Thursday, January 14, 2021

هەڤپەیڤینی دوکتور کامڕان مەتین لەگەڵ محەمەد خاکی لە ڕادیۆ دیالۆگ سەبارەت بە ئانتۆنیۆ گڕامشی

هەڤپەیڤینی دوکتور کامڕان مەتین لەگەڵ محەمەد خاکی لە ڕادیۆ دیالۆگ
سەبارەت بە  ئانتۆنیۆ گڕامشی
نۆڤامبری ٢٠٢٠

خاکی: کاک کامڕان ئەگەر دەکرێ لە پێشدا باسی کورتەیەک لە ژیانی گڕامشی بکەن، دوایی دەچینە سەر نەزەرییات و قسەکانی. ژیانی چۆن بووە؟

مەتین: ئانتۆنیۆ گڕامشی ساڵی ١٨٩١ لە دوڕگەی ساردینییا کە لە ڕۆژئاوای ئیتالیا لە دەریای مدیترانە دا هەڵکەوتووە لە دایک بووە و ١٩٣٧یش لە زیندانی ڕێژیمی فاشیستی مۆسۆلینی لە ئیتالیا چاوی وێک ناوە. دیارە ساردینییا زۆر شوێنێکی دواکەوتوو بووە لە چاو زۆر بەشی باکووری ئیتالیا و لەوێ لە تافی گەورەبوونی گڕامشی دا پێوەندییە فێئۆدالییەکان هەر لە گۆڕێ دا بوون، کەچی دوایە کە دەچێتە توورین کە ناوەندێکی سەنعەتی زۆر گەورەی ئیتالییایە، ئێستاش و ئەودەمیش، دیارە لەگەڵ کۆمەڵی سەرمایەداری و پێوەندە سەرمایەدارییەکان زۆر تێکەڵاوتر دەبێ و زۆر ئاشناتر دەبێ و ئەو کۆنتڕاستە واتە ئەو جیاوازییە لە نێوان شوێنی لە دایک بوون و گەورەبوونی لەگەڵ ئەوێ کاردانەوەی دەبێ لە سەر بیروبۆچوونی گڕامشی سەبارەت بە کێشەی سیاسی و مێژووی ئیتالیا و جووڵانەوەی مارکسیستی و چەپ لە ئیتالیا کە لە یەکێک لە نووسراوە هەرە بەناوبانگەکانی بەناوی " کێشەی باشوور"ڕەنگ دەداتەوە کە دیارە مەبەستی باشووری ئیتالیایە کە زۆرتر غەیری سەرمایەداری و لە باری ئابوورییەوە دواکەوتوو بووە، و ئەو پێی وابوو هیچ جووڵانەوەیەکی چەپ بە بێ ئەوەی کە بتوانێ جیاوازی نێوان باکووری سەرمایەداری و باشووری فێئۆدالی لە ئیتالیا بە جۆرێک لە جۆرەکان چارەسەر بکا ناتوانێ سەرکەوتوو بێ. ئەو دەقەی گڕامشی زۆر قسەی لە سەر کراوە و دەقێکی گرینگە. دوایی هەر وەک گوتم دێ بۆ توورین لەوێ لە بواری لینگویستیکس یان زمانناسی دا دەرس دەخوێنێ و هاوکاتیش کاری ڕۆژنامەوانی دەکا و دەکێشرێ بەرەو جووڵانەوەی کۆمۆنیستی و مارکسیستی کە ئەو دەم لە ئاستی ئوڕووپا دوای شەڕی جیهانی یەکەم و هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبر لە ڕووسیا، زۆر بەهێز بوو، ئەویش دەکێشرێ بەرەو ئەو جووڵانەوەیە. دیارە هەتا بەر لە ساز بوونی حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا حیزبی سۆسیالیستی ئیتالیا هەبوو کە ئەو زۆر زوو دەبێتە ئەندامی، پێم وایە لە ١٩١٣وە، بەڵام کە دواتر لە ١٩٢١ حیزبی کۆمۆنیست پێک دێ دەبێتە ئەندامی ئەو حیزبە و بەرپرسی پێوەندی گرتنی ئەو حیزبە دەبێ لەگەڵ کۆمینتێرن یان ئەنترناسیۆناڵی دووەم  و دەورێکی زۆر سەرەکی دەگێڕێ لە دابین کردن و نووسینی بەرنامەی سیاسی و دەقە ئیدیئۆلۆژی – سیاسییەکانی حیزبی کۆمۆنیست. ئیتر لە ١٩٢٦ دەگیرێ، دیارە ١٩٢٢ کودەتای مۆسۆلینی سەردەکەوێ لە ئیتالیا، حیزبی کۆمۆنیست چەند ساڵێک دەتوانێ درێژە بدا بە کارەکانی وەک حیزبی کۆمۆنیست بەڵام دواتر کە هێرش دەکرێتە سەریان گڕامشیش یەکێک لەو کەسانە دەبێ کە دەگیرێ و ئیتر زیندانی دەکرێ و هەر لە زیندانیش دا دەمرێ.
نووسینە هەرە گرینگەی هەر لە زیندان دا نووسیوە و بە ناوی " بیرەوەرییەکان زیندان" Prison Notebooks ناسراوە و ئەوەی کە نووسراوەکانی گڕامشی زۆرتر لە زیندان نووسراون و حاڵەتی بیرەوەرییان هەیە  دوو مەسەلەی  لە بەر دەم لێکۆلەرەوە و خوێنەرەوان قوت کردووەتەوە؛ ئەوەی کە نووسراوەکانی هێندێک پچڕ پچرە چونکە بە شێوەی بیرەوەرین، بۆیە کات و دەرفەتی ئەوەی نەبووە زۆر لە ئیدەکانی بە بەربڵاوی شی بکاتەوە و بە درێژی ڕاڤەیان بکا. لە هەمان کاتدا لە بەر سانسۆری زیندانیش زۆر جار لە وشەی ئەوتۆ کەلکی وەرگرتووە کە لەژێر سانسۆری زیندان دەربچێ، بۆ وێنە قەت ناوی مارکسیزم ناهێنێ هەر بە ناوی فەلسەفەی پڕاکسیزم باسی دەکا، یان کاتێک کە باسی _"شازادەی مۆدێڕن" _ دەکا کە ئاماژە دەکا بە هەمان پەیڤی کە ماکیاڤێلی بەکاری هێناوە زۆرجار مەبەستی لەحیزبە بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئەو بیرەوەرییانە هێندێکیان دوورودرێژترن چەندین لاپەڕەن، هێندێکیان زۆر کورتترن بۆ وێنە پاڕاگرافێکە، بەڵام بە گشتی ئەو کتێبی " بیرەوەرییەکانی زیندان" بەرهەمی هەرە سەرەکی گڕامشی یە.

خاکی: کاک کامڕان هەلومەرجی ئەو سەردەمی ئیتالیا و بەشێکیش لە  ئوڕووپا چۆن بووە، ئەوەی کە چۆن مۆسۆلینی و فاشیستەکان توانیان دەسەڵات بە دەستەوە بگرن؟

مەتین: ئەو سەردەمی کە گڕامشی پێ دەگا، جەوانە و دێتە ناو مەیدانی سیاسەتەوە سەردەمێکی زۆر ئاڵۆزکاوە لە مێژووی ئوڕووپا دا، سەردەمێکە کە سەرمایەداری سەنعەتی وڵاتانی ویشکاڕۆیی ئوڕوپا continental Europe وەکوو ئەڵمان، ئیتالیا تا ڕادەیەک، فەڕانسە زۆر بە خێرایی گەشەیان کردووە و خۆیان گەیاندووەتەوە بریتانیا کە زۆر بەر لەوان بووەتە سەرمایەداری. و ئەو گەشەی توند و خێرای سەرمایەداری لەو وڵاتانە ببووە هۆی ئەوەی کە زۆر ناکۆکی و بشێوێنی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێک بێ و لە ڕاستیدا فەزای سیاسی زۆر ئامادە و شڵەژاو بوو بۆ دەستێوەردانی سیاسی لە لایەن هەموو ڕەوتەکانەوە بە ڕاست ئاژۆ وچەپ ئاژۆیەکانەوە. دیارە هەر وەک باستان کرد فاشیستەکان و ڕاستی تیژپەڕ لە ئەڵمان و ئیتالیا دەستی باڵایان پەیدا کرد بەڵام هەر چۆنێک بێ وەزعەکە جۆرێک بوو کە مەسەلەی سیاسی زۆر گرینگ و کارێکی ڕۆژانە بوو بۆ هەر کەسێکی کە ئەو کاتە دەژیا. مەسەلەی دووەم مەسەلەی شەڕی دووەمی جیهانی بوو کە تەواوی ئەو وڵاتانەی تێک و پێک دا هەم لە باری وێرانی ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی بەڵام هەر وەها لە ڕووی لاواز کردنی نەزمی پێشوو و زەمینە خۆش کردن بۆ هەستانی جووڵانەوەی تازەتر و جیاواز لە وانەی پێشوو، جووڵانەوەی ئەوتۆی کە دژ بەو وەزعەی بوون کە لە گۆڕێ دابوو، و دژی نەزمی کۆن بوون. دیارە لە جەنگەی شەڕی هەوەڵی جیهانیش دا شۆڕشی ئۆکتۆبر لە ڕووسیا سەر دەکەوێ کە ئەویش کاریگەری زۆری دەبێ لە سەر هەموو هەڵسووڕاوانی سیاسی و بیرمەندان لە ئوڕووپا بەڵام بە تایبەتی بۆ گڕامشی ئەو ڕووداوە زۆر گرینگ دەبێ و هێندێک لە هەوەڵین بۆچوونەڕەخنەگرییەکانی لە مارکسیزمی کۆمینتێڕن کە دیارە دواتر دادەمەزرێ، بەڵام بە تایبەتی ئەو پرسیارە بۆ شۆڕش لە ڕووسیا ڕوو دەدا و سەردەکەوێ بەڵام لە ئیتالیا، یان لە ئەڵمان کە زۆر پێشکەوتووترن فاشیزم سەردەکەوێ و نەک چەپ یان چینی کرێکار؟  ئەو پرسیارە سەرەکییە یەکێک لەو شتانەیە کە بیری گڕامشی زۆر بەخۆیەوە خەریک دەکا و زۆر جاریش یەکێک لە گرینگترین ئیدەکانی گڕامشی کە لە زانکۆکان و لە ئاستی ئاکادێمیک دا باس دەکرێ تیوری "هێژێمۆنی" یە کە ئەو لە پێوەندی لەگەڵ ئەو جیاوازییە دا دەیهێنێتە گۆڕێ کە دواتر لەم چاوپێکەوتنە دا دەتوانین زۆرتر باسی بکەین. بەڵام سەردەم بەڵێ سەردەمێک بوو کە ئوڕووپا زۆر شڵەژا بوو، سەرمایەداری گەشەی سەند بوو بەڵام لە هەمان کاتدا پێوەندییەکانی پێش لە سەرمایەداری لە زۆر بەشی ئوڕووپا هەبوو و ئەوە ناکۆکییەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی پێک هێنا بوو کە بەتایبەتی بۆ گڕامشی کە پێی وا بوو دەوری بیرمەند، هەڵبەت ئەمن ئەوەش بڵێم ئەمن بیرمەند وەک هاوتای ڕۆشنبیر بەکار دێنم بەڵام پێم وایە ڕٶشنبیر وشەیەکی نادروستە بۆ هاوتای intellectual  لە زمانی ئینگلیزی دا. چونکە ڕۆشنبیر یان ڕۆشەنفێکر بە فارسی بارێکی موسبەتی هەیە یانی کەسێک کە فکرێکی ڕۆشن و ڕووناکی هەیە، لەکاتێکدا وشەی ئینگلیسی intellectual هیچ باری سەلبی یان ئیجابی نییە تەنیا ئاماژە بەوە دەکا کە کەسێک لە بیر و ئەندێشە کەلک وەردەگرێ، جا ئەوە دەکرێ زۆر خراپ بێ و دەکرێ زۆر باش بێ. جا با ئەوە ڕوون بێ کاتێک من دەڵێم بیرمەند مەبەستم ئەو وشەیەیە  کە زۆرتر وەک ڕۆشەنفێکر بە کار دەهێندرێ و لەڕاستیدا گڕامشی زۆر جار وەکوو تیوریسیەنی ئینتێلێکچوێلەکان یان بیرمەندان باسی دەکرێ یانی کەسێک بووە کە پێی وا بووە خەباتی ئیدێئۆلۆژیک یان گۆڕانکاری لە مەیدانی بیر وهونەر و فەرهەنگ زۆر گرینگی هەیە و هەر بۆیەش زۆر دژ بەو جیاکردنەوەی زۆر زەق و توند بە قەوڵی مارکسیستەکان لە نێوان ڕووبەنا و ژێر بەنا یان مەسەلەی هەلومەرجی عەینی و مادی یان هەلومەرجی زەینی یان هەلومەرجی سابجێکتیڤ بووە. پێی وا بووە کە ئەو جیاوازییە توندەی کە کۆمینتێڕن یان مارکسیزمی جۆری ڕووسی دەیکا زۆر دوورە لەو شتەی کە مارکس بۆ خۆی باسی کردووە و مارکس ئەو جیاوازییەی قەت بەو شیدەت و بەو توندییە باس نەکردووە کە مارکسیستەکانی دواتر کردوویانە.

خاکی: کاک کامڕان شتێک هەیە تەناسوبێک نیشان بدا چۆن بوو فاشیستەکان لە ئیتالیا دەستەڵاتیان بە دەستەوە گرت و چەپ، حیزبی کۆمۆنیست وەکوو گڕامشی و ئەوان چەند نیسبەتێک بوو لە نێوانیان دا لاواز بوون، بەهێز بوون، نفووزیان هەبوو، چۆن بوو؟

مەتین: ئەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوانەی کە دواتر مارکسیستەکان خۆیان کردوویانە و ئیستاش هەڵبەت ئەو پرسیارە هەر کاری لە سەر دەکرێ زۆرتر ئەوەیە کە لەڕاستیدا دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبر، و مەرگی لێنین و دەستی باڵا پەیدا کردنی ستالین لە ڕووسیا یەکەتی سۆڤیەت بە ڕێبەرایەتی ستالین گشت جووڵانەوەی کۆمۆنیستی لە دنیا و لەئوڕووپا لە ڕاستیدا بەجۆرێک لە جۆرەکان کرد بە ئامرازێک بۆ ئامادە کردنی هەلومەرج بۆ ئەوەی بە پێی قسەی ستالین _"سۆسیالیزم لە یەک وڵات" _ دا دروست بکا و ئەوە یەکێک لە پێداویستییەکانی دروست کردنی سۆسیالیزم  لە یەک وڵات دا بوو  بە پێچەوانەی ئەو شتەی کە لێنین و تڕۆتسکی پێیان وابوو کە سۆسیالیزم شتێکی جیهانی یە و ناتوانێ لەیەک ولات دروست بکرێ، یەکێک لە پێداویستییەکانی ئەوە بوو کە یەکەتی سۆڤیەت نابێ تووشی شەڕێکی ڕوو بە ڕوو بێ لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووە  سەرمایەدارییەکان. بۆیە کۆمینتێرن لە ژێر کاریگەری ستالین پێیان وا بوو کە دەبێ حیزبە کۆمۆنیستەکان لە باقی ولاتە ئوڕووپاییەکان دا حەول نەدەن یان هەنگاوێکی جیدی هەڵنەهێننەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرن نەکا ئەوە تووشی شەڕیان بکا لەگەڵ بورژوازی ئەو وڵاتانە و ئەو شەڕە لە ڕاستیدا یەکەتی شووڕەوی پەلکێش بکا بۆ ناو ئەو شەڕە کە ئامادەیی بۆی نییە، یانی لە ڕاستیدا یەکەتی سۆڤیەت، دیارە ئەمن ئەوە لە ڕوانگەی ستالینەوە دەڵێم، ئەوان پێیان وا بوو هەوڵێ دەبێ بەهێز بن و سوسیالیزم دروست بکەن جا ئەوجار کاتی خۆی کە هات لەگەڵ دەوڵەتە سەرەکییەکانی بورژوازی وەکوو ئەڵمان و فەڕانسە و ئینگلیستان و ئەوانە ئەو دەم ڕەنگە بەشەڕ بێن. بۆیەش حیزبە کۆمۆنیستەکان لە جیاتی ئەوەی کە هەوڵ بدەن بەربەرەکانییەکی جیدی لەگەڵ ڕەگە جۆراوجۆرەکانی بورژوازی لە ئوڕووپا خۆی بکەن بە پێی ڕێنوێنی یەکەتی شووڕەوی لە ڕاستیدا زۆر دژی سۆسیالیستەکان یان سۆسیاڵ دێمۆکڕاتەکان بوون و لە ڕاستیدا یەکەتی شووڕەوی یان ستالین بە سۆسیال دێمۆکڕاتەکانیان دەگوت سۆسیال فاشیست و ئەوانیان بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دا دەنا نەک جووڵانەوەی فاشیستی کە خەریک بوو سەر دەکەوت. بۆیەش هەموو سەرنج و هێزی سیاسی ئەوان تەرخان کرا بوو بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ حیزبە سۆسیال دێمۆکڕاتەکان نەک لەگەڵ فاشیزم کە خەریک بوو سەری هەڵدەدا. و وەختێک زانیان کە فاشیزم، مەبەستم لە فاشیزم ئەو جووڵانەوەیە کە مۆسۆلینی و هیتلێر لە ئیتالیا و ئەڵمان رێبەرایەتییان کرد، ئەوان پێیان وابوو ئەوە جووڵانەوەیەکە کە وەکوو جووڵانەوە کۆنەپەرستەکانی دیکە یە و شتێکی سەیر نییە. جووڵانەوەی چینە خاوەن زەوییەکان و فێئۆدال و ئەوانەیە و چون پێیان وا بوو کە گەشەی سەرمایەداری گەیشتووەتە ڕادەیەک کە ئەوە ئیتر ئەو جۆرە چینانە هیچ ئاسۆیەکیان نییە لە سیاسەت دا، پێیان وا نەبوو شتێکی زۆر جیدی یە. بەڵام ئەو کات کە هەستیان پێ کرد نەخێر فاشیزم شتێکی دیکەیە و زۆر جیاوازە لەوەی کە ئەوان پێیان وا بووە ئیتر زۆر درەنگ ببوو هەم لە ئەڵمان و هەم لە ئیتالیا جووڵانەوەی فاشیستی توانیبووی خەڵک لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، ڕێکخراوەیەکی حیزبی زۆر بەهێزیان هەبوو و دواجار لە خشوونەتێکی بێ وێنە کەلکیان وەرگرت. یانی تا ڕادەیەکی زۆر دەستی باڵا پەیداکردنی فاشیزم لە ئوڕووپا هەم لەبەر ئەو هەلومەرجە بوو کە شەڕی هەوەڵی جیهانی لە ئوڕووپا ڕەخساند بووی و بە تایبەتی لە ئەڵمان فاشیستەکان وایان دەنواند کە ئەڵمان لە ڕاستیدا شکستی نەخواردووە بەڵکوو سۆسیالیستەکان ئەڵمانیان فرۆشتووە بە دەوڵەتە سەرکەوتووەکان یانی بە فەڕانسە و بە بریتانیا و لەو هەستی تەحقیرێک کە ئەو دەوڵەتە سەرکەوتووانە بە سەر ئەڵمانیان دا سەپاند بوو لەوە زۆر کەلکیان وەرگرت خەڵکیان لە دەوری خۆیان کۆ کردەوە. نازانم بینەران چەندە دەزانن کە وەختێک شەڕی هەوەڵی جیهانی تەواو بوو ئەڵمان لە ڕاستیدا شکستی نەخوارد بوو لە باری نیزامییەوە، بەڵام دەوڵەتێکی سۆسیال دێمۆکڕات کە هاتبووە سەر کار قەراردادی ئاشتی ئیمزا کرد کە وەکوو تەسلیم بوونێک، وەکوو ئاش بەتاڵێک لە ناو خۆی وڵات دا چاوی لێ کرا چونکە فەڕانسە و بریتانیا هەلومەرجی زۆر نالەباریان بە سەر ئەڵمان دا سەپاند. یانی گوتیان تەواوی ئەڕتەشەکەی دەبێ لە ناو بچێ، تەواوی هەزینە و زەرەر و زیانی شەڕەکە کە ئەڵمان تێیدا نەش شکابوو خستیانە سەر ئەستۆی ئەڵمان و وەزعییەتی ئابووری لە ئەڵمان بێ ئەندازە لە بار چوو یانی هەڵمسانی ئابووری گەیشتە جێگایەک کە بۆ ئەوەی بکرێ تەمرێکی نامە بەڕێکردن بکڕی دەبوو تەلیسێک پوول بدەی، یانی هەڵمسانی ئابووری ئەوەندە زۆر بوو لە ئەڵمان، بێکاری و ناڕەزایەتی لە وەزع. لەو بەستێنە دا بوو کە فاشیستەکان توانیان خەڵک لە دەوری وێژیاکێکی زۆر ڕادیکاڵی دژ بە چەپ و هەر وەها دژ بە ڕۆژئاوا کۆ بکەنەوە.  ئەوە لایەنێک بوو کە ئەوان بەهێز بوون و بەشێکیشی عەرزم کردی یەکەتی سۆڤیەت لە ژێر ڕێبەرایەتی ستالین دا ١٩٢٣، ١٩٢٤، و ١٩٢٥ بەو لاوە کە فاشیستەکانیش خەریک بوون دەستی باڵایان پەیدا دەکرد هەموو هێز و وزە و ئەنێرژییان تەرخان کرد بوو بۆ بەربەرەکانی بە دژی سۆسیال دێمۆکڕاتەکان نەک بە دژی فاشیستەکان و ئەوەش بووە هۆی ئەوە کە بۆخۆشیان لە ناو بچن لە ژێر دەستەڵاتی فاشیستەکان دا.

خاکی: گڕامشی ئەو جۆرەی کە خۆشتان گوتتان تەمەنێکی کەمی کردووە ، ٤٦ ساڵ، یازدە ساڵی ئاخریشی لە زیندان دا بووە. بۆچی وا گرینگ بوو گڕامشی؟ لە باری جیسمیشەوە زۆر لاواز بووە و موشکیلەی هەبووە بۆچی گڕامشی یانی چی بوو کە توانی ئاوا دەورێکی ببێ؟

مەتین: بەڵێ ئەو مەسەلەی لاوازییەکەی ڕەنگە جێگای سەرنج بێ چونکە گڕامشی بە منداڵی منداڵێکی زۆر بە تەنیا و گۆشەگیر بووە، هۆیەکەشی ئەوەیە لە تافی منداڵی دا ڕووداوێک بۆی دێتە پێشێ کە پشتی کووڕ دەبێ و ئەو پشت کووڕییە لەگەڵی دەمێنێتەوە. و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە لە ناو کۆمەڵ دا کە لەگەڵ منداڵەکانی هاوتەمەنی خۆی نەبێ و زۆرتر خەریکی خوێندن و نووسین و موتاڵا بێ، دیارە ئەوە لە باری عاتیفییەوە ڕەنگە بۆ وی ئەوە زۆر ناخۆش بوو بێ، لە لایەکی دیکەشەوە بووەتە هۆی ئەوە کە زۆر زوو و زۆرتر لەوەی کە تەمەنی ئیجازەی دەدا ئینسانێکی زۆر خوێندەوار بێ، زۆری خوێندبێتەوە و وەکوو بیرمەندێک زۆر لێهاتوو بێ. بەڵام گرینگی گڕامشی ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زیاتر لە ئوڕووپا دا بووە و لە بیست سی ساڵی دواییدا بووە کە لە دەرەوەی ئوڕووپاش لە وڵاتانی جیهانی سێیەم سەرنج دراوەتە سەر گڕامشی. یانی ئەو شتەی کە پێی دەڵێن Euro communism واتە کۆمۆنیزمی ئوڕووپایی لە نێوی گڕامشی گرێ دراوە و گڕامشی و تا ڕادەیەکی زۆریش تڕۆتسکی ئەو دوو نەفەرە دەبنە هێما یان سەمبولی مارکسیزمێکی غەیری ستالینیستی و غەیری ڕووسی لە ئوڕووپا و بۆیەش کاردانەوەی ئەسڵی گڕامشی ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ لە نێو ئوڕووپا دا بوو و  هەر وەک گوتم کۆمۆنیزمی ئوڕووپایی بە نێوی وییەوە دەناسن.
بەڵام گرینگییەکەی لە ڕووی نەزەرییەوە ئەوە بوو کە هەر وەک زۆر بە کورتی لە سەرەتا دا باسم کرد گڕامشی بێ ئەندازە لە سەر مەسەلەی فەرهەنگ و ئیدێئۆلۆژی و هەر وەها سیاسەت بە مانای ستراتێژی جەختی کردووە و نووسیویەتی. و ئەو جیاکردنەوەی بابەتی مادی لە بابەتی زەینی پێی وا بوو کە ئەوە شتێکی هەڵەیە و پێی وا بوو مارکسیزمی میکانیکی ڕووسی نادروستە لەو ڕوویەوە و ئەو دووشتە، یان ئەو دوو مەیدانە لە ژیانی کۆمەڵایەتی دا پێوەندییەکی دیالێکتیکییان بەیەکەوە هەیە. و وانییە کە ژێر بەنا هەرچییەکی بوو لە ڕاستیدا ڕووبەنا ئینعیکاسێک بێ لەو ، هەڵبەت ئەو ڕووبەنا دیسان دەناسێنێ کە دێمەوە سەری، بەڵکوو پێی وابوو کە بابەتی سابجێکتیڤ یان زەینی یان ئیدێئۆلۆژی دەتوانێ ژێر بەنا بگۆڕێ. و پێی وابوو کە چەپەکان یان کۆمۆنیستەکانی ئوڕووپایی لەو سەروبەندی کە ئەو تێیدا دەژیا لە بەڕ ڕەچاو کردنی زنجیرەیەک ڕەچەتەی میکانیکی سەبارەت بە مێژوو کە مارکسیزمی جۆری ڕووسی هێنابوویە گۆڕێ نەیان توانیوە ئەو زەرفییەتانە و ئەو خەلاقییەتە سیاسییانەی کە چینی کرێکار یان حیزبی چینی کرێکار دەیتوانی بیان نوێنێ بنوێنن یانی بە مانایەک ئەو پێی وا بوو ئەو حیزبانە و ئەو جۆرە لە مارکسیزمە لەڕاستیدا فۆرموولێکی لە پێشدا گەڵاڵە کراویان هەیە کە بەڵێ مێژوو ئەو جۆرە دەجووڵێ، فڵان کۆمەڵ لەو قۆناغە دایە، ئێمە لەم قۆناغە داین، لەو قۆناغە دا شۆڕشی بورژوا دێمۆکڕاتیک دەبێ، لەو قۆناغە دا شۆڕشی سۆسیالیستی دەکرێ و ئەو قۆناغانەش بنچینەیەکی مادییان هەیە و پێوەندییەکی بە مەسەلەی زەینییەوە نییە. گڕامشی پیی وا بوو ئەوە شتێکی تەواو هەڵەیە و مێژوو  زۆر دیالێکتیکیتر لەوەیە کە بکرێ ئەو جۆرە ڕەچەتانەی لە پێشدا بۆی بنووسرێ و بابەتی سیاسیش بەو پێیە بچێتە پێشێ. گرینگی کارەکانی گڕامشی زۆرتر لە دوو مەیدان دا خۆی دەنوێنێ. یەک تیوری هێژێمۆنی یە کە پێم وایە ڕەنگە دواتر باسی بکەین، بەڵام بەر لە هێژێمۆنی گڕامشی زۆر باسی بیرمەندان دەکا هەر وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد ئەو پێی وابوو کە دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار دیارە لە سەردەمی بورژوازی دا هەر بەو ئەندازەی کە ڕەنگە بنچینەی مادی لە خشوونەت دا بێ، بنچینەکەی لە ڕاستیدا لە فەرهەنگ دایە لەو شتەی دا کە ئێمە پێی دەڵێین  "عەقڵی سەلیم". شتێکی ئاسایی، ئێعتیادی. یانی ئەو شتەی کە جەماوەری خەڵک بە بێ ئەوەی کە نیازیان بە بیرکردنەوەش هەبێ لە سەر شتێک بە پێی نەریت پێیان وایە کە ئەو شتە دروستە، یانی ئەو شتە دەبێ بەوجۆرە بکرێ. و ئەو پێی وایە کە ئەو عەقڵی سەلیمە یەکەم ئەوەی کە شتێکی مێژوویی یە کە لە ڕەوتی بەرەوپێش چوونی مێژوو دا پێک هاتووە و لە هەمان کات دا توێژێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی وەکوو بیرمەندان ئەو ئیدەیە ئەو ئاسایی بوونە بۆ نموونە ئەو ئیدەیەی کە دەڵێ دنیا هەمیشە وابووە، هەمیشە فەقیر و  دەوڵەمەند هەبووە، ئەگەر بە نموونەیەک باسی بکەین، گڕامشی پێی وایە ئەوە دیاردەیەکی مێژوویی یە و ئەوەی کە شتێکی ئاوا دیسان بەرهەم دێتەوە، ئەم شتە ئاسایی یە. و ئەوەی نائاسایی یە ئاکامی کاری چالاکی توێژێکی تایبەتی یە لە ناو کۆمەڵ دا بە ناوی بیرمەند. دوایە دێ باسی ئەوە دەکا کە بیرمەندەکان دوو جۆرن بە دوو جۆر دابەشیان دەکا بە بیرمەندی نەریتی یان سونەتی و بیرمەندی ئۆرگانیک. گڕامشی پێی وایە بیرمەندانی سونەتی یان نەریتی  دیارە لە کۆمەڵی ئوڕووپای ئەو سەردەمی دا بە تایبەتی لە ئیتالیا بیرمەندانێکن کە ئەو چینەی کە نوێنەرایەتی دەکەن لە ڕووی مێژووییەوە بەرەو نەمان دەچێ یانی لاواز بووە و خەریکە لە بەین دەجێ و ئەو بیرمەندانە ڕەنگە بۆخۆشیان بیانەوێ جۆڕێک لە بۆچوون پەرە پێ بدەن یان باسی بکەن کە لەگەڵ ئەوەش کە ئەوان بەو جینەی کە لەئاویلکەدان دایە نابەستێتەوە یان پێوەندی نادا بەڵام ئەو عەقڵی سەلیمە کە لەمەڕ جیهانبینی ئەو چێنەیە خەریکە بەرهەم دێنێتەوە. بیرمەندی سونەتی بۆ گڕامشی تەعریفێکی مێژوویی هەیە بەڵام بیرمەندی ئۆرگانێک بۆ وی تەعریفێکی سۆسیۆلۆژیک یان کۆمەڵناسانەی هەیە بەو مانایەی کە بیرمەندانی ئۆرگانیک ئەو جۆرە بیرمەندانەن کە لە ڕاستیدا جیهانبینی ئەو چینەی کە دواجار بەشێک لەو چینەن بەرهەم دێنن و بە شێوەیەکی مونسەجیم بڵاوی دەکەنەوە وجەماوەر و خەڵک لە ڕاستیدا بەرەو ئەو جیهانبینییە ڕادەکێشن یان  ئەو جیهانبینییە لە ناو جەماوەر دا بڵاو دەکەنەوە. ودواجار ئیستیدلال و ئیحتیجاجێکی زۆر گرینگ کە دەیهێنێتە گۆڕێ ئەوەیە کە جووڵانەوەی سۆسیالیستی یان مارکسیستی ناتوانێ لە مەیدانی سیاسی دا سەرکەوتوو بێ، بێ ئەوەی کە بەر لەوە لە مەیدانی فەرهەنگی دا سەرکەوتوو بێ. یانی بابەتی ئاسایی کە لە جیهانبینی چینە کۆنەکان یان چینە دواکەوتووەکان – بەپێی ئەوەی کە چۆنی بناسێنن -  گرێ دراوە دەبێ جێگرەوەیەکی هەبێ تەنانەت بەر لەوەی کە دەسەڵاتی سیاسی بە دەست بهێنێ دروستی کرد بێ. و گڕامشی پێی وا بوو ئەوە کاری بیرمەندانی ئۆرگانیکە، بەڵام لە هەمان کاتدا پێشی وا نەبوو کە بیرمەندی ئۆرگانیک دەبێ ئەندامی حیزب بێ یان لە جێدا بیرمەندی ئۆرگانیک حیزبی یە. بەڵکوو پێی وابوو کارامەیی بیرمەندی ئۆرگانیک لەوە دایە کە ڕەسمەن ئەندامی حیزب یان جووڵانەوەیەکی سیاسی نییە  و هەر لە بەر ئەوە دەرەجەیەک لە ئۆتۆنۆمی یا خۆموختاری یان سەربەخۆیی هەیە لەو حیزبە یان لەو چینەی کە ئەو حیزبە نوێنەرایەتی دەکا کە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە جەماوەرێکی هەراوتر بەرەو  لای خۆی ڕابکێشێ چونکە خەڵکیش ئەو بیرمەندە وەکوو نوێنەری چینێکی تایبەتی نابینن. بەڵام دواجار گڕامشی پێی وابوو ئەگەر لێی بکۆڵینەوە ئەو بیرمەندە ئۆرگانیکانە بیانەوێ و نەیانەوێ دواجار جیهانبینی چینێک و جووڵانەوەیەکی سیاسی کە نوێنەرایەتی ئەو چینە تایبەتییە دەکا گەشە پێ دەدەن یان دروستی دەکەن. و پێی وا بوو کە چەپەکان یان مارکسیستەکان یان کۆمۆنیستەکان دەبێ ئەوانیش بیرمەندی ئۆرگانیکی خۆیان هەبێ هەر بەو شێوەیە و بتوانن عەقڵی سەلیمێکی مۆدێڕنی کۆمۆنیستی یان سۆسیالیستی لە کۆمەڵ دا دروست بکەن تەنانەت بەر لەوەی کە دەسەڵاتی بورژوازی لە ناو چووبێ یان ڕووخا بێ. جا ئەوەی جێی سەرنجە گڕامشی لە بواری حیزبیش دا ئەو تەفاوەتە لەبەر چاو دەگرێ. واتە جیاوازی حیزبێکی نەریتی و حیزبێکی ئۆرگانیک. بۆ وێنە ئەو دژ بە فۆرموولی لێنینی حیزب بوو بەو مانایەی کە حیزب لە دەرەوەی چین را ڕاوەستاوە و ئاگایی چینایەتی دەدا بە چینی کرێکار کە لە بەر هەلومەرجی ئابجێکتیڤی خۆی ناتوانێ ئاگایی چینایەتی وەدەست بێنێ. ئەوە شتێکە کە لە _" چ کەردن"_ دا هاتووە و نزیکەی هەموو حیزبە چەپەکان لە وڵاتانی ئێمە دا بۆ ماوەی زۆر دوورو درێژ ڕەچاویان کردووە و ڕەنگە ئێستاش پەیڕەوی لێ بکەن. یانی حیزب لە ڕاستیدا ڕێکخراوەیەکی مونسەجیمی سیاسییە کە دەتوانێ خەباتی ڕەهای ئابووری چینی کرێکار بکا بە جووڵانەوەیەکی سیاسی و دژ بە دەسەڵاتی بورژوازی وەخۆی خا وشۆڕش بکا. گڕامشی پێی وا بوو هەر بەو جۆرەی کە پێوەندیی مادی ، بابەتی مادی و بابەتی زەینی دیالێکتیکە، پێوەندی حیزب و جەماوەریش یان حیزب و چینیش دەبێ شتێکی دیالێکتیک بێ. بەو مانایە کە حیزب ناتوانێ لە دەرەوە ڕا ڕابوەستێ و خەریک بێ چین بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ، خۆی ئامادە بکا، خۆی بنوێنێ بۆ چین بۆ ئەوەی چین لە هەلومەرجی لەبار دا، لەهەلومەرجی باش دا، لە هەلومەرجێکدا کە بۆ وێنە دروستە بۆ شۆڕش ئەو جەماوەرە بێن  و پەیوەست بن بە حیزبی خۆیان. گڕامشی پێی وا بوو کە ئەوە شتێکی نادروستە و شتێکی خەیاڵی یە. ئەو پێی وا بوو هەر بەو ئەندازەیەی کە چینی کرێکار دەبێ ئامۆژگاری و وشیاریی سیاسی لە حیزب وەربگرێ، هەر بەو پێیەش حیزب دەبێ بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەی چین دا ماتریاڵی سیاسی خۆی دەربێنێ یانی باوەڕی بەو جیاوازییە نەبوو. و بۆیەش لە هەوەڵەوە تەنانەت بەر لەوەی کە ببێ بە ئەندامی حیزبی سۆسیالیست یان ئەندامی حیزبی کۆمۆنیست گڕامشی زۆر مەیلی هەبوو بەرەو ئەو ڕەوتەی کە ئەو دەمی لە ئوڕووپا پێیان دەگوت کۆمۆنیزمی شووڕایی یانی لە ڕاستیدا جۆرێک  کاردانەوە بوو لە ئاست فۆڕمووڵی لێنینی لەمەڕ حیزب. بەو مانایە کە شووڕاکان لە کارخانەکان ڕاهێنانی حکوومەتداری دەکەن لە ئاستی کارخانەدا. یانی ئەو شووڕایانەی کە لە بناوانەوە بۆ بەرەوپێشبردنی کاروباری سینفی (مەیهەنی) دروست بوونە لە ڕەوتی ئەو مێتابۆلیسمە سیاسییەی کە هەیانە هەتا دێ زیاتر پێ دەگەن و خۆیان ئامادە دەکەن کە وەکوو چین بێنە نێو مەیدانی سیاسەت و دەسەڵاتی خۆیان دابسەپێنن و چاوەڕێی حیزب نەبن و نەبنە ئامرازێک بۆ حیزب، بەڵکوو دواجار لە ڕاستیدا حیزب و شووڕا یەک شت دەبن. پێم وایە جەخت کردنەوە لە سەر دەوری بیرمەندان یان ئینتلێکچوێلان و جەخت کردنەوە لە سەر فەرهەنگ و ئیدێئۆلۆژی گرینگییەکی زۆر تایبەتی هەبوو بۆ گڕامشی.

خاکی: دەکرێ بە کورتیش بێ باسی نووسراوەکانی بکەی، کتێبەکانی و ئەو بابەتانەی کە زۆر بەرجەستەتر بووە لە کارەکانی دا.

مەتین: لە وڵامدانەوە بەو پرسیارە ئەمن دەمەوێ کەلک وەربگرم باسی چەمکی هێژێمۆنی بکەم کە ئاماژەم پێ کرد. نووسراوەی زۆر نین بەڕاستی جگە لەو مەقالانەی کە سەردەمێک کە ڕۆژنامەنووس بوو لە توورین نووسیویەتی، ئەسڵی کارەکەی یانی ئەوەی کە لە هەموان گرینگترە هەر ئەو _" بیرەوەرییەکانی زیندان"_ن کە باسم کرد کە لەوێدا باسی چەمکی هێژێمۆنی دەکا و ئەو چەمکی هێژێمۆنییە جیاوازە لەو هێژێمۆنییەی کە ئێمە پەیوەست بە شۆڕشی ئۆکتۆبر بیستوومانە یان خوێندوومانەتەوە لە جۆری مارکسیزمی ڕووسی دا. چونکە لە سەردەمی شۆڕشی ڕووسیا هێژێمۆنی بریتی بوو لەوەی کە چینی کرێکار ڕێبەریی شۆڕش و هەر وەها چینی وەرزێرانیش بە دەستەوە دەگرێ، چینی وەرزێر لە ڕاستیدا دێتە ژێر ئاڵای هێژێمۆنیکی چینی کرێکار. لەحاڵێکدا گڕامشی بەشێوەیەکی زۆر جیاواز ئەو پەیڤە بەکار دێنێ. بۆ ئەوەی کە بمەوێ ئەو چەمکە شرۆڤە بکەم لە سەرەتاوە دەبێ بڵێم کە پرسیارێکی سەرەکی بۆ گڕامشی ئەوە بوو کە بۆچی شۆڕش لە ڕووسیا سەرکەوت لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕووسیا لە ڕووی گەشەی سەرمایەدارییەوە دواکەوتووترین وڵاتی ئوڕووپایی بوو. لە حاڵێکدا بە پێی قسەی مارکس خۆی شۆڕشی کرێکاری یان سۆسیالیزم لە شوێنێک ڕوو دەدا کە سەرمایەداری گەیشتبێتە گەشەی هەرە زۆری خۆی لەبەر ئەوەی کە سۆسیالێزم بە پێی ناساندنەکەی لە سەر بناغەی پێشکەوتنی سەرمایەداری دروست دەکرێ نەک لەسەر بنچینەی ئابوورییەکی دواکەوتوو. و لێرە دایە کە گڕامشی دێ لە نێوان بناغەی  کۆمەڵ و دەوڵەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات کە ڕووسیا سەمبولی ئەو جۆرە کۆمەڵانە بوو و بناغەی کۆمەڵ و دەوڵەت لە وڵاتانی ئوڕووپای ڕۆژئاوا کە بۆخۆی لێی دەژیا تەفاوەتێک لەبەر چاو دەگرێ. ئەو دەڵێ لە ڕووسیا دەوڵەت هەموو شتە، دەوڵەت وەک بینایەک چاو لێ دەکرێ کە هەموو کۆمەڵی لە ژێر ڕکێفی خۆیدایە و هەر کە هاتوو دەوڵەت گۆڕا ئەتۆ دەتوانی گشت کۆمەڵ بگۆڕی، لە پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانەوە بگرە تا دەگاتە شێوەی خوێندن و پەروەردە، چوو زانم فەرهەنگ و فڵان و بێهمان. یانی لە ڕاستیدا سیاسەت سوڵتەیەکی تەواو و بێ ئەملاو ئەولای هەیە بە سەر کۆمەڵ دا. بۆیەش شۆڕشێک کە بتوانێ دەسەڵاتی سیاسی بشڵەژێنێ  یان بیڕووخێنێ لە ڕاستیدا سەرکەوتووە چونکە دەستبەجێ دەتوانێ بێ ئەو جار کۆمەڵ لە ڕێگای دەسەڵاتی سیاسییەوە بگٶڕێ و ئاوای لێ بکا کە خۆی دەیەوێ. بەڵام ئەو دەڵێ لە ڕۆژئاوا بناغەی کۆمەڵ و دەوڵەت جیاوازە و جیاوازییەکەشی بە جۆرێکەکە شەڕێکی ڕوو بە ڕوو بە دژی دەوڵەت یەکەم ناتوانێ سەرکەوتوو بێ و تەنانەت ئەگەر سەرکەوتووش بوو ناتوانێ کۆمەڵ بەو شێوەیەی کە شۆڕشگێڕان یان چەپەکان دەیانەوێ بگۆڕێ بۆ؟ چونکە دەڵێ لێرە دا دەسەڵاتی چینی دەسەڵاتدار یان بورژوازی بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ڕووسیا هەیە نەک لە ڕێگای ئامرازی سیاسی کە بریتی یە لە توند و تێژی، خشوونەت و زیندان و پۆلیس و ئەشکەنجە و سانسۆر و بێهمان بەڵکوو لە ڕێگای هەر ئەو شتەی کە باسمان کرد واتە عەقڵی سەلیم دا بەڕێوە دەچێ. بەو مانایە کە خەڵک دڵخوازانە دەسەڵاتی بورژوازی قبووڵ دەکەن و پێیان وایە شتێکی ئاسایی یە و لێرە دایە کە چەمکێکی دیکە دێنێتە ژوورێ ئەو شتەی کە ئێمە پێی دەڵێین کۆمەڵی مەدەنی و پێی وایە کە دەسەڵاتی بورژوازی لە جێدا لە کۆمەڵی مەدەنی دایە کە سەرکەوتووە و خۆی بەرهەم دێنێتەوە. هەر وەها گڕامشی بە پێچەوانەی مارکس کۆمەڵی مەدەنی هەر لە مەیدانی ئابووری دا نابینێ و پێی وایە کۆمەڵی مەدەنی تەواوی ئەو ڕێکخراوە،دامەزراوە ، ئەنیستیتوو، ئامرازە پەروەردەیی و فەرهەنگی، ئیدێئۆلۆژیک و ڕابواردن و سیاسییەکانن کە تا ڕادەیەکی زۆر سەربەخۆن لە دەوڵەت تەنانەت سەندیکا کرێکارییەکان تا ڕادەیەک، یەکێتییە مەیهەنییەکان، بۆ وێنە مەدرەسە ، پەروەردە، خوێندن، زانکۆ، ڕۆژنامە، میدیا ئەوانە بۆ گڕامشی کۆمەڵی مەدەنین. و ئەو کۆمەڵی مەدەنی یە جیهانبینییەکی تایبەتی لەوەی کە چ شتێک ئاسایی یە و چ شتێک مەقبووڵە بەرهەم دێنێ و خەڵک یان زۆربەی خەڵک ژیانیان بە پێی ئەو جیهانبینییە دەبەنە پێشێ. بۆیەش بورژوازی پێویست ناکا هەموو ڕۆژێ بە توند و تیژی بێ چینی کرێکار سەرکوت بکا یان خەڵکی سەرکوت بکا، لە جێدا کاری بەوە نییە دەتوانێ لە پشتەوە ڕابوەستێ ئامرازەکانی خشوونەت و توندو تیژی ڕابگرێ بەڵام  هەموو ڕۆژێ کەلکیان لێ وەرناگرێ بەڵکوو دەسەڵاتی بورژوازی هەر بە پێی ئەوەی کە خەڵک دڵخوازانە، بە پێی ئەو جیهانبینییە ملیان بۆ داوە بۆ خۆی خۆی بەرهەم دێنێتەوە. بۆیەش گڕامشی پێی وا بوو لە وڵاتێکی بەو جۆرە دا ستڕاتێژی دەست بەسەر داگرتنی دەسەڵاتی سیاسی بەو جۆرەی کە بۆلشویکەکان لە ڕووسیا کردیان هەڵناسووڕێ. ناتوانی بەو شێوەیە شۆڕش بکەی. بۆ شڕۆڤەی ئەو شتە ئەوجار دوو چەمک و تێگەی دیکە ساز دەکا، یەک لە تایبەتمەندییەکانی گڕامشی ئەوەیە کە تێرمینۆلۆژی نیزامی زۆر بەکار دێنێ چونکە ماکیاڤێلی زۆر تەئسیری لە سەر هەبووە و ماکیاڤێلیش لە جێدا باسی سیاسەت و شەڕ دەکا. گڕامشی زاراوەیەکی هەیە بە ناوی _"شەڕی خاکڕێز" _یان _"شەڕی هەڵکەوت"_ و زاراوەیەکیشی هەیە بە ناوی _"شەڕی جووڵە"_ یان _"شەڕی مانۆڕ"_. گڕامشی پێی وایە لە وڵاتێکی وەکوو ڕووسیا شەڕی مانۆڕ یان شەڕی جووڵە ستڕاتێژییەکی دروستە و وڵام دەداتەوە هەر وەک چۆن بۆڵشویکەکان توانیان دەوڵەت بڕووخێنن و دواجار دەسەڵاتی خۆیان دابمەزرێنن. بەڵام لە وڵاتانی ئوڕووپای ڕۆژئاوا گڕامشی پێی وابوو شەڕی خاکڕێز یان شەڕی هەڵکەوت کە شەڕێکی دوورو درێژە هەر وەک شەڕی خاکڕێژەکان کە بیستوومانە چووزانم شەڕی ئێران و عێڕاق یان شەڕی هەوەڵی جیهانی کە تێیدا دوو جەبهە ڕووبەڕووی یەکن هیچ جووڵەیەکی سەمەرە ڕوو نادا لە دوور ڕا بۆ وێنە بە تۆپخانە لە یەکتر دەدەن و ئەو شەڕە لەوانەیە بە ساڵان درێژەی هەبێ بێ ئەوەی کە هیچکام لە ئەڕتەشەکان جووڵەیەکی ئەوتۆ بکەن. ئەو پێی وابوو کە لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکان شەڕی هەڵکەوت یان شەڕی خاکڕێز چەپەکان دەبێ ئەوەی بکەن و مەبەستیشی ئەوە بوو کە ئێمە دەبێ فەرهەنگێکی ڕادیکاڵ یان فەرهەنگێکی سۆسیالیستی لە نێو جەماوەر دا  دژ بە فەرهەنگی زاڵی بورژوایی بتوانین پەرە پێ بدەین کە لە ڕاستیدا ئەو ئاسایی بوونی دەسەڵاتی بورژوازی بتوانێ بچێتە ژێر پرسیار و نەبێتە شتێکی ئاسایی لە چاوی خەڵک دا و ئەو کاتەیە کە دەسەڵاتی سیاسی ڕەنگە بتوانێ بە ڕێگای شەڕێکی جووڵە یان شەڕێکی موتەحەریک بکەوێتە دەست چەپەکان. و کۆکراوەی ئەوانە گشتیان دەبێ بە تیوری هێژێمۆنیی گڕامشی بەو مانایەی کە دەسەڵات هەمیشە تێکەڵاوێکە لە زەبروزەنگ و لە ڕەزایەت. لە وڵاتە ڕۆژئاواییەکاندا هەمیشە ڕەزایەتی گشتی تۆوی ئەسڵی دەسەڵاتی بورژوازی یە و زەبروزەنگ تەنیا تۆوێکی کاتییە تەنێ لە سەردەمی قەیرانی دا بەکار دەهێندرێ. بە پێچەوانە لە کۆمەڵە ڕۆژهەڵاتییەکان وەکوو ڕووسیا یان چین یان تەنانەت ئێران لە ڕاستییدا زەبروزەنگ تۆوێکی ئەساسی ڕۆژانەیە یانی دەسەڵاتی چینی حاکم نەک بە ڕێگای ڕەزایەتی تەواو یان بە ڕێگای جەماوەر بەڵکوو بە ڕێگای بەکار هێنانی توند و تیژییەوە هەڵدەسووڕێ. بۆیەش پێی وابوو هەر چۆن کە بورژوازی دەسەڵاتی خۆی کردووەتە هێژێمۆنیک، سۆسیالیستەکان، کۆمۆنیستەکانیش دەبێ لە ڕاستیدا دژە فەرهەنگێک پێک بێنن کە ئاسۆی سیاسی ئەوان بکاتە هێژێمۆنیک لە ناو خەڵک دا. یانی خەڵک ئەو شتە وەربگرن و پێی وا بوو کە ناکرێ بڵێی من دەوڵەت، دەسەڵاتی سیاسی دەگرم جا ئەو جار بە ئیشتیای خۆم بۆ وێنە کتێبی دەرسی دەگۆڕم، پەروەردە دەگۆڕم، میدیا دەکەمە ئەو شتەی کە بۆخۆم دەمەوێ و خەڵک ڕازی دەکەم یان فێریان دەکەین کە ئەو کۆمەڵە کۆمەڵێکی باشە بۆ ئەوان، ئەوە نابێ بەڵکوو دەبێ ئەو کۆمەڵە باشە هەر لە ئێستاوە کاری بۆ بکرێ. بۆیەش گڕامشی پێ وابوو کە ستڕاتێژی مارکسیستەکان لە ڕٶژئاوا دەبێ جیاواز بێ لە ڕۆژهەڵات و هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی وەک گوتم ئەو مارکسیستانەی کە لە ئوڕووپا زۆر ناڕازی بوون و دژ بە ستالنیسمی ڕووسی بوون زۆر مەیلیان بەرەو گڕامشی پەیدا کرد و لە کارەکانی ویدا هەم جۆرێک ستڕاتێژی گونجاو لەگەڵ حاڵی خۆیان دیتەوە، و هەم لەو تیوریە مێژووییەی کە کۆمینتێڕن یان حیزبە ڕووسییەکان پەرەیان پێ دابوو خۆیان جودا دەکردەوە و شڕۆڤەیەکیشیان پەیدا کرد بوو بۆ ئەوەی کە شۆڕش بۆ ڕوو نادا لە ڕٶژئاوا. بۆ لە بریتانیا کە لانکی سەرمایەدارییە و چاوەڕوانی لێ دەکرێ کە دەبێ شوێنی شۆڕش بێ، شۆڕش نەبووە، ئێستاش کە ئێستایە نەبووە. و مارکسیستە ئوڕووپاییەکان پێیان وابوو گڕامشی ئەوەیان بۆ ڕوون دەکاتەوە چونکە نیشان دەدا دەسەڵاتی بورژوازی لە ڕاستیدا لە مووڕەگەکانی کۆمەڵ دا دەجووڵێ نەک بەڕێگای دەکار کردنی زەبروزەنگی ڕۆژانە.

خاکی: کاک کامڕان ئەوەی کە گوتت گڕامشی لە ئوڕووپا زیاتر لەو بیست ساڵ سی ساڵەی دواییدا ناسراوە و کۆمۆنیزمی ئوڕووپایی بووە بە جۆرێک. و ئیدەکانی نەگەیشتووەتە دنیای سییەم، ئێران و کوردستان، ئایا ئەوە ئاگایانە بووە. بۆ  وێنە ئێمە لە مەڕ تڕۆتسکی دیتمان بە گێڕانەوەی شووڕەوی ئەو سەردەمەی ستالین ئەگەریش شتێک هەیە زۆر پێچەوانە بووە. ئەمە ئاگاهانە بوو یان واقیعەن شتێکی تر بوو؟

مەتین: ئەمن پێم وایە دەتوانم بە شێوەیەکی زۆر گشتی لە سەر ئەوە قسە بکەم. بەشێكی پێم وایە ئەوەیە کە نەفسی وەی کە ستالین مارکسیزمی ڕووسی لە وڵاتانی دەرەوەی ئوڕووپا بۆ وێنە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران کە ١٥٠٠ کیلۆمیتر سنووری هەبووە لەگەڵ یەکەتی سۆڤیەت بەهێز بوونی ئەو جۆرە مارکسیزمە بە ئاسایی مارکسیزمەکانی دیکەی خستووەتە پەراوێز. باشە گڕامشی چۆن دەتوانرا بناسرێ لە ئێران دەبا وەرگێڕدرابا، دەی وەرگێڕانی لێهاتووی ئێران ئەو دەم پێش لە شۆڕش و تەنانەت دوای شۆڕش کێ بوون؟ تەبیعەتەن زۆربەیان ئەندامی حیزبی توودە بوون یان ژمارەیەکی کەمتریش لەوانەبوو دژ بە حیزبی توودە بن بەڵام دواجار ئەگەر چاوی لێ بکەی تەنانەت ئەو حیزبانەش کە لە ئێران خۆیان دژ  بە حیزبی توودە دەناساند یان دژ بە ستالینیسم دوا جار زۆر لە نوسخەکانی لێنینیزمیان پێ قبووڵ بوو کە ئەو دوانە لەگەڵ ئەوەش کە لەیەک جیاوازن بەڵام پێوەندیی مەنتیقیشیان بەیەکەوە هەبووە. بۆیەش سەرنجێکی ئەوتۆ نەدراوەتە سەر کەسێکی وەک گڕامشی لە ڕێگای ئەو کەسانەوە کە دەیانتوانی سەرنجێکی ئاوا بدەن. بۆ ئاگاداریت تەنانەت لە ئوڕووپاش بیرەوەرییەکانی زیندانی گڕامشی لە سەرەتاکانی ١٩٧٠ کاندا وەرگێڕدراونەتەوە. یانی لە نێوان ساڵی ١٩٣٧ تا ١٩٧٠ ئەتۆ حیسابی بکە نزیکەی سی وچەندساڵ مەودایە بەڵام کارەکانی بە ئینگلیسی نەبوو کەس نەیدەزانی لە ڕاستیدا گڕامشی هەبووە یان چی گوتووە تەنیا ڕەنگە ئیتالیاییەکان خۆیان خوێندبێتیانەتەوە. یانی بەشێکی ئەو نەناسرانەی لەبەر ئەوەی بوو کە یەکەتی سۆڤیەت هەبوونی هەبوو، سەرەڕای هەر کێشە و گیروگرفتێکی کە هەبوو، هەبوو. لە ئاکام دا حیزبەکانی سەر بە ڕووسیا کە پەیڕەوی مارکسیزم – لێنینیزم بوون  وەک پێشوو لە چوارچێوەی ئەو تیوریە دا کاریان کردووە و سەرنجیان نەداوە، بەڵام ڕووخانی یەکەتی سۆڤیەت بووە هۆی ئەوەی کە سەرنج بەرەو ئەو جۆرە مارکسیزمانەی کە جیاواز بوون لە مارکسیزمی جۆری ڕووسی زۆرتر بێ و پێم وایە لە ئێرانیش لەبەر ئەم هۆیە و هەر وەها لەبەر گەشەکردنی زۆرتری سەرمایەداری و ئەو شتەی کە ئێمە پیی دەڵێێن کۆمەڵی مەدەنی لە شێوەی زۆر هەڵبەت بە باوەڕی من سەرەتایی تا ڕادەیەک لە سی چل ساڵی دواییدا وردە وردە بیچمی بە خۆیەوە گرتووە بۆیەش تیورییەک یان بۆچوونێک کە ئەم دیاردەیە دەخوێنێتەوە و موتاڵا دەکا و دەیکاتە تیوری مەوزووعییەتێکی زۆرتر پەیدا دەکا. یانی پێم وایە ئەوە تێکەڵاوێک بووە لە تەئسیری هەبوونی یەکەتی شووڕەوی و هەر وەها ڕادەی گەشەی سەرمایەداری لە ئێران و هەر وەها ئەو تەیفە سیاسییە چەپەی کە لە ئێران هەبووە لەو کات دا، هەموو تەئسیریان هەبووە لەوەیدا کە گڕامشی کەمتر بخوێندرێتەوە یان تەنانەت وەربگێڕدرێ.

خاکی: پێت وایە گڕامشی و کارەکانی لە شوێنێک دا خوێندمەوە " بیرەوەرییەکانی زیندان" ی سێ هەزار لاپەڕەیە؛ ئەو مەقالەیەم بۆ جەنابیشت نارد، شتێکی تێدایە بۆ چەپ لە کوردستان بە تایبەتی، چەپ لە ئێران، چەپ لە کوردستان؟

مەتین: ئەمن پێم وایە زۆر شتی تێدایە بەڵێ. بۆ وێنە هەر وەک باسم کرد گڕامشی یەکجار زۆر لە سەر مەسەلەی ستڕاتێژی سیاسی بە دیقەت وبە وردە ڕیشاڵ کار دەکا. هەر وەک ئەو دەربڕینانەی عەرزم کردی لە کوێ دەبێ شەڕی جووڵە بکەی شەڕی موتەحەڕیک و لە کوێ دەبێ شەڕی خاکڕێز بکەی. دەوری بیرمەند، یان ئەتێلێکچوێل لە کۆمەڵ دا چییە، پێوەندی حیزب و چین، پێوەندی حیزب و جەماوەر بەڵام بە بڕوای من شایەد لە حەموان گرینگتر مێتۆدی گڕامشی یە بەو مانایەی کە ئەو لە شوێنێک دەڵێ کۆمۆنیستەکان یان مارکسیستەکان کاتێک باسی ماتریالیزمی مێژوویی دەکەن تەئکیدەکەیان لە سەر ماتریالیزمە نەک لە سەر مێژووەکەی. و پێی وا بوو دەبێ بە پێچەوانە بێ و مێژوویی بوونی هەموو شتێک لەوانە ماتریالێتی یان مادی بوونی دیاردەکان یانی بە زمانێک دەڵێ کە ماتریالیزمی مێژوویی کە مارکس و ئێنگێڵس دیارە زۆرتر مارکس گەڵاڵەیان کردووە مێتۆدێکە  کە دەبێ مارکسیزم خۆشی بگرێتەوە. یانی مارکسیزم وەکوو بیرۆکەیەک وەکوو کۆکراوەیەک لە تێوری و ئەندێشە لە دەرەوەی مێژوو ڕانەوەستاوە. مەنتقی ماتریالیزمی مێژوویی مارکس، ماتریالیزمی مێژوویی خۆی یان مارکس دەکاتە لە ڕاستیدا بابەتی ماتریالیزمی مێژوویی. و لە ڕاستیدا شرۆڤەیەک دەکا کە ئەو تیورییە لە بەستێنێکی تایبەتی دا، لە کاتێکی تایبەتی دا لەژێر پارسەنگی تایبەتی ناو هێزان دروست بووە و مۆری ئەو سەردەمەی پێوەیە یانی لەگەڵ ئەوەشدا کە مێتۆدەکە هەر وا موعتەبەرە بۆ لێکۆڵینەوە و ڕاڤە کردن و شرۆڤەی دیاردەکان بەڵام مارکسیزم وەکوو بەرهەمێکی ماتریالیزمی مێژوویی ئەویش هەر شیاوی گۆڕانە، شیاوی چاولێ کردنەوەیە. بە بڕوای من گرینگی ئەو شتە ئەوەیە کە مارکسیستەکان بە تایبەتی مارکسیستەکانی ئێمە لەوانەیە هەموو شت بەرنە ژێر پرسیار لە ڕوانگەی مارکسیستییەوە بەڵام مارکس یەک لەو شتانە نییە کە بتوانن بیخەنە ژێر پرسیار. یانی حاڵەتی مەزەبی بوون هەیە بە نیسبەت مارکس کە گۆیا مارکس یەکجار و بۆ هەمیشە وڵامی هەموو پرسیارێکی داوەتەوە. لە حاڵێک دا مارکس بۆخۆی دەڵێ ئەمن مارکسیست نیم و دواجار مارکس کارێکی کە کردوویەتی مێتۆدێکی دروست کردووە نەک وڵام بۆ پرسیار. مێتۆدێکی دروست کردووە کە بەو مێتۆدە دەتوانی وڵامی هێندێک پرسیار ببینییەوە نەک زنجێرەیەک وڵام بۆ زنجیرەیەک پرسیار کە لە پێشدا دیاری کراون بۆیە بە بڕوای من ئەو تەئکیدە لە سەر مێتۆد زۆر گرینگە لە گڕامشی دا بەشێوەیەکی ناراستەوخۆ لە کارەکانی تڕۆتسکی ش دا هەیە، لە لووکاچ دا لە زۆر مارکسیستی دیکە دا کە ئەوان لە ڕاستیدا پێیان وایە زۆرێک لەو شتانەی کە مارکس گوتوویەتی یا نووسیوێتی ئایەی قورئان نین، ئینسان دەتوانێ بیانباتە ژێر پرسیار، لە سەر ڕا چاویان لێ بکاتەوە. بۆیەش پەیڤی " ڕێڤیزیۆنیسم" کە لە ناو چەپی ئێران وەک جنێو چاوی لێ دەکرێ چونکە ئەتۆ چاوت بە مارکسیزم دا خشاندووەتەوە بۆ کەسانێکی وەکوو گڕامشی یان تڕۆتسکی شتێکی زۆر تەبیعی بوو، بە پێچەوانە ئەگەر ئەوە نەکەی شتێکی هەڵە یە. چۆن دەکرێ شتێک دوو سەد ساڵ لەوە پێش نووسرا بێ ئەتۆ پێت وابێ هەر بەو ئەندازەی ئەو دەمی کە مەوزووعییەتی هەبووە ئەمڕۆش دروستە. ئەوە بەو مانایە نییە کە هەر شتێکی زەمانی بە سەر دا تێپەڕی بە ئۆتۆماتیک شتێکی هەڵەیە بەڵام مەسەلە ئەوەیە ئەگەر ماتریالیزمی مێژوویی لە ڕاستیدا مێتۆدی زانستی نووسینی شتێکە بە ناوی " کاپیتاڵ"  لە لایەن مارکسەوە یانی ڕەخنەی سەرمایەداری کە مارکس پەرەی پێداوە یان نووسیویەتی لە بنەڕەتی خۆیدا بە پێی مێتۆدێکە بە ناوی مێتۆدی ماتریالیزمی مێژوویی ئەوەی کە گرینگە مێتۆدەکەیە نەک بەرهەمی بەکار هێنانی ئەو مێتۆدە. یانی ئامرازەکە گرینگە نەک شتێک کە ئامرازەکە دروستی کردووە. ئەمن پێم وایە ئەو حەساسییەتی تیوریکە کە لە ناو ئەو جۆرە بیرمەندانەی ئوڕووپایی کە ڕەخنەگری مارکسیزمی ڕووسی بوونە بە تایبەتی، و ویستوویانە مارکسێکی دیکە لە ناو مارکس خۆیدا ببیننەوە دیارە بۆ ئێمەش زۆر مەوزووعیەتی هەیە. بۆ وێنە زۆر کەم باسی " بیرەوەرییەکانی پاریس"ی مارکس دەکرێ نازانم هەڵبەت بە فارسی یان بە کوردی چۆن وەرگێڕدراوە بەڵام مارکس بەرهەمێکی هەیە بەناوی " دەسخەتەکانی پاریس" کە لە ساڵی ١٨٤٧ و ١٨٤٨ و لە دەوروبەری نووسینی " مانیفێست" دا نووسیویەتی. کە لەوێدا زۆر لە سەر مەسەلەی ئیدێئۆلۆژی، لە سەر مەسەلەی لە خۆ نامۆ بوون alienation ، لە سەر کێشەکانی دەروونناسی چینی کرێکار، لە سەر ئەو بابەتانە زۆر شتی نووسیوە. لە کاتێک دا مارکسیستەکان بە گشتی دیارە هەموویان نا زۆرتر " سەرەتایەک بۆ ڕەخنەی ئابووریی سیاسی " یان پێ خۆشە. لەوێدا مارکس بە ڕواڵەت فۆرمووڵێکی زۆر حازرو ئامادە  دێنێتە گۆڕێ کە بەڵێ ژێربەنا، ژێرخان ئاوا دەبێ و سەرخان کاردانەوەیەکە لە ژێرخان  و لە بڕگەی مێژویی دیاری کراو دا پێوەندییەکانی بەرهەمهێنان لەگەڵ هێزەبەرهەمهێنەرەکان تووشی ناکۆکی دەبن و شۆڕش دەقەومێ و هتاد. یانی وەکوو تەئاترێکی زۆر مەزن لە مەیدانی مێژوو دا کە هەموو گەمەکارەکان دیارن، ئاکتۆرەکان مەعلوومە چ دەکەن، هەلومەرجەکە دیارە و بە کورتی هەموو شتێک لە پێشدا شی کراوەتەوە. لە حاڵێکدا زۆر شت نووسراوە هەر لە لایەن مارکسیستەکان خۆیان لە ئوڕووپایە کە تێیاندا باس لەوە کراوە کە ئەو سەرەتایە بۆ بەو شێوەیە نووسراوە. کە مارکس لە ڕاستیدا نیگەرانی ئەوە بووە کە ئەو دەقە لە ئەڵمان لە ژێر سانسۆر دەربچێ بۆی گرێنگ بووە کە شتەکە زۆر سادە و ئاشکرا بنووسرێ کە چینی کرێکار کە بە پێی ناساندن ئیمکانی خوێندنەوە و خوێندنیان کەمە بە خێرایی بتوانن وێنایەکی زۆر پڕ ڕەنگیان لە مەر بابەتی سیاسی  و مێژوویی لە بەر چاو بێ. بەڵام هەر کاتێک هاتووەتە سەر شتێکی زۆر بە حەوسەلە و مێتۆدیکی وەکوو " کاپیتاڵ" مارکس زۆر بە تەبسەرە و مادە بە قەولی خۆمان قسان دەکا و هیچ کات فەتوا دەر ناکا هەمیشە بیر دەکاتەوە لە هەموو ڕەهەندەکانی ئەو شتەی کە دەیڵێ، هەمیشە هێندێک فەزا دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو ئیدەیە مومکینە بە تەواوی وا نەبێ لە شوێنێک یان هەلومەرجی دیکە ڕەنگە پێویست بێ بۆ ئەوەی ئەوە سەر بگرێ. هەرچۆنێک بێ مەبەستم ئەوەیە ئەو حەساسییەتانە لەمەڕ زەرافەتەکانی کاری تیوریک، بەڵام لە هەموو گرینگتر مەسەلەی مێتۆد لە کاری گڕامشی دا تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەر نەزەری شەخسی من زۆر گرینگە کە لە نێوان مێتۆد و ئاکامی مێتۆد دەبێ جیاوازییەکمان لەبەر چاو بێ و بەشێکی زۆر لە مارکسیزم ئاکامی مێتۆدە نەک مێتۆد.

خاکی: دوایین پرسیارم لە ڕاستیدا دوو بەشە یەکێکی ئەوەیە بۆ ئێستا ئێمە کەسانی وەک لووکاچ، گڕامشی، تڕۆتسکی، مارکس یان هەر کەسێک ناو دەبەی نیمانە یان ئەگەر هەیە لە ئاستێکی بەربڵاو دا نابیندرێ، و ئەوەش ئایا وەزعییەتی چەپ چۆن دەبینی بە گشتی؟

مەتین: هەڵبەت دیارە ئەوانەی باسم کردن مارکس و گڕامشی و تڕۆتسکی ئەوانە لە سەردەمی جەوانی سەرمایەداری دا شتیان نووسیوە، سەردەمێک کە بەر لە خۆیان ئەدەبیاتێکی یەکجار زۆر بەو ئەندازەی کە ئێمە ئێستا هەمانە ئەوان نەیانبوو بۆیەش نەزەر و بیروڕای ئەوان هەمیشە زۆر تازەتر و ڕەسەنتر وەبەرچاو دێ لە کاتی خۆی دا، بەڵام دیارە بۆ کەسانێک کە دوای ئەوان دێن بڕێک زەحمەتە ئۆرجیناڵ بن چونکە ئەو کەسانە شتی زۆر گرینگیان گوتووە. بەڵام لەوەی گرینگتر ئەوەیە کە دنیا هێشتاش لە ژێر ڕکێفی سەرمایەداری دایە وەکوو سیستێمێکی کۆمەڵایەتی و سیستێمێکی مێژوویی. بۆیەش گرینگترین و قووڵترین نەزەرگەلێکی کە ئەو مارکسیستە کلاسیکانە بەیانیان کردووە هەر وا مەوزووعییەتی هەیە بۆ دنیای ئەمڕۆش و هیچ پێویستییەکی تایبەتی نییە لەبەر ئەوەی ئێمە بۆچوونی ڕەخنەگرانەمان هەیە حەتمەن دەبێ هەمووشتێک لە بنەڕەت ڕا لە بەین بەرین و لە سەر ڕا دەست پێ بکەین. بەشێکی ئەوەیە، بەشێکێسی هەڵبەت ئەوەیە ڕەنگە کەسی دە ئاست ئەواندا نەبێ بەڵام بیرمەندی مارکسیستی ئۆرجینال یەکجار زۆر هەن بە ڕاستی زۆرن، کەسی وەکوو دەیڤید هارڤی، پەری ئاندرسن  زۆر کەس  هەنە کە کاریان کردووە بەڵام ڕەنگە لە کالیبری مارکس و گڕامشی و ئەوانە دا نەبن. بەڵام زۆر ئیدەی تازەیان هێناوەتە گۆڕێ ویستوویانە کە ئەو بەربەستانەی کە مارکسیزمی کلاسیک هەیبووە بە جۆرێک چارەی بۆ بدۆزنەوە بێ ئەوەی کە تەواوی مارکسیزم یان مارکس فڕێ بدەن. بۆ وێنە فەزا لە بابەتی مێژوویی دا شتێکە لە نووسینەکانی مارکس دا زۆر باسی ناکرێ مارکس پێی وایە بە دەم گەشە پەیدا کردنی سەرمایەدارییەوە لە ڕاستیدا زەمان یان مێژوو بە سەر مەکان دا زاڵ دەبێ و دواجار جووڵەی سەرمایە ئەوەندە هاسان دەبێ و خێرا دەبێ هەر وەک ئەوەی کە ئێستا ئەتۆ دەتوانی کامپیوتێرەکەت هەڵ کەی و دوگمەیەک لێ دەی پووڵێک لە ئینگلیستانەوە ڕاگوێزی بۆ ئەمریکایە. سەرمایە بەو خێراییە دەتوانێ وەجووڵە کەوێ. گەڕانی سەرمایە ئەوەندە خێرایە. مارکس پێی وابوو کە هەرچەند ئەو خێراییە زۆرتر دەبێ مەکان مانای خۆی لە دەست دەدا، مەکان گرینگی خۆی لە دەست دەدا. کەچێ ئێمە لە دیاردەیەکی وەکوو ژێئۆپۆلیتیک دا دەبینین کە نەخێر مەکان جیاواز نییە لە زەمان. مێژوو و جوغڕافیا دەورێکی زۆر گرینگ دەگێڕن لەوەیدا کە سەرمایەداری چۆن گەشە پەیدا بکا یان دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەداری بە چ شێوەیەک لە شێوەکان بەیانی بەکردەوە دەدا بە خۆی. بۆیە ژێئۆپۆلیتیک بووەتە یەکێک لەو پرسیارانەی کە بۆ مارکسیستەکان زۆر گرینگ بووە لە بیست سی ساڵی دواییدا و زۆر شتی لەسەر نووسراوە، لەحالێکدا کە مارکس بۆخۆی لە ڕاستیدا هیچ باسی ژێئۆپۆلیتیک ناکا لە جێدا مەوزووعیەتێکی ئەوتۆی بۆ وی نییە. یان بۆ لێنین و بۆ پەیڕەوانی لێنینیش ژێئۆپۆلیتیک لە جێدا بریتی یە لە ڕقەبەری لە نێوان سەرمایەدارەکان یانی شەڕ ئاکامی ڕقەبەریی سەرمایەیە. لە حاڵێکدا ئێستا زۆر مارکسیست هەنە کە نیشان دەدەن کە نەخێر وا نییە شەڕ دەتوانێ هۆ و سۆنگەی تایبەتی بە خۆی هەبێ، دەتوانێ هۆی سیاسی هەبێ وا نییە کە شەڕ تەنیا وەختێک ڕوودەدا کە ئەم فڕاکسیۆنەی سەرمایەی لەگەڵ ئەو فڕاکسیۆنەی سەرمایەی ڕقەبەرییان هەیە لە سەر بازاڕێکی دیاریکراو یان لەسەر کالایەکی دیاریکراو. بۆ وێنە هەر لەو دانیشکەدەی کە ئەمنی لێ دەبم کەسانێک هەن نیشانیان داوە کە شەڕی جیهانی هەوەڵێ بەپێی تیوری  "ئەمپریالیزم" ی لێنین شیاوی شی کردنەوە نییە چون پێش داندراوەکانی هەڵەیە بۆ وێنە. خۆ ئەوانە نەیان گوتووە ئێمە نا مارکسیستین لە ئێستاوە چیدیکە مارکسیست نین لەبەر ئەوەی لێنین هەڵەی کردووە بەڵکوو ویستوویانە تۆوێک کە لەمارکسیزمی کلاسیک دا سەرنجی نەدراوەتە سەر یان نەکراوەتە تیوری  بێنن کاری لە سەر بکەن هەر لە ناو ئەو چوارچێوە فیکرییە دا بە شێوەیەکی تازەتر و بەشێوەیەکی ئاوا کە بی بووژێننەوە. یان ئەمن بۆ خۆم لە سەر مەسەلەی ناسیۆنالیزم کارم کردووە کە پێشتر باسمان لە سەر کردووە، دەی لە تیوری کلاسیکی مارکسیستی دا ئەوە نەکراوەتە تیوری یان نەیان کردووە یان بۆیان نەکراوە. پێیان وا بوو شتێکی زۆر لاوەکییە یان وەک بە ئینگلیسی دەڵێنcontingent   ە یانی جۆرێک بەرکەوتە و خۆی لە خۆی دا گرینگییەکی مێژوویی یان ئەساسی لە تێگەیشتنی سەرمایەداری یان کۆمەڵی سەرمایەداری دا یان ڕەوتی گۆڕانکاری سۆسیالیستی دا نییە، لە حاڵێکدا هەر کەس بە ئەزموونی تەبیعی خۆی دەزانێ کە وا نییە. بۆیەش وڵامی کورتی من ئەوەیە بەڵێ کەسانێک هەن کە کاری زۆر بەنرخیان کردووە شایەد لە ئاستی مارکس و گڕامشی و ئەوانەدا نەبن بەڵام هەیە. لەمەڕ ئەوەی کە وەزعییەتی چەپ چۆن دەبینم ئەمن پێم وایە هەتا سەرمایەداری هەبێ و هەتا شتێک بە ناوی چینی کرێکار هەبێ و چەوسانەوەی سەرمایەداری بوونی هەبێ، مارکسیزمیش مەوزووعییەتی هەیە لە بەر ئەوەی زانستێکە کە پێت دەڵێ سەرمایەداری چۆن کار دەکا، ژیانی خەڵک لە ژێر ڕکێفی سەرمایەداری دا چۆن هەڵدەسووڕێ و ئەگەر کەسێک پێی وا بێ ئەوە ژیانێکی نالەبارە و دەبێ گۆڕانکاری تێدا بکرێ دەبێ بیناسێ. ئەگەر بیشی ناسێ ناتوانێ خۆی لە مارکسیزم دوور بخاتەوە بە هیچ جۆر هەرچەندیش بە شێوەی ڕەخنەگرانە ڕووی تێ کا ناچارە مارکس بخوێنێتەوە. بەڵام ئەوەی کە لە مەیدانی سیاسی دا چۆن دەبێ ئەمن پێم وایە زۆرتر بەستراوەتەوە بەوەی کە مەسەلەی مێتۆد و تیوری کە پێشتر باسم کرد چۆن هەڵدەسووڕێ، بە نەزەری من ئەوە زۆر گرینگە چونکە سیاسەتێک کە لە سەر بنەمای هێندێک فۆرمووڵی لە پێشدا داندراو داندراوە و ئەتۆ بەردەوام دەتەوێ لە ڕاستیدا بڵێی کە من دەزانم  کۆمەڵ چییە چونکە مارکس گوتوویەتی لە کۆمەڵی سەرمایەداری دا دوو چین هەیە چینی کرێکار و چینی بورژوازی و ئەوانە بەرژەوەندی ناکۆکیان هەیە بۆیەش بێ ئەوەی خۆی لێ بپارێزدرێ شۆڕش دەقەومێ و ئەوە وەکوو چاوەڕوانی بۆ دەرکەوتنی مەهدی لێ دێ، چووزانم یان دەرکەوتنی مەسیحێکی دووەم. سیاسەت یان کۆمەڵ زۆر لەوە ئاڵۆزترە و پێشاوپێش شیاوی پێشبینی کردن نییە  کە ئێمە بتوانین بەڕێگای ئەو فۆرموولە گەورانەدا بابەتی سیاسی بەرینە پێش. بۆ وەش هەر کەس کە مارکسیستە بە بڕوای من مادام بییەوێ بە بێ هیچ جۆرە ڕوانینێکی ڕەخنەگرانە پێی وا بێ کە دەتوانێ چاو لە مارکسیزمی مارکس و ئێنگێلس و لێنین لە ١٨٦٠ و لە ١٩١٧ بکا و پێی وا بێ کە ئەو نووسراوانە و ئەو دەقانە لە ڕاستیدا دەتوانن ستڕاتێژی سیاسی وی دیاری بکەن لەوەی کە لە ئێرانی ساڵی ٢٠٢٠ دا دەبێ چ بکا بە دڵنیاییەوە بە هیچ کوێ ناگا. چونکە زۆر تەبیعییە کە ئەوانە وڵام نادەنەوە. لە حاڵی ئینتیزاعی دا بەڵێ هەموو جێگایەک سەرمایەداری یە. ئەوە خۆ ڕاستە ئەڵمانیش سەرمایەدارییە، ژاپۆنیش سەرمایەدارییە و چینیش سەرمایەدارییە، ئێرانیش سەرمایەدارییە بەڵام ئەوە هیچ بە ئێمە ناڵێ کە ئێمە دەبێ چ بکەین لە ئێران، یان لە چین، لە ژاپۆن، لە ئەڵمان. یانی لەو ئاستە لە ئینتیزاعە دا. لە دۆخی گشتی دا بەڵێ هاوبەشییەکان زۆرە و لەو ئاستەش دا تیوری مارکسیستی  لە ڕاستیدا مەوزووعییەتی هەیە و ناکرێ چاوی هەڵبوێردرێ بەڵام ستراتێژی سیاسی بە مەبەستی سازکردنی جووڵانەوەیەکی جەماوەری بۆ گۆڕانکاری قووڵ ناتوانێ لە ئاستی گشتی دابێ. لەو ڕووەوەیە کە کەسێکی وەکوو گڕامشی زۆر گرینگی پەیدا دەکا چون ئەو کەسێکە کە لەو ئاستە لە ئابستراکشن و ئینتیزاعیات ڕا دێتە مەیدانی ژیانی ڕۆژانەی ئەو کۆمەڵە و خەڵک و چینی کرێکاری کە بڕیارە ڕزگاربکرێ یان خۆی ڕزگار کا. گڕامشی نیشان دەدا کە چ زەرافەتگەلێک لەگۆڕێ دایە و وەکوو هونەری شەڕ چاو لە سیاسەت دەکا کە لە کوێ دەبێ هێز کۆ کەیەوە، کام شوێنی دوژمن بۆ زەربە لێدان شیاوە لەوێ هێرشی بکەیە سەری، لە کوێ دەبێ ئاژیتاسیۆن بکەی. ئەوانە ئەو جۆرە شتانەن کە بە بڕوای من یان سەرنجیان نەدراوەتێ یان ئەگەر باسیشی کراوە زۆرتر دوو پاتەکردنەوەی هەر ئەو شتانەیە کە مارکسیستە کلاسیکەکان گوتوویانە. بۆ وێنەی ئیدەی حیزبەکانی ئێران لە مەڕ حیزب ئێستاش هەر ئەو شتەیە کە کاتی خۆی لێنین گوتوویەتی. حیزبێک دروست بکەین کە ئەو حیزبە یان کرێکار دێن پێی پەیوەست دەبن یان ئەو حیزبە لە دەرەوە ڕا ئاگایی دەباتە ناو کرێکاران. لەحاڵێکدا هەر وەک باسمان کرد گڕامشی پێی وا بوو کە پێوەندیی ئەو دوانە بەیەکەوە دەبێ زۆر لەوە دیالێکتیکی تر بێ. یان مەسەلەی هێژێمۆنی کە باس کرا چون پێی وایە کە دەبێ  دژە فەرهەنگ لەلایەن چەپەکانەوە ساز بکرێ. و بە بڕوای من ئەگەر ئەوشتانە، ئەو دیاردانە، ئەو بەربەستانە سەرنجیان نەدرێتێ چەپ هەر وەک جاران دەمێنێ بەڵام ناتوانێ هێزێکی دیاریکەر بێ لە مەیدانی سیاسی دا. یان بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ بتوانێ شوێندانەر بێ و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بە ئاقارێک دا بەرێ کە بۆ خۆی دەیەوێ و بە ئەگەری زۆر چینی کرێکاریش دەیەوێ، خەڵکی فەقیر و هەژاریش دەیانەوێ بەڵام هەر ویستن خۆ شتەکە ناکا بە واقعییەت.
خاکی: زۆر سپاس کاک دوکتور کامڕان مەتین! ئەمن ئیدی پرسیارێکم نییە وەکوو هەمیشە سوود وەردەگرین لە قسەکانت و لە لێکدانەوەکانت. ئەگەر شتێک ماوە کە پێت خۆش بێ باسی کەی فەرموو لە خزمەت داین.

مەتین: نا قسەیەکی تایبەتیم نییە زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئەو دەرفەتە پێک هات گڕامشی هێندێک بە بینەرانی کورد بناسرێ. نازانم هەڵبەت شایەد دەقی کوردی لە سەر گڕامشی هەبێ ئەمن بەش بە حاڵی خۆم نەمدیتووە بەڵام پێم وایە جێی خۆیەتی کە نووسراوەکانی گڕامشیش وەربگێردرێنە سەر کوردی و خەڵکێکی زۆرتر بتوانن کەلکی لێ وەربگرن.

خاکی: زۆر سپاس ، بینەران و بیسەرانی خۆشەویست بەم جۆرە هاتینە کۆتایی ئەم بەرنامەیەش وەکوو هەموو جارێ  پێویستە بڵێین سپاسی هاوکارانمان دەکەین. کاک دوکتور هیوادارین بتوانین بەین بەین بگەینەوە خزمەتت لە ئەزموون و لێکدانەوە باشەکانت کەلک وەربگرین. سپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە.

مەتین: سپاس بۆ ئێوەش.

خاکی: تا چاوپێکەوتنێکی تر هەر بمێنن بە خێرو خۆشی.

 

دابەزاندن و بژاری زمانەوانی: حەسەن قازی

وێبنووسی ڕوانگە





 

No comments: