Friday, January 22, 2021

هەڵسەنگاندنی " سازمانی ئینقیلابی و کوردستان" عەلیی کەریمی

هەڵسەنگاندنی " سازمانی ئینقیلابی و کوردستان"

عەلیی کەریمی

بە گەیشتنەوەم لە سەروبەندی ساڵی تازەی 2021 لە کوردستانەوە بۆ لەندەن، پاکەتێکی ئەستوور لە پۆستەوە هاتبوو لە سەر مێزەکەم بوو، کە کردمەوە کتێبێک بە ناوونیشانی"سازمانی ئینقلابی و کوردستان" لە وەڕگێڕان و ئامادەکردنی هاوڕێی زۆر بەرێز و بە توانام کاک حەسەنی قازی بوو.
زۆر بە تامەزڕۆیی کردمەوە و بە خێرایی چاوم پێداخشاند و لاپەڕەکانی ناوەروک و وێنەکانم بەسەر کردەوە، پڕ بوون لە بابەتی سەرنجڕاکێش و ئاشنا.
بۆ من خوێندنەوەی بەسەرهاتی ئەم تێکۆشەرانە کە لە حیزبی تودە بە هۆکاری ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی حیزبەکەیان لەمەڕ گیرۆدەیی بۆ مۆسکۆ لێیان جیا ببونەوە و هاتبوونە سەر ڕێبازی ماوتسیدۆنگ بۆ خەبات و ڕزگاری گەلانی ئێران، هەروەها ئاگاداری لە تێکۆشانیان لە گەڵ شۆڕشگێڕانی ساڵانی 6٧-68ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوجار تێكەڵاوییان لە گەڵ مام جەلال و هاوڕێیانی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی(ڕەنجدران) لە بەکرەجۆ و دواتر ناو شۆڕش لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی، بیرهێنەرەوەی ڕۆژگارێک بوو کە چەند لەم کەسایەتییانەم کاتێک وەک پێشمەرگەی کۆمەڵە لە بێژوێی ئالانی سەردەشت بووم و بە خزمەتیان گەیشتبووم، چەند هێندە بەحەز و بەپرسیار دەکرد.
کاک حەسەن بە وەڕگێران و ئامادەکردنی ئەم کتێبە کە بەحەق بۆ ئەم پرسە خۆی کەسێکی شیاو و ڕەنگە لە زۆربەی کەسایەتییەکانی ناو کتێبەکەش بە ئاگاتر و لێزانتر بێ لەم بەسەرهات و سەردەمە، ئەوەندەی دیکە کتێبەکەی بەنرختر کردووە و توانیوێتی کۆمەڵێک لاپەڕەی شاراوە و تاریکی مێژوویەکی کۆن و نوێمان بۆ باس بکات و سەرنجی لێکۆڵەرەوان و خوێنەرانی مێژوو بۆ لای خۆی ڕاکێش بکات.
جیاوازی خەبات و تێکەڵاویی شۆڕشگێڕانی ئێرانی و کورد لە سەدەی ڕابردوو، خەباتی چەکداری چەپی ئێرانی و شۆڕشی چەکداری لە ڕۆژهەڵات، شوێن پێی ئەندێشەی چەپ لە بزوتنەوەکانی پارچە جیاوازەکانی کوردستان و کارگەرییە نەرێنی و ئەرێنییەکان بە سەریانەوە، مارکسیسم و چەپ بوون و ئەندێشەی ماو بە سەر چەند ڕێکخراو و حیزبی گەورە لە هەموو پارچەکان و بەتایبەت ڕۆژهەڵات و باشوور، بڕکردن و سەرئەنجامی خەباتی سەرتاسەری لەگەڵ نەتەوەی باڵادەست، نەوی بوونی دیواری کورد و لێی وەسەر کەوتن لە کاتی تەنگانە و بێدەربەستی و بەعەکسیشەوە لە کاتی دەسەڵاتداریان، پشگوێ خستنی نەتەوە و خەباتی کوردی، پێکەوە ژیان و لێک هەڵاواردن، ئەزموونی سەت ساڵ خەباتی بێ پسانەوە و ئاسنی ساردکوتان لە گەڵ ڕۆشنبیران و نوخبەی ئێرانی، بەتەنیا جێ هێشتنی خەباتی چەکداری کوردەکان و دەیان چەمک و بابەتی لەم چەشنە دەکرێ بەستەر و مەیدانێکی گەورە و فراوانی لەبەر ڕۆشنایی ئەم کارە بێوێنەیەی کاک حەسەن لێ بەرهەم بێت.
زمانێکی پاراو و شارەزا بوونی خۆی لە مێژوو و زمانەوانی ئەوەندەی دی خوێندنەوی ئەم کتێبە لای خوێنەر شیرینتر و بەسودتر دەکات.
وێنەی لە خۆ بردوویی شۆڕشگێڕانی سەدەی ڕابردوو وەها هێما کراوە کە هەزاران حەسرەت دەخوازی بۆ ڕۆژگارانی کۆن و ئەو باوانەی ئەوان سەردەم.
گێڕانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم کەڵە پیاوانەی مارکسی و کۆمۆنیستی شارەکانی ئێران، سەبارەت بە گیانبەختکردوانی وەک شەهیدان سولەیمان موعینی، سمایل شەریفزاد، عەبدوڵا موعینی، خەلیل شەوباش، قادر شەریف و دەیان پێشمەرگەی هەناسەسارد و بە تەنیای، سەدەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوێنەر دەباتەوە خەون و خەیاڵێکی قوڵ و بەخۆداچوونەوە و خەسارناسییەکی ئەوتۆ بۆ دووبارەنەبوونەوەی هەل و هەڵەکان.
گێڕانەوە لە زمانی نوخبە و ڕۆشنبیر و چەپی ئێران لەمەڕ خیانەتی سەرکردەی کورد و فیداکاری پێشمەرگە وا لە خوێنەر دەکات قوڵ بچێتە ناو دەریای مێژووی چەواشەکاری و بە فێڕۆدانی وزە و هەستی پاکی شۆڕشگێران و پێشمەرگەکان و ڕامانێک، ئەرێ بەڕاستی وەک ئەوەی بێگانە دەمانناسێت خۆمان خۆمانمان ناسیوە؟!
دووبارە بوونەوەی ئەزموونی کورد لە گەڵ نوخبە و گروپگەلی ئێرانی و بێگانە و متمانە پێکردنیان لە کاتی لاوازییان، دیسان بیرهێنەرەوەی ئەم دەرسە تاڵەیە کە هەرگیز بە کاری ناهێنین و لەسەر یەک لە سەردەمە جیاوازەکاندا دووپات دەبێتەوە.
ئەم کتێبە بە دڵنییایی جێی باشی لەناو کتێبخانەی کوردیدا بۆ دەکرێتەوە و باشە ئامادەکار لە چاپی تازەدا حەول بدات بۆ نەهێشتنی کۆمەڵێک کەم و کوڕی وەک؛ گوڕینی بە فونتێکی چاودۆست و خۆشباو، دانانی فەرهەنگۆکی وشە و شەرح و پەرواێزی زیاتر، ڕێنوسێکی گشتگیر و تا ڕادەیەک ستاندارد، ئیندێکسی ناوەکان و شوێنەکان، دیزانێکی جوان و ئەمڕۆیی بەرگ و لاپەڕەکان، کە وەک دەزانم ئێستا لە باشوری کوردستان چ لە سلێمانی و چ لە هەولێر کۆمەڵیک چاپخانەی باش و پێشکەتوومان هەیە


عەلیی کەریمی
٢١-ی ژانوییەی ٢٠٢١

No comments: