت بشکێنین، چون لەحزەی لە دایکبوونی دەولەت هەمیشە لەحزەی خشوونەتە. هەموو دەوڵەتێک وایە، ئەو خشوونەتە خشوونەتێکی حەزفی یە. تەنانەت ئەگەر ئێمە بڵێین سەروەری گەل لە تیۆری دێمۆکڕاتیکەوە دێ دێمۆکڕاسی بۆخۆی لەو بارەیەوە تاوانبارە، دێمۆکڕاسی قابیلییەتی ئەوەی نییە کە جیاوازی ببینێ، ڕێز بۆ جیاوازی دابنێ و قابیلییەتی ئەوەی نییە کە جیاوازییەکان دە قانووندا دابمەرزێ بۆیە باسی دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵ دەکرێ ئەوەی کە بڵێ پێویستە دێمۆکڕاسی بۆخۆی دێمۆکڕاتیزە بکرێ. بۆ ئەوەی جوورێک بێ کە بتوانێ ئەو جیاوازییانە ببینێ.
ئەو لەحزەی لە دایکبوونی خشوونەتی دەوڵەت هەمیشە دە بنەمای حاکمییەتدا دەمێنێتەوە. باشترین تەجەلی ئەو خشونەتی حاکمییەتە هەر لەو رووداوانەی مانگی بەفرانبار دا دیترا، کە وەختێک حاکمییەت لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە کەوتە ژێر پرسیار ئەو خشوونەتەی کە دامەزرێنەری حاکمییەتی دەوڵەتی ئێران بوو لە ساختاری هاتە دەرێ لە ٤٨ ساعەتاندا پەنجا هەزار کەسی کوشت. جا بۆیە لێرە دەڵێم چەپیش لەو بارەیەوە تاوانبارە موتڵەقەن حازر نییە کە تەنانەت ئەو خشوونەتەی کە بەشێوەیەکی زەق دە ساختاری حاکمییەتی یەکگرتووی ئێرانێ دایە ئەوەی بەرێتە ژێر پرسیار. دەڵێن چی؟  دەڵێن  ئەوە بە دەستووری خامەنەیی کرا، خامەنەیی
personification  ی ئەو شتەیە. یانی نوێنەرایەتی شەخسی ئەو خشوونەتەی ساختاری حاکمییەتێ دەکا. ئەگەر خامەنەیی نەبایە کەسێکی دیکە بوو. ڕەزا شا بوو، سبەینێ مومکینە یەکی دیکە بێ. هەتا ئەو دەمەی ئێمە ئەو ساختارەمان نەشکاندوە و شالوودە شکەنیمان نەکردوە، ئەو خشونەتەمان دەر نەهێناوە، خشونەتێکی کە ئەو دەوڵەتی فێعلی ئێرانێی دروست کردوە. ئەوە مەسەلەیەکی ئەساسی حەڕەکەتی ئێمەیە بەڕاستی لە ڕووی وێژمانییەوە.
لە بەشێک لە حەڕەکەتی کوردیدا لە ساختاری حاکمییەتی میللی بە شێوەیەک ڕەخنە گیراوە بەڵام ئەو رەخنەیە ئەگەر لازمیش بێ کافی نییە. سەبەبەکەی ئەوەیە تەواوی ڕەخنەکانی لە مۆدێرنیتەی بگیرێ هەمیشە دە چوارچێوەی مۆدێرنیتە دا دەمێنێتەوە چونکە تەواوی ئەو ڕەخنانەی لە مۆدێرنیتە دەگیرێ هەمیشە لەو چەمکانە کەلک وەردەگرێ کە مۆدێرنیتە داویە بە ئێمە. ئەو چەمکانە مەعسووم و بێ گوناح نین. کاتێک ئەو چەمکانە دە وێژماندا بەکار دەبەین ئەوانە ئەسەری ئەساسی خۆیان بە شێوەیەکی سیاسی دەنوێنن.
جا بۆیە ئەوەی کە پێویستە دە سیاسەتی کوردیدا، لە مێژوونووسیی کوردیدا، بە تایبەتی ئەرکی ئەساسی ڕۆشنبیری کورد ئەوەیە کە بەرەو ڕەخنەیەکی زۆر ڕادیکاڵ لە دەوڵەت نەتەوەی بڕوا، ڕەخنەیەکی کە فکری کوردی، بەلووچ، ئازەری و ئەوانە تەجهیز بکا  لەبەر ئەوەی مەسەلەی ئەساسی ئێمەیە لە هەلومەرجی هەنووکەدا کە ماهییەتی ئەو حاکمییەتەی بێنینە ژێر پرسیار لێی بپرسین بۆچی وای لێ هاتوە. کاتێک مەشرووتییەت دامەزرا عەجایبی قەزییە ئەوەیە کە ، دیارە کوردان نەخشێکی هێندە بارزیان نەبوە تێیدا لە دەورەی مەشڕووتییەت دا زۆر دە پەراوێز دا بوون ئەسڵەن بەو شێوەیەی تێدا نەبوون، بەڵام تورکی ئازەری نەخشی زۆر ئەساسیان هەبوو دە مەشڕووتییەتێ دا، بەڵام هیچ وەختێک ئەو مەسەلەیە بۆ ئەوان لە گۆڕێ دا نەبوە، ئێستاش ئەو پرسیارەی ناکەن. ڕادیکاڵترینیان بەرەو ئەوەی دەڕۆن کە دەمانەوێ لە کولییەتی ئێرانێ جوێ ببینەوە، بێ ئەوەی کە بپرسن بۆچی ئەو ئێرانە تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو کارەی بکا، واتە نەیتوانیوە وڵامی داوخوازە دێمۆکڕاتیکەکانی ئێمە بداتەوە. بە بێ ئەوەی ئەوە بپرسن مەسەلەکە وا دێتە گۆڕێ ئێمە دەمانەوێ بڕۆین.
یان ئەوانەی کە دەیانەوێ بمێنینەوە بەو شێوەی دەمێننەوە کە دەبێ ئێران زۆرتر و زۆرتر پاڵی پێوە بندرێ کە بەرەو مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوا بڕوا. ئەگەر ئێران بچێ بەرەو مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوایی گیروگرفتەکان لێرە چارسەر دەبن. بەو شێوەی نییە.
ئەمن ئەو بەحسەم لێرە دامەزراند مەبەستم ئەوەیە کە ئەو سەد ساڵەی دەوڵەت- نەتەوە لە ئێرانێ، دیارە لە زۆر بابەتەوە هێرش کراوەتە سەر دەوڵەت – نەتەوە بەڵام هیچ ساختاری وێژمانی وی، هیچ کات لەحزەی لە دایکبوونی دەوڵەت – نەتەوە لە ئێرانێ ئەوە هیچکات نەبردراوەتە ژێر پرسیار.
ئەلئان وەختی وەیە کە بەڕاستی ڕۆشنبیری کوردی، ئازەری، بەلووچی ئەرکی دێمۆکڕاتیکیانە چ بیانەوێ دە چوارچێوەی ئێرانێ دا بمێننەوە و چ بیانەوێ لە چوارچێوەی ئێرانێ دەر بچن کارێکی ئەساسی کە دەبێ بیکەن ئەوەیە، خودی فارسەکانیش دەبێ ئەو کارەی بکەن کە بزانن ئەو مەسەلە چۆنە بەڵام ئەوان تەرجیح دەدەن کە بڵێن ئەوە ٢٥٠٠ ساڵە هەبوە و هەیە و دەمێنێ. وا نییە! بە باوەڕی من ڕەخنەی کۆزماتیک، ڕەخنەی ویترینی ئێمە ناگەیێنێە هیچ کوێ؛ لە نێو کورداندا زۆر باوە ئەو شتەی بەکار دەبەن و دەڵێن " جغرافیای ساختگی ایران" ئەو قسەیە زۆر دروستە، جوغڕافیای ئێران ساختەگییە بەڵام وەرە پێم بڵێ بزانم کێهە جوغرافیا لە دنیایە دا هەیە کە تەبیعی بێ. کێهە دەوڵەت هەیە کە سنوورەکانی بە سیاسەت، یانی بە خوێن و کوشت و کوشتار و شەڕ دانەمەزرابێ. هەر لەوانەی ئوڕووپایە بگرە تەماشای بریتانیایە بکە چی لە وێڵز و سکاتلەند و ئیرلەندێ کردوە. تەماشای فەڕانسەی بکە لەوێ برێتۆنەکان لەگەڵ ئەوانی دیکە، تەماشای ئێسپانیایە بکە. مەسەلە ئەوەیە بەو ئیستیدلالەی دەیکەین ئەوەی کە بە فارسی دەڵێن " استدلال دلخوشکنک"، کە ئەمن ئەو جوغرافیایەم قبووڵ نییە و ساختەگییە، دەی قبووڵت نەبێ. یانی چی. یانی جوغڕافیای ساختەگی ئەو دەمی مەعنی دەبێ کە تۆ بڵێی جوغرافیایەک هەیە کە ساختەگی نەبێ.
بەڕێزان! دە دنیای سیاسەتدا شتی تەبیعی وجوودی نییە. هەموو شتێک بەرساختی دەسەڵاتە بۆیە ئەو کەسانەی لە دووی جوغرافیای تەبیعی دەگەڕێن بە باوەڕی من بۆخۆیان دەبێ جوابی خۆیان بدەنەوە. لە جێیەکیان پەیدا کرد شایەد ئەوە ببێ. شایەد لە بەهەشتێ جوغرافیای تەبیعی پەیدا بکەین. بەڵام جوغڕافیای تەبیعی وجوودی نییە.
گەلێک سپاس.
[چەپڵەی ئامادە بووان]