Saturday, January 9, 2021

Jeqnemût/ ژەقنەمووت, [06.01.21 05:42] خوێندنەوی ''خێرخوازانە'' لە دۆخی ئاڵۆزکاو ڕۆژئاوا و وانەکانی

 Jeqnemût/ ژەقنەمووت, [06.01.21 05:42]

خوێندنەوی ''خێرخوازانە'' لە دۆخی ئاڵۆزکاو

ڕۆژئاوا و وانەکانی

وێڕای هاوسۆزی بۆ ڕەخنەگەلی لەم چەشنە و جەختکردنەوەی بەردەوام و نەپساوە لەسەر هەبوونی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە نەک تەنێ لەسەر ڕۆژئاوا بەڵکوو لەسەر دار و بەرد، با هەندێ شتی‌تریش بگوترێن؛

ئەگەرچی ئەمجۆرە ڕەخنانە لە فەزای ئەکادیمیدا بەباشی وەردەگیرێن بەڵام وەڵامی دۆخی تێکچڕژاوی ئێمەی کورد نادەنەوە و ڕەخنەگەلێکی یەکجار نامێژوومەندن و لە فەزایەکی بۆشدا بەباق‌وبریقەکەیانەوە دەخولێنەوە، بێ ئەوەی شتێک لەسەر تێگەیشتنمان لەو دۆخە ئاڵۆزکاوەی ئێستە زیاد بکەن کە نەک ڕۆژئاوا بەڵکوو هەموو جیهانی گرتووەتەوە. من خۆم گیرۆدەی ئەم ڕوانینە کورتکەرەوەیە بووم و بۆیە لە کاک بێهنام و هەستی پاراو و دڵسۆزییەکەی بەباشی تێدەگەم و هێنانەئارای ئەم پرسیارانە و هاوبەشکردنیان بۆ ئەوەیە دیوێکی‌تری ئەم هەلومەرجە ببینین. لێرەدا دەلوێ منیش هەڵە بم.

بەنیسبەت ڕۆژئاوا و ڕەخنەی لەم‌چەشنە، دەبێ چەند خاڵی گرینگ بخەینە ژێر پرسیارەوە کە ناڕاستەوخۆ لەم ڕەخنانەدا تەنراون:

- بەئەساس‌گرتنی ڕوانگەی لۆکاڵ؛ بەرجەستەکردنی زێدەڕۆیانەی ڕۆڵی ئەکتەرە ناوچەییەکان لە هاوسەنگیە نێونەتەوەییەکان و پێدانی بکەرێتی (عاملیت) سەیروسەمەرە بە ئەکتەرە خۆجێیەکان (لێرەدا ڕۆژئاوا)، ئەویش لە سەردەمێکدا کە نەک ئێران و تورکیا بەڵکوو یەکێتی ئەورووپاش لە سیاسەتی دەرەوەدا چیتر ''بکەر''ی ڕاستەقینە نییە و تەقریبەن زۆربەی هەرە زۆری مامەڵە و سەودا نێونەتەوەییەکان لەنێوان سێ زلهێزی ئەمریکا، ڕووسیا و چیندا دەخولێنەوە. ئێمە بینیمان کە لە دەیان دۆسیەدا هەڵوێستی یەکێتی ئەورووپا دژی ڕوانگەی ئەمریکا بوو، بەڵام ناچار بوو ملی بۆ بدات. لە سووریاش بەهەمان شێوە: ئەوە بڕیار ئەدا کە ئاسمانی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە کە بریتین لە دوو وڵات: ئەم دوو وڵاتەش یەکیان ئەمریکا و ئەوی‌تریان ڕووسیایە. واتە دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە هەم لەدەست ئەمریکا و هەم لەدەست تورکیا و هەم لەدەست ئێران و هەم لەدەست کورد و ... بێت. چیتر ئەم ڕوانینە ڕێژەخوازانەیە نایخوات. وەڵامەکە زۆر ڕەق و تەقە: بەموتڵەقی لەدەستی دوو هێزدایە کە ناوەکەیان هات! ئەم دوو هێزە لەم‌نێوەدا بە کەیفی خۆیان گەمە دەکەن بە تورکیا و کورد و ئەسەد و جیهادییەکان و ... لەهەرکوێ بیانەوێ تەڕاتێنی بۆ دەکەن.  هەتا ئەم ڕاستیانە وەک خۆیان نەبینین و ڕێژەخوازانە چاو لە دۆخەکە بکەین، هیچکات لە تفت و تاڵی دۆخە شپرزەکە تێناگەین و تێناگەین کە بۆچی نابێ چاوەڕوانی سەیروسەمەرەمان هەبێ لە دامەزراوەیەکی بچووکی ناسەقامگیر بەنێوی ڕۆژئاوا! لەڕاستییدا لێرەدا دەبێ پرسیار ئەمە بێ کە بۆچی ڕێک لەم کاتەدا لەسەر ئاستی دنیا لانیکەم سەد شوێنی وەکوو ڕۆژئاوامان نییە تاکوو خەبات بەگۆڕتر پێش بچێت؟ ئەم پشتگیریە نێونەتەوەییە بۆ ئەوەندە لاوازە کە ڕۆژئاوا و رۆژئاواکانی‌تر هەست بەوە ئەکەن تەنیا لەگەڵ هەندێ مەکینەی بێبەزەیی دەوڵەتی ڕووبەڕوون و ناتوانن وەک پێویست لەسەر فاکتەری‌تریش حەسێب بکەن؟! ئەم هەموو چاوەڕوانییە لە دامەزراوەیەک کە سنوورەکانیشی بە فەرمی نەناسراون لەکوێوە دێت؟! مەگەر بەتمەنن؟! بەکامین پاشخانی جەماوەری و تەکنەلۆژیکاڵەوە؟! هەر ئەوەندەیان لەدەست دێ، بە گیانبازی، بوێری، هاوبیری و هەڵسەنگاندنی بەردەوام و پەیجۆرانە کردوویانە و خەلاس. بێگومان هەڵە و پەڵەشیان کردووە، بەمانەشەوە کەسمان لەوە باشترمان پێ نەدەکرا. ئەو زەرفەی کە بژاردە و کارتەکانی ڕۆژئاوای تیان بایی ئەوەندە نیین کە مامەڵە بنچینەییەکان بگۆڕن. نەک ڕۆژئاوا، وڵاتانی‌تریش ئەو تواناییەیان نییە. تورکیا دەیان ساڵە ئەندامی ناتۆیە، کەچی ئەگەر لە ئەمریکا و ڕووسیا ئیزن وەرنەگرێ ناتوانێ ٢٠ بست لە خاکی سووریا داگیر بکات، ئیتر دەستەیەک کڵاشینکۆف‌بەدەست لەو دەشتەدا چی بکەن؟ ئەم تەئکیدەی کۆتایی بۆ ئەوەیە کە ڕمبی ڕەخنەکانمان ئاراستەی فاکتەرە سەرەکییەکان بکەین نەک بەرەو ڕووی بێدەسەڵاتەکان. ڕەخنەکە ئەوە نییە کە با مەزڵووم عەبدی مل نەدا بۆ گەمژێتی و ملهۆڕی ترەمپ، بەڵکوو دەبێ ئەوە بێ کە مەزڵووم عەبدی بەدیاریکراوی چی بکا کە مل نەدا بۆ داخوازییەکانی ترەمپ و ترەمپەکان. ئەگینا قسە هەرزانە و هەموو دەیکەن، دڵنیاش بن مەزڵووم عەبدی زۆر لە ئێمە زیاتر ڕقی لەوەیە بە کۆیلەیەتی بئاخڤێ و بە کولەمەرگی بژیت. بەکورتی؛ ئەگەر بەدوای ڕوانگەیەکی شۆڕشگێڕانەوەین دژ بە کۆی نەزم و ڕێکداری جیهانی، دەبێ ڕوو بکەینە سیستەمی ئەمریکا و بەهیوا بین یان لە هەوڵدا بین لەوێ گۆڕانکاری بنەڕەتی بێتە ئاراوە تاکوو پریشکەکانی هەموو دنیا بتەنێتەوە. تەنانەت ئەگەریش سەرجەم پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین یەک بگرن (فەرزی مەحاڵ)، دیسان ئەم هاوسەنگییە تێک نادرێت. تکایە با لەمە تێبگەین.


Jeqnemût/ ژەقنەمووت, [06.01.21 05:43]

- تەوەهۆم بە چەمکی ناڕوونی ''خەڵک- گەل'' وەکوو بکەری سەرەکی گۆڕانکارییەکان؛ ئەگەر جاران دەکرا لەسەر جەماوەر حەسێب بکەین و بەهەندی وەربگرین ئەوا ئێستە و لەسەردەمی هاپیرتەکنەلۆژییدا، خەڵک لەڕووی ژمارە و جەستەوە گرینگی وایان نەماوە و لەڕووی دەروونیشەوە بەئاسانی گەمەیان پێ دەکرێت. بەنیسبەت ڕۆژئاوا بەبێ تەعارۆف خەریکین قسە لەسەر خەڵکانێک دەکەین کە نیوەزیاتریان کورد نیین و لەو نیوە کوردەش، نیوەیان لەبەردەم بارزانی براگەورەیان دەبوورێنەوە و لەو نیوەکەی‌تریش سەدا پێنجیان لە ئیدەی کۆنفدراڵیزمی دیمۆکراتیک تێنەگەیشتوون... . دەبێ واز لەم پیرۆزایەتی‌بەخشینە بهێنین کە دەرحەق بە خەڵک دەکرێت. خەڵک دەتوانێ هەندێجار (بە دەگمەن) زۆر بوێرانە و گیانبازانە بجووڵێتەوە و وێنە درەوشاوەکەی بمانحەپەسێنێت و هاوکاتیش دەتوانێ دە ئەوەندەی‌تر گەمژانە تماشای دنیا و دیاردەکانی بکات کە ئێستە ئەگەری دووهەم لەهەمووجار زیاتر هەستی پێ دەکرێت. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەلێک بزاڤی جەماوەری لەسەرتاسەری دنیادا هەبوون کە لەباشترین حاڵەتدا ئەگەر نەبووبێتن بە سووتماکی شەڕی نێوان دەوڵەت و کارتێلەکان و لە هەڵبژاردندا نەتوابێتنەوە، ئەوا هیچی وایان پێنەکراوە کە بتوانێ سیستەمەکە تووشی قەیران بکات.

- ناوەکی‌کردنەوەی ستریۆتایپە میدیایەکان لەسەر ڕۆژئاوا؛ بۆ نموونە لە دوو مژاری ''یەکدەست زانینی هەسەدە'' و ''ئەگەر ناوچەکان ڕادەستی ئەسەد کرابان دۆخەکە دەگۆڕا''. هەردووی ئەم ستریۆتایپانە هەڵەن. نابێ ناتەبایی هەمەلایەنەی ''هێزە دیموکراتیکەکانی سوریا'' پشتگوێ بخەین. بەداخەوە ئەو هێز و لقانەی هەسەدە یەکجار پەرتەوازەن و دەیان لقی گەورەی هەسەدە سەر بە سەرۆک هۆزەکانن و لەوان دەستوور وەردەگرن کە ئەگەر ئەمریکا نەیویستبا قەت نەدەهاتنە نێو هەسەدەوە و هەر ئێستەش لە هەر ئەگەر و گۆڕانکارییەکدا دەتوانن لەو هاوپەیمانێتیە سەربازییە بچنە دەرێ و بۆ نموونە ببن بە بەشێک لە میلیشیاکانی ئەسەد یان بەرەی جیهادی سەر بە تورکیا. بۆ نموونە هێزی ٧ هەزار کەسی سەنادید. ئەم خراپ‌تێگەیشتنە وا دەکا لەبیر بکەین ئێستە و بەکردەوە هەڤاڵان لە دەیرەزۆر و ڕەقە هەر ئەوەندە دەستیان دەچێ کە من و کاک بێهنام! واتە ئەوە 

 ''sharing local power with tribal chiefs''

نییە. لەبنەڕەتدا جارێ دەسەڵاتێکی یەکدەست و سانتراڵ لەگۆڕێدا نییە کە بەو پێیە و بە دڵخوازی دابەش بکرێت! لەو دەڤەرانەدا بەدرێژایی مێژوو و بەئێستەشەوە عەشیرەکان جۆرە خودموختارییەکیان هەبووە و هەیە و بەوپێیە لەگەڵ دەسەڵاتە جیاوازەکاندا جووڵاونەتەوە. هەر ئێستەش لە تاران لەگەڵ عەلی ئەکبەر وەلایەتی کۆبوونەوەی مانگانەیان هەیە، لەبنەوە لەگەڵ تورکیا و بەتایبەت لەگەڵ ئەسەد لە دانوستاندندان، بۆشیان دەچێتە سەرێ، لەبەرئەوەی ئەوان هەوساری کۆمەڵگە دواکەوتووەکەی خۆیانیان بەدەستەوەیە و ناکرێ مەزڵووم عەبدی ئەم هەموو دەستوپێوەندییە نادیدە بگرێت.


Jeqnemût/ ژەقنەمووت, [06.01.21 05:43]

هەروەها ئەم ڕەخنانەی کاک بێهنام لەئاستی فاکتەکانیشدا هەڵەی زۆریان تێدایە، بۆ نموونە:  زۆربەی ئەو چاڵە نەوتیانەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەڕاستییدا لەدەستی بەڕێوبەرایەتی کوردەوە نیین و گەلێک هێزی پاشڤەرۆ بەشدارن لە هەڵهێنجان و لە خێروبێری سامانە سرووشتییەکانی ناوچەکە کە تا دوێنێ بۆ داعش و ئەسەد و ئەرتەشی ئازاد دەیانکرد و ئەمڕۆش بۆ هەسەدە. ئەو لایەنانە ئەگەر ڕازی نەکرێن زۆر بەئاسانی ئاسایشی دەڤەرەکە تێک دەدەن و ئاژاوە دەنێنەوە. ماوەیەک پێش ئێستە سەرۆک هۆزەکان داوای ئازادکردنی زیندانیە داعشیەکانیان کرد. کاربەدەستانی ڕۆژئاوا ناچار بوون ٦٠٠ کەسیان ئازاد بکەن. ئەگەر ئازادیان نەکردبان و باجی زیاتریشیان نەدابا و لەمەوبەدوا نەشیدەن، زۆر بەئاسانی دەچنە بەرەکانی‌ترەوە و دەبن بە دژمن و دەست دەکەن بە ''انتفاظە'' کە گوایە خاکی ئوممەی عەرەبی لەلایەن کوردە سهیۆنییەکانەوە داگیر کراوە و ... . لەم نموونەیەی خوارەوەدا ملدان بۆ داخستنی مەیخانەکان لە شوێنێ وەکوو ڕەقە لەمڕۆژانەدا ناچارییە، دەبێ بپرسین بۆ لە کۆبانێ قەدەغە نییە؟ لەبەر ئەوەی لە ڕەقە نەک هێزی بەڕێوبەرایەتی ڕۆژئاوا بەڵکوو سەرۆک عەشیرەکان دەیبەنە ڕێوە، لەوەها دۆخێکدا ئەگەر بێت و بەرەنگاری یاسای وەها ببیتەوە، هەموو پارێزگاکە دەشێوێت و دەبێ بە گڕکان. کاری ئێمە ئەوە نییە بێژین چ کارێکی خراپیان کردووە ملیان بۆ ئەو داوایە شۆڕ کردووە، ئێمە دەبێ وەڵامی ئەوە بدەینەوە کە کاربەدەستانی ڕۆژئاوا چی بکەن ناچار نەبن مل بە ئەو داخوازییە دواکەوتوانەیە بدەن. گۆڕینی کولتووری وەها هەڵمەتێکی درێژخایەنی دەیان ساڵەی دەوێ تاکوو ئەو پێکهاتە و نەزمە کۆنە قەڵشتی تێ کەوێت. ئەزقەزا ئەوەی کاربەدەستانی ڕۆژئاوا دەیکەن ژیرانەیە: دەبێ لە سەرەوە ڕێز لەو دابونەریتانە بگری و لەبنەوە لێی بدەیت و لە هەر فرسەت و هەلێک کەڵک وەربگری کە پاشماوەکانی بسڕیتەوە و وا بکەی کە لە سێ چوار دەیەی داهاتوودا عەشیرە نەک بڕیاردەر بەڵکوو بەشێک بێ لە گەشتیاری ناوچەکە! مەرج نییە لەمەشدا سەرکەوتوو بی و بتوانی بنبڕی بکەیت. من وەکوو ئاتەئیستێک پێموایە لە کەرکەرێنێکی وەهادا باشترە پاشڤەڕۆخوازی بەرەو ئەوێ کە کەمترین زیانی هەبێت، کاناڵیزە بکەیت نەک ئەوەی هانی بدەی دژکردەوەی هەبێت. ئینجا ئەم قەدەغەیە بڕیاری شۆرای مەدەنی ڕەقە بووە کە پێکهاتووە لە چین و توێژە جیاجیاکانی ئەو شارە، ڕەنگبێ لەو دەیان نوێنەرە یەک کەسیان دژی ئەو بڕیارە نەوەستابێتەوە، مەزڵووم عەبدی دەستێوەردان بکا و بڵێ ئیلا و بیلا هەر دەبێ ئەلکۆل بخۆنەوە؟! هەر هیچ نەبێ ئێژن ئەتۆ لە سەرێکەوە دێی و دەڵێی با شۆرای خۆجێی هەبێ و لەسەرێکیشەوە ناهێڵی خۆمان بڕیار لەسەر شارەکەمان بدەین. ڕووداویش لەولا فووی تێ ئەکا و بە دیکتاتۆڕ و تاکڕەو ناویان دەزڕێنێت. جا وەرە ئەو کەرە لەو قۆڕە دەربێنە! با لەبیرمان نەچێت ئەگەر لەشوێنێ وەکوو سەرێکانی دە ڕۆژ بەرخۆدان کرا، ئەوا لە گرێسپی کە زۆرینە عەرەبن، بەبێ تەقە و بە پلانی ژێربەژێری سەرۆک هۆزەکان شارەکە ڕادەستی تورکیا کرا!


Jeqnemût/ ژەقنەمووت, [06.01.21 05:43]

لە نموونەی دووهەمدا دەڵێن با خاکەکەیان ڕادەستی ئەسەد کردبا. ئەوەڵەن ئەسەد تا ڕۆژی تەنگانە حازر نەبوو ئەم باسانە مەترەح بن، دەیان سەردان و دانیشتن هەبوون لەسەر مژارە جیاجیاکانی نێوان ڕۆژئاوا و دەمیشق، هەوڵێکی چڕ لەئارادابوو بۆ لێکتێگەیشتن و گەیشتن بە ڕێکەوتن، بەڵام سیاسەتی ئەسەد ئەوە بووە کە تورکیا بکاتە مانگا سوورەکە و کوردی پێ بترسێنێ و هیچی‌تر. دووهەمەن ئەسەد هیچ هێزی وای نییە بینێرێتە ڕۆژئاوا و خۆی دەڵێ با هەسەدە لەنێو ئەرتەشدا بتوێتەوە. لەبەرامبەر ئەوەشدا حازر نییە هیچ ئیمتیازێک بدا و وەک هەمیشە ئێرجاع ئەداتەوە بۆ یاسای ئێسڵاحی ٢٠٠١ کەلەبنەڕەتدا هیچی تێدا نییە. بەمانەشەوە هەم لە عەفرین و هەم لە تل‌تەمەر و ئێستەش لە عەین‌عیسا ئاڵای ئەوان بەرز کرایەوە، چەند فەوجێک لە هێزی ئەسەد بەشدار بوون و دەیان کەسیشیان لێ کوژران و دیسانیش بینیمان هیچ لە بابەتەکە نەگۆڕا! ئەم بابەتە دەیان وردەکاری‌تری هەیە. ئەگەریش ئاشبەتاڵ بکەن و بەیەکجاری ڕادەستی ئەسەدی بکەن، دێن و دەڵێن ئەوەتا ئێمە وتمان ئەمانە جاشی ئەسەد و ئێرانن... . ئیتر بمێنێ لە هەلومەرجی ئاوادا دۆخی ئەو خەڵکە داماوە لەژێر ڕەهێڵەی تۆڵەی بەزەبروزەنگی ئەسەد و بەعسدا چۆنچۆنی دەبێت. لە شوێنێکی‌تر باسی پیسبوونی ژینگە کراوە لەئەنجامی هەڵهێنجانی نەوت. بەڵام ئاوڕ لەوە نەدراوەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەم پیسبوونە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕۆژئاوا لەڕووی دەستپێڕاگەیشتن بە کەرەستەی نوێی پاڵاوتنی نەوت بێبەش کراوە و هۆزە عەرەبەکان بەشێوەی دەستی ئەو کارە دەکەن. ئەزقەزا بەشێک لە ڕێککەوتنی نێوان ڕۆژئاوا و کۆمپانیا نەوتییەکەی ئەمریکا بەدەر لە ئاماژە سیاسییەکانی، هی ئەوە بوو کە ٦ پاڵاوگەی مۆدێڕن بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێن. لێرەشدا هەر دەبێ دەست بگرن بەوەی کە خاوەن تەکنەلۆژیایە و تەکنەلۆژیا زەبەلاحەکانی قورخ کردووە! کە ئێژم بێدەرەتانی و دەستەوەستانی یانی ئا ئەمە!

قسە زۆرە؛ لەڕاستییدا لە دۆخێکی ئاڵۆزکاوی وەهادا چەند بژاردە لەبەردەم ڕۆژئاوادا دەمێننەوە:

- یان ئەوەتا بدەی لە سیمی ئاخر و ئاشبەتاڵێکی قارەمانانە بکەی و بە سەربەرزی تیا بچیت و ببی بە وانەیەک بۆ داهاتوو و ببی بە نۆستالژیای کاتی عارەقخواردنەوەی چەپی فەرهەنگی و بەدەردی فەلەستین بچیت.

- یان ئەوەتا بەیەکجاری لەنێو سیستەمی زاڵدا هەرس ببی، مل بۆ داروبەرد بدەی و تێدا بتوێیتەوە، ببی بە پاسەوانی چاڵە نەوتییەکان و هەوڵ بدەی لەباشترین حاڵەتدا ببی بە یەکێتی و پارتی و بکەویتە گیانی خەڵکی باشوور.

- یان ئەوەتا ئەم توانەوەیە بخەیتە دواوە و بەردەوام لە هەوڵدابی نە تیابچیت و نە بەیەکجاری لە ئامانجەکانت بکشێیتەوە کە ئەمەش بەستراوەتەوە بە پەرجوو و موعجیزەوە.

وادیارە هەڤاڵانی ڕۆژئاوا ڕێگەی سێهەمیان هەڵبژاردووە کە هاوسەنگیە جیهانییەکان پێمان دەڵێن ئەم ڕێگەیەش دواجار یان دەگا بەوەی یەکەم یان ئەوەی دووهەم. مەگەر ئەوەی ڕووداوگەلی سەیر و سەمەرە لەئاستی دنیادا ڕوو بدەن و دەرفەت بکەنەوە بۆ ڕۆژئاوا کە دەست‌بڵاوتر بێت لە پێشخستنی ئیدەکەی. ئەمەش لەم زەمەنەدا ئەستەم و نەلواو دێتە پێش چاو. ئێستە ڕۆژئاوا و تورکیا و ئێران و ... بێدەرەتان‌تر لەو قسانەن و دەبێ مەمنوون بن پێکوتەی فایزێریان پێ بفرۆشن کۆرۆنا قڕیان نەکا، چ بگا بەوەی بیانەوێ بەرەنگاری سیستەمی وەها زەبەلاح و دنیاداگر ببنەوە. نەک تەنیا ڕۆژئاوا بەڵکوو هەموو هێز و لایەنە دژبەرەکانی جیهان لە بنبەستێکی هەمەلایەنەدان؛ دەبێ بوێر بین، واز لە ڕۆمانتیسیزمی سیاسی بهێنین، وێنە گەورەکە ببینین و ئەم بنبەستە نەخوازراوە قەبووڵ بکەین و لەم پنتەوە خەباتی گشتگیری جیهانی دەستپێبکەینەوە.


@jeqnemut

No comments: