Thursday, January 28, 2021

دۆسییەی دووی ڕێبەندان، بە بۆنەی ٧٥-مین ساڵوەگەڕی جمهووری کوردستان لە مەهاباد، ئامادە کردنی حەسەن قازی

دۆسییەی ٢-ی ڕێبەندان
بە بۆنەی ٧٥-مین ساڵوەگەڕی جمهووری کوردستان لە مەهاباد
ئامادە کردن: حەسەن قازی
١-چوارشەمە ٢٠-ی ژانوییە ( ١-ی ڕێبەندان) هەڤپەیڤینی موحسین میرزایی لە بەرنامەی " نگاە سوم" بە زمانی فارسی _ تێلێڤیزیۆنی ئاریەن لەگەڵ لێکۆلەرەوە حەسەن قازی
٢-پێنجشەمە ٢١-ی ژانوییە (٢-ڕێبەندان) هەڤیەڤینی شوان مەریوان لە بەرنامەی " ڕاڤە"،تێلێڤیزیۆنی ئاریەن لەگەڵ عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی و  پڕۆفێسۆر عەبباس وەلی
٣-پێنجشەمە ٢١-ی ژانوییە (٢-ی ڕێبەندان) هەڤپەیڤینی حەسەن قازی لە بەرنامەی " ڕاوێژ"، تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ لێکۆلەرەوە و مامۆستای زانکۆ دوکتور هاشم ئەحمەد زادە

٤-جومعە ٢٢-ی ژانویە (٣-ی ڕێبەندان) هەڤپەیڤینی هەندرێن هەورامی لە بەرنامەی " ڕاڤەی ڕۆژ"، تێلێڤیزیۆنی ستێرک لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی


باب  لە مەیدانی چوار چرا ٢- ڕێبەندان حەفتا و پێنج ساڵ لەمەو  بەر، کوڕ حەفتاو پێنج ساڵ دواتر لە سەر ئەو  بۆنە پیرۆزە دەدوێ
چوار شەمە  ١-ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ / ٢٠-ی ژانوییەی ٢٠٢١
بەرنامەی " نگاە سوم"  بە زمانی فارسی لە تێلێڤیزیۆنی ئاریەن
٧٥-مین ساڵڕۆژی کۆمناری کوردستان لە مەهاباد

هەڤپەیڤینی موحسین میرزایی لەگەڵ حەسەن قازی



موحسین میرزایی: ئەمن موحسین میرزاییم، لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ هاوکارانم لەگەڵتانین. هەر وەک دەزانن سبەینێ  دووی ڕێبەندان حەفتا و پێنجەمین ساڵوەگەری دامەزرانی جمهووری کوردستان لە مەهابادە. لەو بارەیەوە قسە دەکەین لەگەڵ میوانێک کە لە بەشی یەکەم دا لەگەڵمان دەبێ سەبارەت بە چەند و چۆن و ئەو ڕووداوانەی ئەو دەمی قەومان و ئەوەیکە ئەمڕۆ کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو  کوردستان لە چ بارودۆخێک دایە و لە چ بڕگە و قۆناغێک دایە و لەو بارەیەشەوە قسە دەکەین.

سبەینێ دووی ڕێبەندان ٧٥-مین ساڵڕۆژی ڕاگەیاندنی ڕەسمی دامەزرانی جمهووری مەهاباد لە لایەن قازیی محەمەد و یارانییەتی لە مەیدانی " چوار چرا" ی مەهاباد . ڕۆژێکی گەورە کە لە ڕۆژئەژمێری هەموو کوردان لە کوردستان و شوێنەکانی جیهان دا بۆ هەمیشە هەر دەمێنێتەوە. بۆ شرۆڤە و گفتوگۆی زیاتر لە پێوەندی لەگەڵ ئەو گوزاریشەی کە دیتمان و بیستمان قسە دەکەین لەگەڵ ڕێزدار حەسەن قازی لێکۆلەرەوە، ڕۆژنامەنووس و ئاگادار لە کاروباری کوردستان بە ڕێگای سکایپ.

موحسین میرزایی: بەڕێز حەسەن قازی ئەو دەمەتان باش و بەخێر بێن.

حەسەن قازی: سپاس، سڵاوتان لێ بێ، سپاس بۆ بانگهێشتنتان

میرزایی: هەر بژی. ڕێزدار قازی بەر لە هەموو شت پرسیارێک کە بۆ زۆر کەسان لە گۆڕێ دایە چ ڕووی دا کە قازیی محەمەد و یارانی گەیشتنە ئەو ئاکامەی کە دەبێ جمهووری کوردستانمان هەبێ. دیارە ئەو جمهووریە بە شێوەی جۆر بە جۆر نێوزەد دەکرێ، بە باوەری ئێوە هۆی سەرەکی و سونگەی ئەوەی قازیی محەمەد و هاوڕێیانی بەرەو ئەوە بچن چ بوو؟
قازی: هەر وەک دەزانن لە سەر وبەندی حکوومەتی ڕەزا شا بەر لە خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠-ی هەتاوی ئەو ڕێژیمە سەرکوتکەرە باڵی بەسەر هەموو ئێران و کوردستان دا کێشابوو. کوردستان لە چوار چێوەی دەوڵەت – نەتەوەی نوێی ئێران کە لە زەمانی ڕەزا شا دا پێک هاتبوو هیچ بەشی نەبوو لە بەڕێوەبردنی چارەنووسی خۆیدا و زوڵمێکی زۆری لێ دەچوو. لە کاتی هاتنی هێزە هاوپەیمانەکان بۆ ناو خاکی ئێران؛ شووڕەوی لە ڕێگای باکووری ڕۆژئاوای ئێران و بریتانیا لە باشوورەوە و دەستنەکردنەوەی ئەڕتەشی ئێران لە بەرانبەریان دا  زەمینەیەک پێک هات کە نەتەوەی کوردیش دەرفەتی ئەوەی بۆ بڕەخسێ لە هێندێک ناوچەی کوردستان حەول بدا بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی بە دەستەوە بگرێ. لە سەردەمی ڕەزا شا دا ژمارەیەکی زۆر کوردی دەستڕۆیو و سەرۆک عەشیرەت لە زیندان دا بەند کرابوون، ئەوانە بەر بوون و گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان. و هەر لە یەکەم  ساڵی ڕووخانی ڕەزا شا دا لە مانگی نۆامبری ساڵی ١٩٤١ دەوڵەتی شووڕەوی بە دەرەجەی یەکەم لەبەر کوشتارێکی کە ئەڕتەشی ڕووسیای تێزاری ( ڕووسی هەوەڵێ)  لە مانگی فێوریەی ١٩١٦ بە تایبەتی لە سابڵاغ و دەوروبەری کرد بووی کە بە پێی ئامارێک دەگوترێ نزیکەی ١٠٠٠٠ کەس لە مەهاباد و دەوروبەری کووژران بۆ تێهەڵێنانەوەی ئەو جینایەتە و دڵدانەوەی کوردەکان ژمارەیەک لە ڕێبەرانی کورد، سەرۆک عەشیرەتەکان و پیاو ماقووڵانی ناوچەیی بانگهێشتن کرد بۆ شووڕەوی بۆ باکۆ هێشتا هیچ ڕێکخراوی سیاسی نوێ لە کوردستان پێک نەهاتبوو، کە لەو ڕێپۆرتاژەش دا کە بڵاوتان کردەوە ئاماژەی پێ کرا بوو. کۆمەلەی ژێکاف واتە کۆمەڵەی ژیانی کورد هێشتا پێک نەهاتبوو. ئەو هەیئەتە چووە شووڕەوی و گەڕانەوە و لەو سەوبەندە دا بە پێی ئەو پێوەندیانەی کە لە نێوان بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی عێڕاق  و کوردستانی ئێران دا هەبوو لە ١٦-ی ئووتی ١٩٤٢ کۆمەڵەی ژێکاف پێک هات و ئەو کۆمەڵەیە بە لەبەر چاو گرتنی خەفەقانی زەمانی ڕەزا شا کە ژمارەیەک لە چالاکانی حیزبی ئازادیخوازانی کوردستانی دوور خستبووەوە و هێندێک لەوان لە دامەزرێنەرانی ژێکاف بوون، بە تەواوی بە نهێنی و شاراوە کاری دەکرد و جەختی سەرەکی لە سەر مەسەلەی فەرهەنگی و ئەخلاقی کۆمەڵی کوردەواری بوو و داوای دەکرد کوردەکان دەبێ لە یەک نزیک بنەوە و دانوستاندنیان لەگەڵ یەکتری  برایانە و خوشکانە بێ. هەر وەک ئەو پەیامەی یەکێتی کە ئەمرۆ ڕێزدار جۆ بایدن بۆ خەڵکی ئەمریکای نارد.  دە ڕاستیدا دروشمی سەرەکی کۆمەلە یەکێتییەکی بەربڵاو بوو لە ناو کوردەکان دا و هەروەها کۆمەڵە لەگەڵ نوێنەرە دیپلۆماتیکەکانی شوڕەوی کە لە تەورێز و شوێنی دیکە بوون  پێوەندییان کرد و داوای یارمەتی لێ کردن بۆ بەرەو پێشبردنی کار و خەباتی کۆمەڵە. تەنانەت بەڵگەیەک بەدەستەوەیە کە کۆمەڵە  داوخوازەکانی لە شووڕەوی لە ١٠ خاڵ دا  گەڵالە کردووە و تێدا  لەگەڵ شتی دیکە دا هاتووە:
 "
دوای پەرەسەندی کافی کۆمەڵەکەمان ناوچە کوردەکانی سەردەشت، بۆکان، میاندواو، مەهاباد، نەغەدە، شنۆ و ورمێ لە تەشکیلاتی ئیداری حکوومەتی ئێران پاک کردنەوە و بۆ ئەو مەبەستە دانی یارمەتی پێویست

٧-ئەو هەرێمە ناوی بنرێ کوردستانی ئازاد و لە ئێران و عێڕاق و سووریا و لە کوردەکانی دیکەی عالەم  کابینەیەکی حکوومەتی کاتی پێک بهێندرێ و لەو ناوچانەی لە سەرەوە ناو بردران کار بکرێ بۆ بەڕێوەچوونی پڕێنسیپەکانی ئیداری و ئابووری ئەو حکوومەتە تازەیە

٨-بە پێی بەندی ' پێ ' ی مادەی ١٤ هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شوورەوی مەزن ئەگەر ئەو حکوومەتە کاتییە دامەزرا دەناو یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی مەزن دا جێی بکرێتەوە و ئەندامەتییەکەی پەسند بکرێ. "

بەڵام  دەوڵەتی شووڕەوی لەو سەروبەندی دا هیچ تەمایان نەبوو نە لە ئازەربایجان نە لە کوردستان  بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان بە شێوەی سەربەخۆیانە  هەڵسووڕێن و نەیان دەویست کوردستان لە ئازەربایجان  جوێ بێ و دەیانویست کوردەکان دەچوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکڕاتیک دا مافی خۆیان هەبێ. بەم پییە لە ساڵی ١٩٤٥ یانی لە دوای ئەوەی لە ١٢-ی خەرمان فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بە ڕەسمی خۆی ڕاگەیاند و دوایە مەجلیسی دامەزرێنەرانیان پێک هێنا و تەنانەت لە کوردستانیشەوە نوێنەر چوون بۆ ئەو مەجلیسە. دواتر هەیئەتێک لە کۆمەڵەی ژێکاف بە ڕێبەرایەتی قازیی محەمەد و ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ناوچە کە ژمارەیان هەشت کەس دەبوو چوونە باکۆ و لەوێ دواخوازی شووڕەوی ئەوە بوو کوردەکانیش لە چوارچێوەی سیاسەتێک دا کە ئەوان بۆ ئازەربایجانیان لە بەر چاو گرتووە هەڵسووڕێن بۆ گەیشتن بە مافە دێمۆکڕاتیکەکانیان. چونکە وەک ئێوە دەزانن ئەو ناوچە تایبەتییانەی کوردستان واتە ناوچە باکوورییەکانی کوردستانی ئێران لە دابەشکردنە جوگڕافیاییەکانی ئێران دا بەشێک بوون لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و سۆڤییەتیەکان دەیانویست لەو چوارچێوەیە دا ماملە لەگەڵ وەزعەکە بکەن.
کاتێک هەیئەتەکە گەڕاوە ئێرانێ بە بێ ئەوەی کۆمەڵەی ژێکاف هەلبوەشێندرێ، چونکە هیچ بەڵگەیەک بە دەستەوە نییە کە کۆمەڵەی ژێکاف هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیاند بێ. بەڵام هەر بە پێی کاروخەباتی کۆمەڵە  حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان بە بەرنامەیەکی نوێوە ساز کرا کە بەشێک لە مەرامنامەکەی لە ڕێپۆرتاژەکەی ئێوە دا هەبوو. حیزبی دێمۆکڕات پێک هات و دواتر چونکە ئازەربایجان دەیویست کوردستان دە چوارچێوەی ئازەربایجاندا بمێنێتەوە لە ڕاستیدا کورد بەوە ڕازی نەبوون و لە ئاست حکوومەتی ئازربایجان لە عەینی پێداگرتن لە سەر دۆستایەتی و هاوپێوەندی لەگەڵ ئەوان سەربەخۆیی کوردستانیان ڕاگەیاند، واتە ڕاگەیاندنی ئەو جمهوورییە لە ڕاستیدا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی بوو  لە ئاست ئازەربایجان. و لە دەقی ئەو سوێندەی کە لە ڕۆژی دووی ڕێبەندان ١٣٢٤ دا لە مەیدانی چوار هەم  پێشەوا قازیی محەمەد  و هەم ئەو کەسانەی کە لە میتینگەکە دابوون و لەو ڕۆژە بەیعەتیان بە پێشەوایی قازیی محەمەد کرد ئەو سوێندەیان خوارد گوتراوە لە هەمان کات  دا کە وەفادارن بە سەربەخۆیی کوردستان و گوێڕاڵی دۆستایەتی و هاوپێوەندیشن لەگەڵ ئازەربایجان. دەقی سوێندەکە ئاوایە: " ئەمن بە خودا، بە کەلامی عەزیمی خودا، بە نیشتمان ، بە شەڕەفی میللی کورد، بە ئاڵای موقەدەسی کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخر  هەناسەی ژیانم  و ڕژانی ئاخر تنۆکی خوێنم  بە گیان و ماڵ لە ڕیی ڕاگرتنی سەربەخۆیی و  بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان دا تێ کۆشم و نیسبەت بە ڕەئیس جمهووری کوردستان  و یەکەتی کورد و ئازەربایجان موتیع و وەفاداربم".
واتە لە لایەکەوە داوای سەربەخۆیی خۆیان دەکرد و لە لایەکی دیکەشەوە دەیانویست دۆستایەتی خۆیان لەگەڵ ئازەربایجان بپارێزن. چونکە لە گشت ئەو ماوەیەی دا کە جمهووری کوردستان بەرقەرار بوو لە ڕاستیدا ئازەربایجانییەکان و حکوومەتی شادڕەوان پیشەوەری  زۆریان یارمەتی دەکرد بە کوردستان چ لەڕووی دەرمانی و چ لەڕووی دارایی. یانی ئەمن دەتوانم ئیدیعا بکەم ئەو دەمی پێوەندیی مەهاباد و تەورێز زۆر زیاتر بوو لە پێوەندیی مەهاباد و سنە. چونکە ئوستانەکانی کوردستان، کرماشان، و ئیلام ئەوانە هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی سەلتەنەتی ئێران دا بوون و لە ناوچەکانی باشووریتری جمهووری کوردستان دا ئینگلیسییەکان دەستیان دەڕۆیشت و پێشی ئەوەیان دەگرت بزووتنەوەی کورد بەرەو ئەوێ بتەنێتەوە.

میرزایی: بەڕێز قازی من داوای لێبوردن دەکەم چونکە دەمەوێ کاتمان هەبێ بۆ پرسیاری دیکە. ئێوە لایەنێکی گشتی بابەتەکە و کورتە مێژوویەکی تێروتەسەلتان باس کرد بەڵام ئێوە وەکوو کەسێکی لێکۆلەرەوە و ڕۆژنامەنووس کە ڕۆژانە بە دوا داچوون دەکەن بۆ ڕووداوەکانی کوردستان ئەگەر بمانەوێ باسی هێندێک لە دەسکەوتەکانی جمهووری مەهاباد بکەین لە برگە و کاتو ساتی خۆیدا و چ ئەمڕۆ ئەم دەسکەوتانە چ بوون بۆ گەلی کورد؟

قازی: ئێستا گوتتان جمهووری مەهاباد، دیارە پێشتر گوتبووتان کۆماری کوردستان. باس کردنی ئەو دەسەڵاتە وەک جمهووری کوردستان دروستە هەرچەند کە دوای ڕاگەیاندنی جمهووری و لە ڕاستیدا سێ مانگ دواتر شاندێکی هاوبەشی ئازەربایجان و کوردستان بۆ موزاکەرە لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی پێک هات و داوخوازەکانیان لە ٣٣ مادە دا گەڵاڵە کرد و بردیانە تاران  و دیارە ئەوە چی لێ شین نەبوو و دوا جار  دوای موزاکەراتێکی دیکە کە لە نێوان ئازەربایجان و حکوومەتی قەواموسەلتەنە دا کرا ئەو ڕێکەوتنە لە ٧ مادە دا ئیمزا کرا کە لەوێدا هەر مادەیەک بە تایبەتی لە  سەر کوردستانە  و باسی خوێندن لە ئاستی سەرەتایی دا بە زمانی کوردی کراوە. هەر وەک گوتم حکوومەتی مەرکەزی لە چوارچێوەی  ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دا مامڵەی لەگەڵ جمهووری کوردستان یان ئەو  ناوچەیە لە کوردستان دەکرد.
دەسکەوتی سەرەکی بە باوەڕی من ئەوەیە کە داوخوازی ناسێنەی نەتەوەیی و داوخوازی ددان پێداهێنان بە تایبەتمەندیی فەرهەنگی کوردی دا بابەتی ئەوتۆن کە بە ڕاگەیاندنی جمهووری کوردستان و ئەو جووڵەیەی کە لەو زەمانەوە کرا خۆی دەرخست و مۆری خۆ بە سەرتاسەری مێژووی کوردەوە نا. ئەوەتان لە بەر چاو بێ ڕاگەیاندنی کۆمار و درێژە کێشانی بۆ ماوەی یازدە مانگ، بەڵام ئەو دەسکەوتانە هەر چەند کە ئەو دەمی خۆشیان دا نەکوتا لە مێژووی سیاسی کورد دا مایەوە، ئەگەر کوردستانی ئێران یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەر چاو بگرین، سەرەرای هەموو سەرکوتکاری و ئەو زوڵم و زۆرەی کە لە کوردان  کراوە تەواوی ئەو داوخوازە سەرەتاییانەی کە لە جمهووری کوردستان دا هاتوونەتە گۆڕێ ئێستا ماونەتەوە و داوای جێ بەجێ کردنیان دەکرێ. واتە قبوول کردنی ناسێنەی نەتەوەی کورد، قبووڵ کردنی ئەوەی کە زمانی کوردی ببێ بە زمانی ڕەسمی و قبووڵ کردمی ئەوەی کە مەردمی کورد وەکوو گەلانی دیکەی دنیا بتوانن لە ئازادی دا بژین و  بتوانن لە دیاریی کردنی چارەنووسی خۆیان دا بەشدار بن.

میرزایی: زۆر باشە، بێینە سەر مەسەلەیەکی دیکە. سبەینێ دەبێتە ٧٥-مین ساڵوەگەری ئەو جمهوورییە، ئەگەر بمانەوێ ئەمڕۆ چاوێک بکەین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێگایەک کە ئەو جمهوورییە سەری لێ هەڵدا و جێگەی زۆر لە ڕاپەرینەکان. بەڵام ئەگەر بمانەوێ چاوێک لە پێگەی جووڵانەوە شۆڕشگێڕییەکان لە ئێرانیش بکەین؛ چ لە ئێران و چ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ئاسایی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە رووداوی جۆر بە جۆری تێدا قەوماوە. هەنووکەش دەبینین کە ئەو مەسەلەیە هەیە. ڕێزدار قازی بە باوەڕی ئێوە ئەمڕۆ کۆمەڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چ بڕگەیە دا هەڵکەوتووە ئەگەر بمانەوێ چاوێک لەو سەردەمی و دۆخی ئێستای بکەین و بە یەکەوەیان بەراوەرد بکەین؟

قازی: دەبێ ئەوەشی لێ زیاد کەم جمهووری کوردستان لە ڕاستیدا دەسکەوتێکە بۆ هەموو میللەتی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان نەک تەنیا هەر لە کوردستانی ئێران. بە مانایەک لە بەر دێمۆکراسی خوازی و ئازادی خوازی خۆی دەبێ هەموو گەلانی دانیشتووی ناو ئێران سەرنج بدەنە سەر ئەو ئەزموونە. ئەوە لە لایەکەوە و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ وەچەی ئێستا و ڕێکخراوەکانی ئێستا  دەڕاستی دا هەموویان لەو بڕگە مێژووییە دا هاوبەشن یانی ئەو تەجروبەیە هەر ئی حیزبێکی  سیاسی تایبەتی نییە، هەر چەند لە زەمانی حکوومەتی کوردستان دا لە ڕاستیدا لە سەر بنەمای ئەو چالاکیانەی کە کۆمەڵەی ژێکاف  و دواتر حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کرد بووی ئەو تەشکیلات و هەبوونە هاتە وجوود بەڵام هەر وەک گوتم ئەوە دەسکەوتێک و مەرجەعێکی مێژووییە بۆ هێزە جۆر بە جۆرە کوردییەکان.
تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر بارودۆخی هەنووکەیی هەر وەک ئێوە دەزانن  لە دوای شکانی جمهووری کوردستان لە ماوەی ئەو حەفتا و پێنج ساڵە دا  لەگەڵ ئەوەشدا کە خەباتی گەلی کورد لە هێندێک سەروبەند دا سەرکوت کراوە، بەڵام قەت دانەمرکاوە، بەشێوەی تر و لە سەروبەندی دیکە دا سەری هەڵێناوتەوە. و بە تایبەتی دوای ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە بە هاتنی خومەینی و شۆڕشی ئیسلامی هاتە گۆڕێ لە ساڵی  ١٩٧٩ دا، شاهید بووین کە شوێندانەرییە مێژوییە گەورەکانی جمهووری کوردستان دیسان خۆی نیشان دا و بووە هەوێنی خەباتی زۆر بەربڵاو لە هەموو ڕۆژهەڵات و لە ڕاستیدا دینامیزمێکی نوێ بوو بۆ بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێران و لەو زەمانیشەوە دەبینین ئەو سەرکوتکردنەی کە لە لایەن ڕێژێمی مەرکەزییەوە دەکار کراوە بە شێوەی جۆر بە جۆر  بەرپەرچ دراوەتەوە و بزووتنەوە لە بەست نەچووە.  تەنانەت لەو دواییانە دا دەبینن کە هەر جارە ناجارێک لە  تێلێڤیزیۆنە ڕەسمی و مێدیاکانی جۆر بە جۆری کە لە ئێران هەن لێر ولەوێ زۆر سووکایەتی دەکرێ بە کوردان، بە جلوبەرگیان. بەڵام من پێم وایە تەنیا ڕێگایەک کە دەتوانێ  خاوەندارێتی لە دەسکەوتەکانی جمهووری بکا و لە ژیانی هەنووکەییش دا نیشانی بدا یەکێتییەکە کە دەبێ لە ناو هێزە جیاوازەکانی کە لە کوردستان دا تێ دەکۆشن پێک بێ سەرەڕای ناکۆکییەکان و سەرەڕای دید و بۆچوونی جیاوازی کە دەکرێ لەتەک یەکتری دا هەیان بێ. شتێکیشی لێ زیاد کەم  سەبارەت بە جمهووری کوردستان لە بەر ئەوەی کە هەمیشە لایەن پۆزیتیڤەکانی باس کراوە باسی کەمووکووڕییەکانی ئەو سەروبەندی کەمتر دەکرێ. بۆ نموونە سەڕەڕای ئەوەی کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی میللی ئازەربایجان دا مافی دەنگدان دراوە بە ژنان، لە کوردستان ئەو مەسەلەیە نەهاتە  گۆڕێ چونکە لە جێدا هەڵبژادنێک نەکرا، یان ئەوەی کە حکوومەتی ئازەربایجان  بەرنامەیەکی هەراوی چاک کردنی زەوی و زار، ڕێفۆرمی زەوی هەبوو کە بووە هۆی ئەوە زۆر لە فێئۆداڵ و خاوەنموڵکە گەورەکانی ئازەربایجان  ئەوێ بە جێ بێڵن کە ئەوە لە کوردستان نەکرا. تەنانەت لە ناوچە تێکەڵەکانی ژێر دەسەڵاتی هەر دوو حکوومەتەکە دا هێندێک لە خان و خاوەنموڵکە ئازەربایجانییەکان تەرجیحیان ئەوە بوو لەگەڵ کوردستان بن تا ئازەربایجان بۆچی چونکە بەو شێوەیە دەیانتوانی بەرژەوەندییەکانی خۆیان زیاتر بپارێزن. سەرەڕای ئەوانە هەمووی دەتوانین بڵێین ئەوە بڕگەیەکی زۆر ڕووناکە لە مێژووی نەتەوەی کورد دا و جێی خۆیەتی زیاتر ئاوڕی لێ بدرێتەوە.

میرزایی: ئێوە باسی پنکتێکتان کرد بەڕێز قازی کە من دڵم نایە چاوی لێ هەڵبوێرین. پێم وایە چیرۆکێکیشی لە پشتە ئێوە باسی ئەو سووکایەتی و پێوە هەڵکاڵانەتان کرد کە هەمیشە لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە لە دژی گەلی کورد هەبووە و لەو دواییانە دا لە " سەدا و سیمای جمهووری ئیسلامی"  ئێران دا حەوتوویەک بمێنێ بۆ ساڵوەگەڕی دامەزرانی جمهووری مەهاباد لەو ئارشیوانە دا کە تەنیا لە دەست " سەدا و سیما" ی حکوومەتی دایە بەرنامەیەک کە ئی دوو ساڵ لەوە پێشە دەهێندرێتە مەیدانێ و لە فەزای مەجازی دا بڵاو دەکرێتەوە و لە بەر ئەوەی بینەران کەم و زۆر هەموویان دەزانن زۆر ناچمە ناو وردە ڕیشاڵی ئەو ڕووداوە.  لەو بەرنامەیە دا پێشکێشکار بە کەسێک کە لەو بەرنامەیە دا جلوبەرگی کوردی دە بەر دایە دەڵێ ئەوە جلوبەرگی شوانانە ودەڵێ ئەو جلوبەرگەی شوانان چییە دەبەرت کردووە؟ کە هەڵبەت ئێمە ئەگەر بمانەوێ لە ڕووی دینییەوە  سەبارەت بە  پیشەی شوانی ئیست بگرین کە ئاغایان لە ئێران زۆر وەپێشی دەخەن دەزانین کە شوانی پیشەی پێغەمبەران و ئەنبیا بووە لە مووسا و عیساوە بگرە تا محەمەد هەموو شوان بوون. ئەگەریش لە ڕووی ئینسانییەوە تەماشای بکەین پیشەیەکی زۆر شەریف و بە ئابڕووە، بەڵام لە ڕوانگەی چکۆڵە کردنەوە و سووکایەتی پێ کردنەوە حەوتوویەک بمێنێ بۆ ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری مەهاباد دێن ئاوا دەجووڵێنەوە. بە بۆچوونی ئێوە هێشتا جمهووری ئیسلامی ئێران کوردستان بە یەکەم شوێن دەزانێ کە هەڕەشە لە بوونی بکا؟

قازی: کێشەی سەرەکی ئەوەیە هەم لە ئێران و هەم لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەڵام بە تایبەتی لە مەڕ ئێران دەوڵەت مەسەلەی کوردستان هەمێشە وەکوو پرسێکی ئەمنیەتی دەبینێ. یانی کێشە لەوە دایە  بەڵام ئەگەر خۆیان لەو جەغزە ئەمنیەتییە ڕزگار بکەن کە بەدەوری کوردستانیان دا کێشاوە و هەر وەها پێداچوونەوەیەک بکرێ بە سەر چەمکی حاکمییەتی میللی  و هێژێمۆنی فەرهەنگی دا و ئێران وەک کۆمەڵێکی فرە نەتەوەیی و فرە کولتووری بپەژرێندرێ ئەو دەمی دەکرێ گرێ وگۆڵ و کێشەکان بە شێوەیەکی دیکە بێنە گۆڕێ. بەڵام ئێستا کەمترین شتێک کە لەو پێوەندیە دا لە میدیا دەوڵەتییەکاندا بێتە گۆڕێ ئەوە خۆی دەبێتە پریشکێک، وەسیلەیەک بۆ ئەوەی هەست بورووژێنێ. هەر ئەو ڕووداوەی کە ئێوە بە دروستی ئاماژەتان پێ کرد، ئەوە گۆیا بەشێک لە ویدیۆیەکە بووە و جەختی زیاتری گەنگەشە لە سەر ئەو بابەتە بێ حورمەتی بە جلوبەرگی کوردی و سووکایەتی و بە کەم گرتنی جلوبەرگی شوانان بووە. ئەو کەسەش کە کوڵباڵەکەی دەبەر کرد بوو لە جیات ئەوەی بۆ کابرای پێشکێشکاری ڕوون کاتەوە کە کوڵەباڵ چییە و جلوبەرگی شوانان چ عەیبی نییە، هیچی وای پێ نەبوو و چووە سەر شتی کەونارا. بە بۆچوونی من دەبوو شی کردباوە کوڵەباڵە بۆچی لە هێندێک ناوچەی کوردستان کوتێکی سەرەکی یە لە پۆششی پیاوانەی کوردی. یا دەبوو گوتبای شوانێتی پیشەیەکی پیرۆزە و بەسەری خۆی وەک هەموو پیشەیەکی دیکە وایە. بۆ وێنە وەک پێشەیەکی کە من و بەڕێزت هەمانە یان پیشەیەک کە سەرۆک کۆمارێک هەیەتی. بەڵام هەرچۆنێک بێ دەبێ ڕیگا چارە بدۆزرێتەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو جۆرە هەستیاریانە و بە بۆچوونی من مەنتقیترین ڕێگا چارەش ئەوەیە کە دەست هوندرکاران و سیاسەتدارێژان لە جمهووری ئیسلامی ئێران دا خۆیان لەو جەغزە ئەمنیەتییەی کە بە دەوری مەسەلەی کورد دا کێشاویانە ڕزگار بکەن.

میرزایی: باشە بەڕێز قازی لە دواییدا دەمانەوێ پوختەی بۆچوونەکانت ببیسین. ئەگەر بەیەک دوو دەقیقە بتەوێ هەڵێنجاوەیەکی گشتی لە باسەکە بهێنییە گۆرێ هەڵبەت ئەمن پرسیارێکیشم هەبوو پێم وایە کاتمان بۆ ئەو پرسیارەش هەیە با ئەو پرسیارەش بکەم و لە قسەکانتان دا دەکرێ وڵامی ئەو پرسیارەش بدەنەوە. بابەتێک هەیە لەو سەردەمی دا یەکێتییەک و هاوپشتی و هاوپێوەندییەک پێک هات لە نێوان قازیی محەمەد و ئەو تاکوتەرایەی کە بە دەوری تەوەرەی بۆچوونەکانی بەڕێزیان دا یەکیان گرتبوو. بەڵام ئێستا ڕووداوێک قەوماوە ئەو یەکەتییە و هاوپشتییە و هاوپێوندییە نییە هەڵبەت ناڵێین شەر و پێکدادان هەیە. ئێستا ئەو یەکەتی و هاوپشتی و ئینسیجامە هێندێک کەمڕەنگتر بووە لە نێوان حیزب و جەرەیانە سیاسییە کوردەکان دا. بە باوەڕی ئێوە هۆی ئەمە چییە و ئەگەر نەیانەوێ بەرەو یەکەتی، ئینسیجام و هاوپشتی بچن لێکەوتەکانی بۆ گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان چ دەبێ؟ چونکە ئێستا دەبینین لە باشووری کوردستان بەداخەوە پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و ڕەجەب تەییب ئەردوغان نزیکایەتییەکی یەکجار بەربڵاوی پەیدا کردووە ئەگەر بمانەوێ ئەم بابەتە شی کەینەوە ئێوە سێ تا چوار دەقیقەتان کات هەیە.
قازی: ڕێزدار میرزایی دەزانی چۆنە مەسەلەکە ئاوایە لە سەردەمێک دا کە جمهووری کوردستان هەبوو واتە بەر لەوەی کە موقاوەمەتێک بکرێ تەسلیم بوو ئەوە بە جێی خۆی بەڵام ئەو زەمانی کە ئە حوکمە هەبوو هێزە لاوەکییەکان ئەوەی کە هەبوو بە ڕواڵەت پشتیوانە بەهێزەکە بوو بە ناوی یەکێتی جەماهیری شووڕەوی بە تەنێشت ئەوەوە لە وڵاتانی ناوچە بۆ نموونە ئەگەر چاو لە چاپەمەنییەکانی ئەو زەمانی تورکیا بکەی دەبینی بە توندی دژی ئەو ڕووداوانە بوون کە لە ئازەربایجانی ئێران دا دەقەومان. بەڵام وەک دەزانی ئێستا هەلومەرج گۆڕاوە  و لە بەر ئەوەی نەتەوەی کورد لە چوار چێوەی تاقە دەوڵەتێک دا نییە و لە ژێر حاکمییەتی نەتەوەیی تاقە دەوڵەتێک دا نییە و کوردان و کوردستان لە نێوان وڵاتانی جۆر بە جۆر دا دابەش کراون و لە سایەی خەبات و ملەی سیاسی دا ئەوان هەستیان بەو دابەشبوون و چەند کوت بوونە کردووە. ئێستا گەمەکاری جۆر بەجۆر لەگەڵ ئەو دۆزە ڕووبەڕوو بوونەتەوە. ئێستا لە کوردستانی عێڕاق ئێمە هەرێمێکی فێدێڕاڵمان هەیە کە خۆی بەڕێوە دەبا و لەو کاتەوە کە پێک هاتووە پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی بەو جۆرەی کە پێویستە نەکەوتووەتە سەر ڕەوتێکی  سەقامگرتوو و لە لایەکی دیکەشەوە هێزەناوچەیەکانمان هەیە وەکوو دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتی ئێران کە بۆ گەیشتن بە وەی کە بە بەرژەوەندی خۆیانی دەزانن وەک ئەوەی کە گۆیا باشوور حەوشەی خەڵوەتیان بێ هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن و لە کاروبارەکانی ئەوێ دا موداخەلە دەکەن و دەیانەوێ لەوێ بە قازانجی خۆیان لە ئاوی ڵێڵ ماسی بگرن. بەڵام بە بۆچوونی من گرێکە بە دەست کوردان خۆیان دەکرێتەوە. هەر چەند بەرژەوەندی کوردەکان لە چوار چێوەی وڵاتە جۆر بەجۆرەکان دا دەکرێ ڕواڵەتی جیاوازی هەبێ بەڵام دەبێ ئەو دەرسە لە مێژوو فێربن کە هیچکات لەبەر ویست و  "بەرژەوەندی" ئەو دەوڵەتانەی کە دۆزی کورد لە چوارچێوەی ئەمنییەتی دا دەبینن نەکەونە هەڵوێستێک کە سەنگەر لەیەکتری بگرن. بەو پێیە دەبێ گوشار بۆ سەر پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاق کە لایەنێکە لە هێزی فەرمانڕەوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا زیاتر بکرێ بۆ ئەوەی نەبێ بە هۆکارێک بۆ جێ بە جێ کردنی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا.

میرزایی: سپاستان دەکەم بەرێز حەسەن قازی لێکۆلەرەوە، ڕۆژنامەنووس و ئاگادار لە کاروباری لە مەر کوردستان  کە لەم بەرنامەیە دا لەگەڵمان بووی.
تێبینی: ئەو هەڤپەڤینە لە  زمانی فارسییەوە کراوەتە کوردی

=========

بەرنامەی ڕاڤە، تێلێڤیزیۆنی ئاریەن

پێنجشەمە ٢-ڕێبەندانی ١٣٩٩ / ٢١-ی ژانویەی ٢٠١٢

٧٥-مین ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان

هەڤپەیڤین لەگەڵ عەبدوڵڕەحمان  حاجی ئەحمەدی و پرۆفێسۆر عەبباس وەلی
پێشکێشکار : شوان مەریوان

شوان مەریوان
: بینەرانی خۆشەویستی ئاریەن تیڤی سڵاو و ڕێزتان پێشکێش دەکەین لە بەرنامە " ڕاڤە " وە لە خزمەتتان داین. بینەرانی هێژا ئەمڕۆ دووی ڕێبەندان ە. ساڵی ١٣٢٤-ی هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ ١٩٤٦-ی زایینی لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆ دا لە مەیدانی چوار چرا لە مەهاباد کۆماری کوردستان لە لایەن پێشەوا قازیی محەمەدەوە ڕاگەیێندرا. ئەم کۆمارە کاریگەرییەکانی چی بوو لە مێژووی کوردستان دا بە تایبەتی لە سەدەی ڕابردوو دا و لە دوای پەیمانی لۆزان و داسەپاندنی ستاتۆی نکووڵی، لەناو بردن بە سەر گەلی کوردستاندا لە سەرەتای سەدەی بیستەم دا پێگەی ئەو کۆمارە لە ٧٥ ساڵی ڕابردوو دا لە ناو تێکۆشانی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان چی بووە؟ بۆ کۆمار هات؟، بۆ کۆمار ڕۆیشت؟ تەمەنێکی کورتی هەبوو. ئێمە چ دەتوانین لە کۆمارەوە فێر بین؟ ئەم مژارە و ئەم پرسانەیە کە ئەمشەو دەمانەوێ بە بۆنەی ٧٥-مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان شرۆڤە و تاو توێیان بکەین لەگەڵ بەڕێزان موهەندیس عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەرێوەبەریی کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) و پرۆفێسۆر عەبباس وەلی کۆمەڵناسیی سیاسی و مامۆستای زانکۆ  کە بە نۆبە ئەمشەو لە بەرنامەی  " ڕاڤە " دا ئەم پرسیارانەیان  لە بەڕێزانیان دەپرسین و هەوڵ دەدەین وڵامەکانیان وەربگرین بەڵام سەرەتا پێکەوە کورتە دۆسییەیەک سەبارەت بە ٧٥-مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد ببینین.

بەڵێ بینەرانی خۆشەویست هەر وەکوو لە سەرەتا دا ڕامگەیاند بۆ گفتوگۆ کردن لە سەر ئەم مژارە، ٧٥-مین ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستان لە مەهاباد پێوەندیمان بە بەڕێز عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیک و ئازادی کوردستان ( کۆدار) وە گرتووە کە سەرەتا لە خزمەت بەڕێزیان دا دەبین. ڕێزدار عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی ئەگەر دەنگی من دەبیسن سڵاو و ڕێزتان پێشکێش دەکەم.

عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی: زۆر سپاستان دەکەم، ئەمنیش سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ ئێوە، بەڕێوەبەرانی ئەو بەرنامە و تەماشاچیانی بەرنامەکەتان.

شوان مەریوان: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز حاجی ئەحمەدی. ڕێزدار حاجی ئەحمەدی دەمەوێ گفتوگۆکەمان بەو پرسیارە دەست پێ بکەم  هەلومەرجی کوردستان لە بەرەبەری دامەزراندنی  کۆماری کوردستان و سەردەمی کۆماری کوردستان دا چۆن هەڵدەسەنگێنن و هەر وەها تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان چ بوو بە ڕای ئێوە؟

حاجی ئەحمەدی: ئەوەی ڕاستی بێ ئەو سەردمی کە کۆمار دروست بوو لە مەهاباد لە بەشێکی هەرە چکۆڵەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. نە ئەیالەتی  کوردستانی لەگەڵ بوو، نە کرماشانی لەگەڵ بوو، لە بەشێکی چکۆلە. ئەو بەشە چکۆلەش بۆ خۆی بە نیسبەت ئەوانی دیکە پاشکەوتووتر بوو، هێزی ڕووناکبیر و هێزی خوێندەواری زۆر کەم بوو. بە گشتی دوو لە سەدی خەڵکیش خوێندەواری نەبوو ، چ دەگا بە هەبوونی ئاکادێمیکێر و نوخبە و ئەوە. بەڵام لە سەر ئەوەش ڕا شتێکی ئەوەندە جوانیان دامەزراند، ئەوەندە خاوێن بوو کە ئەوە ٧٥ ساڵ بە سەر ئەو ڕووداوە دا تێدەپەڕێ  هیچ لایەنێک لە کوردستانی نییە بە ڕاست و چەپ و ئیسلامی و غەیری ئیسلامییەوە کە شانازی بەو ئەزموونە نەکا، بەو کۆمارەی نەکا. بۆ؟ چونکە هۆیەکەی ئەوەیە ئەمن وای دەبینم بەداخەوە هەتا ئێستاش تەجزیە و تەحلیلێکی عیلمی نەکراوە لە سەر پێک هاتنی کۆماری کوردستان، لە سەر ڕووخانی کۆماری کوردستان. شتەکان هەر تیکرار دەبنەوە بەڵام شتێکی عیلمی و تەجزیە و تەحلیلێکی واقعی نەکراوە کە ئەوە خەتایەکی زۆر گەورەیە، نوقسانێکی زۆر گەورەیە، عەیبێکی زۆر گەورەیە لە سەر ڕێوەبەرانی حیزبی دێمۆکڕات کە ئەمن بۆخۆشم زەمانێکی دەو حیزبەی دابووم و ئەمنیش وەک ئەوانی دیکە موقەسیرم وەنەبێ ئەمن بڵێم ئەوە هەر ئی ئێستایە، نا هەر ئی ئێستا نییە. ئەوەی کە فەرق و جیاوازییەکەی دەتوانین دا بنێین ئەوە بوو کە ڕووحی کوردایەتی و هەستی نەتەوایەتی  بە تەواوی حاکم بوو لە سەر گەلی کورد. جا ئەو ڕووحی کوردایەتی و ئەو هەستی نەتەوایەتی حاکم بوو لە سەر کورد هەم لە سەر دەستگای حاکم  و هەم لە سەر گەل حاکم بوو. هیچکەس فکری لەوە نەدەکردەوە کە گەندەڵی، دزی، بێ قانوونی، بنەماڵەیی ئەوانە لە جێدا شتی نامۆ بوون، شتی غەریب بوون. ئەوەی کە بیستوومانە ئەوەیە کە بووەتە جێگای دەرس لێوەرگرتن بۆ ئەوڕۆی کوردستانی. ئێستا ئەگەر ئێمە بمانهەوێ سێ ڕووداوی گەورەی کوردستانی بە یەکەوە موقایەسە بکەین یەکیان کە کۆماری کوردستانە لە مەهاباد، یەکیان حکوومەتی سی ساڵەی باشووری کوردستانە، یەکیان ئەو دەسکەوتەی ئەو پێنج شەش ساڵەیە لە ڕۆژئاوای کوردستان پێک هاتووە. ئەگەر بێنین ئەوانە لە تەنیشت یەک دا بنێین موقایەسە بکەین ئەمن پێم وایە خەڵکی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستانێ زۆر بە باشی تێدەگەن مەسەلەکە چییە. ئەوەی کە لە باشووری کوردستانە تەنانەت دەسەڵاتداران بۆخۆیان هاوار دەکەن  کە دزی و گەندەڵی هەیە نەک خەڵک ئەی جا وەختێک کە  کار گەیشتە ئەو جێگایەی ئیدی هیچکەس باوەڕ و ئیعتیمادی بە ئەو حکوومەتە و بە ئەو سیستێمە نامێنێ. هەر وەکی کە باسمان کرد بەڵام لە  حکوومەتی کوردستان لە مەهاباد هیچکەس ئەسڵەن باسی دزی و گەندەڵی و شەڕی عەشیرەیی، هەرچەند ئەو زەمانی سەد لە سەدیش سیستێمی عەشیرەتی بوو لەو مەنتەقەی کە حکوومەتی کوردستانی تێدا دامەزرابوو و هەر وەها بێینە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەوە پێنج ساڵە هەتا ئێستا هیچکەس بۆنی ئەوەی نییە، فکری ئەوەی نییە کە دزی دەکرێ، کە گەندەڵی هەیە، کە ناعەداڵەتی هەیە. ئێستا دەبێ ڕیشەی ئەو مەسەلەیەی لە مقایەسەی ئەو سێ سیستێمانە دا ببینینەوە هەر سێکیان سیستێمی کوردایەتی بوون، سیستێمی کوردستان بوون بەڵام  لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد هەر لە دەسپێکەوە سیستێمێکی کوردستانی بوو، ئەتۆ فکری ئەوە بکەوە مەلا مستەفا کێشەیەکی لێ پەیدا بوو لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی و لەو لای لەگەڵ تورکییەی، هەڵات هات بۆ  ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنیان ئیحتیڕام گرت، چۆنیان خزمەت پێ کرد، چۆنیان مەسئوولییەت دایە. بەڵام ئێستا کە مقایەسەی دەکەی کە کوردەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان چۆنیان ڕەفتار لەگەڵ دەکەن ئیدی هەموو شتێک ڕوون دەبێتەوە. هەموو شتێک ئەتۆ هەر بزانی لە ڕۆژئاوای کوردستان  چونکە سیستێمێکی کوردستانی دامەزراوە لە هەموو پارچەکانی کوردستانی تێیدا بەشدارن، هەموو خزمەت دەکەن هەموو کار دەکەن لەوێ کار بە دەستی پسپۆڕی خۆیەتی بۆ؟ چونکە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش تێیدا بەشدارن. چونکە سیاسەتێکی کوردستانی بەڕێوە دەچێ، بەڵام بە داخەوە لە باشووری کوردستان ئەوە نەبوو، هەر لە دەسپێکەوە سیستێمی عەشیرەتی و سیستێمی بنەماڵەیی  هەبووە کە ئەوەش بۆخۆی سیستێمی دزێتی تێدایە، سیستێمی گەندەڵی تێدایە، سیستێمی خۆ فرۆشی تێدایە هەتا ئێستا پێشی پێ نەگیراوە و پێش پێ گرتنیشی زەحمەتە.

شوان مەریوان: باشە ڕێزدار حاجی ئەحمەدی ئێمە دەزانین کۆماری کوردستان یازدە مانگ و چەند ڕۆژێکی خایاند لە مەهاباد کە پایتەختەکەی بوو، ناوەندەکەی بوو. بە بڕوای ئێوە ئەگەر ئێستا چاوی لێ دەکەین هەڵبەت دەبێ هەلومەرجی ئەو کاتەش لەبەر چاو بگیرێت. هۆکاری چی بوو کە ئەو ئەزموونە دێمۆکڕاتیکە درێژەی نەکێشا ، بە هەموو ئەو تایبەتمەندیانەوە کە ئێوە باستان کرد.

حاجی ئەحمەدی: ڕاستە بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە هێزە هاوپەیمانەکانی دژی فاشیزم چەند کۆبوونەوەیان کرد لەو کۆبوونەوانە دا بڕیار درا ئێران بگیرێ نەکا ڕەزا شا لە بنەوە یارمەتی هیتلێری بدا. هەر لەو کۆبوونەوانە دا بڕیارێکی دیکەشیان دا ئەگەر فاشیزمی ئەڵمانێ شکا پاش شەش مانگان حکوومەتەکانی ناو ئەو هاوپەیمانییە کە لە ئێرانێ بوون لەوێ بکشێنەوە و ئێران دیسان بێتەوە سەر حاڵەتی ئازادی خۆی. کە ئێرانیان داگیر کرد و کە فاشیزم شکا دوایە ڕەزا شا ڕۆیشت ئێران کەوتە ژێر دەستی موتەفیقین ئیدی مەسەلەکە وای لێ هات فکریان لێ کردەوە پاش ئەوەی فاشیزم  ڕووخا  دەبێ پاش شەش مانگان ئێران چۆل بکرێ لەو هێزانەی موتەفیقین. بەڵام لە ڕاستیدا هێزی سۆڤیەت لەوێ هەر مابوو ساڵێکیش زیاتر لەو شەش مانگەی هەر لەوێ هەر ما. بەڵام لێرە دا خەڵک بە ناحەق، وەنەبێ ئەمن دیفاع لە سیستێمی سۆڤیەتی ئەو دەمی بکەم یا دەستگای ئەوێ نا بەڵام بڕیار درابوو لە کۆبوونەوەی موتەفیقین دا کە پاش شەش مانگان ئەوێ بەجێ بێڵن. بەڵام ئێستا ئێمە ئەوەی بڵێین باشە ئەو کۆماری کوردستانە کە ئەوەندە خۆشەویست ، و کە ئەوەندە مەحبووب و کە ئەوەندە جێگای شانازی یە لە سایەی وجوودی سۆڤیەت لەوێ ئەو سیستێمە پێک هات باشە بۆ سۆڤیەت دەبێ بێ هەم ئیمکانت بداتێ حکوومەت بە وجوود بێنێ، هەمیش بێ نانیشت بداتێ و ئاویشت بداتێ و بشت پارێزێ بۆ؟ ئەدی بۆ خۆمان، بەرپرسیارەتی خۆمان لە کوێ دەمێنێ؟  ئەوەیە کە بە داخەوە هەتا ئێستا تەجزیە و تەحلیلێکی عیلمی لە سەر ئەو مەسەلانە نەکراوە و ئەوە ڕەخنەیەکی زۆر گەورەیە لە سەر حیزبی دێمۆکڕات کە ئەوان دەبا پێشڕەوی ئەو مەسەلەیەی بانایە. تەنانەت بە زەمانی ئێمەش ئەمن بۆ خۆم  کە لە سەرانی حیزبی دێمۆکڕات بووم بەڵام ئەو دەمی موشکیلە هێندە زۆر بوو، شەڕمان بەسەر دا سەپا بوو وەختی ئەوەی نەبوو وەختەکەش زۆر کەم بوو. هەتا ئێستاش  دەبینین کە تەجزیە و تەحلیلێک نییە هەر ئەوەیە  زار بە زار هاتووە. هەر دەڵێن سۆڤیەت خەیانەتی بە کورد کرد و ستالین لە پشتەوە خەنجەری لێدا. ئەی باشە هیچ باسی ئەوەی ناکرێ کە ڕۆڵی جمهووری ئازەربایجان چ بوو کە ڕووخا. بە عەقیدەی من ڕۆڵی هەرە گەورە ئەوە بوو کە تەنیا هاوپەیمانی حکوومەتی کوردستان کە ئازەربایجان بوو، ئازەربایجان ڕووخا، باشە کوردستان پشتی بە کێ بەستبایە؟

شوان مەریوان: ئەی هۆکارە ناوخۆییەکان چ بوو ڕێزدار حاجی ئەحمەدی؟

حاجی ئەحمەدی: هۆکارە ناوخۆییەکان ئەوە بوو کە کۆمەڵگای کوردەواری ئامادەگی نەکرد بوو بۆ کارێکی ئاوا. ئامادەگییەکە چ بوو چونکە دوو لە سەدی خەڵکی ئەو مەنتەقەی کە کۆماری کوردستانی لێ بوو خوێندەوار بو. سیستێمیکی سەد لە سەد عەشیرەتی و بنەماڵەیی و ئاغا و ڕەعێتی بوو ئەی وەختێک کە لەو لای جمهووری ئازەربایجان ڕووخا، ئاغاوەت و سەرۆک عەشیرەت و ئەوانە زیندوو بوونەوە، ئەوانیش لە بنەوە دەستیان کرد بە پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی . ئەو جار کۆماری کوردستان لە باری ئابووریشەوە دەرامەدێکی نەبوو کۆماری کوردستان کە خۆی ڕابگرێ یانی هیچ عیلاجێکی دیکە نەبوو، جا ئەوە لە بەرنامەیەکی ئاوا کورت و بە پەلە دا ناکرێ تەحلیلێکی سەرتاسەر لە سەر ئەو مەسەلەی بکەی. ئەمن هیوادارم لەوەی بە دوا کە وردە وردە خەریک بن  هۆیەکانی وەدەر بخەن بۆ ئەوەی کە بتوانین ئێستا لەو دەسکەوتانەی ئەو دەمی کە چۆن بوون چ بوون کەلک وەربگرین.

شوان مەریوان: باشە ڕێزدار حاجی ئەحمەدی ئەو وانانەی کە ئێمە وەکوو کورد لە ئەزموونی دێمۆکڕاتیکی کۆماری کوردستان لە مەهاباد فیر بین چییە بە بڕوای ئێوە؟

حاجی ئەحمەدی: بە بڕوای من ئەوەیە کە هەر وەکی دە پێشدا کوتم ڕووحیەی کوردایەتی  و هەستی نەتەوایەتی  لە نێو هەموو پارچەکانی کوردستانی دا هەیە، هیچ پارچەیەکی کوردستانی نییە کە خاوەنی ئەو ڕووحییەی نەبێ. ئەوەی کە ئێستاکانێ فەرقی هەیە لەگەڵ ئەو دەمی ئەوەیە کە دەنێو ڕەهبەرانی ئەو حکوومەتانە دا نییە. لە نێو ڕەهبەرانی حکوومەتی باشووری کوردستان دا نییە. مەسڵەحەت و بەرژەوەندی کوردیان دەوێ بەڵام دە مەسڵەحەت و بەرژەوەندی خۆیان دا. نەک مەسڵەحەت و بەرژەوەندی خۆیان دە مەسڵەحەت و بەرژەوەندی کورد و کوردستان دا. مەسەلەی کوردستانیان لە بیر کردووە. مەسەلەی کوردستانی ئیدی لە باشووری کوردستان مەترەح نییە، معامەلەی پێوە دەکەن، توجاڕەتی پێوە دەکەن. بەڵام ئەوەش بۆ خۆی ماوەیەکە ئەمن پێم وا نییە ئەوە زۆر بکێشێ و گەلی کورد لە مێژووی خۆی ئیستیفادە بکا. یەکێک لە موشکیلە گەوەرەکانی کە ئێمە لە ٢١٦ ساڵ لەوە پێشەوە هەمانە بۆ جاری یەکەم کە عەبدولڕەحمان پاشا هەستاوە بە شێوەی چەکداری بۆ مافی گەلی کورد موبارەزەی کردووە، لەو دەمێوە هەتا ئێستا نزیکەی بیست و چەند شۆڕش کراوە بەڵام هیچ شۆڕشێک لە ئەزموونی پێش خۆی کەلکی وەرنەگرتووە، ئیستیفادەی نەکردووە هۆیەکەی چییە هۆیەکەی ئەوەیە ئێمە تاریخێکمان نییە، تاریخی ئەو سەرهەڵدانانە نینە. چۆن پێک هاتوون  هۆی چ بووە شکاون؟ ئێستاش کە ئێمە ئەوە باسی کۆماری کوردستان دەکەین هیچ مەدڕەکێکی ئاوامان دە دەست دانییە تەجزیە و  تەحلیلێکی عیلمی لە لایەن حیزبەکانەوە یان لە لایەن ڕووناکبیران، لە لایەن عالمانی گەلی کورد کە تەجزیە و تەحلیلێک کرا بێ ئەرێ چۆن بوو کە پێک هات، چۆن بوو کە ڕووخا؟ ئێستا ئەمن زەمانی خۆی کە شۆڕشی گەلانی ئێرانێ بوو زۆر جار لەگەڵ دوکتور قاسملووی ڕەحمەتی کە باسی ئەو مەسەلەمان دەکرد دەمگوت ئێمەش وەکوو ئەوانی دیکە دەبێ لە سیفر ڕا دەست پێ بکەین چونکە هیچمان نییە لە شۆڕشەکانی پێش خۆمان کە بتوانین کەلکیان لێ وەربگرین. ئێستاش ئەگەر ئەو مەسەلە کاری لە  سەر نەکرێ و زوو هەڵوێستی لە سەر نەگیرێ دیسانەکانە بۆ نەسلی دوای ئێمە هیچ شتێکمان نییە کە بۆیان بەجێ بێڵین کە ئیستیفادەی لێ بکەن. جا ئەوەیە من هیوادارم لە چینی ڕووناکبیر، نوخبەی سیاسی ئی نەتەوەیی نەک عەشیرەتی چونکە موشکیلەی کورد بووەتە قوربانی سەرکەوتنی نوخبەی عەشیرەتی بە سەر نوخبەی شار دا لە هەموو شۆڕشەکان دا ئەوە ڕووی داوە. لە هەموو شۆڕشەکاندا کە نوخبەی عەشیرەتی بە سەر نوخبەی شارستانی دا سەرکەوتووە. هەر لە شۆڕشی، شۆڕش کە ناتوانم بڵێم هەر لە سەرهەڵدانی بارزانی ڕا فکری لێ بکەنەوە ، لە وێدا نوخبەی عەشیرەتی سەر کەوت بە سەر نوخبەی شار دا کە برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی و پارتیی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاقێ بوون. بۆیە نەتیجەکەشی دیسان هەر ئاوای لێ هات، هەر بەو ڕێگایەی دا ڕۆیشت کە سەرهەڵدانەکانی دیکە پێی دا ڕۆیشتن و شکەستیان خوارد. جا من هیوادارم ئێستا ئیدی ڕووناکبیر زۆرە، نوخبە زۆرن، فەیلەسووف زۆرن، ئاکادێمیکێر زۆرن، مێژوونووس زۆرن کە ئیدی ئێمە پێش بەو نەقسەی بگرین کە لە مێژوو دا هەمان بووە، لەوەی بە دوا شتێکمان هەبێ هەمیشە بۆ نەسلی پاش خۆمان. ئەوە دوو نووسەری چێکۆسلۆڤاکی خراپ نابێ ئەگەر ئیجازە بدەی باسی وەی بکەم زۆر کورت. نێویان هانس زێلکا و زێگمووند بوو، لە پڕاگێ ڕا چوون بۆ کوردستان ماوەیەکی درێژ لەوێ مانەوە ئەگەر هاتنەوە کتێبێکیان نووسی بە نێوی " کوردستان" جا دەو کوردستانەی دا زۆر شتی موهیمی تێدایە ، دەو کتێبەی دا. یەکیان ئەوەیە بۆیەش باسی دەکەم دەڵێ کوردەکان هەر لەو شۆڕشە ڕا بە ئومێدی شۆڕشێکی دیکە دەژین یانی ئەو شۆڕشەی کە سازی دەکەن دەزانن شکەستێ دەخۆن  بەڵام بە ئومیدی شۆڕشێکی دیکە دەژین. بەڵام لەو شۆڕشانەش دا ئێمە لە هیچی شۆڕشەکانی پێش خۆمان ئیستیفادە نەکردووە. لە ئەزموونەکانمان ئیستیفادە نەکردووە. ئەوە کەمکاری زۆر گەورەی ئێمەیە هیوادارم ئیدی چی دیکە تیکرار نەبێتەوە.

شوان مەریوان: بەڕێز عەبدولڕەحمان حاجی ئەحمەدی ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دێمۆکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) سپاستان دەکەم  کە دەرفەتتان ڕەخساند و بەشداری بەرنامەی " ڕاڤە" ی  ئاریەن تیڤی بوون.

حاجی ئەحمەدی: ئەمنیش سپاسی ئێوە دەکەم.
 ======


شوان مەریوان
: بینەرانی خۆشەویست هەر وەکوو لە سەرەتاش دا ڕامگەیاند بۆ شرۆڤە کردنی زانستییانەی کۆماری کوردستان بە تایبەتیش لەمڕۆ دا کە ٧٥_مین ساڵوەگەڕی کۆماری کوردستانە لە مەهاباد پێوەندیمان کردووە بە بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباس وەلی کۆمەڵناسیی سیاسی و مامۆستای زانکۆ کە ئەم مژارە بە شێوەیەکی زانستییانە شرۆڤە و گفتوگۆ بکەین . ڕێزدار پرۆفێسۆر عەبباس وەلی ئەگەر دەنگی ئێمە دەبیسن سڵاو و ڕێزتان پێشکێش دەکەم.

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی: سڵاو و ڕێز. سڵاوم هەیە لە خزمەتی بینەرانتان

شوان مەریوان: بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباس وەلی ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی کۆماری کوردستان لە سەدەی بیستەم دا، لە سەدەیەک دا کە تێکۆشانی ڕزگاریخوازی گەلان لە زۆر شوێنان دا گەیشت بە سەرکەوتن و لە درێژەی ئەم سەدەیەش دا گەلی کورد، مرڤ دەتوانێ بڵێ پچڕ پچڕیش بووبێ، بەڵام بە بەردەوامی لە ناو تێکۆشان دا بووە بۆ ئازادی خۆی. پێگەی کۆماری کوردستان لە سەدەی بیستەمی کوردستان دا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

وەلی: دیارە کۆماری کوردستان دە مێژووی هاوچەرخی کورد هەر وەتر لە مێژووی کورد دا بە گشتی جێگایەکی تایبەتی هەیە، لەبەر ئەوەی کە ئەوەڵین ئەزموونی حوکمڕانی مۆدێڕنی کورد بووە، لە بەر ئەوەی کە لەگەڵ ئەمیر نشینەکانی پێشوو فەرقی زۆر هەبووە، و دیاردەیەکی مۆدێڕنی حوکمڕانی بووە، لەو بابەتەوە نوختەیەکی وەرچەرخانە، نوختەیەکی زۆر زۆر گرینگە  لە مێژووی کوردی دا. بەڵام ئەوەی کە کۆماری کوردستان چ بووە، لەوە دا ئیبهام هەیە بە باوەڕی من. ئەوەیە کە کۆماری کوردستان تەبیعەت و سروشتی سیاسی خۆی بە شێوەیەکی ڕوون دیاری نەکردووە. چونکە مەعلووم نەبووە ئەو کۆمارە وەدوای سەربەخۆیی سیاسی کوردان کەوتووە لە ئێران، لە ڕۆژهەڵات یا کۆمارێک بووە کە بە دوای مەسەلەی ئۆتۆنۆمی دا بووە؟
ئەو دوو چەمکانە هەر دووکیان لە گوتاری کۆماری کوردستان دا هەن. ئەمن لە نووسینەکانم دا بە دوورو درێژی باسی ئەو  ئیبهامەم کردووە، و هەلومەرجەکانم گێڕاوەتەوە. بەڵام ئیبهامەکە بۆخۆی دەرسێکی گەورە دەدا بە ئێمە کە ئەگەر باسی ئەو بەشە لە گوتارەکانی کۆماری کوردستان بکەین کە ئەو هەستە بە ئینسانی دەدا کە ئەوە کۆمارێکە کە وەدوای مەسەلەی سەربەخۆیی کوردی کەوتووە ئەوە بۆخۆی دەرسێکی تایبەتی دەدا بە ئێمە . و لەو بەشانەش دا کە  باسی ئەوە دەکەن کە کۆماری کوردستان دەیەوێ لە چوارچێوەی حاکمییەتی نەتەوەیی ئێرانێ دا وەکوو کۆمارێکی ئۆتۆنۆم بمێنێتەوە، جا ئەوەش دەرسێکی تایبەتیمان دەداتێ بۆ خۆی. ئەو گرفتە تایبەتمەندی کۆمارییە بەو شێوەیەی لە ئێرانێ دامەزرا. لەو هەلومەرجەی ئێران دا دامەزرا.
کۆماری کوردستان لە هەلومەرجێکی تایبەتی نێونەتەوەیی، ناوچەیی و هەر وەتر ناوخۆیی ئێرانێ دا دامەزرا. سێ قەیرانی زۆر گرینگ تێکەڵ ببوون نەتیجەی ئەوەی ئەوە بوو کە ئەو کۆمارە کە دامەزرا نەیتوانی نە سەقامێکی تەشکیلاتی زۆر گرینگ بە خۆی بگرێ، و نە توانی ناسێنەیەکی زۆر ڕوون و موشەخەس لە خۆی بەجێ بێڵێ. ئەمن باسی ئەو سێ قەیرانەم کرد کە پێکەوە تێکەڵ ببوون، کە هەر سێکیشیان ڕیشەیان لە شەڕی دووەمی جیهانی دا بوو وەزعی ئێرانێ و وەزعی ناوچەیی و وەزعی گشت سیاسەتی نێونەتەوەیی ئەوە ئەو ئیبهامەی هێناوەتە پێشێ کە کۆمار شتێک بووە  کە ڕووسان لە ئێرانێ دایانمەزراندووە و ئەوە لە نووسراوەکانی ئەو کەسانە دا هەیە کە بە دژی کۆمار قسەیان کردووە، بە تایبەتی ئێرانیان، تورکان ئەوانە گوتوویانە کە ئەوە دیاردەیەک بووە کە  ڕووسان دروستیان کردووە. ئەگەر بە دیقەت تەماشای ئەو ئەسناد و بەڵگانەی بکەین کە بۆ ئێمە ماونەتەوە دروستە لەو دەمی دا ئەڕتەشی سووری لەو بەشەی کوردستانێ دا بوو و لەوێ بوو و حاکمییەتی دەکرد و نەی دەهێشت کە ئەڕتەشی ئێرانێ بگەڕێتەوە و لەوێ بەربەستێکی دروست کرد بوو  کە لە پشت ئەو بەربەستەی  کۆماری کوردستان دروست کرا، بەڵام  لە جێدا دەبێ دیقەت بکەین کە ڕووسان هیچ مەیلی ئەوەیان نەبوو کە حکوومەتێکی کوردی دروست بکرێ  و وەختێکیش کە کۆمار ڕاگەیێندرا وەک دەگوترێ ڕووسەکان لەگەڵ کارێکی کە کرابوو ڕووبەڕوو هاتن، بە هیچ جۆر ئەوەیان پێ خۆش نەبوو، ئەوەی ڕووسان دەیانەویست ئەوە بوو ئەوان نەیاندەویست لەو هەلومەرجەی کە لە گۆڕێ دابوو کێشەیەکی ئەوتۆ لەگەڵ ئینگلیستان و ئەمریکایە بێتە پێشێ ئەوە یەک، نەیاندەویست لەگەڵ تورکیا تووشی کێشە ببن  ئەوە دوو و لەمەڕ سیاسەتی ناوخۆی ئێرانێش دا ئەوان ئامانجی دیکەیان هەبوو، ئامانجی ئابووری و سیاسی  دیکەیان هەبوو کە ئەوە لەگەڵ  دروست کردنی کۆمار لە کوردستانی ئێران  یەکی نەدەگرتەوە. بۆیە کاتێک لە ٢٢-ی ژانوییەی ١٩٤٦ کۆمار ڕاگەیێندرا، لە ٢-ی ڕێبەنانی ١٣٢٤ ئەوە کێشەیەکی بۆ ڕووسان دروست کرد. ئامانجی ڕووسان ئەوە بوو و هەمیشە شەخسی قازیی محەمەدیان هان دەدا، تەشویقیان دەکرد کە ببێتە بەشێک لە حکوومەتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان کە لە تەورێزێ دروستی کرد بوو و ئەوە شتێک بوو کە کوردەکان بەشی زۆری رێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئەوەیان قبووڵ نەدەکرد. ئەوە پلانی ڕووسان بوو، ڕووسان ئەوەیان دەویست و دە ئاخریشدا لە موزاکەرات لەگەڵ ئێرانیش دا، ئێرانیش چون ئاگای لەو وەزعەی بوو  دەقیقەن هەر ئەو جۆرە لە مەسەلەکە نزیک بووەوە. یانی خودی قەواموسەلتەنە و موزەفەری فیرووز کە لەگەڵ پیشەوەری دانیشتن و ڕێکەوتنێکیان کرد لەو ڕێکەوتنە دا کە باسی ئۆتۆنۆمی ئازەربایجان و هەلومەرجی ئۆتۆنۆمی ئازەربایجان دەکرێ تەنێ لە مادەیەک دا باسی کوردستان دەکرێ، ئەویش لەبەر ئەوە بوو کە سیاسەتی حکوومەتی مەرکەزی ئەوە بوو دەقیقەن لە مەنتقی سیاسەتی ڕووسان تێ گەیشتبوو  و دەیگوت ئەمن لەگەڵ ئازەربایجان و کوردستان بە جیاواز دانانیشم قسان بکەم، ئەمن ئەو دوانە لێک دەبەستمەوە پێکەوە موزاکەرەیان لەگەڵ دەکەم. دەقیقەن ئەوەشی دەزانی ئەوە شتێک نییە کوردستان قبووڵی بکا. ئازەربایجان پێی خۆش بوو بەڵام ئازەربایجان و کوردستان ئیختیلافاتیان زۆر بوو لە سەر ئورمییەی، لە سەر سەڵماس، لە سەر خۆی و کوردستان موشکیلەی ئەساسی لەگەڵ حکوومەتی ئازەربایجان هەبوو. بۆیە قەوام دەیزانی کە ئیتیفاق و ئیتیحادێکی ئاوا سەر ناگرێ. ڕووسانیش بە تایبەتی لە جێدا ئەوەیان پێ خۆش نەبوو، ئەوەش با بڵێم لە دوایە نامەکانی ستالینیش کە دەرکەوت، لەو نووسراوانەی ستالینی دا ئەو دەقیقەن باسی وەزعی کوردستان  لە نوقتە نەزەری خۆیەوە یانی مارکسیزمێکی میکانیکییەوە تەماشای مەسەلەی کوردستان  و مەسەلەی میللی لە کوردستانێ دەکا، دەڵێ ئێستا کۆمەڵگایەکە کە لە هەلومەرجی عەشیرەتی و فێئۆدالی دایە  بۆ ئەوەی نابێ کە باسی سەربەخۆیی و دانانی حکوومەتی میللی بکا. ئەوانیش ئاوایان دەدی جا بۆیە ئەگەر تەماشای بەڵگەکانی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی بریتانیا بکەین بۆ ئەو سەردەمە، ئینگلیسییەکانیش  ئەو دەمی تەواو دڵنیا بوون کە ستالین نایەوێ لە ئێرانێ حکوومەتی کوردی دروست کا. ئەوەیان چەندین جاران گوت و چەندین جار بە ئەمریکاییەکانیشیان گوت و دڵنیا بوون کە ستالین عەلاقەیەکی بەو شتە نییە، ڕووسان نایانەوێ دروستی کەن. ئەگەر دروستیان کرد بایە بۆ ئەوان ئازەربایجان زۆر زۆر گرینگتر بوو. چونکە سەرۆکایەتی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان بەشی زۆریان مارکسیستی ئەوتۆ بوون کە لە ڕووسیا پەروەردەیان دیتبوو، بەرنامەی مارکسیستی تایبەتیان هەبوو و ڕووسان متمانەیان بە وان هەبوو و هەر وەتر ئەوەی کە ئازەربایجانی شیمالی بەشێک لە جمهووریەکانی شووڕەوی بوو. بۆیە دروست کردنی حکوومەتێک لەوێ بۆ ستالین و  حکوومەتی ستالینیستی سۆڤیەتێ  لەو دەمی دا زۆر ڕاحەتتر بوو، بەڵام ئەگەر بێمە سەر مەسەلەی  ئەساسی.
ئەڕتەشی سوور لە مانگی مەی ١٩٤٦ لە ئێران دەرکەوت، کۆماریش لە ١٥-ی دیسامبری ١٩٤٦ ڕووخا یانی  حەوت مانگ پاش دەرچوونی ئەڕتەشی شووڕەوی. بەڵام دە ماوەی ئەو حەوت مانگە دا حکوومەتی کۆمار دەوامی هێنا. هۆیەکەی ئەوە بوو بنەمایەکی لەوێ دامەزرابوو هەڵدەسووڕا و دروستە کە پشتیوانی خەڵکیشی هەبوو بەڵام شتی ئەساسیش لەوێ هەبوو. کۆمار لە ئەوەڵ و تا ئاخری بوونی دیاردەیەکی زۆر شاری بوو، بە هێج جۆر ئەوەی کە کاری سیاسی، کاری ئەوەی کە هەستی کۆمەڵایەتی و هەستی نەتەوایەتی لە لادێی لە ناو وەرزێران دا پێک بێنن لە بەرنامەی کۆمار دا نەبوو. هێزی نیزامی کۆماری ئەگەر ٣٠٠٠ هەزار بوو کە دروستی کرد بوو، بەڵام هێزی ئەساسی نیزامی کۆمار لە ڕاستی دا هێزی سوارەی ئاغاوەت بوو. ئاغاوەتیش بەشێکی زۆر کەمیان بە شێوەیەکی سادقانە لەگەڵ کۆماری بوون، ئەوانی دیکە لە کۆمار دەترسان لە پێوەندی نزیکی کۆمار لەگەڵ ڕووسان دەترسان، لە کۆمۆنیزمی دەترسان، لەوەی کە کۆماریش وەکوو فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان وەکوو حکوومەتی ئازەربایجان  دەست بکا بە ئیسلاحاتی ئەرزی و موڵکی خاوەنمولکان لە ناو وەرزێران دا دابەش بکا، لەوە زۆر دەترسان بۆیە بەشی زۆری ئەوانە وەکوو ئەمەرخانی شکاک و چەند کەسی دیکە لە سەرانی سەرەکی عەشیرەتەکانی ڕۆژهەڵات پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ تاران هەر پاراست و کاتێک  کۆمار لە حاڵی ڕووخان دا بوو ئەوان پشتیان بەتاڵ کرد. ئەگەر قازیی محەمەد لەگەڵ ئەڕتەشی ئێرانێ کە دەهاتە مەهابادێ یانی پێش ئەوەی بێتە ناو شاری چوو لە میاندواو لەگەڵیان دانیشت و قسەیان کرد، سوڵحی کرد و شاری تەسلیمی وان کرد لە بەر ئەوە بوو کە دەیزانی ئەساسەن پشتی بەتاڵە، پشتی جەبهە هیچی تێدا نەماوە، عەشیرەتەکان خاڵیان کردووە، هەر وەتر جەماعەتێکیش لە خودی شاری دا کە لە وەزعی کۆماری بە تایبەتی لە پێوەندی کۆماری لەگەڵ ڕووسیای شووڕەوی و هەر وەها  لە نموونەی ئازەربایجان و ئەو جۆرەی کە هێزی فیرقەی دێمۆکڕات لە ئازەربایجان ئیسلاحاتی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی کردبوو و لەوە دەترسان  واتە چینی خاوەنموڵک – بازرگان  ئەوانە لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی ڕێک کەوتن و ئەوانە لە پشت سەری حکوومەتی مەرکەزی بوون و دژایەتیان لەگەڵ کۆمار کرد. واتە هەلوێستی ئاغاوەت و هەڵوێستی تاجرەکان  و فێئۆدالەکان و هەر وەها بەشێکیش  لە مەلایانی ئایینی هەلوێستی ئەوانە لە ڕووخانی کۆمار دا زۆر زۆر گرینگ بوو.

شوان مەریوان: بەڕێز پرۆفێسۆر وەلی بێگومان پرسیاری دیکەمان هەبوو لە خزمەتتان دا، ئێوە بە بەرفراوانی شرۆڤەتان کرد و هێندێک دەرفەتی بەرنامەکەشمان کورتە وەکوو دوایین پرسیار دەمەوێ ئەوە لە خزمەت جەنابتان گەڵاڵە بکەم ئەویش ئەوەیە چەندە گرینگە ئێمە وەکوو کورد بە شێوەیەکی زانستیانە خەسارناسی  کۆماری کوردستان بکەین و لە هەمان کاتدا بە بڕوای ئێوە پەند و ئەزموونەکان لە کۆماری کوردستان چییە بۆ ڕۆژی ئەمڕۆمان؟

وەلی:  بە باوەڕی من کۆمار چ بە شێوەی کۆمارێکی کە پڕۆگرامێکی سەربەخۆیی هەبووە، چ  کۆمار وەکوو تەشکیلاتێکی سیاسی کە بەرنامەی ئۆتۆنۆمی هەبووە دەرسی زۆر گرینگ بە ئێمە دەدا. بە تایبەتی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی ئەویش ئەوەیە ئەگەر هێزێکی کوردی دەیەوێ بەرنامەیەکی ئۆتۆنۆمی بەڕێوە بەرێ مەنتقی بەرنامەی ئۆتۆنۆمی نەوعی پێوەندییەکەی لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی یە. ئەگەر هێزێکی کوردی، ئەگەر ڕێکخراوێکی کوردی وەکوو کۆمار یان وەکوو ئەوەی کە ئێستا لە ڕۆژئاوا هەیە یان تەنانەت ئەوەی کە لە باشوور هەیە ژیانی ئەوانە لە سەر مەنتق و معادەلەیەک داندراوە ئەویش سوڵحی موسەلەحە. هەتا ئەو دەمەی کە ئەو ڕێکخراوە کوردیانە، وەک کۆمار، وەک باشوور یا وەک ڕۆژئاوا بتوانن ئەو سوڵحی موسەلەحە بە قازانجی خۆیان، لە بەرژەوەندی خۆیان بپارێزن دەوام دێنن دەنا لە وڵاتی وەکوو ئێران، عێڕاق  و سووریا کە ئیمکانی پێک هاتنی حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیکی ئەسیل زۆر کەمە سیستێمی ئاوا بە بێ ئەوەی کە هێزێکی نیزامی زۆر بەهێزی لە پشت سەری بێ ناتوانێ دەوام بێنێ. ئەوە مەسەلەیەکی ئەساسی یە، ئەو دەرسەمان لە کۆماری وەرگرتووە، ئەوەمان چەندین جاران لە شکان و ڕووخانی  ئۆتۆنۆمی لە باشووری دیوە،لە ڕۆژئاواش ئەلئانەکە ئەوەی دەبینین. مەسەلەی ئەساسی هەر پڕۆگڕامێکی ئۆتۆنۆمی دە چوارچێوەی حاکمییەتی میللی ئەو دەوڵەتانەی کە تێیدا دەژین مەسەلەی نیزامی سیاسی یە. بۆیە ئەوە لە سەر معادەلەیەک بە ناوی سوڵحی موسەلەح ڕاوەستاوە، هەتا ئەو جێگایەی لەو سولحی موسەلەحە دا، ئەگەر تەعادولی هێز بە قازانجی کوردان بێ لە ڕووی نیزامییەوە ئەو سوڵحی موسەلەحە درێژە دەکێشێ، دەوامی دەبێ تا ئەو کاتەی کە حکوومەتی مەرکەزی لاواز بێ، تا ئەو کاتەی لە مەرکەز حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک نەبێ بە باوەڕی من ئەو پڕۆژانەی ئۆتۆنۆمی لەسەر ئەو معادەلەی سوڵحی موسەلەح ڕاوەستاون و دەبێ زۆر لە سەر ئەو بابەتە دیقەت بکەن.

شوان مەریوان: ڕێزدار پرۆفێسۆر عەبباس وەلی، لە کۆتاییدا لە ٧٥-مین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆماری کوردستان دا شتێک کە بە گرینگی بزانن بۆ ئێمە و بۆ بینەرانی باس بکەن فەرموو.

وەلی: بە باوەڕی من ئەوەی کە کۆمار کردی زۆر گرینگ بوو. کۆمار هیچ داهاتی نەبوو، کۆمار هیچ پشتیوانی نەبوو، بۆ ئەوەی کە ڕادیۆیەک دابنێ ناچار بوو بەرهەمی توتنی یەکساڵی پێش فرۆش بکا  بە ئەڕتەشی سوور بۆ ئەوەی پارەی بێتە دەستی. ئەوە بەراوەرد بکەن  لەگەڵ وەزعی باشووری ئێستا. کۆمار هیچی نەبوو بەڵام کۆمار زۆر شتی دروست کرد بە پاڵپشتی خەڵکی خۆی، بە ڕێگای حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک کە هەیبوو و ئەوە زۆر زۆر گرینگ بوو، هەر داهاتێکی کە کۆمار هەیبوو بریتی بوو لەو ماڵیاتەی کە لە خەڵکیان وەردەگرت. بە باوەڕی من گەورەترین قسەی کە یەک نەفەر لە سیاسەتی کۆمار دا کردوویەتی ئەویش قسەیەکی کاک ئەحمەد عیلمی ڕەئیسی ماڵیە بوو کە گوتی " ماڵیات ڕووحی میللەتە ".  ئەوە زۆر زۆر قسەیەکی مۆدێڕنە چونکە حکوومەتی مۆدێڕن ئەگەر بییەوێ خەڵک پاڵپشتی بێ، دەبێ حیساب و کیتابیشی لەگەڵ خەڵک بێ. ئەگەر حیساب و کیتابی لەگەڵ خەڵک بێ ئەو دەمی کێشەی گەندەڵی وەکوو ڕانتی نەفتی نییە. ئەوە زۆر زۆر گرینگە بە باوەڕی من کۆمار لەو بابەتەوە دەبێ زۆر ڕێزی لێ بگیرێ کە ئەساسی حکوومەتێکی دانا، ئەگەرچی ڕووخا بەڵام نموونەی حکوومەتێکی مۆدێڕنی بە بنەمای دێمۆکڕاتیک بە کوردان نیشان دا. ئەوە وەکوو سپێهرێکە، وەکوو ئاسمانێکە کە هەر ڕۆشنبیرێکی کورد، هەر چالاکێکی سیاسی کورد، هەر کەسێکی کە دەیەوێ تەماشای مەسەلەی کوردی بکا، لە هەر ڕوانگەیەکەوە کە پێی خۆش بێ دەبێ ئەوەی لەبەر چاو بێ کە ئەگەر دۆزی کورد سەربگرێ تەنیا و تەنیا دەتوانێ لە سەر بنەمای دێمۆکڕاتیک و بە پاڵپشتی خەڵکی خۆی بێ.

شوان مەریوان: پرۆفێسۆر عەبباس وەلی کۆمەڵناسیی سیاسی و مامۆستای زانکۆ زۆر سپاستان دەکەم کە دەرفەتتان ڕەخساند و بەشداری بەرنامەی  "ڕاڤە" ی ئاریەن تیڤی بوون. هیوادارم بتوانین لە دەرفەتێکی دیکە دا ئەم مژارە زیاتر لەگەڵ بەڕێزتان شرۆڤە بکەین . زۆر زۆر سپاس بۆ ئەم ئێوارەیە.

وەلی: ئەمنیش سپاسوو دەکەم، سپاس لەنگۆ و لە بینەرانتان

شوان مەریوان: زۆر سپاس، بینەرانی خۆشەویستی ئاریەن تیڤی بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمشەوی ڕاڤەش، هیوادارم جێگای سوود و ڕەزامەندی بوو بێ. بێگومان ڕاستە کۆماری کوردستان یازدە مانگ بەرخوەدانی کرد و ڕووخا بەڵام ئەو نرخە دێمۆکڕاتیکانەی کە کۆماری لە سەر دامەزرێندران  و ئافرێندران ئەمڕۆ بە شێوەیەکی جودا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ئارا دایە، بۆ ئەوەی کە ئەزموونی ڕۆژئاوا بپارێزرێ وخاوەندارێتی لێ بکرێ لە هەموو کاتێک زیاتر گرینگە بە ڕووحی یەکێتیی نەتەوەییەوە ئێمە خاوەنداری لە دەسکەوتەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان و تەنانەت لە سەانسەر کوردستانیش دا بکەین. بەم بۆنەیەوە گرینگە پێداچوونەوە بە خۆمان دا بکەین لەم ساڵڕۆژە دا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەزموونی تاڵی وەکوو ڕووخان لە مێژوو دا دووبارە نەبێتەوە و بە سەر ئێمە دا نەیێت. هەتا لە بەرنامەیەکی دیکە دەگەینەوە خزمەتتان ماڵتان ئاوا و شەوتان باش.       

======
بەرنامەی ڕاوێژ، پێنجشەمە  ٢١/ ١/ ٢٠٢١ / ٢-ڕێبەندانی ١٣٩٩
تێلێڤیزیۆنی ستێرک
٢-ی ڕێبەندان ٧٥- مین ساڵڕۆژی کۆماری کوردستان لە مەهاباد
بارودۆخی ئەدەبییات لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا

هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور هاشم ئەحمەدزادە


حەسەن قازی
: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە ٧٥ ساڵ لەمەوپێش لە ڕۆژی ٢-ی ڕێبەندانی ١٣٢٤-ی هەتاوی کە ئەو ساڵە سێشەمەیەک بوو بەرانبەر بە ٢٢-ی ژانڤییەی ١٩٤٦ لە مەیدانی چوار چرای مەهاباد جمهووری کوردستان ڕاگەیێندرا. هەرچەند ئەو جمهوورییە دا نەساپا و نەیتوانی ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێ بەڵام ڕەمز و سەمبولەکانی، ڕێنوێنییەکانی  بۆ ئێمە هەتا ئێستاش ماوەتەوە. ئێمە لەم بەرنامە تایبەتییە دا زیاتر لە سەر لایەنی  پێشوەچوونی بواری ئەدەبی لە سەردەمی جمهووری کوردستان دا لەگەڵ بەڕێز دوکتور هاشم ئەحمەدزادە قسە دەکەین بەڵام پێم خۆشە ئاماژەیەکیش بکەم.
دیارە کۆماری کوردستان ٧٥ ساڵ لەمەوپێش دامەزراوە، بەڵام ٢٥ ساڵ یانی چارەکە سەدەیەکیشە کە تێلێڤیزیۆنە کوردییەکانی کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بەرنامەیان پێشکێش دەکرد و دەکەن  بە شێوەیەکی بەردەوام  هەموو ساڵێ بیرەوەری ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان کردووەتەوە  و لە مێد تیڤییەوە دەستی پێکرد بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٩٦  زۆر باشم لە بیرە  کە بە بەشداری پارتیی کرێکارانی کوردستان و حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و هەر وەها کەسایەتی وەک نەمر مەحموود مەلاعێزەت یەک لە مێژوو نووسانی کۆماری کوردستان، مامۆستا عەبباس وەلی، مامۆستا عومەر شێخمووس، مامۆستا عەلی کەریمی، حوسین کورد نەژاد و دوکتور هاشم ئەحمەدزادە سێمینارێکی زۆر گەورە لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو کە مێد تیڤی ڕاستە و ڕاست بڵاوی کردەوە. مەبەستم ئەوەیە کە لە ماوەی ئەو ٢٥ ساڵە دا بێ ناوبەر لە تێلێڤیزیۆنە جۆر بەجۆرەکانی کوردی لە هەندەران و لەوانە  ستێرک تیڤی یادی ئەو ڕۆژە پیرۆز کراوە و حەول دراوە ئەو بڕگە گرینگە لە مێژووی سیاسی گەلی کورد لە زەینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دا بە زیندوویی ڕابگیرێ. بەڕێز دوکتور هاشم ئەحمەدزادە زۆر زۆر بەخێر بێی.
دوکتور هاشم ئەحمەد زادە : زۆر زۆر سپاس کاک حەسەن
قازی: پێم خۆش بوو لە سەرەتاوە پێش ئەوەی بچینە ناو باسەکەمان بەڕێزیشت بە چەند وشەیەک باسی گرینگیی ٢-ی ڕێبەندان بکەی فەرموو
ئەحمەد زادە: سەرەتا سپاس بۆ ئێوە و بۆ تێلێڤیزیۆنی ستێرک پێم خۆشە لێرەوە بە بۆنەی ٢-ی ڕێبەندان و حەفتا و پێنجەمین ساڵی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پیرۆزبایی خۆم لە هەموو نەتەوەکەم، نەتەوەی کورد بکەم لە هەر جێیەکی ئەم دونیایە هەن بە تایبەتی ئەوانەی لە کوردستانن. لە ڕاستیدا ٢-ی ڕێبەندان نەک یەک لە بۆنە گەورەکان، گەورەترین بۆنەی نەتەوەیی کوردانە کە دوای حەفتاوپێنج ساڵ هێشتاش دە بارانی دا هەیە کە قسەی لە سەر بکەین، لە ئەزموونەکانی فێر بین، خەسارناسی بکەین، کەموکووڕییەکانی لێکدەینەوە و هیوادارم لەم بەرنامەیە دا، لە ماوەیەی ئەم گفتوگۆیە کە لەگەڵ جەنابتانمان هەیە بتوانین ڕووناکییەک، تیشکێک بخەینە سەر لایەنێکی گرینگی ژیانی سیاسی و کولتووری ئەدەبی کۆماری کوردستان.
قازی: ئێستا بێینە سەر مژاری سەرەکی بەرنامەکەمان ئەویش ئاوڕدانەوەیەکە لە بار ودۆخی ئەدەبی لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا. کاتێک دەڵێین سەردەمی کۆماری کوردستان، دیارە ماوەی پێش ڕاگەیاندنی کۆماریش دەگرێتەوە چونکە دەزانین وەختێک کە کۆمار ڕاگەیێندرا لە ٢-ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ پێش ئەوە زۆر حازری کرا بوو و بەتایبەتی لە ماوەی ساڵی ١٩٤٥-ی زایینی دا، وەک کردنەوەی خوێندنگەی کوردی، کۆ کردنەوەی منداڵانی بێ دایو باب و لەبەر خوێندن نانیان دەستی پێ کرد و لە هاوێنی ساڵی ١٩٤٣ شەوە وابزانم نزیکەی زیاتر لە ساڵێک گۆڤاری نیشتمان بڵاو کراوە و پێش ئەوەش وەک لێکۆڵینەوە نیشانی داوە یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوان ساڵی ١٩١٢ – ١٩١٦ لە سابڵاغ لە لایەن میسیۆنی لووتێری  ڕا بڵاو کراوەتەوە. دیارە ناگەینەوە وێ بەڵام پێم خۆش بوو کە باسی ئەدەبی کوردی و گەشەو نەشەی ئەدەبی کوردی لە سەرەتای سەروبەندی کۆمار دا بەتایبەتی لە " نیشتمان " ڕا دەست پێ بکەی.
ئەحمەد زادە: لە ڕاستیدا کاک حەسەن من پێم خۆشە بەر لەوەی کە لە سەر ئەو فاکتانەی کە بەڕێزت تا ڕادەیەک بە دروستی ئاماژەت پێ کرد و چەند لایەنی دیکەش هەیە کە دەکرێ لێیان زیاد بکەین، بۆ ئەوەی کە چوارچێوەیەک داڕێژین بۆ باسەکەمان بۆ ئەوەی کە کۆنتێکستێک [ کۆ دەقێک ] بدەین بە باسەکەمان، باس لەوە بکەین کە ڕۆڵ و گرینگی ئەدەب لە خەمڵاندن و بیچم پێدانی  ناسنامەی نەتەوەیی چییە و لەم چوارچێوەیە دا بزانین لە ئەزموونی کۆماری کوردستان و ساڵانی پێش وی و دواتر وەکوو میراتێک کە بۆ ئێمەی بەجێ هێشت  چ کراوە، چ نەکراوە؟ لەم ڕوانگەیە من دەتوانم بڵێم بە پێچەوانەی بڵێین هەتاکوو سەرەتاکانی سەدەی بیستەم  و ئەو بۆچوونانەی کە لە ئاستی هزری و تیوریکەوە هەبوون، لە سەدەی بیست دا بە بەرفراوانی لە  کۆڕ و کۆمەڵی ئەدەبی، تیوری زانکۆکاندا جەخت لە سەر کارتێکەری سەرەکی، بە ڕاستی بڕیاردەری ئەدەب و کار و کردەوەی ئەدەبی لە سەر خەمڵاندن و بڵێین بیچم پێدانی زەینییەتی نەتەوەیی کراوە. بە مەعنایەکی دیکە لە سەر ئەوەی کە ئێمە کێین، ئێمە وەک قەوارەیەکی دیاریکراو لە جوغرافاییەکی دیاریکراو دا نەک هەر وەک کورد، هەر نەتەوەیەک یان لە هەر سەرزەمینێکی دیکە دا  گرینگ ئەوەیە کە ئەدەبییات و خولقاندنی زەینییەتێک کە ئێمە لەوانیدیکە جیا بکاتەوە، ناسنامەیەکمان پێ ببەخشێ ئەدەبییاتە.
لە سەدەی بیست دا دەکرێ باسی بە دەیان تیوریسیەنی گەورە بکەین کە لە سەر ئەو مەسەلەیە جەختیان کردووەتەوە. یانی ئەگەر ڕۆژگارێک باس لە سەر هەلومەرجی بەرچاو، ئابجێکتیڤ، عەینی دەکرا بۆ دەستپێک و پەرەگرتن و سەرهەڵدانی شۆڕشێک لە هەلومەرجی هەموو سەد ساڵی بیستەم دا بە تایبەتی لە  ١٩٦٠ ەکان بەم لایەوە بەردەوام  هاتوون جەختیان لە سەر ئەوە کردووە کە پارسەنگی هەلومەرجی بەرچاو، ئابجێکتیڤ، عەینی ژێرخانی ئابووری جێی خۆی دا بە شێوەیەک لە شێوەکان بە ئەوەی کە قەدیم پێیان دەگوت سەرخان، پێیان دەگوت کولتوور، پێیان دەگوت ئەدەبییات. یانی تەنانەت ئەو کەسانەی بۆ نموونە لە چوارچێوەی نەریتی مارکسیستیش دا کاریان دەکرد ئەو فۆرموولەی پێشێیان تا ڕادەیەک پێ کێشەدار بوو کە ئێمە بن خانێکمان هەیە، ژێرخانێکمان هەیە و دوایە کولتوورێک کە ئەدەبییات بەشێک لەوێ یە  دەتوانێ ئەنجامی ئەم ژێرخانە بێ، بەڵکوو هاتن گوتیان ناسنامەی ئێمە و کەسایەتی ئێمە و بۆچوونی ئێمە و جیابوونەوەی ئێمە لە باری زەینییەوە لەوانیدیکە دروست هەر ئەو شتانەن کە دونیای خەیاڵی، دونیای ئازادی زەین دەیدا بە ئێمە. یانی چی یانی بۆ نموونە ئەوەی کە لە شێعرەکاندا، لە ڕۆمانەکاندا، لە ڕۆژنامەکاندا تاجێیەک کەسێک لە سەرەتاکانی  سەدەی بیست، لە بیستەکان، سییەکان، چلەکان تەنانەت تا پەنجاکانیش قسەی لە ئەندازیاریی نەتەوەیی کە دەکرد مارشاڵ مەکلوهانی کانادایی [
Marshall Mcluhan  [ دەیگوت ئەدیبان وشاعیران و ئەوانە ئەندازیارانی نەتەوەن و دوای ویش کەسانی دیکەش عەینی ئەو قسەیان کردووەتەوە بەڵام بە زەرافەتێکی زیاتر بە تیوریگەلێکی زیاتر یانی تەنانەت لە ئاستی بڵێین ئەگەر وڵاتێک وڵاتێک داگیر بکا، یا ئەگەر دەوڵەتێک بییەوێ بەسەر هاووڵاتیانی خۆیدا حوکم بکا دوو ئامرازی لازمە ئامرازێکی سەرکوتکەرانە وەکوو زیندان و پۆلیس و جەیش و سەرباز و ئەوانە، ئامرازێکی دیکەشی لازمە کە ئامرازی ئیدێئۆلۆژییە، ئامرازی نەرمی هیدایەت کردنی زەینە. یانی بۆ نموونە ئەوە ئەگەر لە ئالتوسری دا چاو لێ بکەین، لە گڕامشی دا چاو لێ بکەین، ئەم زەینییەتە، ئەم حاڵەتە زەینییە کە ساز دەکرێ کە دەبێ ڕێنوێنی من بێ  لە بەرانبەر هێزی کە بە سەر مندا حوکم دەکا لە ڕاستیدا شتێک نییە جگە لەوەی کە ئەدەبییات و زەینی ئێمە بەرهەمی دێنێ.
لەو ڕوانگەیە دا دیسیپلینێک لە ڕۆژئاوا دا بە تایبەتی  لەو بریتانیایە ساز بوو کە بە دیسپلینی کولتوورناسی یان فەرهەنگناسی نێوبانگی دەرکردووە کە لە زانکۆی بیرمێنگهام لە شێستەکان پەرەی گرت و کەسانێک هاتن شێوە جۆراجۆرەکانی کولتووریان شی کردەوە، من لێرە دا دەمەوێ بە یەک لەوانە ئاماژە بکەم  بۆ ئەوەی کە دەروازەی باسەکە بکەینەوە. کەسێک بە نێوی ڕەیمۆند ویلیامس
Raymond Williams   لە چەندین کتێب دا بە تایبەتی لە کتێبێک دا بە ناوی شۆڕشی دوور و درێژ Long Revolution  باس لەوە دەکا کە ئێمە وەختێک دەست دەدەین بە کارێک، لە کۆمەڵگایەکدا هەین ئەگەر هێشتا ئازاد نەبووینە فەرهەنگێک، کولتوورێک بە سەر ئێمە دا زاڵە کە ئەو وەک  dominant culture نێوی لێ دەبا. بۆ نموونە ئەگەر ئێمە سەردەمی ساڵانی پێش کۆمار چاو لێ بکەین و لە زەمانی ڕەزا خان را بۆ نموونە، لە سەدەی بیستەم ڕا بێینە سەر ئەوەی کە چییان بە سەر ئەو میللەتەی هێنا فەرهەنگێک لە تاران ڕا بڵێین لە ناوەند ڕا خەتیک بوو کاری بۆ دەکرا کە فەرهەنگی سازکردنی نەتەوەی ئێرانی یە. دە وەیدا هەموو پێکهاتەکانی ئەو جوغرافیایە، کە جوغرافیایەکی بەربڵاوە و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێک لەو جوغرافیایەی بوو دەبا لە ژێر ئەم کولتوورە دا با و لە ڕاستیدا هەبوو، یانی فەرهەنگی زاڵی ڕەزا خانی، ناسیۆنالیزمی ئێرانی بە چوارچێوە و تایبەتمەندییەکانی خۆی. ئێستا لە ١٩٤٠ ەکاندا لە بەشێک لە کوردستان دا، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئێمە ئێستا ئەمڕۆ باسی دەکەین بزووتنەوەیەک ساز دەبێ کە ئەم بزووتنەوەیە لە ئەساس دا ئەنجامی کۆمەڵێک گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە هەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە و دیاریکراوتر لە ١٩٢٠ ەکان، ١٩٣٠ یەکان ڕا کە تێیدا لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان چینێکی مامناوەندی  تازە دێتە ئاراوە کە ئەم چینە هەم ڕۆڵ و کارتێکەری ئابووری خۆی هەیە، کۆمەڵایەتی خۆی هەیە و هەمیش زمان و زێهنییەتی خۆی هەیە.  و ئەو زمان و زەینییەتە لە ڕاستیدا وەکوو ئالدوس هاکسلی Aldous Huxley دەڵێ لە زەینی شاعیران و نووسەران دا دێ دوایە خۆی دەگوێزێتەوە بۆ چی؟ بۆ داڕشتنی زەینییەتێک کە ئێمە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ دا پێی دەڵێین زەینییەتی نەتەوەیی.
جا ئێمە ئەگەر چاو لێ بکەین لە چوارچێوەی کوردستانی گەورە دا بە داخەوە میراسێکی کارتێکەری بەرچاوی ئەو جوورە لە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئەو دەمی دا نەبوو کە بۆ وێنە لە ١٩٤٠ەکاندا کە شەڕی جیهانی دووەم لە ئارا دایە بەشێک لە وڵانی ئێران کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەگرێتەوە لە لایەن ڕووسەکانەوە یان سۆڤیەتی ئەو دەمی داگیر کراوە و جۆرێک لە بۆشایی دەسەڵات دێتە پێشێ کە لەم بۆشایی دەسەڵات دا لە بەشێک لە کوردستان کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە ئێلیتیکی کورد کە هەم ئێلیتی کۆمەڵایەتی و هەم ئێلیتی سیاسی و هەم ئێلیتی فەرهەنگییە  قسەی هەیە بۆ کردن. ئەم ئێلیتە هەر لە " سەیفولقوزات " وە کە شێعرەکانی دەست پێ دەکا و لە کۆڕ و کۆمەڵی کوردی ئەو دەمی دا یەکتر دەبینن و کارتێکەریان دەبێ ئەمڕۆ ئەگەر ئێمە وەکوو دەق چاویان لێ دەکەین جیاوازییەکی سەرەکی هەیە لە شێعری کوردی تەنانەت هەر لە چوارچێوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیست سی ساڵ لە پێش خۆی، چل ساڵ لە پێش خۆی کە بۆ وێنە دە وەفایی دا دەناسرێتەوە یانی زمان سادەتر دەبێتەوە، زمانی ئەو خەڵکەیە کە هەر لە کۆماری کوردستان دا ڕۆژنامەی " کوردستان" ی  دوایە پێ دەردەکرێ و تێیدا کۆمەڵێک ئامانج و کۆمەڵێک تەنانەت دروشم؛ دروشمی ئازاد بوون، دروشمی سەربەخۆیی، دروشمی سەربەستی لە شێعرەکانی بۆ وێنە " سەیفوقوزات" ی دێتە ئاراوە کە ئەمە چاندنی تۆوێکە کە لە کۆمەڵەی ژێکاف دا و لە گۆواری " نیشتمان"  دا لەو پەڕی خۆیدا خۆی دەنوێنێ. ئەمن کە باسی پێشینەم کرد کوتم لە باری  ڕۆژنامەگەرییەوە ئێمە ئەگەر لە ١٩٢٢ چاو لێ بکەین ئەزموونێکی زۆر کورت لە ورمێ هەمانبووە عەبدولڕەزاق بەدرخان یا ئەوەی کە بە " ڕۆژی کورد " بە ناو بووە. کە یەک دوو ژمارەی ئەگەر بە شێوەیەکی ..، یا لە خۆیە یا دواتر لە ئورومییە
قازی: ڕۆژنامەی " کورد " ی زەمانی سمکۆ ئێستا سێ ژمارەی دۆزراوەتەوە سەرنووسەرەکەی ڕەحمەتی محەمەد تورجانی زادە بووە و هەر وەها محەمەد جەماڵەدین حەکاری  تێیدا نووسیوە، ئەو تێکۆشەرێکی خەڵکی باکووری کوردستان بووە و لە ورمێ قازیی سمکۆ بووە. هەتا ئێستا سێ ژمارەی بەدەستەوەیە. بەڵام  ئاماژەت کرد بەو  شێعرەی " سەیفولقوزات" کە باسی هاتنی جەیشی سوور دەکا، و دواتر لە شێعری هەژاریش دا ئەوە هەیە یانی بە گشتی ئەو دەمی شاعیرانی کورد، ئەدیبانی کورد  پێشوازییان لە پشتیوانی سۆڤیەت کردووە بۆ داوخوازە نەتەوەییەکان. لە شێعرەکەی سەیف دا بەراوەردێکیشی کردووە لەگەڵ وەزعی ئازەربایجان. دەزانین کاتێک کە گۆواری " نیشتمان" بڵاو بووەتەوە کاردانەوەی زۆر توند بە دژی هەبووە جا لە بەر ئەوەیە سەیف باسی ئەوە دەکا بۆچی لە تەورێز ڕۆژنامە بە تورکی ئازادە بەڵام دژایەتییەکی ئاوا توندی نیشتمان دەکرێ. پێم خۆش بوو ئێستا کە لایەنی تیوری باسەکەت هێنا گۆڕێ هێندێک گرێی بدەیەوە بە چاپەمەنییەکانی سەردەمی کۆمار جا دوایە دەگەینە سەر کەسایەتییەکانیش.

ئەحمەد زادە: لەو پێوەندییەی دا کاک حەسەن دەکرێ ئاماژە بە شتێکی دیکەش بکەین ئەویش هەوەی جەنابت گوتت لە مەڕ هەبوونی هێزەکانی سۆڤیەتی پێشوو لەوێ. ئەمە لە کۆڕ و کۆمەڵی غەیری کوردی دا هەمیشە بووەتە بیانوویەک بۆ ئەوەی کە بڵێن ئەوەی لە ئازەربایجان ڕوویداوە، ئەوەی کە لە کوردستان ڕوویدا شتێک نییە جگە لە کارتێکەری و دەستتێوەردانی ڕووسەکان یان شووڕەوییەکانی ئەو دەمی. من لێرە دا دەمەوێ زۆر بە شێنەیی و زۆر بە ڕاشکاوی بڵێم ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە یانی هەبوونی ئەو هێزانە لەوێ دەتوانن یارمەتیدەر بوو بن بۆ وەی کە ئێمە لایەنێکی ئەوەی کە ڕوویدا لێک بدەینەوە. بەڵام هەر ئەو ئاماژانەی کە ئێمە بە ڕۆژنامانی دەکەین و تازە هاوتەریب لەگەڵ ئەوەی، ئەمە لە ئاستی کورد بوونەوە ، لە سییەکان ڕا، لە ١٩٣٠ یەکان ڕا هاوتەریب لەگەڵ ئەوەی کە دوایە دەبێتە " سەیفولقوزات " و لە چلەکاندا لە ١٩٤٣ لە گۆواری
" نیشتمان" دا ڕەنگ دەداتەوە تۆ لە ڕۆژئاوای کوردستانی ئەمڕۆ دا، کە کوردستانی سووریایە جەلادەت بەدرخان و ئەوانت هەیە کە گۆوار دەر دەکەن، "ڕووناهی" دەردەکەن، "هاوار "دەردەکەن، ئەلف بێ دادەنێن و پێشتر تەنانەت لە چوارچێوەی میراتی کولتووری دا بۆ کوردان هەر لە سالی ١٨٩٨- ی دا کە گۆواری " کوردستان" لە میسرێش دەرچووە کارتێکەری ئەملا و ئەولا بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سەر خەمڵاندنی ئەو زەینییەتەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا لە چلەکان ئەوج دەگرێ و لە کۆمەڵەی ژێکاف دا خۆی دەنوێنێ و هاوکاری تایبەتی ڕووناکبیرانی باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێیدا ڕەنگ دەداتەوە لە وتارەکانیان دا هەر لەو دەمیش دا بە تایبەتی لە ١٩٣٩- ی ڕادەبینین هەتا ١٩٤٩- ی لە باشووری کوردستان و لە بەغدا، دروستترە بڵێین لە سلێمانی، لە نەزەری ئیدارییەوە لە بەغدا داوا کراوە، " گەلاوێژ" دەردەچێ بە پێشەنگی مامۆستا برایم ئەحمەد و سەرنووسەری مامۆستا عەلائەدین سوجادی ئەوانە هەموو بە شێوەیەک لە شێوەکان سەرمایەی کولتووری/ فەرهەنگی بۆ کوردان هەن بەڵام ئەگەر زۆر تایبەتمەند لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوەی کە لە کۆماری کوردستان و  ئەوەی کە لە دەور و بەری موکریان ڕوویدا قسە بکەین دەتوانین بڵێین ترۆپکی ئەوانە لە گۆواری
" نیشتمان" دایە. و هەر لەو سەروبەندەش دایە کە لایەنێکی دیکەی کاری هونەری، کە یەکجار گرینگە لە نەزەر کولتوور و فەرهەنگەوە شانۆیە کە شانۆی " دایکی نیشتمان " ە و لەم شانۆیە دا ڕووحی نەتەوەیی و لە جێدا ئەوەی کە دەچێتە سەر ستەیج و لە چەند شاری دیکەش دووپات دەبێتەوە بە تەواوی مەعنا بەرپەرچی ئەم قسانە دەداتەوە کە ئەوانە سۆڤیەتییەکان سازیان کردووە. تۆ لەم شانۆیە دا پرسی کوردستانی گەورە دەبینی، پرسی ئەوەی کە داگیرکەران هاتوون،کوردستانیان لە نێوان خۆیان دا بەش کردووە، پرسی هەوڵی دایکی نیشتمان دەبینی هەر ئەو ناوە دایکی نیشتمان تەنانەت ئەم ناوە لە گۆوار، گۆواری " نیشتمان " لە لایەن کۆمەڵەی ژێکافەوە ئەوە نیشان دەدا کە زەینییەتێک هەیە ئیرادەیەک هەیە و لە ڕاستیدا بزووتنەوەی نەتەوەیی و خەمڵاندنی نەتەوەیەک و ئەو پڕۆسەیەی کە لە دیاردەی ناسیۆنالیزم دا دەگوزرێ بۆ گەیشتن بە ئامانجی ساز کردنی نەتەوەیەک شتێک نییە جگە لەو چەمکانە. شتێک نییە جگە لە چەمکی نیشتمان، شتێک نییە جگە لە ئافراندن و خولقاندنی ئەوەی کە پێی دەکوترێ نەتەوە. لە بەر ئەوەی ئەگەر ئێستا ئێمە لە بواری مێژووییەوە چاو لێ بکەین زۆر زۆر گرینگە لە قوتابخانە هزرییەکانی بڵێین شیستەکان و حەفتاکان دا لە ئەمریکا بۆ نموونە قوتابخانەیەک سەری هەڵدا بە نێوی مێژوو خوازی نوێ
new historicism   کەسی وەکوو گرین بلات Greenblatt کە تێیدا نەک ئەوەی کە ئێمە بە کتێبی مێژوویی، بە بەڵگەی مێژوویی دەیناسین بەڵکوو بە هەر بەرهەمێکی هونەری و ئەدەبی و ڕۆژنامەیی  دەتوانین بۆ  لێکدانەوەی ئەوەی کە لەو سەردەمی دا چ دەگوزرا کەلک وەرگرین. یانی بە مانایەک لە ماناکان مێژوو دەبێ بە دەق و دەق دەبێ بە مێژوو یانی دەق لایەنی مێژوویی وەردەگرێ و مێژوو لایەنی دەقێتی وەردەگرێ.
دروست بارتەقای ئەم قوتابخانەیە کە مێژووخوازی نوێ یە نیو هیستۆریستزمە، لە بریتانیا
cultural materialism یان ماتریالیزمی کولتووری/ فەرهەنگی رەینۆڵد ویلیامسی سەر هەڵدەدا کە دروست هەمانە بەڵام بە تێبینییەکی  زیاتر هەوڵدان بۆ کردنەوەی کۆمەڵێک فاکتۆر لە نێو ئەوانە دا فاکتۆری چینایەتی و فاکتۆری ناسنامەیی جا بەو پێیە ئێمە لە ژمارەکانی گۆواری " نیشتمان" دا دەتوانین زۆر بە ئاسانی ئەو حەول و ئیرادەیەی ئەو دەمی ببینین. ببینین کە خەڵکانێک هەن، هەر وەک باسم کرد لە شانۆی " دایکی نیشتمان" یش دا دەتوانی ئەوەی ببینی و لە کۆمەڵێک هەوڵی دیکەش دا. وەکی دیکەش کە زۆر گرینگە و ماکەی ئەو قسانەیە کە ئەمن دەیکەم هەوڵی زمانە. لە ڕاستیدا ئەو بەرهەمە ئەدەبییانە، ئەم ڕۆژنامە نووسییە  و جورنالیزم وەکوو بەردی بناغەی تەنانەت ئەو بەرهەمە هونەرییانەی کە ئێمە باسیان دەکەین وەکوو شێعر و دوایە وەکوو گێڕانەوە و ئەوانە زمانە کە بە خۆشییەوە بە ئاگاییەکی زۆر، بە وەستاییەکی زۆر، بە تێبینییەکی زۆر، بە دەرک و تێگەیشتن لە پێداویستی مەسەلەکەی بابەتی زمانە کە پێیەوە چاراوە زۆر بە دروستی. یانی لە ڕۆژنامەی " کوردستان " لە ژمارەی یەک دا ئێمە حوکمی سەریحی ڕێوەبەرایەتی بە تایبەتی شەخسی پێشەوامان هەیە بۆ خوێندنی بە تۆبزی یانی خەڵکان ئاگادار دەکەنەوە کە ئەوانەی لە تەمەنی خوێندن دان دەبێ بێن لە قوتابخانەکان/ خوێندنگەکان بخوێنن و لەوەش گرینگتر بە زمانی کوردی بخوێنن.

قازی: یانی بە شێوەیەک دەکرێ بگوترێ کە ئەو ئاگادارییە کە لایەن معاونی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ڕەحمەتی محەمەد تەها زادە ( ئەیووبیانی مەرکەزی) یەکێک لە معاونەکانی سەرۆکی حیزب یانی پێشەوا قازیی محەمەدوە لە ڕۆژنامەی کوردسان دا بڵاو کراوەتەوە دەکرێ وەکوو قەراری بەڕێوەبەری دابندرێ کە ئێستا لە ئەمریکا دوێنێ بایدن ژمارەیەکی زۆر قەراری ئاوای دەرکرد. لە بەر ئەوەی پارڵمانێک نەبووە بە قەراری بەڕێوەبەریی ڕەسمییەت بە زمانی کوردی دراوە و دەکرێ ئەو ئاگادارییە بکەینە مەرجەعێک کە بە پێی ئەوە زمانی کوردی ڕەسمییەتی پێ دراوە و گرینگتر لە هەمووش لەو بڕیارنامەیە دا گوتراوە کە کچ و کوڕ دەبێ بچنە مەدرەسە. لە ئاخرەکەش دا ئەوە تۆبزی کراوە و گوتراوە ئەگەر دایکوبابێک دەست بگێڕێتەوە لە ناردنی منداڵیان بۆ مەدرەسە کە لە تەمەنی خوێندن دابن تەنبێ دەکرێن.
ئەحمەد زادە: هەم ئەوە و هەم لایەنێکی دیکەی بەڵگەییش ئەو بیرەوەرییانەن کە کەسانێک کە ئێستا بە خۆشییەوە لە ژیاندا ماون ئەو دەمی مێرد منداڵ بوونە لە خوێندنگەکان بوونە جوان جوان لە بیریانە، تەنانەت گرینگی دان بە خوێندنگەکان جۆرێک بووە کە شەخسی پێشەوا کە ڕێبەرایەتی و سەرۆک کۆمار بووە نامە و نامەنیگاری کردووە لەگەڵ مامۆستایان، مامۆستایانی ژن بۆ نموونە کە بێنەوە لە خوێندنگەکانی مەهاباد (سابڵاغ) دەرس بڵێنەوە. بۆ خۆی سەردانی مەدرەسەکانی کردووە. بۆ نموونە ئەمن لە بیرەوەرییەکانی مامۆستا مەلا ڕەسووڵی پێشنەماز دا دەمخوێندەوە کە بۆ خۆی لە مەدرەسە بووە ئەو دەمی تەمەنی ١٠- ١١ ساڵانە بووە  جوان جوان لە بیرێتی کە پێشەوا قازیی محەمەد سەردانی مەدرەسەکانی کردووە. و ئەمە یەکجار گرینگە ئەمن دوایەکانێ ئەگەر وەخت هەبێ و بمانەوێ بە شێوەیەک لە شێوەکان باسی سەرتۆپی ئەو ئەزموونانە بکەین و ئەوەی کە لە هەلومەرجێکی دیکە دا لە بەشێکی دیکەی کوردستان دا کە هەلومەرجی خوێندن بە کوردی ڕەخساوە چەندە گرینگی دراوە بەو مەسەلەیە بەڕاستی مرۆ دەکرێ یەکجار زۆر ئەوەی وەکوو ئۆلگوویەک  وەکوو نموونەیەک دابنێ کە سەرۆک کۆمار بۆ خۆی سەردانی خوێندنگەکان بکا و لەگەڵ قوتابییەکان قسە بکا  و سەرەڕای دەستەنگی و سەرەڕای نەبوونی ئیمکانات و ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە نەکاو لە ماوەی دوو سێ ساڵ دا ئەو هەلومەرجە وا بڕەخسێ کە تۆ لەو خوێندنگایانە دا بە کوردی دەرس دابدەی، بە کوردی مامۆستا پەروەردە بکەی ئەوەندە خوێندنگەکان کتێبیان هەبێ یەکجار کاری گرینگ کراون وەکوو پاڕادایمێک دەتوانێ خۆی نیشان بدا.

قازی: کاک هاشم مومکینە بە شێوەی بەربڵاو هەموو کوردستان و هەموو گوند و ئاوەدانی نەگرتبێتەوە بەڵام هەر ئەوەی کە لە جێیەکی وەکوو سابڵاغ، لە جێیەکی وەکوو بۆکان، لە جێیەکی وەکوو شنۆ، نەغەدە ئەو جێگایانە  بەڕێوەچووە هەروەکوو دەفەرمووی خۆی لە خۆیدا ئەو ئەهەمییەتە نیشان دەدا. لایەنێکی دیکەی کە گرینگە دەزانی کە لە شاری سابڵاغ کەمایەتییەکی یەهوودی (کەلیمی) هەبووە کە ئەوانیش ئیجازەیان دراوەتێ مەدرەسەیان هەبێ بە زمانی خۆیان، یانی بۆ ژمارەیەکی کەمی شاگردی کەلیمی کە لەوێ هەبوون. ڕەنگە بە زمانی ئارامی نوێ خوندبێتیان. پێم وا نییە لەو سەردەمە دا بە عیبری بوو بێ.

ئەحمەد زادە: بێگومان ئەوە لە ئاستێکی دیکەش دا جێگای سەرنجە کە ئەو نەتەوانەی کە لە دراوسێی کۆمار دا بوونە بۆ نموونە ئازەرییەکان و ئەگەر بە پێی ئەو پەیماننامە و ئەو بڕیارانەی کە دروان لە جوغڕافیای کۆماری کوردستان دا ئەگەر ئازەری هەبن دەتوانن بە زمانی خۆیان بخوێنن و هەوڵیان داوە ئەو مافە لە جوغرافیای کۆماری ئازەربایجانیش دا بچەسپێنن کە ئەگەر لە شوێنێکی جوغرافیای ئەواندا کوردەکان هەبن عەینی ئەو مافەیان هەبێ. ئەمە ڕەنگە بەداخەوە لە بەر کورت بوونی تەمەنی کۆمار و هەر ئەو جۆرە کۆماری دێمۆکڕاتیکی ئازەربایجانیش ئەم ویستە، ئەم خواستە زۆر خۆی نیشان نەدا.

قازی: دیارە ئازەربایجان کۆمار نەبووە وەک حکوومەتی میللی ناوی خۆی دەربڕیوە.

ئەحمەدزادە: بەڵێ ئەمن لێرە بە سەهوەن ئەو وشەیەم بەکار برد خۆ ئەگەر لە ڕاستییەکەیدا قسە بکەین  خودی ئی ئێمەش بە ناوی کۆمار نەبووە. یانی کەلیمەی کۆمار لەو کەلیمانەیە  کە  من پێم وایە رەئی شەخسی خۆم وایە زۆری وەدوا کەوتووم لە ئەسناد دا نییە.
قازی: وشەی کۆمار نییە، بەڵام جمهووری هەیە. جمهووری کوردستان هەیە. لە سەر هێندێک تابڵۆ نووسراوە دەوڵەتی جمهوری کوردستان، لە زۆر جێگا لە ئەسنادیش دا هەیە و دواتر ڕاست دەکەی کە لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی بە هاوبەشی لەگەڵ ئازەربایجان موزاکەرات دەستی پێ کردووە لەو بەڵگەیەی دا کە لەمەڕ داوخوازە هاوبەشەکانە و یان لە پەیماننامەی نێوان ئازەربایجان و کوردستان لەوێدا وەکوو حکوومەتی میللی کوردستان باسی لێوە کراوە. بەڵام هەرچۆنێک بێ گوتنی جمهووری تەواو لە جێی خۆیدایە چونکە لایەنێکی سەمبۆلیکی هەیە و لە کوردستان بە پێچەوانەی ئازەربایجان ڕەئیس جمهوور هەبووە، سەرۆک جمهوور هەبووە و تایتڵ / عینوانی پێشەوا قازیی محەمەد سەرۆک جمهووری کوردستان بووە و تەنانەت بەخشنامە هەیە کە لە ڕۆژنامەی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە و لەوێدا داوا لە هەموو ئیدارات و دەزگا حکوومەتییەکان دەکرێ دەبێ ئەو عینوانە بەکار بهێندرێ، بەڵام ئەوە ڕاستە دوای ئەوەی کە موزاکەڕات لەگەڵ حکوومەتی مەرکەزی دەستی پێکردووە تەنێ وەکوو سەرۆکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان باس لە پێشەوا کراوە.

ئەحمەد زادە: ئەوانە هەموو جێگای تێبینین هەموو ڕاستن  و دەکرێ هەر ئەو نەرمییە لە چاوپێکەوتنەکانیان دا هەم لەگەڵ کاربەدەستانی ئازەربایجانی لە تەورێز و هەم لە تاران جۆرێک لە ڕێنوێنی بن بۆ ئەوەی کە ئێمە لە باری سیاسییەوە دەتوانین لێی فێر بین. یانی تۆ لە هەلومەجێکی زۆر هەستیار دا بتوانی  لە بەرابەر ئازەربایجان دا و لە بەرابەر ئێران دا وردە فەرهەنگێک، فەرهەنگێکی زاڵتر فەرهەنگێک / کولتوورێکی کوردی بخولقێنی و هەوڵی بۆ بدەی ئەمە جۆرێک لە بوێرێتی تێدا بووە.

قازی: کاک هاشم بە داخەوە وەخت زۆر زوو دەروا پێم خۆشبوو  هەرچەند بە کورتیش بێ بگەینە دوو بابەتی دیکەش  ئەویش ئەوەیە کە  باسی دەوری کەسان بکەی لە ئاڕاستە کردنی ئەدەبی کوردی دا بۆ وێنە کەسانی وەکوو هەژار و هێمن دەوریان چ بووە یان خاڵەمین، ئاوات، حەقیقی و ئەوانە. هەم لە خەمڵاندنی ئەدەبییات و هەم لە خەمڵاندنی ناسێنەی کوردی؟  تکایە بە کورتی بۆ ئەوەی بە بابەتەکی دیکەش ڕابگەین.

ئەحمەد زادە: کاک حەسەن ئەگەر بمانەوێ مافی خۆی بدەین بەو باسە و گرینگی ئەو چەند ساڵە لە کوردستان لە بەر چاو بگرین کە بە تایبەتی لە ژێکافەوە لە ١٩٤٢ و ١٩٤٣ وە هاتە پێشێ، چونکە دەزانین پێشەوا ئەندامی ژێکاف بووە و لە ژێکاف دا کەسایەتی زۆر بە ناو و دەنگ و گرینگ هەبوونە کە زۆر جەختیان لە سەر گرینگی کاری فەرهەنگی و ناسنامە کردووەتەوە. بە خۆشییەوە بەشێک لەوانە ئێستاش لە هەگبەی کولتووری کوردان دا ناویان هەر هەیە بەڵام دەمەوێ بڵێم هەر لە ١٩٢٠ەکان ئەگەر چاو لێکەی.

قازی: دیارە لە ناو ئەو ناوانەدا کە ئەمن گوتم دەبوو حەسەن قزڵجی و عەبدولڕەحمان زەبیحی شی لێ زیاد کەم  لە بیرم نەبوو داوای لێ بوردن دەکەم لە بینەران.

ئەحمەدزادە: گرینگییەکەی لەوەی دایە شتێک لە باسی ئەدەبی دا هەمیشە هەبووە پاترۆناژ یان پاترۆنەیج ئەگەر ئەدیبێک، شاعیرێک هەلومەرجەکەی گونجاو نەبێ  لە باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەوەوە دەتوانێ کارێکی شاعیرانەی جوان بکا بەڵام ئەم ڕۆڵەی کە لازمە بۆ نەتەوە ساز کردن بیبینێ ناتوانێ بیبینێ. بۆ وێنە ئەگەر ئێمە چاو لە حوزنی موکریانی بکەین یا گیوی موکریانی بکەین  دوو برا یان دایک برا لە مەنتەقەی سەقزی ڕا، بە تایبەتی حوزنی وڵات نەماوە نەیکا یانی لە حەڵەبێ ڕا بیگرە میسر و شام و عێڕاق و ڕووسیا و چی ئاخری ئەوەی کە لە " چێشتی مجێور" دا مامۆستا هەژار باسی دەکا بە هەژاری و بێ نێوی لە بەغدایە فەوت دەکا و دواتر مامۆستا هەژار لە بیرەوەرییەکانی دا دەڵێ کە چوون لە سەر قەبران بینێژن دەڵێ هەر ئەو و تەنیا کەسێکی دیکە بووە کە بۆی گریام. ئەتۆ ئەگەر ئەوەی بێنی لە سەر گیویش تا ڕادەیەک ڕاستە بەڵام کە دێینە سەر هێمن و هەژار بۆ نموونە یان حەقیقی و ئاوات و خاڵە مین و بە تایبەتی  هێمن و هەژار ئەوەمان لە بیر بێ هەر لەو سەردەمی دا نازناوی شاعیری نەتەوەییان دەدەنێ. ئەو بەڵگانەی کە هەن، ئەم وێنانەی کە هەن
قازی
: لێرە ئیستێک بگرین، کاک هاشم ئەو مەسەلەی نازناوی میللی دە ڕاستیدا دەبێ پێوەندی بدەیەوە بە کۆمەڵەی ژێکاف. چونکە لە کۆمەڵەی ژێکاف دا کەسانێک کە ئەندام بوون بیجگەلە ناوی حەقیقی خۆیان ناوی دیکەشیان هەبووە و هەرکەس نێوێکی هەبووە و ژمارەیەکی هەبوو . پیتی هەوەڵی ناو و پاشناو، نازناو، ژمارە و ڕەمزی ئەو لقەی کۆمەڵە کە تێیدا ئەندام بووە وەک ع.ش. هەژار ٢٠ یان م.ش. هێمن. ناوی هەژار و هێمن ئی سەردەمی کۆمەڵەی ژێکافە. و دواتر وا قەبووڵ کراوە کە ئەوە ناوی شاعیری میللی سەردەمی کۆماری کوردستان بێ بەڵام ئەو ناوانە لە زەمانی کۆمەڵەی ژێکاف ڕا هەبووە.

ئەحمەد زادە: بێ گومان، بێ گومان هەر ئەوان نین، ڕەوتێک ڕەنگە بارتەقای وەی لە شێعری نوێی فارسیش دا هەیە. هەژار، هێمن ئەو وێنەیەی کە عەرزم دەکردی کە باسی بکەین زۆر گرینگە لەملاو ئەو لای پێشەوا دانیشتوون و کۆمەڵێک ئەفسەر و نیزامی لە پشتەوەیان ڕاوەستاون ئەوە وەکوو ئەوەی وایە کە ئێستا سەرۆک کۆماری هەر وڵاتێک شاعیرانی وڵاتی خۆی بێنێ لە دەستی ڕاست و چەپی خۆی دانێ و نیزامییەکان، دەسەڵاتدارەکان بخاتە ڕیزی پشتەوەی خۆی. ئەمە مانایەکی سەمبۆلیکی هەیە، مەعنایەکی ڕەمزی یەکجار گرینگی هەیە کە بە خۆشییەوە هەم ئەو دەمی دەرکی پێ کراوە و هەمیش دواتر جۆرێک بەردی بناغەی لە ئاستی کەسایەتیشەوە، هاوڕێیەتی داناوە کە بێ وێنەیە. بۆ نموونە ئێمە ئەگەر هەر پێوەندی ئەو سێ شاعیرەی کە باسم کردن کە نێوی هەر سێکیشیان بە پیتی ‌ [ هێ] دەست پێ دەکا هێدی، هەژار، هێمن چاو لێ بکەین ئەوانە لە باری  سیاسییەوە بە تایبەتی هەژار و هێمن ، ڕەنگە هەژار و هێدی نزیکتر بووبن، زۆر نزیکی سیاسییان نییە تەنانەت جۆرێک خوێندنەوەی جیاوازیان لە سیاسەت هەیە بەڵام هەتا ئاخری عومریان لە باری ئەدەبی و شێعری و هاواڵەتییەوە وەفادارن بە یەک.
قازی: ئەوە بە نیسبەت زەبیحی و بە نیسبەت قزڵجی ش هەر وایە.

ئەحمەد زادە: جا ئەوە ئەمن باسی شاعیرەکان دەکەم بەڵام مامۆستا قزڵجی ئەوە زۆر زۆر گرینگە. مامۆستا قزڵجی بە ڕاست دەبێ بە شێوەیەکی دیکەشی باس بکەین. ئەویش ئەوەیە کە مامۆستا قزڵجی بە جۆرێک لە جۆرەکان ڤێرشۆن یان نوسخەی مۆدێرنتری  ئەم شاعیرانەیە لە سەر دەمی نوێ دا لە نەتەوەی دەبەستنەوە ئەویش نووسینی پەخشانە، نووسینی گێڕانەوەیە و هاوکاریشێتی لەگەڵ ئەوانە. ئەگەر ئەتۆ چاو لێ بکەی مامۆستا قزڵجی بۆ شێعری ئەو شاعیرانە پێشەکی دەنووسێ، بۆ کارە ئەدەبییەکانیان و دواتر کە کتێبەکانی چاپ دەبێ هەر ئەو دەمیش لە ڕۆژنامەی کوردستانیش دا وتاری هەیە تۆ هەم وەکوو زمان، هەم وەکوو ئەو بۆچوونە وردەی کە هەیەتی لە ئاستی پێویستی فەرهەنگی نەتەوەیی جوان جوان ڕەنگدانەوەی لە زمانەکەی دا دەبینی. و دوور بوونەوەشی و دوور کەوتنەوەشی  و ساڵانی دەربەدەریشی لە وڵاتانی دیکەش سەرەڕای بیر و فەلسەفەی جیاوازی سیاسی لە گرینگی ئەو مەسەلەی لە زەینی وی دا کەم نەکردەوە. هەمیشە وەفادار ماوە بەو مەسەلەی و هەمیشە  بە چیرۆکەکانی توانی ئەگەر وەخت هەبێ باس بکەین ڕەگێکی گێڕانەوەیی دابکوتێ لە چوارچێوەی گێڕانەوەی کوردی دا کە بیست، سی، چل، پەنجا ساڵ دواتر لە گێڕانەوەی کوردی دا وەشوێنی دەکەون، دەرسی لێ فێر دەبن و هەوڵ دەدەن لاسای بکەنەوە یا بە قۆناغێک لە قۆناغەکانی گێڕانەوەیی کوردی ناوزەد بکرێ.

قازی: باشە باسی پەخشانمان کرد لە پێوەندی لەگەڵ ڕەحمەتی حەسەنی قزڵجی دەبێ باسی عەبدولڕەحمان زەبیحی ش بکەین چونکە دەزانین عەبدولڕەحمان زەبیحی وەکوو گەڕێنەندەی گۆواری " نیشتمان"، یانی ئەو نۆ ژمارەیەی کە بە دەستەوەیە وەک دەردەکەوێ بەشێکی زۆری نووسینەکانی گۆوارەکە یا خۆی نووسیویەتی یان وەرگێڕانی وییە ویەک شتی کە زۆر چاوڕاکێشە ئەگەر جەنابت لە ڕووی بەراوەردکارییەوە تەماشای بکەی دەبینی کە نووسینەکانی، مەبەستم لە ڕووی زمانییەوەیە، نووسینەکانی " نیشتمان" مۆرکی موکریانی بوونی کەمتر پێوەیە واتە تەئسیری کوردیی بابانی، کوردیی سڵێمانی تێدایە بەڵام ئەگەر موقایەسەی بکەین لەگەڵ ئەو ژمارانەی  " کوردستان"  کە بە دەستەوەن لە باری زمانییەوە نیشتمان پاراوترە. نەزەری بەڕێزت لەو بارەیەوە چۆنە؟

ئەحمەد زادە:  لە سەر ئەو بابەتەی دەکرێ زۆر قسە بکەین و بە خۆشییەوە زۆر کاریش کراوە بۆ نموونە کاک سەید قادر هیدایەتی کە ئێستا لە بۆکان دەژی کارێکی لە سەر گۆڕانکاری شێوازی لە سەر پەخشانی کوردی دا کردووە کە ئاماژەی کردووە بەو شتانەی کە جەنابت گوتت و بە وردی دواوە قۆناغ بەندی کردووە.

قازی: ئێستا دەتوانین بگەینە سەر میراتی ئەدەبی کۆماری کوردستان. یانی ئەو بەرهەمانەی کە کۆمار بوو بێتە هەوێنی بەرهەم هاتنیان. دیارە ڕۆمانێکی زۆر زۆر چاوڕاکێشی نەناسراو و پێ نەزاندراو هەیە بە ناوی " تەنیایی ی سەرکۆمار" کە بە زمانی فارسی نووسەرێکی ناوچەی کرماشان نووسیویەتی کە دەتوانی لە ئاخری دا باسی بکەی.

ئەحمەد زادە: لە ڕاستیدا کاک حەسەن شتێکی زۆر گرینگی کۆمار هەر ئەو میراتەیە کە بە جێی هێشتووە. یانی بە داخەوە ئەگەر کۆمار یازدە مانگ و چەند ڕۆژێکی خایاند، یانی نەبوو بە ساڵێک نەما بەڵام میراتێکی زەینی کە بە جێی هێشتووە ئێستا لە دوای حەفا و پێنج ساڵ بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاوێزەی گوێی نووسەران و ئەدیبانە و لێی فێر دەبن و بەردەوام دەبن. هەر ڕەنگدانەوەی ئەو شتانەی کە لە دەورەی کۆمار دا گوزەرا لە چەند دانە ڕۆمانی کوردی دا زۆر بە زەقی هەیە بۆ نموونە لە " گوڵی شۆران" ی عەتا نەهایی دا ئێمە دایە گوڵێ ومێردەکەی کە دێن وەدوای کوڕەکەیان دەکەون لاس، چونکە لە کۆمار دا پێشمەرگە بووە و خودی لێکدانەوەی ئەو ڕۆمانەی من پێشتر کارم لە سەر کردووە و ئەوەی لاس دوای ڕووخانی کۆمار ون دەبێ پازدە ساڵ دوایە دەگەڕێتەوە جۆرێک لە تڕاژێدییای نەمانی کۆمار و کارتێکەرییەک کە لە سەر زەینییەتی دانیشتوانی کورد دەیکا، مرۆڤی کورد دەیکا جۆرێک لە بۆچوونی تڕاژیک و غەمناکی بار دێنێ و لاس کە دەگەڕێتەوە تووشی ئەو سەدەمەیەی دەبێ کە یادگاری کوڕی  نابینێتەوە، خێزانی لەگەڵ براکەی شووی کردووەتەوە و ناڕەحەت دەبێ بەو مەسەلەیەی و بە شێوەیەک لە شێوەکان سەری خۆی هەڵدەگرێ دەڕوا، یادگار زۆر گرینگە کە کوڕێتی دەیەوێ بیبینێ ئاخری تووشی مەیتەکەی دەبێ، ئەمە گێڕانەوەیەکی زۆر گرێنگە کە بۆ دەورەێەک لە دەورەکان ئەگەر ئێمە باسی کارتێکەری نەرێنی شکست بکەین دەو ڕۆمانەی دا دەیبینین. لە ڕۆمانی کوردانی تەنانەت دەرەوەی کوردستانی ئێرانیش دا ئەم میراتە جوان باس دەکرێ بۆ نموونە لە " مژ ئاباد " دا هەر چەند بە باوەڕی من حەقی خۆی نەدراوەتێ بەڵام باسی هەلومەرجی پێک هاتنی کۆمار دەکرێ، باسی شاری سابڵاغ و کۆڵانەکانی دەکرێ، باسی تەنانەت خەڵکانی غەیری کورد، ئەرمەنی دەکرێ کە لەوێ عەکاسییان هەیە، باسی خوێندنگەکان دەکرێ، و ئەوەش دەکرێ ئێمە لە " مژ ئاباد " دا جۆرێک لە خەسارناسی گێڕانەوەیی بکەین هەم ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە لە ڕۆمان دا. بەڵام ئەو نموونەیەی کە جەنابت باست کرد لێرە دا لە پێشدا دەبێ بڵێم یەک لە خەسارەکانی سەردەمی کۆمار بە داخەوە لەبەر زۆر هۆکار دەکرێ مرۆڤ لێی تێ بگا بەڵام خەسارێکە ئەویش ئەوەیە کە لە جوغڕافیایەکی بەرتەسکی زۆرتر موکریانییە تا بۆکان و تا سەقز و ئەوانە و لە بەشێکی  زۆری کوردستان بێ بەرییە، لە سنەی ڕا بیگرە هەتا بۆ ئەو لاتر بۆ ئەوەی کە ئێمە ئەمڕۆ بە ئیلام و کرماشانی دادەنێین. لەم چەند دەیەی ڕابردوو دا خەڵکانێکی زۆر لەم دوو مەنتەقەیەی کوردستان، بە تایبەتی لە کرماشان دا هاتوونەتە ڕیزی نووسین ئەگەر بە کوردیش نەبێ بە فارسی ئەوەندە بە جوانی، بۆ وێنە مامۆستا عەلی ئەشڕەف دەرویشیان کۆ کردنەوەی ئەو هەموو ئەفسانە کوردییانە، کۆ کردنەوەی تەنانەت شتێک کە دەبێ بڵێین بەردی بناغەکەی مامۆستا زەبیحی داینا کە ئەو قامووسە دروست نییە لێرە باسی ئەدەب و ئەدەبییات و کەسایەتییە کارتێکەرەکان بکەین باسی ئەو قامووسەی مامۆستا زەبیحیش نەکەین کە بە داخەوە هەر دوو بەرگی چاپ بووە هەمووش دەڵێن پڕۆژەیەکی گەورە بووە. جا ئەو نووسەرەی کە فەرمووت دەبێتە ئەو شوێنەی کە من باسم کرد.
قازی: ئەمن پێم خۆشە ئەو کاتەی کە ماوەتەوە تەرخانی بکەین بۆ باسی لاری کرماشانی و ڕۆمانەکەی
" تەنیایی ی سەرکۆمار"  کە لێکۆلەرەوەی کورد مامۆستا عەبدوڵا سەمەدی لە ساڵی ٢٠٠٧ لە وتارێک دا بە کورتی ناساندوویەتی وا دیارە لە فەیس بووکیش دا بڵاو بووەتەوە. بەڕێز سەمەدی بەشێکی ئەو ڕۆمانەی دیتووە و وەریگێڕاوە بە کوردی. لاری کرماشانی لە نامەیەکدا کە بۆ باشووری نووسیوە بۆچوونی چەند نووسەری ئێرانی لە مەڕ ڕۆمانەکەی ئاوا باس دەکا: " خوالێخۆشبوو ئەحمەد مەحموود نووسەری ناوداری ئێرانی، ڕای وایە کە
( تنهائی رئیس جمهور) شوێنەوارێکە هاوسەنگی  " جنگ و صلح" ی تۆڵستۆی. پوران فەروخزاد شاعیر و نووسەری ئێرانی (تنهائی رئیس جمهور) بە شاهنامە گەلی کورد نێودێر دەکا. ئیسماعیل جەمشیدی  نووسەر و توێژەری ئێرانی ڕای وایە کە ئەم ڕۆمانە دەروازەیەکی نوێ بەرەو هونەری  ڕۆماننووسی مێژوویی دەکاتەوە و سەرەتای ڕێبازێكی نوێ دادەمەزرێنێ. سەید موحەمەدی سەمەدی ش ڕای وایە کە ئەم بەرهەمە  پێوانەکانی هەڵسەنگاندنی ڕۆمانەکانی سەردەم دەگۆڕێ".

ئەحمەد زادە
: ئەو کەمایەسییەی کە ئاماژەم پێ کرد نەبوونی ئەو ناوچانە بوون دە چوارچێوەی کۆمار دا بە داخەوە. بەڵام دواتر بە خۆشییەوە مۆرکی خۆی لێ داوە. زۆر نووسەری ئەو دەوەرەی بۆ نموونە مەنسوور یاقووتی، عەلی ئەشڕەف دەرویشیان یادی بەخێر و لەنێو ئەوانەشدا کاک لاری کرماشانی کە من مێر منداڵێکی چاردە پازدە ساڵە بووم ڕۆمانی " کارگەران" ی لاری کرماشانیم ئەو دەمی بە فارسی خوێندبووەوە، لەو ساڵانەی دواییدا هەمیشە مەراقم بوو ئەم پیاوە چی لێهات، چی کرد. مامۆستا عەبدوڵا سەمەدی بەڕاستی زەحمەتی زۆر کێشاوە و لە یادداشتەکانیدا ئاماژە بەوەی دەکا کە کاک لاری لە مەهاباد سەردانی کردووە و بۆ ماوەی هەژدە ساڵ کاری لە سەر سێ بەرگ ڕۆمان کردووە کە بە فارسی نێوی " تنهائی رئیس جمهور"  بووە، بە داخەوە هەر ئەو جوورەی کە کاک عەبدوڵا بۆ خۆی ئاماژەی پێ کردووە ئەو دەمی ترسێکی هەبووە کە ئەو ڕۆمانە بفەوتێ و بەڵایەک بە سەر نووسەرەکەی بێ و هەر واش بووە لە چاپخانەیەک ون بووە دوایە کاک لاری هاتووەتەوە گوتوویە دۆزراوەتەوە، تەنانەت باس لەوە دەکا نامەیەک بنووسرێ بۆ کاربەدەستێکی باشووری کوردستان مامۆستا لاری بچێ لەوێ چاپی بکا، بەڵام بە داخەوە هەر ئەو جۆرە کە کاک عەبدوڵا باسی کردووە هەم ڕۆمانەکە بێ سەر و شوێنە و هەم نووسەرەکە. ئەڵبەتە ئەمن لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا کە بۆ ئەو بەرنامەیە خۆم ئامادە دەکرد سەردانی زۆر ماڵپەڕ و وێبلاگ و ئەوانەم کرد هەموویان دەڵێن کە لە ساڵی ١٣٨٨ ی هەتاوی [٢٠٠٩] لە کرماشان فەوتی کردووە. ئەمن هیوادارم وا نەبێ بەڵام ئەو هەموو وێبلاگانە کە وا دەڵێن ڕەنگ بێ مامۆستا عەبدوڵا سەمەدی ڕاستمان بکاتەوە ئەگەر ئاگادارییەکی هەبێ. بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەو شازدە لاپەڕەیەی کە مامۆستا سەمەدی بە کوردییەکی یەکجار پاراو تەرجومەی کردووەتەوە و دەڵێ سەرجەم سێ بەرگی ڕۆمانەکە ٢٠٠٠ لاپەڕەیە ئەگەر ئەمە وەکوو ئەو ١٦ لاپەڕەیە بێ کە وەرگێڕدراوە دەتوانێ خەزێنەیەکی گێڕانەوەیی یەکجار دەوڵەمەند بێ بۆ ئاگادار کردنەوەی نەسل/ جیلی ئێستا لەوەی کە ئەو دەمی گوزەراوە. ئەم ١٦ لاپەڕەیە دەکرێ وەک چیرۆکێکی کورتیش واقیعەن مرۆڤ چاوی لێ بکا. یانی چەند کەسێکن کە لە زیلێکی ئەڕتەشی دا زیندانی کراون بە دیل گیراون لە مەنتەقەی سەقزی ئەوانە هەموو کوڕ یا برایان لە کۆماری کودستان دا پێشمەرگە بوونە  هاتوون بیاندۆزنەوە سەردانیان بکەن و ئێستا هێزە سەربازییەکانی ئێرانی گرتوویانن، دمە قاڵەیەک، دیالۆگێک هەیە لە نێوان دوو ئەفسەری هێزی سەربازی شاهەنشاهی ئێرانێ کە لەوێدا دەبینی یەکیان زۆر پیاوێکی ڕووناکبیرە کە دەیەوێ بەربەرەکانی ئەو زەینییەتە بکا کە کورد ئینسانخۆرن، سەربڕن و خراپن و لەوشتانە، جا ئەوەی کە گرینگە ئەم کتێبە ئەمن لێرە پێم خۆشە وەک بانگەوازێک بیڵێم و جەنابیشت دمەزەردی کەیەوە و مامۆستا عەبدوڵا سەمەدیش دیسان لە سەر ئەو ڕێچکەیەی بڕوا، هەر کەسێک، لە هەر گۆشەیەکی ئەم دونیایە  ئاگای لەم ڕۆمانە هەیە  هەوڵ بدا ئەو ڕۆمانە واقیعەن چاپ بکرێ و دوایە بکرێتە کوردیش، بە فارسی بوونەکەشی لە ئاستی خۆیدا گرینگە چونکی ئەتۆ لە جوغڕافیایەک دا دەژی ئەم نەریتە هەر هەیە  کەسانی وەک مامۆستا ئیبڕاهیم یۆنسی نزیک بە دە دوازدە ڕۆمانی نووسیوە من کەس دەناسم کە تێزی دوکتورایان لە سەر ڕۆمانەکانی بە فارسی نووسیوە یەکجار زۆر گرینگن بۆ نیشاندانی زەینییەتی کوردان ئەگەرچی ئەوانە بە فارسین، بەڵام  کورد بە کۆمەڵگایەکی گەورەتر، بە جوغڕافیایەکی گەورەتر دەناسێنن.
قازی: زۆر سپاس کاک هاشم بە داخەوە لێرە دا کاتمان تەواو دەبێ. زۆر مەمنوون بۆ بەشداریت هیوادارم بتوانین لە دەرفەتی دیکەش دا زیاتر لەگەڵ بەڕێزت قسە بکەین.
ئەحمەد زادە: سپاس بۆ ئێوە کاک حەسەن

قازی: سپاس لە منەوە. بینەرانی خۆشەویست بەم جۆرە بەرنامەی ئەمشەویشمان تەواو دەبێ بەڵام  پێم خۆشبوو ئاگادارتان بکەم سبەی ئێوارێ یانی ئێوارە، جومعە هاوکارمان هەندرێن هەورامی بەرنامەیەکی دیکە پێشکێش دەکا سەبارەت بە ٢-ی ڕێبەندان بە بەشداری دوو میوان لە ڕێگای سکایپەوە و هەر وەک لە سەرەتای بەرنامە دا گوتم نەریتی بە زیندوو ڕاگرتن و پیرۆزبایی کردنی ئەو دەسکەوتە گەورەیەی گەلی کورد هەر وا بەردەوام دەبێ و تێلێڤیزیۆنی ستێرک یش بە بەشی خۆی لەو بۆنەیە دا بەشدار دەبێ. تاکوو  "ڕاوێژ" ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش،     
======

بەرنامەی ڕاڤەی ڕۆژ، جومعە ٢٢/ ١/ ٢٠٢١ / ٣-ی ڕێبەندانی ١٣٩٩

تێلێڤیزیۆنی ستێرک ، پێشکێشکار هەندرێن هەورامی

٧٥مین ساڵڕۆژی  ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد

هەڤپەیڤین لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی


هەندرێن هەورامی
: بینەرانی بەڕێز لە هەر کوێیەک هەن ئەم کاتە و هەموو کاتێکتان باش. لە خزمەتتان داین بۆ پێشکێش کردنی بەرنامەیەکی دیکە، تا و توێ کردنی مژارێکی گرنگ کە پەیوەستە بە دۆزی گەلی کوردەوە ئەویش مەسەلەی دامەزراندنی کۆماری کوردستانە لە مەهاباد کە ئەمڕۆ ٧٥ ساڵی بە سەر دا تێپەڕ دەبێ وەکوو ئێوەش دەزانن کۆماری کوردستان وێڕای ئەوەی کە تەمەنێکی کورت و کەمی هەبوو بەڵام جێگەی شانازییە بۆ هەموو کوردێک. لە حەفتاو پێنج ساڵ بەر لە ئێستاوە تاکوو ئەمڕۆ قسە و باسێکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە، کوردان شانازی پێوە دەکەن بە شایستە و ڕێزەوە هەر کاتێک کە باس لە پێشەوا قازیی محەمەد و مەهاباد و کۆماری کوردستان دەکەن شادمان دەبن بە دڵگەرمییەوە لێی نزیک دەبنەوە. دەپرسین ئەمە بۆچی؟ بۆ کورد ئەم هەموو گرنگییە بە کۆماری کوردستان دەدا و هەر وەها  بە چ شێوازێکە کە کۆماری کوردستان لەو ماوە کورتە دا توانی ژمارەیەکی زۆر سەروەری، دەسکەوتی گەورە بە دەست بێنێ بۆ گەلی کورد کە تا بە ئەمڕۆش ببنە نموونە و میناک کە باسیان لێوە بکرێ کە تەنەنات هەتا ئەمڕۆش بە کار ببرێن. بە گشتی لە سەر مژاری کوردستان، لێکەوتەکانی کۆماری کوردستان، هۆکارەکانی، تەنانەت ڕووخانی کۆماری کوردستانیش دەخەینە بەر باس و گفتوگۆ، دوو میوانی زۆر بەڕێزمان لەگەڵ دا دەبێ لە بەشی یەکەم دا ئەلبەتە بەڕێز پرۆفێسۆر دوکتور عەبباس وەلی مامۆستای زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان  لە لەندەنی پایتەختی بریتانیاوە بەڕێزیان لەگەڵمان دەبێ. لە بەشی دووەمی بەرنامەش دا بەڕێز ئیسماعیل ماملێ نووسەر و هونەرمەند لە فەرانساوە بەڕێزیان لەگەڵمان بەشدار دەبێ لەگەڵ هەر دوو بەڕێزیان دا ئەمشەو قسە و باس لە سەر کۆماری کوردستان دەکەین سەرەتاش لەگەڵ بەڕێز عەبباس وەلی دەست پێ دەکەین.
مامۆستا زۆر زۆر بەخێر بێن بۆ بەرنامەی " ڕاڤەی ڕۆژ" ، زۆر سپاست دەکەین کە ئەمشەو لەو بەرنامە تایبەتییەی ڕاڤەی ڕۆژ دا لەگەڵمان دا بەشدارن.

عەبباس وەلی: زۆر سپاسوو دەکەم. سڵاوم هەیە لە خزمەتی بینەران و بیسەرانتان. زۆر سپاس

هەورامی: مامۆستا  ئەگەر ئیزن بفەرموون دۆسییە یان ڕاپۆرتێکی کورتمان هەیە هاوکارانمان لە ناوەندی هەواڵ سەبارەت بە دامەزراندنی کۆمار، ئەو ڕووداوە مێژووییە گرنگەی کورد، ئامادەیان کردووە بینەرو بیسەری دەبین پاشان دێمەوە خزمەتی بەڕێزت.....
بەڵێ دووبارە ڕێز و سڵاو وەکوو پێشتریش ئاماژەم پێ دا لە بەشی یەکەم دا پرۆفێسۆر دوکتور عەبباس وەلی مامۆستای زانستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە بریتانیاوە لەگەڵماندا بەشدارە.
کاک دوکتور سەرەتا بەوە دەست پێ بکەم بۆچی لە دوای حەفتاوپێنج ساڵ کورد هێندە بە گرینگی باس لە  کۆماری کوردستان دەکا لە مەهاباد؟ هۆکاری ئەمە چییە هێندە بایەخی پێ دەدرێ لەلایەن کوردەوە خۆ پێشتر، پێش کۆمار هێندێک دەسەڵاتی کوردی هەبوون، پاش کۆماریش ئەزموونگەلێکی دیکە هەبوون، بەڵام بۆ هێندە تەرکیز لە سەر کۆمارە؟

وەلی: کۆمار دە مێژووی کوردی دا جێگایەکی تایبەتی هەیە، لە بەر ئەوەی کە لە جێدا کۆمارە دیاردەیەکی سیاسی مۆدێڕن بووە، پێشتر ئێمە میرنشینەکانمان هەبوون کە ئەوانە وەزعیان لەگەڵ کۆماری زۆر جیاواز بووە  و تا ئەو جێگای من دەزانم ئێمە دیاردەیەکی سیاسی وەکوو حکوومەتێکی کوردی  کە لە نەفسی خۆیدا و تەبیعەتەن مۆدێڕن بووبێ وجوودی نەبووە. بۆچی ئەمن دەڵێم کۆمار لەو بارەیەوە زۆر جیاوازە و جێگای تایبەتی خۆی هەیە، یەکەم ئەوەی کۆمار دە وەختێکی دا هاتووە دە سیاسەتی کوردستانێوە، زهووری کردووە، برووزی کردووە و وەختێک بووە کە خەڵک، گەلی کورد وەکوو هێزێکی سیاسی دە مەیدانی دا بووە. پاش ڕووخانی  ڕەزای شای هەستی کوردایەتی کە لە دە ساڵ پێش وی دەستی پێ کرد بوو، مەبەستم ئەوەیە ئەو هەستە کوردایەتییە کە هەوێنی ساز بوونی کومار بوو، کە دەستی پێ کرد بوو و پاشان لە لایەن کۆمەڵەی ژێکاف فۆرمی درایە و سەقامی پێ درا، ئەوە لە کۆمار دا بە شێوەیەکی دیکە گەشەی کرد. گەشەی کرد بەو مانایەی کە کۆمار بوو بە دیاردەیەک بە نیشانە لە حزووری گەلی کورد لە شانۆی سیاسەت دا. و پاش ویش گەلی کورد هیچ وەخت لە شانۆی سیاسەت نەکشاوە. ئەگەرچی کۆمار ڕوخا بەڵام کورد، خەڵکی کورد، گەلی کورد یان ئەگەر بڵێین بەشێک لە نەتەوەی کورد لە ئێرانێ ئەوانە لە شانۆی سیاسەت دا مانەوە، ئەگەرچی سەرکوت کران، ئەگەرچی ئەوانە دە زیندانێ کران، هەرچەند ئێعدام کران بەڵام گەل، نەتەوە وەکوو هێزێکی سیاسی حزووری چالاکی لە شانۆی سیاسەتی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا پەیدا کرد. ئەوە شتێکی تازە بوو، لە هیچ یەک لە بەشەکانی کوردستان خەڵک بەو شێوەیەی نەهاتبوون لەگەڵ ڕێکخراوەیەکی بێن لێرە حکوومەتێکی دروست بکەن لەگەڵ ئەو حکوومەتەی بن، لە پشت ئەو حکوومەتەی بن. ئەو حکوومەتە لەگەڵ وانە قسان بکا، بۆ وانە کار بکا وتارەکەی بە نووسین، بە قسە کردن لەگەڵ ئەوانە بێ. ئەوە بۆ خۆی دیاردەیەکی زۆر زۆر تازە بوو لەو بابەتەیەوە. بەڵام مەسەلەی دیکەش ئەوە بوو کە کۆمار بە وەسیلەی ڕێکخراوێکی سیاسی داندرا. ڕێکخراوی سیاسی بۆ خۆی نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەتی جەمعی، سیاسەتی گەورە لە وڵاتێکی دا پەیدا بووە و بۆ ئەوەی کە ئەو گەلە لە سیاسەت دا نوێنەرایەتی بکرێ پێویستی بە ڕێکخراوەی سیاسی یە. حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان  کە دروست کرا ئەوە شتێک نەبوو کە هەر تەنیا ئەو کەسانەی کە دروستیان کرد قازیی محەمەد و ئەو کەسانەی کە لە گەڵی بوون، ئەوە هەست و ویستی وان بوو بێ ئەوە جوابێک بوو بەو حەوجێ  کۆمەڵایەتییەی کە لەو دەمیدا هاتبووە پێشێ. جا ئەوە خۆی مەسەلەیەکی زۆر زۆر گرینگە لەو ڕووەوە کە وەختێک ڕێکخراوێکی سیاسی دروست کرا لە بەر ئەوە بوو کە نوێنەرایەتی گەل بکا، ڕێکخراوی سیاسی لە خۆڕایی دروست ناکرێ. ئەوەش بۆ خۆی دیاردەیەکی مۆدێڕن بوو. جا ئەو مۆدێڕن بوونە کە بە باوەڕی من لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا هاتە پێشێ پاش دروست بوونی دەوڵەتی میللی، دەوڵەت- میلەت لە کوردستانی هاتە پێشێ، هەر لە تەواوی بەشەکانی کوردستانیش  وا بوو یانی وەزعەکە وا بوو کە ناسێنەی کوردی لە ڕاستیدا وەکوو ناسێنەیەکی جیاواز، ناسێنەیەکی ئەویتری قودرەتی سیاسی زهووری کرد، هەر لەگەڵ دەوڵەتی میللی لە تورکیای، لە ئێران، لە عێڕاق، لە سووریای لە ماوەی بیست سی ساڵان دا هاتە پێشێ. ئەوە بۆ خۆی زۆر زۆر گرینگە. ئەمن ئەو قسەی کە دەکەم  لە خۆڕایی نایکەم بۆ  نموونە تەماشا بکە ئێمە لە ساڵی ١٨٤٨ شۆڕشی بەدرخانییەکانمان هەیە لە کوردستانی باکوور لە ئیمپڕاتۆری عوسمانی دا. لە دوایە لە ساڵی ١٨٨٠ – ١٨٨١ شٶڕشی شێخ عوبەیدیلامان هەیە ئەو دوانە زۆر شۆڕشی گەورە بوون بەڵام وەختێک کە ڕووخان نە ئەوانەی کە شۆڕشیان کرد بوو کووژران، نە ماڵ و موڵکیان لێ ئەستێندرا و نە وڵاتەکەیان وێران کرد و نە کوردایەتی قەدەغە کرا، نە زمانی کوردی قەدەغە کرا جا ئەوەی قیاس و بەراوەرد بکە لەگەڵ شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ١٩٢٣ و پاشان حەڕەکەتی سەید ڕزای دێرسیمی دە وێدا نە تەنیا ئەوەی کە سەرانی شۆڕش ئێعدام کران بەڵکوو زمانی کوردی قەدەغە کرا بوو و تەواوی وڵاتەکە یانی کوردایەتییان لە وڵاتەکە سڕییەوە لە بەر چی لە بەر وەی کە دەوڵەتی میللی لە سەر کار بوو و کورد وەک ئەویتری دەوڵەتی میللی دە موقابیلی دا ڕاوەستابوو. لە زەمانی عوسمانی دا  ئەو شتە نەبوو، لە ئێرانێش یەکەم جار بە کۆمەڵەی ژێکاف، دوایە بە کۆماری کوردستان ئەو مەسەلەی حزووری کوردی وەکوو ئەویتری قودرەتی سیاسی لە تارانێ بوو بە هۆی ئەوە کە ئەو ناسێنەیە ببێ بە دژی ناسێنەی حاکم. هەر بۆیەش بوو کۆمار ئاوا ڕەفتاری لەگەڵ کرا.

هەورامی: مامۆستا ئەگەر ئەوە گرێ بدەینەوە بە حاکمییەتی میللی و حاکمییەتی دێمۆکڕاتی. ئەڵبەتە چەمکی زۆر هەن کە باسیان لە سەر بکەین بەڵام مادام بەڕێزت کە ئاماژەت بەوە دا خوێندنەوەت چییە بۆ ئەو دوو چەمکە حاکمییەتی نەتەوەیی و دێمۆکڕات بوونەکە چۆن ببینێ؟ چۆنیش گرێی دەدەیتەوە  بەو سەردەمەی کۆمارەوە.

وەلی: حاکمییەتی نەتەوەیی بۆخۆی  چەمکێکە لە تیوری دێمۆکڕاتیکەوە هاتووە یانی ئەوە شتێک نەبووە کە نە مارکسیستان، نە سۆسیالیستان  دروستیان کرد بێ، نە ناسیۆنالیستان دروستیان کرد بێ. ئەوە لە تیوری دێمۆکڕاتیکەوە هاتووە و ئەساسەکەشی هەر ئی تیوری دێمۆکڕاتیک بووە هاتووە ناسیۆنالیزم ئەوەی گرتووە کردوویەتە مەبنای کاری خۆی. حاکمییەتی نەتەوەیی بەو مانایەیە کە قودرەتی سیاسی و شەرعییەتی سیاسی لە ئیرادەی یەکگرتووی نەتەوەڕا هەڵدەقوڵێ و ئەو ئیرادە یەکگرتووە دە حکوومەتی میللی دا، دە حاکمییەتی میللی دا دەردەکەوێ بەڵام دە کردەوە دا دەبێ ئیمکاناتێک هەبێ کە ئەو حاکمییەتە  بتوانێ خۆی دابمەزرێنێ.

هەورامی: یانی لە کۆماری کوردستان دا گەیشتینە ئەو حاکمییەتە؟

وەلی: لە کۆماری کوردستان دا، لە بەشێک لە وتاری کۆماری کوردستانێ دا ئێمە ئەوەمان دیوە کە کۆمار و پێش ویش کۆمەڵەی ژێکاف ئیدیعای حاکمییەتیان کردووە، لە بەشێکی دیکە لە وێژیاکی کۆماری کوردستان دا ئێمە دەبینین کە باسی دیاردەیەک دەکەن کە ئێستا پێی دەڵێن  ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیک. یانی حاکمییەتی سیاسی نەبووە، ئەو دوانە، ئەو لێڵییە دە گوتاری کۆماری کوردستان دا هەیە، هەم حاکمییەتی دێمۆکڕاتیک، هەم تەقەلا کردن بۆ، حەول دان بۆ حکوومەتێکی ئۆتۆنۆم، خودموختار دە چوارچێوەی حاکمییەتی ئێرانێ دا. بەڵام ئەو مەسەلەی لێرە دا گرینگە ئەوەیە کە ئەگەر کۆمار ئیدیعای حاکمییەتی سیاسیشی کردووە، ئیدیعای حاکمییەتی نەتەوەیی- سیاسی کردووە ئەو دەمی هەلومەرجەکە ئاوا بووە کە  بە کردەوە کۆمار ئیمکاناتی دامەزراندنی ئەو  حاکمییەتەی نەبووە. هەر ئەو جوورەی کە ئەلئان لە باشووری کوردستان کە ئەو هەموو پارە و ئەو هەموو بەزم و ڕەزمە هەیە بەڵام ئیمکاناتی دامەزراندنی حاکمییەتی سیاسی  لەوێش نییە، ئەو ئیمکاناتەشیان نەڕەخساندووە. کۆمار تەمەنی ١١ مانگ بوو نەیتوانی دروستی بکا، نەکرا بۆی دروست کا ئەوە لە باشوور بیست و چەند ساڵە نەیتوانیوە دروستی بکا. حاکمییەتی سیاسی ئەوەیە ئەو هێزەی کە ئیدیعای حاکمییەتی سیاسی دەکا دەبێ ئەو تواناییەی هەبێ کە دەسەڵاتی جۆی بە شێوەیەکی یەکسان لە تەواوی جوغڕافیای خۆی بەرقەرار بکا. دەبێ ئەو تواناییەی هەبێ کە ئابووریەکی نەتەوەیی دروست بکا کە ئەو ئابوورییە زنجیرەیەک  فاکتۆری ئەساسی ڕەچاو  بکا کە ئەگەر لە مەرکەز بڕێار دەگیرێ لە هەموو جێیەک یەکسانە. بۆ وێنە ئێستا پارەی بریتانیا  لە هەموو جێیەک یەکسانە ، نرخی بەهرەی بانکی ئینگلیستان لە تەواوی ئینگلیستان یەکسانە. نرخی بێکاری لە حیساباتی دەوڵەت دا لە تەواوی ئینگلیسان وەک یەک وایە ئەوە بەو مانایەیە کە دەوڵەتی ئینگلیستان حاکمییەتی سیاسی هەیە. بەڵام کاتێک ئەوە نەبێ بە مانای وەیە کە حاکمییەتی سیاسی نییە. لە کۆماری کوردستان دا کۆمار لە وڵاتێکی دا دروست کرا بوو کە هێزی ئابووری، بەتایبەتی هێزی بەرهەمهێنەری ئابووری  زۆر لە خوارێ بوو لە بەر وەی ئەو هێزەی کە دەیتوانی جێگای وەی بگرێتەوە هێزی نیزامی بوو بەڵام هێزی نیزامی  کۆماریش زۆر لاواز بوو. هێزێکی نیزامی یەکگرتووی هەبوو کە تەشکیلاتەکەی سێ هەزار کەس بوون کە ئەوانەش هێندە بە باشی نە تەیار کرابوون و نە پەروەردە کرا بوون. لە لایەکی دیکەشەوە هێزی عەشیرەتی بوو کە هێزی ئەساسی نیزامی کۆمار بوو کە کۆنتڕۆلی لە دەستی کۆمار بۆخۆی دا نەبوو. جا ئەگەر ئێمە دیاردەیەکی سیاسیمان هەیە، حکوومەتێکمان هەیە کە لەو هەلومەرجەی دا ئیدیعای حاکمییەتی سیاسی دەکا، تەنانەت ئەگەر ئیدیعاکەشی بکا، دە تەواوی گوتارەکەشی دا ئەوەی بڵێ ئیمکاناتی واقعی وەدیهێنانی ئەو واقعییەتە سیاسییەی نییە.

هەورامی: زۆر باشە، مامۆستا لە بیرمە لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی ستێرک دا باسی ئەوەت کرد کە پێویستە دێمۆکڕاسی بە دێمۆکڕاتیک بکرێ، ئەڵبەتە ئەگەر گرێی بدەیەوە بە دێمۆکراتییەکەی کۆماری کوردستان، جیاوازی دێمۆکڕاسی و دێمۆکڕاتێک چییە؟

وەلی: لە کۆماری کوردستانێ دا کە مەرکەزەکەی مەهاباد بوو سیستێمێکی دێمۆکڕاتیک لەوێ تا حەدێکی زۆر هەبوو، ئەوەی کە لە ڕۆژنامەکان دا دەیخوێنینەوە، ئەوەی کە لە کۆماری بەجێ ماوە یان ئەو جوورەی کە ئەو کەسانەی کە تێیدا بەشدار بوون باسیان کردووە و هەتا چەند ساڵ لەوە پێش زیندوو بوون ئەوەیە کە کۆمار لە پێوەندی لەگەڵ خەڵکی دا بڕیاری سیاسی دەدا، داهاتی کۆماری لە لایەن خەڵکەوە دابین دەکرا، دەیانزانی داهات چۆن خەرج دەکرا و چۆن دەڕۆیی و بڕیاردانە سیاسییەکانیش بۆ خەڵک باس دەکران و پێیان ڕادەگەیێندرا. هەڵبەتە باشتر ئەوە بوو کە مەجلیسێک هەبێ، ئەو مەجلیسە بە شێوەی هەڵبژاردن بێ کە خەڵک نوێنەرەکانیان لەوێدا دیاریی بکەن، بەڵام بە ئەگەری زۆر دیارە ئەو جەماعەتەی کە کۆماریان دروست کرد و کاریان کرد و یازدە مانگان ڕایان گرت هیچیەک لەوانە دە واقیع دا تیوریسیەنی سیاسی نەبوون بەڵام ئەوەی دەیانزانی تەماشای مۆدێلەکانی دیکەیان دەکرد، ئی دەرەوە کە چۆنە. بەڵام دە یازدە مانگان دا ئەوانە هیچ وەخت فورسەتی ئەوەیان نەبوو کە ئەو کارەی بکەن. ئەمن نەزەرم ئەوەیە کۆمار ئەگەر بەردەوام بایە، ئەگەر کۆمار کەسی وا لێهاتووی هەبووبایە کە لە سیاسەتی مۆدێڕنی زانیبایە، کە یەک دوو کەسی تێدا بوو کە ئەو زانستەیان بە شێوەیەک هەبوو ئەو دەمی بەرەو ئەوە دەچوو ئەو ڕێکخراوانەی نوێنەرانی گەلی، نوێنەرانی نەتەوەیی لەوێدا دروست بکرێ. بەڵام بە گشتی لە زۆنێکی شەڕ دا دروست کرا لە پێوەندی لەگەڵ هێزێکی کە لە مانگی مەی [ ١٩٤٦] هەر ئەو جوورەی لە ڕێپۆرتاژەکە دا گوترا بەجێی هێشت  و پاڵپشتیشی بە هێزێکی نیزامی بوو کە لە کۆنتڕۆڵی خۆیدا نەبوو. ئەو هێزە نیزامییەش هێزێک بوو کە لە وەزعی ئابووری خۆی، لە پرێستیژی کۆمەڵایەتی خۆی، لە ستاتوسی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی خۆی دەترسا لە بەر ئەوەی کە دەیان گوت کۆمار نموونەی فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان و جمهووری ئازەربایجانی لە پێش بوو، ئیسلاحاتی ئەرزی کرا بوو لەوێ، زەوی دابەشکرابوو دە بەینی وەرزێران دا، لە ئازەربایجان خاوەنموڵکان هەڵاتبوون چووبوونە تارانێ. لە کوردستان شتی وا نەبوو، لە کوردستانیش لەو وەزعە دەترسان کە شتی وا بێتە پێشێ. هەم خاوەنموڵکان و هەم کۆمەڵێک لە بورژوازی خاوەنموڵکی شارەکان وەکوو مەهاباد و بۆکان و بانە و جێگای دیکەش ئەوانە بە نهێنی لەگەڵ حکوومەت هاوکاریان دەکرد لە هەلومەرجێکی  ئاوا دا بە باوەڕی من  فکر کردنەوە لەوەی کە تۆ بێنی سازمانێکی دابنێی کە لە سەداسەد دێمۆکڕاتیک بێ، کە هەر وەزعێک هاتە پێشێ ئەو بنەمای دێمۆکڕاتیکەکەی گرێ وگۆڵەکان جێ بە جێ بکا، بە باوەڕی من زۆر مەسەلەیەکی گرینگە بەڵام لەو سەروبەندی دا نەهاتە پێشێ ئەوەی کە گرینگە کۆمار بووە هۆی ئەوە کە بۆ هەوەڵ جار خەڵک، خەڵکی کورد، نەتەوەی کورد بێنە ناو سیاسەتەوە، بۆ وێنە تا ڕادەیەک ژنان هاتنە ناو بواری سیاسی، تا ڕادەیەک ئەهمییەت درا بە زمانی کوردی، دەرس دادان و خوێندن و قسەکردن و نووسین و گوتار بە زمانی کوردی ئەوانە ئەو شتانە بوون کە خەڵک لە کوردستانی ئێران، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەوانەیان تەجروبە کرد. ئەوە زۆر زۆر گرینگ بوو.

هەورامی: مامۆستا پرسیاری دیکەم هەیە لە خزمەتت دا، پرسیار زۆرن دەمەوێ زیاترین وڵام وەربگرم لە بەڕێزت مەسەلەیەکی دیکە ئەوەیە کە لە دوای ٧٥ ساڵ لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان تەنانەت دەتوانین بڵێین حکوومەتی میللی ئازەربایجان لە دوای بزووتنەوەی مەشڕووتە لە ئێران تا سەردەمی  کرانەوەی دوکتور موسەدیق کەچی هێشتا سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بە ئەمڕۆشەوە هێشتا لە ئێران دا ددان بە نەتەوەکان دا ناهێندرێ. هێندێک دەستەواژە بە کار دێت کە لەگەڵ ئەمڕۆی مافەکانی نەتەوەکان دا نایەتەوە بۆ نموونە هێشتا لە ئێران دەگوترێ " قەوم"، هێشتا دەگوترێ " ئەقەلییەت" کەمینە. بۆ ئەمە چ دەڵێیت بەڕێز وەلی؟

وەلی: بە باوەڕی من هەر دوو وشەی " قەوم "  و " ئەقەلییەت "  ئەوانە سازدراوی چەمکێکن کە لە ڕووی سیاسییەوە ساز کراون و مەبەست لە هێنانە گۆڕ و دامەزراندنی ئەوانەش سیاسی بووە بۆ ئەوەی نکووڵی و ئینکار لە حاکمییەتی میللی و هەروەتر حاشا کردن لە ناسێنە، شوناسی میللی کوردان. مەسەلەی بە تایبەتی " ئەقەلییەت" کە دەڵێن  ئەقەلییەت چەمکێکە کە دروست کراوە، ئەو چەمکە ئەرکێکی زۆر زۆر تایبەتی لە گوتاری ناسیۆنالیستی ئێران دا هەیە، لە گوتاری ناسیۆنالیزمی تیژپەڕی ئێران دا، چ دەوڵەتی چ نادەوڵەتی جێگایەکی گەورەی هەیە، کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەی دەڵێن " ئەقەلییەتی قەومی" و " ئەقەلییەتی مەزهەبی" دە قانوونی ئەساسی ئێمە دا ناسراون. یانی لێرە دا ئەقەلییەت وەکوو دیاردەیەکە کە لە ڕووی حقووقییەوە دە قانوونی ئەساسی دا دەڵێ بەڵێ ئەوانە هەن  بەڵام لە عەینی حاڵدا لە ڕووی سیاسییەوە حاشا لەوانە دەکا.

هەورامی: بەڵام گرفتەکە ئەوەیە بەدەر لە قانوونی ئەساسی جمهووری ئیسلامی  لە دەرەوەی وڵات ئۆپۆزیسیۆنیش بە کاری دێنێ.

وەلی: بەڵێ " ئەقەلییەت" یانی جەماوەرێک  کە حقووقی سیاسی نییە. یانی ئێمە لە ڕووی حقووقییەوە، قەزاییەوە دەڵێین ئەوانە هەن بەڵام حقووقی سیاسییان نییە. بەو جۆرە جۆرێک مەمنووعییەتی دەسەڵاتی حاکم لە سەر ئەوانە دادەندرێ. ئەقەلییەت چەمکێکی دەسەڵاتی حاکمە کە مۆر لە جەماوەڕێک دەدا کە بەو مۆرەی ناسێنە،شناس، و پێناسە، و هوییەتی سیاسی ئەوانە  لەگەڵ حقووق و مافی سیاسی ئەوانە ئینکار دەکرێ.

هەورامی: مامۆستا گیان ئەڵبەت کاتەکەم لە گەڵ بەڕێزت تەواو بوو بەڵام پێم خۆش بوو ئاماژە بە دوو کتێبی بەڕێزت بکەم کە مامۆستا حەسەن قازی هێناویەتی و ئێستا لە رێژی یە. کە پەیوەستن بە دۆزی کورد و کۆماری کوردستان یەکێکیان" کوردەکان و دەوڵەت لە ئێران" و ئەویدیکەشیان  " ساڵانی لە بیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران " کە هەر دووکیان بە زمانی ئینگلیسین مامۆستا حەسەن قازی مزگێنی ئەوەشی دا کە کتێبێکی دیکەت هەر لەم چوارچێوەیە دا بەڕێوەیە ئەڵبەتە چاوەڕوانی ئەو کتێبەش دەکەین. ئەگەر بە کورتی شتێک لە سەر ئەم کتێبانە بڵیی زۆر سپاست دەکەم مامۆستا.





وەلی
: پڕۆژەی من ئەوە بووە کە ناسیۆنالیسمی کوردی لە ڕووی فکرییەوە، لە ڕووی حەڕەکەتەوە، لە ڕووی کردەوە، لە ڕووی گوتار و لە ڕووی پڕاتیکەوە لە سەرەتای سەدەی بیستەم. لە شۆڕشی مەشڕووتەی ئێرانەوە تا ئەمڕۆ بە شێوەیەکی سیاسی تیوریک لە سەری بنووسم. کتێبی یەکەم لە شۆڕشی مەشڕووتەی ئێرانەوە هەتا ڕووخانی کۆماری کوردستان لە ١٩٤٦ وەبەر دەگرێ و ئەو کتێبەی دووەمیش کە نیشانتان دا " ساڵانی لە بیرکراوی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران"  لە ساڵی  ١٩٤٦ تا شۆڕشی ئێران واتە ١٩٧٩ یە. بەرگی سێیەم کە ئەلئان خەریکم دەینووسم  لە شۆڕشی ئێرانەوەیە هەتا ئەمڕۆ، ئەگەر عومرێک باقی بێ و بتوانم کاری لە سەر بکەم لەوانەیە تا دووساڵی دیکە بەرگی سێیەمیش ئامادە بێ.

هەورامی: هەمیشە تەمەن درێژ و تەندروست بن مامۆستا گیان من زۆر زۆر سپاست دەکەم بمانبوورە کاتەکە کەم بوو حەزمان دەکرد زیاتر لە خزمەت بەڕێزتدا بین. بەڕێز مامۆستا پرۆفێسۆر دوکتور عەبباس وەلی پسپۆڕی زانستی سیاسی لە بریتانیاوە زۆر سپاست دەکەین لەگەڵمان بەشدار بووی.

وەلی: ئەمنیش سپاسوو دەکەم، و سپاسی بینەران و بیسەرانتان دەکەم. کاتێکی خۆشتان هەبێ.

هەورامی: شەوێکی خۆشتر بۆ بەڕێزت.

--------------
پەیوەستەکان

١-فەرمانی ڕەسمییەت دان بە زمانی کۆماری لە سەردمی جمهووری کوردستان دا
٢-دەقی داوخوازەکانی کۆمەڵەی ژیانی کورد لە دەوڵەتی شووڕەوی
٣-نامەی پێشەوا قازیی محەمەد بۆ ڕابێعا خانمی ناهید
٤-وێنەی پێشوا، هەژار و هێمن و هێندێک لە کاربەدەستانی کۆمار  لە تەورێز
٥-ڕۆمانێکی بێ سەروشوێن و ڕۆماننووسێکی لە پێ کەوتوو و بەرکوتێک لە ڕۆمانی تەنیایی ی سەرکۆمار
٦-زانیارییەکی بەڕێز سەمەدی دوای بانگەوازی دوکتور هاشم ئەحمەد زادە لە بەرنامەی " ڕاوێژ" دا

فەرمانی  ڕەسمییەت دان بە زمانی کوردی لە سەردەمی کۆمار دا

ڕۆژنامەی کوردوستان، بلاکەرەوەی بیری حزبی دیموکراتی کوردوستان

ژمارە ١ ، سالی ییکەم  پنج شەمو  ٢٠ – ١٠ – ١٣٢٤           ١١- ژانویە ١٩٤٦

آگاداری

بە تەواوی ئەهالی خوشەویستی (سابلاغ) رادەگەیندریت – لە سەر ئەمری پیشوای معظم و قەراری (حزبی دیموکراتی) کوردوستان لەوەی بەو لاوە پیویستە بۆ پەرەپیدانو رەواجی زمانی کوردی خویندن لە مەدرەسەکاندا بە کوردییە لەو (تاریخەوە) تا دە ١٠ رۆژی دیکە هەر کەسیک کور و کچی هەبی  کە عومری اقتضای خویندن پکا دەبی بینیریتە مەدرەسە ئەلبەتە هەر کەس لەو ئەمرە رو وەرگیری بە توندترین مجازات تەنبی دەکری.

کومیتەی مەرکەزی (حزبی دیموکراتی کوردوستان – (معاونی حزب طەزادە)

======

داوخوازەکانی کۆمەڵەکەمان لە حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن

    -بەپێی مادەی ١٢٩هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی ئێمە ئەم داخوازانەی خوارەوەمان هەیە.

١-ناسینی کۆمەڵەکەمان بە شێوەی ڕەسمی

٢-یارمەتی کردن بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵەکەمان

٣-پێشگرتن لە هاتنەوەی ئەرتەشی ئێران بۆ سەربازخانەی مەهاباد

٤-لە لایەن فەرماندەرانی ئەڕتەشی سوور بەعەشێرەتەکان و ئاغاوەت بگوترێ بە گوێی ئێمە بکەن یان ئەوەی لە هەرێمی جێی نفووزی ئێمە دا بێدەنگ دانیشن و دەست لە کاروبار وەرنەدەن

٥-دابین کردنی پێداویستییەکانی ئێمە لە ڕووی ئامرازی فەنییەوە

٦-دوای پەرەسەندی کافی کۆمەڵەکەمان ناوچە کوردەکانی سەردەشت، بۆکان، میاندواو، مەهاباد، نەغەدە، شنۆ و ورمێ لە تەشکیلاتی ئیداری حکوومەتی ئێران پاک کردنەوە و بۆ ئەو مەبەستە دانی یارمەتی پێویست

٧-ئەو هەرێمە ناوی بنرێ کوردستانی ئازاد و لە ئێران و عێڕاق و سووریا و لە کوردەکانی دیکەی عالەم  کابینەیەکی حکوومەتی کاتی پێک بهێندرێ و لەو ناوچانەی لە سەرەوە ناو بردران کار بکرێ بۆ بەڕێوەچوونی پڕێنسیپەکانی ئیداری و ئابووری ئەو حکوومەتە تازەیە

٨-بە پێی بەندی ' پێ ' ی مادەی ١٤ هەمی قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شوورەوی مەزن ئەگەر ئەو حکوومەتە کاتییە دامەزرا دەناو یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی مەزن دا جێی بکرێتەوە و ئەندامەتییەکەی پەسند بکرێ

٩-بۆ ئازاد کردنی پارچەکان و لایەکانی دیکەی کوردستان حکوومەتی شووڕەوی مەزن ئەو گەڵالەیە پەرە پێ بدا

١٠-بۆ وەدیهێنانی گشت ئەو کاروبارانە لە لایەن حکوومەتی شووڕەوی مەزنەوە دوو یان سێ کەس ڕاوێژکار بدرێ بە ئێمە بە ناوی ئینسانییەت و شارستانییەت تکا دەکەین لە حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی  مەزن و هیوادارین کە وەک نەتەوە لاوازەکانی دیکە گەلی کوردیش لە عەداڵەت و فەیزی ئەو حکوومەتە مەزنە بێ بەش نەبێ

بژی لایەنگری نەتەوە لاوازەکان حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن

 بژی سەرکردەی مێهرەوان و بدەری نەتەوە لاوازەکان مارشاڵ ستالینی ئازیز

 بژی برایەتی گەلی کورد و یەکەتیی کۆمارەکانی شووڕەوی

 لە لایەن ئیدارەی ناوەندی کۆمەڵەی " ژ-ک " وە

 لە ١٢-ی مانگی مەی ١٩٤٣ دا کۆمەڵەکەمان سەبارەت بە حکوومەتێکی بێگانە  لە شاخێک بە ناوی " قەڵای سارم "  کۆبوونەوەیەکی ڕێک خست بە بەشداری ٢٥ ئەندام. لەو  کۆبوونەوەیە دا بەرنامەی کۆمەڵەکەمان لەگەڵ قانوونی بنچینەیی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن بەراوەرد کرد و بڕیار درا . بە پێی ئەو بڕیارە کۆمەڵەکەمان دەبێ لەگەڵ حکوومەتی شووڕەوی پێوەندی دامەزرێنێ و بۆ گەیشتن بەو مەبەستە پێداگری کرا لە سەر ملە و خەباتی ئەندامان. لە دوای ئەو بەروارە  ژمارەی یەکەمی گۆوارەکەمان " نیشتمان " دەرکەوت. لەو ژمارەیەدا و لەوی دواوە کۆمەڵەکەمان بۆ وەدیهێنانی ئەو بڕیارە تا دەکرێ ئەوپەڕی حەولی خۆی دەدا بۆ ڕاکێشانی سەرنجی حکوومەتی یەکەتیی شووڕەوی مەزن و بە سەداقەتەوە ئەوە ئەنجام دەدا.

 

  ******************************************* 

 ٢٣ /  ١٢ / ١٩٤٤

١٣٢٣

وەرگێڕان لە زمانی ئازەربایجانییەوە.


=====







٢٢ / ١٢ / ٢٤  [ ١٣ / ٣ / ١٩٤٦ ]

خوشەویستم رابعە خانم       امیدەوارم هەمیشە سڵامەت و سعادتمەند بی ئەگەر مایل بی بێ یەوە ایرە وە لە مەدرەسەی کچان ببییە مدیرە زورم پی خوشە ئەگەر مایلیش نەبی بوخۆت دەزانی کە بە هەر حاڵ لە صورتێکدا بو خوت پێت خوش [بی] ئەمن پیم خۆشە کە بی یەوە ایرە.

                                                                                                                                محمد قاضی

تێبینی: ڕابێعا خانمی ناهید کچی ئامینی قازی و عەبدوڵای ناهید و خوارزای پێشەوا قازی محەمەد بوو.لە ٢٠-ی فێوریەی ٢٠١٥ لە لەندەن هەڤپتینێکم لەگەڵ بەڕێزی کرد بۆ بەرنامەی ڕاوێژ و ئەو هەڤپەیڤیە لە مانگی مارسی  ٢٠١٥ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کرایەوە. ڕابێعا خانم لە تەمەنی سەرەوەی ٩٠ ساڵ لە یەکی ئاوریلی ٢٠١٧ لە لەندن کۆچی دوایی کرد و هەر لەو شارەش ئەسپاردە کراوە.

=====



ئەم وێنەیەی دوکتور هاشم ئەحمەدزادە ئاوای باس دەکا: " ئەو وێنەیەی کە عەرزم دەکردی کە باسی بکەین زۆر گرینگە لەملاو ئەو لای پێشەوا هەژار و هێمن دانیشتوون و کۆمەڵێک ئەفسەر و نیزامی لە پشتەوەیان ڕاوەستاون ئەوە وەکوو ئەوەی وایە کە ئێستا سەرۆک کۆماری هەر وڵاتێک شاعیرانی وڵاتی خۆی بێنێ لە دەستی ڕاست و چەپی خۆی دانێ و نیزامییەکان، دەسەڵاتدارەکان بخاتە ڕیزی پشتەوەی خۆی. ئەمە مانایەکی سەمبۆلیکی هەیە، مەعنایەکی ڕەمزی یەکجار گرینگی هەیە کە بە خۆشییەوە هەم ئەو دەمی دەرکی پێ کراوە و هەمیش دواتر جۆرێک بەردی بناغەی لە ئاستی کەسایەتیشەوە، هاوڕێیەتی داناوە کە بێ وێنەیە."

ئەم وێنەیە لە بانەمەری ١٣٢٥-ی هەتاوی لە تەورێز هەڵ گیراوە. دانیشتووان لە ڕاستەوە هەژار، پێشەوا قازیی محەمەد، هێمن. ڕاوەستاوان لە ڕاستەوە: ڕەحیم جەوانمەرد قازی، جەعفەر کەریمی، محەمەد نانەوازادە، سەدیق حەیدەری و عەزیز سەدیقی
======
ڕۆمانێکی بێ‌سه‌روشوێن و ڕۆماننووسێکی له‌پێ‌که‌وتوو

عه‌بدوڵڵا سه‌مه‌دی

تەنیایی‌ی سەرکۆمار، ناوی ڕۆمانێکی ریالیستییە بە قەڵەمی توانای ڕۆماننووسی کورد، لاری کرماشانی، کە بە زمانی فارسییە و لە ڕووداوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان دەدوێ.

عەلی محەممەد لاری، ناسراو بە «لاری کرماشانی»، لە 15ی خاکەلێوەی 1324ی هەتاوی[4ی ئاوریلی 1945]، لە گوندی «سالارئاوا»ی سونقووڕی کولیایی لە دایک بوو.

 چالاکیی ئەدەبی هەر زوو دەستپێکرد. ساڵی 1961 یەکەم داستانی درێژی بە ناوی «وقتی کە شکوفەها می شکفند» چاپ و بڵاو کرایەوە. بەدوای ئەودا دوو کتێبی «غروب بینوایان»1963 و رۆمانی«کارگران»1966 هەواڵی دەرکەوتنی ڕۆماننوسێکی لێهاتووی بە جیهانی قەڵەم دا. ئیتر وەکی نووسەرێکی ناسراو، ئەم بەرهەمانەی چاپ کرا: «بی‌بی خانم»، «کومایین»، «سالهای از دست رفتە»، «چشم الفی‌ها»، «فردا حملە آغاز می شود»، «قلبم را بە خاک بسپارید»، «کوچ ناشکیب»، «برفابە‌های بهاری».

لە 1978ەوە، چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی لاری وەستێنرا. بەڵام ئەو بێ‌کار دانەنیشت و لە دوو بوارەوە بێ‌وچان هەوڵی دا، یەکەم: خوێندنەوە و پێداهاتنەوە و وەدەست خستنی ئەزموونی تازە و زانیاری پتر بۆ هەنگاوە گەورەکانی داهاتوو؛ دوویەم: بەردەوام بوون لە نووسین و بەرهەم‌هێنانی شوێنەواری نوێ. ئاکامی ئەم دەورەیەش بووبە 14 کتێبی ئامادەی چاپ، بەم جۆرە: (1)تنهایی رئیس جمهور «ڕۆمان لە سێ بەرگدا»، (2)دبور «ڕۆمان»، (3)فراسوی شب «ڕۆمان»، (4)بیگانەها «ڕۆمان»، (5)نبرد بی‌پایان «ڕۆمان»، (6)هزارپا «ڕۆمان»، (7)شکار در شهر «چیرۆکی درێژ»، (8)مرا بگذار و بگذر «چیرۆکی درێژ»، (9)نوکیسەها «کۆمەڵە چیرۆک»، (10)شهرک مرزی «کۆمەڵە چیرۆک»، (11)بازیافت «کۆمەڵە چیرۆک»، (12)بە خاطر یک مشت فشنگ «کۆمەڵە چیرۆک» (13)پیشمرگە «کۆمەڵە چیرۆک»، (14)سوار بر شانەی باد «کۆمەڵە چیرۆک».

به‌ڵام دوایین ڕۆمانی وی به‌ ناوی «تەنیایی‌ی سەرکۆمار» هه‌ژدە ساڵی کاری به‌رده‌وام خواست. نووسەر ئەم کارە بە گرینگترین بەرهەمی خۆی دەزانێ کە ئەزموونی تەمەنێکی پڕ ئازاری بۆ تەرخان کردووە. ماوەی دە ساڵ بەڵگەنامەی کۆکردووەتەوە و کەسایەتییە ناسراوەکانی سەردەمی کۆماری بینیوە و لە نزیکەوە لەگەڵیان دواوە. بۆ ئەوەی لە بەرهەمەکەیدا بتوانێ دیمەنێکی لە واقیع نزیک بخولقێنێ، سەفەری بۆ هەموو ئەو شوێنە جوغرافییانە کردووە کە لە ڕۆمانەکەدا باسیان لێکراوە. لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکان دواوە و گوێی بۆ خۆزگە و بیرەوەریی بەساڵاچوانیان ڕاگرتووە و هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌شه‌وه‌ بوو که‌ له‌گه‌ڵ نووسه‌ری ئه‌م دێڕانه‌ ئاشنایه‌تی په‌یدا کرد.

لاری سەبارەت بە ڕۆمانی  تەنیایی‌ی سەرکۆمار دەڵێ: (من ڕۆڵەی باوکێکی بیرەومەند و نەتەوەخواز و دایکێکی تلاوە بە زامەکانی تێکڕمانی کۆماری مەهاباد-م. لە لایلایەکانی دایکمدا، پەسنی جوامیران و بە پێچەوانەش، لۆمەی حەمەڕەشید خان و چەمەریی تاکە خوشکەکەی، کە لە سووتمانی بانەدا لە کیس چوو، ڕەنگی دەدایەوە. هیوادارم بە نووسینی ڕۆمانی «تنهایی رئیس جمهور»، کە ماوەیەکی درێژە بیر و زەینی منی پاوانی خۆی کردووە، توانیبێتم بەشێک لە ئەرکی خۆم هێنابێتە جێ).

لە سه‌ره‌تاکانی زستانی 1385، ڕێکه‌وتی دێسامبری 2006 مامۆستا لاری سه‌فه‌ری مەهابادی کرد و بۆ ماوه‌یه‌ک میوانم بوو. ئه‌وه‌ یه‌که‌م جار نه‌بوو که‌ بێته‌ مه‌هاباد، به‌ر له‌وه‌ش هاتبوو. له‌ ساڵیانی پێشتره‌وه‌ ئاگاداری نووسینی ڕۆمانه‌که‌ی بووم. ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ نزیکیشه‌وه‌ یه‌کترمان نه‌دیتبا، دووربه‌دوور له‌ ڕێگه‌ی نامه‌وه‌ پێوه‌ندیمان هه‌بوو. دوو به‌رگی ئه‌م دوایین ڕۆمانه‌‌ی له‌ ساکه‌که‌یدا بوو و له‌ سه‌ر به‌رگی سێیه‌م کاری ده‌کرد که‌ به‌رگی دوایی ڕۆمانه‌که‌ی بوو و به‌ره‌و ته‌واو کردنی ده‌ڕۆیی. هه‌میشه‌ نیگه‌رانی ئه‌م به‌رگانه‌ بووم که‌ تایپ و سه‌حافی کردبوو و له‌ هیچ‌کوێی دانه‌ده‌نا و له‌گه‌ڵ خۆی ده‌گێڕا. به‌ دڵ پێم‌خۆش بوو نووسخه‌یه‌کی له‌ ڕوو هه‌ڵگرمه‌وه‌ و بۆ دڵنیایی له‌ لای خۆم بیپارێزم. چجار ڕاسته‌وخۆ ئه‌و داوایه‌م لێنه‌کرد، به‌ڵام به‌ شێوه‌ی جۆراوجۆر نیگه‌رانیی خۆم له‌ لا ده‌رده‌بڕی.

داوام لێکرد بەر لەوەی ڕۆمانەکە چاپ و بڵاو بکرێتەوە و ڕووناکی ببینێ، ئیزن بدا بەرکوتێکی بە کوردی وەرگێڕم. داواکەی وەرگرتم و بە دڵی خۆی پاژێکی لە بەرگی سێیەم هەڵبژارد کە بکرێ وەکی کورتەچیرۆکێک لێی بڕوانرێ. ئه‌م به‌رگی سێیه‌مه‌ی تایپ و سه‌حافی نه‌کردبوو، ده‌فته‌رێکی کلاسۆری گه‌وره‌ی ده‌ستنووس بوو به‌ ده‌ستخه‌تی خۆی. پاژه‌که‌ 16 لاپه‌ڕه‌ بوو. له‌سه‌ر ئیزنی خۆی ئه‌و 16 لاپه‌ڕه‌م سکەن کرد و له‌ ماوه‌ی حه‌وتوویه‌کدا به‌ حوزووری خۆی به‌ کوردی وه‌رمگێڕا. بۆم خوێنده‌وه‌ و په‌سندی کرد. داوای نووسخه‌یه‌کی لێکردم که‌ هه‌ر زوو به‌ شێوه‌ی کتێبولکه‌یه‌ک بۆم پرینت و سه‌حافی کرد. گوتی: ئه‌وی ڕاستی بێ من له‌ هه‌وه‌ڵه‌وه‌ نیازم وا بوو پاشی بڵاو بوونه‌وه‌ی ده‌قی فارسیی ڕۆمانه‌که‌م، داوات لێبکه‌م که‌ به‌ کوردی وه‌ری‌گێڕی. ئێستا به‌ وه‌رگێڕانی ئه‌م به‌رکوته‌ت پتر له‌ سه‌ر نیازه‌که‌ی خۆم سوورم. سپاسم لێکرد و گوتم: ئه‌م کاره‌ی جه‌نابت شاکاره‌ و وه‌رگێڕانی بۆ من شانازییه‌.

لاری کرماشانی به‌ داخه‌وه‌ ژیانێکی ڕێکوپێک و سه‌قامگرتووی نه‌بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، کۆڵێک ئاڵۆزی و گرفتی له‌ ژیانی خێزانیدا تووش ببوو. یه‌کێک له‌ ڕۆژه‌کانی پاییزی ساڵی 1386 له‌ مه‌هاباد لێم وه‌ژوور که‌وت و دوای حه‌سانه‌وه‌ مزگێنیی ته‌واو کردنی ڕۆمانه‌که‌ی پێدام. گوتی له‌ تاران دۆستی باشم هه‌یه‌ و به‌ڵێنیی چاپیان پێداوم. به‌م هه‌واڵه‌ پتر نیگه‌ران بووم.

ساڵی 1387 بوو، ڕۆژێک به‌ ناڕه‌حه‌تی له‌ سه‌فه‌ری تاران گه‌ڕایه‌وه‌ و گوتی: تاکه‌ نووسخه‌ی ڕۆمانه‌که‌م له‌ چاپخانه‌دا ون بووه‌! به‌ڵێنیان پێداوم بیدۆزنه‌وه‌! چه‌ند ڕؤژی مانه‌وه‌ی له‌ مه‌هاباد ئۆقره‌ی نه‌بوو، به‌ سه‌د بۆچوون هه‌ر له‌م ڕووداوه‌ ده‌دوا. له‌ سه‌فه‌ری دوویه‌مدا ڕۆمانه‌که‌ی دۆزرابۆوه‌ و هه‌ر سێکی له‌ ساکه‌که‌یدا بوو. گوتی هاتوومه‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ که‌ سه‌فه‌رێکی باشووری کوردستان بکه‌م و کتێبه‌که‌م له‌وێ چاپ که‌م. نامه‌یه‌کی دوور و درێژیشی بۆ یه‌کێک له‌ که‌سایه‌تییه‌ ناسراوه‌کانی ئه‌ودیو به‌ فارسی نووسیبوو و داوای لێکردم بۆی بکه‌مه‌ کوردی. نامه‌که‌م بۆ وه‌رگێڕا و نوسخه‌یه‌کیشم له‌ لای خۆم هێشته‌وه‌.

دوای نیوه‌ڕۆیه‌کی دره‌نگ وه‌خت ڕۆیشته‌وه‌ کرماشان. نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ دوایین دیداره‌ و چجار چاومان به‌ یه‌کتر ناکه‌وێته‌وه‌.

ئێستا پاشی چوار ساڵ، هێشتا لێی بێ‌خه‌به‌رم. چاره‌نووسی خۆی و ڕۆمانه‌که‌ی نادیاره‌. ته‌نانه‌ت جارێکیش هه‌واڵی مه‌رگی هات. گۆیا قه‌رز و قۆڵه‌ی زۆر و گێره‌ و کێشه‌ له‌ ژمار نه‌هاتووه‌کانی ژیانی ئاڵۆزی، گه‌یشته‌ ڕاده‌یه‌ک که‌ سه‌ری خۆی هه‌ڵگرت و خۆی ون کرد! هه‌ر به‌و پێیه‌، چاره‌نووسی ڕۆمانه‌که‌ش نادیاره‌. جارێک یه‌ک له‌ دۆستانی پێوه‌ندی به‌ منه‌وه‌ گرت و له‌ ڕۆمانه‌که‌ی پرسی. گوتم: سکەنی 16 لاپه‌ڕه‌م له‌ لایه‌ و له‌سه‌ر داوای خۆی وه‌ریشم گێڕاوه‌ به‌ کوردی. هه‌رچۆنێک بێ، له‌م ڕۆمانه‌ که‌ پتر له‌ 2000 لاپه‌ڕه‌یه‌، وێنه‌ی سکەن‌کراوی ئه‌م 16 لاپه‌ڕه‌ی له‌ لای منه‌ و به‌س.

به‌ یادی دڵسۆزی و جوامێری و خولیاکانی، وه‌رگێڕاوه‌که‌ی خۆم بڵاو ده‌که‌مه‌وه‌ و پڕ به‌ دڵ ئاره‌زوو ده‌که‌م خۆی و ڕۆمانه‌که‌ ڕۆژێک وه‌دی بێنه‌وه‌.

 

بەرکوتێک لە ڕۆمانی

ته‌نیایی‌ی سه‌رکۆمار

نووسینی: لاری کرماشانی

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: عەبدوڵڵا سەمەدی

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

چوار ڕۆژ بوو جوامێر گیرابوو. گیرانێکی نائاسایی لە ناو زیلێکی عەسکەریدا کە چادرێکی بریزێنتی بەسەر کێشرابوو. چوار ڕۆژ و سێ شەو بوو لە ژێر ئەو چادرەدا دەژیا کە هەندێ جێی دڕابوو و دەوری دڕاوییەکە سەهۆڵ بەستبووی. کە گیرا، پێی وابوو زۆر زوو بەرەڵڵای دەکەن؛ بەڵام وردە وردە ڕاهات. لەو ماوەیەدا تەنیا دوو جار چەند لەتکە سۆمی وشک و ڕەق‌هەڵاتوویان فڕێ دابووە ناو ماشێنەکە. گۆیا سەربازێکی فارس لە ڕووی دڵسۆزییەوە، دوور لە چاوی فەرماندەکەی ئەمانەی تێداویشت. جار جار دەستە تەزیوەکانی لە چادرەکە دەهاتە ژوور و مستێکی وردکە سۆمیی بەیات فڕێ دەدایە بەر پێیان.

هەموو جارێ ئەوانی دی بەر لە جوامێر هەڵیاندەگرتەوە، جوامێر تەنیا ئەو کاتە جووڵەیەکی کرد کە دوایین گیراو، کە ژنێکی پیر و داماو بوو، خەریک بوو لەتکە سۆمییەکی هەڵدەگرتەوە. سیمایەکی غەمگین و لاوازی هەبوو. هەر کە لێیان دەپرسی بۆ گیراوە، بە تەوسەوە بزەیەکی دەهاتێ و کڕ دەبوو. دوا جار وەڵامی جوامێری دایەوە. جوامێر لە پەنای دانیشت و لێی پرسی:

دایە! ئەتۆ لەسەر چی گیراوی؟!

داپیر ماوەیەک لە ڕوخساری جوامێر ڕاما و چاوی بە پەڵە شینەکانی بن‌چاو و بنانگوێ و پەڵە خوێنە قرتماغە گرتووەکاندا گێڕا و بە سرتە گوتی:

چووزانم! لایان وایە ئێستا ناونیشانی کوڕەکەمیان دەدەمێ تا بیگرن و لە داری‌دەن!

بە داپیرەوە سەرجەم یازدە کەس لەم سەرمایەدا لە ژێر چادری پشت ماشێن بە دیل گیرابوون. پیاوێکی ڕەقەڵەی شارستانی، کە لە دەڤەری بۆکان گیرابوو، بێ‌ئەوەی ڕووی قسەی لە کەسێکی دیاریکراو بێ، لەبەر خۆوە دەیبۆڵاند:

-          دەرەقەتی ئەوان نایەن، وەکی سەگی هار ڕۆدەبنە لاقی خەڵک.

سەرما بە جارێک تەنگی بە داپیر هەڵچنیبوو؛ بەڵام بە هاودڵی و دڵسۆزیی جوامێر و دوو کەسی دی، هێزێکی هاتەوە بەر و گوتی:

دیسان ڕەحمەت لە بیانییەکان. ئەوان بەزە و ڕەحمیان لەمانە پترە. سەرەڕای ئەمەش خۆ نازانم کوڕەکەم لە کوێیە. لەوانەشە تا ئێستا لە قۆل کەوتبێ.

جوامێر سەری بردە بناگوێی و لێی پرسی:

کوڕەکەت ناوی چییە؟

داپیر بە ڕاشکاوی وەڵامی دایەوە:

ڕەئووف! ڕەئووف قاڕنەیی! پشتی شێر بە ناوی وە لەرزین دێ.

جوامێر چەند جار لەبەر خۆوە گوتی:

ڕەئووف قاڕنەیی؟! ڕەئووف قاڕنەیی؟! ئەمجار ڕووی کردەوە داپیر و پێی گوت:

بێدەنگ! لای کەس قسان مەکە!

ئێوارەی ڕۆژی چوارەم گەیشتنە دیواندەرە. مقەڕی سەرتیپ لەوێ بوو. ئەو شەوەش لە پشتی زیلەکەدا خەوتن. سەرما هێرشی هێنابوو و دیلەکان تەقەی ددانی یەکتریان دەبیست. سەری شەو خاوەن پلەیەکی عەسکەری گۆشەی چادرەکەی لادا و بە قێزەوە چاوێکی بە دانیشتواندا گێڕا و پرسی:

چەند کەسن؟

دەنگێک وەڵامی دایەوە:

یازدە کەس؛ بەڵام لام وابێ ئەم پیرێژنە مردووە.

خاوەن‌پلەکە ئەمجار ئەهوەنتر پرسی:

مردووە؟ بۆ نەخۆش بوو؟!

جوامێر وەڵامی دایەوە:

سەرما و برسێتی کوشتی.

ئەو پیاوەی یەکەمجار وەڵامی دابۆوە، گوتی:

چوار شەو و ڕۆژ لە ژێر ئەم سەرما بێ‌بەزەیەدا تاقەتی هێنا، بەڵام دوو سەعات لەمەوبەر تەواو بوو.

خاوەن‌پلەکە گۆشەی چادرەکەی دادایەوە و ڕۆیی. هیند پێ‌نەچوو لەگەڵ دوو سەرباز گەڕایەوە. جەستەی پیرێژن وەکی کۆلکەیەکی وشک، ڕەق هەڵاتبوو. ئەو کاتەی سەربازەکان لاشە بێ‌گیانەکەیان دەبرد، جوامێر فرمێسکەکانی هاتە خوار و ماوەیەک بە بێ‌دەنگی گریا. لەوانە بوو دەنگ هەڵبڕێ کە: ''من جوامێرم، جوامێری سیابێشەییم، کوڕی وەک «کاوس» و «کاوە» و «کێفسان»م هەن، ڕەئووف قاڕنەیی باش دەناسم، بەڵام جێگای ئەوم لێ‌نابیسن.''

دەنگی لاوێکی سەرمابردوو وەخۆی هێنایەوە، سەربازێکی سەر و شان و مل داپێچراوبوو کە سەری لە چادرەکە هێنابووە ژوور و دەیگوت:

ها.. بگرن.. بەخت یارتان بوو کە «جەناب سەروان عەزیم»تان لێ‌پەیدا بوو. جەناب سەروان پیاوێکی زۆر باشە.

هەندێک پووشاڵ و چەند باقە کڵۆش و دە لەتکە سۆمی کە پتر وە تەختە دەچوون و سەرەی نیوە یەغڵاوییەکی ڕەش‌هەڵگەڕاو و قووپاو شۆرباویان بۆ دیلەکان هێنا. جوامێر بەشە نانی خۆی بەوانی دی بەخشی و تەنیا هەندێک لە شۆرباوە گەرمەکەی فڕ کرد.

ئەمجار ئیدی دیلەکان لە نوێنی کڵۆشدا خەویان لێکەوت؛ خەوێکی وەک بێهۆشی. جوامێر لە ناو ئەو پووشاڵانەی بە توندی بۆمیزی وڵاغیان لێدەهات، مۆتە گرتبووی. بە دەم مۆتەوە گەڕابۆوە ڕۆژانی دووری پێشوو. دوایین ڕۆژەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و سووتمان و کوشتار و تاڵان و بڕۆی عوسمانییەکان. دەنگی خوشکە بچووکەکەی دەهاتە بەر گوێ؛ دەنگێکی نزیک، لە تاریکانی بەستەڵەکی شەودا، دەتگوت لە حەوشەی مقەڕ و چەند هەنگاو دوورتر لە چادری زیلەکەدا هاوار دەکا:

... سووتام.. کاکە!.. هۆی کاکە!..

زەمان بە لەز بەرەو دوا گەڕابۆوە و بە ئاشکرا کوشتاری 1915ی دەبینی. لە سەر و دەستە بڕاوەکانی پیاوان و لاشەی مەمک بڕاوی ژنان و کچانی گەنج و تەرمی بچووکی منداڵانی دەڕوانی. مێرمنداڵێک بوو شازدە ساڵانە؛ ڕەنگ بزرکاو و هەراسان لە خوشکەکەی دەگەڕا. دەنگی پیرەمێردێکی هاوسا هەرای دەکرد:

چما ئەوانە هاودین و هاومەزەبمان نین؟ ئەدی بۆ ڕوحم و بەزەیی‌یان نییە؟.

ئەم ڕستانە بە زاری خۆیدا دەهات و لە بەستەڵەکی بێدەنگیی شەودا دەنگی دەدایەوە. سەربازی ئێشکچی، لەوبەر چادرەکەوە هەرای کرد:

وست بە! زگت تێر بووە وا دەنگت لێ‌هەڵێناوە؟!

ئاواڵە شارەییەکەی پەنا خۆیشی وەکی مار فیشقاندی:

وس‌س‌س... چ خەبەرە؟!

جوامێر بەڵام، هێشتا سینگی لە ژێر چۆکی مۆتەدا بوو. بێ‌ئەوەی بزانێ لە کوێیە و دەڵێ چی، دەنگی لێ‌هەڵبڕی: «خوا بە فریاتان بگا، ئەگەر کەیکاووس... »

-          ووس‌س‌س... دە بێدەنگ بە!

لە قوژبنی یەکێک لە هۆدەکانی مقەڕ، سۆبەیەکی داری گرفەی دەهات. شیلەی کۆلکە نمدارە گڕ گرتووەکان، وەکی دۆشاو بە قڕنیسی گێچی دیوارەوە مەیی بوو. دوو ئەفسەری ماندوو و خەواڵوو لە پەنا سۆبەکە لەسەر کۆنە پەتوویەکی سەربازی دانیشتبوون و جگەرەیان دەکێشا. یەکیان سووتووی جگەرەکەی لەسەر گڵینەی بەردەم تەکاند و بە پەرۆشەوە گوتی:

ئەم پیرێژنە چارەڕەشە لە سەرمان مرد، تاوانی کوڕەکەی دایەوە کە لەخزمەتی کۆماردا بووە. دیلەکانیش چی‌وا لە مردووەکە باشتر نین.

ئاواڵەکەی کە پیاوێکی سپیکەڵەی لیچ و لێو ئەستوور بوو، بە قێزەوە گوتی:

دەبێ لەوە خرابتریان بەسەر بێ.

-  بۆچی؟ ئەی مرۆڤایەتی بە کاری چی دێ؟

-  نازانم بۆچی ئەم حەرامزادانە هیندە دەمدزن، لە چاوەکانیان دەترسم، وەکی چاوی گورگ تیژ و زیتن. خەویشیان زڕاندووم.

-  بەسە ئەحمەدی! ئاگادار بە لەخۆوە ڕق و بێزاری نەتگرێ.

- ...ژنەکانیان بە چاوە بەڵەک و شەرمێونەکانیانەوە، کاتێک لێمان دەڕوانن، دەڵێی هەڕەشەمان لێدەکەن. وا نییە؟ ڕواڵەتی ئارام و دەروونی پیاوکوژیان هەیە.

-  ئەحمەدی! تۆ خەیاڵ هەڵیگرتووی. خۆ مەدە دەست پڕوپاگەندە.

-  عەزیم خان! ئەگەر لە من دەبیسی، لایەنگری لەمانە مەکە، بە گوێی سەرێ بگاتەوە بۆ تۆ گران دەکەوێ.

سەروان عەزیم وەڵامی دایەوە:

مەگەر تا ئێستا بۆ من گران نەکەوتووە؟ من تەمەنێکم لە ناو ئەم خەڵکە بەڕواڵەت تووڕەیەدا گوزەراندووە. شەڕافەتی ئەفسەری حوکم دەکا حیسابی تاقمێک چەتە، کە لە لایەن بیانی و بەکرێگیراوانی ناوەوە چەکدار کراون، لە حیسابی خەڵکی کورد جیا بکەینەوە.

-  هەموو سەر و قوونی دارێکن. ئەمڕۆ سبەی نۆرە دەگاتە من و تۆش، هەر ئەوەندە وەدەستیان کەوین، گۆشاوگۆش سەرمان دەبڕن.

-  تۆ بەم بیر و باوەڕە و بەم ورە سست و هەڵتەکاوەتەوە باشتر وابوو پێت نەنابایە کوردستان. خۆ دەستتان ئەوەندە دەڕۆیی و ناسیاوی باشتان هەبوو؟!

سەروان ئەحمەدی چەند جنێوی خەست و خۆڵی بە ناسیاوە کاربەدەستەکانی خۆیان دا و گوتی:

بە خۆشیی خۆم نەهاتوومە ئێرە، ناردوویانم. لەو ڕۆژەوە خۆم ناسیوە، هەمیشە ناوی کوردم بە بێ‌بەزە و پیاوکوژ بیستووە. گەلێکم خۆ لێر و لەوێ هاویشت و دۆست و ناسیاوم ڕاسپارد کە ڕێگام لەم کاول‌بووە نەکەوێ، بەڵام نەبوو کە نەبوو!

سەروان عەزیم وەڵامی دایەوە:

تۆ هێشتا لە ژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەکانی سەردەمی مناڵیت دای. وەبیرت دێ ڕۆژنامەکانی پێتەختەکەمان چیهایان دەنووسی؟ ...کوردان هەزاران ژن و منداڵیان سەر بڕی ...کوردان خەڵکی خۆی و مەراغەیان قەتڵ‌وعام کرد. ...

-  ناکا بڵێی ئەمانەش درۆ بوون؟

-  ڕەنگە ڕاستیان نووسیبێ، بەڵام چجار باسی ئەوەیان نەدەکرد کە کێن و لە کوێوە چەکدار دەکرێن؛ کەچی هەر ئەوانەی تورکیان دەکوشت، کوردەکانیشیان قەتڵ‌وعام دەکرد. تۆ ئاگاداری کە من هەشت ساڵە لەم ناوە دام، ئەم خەڵکە باش دەناسم، ئەگەر دەتەوێ سیمای ڕاستەقینە و شەریفیان ببینی، چاوی تەماح لە نامووسیان مەبڕە و سەرکوتیان مەکە و بەس. من و تۆ هاوشاری و منداڵی گەڕەکێکین؛ لە تۆ دەپرسم ئایا ئەم خەڵکە تووڕەیە لە خەڵکی شارەکەی خۆمان تووڕە و تۆسن‌ترن؟! ڕەنگە لە بیرت نەچووبێتەوە دەوری دە دوازدە ساڵ لەمەوبەر بوو کە جیرانەکانی گەڕەک بە بەهانەیەکی پووچ و خۆڕایی ناوی ئەو ماڵە بێ‌تاوانەیان چۆن زڕاند و ڕیسوایان کردن؟ هەر لەم مقەڕەدا، ئێمە ڕۆژانە شاهیدی چها پیلانی جۆراوجۆرین؟ چها کاربەدەست و خاوەن پلەی بیانی و سەر بە بیانی دەبینین کە لە سەر سفرەی ملهوڕانی ئێرە دەلەوەڕن و خەڵک هان دەدەن کە دژ بە یەکتر و کۆمارەکەیان پیلان بگێڕن؟ دە جل‌وبەرگی کاربەدەستان و لایەنگرانی کۆماردا دەست بۆ گیان و نامووسی خەڵک درێژ دەکەن و نە بایان پێدادێ و نە باران. ڕۆژنامەکان و ڕادیۆی دەوڵەتیش مڕقەیان لێنایا، بەڵام کاتێک خەڵک وەگیان دێن و لە ژیانی خۆ وەڕەز دەبن و ڕادەپەڕن، ڕۆژنامەکان دەست‌دەکەن بە واوەیلا، کە: ئەی گەلی ئێران بۆ دانیشتوون؟ (ئەشرار)ی کوردستان دەکوژن، دەبڕن، هەربینا ئەمڕۆ سبەی هەڵیانکوتایە سەر شارەکانی ئێوەش. کەچی (ئەشرار) هەر ئەو تاقمە ملهوڕانەن کە من و تۆیان بۆ پاراستنی ماڵ و دارایی ئەوان ڕەوانەی ئێرە کردووە. ئەم پیرێژنەی کە هەر ئێستا تەرمەکەی لە گۆشەی تەویلەدا فڕێ دراوە، یەکێکە لە هەزاران قوربانیی بێ‌تاوان کە لەم ماوە کورتەدا فیدا بوون.

سەروان ئەحمەدی کە لە سەرەتای قسە نوتق‌ئامێزەکانی سەروان عەزیمەوە لە پەنا سۆبە هەستابووە سەرپێ و قەدەمی لێدەدا، ئێستاش بە دەم هاتوچۆوە بۆڵەی دەهات و جنێوی بەو کەسانە دەدا کە ڕەوانەی ئەم وڵاتە سارد و نەناسراوەیان کردووە. لە نەکاو لە چەقی هۆدەکەدا ڕاوەستا و گوتی:

بیستوومە ئەم کوردانە لە جسنی جندۆکەن؛ الاکراد طائفة من الجن...

سەروان عەزیم هەروا بە دانیشتنەوە چاوی بڕییە ڕوخساری نائاسایی و ترس‌لێنیشتووی ئەحمەدی و بە دەم بزەیەکی تاڵەوە گوتی:

ئەم قسانە لە ئەفسەرێک بە دوورن، ئەحمەدی.

سەروان ئەحمەدی کە دەتگوت لە جیهانێکی دیدا دەژی، چاوە پڕ خۆف و نیگەرانەکانی بڕییە عەزیم‌خان و درێژەی بە قسەکانی دا:

...و ئەگەر پێڵاویان لە پێ داکەنی، دەبینی وەکی ماڵات سمیان هەیە. من خۆم باش دەزانم کە لەم وڵاتە نەفرەت‌لێکراوە دەرنابەم. سێ شەو لەمەوبەر وەسیەتنامەیەکم بۆ ژن و منداڵەکانم نووسی و تێیدا باسی ئەوەم کرد کە من لەم وڵاتە ئاڵۆزەدا گرفتاری ئەجندە و شەیاتین بووم و هەر لە ئێستاوە بە مردووم دابنێن. چیت لێ‌وەشێرم؟ تەنانەت بڕیارم وایە هەر لە دوورەوە تەڵاقنامە بۆ خێزانم بنێرمەوە.

عەزیم‌خان لە نەکاو ڕاستەوە بوو و گوتی:

نەکا شێت بووبی؟!

ئەمجار باڵتۆکەی ئەحمەدیی بە شانەکانی دادا و باڵتۆکەی خۆیشی دەبەر کرد و ئەحمەدیی وەپێش خۆی دا و لە هۆدەکە چوونە دەر. لە پێشخانە فەنەرێک داییسا، دەستی دایە. ئەحمەدی بێ‌هەست و خوست، وەک لە خەودا بڕوا، کەوتە دووی عەزیم‌خان و گەیشتنە سەر جەنازەی پیرێژن لە گۆشەی گەوەڕدا. زەمهەریری مەرگ چوار دیواری گەوەڕی ئاخنیبوو و ئەو شوێنە داته‌پیوەی کردبووە ساردخانە. زریان ده‌یلووراند و بە داڵانەکاندا دەخوشی و تاک تاک دەنکە بەفری فڕێ دەدایە ژوور. عەزیم لە پەنا تەرمەکە چۆکی دادا و ئەو پەتووە شڕەی کە جێ‌جێ پەڵە خوێنی پێوەبوو، لای‌دا. پیرێژن وەکی قشقەڵەیەکی لە سەرمان ڕەق‌هەڵاتوو، وێک‌هاتبوو. دەستە لاواز و ئێسکنەکانی، کە لە ململانێی مەرگدا مست کرابوون، کەوتبوونە سەر سینگی. عەزیم فەنەرەکەی لە ڕوومەتی تەرمەکە نزیک کردەوە و گوتی:

وەرە برا، جوان لێی بڕوانە! شەست ساڵی تەمەن بڕیوە، ئەگەر بە ویژدانێکی وەخەبەرەوە سەیری کەی، هەر وەک منداڵێکی پاک و بێ‌گوناح دەنوێنێ؛ تەنیا جیاوازییەکەی ئەوەیە کە شوێن‌پێی ئێش و ژانەکانی ڕۆژگار، لەسەر ڕوخساری بەجێ‌ماوە.

سەروان ئەحمەدی بە تاو هەڵدەلەرزی و تەقەی وێککەوتنی ددانەکانی دەبیسرا، بەم حاڵەوە لە تەرمەکە چووبوە پێش و لە ڕوخساری ئارامی دەڕوانی. عەزیم فەنەرەکەی لە نزیک لاقە ڕووتەکانی  تەرمەکە دانا و گوتی:

لێی خورد بەوە، بزانە چ جیاوازییەکی لەگەڵ لاقەکانی ژنێکی غەیرە کورد هەیە؟ بۆ وێنە لەگەڵ پێیەکانی دایکت؟..

ئەحمەدی لە حاڵێکدا دەلەرزی، دەستە لەرزۆکەکانی بۆ درێژ کرد، بەڵام لە نزیک لاقەکان کێشایەوە دواوە. بەری پێیەکانی پیرێژن جەوانتر لە خۆی دەیاننواند. کەوانەی بەری پێیەکان هێز و توانایی‌ی لەڕادەبەدەری خاوەنەکەیان نیشان دەدا، و قامکەکانیش هێشتا جوانی و ناسکیی ژنانەیان تێدا دیار بوو.

.. دەی، چ دەبینی؟

لە گەڕانەوەدا بۆ هۆدە گەرمەکەی خۆیان، ئەحمەدی بێ‌هەست و خوست فرمێسکی دەهاتنە خوار. عەزیم ڕووی تێکرد و گوتی:

هەر ئەمشەو تا درەنگ نەبووە، دانیشە و نامەیەکی تر بۆ ماڵێ بنووسە. بە ئیستیوار جانعەلی‌دا کە سبەی ڕاسپێری پێیە و دەبێ بڕوا، بۆ خێزانتی بنێرە. بنووسە کە لە کاتی نووسینی نامەی پێشوودا نەخۆش بووی و لە تاو و یاوی نەخۆشیدا ئاگات لەخۆ نەبووە و قسەت پەڕاندووە. ئەم نسحەتەش لە گوێ‌گرە،‌ لە جیاتی ئەوەی لەم خەڵکە لێقەوماوە بترسی، لەو دەستانە بترسێ کە لە قۆڵی ملهوڕەکانی ئێرە و فەرماندەکانی خۆمان هاتوونە دەر. چونکە لە ناو یەکێک لە زیلەکانی خۆمانڕا تەقەیان لە سەرلەشکر کرد، بەڵێ، سەرلەشکر ئەمینی بە دەستی سەروان حوسێنی کوژرا.

دەوری سەعات دەی بەیانی جوامێر و هاوڕێیانیان لە پشت زیلەکە دابەزاند. مانەوەی پێنج شەو و ڕۆژ لەو سەرمایەدا لە پشت زیلێکی عەسکەری و لە ژێر چادرێکی شڕدا، بەجارێک هێزی لێ‌بڕیبوون. جگە لە جوامێر، هیچکام لە دیلەکان نەیانتوانی بە بێ‌یارمەتیی سەربازەکان لە ماشێن دابەزن و بچنە ناو بینای ستاد. بە چاوەڕوان ڕاگرتنیان لە داڵانی گەرمدا، هەندێ بووژانەوە؛ بەڵام هێندی پێنەچوو کە بۆ هۆدەیەکی تاریکیان گوێستنەوە و دەرگایان لەسەر گاڵەدان. سەعاتێک پاشان، دەرگا کرایەوە و گوربانێکی دەنێوەچوو، کە دوو ساقۆی سەربازی لەسەر یەک پۆشیبوو، لە ناو ڕێسمە ڕاوەستاو بە دەنگێکی وەڕەز و تووڕە گوتی:

دوو کەس، تەنیا دوو کەستان لەگەڵ من بێن.

بەر لەوانی دی جوامێر دەرکەوت، پاشان پیاوێکی ڕوومەت پانی گۆشتن کە پەڵە شینەکانی سەر دموچاوی نیشانیان دەدا بە توندی لێیدراوە، بە ئۆف و ناڵە شان‌بە‌شانی جوامێر بە دوای گوربانەکەدا داڵانیان پێوا و چوونە ناو هۆدەیەکی گەورە. سەرهەنگێکی چاوەگای بەخۆوە، لە پشت مێزێکی ڕێک‌وپێک دانیشتبوو. سەروان عەزیم و ئەحمەدیش هەرکام لە لاوە لە پشت مێزێک دانیشتبوون و خەریکی نووسین بوون. گوربانەکە لە بەرامبەر سەرهەنگدا ڕێزی تایبەتیی سەربازیی بەجێ‌هێنا و لە گۆشەیەک ڕاوەستا. لەم‌لا و لەولای دەرگاش دوو سەرباز بە چەکەوە ڕاوەستابوون. هاوڕێکەی جوامێر کە هێزی ڕاوەستانی نەبوو، پشتی وە دیواردا و خزی و لە ئاستەخۆ هەڵترووشکا. گوربانەکە بەسەریدا نەڕاند:

هەستە ڕاوەستە! قوڕمساغە گەورە و چکۆڵەییش نازانێ.

جوامێر کە لە سەرەتای گیرانییەوە لەسەرەخۆیی‌ی خۆی پاراستبوو، بە بیستنی وشەی قوڕمساغ لە زمان گوربانەوە، دڵی داخورپا و لەبەرخۆوە گوتی:

چ سووک و ناچیزەن ئەمانە! لە جنێو بەدەر چ نازانن.

پتر لە نیو سەعات لە سەر پێ ڕایانگرتن، ئەمجار سەروان عەزیم ڕووی کردە کابرا و لێی‌پرسی:

ناوت چییە؟

کابرا دوای وچانێکی کورت وەڵامی دایەوە:

فەرهاد! فەرهاد کەلهوڕ.

-  خەڵکی کوێی؟

-  کرماشان.

سەرهەنگ دەفتەرەکەی پێش خۆی وێکنا و لایدا. بە چاوە زەلام و تووڕەکانی سەیرێکی کابرای کرد و خەریکی داگیراندنی جگەرەکەی بوو. سەروان عەزیم لە درێژەدا پرسی:

لەوێ، مەبەستم ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دێـ.....ەکان، چیت دەکرد؟!

-  لە براکەم دەگەڕام.

-  براکەت بۆ لە ناو دێـ.......اندایە؟!

-  چیت عەرز کەم؟

-  براکەت چکارەیە؟

-  سیتوانی ئەڕتەش بوو. سیتوان ئازاد کەلهوڕ. لە خەرمانانی هەزار و سێسەد و بیستەوە ونە.

-  بەڵگە؟.. بەڵگە چیت پێیە؟.

 چیت عەرز کەم قوربان؟ هەرچی پێم بوو لەگەڵ پەنجا تمەن پووڵ و لیباسی گەرم...

سەرهەنگ بە بۆڵەوە گوتی:

ڕەنگە هەموویان لێ‌دزیبی؟! پیاوی شەڕووڕ وانه‌ڵێ دەڵێ چی؟!

-  بەڵام من درۆزن نیم قوربان، من برای سیتوان کەلهوڕم، براکەم ئەفسەرێکی فیداکار بوو.

سەروان عەزیم پرسی:

کێ بەڵگە و پووڵەکانتی لە دەست دەرێنای، دێـ......ەکان یا چەتەکان؟

-  چیت عەرز کەم قوربان؟..

-  قسان بکە!

-  دەترسم جەناب سەرهەنگ بڕوام پێ‌نەکا؛ من شەڕانی نیم، مامۆستای قوتابخانەم و کارەکەشم زۆر خۆش دەوێ..

-  باسی بەڵگە‌کانت بکە!

-  دەیڵێم! هەرچی دەبێ، با ببێ... ئێمە هەشت کەس خەڵکی کرماشان بووین، لە نزیک سەقز دەستەیەک ژاندارم بۆ پشکنین ڕایانگرتین...

سەرهەنگ بە تەوسەوە لێی پرسی:

دەتانەویست بچنە پاڵ دێـ......ەکان؟

-  ئەمە چ قسەیەکە جەناب سەرهەنگ؟ وەدوای دۆزینەوەی کەس‌وکارمان کەوتبووین.

سەروان عەزیم پرسی:

بەڵگە و شتەکانتان کێ لێی ئەستاندن؟!

-  ژاندارمەکان...

-  درێژە بدە!

-  هەرچی پێمان بوو بردیان، سەرباقی ئەوە، هەتا توانیشیان لێیانداین. فەرموو بزانە چیان بەسەر من هێناوە.

-  بەڵگە و پێناسەکانی ئێوە بە چ کارێکی ئەوان دێ؟

کابرا بە ورەوە وەڵامی دایەوە:

بە هەندێ کەسی گومان‌لێکراوی دەفرۆشنەوە.

-  تۆ لە کوێ دەزانی؟

-  خۆم شاهید بووم کە بەڵگە و پێناسەکانی هاوڕێیەکەمیان بە ناشناسێک فرۆشت.

سەرهەنگ پەڕییە نێو قسەکان و پرسی:

تۆ جاسووسی بۆ کوێ دەکەی؟!

کابرا بە ورەتر لە پێشوو وەڵامی دایەوە:

جاسووسی چییە جەناب سەرهەنگ؟ بۆ بوختان دەکەی؟

سەرهەنگ لێی دەرهەڵ بوو:

وێکی‌نێ جاکێش! دەمێکە ڕاپۆڕتی جاسووسیت بە دەستمان گەیشتووە.

-  من وەدوای برای بێ‌سەروشوێنم کەوتووم، بەڵام ئێوە دەتوانن من لێرە ڕاگرن و پێوەندی بە لەشکری کرماشانەوە بکەن.. من لە بەڵگەکانمدا نامەی سەرلەشکر موقەددەمم پێ‌بوو.

سەرهەنگ بە بیستنی ناوی سەرلەشکر موقەددەم ڕووی گرژ کرد و لە کاتێکدا چاوی لە عەزیم‌خان بڕیبوو، گوتی:

ئەم قسانە شتێک ناگۆڕن، من بەرابەری یاسای زەمانی جەنگ دەجووڵێمەوە.

دوای بێدەنگییەکی کورت، بە تەوسەوە پرسی:

بڵێ بزانم! ئەم برا سیتوانەی تۆ ئێستا تەشریفی لە کوێیە؟ لە کۆماردا خزمەت دەکا؟!

-  نەخێر جەناب سەرهەنگ، وەک لەم ماوەیەدا ئاگادار بووم، گۆیا لەگەڵ دەستەیەک لە ئەفسەرانی ئەڕتەش پەناهەندەی تورکیا بوون.

سەروان عەزیم گوتی:

بەڵام ئەفسەرانی پەناهەندە هەموو گەڕاونەوە ئێران، تو دڵنیای براکەت چووەتە تورکیا؟!

بەڵێ جەناب سەروان، بڕوا بکە دایک و باوکم لە ئەوپەڕی نیگەرانیدا وەختە دیق بکەن. من بە مانی هیوادار نیم، بەڵام...

نەڕەی سەرهەنگ لە هۆدەکەدا دەنگی دایەوە:

بەسە! کاتێک لە بەرامبەر جوخەی ئیعدام ڕاگیرای، ڕاستییەکان دەڵێی.

کابرا بەم قسەیە تاسا، بە ترس و ناباوەڕییەوە پرسی:

جوخەی ئیعدام؟ بە چ تاوانێک؟!

-  بە تاوانی جاسووسی بۆ دوژمن.

بە ئیشاڕەی دەستی سەرهەنگ، کابرایان لە هۆدە بردە دەر. سەروان عەزیم ڕووی کردە سەرهەنگ و گوتی:

بەڵام قوربان، زۆربەی کوڕەکان، یەک لەوان خۆیشم، سیتوان کەلهوڕمان دەناسی. ئەفسەرێکی باش و ئەرک‌ناس بوو.

سەرهەنگ ئەم قسەیەی بێ‌وەڵام هێشتەوە و ڕوو بە سەروان ئەحمەدی و ئاماژە بە جوامێر، گوتی:

سەروان، ئەمە باسخواز کە!

ئەمجار ڕوو لە سەروان عەزیم، گوتی:

سەروان! تۆ بۆچی لایەنگری لە جاسووسان دەکەی؟!

-  لە جەسارەتم ببوورن جەناب سەرهەنگ...

-  بەسە سەروان! پێم‌خۆش نییە ئەفسەری ژێر فەرمانم لە بەجێ‌هێنانی ئەرکەکەیدا هیچ گومانێکی هەبێ. با ئەوەش بڵێم، من دەستوورم پێدراوە جاسووسەکان ڕەوانەی جەهەننەم بکەم.

لەم کاتەدا سەروان ئەحمەدی لە جوامێری پرسی:

ناوت چییە؟

هەرچەند جوامێر کەم‌وزۆر لەم باسی ئیعدام و جاسووسیەدا لە مەبەستی سەرهەنگ گەیشتبوو، بەڵام لەسەرەخۆ وەڵامی دایەوە:

-  جوامێر!

-  ناوی باوکت؟

- خان ئەمیر

-  لە سەقز چیت دەکرد؟

-  وەدوای کوڕەکەم کەوتبووم.

-  کوڕەکەت؟ ناوی چییە؟

-  کاوە

سەرهەنگ پرسی:

تۆ لە لایەنگرانی لات‌ولووتەکانی مەهابادی؟

جوامێر تێما. کاس و پەشۆکاو چاوی لە سەروان عەزیم بڕی؛ وەک لێی بپرسێ کە ئەم سەرهەنگە لە چی دەدوێ؟ سەرهەنگ بە تووڕەییەوە گرماندی:

بۆ لاڵ بووی دەییوس؟!

جوامێر بە پارێزەوە هەنگاوێک کشایەوە و گوتی:

جنێوان مەدە ئاغا، وەڵڵا زۆر ناحەزە...

سەرهەنگ هەندێ ئەهوەنتر پرسی:

تۆ..! لایەنگری کۆماری مەهابادی؟

-  من مەهابادیم.

سەروان عەزیم بە لۆمەوە ڕوانییە جوامێر و وەک بخوازێ بە ئەنقەست ڕێبازی پرس‌وجۆیەکە بگۆڕێ، بە کوردیی بیجاڕی پێی‌گوت:

جەناب سەرهەنگ دەفەرمێ تۆ ڕووسەکانت خۆش دەوێ؟

چاوە شەکەت و سەرمابردووەکانی جوامێر لە ترسان خێل بوون، وەڵامی داوە:

ئەمن عەبدی خودا و ئۆممەتی محەممەدم.

سەرهەنگ وە پرتە و بۆڵە کەوت:

ئەم بێ‌شەڕەفانە لە ڕێوی بە دەهۆترن، کە دەگیر کەوتن و بە تەڵەوە بوون، لە نەکاو دەبنە عەبدی خودا و ئۆممەتی محەممەد...

ماوەیەک کڕ بوو تا بە ڕوانینە ژاراوییەکەی،‌ جوامێر لە پێ بخا. ئەوجار هێرشێکی دیکەی ئاوا دەست‌پێکرد:

قازی محەمەدت پێ چۆنە؟ قسە بکە!

جوامێر لە‌سەرەخۆیی و ئەهوەنی سروشتیی خۆی پاراستبوو، لە هەمان کاتیشا خۆی بۆ مەرگێکی نەویستە ئامادە دەکرد. ماوەیەک کڕ مایەوە و لە دڵدا بە خۆی گوت: «کارت کراوە جوامێر! کارت کراوە!»

-  دەم هەڵبڕە پیاویلکە!

-  قازی محەمەد؟.. پیاوێکی باشە.

-  تا ئێستا چ خزمەتێکی بە ئێوەومانان کردووە؟

-  تا ئێستا خۆ دەرفەتیان پێ‌نەداوە ئاغا! بە سێ دەوڵەتان دەگژی ڕۆهاتوون.

سەرهەنگ بە سەروان عەزیمی گوت:

لە ساردخانەی باوێژن و بەر لە ڕێوڕەسمی بەیانی، لەگەڵ ئەوانی دی بە حیسابەکەی ڕابگەن.

جوامێر بە باشی لە فەرمانی سەرهەنگ نەگەیی، بەڵام ڕاچڵەکا و هەستی بە مەترسییەکی گەورە کرد. لە کاتێکدا خەریک بوو کیسە توتنەکەی لەبەر پشتێند دەردێنا، وەپێش گوربان کەوت و لە هۆدەکە دەرکەوت. لە ئاخریی داڵانەکەدا بردیانە شوێنێک و دەرگایان لەسەر گاڵە دا. لە گۆشەیەک دانیشت و سەبیلەکەی داگیرساند. لە مقەڕی ژاندرمەی سەقزیش هەرچەند ئەوی پارەی پێی بوو لێیان ستاندبوو، بەڵام ڕەنگە لە ترسی کوڕەکانی، زاتیان نەکردبوو دەستی بۆ درێژ بکەن. یەکێک لە گوربانەکانی مقەڕ «کاوە»ی دەناسی و لە ترسان زۆر بە پارێزەوە لەگەڵ جوامێر دەجووڵانەوە، هەر بۆیە ڕەوانەی ناوەندیان کردبوو و دەیانزانی بەم ڕاپۆڕتەوە کە بۆیان نووسیوە، لە کۆشی مەرگیان هاویشتووە. سەرەڕای ئەوە، بۆ جوامێر، وەبیرهێنانەوەی جنێو و قسە سووکەکان لە گوللەی بڕنوو بەژانتر بوو. ئێستا لە خەڵوەتی خۆیا دەدوا و دەیگوت: «...دەڵێی بۆ سووکایەتی بە خەڵک کردن لەدایک بوون.» کەڵانتەری سەقز لێی پرسیبوو تا ئێستا سەری چەند سەربازت بڕیوە؟.

- ...من بۆ دەبێ سەری سەربازم بڕیبێ؟ خۆم پێنج کوڕی گەنجم هەن.

جوامێر بە سەعات نوقمی خەیاڵ بوو و دووکەڵی تاڵی هەڵدەمژت. گا بیری لە کوڕە گەورەکانی دەکردەوە کە لە دوو بەرەی دژ بەیەکدا پەنجەکانیان لە پەنجەی مەرگ گرێ‌دابوو، گا لە ئەحمەد، کوڕی نابینای، کە هێشتا بە دۆزینەوەی هۆی کوێرییەکەی هیوادار بوو. سەبیلەکەی کە لە مژ دەکەوت، سووتووەکەی لە بەرپێی دەتەکاند تا سەرلەنوێ توتنی تێکاتەوە. ئاگای لە فڕینی کات نەبوو، تا لەنەکاو دەرگا کرایەوە و سەروان عەزیم وەژوور کەوت و بە دوای خۆیدا دەرگاکەی بەست. بە کوردیی بیجاڕی و ڕاوێژێکی دڵسۆزانەوە پێی گوت:

ئەو قسانە چی بوو کردت؟! مەگەر نازانی سەرهەنگ تەنیا بۆ ئێعدامی ئێوەومانان هاتووەتە ئێرە؟ بۆ گوتت خەڵکی مەهابادی؟ چۆن لێرە تاریف لە قازی محەممەد دەکەی؟!

-  بە ڕەسولوڵڵا درۆم نەکردووە.

-  درۆم نەکردووە، درۆم نەکردووە! من دەپرسم چۆن لێرە  تاریف لە سەرکۆمار دەکەی؟.

جوامێر کڕ بوو و سەروان عەزیم گوتی:

هەرچەند ئەگەر ئەم قسانەت نەشکردبایە چارەنووسی تۆ نەدەگۆڕا. مقەڕی سەقز لە ڕاپۆرتەکەیدا نووسیویە دوو کوڕی تۆ لە خزمەتی کۆمار دان و کوڕێکیشت لە چەتەکانی حەمە ڕەشیدخانە.

-  بەڵام کاوە ئێستا لەگەڵ حەمە ڕەشیدخان نییە.

چەند تەقەیەکیان لە دەرگا هێنا و سەربازێکی دەستەی ڕەنگ پەڕیو لە ڕێسمەدا ڕاوەستا. سەروان عەزیم ئیزنی هاتنە ژووری پێدا. کۆنە باڵتۆیەکی سەربازی و هەندێ نانی خستە سەر مێزە دارینەکەی قوژبنی هۆدەوە، ئەمجار بە نیشانەی ڕێزدانان بۆ فەرماندەی خۆی، پانییەی پۆتینەکانی لێکدا و دەرکەوت. سەروان عەزیم ڕووی کردە جوامێر و گوتی:

ئەم باڵتۆیە لەگەڵ خۆت بەرە. دەتبەنە شوێنێک کە لە کوێستانەکانی سیابێشەی خۆیشتان ساردترە، ئەگەر کەسێک ویستی باڵتۆکەت لێ‌بستێنێ، مەهێڵە و بیکە داد و قاو، هۆدەکەی من لەو شوێنە زۆر دوور نییە. من ناوم سەروان عەزیمە. ئەم بڕە نانەش لە باغەڵتدا بشارەوە. خۆزگە توانیبات ڕاکەی، نازانم لە دەستت دێ یان نا؟!

سەروان دوای ئەم قسانە ماوەیەک لە ڕووی دڵسۆژییەوە لە جوامێری ڕوانی و دەرکەوت. جوامێر بە ناباوەڕی و سەرسووڕمانەوە لە خۆی پرسی:

کێ بوو؟.. بە خوا هەندی کەیکاووس بۆ من ئاشنا بوو.

نیو سەعات پاشان دوو سەربازی سەرمابردوو وەژوور کەوتن و جوامێریان لە بینای فەرماندەییەوە بردە دەر. زەمهەریری مەرگ، هەور و هەڵا و سەرمایەکی بەسەر وڵاتدا تەپاندبوو کە لە ڕوانگەی جوامێرەوە ناحەز و بێ‌بەزە دەینواند. سەربازەکان دەم‌ولووتیان هەڵبەستبوو و هەرچی وەگیریان کەوتبوو لە خۆیان هاڵاندبوو. وەکی دوو هەمبانە کای ئاخنراو، لە مژدا هەڵدەخلیسکان و دەڕۆیشتنە پێش. زارکی ژێرخانێک لە ژێر بەفر و سەهۆڵ دەرکەوت. ئەم زیندانە کاتییە گەوەڕێکی تێکقرماو و بێ‌دەرک و چوارچیوە بوو کە میچەکەی لە ژێر قورسایی‌ی بەفرێکی ئەستووردا لە ژێڵڵا هاتبوو و هەردەم چاوەڕوانیی هەرەسی دەکرا. لە بنەبانا تاقمێکی پێ بە کۆت وەکی تارمایی بە دیوارەوە کروشم هەڵاتبوون. سەربازەکان جوامێریان لە پەنایەک پەستاوت و دەنگی گڕ و سەرماونی یەکیان هاتە گوێ:

-          ڕۆنیشە!

زنجیرێکی ئەستوور، سەرێکی لە دیوار قایم کرابوو و سەرەکەی دیکەی ئاڵقەیەکی ئاسنی پێوە بوو. یەکێک لە سەربازەکان کە کلیلی لە دەستا بوو، چۆکی دادا و  قفڵی ئاڵقەکەی کردەوە. ئاسنی چایگ بە پەنجەکانی سەربازەکەوە دەنووسا. بەڵام جوامێر، بێ‌دەنگ و ئارام خۆی بە دەستەوە دابوو و چاوی بە جەستەی نیوەگیانی ئەو پیاوانەدا دەگێڕا کە مەعلووم نەبوو کامیان مردووە و کامیان زیندوو. سەرباز، ئاڵقەکەی خستە دەوری گۆرەوییە مەرەزەکانی و لە قولی پێی قایم کرد و قفڵەکەی داخست. کە سەربازەکان دوور کەوتنەوە، پیاوێکی نزیک بە جوامێر، کە زۆرتر وەک مردوو دەچوو، جووڵەیەکی کرد  و وەدەنگ هات:

 هەواڵی دنیای دەرەوە چییە؟

 وەک سەگی هار دەخەڵک ڕۆ بوون.

-  تۆ لەسەر چی گیراوی؟

-  نازانم.

پیرەمێرد لە سەرمان هەڵدەلەرزی و جوامێر تەقەی ددانەکانی دەبیست. ساقۆکەی سەروان عەزیم پێی‌دابوو، هاویشتییە بەر دەستی و پێی‌گوت:

ئەوە لەبەرکە. تۆ کە کورد نی، لەبەر چی گیراوی؟!

-  قسە لە کورد و فارس نییە پیاوی چاک،.. خۆت ئێستا گوتت وەک سەگی هار لە خەپک ڕۆ بوون. کاری ئەمانە کوشت و بڕە..

پیرەمێرد هەوەڵ ساقۆکەی قەبووڵ نەدەکرد، بەڵام ئاخری دەستی دایە و هەرچۆنێک بوو بە شانی دادا و گوتی:

دە ڕۆژە گیراوم. نزیکەی بیست و شەش کەس بووین، هەر ڕۆژە چەند کەس ئیعدام دەکەن. ئەم سەرما بێ‌ڕەزایەش یارمەتییان دەدا. شەو نییە دوو سێ کەس لە سەرما و ترس و ناهومێدیدا نەمرن، لە خوا دەپاڕێمەوە زووتر ڕاحەتم کەن.

-  بە چ تاوانێک تووشی ئەم بەڵایە هاتووی؟!

-  لە مەهاباد دەگەڕامەوە، چووبووم چاوێکم بە کچەکەم بکەوێ. من خەڵکی هەمەدانم، شاری هەمەدان. لام وابوو چونکە بە فارسی داخێوم لە لایەن دێـ....ەکانەوە گیروگرفتم بۆ ساز دەبێ، بەڵام پێچەوانە دەرچوو... دەبینی کە بوومە دیلی ئەرتەشی شاهەنشاهی.

هەرچەند جوامێر بە تەواوی لە قسەکانی کابرا نەدەگەیشت، بەڵام لە مەبەستەکەی حاڵی دەبوو. بەم بۆنەوە هەستی بە دڵنیایی کرد و پرسی:

کچەکەت لە کوێیە؟

-  مەهاباد.

-  لەوێ چی دەکا؟

پیرەمێرد هەر هەندی جوامێر لە قسەکانی ئەو دەگەیشت، سەرەڕای ئەوە خۆشحاڵ بوو کە لە سەرما و تاریکانی شەودا، کە لەوانەیە دوایین شەوی ژیانی بێ، ئاواڵ و هاوسۆحبەتێکی بۆ پەیدا بووە. دەنگی سافتر بوو و تەقەی ددانەکانی کەمتر. لە دڵەوە وەڵامی دایەوە:

بە سەودای دێـ......ەکانەوە لە مەهاباد مامۆستای قوتابخانەیە.

جوامێر بێ‌یەک و دوو شازادە خانمی وەبیرهاتەوە، ڕوخساری هێدی و مێهرەبانی ژنێکی شۆخ لە لێڵایی‌ی شەوی زستاندا بەر چاوی ڕووناک کردەوە. ئافرەتێکی سەر بە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووی ناوچە، ڕۆڵەی باوکێک کە هەرگیز دۆستی خەڵک نەبوو و خوشکی برایانێکی دوژمنی سوێند خواردووی کۆمار. دەنگۆی ئەوە هەبوو کە دڵی داوە بە کێفسانی کوڕی جوامێر. گەورەکچێک کە بە دڵپاکی و ڕاستگۆیی، خۆی تەرخانی مناڵانی کورد کردبوو. بەڵام مامۆستاکانی تر... کامەیان کچی ئەم کابرایەن؟!

جوامێر هەموویانی دەناسی، بەم بیرەوە دانە دانە سیمای ئەوانی دێنا بەر زەین. هەموو بە شێوە ئاشنا بوون، بەڵام نەک بە ناو. ناچار پرسی:

ناوی چییە؟ ناوی کچەکەت!...

-  بۆ تۆ مامۆستاکانی مەهاباد دەناسی؟

جوامێر هەستی کرد کە لەم پرسیارەدا چەشنە دڕدۆنگی و بەدگومانییەک هەیە، ناچار وەڵامی دایەوە:

ناویان نازانم، بەڵام... هەموویان دەناسم. نا.. ناویان نازانم.

وسکوتێکی نەویستە زاڵ بوو و درێژەی کێشا. هەر کام لە دەروونی خۆیانا لە ململانێی خەیاڵێکدا بوون. پیرەمێرد لە دڵەڕاوکێی ئەوەدا  بوو کە جوامێر ئاشکرای بکا و لای کاربەدەستان بیدرکێنێ کە ئەوە باوکی یەکێک لە کەسانی سەر بە کۆمارە. بەڵام جوامێر بەدوای بڕیارێکی لەنەکاودا، بیری لە ڕاکردن دەکردەوە. «ئەمانە دەمکوژن.. وەکی کەروێشک، یا وەکی کاریلەیەک کە بەر لە کوشتنەوە کندری لە پێ دەکەن، منیان سندم کردووە..

تا سەعاتێک لەمەوبەر زارکی گەوەڕ لەبەر مانگەشەوی زستان، مشکی دەینواند، بەڵام هەر هات و تاریکتر بوو، تا وەها ڕەش داگەڕا کە چوارچێوەی زارکەکەش دیار نەبوو. تەنیا تارمایی‌یەکی بەرقاپییە بێ دەرگاکە هەستی پێ‌دەکرا. لوورەی ئەو گورگانەی بە هیوای وەدەست‌خستنی گیاندارێک لەم دەوروبەرە دەخولانەوە، جار بە جار ئاشکراتر دەبیسرا. ئاخری پیرەمێرد وەقسە هات:

دەبیسی برا؟ گورگەکان نزیکتر بوونەوە. لەم ماوەیەدا کە من لێرە گیراوم، چەند کەسێکیان هەڵدڕیوە. دوو سەرباز و چوار ئەسیری بێ‌دەرەتانی وەکی خۆمان. بەڵام مەترسێ، هێشتا ڕێگایان نەکەوتووەتە ئێرە. ئێشکچییەکانی دەوروبەر تەقەیان لێدەکەن. هەڵبەت سەبارەت بە ئێمە نییە، سەبارەت بە پاراستنی گیانی جەناب سەرهەنگەکەیانە.

جوامێر نانەکەی لەگەڵ پیرەمێرد بەش کرد. کابرا بە دەم خواردنەوە، پرسی:

ئەم نانە جوانەت لە کوێ هێناوە؟!

جوامێر کە سەعاتێک لەمەوبەر هەستی بە بەدگومانی و دڕدۆنگیی کابرا کردبوو، زوو وەڵامی دایەوە:

هی ئەفسەرەکانە.. لێم دزیون.

جوامێر بە کاوەخۆ نانەکەی خوارد. ئەمجار لە بەر پشتێندەکەی قەڵەمبڕێکی تیژی دەرهێنا کە بەر لە گیران شاردبوویەوە. خەریک بوو بە قڵفەی سندمەکە دەیسوویەوە. دەنگی پیرەمێرد هات کە بە پارێزەوە پرسی:

ئەوە خەریکی چی؟!

-  ئەم چەقۆیە تیژ دەکەمەوە. بەر لەوەی درەنگ بێ، گەرەکمە وەدوای کاری خۆم کەوم.

-  چلۆن؟!.. ئاخۆ چەقۆ ئاسنی نابڕێ!

-  دەزانم.

-  کەوایە...

-  جارێ بزانم! نەختە زاتێکی دەوێ.

پیرەمێرد لە نیازی نەگەیشت، گوتی:

-  بێ‌کەڵکە برا، گورگی دوو پێ و چوار پێ هەڵتدەدڕن.

-  دەزانم.

خشەی دمە چەقۆ لەسەر ئاسنەکە لە وسکوت و تاریکانی شەودا، دەنگ‌دانەوەیەکی خۆفناک و ناخۆشی هەبوو. بەڵام جگە لە ئاهـ و ناڵەی تاوتاوەی پیاوێکی پێ‌بەکۆتی دوورتر، هیچ دەنگێکی دی نەبوو. پیرەمێرد بە نائومێدی درێژەی بە قسەکانی دا:

لەم ناوەدا ئاوەدانییەک نەماوە، هەموویان سوتاندووە.. تەنیا گورگ و ئەمنییە و پیاوەکانی حەمە ڕەشیدخان چاوەڕوانتن. نا! دەربازبوونت مەحاڵە، تێدا دەچی.

-  بەڵام من لە مەرگ ناترسم.

-  ئەی ئەم هەوڵەت لە ترسی مەرگ نییە؟!

جوامێر لە دڵەوە وەڵامی دایەوە:

تەنیا بۆ ئەوەیە جارێکی تر چاوم بەو خاوەن‌پلە زمان‌پیسە نەکەوێتەوە.

-  لە ترسی ئازار و ئەشکەنجەکانی؟!

-  لە ئازار و ئەشکەنجەش ناترسم.

-  کەوایە بۆچی؟!..

-  ئەوان فێرن لە نامووس بدوێن، جنێو بە نامووس دەدەن.

پیرەمێرد لاڵایەوە:

خۆ لە مەترسی ماوێژە! خودا گەورەیە، شایەد تا سبەی دێـ.....ەکان گەیشتنە ئێرە.

-  نیگەران مەبە، من پیاوێکی گیان‌سەختم.

بازنەی سندمەکە لە قولی جوامێردا دەلەقی، بەڵام تەوژمی سەرما لاقەکانی پەنمی‌بوو. هاتنە دەری محاڵ بوو. جوامێر ورد و لەسەرەخۆ گۆرەوییەکەی داماڵی، دەستێکی بە پانیە داهێنا و گوتی:

بە تەواوی تەزیوە، ڕەنگە هاسان بێ.

دەنگی ئارام و خۆفناکی پیرەمێرد لە وەڵاما گوتی:

پەنا بۆ خوا! خەریکی چی بکەی؟!

-  گەرەکمە هەندی گرێی قامکێک لە پاژنەم خشت کەم.

پیرەمێرد نابەدڵ و تاساو پێکەنی و گوتی:

تۆ شێت بووی.. چۆن شتی وا دەلوێ؟!

-  جارێ با بزانم!

-  پیاوی چاک! بۆنی خوێن گورگت وەدوا دەخا.

-  ئەوەش دەزانم، بەڵام لەگەڵ گورگەکان باشتر پێک دێم تا لەگەڵ خاوەن‌پلەکان..

جارێکی تر تەقەی ددانەکانی پیرەمێرد بەرز بوویەوە و دەنگی کەوتە هەنسکەبڕکێ. لە نەکاو جوامێر قەڵەمبازدی دا و لە ئامێزی گرت. پیرەمێرد نیوەگیانێکی هاتەوە بەر و گوتی:

خوات لەگەڵ!

-  ئەگەر کەس‌وکارێکت هەیە کە دەتوانن هەوڵی ڕزگار بوونت بدەن، پێم‌بڵێ، زیندوو بمێنم ڕاسپێریت دەگەیەنم.

پیرەمێرد وەها لە پێ کەوتبوو کە ئیتر لە مەبەستی جوامێر نەدەگەیی، تەنانەت دەتگوت وشەکانی زمانی زگماکیشی لە بیر چووەتەوە. بە نزگەرە هەندێ وشەی درکاند کە بۆ جوامێر ڕوون نەبوون..

- نا.. بر..بر..برا.. زۆر.. درەن..درەن..درەن..

لەم کاتەدا جوامێر سەری بە کاری خۆیەوە بوو. ناڵەی کورت و خنکاوی لە تاریکان و سەرمای گەوەڕدا دەتگوت دەنگی مشت‌ومڕە لەگەڵ بوونەوەرێکی بەهێزی نەناسراو. ئەمجار زڕەی کۆ کردنەوە و وەلانانی ئاڵقەکانی زنجیر هەڵسا. جوامێر خەریک بوو لەسەر پێیە ساغەکەی ڕاوەستێ، کە پەنجەکانی پیرەمێرد جومگەی دەستیان گرت و کێشایان.

-          ناوی کچەکەم زارایە!... زارا!...

توند لە ئامێزی گرت و بەریدا و دەستی کرد بە خوێندنی دۆعا. تا سێبەری جوامێر کە دەشەلی و دوور دەکەوتەوە، لە دەرگای گەوەڕدا توایەوە، دۆعای پیرەمێرد درێژەی هەبوو.

 

زستانی 1385

9ی فێوریه‌ی 2007

====
زانیاری زیاتر لە مەڕ لاری کرماشانی
عەبدوڵا سەمەدی
لە بەڕێز "خوسرەو پەرهام" دۆستی نزیکی مامۆستا "لاری"م بیست کە لاری کرماشانی لە یەکێک لە ئاواییەکانی دەڤەری کرماشان کۆچی دوایی کردووە و سەرەخۆشییەکەی لە کرماشان بەڕێوەچووە. دەوری شەش حەوت ساڵ لەمەوبەر بوو کە ئەو هەواڵەی پێدام، بەداخەوە ئێستا بە دروستی ساڵەکەم لە بیر نییە، بەڵام بێ‌گومان کاتی خۆی یادداشتم کردووە
. بەڕێز خوسرەوی پەرهام لەدایکبووی 1319ی کرماشانە و پێنج ساڵ لە مامۆستا لاری بە تەمەنترە و خاوەن و بەڕێوەبەری "کتێبفرۆشیی پەرهام"ە لە کرماشان. ئەم کەسە نزیکترین دۆستی لارییە و ئێستا لە ژیاندایە و زۆر بە گور و سەرحاڵە. لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کرماشاندا وتار و نووسینی زۆرە و دوو کتێبیشی هەن: 1- شور شیرین، ترانەهای کردی کرماشانی 1395   -2 رمان گل، مجموعە کامل اشعار شامی کرماشانی (لە ژێر چاپە).