Wednesday, February 4, 2015

هاوپرسەکی لە گەڵ مێلەنی گینجێڵ پارێزەر لە داوتی ستریت چێمبرس


هاوپرسەکی لە گەڵ  مێلەنی گینجێڵ  پارێزەر لە داوتی ستریت چێمبرس 
حەسەن قازی

بینەرانی خۆشە ویست بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ.   
بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژمان هێندێک تایبەتی یە، چونکوو ئەو بەرنامەیە  بە زمانی کوردی و ئینگلیسی بە هەر دووکیان دەبێ. میوانێکی بەڕێزمان هەیە ڕێزدار مێلەنی گینجێڵ کە بۆ خۆی پارێزەرە، باریسترە لە  داوتی ستریت  چێمبرس و ئەندامی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئینگلیستان – وەیڵز ە .
زیاتر لە بیست ساڵە لە بواری قانوونی تاوانکاری و قانوونی بنەماڵە و هەر وەها قانوونی نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤ کاری کردووە  و لەو بارەیەوە پسپۆڕایەتی هەیە. 
 لە زانکۆی ساوث بەنک ی لەندەن  وانەی قانوونی نێو نەتەوە ییی مافی مرۆڤ و هەر وەها تیۆری فێمێنیستی دەڵێتەوە .
لە ئوڕووپا و لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەر وەها لە ئەمێریکای باشوور
 لێکۆڵینەوەی کردووە و چاوەدێری کردووە و لە دادگەیاندا بەشداری کردووە و ئەوەی کە زۆر گرینگە بۆ ئەم بەرنامەیەی ئێمە بە تایبەتی تاکوو ئێستا ٥ جار چووەتە ئەستەنبووڵ بۆ چاوەدێری  لە مەحکەمەی پارێزەرانی کورد کە دیارە لەو بەرنامەیە دا لە سەر ئەو مەسەلەیە هێندێک زیاتر دەڕۆین.
بەڕێز مێلەنی گینجێڵ بۆ خۆی ئینگلیسی یە  ، بەڵام لە ووڵاتی وەیڵز گەورە بووە و
 دواتر لە ئینگلیستان، لەندەن نیشتەجێ بووە. ئەگەر لەم بەرنامەیە دا فورسەت هەبێ باسی بارودۆخی وێڵزیش دەکەین.  بەخێرهاتنێکی گەرمت دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا ئەمن پرسیارەکانم بە ئینگلیسی لە ئێوە دەپرسم ، دیارە بە ئینگلیسی ووڵامم دەدەیەوە بەڵام دەبێ چاوەڕێم بکەی هەتا پرسیارەکانم بە کوردیش وەردەگێڕم.
 یەکەم پرسیاری من لە بەڕێزتان ئەوەیە کەنگێ یەکەم جار لەگەڵ مەسەلەی کورد کەوتنە پێوەندییەوە؟ کەنگێ ئێوە یەکەم جار  لەگەڵ مەسەلەی کورد و کوردەکان ڕوو بەڕوو بوون؟
-یەکەم پێوەندی من لەگەڵ پرسی کورد لە تورکییە ئەو کاتە دەستیپێکرد کە چووم بۆ چاوەدێری دادگە، لە لایەن کۆمیتەی مافی مرۆڤی کۆمەڵەی پارێزەران لەئینگلیستان – وەیڵز و ئەوە ساڵی ٢٠١٢ بوو.ئەمن بانگ کرام بۆ ئەوەی بچم و چاوەدێری بکەم لە محاکەمە کرانی ٤٧ پارێزەری کورد کە لە ئەستەنبووڵ گێرا بوون و دەست بە سەر بوون.
لە نێو ئەو ٤٧ پارێزەرە دا هۆکارێک هەبوو کە هەموانی بەیەکەوە گرێ دەدا؛ ئەویش ئەوە بوو کە هەر کام لەوان لەقۆناخێک لە قۆناخان دا بەرگرییان لە عەبدوڵا ئوێجاڵان کرد بوو بە پێی پیشەی پڕۆفێشناڵی خۆیان. یان وەک پارێزەری بنەماڵەیی،یان لە بەر دەم دادگەی ئوڕووپایی مافی مرۆڤ. ئەوە ئەو زنجیرە بوو ئەوانی بەیەکەوە دەلکاند. دیارە ئەوان هەموویان هاوکات و هەر لە سەر هەمان پەروەندە کاریان نەکرد بوو بەڵکوو جارێک لە جاران لە بەرگری وی دا کاریان کرد بوو.

 قازی: پێش ئەوەی کە کۆمەڵەکەتان بڕیار بدا ئێوە بنێرێ   هیچ ئاگاداری پێشووت هەبوو سەبارەت بە بارودۆخی گەلی کورد لە تورکییە بە گشتی ؟
-نا، بە ڕاستی نەم بوو. ئەوە یەکەم ئەزموونی من بوو سەبارەت بە مەسەلەی کورد. ئەوە بە ڕاستی  سەرەتایەک بوو کە چاوی کردمەوە لە مەڕ ئەو دۆزە. ئێمە بە وەی کە لە سەرەتا دا دیتمان و لێی تێگەیشتین واقمان وڕ ما. زۆر دژوار بوو لێی تێبگەین کە سیستمێکی قەزایی بە ڕواڵەت مۆدێڕن و شیاوی هەڵسووڕان بکرێ لە  لایەنی سیاسییەوە کۆنتڕۆڵ بکرێ.جوان وەبەر چاو دەهات دادگەکە سیاسی بوو و کەم تا زۆر مافی بە دادپەروەرییەوە نەبوو.
قازی: باشە یەکەم کۆبوونەوەی کە چوون چۆن بوو؟ ئەگەر وەبیرت دێتەوە!
-یەکەم دانیشتنی کە من چووم وا بزانم دوویەم کۆبۆبوونەوە بوو.ئەو دادگەیە بریتی بوو لە زنجیرەیەک لە کۆبوونەوەی یەک ڕۆژی، کە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١١وە دەستی پێکرد بوو و تا بەراییەکانی ساڵی ٢٠١٢ بەردەوام بوو. محاکەمەکە لە نێوخۆی ئەستەنبووڵ دا نەبوو. بەڵکوو لە بینای زیندانێک دا بە ڕێوە دەچوو بە نێوی " سیلیڤری". ڕەنگە بزانی ئەوە زیندانێکی گەورەیە و هۆڵێکی گەورە کە بەزیندانەکەوە لکاوە بۆ دادگەیی کردن لە بەر چاو گیراوە. یەکەم پرسیاری بۆ مرۆڤ دێتە پێشێ ئەوەیە کە چی پێویستی کردووە هۆڵێکی ئاوا گەورە بۆ دادگە دروست بکرێ؟
قازی: چەند گەورەیە ؟
-١٠٠ میتر درێژە و.. بە ئاشکرایی بۆ دادگەی بە کۆمەڵ  ساز کراوە، بۆ تاوانبارکراوانی بەکۆمەڵ... و لەو بۆنەیە دا ٤٧ تاوانبارکراوی لێ بوو، ٤٧ پارێزەر. هەر کامێکیان چەندین پارێزەر بەرگری لێ دەکردن. لەوەش دەرچێ، هەیئەتگەلی قەڵەباڵغی چاوەدێری نێو نەتەوەیی ، و هەر وەها خزم و کەسوکاری تاوانبارکراوان لە یەکەم دانیشتن دا هەموو  لە ژوورێکی پچووک ترێنجێندرابوون بە لام لە دانیشتەکانی دیکە دا چووینە ئەو هۆڵە گەورەیە.
قازی : بۆ دادگەی بە کۆمەڵ ساز کراوە.  ئەگەر لە یەکەم دانیشتن دا بمێنینەوە. دەکرێ هێندێک باسی ئەو دانیشتنە بکەین، گوتت کە چاوەدێری نێونەتەوەیی لێ بووە. جگە لە بریتانیایی کێی دیکەی لێ بوو ؟
-بەڵی چاوەدێر لە زۆر ووڵاتانی ئوڕووپاییەوە هاتبوون و لە دادگە دا ئامادە بوون.نەک هەر لە بریتانیاوە، بەڵکوو لە فەڕانسە، ئەڵمان و یۆنانیشەوە. پێم وایە هۆلەندیش. ژمارەیەکی بەرچاو چاوەدێری نێو نەتەوەیی هاتبوون. ئەوە دۆزێک بوو کە زۆر بە جیدی وەرگیرا بوو. بەشێک لە هۆی ئەوەی دادگەکە ئاوا بە جیدی دادەندرا ئەوە بوو کە ساڵێک بەر لەوەی من بچم بۆ چاوەدێری، نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە بوونی پارێزەر و دادوەری سەر بەخۆ سەری تورکییە دا بوو ؟
قازی: " ناوی چییە؟
-گابرییلا نۆ . ئەو ڕاپۆرتێکی زۆر ڕەخنەگرانەی نووسیبوو سەبارەت بەو شتانەی لە سەردانەکەیدا بۆ تورکییە بۆی دەرکەوتبوو. یەک لەو شتانەی ئەو لە ڕاپۆرتەکەی دا زەقی کردبووەوە ئەوە بوو کە سیستمی قەزایی تورکییە هەتا دێ زیاتر بە دژی پارێزەرەکانی خۆی بە کار دەهێندرێ..
قازی: لە بەر ئەوەی کە زۆر لە پارێزەران گیرا بوون؟
-بەڵێ.ئەو لە بەر ئەوە زۆر نیگەران بوو کە ئەو هەموو پارێزەرانە، بە تایبەتی پارێزەری کورد گیرا بوون و دەست بە سەر کرا بوون و ئاشکرایە ئەوە شتێکی زۆر بە دەرەوە و بەرچاوە  ئەگەر سیستمی قەزایی سەروکار پەیدا بکا لەگەڵ زۆرێک لەو کەسانەی کە بە پیشە لەو سیستمە دا کار دەکەن. یەک لەو شتانەی ئەو لە ڕاپۆرتەکەیدا جەختی کردووەتەوە ئەوەیە کە قانوونەکانی لە مەڕ تێڕۆریزم زۆر بە گشتی نووسراون و زۆر بەگشتی دیاریی کراون. هەر لە بەر ئەوە دەرفەتی ئەوەیان ڕەخساندووە کە کار و جووڵانەوەی بەشی هەرە زۆری کۆمەڵ وەبەر چوار چێوەی ئەو ناساندنە بکەوێ!
قازی: مەبەستی لە قانوونی دژی تێڕۆر بوو لە ئوڕووپا یان تورکییە؟
-ئەو قانوونانە لە تورکییە.ئەو ڕەخنەی زۆری هەبوو لە شێوەی دانان و لێکۆڵینەوەی ئەو قانوونانە. زۆر گشتین. دەکرێ زنجیرەیەکی بەربڵاو لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی وەبەر بگرن. ڕەفتار و کردەوەی ئەوتۆی کە لە نزیک و دوورەوە هیچ پێوەندییان بە تێڕۆریزمەوە نییە، هەر لە بەر ئەوە دەکرێ بە خراپ بە کار بهێندرێن.
قازی: تەسەوری بەڕێزت لە دانیشتنی یەکەم دا چ بوو لە سەر تاوانبارکراوەکان؟ چییان گوت لە یەکەم دانیشتن دا؟
-یەکەم تەسەوری من ئەوە بوو سەبارەت بەو پارێزەرانە. ئەوان گرووپێک بوون لە خەڵکی پیشەیی، خەڵکێکی کە زۆر وەخۆم دەچوون، زۆر وەک هاوکارەکانم دەچوون لە لەندەن، کە ئێستا خۆیان لە بارو دۆخێک دا دەدیتەوە کە تاوانبار بکرێن بە ئەنجام دانی کردەوەی تێڕۆریستی، هەر لە بەر ئەوەی کە ئەرکی پیشەیی خۆیان ئەنجام دا بوو. ئەوانە پارێزەری گەنج ، پارێزەریی پیشەیی بوون کە بنەماڵەکانیان لە ئەستەنبووڵ بوون. هێندێک لەوان لە دەرەوەی ووڵاتەوە هاتبوونەوە بۆ ئەوەی ووڵامی ئەو تاوان وەپاڵدانە بدەنەوە و سەرەڕای تێکەڵاوی و پێوەندیی پتەو بە کۆمەڵگەکەیانەوە ئەوان بە دەست بە سەری ڕاگیرا بوون و ئاشکرایە کە بە هیچ جۆرێک، هیچ سەبەبێک  نییە کە خەڵکی پیشەیی کە تێکەڵاوی و پێوەندی پتەویان بە کۆمەڵگەکەیانەوە هەیە و بە ویستی خۆیان و دڵخوازانە دێنە بەردەم دادکە، نابێ هەتا دادگەیی نەکراون بە دەست بە سەری لە زیندان دا ڕابگیرێن. ئەوان بەوە واقیان وڕ مابوو و بەو تەجروبەیە تووشی سەدەمەی ڕووحی هاتبوون. لە خێزانەکانیان دوور خرابوونەوە ، هێندێک لە کاتی دەست بەسەر کردن دا تووشی لێدان و زەبرو زەنگ هاتبوون، بۆیە پێم وایە سەدەمەی ڕووحیان وێکەوتبوو و ئێمەش تەواو واقمان وڕما بەوەی دیتمان.
قازی: ئەو دانیشتنانە بەردەوام بوون. ئێوە لە پێنج دانیشتن دا بەشداریتان کرد. دەی ئەوان حوکم دران یان نا؟
-بەڵێ ٥ دانیشتن. بە ئەوپەڕی سەرسووڕمانەوە ئەو دادگەیانە بەردەوامن. ئەگەرچی ئەو خەڵکە لە مانگی نۆڤامبری ٢٠١١ گیرابوون و ئێستا ئێمە لە ساڵی ٢٠١٤ داین و ئەو دادگەیە هەر بەردەوامە. هەتا ئێستاش بە تەواوی نەبڕاوەتەوە. ئەمن پێم وایە ڕاستی ئەوەیە کە ئەو دادگەیە بۆ بەرتەنگ کردنی خەڵکی ئاوایە کە دەوڵەت بە چالاک و تێکۆشەری کوردیان دا دەنێ. پارێزەرەکان کاتێک کە من دەرفەتم بۆ ڕەخسا لەگەڵ هێندێکیان قسەبکەم خۆیان بە بارمتە دەزانی لە پێواژۆیەکی سیاسی دا تا ئەوەی کە تاوانبارکراو بن لە پێواژۆی مەحکەمەیەک دا. و بە گشتی وا دادەندرێ کە بڕانەوە و جێ بە جێ بوونی ئەو دۆزە بەستراوەتەوە بە بارودۆخێکی زۆر بەربڵاوتری سیاسی. بە تایبەتی بەستراوەتەوە بە پێواژۆی ئاشتی.
قازی: لە مەحکەمە دا مودەعی عام بە چی تاوانباری دەکردن؟


-ئەوان تاونبار دەکران بە ئەوەی کە  ئەندام بن لە ..
قازی: مەبەستم ئەوەیە وەختێک بەڕێزت خۆت لە مەحکەمە بووی دادئەستێن چی دەگوت؟
-مودەعی عام دەیگوت ئەو پارێزەرانە چاویان بە ئوێجاڵان کەوتووە و تەعلیماتیان لێ وەرگرتووە وەکوو بەشێک لە بەرگری حقووقی لەوی و لە ڕوانگەی مودەعی عامەوە ئەو ڕاوێژە حقووقییانە دەرفەتێک بوون بۆ ئوێجاڵان  کە پەیامی خۆی بڵاو بکاتەوە، تەعلیماتی خۆی بڵاو بکاتەوە. تەعلیمات بە ڕێگای ئەو پارێزەرانە دا کە بیگەیێنن بە ڕێکخراوەیەکی ناقانوونی کە ئەوەش دەگاتە ئەنجام دانی کردەوەی تێڕۆریستی. بە کورتی کەیسی مودەعی عام ئەوە بوو کە پارێزەرەکان بە زانایی و بە ئانقەستە وەکوو پەیکی پێوەندی بوون  لە نێوان عەبدوڵا ئوێجاڵان و ئەو کەسانەی کە بڕیار بووە کردەوەی تێڕۆریستی ئەنجام بدەن.

قازی:بۆچوونی ئێوە وەک باریسترێک، وەک پارێزەرێک لە سەر تاوان وەپاڵدانی ئاوا چ بوو؟
-سەنەد و بەڵگە سەیر بوون. یەکەم  پنت سەبارەت بەو بەڵگانە ئەوە بوون کە زۆربەیان بە شێوەی ناقانوونی وەدەست خرا بوون. بە ڕێگای گوێ لە تەلەفۆن هەڵخستن، دەست بە سەر داگرتنی کامپیوتێری شەخسی خەڵک لە ماڵەکانیاندا و گشت ئەوانە بە پێچەوانەی قانوونی ناوماڵ و ناوخۆیین. جا بۆیە یەکەم پنت ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەو سەنەد و بەڵگانە بە ناقانوونی وەدەست خرابوون. و پنتی دوویەم ئەوەیە کە ئەو پێوەندییانە خۆیان هیچ جۆرە کردەوەیەکی ناقانوونی دەر ناخەن . ئەو بەڵگەی من دیتم قسە کردنی ئاسایی وەکیل و موەکیلەکەیەتی، قسەکانی نێوان پارێزەر و دۆستەکانیان یان ئەندامانی خێزانیان. جا بۆیە ئەو بەڵگانە بە هیچ جۆر نایسەلمێنن کە تاوانێک ئەنجام درا بێ.
مودەعی عام بۆ کەیسەکە، ئەو ئاخافتنە ئاساییانەی وەرگرتبوو، سەرو گوێی کرد بوون و بە جۆرێکی ئاوای لێک دا بوونەوە کە داوخوازی سزای پێ بکا و دەیگوت فڵان قسە جۆرە ڕەمزێک بووە. ناکۆکی گەورە هەبوو لە نێوان ئەو بەڵگانەی لە بەر دەست دا بوون و ئەو شێوەیەی کە مودەعی عام لێکی دەدانەوە. لە مەحکەمە دا کاتێک لەو بەڵگانەیان دەکۆڵییەوە، پارێزەرانی تاوانبارکراوەکان بەرگرینامەی زۆر بە ووردە ڕیشاڵ و درێژیان پێشکێش دەکرد و داوایان دەکرد بەشێک لەو بەڵگانە ڕاکێشرێنەوە و بەلاوە بندرێن و هێندێکی دیکەشیان چالنج دەکرد و وەدوایەیان دەدانەوە. قازی گوێی لێ ڕا دەگرتن . لە ڕاستیدا قازی هیچ پرسیارێکی لە پارێزەران نە دەکرد هەر بە بێدەنگی گوێی دەدانێ و لە دوای پێشکێش کرانی بەرگرینامە دا ڕووی لە مودەعی عام دەکرد و لێی دەپرسی بۆچوونی وی چییە ؟ و مودەعی عام دەیگوت ئەو دژبەرییانە بەرپەرچ دەوە. و هەر ئەوەندە. جا بۆیە قسەکانی مودەعی عام زۆر کورت بوون و دوای قسەکانی مودەعی عام، قازی ڕایدەگەیاند من ئەو داوخوازانە هەموویان ڕەد دەکەمەوە. جا بۆیە هیچ سەرنجدانێک لە ئارا دا نەبوو لەو کەیسەی دا کە لایەنی تاوانبارکراو دەیهێنا گۆڕێ. بە ئاشکرایی ئاوا وەبەر چاو دەهات کە هەم قازی و هەم مودەعی عام هەر دووک لە ڕووی دەستخەتی وەکوو یەک شتیان دەخوێندەوە و بە ئاشکرایی بۆچوونیان وەک یەک وابوو.
قازی: وا وێدەچێ کە لە یەکێک لەو مەحکەمانە دا بووە کە تاوانبارکراوەکان داوایان کرد بە زمانی خۆیان، بە زمانی کوردی قسە بکەن. ووڵامی دادگە چ بوو لە ئاست ئەو داوخوازییە؟
-بەڵێ، داخوازینامە بۆ بەرگریکردن بە زمانی خۆ، واتە زمانی کوردی بابەتێک بوو کە هەمیشە دووپاتە و چەند پاتە دەبووەوە. ئەوە زۆر گرینگ بوو. تاوانبارکراوەکان لە بەر هۆی ڕوون و دیار ئەو داوایەیان دەکرد. پێم وایە دوای سێ دادڕەسی کە فێورییەی ٢٠١٢ قانوون گۆڕا و لە پڕ ڕا ڕێگا درا بەرگریکارانی کورد، تاوانبارکراوانی کورد بە زمانی خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن.و ئەوە دەمێکی گرینگ و گەورە بوو. جا بۆیە ئێمە شاهیدی ئەو بۆنەیە بووین کە زمانی کوردی بە ڕەسمی لە دادگەیەکی تورک دا قسەی پێکرا. ئەوە لە ڕاستیدا دەمێکی دڵڕفێن و جوان بوو!
قازی: وا دیارە دوایە بە زەمانەت بەردراون. بە تایبەتی وەزعی ئەو پارێزەرانە چۆنە؟ بە زەمانەت بەر بوون یان کەیسەکەیان و مەحکەمەکەیان تەواو بووە یان چۆنە؟
-بە دەرەجەی یەکەم. زۆربەی هەرە زۆری ئەو پارێزەرانە، هەر وەک من لە سەرەتا دا باسم کرد بەر لە دادگەیی کران دەست بە سەر لە زیندان دا ڕاگیرا بوون. هەر هۆیەک بۆ پاساو دانی ئەو کارە درابێ دیسان ئەوە خۆی پێشێل کردنی قانوونی ناو مال و نێوخۆیی تورکییەیە.بە پێی ئەو قانوونە خۆی هەموو جۆرە پریارێکی قانوونی بە تەواوی دەبێ بە ڕێگای دادڕەسی مەعقوول پشتراست بکرێنەوە. ئەوە بە مانای حیساب پرسینەوەیە لە ئاست بڕیاری کەیفی. ئەو قانوونە دەرفەت دەدا بزانی بۆچی بڕیارێکی ئاوا دراوە، دەرفەتی ئەوەشت دەداتێ ئەگەر پێویست بێ بڕیارەکە چالنجیش بکەی . بەڵام لەو کەیسەدا هیچ هۆیەک نەهاتبووە گۆڕێ بۆ دانی بڕیارەکە و بە دەم درێژەکێشانی  دادڕەسییەکانی دادگە ژمارەیەکی کەم لە تاونبارکراوەکان بەردران ، هەر جارەی پێنج شەش کەس ... دیسان هیچ هۆیەک بۆ ئەو بەردانانەش نەدرا. ئەوەش وێ دەچی هەر لە گۆترە بووبێ و کەس نەیدەزانی کێ لە پێشدا بەر دەدرێ. جا بۆیە هەلومەرجەکە زۆر گرژ و ڕاچڵەکێنەرە بۆ ئەو خەڵکە.
قازی: دوای ئەوەی کە ئەوانە بە زەمانەت بەر بوون هیچ دەرفەتێکی ئاوا بووە کە ئێوە لە نزیکەوە بیانبینن قسەیان لەگەڵ بکەن؟
-بەڵێ لە دوایین دادڕەسی دا ئاخرەکەی ئەو پارێزەرانەی مابوونەوە بە زەمانەت بەر دران و ئێستا هەموویان ئازاد کراون و ئەوە سەرکەوتنێکی  پچووکە لە مەڕ ئەو کەیسە. لە قۆناغی جۆر بە جۆر دا ئەمن دەرفەتم دەست کەوت ڕاستە و ڕاست لە گەڵ چەند لە تاوانبارکراوەکان قسە بکەم. ئەوەی دەیانگوت زۆر ڕوونکەرەوە بوو. ئەوان خۆیان بە بارمتە دەزانی لە پێواژۆیەکی سیاسی دا. هەر وەک گوتم ئەو پێواژۆ هەراوترە سیاسییەی کە باسم کرد. هەڵبەت بە قسە محاکەمەکانی " کەجە کە " زۆر بەربڵاوتر و زۆر هەراوترن لە تەنێ ئەو دادگەیە. بە هەزاران لە تێکۆشەرانی کورد لە چوار چێوەی ئەو پێواژۆیەی " کەجەکە" دا تاوانیان وەپاڵ دراوە. وا وێدەچی کە لە ڕاستیدا هیچ شتێک بە تەواوی نابڕێتەوە و جێ بە جێ نابێ هەتا ئەوەی کە مەسەلەی کورد چارەسەر نەبووە. هەموان زۆر هیوادار بوون دوای ئەوەی خولی تازەی وتووێژەکانی ئاشتی دەستی پێکرد، کە ڕەنگە ئەوە شوێنی لە سەر چارەنووسی ئەوانیش هەبێ. دیارە لە قۆناغی جۆر بە جۆر دا قانوون سەنگ و سووک کراوە بۆیە قانوونی ئازادیی ڕادەربڕین هەموار کرا بەدەم هێندێک لە قۆناغەکانی ئەو دادگەیە دا و ئەوە هەلی ڕەخساند کە هێندێک لە تاوانبارکراوەکانی کەیسی
" کەجەکە" ئازاد بکرێن. بەڵام نەک ئەو  تاوانبارکراوانە. چونکە ئەو تاوانبارکراوانە تاوانبار کراون بە ئەندامەتی لە ڕێکخراوەیەکی ناقانوونی دا. جا بۆیە بە داخەوە ئەوان هێشتا لەگەڵ ئەوە ڕووبەڕوون کە تاوانیان وەپاڵ بدرێ.
قازی: ئیمکانی ئەوەی کە دیسان بگیرێنەوە هەیە؟
-تاونبارکراوەکانی دیکەی " کەجەکە " بەڵێ ؟
قازی:  نا ئەوانەی ئێوە لە دادکەیاندا بەشداریتان کرد!

 - بەڵێ ئەوان هێشتا تاوانیان وەپاڵ دەدرێ. ئەمن وای بۆ دەچم بێتوو لە هەلومەرجێک دا بۆیان بگونجێ، لەوانەیە زەمانەتەکان هەڵوەشێننەوە.

قازی: بە گشتی وەکوو ئێوە باستان کرد ئەو مەسەلەیە گرێ دەدەنەوە ، دەبەستنەوە بە پێواژۆی ئاشتی لە نێوان  دەوڵەتی تورکییە و بزووتنەوەی کورد لە باکووری کوردستان. ئەتۆ بۆ خۆت لە سەر مەسەلەی پێواژۆی ئاشتی یا  موزاکەراتی ئەو لایانە چۆن فکر دەکەیەوە؟ وەکوو بارسترێک، وەک پارێزەر!
-وەکوو پارێزەرێک و نەک پسپۆڕێکی ئەو بارودۆخە تایبەتییە سیاسییەی کە لە گۆڕێ دایە ئەمن پێم وایە چەندین چاوەدێری جۆر بە جۆر هەن کە دەتوانم باسیان لێوە بکەم. چاوەدێری یەکەم ئەوەیە کە : لایەنەکان هاو سەنگ و وەکوویەک نین لەو پێواژۆیە دا. باشە مرۆڤ لە خۆی دەپرسێ چۆن دەکرێ پێواژۆیەکی ڕاستەقینەی وتووێژ هەبێ سەبارەت بە ئاشتی کاتێک یەک لە لایەنەکان دەست بەسەرە و دە بەند دایە؟ بە تایبەتی ئەو هەلومەرجەی کە ئەوی تێدا ژیاوە. لە زیندانی تاقە کەسی دا بۆ ماوەیەکی درێژ و ئاشکرایە ئەوە هەلومەرجێکی زۆر ڕاچڵەکێنەرە. پنتی یەکەم ئەوەیە کە هیچ یەکسانییەک لە ئارا دا نییە. ئەگەر بڕیار ئەوەیە کە وتووێژێکی ڕاستە قینە و بە نێوەرۆک سەبارەت بە ئاشتی هەبێ، لایەنەکان دەبێ وەک یەک وا بن و پێویستە ئەو ئازاد بکرێ بۆ ئەوەی بێتە دەوری مێزی وتووێژ لە سەر بنەمایەکی بەجێ.
قازی: یانی بەراوەردێکی ئاوا دەکرێ لە نێوان سیستمی ئاپارتاد لە ئەفریقای خواروو و کاتێک کە" کەی ئێن سی" بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی دەستی بە موزاکەراتی جیدی کرد لە گەڵ ڕێژیمی ئاپارتاید، ئەو وەختە بوو کە خودا لێخۆشبوو نێلسۆن ماندێلا لە زیندان ئازاد ببوو!
-بەڵێ. ڕاست دەکەی زۆر وێکچوون هەیە لە نێوان بارو دۆخ لە تورکییە و بارو دۆخی ئوێجاڵان و پێواژۆی نێوان ماندێلا و ڕێژیمی ئاپارتاید. و دیارە چەند شت هەیە کە دەکرێ بە یەکەوە بەراورد بکرێن. یەکەم ئەوەی کە هەر دووک لە گیراوەکان لە دوڕگەیەک دا ڕاگیراون دوور لە ویشکایی. ڕاستە ماندێلاش لە زیندانەوە دەستی بە موزاکەرە کرد بەڵام وەک ئێوەش گوتتان دوای ئەوەی کە بەر درا توانی دەست بە وتووێژی ڕاستەقینە و بە نێوەرۆک بکا. ئەگەر هەمان پێشوەچوون هەبێ کە لە ئەفریقای باشوور ڕووی دا لە حاڵەتێکی ئاوا دا بەردرانی ئوێجاڵان یەکەم هەنگاوە کە دەبێ هەڵبهێندرێتەوە.
قازی: پێت وا هەیە کە لابردنی پ.ک.ک. لە لیستی تێڕۆر لە تورکییە لە ڕاستیدا پێشمەرجێکە بۆ ئەوەی کە موفاوەزات و موزاکەراتێکی واقعی، موزاکەراتێکی ڕاستەقینە لە سەر مەسەلەی ئاشتی دەست پێ بکا؟
-بەڵێ. ئەمن پێم وایە، دیسان بڵێم، بۆ ئەوەی وتووێژی بە نێوەرۆک هەبێ و ئەنجام بدرێ. باشە حکوومەت چۆن  لە گەڵ ڕێکخراوەیەکی ناقانوونی وتووێژ دەکا؟ ئەوە چ مانایەکی نییە. ئەگەر لایەنەکان گەیشتوونەتە ئەو ئاست و قۆناغەی کە ئامادەن بۆ وتووێژ کردن و ئێمە دەزانین ئەو ئامادەییان تێدا بووە و ئێستا بە ئاشکرا وتووێژ دەکەن و ئەوان هەر ئەوەی دەکەن کە تاوانبارکراوەکان لەو دادگەیە دا کردبوویان، ئەوان لەگەڵ ئوێجاڵان قسەیان کردبوو و ئەوەش هۆیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی کە ئەو پارێزەرانە بە تەواوی هەموو جۆرە تاوانیان لە سەر لابچێ. ئەمن پێم وایە پێشوەچوونێکی زۆر کراوە لە هەر دووک لایەنەوە سەبارەت بە ئەوەی کە پێواژۆیەکە پێویستی بە بەرەو پێش خستنە. بە ئاشکرایی هەر دووک لا ئیرادەیان هەیە بۆ ئەوەی پێشوەچوون بکرێ و شتێک بکرێ. ئوێجاڵان بۆ خۆی بەڵێنی جۆر بە جۆر و دەستەبەری جۆر بە جۆری داوە و پێشنیازی ئەوەی هێناوەتە گۆڕێ کە چی دی توندو تیژی نەبێ و جەختی داوای سیاسی ئیدی ئێستا لە سەر ئۆتۆنۆمی نییە بەڵکوو لە سەر فێدرالیزمە .
قازی: لە ئۆتۆنۆمی مەبەستت سەربەخۆیی یە؟
-یانی ئێستا لایەنی کورد قەوارەیەکی کۆنفێدڕاڵی دەوێ و چی دی ئەو بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەک نییە لە پێناو سەربەخۆیی. پرسەکە بە ئاشکرایی بەشێکە لە پرسی ئوێجاڵانیش. ئەگەر بڕیار وایە وتووێژێکی بە نێوەرۆک بکرێ دەبێ  لایەنەکان یەکسان و بەرانبەر بن. و ئەگەر لایەنێک بە ناقانوونی دابندرێ و دە لیستی ڕێکخراوی قەدەغە دابێ، وتووێژێکی ئاوا چۆن دەتوانێ بەرەو پێش بچێ بە شێوەیەکی بە نێوەرۆک؟ ئێمە دەزانین کە بارو دۆخەکە بەو شتانەی کە ئێستا لەو بەری سنوور لە سوورییە ڕوو دەدەن ئاڵۆزتر بووە. ئێمە ئەوەش دەزانین کە کوردەکانی سوورییە ...
قازی: کوردەکانی ڕۆژئاوا !
- بەڵێ کوردی " ڕۆژئاوا" شەڕێکی پتەوی خۆڕاگری دەکەن لە ڕۆژئاوا

قازی: بە تایبەتی لە کۆبانێ
- لە کۆبانێ
- و ئەوە زۆر جەنجاڵییە ئێستا. کە چۆن دەکرێ هێزە ڕۆژئاواییەکان ، هێزە ئەمێریکاییەکان پشتیوانی لەو هێزانەی کۆبانێ بکەن ئەگەر ئەوان سەر بە یان گرێدراوی ڕێکخستنێکی قەدەغە بن؟ کە ئەوە زۆر گرفت لە تەک خۆیدا دەهێنێ. نەک هەر لە تورکییە، بەڵکوو لە هەرێمێکی بەربڵاوتر دا، ئەگەر ئەو قەدەغەیە  بمێنێتەوە. و بە بۆچوونی من ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئەوە چاوی پێدا بخشێندرێتەوە.
قازی: بە لەبەر چاوگرتنی ئەو دیتنەی ئێوە هێندێک لە زانایانی عیلمی سیاسەت باسی ئەوە دەکەن کە هەمیشە ناکرێ لە سەربنەمای قانوونی و حقووقی ئەو جۆرە کێشانە جێ بە جێ بکرێن. جونکە زۆر جاری ئاوا هەیە کە دە ڕاستیدا پارسەنگ و باڵانسی دەستەڵات ئەو مەسەلەیە دیاری دەکا. یانی موافیقی لەگەڵ ئەوانەی کە وەزعەکە لە ڕووی سیاسییەوە دەبینن؟ چونکە ئەوە زۆر گرێنگە کە ئێوە وەک باریسترێک وەک حقووقییەک ئاوای ببینن؟
-بەڵێ تاڕادەیەک. قانوون و حقووق بە تەنێ قەت ناتوانێ تەنیا ووڵام بێ بۆ ئەو جۆرە پرسانە.ئەوە بەو مانایە نییە کە دەبێ بزووتنەوەی سیاسی بێ. قەبووڵی سیاسی گۆڕانی ئەوەندە گەورە. حقووق دەتوانێ ئامرازێکی یارمەتیدەر بێ بۆ گۆڕان ساز کردن. هەر وەک ئێمە لە پێوەندی لەگەڵ دادگەی ئەو پارێزەرانە دا دیتمان سیستمی حقووقی و قەزایی دەکرێ بە دەست هێزی سیاسی کۆنتڕۆڵ بکرێن و بە دژی عەداڵەت بە کار بهێندرێن.
حقووق و قانوون بە وەندە باشن کە خەڵک پیادەیان کەن و بەکاریان بهێنن و بیانخەنە باری کردارییەوە. مرۆڤ دەکرێ لە سەر کاغەز باشترین قانوون و حقووقی دنیای هەبێ بەڵام ئەگەر  ئەو سیاسەتمەدارانەی لە پشت قازییەکانن بەرعۆدەیییان نەبێ لە ئاست سەربەخۆیی قازییەکان و ئەوەی کە ئەوان بەشێک بن لە پێواژۆی عەداڵەت، قانوونەکان دەکرێ بە کار بهێندرێن و بە مەبەستی خراپ کەلکیان لێوەربگیرێ.
قازی: دەزانین کە دەستپێشخەرییەکی جیهانی هەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و بۆ ئاشتوایی لە تورکییە. و ئەوانە لەو بوارە دا کار دەکەن بەتایبەتی بۆ ئازادی بەرێز ئوێجاڵان و زۆر کەسانی ناسراوی وەکوو دێسمۆند تووتوو  و بەتایبەتی گرووپێک هەیە بە نێوی " ئیڵدرس" کە سیاسەتمەداری پێشووی تێدایە وەک سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمێریکا و کەسی ئاوا، ئەوانە هێندێک دەستپێشخەری دەکەن. پرسیارەکەی من ئەوەیە  کە کۆڕی حقووقزانان و پارێزەران لە بریتانیا چەندە دەتوانن لەو زەمینانەدا هاوکار بن؟
-ئەمن ئاگادارم کە دەستپێشخەرییەکی ئاوا هەیە کە وێدەچێ ڕێگایەکی زۆر ئافرێنەرانە بێ بەرەو پێشەوە و ئاشکرایە ئەگەر ئینسانی وەک دێسمۆند تووتوو شان وەبەر کارێکی ئەوتۆ بدەن  دیارە خەڵکی دیکەی زۆر بە تەجروبەش تێوە دێن بۆ چاوەدێری بە سەر ئەو پێواژۆیە دا بۆ ئەوەی بە ئاکامێکی باش و بە نێوەرۆک بگا. و ئێستا پارێزەری نێو نەتەوەیی هەن کە لە دۆز و بابەتی هەراوترەوە گلاون. خەڵکی کە چاوەدێری ئەو دادگەیەیان کردووە کە باسم کرد و دادگەی دیکە لە تورکییە. جا بۆیە زۆر سەرنج و خۆ پێوە خەریک کردنی یاسایی بۆ ئەو دۆزە هەیە لە ئاستی جیهانی دا. جا ئەگەر ڕێگایەک هەبێ کە پارێزەرە نێو نەتەوەییەکان بەشێک لە کۆمیسیۆنێک بن ، کۆمیسیۆنی ڕاستی و عەداڵەت ئەمن پێم وایە ئەوە زۆر باش دەبێ کە مرۆڤ بتوانێ هەموو جۆرە تەجروبە لە ووڵاتانی دیکەوە بهێنێتە پاڵ یەک بۆ ئەوەی ئەوە ئاکامێکی هەبێ!
قازی: ئەمن دەزانم بەڕێزت میسیۆن و سەفەرێکی ڕاستی دۆزینەوەت هەبوو بۆ  باشووری کوردستان  و پێم بەرێزت ماوەیەک لەوێ بووی و بە تایبەتی لەوێ چاوت لە جووڵانەوە لەگەڵ ڕۆژنامەوانان و ئازادیی ڕادەبڕین کرد. ئەگەر دەکرێ هێندێکیش باسی ئەو سەفەرە بکەی!
-بەڵێ لە مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٤ ئەمن سەرم لە ناوچەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا لە عێڕاق. بە نوێنەرایەتی کۆمەڵەیەکی سەربەخۆی ناحکوومی چوومە وێندەڕێ ناوەندی کەنداو کە لە بواری مافی مرۆڤ دا کار دەکا.
قازی: ئەو ناوەندە لە کوێ چالاکە؟
-لە هەرێمی کەنداو، بەڵام هەر وەها لە عێڕاق ، یەمەن و ئێران یانی لە سەرتاسەری ئەو ناوچەیە.یەکێک لەو بوارانەی کە ئەو ڕێکخراوەیە سەرنجی دەداتێ هەر پشتیوانی لە بەرگریکارانی مافی مرۆڤ نییە بەڵکوو جەختێکی زۆر تایبەتیشە لە سەر ئازادیی ڕا دەربڕین.
قازی: ئازادیی ڕادەربڕین!
-ئەو لایەنە بوو کە لەو بۆنەیە دا من لێم کۆڵییەوە بۆ ئەوەی بزانین ئازادیی ڕادەربڕین تا چ ڕادەیەک بەرتەنگ کراوە لە ناوچەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. داخودا ڕۆژنامەوانانی سەربەخۆ  ئازادن لەوەی دا کە دەینووسن؟ و حکوومەت و ئاکتۆری ناحکوومەتی تا چ ڕادەیەک حەول دەدەن بۆ بەرتەسک کردنەوەی ئەو ئازادییانە. یەکەم شتی کە سەرنجی منی ڕاکێشا  ئەوە بوو کە چاپەمەنی بە گشتی خەریکی  پەرەسەندنە. لەو ناوچەیە دا ژمارەی نووسەران هەر زیاد و زیاد دەکا. وێدەچێ کولتوورێکی گەورەی ئەدەبی هەبێ لەوێ. لە وێندەرێ هەژماری زۆر ڕۆژنامەی جۆر بە جۆر هەن. زۆر دەستگای میدیایی جۆر بە جۆر هەن و ئەوە خۆی هۆیەکی گەورەیە بۆ خۆشبینی و ئاشکرایە ئەو هەرێمە لە بەراورد کردن لە گەڵ عێڕاق بە گشتی داڵدەیەکی هێمنە بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەست ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە عێڕاق دەقەومن پەنای بۆ دەهێنن. جا بۆیە زۆر هۆی بەر چاو هەبوون بۆ خۆشبینی ئەوەی کە من لەوێ بۆم دەرکەوت. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا، نیگەرانی زۆر جیدی هەیە سەبارەت بە بەرتەنگ کردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین. لە ڕاستی دا چەند کەیسی کوشتنی ڕۆژنامەوانان قەوماوە لەوەی کە بە هێڵی سوور داندراوە تێیان پەڕاندووە. جا زۆر بە ڕوونی هەر کەسێک کە لەو بوارە دا لەو هەرێمە دا کار دەکا زۆر ئاگادارە لەوەی کە هێڵە سوورەکان کامانەن. ‌هێڵی ئاوای کە خۆیان دایانناوە و لێی تێ ناپەڕێنن. بۆ وێنە مرۆڤ ناتوانێ سەبارەت بە هەلومەرجی بنەماڵە سیاسەتمەدارە سەرەکییەکان بنووسێ لە ووڵاتەکە دا. ئەوە شتێکی زۆر بە مەترسییە ئەگەر کەسێک بیکا. ترس هەیە. بۆ وێنە سەردەشت عوسمان ڕۆژنامەوانێکی گەنج و خوێندکارێک بوو کە پارچە شێعرێکی بڵاو کرد بووەوە کە باسی یەکێک لەو بنەماڵە سیاسییانەی تێدا بوو. دواتر تێڕۆڕ کرا و ترسی ئەوە هەیە کە ئەو کوشتنە ڕاستەوڕاست بەسترابێتەوە بە نووسینی ئەو شێعرەی کە ئەو نووسیبووی. بۆیە هێڵە سوورەکان زۆر ئاشکران.
قازی: ئەگەر بۆم هەبێ پرسم چ جۆرە کەسانێکت دیت لەو سەفەرە دا؟ ئەو زانیارییانەی کە لەو سەفەر دا وەرتگرتن لە کێت وەرگرت چۆناوچۆن بوو ؟
-ئەمن چاوم کەوت بە سەرنووسەرانی ڕۆژنامەگەلی جۆر بە جۆری سەربەخۆ، لەوانە " ئاوێنە". من بەڕێوەبەرانی تێلێڤیزیۆنی ئێن.ئار.تی.م بینی، با بڕێک بیر بکەمەوە بزانم وەبیرم دێتەوە كێی دیکەشم دی. ئەو ڕێکخستنەی پارێزگاری لە مافی ڕۆژنامەوانان دەکا، ڕۆژنامەی سەربەخۆم دیتن. خەڵکی سەر بە ڕێکخراوە مەدەنییەکان. وەک گوتم خەڵکی کە بۆ ئێن.ئار.تی. کار دەکەن و چاپەمەنی  ئاوێنە.
قازی: بەڵام  ئەتۆ بۆ وێنە پێوەندییت نەکرد بە پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؟
-نا !
قازی : نەت دەویست ئەو پێوەندییە بگری ، داوات نەکرد ؟
-نا، ئەمن دەرفەتم نەبوو لەو سەفەرە دا. زۆرم پێ خۆش بوو ئەو دەرفەتەم هەبێ. زۆرم پێخۆش دەبێ بۆچوونی ئەوان لە سەر ڕاپۆرتەکەمان بزانم.
قازی: هیچ ڕاپۆرتێکت نووسیوە سەبارەت بەو سەفەرە؟
-بەڵێ ئێمە ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردووە ، هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە. لە ماوەی چەند حەوتووی داهاتوو دا بڵاو دەکرێتەوە. ڕەنگە تا ئەو کاتەی کە ئەم بەرنامەیە بڵاو دەکرێتەوە ڕاپۆرتەکە دەرکەوێ. هەستی پتەوی من ئەوە بوو کە پارتییە سیاسییە سەرەکییەکان دەستیان دەگاتە قووڵایی دنیای چاپەمەنی. هەستم ئەوە بوو کە کارتێکەری ئەو پارتییە سیاسییانە زۆر بە هێزە.زۆر دژوارە مرۆڤ بە تەواوی سەر بەخۆ بێ.جۆرە جیاوازەکانی چاپەمەنی بەو شێوەیە بۆ من باس کرا. جۆری یەکەم: میدیای سیاسی یە و ئەوە زۆر بە زەقی دەر دەکەوێ کە پێڕۆیی دەکا لە ڕێبازی سیاسی پارتییەکی تایبەتی و ئەوە بە ئاشکرایی لە وەشانەکانیانەوە دەردەکەوێ و حەولی شاردنەوەشی نادەن. جۆری دوویەم مێدیای سێبەرە کە خۆیان وەک سەربەخۆ نیشان دەدەن بەڵام لە ڕاستیدا لە ژێر کارتێکەری یەک لە پارتییە سیاسییەکان دان، بەڵام ئەوە زۆر زەق بەدەرەوە نییە. و جۆری سێیەم و دەستەی هەر پچووک ڕۆژنامەوانانی بە ڕاستی سەربەخۆن کە بوێرانە بە بێ ئەوەی خۆیان بە لایەنێک ببەستنەوە کاری خۆیان دەکەن و دەنگی خۆیان هەیە و جار جار لە هێڵە سوورەکانی تێدەپەڕێنن و بە تایبەتی گەندەڵی لە قاو دەدەن کە ئەوەش دیارە کێشەیەکی گرینگە لە هەرێم دا.
قازی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەیرانی و وەزعێکی کە هەیە پێت وایە کە ئەو چاوەدێریانەی ئێوە بە چ شێوەیەک دەتوانێ وەزعەکە باشتر بکا ، وەزع بگۆڕێ ؟
-دیارە ئارمانج و ویستی میستۆنێکی ئاوا ئەوەیە پشتیوانی لە خەڵکی ئەوتۆ بکرێ کە بوێرانە تێدەکۆشن بۆ ئەوەی دەنگی سەربەخۆ ببیسترێ. جا بۆیە مەبەست ئەوەیە ئەوان زیاتر بناسێندرێن، دەنگیان بڵاو بێتەوە و پشتیوانی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانیان بۆ ڕابکێشرێ بەو هیوایەی کە هەست پێ نەکەن بە تەنێن و کەسیان لە گەڵ نییە. بەو هیوایەی کە ئەو کارە هەستی هاوپێوەندییان پێ ببەخشێ، هەستی ئەوەیان لا ساز بکا وا هەست بکەن ئەو کارەی دەیکەن گرینگە و ئەوە لە لایەن هاوکارانیان لە ئاستێکی زۆر بەربڵاوتر دا ، لە دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  پێی دەزاندرێ.
قازی: لە کۆتایی دا ئەگەر دەکرێ باسێکی ئەو ناوەندە بکە کە ئێوە کاری تێدا دەکەن ناوەندی کەنداو بۆ مافی مرۆڤ!
-ئەمن لە هەیئەتی ڕاوێژکاری "ناوەندی کەنداو بۆ مافی مرۆڤ" دام. وەک پارێزەرێک، پارێزەرێکی سەربەخۆ بانگ کرام لەو هەیئەتە دا بم. ئەوە ڕێکخراوەیەکی سەربەخۆ یە و هیچ حکوومەتێکی لە پشت نییە لە ڕووی ماڵییەوە. بە دەرەجەی یەکەم حەول دەدا بۆ پشتیوانی کردن لە بەرگریکارانی مافی  مرۆڤ  و ئەوە دەوری سەرەکی ئەو ڕێکخراوەیەیە. ئێمە بانگەوازی بڵاو دەکەینەوە بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بە شێوەیەکی کەیفی دەست بەسەر بکرێ و بگیرێ لە بەر چالاکییە سیاسییەکانی لێر و لەوێ. ئەگەر تێکۆشەرانی مافی مرۆڤ بگیرێن ئێمە بانگەوازیان لە سەر بڵاو دەکەینەوە باسی ئەوە دەکەین چییان بە سەر هاتووە . حەول دەدەین زانیاری دروست بڵاو بکەینەوە لە سەریان و لە ئاستی جیهانی دا کار بۆ دۆزەکەیان بکەین. ئێمە هەر وەها حەول دەدەین بۆ بەکارهێنانی میکانیزمەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان. بۆ وێنە لەگەڵ نوێنەرانی تایبەتی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ کەیسی مافی مرۆڤ قسە دەکەین  بۆ زانیاری پێ گەیاندنیان بۆ ئەوەی بتوانن لە ووڵاتی بەرباس دا دەورێک بگێڕن  و سەردانی لێ بکەن. لەو دواییانە دا نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادی کۆبوونەوە سەری " عوممان" ی دا دوای مێژوویەکی درێژ لە گیر و گرفت لەو ووڵاتە دا. چەند مانگ لەوە پێش ئەو سەری وێی دا و ڕاپۆرتێکی سەرەتایی زۆر ڕەخنەگرانەی لە سەر ئەو بارو دۆخەی لەوێ لە ئارا دایە بڵاو کردەوە.

قازی: سپاس میلەنی بۆ کاتی بەڕێزت
-ئەمن زۆر سپاستان دەکەم



قازی: بینەرانی خۆشەویست. بەم پێیە دەگەینە کۆتایی ئەم وتووێژەشمان لەگەڵ پارێزەر بەڕێز مێلەنی گینجێڵ. هیوادارم ئەو باسانەی کە لێرە دا کردی لە پێوەندی لە گەڵ ئەو سەردان و چاوەدێریانەی لە دادگەی پارێزەرانی کوردی باکووری کوردستان هەیبووە و هەر وەها ئەو چاوەدێریانەی لەمەر ئازادی بەیان، لە سەفەرێکی کورت دا کە بۆ باشووری کردووە بۆ ئێوە بە کەلک بووبێ. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
ئەم وتووێژە لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستێرک ئێوارەی یەکشەمە ٤ی ژانڤییەی ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە!

سەرچاوە: ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ




No comments: