Sunday, May 10, 2026

وتوێژ لەگەڵ دوکتورئازاد حاجی ئاقایی لێکۆلەرەوی فەلسەفەی سیاسی لەمەڕ وەرگێڕانی کتێبی " لەدایکبوونی وڵات"، پێوەندییە مێژووییە کانی نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکی ئازەربایجان لە ئێران و گرژی و پێویستی تەبایی دوو لایەنە. بەرنامەی ڕاوێژ دووشەمە ٤-ی مەی ٢٠٢٦


 وتوێژ لەگەڵ دوکتورئازاد حاجی ئاقایی لێکۆلەرەوی فەلسەفەی سیاسی  لەمەڕ وەرگێڕانی کتێبی " لەدایکبوونی وڵات"،  پێوەندییە مێژووییە کانی نەتەوەی کورد و  نەتەوەی تورکی ئازەربایجان لە ئێران و گرژی و پێویستی تەبایی دوو لایەنە. بەرنامەی ڕاوێژ دووشەمە ٤-ی مەی ٢٠٢٦

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە بەرنامەی ڕاوێژی ئەمجارەماندا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی کە پێشتریش میوانی ڕاوێژ بووە. لەم بەرنامەیەدا حەول دەدەین باسی پێوەندیی مێژوویی لە نێوان گەلی کوردی ڕۆژهەڵات و گەلی تورکی ئازەربایجان بکەین کە لەو ساڵانە دواییدا بە گرژییەوە باسی لێوە دەکرێ بەڵام ئێمە هەم زەمینە مێژووییەکەی ئەو پێوەندییە و هەم پیویستی تەبایی و بەیەکەوە ژیانی ئەو دوو نەتەوەیە کە دەتوانین بڵێین بە ساڵانی درێژ لە تەنیشت یەکەوە لە ناوچە ژیاون لە هەلومەرجی ئێستا دا زۆر گرینگە. زۆر زۆر بە خێر بێی بەڕێزحاجی ئاقایی!
دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی: سڵاو وڕێزم هەیە بۆ ئێوە و بۆ بینەرانی ئازیز، سپاس کە بۆ جارێکی دیکە دەعوەتتان
کردوومەوە.
قازی: جارێ بەر لەوەی کە بچینە سەر بابەتی سەرەکی بەرنامەکەمان پێم خۆش بوو دەستخۆشیت لێ بکەم بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە [کتێبەکە نیشانی دووربین دەدا]، دیارە بە جۆرێک لە جۆرەکانیش پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە مژاری بەرنامەکەمان، ئەویش کتێبی " لە دایکبوونی وڵات " یا تێریتۆرییە. پێم خۆشە سەبارەت بەو کتێبە بدوێی و گرینگی ئەوەی کە ئەو کتێبەت وەرگێڕا چ بوو؟ فەرموو بۆ ئەوەی کە بینەرانیش ئاگادار بن.

حاجی ئاقایی: زۆر سپاس، لە ڕاستیدا وەکوو ڕێز و پێزانینێکیش بۆ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی ئەو کتێبەی پێ ناساندم و لە سەر گرینگی بابەتەکانی و هەم ئەوەی کە چۆن وڵاتێک لە درێژایی مێژوو دا بە چ مێکانیزمێک، بە چ ڕێبازێک، چ ڕەوتێکی مێژوویی دەبڕێت و چۆن لە پێوەندییەکانی نێوان جوگرافیا و خاک و حەشیمەت و فکر هونەر وەکوو مارتیکسێکی چەند لایەنە بە درێژایی چەندین سەدە چۆن وڵاتێک دروست دەبێت.
بۆیە من دوای ئەوەی پڕۆفێسۆر وەلی ئەو کتێبەی پێ ناساندم، دەگەڕێتەوە بۆ سالانی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠ ڕەنگە کەمێک زووتریش بێت و بە پێداگری لە سەر ئەوەی کە کتێبێکی گرینگە بە نیسبەتی ئەوەی کە دەتوانێ بە زۆر لایەنەوە نیشان بدا کە پڕۆسەی دروست بوونی نەتەوەیەک پڕۆسەیەکی تاک ڕەهەندی یەک لایەنە نییە و دەتوانێ کە وەکوو ماتریکسێکی چەند لایەنەوە بەرهەمێکی مێژوویی بێت، بەرهەمی لێک دادان و لێک ترازانی هێزەکان بێت و هاوکاتیش تەئکیدێکی زۆری لەسەر جوگڕافیا هەیە، لەسەر ئەو ئەساسە ئەو کتێبە هاتە نێو  کتێبخانەی کوردی.
قازی: باشە ئەو ستوارت ئێڵدن، دیارە ئەمن بە تەواوی کتێبەکەم نەخوێندووەتەوە وابزانم بەجۆرێک لە جۆرەکان بابەتە پێوەندی دەداتەوە بە چەمکی دەوڵەت – نەتەوە، یانی بۆچوونی دەوڵەت لەسەر مەسەلەی تێریتۆری. وایە؟
حاجی ئاقایی: بەڵێ ڕاستە. ستوارت ئێڵدن وەکوو فۆکۆی دووەم دەناسرێت لە فەلسەفەی سیاسیدا، هەر بەو شێوە تێڕاوانینەش دەڕوانێتە پرسی تێریتۆری و دروستبوونی وڵاتێک یا تەنانەت نەتەوەکانیش.
بەڵام کەمێک جیاوازییەکەی لەسەر ئەوەیە کە ئەو دێ زۆرتر لە سەر پێوەندییە دوولایەنییەکانی نێوان حەشیمەت و جوگڕافیا تەئکید دەکاتەوە. لە سەر ئەو ئەساسەیە کە ئەمن دەتوانم بڵێم کە ئەو کتێبە دەتوانێت دەرگایەک بکاتەوە بۆ تێفکرینێکی زۆرتر لە سەر شێواز و چۆنیەتی دروست بوونی نەتەوە دەوڵەتەکان یا نەتەوە. چونکە یەک لایەنی زۆر زۆر گرینگ هەیە. هەر کەسێک یا زۆربەی ئەو بیرمەندانە یا سیاسییەکان کە باس لە دروستبوونی نەتەوە- دەوڵەتەکان دەکەن تەرکیزیان یان لەسەر لایەنی پریمۆردیارلیستییە  (ئەزەلی یە)  کە لە دەسپێکەوە نەتەوەکان هەبوون یان وەکوو کانستراکتێک، پێکهاتەیەک چاوی لێ دەکەن. بەڵام ئەوە بە تێڕوانینە مێژووییەکەی خۆیەوە نیشان دەدا کە ئەو نەتەوە دەوڵەتانەی کە لە سەرەتای، بە تایبەت بڵێین ئەوە لەسەر مێژووی ڕۆژئاوایە .
قازی: لە سەدەی ١٧ بەملایەوە؟
حاجی ئاقایی: دەڵێ ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە دەستی پێکرد بوو و لەسەرەتاکانی سەدەی ١٧وە لەگەڵ تێکەڵ بوونەوەی بازار و کارتۆگڕافی با بڵێین ئەو رێنێسانسە فکرییەی کە لە ئوڕووپا دروست بوو، تەنانەت نەخشە کێشانەوە وای کرد کە شیفت پاڕادایمێک دروست بێت بە نیسبەتی تێفکرین هەم بە نیسبەتی نەتەوەکان و بە نیسبەتی ئەوەی کە سنوورێکی جوگڕافی دابمەزرێت بۆ ئەوەی بازار یا با بڵێین سەرمایە هەم هاتوچۆی هەبێ و هەمیش لە ناو وڵاتێکدا ڕابگیرێت و ببێت بە موڵکی وڵاتێک. لەسەر ئەو لایەنەوە ئەمن پێم وایە کە ئەو کتێبە دەتوانێ پرسیپێکتیڤێکی بەرفرەوانتر بێنێتە گۆڕێ.
قازی: زۆر باشە با دیسان کتێبەکە نیشان بدەم  ناوی " لە دایکبوونی وڵات" ە، لە نووسینی ستوارت ئێڵدن و بەڕێز ئازاد حاجی ئاقایی وەری گێڕاوە و لە ئێران لە لایەن وەشانخانەی مادیارەوە چاپ کراوە هیوادارم کە بینەران بتوانن وەگیری خەن چونکە کتێبێکی زۆر بە نرخە.
حاجی ئاقایی: سپاسی پرٶفێسۆر حەبباس وەلیش دەبێ بکەین کە پێشەکییەکی زۆر باشی بۆ نووسیوە.
قازی: ئێستا با بێینە سەر بابەتی سەرەکی بەرنامەکەمان. دیارە لەسەرەتاوە باسی ئەوەم کرد کە بەشێک لە نەتەوەی کورد کە لە جوغڕافیای ڕەسمی ئێراندایە و نەتەوەی تورکی ئازەربایجان بە ساڵانی ساڵ بەیەکەوە لە هێندێک ناوچە ژیاون کە لە هێندێک شوێن زۆربە کوردن و لە هێندێک بەشی دیش ڕەنگە زۆربە تورکی ئازەربایجانی بن. من پێم خۆشە بەڕێزت لەوەڕا دەست پێ بکەی چلۆنایەتی دابەشبوونی جوغڕافیایی دوای قاجارەکان یانی لە زەمانی حوکمی ڕەزا شا لە ساڵانی ١٩٢٠ بەو لایەنانەوە.

حاجی ئاقایی: من ئەگەر ئیجازە بدەی چونکە مێژووی هاوچەرخی ئێران زۆرتر لەسەردەمی مەشڕووتەوە دەست پێ دەکا لە دوای ١٢٨٥(١٩٠٦) ئەو مەجلیسەی کە زۆربەی نوێنەرانی ئاریستۆکڕاتەکانی ئەو سەردەم بوون لە پارڵمانی ئەو کات یاسایەکیان دەرکرد کە ئێران بە چوار بەش دابەش کرا. هەر بەپێی لایەنە جوغرافیاییەکان باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایەکەی ئێران بەڵام لە ساڵی ١٣١٦ تەقریبەن دەکاتە ١٩٢٦، ١٩٢٦ دابەشکردنەکە دەبێتە پێنج ناوچە پارێزگا (ئەیالەت)، پارێزگای شومالی غەربیان پێ دەکوت، پارێزگای غەربیان دەکوت یانی جیاوازیان کردەوە، پارێزگای شومالی غەربەکە مەرکەزەکەی تەورێز دەبێت، غەڕبەکەش کە دیارە لە ئەردەڵانەوە دەست پێ دەکا تاکوو ناوچەی خوڕەمشەهر و ئەوانە، دواتر بەنادرمان هەیە یان ناوچەی فارس و ئەوانە و دواتر بەشی کرمان و بەلووچستانمان هەیە، بەشی خۆراسانیشمان هەیە. بەڵام دواتر ئەو ناوچانە ئاڵوگٶریان بەسەر دا دێت و دەبن بە دە پارێزگا. لەدەورەی ڕەزاشاوە تەقریبەن دەتوانین بڵێین ئەیالەت دەبێت بە ئوستان و دواتریش ئێمە دەبینین کە ئەوانە بە پێی هێندێک دابەشکاری دواتر هەم ناوەکان دەگۆڕدرێن وهەمیش دواتر هێندێک ئوستان بڵێێن پارێزگای زیاتری لێ دەکەوێتەوە.
قازی: زۆر باشە. مەبەستم لەو زەمینە و پێشینەی مێژووییە دیارە ئەوە ڕەنگە بە شێوەی ئیسباتی نەبێ بەڵام لە ڕووی نەزەرییەوە باس بکرێ دانیشتووانی هێندێک ناوچە لەباری مێژووییەوە زۆربەی کورد بوون یان زۆربەی تورکی ئازەربایجانی بوون یا چۆناوچۆن بووە؟  
حاجی ئاقایی: ئەگەر بە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە چاوی لێ بکەین لە دوای غەزنەوەییەکانەوە لە دوای١٣٥ی کۆچییەوە هێزەتورکەکان بە غەزنەوییەکانەوە کەم کەم دزە دەکەنە ناو ئەو سنوورانەی کە ناوی ئێرانی ئێستاکەی لێندراوە. لە ئەفغانستانەوە بێت تاکوو ئێمە دەبینین لە سەردەمانی دواتر سەلجووقییەکان دێن، دواتر خوارەزمشاهییەکان دێن و بەرەبەرە تا مەغوولەکان. تەواوی ئەو تەوژمە تورکانەی کە لە ئاسیای ڕۆژهەڵاتەوە دێنە ئەو ناوچانە بە تایبەت بە نیوەی باکووری ئێرانی ئێستاکە دا دەرباز دەبن یا دەمێننەوە یا دەچن بۆ رووم  کە دەبێتە تورکیا یا باکووری ئێستای کوردستان بەشێکی. بۆیە بە پێی ئەوەی کە بەردەوام ئەو تەوژمەی تورکانە بەردەوام هات و چوونیان هەبوە دانیشتووەکان تەبیعەتەن ئاڵوگۆڕیان بەسەر دا دێت نیشتەجێ دەبن،پێوەندیی ژن و مێردایەتی دروست دەبێ، تەنانەت بە شێوازی دیکە ڕەنگە هێندێک جار دەر کرابن یا کەسانی تر هاتبن شوێنی ئەوانیان گرتبێتەوە بۆیە لە توێژینەوەکانی پێوەندیدار بە پرسی سیاسەتدا ئەوەی کە گرینگە حاڵی ئێستاکەیە. چونکە ئەوە کێشەی سیاسی دروست دەکا.
قازی: دەگەینە حاڵی ئێستا، بەڵام مەبەستم ئەوەیە ئێمە هێندێک باری مێژووییەکە شی بکەینەوە. بە تایبەتی دەزانین کە لە ناوچەی موکریان میرەکایەتی موکری هەبووە و بەڕێوەبەرانی ئەو میرەکایەتییە دیارە لەباری ئێتنیکییەوە دەو سەروبەندی دا دەبێ کورد بووبن.
حاجی ئاقایی: ئەگەر بەو ڕوانگەیە چاو لێ بکەین ئێمە لە مێژووی نێوەڕاستی سەدەکانی ئیسلامیدا حکوومەتی ئالی کاکوویەمان هەبوە، حکوومەتی مەروانییەکانمان هەبوە.
قازی: ئەمن مەبەستم ئەو ناوچەیەیە کە ئێستا ئەو دوو نەتەوەیە تێیدا دەژین.
حاجی ئاقایی: ڕێک لەسەر مەسەلەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو جێگایانەی کە دەگەڵ ئازەرییەکان خاک یان سنووری هاوبەشیان هەیە، یان تێکەڵاوییان هەیە من باسی ئەوە دەکەم.
زۆربەی ئەو ئەمیرانە یان تەنانەت ئەو ئیماڕەتانەی کە بچووکیش بوون بەڵام لە مێژوو دا نێویان هاتوە بە کورد ناسراون بەڵام ئەوە دەگەڕێتەوە سەر شێوازی نووسینەوەی مێژوو، کە مێژووەکە کێ نووسیوێتی وە چۆن ئەو دانیشتووان، حەشیمەتی ئەو ناوچانەی بەچ شێوازێک باس کردوە.
قازی: بەڵام هەرچۆنێک بێ ئەو چوونەوە سەر مێژوو، ئەوەی کە بەڕێزیشت بە دروستی دەیڵێی بەستراوەتەوە بەوەی کە ئەو مێژووە لە چ ڕوانگەیەکەوە نووسراوە، هیچ کێشەیەک بەو شێوەیە چارەسەر ناکا چونکە بۆ وێنە ئێستا لەناوچەی " ئەردەوێل" دەبینین  ناوەکە کوردییە، یا چیای "سەهۆڵان" کە بە تورکی بووەتە  "سەبەلان" کە مانایەکی ئەوتۆی تێ ناخوێندرێتەوە.، بەڵام ئەوە بە پێویستی بەو مانایە نییە کە دانیشتووانی ئێستای کورد بن، هەر چەند لە ناوچەی خەڵخاڵ کوردیش هەن، یان لە ناوچەی موکریان لەبەر چاو بگرین ناوی زۆر لادێ و گوندان دەبینی کە ناوەکانیان کوردی نین بەڵام دانیشتوانەکانیان کوردن ئێستا. یانی گەڕانەوە بۆ سەر مێژوو بەو شێوەیە پێم وا نییە کێشەیەک ئەگەر هەبێ چارەسەری بکا. وا نییە؟
حاجی ئاقایی: ڕاستە، وەکوو تێبینییەکی پچووک لە تورکیا و لە ئێرانیش ئەو کتێبە وەکوو کتێبێکی سەرچاوە بۆ مێژوو دەخوێندرێت لە ئاکادێمیاکان.  باسی حکوومەتەکانی غەزنەوی، سەلجووقییەکان، تورکە مەغوولەکان، یان ئێلخانانی مەغوول دەکەن کە لە تورکیا ئەو کتێبە نووسراوە پڕۆفێسۆر ئیبڕاهیم کافێسئۆغلوو نووسیویەتی کە، مەبەستم شێوازی گێڕانەوەی مێژووە. تۆ وەختێک ئەو کتێبە دەخوێنییەوە وا دەزانی کە ئەو جوگڕافیایەی کە ئێستاکە ناوی ئێرانە بێجگەلە تورک کەسی تری لێ نەژیاوە. یانی مەبەستم لەو شێوازە گێڕانەوەیەیە کە دەتوانێ هەندێک تێڕوانین بە نیسبەتی ڕابردوو بگۆڕێت و بۆ ڕۆژی ئێستاکەش کاریگەری لە سەر بۆچوونە سیاسییەکان دابنێت.
قازی: ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە هەشتا ساڵ لەوە پێش یانی لە زەمانی دامەزرانی حکوومەتی میللی ئازەربایجان و جمهووری کوردستان دەتوانین ئەو سەردەمە بە سەردەمایەکی زێرین بژمێرین لە پێوەند ئەو دوو لایە دا. ئەویش دەتوانێ سەبەبی زۆری هەبێ هەرچەند پێش ئەوە دەزانین کە لە مەنتەقەی ورمێ لە ساڵانی ١٩٢٠کان و ١٩٣٠یەکاندا گرژی هەبوە لە نێوان دانیشتووان دا بە گشتی، جا چ مەسیحی بووبن، کورد بووبن یان ئازەربایجانی بێ هەرچۆنێک بێ شەڕو شوور زۆر بووە لەو ناوچانەدا. بەڵام لە زەمانی جمهووری کوردستان و حکوومەتی میللی ئازەربایجاندا بە پێی ئەو سەنەد و بەڵگانەی کە بەدەستەوەن دەردەکەوێ ئەو پێوەندیانە دۆستانە بوون. یانی لە دوای نەمانی حکوومەتی ڕەزا شا، لە شەهریوەری بیست و شکانی حکوومەتی ڕەزا شا هاتنە ناوی ئەڕتەشی سۆڤیەت لە لایەک و ئینگلیستان و ئەمریکا لە لایەکی دیکەوە ئەو دۆستایەتییە هەبوە. پێم خۆشە هێندێک زەمینەکەی باس بکەی تا دەگەینە سەردەمی کۆمار، یانی لە ساڵی ١٩٤١ بە دواوە.
حاجی ئاقایی: ئەگەر وەکوو زەمینە باسی لێ بکەین ئێستا بە تێڕوانینی ڕۆژانی ڕابردوو هەشتا ساڵ لەوە پێش ناکرێ بیخوێنینەوە بەڵام ئەو جوورەی کە شتەکە ڕووی داوە ڕەنگە بتوانین تێڕوانینێکی ڕوونترمان هەبێت. دیارە ئەو کات، چونکە ئێمە بەتایبەت باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و پێوەندییەکانی کورد و تورک یا ئازەری، لەسەر ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ئێمە چڕ دەبینەوە چونکە لە ناوچەکانی تر کەمتر ئەو تێکەڵاوییە هەیە، ڕاستە لە پارێزگای کوردستان تورک هەن بەڵام بە ڕێژەی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا نییە. بۆیە ئەو بەستێنەی کە ئەو سەردەم دروست بوو بۆشاییەکی هێز بوو ئەو بۆشایی هێزە وای کرد کە هێزە سیاسییەکانی ناوچەکە هەم کوردەکان و هەم  ئازەرییەکان بتوانن لێک نزیک بنەوە بەڵام خاڵێکی گرینگ ئەوەیە کە کەمو زۆر ئەگەر پێمان خۆش بێ یان نا بە جۆرێک سۆڤیەت بوو کە ئەوانەی لێک نزیک کردەوە توانی کە ببێتە پردێکی پێوەندی لە نێوان هەر دوو لایەن بە تایبەت ئێمە دەبینین کە لە بەڵگەنامەکاندا هەیە بە تایبەت، نەمر ئەفراسیاو هەورامی زۆر بە وردی بەشێک لەو بەڵگەنامانەی لە زمانی ڕووسییەوە وەرگێڕاوە کردوویە بە کوردی پێوەندییەکان باس دەکات، گرژی هەبوە ئەمە تەبیعەتی بەشەری یە کە لە نێوان فکری جیاواز، ئایینی جیاواز یا زمانی جیاواز گرژی تاکە کەسی، گرژی کۆمەڵایەتی ڕوو دەدا بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە کە دوا بە دوای ڕووخانی ڕەزا شا وە ئەو بۆشاییە هێزەی کە هاتە ئاراوە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و پێشەوا قازی، فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان توانیان کە ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ وەیکە هەم بە جۆرێک هێز دابەش بکرێت، هەم هاوکات لەگەڵ دابەشکردنی هێزەکە بتوانن کە کۆنتڕۆڵی تەنیشەکانیش بکەن، یا ئەو کێشانەی کە ڕەنگ بوو لە ماوەیەکدا بۆ هەر دوو لا دروست بێت.
من ئەگەر پێتان باش بێ تا ئەو جێگایەی لە بیرم بێت لە ژمارەی ٤٥- ی ڕۆژنامەی کوردستانە کە دەقی رێککەوتننامەیەک لە نێوان هەر دوولا دا بڵاو کراوەتەوە.

قازی: دەگەینێ ئەوێ، بەڵام هەر چۆنێک بێ ئەو مەسەلەی کە باست کرد ئەوەی کە سۆڤیەتییەکان ئەوانی لێک نزیک کردووەتەوە، دیارە من لەو دواییانە دا پێم زانیوە لە ساڵی ٢٠٠٧ یەکێک لەو کاربەدەستە سەرەکییانە، دیارە سێ کەس بوون کە پێوەندییان هەبووە لەگەڵ بزووتنەوەی کوردستان و بزووتنەوەی ئازەربایجان، بە نێوی حەسەن حەسەنۆف ڕۆژژمێری ڕۆژانەی خۆی نووسیوە و چاپ بووە یانی لە نێوان ساڵی ١٩٤٤ و ١٩٤٦ و مەرکەزیشیان لە تەورێز بووە. ئەو کەسە کاروباری ڕۆژانەی نووسیوەتەوە، ئەمڕۆ چ بوو، چ نەبوو و لە سەر ئەو پەیماننامە و پێکهاتنی دوو لایەنی کوردستان و ئازەربایجان بە درێژی باسی ڕاپۆرتێکدا دەکا کە بۆ سۆڤیەتی ناردووە. کورتەکەی ئەوەیە با باسی بکەم دەڵێ ئێمە کە لەگەڵ پێشەوا قازیی محەمەد قسەمان دەکرد، ئازەربایجانییەکان ئامادە بوون بە هەموو شێوەیەک یارمەتی کوردەکان بکەن و داوای ئێمە ئەوە بوو ئەوان بە ڕەسمی داوخوازی خۆیان بهێننە گۆڕێ و داوای کوردەکان ئەوە بوو کە سەربەخۆ بن لە ئازەربایجان پاشان باسی ئەو دانیشتنەی نێوان هەر دوو لا دەکا کە پەیمانی تێدا ئیمزا کراوە. دەڵێ دەعوتمان کرد لە هێندێک لە سەرکردەی کورد، دیارە مەبەستی سەرکردەی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان کوردستانی ئێران بووە بەڵام دیارە پێش ئیمزا کردنی پەیمانەکە لە ٢٣-ی ئاوریلی ٤٦ دەڵێ لە دانیشتنەکە دا یەکێک لە سەرکردەکوردەکان بە ناوی نووری بەگی عەبباسی نژاد گوتی:
" ئەگەر ئێمە براین، با شارەکان بە یەکسانی دابەش بکەین. کوردەکان شاریان نییە بۆ دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی خۆیان یان کردنەوەی فێرگە و مەدرەسە تێیاندا. بۆیە پێویستە شارەکانی میاندواو، ڕەزائیە، شاپوور [سەڵماس]  و ماکو ڕادەستی کوردەکان بکرێ . ئەو دەمی ئێمە برایەکی باش دەبین. ئێمە، واتە "ترۆیکا"، بۆ نووری بەگمان ڕوون کردەوە کە ئەمە یارمەتی پتەوکردنی دۆستایەتی نادا، بەڵکو تۆوی دوژمنایەتییەکی گەورە لە نێوان ئازەربایجانی و کوردەکان دەچێنێ. ناکرێ  زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئازەربایجانی لەم شارانە دەرکەین، شارەکان ڕادەستی کوردەکان بکەین و ڕابگەیەنین کە بەم شێوەیە دۆستایەتی لە نێوان گەلاندا دروست دەکەین. لەم شارانەدا، نوێنەرانی کورد دەتوانن لە کاری بەڕێوەبەری،سەرکردایەتی دا بەشدار بن. "
دواتر دیارە دانیشتنەکەی نێوان هەر دوو لا بەڕێوە چووە. ئەگەر ئیزنت لەسەر بێ ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێک کەوتوون بخوێنمەوە دوایە بەڕێزت دەکرێ شییان کەیەوە.
دیارە دەقی ئەو پەیمانە هەم لە ڕۆژنامەی کوردستان وەک باست کرد ژمارەی ٤٥ و هەم لە ڕۆژنامەی ئازەربایجاندا چاپ کراوە. وا دەدەکەوێ دەقە ماکەکەی بە تورکی ئازەربایجانی بووبێ و دواتر کرابێتە کوردیی سۆرانی و پێم وایە ئەوە تەرجومەی نەمر شەهید حەسەن قزڵجی یە کە دەقەکەی لە گۆواری " هەڵاڵە" ش دا چاپ کردووە. نەمر قزڵجی ئەو سەردەمانە بەرپرسی گۆواری " هەڵاڵە " بووە لە بۆکان.
متنی پیمانیک که له نیوان حکومهتی ملی کوردستان و آذربایجان دا بهستراوه
چونکو ملتی آذربایجان و کوردستان ههموو کاتیک له قازانج و زیان دا پیکهوه شریک بوون و له عینی حالیشدا تا ویستا به دەست استعمار و استیلاجویانهوه بۆ ئهو دوو ملته به یهک اندازه فشار و لطمه وارد کراوه.ملتی آذربایجان بو رزگاری تهواوی دانیشتوانی ایران له ژیر استبداد و دیکتاتوری ههولی داوه.

ههر وها ملتی کوردیش له رێگای آزادی دا فداکارییکی زوری کردوه و قوربانیکی بی ئهژماریشی داوه. بهلام فتنه و دسیسهی دلالهکانی سیاسی استعماری بوته سبب و بهرههلستی نه گهیشتنی ئەو نەتەوانە به آواتی خویان.

ههتاکوو ئهو شهری آخری دنیایه دهست پیکرا و به هیزی بهقوهتی دولەتی علمداری آزادی دهستگای فاشیستی که آلتی دهستی استعمارچیان بوو تیکووپیک چوو و بو ئهو دوو ملته آزادی خواهانهش ههل ههلکهوت له نیو خویاندا بە له بین بردن و محو کردنهوهی فاشیستی و دیکتاتوری قدی پیاوهتیان بهرز کردهوه و شان به شانی یهک بهربهرهکانیان دهست پیکرد و آلای بهراستی دیموکراسی و آزادیان بلیند کرد و له بهر ئهوهی ئهو دوو ملته برایانه نه ههر بو جیکردنهوهی ازادی خویان بهلکو بو دامهزراندنی آزادی له سهرتاسهری ایران بو ههموو وهختیکی دهستیان داوهته دهستی یهگدی.

جا له بهر ئهوه له روژی سی شهممو ٣ی بانهمهر (اردیبهشت)ی ١٣٢٥ ساتی ٥ی تەواوی ئیوارە لە شاری تەوریز لە عمارتی ملی آذربایجان بە حضوری سرانی حکومەتی ملی کوردستان:

رەئیسی حکومەتی میلی کوردستان جنابی آغای قاضی محمد.،آغای سید عبداللە گیلانی عضوی کومیتەی مرکەزی حزبی دیموکراتی کوردستان.،آغای عمرخانی شەریفی عضوی کومیتەی مرکەزی حزبی دیموکراتی کوردستان و رئیسی عیلی شکاک.، آغای محمدحسینی سیفی قاضی وزیری هیزی حکومەتی میلی کوردستان.،آغای رشید بەگی جهانگیری عضوی کومیتەی مرکزی حزبی دیموکرات کوردستان و رئیسی عیلی هەرکی ،آغای زیروبەگی بهادوری عضوی کومیتەی مرکزی حزبی دیموکرات کوردستان، نوینەری کوردی شنو آغای قاضی محمدی خضری و بە حضوری سەرانی حکومەتی میلی آذربایجان : رهئیسی مجلس ملی آذربایجان جەنابی آغای حاجی میرزا علی شبستری سەروک وزیری حکومەتی میلی آذربایجان جەنابی آغای سید جعفری پیشەوەری معاونی صدری فرقەی مەرکەزی حزبی دیموکرات آذربایجان آغای پادگان ، وەزیری داخلەی آذربایجان دوکتور سلام اڵلە جاوید،وزیری فەرهەنگی آذربایجان آغای محمد بی ریا

بو قایمو محکم کردنی دوستایەتی کە له بینی آذربایجانوو ملتی کوردستان دا بوە بو پایەداری صمیمیت و دوستایەتی زیاتر بون لە بینی ئەو دو میللتە دا ئەو قرارانەی خوارەوەیان قبول کرد و هردوکیان لە آیندە دا لە گەل ژیانی خویان تطبیقی دەکەن.

١- لەو جیگایانەی پی ویست بزانری هر دووک حکومەتی میلی نوینەر دەگۆرنەوە
٢- لە آذربایجاندا ئەو جیگایانەی کە دانیشتوانی کورد بن کاری ایداراتی دەولەتی بە کوردان دەبی.، وەهەر وەها لە کوردستانیش لەو جیگایانەی کە بەشی زوری دانیشتوان آذربایجانی بن لە طرەف مامورانی حکومتی میلی آذربایجان ائدارە دەکری
٣-بو حەل بونی موضوعی اقتصادی لە بینی هر دوک میلەتان کومیسیونیکی تیکەلاو دا دەمزری وە قراری ئەو کومیسیونەی بە کوششتی سەرانی ئەو دو حکومەتی اجرا دەکری.
٤- لە کاتی پئ ویست دا لە بینی حکومەتی میللی آذربایجان و کوردستان هاوکاری پێشمەرگەیی دەکری و دەبی ئەوی لازم بی بو کومەگی یەک تری ئەنجام بدری

٥- هەر کاتیک پیویست بی لە گەل حکومەتی تاران گوفتاری بکری دەبی بە مو[ا]فق نظری حکومتی میللی آذربایجان و کوردستان بی

٦- حکومتی میللی آذربایجان بو ئەو کوردانەی کە لە خاکی آذربایجاندا دەژین تا ئەو اندازەی کە بتوانی بو پێشکەوتنی زمانو و تەرەقی پیدانی فرهنگی ملی وان هەول دەدا- ،، هر وەها حکومتی میلی کوردیش بو ئەو آذربایجانیانەی کە لە خاکی کوردستاندا دەژین بە وەپشکەوتنی زمانو و وەتەرقی پیدانی فرهنگی میلی وان ئەو اندازەی کە بتوانی هەول بدا

هر کس بو تیکدانی دوستایەتی تاریخی نەتەوەی آذربایجانو کورد و لە بین بردنی برایەتی و دیموکراتی میللی و یا لەکەدار کردنی یەکەتی وان هەول بدا هر دو لا بە یەک دەست ئەو مرتکبانە بە جزای خۆیان دەگەیینن.
دیارە لە ئیمزای ئەو سەنەدە دا سەرۆک عەشیرەتەکان و نەمر شێخ عەبدوڵای نەهری وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ناسێندراون کە ئەوە تەنێ بۆ ئیعتیباری پەیمانەکە وا داندراوە. دوایە دەرکەوت ئەو پەیمانە بەتایبەتیش لەو ڕۆژانەدا کەحکوومەتی ناوەندی بە بیانووی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن پەلاماری بردە سەر ئازەربایجان  و کوردستان سەری نەگرت.
سەرلەشکر هومایوونی کە فەرماندەی ئەڕتەشی ئێران بووە بۆ هێرش بۆ سەر کوردستان لە وتوێژێکدا دەڵی:
".....  ناردم بە دووی فەرماندەی گوردانەکە دا گوتم دەی ئاغا چییە؟ گوتی، " بەڵێ قوربان پیشەوەری ئێمەی ناردووە بۆ یارمەتی کردن بە قازیی محەمەد و ئێمەش نەمان کرد بەڵام چووینە فڵان جێ و گەڕاینەوە فڵان. زۆر باشە،گوتم زۆر باشە. ئەو کارەی کە ئێستا ئێوە دەیکەن ئەوەیە جارێ ئەفسەرەکان لە وەتاغێک دا کۆ ببنەوە تا ئێمە لێپرسینەوەیان لە گەڵ دەکەین. دەرەجەدارەکان لە وەتاغێک دا. سەربازەکانیش ئازادن."..
دیارە ئەوەی کە باست کرد ئەو  پەیمان و ڕێککەوتنە بە شەفاعەتی سۆڤییەتەکان بووە ڕاستە بەڵام  عامیلییەتی هەم کوردەکان و هەم ئازەربایجانییەکان دەبێ لەو بارەیەوە لەبەر چاو بگرین.
حاجی ئاقایی: ڕاستە بێگومان ناکرێ عامیلییەتی ئەوان لەبەر چاو نەگیرێت بەڵام بۆ ئەوەی کە من وڵامی پرسیاری جەنابت بدەمەوە باز دەدەمە سەر هێندێک بەڵگە و داکیومێنتی دیکە بە پێی ئەوانەی کە ئەفراسیاو هەورامی لە سۆڤیەت وەریگێڕابوەوە. باسی نێوانی کوردەکان لە سەرەوەی ورمێ تاکوو ماکۆ دەکات کە ئەوانە بەچ شێوازێک توانیویانە سەرەڕای بوونی ئەو پەیمانە لەنێوان حکوومەتی میللی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان بەڵام دیسانیش بە شێوەیەک لە ژێر زەختی کۆمیتەکانی شارەکانی خۆی و شاپوور و ماکۆ دا بوون تەنانەت زۆر جاران کە ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە تایبەت لە ناوچەی ماکۆ؛ جەلالییەکان، زیلانەکان ویستوویانە کە بێن بۆ مەهاباد پێوەندی بگرن بزانن کە ئەوان ئەندامی حیزبن دەبێ چی بکەن بەڵام رێگریان لێ کراوە. مەبەستم چییە ڕاستە لە ڕەشنووسەکە یا لەو درافتەی کە هەیە دواتر بووە بە گرێبەستێکی فەرمی ئەوانە کراون بەڵام لە عەمەلیش دا ئێمە دەتوانین هێندێک وردەکاری لێ زیاد بکەین کە ڕەنگە ئەوانە سەدا سەد بە جێ نەهێندرابن بەڵام لەلایەکی دیکەشەوە ئێمە بەڵگەمان هەیە لە ١ تا ٦ ی ئووت [ ١٩٤٦] پێشەوا قازیی محەمەد دەچێتە ناوچەی سەڵماس و خۆی و ماکۆ و سەردانی ئەو ناوچانە دەکات، ڕێگرییەکی ئەوتۆش نەکراوە، یانی پێوەندییەکە هەبوە بەڵام کێشەیەک کە تۆ دەتوانی بە تێروانینی ئێستاکە سەیری ئەو کات بکەی، ئامرازی گواستنەوە و پێوەندی کەم بوە بەڵام کێشەیەکی دیکەش هەیە بۆ ڕۆژی ئەوڕۆکەش دەتوانێ کێشەسازتر بێت درێژایی ناوچەی کوردستانە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا.
ئەگەر ئێمە سەیری ئەو ناوچانە بکەین بە تایبەت ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەبینین لە ماکۆ وە تاکوو نزیک ناوچەی شنۆ نەوارێکی زۆر زۆر کەم پانایی هەیە ڕەنگە لە هێندێک جێگا ببێتە سی کیلۆمیتر هێندێک جێگا ببێتە بیست کیۆمێتر و ئەوە نەیتوانیوە کە ئەو پردە پێوەندییە دەگەڵ بەشەکانی تر یانی مەبەستم مەهاباد، بۆکان یا شارەکانی تر دروست بکا ئەو سەردەمە و بۆ ڕۆژی ئێستاکەش ئەوە کێشەی دروست کردوە.
هاوکات بەشێکی زۆری کوردەکان لەو کاتەی کە ئەو پەیماننامەیە نووسراوە لە چوارچێوەی عەشیرە و هۆزەکان دا بوون و تەبیعەتەن ئەو کات ڕاستە دەگەڵ کۆماری کوردستان دا بوو بەڵام بە پێی قسەی سەرۆک عەشیرە دەجووڵانەوە فەرمانی ئەویان وەردەگرت و ئەوەش کێشەی پێرەو کردنی ئەساسنامەکانی حیزبییان دەردەخست.
قازی: بەڵام مەسەلەیەکی زۆر زۆر گرینگ کە لەو پەیمانە دا دەخوێندرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە حکوومەتی میللی ئازەربایجان  ئەو تێریتۆرییەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی جمهووری کوردستان دا یا حکوومەتی میللی کوردستان دا بووە بە ڕەسمی ناسیوە یانی لە ڕووی قانوونی نێو دەوڵەتیشەوە ئەگەر لەبەر چاو بگری و ئەگەر لەو سەروبەندی دا فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان و حکوومەتی میللی ئازەربایجان بە نوێنەری نەتەوەی ئازەربایجان دابندرێ بەو مەعنایەیە کە قەبووڵی کردووە ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی کوردستان دان کوردستانن. وایە یا نا؟
حاجی ئاقایی: ڕاستە بەگەشتی من ئەوەم قەبوولە، یەک دوو سەنەدیش هەن بۆ نموو لە ١٨-ی ٤-ی ١٩٤٦ کە ئیپەکچیان و فەرمانفەرماییان پێکەوە دانیشتنیان هەبوە ئەوان لە دوو جێگا باسی کوردستانی ئازەربایجان دەکەن.
قازی: نەک هەر ئیپەکجییان کە ئەندامی دەستەی وتوێژکاری دەوڵەت بووە، دوای ئیمزاکرانی  پەیمانەکە هەیئەتی نوێنەرایەتی ئازەربایجان و کوردستان چوونە تاران بۆ موزاکەرە لەگەڵ قەواموسەلتەنە، کە دوو نوێنەری کوردی تێدا بووە بەڵام یەکێک لە نوێنەرەکان لە تاران بوە و هەر نوێنەرێکی کورد لە دانیشتنەکاندا بەشداری کردووە. ئەوان داخوازەکانی خۆیان لە ٣٣ مادە دا گەڵاڵە کردووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە و لەو ٣٣ مادەیە ١٣ مادەی لەسەر کوردستانە و بەدروستی وەک بەڕێزت باست کرد لەو بەڵگەیە دا زۆرجار باس لە کوردستانی ئازەربایجان کراوە. یانی ئەوان قەبووڵیان کردووە کە لە ئازەربایجان دا کوردستان هەیە.
حاجی ئاقایی: بەڵێ مەبەستی منیش هەر ئەوەیە، ئەوە نیشان دەدا کە رەنگە هەم ئەو پاڵپشتییەی کە ڕووسەکان کردوویانە و هەمیش  ئەو عامیلییەتەی کە وا بزانم پێشەوا خۆی دەورێکی زۆر زۆر گەورەی هەبوە لەوەی کە کوردستان بە فەرمی بناسرێت نەک وەکوو تێرتۆرییەک یا پاشکۆیەک بێ لە حکوومەتی ئازەربایجان، چونکە شتێکی ئاوایان لە فکر دا هەبوە، هەوڵیشیان بۆ دەدەا کە ئەو شتە بچەسپێنن بەڵام  لە کۆتایی دا ئەو پڕۆژەیە سەری نەگرت.
قازی: جا لەو کتێبەی حەسەن حەسەنۆف دا زۆر بە وردی ئەوەشی تێدایە. بو وێنە دەنووسێ:
" [لە ١٠-ی ژانڤییەی ١٩٤٦]  ئێمە وەک کەسانی سۆڤییەتی، مەسەلەی شێوەی پێکهاتەی دەوڵەتمان لە کوردستانی باکوور [ باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان] تاو توێ کرد. بەباشی دەزانین کوردەکان ئۆتۆنۆمی خۆیان هەبێ لە چوارچێوەی ئازەربایجانی ئێران دا و لە چارەسە کردنی هەموو پرسە ناوخۆییەکانی کوردستان دا سەربەخۆ بن، مەجلیسی خۆیان هەبێ، حکوومەتی خۆیان هەبێ، بەڵام سیاسەتی دەرەوە و پاراستنی سنوورەکان بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی میللی ئازەربایجان بەڕێوەببەن. دوای ئێمە یەکەم کەس قازیی محەمەد قسەی کرد، سپاسی کرد لە یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەو یارمەتییە گەورەی کە بە کوردەکانی کردووە و ئەوەی کە ئێمە کوردەکان بە هێند دەگرین و وەک نەتەوە وەریان دەگرین. دواتر چەند دەقیقەیەک بە ناڕوونی قسەی کرد و، تێ نەگەیشتن گەلۆ لەگەڵ ئۆتۆنۆمی کوردەکانە لە چوارچێوەی ئازەربایجان دا یان دژێتی. حاجی بابەشێخیش هەر وا دوا. دواتر محەمەدحوسێن سەیف قازی قسەی کرد و زۆر بەڕوونی گوتی کوردەکان دەبێ دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێ و نایانەوێ هیچ شتێکی هاوبەشیان لەگەڵ ئازەربایجانی ئێران هەبێ. هەر وەها هێندێ وشەی سووکایەتی بە نیسبەت ئازەربایجانییەکان بەکار هێنا و گوتی: ئێوە دەتانەوێ  ئێمە بخەنە ژێر دەستی ئەو تریک کێشانە و هتاد. دوای قسەکانی محەمەد حوسێن سەیف قازی هەموو کوردەکان، بەشداربووانی دانیشتنەکە پشتیوانیان لێ کرد، دەیانگوت ئێمە دەمانەوێ سەربەخۆ بین، بەڵام  بە دۆستایەتی  لەگەڵ ئازەربایجانییەکان دەژین. دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکە چووین بۆ لای هەڤاڵ مەسەلنیکۆڤ و لەوێ تێلێگڕافێکمان ئامادە کرد و ناردمان بۆ میر جەعفەر باقرۆڤ لەمەڕ ویستی کوردەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان".
شتێکیشمان لە بیر نەچێ ئەو گرژییەی کە لەسەر مەسەلەی ئەرزی هەبوو نە لە چاپەمەنییەکانی ئازەربایجان و نە لە چاپەمەنییەکانی ئازەربایجان دا ڕەنگی داوەتەوە، یانی ئەگەر مرۆ چاو لە ئازەربایجان ئۆرگانی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بکا کە هەموو ژمارەکانی لەبەر دەستە، لەو ڕۆژنامەیە دا  دەیان شێعری تێدایەکە بە کورد هەڵکوتراوە، وەرگێڕاوی شێعری هێمن و هەزاری تێدایە بەلام هیچ باسی کێشە و گرژی نێوان کوردستان و ئازەربایجان نەکراوە. بەڵام ئەو گرژیانە لە نەسلێک بۆ نەسلێکی دیکە گێڕدراوەتەوە، مەسەلەن لە میاندواو گرژی هەبوە و کوردەکان بەسەریدا زاڵ بوون.
حاجی ئاقایی: تەنانەت لە ڕۆژنامە کوردستانیش دا بە هیچ شێوەیەک باسی هیچ گرژییەک نییە.
قازی: کاتمان زۆر نییە، هێندێک بگەینە ئەم لایانەتر، سەردەمی تازەتر. دەزانین دوای ئەوەی کە جمهووری کوردستان و حکوومەتی میللی ئازەربایجان تێک دەچن، و زوربەی سەرانی فیرقە و حکوومەتی میللی ئازەربایجان ناچار دەبن بە بێ خواستی خۆیان بچنە سۆڤیەت و لە کوردستانیش سەرانی کورد دەگیرێن و هێندێکیان ئێعدام دەکرێن و هێندێکیشیان چەندین ساڵ زیندانی دەکرێن و لە ساڵی ١٣٢٩ یانی چوار ساڵ دواتر لێخۆشبوونێکی گشتی دەدرێ بۆ ئازەربایجان و کوردستان.
و دوای زیندوو بوونەوەی چالاکی و بزووتنەوە لە کوردستان و ئازەربایجان. دەزانین ئەو زەمانی حیزبی توودە زۆر بەهێز بووە لە ئێران تا ئەو ساڵەی کە تەقە لە شا کراوە و دواتر ناقانوونی ڕاگەیێندراوە، هەر چۆنێک بێ کوردەکان کە دەست بە خەبات دەکەنەوە، ئازەربایجانیش کە دەستی بە حەڕەکەت کردووەتەوە زۆر یارمەتی کوردەکان دەدا و نموونەی ئەوەش دیسان چاپکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان ە لە باکۆ و لە تەورێز. کە فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان چەندین ژمارەی کوردستانی لە تەورێز بۆ کوردەکان چاپ کردووە و نەمر غەنی بلووریان،نەمر شەهید سەدیق ئەنجیری ئازەر، و نەمر شەهید قاسملوو، نەمران قادر و عەزیز یۆسفی دەستیان تێدا بووە، ئەگە بگەینە سەردەمی حەڕەکەتی چریکی شاری، لە ناو تێکۆشەر ئازەربایجانییەکان دا کەسێکی وەکوو شەهید عەلیڕەزا نابدل هەبووە کە لەمەر مەسەلەی نەتەوەیی بابەتی نووسیوە و شێعرێکی بەرزی بۆ پەسنی کوردستان هۆنیوەتەوە و تێکەڵاوی هەبووە لەگەڵ خوێندکارە کوردەکان لە زانکۆی تاران. یانی ئەو دۆستایەتییە کە لە زەمانی فیرقە ڕا هەبووە هەر وا بەردەوام بووە. هەتا دەگەینە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و بە داخەوە ئەو گرژی و پێکدادانەی کە لە نەغەدە ڕووی دا. دیارە لە سەردەمی کۆمار دا نەغەدە لە دەست کوردەکان دا بووە و لەوێ ئاڵای کوردستان هەڵکراوە. جا ئەو ڕووداوەی نەغەدە هەڵەی کورد بووبێ یا هەرچۆنێک بێ، جا لەو دەمییەوە باس بکەین و بگەینە هەلومەرجی ئێستا. فەرموو!

حاجی ئاقایی: ڕاستە تەنانەت چەندین کەس لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئازەری بوون و لە شارەکانی خۆی، سەڵماس و ورمێ و ئەوانە تێکەڵاوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ببوون. ڕاستە سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ لایەنێکی گرینگی لە سەر بیرو بۆچوونی خەڵک گۆڕی جا بە کورد و بە تورکیشەوە. زەمینەکانیش پێم وایە پێش شەڕی نەغەدە ئامادە کرا بوو .
بە پێی ئەوەی کە هەم بەڕێزت و هەم بینەران مێژوویان خوێندووەتەوە و زۆر کەسیش کە ئەو کات لەوێ بوون و ئێستاکەش دەتوانن وەکوو بیرەوەری وە بیر خۆیان بێننەوە، ئێمە دەزانین دوای ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بە بیرێکی توندئاژۆی ئیسلامی شیعی، ئەو فکرەی تەشەنەی دا بۆ هەموو بەشەکانی نێو ئێران تەبیعەتەن شارێکی وەکوو نەغەدەش کە تێیدا کورد و تورک پێکەوە دەژیان ئەو زەمینەیە، ئەو بەستەرە هەبوو ڕەنگە لایەنە کوردەکانیش بە پێی ئەو مێژووە نووسراوەی کە هەیە هەندێک کەموکووڕیان هەبووبێ لە بڕیار دان، لە شێوازی دروستکردنی ئەو میتینگە و کات و ساتەکەی بەڵام ئەوەی کە گرینگە  ئێمە ناتوانین عامیلییەتی ئیمام جومعەی ورمێ مەلا حەسەنی مان لە بیر بچێت، نابێ عامیلیەتی کۆمیتەکانی ئینقیلاب مان لەبیر بچێت کەهەوڵیان دا ئەو پێکەوە ژیانەی کە لە نێوان کورد و ئازەری هەبوو بەو ئاقارەی ئێستاکەیان دا برد. چونکە بە داخەوە ئێستاکە ئەو فەزایە بەو شێوازەی کە ئێمە دەیبنن و بەو شێوازەی کە پێشتر هەبوو وەک خۆی نەماوە.
 ئەمن لە بیرمە پیرە پیاوەکانی ئازەری جلوبەرگی کوردییان دەبەر دەکرد، بە کوردی قسەیان دەکرد یا کورد و تورک پێکەوە زەواجیان دەکرد.
قازی: تەنانەت لە بزووتنەوەی جووتیارانی موکریان ١٩٥٢- ١٩٥٣ کە ئاغاوەتی کورد وەرزێرە کوردەکانیان دەر کردبوو، لە هێندێک جێگا بە تایبەتی لە شامات لە دەوروبەری میاندواو خودالێخۆشبوو حەمەدەمین شەشە کە یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی وەرزێران بووە لەو ناوچەیە باسی نموونەیەک دا چۆن چەند بنەماڵەی تورک داڵدەیان داون و حاواندوویاننەوە.
حاجی ئاقایی: بە ساڵان ئەو پێکەوە ژیانە هەبوە، زۆرێک لەو کەسانەی کە ئێستاکانێش ڕەنگە بنەماڵەکانیان مابن لە ناوچەکانی مەراغە و خۆی و ئەوانەوە دەهاتنە کوردستان، لەوێ دەگیرسانەوە و خەڵکیش وەخۆی دەگرتن. یانی ئەو شتانە ئێستاکەش وەکوو بیرەوەرییەک ماوەتەوە.
مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە کە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩٧٩ی، کۆماری ئیسلامی بە زەقکردنەوەی بیری تەشەیوع ئەو جیاوازییە کەمێک بەرفرە بۆوە مەسەلەیەکی دیکەش کە لەو بەینە دا  کەمێک کاریگەری دانا ئەو پێکهاتەیەی کوردەکە بوو کە لە دێهاتەکان ڕا دەچوون بۆ شارەکانی تر. چونکە بە پێی ئەو تێڕوانینە، ئەو فکرەی کە ئازەرییەکان هەیانبوو و ئێستاکە زۆر زۆر برەوی پێ دراوە هەر دەگەڕێتەوە سەر مەسەلەی خاک کە پێیان وایە کە ئەو کوردانە، ئەو کەسانەی کە نیشتەجێی دێهاتەکانن مافی ئەوەیان نییە بێنە نێو ئەو شارانە و ئەو شارانە بەشێکە لە خاکی ئەوان.
قازی: ببوورە دیارە ئەو مەسەلەیە ناتوانین بگشتێنین، تەعمیم بدەین، دەکرێ بڵێین هێندێک نەزەری وا هەیە. دەتوانین وا بڵێین.
حاجی ئاقایی: بە گشتی ئێستا هەیە بە پێی ئەو پێداچوونەی کە من بۆ مێدیای ئازەرییەکان دەکەم.
قازی: دیارە ئەوان حەساسییەتێکی زۆریشیان هەیە بە نیسبەت چەمکی ئازەری، بەخۆیان دەڵێن تورکی ئازەری، هەر چەند لە قانوونی ئەساسی جمهووری ئازەربایجان دا باسی تورکی تێدا نییە و هەرچەند لە تورکییەش ئەوان بەناوی تورک هەڵنادەن دەڵێن " ئازەریلەر " وەکوو ئازەری باسیان دەکەن. بەڵام هوویەتخوازانی ئازەربایجانی ئەو حەساسییەتەیان هەیە کە مرۆڤ دەبێ لەبەر چاوی بگرێ پێیان بڵێ تورکی ئازەربایجان.
حاجی ئاقایی: باسی وەم دەکرد کە یەکێک لەو کێشانەی کە ئێستاکە دروست بوە و ڕەنگیشی داوەتەوە لە پێوەندییەکانی نێوان خەڵک مەسەلەی ئەو جوگڕافیا و ئەو شارەیە. بۆ نموونە شارێکی وەک نەغەدە ئێستاکەش تۆ ئەگەر دەچی بە تەواوی دەزانی کە بەشی تورک نشینەکەی چۆنە یا بەشی کوردنشینەکەی چۆنە. یا بەشێک لە شارەکانی تریش تۆ چاو لێ بکەی بە پێی پێشوەچوون و گەشەی ئابووری و بینا سازی و ئەوانە تۆ بەتەواوی دەتوانی جیاوازییەکان ببینی. مەبەستم چییە، مەبەستم ئەوەیە کە شەڕی نەغەدە بنەمایەک بوو بۆ ئەوەی ئەو دژایەتییە پەرە بستێنێت بەڵام لە ئاستێکی دواتر دا دوای شەڕی یەکەمی ئازەربایجان و ئەرمەنستان بوو  کە لە تەورێز بۆ لایەنگریی لە ئازەرییەکانی کۆماری ئازەربایجان ڕێپێوان، کۆڕ و کۆبوونەوە دروست دەبێت وە ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەن کە یەکەم تۆوی بڵێین بزووتنەوەیەکی نوێی پان تورکیستی لە تەورێز، بە بناغەی تەورێزەوە، بە مەکەزییەتی تەورێزەوە  دا دەمەزرێ، یانی بە پێچەوانەی سەردەمی شەڕی دووهەم
قازی: بەڵام مامۆستا هەر لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە زانکۆی تەورێز پشتیوانی کرا لەوە و تەنانەت بۆ بەدەنگەوەهاتنی کۆبانیش هەر وەتر.
حاجی ئاقایی: بەڵام من باسی فکرەکە دەکەم کە چۆن پێش کەوتوە
قازی: یانی هەر دوو فکر هەن، ئەمەش هەیە و ئەوەش هەیە
حاجی ئاقایی: ئێمە لە حاڵی حازر دا ناتوانین بڵێین کامەیان لەویدیکەیان لە پێشتر و زۆرترە و کامەیان هێژێمۆنیک بوە. بەڵام مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە ئێستا ئێمە باسی ئەو فکرە دەکەین کە بە جۆرێک ئەو هاو تەبایی یا ئەو هاو ژیانی و پێکەوە ژیانەی کە ئێستاکە لە سەر خاکێک دا دەژین ئەوە دەخاتە ژێر مەترسییەوە، هەر لەسەر ئەو ئەساسەیە کە دوای پەرەسەندنی فکری پان تورکیسم تا ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ کەم کەم تەشەنە دەکاتە شارەکانی دیکەوە ئێستاکە وەکوو بڵێین تەوژمێکی زۆر زۆر بەربڵاوتر بە نیسبەتی پێشوو  تەشەنەی سەندوە.
قازی: باشە لێرە دا پرسیارێک دێتە گۆڕێ، ئێمە ئەو ئیستیلاحی پان تورکیزم کە بەکار دێنین ئایا ئەوە شتێک نییە کە ئێمە لە فەرهەنگی سیاسی فارسی – ئێرانی وەرمانگرتبێ؟ چونکە کوردەکانیش، ئەگەر کوردی ڕۆژهەڵاتیش، کوردی ڕۆژئاواش لە هەمبەر کوردیی باکور، کوردیی باکوو لە ئاست کوردی باشوور یانی کوردەکانی هەموو بەشەکان ئایا ئەگەر ئەوانە هاوپێوەندییان لەگەڵ یەکتری هەبێ، هەست بە یەکایەتی یەکتری بکەن، یارمەتی یەکتری بدەن، لە نەهامەتییەکانی یەکتری دا بەشداری بکەن دەتوانین بڵێین ئەوانەش پان کوردیستن؟ دەزانی مەبەستم چییە، مەبەستەکەی من ئەوەیە دەبێ ئێمە ئەوەی کە دەیبەینە ژێر پرسیار لایەنی دوژمنایەتییەکە بێ، بەڵام ئەگەر تورکی ئازەربایجانی لەگەڵ تورکی جمهووری ئازەربایجان، لەگەڵ تورکی تورکییە هەستی نزیکی و هاوپێوەندی دەکا مافی خۆیەتی.
حاجی ئاقایی: نا نا شتەکە لایەنێکی تری سیاسییە، لە سەر ئەو لایەنە تەئکید دەکەم، بە پێی ئەو شتانەی کە دەخوێندرێتەوە، بڵاو دەکرێتەوە یا دەنووسرێت لە ڕاگەیاندنەکانیان یا ئەو شتانەی بینیومانە چونکە لە گەلیان ژیاوین.
قازی: سەبەب چییە بە نەزەری جەنابت؟
حاجی ئاقایی:  دوژمن یا بڵێین کەسی تری تورکەکان، بە تایبەت بەشێک لەو تورکە ئازەرییانەی کە ئێستاکە ئەو پڕۆپاگاندەیە یا ئەو داوخوازیانە دەکەن کوردە، کێشەکە لەوە دایە ئەگینا من باسم کرد کە خەڵک پێکەوە دەژیت. بەڵام ئەو فکریە کە دوژمنەکەی خۆی وەکوو کورد پێناسە دەکا. سەبەبی ئەساسی ئەوەش بێ گومان دەڵێم خاکە و ئەو ناوچانەیە کە ئێستا بەشێکیان بە تایبەت لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ئێمە وەکوو کوردستان دەیناسین، ئەوان وەکوو بەشێک لە ئازەربایجان دەیناسن. بۆ نموونە چەند ساڵ پێش بوو کە ئەوانە بزووتنەوەیەکی گەورەیان دەست پێ کرد بۆ کارتۆگڕافی و نەخشەکێشانەوەی شارەکانی ئازەربایجان بە هەموو شارەکانەوە و نەخشەشیان دروست کرد و نێوی شارەکانیشیان گۆڕی. یانی مەبەستم ئەوەیە کە هەر لە ئێستاکەوە ئەو فکرە، ئەمن ناڵێم هەموو تورکە ئازەرییەکان، ئەو فکرە بە هیوای ئەوەیە کە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ببێتە شتێکی یەکدەست و هاوچەشن.

قازی: لە بەرانبە ئەوەشدا، دیارە لە بەرنامەیەک وابزانم ئاماژەم پێکرد کە یەکێک لە چالاکانی ئازەربایجانی گوتوویە کاتێک هێزە سیاسییەکانی کوردستان باسی جێگایەک دەکەن بە نێوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەبەستیان چییە؟ وڵامەکەی دیارە، ئەو بەشە لە کوردستانە بەشێکە لە شوێنێک کە لە چەند جێی دیکەش هەیە.
بەبۆچوونی بەڕێزت مێکانیزمی تەبایی دروستکردن لە نێوان کوردان و ئازەربایجانیان  دەبێ چۆن بێ بۆ ئەوەی کێشەیەکی گەورە ساز نەبێ؟
حاجی ئاقایی:   میکانیزمەکان بۆخۆیان پێوەندیدارن بەوەی کە ئایا هێزەکانی دەرەکی، جیرانەکان دەستێوەردانیان دەبێت یان نا؟ چونکە باڵانسی هێز ئەوان ڕایدەگرن و ئەگەر ئێمە ئاوا تەسەوری بکەین کە بۆشاییەکی هێز دروست دەبێت دەبێت بیری ئەوە بکەینەوە کە ئایا وڵاتەکانی ناوچەکە هەر دوو جیرانەکانی کوردیش هەم کۆماری ئازەربایجانە، هەم تورکییە ئایا تەداخول دەکەن یان نا؟ ئایا دەیانەوێت بەشێک لەو ناوچانەی کە ئێمە پێی دەڵێن کوردستان دەستی بەسەر دا دەگرن یان نا؟ ئایا ئەو فکرە پان تورکیستییەی کە ئێستاکە پەرەی سەندووە دەبێتە ئەو هێزە یەکلایی کەرەوە کە بتوانێت کوردەکان لەو ناوچانە دەر بکات یان نا؟ یانی تۆ بە گشتی ناتوانی کە وەکوو یەک واریابڵ ئەمە چاو لێ بکەی.
بەڵام بۆ مێکانیزمەکە من پێم وایە هەم نموونەی یوگوسڵاوی، نموونەی سەربستانیش نیشانی داوە کە لە کۆتایی دا سازان دەبێ هەبێت ئەو سازانە بەو مەعنایەیە کە هەم هێزە کوردییەکان و هێزەکانی تورکی ئازەربایجانی پێویستەکە بە مەنتقی ئەوڕۆکە، بە لۆژیکی ئەوڕۆکەوە بێ ئەوەی کە ئیدیعای سەد ساڵ و پێنج سەد ساڵی پێشوویان هەبێ، بە پێی ئەوەی کە ئێستاکە کێ لەسەر ئەو خاکە دانیشتوە و کێ لێی دەژیت تەنیا هەوڵدانیان ئەوە بێ کە پێش لە توندوتیژی بگرن. تەنیا ڕێگاکە ئەوەیە بەڵام  دۆزینەوەی میکانیزمەکان بێگومان لە دەستی ڕێبەرانی حیزبە سیاسییەکان دایە لە هەر دوو لایەنەوە.
قازی: دیار ئێمە دەزانین کە لە دەرەوەی وڵات ڕێکخراوێک هەیە بە ناوی " کنگرە ملیتهای ایران فدرال" لەو چوارچێوەیە دا هێندێک موناقەشە و ئاڵوگۆڕی بیرو ڕا هەبووە، بەڵام من پێم وایە بە شێوەیەکی بەربڵاوتر ڕووناکبیرانی هەر دوو لا یا کۆمەڵانی خەڵکیش لەو زەمینەوەیە بگلێن. تکایە بە وتەی دواییت با بەرنامەکەمان کۆتایی پێ بێنین.
حاجی ئاقایی: ڕۆڵی ڕووناکبیران بە تایبەت زۆر زۆر گرینگە بەڵام  بە داخەوە ئەوەی کە لەو چەند ساڵە دا دەبینین هەم لە لایەنی کوردەوە، هەم لەلایەنی تورکەوە، زۆرتر لە لایەن برادەرانی تورکی ئازەرییەوە شێوازێک لە قسەکردن، لە تێفکرین، لە فۆرموولبەندی ئەو ناسیۆنالیزمەی کە هەیانە ناسیۆنالیزمێکی زۆر زۆر توند وتیژە، هەندێک جار ئەگرێسیڤە و عەمەلەن ڕووەو حەزف و لابردنی لایەنی بەرانبەرە. پێم وابێ ئەو شێوازە تێفکرینە نەک لەو بەر نەک لەم بەرە بە قازانجی خەڵک نییە و ناتوانێ لە داهاتوو دا ئاشتی بۆ هیچکامیان دەستەبەر بکات.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور حاجی ئاقایی بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
حاجی ئاقایی: هەر بژی، زۆر سپاس بۆ دەعوەتتان.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: دەکرێ ویدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە مەکۆ ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب بە ڕێگای ئەم لینکەی خوارەوە دا تەماشا بکەن.
https://youtu.be/OWqgwtIB0pE?si=HQSipGvI1LQvAYZa


پەیوەست
لە سەرەتای بەرنامە دا بەڕێز دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی هەستی پێزانینی خۆت دەربڕی بۆ ئەو پێشەکییەی وا مامۆستا عەبباس وەلی بۆ وەرگێڕانی کتێبی  " لە دایکبوونی وڵات" ی نووسیوە. هەرچەند ئەم بابەتە پێشتر لەم وێبنووسە دا بڵا کراوەتەوە بەڵام بۆ ئەوەی لەبەر دەست خوێنەرەوان دابێ، جارێکی دیکە دەیکەنە پەیوەستی ئەم وتوێژە لەگەڵ دوکتور حاجی ئاقایی.
 هەرێم، هێز و باڵا دەستی
پێشەکییەک بۆ وەرگێڕانی ' لە دایکبوونی وڵات '
پڕۆفێسۆر عەباس وەلی

 

دوکتور ئازاد حاجی ئاقایی کارێکی گەورە، نموونەیەکی سەرنجڕاکێش لە پایبەندیی شێلگیرانەی هزری و سیاسی گەیاندووەتە ئاکام. ' لەدایکبوونی وڵات ' وەک بەرهەمی ستوارت ئێڵدن، کە خۆی بەرگێکی چاوراکێشی تژی لە وردەکاریی ئاڵۆزکاویی دیرۆکی و چەمکی، لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی – سۆرانییە، دەسکەوتێکی بچووک نییە. گەر ڕاشکاوانە لە سەری بدوێم، ئەو کاتەی کاک ئازاد لە ویستی خۆی بۆ وەرگێڕانی ئەو کتێبە ئاگاداری کردم، بە کەمێک گومانەوە پێشوازیم لەم ویستە کرد. دوا بە دوای خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە زمانی ئینگلیزی، تێڕامان لە ناوەرۆکەکەی بۆ ماوەی چەندین ساڵ، باسوخواسی جۆراجۆر سەبارەت بە بەڵگاندنە مێژوویی و بانگەشە تیۆرییەکانی ئەم کتێبە لە سێمینارەکانی زانکۆی بۆغازیچی، هۆکاری باش بوون تا وەرگێڕانی ئەم کتێبە گومانم لەلا دروست بکات. بەڵام کتێبی بەردەست سەلمێنەری بێبنەمابوونی گومانەکەی منە. کاک ئازاد بە گوڕو تین و پەرۆشیی بەردەوامی خۆی، وەرگێڕانەکەی دەستپێکرد و بە پابەند بوون بە ڕاستگۆیی و وردبینی هزرییەوە ئەم کارەی بەڕێوە بردووە. ئەم کورتە پێشەکییە ڕێزلێنانمە بۆ زانستی و ڕێزلێنان لە دەسکەوتە فکرییەکانی. بەڵام  لە سەرووی ئەمانەشەوە، رێزلێنانێکە بۆ بەشداری و پشکی ئەو لە گەشەپێدانی چاندی فکری جدی لە کوردستان. پێویستە سوپاسگوزاری بین.

   لەدایکبوونی وڵات کتێبێکی سەرسووڕهێنەرە و بەلەبەرچاوگرتنی قووڵی و بەرفراوانی لێکۆڵینەوە و وردەکاریی زانستی، هیچ کتێبێکی دیکە لە سەر ئەم مژارە ناتوانێ ڕکەبەرایەتیی لە گەڵدا بکات. ستوارت ئێڵدن لێکۆڵینەوەیەکی بەڵگەنامەیی لە مەڕ تێریتۆری وەک چەمکی ستڕاتێژیی سیاسی لە دیسکۆرسی ڕۆژئاوا دا، لە سەردەمی یۆنانییەکانەوە تا سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێڕن بەرهەم هێناوە. لە ڕاستیدا، ئەم کتێبە ژینۆلۆژیای چەمکی هەرێم، تێریتۆرییە لە دیسکۆرسی سیاسی ڕۆژئاوا دا و بە ڕوونی کاریگەریی تیۆریکاڵی فۆکۆ لەو بارەیەوە نیشان دەدات. ژینۆلۆژیای هەرێم بە پێی گۆڕانی فۆڕمەکانی هێز و حکوومەت، چۆنێتی کەڵکوەرگرتنی فۆڕمە جیاوازەکانی هێز لە هەرێم بە ئامانجی دەستەبەر کردنی باڵا دەستیی بە سەر کۆمەڵگە دا ئەنجام دراوە. بە واتایەکی دیکە، ئەم کتێبە لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە لە شەرت و مەرجەکانی ڕژیمەکانی باڵا دەست بە پێی گۆڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هێز و دەسەڵات. زایەڵەی ئەم پەیوەندییانە لە تەواوی کتێبەکەدا زەنگ دەداتەوە و هەر ئەمەش دەزووی رێنوێنکەری لێکۆڵینەوە مێژووییەکەی ئێڵدن پێک دەهێنێت.
     ئێڵدن خوێندنەوەیەکی دەقییانەی بەرفراوان بۆ دەقە گوڵبژێرکراوەکانی هزری سیاسیی ڕۆژئاوا، لە ناو چوارچێوە مێژووییەکانی خۆیاندا،واتە بە پێی دۆخی جێگیرکراوی فۆڕمگرتنی خۆیان، دەستەبەر دەکات. ئەم مێتۆدە لە لێکۆڵینەوە، بە بەرفرەیی لە لایەن مێژوونووسانی هزری سیاسی، وەک کوینتێن سکینر و جان پۆکۆک کەڵکی لێ وەرگیراوە کە بە شێوازێکی سەرەکی لە ژێر کاریگەریی نووسراوە هێگێلییەکانی فەیلەسۆفێکدا بە ناوی  ر.جی. کۆلینگوود بوون و بە دوای ڕاستیی دیرۆکیی بەڵگاندنە مێژووییەکان لە هاوشێوەیی و گونجانی نێوان ڕووداوە مێژووییەکان و نواندنەوەی دیسکۆرسیڤیان لە ناو دەقدا دەگەڕان. سەرەڕای ئەوەش، ئێڵدن هۆکاری کەلکوەرگرتنەکەی لەم مێتۆدە دەگەڕێنێتەوە بۆ کاریگەریی مێژوونووسی ئەڵمانی، ڕاینهارد کۆزلێک و بیرۆکەکانی ئەو سەبارەت بە مێژووی چەمکییانە. کۆزلێک بە ڕەتکردنەوەی جیاوازیی ئەپیستمۆلۆژیکاڵ لە نێوان وشە و شتەکان،سۆبژێکت و ئۆبژێکت، تێگەی نواندنەوەی شت بە شتەکان ڕووداوی دیرۆکی بە دەقی مێژوویی دەخاتە ژێر پرسیار و لێکۆڵینەوە. بە پەیڕەو کردنی بیرۆکەکانی کۆزلیک، ئێڵدن پێی وایە مێژووی چەمکی کە بەم شێوازە هەستی پێ دەکرێت، مێژوویەکی ماددییە، هەر بۆیە پێشنیازی ئەوە دەکات کە دەشێ جیاوازیی نێوان وشە و شت بۆ بنەما ئۆنتۆلۆژیکەکان کورت بکرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە لە دیرۆکی چەمکی، ژێر خانی خوێندنەوەی بەرفرەی ئێڵدن بۆ دەقە دەسچنکراوەکانی هزری سیاسیی ڕۆژئاوا دەستەبەر دەکات. بە چڕبوونەوە لە سەر هەلومەرجەکانی پەیوەندیی نێوان  هێز و شوێن وەک دەرەنجامی ئەو خوێندنەوەیە، تێزی سەرەکیی ئێڵدن ئەوەیە کە چەمکی هەرێم وەک فەزایەکی سنووردارکراوی ژێر فەرمانی دەوڵەتێک، پێکهاتەیەکی مێژوویی مۆدێڕن و دیاردەیەکی بەرهەمهێنراوی مێژووە لە سەر دەمانی مۆدێڕنە دا.
    تێزی ئێڵدن، واتە کاکڵی بەڵگاندنەکەی لەم کتێبە دا، ئاماژە بۆ دیرۆکێکی بەدیلی بیچمگرتنی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ڕوانگەی هەرێمەکەیەوە دەکات. بەڵام ئەم  ڕوانگەیە بڕبڕەوی مشتومڕەکانی ئەم کتێبەش پێک دەهێنێت. مژاری ئاماژە بۆ کراو لێرە دا،خوێندنەوەی ئێڵدنە بۆ فۆکۆ و بەکارهێنانی دیسکۆرسی فوکۆیە سەبارەت بە هێز و باڵا دەستیی؛ بە تایبەت ژینۆلۆژیای بایۆ – هێز و ڕۆڵی هەر یەکەیان بۆ هەرێم، حەشیمەت و دانیشتوانەکەی کە دیارکراوە. بە بەرز نرخاندنی پەیوەندی و کاریگەری لە سەر ژینۆلۆژیاکەی خۆی لە توێژینەوەی دیرۆکیدا،ئیڵدن سەرسامیی خۆی بە مێتۆدی فوکۆ دەردەبڕێت. سەرەڕای ئەوەش، ئێڵدن بە دەرەنجامەکانی توێژینەوە و ژینۆلۆژیکەکەی خۆی لە مەڕ گواستنەوە لە هێزی دادوەرییەوە بۆ بایۆ –هێز لە مەڕ هەرێم، ناکۆکیی خۆی نیشان دەدا.  ئێڵدن بە ڕەچاوکردنی مێتۆدی فوکۆ، چەمکە سیاسی – ئابووری و جیۆپۆلەتیکییە پەیوەندیدارەکان بەهەرێم ڕەت دەکاتەوە کە لە لێکۆڵینەوە مێژوویی و سیاسییە باوەکانی سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێڕندا جێگیر کراون. لە جیاتی ئەوە، ئێڵدن هەرێم یان تێریتۆری وەک تەکنۆلۆژیایەک پێناسە دەکات کە بەهۆی هێزەوە پێک هێنراوە و بە هۆی هێزەوە جێگیر کراوە تا باڵا دەستی دەستەبەر بکات. لەمە زیاتر،ئێڵدن پێی وایە تێریتۆری یان هەرێم فەزایەکە سەروەری لە ناویدا بە کار دەهێنرێت؛ واتە مەڵبەند یان هەرێم بریتییە لە ڕادەی فەزایی سەروەری. هەرێم ئەو مەڵبەندەیە کە سەروەری بەسەریدا جێبەجێ دەکرێت. تا ئێرە ئەوەندە تەواو و باشە. دواتر ئێڵدن لە ناکۆکینواندن لەگەڵ ئەو بەڵگاندنەی فوکۆ کە پێی وایە لەگەڵ سەرهەڵدانی بایۆ –هێز، هەرێم ڕۆڵی ناوەندی و بنچینەیی خۆی وەک تەکنۆلۆژیای باڵا دەستی لە دەست دا و جێگەی خۆی دایە دەستی هەڵسەنگاندنی ئاوەزمەندانەی هێز کە لە لایەن حەشیمەتەوە گیراوە.
     کاکڵی ژینۆلۆژیای هێز لە ڕوانگەی فوکۆوە، گۆڕانی فۆڕمەکانی باڵا دەستییە لە سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێڕندا. جیۆپۆلەتیکی هەرێم مژاری سەرەکیی حوکمڕانی بوو، پێش ئەوەی لە ناوەڕاستی سەدەی شازدەیەمدا، ئەو کاتەی ماکیاڤێلی خەریکی فۆرمولەکردنی ئایدیاکانی خۆی بوو سەبارەت بە هێز و سیاسەت، جێگەی خۆی دایە بایۆ – پۆلێتیکی حەشیمەت. ئێڵدن لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەم لێکدانەوەیەی فوکۆ سەبارەت بەم بابەتە کۆک نییە. ئێڵدن پێی وایە هەرێم یان مەڵبەند نە لە ماوەی سەدەکانی ناوەڕاستدا مژاری دەسەڵاتداریی سیاسی بووە و نە لە لایەن حەشیمەتیشەوە وەک مژاری باڵا دەستی لە سەرەتای سەدەکانی مۆدێرندا جێگۆڕکێی پێ کراوە. بەڵکوو، بە پێچەوانەی بەڵگاندنی فوکۆوە، مەڵبەند و حەشیمەت هاوشانی یەکتر گەشەیان کردووە و پێگەکەیان لە ڕەچاوکردنی ستڕاتێژیی هێز، لە پلەی یەکەمدا، لە ڕووی سیاسییەوە بە هۆکاری تەکنۆلۆژیاکانی زاڵبوون پێناسە کراوە.
    سەرەڕای گرنگیی ڕۆنانی چەمکی تێریتۆری – هەرێم یان مەڵبەند – من پێم وایە ئێڵدن سەبارەت بە ئارگیومێنتی فوکۆ لەمەڕ جێگۆڕکێپێکرانی تێرێتۆری لە لایەن حەشیمەت لە سەرەتاکانی سەدەی مۆدێڕن لە ئەوڕووپا، زیادە ڕەوی دەکات. نابێت بەڵگاندنی فوکۆ بەم واتایە بێت کە هەرێم یان مەڵبەند خرابێتە پەراوێزەوە یان لە هەڵسەنگاندن یان لەبەرچاوگرتنە ستراتێژیکەکانی هێز دا وەلا نرابێت. لەوە زیاتر، ئەم گرنگییە بەم هۆیەوە دابەزی کە هێزی دادوەری یان سەروەری و تەکنۆلۆژیاکانی پەیوەندیدار بە دەسەڵاتداری پێگەی سەرەکیی خۆیان لە پەیوەندییەکانی باڵادەستبووندا لە کیس چوو. بە واتایەکی دیکە، لە دیسکۆرسی فوکۆ دا، باسوخواس لەمەڕ بەرزبوونەوەی ژمارەی حەشیمەت و دابەزینی یەکگرتوویی هەرێم، کاریگەری بە تیۆریکردنەکەی ئەوە لە وەدیارکەوتنی بایۆ – هێز و حکومەتداری  (governmentality) دا. بەلەبەرچاوگرتنی چوارچێوەی بەڵگاندنی فوکۆ،لێژبوونەوە و داخزانی هەرێم، دەرەنجامێکی دابەزینی هێزی دادوەرییە لە پێکهاتەی باڵا دەستی حاکمدا. دەسەڵاتی دادوەری و فۆرمەکانی پەیوەندیدار بە حوکمڕانی، بە بەراورد لەگەڵ بایۆ – هێز و تەکنۆلۆژیاکانی حکومەتی مۆدێڕندا، تووشی نوشوستی و دابەزین بوون. لێرە دا، ئارگیومێنتی بنەڕەتی ئەوەیە کە تەکنۆلۆژیاکانی حوکمڕانی لەو تەکنۆلۆژییانەی governmentality پێویستی پێیان هەیە، جیاوازن؛ واتە لە کاتێکدا ئەوەی یەکەم پێویستی بە هیچ گەڕانەوە و ئاماژەیەک بۆ حەشیمەت و دانیشتوان و سۆبژێکتە ئازادە فەرمییەکان نییە، ئەوەی دووەم ناتوانێت بە بێ ئەو کارو چالاکی بکات. کاکڵی ئارگیومێنتی فوکۆ ئەوەیە، هێزی دادوەری و بایۆ – هێز، بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستی و زاڵبوون، پێویستیان بە ماتریکسێکی جیاواز لە ئاوەزمەندێتی و عەقڵانییەت هەیە. بە واتایەکی دیکە، لە ژینۆلۆژیای فوکۆ دا لەمەڕ هێز، جیاوازیی چەمکی لە نێوان تەکنیکەکانی دەسەڵاتداری (rule) و تەکنۆلۆژیاکانی حکومەتدایە (government). سەرەڕای ئەوەی ئێڵدن بە ڕوونی ئەم جیاوازییە بنەڕەتی و چارەنوسسازە دەناسێتەوە، بەڵام چاوی خۆی لە دەرەنجامەکانی ژینۆلۆژیای بایۆ-هێز و وەدیارکەوتنی حوکمداری(governmentality) ی مۆدێرن لە ڕۆژئاوا لە لایەن فوکۆوە دەنوقێنێت.
     بەم پێیە،ئێڵدن دەیەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە فوکۆ نەک هەر لە سەر بنەمای دیرۆکی، هێزی دادوەری و بایۆ – هێز لێک جیادەکاتەوە، بەڵکوو لە سەر بنەمای چەمکیش جیۆپۆلەتیک و بایۆ – پۆلەتیک بە جۆرێک لە بەرامبەر یەکدا دادەنێت؛ گوایە ئەم دووە، هەر کامیان دوو شێوازی جیاوازی باڵادەستی دەنوێننەوە و بوونی یەکیان بە واتای نەبوونی ئەوەی دیکەیە. دواتر ئێڵدن بەم شێوەیە ئارگیومێنت دێنێتەوە کە هەرێم و حەشیمەت وەک شێوازگەلی حکومەتکردن بە سەر خەڵک و خاکدا، هاوکات سەرهەڵدێنن و هەر دووکیان فاکتەری یەکلاکەرەوەی پێکهاتەی فۆڕمە مودێڕنەکانی باڵا دەستین. بە واتایەکی تر، ئێڵدن پێی وایە بایۆپۆلەتیک و جیۆپۆلەتیک لەگەڵ یەکدا لە تەنگەژە دا نین، یان ئاڵتەرناتیڤی یەک نین، بەڵکوو وەک فێنۆمێن لە چەند لاوە و لە چەند ڕێگەوە، لەگەڵ یەکدا تێچنراون و پەیوەستی یەک بوون. ئێڵدن لەمەش زیاتر لە سەری دەڕوات و پێی وایە کۆنتڕۆڵکردنی هەرێم پێویستی بە ملکەچکردنی خەڵک هەیە،حکومڕانیکردن بە سەر خەڵکدا پێویستی بە فەرماندان بە سەر خاکدا هەیە. بەم مانایە، ڕەخنەی ئێڵدن لە فوکۆ بیرهێنەرەوەی ڕەخنەی جۆرجیۆ ئاگامبێنە لە کتێبی هۆمۆساکر دا. ئاگامبێنیش هەر بەم شێوازە لەگەڵ دەرەنجامی ژینۆلۆژیای بایۆ-هێزی فوکۆ و هەڵکشانی بایۆ – پۆلەتیکدا لە ڕۆژئاوا ناکۆکە؛ ئەمەش خۆی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیچمگرتنی سەردەمانی پێش مۆدێڕن. لە بەردەوامیدا لە بەڵگاندنەکەی فوکۆ دا سەبارەت بە دابەزینی هێزی حاکم یان هێزی دادوەری و جێگۆڕکێپێکرانی لە لایەن بایۆ-هێز و فۆڕمە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕەخنە دەگرێت. خوێندنەوەیەکی ورد و تیژبینانەی چەند چاپتەری دوایی کتێبەکەی فوکۆ، پێویستە بەرگری لە کۆمەڵگە بکرێت، بۆ نیشاندانی هەڵەی دادوەریکردنی ئاگامبێن بەسە. لە سەر ئەم بنەمایەش، فوکۆ دژایەتیی هێزی دادوەری و بایۆ- هێز ناکات، بەڵکوو لە پلەی یەکەمدا، فوکۆ سەرنج دەداتە پێگەی ڕێژەیی ئەم دووە لە پێکهاتەی باڵا دەستیی سەروەریدا کە خۆی ئاماژەیەکە بۆ گێڕانی ڕۆڵی ڕێژەیی لە لایەن تەکنۆلۆژیاکانی دەسەڵات و حکومەت کە نەزم و تەکووزیی سەروەری دەستەبەر دەکەن. بەڵام ئێڵدن، بە پێچەوانەی ئاگامبێنەوە، بە دووبارە گێڕانەوەی قەرزی خۆی بۆ فوکۆ و دداننان بە کاریگەریی فوکۆ لە سەر خۆی، ئەویش نەک تەنها یەک جار، سەرەڕای ناڕەزایەتیدەبڕینەکانی سەبارەت بە بەڵگاندنەکانی فوکۆ لە مەڕ پرسی تێریتۆری/ مەڵبەند، لە ژینۆلۆژیای بایۆ-هێز دا، کۆتایی بە ڕەخنەی خۆی دەهێنێت. ئێڵدن پێی وایە جوگڕافیازانەکان داکۆکییەکی جیۆپۆلەتیکاڵ لە پرسی حەشیمەت لە بایۆ-پۆلەتیکدا دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، فوکۆ ئەو تواناییە بۆ ئێمە دەستەبەر دەکات تا بە گرنگیدان بە دانیشتوانی ناو سنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان، بیر لە پرسی مەڵبەند و هەرێم بکەینەو، تا جەختێکی دیرۆکی بۆ پرسی جیۆ پۆلەتیک دەستەبەر بکرێت.
    بە بڕوای من، ئێڵدن لە بەکارهێنان و جێبەجێکردنی ژینۆلۆژیای فوکۆ دا، ڕەوتێکی یەکانگیر و تۆکمە پەیڕەو ناکات. زۆر جار پابەند بوونی ئێڵدن بە بەکۆنتێکستکردنی دەقەکانەوە، ناچاری دەکات لە لایەنیی بنەڕەتیی مێتۆدی ژینۆلۆژیای فوکۆ،واتە تیۆریزە کردنی هەڵکشانی نابەردەوامی مێژوو بە پێی گۆڕانی پەیوەندییەکانی باڵادەستیی، چاوپۆشی بکات. لە ڕوانگەی فوکۆوە، باسوخواسی گۆڕانی فۆڕمەکانی حکومەت لە ژێر کاریگەریی هێز دا ڕوو دەدات و هاوکات هەلومەرجەکانی گۆڕانی هێز بەرەو باڵادەستیش دەنوێنێتەوە. کەچی ئێڵدن لە ڕادەبەدەر سەرنج دەخاتە سەر ئامادە بوون-نەبوونی تێرمی territory لە دیسکۆرسی بیرمەندانی سیاسیی ڕۆژئاوا بەر لە سەرەتاکانی سەردەمی مۆدێڕن و ناو ئەو سەردەمەشدا. وا پێ دەچێت تەوەری ڕێنوێنکەر لێرە دا پەیوەندیی نێوان وشەکان و شتەکان بێت، کە فوکۆ خۆی لە کتێبی The Order of the Thingsدا زەقی دەکاتەوە. بەڵام ئەوەی لە تێگەیشتنی ئێڵدندا لە تێگەیشتن لە فوکۆ لەبەرچاو نەگیراوە، لێدوان و گێڕانەوەی ژینۆلۆژیا وەک مێتۆدێکی لێکۆڵینەوەی دیرۆکی، بە پێچەوانەی بە کۆنتێکستکردنی دەق، پەیوەندیی نێوان وشە و شتێک کە لە گێڕانەوە یان خوێندنەوەی فاکت – ڕووداوی مێژوویی دادەمەزرێت، ئەوە لە لایەن هێزەوە پێک هاتووە و هەر بۆیە پێویستە بە پێی فۆڕمی باڵا دەستیی زاڵبوون تێ بگەین. لە ژینۆلۆژیای فوکۆ دا، باڵا دەستی هەم کاریگەری و هەمیش هەلومەرجی پەیوەندییەکانی هێزە.
    ئامانجی من لێرە دا، بەرگریکردن لە چۆنێتی هەڵسووڕاندن و بەکارهێنانی تێڕوانینەکانی فوکۆ لەمەڕ دیرۆک نییە. ئەوە ڕاستە کە دیسکۆرسی فوکۆ لە ئاماژە بۆ کردن و گەڕانەوە بۆ مێژوو و دەقەمێژووییەکان/ڕووداوەکاندا، هەندێک جار ناتەبایی بەرچاو لەمەڕ خۆیان دەردەخەن وئەوەش دیرۆکناسان، شرۆڤەکارانی دەقەکان و ئەرشیڤکاران ئاماژەیان بۆ کردووە؛ هەر بۆیە ئێڵدن ڕاست دەکات لە سەر ئەم مژارە تانە لێ بدات.هەر وەها ڕەوایە ئێڵدن سەبارەت بە مامەڵەی فوکۆ لەگەڵ نووسراوە دیرۆکییەکان و بەکار هێنانی مێژوو بۆ بینا کردنی ئارگیومێنتە تیۆریکەکانی وریا بوونی خۆی نیشان بدات. بەڵام ڕەتکردنەوەی دیسکۆرسێکی تیۆریک  بە هۆکاری ناتەبابوون و نەگونجان لەگەڵ ئەو فاکتانەی فاکتی مێژووییان پێ دەوترێت، شێوازێک بۆ ڕەواییبەخشینی دیسکۆرس/ تیۆرییە کە ئێڵدن بۆ بە کۆنتێکستکردنی دەق بەکاری هێناوە. پێویستە  لە بیرمان نەچێت فوکۆ بۆ داڕشتنی پێکهاتەی دیرۆکی – تیۆریکاڵی خۆی، چەمکی بیچمگرتنی دیسکورسیڤ(discursive formation) بە کار دەهێنێت، ئەمەش خۆی ئاماژە و گەڕانەوەیەکە بۆ دیسکۆرسێک و هەلومەرجە نادیسکورسیڤەکانی ئیمکان. هەلومەرجەکانی ئیمکانی چەمکە تیۆرییەکان هەرگیز لە پێناسەکردنەکانیان لە دیسکۆرسدا لەبەر چاو نەگیراون. ئەمەش بەو واتایە دێت کە ناتەبابوون و نەگونجان لەگەڵ فاکتەکاندا شیکارییە،نە تیۆرەکەی فوکۆ پووچەڵ دەکاتەوە و نە ئێڵدن لە هیچ شوێنێکی کارە گەورەکەیدا بانگەشەی پووچەڵکردنەوەی دەستکەوتە تیۆرییە بەرچاوەکانی فوکۆ دەکات.
    لەگەڵ ڕەخنەی ئێڵدن لە فوکۆ هاوڕابین یان نا، کتێبی ' لە دایکبوونی وڵات' خاڵێکی وەرچەرخان و بەشداربوونێکی یەکلاکەرەوەیە لە توێژینەوە سەبارەت بە هێز و باڵا دەستی لە سەردەمی یۆنانی کەڤنارەوە تا سەردەمانی دەسپێکی ئەوڕووپای مۆدێڕن.بەلەبەر چاوگرتنی پێگەی بنەڕەتی و گرنگی مەڵبەند یان هەرێم لە فۆڕمەکانی هێز و باڵادەستیدا کە پرسی کوردیان لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە چوار دەوڵەتی حاکمدا پێک هێناوە و هەر وەها گرنگیی فۆرمەکانی بەرخوەدان لەهەمبەر باڵادەستیدا، کە دوا بەدوای ئەوە گەشە پێدانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی مۆدێڕندا پێناسە کردووە، پێویستە هەموو ئەو کەسانەی هۆگری چارەنووسی گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتن لە جیهانی هاوچەرخدا، ئەم کتێبە بخوێننەوە.
عەباس وەلی
ئاپریلی ٢٠٢٣
لەندەن










No comments: