Friday, February 6, 2015

هاوپرسەکی لەگەڵ فەرهاد جەهانمیهەن، خوێندکاری دوکتورا و وانەبێژ لە ئەنیستیتووی زانستی منداڵان و جەوانان لە زانکۆی ستۆکهۆڵم!



حەسەن قازی
قازی: بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی " ڕاوێژ". لە " ڕاوێژ"ی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە ڕێزدار فەرهاد جەهانمیهەن کە ئەمن شانازی ئەوەم هەیە لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوو دا بۆ جاری چوارم بەرنامەی لەگەڵ بکەم.دیارە ڕەنگە ئێوە ئاشنا بن بە هێندێک لە کارەکانی ڕێزدار فەرهاد جەهانمیهەن، ئەو ئێستا خوێندکاری دوکتورایە لە زانکۆی ستۆکهۆڵم  و هەر وەها وانەبێژە لە بواری زانستی منداڵان و جەوانان لەو زانکۆیە دا. هەتاکوو ئێستا چەند کتێبی نووسیوە لە پێوەندی لەگەڵ کەمتوانایان. زۆر بەخێرهاتنی دەکەین. زۆر بەخێر بێی کاک فەرهاد.
جەهانمیهەن: سپاس
قازی: دیارە ئەمشەو پێمانخۆشە هێندێک بە گشتی باسی ئەو ئاڵوگٶرانەی بکەین کە لە  نێوان یەکەم بەرنامە دا تائێستا روویان داوە. ڕەنگە بکرێ دواترهێندێک دیمەنی بەرنامەکان  لە مۆنیتۆرەکاندا ببینین. بەڵام پێم خۆش بوو بە کورتی باسی ئەوە بکەی کە ئێستا دوکتوراکەت لە سەر چ بابەتێک دەکەی؟
جەهانمیهەن: ئەمن ئێستا خەریکی نووسینی  دوکتوراکەمم لە سەر مەسەلەی ئەو منداڵانەی کە بە تەنیا دێنە سوێدێ، زۆربەی ئەو منداڵانە منداڵی کورد و ئەفغانین، بە حوکمی ئەوەی کە لە باری زمانییەوە لێک نزیکین  من تێزی دوکتوراکەم لە سەر ئەو منداڵانە دەبێ کە بە تەنیا  هاتوون یا دێنە سوێد و کێشە و گیروگرفتی ئەو منداڵانە لە کۆمەڵگای سوێد دا چییە؟
قازی: مەبەستت لەو منداڵانەیە  کە لە سوێد لە دایک دەبن یان دێنە سوێد؟
جەهانمیهەن: نەخێر، منداڵی پەنابەرن کە بە تەنیا لە ووڵاتەکانی خۆیان ڕا دێن بۆ سوێد ، بە تەنیانە،هەمووی چاردە، پازدە ساڵیان عومرە زۆربەی ئەو منداڵانە!

قازی: باشە، ئێستا لە سەر کتێبەکانت! ئەوە یەکێک لەو کتێبانەیە کە تەرجومەت کردووە – ئەگەر هاوکاری کامێرامەن بتوانێ نیشانی بدا- ؛ " پەیماننامەی نێونەتەوەیی کەمتوانایان" وەرگێڕانێکە لە سوێدی و ئینگلیسی ڕا لەگەڵ بەڕێز غازی عەلی خورشید کردووتانە. بێجگە لەوە وابزانم چەند کتێبێکیشت بە زمانی سوێدی بڵاو کردووەتەوە دەکرێ ئەوانەش بناسێنی؟
جەهانمیهەن: بەڵێ، چەند کتێبم هەیە. یەکەم کتێبم ساڵی ٢٠٠٧ نووسیوە. ئەو کتێبە زۆرتر دەتوانین بڵێین  چاوپێکەوتنە دەگەڵ ئەو بنەماڵە کوردانە  کە لە سوێدن و منداڵی کەمتوانایان هەیە.١٧ دانە چاوپێکەوتنم دەگەڵ ئەو بنەماڵانە کردۆ و ئەو بنەماڵانە باسی کێشەی خۆیان لە ووڵاتی سوێد دەکەن. ئەوە کتێبێکە. کتێبێکی دیکەش هەیە ئەمن دەوێدا بەشێکیم نووسیوە. کتێبێکە وەختی خۆی یەکێک لەو ڕێبەرە بەنێوبانگانەی " تێبێت"؛ دالای لاما هاتبووە سوێد، ئەو دەمی من لە زانکۆی سوێدرتۆن کارم دەکرد.....

قازی : سوێدرتۆن یش هەر زانکۆیەکە لە ستۆکهۆڵم.
جەهانمیهەن: زانکۆیەکە لە ستۆکهۆڵم بەڵێ، لەوێ کارم دەکرد کە ئەو هات قسەی بۆ خەڵک کرد ، قسەی بۆ مامۆستاکان کرد، قسەی بۆ تەلەبەکان کرد، بۆ قوتابێکان ئێمە لە سەر ئەوە ڕێک کەوتین کتێبێک بنووسین  لە سەر مەسەلەی ئاشتی هەرکەس بەشێکی بنووسێ. دوازدە دانە مەقالە یان ووتارە، منیش یەکێک لەو ووتارانەم نووسیوە لە سەر مەسەلەی ئاشتی و ئاشتی خوازی. ئەو کتێبە چاپ بوو. کتێبێکی دیکەشمان هەیە، ئێستا لە زانکۆ بەکاری دێنن ئەڵبەتە ئەو کتێبە کتێبێکی پەروەردەیی یە . ئەمن دەوێدا باسی پەروەردەی تایبەت دەکەم . کێشەی پەروەردەی تایبەت و مەسەلەی کورد و ...

قازی: دواتر باسی مەسەلەی پەروەردەی تایبەتی دەکەین. ئێستا فەرموو بەردەوام بە
.
جەهانمیهەن: ئەو کتێبەش چاپ بووە. ئێستاش ڕەنگە ئەمساڵ لە دوو مانگی دی ، لە مانگی مارس دا کتێبێکی دیکە چاپ بێ، ئەوەش بریتی یە لە قوتابخانە و تێکەڵاوی، کە چۆن منداڵانی پەنابەر لە مەکتەبەکانی سوێد دا بتوانن بە شێوەیەکی تێکەڵاو دەرس بخوێنن.
قازی: باشە، ئێستا بێینە سەر چەمکی " کەمتوانا" ئەگەر لە بیرت بێ  لە یەکەم بەرنامە دا کە لە ساڵی ٢٠٠٢ بەیەکەوە کردمان هەتاکوو ئێستا لە ئەدەببیاتی نووسراوی کوردی دا  ووشەیەک یان چەمکێک کە بتوانێ بە تەواوی ئەو دیتن و ئەو ڕوانینە پێشکەوتووانە لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ئینسانانەی با بڵێین ئەندامێکی  لەشیان سستە یا توانایی تەواویان نییە بەڵام ئەگەر یارمەتییان بدرێ یان بۆخۆیان یارمەتی خۆیان بدەن ئەو تواناییە بە دەست دێنن،  ووشەیەکی هاوتای تەواومان نییە. لە زمانی ئینگلیسی و چەند زمانی دی دا بەشێوەی ترادیسیۆنێل هەندی کەپ هەبووە یانی کەسێکی کە دەستی دە کڵاو دا بێ یان کڵاوی بە دەستەوە بێ، جەنابت  ئەو بابەتەت شی کردووەتەوە. ئێستا دە ئینگلیسی دا ووشەی دیسئەیبڵد ڕۆنیشتووە. پاشان لە کوردیش دا وەکوو ئەتۆ بۆخۆت زۆر جار باست کردووە، لە پڕۆگرامەکانی پێشووتر دا و لە تێلێڤیزۆنی دیکەش دا ئەمن دیتوومە کە قسەت کردووە، لەگەڵ ئەوە نی کە ووشەی " کەم ئەندام"  کە ئێستا هێندێک لایەن و بە گشتی لە ئەدەبییاتی کوردیش دا بەکار دەبردرێ بەکار بێ.لە جیاتی ئەوە پێشنیاری " کەمتوانا" وەک لە سەر بەرگی ئەم کتێبەش دەبینین دەکەی. دەکرێ ڕوونی بکەیەوە کە بۆچی بەکار هێنانی" کەم ئەندام"ی هەڵەیە لەو پێوەندییە دا ؟
جەهانمیهەن: دیارە ئەو ووشەیە لە باشوور یان نازانم لە کوێ داتاشراوە. ووشەی کەم ئەندام کەسانێک دەگرێتەوە کە بەشێکی لەشیان نەبێ، کەمییەک دە بەدەن دا هەبێ. بەڵام هێندێک کەمتوانایی هەن پێویست نییە ئەو کەمی یە بێ. بۆ  وێنە منداڵێک  کە " ئاوتیسم" ی هەیە وەکوو لەش وەکوو بەدەن ...



قازی: یانی ئەندامەکانی لەشی تەواوە
جەهانمیهەن: هەموو شتێکی تەواو ە ، بەڵام موشکیلەیەکی سۆسیالی، کۆمەڵایەتی هەیە یان ئەو کەسانەی کە ئاسمایان هەیە یان ئالێرژی یان هەیە. ئەوانە هیچ کەم ئەندامێکیان نییە وەکوو کەم ئەندامی . چونکە ئەتۆ دەتوانی بڵێی دوو شێوە کەمتوانایی هەیە . کەمتواناییەک هەیە کە دەبیندرێ ، کەسێک کە لە سەر چەرخێکە ئەتۆ دەتوانی بیبینی کە ئەوە کەم ئەندامە یان کەسێک کە دەستی نییە یان لاقی نییە. ئەوە شێوەیەکە کە دەبیندرێ. بەڵام شێوەی دیکەی کەمتوانایی هەن  کە نابیندرێن. بە بینین ئەتۆ ناتوانی بیبینی کە  ئەوانە کەمتوانان، هەتا ئەوەی کە بۆخۆی باسی نەکا. بۆ وێنە کەسێک کە ئالێرژی هەیە یان کەسێک کە ئاسمای هەیە، یان باداری هەیە. ئەوانە شتهایەک نین کە ببیندرێن. جا بۆیە ووشەی " کەم ئەندام" کە لە باشوور زۆری بەکار دەهێنن کە ئێستا سەقەتتریشیان کردووە شتێکی دیکە بەکار دەهێنن...

قازی: ئەو چییە؟
جەهانمیهەن: ئێستا ئەوان لە جیات کەم ئەندام دەڵێن خاوەن پێداویستی تایبەت.
قازی: " خاوەن پێداویستی تایبەت" وا بزانم موستەلەحەیەکی سوێدی یە  بۆ منداڵانە زیاتر وا نییە؟
جەهانمیهەن: چەمکی " خاوەن پێداویستی تایبەت" چەمکێکە  یونێسکۆ بەکاری هێناوە، لە ئینگلیسیش دا دەڵێن
" سپێشییاڵ نیدز" . ئەو چەمکی " خاوەن پێداویستی تایبەت" کاتێک بە کار دەبردرێ کە پێوەندی بە مەکتەب و قوتابخانەوە هەیە. ئەو منداڵانەی کە کێشەی فێر بوونیان هەیە...

قازی: پێویستییان هەیە کە بە شێوەیەکی تایبەتی یارمەتی بدرێن .
جەهانمیهەن: بەڵێ، لە سەر مەسەلەی قوتابخانەیە، مەکتەبە ، لە سەر خوێندن و فێر بوونە نەک ئەو جۆرەی کە لە باشوور بەکاری دەهێنن.

قازی: دیارە کەم ئەندام لە ئەدەبییاتی بۆ نموونە لە مەڕ ئەو گریلا و پێشمەرگانەش کە لە شەڕ دا بریندار دەبن، لە پێوەندی لەگەڵ ئەوانیشدا کەم ئەندام بەکار دەهێندرێ. مەبەستم ئەوەیە ئەوە تایبەتی باشوور نییە .
جەهانمیهەن: نەخێر، بەڵام  ئەوەی باشە لە باشوور بۆ ئەو کەسانەی کە لە شەڕ دا کەم ئەندام دەبن، کەمتوانا دەبن پێیان دەڵێن : " شەهیدی زیندوو " تا ڕادەیەک ئەوە باشترە . دیارە ئەو " شەهیدی زیندوو" ش لە ئێران شتێکی وا بە کار دەهێنن دەڵێن: " جانباز" . ڕەنگە لەوە وەرگیرا بێ، ئەوەندەی کە من لێی تێدەگەم. بەڵام، ئێمە پێمان وایە ووشەی " کەمتوانا " کە دەڵێم ئێمە یانی منیش و  کاک غازی، کە دیارە زۆربەی ئەو کارە کاک غازی تەرجەمەی کردووە.

قازی: ئەم کتێبەت مەبەستە!

جەهانمیهەن: بەڵێ بەشی پەیماننامەکە بە تایبەتی کاک غازی کردوویەتی، بەڵام بەڵگە نامەیەک هەیە لەو کتێبە دا کە من وەرمگێڕاوە لەو کتێبەی دا. ئەو کتێبە دوو بەشە. من و کاک غازی لە سەر ئەوە رێک کەوتین کە بۆ  ئەوەی بتوانین ووشەیەکی، چەمکێکی باش ببینینەوە پێمان وایە  دیسئەیبڵد بە تەواوی دەبێتە کەمتوانا.
قازی: باشە، بەڵام لێرە دا ڕەخنەیەک هەیە کە دیارە ئەویش ڕووی لە خۆتە. ئەویش ئەوەیە جەنابت لە سوێدی ماڵپەڕێک بەڕێوە دەبەی  کە لەو ماڵپەڕە دا لە سەرەوەی دا دیسان نووسراوە " کەم ئەندام" بۆ وایە؟
جەهانمیهەن: لە بەر ئەوەی ئەو وەختەی کە ئێمە ئەو ماڵپەڕەمان دانا،ئەتۆ بۆخۆت ئاگادار بوو ١٩٩٢، ٩٣ ئەو ماڵپەڕەمان دانا،چەندین ساڵە ئەو دەمی ئەو چەمکە مۆد بوو بەڵام دەبێ بیگۆڕین. دەبێ حەول بدەم لە ڕێگای  ئەو کەسانەی کە کاری وێبەکەمان بۆ دەکەن دەتوانین بەوان بڵێین بیگۆڕین. بەڵام چەمکێکە، هەر ئەو دەمیش پێم وا بوو و ئێستا کە لە باشوور بەکار دەبردرێ غەڵەتە,  دروست نییە.
قازی: ئێستا پێشنیار دەکەی  کە کەمتوانا جێگای ئەوانە بگرێتەوە .
جەهانمیهەن:  ئەمن پێم وایە کەمتوانا دروستترین چەمکە بۆ  ئێستا .
قازی: ئێستا بێینە سەر بار و دۆخی کەمتوانایان. تا ئەو جێگایەی دەزانین لەبەر ئەوەی کوردستان ووڵاتێکی دابەش کراوە ، لە بەر ئەوە زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی  ڕەنگە نکووڵی لێ کرا بێ، ڕەنگە نەدیترابێ، ڕەنگە نەبیندرێ یەک لەوانە ش وەزعی کەمتوانایانە لە هەموو بەشەکانی کوردستان .  بەڵام، ئەوەندەی کە جەنابت ئاگاداربی چونکوو بە شێوەیەک  پسپۆڕایەتییت هەیە لەو بارەیەوە، لەو زەمینەیە دا کار دەکەی، بار و دۆخی کەمتوانایانی کورد ئەگەر لە پێشدا لە ئوڕووپا ڕا دەست پێ بکەین، لە ئوڕووپا چۆنە و بە تایبەتی لە ووڵاتی خۆت کە لێی دێی  سوێد. لە سوێدێ ڕا دەست پێ بکەین بە کورتی  باسی جێگای دیکەیش بکەین.

جەهانمیهەن:  بار و دۆخی کەمتوانایانی  کورد، ئەگەر باسی کورد بە عام بکەین  لە سوێد دیارە ڕێکخراوەیان هەیە، چەند ڕێکخراوەیەک هەیە، بەڵام دەتوانین  بڵێین تەنیا ڕێکخراوەیەکن لە سەر کاغەزن  هیچ چالاکییان نییە. جگە لە  ڕێکخراوەی نابینایەکان، ئەوان زۆر چالاکن هۆکاری خۆشی هەیە ئەوان ڕێکخراوی گەورەی سوێدی یارمەتییان دەدا و ڕێکخراوەیەکی  گەورەیە و کاریش دەکەن . وەکوو دی وەک ڕێکخراوە کار ناکەن بەڵام وەک تاکە کەس هەن چالاکن.   بۆ وێنە ئەمن بۆخۆم  یەکێک لەو کەسانەم  من زۆرتر وەک تاکەکەس کارم کردووە تا وەکوو ڕێکخراوە، بەڵام ، بار و وەزعەکە دەتوانین بڵێین دوو بەشە. بەشێکیان ئەوەیە خەڵکەکە یارمەتییەکی زۆر باش وەردەگرن  ئەوانەی کە لەوێن هەموو یارمەتێکیان دەدەن،ئەوەی پێویستییان پێی بێ دەیاندەنێ.
قازی: مەبەستت ئەوەیە لە لایەن ئیدارەی سۆسیال و  کاربەدەستانەوە
جەهانمیهەن: لە لایەن خودی حکوومەتی سوێدەوە ، ووڵاتی سوێد یارمەتی زۆریان دەدەن بە تایبەتی  ئەوانەی کە منداڵی کەمتوانایان هەیە. ئەوان یارمەتی زۆر باشیان دەدرێتێ. زۆر دایکوباب کارەکەیان بووەتە ئەوەی کە ئاگایان لە منداڵەکەی خۆیان بێ!
قازی: یانی بۆ ئەوەی  کە ئاگایان لە منداڵەکانی خۆیان بێ  کۆمەڵ بە ڕێگای ئیدارە دەوڵەتییەکان ڕا  یارمەتییان دەکا.

جەهانمیهەن: بەڵێ، بەڵێ! وەکوو  کار، وەکوو کارێکی ڕۆژانەی کە دەیکەی ئەوان کار بۆ منداڵەکانیان دەکەن. هەر یارمەتییەکی دیش کە پێویست بێ  ئەوەی کە پێی دەڵێن کەرەسە ، ئەو کەرەسانەیان دەدەنێ.بۆ  وێنە زۆر بنەماڵە  دەڵێن دەیانەوێ ماشێن بکڕن بۆ منداڵەکانیان. ئەو ماشێنە دەوڵەتی سوێد بۆیان دەکڕێ  بۆ یارمەتی منداڵەکانیان یان کەسێک کە  کەمتوانا بێ ماشێنی بۆ دەکڕن بۆ  ئەوەی پێی بڕواتە کار و بێتەوە .  لە باری ڕەفاهییەتی کۆمەڵایەتییەوە
قازی: ئاپارتومانێکی کە تێیدا دەژین  حەول دەدەن کە بیگونجێنن..

جەهانمیهەن: بیگونجێنن . عادەتەن دەبێ ئەو ئاپارتومانەی ئەو کەسانەی  تێدا دەژین گونجاو بێ. ئەوە شتێکی زۆر ئاساییشە. ئەو یارمەتییانە هەیە، خەڵک بە کاریشیان دێنێ ،خەڵک  وەریشی دەگرێ بەڵام، دیارە وەکوو هەموو شتێکی دیکە ش هێندێک خەڵکیش هەیە  بە خراپ بەکاری دەهێنێ . ئەوەش هەیە ئەوەش بەشێکە  کە دیارە ئەمن پێم وایە ئەوە زەرەدی زۆرترە هەتا قازانجی.
قازی: باشە ، یانی ئەوەی کە پێوەندی هەیە بەو دەستەیە لە کوردان کە نابینان  چالاکییەکانیان چن دەکرێ هێندێک شی بکەیەوە؟
جەهانمیهەن: بۆ وێنە یەک لە نموونەی چالاکییەکانیان ئەوەیە کە سێمیناری خۆیان دەگرن ، هێندێک کوورس و دەورەی تایبەتییان هەیە. دەورەیان هەیە بۆ  ئەوەی فێری خەتی بریل بن. ئەو جۆرە کارانە دەکەن دەچنە سەفەر  ئەو چالاکییەیانەی لە مەڕ خۆیان کە پێویست بێ دەیکەن.ئەوان ئەو چالاکییانەیان هەیە، بەڵام لە ڕێکخراوە کوردییەکانی دیکە بەڕاستی من هیچ چالاکیم نەبینیوە لەو ڕێکخراوەانە. دیارە دەتوانین بڵێین  ڕێکخراوە هەن حیزبیشن حیزبەکان دایان ناوە  ئی حیزبێکی سیاسی کوردستانە، ئەوانیش هەن بەڵام ئەوان چ دەکەن ئەمن نازانم بە ڕاستی.
قازی: باشە،  ئێستا لەو مۆنیتۆرانە دا کە دیمەنی خۆت دەبینی دیارە زۆر پیر نەبووی، ئەمنیش هەر وەتر. باشە  لە پێوەندی لە گەڵ خەتی بریل دا کە باست کرد چونکوو  ئەمن نموونەیەک دەزانم، ئەمن پێشمەرگەیەکی نابینام دەناسی  لە سوێد کە لە سەرەتاوە تەمایولی زۆر نەبوو  لە کورس دا بەشداری بکا بۆ فێر بوونی ئەو خەتە  بەڵام دوایە کە ئەو خەتە فێر بوو  وا بوو کە ڕۆمانیان بە کوردی بۆ دەنارد  و دەیتوانی کەلکی لێ وەربگرێ.تا ئەو جێگای کە ئەتۆ ئاگادار بی لەو زەمینانە دا کەرەستە چەندە هەیە؟
جەهانمیهەن: کەرەستە زۆرە. بۆ وێنە  ئەتۆ ئەگەر کەسێکی  نابینا بی  لە زانکۆ بخوێنی هەموو  کتێبەکانت بە دەنگ بۆ دێنن. ئەوە کارێکە حکوومەت دەبێ بیکا ، هەموو ئەو کتێبە دەرسییانەی کە پێویستە بە دەنگە.  کامپیوتێرێکی تایبەتیت دەدەنێ " سین تێکست " ی لە سەرە  کە تۆ کە دات نا بۆت دەخوێنێتەوە.جگە لەوەی کە تۆ دەتوانی فێری ئەو زمانە بی  یارمەتیت دەدەن. بۆ وێنە گۆچان دەدەن. گۆچانی سپی کە زۆر مەشهوورە ...

قازی: بۆ ئەوەی بتوانن ڕێگا ببیننەوە.

جەهانمیهەن: بەڵێ. بەڵام دیارە هێندێک خەڵک ئەو گۆچانە بە کار ناهێنێ ، بە هەر هۆکارێک بێ. هۆکارێکی  کولتوورییە زیاتر ئەمن پێ پێم  وایە پێیان عەیبە ئەو گۆچانە بەکار بهێنن چونکە  ئەتۆ کە ئەو گۆچانە بەدەستەوە دەگری نیشانیش دەدەی کە کەمتواناییەکت هەیە  جا بۆیە زۆر کەس ئەو گۆچانە بەدەستەوە ناگرێ بۆ ئەوەی نایهەوێ نیشان بدا کە کەمتوانایە.ئەوانەش هەبووە. بەڵێ خەڵک هەبووە لە سوێد من زەنگم بۆ لێداوە  بە منیان گوتووە ئەو نەفەرە هەیە ، زەنگم بۆ لێداوە. منداڵی هەبووە  کە منداڵەکەی پێویستی بە یارمەتی هەبووە گوتوویە  نەخێر کەسێکی وا لەو ماڵە ناژی کە واش نەبووە.  و بۆ وێنە هەبووە خەڵک پازدە بیست ساڵە من پێوەندییم لەگەڵیان هەیە، زۆر درەنگ من زانیم کە منداڵێکیان هەیە کەمتوانایە چون من قەت ئەو منداڵەم نەدیبوو . ئەوەش هەیە. جا ئەوە لە بەر لایەنی کولتووری یان دینی یان ترادیسیۆنە  ئەوانە هەموو دەگرێتەوە بەڵام،لە بواری یارمەتییەوە دەتوانین بڵێین سوێد یەکێک لەو  ووڵاتانەیە کە بە ڕاستی لە ئەوجی خۆی دایە  بۆ یارمەتی دان بە خەڵک.

قازی: باشە، بێجگەلە لە ووڵاتی سوێد لە ووڵاتەکانی دیکەی سکاندیناڤیش  دەکرێ بڵێین نموونەی وا هەیە؟





جەهانمیهەن: کاک حەسەن بە عام دەکرێ بڵێین ، بە عام لە ئوڕووپا  مەسەلەی کەسانی کەمتوانا جێ بەجێ کراوە. بۆیەش جێ بەجێ کراوە چونکە هەموو شت بە یاسا گۆنجێندراوە. ئەو یاسایەش بۆ هەموو خەڵک وەک یەکە تۆ پەنابەر بی یان نەبی فەرقێکی زۆر سەیر ناکا چونکە شتەکە بە یاسایی کراوە. چونکە شتەکە بە یاسا گۆنجێندراوە  مافە. کە شتەکە بوو بە ماف  یانی جێ بە جێ بووە ئیدی جا بۆیە ئەمن پێم وایە لە زۆربەی  ووڵاتانی ئوڕووپایە ، ڕەنگە ووڵاتی ئینگلیستان  لە ڕووی هێندێک یاساوە لە ووڵاتانی سکاندیناڤی بەهێزتر بێ. بۆ وێنە یاسای هەلئاواردن یان هەیە . یاسای ئینگلیستان زۆر بەهێزترە هەتا ووڵاتی سوێد . بۆ وێنە ئەگەر ئەتۆ بچییە شوێنێکی ئەگەر بۆ کەسێکی کەمتوانا گونجاو نەبێ  دەبێ ئەتۆ بۆخۆت نیشان بدەی کە بۆچی گونجاو نییە  دەبێ ئیسپاتی کەی کە یاسایەکی ئاوا هەتا ئێستا  لە سوێدێ نییە بەڵام بەڕێوەیە بە حوکمی ئەوەی کە ووڵاتێکی  ئوڕووپایە .



قازی:  لە ئینگلیستانی هەیە؟
جەهانمیهەن: بەڵێ هەیە ، لە ئینگلیستان هێندێک  یاسا هەیە.ئینگلیستانیش لە ئەمریکای وەرگرتووە.
قازی: باشە، لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکان دا ئەو ڕێکخراوە کوردییانەی کە لە سوێد هەن چ ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، چ ڕێکخراوە سیاسییەکان  ئەوانە چەندە سەرنج دەدەنە سەر بار و دۆخی کەمتوانایان؟
جەهانمیهەن: هیچ نادەن. هیچ شتێک نییە. بە پێچەوانە زۆربەی کارەکانی کە دەیکەن... یانی ئەوەش هۆی خۆی هەیە کاک حەسەن. یەکەم ئەوەی کە ئینترێست نییە. هیچ جۆرە ئینترێستێک نییە لە لایەن ئەو خەڵکەوە  یان لە لایەن ئەو ڕێکخراوانەوە لە لایەن ئەو حیزبە سیاسییەوانەوە کە بەلانی کەمەوە لە شوێنێک  کۆبوونەوە بکەن کە گونجاو بێ. هەر چۆنێک بێ ئەو حیزبانە ئەتۆ بتەوێ و نەتەوێ دێمۆکڕات و کۆمەڵە و یەکێتی و پارتیشوو  پەکەکە و هەر کامێکیان بە ئەندازەی خۆیان کەسی کەمتوانایان هەیە کە لە سەر چەرخن، کە نابینان ، کە چن . زیاد لە هەموو ئەو شوێنانە  بەرنامەکانیان لە شوێنی ئاوا دەکەن  کە دەبێ بە لانی کەمەوە لە پازدە بیست پلیکان وەسەر کەوی و  یان ئەوەی کە شوێنەکە ئاسانسۆری تێدا نییە.ئەڵبەتە ئەتۆ ناتوانی هیچ ڕەخنەیەکی ئاوایان لێ بگری.چونکە یەکەم ئەوەی کە نازانن دووەمیش ئەوەی کە هیچ جۆرە ئینترێستێکیان نییە بۆ ئەوەی کە وەدووی کارەکە کەون. جا بۆیە من زۆربەی شوێنەکان کە دەچم  دەزانم وەزعییەتەکە چۆنە. شوێنی سەیر دەگرن. هیچ ئاگادار نین  لە سەر وەزع و حاڵی کەمتوانایان . تەنانەت ئەندامی خۆشیان بن لێیان ئاگادار نین. ڕەنگە ئەگەر باسی باشووری کوردستان بکەین  ڕەنگە یەکێتی و پارتی پارە بدەن بە ئەندامانی خۆیان  ئەوانەی کە دە شەڕ دا کەمتوانا بوون  لەوانەیە یارمەتییان بکا دەنا  بڵێی بۆ باری دیکە  هیچ شتی دیکە نییە.

قازی: باشە دواتر دەگەینە وێ ئێستا جارێ با هەر لە ئوڕووپا  بمێنینەوە بێجگە لە سکاندیناڤی، یانی بێجگەلە سوێد و فەنلاند و دانمارک و نۆڕوێژ لە جێگای دیکە لە ئوڕووپا چۆنە تا ئەو جێگایەی کە ئەتۆ بزانی ؟
جەهانمیهەن: تایبەتی ئەو ووڵاتانەی کە لە بازاڕی هاوبەشی ئوڕووپا دان ئەوەی کە پێی دەڵێن یەکێتیی ئوڕووپا  بە حوکمی ئەوەی کە یاسایەکی بازاڕی ئوڕووپایی هەیە لە سەر مەسەلەی هەڵنەئاواردنی کەمتوانایان ئەو ووڵاتانە دەبێ  کۆمەڵگای خۆیان بگونجێنن. چونکە ئەوە بەشێکە لە یاسا، بەشێکە لە ماف دەبێ بیکەن. جا بەعزە ووڵاتێک  فەقیرن وەکوو ڕۆمانی و ئەو ووڵاتە فەقیرانە کە تا ئێستا ...

قازی:  ئەمن لێرە دا   مەبەستم یاسای ووڵاتەکان نییە ، ئەمن مەبەستم کۆمەڵگەی کوردی بوو کە لەو ووڵاتانە دا هەن. لەو پێوەندییانە دا چ ڕێکخراوەیەکیان هەیە یان نا؟
جەهانمیهەن: نا ڕێکخراوە نییە ، ڕەنگە ئەمن نەزانم. دەزانم  لە ئەڵمان هەیە  ڕێکخراوەیەک هەیە وەک بزانم لە برادەرانی پ. ک.  ک. نزیکن. ئەوان ئەندامیان زۆرە کار دەکەن لە ئەڵمان ئەوەی کە من بیستوومە. خەڵکیان زۆرە لە ئەڵمان ، ئەوان دیارە گریلا و پێشمەرگە بوون. کەمتوانای پێشمەرگەن .  وەک بزانم ڕێکخراوەیەکی باشیشیان هەیە و چالاکیشن  لە ئەڵمانێ. بەڵام لە سوێدێ  هەر ئەو چەند ڕێکخراوەیە هەیە کە باسم کرد، لە ووڵاتانی دی من ئاگادار نیم ڕێکخراوە هەبێ تایبەتی بێ بۆ کورد و بۆ کوردانی کەمتوانا.
قازی: باشە، لە پێوەندی لەگەڵ ناوخۆی ووڵات چی. یانی دەزانم کە جەنابت وەکوو ئاکادێمیسیەنێک چەند جارێک سەفەرت کردووە بۆ باشووری کوردستان لە ماوەی دە دوازدە ساڵی ڕابردوو دا. بەڵام پێش ئەوەی باسی باشووری کوردستان بکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتوانایانی کورد هیچ ئیمکاناتیان هەیە؟ یانی توانیویانە  خۆیان ڕێک خەن؟ توانیویانە داوخوازییەکانیان بهێننە گۆڕێ؟
جەهانمیهەن: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەزع باشترە. بە هۆی ئەوەی کە من پێوەندییم هەیە دەزانم لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوەی کەمتوانایان هەیە ئەوەی کە من ئاگاداریشم ئەوە بۆ چەند ساڵ دەبێ  ڕێکخراوەی کەمتوانایانی مەهاباد وەکوو یەکەمین ڕێکخراوەی چالاکی کەمتوانایانی هەموو ئێرانە.. ئەوە بۆ چوار پێنج ساڵە ئەمن لەوێشرا میوانم هاتە سوێدێ لە ڕێکخراوەی کەمتوانایانی مەهاباد ڕا. کاریان زۆرە، چالاکییان زۆرە، هەتا هێندێک قوتابخانەی تایبەتییان کردووەتەوە، شوێنی مانەوەیان کردووەتەوە بۆ منداڵان چالاکن. دەزانم لە مەهاباد ڕێکخراوەی نابینایان هەیە ، ڕێکخراوەی کەڕ و ڵاڵان هەیە کە چالاکی دەکەن. بەڵام ئەوەی کە من زۆرتر پێوەندییم لەگەڵیان بووە هەر ڕێکخراوەی کەمتوانایانە. هێندێک کەسانی کە لە من نزیکن پێوەندییم ئێستاش لە گەڵیان هەیە . دەزانم لە بۆکان عەینی شت. لە بۆکان ڕێکخراوەیەکی گەورەی کەمتوانایان هەیە ، گۆڤارێک بە کوردی و بە فارسی دەردەدەن لە بۆکان. لە بانە هەیە ، دیارە ئەوان دەیانەوێ خۆیان بگونجێنن . چونکە لە ئێرانیش ئەو موشکیلەیە هەیە  کەمتوانامان هەیە و جانبازمان هەیە ..
قازی: جانباز ئەوانەن کە لە شەڕ دا بریندار بوون..
جەهانمیهەن: بەڵێ، عەینی ئەو تەشبیهاتەی کە لە باشوور هەیە لە لایەکی دەڵێین: " شەهیدی زیندوو"، بە کەسانی دیکەش دەڵێین " کەمتوانا"، بەڵام لەوێ فەرق و جیاوازییەکان زۆرن، لە باشووریش عەینی شتە، ئەو کەسانەی کە دە شەڕ دا کەمتوانا بوون مەعاشێکی چاکتریان دەدەنێ، پارەیەکی چاکتریان دەدەنێ، زۆرتر پێیان ڕادەگەن لەوانەی کە ، ئەو کەسانەی کە لە منداڵییەوە و بە زگماکی کەمتوانا بوون. ئەوە هەیە، ئەوەی کە من ئاگادار بم لە ئێران ئەو کێشانە زۆرە. بۆ وێنە لەگەڵ برادەران کە ئەمن جار جارە قسەم دەکرد خەڵک هەیە لە مەهاباد بۆ وێنە بیست ساڵە نەیتوانیوە بێتە دەرەوەی ماڵی خۆی چون چەرخی نییە، مەبەستم وێلچێر و ئەو شتانەیە. ئەو کێشانە هەیە. بە ڕاستی بە کەمتوانایانی کورد زۆر ڕاناگەن لە ئێران لە ڕۆژهەڵات دا. کێشەیان زۆرە، هەم کێشەی ماڵی و ئابوورییان هەیە و هەم کێشەی دی.
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ باکوور ڕەنگە زۆر ئاگاداریت نەبێ؟
جەهانمیهەن: ئەمن ئاگادار نیم بە داخەوە، هیچ ئاگادارییەکم نییە.
قازی: بەڵام لە جێی خۆی دایە حەول بدەی لەو بارەیەشەوە ئاگادار ببی.
جەهانمیهەن: بەڵێ، ڕاستە.

قازی : لە پێوەندی لەگەڵ باشوور دا ئەگەر دەکرێ بە کورتی باسی هێندێک لە سەفەرەکانت بکەی. یانی ئەو سەفەرانەت  پێوەندیی ڕاستەوڕاستی هەبووە لەگەڵ مەسەلەی کەمتوانایان  یان پەروەردەی تایبەتی بۆ ئەوان یا  چۆن؟

جەهانمیهەن:سەفەرەکانی من بۆ باشوور پێوەندییان بە مەسەلەی کەمتوانایانەوە نەبووە. بەڵام، عادەتەن سمینارم بۆ کردوون کە لەوێ بووم سمینارم هەبووە لەگەڵیان، سمینارم بۆ ساز کردوون. بەڵام، کێشەی باشوور ئەوەیە، ئەمن هەموو جارێش دەڵێم کێشەی باشوور کێشەیەکی تێکنیکی یە. ئەمن پێم وایە کێشەی تێکنیکی یان هەیە چونکە ئەتۆ لە ووڵاتێک دا کە هەمووی ٤ میلیۆن ، ٥ میلیۆن کەسی کورد بێ، هەر ئەگەر لە ڕوانگەی عەقڵی و لۆژیکیش چاوی لێ بکەی ، ئەتۆ لە ووڵاتێکی ٤ میلیۆن کەسی دا هیچ پێویست ناکا دوو ڕێکخراوەی نابینایانت هەبێ، سێ ڕێکخراوەی کەمتوانایانت هەبێ ، دوو ڕێکخراوەی کەڕ و ڵاڵانت هەبێ و ئەو جوورە. هەر موحافزەی فیدراسیۆنی خۆیان هەیە. سولەیمانی فیدراسیۆنی خۆی هەیە، هەولێر فیدراسیۆنی خۆی هەیە ،ئەوە مەعلوومە لە سەر ئەساسی حیزبایەتی یە.
قازی: لە سەر ئەساسی ...

جەهانمیهەن: لە سەر ئەساسی حیزبایەتی، لە سەر ئەساسی زەرد و  سەوز ساز کراوە. ئێستا گرووپێکی دیکە ساز بووە بە ناوی " گرووپی هیوا "  کە دۆستێکی زۆر خۆشەویستی خۆم بە ناوی کاک ئاری بەرپرسێتی ؛ هەمان ئەو گرووپە بوون کە لە سولەیمانی مانگرتنیان کرد. جەماعەتێکی گەنجن و چالاکن، بەڵام ئەوەی کە ئەمن  تێگەیشتووم ئەوانیش لە گۆڕان نزیکن ، لە بواری سیاسی دا لە گۆڕان نزیکن. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ڕێکخراوەکان زۆرن، هەمان ڕێکخراون. چون ئەتۆ چاو لێ بکەی ، ئەگەر چاو لە سوێد بکەی. لە هەموو ئەو سوێدەی  یەک فیدراسیۆنی نابینایان هەیە. هەر ڕێگا نادرێ دوو فیدراسیۆن هەبێ..



قازی: بۆ هەموانە...
جەهانمیهەن: بۆ هەموانە. بەڵام لە باشوور هەر مەنتەقەیەی فێدراسیۆنێکی خۆی هەیە و نازانم بە چ قانوونێکیش ئەوە گونجێندراوە، چون ئەتۆ یەک ووڵات بی، یەک مەنتەقە بی ، یەک ووڵات بی دوو فێدراسیۆنت هەبێ هیچ عەقڵێک ئەوەی بۆ ناچێتەوە سەر یەک. ئەوە هەبووە. کە ئەمن پێوەندییم لەگەڵ هەر دوو لایان هەیە هەم لە گەڵ هەولێرێ پێوەندییم هەبووە هەم لەگەڵ سولەیمانی. هێندێکیش ڕێکخراوە هەن هەر ڕێکخراوەی حیزبین ؛ ئی پارتی و یەکێتی وەکوو حیزب. بەڵام، ئەوانی دیکەش لە بنەوە سەر بە لایەنێکن .
قازی:باشە هەبوونی ئەو ڕێکخراوانە ئەگەرچی بڵێین بە پێی هێڵی بەسترانەوەی سیاسی دروست بووبن تا چ ڕادەیەک توانیویەتی ئاگادارییەک لە نێو کۆمەڵ دا ، لە نێو پاشماوەی ، ئەوانەش کە ڕەنگە کەمتوانا بن بە شێوەیەک، بەڵام ئەو جۆرە کەمتوانایی جیسمییان نییە تا چ ڕادەیەک  توانیویەتی بە شێوەیەک لە شێوەکان زاناییەک و ئاگادارییەک پێک بهێنێ سەبارەت بەو گرووپە لە خەڵکی کۆمەڵ؟
جەهانمیهەن: دیارە هێندێک گۆڕانکاری کراوە. هیچ قسەی تێدا نییە لە باشوور گۆڕانکاری کراوە. ناتوانی بڵێی نەکراوە. بۆ وێنە ئەوەڵین جار کە ڕووی دا گۆڕانکارییەکی زۆر باش کە من پێم  گرینگ بوو پارتی نەفەری یەکەمی لیستەکەی بۆ پاڕلمان کەسێكی کەمتوانا بوو، لە سەر چەرخ بوو ، بەڵام دوایە لەوێ نەما، لە پارڵمان نەما ، بەڵام لە لیستەکە دا نەفەری یەکەم بوو. یەکێتیی نیشتمانی ش عەینی شتی کرد، بەڵام ئی یەکێتیی نیشتمانی ڕەقەمەکەی لە خوارێ بوو  نەهاتە نێو، ئی یەکێتیی نیشتمانی نێوی عومەر کەریم بوو.
قازی : دەنگی نەهێناوە !
جەهانمیهەن: دەنگی نەهێناوە ، ئەلىەت ئەو دەنگی هێناوە بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە ئەوان مەسەلەی کۆتا و شتی وایان هەیە...
قازی: یانی مەبەستم ئەوەیە زیاتر بێینە سەر ئەوە کە بە گوێرەی ئەو چاوەدێریانەی کە بەڕێزت هەتبووە لەو سەفەرانەدا چەندە خەڵک لێی تێگەیشتووە کە پێویستە بە دیدێکی تڕادیسیونێل، بە دیدێکی کەونەشۆپانە  تەماشای ئەو بابەتە نەکەن؟
جەهانمیهەن: خەڵک تێی نەگەیشتووە. لە بەرئەوەی کە ئەتۆ لە کۆمەڵگایەکی دا دەژی بتهەوێ و نەتهەوێ کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی ئیسلامی یە. باشووری کوردستان زۆربەی زۆری خەڵک ئیسلامییەکی زۆر دواکەتوو هەموو شتێک بە فەقیری دەبینن، بە زگ سووتان شتەکە دەبینن . ئەوە بووەتە موشکیلەیەکی زۆر گەورە لە باشوور. ئەگەر خەڵک کەسێکی کەمتوانا دەبینێ بە چاوێکی سووک دەیبینێ ...
قازی: یانی ڕێکخراوەکان و فێدراسیۆنەکانیش نەیاتوانیوە گۆڕانێک دروست کەن؟
جەهانمیهەن: نەخێر نەیانتوانیوە. گۆڕانێکی زۆریان بۆ نەکراوە. تەنیا شتێکی کە توانیویانە بیکەن پڕۆژە یاسایەکی کەمتوانایانە کە دوایە باسی دەکەین. پاڕڵمان ئەوەی قەبووڵ کردووە و سەرۆکایەتی هەڕێم ئەوەی قەبووڵ کردووە، بەڵام ئەگەر بچییە نێو خەڵک هیچ شتێکیان بۆ نەکراوە. ئەمن شتم بۆ دێ لە کوردستان. بۆ وێنە لە مەنتەقەیەکی  کوردستان با نێوی نەڵێین وێنەیەکم بۆ هاتووە، چوار منداڵان لە ماڵێک دا بە گوریسی ئەوەندە ئەستوور بەستوویاننەوە. دایکوباوکی خۆیان بەستوویاونەوە. ئەگەر یاسایەک هەبا لەو ووڵاتەی گوێی ئەو دایکوباوکەم دەگرت ئەوەڵین شت دەمبردنە زیندان.بەڵام چون یاسایەک و ڕێسایەک نییە لەو ووڵاتە دا، دایکو باوکەکەش ناتوانن ئاگایان لەو منداڵانە بێ. هێندێک سێنتر هەیە بۆ ئەو منداڵانەی کە ئاوتیسمیان هەیە بەڵام، ئەو کەسانەی کە لەوێش کار دەکەن زۆر زانستییان نییە چۆن هەڵسوکەوت بکەن، دایکوباوکەکانیش ناتوانن هەڵسوکەوت لە گەڵ منداڵەکانی خۆیان بکەن.
قازی: وا بزانم لەو دواییانە دا بەڕێز دوکتور سەمەدی کتێبێکی لە سەر " ئاوتیسم " بڵاو کردووەتەوە.
جەهانمیهەن: بەڵێ!‌
قازی: باش بوو کە لێرە دا باسی بکەین. ئێمە چونکوو وەختمان زۆر نییە و بابەتی دیکەش هەیە کە باسی بکەین ئەو پڕۆژە یاسایەی کە ئێستا باست کرد. ئەو پڕۆژە یاسایە لە پێوەندیی لەگەڵ کەمتوانایان چۆنە؟ کەمایەسییەکانی چییە و لایەنە باشەکانی کامانەیە؟
جەهانمیهەن:پڕۆژەیەکیان داوە بە نێوی یاسای ژمارە ٢٢ی ٢٠١١ یە. یاسا و ماف و ئیمتیازاتی کەم ئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت نێوەکەی وایە و وەکوو یاسا پەسندیش کراوە...
قازی: دەڵێ چی ئەو یاسایە؟
جەهانمیهەن: ئەو یاسایە ئەمن وای لێ حاڵیم بە ڕاستی..
قازی: تێکستەکەت لە بەر دەستە؟
جەهانمیهەن: تێکستەکەم لە بەر دەستە . ٢١ مادەیە ، بەندە، بەڵام من پێم وایە کێشەی ئەو یاسایە گرینگترە لە خودی یاساکە.کێشەکانی زۆرترن. ئەمن وای لێ تێگەیشتووم جەماعەتێک بوون لە ووڵاتی سوێد بوون گەڕاونەتەوە کوردستان و شتێکیان ساز کردووە شتێکی زۆر سەقەت، لە یاساکانی سوێدیان دەر هێناوە بردوویانەتەوە بەشێوەیەکی زۆر زۆر سەقەت لە کوردستان دایان ناوە. بۆ وێنە من وا لەو یاسا و بەندەی گەیشتووم یاسایەکە باسی ماف ناکا بەڵام، یاسایەکە  تەنێ کاروباری کۆمەڵایەتی یە، مەسەلەی پارەیە. پارە پێ دان. زۆربەی شتەکە دەوەیدا خڕبووەتەوە کە پارە بدەن، پارە بدەن بەو کەسانە. ئەو کەسەی کە کەمئەندامە  ئەوەندە و ئەوەندە پارەی بدرێتێ. هیچ شتێکی تێدا نییە کە باری مەسەلەی ماف بێ، پێوەندیی بە مافی ئەو کەسانەوە هەبێ کە کەمتوانان. من پێم وا یە کێشەیەکی زۆر ئەساسی دە بەڵگەکە دا ئەوەیە بۆ وێنە باسی ئەوە دەکا ئەگەر تۆ لە فەرمانگەیەک کار بکەی، جێگایەکی حکوومی کار بکەی، دایک بی یان باوک بی ئەتۆ دەتوانی بچییەوە ماڵێ بە هەمان مەعاش یان بە هەمان حقووق کە لە شوێنی کارەکەت هەتە لە ماڵێ ئاگات لە منداڵەکانت بێ...
قازی: لە جیاتی کارەکەت !
جەهانمیهەن: لە جیاتی کارەکەت بچی ئاگات لە منداڵەکەت بێ. ئەوە نە ڕاستە، نە دروستە، نە باشە. ئەوە لایەکی کێشەکەیە. لایەکی دیکە کێشە لە کوردستان ئەمن پێم وایە  کە ئەوان باسی کەمتوانا دەکەن هەمیشە کەمتوانا بە سەد لە سەد دەبینن. لە ئوڕووپا کەمتوانایی دەرەجەبەندی خۆی هەیە بۆ وێنە ٢٥ ە ٣٠ یە.
قازی: مەبەست ئەوەیە کە ٢٥ لە سەد  لە تواناییەکانی ناتوانێ بەکار بهێنێ.

جەهانمیهەن: بەڵێ! دەکرێ ئەوەندەی پێی دەکرێ کار بکا. چونکە لە سوێد شتێکی زۆر جوان دەڵێن دەڵێن: کەسێک کە سەد لە سەد کەمتوانا بوو یانی مردووە. خەڵکی مردوو سەد لە سەد کەمتوانایە دەنا خەلکی زیندوو هیچکەس ناتوانێ سەد لە سەد کەمتوانا بێ. ئەوە لایەکی کێشەکەیە. لایەکی دیش کە من پێم وایە هەر لەو یاسایە دایە ئەویش ئەوەیە ئەتۆ بتەوێ و نەتەوێ کێشەیەک ساز دەکا لە بواری یەکسانیخوازیش دا، چونکە ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ کۆمەڵگای ئێمە ئەوەیە هەمیشە دایکەکە دەچێتەوە ئاگای لە منداڵەکە دەبێ. لەو بارەیەوە ئەمن پێم وایە کێشەیەکی یەکسانیخوازی دروست دەکا.

قازی: دووچاوکی ساز دەکا.
جەهانمیهەن: بەڵێ!  ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ،لە هەموو دنیا حەول دەدەن کە ژن بچێتە نێو بازاری کار و ژن بچێ کار بکا. ئێمە یاسایەکمان هێناوە کە ژنەکان ببینەوە ماڵێ. دیارە هیچ ڕێکخراوەیەکی ژنانیش هیچ قسەیەکیان نەکرد لە سەر ئەو  یاسایەی. هۆکاریش ئەوەیە لێی نازانن. بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ ئەو یاسایە هەیە ، پاڕلمان تەئییدی کردووە.

قازی: چەندەی کار پێ دەکرێ؟
جەهانمیهەن: هیچی پێ نەکراوە تا ئێستا. هەتا ئێستا هیچ کارێکی پێ نەکراوە. هەتا ئێستا چەندین مانگە ڕێکخراوەکانی کەمتوانایان لە کوردستان پارەکانیان نەداونێ. ئەڵبەتە دراوێکی کەمە سەدو پەنجا بۆ دووسەدهەزار دینارە شتێکی وا.

قازی: مەبەستت ئەوەیە کە بوودجەی تایبەتییان هەیە  یا چۆن؟
جەهانمیهەن: بەڵێ دەبێ  بە پێی ئەو حیسابە بێ دەبێ بوودجەی تایبەتی هەبێ، پارە بدەن بەو خەڵکە ، ئەو خەڵکەی کار دەکەن دەبێ مووچەکانیان بدەنێ بەڵام، ئەو مەسەلەی شەڕ و هەڵایەش کارێکی وای کردووە کێشەی پارە هەیە بەڵام، پێش ئەوەی کە کێشەی پارەش هەبێ هەتا ئێستا بەو بەڵگەنامە و بەو یاسایە  هیچ کارێک لە کوردستان نەکراوە. بە پێی ئاگاداری من و پێوەندیم لەگەڵ ئەو ڕێکخراوانە، چەندین جار هەستاون چوونەتە هەولێرێ،لە بەر دەرگای پاڕڵمان موزاهەرەیان کرد، تەنانەت هەستان هەڵیان گرتن و بردیانن. دوایە گوتیان نازانین کێ ئەو خەڵکەی بردووە. هەڵیان گرتبوون دە ئوتوبۆسیان هاویشتبوون ئەو خەڵکەیان برد بوو لە دەشتێکی فڕێیان دابوون.

قازی: خەڵکی کەمتوانا ؟
جەهانمیهەن: بەڵێ! هەموویان فڕێ دابوون. خەڵکەکە لە سولەیمانی ڕا هاتبوون بۆ موزاهەرە کردن لە پڕ ڕا جەماعەتێک خڕیان کردنەوە و فڕێیان دان. بەڵام ، کە دەتپرسی کێ ئەوەی کردووە؟ کەس نەیدەگوت دەزانین. ئەوانە بوون. حەتا لەو ئاخرەی دا جەماعەتێک خۆیان ساز کرد کە خۆیان بسووتێنن.
قازی: باشە، یانی پێت وا هەیە پێویستە ئەو یاسایە کە پەسند کراوە لەگەڵ کەموکووڕییەکانیشی بەشێوەیەکی ئاوا بێ  کە جێ بە جێ بکرێ ؟
جەهانمیهەن: بەڵێ، دەبێ بەڕێوە بچێ ئیدی. دەنا بۆ پەسند دەکرا؟
قازی: ئێستا ئێمە چونکوو  کاتمان نییە هێندێکیشمان پرسیار بۆ هاتووە بەڵام، پێش ئەوەی کە بێینە سەر پرسیارەکان پێم خۆش بوو ئەگەر بە کورتیش بێ هێندێک  باسی ئەو چەمکی پەروەردەی تایبەت بکەی، بە تایبەتی  ئێستا ئەتۆ ڕەنگە لە چوارچێوەی زانکۆش دا  لەگەڵ ئەو مەسەلەیە سەروکارت هەبێ. ئەو پەروەردەی تایبەتی چییە؟ هەر تەنێ بۆ منداڵانە یان چۆناو چۆنە؟
جەهانمیهەن: کە ئێمە باسی پەروەردە دەکەین دوو بەشە. پەروەردەیەکە گشتی یە بۆ هەموو کەسە ئەتۆ کە دەبی بە مامۆستا بەشی پەروەردەی مامۆستایەتی دەخوێنی، بەڵام بە تەنیشت ئەویشەوە بەشێک هەیە کە پێی دەڵێن پەروەردەی تایبەت.  پەروەردەی تایبەت  ئەوەیە کە مامۆستاکان بەشێک دەخوێنن کە پێی دەڵێن بەشی پەروەردەی تایبەت و ئەوانە سەروکاریان دەگەڵ ئەو منداڵانەیە کە ئەو منداڵانەن کە پێیان دەڵێن خاوەن پێداویستی تایبەتن واتە کێشەیان لەگەڵ فێر بوون هەیە لە قوتابخانە دا. ئەو منداڵانە دەتوانن ئەو منداڵانە بن کە ئاوتیسم یان هەیە، منداڵێک بێ کێشەی لە نووسین و خوێندن دا هەبێ، دەتوانێ منداڵێک بێ لە باری دەروونی یەوە کێشەی هەبێ ئەوانە هەمووی دەگرێتەوە. جا لە ڕێگای پەروەردەی تایبەت حەول دەدرێ هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو منداڵانە بکەن. بەڵام، پەروەردەی تایبەت ئەتۆ دەبێ بۆی بخوێنی. لە ووڵاتانی ئوڕووپا و بە تایبەتی لە سوێد هەتا پلەی ماستر دەخوێنن بەشی پەروەردەی تایبەت. بەڵام، ئەتۆ کە ئەو بەشەت خوێند دوو کار هەیە یا ئەوەی کە تۆ دەبی بە مامۆستای تایبەت یا دەبی بە مامۆستای پەروەردەی تایبەت، ئەویش دوو شتی جیایە. ئەگەر بووی بە مامۆستای تایبەت  دەبی بە مامۆستای بابەتگەڵێک کە پێوەندی تایبەتی بە بوارێکەوە هەیە.بۆ وێنە زۆر کەس لە  ووڵاتی سوێد  شتێکیان هەیە پێی دەڵێن  " دیسێلکسی" یانی کێشەی نووسین و خوێندن.
قازی: بە کوردی " زلکوێری"

جەهانمیهەن: بەڵێ! شتێکی وای پێ دەڵێن..
قازی : با شی کەینەوە. بۆ وێنە ئەتۆ وەختێک دەنووسی جێگای پیتیك لەگەڵ پیتێکی دیکە دەگۆڕی بۆ خۆت پێی نازانی.
جەهانمیهەن: بەڵێ، ئەوەیە جەماعەتێکی دیکەش شتێکی دی هەیە کە پێی دەڵێن " دیسکالکولی"  کە کێشەیان لەگەڵ بیرکاری هەیە. مامۆستا تایبەت دەبن بە مامۆستای تایبەت و پسپۆڕ لەو بەشانە.

قازی: وا بزانم شای سوێدیش " دیسلێکسی " هەیە
جەهانمیهەن: بەڵێ، هەموو بنەماڵەکەی هەیانە. هەموو بنەماڵەی شای سوێدێ ئەو کێشەیەیان هەیە.بەشێکی دیش هەیە هەر وەک گوتمان دەبن بە مامۆستای پەروەردەی تایبەت . مامۆستای پەروەردەی تایبەت کاری ئەوەیە وەکوو ڕاوێژکار یارمەتی مامۆستاکانی دیکە بدا  لە نیو سینف دا، لە شوێنی دەرس گوتنەکەدا. ئەوەیە. بەڵام کێشەی باشووری کوردستان ئەوە بوو ئەمن چەندین جار چوومەتەوە.ئەوەڵەن خوێندنێک نییە بە نێوی پەروەردەی تایبەت لە زانکۆ ناخوێنن. ئێستا گۆیا تازە لە زانکۆی سەلاحەدین بەشێکی چکۆلەیان کردووەتەوە بەڵام کادریشیان نییە.

قازی: باشە، با بگەینە پرسیارەکان چونکوو  وەختمان کەمە. دیارە پرسیارەکانمان لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵیی فەیس بووک لە لاپەڕەکەی  "ڕاوێژ" دابۆ هاتووە. بەشێکیان پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە خوێندنی تایبەت. بۆ نموونە بەڕێز ناسر باباخانی دەپرسێ:
١ ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ خوێندنی تایبەتی کەم‌توانایان بۆ سەرجەم قۆناغەکەنی خوێندنە بۆ وێنە لە قۆناغی سەرەتایی‌ڕا بگرە تا زانکۆ؟
٢- ئایا لە زانکۆکان کەم‌توانایان هاوشانی خوێندکارانی تر لە پۆلەکان دادەنیشن؟ یان پۆلەکانیان جیاواز دەبێ؟
٣-ئەم پڕۆژەیە مامۆستای تایبەت، کتێبی تایبەت، شوێنی تایبەت و... دەوێ، بۆ ئەم مەبەستە چ کراوە؟
٤- لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان‌دا، جگە لە مامۆستاکان کە دەوری سەرەکی دەبینن بۆ پەروەردەی کەم‌توانایان، پەیوەندییەکی باشیشیان لەگەڵ بنەماڵەکان هەیە، ئایا هیچ کراوە بۆ ئەم مەبەستە؟
جەهانمیهەن: ئەو پرسیارانە هەموویان تا ڕادەیەک پێوەندییان بە کوردستانەوە هەبوو. ئەوەندەی کە من بزانم لە کوردستان، لە باشووری کوردستان شتەکە زۆر تێکەڵ بووە. تێکەڵییەکی زۆر عەجیب غەریبیان کردووە، هەموو منداڵێک لە سینفەکان دایە. بەڵام کێشە ئەساسییەکە ئەوەیە ئەتۆ کە کادری پەروەردەی تایبەتت نەبێ کاری مەکتەبەکە ناتوانێ بڕواتە پێشێ. بەڵام. دەتوانین بڵێین نە زانکۆکان، و نە قوتابخانەکان بە هیچ شێوەیەک بۆ کەسانی کەمتوانا گونجاو نین. هیچ گونجاوییەک نابینی دەوێدا.بۆ مەسەلەی کتێب و شتی وا ئەوەندەی کە من ئاگادار بم هیچیان نییە،

قازی: بەڵام لە سوێد لە پلەی سەرەتاوە هەتا زانکۆ ئەوانە گونجاون.
جەهانمیهەن: بەڵێ، لە سوێدێ هەموو شتێک گونجاوە بە پێی یاسا و چوارچێوەی بۆ داندراوە،
قازی: دوو پرسیاریش بەڕێز ڕەحمانی جەوانمەردی ناردوویە ئەویش هەر بە ڕێگای لاپەڕەی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵیی فەیس بووک دا و سەرەتایەکیشی بۆ پرسیارەکانی نووسیوە:
بابه‌تێكی زۆر باشت هەڵ بژاردووە  كاك حه‌سه‌ن ده‌س خۆش؛
له‌ كۆمه‌لگا کۆنه‌كاندا هۆكاری سه‌یر و سه‌مەره‌یان بۆ كه‌متوانایی ئه‌ندام و به‌ تایبه‌ت بۆ كێشه‌ ده‌روونییه‌كان دۆزیبووه‌وه كه‌ ئێستاش زۆر كه‌س هه‌ر وا بیر ده‌كه‌نه‌وه‌ و بگره‌ ووشه‌كانیان بكار دێنن. پێ ده‌چێ بۆ بێ هێزی چاو و گوێ و لاق، كۆمه‌ڵگا باشتر دان و ستان ده‌كا تا مێشك و ده‌روون.  یه‌ك له‌وانه
ئه‌و "شیته‌"، جندۆكه(جنوكه) ده‌ستی لێ وه‌شاندوه‌» و «له‌ كۆڵه‌كه‌ی مزگه‌وت یا ته‌كیه‌ی شێخی ببه‌ستن» یا «دوعای بۆ بنووسن تا چا ببێ» و ده‌بوو شێخ و مه‌لا چاری ئه‌و نه‌خۆشانه‌ بكا. كۆمەڵگای وا كۆن و لایەنگرانی دیاره ناو و ناتۆره‌ی ناشیرینیش بۆ ئه‌و مرۆڤانه دا ده‌تاشێ و كه‌لكی لێ وه‌رده‌گرێ یا دای ده‌سه‌پێنێ به‌ سه‌ر كۆمه ڵگادا. زۆرمان هێشتا نازانین كه‌ ئازاری مرۆڤ بۆ هه‌موان تاوانه و كه‌م هێز بوون یا كه‌متوانا بوون وه‌ك "مرۆڤ" بوونی كه‌م ناكات و نابێ ڕێزیشی كه‌م بكات. مرۆڤ هه‌موو مافی یه‌كسانی ژیانیان هه‌یه‌ و ڕێزی یه‌كسان...

دوو پرسیارم له‌سه‌ر ده‌سته‌واژه‌ هه‌یه‌:
١. ووشه‌ی "شێت" و بە ئیبلیس كردنی كه‌متوانایان یا نه‌خۆشه‌ ده‌روونییه‌كانی به‌ تایبه‌ت كه‌ وه‌ك شێت ده‌نرخێندرێت و شێتی باس ده‌كرێ له‌ كوێوه‌ دێت و بۆ باش نییه‌ وا باسی كه‌متوانا بكری؟
٢. ووشه‌ی "كه‌م ئه‌ندام" و فه‌رقی له‌ گەڵ  "كه‌متوانایی" و ووشه‌گه‌لی وه‌ك كوێری و كه‌ڕی، سه‌قه‌ت و گۆجی، شه‌ل، قیچ و... رووناكبین و چاو به‌خومار یا له‌م چه‌شنه‌ چۆنن و له‌ كوێ به‌كار دێن و كامیان دروستن و بۆ مرۆڤ بۆی هه‌یه‌ كام ده‌سته‌واژه‌ به‌كار بێنێ كامیتریان نا و بۆ به‌كاری نەهێنێ؟
فەرموو تکایە بە کورتی ووڵام بدەوە بۆ ئەوەی بگەینە ووڵام دانەوەی بینەرێکی دیش.
جەهانمیهەن: ئەو وشانەی وەکوو " شێت "  و ئەوانە ووشەگەلێکن کە زەمانێک بە کار بردراون لە کۆمەڵگایەکی موسوڵمان و لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو دا. ئەوانە ئەو جۆرە چەمکانەن کە ئێستا بۆ ئەوەی نابن کە بەکاریان بهێنین، چونکە لە باری ئەخلاقیشەوە دروست نییە ئەتۆ بە کابرای بڵێی  " شێت " ە یا شتێکە. من پێم وایە هەر وەک پێشتریش باسمان لێکرد  پێم وایە " کەمتوانا "  یەکێک لەو چەمکانەیە  کە دەتوانی بە کاری بێنی. چەمکێکی تەواو پڕ بە پێستێتی . من چەمکێکی لەوە باشترم هەتا ئێستا پێ شک نایە. پرسیارەکەی دووەمی چ بوو ؟
قازی : پرسیارەکەی دیکە ئەوەیە کە گوتوویە  بۆچی دەبێ  دەستەواژەیەک بەکار بهێندرێ و یەکی دی بە کار نەهێندرێ ؟
جەهانمیهەن: ئەو ئیستلاحاتەی کە ئەو باسی کردوون بۆیە خراپن چونکە  زەربە لەو کەسە دەدا، بۆ ئەو کەسە ناخۆشە کە کێشەیەکی هەیە ئەتۆ پێی بڵێی. ئەوەش هەیە کە مەسەلەی کەمتوانایی مەسەلەی نەخۆشی نییە. کەمتوانایی کەمتوانایی یە، نەخۆشی نەخۆشی یە دووشتی جیاواز با ئێمە شتەکان تێکەڵ نەکەین. چونکە ئەتۆ کە دەڵێی نەخۆش هەمیشە ئینتیزارت هەیە کە ئەو کەسە چاک بێتەوە بەڵام، کەسێک کە کەمتوانا بێ چاک نابێتەوە. بۆیە نەخۆشی و کەمتوانایی نابێ تێکەڵ بکەین.
قازی: بەڕێزێکی دیکە دەپرسێ:

لەگەڵ ڕێز و سڵاو،
١- ئایا ئامارێک سەبارەت بە کەمتوانایانی باشووری کوردستان بە دەستەوەیە؟ چ جۆرە کەمتواناییەک زیاترە؟
٢-تا ئەو جێگایەی من بزانم لە سلێمانی ئیدارەیەکی تایبەتی لەمەڕ کەمتوانایان هەیە و تەنانەت مووچەشیان بۆ بریونەتەوە. دیارە لە ڕاگەیاندنەکاندا جار جار باسی کەمی مووچەی کەمتوانیان ڕەنگی داوەتەوە و ئیستا ئەوە بریندارانی شەڕیش لەو ژمارەیە زیاد بووە . بە گشتی بارو دۆخ چۆنە؟
٣-ئایا لە باشوور چ حەولێک هەیە بۆ ساز کردنی ئەندامی پرۆتێز؟
جەهانمیهەن: ئامارێک ساڵانە وەزاڕەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەیداتە دەرێ.بەڵام، ئەو ئامارە چەند ڕاستە ئەمن نازانم. ئەوەی کە من بیستوومە  دەڵێن  لە ناوچەی سولەیمانی  زیاتر لە سەد هەزار نەفەر هەیە. ئی منداڵیش دەڵێن زیاتر  لە شێست هەزار منداڵ هەیە کە کەمتوانان. باسی مەسەلەی پارە و مووچەمان کرد. لەمەڕ پڕۆتێز، ئەوەندەی کە من ئاگادارم چەند شەریکەی ئەڵمانی هەن لەوێ کاریان کردووە بۆ مەسەلەی پڕۆتێز، بۆ لاق دروست کردن و شتی وا. چەند شەریکە لە ئێران ڕا لەوێ بوون کاتی خۆی لەوێ کاریان کردووە. بەڵام، دیارە ئەو پڕۆتێزانەی لەو وولاتانە دەکرێ پڕۆتێزی باش نین.

قازی: زۆر باشە بەڕێز کاک فەرهادی جەهانمیهەن  زۆر سپاس بۆ بەشداریت لەو بەرنامەیە دا. هیوادارم  دیسان بکرێ لەو بارەیەوە بەیەکەوە قسە بکەین. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە  کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی  " ڕاوێژ" یش. هیوا دارم سەری لاپەڕەکانمان بدەن هەم لە  تویتر و هەم لە فەیس بووک دا. تاکوو " ڕاوێژ" ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.  گەلێک مەمنوون کاک فەرهاد!
تێبینی: ئەم هاوپرسەکییەی بەرنامەی " ڕاوێژ" لە ئێوارەی یەکشەمە ١-ی فێڤرییەی ٢٠١٥ لە تێلێڤیزۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەو بەرنامەیە سەیری تۆڕی کۆمەڵی "یووتووب" یان لاپەڕەی " ڕاوێژ" لە فەیس بووک دا بکەن.