Tuesday, January 31, 2012

هێندێک بیره‌وه‌ری سه‌لاحودینی موهته‌دی له‌ مه‌ڕ شه‌هید عەلیڕەزای نابدڵ






هێندێک بیره‌وه‌ری سه‌لاحودینی موهته‌دی له‌ مه‌ڕ شه‌هید عەلیڕەزای نابدڵ
حه‌سه‌نی قازی

لە شێعری بەنێوبانگی " کوردستان" دا کە شەهیدی ئازەربایجانی عەلیڕەزا نابدل تێیدا بە خەڵک و تەبیعەتی کوردستانی هەڵ کوتووە لە جێیەک باسی "سەلاحەدین" دەکا و لە نێوەرۆکی شێعرەکە ڕا دەردەکەوێ جگە لە هێما بە " سەلاحەدینی ئەییوووبی " مەبەست لە سەلاحەدینێکی ئەم ڕۆژگارەشە.
من بە لە بەر چاو گرتنی ئەوەی دەمزانی نابدڵ لە سەرەتای ساڵانی ٤٠ی هەتاوی دا لە زانکۆی تاران لە دانیشکه‌ده‌ی حقووق خوێندوویە و لەو سەروبەندی دا کاک سەلاحودینی موهتەدی ش هەر له‌وێ خوێندکار بووە وای بۆدەچووم ئەو سەلاحەدینەی نابدڵ لە شێعرەکە دا باسی ده‌کا کاک سەلاحوددینی موهتەدی بێ، هەر بۆیە کاتێک بەڕێگای دوکتور فەیز نەژاد و کاک ئەنوەری سوڵتانی وەرگێڕانی دەقی "کوردستان" م بە قەڵەمی حەسەنی قزڵجی پێگەیشت و لە ٢٥ی مەی ٢٠١٠ لە 'ڕوانگە' دا بڵاوم کردەوە، نووسیم: "حەق وایە کاک سەلاحەدینی موهتەدی کە لەگەڵ نابدل لە بەشی حقووق لە زانکۆی تاران هاوپۆل بووە و لەم پارچە شێعرەدا نێوی هاتووە ئەگەر ئەم دێڕانە دەخوێنێتەوە، ئەزموونی دۆستایەتیی خۆی لەگەڵ ئەم ئینسانە گەورەیە و کەسایەتیی وی بۆ ئاگاداریی وەچەی ئێستا بگێڕێتەوە".
لە مانگی دێسامبری ساڵی ٢٠١١ برای خۆشەویست کاک ئەنوەری سوڵتانی ئاگاداری کردم سەفەر دەکا بۆ باشووری کوردستان و منیش داوام لێکرد ئەگەر چاوی بە بەڕیز سەلاحودینی موهتەدی کەوت داوخوازی لێ بکا بیرەوەرییەکانی لە مەڕ شەهید نابدڵ بگێڕێتەوە. لە دانیشتنێکی چەند سەعاتە لە نێوان کاک سەلاح، کاک ئەنوەر و کاک موحسینی قزڵجی ، بەڕێز سوڵتانی پرسیارەکانی من و خۆی لە گەڵ کاک سەلاح هێنابووە گۆڕێ و دواتر دەقەکەی بەو شێوەیە بۆ من نارد:

سەلاحوددینی موهتەدی و عەلی ڕەزا نابدڵ

ئێوارەی ڕۆژی ١٠/١٢/٢٠١١ لە سلێمانی چوومە خزمەت کاک سەلاحودینی موهتەدی. چاوپێکەوتنەکە دۆستێکی هاوبەش لەسەر داخوازی من و موافەقەی کاک سەلاح ڕێکی خست و من لەگەڵ ڕێزدار موحسین قزڵجیدا چوومە ماڵی کاک سەلاح.
چاوپێکەوتنەکە، دیدارێکی شەخسی و دۆستانە و نافەرمی بوو، ماوەی دوو سەعات و ٤٥ خولەکی خایاند و جگە لە هەواڵ و باس و خواسی شەخسی و پرسیاری تەندروستی و کەس وکار، زۆر و کەم هەموو ئەو ماوەیە گوێمان لە قسە و بیرەوەری کاک سەلاح گرت، یەکدوو ڕەخنەش لە نووسینەکانی من گیرا، کە لە شوێنی خۆیدا بوون و ئاماژەیەکیش بە ناوەرۆکی کتێبی نووسەرێکی دیکەش درا، کە لە گەڕانەوەدا بابەتەکەم بە نووسەری بەڕێز ڕاگەیاند.
پرسیارم لە کاک سەلاح کرد بۆچی کەم دەنووسێت، بۆ نموونە، لەسەر کاک سوارەی ئێلخانیزادە، کە وا هەیە ئەو باشترین کەس بێت بزانێت و بتوانێت ژیان و کارەکانی ناوبراو هەڵسەنگێنێت. گوتم ئێستاش دوای چەندەها ساڵ ئەو بابەتەی وا سەبارەت بە کاک سواره‌ لە 'مامۆستای کورد' دا بڵاوی کردەوە باشترین سەرچاوە بۆ ناسینی ئەوە. لە وەڵامدا کاک سەلاح گوتی ئەوە زۆر کۆنە و ئاگات لێ نییە لەم دواییەدا 'کاک محەممەدی بەهرەوەر' وتووێژی لەگەڵ کردووم و لەکتێبێکدا بڵاوی کردۆتەوە.١ لەدرێژەدا باسی سەرەتاکانی سەرهەڵدانی شێعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵی سێ کەسی خۆی، کاک سوارە و کاک فاتیح شێخولئیسلامی لە تارانی کرد و لە کارتێکەریی گۆرانی شاعیر لەسەرخۆیان دوا. کاک سەلاح، خۆی بە چیرۆک نووس و ڕەخنەگری شیعر ناودەبرد نەک شاعیر و گوتی جارێکیان کاک سوار پێی گوتم "ئەگەر ئێمە شیعر نەڵێین تۆ چی دەکەی؟"
پاشان پەیامی ڕێزدار حەسەنی قازیم سەبارەت بە نەمر 'عەلی ڕەزا نابدل' پێگەیاند و لە زمان ئەوەوە داوام لێکرد بابەتێک لەسەر نابدل و پەیوەندی لەگەڵ خۆی و بەگشتی گەلی کورد بنووسێت. کاک سەلاح دوای سڵاو و ڕێز بۆ کاک حەسەن، بە دوورودرێژی باسی پەیوەندی خۆی و کاک سوارەی لەگەڵ نابدل و 'سەمەدی بیهڕەنگی' کرد. لە کۆتاییدا کاتێ تکام لێکرد ئەو بابەتانە بنووسێت، گوتی "ئەوا من گوتم"؛ لەو قسەیە وا تێگەیشتم کە نەیەوێت یان کاتی نەبێت ڕاستەوخۆ ئەو بیرەوەرییانە بێنێتە سەر کاغەز بەڵام دژ بەوەش ناوەستێت کە بیرەوەرییەکانی لەم بارەیەوە بە کاک حەسەن ڕابگەیێنم، ئینجا کاک حەسەن خۆی بینووسێتەوە و ڕایبگەیێنێت. ئەوە تێگەیشتنی من بۆ لە "ئەوا من گوتم" ی کاک سەلاح، هیوادارم هەڵەم نەکردبێت. دیارە من قسەکانی کاک سەلاحم تۆمار نەکرد و نیاز لە سەردانەکەشم نە ووتووێژی فەرمی و تۆماری دەنگ بوو، نە هیچ شتێکی لەو چەشنە. بۆ سەردانێکی ساکار، دیدارێکی دۆستانە و گەیاندنی پەیامی کاک حەسەن چووبووم. جا ئێستا تاقە کارێک لە دەستم بێت ئەوە دەبێت کە هەرچییەک لە قسەکانی کاک سەلاحم لەبیر مابێت بیانهێنمە سەر کاغەز و بنێرم بۆ کاک حەسەن؛ ئیتر ئەو خۆی دەزانێ چی لێ دەکات.
بە بۆچوونی من ئەگەر کاک حەسەن بیەوێت ئەم بابەتە ڕابگەیێنێت، باشترین شێوەی کارەکە ئەوە دەبێت کە بە شێوەیەک ئەم یادداشتانەی من بنێرێت بۆ کاک سەلاح و داوای چاو پێداخشاندنەوەیانی لێ بکات، و لەئەنجامدا هەڵەی قەڵەمی من بگیرێت و ئەگەر بابەتێکی تەواوکەر هەبێت، کە بە دڵنیایی دەشبێت، لێیان زیاد بکرێت. ئەگەر ئەو کارە گونجاو نەبوو، بە باشی دەزانم نووسینەکەی من بنێررێت بۆ ڕێزدار موحسینی قزڵجی، کە لە دانیشتنەکەدا ئامادە بوو و وەک من گوێی لە قسەکانی کاک سەلاح گرتبوو بۆ ئەوەی کەم و کورتییەکانی تەواو بکات.

هەرچۆنێک بێت، ئەوەی خوارەوە هەموو ئەو خالانەیە کە لە قسەکانی کاک سەلاحم لەبیر ماوە:

"من نەمر 'عەلیڕەزا نابدل' م دەناسی و دۆستایەتیم لەگەڵیدا هەبوو، لەو شێعرەشدا کە بە تورکی بۆ کوردستانی گوتووە١ و ناوی 'سەلاحوددین' ی هێناوە٢، نیازی لە من بووە. کاک سوارەی ئێلخانی زادەی ئامۆزام دوای سێ ساڵ نەخۆشی و لەجێگەدا کەوتن، کاتێ هەستایەوە، چەند ساڵێک لەشاری تەورێز دەرسی خوێند.٣ لەو ماوەیەدا و دواتریش کاتێ کە لە زانکۆی حقووق لە تاران وەرگیرا، دۆستایەتی گەرم وگوڕی لەگەڵ عەلیڕەزا نابدل پێک هێنابوو. منیش کە لە هەمان زانکۆ دەرسم دەخوێند، لە ڕێگەی کاک سوارەوە نابدلم ناسی.
ئەودەم ئێمە ماڵمان لە تاران بوو و لەو ساڵەدا کە نابدل شێعرەکەی گوتبوو، من چووبووم بۆ باشووری کوردستان.٤ پاشان کە گەڕامەوە و چوومەوە سەر دەرس و خوێندنەکەم، پەیوەندێکی نزیکم لەگەڵ نابدل پەیداکرد. هەر لە ڕێگەی نابدلیشەوە بوو کە کاک سوارە و من بووینە ناسیاوی نەمر 'سەمەدی بیهڕەنگی'. ئەو ناسیاوییە، دوای ماوەیەک بوو بە دۆستایەتییەکی گەرم، ئینجا گەیشتە ڕادەی هاوبیری و هاوخەباتیی سیاسی. ئەوانی ئازەربایجانی و ئێمەی کورد لە خەباتی سیاسی دژ بە ڕژێمی شادا، خاڵی هاوبەشمان زۆر بوو و ئەو خاڵە هاوبەشانە، لێکی نزیک کردبووینەوە. لەگەڵ یەکتردا باسی خەباتی سیاسی دواڕۆژ و هەروەها ئەدەبیاتمان دەکرد و هاتوچۆی ماڵی یەکترمان هەبوو.٥ بڕیارمان دابوو ئەگەر ئەوان لە خەباتی سیاسی دژ بە ڕژیمدا تووشی تەنگژه هاتن ئێمە لەکوردستان داڵدەیان بدەین و ئەوانیش بە هەمان شێوە لە کاتی گیروگرفتی ئێمەدا، لە ئازەربایجان پارێزگاریمان لێ بکەن."

کاک سەلاح لەسەر بابەتی دۆستایەتی و هاوپشتی سیاسی خۆی و کاک سوارە لەگەڵ نابدل و بیهڕەنگی زیاتر دوا، بەڵام بەداخەوە هیچی دیکەم لەبیر نەماوە و وا بزانم ئاماژەی بە گیران و زیندانی بوونی خۆی یا نابدلی کرد کە بوو بە هۆی پچڕانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر. بەڵام ئەوەی وا بە ڕاشکاوی چەندجار دەست نیشانی کرد ئەوە بوو کە لە شێعرە ئازەربایجانییەکەی نابدلدا ناوی ئەو هاتووە و نیاز لە 'سەلاحەدین' ی ناو شێعرەکە، لە ڕاستیدا هەر ئەو خۆیەتی. کاک سەلاح هەروەها گوتی "نابدل ئەودەم شێعرەکەی وەرگێڕابووە سەر زمانی فارسیش و من نوسخەیم هەبوو."
ئەنوەر سوڵتانی
٢٤/١٢/٢٠١١

١.لێرەدا وەبیری کاک سەلاحم هێنایەوە کە کاک سوارە دوای چاکبوونەوەی نەخۆشییەکەی و پێش چوونی بۆ تەورێز، لای کەم یەک دووساڵێک لە دەبیرستانی بۆکان دەرسی خوێند و من لە پۆلی ٧ دا ببووم بە هاوپۆلی. ئەوەم بە کاک سەلاح نەگوت بەڵام دەزانم کە کاک حەسەن ئەییووب زادە و چەندەها کەسی هاوتەمەنی کاک حەسەن وەک من، لە دەبیرستانی بۆکان هاوپۆلی کاک سوارە بوون.
٢.کاک سەلاح لە بڕگەی کۆنگرەی دووهەمی حزبی دیموکڕاتی کوردستاندا، لە باشووری کوردستان دەژیا و لە دووبەرەکی و ناکۆکی باڵەکانی ڕێبەرایەتی حزبدا، لە ناحەزانی نەمر عەبدوڵڵای ئیسحاقی بوو و لە کێشەی نێوان نەمر بارزانی و دەفتەری سیاسی پارتی دیموکڕاتدا، لە دەفتەری سیاسی نزیک بوو. پاشان بە هاوکاریی نەمر محەممەدی ئێلخانی زادە، حزبی ڕزگاریی بنیات نا، کە دوای ماوەیەک هەڵوەشایەوە.
٣.کاک سەلاح ئاماژەی بە ماڵێک کرد لە خیابانی ئوردیبەهیشتی ڕووبەڕووی زانستگەی تاران. وابزانم گوتی ماڵی کاک سوارە لەوێ بوو. بە گوێرەی قسەی کاک سەلاح، نابدل و سەمەد هەردوکیان هاتوچۆی ئەو ماڵەیان دەکرد.
٤.نابدل لە شیعرەکەدا ناوی 'هەژار' و 'سەلاحەدین' وەک دوو خەباتکاری ڕێبازی ئازادی لە کوردستان دەهێنێت، هەندێک کەس لایان وایە نیازی نابدل لە 'سەلاحەدین'، 'سەلاحەدینی ئەییووبی' یە بەڵام کەسێک کە هێڵی فیکریی نابدل بناسێت دەزانێ ناوبراو کەسێک نەبووە شانازی بە سەلاحەدینی ئەییووبییەوە بکات، ئەویش لەو ساڵانەی کار و خەباتی سیاسی بەرەی چەپ لە ئێراندا.
٥.کاک موحسین قزڵجی لێرەدا گوتی ئەوە هەمان ئەو شێعرەیە کە خاڵە حەسەنم (مامۆستا حەسەنی قزڵجی) وەریگێڕایە سەر زمانی کوردی و لە سەر ڕادیۆ 'پەیکی ئێران' خوێندیەوە

ئەمن بەو ووڵامەی کاک ئەنوەر تەواو ئۆغژنی دڵم نەکەوت و داوام لێکرد ئەگەر دەکرێ بە ڕێگای کاک موحسین دا ئەو بابەتەی نووسیویە بۆ کاک سەلاحوددینی بنێرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ ڕوونتر بێ و ئاوام بۆ نووسی:
وێڕای سڵاو، زۆر سپاس بۆ ئەو ئاگادارییە، ئەمن پێم وایە ئەگەر ئەو یادداشتانە بۆ کاک موحسینی قزڵجی بنێری و داوای لێ بکەی نیشانی کاک سەلاحی بدا بۆ ئەوەی تەکمیلیان بکا زۆر باش دەبێ. ئەوەی گرینگە ئەوەیە زیاتر باسی نابدل بگێرێتەوە. بۆ نموونە لە شێعرەکەی نابدڵ را دەردەکەوێ ئەو سەفەری کوردستانی کردووە و تەبیعەت و چیای کوردستانی دیوە، داخودا کاک سەلاح هیچ ئاگای لەو سەفەرەی نابدل بۆ کوردستان هەیە یان نا ؟ لەو قسانەی کە بەڕێزت نووسیوته‌ ، کاک سەلاح هەر ئەوە دەگێرێتەوە کە ئەو سەلاحەدینەی نابدل لە شێعرەکە دا باسی کردووە مەبەست لە خۆیەتی ، کە دیارە پێشتریش ئەوە زانراوە.لە جیاتی تەحلیل ئەگەر دەکرێ حەول بدا ئەوە وەبیر خۆی بهێنێتەوە جاری یەکەم لە کوێ نابدلی دی ؟ باسی چییان کرد؟ ، چەند جاری چاو پێکەوت؟ داخودا شێعرەکە ئی پیش جووڵانەوەی چل و شەش چلو حەوتە یان دواتر ؟
ڕێزو حورمەت ، حەسەن
کاک ئەنوەر داوخوازەکەی منی جێ بە جێ کرد و بەخۆشییەوە دوای ماوەیەک ووڵامی نووسراوی کاک سەلاحودین بە ڕێگا و ماندووبوونی بەڕێز موحسینی قزڵجی بە دەستم گەیشت کە ئەوە لە خوارەوە وەکوو خۆی بڵاو دەکرێتەوە:

بۆ هەر تک دۆسته دێرینەکانم کاک ئەنوەری سوڵتانی و کاک حەسەنی قازی:

"سلامی چو بوی خوش آشنایی!"

له لایه ن هاوڕێی هاوئاوارەم کاک موحسینی قزڵجی یەوە نامەکەی کاک ئەنوەرم پێگەیشت و به هۆی ئه‌ویشه‌وه یادی یاری دوور وڵات و غەریبی شاران کاک حه‌سه‌نم لە لا گەشایەوە . سوپاس بۆ هەر سێکیان!
سەبارەت به دۆست و هاوبیر و هاوکەلاسی شه‌هیدم(عه‌لیڕه‌زا نابدل) پرسیارتان کرد بوو و ڕوونکردنەوەتان لێ خواستبووم .
من ئەوەی دەمزانی و لەو کاته کورته دا ده‌گونجا،له سەردان و دیداره گەرم و مێهرەبانانەکەی کاک ئەنوەر - له ماڵی خۆمان له سلێمانی - بۆم گێڕایه‌وه‌ و ئه‌ویش چه‌ندی له بیر مابوو، خاڵه سەره‌کییەکانی خستبوه ناو نامه‌که‌ی خۆی و له لەندەنەوە بۆی بەڕێ کردبووم که چاوێکی پێدا بخشێنمه‌وه‌ و کەموکورتییەکانی دەستنیشان بکەم و زێدەی بخەمە سەر.
پێش هەموو شتێک، نووسراوەکەی کاک ئەنوەر لە ژێر سەردێری " سه لاحوددینی موهته‌دی و عه‌لیڕه‌زا نابدل" ئەوەی کە پەیوەندی به هاتنی خۆی و دانیشتن و دیدار و نوێکردنەوەی دۆستایەتی و بڕێک گله و ڕەخنەی من نووسیویەتی،زۆر دۆستانه و راستگۆیانەیە و پێویستی به هیچ دەستلێدانێک نییه و تکا دەکەم هەر وەک خۆی دووپات و بڵاو بکرێته وه و ببێته پێشه‌کی بۆ ئەم نووسراوه ی من .

بەڵام سەبارەت به عەلیڕەزا نابدل و پرسیارەکان، من چەندەم زانیاری هەبێ و له بیرم مابێ بۆتانی دەنووسم:

الف-من و سواره هاوتەمەن و هاوبنەماڵە و ڕەفیقی خۆشەویستی دەورانی یاری و دڵداری و شێعر وئەدەب و سیاسەت و کوردایه تی بووین به درێژایی تەمەنی کورتی سواره . سوارە مێرمنداڵە بوو که نەخۆش کەوت و له پێ کەوت و سێ ساڵ له سەر جێ بوو . ئەو سێ ساڵه من له ته ورێز دەبیرستانم تەواو کرد و ئەوم له خوێندنا به جێ هێشت و چوومه زانکۆ له تاران ١٣٣٨ - ١٩٥٩

که سواره له نەخۆشی هەستاوە و هاته هەمان کۆلێجی حقووق ، من ساڵی سێهەم بووم .
هەر ئەو ساڵە له لایه‌ن " یەکیەتی خوێندکارانی کورد له زانستگاکانی ئێران"پێم سپێردرا (ساڵی ١٣٤١-١٩٦٢)
که بچم بۆ کوردستانی عێراق و ئاگاداری و زانیاری هەم له سەر شۆرش و هەم له سەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران " که ئێمه یەکیەتی خوێندکاران تازه ساڵێک بوو پێی پەیوەست ببووین " بنێرمەوە بۆ یەکیەتی خوێندکاران و کۆمیتەی تارانی حیزبی دێمۆکرات - که خۆم له هەر دووکیاندا بەشدار بووم - چونکه خەبەری ئاڵۆزی و بێسەرە و بەرەیی هەر دووکیانمان پێگەیشتبوو ، نیگەرانی و خەفەت دایگرتبووین ، جگه لەوە هەموومان ئەو کات زۆر سەرەڕۆ و سوێر خەبەر بووین و هەواڵ و هەوای شۆرش وەباوی خستبووین ،وەباڵی خستبووین ! بڕیار درابوو که من له کوردستانی عیراقیشه وه بچم بۆ ئورووپا و بەشداری بکەم لەو
کۆمەڵەی سەرەتاسەری و کوردستانی خوێندکارانه که قەرار بوو له خوێندکارانی هەر چوار پارچەکە پێک بێت و ئێمه بەینێک بوو لەو بارەوە به نهێنی نامەمان لەگەڵ ئورووپا ئاڵوگۆڕ دەکرد.
من دڵم له کوردستان پێ هەڵنەدەقەندرا و نه چووم بۆ ئورووپا و بوومه پێشمەرگە و سێ سال له کوردستانی عێڕاق مامەوە . ئەوەش مێژوویەکی پڕ له هه وراز و نشێو و رووداوی تاڵ و شیرینه و من لێره ناچمه نێو ئەو باسه .
دوای سێ ساڵ که گەڕامەوە ئێران و چوومەوە کۆلێجی حقووق ، سواره سێ سال بوو لەوێ دەیخوێندو دیسان بووینه هاوکەلاس!
ب - لەو سێ ساڵه دا سواره لە گەڵ عەلیڕەزا نابدل ببوون به دوو ڕەفیقی زۆر سەمیمی و لە یەکتر نزیک . لەم سێ ساڵەی دۆستایەتییان سواره باسی شێعری هەژار و خەباتی منی بۆ عەلیڕەزا کرد بوو، هەر بۆیه کاتێک من گەڕامەوە بۆ زانکۆ ، لە گەڵ عەلیڕەزا وەکوو دوو رەفیقی قەدیم و دۆستی دێرین وابووین و عەلێڕەزا هەموو شتێکی له سەر ژیان و کار و خوێندن و خەباتی من دەزانی .بە تایبەت کە دوای گەڕانەوەم بۆ ئێران عەلیڕەزا - که ئیتر زۆربەی ڕۆژەکان پێکەوە بووین – دەیدیت و دەیزانی کە من تێهەڵچوومەوە و درێژه به خەبات و چالاکی نهێنی دەدەم و کورد کوتەنی " ته مبێ !" نەبووم و بەشێک له خەباتەکەش بە بەشداری و ئاگاداری خۆیەتی.
جا بۆیه خۆشەویستی و گیرۆدەیی ئەو بۆ من زۆر زیادی کردبوو ، خۆی کوتەنی ببووینه پیر و مورید !!
لەو کاتانه دا بوو که عەلیڕەزا شێعرێکی کوت به زمانی تورکی له ژێر ناوی " قزڵ وه‌زان" و ئەو چۆمه درێژه‌ی کردبووه وێنه و نموونەیەک بۆ پەیوەند و دۆستایەتی کورد و تورک و فارس کە له کوردستان و له کوێستانەکانی "چل چه‌مه‌ "وه سەرچاوە دەگرێ و بە ئازەربایجاندا تێدەپەڕێ و پێی دەڵێن "قزڵ ئوێزەن " و له شیمالی ئێران تێکەڵ به دەریای خەزەر دەبێ و ناوی دەبێتە " سفید رود ". هەر بۆیەش پێویسته ئەو سێ گەلە ده ست بدەنە دەستی یەکتر و پێکه وه هاو خەبات و هاو چارەنووس بن .
ئه و شێعرەشی پێشکەش به من کرد و به خەتی خۆی له سەری نووسی و دەسخەتەکەشی دا به من . له سەر داوای من هەر خۆی تەرجەمەی کرد به فارسی و ئەو پێشکەش کردنەی لە سەر دەقە فارسییەکەش نووسی ومن هەر دوو نوسخەکەم لە لا بوو.لە ساڵی 1347 (1968) که من له لایه‌ن ساواکه‌وه گیرام ، ئه‌و شێعر و دەسخەتە خۆشەویستەشم وەک زۆر نووسراوه و بەڵگەی بەنرخی دیکە لێ فەوتا .که وا بوو شێعرەکە
له ساڵی 1346 (1967) گوتراوه .

ج - عەلیڕەزا جگه له کۆلێجی حقووق که لەگەڵ ئێمە هاودەورە بوو ، کۆلێج یا ئەنستیتۆیەکی دیکەشی خوێندبوو ، که تەواوی کردبوو بەڕێ کرابوو بۆ سەربازی و زۆر به دەگمەن بۆی هەڵدەکەوت بێته سه ر کەلاس و ئەو کاتانەش که نەیدەتوانی ئاماده بێ ، ئێمەی خوێندکارانی کورد لەباتی ئەو جوابی حازر و غایبەکانمان بۆ ده داوه . زۆر بێزار بوو له تەعلیماتی سەربازی و شێعرێکی زۆر جوانی دانابوو بۆ پادگانەکەی خۆیان و ناوی نابوو (حماقتهای متوازن و متقاطع)، بەداخەوە من شێعرەکەم لە بەر نەماوە.
که له پادگان مەرەخەس دەبوو ، ماندوو مردوو چڵکن و ئارەقاوی ، دەهاتەوە بۆ ئەو ماڵەی خیابانی ئوردیبێهێشت بەرامبەری زانکۆی تاران که چەند خوێندکارێکی ڕەفیقی خۆمان گرتبوویان و ببوه ماڵ و مەکۆی گشت لایەکمان. وا بزانم ئەو ماڵە کاک فاتیح و کاک موسلیح [ شێخەلئیسلامی ] و کاک مەحموودی مەردووخ و چەند خوێندکارێکی سنەیی گرتبوویان، نازانم کاک ئەمیری حەسەنپوور لەگەڵ بوو یان نا ؟ له خۆی بپرسن ، کاک سواره ژن و ماڵی هەبوو،به جیا دەژیا بەڵام هات و چۆی دەکرد . عەلیڕەزا ڕۆژانه دوای خزمه ت و مەشقی سەربازی دەهاتەوە ئەو ماڵه، شیو و کوڵی دەکرد و خۆی دەشوشت و دەحەساوە و دەمە تەقەمان دەکرد.

د- عەلیڕەزا و سەمەدی بێهڕەنگی دۆست بوون ، لە تەورێز ڕۆژنامەیەک نازانم ناوەکەی پەیام بوو یا پەیمان بوو ، بەڵام دەزانم خاوەنەکەی پیرەمێردێک بوو پێیان دەگوت حاجی ئاغا . عەلیڕەزا و سەمەد و ڕەفیقەکانیان لە گەڵ حاجی ئاغا ڕێک کەوتبوون و هەموو جومعەیەک شێعر و مەقالەی بەنرخ و پێشکەوتنخوازانە و نوێخوازانەیان تێدا دەنووسی. [خاوه‌نی ئیمتیازی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ که‌ نێوی " مهد آزادی " بووه‌، ئه‌و سه‌روبه‌ندی که‌سێک بووه‌ به‌ ناوی ئیسماعیلی په‌یمان و ڕه‌نگه‌ ئه‌و حاجی ئاغایه‌ی کاک سه‌لاحوددین باسی ده‌کا هه‌ر ئه‌و که‌سه‌ بێ.ح.ق]
عەلیڕەزا شێعر و مەقالەکانی خۆی به ناوی "ئۆکتای"بڵاو دەکردەوە ، جار جارەش شێعری شۆڕشگێڕانەی دادەنا به تورکی و ناوی شاعیرێکی سەدەکانی پێشووی لێده نا .ئەو ڕۆژنامەیە دەگەیشتە دەستی ئێمە لە تاران و وام له بیره که ڕەفیقەکانی ئێمەش مەقالەیان بۆ دەنارد ( تکایه له کاک ئەمیر و کاک فاتیح بپرسن.)

[ تێبینی ح.ق. دوکتور ئەمیری حەسەنپوور لە ووتارێک دا بە نێوی:" عەلیڕەزا نابدل: ئازەربایجان و کوردستان دوێنێ و ئەمڕۆ. بە بۆنەی دیسان بڵاو کردنەوەی " آقای پان و احوالاتش" که‌ لە ٧ی ئاوریلی ٢٠١١ لە "ڕوانگە" دا بڵاو بووەوە دەنووسێ:
" نووسراوەی " ‌آقای پان" و " احوالاتش" بە ئاشکرا، لە ڕۆژنامەی مهد آزادی دا کە لە تەورێز دەردەچوو بڵاو کراوە. نێوەرۆکی ئەو ڕۆژنامەیە زیاتر دەنگوباس و ئاگاداریی ناوچەی تەورێز و ئازەربایجان بوو بەڵام، بە دەستپێشخەری دەستەیەک لە ڕووناکبیران – تێکۆشەرانی چەپی تەورێز لەوانە: سەمەدی بێهڕەنگی، بێهرووزی دێهقانی و عەلیڕەزای نابدڵ و پەسندی خاوەنی ڕۆژنامەکە، ژمارەکانی ڕۆژانی جومعەی ئەو ڕۆژنامەیە کە نێوی "آدینە"ی لێ نرابوو و تەرخان دەکرا بۆ باسی سیاسی و کولتووری و ڕووناکبیری. مهد آزادی – آدینە وەک زۆرێک لە بڵاوکراوەکانی ئەستانەکان لە هەموو ئێران بڵاو نەدەبووەوە. من لە نێوان ساڵانی ١٣٤٤-١٣٤٦ لە مەهاباد بووم و بۆ ماوەیەک لە دەبیرستان دەرسم دەگوتەوە، لە ڕێگای هاوکار و دۆستێکی ئازەربایجانییەوە کە لە گەڵ دەستەی سەمەد وبێهرووز و عەلیڕەزا پێوەندی هەبوو به‌ تێکۆشانی ئەوانم زانی و دوو یان سێ نووسراوەم سەبارەت بە فۆڵکڵۆری کوردی بە نێوی خواستەمەنی " میکاییل ئارامیان" بۆ آدینە نووسی.]

به هەوڵ و هیممەتی عەلیڕەزا من توانیم سەمەدی بێهڕەنگی بناسم و له نزیکەوە بیبینم . گومانم نییه له دیداری یەکەمدا سواره له گەڵ بوو ، بۆ دیدارەکانی دیکه زۆر دڵنیا نیم چونکه سواره هەمیشە له ئەدەب و سیاسەتدا که سەرەتایەکەمان دادەمەزراند، درێژه پێدان و له سەر ڕۆیشتنەکەی بۆ من بەجێ دەهێشت و خۆی له شتێکی نوێتر دەگەڕا !
دیدارەکانی ئێمه له ناو دانیشگا و زۆرتر له نزیک مەیدانی فوتباڵەکە و جارجارەش له سەکۆ و پلیکانەکانی نێوان کۆلێجی حقووق و باشگای دانیشگا بەڕێوە دەچوو .کارتی خوێندکاری ڕه‌فیقەکانی ئێمه بە سەمەد دەدرا بۆ هاتنه ژوورەوەی دانیشگا .من وام له بیره هاوڕێکەی دیکەیان بیهرووزی دێهقانی بوو که هەر ئەو کاتیش به‌ نیوه نهێنی دەژیا، زۆر کوڕێکی جیددی و ئەهلی عەمەل دیار بوو ، هەر یەکجاریش بەشداری کۆبوونەوەکانی ئێمەی کرد و له بیرمە قسەمان لەوە کرد ئەگەر ئەوان لە خەباتی سیاسی دژ به ڕێژیمدا تووشی تەنگژە هاتن له کوردستانی ئێران داڵدەیان بدەین یان بیاننێرین بۆ کوردستانی عێراق، ئەوانیش به هەمانشێوە له کاتی گیر و گرفتی ئێمه له ئازەربایجان بمانپاریزن .
له ووتووێژەکان دا له باسی هەیکەلی سیاسی و پێکهاتەی نەتەوەیی و جۆغرافیایی ئێران دەدواین و قسەمان له چارەنووسی گەلانی ئێران دەکرد و چاکم له بیره که هەر دوو لامان ساغ ببووینەوە که دیفاع له تێزی (کثیرالملله) بوونی ئێران بکەین.
له سەر ئەوەش کۆک بووین کە ئەدەبیاتی ئێمە بە زمانی تایبەتی ئەدیبانە دەبێ ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕە بێ و دەبێ شێوەیەکی نووسین هەڵبژێرین لە بەرهەمە ئەدەبییەکانماندا کە لە گەڵ گۆڕانکاری و نوێبوونەوەی سەردەم بگونجێ. 'ماسیە ڕەشە بچکۆڵەکە'ی سەمەد و 'خەوە بەردینە'ی سوارە نموونەی بەرز و بەرجەستەی ئەو باوەڕەن.ڕەنگە سێ یا چوار کۆبوونەوەمان کرد بێ، بەڵام ئەو کات من سەرم زۆر قاڵ بوو،چونکە ئەرکی پەیوەندی لە گەڵ بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە چەکدارییەکەی ٤٦-٤٧ و دیداری بەردەوامی نهێنی لە گەڵ پێشمەرگە بە من سپێردرابوو.
ئێمەی خوێندکارانی کورد لەم قۆناغی دووهەمی چالاکییەکانمان که ساڵی ١٣٤٥ دیسان دەستمان پێکردبۆوه، کەوتبووینه ناو گێژاوێکی سەختی فیکری و سیاسییەوە و رێگای هات و نەهاتمان لە بەر بوو : ئایا هەر درێژه به خەباتی نهێنی و سیاسی بدەین یا لەگەڵ ئەو بزووتنەوە چەکدارییە تازەیەی کە بە تەواوی لەگەڵیان هاوباوەڕ و هاوخەبات بووین تێکەڵ بین و دیسان هێمن گوتەنی" ڕوو لە چیای ئەستەم کەین"؟ ئەو کات هەڵبژاردن و سەرەدەر کردن لەم پرسە سەخت و گرانە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو ئێران گەنجان و خوێندکاران و شۆڕشگێڕانی بە خۆیەوە خەریک کرد بوو. عەلیڕەزا منی هان دەدا بۆ ڕێگایەکی چەکداری و شۆڕشگێڕانە کە لە کوردستان دەست پێدەکات و هەموو ئێرانیش دەگرێتەوە.
شێعری " ئێوه کێن خێڵی درۆ" ی سواره ڕەنگدانەوەی ئەو ململانی و جەدەلە فیکری و سیاسییە بوو ، بەڵام شەهید کرانی یەک لە دوای یەکی سەرکردە و فەرماندەکانی بزووتنەوەکە و خێرا دوای ئەوەش گیرانی من و بڕێک لە ڕەفیقەکانم لە 'جەڵدیان' لە ساڵی ١٣٤٧ کۆتایی بەم دەورە لە خەباتی یەکیەتی خوێندکارانی کورد و مەسەلەی "بڕۆین یا نەڕۆین" هێنا.
لەم کەشمەکەشم و بگره و بەردە دا ، من و عەلیڕەزا دەست و دەنگمان لێک دابڕا ، هەر کام بە جیا بەڵام هەر دووکمان بە یەک ئاواتەوە کەوتینە ناو گەرداوی چارەنووسێکی خوێناوییەوە. ئاگام لە عەلیڕەزا نەما تا خەبەری مەرگە دڵتەزێن و سەربەرزانەکەییم پێگەیشت.
که چیرۆکی بریندار بوون و گیران و خۆ فڕێدانه خوار لە باڵەخانە بەرزەکەی دەزگای تەحقیق و پاشان دەست خستنە ناو برین و هەوڵی هەڵدڕینی وورگی خۆیم بیست تا بە زیندوویی نەکەوێتە دەست دۆژمن و دەنگۆکەش دەم بە دەم دەگەڕا و دەگێڕدرایەوە، من ئەو کوڕە کورتە باڵا چاویلکە لەچاوەم بیر کەوتەوە کە زیاتر لە شاعیرێکی هەست ناسکی ئارام و فەیلەسووفێکی مەند و مەزن دەچوو تا جەنگاوەرێکی پارتیزانی ناو شار.

ه – هەر ئەو کات که له کۆلێجی حقووقی زانکۆی تاران هەموومان پێکەوە بووین سواره بەڵێنی دابوو 'قزڵ وه‌زان'ە کەی عەلیڕەزا بکاته کوردی بەڵام پەلامارە بەرین و بەربڵاوەکەی ساڵی 1347 ساواک و گیرانی من و لە بەریەک ترازانی یەکیەتی خوێندکارانی کورد،منداڵدانی خەیاڵی جوان و زمانی پاراوی سوارەشی پووکاندەوە و نەک هەر ئەو کۆرپەیەی لەبەر برد، بەڵکوو نزیکەی ساڵێک دوای گیرانەکەی ئێمە ( کە لەو ماوەیە دا سوارە بڕێک لە شێعرە هەرە بەرزەکانی کوتووە، لە وانە "حەنجەرەی زەمان" و بە نهێنی بڵاوی کردۆتەوە) ئیتر وردە وردە بەرەو دوا، ناهومێدی و دەستەنگی و خەمی نان و ترس و تەنیایی باڵی بە سەر دا کێشا، نەزۆک بوو، نووزەی لێ بڕا!
شێعرەکەی عەلیڕەزا دوایە گۆیا لە لایەن کوردیزانی مەزن و شەهیدی ڕەنج بە خەسار مامۆستا حەسەنی قزڵجی یەوە کراوە بە کوردی و لە ڕادیۆی پەیکی ئێران خوێندراوەتەوە. هیوادارم کاک موحسینی خوشکەزای کە لە من زیاتری وەدوو کەوتووە و ئاگادارە باسەکەتان بۆ تەکمیل بکا.

و - له جوابی ئەو پرسیارەش کە ئایا عەلیڕەزا سەفەری کوردستانی کردووە یا هەر کوردستانی دیوە، ڕاستی قەتم لێ نەبیستبوو کە سەفەری کرد بێ و سەری کوردستانی دابێ و نەشمزانیوە بێجگەلە ئێمە لە گەڵ کوردی دیکە پەیوەندیی دۆستایەتی هەبووبێ، هەر چەند بە دووریشی نازانم، بەڵام هەموو زانیارییەکانی لە سەر کوردستان و تەبیعەتەکەی و خەباتی درێژخایەنی و لە سەر " هەژار و منیش" لە سوارە وەرگرتبوو ، شێعرەکەشی لە سەر ئەو زانیارییانە دانا بوو.
ئارەزووم ئەوەیە کە دوای ڕزگاری کە درەنگ یا زوو هەر دێت و ئێمە و نەسلی دوای ئێمەش لە سەر زۆڵە چەرم کردوومانە و بووینە قیری کەوای سپی و لە کۆڵی نابینەوە، کاتێک ئەو ڕۆژە هات، من و هاوتەمەنەکانی من و دۆستانی عەلیڕەزای نابدڵ زیندوو بووین یا مردوو، لە خۆشترین شوێن لە گەورەترین شاری کوردستان پەیکەرە و ناوی عەلیڕەزای شۆڕشگێڕی دۆستی کورد،بدرەوشێتەوە.

سه لا حوددینی موهته دی
١٣-١-٢٠١٢



کوردستان
اوکتای

بو داغلار اوجا باش
اوجا باش داغلارا قانلی چکمەلر
یول ‌آچا بیلمز
بو داغن جیرانی اوزگە اوچونن اوخونا گلمز
قولاری باغلانان اسیر بیر انسان
توتقون آخشاملار دا آغلاماز، گولمز

درەلر درین، ائلە درین کی
"هژار" درینلیکدە انسانلار بسلەییب
درەلردە آخان " قزل اوزەن"ی
سویی هم شیرین، هم دە آتشین
ائلە بیر سوکی، او بیزیم یوردومزە چاتاندا بئلە
هدیە گتیریر کئچدی ائلردەن اورەگ آتشین
دوشلر مشەلک، پالت مشلەر
آخشاملار اوخور، هر قوش مین دستان
بو لای لای سسیلە آستاجا آستاجا
اوخویە گئدیر، گوزەل کوردستان

بو داغلار قوجا باش، ائلری اوجا باش
هاممیە بیر دوست، بیزە بیر قارداش
ای یاخلان اودلار دا ، بیرلیکدە یانان، وفالی یولداش
دوشلر دن ینسک ، چکیلیب یایلب
قوم گوی زنبق تک ، دوزلر دە توتون
دوزلردە چاڵشیر اوغلانلار، قزلار گوندوزو بوتون

یایلاق دا اوبا، اوبا دا چوبان
چوبانن آغزندا اینجە بیر توتک
او سویلەییر ایگیتلر چکن غمی
ائلە بیر غم کی ، 'بیستون' داغندا
ایگیت 'فرهاد'ی بولاییر قانا
عصرینین گوزەلی، یوردونون چیچگی
‌آلاگویز ' شیرین'ی گتیرر جانا

بو داغلار اوجا باش
اوجا باش داغلارا،قانلی چکمەلر یول آچا بیلمز
بو داغدا گزرلر، ایری گویز اوغوللار
اورەگلریندە، درین بیر سئوگی
او سئوگی کی ' صلاح الدین "ن گونلون داغلدی
افسانەلر دە، انسانلار تکین،بئلن باغلادی
درەلر درین، سولار آتشین
دوزلر توتونلک، دوشلر مشەلک
آخشاملار قوشور هر قوش مین دستان
بورا کوردستان ، بورا کوردستان
خان ' قزل اوزەن' آخان گونەدک
اولدوزلار یرە باخان گونەدک
بول اولسون خلقینن اکدیگی بوستان
وار اولسون بیزیم قارداش کوردستان


کوردستان
عەلیڕەزای نابدل (ئۆختای)
وەرگێڕانی حەسەنی قزڵجی

هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی به‌رز!
کام چه‌کمه‌ی خوێناوی ده‌توانێ به‌ ئه‌م چیا به‌رزانه‌دا سه‌رکه‌وێ!
کام ڕاوکه‌ری بێگانه‌ ده‌توانێ ئاسکه‌ شاره‌زاکانی ئه‌م ڕه‌وه‌زانه‌ به‌ دیل بگرێ!
ئێواره‌یه‌کی خه‌فه‌تاوی،
ئینسانێکی دیل به‌ ده‌ستی به‌ستراو،
نه‌ پێکه‌نینێکی به‌سه‌ر لێوه‌وه‌ و نه‌ گریانێک،
به‌ سام وێستاوه‌.
هۆ، چ شیو و دۆڵێکی قووڵ!
ئه‌وه‌نده‌ قووڵ که‌ ئینسانی به‌ قووڵایی “هەژار” خولقاندووه‌.
هۆ، چ شیوێک، هاژه‌ی قزڵ وه‌زان له‌ ده‌میدا شیرین و ئاگرینه‌،
به‌ چه‌شنێکی وا که‌ ده‌ڕژێته‌ خاکی ئێمه‌وه‌
وه‌ک قاسیدی دڵی ئاگرین خه‌ڵک ... [وشەیەک نابیسترێ]
نزار و لێڕه‌واری به‌ڕوو به‌ به‌رۆکی چیاکاندا هه‌ڵده‌کشێن.
ئێواران هه‌ر مه‌لێک هه‌زار ئاوازی ئه‌فسانه‌یی ده‌خوێنێ،
ئه‌و ئه‌فسانانه‌ی وه‌ک لایه‌لایه‌ی دایکێک وان که‌ به‌ هه‌وای ئه‌وانه‌،
کوردستانی جوان ورده‌ ورده‌ خه‌و دیباته‌وه‌.
ئه‌وسا که‌ ده‌ڕوانییه‌ پێده‌شتییه‌کان،
مه‌زرای سه‌وزی تووتن وه‌ک زه‌نبه‌ق ڕاخراو، چاوت ده‌لاوێننه‌وه‌.
به‌ درێژایی رۆژ کچان و کوڕان
به‌ پانایی ئه‌و ده‌شته‌دا ئاره‌ق ده‌ڕێژن.
ڕه‌شماڵان له‌ کوێستان،
شوان له‌ ده‌وار و بلوێر به‌ ده‌م شوانه‌وه‌،
ئاوازی خوێناوی لێ ده‌دا و به‌ په‌رۆشێکی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌،
که‌ فه‌رهادی قاره‌مانی له‌ باوه‌شی بێستووندا نوقمی خوێن کرد
و شیرین ئه‌و شۆخه‌ی ڕۆژگاری خۆی و خونچه‌ی وڵاته‌که‌ی له‌ گیانی خۆی وه‌ڕز کرد.
هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی به‌رز!
کام چه‌کمه‌ی خوێناوی ده‌توانێ به‌ ناو ڕه‌وه‌زه‌کانیدا بڕوا!
کوڕانی چاوگه‌لاوێژ ڕاوکه‌ری ئه‌م ڕه‌وه‌زانه‌ن
و مه‌حه‌به‌تێکی ئه‌وه‌نده‌ قووڵیش له‌ دڵیاندا ده‌جووڵێ
که‌ داخ ده‌باته‌ دڵی” سه‌لاحه‌دینه‌وه‌”،
به‌ حیماسه‌ی ئه‌فسانه‌یی تووڕه‌ییه‌وه‌ که‌ دڵی دوژمن داده‌خورپێنێ.
هۆ، چ که‌ژ و کێوێکی چه‌قیو و داکوتراو!
چ خه‌ڵکێکی سه‌ربه‌رز!
دۆستی هه‌موان و برای ئێمه‌!
هاڤاڵ چه‌نده‌ به‌ ئه‌مه‌گی!
ئه‌مه‌گێکی ئه‌وه‌نده‌ مه‌زن وه‌کوو تاشه‌به‌رد له‌ناو بڵێسه‌ی ئاگردا.
چ شیو و دۆڵێکی قووڵ، چ ئاوێکی ئاگرین!
نزاره‌کان به‌ بناره‌کاندا ڕاکشاون،
تووتنه‌کان ده‌شتاییه‌کانیان داپۆشیوه‌.
ئێواران هه‌ر مه‌لێک هه‌زاران ئه‌فسانه‌ ده‌خوێنێ، هه‌زاران و هه‌زاران.
ئه‌مه‌یه‌ کوردستان، ئه‌مه‌یه‌ کوردستان!
تا ئه‌و وه‌خته‌ که‌ قزڵ وه‌زان ئاژینه‌ و خوڕه‌ی دێ
و ئه‌ستێره‌کان چاو له‌ زه‌وی دادەگرن،
به‌روبووی ڕه‌نجی شانی خه‌ڵکه‌که‌ت هه‌ر زۆر بێ!
کوردستانی برامان هه‌ر بژی!


نەمر سوارە ئێلخانیزادە و کاک سەلاحوددینی موهتەدی و چەند کەسی دیکە لە موهتەدییەکان. ئەم وێنەیە وێدەچێ ئی ئەو سەروبەندە بێ کە کاک سەلاحوددین باسی کردووە.


زانکۆی تاران، لە بەر " باشگای دانشگاە" ساڵی ١٣٤١ی هەتاوی.
لە ڕاستەوە: عەلیی حەسەنیانی، ئەمیری حەسەنپوور، ڕەحمانی شەریفزادە، محەمەدی فەڕشچی، بایزی مەردووخی، سەلاحودینی موهتەدی ، ئەمیری قازی. ئەم وێنەیەی کاک سەلاح و ژمارەیەک لە خوێندکارانی کوردی زانکۆی تارانیش هەر ئی ئەو سەروبەندانە.

*تێبینی لەمەڕ وێنەکان: وێنەی شەهید عەلیڕەزای نابدڵ لە ئینترنێت، و ێنەی نەمر سوارەی ئێلخانی زادە و کاک سەلاحودینی موهتەدی بە سپاسەوە کاک ئازادی ئێلخانیزادە بۆ 'روانگە'ی ناردووە. وێنەی خوێندکارانی کورد لە زانکۆی تاران بە سپاسەوە لە ماڵی فەیس بووکی کاک هێدی وەرگیراوە کە ئەویش کاک ئاگرینی حەسەنیانی بۆی ناردووە

Wednesday, January 25, 2012

یادداشتەکانی مەنافی کەریمی وەزیری فەرهەنگی کۆماری کوردستان، بە بۆنەی تێوەرسووڕانەوەی ٦٦ ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دا







یادداشتەکانی میرزا مەنافی کەریمی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەنی قازی

قازیی محەمەد لە سەروبەندی حکوومەتی کوردستان دا تەمەنی ٤٦ساڵ بوو و بەو توانایی زاتییەی کە هەیبوو جگە لە زمانی کوردی لە گەڵ زمانی ئینگلیسی،فەڕانسەیی،ڕووسی، فارسی و تورکی ش ئاشنایی هەبوو. بۆ فێر بوون و خوێندەواری لاوانی کورد هەستیارییەکی تایبەتی لە خۆیەوە نیشان دەدا و هەر بۆیەش بۆ ماوەی درێژ سەرۆکی ئیدارەی مەعاریفی شارستانی مەهاباد بوو. وێچوو بوو، لاواز و ڕەشتاڵە بوو، چاوی زەق و درەوشاوە بوو، ردێنێکی کورتی دەهێشتەوەو ئەوەش لە وەجاهەتی زیاد دەکرد. زۆر شەوان دوای سەعاتێک یان دوو سەعات لە دوای نیوەشەو دەیفەرموو مەناف ئەمشەو دەچمە سەردانی دەورو بەری شاری. لەوەی کە لە شاری دا ئارامی و هێمنی تەواو لە گۆڕێ دا بوو ڕازی و خۆشحاڵ بوو. قەت خۆی لە خەڵک و هاوکارەکانی جوێ نەدەکردەوە و لە میوانی و جێژنی تایبەتی ئەوان دا بەشداری دەکرد. هەڵسوکەوتی لە گەڵ خەڵک و بە تایبەتی لە گەڵ ئەندامانی حیزب وەک ڕەفیقێک وا بوو، قەت نێوی دوژمنانی نەدەهێنا سەر زمان و زۆر جوامێرانە لەگەڵیان دەبزووتەوە. لە دەبەرکردنی جلوبەرگ دا سادەیی ڕەچاو دەکرد، هەتا بڵێی لەسەرەخۆ و دەربەر بوو و لە هەمان کاتیش دا دڵسۆزی هەموان بوو. بەو خەسڵەتانەوە خەڵکی مەهاباد ئەویان وەک دووچاوی خۆیان خۆش دەویست و بۆیەش ناسناوی " بینایی" بوو.
لە هەلومەرجی تایبەتی ئەو زەمانی دا هێزە هاوپەیمانەکان بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی شەڕ و دابین کردنی پێداویستییەکانی خۆیان ، باشووری ڕۆژئاوای ئێران و لەوانە دوو ئەستانی سنە و کرماشانیان داگیر کرد بوو و حکوومەتی نێوەندی ئێرانیش ئەو ناوچەیەی چۆل کرد بوو، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بار و دۆخە ، دیاری کردنی سنووری کوردستان زۆر دژوار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان لە هەموو شارەکانی کوردستان پەرەیان دەدا بە چالاکی تەبلیغی و لە حەول و تێکۆشانەکانی خۆیان زیاد دەکرد و لەو شارانە دا سەرەڕای توانایی ماڵی زۆر کەم و زەمانی کورت توانیان خوێندنگە داییر بکەن و کتێب بۆ قوتابیان پەیدا کەن و هەر وەها تێبکۆشن بۆ سازکردنی کتێبخانەی گشتی و دەست پێداهێنان و دروستکردنەوەی ئەو شوێنە گشتییانەی لە ماوەی شەڕی دووەمی جیهانی دا ڕووخا بوون و لەو ڕووەوە هەنگاوی زۆر کاریگەر و بە کەلکیان هەڵێنایەوە.بە لەبەرچاوگرتنی هەبوونی هێزی دەوڵەتی لە هێندێک لە شارەکانی بەرباس ، بە تایبەتی لە ڕووی سیاسی و نێونەتەوەییەوە کە بەشێک لە ژێر نفووزی ئەمەریکا و ئینگلیستان وبەشێکیش لە ژێر دەستەڵاتی سۆڤییەتییەکان دا بوو ، دەرەتان زۆر کەم بوو و زەمینەی مەیدانی چالاکی لە هەموو لایەکەوە بەسنوور و بەرتەنگ بوو. سەردەشت، بانە، سنە و سەقز بە دەست هێزە دەوڵەتییەکانەوە بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، پڕیشکی چالاکی تەبلیغاتی حیزب گەیشتە ئەوێش و کاردانەوەی زۆر جێی سرنجی لەو ناوچانە چ لە شار و چ لە لادێ دا هەبوو.

سەبارەت بە شانۆی دایکی نیشتمان لە ساڵی ١٣٢٤/١٩٤٥

هێشتا نازانم نووسه‌ری شانۆی دایکی نیشتمان چ که‌سێک یان که‌سانێک بوون. ئه‌و شته‌ی له‌و و له‌مم بیستووه‌ ئه‌وه‌یه‌‌ هێندێک له‌ جه‌وانانی مەهابادی له‌ دوای ڕووخان و تێک ته‌پینی حکوومه‌تی ڕه‌زا خان له‌ ساڵی 1320ی هه‌تاوی [ ئووتی ساڵی 1941ی زایینی] به‌ هه‌بوونی ئازادییه‌کی ڕێژه‌یی، جارو بار له‌ ده‌وری یه‌کتری کۆ ده‌بوونه‌وه‌ و به‌ زمانی کوردی ڕاهێنانیان له‌ سه‌ر شانۆی دایکی نیشتمان ده‌کرد و به‌ڕێوه‌یان ده‌برد.
دایکی نیشتمان به‌ شیوه‌یه‌کی دڵتاوێن له‌ کاتێک دا ده‌ست و پل و لاقی له‌ کۆت و زنجیر دابوو و نوشتابووه‌وه‌و هه‌ڵده‌لەرزی و تاقه‌تی ڕۆیشتنی نه‌بوو ده‌هاته‌ سه‌ر شانۆ و بینه‌ران به‌ دیتنی ئه‌و وه‌زعه‌ دڵتاوێنه‌ی دایکی نیشتمان خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کی زۆر دایده‌گرتن و به‌ تایبه‌تی به‌ بیستنی هاواری دڵته‌زێنی منداڵه‌کانی، فرمێسک ده‌چاویان ده‌تزا و دیتنی ئه‌و شانۆ په‌ژاره‌نگێزه‌ شوێنێکی قووڵی ده‌کرده‌ سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی بینه‌ران. ئه‌سڵی شانۆکه‌ له‌ ٥ به‌یت شێعری شاعیری بە نێوبانگی کورد عه‌بدولره‌حمانی شه‌ره‌فکه‌ندی ( هه‌ژار) ئیلهامی وه‌رگرتبوو:

جووجه‌ڵه‌ی نیشتمان *

ڕاوکه‌ری به‌دخوو، خوێن رێژی خوێن خۆر/ ئه‌تۆ بی و خودا ،به‌سیه زوڵم وزۆر
ئه‌مجارش بم ده‌ مۆڵه‌ت و مه‌ودا/ ڕۆڵه‌ی شیرینم له‌ شیرین خه‌ودا
له‌ ژێر باڵم دا ، ڕای مه‌په‌ڕێنه‌ /هێلانه‌که‌مان لێ مه‌ڕووخێنه‌
له‌ خوێنی خۆم دڵ، ئه‌ندێشێ ناکا/ به‌ڵام ده‌ترسم تیرت خه‌تا کا
نه‌درێ له‌ من ، وه‌ڕۆڵه‌م که‌وێ /جه‌رگه‌که‌م ببڕێ له‌ شیرین خه‌وێ
دندووکی شووشی، شووشه‌ی گیانمه‌/ خه‌ت و خاڵه‌که‌ی، خه‌تی گیانمه
تۆ باخه‌به‌ر نی له‌ ئێش و ده‌ردم /دڵ ده‌برژێنێ هه‌ناسه‌ی سه‌ردم
له‌ دایکت پرسه‌، پێت ده‌ڵێ حاڵم /ئینجا تام ده‌که‌ی ژیانی تاڵم
پێم خۆشه‌ بمرم نه‌ک جووجه‌ڵه‌که‌م /بڕه‌نجێ و بپسێ به‌ندی دڵه‌که‌م
هه‌ژار جووجه‌ڵه‌ی نیشتمان ئه‌تۆی/ وه‌های خۆش ده‌وێی به‌وه‌فابی بۆی‌

شاعیر ئاوا ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ مه‌لێک له‌ نێو لک و پۆپی دارێک دا هێلانه‌یه‌ک بۆ خۆی و جووجه‌ڵه‌کانی پێکه‌وه‌ ده‌نێ تا له‌و هێلانه‌یه‌ دا به‌ خه‌یاڵی ئاسووده‌ منداڵه‌کانی به‌خێو کا. جووجه‌ڵه‌کانی وورده‌ وورده‌ بازه‌ڵه‌ ده‌بن و وه‌جموجووڵ ده‌که‌ون و دایکیان به‌ ڕه‌نج و کوێره‌وه‌رییه‌کی زۆر دان و ئاوی ڕۆژانه‌یان بۆ په‌یدا ده‌کا و ئاگای لێیان ده‌بێ.
له‌ پڕ له‌ دووره‌وه‌ سێ ڕاوکه‌ری لێ په‌یدا ده‌بن هه‌ر یه‌که‌ی له‌ لایه‌که‌وه‌ به‌ره‌و هێلانه‌که‌ی دێن. دایک هه‌ست ده‌کا ڕاوکه‌ره‌کان زۆر بێ به‌زه‌ و دڵره‌قن و، ببێ و نه‌بێ ده‌یانه‌وێ ڕاویان که‌ن. ڕاوکه‌ره‌کان به‌ چاوی قوشقی ته‌ماشای ئه‌ملاولای خۆیان ده‌که‌ن تا ده‌گه‌نه‌ بن ئه‌و داره‌ی مه‌له‌که‌ و جووجه‌ڵه‌کانی هێلانه‌یان لێ داناوه‌. دایکه‌که‌ زۆر په‌شێوه‌ و له‌سوێی منداڵه‌کانی نازانێ چ بکا. یه‌کێک له‌ ڕاوکه‌ره‌کان خه‌ریکه‌ سێره‌یان لێ بگرێ. دایک به‌ هات و هاوار و پڕمه‌ی گریانه‌وه‌ به‌ سه‌ر ڕاوکه‌ره‌که‌ دا ده‌قیژێنێ : ئه‌ی ڕاوکه‌ری خوێن خۆر ده‌زانم به‌ ته‌مای ڕاوی ئێمه‌ هاتووی . ئێمه‌ بۆخۆمان له‌ سووچێکی ئه‌م لێڕه‌واره‌ هێلانه‌یه‌که‌مان پێکه‌وه‌ ناوه‌ لێمان مه‌ڕووخێنه‌، له‌ ژێر باڵم دا جووجه‌ڵه‌ نازداره‌کانم نوستوون ،له‌ خه‌ویان ڕامه‌په‌ڕێنه‌. ئێمه‌ ئه‌م هێلانه‌ پچکۆڵانه‌یه‌مان به‌خوێنی دڵ دروست کردووه‌ لێمان تێک مه‌ده‌.دندووکی شووشی جووجه‌ڵه‌کانم شووشه‌ی گیانمه‌، خه‌ت و خاڵی په‌ڕ و باڵیان نیشانه‌ی گیانمه‌. ئه‌من له‌ مه‌رگی خۆم ناترسێم ، به‌ڵام ترسم له‌وه‌یه‌ ئه‌و تیره‌ی تێن هه‌ڵده‌که‌ی سه‌ر بکا و وه‌به‌ر ڕۆله‌کانم که‌وێ، له‌ شیرن خه‌و ڕایان په‌ڕێنێ و به‌ندی جه‌رگ و دڵم بپسێنێ.

ئه‌وکه‌سه‌ی‌ ده‌وری دایکی نیشتمان ی ده‌گێڕا عه‌بدوڵای نه‌هری بوو که‌ له‌ ساڵی ١٣٦٠ی هه‌تاوی کۆچی دوایی کرد. ئه‌و له‌ جلوبه‌رگی دایک دا به‌ ده‌نگی خۆش و دڵنشینی خۆی به‌ ئاهه‌نگێکی خه‌فه‌تاوی ڕووه‌و ڕاوکه‌ره‌کان ئه‌و شێعرانه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌خوێنده‌وه‌ و ده‌گریا. عوبه‌یدیلای ئه‌یووبیان و سیرووسی حه‌بیبی ده‌وری منداڵه‌کانیان ده‌گێڕا و ئه‌و ده‌می هه‌ر دووکیان مێردمنداڵ و له‌ ته‌مه‌نی ١٣ – ١٤ ساڵی دابوون. سیرووسی حه‌بیبی لاوێکی وێچوو و به‌وه‌ج بوو و ده‌نگی زۆر خۆش بوو و کاری له‌ سه‌ر دڵی بیسته‌ر ده‌کرد . ئه‌و کراسێکی سپی ده‌به‌ر دابوو و چووبوو ده‌قالبی په‌پووله‌یه‌که‌وه‌،ده‌سته‌ باریک و شووشه‌کانی ڕووه‌و ئاسمان هه‌ڵده‌هێنا و یه‌ک له‌ شێعره‌ به‌ نێوبانگه‌کانی حاجی قادری کۆیی ده‌خوێنده‌وه‌ که‌‌ له‌ په‌سنی خودا دایه‌ .
ئه‌ی بێ نه‌زیر و هاوتا، هه‌ر تۆی که‌ به‌رقه‌راری / بێ دار و بێ دیاری، بێدار وپایه‌داری
به‌ زمانی منداڵانه‌ له‌ کاتێکدا کوڵی گریانی له‌ ئه‌وكی دا بوو له‌ خودا ده‌پاڕاوه‌ دایکی بپارێزێ و له‌ چنگ ڕاوکه‌رانی ڕزگار کا. ناڵه‌ و نزای مندالانه‌ی ئه‌وه‌نده‌ دڵتاوێن بوو ‌ دڵی هه‌موو بیسته‌رێکی ده‌خسته‌ ئۆف و ژانه‌وه.
له‌وحاڵه‌ دا بینه‌ران بێ ئه‌وه‌ی بتوانن پێشی خۆیان بگرن زۆڕ زۆڕ ده‌گریان. شانۆیه‌که‌ له‌ حه‌وشه‌ی ماڵێک پێشکێش ده‌کرا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رو دراوسێش لێی بێ به‌ش نه‌بن. ئه‌و ژن و کچانه‌ی شانۆکه‌یان له‌ پشت په‌نجه‌ران، له‌ سه‌ر دیواران و له‌ سه‌ر سه‌ربانانه‌وه ده‌دی ، نه‌یان ده‌توانی پێشی گریانی خۆیان بگرن و گۆڕ گوڕ فرمێسک له‌ چاویان ده‌هاته‌ خوارێ وهیچ بینه‌رێک نه‌بوو ئه‌و شانۆیه‌ کاری له‌ سه‌ر نه‌کا و به‌ دیتنی غه‌م داینه‌گرێ.له‌ شانۆکه‌ دا، دواجارمنداڵان بن پیلی دایکیان ده‌گرن و هه‌لیده‌ستێنێن و ماچی ده‌که‌ن و دڵی ده‌ده‌نه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی که‌ له‌ سایه‌ی پێکێشی و ووره‌ی ئه‌واندا، دایکی نیشتمان له‌ مردن و یه‌خسیری و له‌ چنگ ڕاوکه‌ره‌کان ڕزگاری ده‌بێ. ئه‌وشانۆیه‌ له‌ شاره‌کانی مەهاباد، نه‌غه‌ده‌، شنۆ و بۆکان پێشان درا و خه‌ڵک به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێکرد.



لە ڕۆژی ٢٨ی بەفرانبار کە ٣ ڕۆژی مابوو بۆ دووی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی شارەکانی کوردستان لە عەشێرەتەکان و تایفەی جۆر بە جۆر و دانیشتووانی لادێکان بە فەرسەنگان لە ڕێگای دوور و درێژەوە ، سەرەڕای سەرمای سەختی زستان بە هەست و کوڵێکی کە لە گێڕانەوە نایە هاتنە نێو شاری مەهاباد. ئەوینی نیشتمان ئەوهۆگرانەی ئەوەندە فرووسماو کرد بوو کە بۆ ئەوەی زووتر بگەنە شاری لاق و دەستیان تێکداڵا، هەر دەستە و تایفەیەک و هەر خێڵ و عەشێرەتێک بە ڕوی کراوە و گوڵ بەدەم لە کاتێک دا ئاڵایان بە دەستەوە بوو، هاوکات لە گەڵ دەنگی دەهۆڵ و زوڕنا لە پێشەوەی سوارە و پیادە هاتنی خۆیان بۆ نێو شاری بە هاواری هەر بژی و پایەدار بێ کورد و کوردستان ڕادەگەیاند. خەڵکی مەهابادیش بە بەروپیل هاتنەوەی گەرم و بانگهێشتنی ئەوان بۆ ماڵی خۆیان میواندارییان لێ کردن.
ئێستا ڕۆژی دووی ڕێبەندان گەیشتبوویە، لە گەڵ ئەوەشدا کە چەند ڕۆژ پێشتر بەفر باریبوو و هەوا لە بار نەبوو و ئاسمان تیرە و تنۆک بوو، ئەوی ڕۆژێ بە پێچەوانەی ڕۆژەکانی پێشتر هەوا ساف و دڵڕفێن بوو، تێشکی هەتاو دیمەنی کێو و دەشت و سارای ئەوەندەی دیکەش جوانتر کرد بوو. دەتگوت خۆڕسکیش هاو ڕێک لە گەڵ خەڵک هاتووە یارمەتییان بدا، خەیابانەکان و سەر دەرک و دەروازەی ئیدارە و ماڵی خەڵک بە ئاڵای کوردستان ڕازابوونەوە. لە هەموو کوێیەکی دەنگی گۆڕانی خۆشی خۆجێی دڵی هۆگرانی ئازادی دەلاواندەوە. لە سەعات ٨ی بەیانییەوە هەر دەهات و ژمارەی خەڵک زیادی دەکرد. لە لایەکی مەیدانی چوارچرا قوتابیانی کچ و کوڕ بە جلوبەرگی یەکپۆش ریزەیان بەستبوو و شاد و دەم بە پێکەنین بوون و سروودیان دەخوێندەوە. لە لایەگی دیکەش لە بەرانبەر سەکۆی ووتاردان،بە هەزاران کەس لە خەڵکی شار و لادێکانی موکریان بە جلوبەرگی جوان و ڕەنگاوڕەنگی کوردی ڕاوەستا بوون.
سەرۆک عەشیرەتەکانی کە لە ناوچەی جۆر بە جۆرەوە لەو میتینگە مەزنە دا بەشدارییان کردبوو بریتی بوون لە:
١-ماکۆ و ئاگری: ئاغایانی ئەمەرخانی جەلالی، شێخ حەسەن، شێخ کەی، حەسەنی دەلایی، حەبدوڵا میلان فەخری.
٢-سۆمای برادۆست و دەشتی مەرگەوەڕ:ئاغایان سەید عەبدوڵای گەیلانی زادە، ئەمەر خانی شەریفی، عیرفان شەریفی، تاهیر خانی سمکۆ، عەبباس فنک، قۆیتاس ئاغا، شێرۆ محەمەدی، حاجی وەتمانی عەبدی، حەسەن تێلۆ، تەمەر خان، موراد نوورکۆ، حەسەن هەنارە، زوبەید، عەزۆ، سەید سەعیدی فەهیم
٣-شنۆ:ئاغایان مووسا خانی زەرزا، قەرەنی ئاغای زەرزا، میرزا سەعید، قازیی محەمەدی خزری، کاک هەمزە.
٤-سندووس: ئاغایان ئەحمەدی کا خدر، قاسمی پیرۆتی، محەمەدئەمینی پیرۆتی
٥-لاجان: ئاغایان عەبدوڵای قادری، مامەندی پیرۆتی، حوسێنی محەمەدی، پیرۆتی ئەمیر عەشاییری، هەمزەی نەڵۆسی
٦-خانێ: ئاغایان حەمەدەمین ئاغا ، قەرەنی ئاغا
٧-میاندواو: ئاغای محەمەد حوسێنی سەیفی قازی
٨-بۆکان: ئاغایان عەبدولڕەحمانی شەڕەفکەندی، ڕەشیدی عەلی زادە
٩-عێلی مەنگوڕ: ئاغایان ئیبڕاهیمی ئەدهەم، مام حەسەنی ئافان، کاک سڵەمان، کاک هەمزە، محەمەدئەمین ئاغا، سەلیم ئوجا‌ق
١٠-عێلی هەرکی: ئاغایانی ڕەشید بەگ، بەگزادە، نووری بەگ، زێڕۆ بەگ
١١-عێلی گەورکی سەقز: ئاغایان محەمەد ئاغا ، ئیبڕاهیم ئاغا
١٢-عێلی گەورکی سەردەشت: ئاغای کاک ئەسەد ئاغا
١٣-عێلی دێبۆکریی شاروێرانی: ئاغایان جەعفەری کەریمی، قارەمانی محەمەدی
١٤-عێلی دێنۆکری بۆکانێ: ئاغایان ئێلخانیزادە، محەمەدی، عەزیزئاغای کولتەپە، ساداتی هیدایەتی ئاجیکەند
١٥-عێلی فەیزوڵابەگی بۆکان و سەقزی : ئاغایان محەمەدی فەیزوڵابەگی، عەلی خانی شێرزاد،ئەحمەد خانی فارووقی،عەبدوڵا خان، حەسەب خانی فەیزوڵابەگی
١٦-سەقز:ئاغایان عەلی خانی فاتیح، محەمەد خان، ئەحمەد خانی شەجیعی،شێخ سدیقی ئەسعەدی، ڕەسووڵ ئاغای مەحموودی، عەلی جەوانمەردی، محەمەد ڕەشید خانی قادر خانزادە.
١٧-عەشیرەتەکانی جوانڕۆ،هەورامان، بارزانی
١٨-مەشایخی کولیجە بە سەرۆکایەتی شیخ حەسەنی شەمسی بورهان
دوای قسەکانی قازیی محەمەد ئەم کەسانەی خوارەوە نوتقیان کرد و سەبارەت بە خەبات و پایەداری گەلی
کورد دوان و ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو جۆرە فیداکارییەک ڕاگەیاند:
١-محەمەد حوسێنی سەیفی قازی
٢-مەلا حوسێنی مەجدی
٣-حاجی بابا شێخ
٤-عەبدولڕەحمان شەڕەفکەندی (هەژار)
٥-محەمەدئەمین شێخەلیسلامی (هێمن)
٦-سەید محەمەدی ئەییووبیان
٧-شێخ حەسەنی شەمسی بورهان
٨-ئەمەرخانی شکاک
٩-زێڕۆبەگ
١٠-محەمەدئەمینی موعینی
١١-سەید عەبدولعەزیزی گەیلانی زادە
١٢-ئیبراهیمە ئەدهەم مەنگوڕ
١٣-ئەحمەدی ئێلخانی زادە
١٤-محەمەدی قادری
١٥-محەمەدی نانەوا زادە
خانمەکان:
١٦-ویڵمەی سەییادیان
١٧-خەجیجی حەیدەری
لە کۆتایی ڕێو ڕەسمەکە دا قوتابییەکانی مەدرەسەکانی کوردستان، گەلاوێژ و سەعادەت سروودی نەتەوەی و نیشتمانییان پێشکێش کرد.

شه‌رحی حاڵی کورتی هه‌ر کام له‌ وه‌زیره‌کانی حکوومه‌تی جمهووری کوردستان و ئه‌و پله‌ و پایانه‌ی هه‌یانبوو ئاوایه‌:
1. سه‌دری هه‌یئه‌ت ڕه‌ئیسه‌ ( سه‌رۆکوه‌زیر) ئاغای حاجی بابه‌ شێخ، خه‌ڵکی شاری بۆکان بوو، له‌ کاتی ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان دا ته‌مه‌نی ٦٨ ساڵ بوو . به‌ڕێزیان له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌یده‌کانی زه‌مبیل بوو و له‌ کارو باری شه‌رعی دا زۆر زانا و کارامه‌ بوو . له‌ هه‌ستان و دانیشتنی گشتی دا له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک باش ده‌جووڵاوه‌.ئه‌ندامی ژ.ک نه‌بوو، له‌ ساڵی ١٣٢٤ له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی حیزبی دێمۆکرات که‌وت و له‌ ساڵی ١٣٣٣ی هه‌تاوی له‌ دێی تورجان وه‌فاتی کرد.

2- محه‌مه‌د حوسێنی سه‌یفی قازی وه‌زیری جه‌نگ، ئامۆزای خودالێخۆشبوو قازی محه‌مه‌د پیاوێکی هه‌تا بڵێی به‌ خۆوه‌ بوو. له‌ یه‌كێک له‌ دێیه‌کانی نزیک میاندواو داده‌نیشت . دڵخوازانه‌ ببوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک . فه‌رمانده‌یی ئه‌رته‌شی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانی به‌ ئه‌ستۆوه‌ بوو.به‌ڕێزیان که‌سێکی زۆرگەرموگوڕ بوو و بوێری و ئازایی له‌ باوکی سه‌یفولقوزات شاعیری شۆڕشگێڕی کورد بۆ به‌ میرات به‌ جێ مابوو.

3- مه‌نافی که‌ریمی ٢٥ ساڵان له‌ ئه‌ندامانی ژ.ک، یاریده‌دانی قازیی محه‌مه‌دی له‌ کاروباره‌کانی له‌ مه‌ڕ کۆمیته‌کانی حیزبی به‌ ئه‌ستۆوه‌ بوو.

4- محه‌مه‌دئه‌مینی موعینی وه‌زیری کیشوه‌ر نزیکییه‌کی زۆری له‌گه‌ڵ بازرگانانی شووره‌وی له‌ ته‌ورێز هه‌بوو و جێی باوه‌ڕی و دڵنیایی ئه‌وان بوو.

5. سه‌ید محه‌مه‌دی ئه‌یووبیانی مه‌رکه‌زی ( ته‌ها زاده‌) وه‌زیری بێهداری لاوێکی سی ساڵه‌ بوو و بۆ خۆی خۆی پێگه‌یاندبوو و له‌ ئه‌ندامانی له‌ مێژینه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک بوو.

6- عه‌بدولره‌حمانی ئێلخانیزاده‌ (موهته‌دی) وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ خاوه‌نموڵکانی به‌ ده‌سته‌ڵاتی شاری بۆکان ، خوێندنی ئایینی زۆر باشی هه‌بوو یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی هه‌ڵکه‌وتووی ژ.ک بوو ، ته‌مه‌نی نزیک ٣٥ ساڵ ده‌بوو و له‌پێناو ژ.ک دا چه‌رمه‌سه‌رییه‌کی زۆری کێشابوو.

7. سمایلاغای ئێلخانیزاده‌ وه‌زیری ڕێ ته‌مه‌نی ٣٥ ساڵ بوو کوڕی مه‌حمووداغای ئێلخانیزاده‌ ، له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ده‌سته‌ڵاته‌کانی شارستانی بۆکان بوو.له‌ ساڵی ١٩٤٤ دا بوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک

8- ئه‌حمه‌دی ئیلاهی وه‌زیری ئابووری ، ته‌مه‌نی٤٠ ساڵ بوو، له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زرانی ژ.ک دا بوو به‌ ئه‌ندام. ناسیاوییه‌کی باشی هه‌بوو له‌ سه‌ر پرسی ئابووری.

9. خه‌لیلی خوسره‌وی ٣٨ ساڵان وه‌زیری کار له‌ ئه‌ندامانی ژ.ک بوو، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ که‌ ته‌شکیلاتی حیزب به‌ ته‌واوی نهێنی بوو زۆربه‌ی دانیشتنه‌کان له‌ ماڵی به‌ڕێزیان ده‌کران.

10- که‌ریمی ئه‌حمه‌ده‌ین وه‌زیری پۆست و تێلێگراف، ٤٠ ساڵان بوو، له‌ ساڵی ١٩٤٥ دا بوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک

11- حاجی مسته‌فای داودی ٥٥ ساڵان له‌ بنه‌ماڵه‌ ناسراوه‌کانی مهاباد بوو، له‌ ساڵی ١٩٤٥ دا ئه‌ندامه‌تی ژ.ک ی په‌ژراند، له‌ ته‌جاره‌ت و سه‌ودا و مامڵه‌ دا زۆر زانا وئآگای له‌ مه‌سه‌له‌کانی ڕۆژانه‌ بوو.

12- مه‌لا حوسێنی مه‌جدی ٦٥ ساڵان وه‌زیری داد ، خوێنده‌وارترین و به‌نێوبانگترین پیاوی ئایینی بوو و ئیعتبار و بایه‌خی دینی و قه‌زایی زۆر به‌رزی هه‌بوو.

13- مه‌حموودی وه‌لیزاده‌ ، ٢٣ ساڵان مه‌دره‌سه‌ی به‌رزی کشتوکاڵی که‌ره‌جی ته‌واو کردبوو، له‌ ساڵی ١٩٤٣ دا بوو به‌ ئه‌ندامی ژ.ک ، له‌ کاروباری کشتوکاڵ دا خاوه‌ن ڕا بوو.

14- سه‌دیقی حه‌یده‌ری وه‌زیری ته‌بلیغات له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ژ.ک، له‌ کاروباری حیزبی دا زۆر چالاک بوو و له‌ پێناو ئازادی کوردستان دا زه‌حمه‌تی زۆری کێشا.

هەڵکرانی ئاڵا ی کوردستان لە نەغەدە

بە پێی بڕیاری کۆمیتەی نێوەندی حیزبی دێمۆکڕات فەرمانی هەڵکردنی ئاڵای سێ ڕەنگی کوردستان لە شارستان نەغەدە دەرچوو. ڕۆژی ٢٧- ٩ – ١٣٢٤ی هەتاوی ئاغایانی حوسێنی فڕووهەر، عەلیی خوسرەوی ، محەمەدئەمینی شەڕەفی، دڵشادی ڕەسووڵی و وەهابی بلووریان سەعات ٨ی بەیانی گەیشتنە شارستانی نەغەدە و لە لایەن ئاغایانی پیرۆتی،کاک بایەزید و میرزا ئیبراهێم سەرۆکی شارەوانی نەغەدە و چینە جۆر بە جۆرەکانی خەڵک لەو شارە پێشوازییان لێ کرا. خەیابان لە خەڵک جمەی دەهات و لە پیادەڕۆیەکان پێشمەرگە کوردەکان کە ژمارەیان دەگەیشتە ٧٠٠ کەس بە ڕیز و ڕێکوپێکی تایبەتی نیزامی ڕاوەستا بوون و سەعات ٣٠/٩
لە کاتێکدا شاری نەغەدە پڕ لە سروور و شادی بوو و هەموو خەڵکی شارەکە لە تورک. کورد،هەرمەنی و ئاسۆڕی بەشدارییان تێدا کرد بوو، قوتابیانی مەدرەسەی کچانە و کوڕانەش خەسلەتێکی تایبەتیان دابوو بە ئەو رێو ڕەسمە، هەڵگرانی ئاڵا لە جێگای تایبەتی کە بۆ چەقاندی ئاڵا لە بەر چاو گیرا بوو نیزیکتر بوونەوە و لە کاتێکدا ئاڵای کوردستانیان هەڵدەدا،چەکدارانی حیزبیش بە نیشانەی شادی هەزار فیشەکیان بە هەوا دا تەقاند. ئاڵاکە لە بەر دەرگای خانووی حیزب لە سەر شانی یەکێک لە پێشمەرگەکانی حیزب بوو و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شاری نەغەدە چاویان بە ئاڵا کەوت، دوایە ئاغای عەلیی خوسرەوی لە مەڕ دەوری شەهیدانی ڕێگای ئازادی نوتقێکی دوور و درێژی کرد ، هەر وەها کوڕی ئاغای تەقی خانی بۆزچەلوو یەکێک لە سەرانی بەڕێزی عێلی قەرەپەپاغ هاتە سەر سەکۆی ووتار دان. لە لایەن عێلی گەورەی خۆی ڕا دەستەی ئاڵا هێنەری بە خێرهاتن کرد و پێ خۆشبوونی خۆی دەربری لە دامەزرانی لقی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە نەغەدە. ئەو ڕێوڕەسمە بە قوربانی کردنی چەند سەر گا و مەڕ و جێژن و شادیی گشتی خەڵکی نەغەدە کۆتایی هات.

هەڵکردنی ئاڵا لە بۆکان

لە بەرواری ٥/١٠/١٣٢٤ی هەتاوی ژمارەیەک لە ئەندامانی حیزب ڕا ئەسپێردران کە لە ڕێوڕەسمی هەڵکردنی
ئاڵای کوردستان لە شاری بۆکان بەشداری بکەن و ئەوانە بریتی بوون لە ئاغایان: مستەفای سوڵتانیان، عەبدولقادری مودەرەسی، حوسێنی فڕووهەر [ زێڕینگەران ]، محەمەدئەمینی شەڕەفی،عەلیی خوسرەوی، مەحموودی وەلیزادە، ڕەحیمی لەشکری، هێمن شاعیری نەتەوەیی و محەمەدی نانەوا زادە فەرماندەی ئەڕتەشی کوردستان و قاسم ئاغای ئێلخانیزادە. ئەو هەیئەتە لە سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ لە مەهاباد وەدەر کەوت و سەعات دوو گەیشتە میاندواو و ژمارەیەک لە باوەڕپێکراوان و گەورەی بۆکان ئاغایان محەمەدئەمینی ئێلخانیزادە،ئیبڕاهیمی عەلییار،ئەبووبەکری موهتەدی، هەژار و حەقیقی شاعیر هاتبوونە پێشوازی ئەو هەیئەتەی مەهاباد لە دوو کیلۆمیتری شاری میاندواو لە گوندێک کە بە تەغیاباد بەنێوبانگە و زۆربەی دانیشتوانی ئەوێ هەرمەنی بوون، لەوێ لە لایەن عیشقی خان ی هەرمەنی پێشوازییەکی گەرم و جێی پەسن دان لە هەیئەتەکە کرا و لە کاتێکدا ژنان و پیاوانی هەرمەنی لەمبەر ئەو بەری جادە ڕاوەستا بوون هەیئەتەکەیان بە هوریا کێشان و چەپڵە لێدانی بەردەوام بەڕێ کرد. لە نێوان میاندواو و بۆکان دێیەکی گەورە هەیە بە نێوی ' قەرە مووسالیان' کە یەکێک لە پێگەکانی حیزبی دێمۆکڕاتیش لەوێ داندرابوو، ئەندامانی حیزب لەو گوندە کە بریتی بوون لە ئاغایان مستەفای موقتەدیری،یۆنس خان،مەحموود خان، عەبدوڵا خانی ئەمیری زۆر بە گەرمی پێشوازییان لە هەیئەتەکە کرد و وەک باوە مەرێکیشیان کردە قوربانی و لە سەعات چواری ئێوارێ شاندەکە گەیشتە دێی عەلییاباد کە لە دوو کیلۆمیتری بۆکان هەڵکەوتووە. لەو دێیە ژمارەیەک لە باوەڕپێکراوانی بۆکان لەوانە جەعفەر ئاغا و مارف ئاغای ئێلخانیزادە، ئەحمەد بەگ، فەیزوڵابەگی، هەباس ئاغا و خالید ئاغای حیسامی، فەیزوڵا خان و عەلی خانی قازلیان، عەلی بەگی فەیزوڵابەگی، عومەر ئاغا و ئەحمەدئاغا و کەریم ئاغای عەبباسی بە قوربانی کردنی چەند سەر گا و مەڕ پێشوازییان لێ کردن.
بۆ سبەینێ ڕا سەعات ١٢ جەنابی ئاغای حاجی بابە شێخ ڕەئیسی هەیئەتی میللی کوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئاغای ئێلخانیزادە هاتنە نێو شاری بۆکان. ڕۆژی ٧/١٠/١٣٢٤ی هەتاوی سەعاتی ٨ی بەیانی لە سەر قەڵای بۆکان کە دەڕوانێتە شاری بۆکان ڕێوڕەسمی هەڵکردنی ئاڵا بەڕێوەچوو، مووزێک ماڕشی نیزامی لێ دا و خەڵکی شارەکە کە نیزیکەی شەش هەزار کەس دەبوون لە خوارەوەی قەڵاکە و لە دەوری حەوزی بۆکان دەستیان کرد بە شایی و هەڵپەڕكێ. هاوکات وێڕای ئەو شایی لۆغانە ئاڵاهەڵگر ڕێوڕەسمی هەڵدانی ئاڵاکەی بەڕێوە برد لە کاتێک دا کە ئاغای حاجی بابە شێخ و عەلیی بەگی شێرزاد لە لای ڕاست و ئاغایان حەسەنی قزڵجی و محەمەد سادقی قزڵجی و عەلیی خوسرەوی و جەعفەر ئاغا و مارف ئاغای ئێلخانیزادە ، خالیدی حیسامی،حوسێن ئاغای عەلییار و براکانی لە لای چەپ ڕاوەستابوون ئاڵای کوردستان لە نێو شادی و هوریا و ماڕشی نیزامی دا هەڵکرا. دوایە مامۆستا هەژار و محەمەد سادقی قزڵجی [ قازیی کاکە حەمە]خیتابەی زۆر بەکەلکیان سەبارەت بە گرینگی و ڕێزلێنانی ئاڵای کوردستان خوێندەوە و ئاغایانی هەژار و حەقیقی هەرکامەیان بە نۆرەی خۆی هێندێک لەو پارچە شێعرانەیان خوێندەوە کە لە مەڕ مەسەلەی نەتەوەیی و نیشتمانی نووسیبوویان و لە سەعات یەکی دوای نیوەڕۆ ڕێو ڕەسمەکە کۆتایی هات.



لە سەر دەمی کۆمار دا ژنانی کورد بۆ جاری یەکەم هاتنە نێو چالاکی کۆمەڵایەتی و دەرفەتێکیان دەست کەوت مافی لە دەستچووی خۆیان تا ڕادەیەک وەربگرنەوە و ناسێنەی خۆیان لە بەشی جۆربەجۆری کۆمەڵ دا بناسنەوە. بە لەبەر چاو گرتنی مادەی ٢١ی مەڕامنامەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، لە مەر ئەوەی کە، ژنانیش وەکوو پیاوان دەبێ هەموو مافی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مەدەنی یان هەبێ، ڕێکخراوەیەک بە نێوی ' حیزبی یایانی کوردستان' [ یەکێتیی یایانی کوردستان] پێک هات کە سەرۆکایەتییەکەی بە ئەستۆی مینا خانم هاوسەری قازیی محەمەدەوە بوو.زۆر ئاشکرایە لە بەر دەنگ خەفە کردن و کارشکێنی خوت و خۆڕایی حکوومەتی ڕەزا خانی پەهلەوی سەبارەت بە خوێندنی ساوایان لە کوردستان ، ژمارەی ژنانی خوێندەواری هەرێمی کوردستان لە چاو ژنانی خوێندەواری شارەکانی دیکەی ئێران زۆر کەم بوو. لە گەڵ ئەوەشدا لە بەر خۆشەویستیی حکوومەتی کوردستان لە نێو یایان دا، هەر کە بیستیان یەکێتیی یایان ساز بووە، ژمارەیەکی زۆر بە ڕەزا و جۆشەوە هاتنە نێو ئەو یەکێتییە و نێونووسیان تێدا کرد. وەزاڕەتی فەرهەنگی کوردستانیش جگەلەو مەدرەسە کچانەیەی هەبوو، خوێندنگەیەکی دیکەی کچانەی داییر کرد. لە بەر ئەوەی ژمارەیەک لە ژنان لەو بارەیە دا خزمەتی زۆر شایانیان کرد ، پێویستە هێندێک لەوانەی بە لێوەشاوەییەوە خزمەتیان کرد بناسێندرێن، بۆ ئەوەی نێویان لە مێژووی فەرهەنگی ئەم ووڵاتە دا بۆ هەمیشە بمێنێتەوە، ئەوانەش بریتی بوون لە خانمان:
١-یای مینای قازی سەدری یەکێتیی یایان. ٢-یای ئامینی داودی.٣-یای زیبای ئەییووبیانی مەرکەزی.٤-یای شاسوڵتانی فەتتاحی قازی.٥ یای ڕەعنای فرووهەر [زێڕینگەران].٦- کولسومی سوڵتانیان.٧-نەزاکەتی حاجی ڕەشیدی.٨-خەجیجەی حەیدەری.٩-وەجیهەی شوجاحی.١٠-ویڵمەی سەیادییان.
ئەو یایانەش کە هاوکاریی ڕۆژنامەی کوردستان یان دەکرد و بە نووسینی ووتار، یارمەتی ڕۆژنامەیان دەدا بریتی بوون لە خانمان ١- کوبڕای عەزیمی.٢- حەڵەبی ئیسماعیل فەرەجی. هەر وەها ئەو ژنانەش کە لە جێژن و ڕێوڕوسمی تایبەتی دا ووتاریان دەخوێندەوە بریتی بوون لە یایان: ١- سەلتەنەتی داود زادە، ٢-
عیشرەتی عەزیمی،٣-ویلمەی سەییادیان،٤-خەجیجەی حەیدەری،٥-ئێرانی بلووری، ٦-فەریدەی زەندی.

هەر وەها لە شاری مەهاباد کەمایەتییەک لە جوولەکان کە نیزیکەی ٦٠ خێزان بوون دەژیان، بە پێچەوانەی جوولەکەکانی ناوچەکانی دیکەی ئێران جوولەکەکانی مەهاباد دەوپەڕی ئاسوودەیی و ئارامی دا خەریکی کەسپ وکاری وەک زێڕینگەری،بەزازی، خەڕازی و عەتتاریی بوون. هیچ جۆرە ناخۆشییەکیان نەبوو و کەس جاڕزی نەدەکردن و هەموویان لە ئەمن و ئەمان دا بوون.بە ڕاگەیەندرانی حکوومەتی جمهووری کوردستان ئەوانیش هاوڕێ لە گەڵ خەڵکی مەهاباد لە جێژن و شادی دا بەشدارییان
کرد.وەزاڕەتی فەرهەنگ کە خەرێکی رێکخستنی کاروباری مەدرەسەکان و دابین کردنی کتێبی خوێندن و کاروباری دیکەی کولتووری بوو، جوولەکە هاوشارییەکانیشی لە بیر نەبردبووەوە. بە پێی بەیاننامەیەک ڕێگای دا بە جوولەکەکان کە بە پێی سەرنجی تایبەتی قازیی محەمەد ئەوانیش وەکوو برا کوردە
کانیان بتوانن خوێندنگەی تایبەتی خۆیان هەبێ و خوێندن بە زمانی عیبری [ وێناچێ ئەو زمانە عیبری بووبێ، زمانی عیبری دوای پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسراییل وەک زمانی نێو کتێب زیندوو کرایەوە. جووڵەکەکانی کوردستان و ئێران بە شێوەزارێکی ئارامی نوێ قسەیان کردووە و ودەکرێ لەو مەدرەسەیەی لە مەهاباد داییر کرا بەو زمانە خوێندرابی . ح.ق.] بۆ ئەوان ئازاد و مەدرەسەکەیان وەکوو مەدرەسەکانی دیکەی کوردستان باری قانوونی دەبێ و هەر بەو ئاڕاستەیە دا بە دوای بڵاو بوونەوەی بەیاننامەی باسکراو دا ڕێگا درا بە کرانەوەی خوێندنگەیەک بە بەڕێوەبەریی ئاغای داود زادە . کرانەوەی ئەو خوێندنگەیە پێشوازیی لێ کرا وبە ساز کردنی کۆڕی جیژن و شایی و بە ئامادەبوونی دایوبابانی قوتابیان پۆلی خوێندن کرانەوە.

حیزبی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان هەر هەمان حیزبی توودە بوو کە بە هێندێک ئاڵوگۆڕی کەم لە مەڕامنامە دا و بە لە بەرچاو گرتنی بار و دۆخی زەمانی و بێ سەرنجدان بە ئەوەی کە چالاکی خۆی لە خاکی ئێران دا دەکا، ئەو کارانەی کە کۆمۆنیستەکان لە بەراییەکانی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبر دا کردبوویان، بە پەلە لە ئازەربایجانی ئێرانیش دا پیادەی کرد. دەستی بە سەر ماڵ و موڵکی خاوەنموڵکان دا دەگرت و لە نێو وەرزێران دا دابەشی دەکرد. فابریک و کارگەی کە بەدەست کەسانی دەسترۆیشتووە بوون لێی سەندن و کردنیە خۆماڵی . ماڵیات و خاوەی قورسی بەسەر دەوڵەمەندان و بازارییەکان دا سەپاند، مولک و ماڵی کەسانی ناسراوی زەوت کرد. لە ئاکام دا ئازەربایجانی ئێران خەڵکی چالاک و کارلێهاتوویەکی ئەوتۆی تێدا نەما. لە ڕاستییدا تەورێز وەک شارێکی بێ ڕوح و بێ هەستی لێ هاتبوو، خەیابانەکانی چۆل و هەڵسووڕانی پێوە دیار نەبوو، دووکان کەلوپەلیان کەم و بێ ڕمێن و بێ موشتەری بوون، سەرانی حکوومەت ئاگایان لە وەزعی ئابووری ناوچەی ژێر دەستەڵاتی خۆیان نەبوو،لە جیات ئەوەی دە فکری ئاسوودەیی و ئێروویی خەڵک دا بن، حەولی سەرەکی ئەوان تێکەڵبوونەوەی دوو ئازەربایجانەکان بوو.

قازیی محەمەد بە ئەندامانی حیزبی گوت لەگەڵ ئەوەشدا دەزانم ڕێگای پەڕێنەوە و چوون بۆ شووڕەوی کراوەیە و ڕێگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وەک پێشوو لە ژێر دەستەڵاتی ئێمە دایە، بەڵام ئەمن چۆن پەنا بەرمە بەر دەوڵەتێک کە پێبەند نییە بە هیچکام لە بەرعۆدەیی و بەڵێنەکانی، بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆی و بەڵێنی درۆی کە دوژمنان پێیان داوە و جگە لە فریو و تەڵەکە نەبێ شتێکی دیکە نییە ، نەتەوەکانی کورد و ئازەربایجانی کردووەتە قوربانی خۆی و پشتی بەر داون.ئەمن دەوڵەتی شووڕەویم تاقی کردەوە و دیسان تاقیکردنەوەی هەڵەیە. ئەندامانی حکوومەت ئازادن، بۆ هەر کوێیەکی دەیانەوێ بچن و هەرچی پێویستیانە لەگەڵ خۆیانی بەرن و نەهێڵن چرای ئەم بزووتنەوە نەتەوەییە بکووژێتەوە.

ئەو ڕۆژەی کە دادگەی پێداهاتنەوەی ئێمە دەستی پێکرد، نیزیکەی هەشتا ڕۆژ لە دادگەی هەر سێک قازییەکان تێپەڕیبوو، دادگای سەرەتایی سەحرایی،سزای مەرگی بۆ بڕیبوونەوە، بۆ دادگەی پێداچوونەوە هەیئەتێک لە ئەفسەرانی دادگەی تەورێز ،ناردرانە مەهاباد کە ژمارەیان چاردە کەس بوو. قازیی محەمەد لە دوایین بەرگری کردن دا کە چل و هەشت سەعاتی خایاند، لە دادگە دا گوتی: ئەوە بزانن لە دوای کووژرانی من هەر دڵۆپە خوێنێکی من ، دەبێتە قازیی محەمەدێک و ئەم بزووتنەوەیە قەت دانامرکێ.

ئه‌و ڕۆژه‌ی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگی کوردستان که‌وته‌ به‌ر ده‌ست من ، هه‌ستم کرد بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و کارانه‌ی خراونه‌ سه‌ر ئه‌ستۆی من له‌ داهاتوو دا له‌ گه‌ڵ کێشه‌ی زۆر قورس و دژوار به‌ره‌وڕوو ده‌بم. له‌ خه‌رمانامی ١٣٢٠وه‌ تا ساڵی ١٣٢٤ ته‌قریبه‌ن هه‌موو فێرگه‌کان داخراو یان نیوه‌ داخراو بوون و وه‌زعی خانووی ئه‌وان و ده‌رس دادانی ساوایان له‌ هه‌موو ڕوویه‌که‌وه‌ ناڕێک و پێک و شپرزه‌ بوو و بۆ گوتنه‌وه‌ی زمانی کوردی نه‌ کتێبێک هه‌بوو و نه‌ مامۆستا، له‌ لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی فێرگه‌کان له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ گوشار ده‌هات، چ چاره‌یه‌ک جگه‌ له‌وه‌ نه‌بوو له‌ کوردستانی عێراقه‌وه‌ کتێبی کوردی بهێندرێ ، به‌و بڕیارانه‌ی وا له‌ لایه‌ن هه‌یئه‌تی فه‌رهه‌نگی ڕا درا له‌ ماوه‌یه‌کی که‌م دا ئه‌و کتێبانه‌ی پێویست بوون گه‌یشتنێ و دوای گۆڕانی پێویست له‌ چاپخانه‌ی مەهاباد [کوردستان!] ئاماده‌ کران و کتێبه‌ تازه‌کان له‌ فیرگه‌کان و کتێبخانه‌ گشتییه‌کانی شاری دا بڵاو کرانه‌وه‌، هاوکات له‌ گه‌ڵ کرانه‌وه‌ی فێرگه‌کان چه‌ند نه‌فه‌ر له‌ ئامۆژگارانی عێراقی به‌ دلخوازی خۆیان به‌ مه‌به‌ستی ده‌رس دادانی زمانی کوردی به‌ ناوه‌کانی عوسمان دانیش ، محه‌مه‌د ووردی، عه‌بدولقادر ئه‌حمه‌د، جه‌میل به‌هائه‌دین هاتنه‌ مەهابادێ . خوێندکاران به‌ شه‌وق و زه‌وقێکی زۆره‌وه‌ که‌ چاوه‌ڕوان نه‌ده‌کرا هاتنه‌ پۆله‌کانی ده‌رس ، و به‌و مرخه‌ زۆره‌ی هه‌یانبوو له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ مانگێک دا ئه‌لفوپێتکه‌ی کوردی و تا ڕاده‌یه‌کیش خوێندن و نووسین فێر بوون و به‌و پێیه‌ ئه‌و گیروگرفته‌ی وا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وا داده‌ندرا جێبه‌جێکردنی محاڵ بێ به‌ هاسانی به‌رته‌ڕه‌ف بوو.
چوار مانگ له‌ حکوومه‌تی کوردستان تێپه‌ڕیبوو و له‌و ماوه‌یه‌دا که‌موکورتی و کێشه‌ی کاروباری په‌روه‌رده‌ تا ڕاده‌یه‌ک به‌لادا خرا، به‌ڵام ئیداره‌ کردنی مه‌دره‌سه‌کان له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو حه‌وله‌ش که‌ درابوو پێداویستی به‌ جیدییه‌تێکی زیاتر بوو، بۆ پێشگرتن له‌وه‌ی کاره‌کان نه‌که‌ونه‌وه‌ سه‌ریه‌ک و کاری فه‌رهه‌نگی چه‌تی تێنه‌که‌وێ ئاغای برایمی نادری م کرده‌ جێگری [وه‌زاره‌ت] ی فه‌رهه‌نگی کوردستان ناوبراو یه‌کێک له‌ لاوانی خوێنده‌واری کرماشانی و لیسانسی ئه‌ده‌بییات بوو، به‌ڕێزی لاوێکی زۆر هه‌ڵسووڕاو و له‌ جێبه‌جێکردنی کاره‌کان دا جیدی بوو ، شه‌و و ڕۆژ بۆ ده‌مێکیش چییه‌ له‌ پێڕاگه‌یشتن به‌ پێداویستییه‌کانی مەدرەسەکان ته‌نه‌خی نه‌ ده‌کرد و ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌ باشترین شیوه‌ پێک ده‌هێنا و من به‌ فکری ئاسووده‌وه‌ به‌ کاره‌کانی دیکه‌ی حیزبییه‌وه‌ خه‌ریک بووم.

سێ بیرەوەری دیکەی میرزا مەنافی کەریمی وەزیری مەعاریفی کوردستان سەبارەت بە ڕووداوەکانی
ساڵانی ٢٥-١٣٢٤

١-ڕۆژێک لە ماڵی ئاغای محەمەدی عەبباسی کە لایەنگری دەوڵەتی نێوەندی بوو دانیشتبووین، ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی ناوچەی سەقز و چەند نەفەر ئەفسەری ئەڕتەشی ئێران بۆ وتووێژ سەبارەت بە چلۆنایەتی سەربازخانەکانی دەوڵەتی نێوەندی و پێشمەرگەی حکوومەتی کوردستان لە سەر ڕێی جادەی سەقز-بانە لەو کۆبوونەوەیە دا ئامادە بوون. ئاغای ئەمیر ئەسعەدی عەلییار [ عەلیی ئاغای حاجی ئێلخانی] میوانی ئاغای عەبباسی بوو و لەو مەجلیسە دا بوو، نەخۆش بوو و زۆر ماندوو و فڵ بوو، بە پێی ئەوەی کە لە ڕابردووە وە منی دەناسی گوتی: وەک دەبینی نەخۆشم و لە پێ کەوتووم، ئێستا کە دەچییەوە مەهابادێ، وەزعی نەخۆشی من بە عەرزی قازیی محەمەد بگەیێنە ،ئەمن دەمەوێ بگەڕێمەوە دێیەکانی خۆم لە دەورو بەری بۆکان و لەوێ بحەسێمەوە. کاتێک من لە سەقز چوومە خزمەت قازیی محەمەد و ڕاسپاردەکەی ئەمیر ئەسعەدم پێگوت، فەرمووی ئێمە لەگەڵ هیچکەس دوژمنایەتیمان نییە و قەت پێشی هاتنەوەی کەس ناگرین، ئاغای ئەمیر ئەسعەد دەتوانێ لەوپەڕی ئازادی دا لە هەرجێیەکی کە پێی خۆش بێ بژی. دوای دوو ڕۆژ ووڵامەکەم بۆ ئاغای ئەمیر ئەسعەد بردەوە. ئەمن لە شێوەی هەلسوکەوت و پەیام ناردنی ئەو دوو کەسایەتییە گەورەیە کە بە ساڵان دوژمنایەتییان لە گەڵ یەکدی هەبوو حەزم کرد و بە خۆمم کوت: پیاوانی گەورە تەنانەت لە دۆژمنایەتی کردنیش دا گەورەیی و لەسەرەخۆیی خۆیان دەپارێزن.

٢-مەئموورییەتێکم هەبوو بۆ سەردەشت.کاربەدەستانی دەوڵەتی نێوەندی لە ڕادەست کردنی کاروباری سەردەشت بە ئێمە بە بیانووی جۆر بە جۆر خۆیان دەدزییەوە، بە ئەزموونی پێشوو کە لەو جۆرە بەڵێنە نێو هڵۆڵانە هەمبوو دەمزانی کە ئەمڕۆ و سبەینێ کردنی کاربەدەستانی تاران جگە لە فریو وکەتن شتێکی دیکە نییە جابۆیە ئێوارەی ڕۆژێک رائەسپێردرام پێویستە فەرمانی هێرش بۆ گرتنی سەردەشت بە فەرماندەی پێشمەرگەکان بگەیێندرێ کە هەرچی زووترە سەردەشت و دەوروبەری ئازاد بکەن، بۆ جێبەجێکردنی ئەو فەرمانە سەعات ٩ی شەو گەیشتینە دێی کاولان، لەگەڵ هاوڕێکانم ئاغایانی مەحموودی وەلیزادە و دڵشادی ڕەسووڵی بۆ حەسانەوە چووینە سەربانی کە لەوێ جێگایان بۆ ڕاخستبووین. هێشتا خەومان لێ نەکەوتبوو و سەعات نیزیکەی یەکی دوای نیوە شەو بوو ماشێنێک لە بەر دەرگای قاوەخانە ڕای گرت و خەبەری ئێمەی لە قاوەچییەکە پرسی و کاتێک زانیان ئێمە لەوێین هاتنە سەربانی، ئەو کەسەی ناردرا بوو ئاغای سەدیقی حەیدەری بوو.
ئەو گوتی: سۆڤییەتییەکان لە پلانی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر سەردەشت ئاگادار بوون و دەڵێن ئەوە ئێمە لە تاران خەریکی جێبەجێ کردنی مەسەلەی ئازەربایجان و کوردستانین ،بەڵام ئێوە دەتانەوێ بیانوویەک بدەنە دەست دەوڵەتی نێوەندی و ئەوەش لە سەر ڕێی جیبەجێ کردنی کێشەکان بەرهەڵستێک ساز دەکا، لە بەر ئەوە بڕیاری هێرش بۆ سەر سەردەشت پوچەڵ کرایەوە و من و هاوڕێکانم چەند ڕۆژێک لە نیزیکی دێی هەمران لە چادری پێشمەرگەکان لە بەرزاییەکان دا ماینەوە.



٣-مەئموورییەتێکیشم هەبوو بۆ میاندواو. چەند ڕۆژێک بوو حکوومەتی ئازەربایجان بە دەست ئارامی هەرمەنی میرزا ڕەحمەتی شافیعی گرتبوو و لە تەغی ئاباد زیندانی کرد بوو. دەیانگوت پارەیەکی زۆر لە نێوبراو داوا دەکەن و ئاشکرا بوو دوای ئەوەی پارەیان لێ ئەستاند گیانی خۆشی بۆ ڕزگار ناکرێ، سەعاتی دەی بەیانی بوو کە بانگ کرام بۆ ئیدارەی حیزب. یەک لە پێشخزمەتەکان منی ڕێنوێنی کرد بۆ لای قازیی محەمەد کە بەڕێزیان فەرموویان دەزانی ئەوە ئاغای ڕەحمەتی شافیعی لە میاندواوێ زیندانی کراوە، وەک دەردەکەوێ نییەتێکی خراپیان لە ئاست وی هەیە ، دەستبەجێ لە گەڵ دووسێ کەس لە ئەندامانی حیزب بچنە ئەوێ و لە لایەن منەوە بە نەماز عەلییێڤ بڵێن زیندانی کردنی کوردێک بە دەست ئازەربایجانییەک بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نیوەی زیاتری خەڵکی میاندواو کوردن لە ڕوانگەی ئێمەوە سووکایەتییەکی گەورەیە. ئەگەر میرزا ڕەحمەت تاوانێکیشی کرد بێ دەبێ لە مەهاباد سزا بدرێ، هەلبەت من بۆچوونم ئەوە نییە و ئازاد بوونیم لە زیندانی کردنی پێ باشترە. لە گەڵ ئاغایان حاجی مستەفای داودی،محەمەدئەمینی شەڕەفی، دڵشادی ڕەسووڵی و هەباس ئاغای عەزیزی زاوای ئاغای ڕەحمەتی شافیعی بە ماشین وەڕێ کەوتین، لە میاندواو لە پێش قاوەخانەیەک بۆ چایی خواردنەوە ڕامان گرت. تەماشامان کرد، سەربازێکی شووڕەوی هاتە پێشێ و گوتی فەرماندە دەیەوێ چاوی بە ئێوە بکەوێ. لە گەڵ سەربازەکە چووم. فەرماندە پرسیاری کرد میرزا مەناف بۆ چ کارێک هاتوون بۆ میاندواو؟ گوتم بۆ دیتنی ئێوە هاتووم و دەستبەجێ پەیامەکەی قازیی محەمەدم ڕاگەیاند، ئەویش گوتی بەو کەسانەی لە گەڵت هاتوون بڵێ دەستبەجێ میاندواو بە جێ بهێلن و لە یەکەم قاوەخانەی سەر رێیە چاوەڕوانی هاتنەوەی ئێوە بن، قسەکەیم چی بە جێ کرد و گەڕامەوە لای و پێی گوتم بە ماشێنی من بچۆ بۆ لای ئارام ، ئەو شافیعی ڕادەستی ئێوە دەکا، کە گەیشتنە تەغی ئاباد سەر و سۆراغی ئارامی هەرمەنیم کرد، شوێنی کارەکەیان پێ نیشان دام، بەڵام ئارام بۆ خۆی لەوێ نەبوو،بە ڕواڵەت لە ئاغای شافیعی و هەر وەها من کە پێشتر دەمانناسی ڕوودەربایستی هەبوو، بەڵام پێشتر فەرمانی دا بوو کە ئاغای شافیعی ڕادەستی من بکەن. دوای نیزیک پێنج دەقیقە ئاغای شافیعی یان هێنا بۆ دەفتەر دەستبەجێ سواری ماشین بووین و هاتینەوە میاندواو، لەوێ ماشێنی حیزب ئامادە بوو، بە سپاس لە نەمازعەلییێڤ سواری ماشین بووین و هەموومان بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوتین و لە یەکەم قاوەخانەی سەر ڕێیە ئەندامەکانی دیکەش لەگەڵمان کەوتن، سەر و ڕوو ماچ کردن دەستی پێکرد و لەو سەرکەوتنەی وە دەستمان هێنابوو هەموومان شاد و خۆشحاڵ بووین ( پێویستە لێی زیاد بکرێ ئەو قسەیەی
نەمر میرزا مەنافی کەریمی لە مەڕ ڕزگار کردنی ژیانی میرزا ڕەحمەتی شافیعی لە وەسییەتنامەی پێشەوا قازیی محەمەد دا وەڕاست دەگەڕێ. پێشەوا لەو بارەیەوە نووسیویە: " میرزا ڕەحمەت یان کەسێکی دی هەرچەند لە کوشتن ڕزگارم کرد، ئەگەر شتێکی لە مەر من دە دڵ گرتبێ، گەردنم ئازاد کا" ح.ق.)


تێبینی وەرگێڕ: ئەو یادداشتانەی میرزا مەنافی کەریمی وەزیری فەرهەنگی جمهوورییەتی کوردستان، بەڕێز هاشمی سەلیمی ڕێکی خستووە و لە پەراوێزی بیرەوەرییەکانی سەعیدی هومایون دا " پیشوای بیداری" خاطرات سعید همایون، موسسە چاپ و نشر آراس، هولر، ٢٠٠٤ دا بڵاوی کردووەتەوە. لەوانەیە ئامادەکار لە بەر کورتیی یادداشتەکان ئەوەی کردبێ، بەڵام بریا بە جوێ چاپ کرا بان. پێویستە ئاماژەی پێ بکرێ وەک لە دەقی یادداشتەکان ڕا دەر دەکەوێ میرزا مەنافی کەریمی لە نووسینەوەی هێندێک بابەت دا ڕاستەوڕاست کەلکی لە ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمار وەرگرتووە.
وێنەکانی ڕەحمەتی میرزا مەنافی کەریمی بە سپاسەوە لە ئاڕشیوی مێدیا تیڤی وەرگیراون.

Sunday, January 22, 2012

قسەکانی خەلیلی فەهیمی سەبارەت بە کوردستان


قسەکانی خەلیلی فەهیمی سەبارەت بە کوردستان
وەرگێڕان لە فارسییەوە : حەسەنی قازی


لە دوای خەرمانان ١٣٢٠ی هەتاوی و لە شایەتی کەوتنی ڕەزا شای پەهلەوی تا ڕووخانی کۆمار لە سەرماوەزی ١٣٢٥هەتاوی، حکوومەتی ناوەندی نەیتوانی دەستەڵاتی خۆی بە سەر هەموو ناوچە کوردنشینەکانی ئێڕان دا بسەپێنێتەوە. بەر لە پێک هاتنی کۆمار وەنەبێ گشت سیاسەتمدارانی ناوەندێ دژی خواست و ئاواتەکانی گەلی کورد بوو بن. یەکێک لەو سیاسەتمەدارانە 'خەلیلی فەهیمی' کە لە کابینەی ساعید دا وەزیری ڕاوێژکار بووە سەری مەهاباد و شوێنی دیکەی کوردستانی داوە و ڕاپۆرتی ئەو سەفەرانەی پێشکێشی مەجلیسی شوڕای میللی ئێران کردووە. ئەم ڕاپۆرتەی خواره‌وه‌ بۆ ئاگاداری لە بۆچوونێکی جیاواز سەبارەت بە مەسەلەی کورد له‌و سه‌رو به‌ندی دا گرینگە و ئەوە لێڕە دا هەمووی کە لە 'نامە هفتگی کوهستان' ژمارەی ١ ، دووشەمۆ ٧ی ڕەشەمەی ١٣٢٣ [٢٦ی فێڤرییەی ١٩٤٥] دا چاپ کراوە، وەردەگێڕین و دەیخەینە بەر چاوئ هۆگرانی مێژووی سیاسی کوردستان

نامەی هفتگی کوهستان، ساڵی یەکەم، ژمارە ١، ٢شەمۆ ٧ی ڕەشەمەی ١٣٢٣ /٢٥ی فێڤرییەی ١٩٤٥
ئاغای فەهیمی چۆنی باسی کوردستان کرد


تا ئەو کاتەی کە ئاغای فەهیمی وەزیری ڕاوێژکار ڕاپۆرتی خۆی بە گوێی نوێنەرانی مەجلیسی شووڕای میللی نەگەیاندبوو، بۆچوونی دەوڵەت سەبارەت بە کوردستان بۆ زۆری خەڵک ڕوون نەبوو.قسەکانی بەڕێزیان پەردەی لە ڕووی هێندێک ڕاستی هەڵداوە و سیاسەتی دەوڵەتی لەو ناوچە یە دا ڕوون کردەوە. ووتاری ئاغای فەهیمی جگە دەربڕینی ڕاستییەکان، گرینگییەکی زۆری لە دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان دا هەیە و ئەو قسە ڕەپ وڕوانە هێندێک هومێدی لە دڵی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دا پێک هێناوە. ئەگەرچی زۆرێک لە هۆگران داوخوازیان لە ئێمە کردووە دەقی نوتقی بەڕێزیان وەک خۆی بڵاو بکەینەوە و بە ئاگاداری بیروڕای گشتی بگەیێنین، بەڵام لە بەر که‌می لاپەڕەکانی ' نامەی کوهستان' ناتوانین هەمووی بڵاو بکەینەوە و پوختەی قسەکانی باس ده‌که‌ین


قسەکانی ئاغای فەهیمی لە مەجلیس

ماوەیەکە ئاغایانی نوێنەران داوایان کردووە کە بەندە ئەو شتانەی لە سەفەری کوردستان دا چاوم پێیان کەوتووە عەرزیان بکەم. هەڵبەت منیش لەو باوەڕە دام کە ئاگادار بوونی ئاغایانی نوێنەران لەو سەفەرەی بەندە و بەتایبەتی هۆی هاتنە پێشی ئەو سەفەرە و ئەو ڕووداوەی لە بەر ئەو سەفەر کردنە پێش هات هەم بۆ سیاسەتی مەملەکەتی و هەمیش بۆ سیاسەتی ئێستای مەملەکەت ڕەنگە به‌که‌لک بێ. بەڵام هۆی سەفەری بەندە : لە کابینەی ئاغای ساعید دا شەوێک سەرۆکی ستادی ئەڕتەش ئاغای سەرتیپ ڕەزمئارا تەشریفیان هێنا بۆ کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەت و بە ئامادە بوونی ئاغای ساعید و بەندە و ئاغای سەروەری وەزیری کار و باری
ناوخۆ گوازرشتێکی دوور و درێژی خوێندەوە کە مەئموورێکی ڕەسمی لە مەهاباد ئامادەی کرد بوو و لەوێوە بە کورتییەکەی ناوچەی مەڵبەندی مەهابادی کوردستانی وەک یەک پارچە ئاور و جوێ بووەوە لە دەوڵەتی ئێران ناساند بوو.سەرۆکی ستادی ئەرتەش ناوی هێندێک کەسیشی هێنا و گوتی ئەوان سەبەبی پێش هاتنی ئەو وەزعەن کە دیارە من لەگەڵ ئەوان پێشینەی ئاشنایەتی زۆرم هەبوو و دەمناسین. یەک لەو کەسانەی کە باسی کرا ئاغای قازیی محەمەد بوو. ئاغای قازیی محەمەد کەسێکی بەڕێزە کە لە ڕووداوەکانی خەرمانان دا [ خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاوی] کە بەندە چوومە ئازەربایجان ئەو یەک لەوکەسانە بوو کە تفەنگی هەڵگرتبوو و لە گەڵ ژمارەیەک لە خزمانی مەهاباد و ئەو مەڵبەندەی دەپاراست .پاشان کە ڕووداوی ڕەزائییە هاتە گۆڕێ، بەندە بەڕێزیانم لە گەڵ سەید عەبدوڵا نەوەی شێخ عەبدولقادر [ شێخ عوبەیدوڵا دروستە، چونکە سەید عەبدوڵا کوری شێخ عەبدولقادر بووە ، وەرگێڕ ] ڕا ئەسپارد کە یەکیان بەرەو باکووری دەریاچە و یەکیان بەرەو باشووری دەریاچە چوو و کۆتاییان بە ڕووداوەکان هێنا و پاشان خزمەت دیکەشیان کرد و دوایە لە گەڵ ئێمە هاتن بۆ تاران و هێندێک کاریان کرد کە بەندە ناتوانم لە نیشتمانپەروەری ئەواندا هیچ گومانێکم هەبێ. ئەوە بوو هەرکە لەوێ ئەو تێلگڕافەم دەخووێندەوە کە ، ئەو قسانەی تێیدا کرا بوون وەدرۆم خستەوە و گوتم ئەمن ئەو کەسانە دەناسم و پێم وا نییە کارێکی ئاوایان کرد بێ، بە ڕێکەوت بەشی دوایی تێلگڕافەکە تا ئەندازەیەک پێشبینیەکەی منی وەڕاست گێڕا، لە گەڵ ئەوەشدا، مەئموورێکی کە ئێستا لە وێندەرێ یە گوزارشت دەنووسێ و ئەو زانیارییانەی باسیان دەکا لە زانیارییەکانی من کە نیزیکەی ساڵ و نیوێک، دوو ساڵ لەمەوپێش لەوێ بووم زۆر جیاواز بوو و ئاوای پێشنیاز کرد بوو کە لە مەهاباد حکوومەتی نیزامی بەرقەرار بکرێ و هەر لەو کۆبوونەوەیەی هەیئەتی دەوڵەت دا بە من پێشنیاز کرا بەو دڵنیاییەی بە ئێمەت دا باشتر وایە خۆشت سەفەرێکی کوردستان و مەهاباد بکەی.لە ووڵام دا گوتم من ئامادەم ،ئەگەر مەترسییەکیش هەبێ من ئامادەم بەڵام بۆ متمانە لەوەی کە قسەکەی من ڕاستە گوتم تێلگرافێک دەکەین بۆ ئەو ئاغایانە کە بێنە تارانێ، هەڵبەت کەسانێک کە ئیدی تا ئەو دەرەجەیە یاغی بووبن و خۆیان لە ناوەند جوێ کردبێتەوە ، نایەنە تاران. گوتیان باشە، جا تێلگڕافێک بە نێوی ئاغای ساعید و تێلگرافێکیش لە لایەن منەوە بۆیان بەڕێ کرا و گوتم هەتا ئەوان نەیەنە تارانێ من سەفەرەکەم ناکەم، چونکە لەوانەیە شتی تازەش ببیسم، بە ڕێکەوت حەوتوویەکی پێ نەچوو کە تێلگڕافی ئەوان گەیشتێ کە بەڵێ وەرێ کەوتووین و گەیشتووینە میاندواو، گوتم فەرموون ئەگەر کەسانێک بە تەواوی خۆیان لە دەوڵەت جوێ کردبێتەوە ئاوا خێرا وەڕێ ناکەون بێن، لەو ماوەیە دا و دوای ئەو ڕوداوانە، یانی دە ڕۆژ دوای ڕووداوی سەربزێوی حەمە ڕەشید [ مەبەست حەمە ڕەشید خانی خانزادەیە، وەرگێڕ] ئەعلاعەزرەتی هومایوونی فەرمانی پێدام باش وایە ئەتوو زووتر وەرێ بکەوی و ئەو ئاغایانەش دوایە وەڕێ کەوتن و هاتن و بەندەش چووم بۆ کوردستان و سنە و لەوێوە بۆ سەقز و بانە و میاندواو و مەهاباد و ڕەزائییە و تەورێز و گەڕامەوە تاران و لە جێی خۆیدایە باسی ئەو بەشی سەفەرەکەتان بۆ کوردستان بۆ بگێڕمەوە
لێرە دا ئاغای فەهیمی بباسی هەلومەرجی گشتی کوردستان شی دەکاتەوە و دوایە دەڵێ بەڵام سەبارەت بە لایەنی تایبەتی ، بە ندە کە گەیشتمە سنە چەند ڕۆژێک خەریکی لێکۆڵینەوە بووم، دەبینم لە لایەن هێندێک کەسانەوە پەیامی ئاوا دێ کە دەیانەوێ چاویان بە من بکەوێ بەڵام دەترسێن بێن بۆ لام. ئەمن پێم سەیر بوو، من هەر بۆیە هاتووم کە هەر کەس شتێکی هەیە و قسەیەکی هەیە بە بەندەی بڵێ .ئاغای ئاسەف [ئاسەف دەبێ یەکێک لە نوێبەرانی سنە بووبێ لە مەجلیسی شووڕای میللی ئێران لەو سەر و بەندە دا، وەرگێڕ] کە لە گەڵم بوو بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و لە ڕاستیدا بانگەوازی لە خەڵک کرد کە ئەگەر کەس قسەیەکی هەیە، شتێکی هەیە بێ بیڵێ. دوای ماوەیەک بەندە چووم بۆ سەقز لەوێ لە پێشدا چاوم کەوت بە ئاغای فەرماندەی لەشکر و بە یەکەوە چووین بۆ بانە، هەڵبەت خانووەکانی ئەوێ لە بەر عەمەلییاتی حەمە ڕەشید ئاوریان تێبەردرابوو و سووتا بوون و ئەو گەوجە بیری نەکرد بووەوە لە بۆچی ئەو کارەی کردووە . تۆ کە دەتویست هەڵێی، هەستە بڕۆ ئیدی بۆچی خەڵکی بێچارەت بێ خانومان کرد و ماڵ ئاور تێبەردانی ئەوانت لە چ بوو خۆ تۆ نە شەڕت کرد و نە هیچ دەتەویست هەڵێی، هەڵهاتبای و ئاوا ئازار دانی خەڵکی بێچارە چ فایدەیەکی هەبوو.هەرچۆنێک بوو ژمارەیەک لە خەڵک هاتبوونەوە و خەریکی دروستکردنەوەی خانووەکانیان بوون.ئەمن وام هەست کرد کە بەوان گوتراوە ئەمن بۆ جێبەجێ کردنی کاری حەمە ڕەشید هاتووم، نەک بۆ جێبەجێ کردمی کاری ئەوان،هەر وەک لە قسەکردن لە گەڵ یەک دوو پیاوی ئایینی دا بۆم دەرکەوت دەیان گوت ئەگەر دەوڵەت دەیەوێ بە ڕێگای حەمە ڕەشید دا یارمەتی خەڵک بدا، کە وا بوو ئێمە چکارەین. ئەمن زۆرم پێ سەیر بوو گوتم شەخسی ئەعلا حەزرەتی هومایوومی ڕۆژێک کە خەبەری ئەو ڕووداوەی بیست وەک ئەوە وابوو کە یەکێک لە کەسانی خۆی سەدەمەی پێ گەیشتبێ، هەر ئاوا پەژارە دایگرت و هەر بۆیەشە شا و سەرۆکوەزیر بەندەیان ناردووە بۆ جێبەجێ کردنی کارەکانتان و دڵخۆشی دانەوەتان و نەیان ناردووم بۆ لای حەمە ڕەشید و ئەگەر بە من بێ هەر دەنێم لە پێش ئەو خانووانە نەوت بە سەر حەمە ڕەشید دا کەن و ئاوری تێبەردەن، ئەمن چکارێکم بۆ وی لە دەست دێ، ئەمن تەنێ بۆ جێبەجێ کردنی کاروباری ئێوەمانان هاتووم
ئەوە بووە هۆی بەهومێد بوونی ئەوان و فکریان گۆڕا و سپاسیان دەکرد، بەڵێنم پێ دان کە کەلوپەلی پێویستیان لە بەر دەست بندری .بۆ شەوێ چوومە سەقز قەدراییەکی زۆرتیڕەگ و کەرەستەی بەنایی و ئاسنەواڵە و شتی دیکەمان بە بەننا و دارتاشەوە نارد بۆ بانە و ئەو چەند ڕۆژەی کە لە وێ بووم ئامراز و کەرەستەکانیان برد و خەریکی دروستکردنەوی خانووەکانیان بوون و چەند کەس لە ئێلخانیزادەکان و کەسانی دی لە جێی دیکەوە کۆ بوونەوە ، ئەمن چوومە سەقز ئەوانیش هاتنە وێندەرێ، ئەوانم لە کۆنەوە دەناسی دەستم کرد بە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەی بزانم ئەو دەمەی کە حەمە ڕەشید دەستی کردووە بە شەڕفرۆشی چ کەسانێک هاوکاریان لە گەڵ کردووە و چ کەسانێک نەیان کردووە. بیستم هێندێک کەس کە ماڵ و مڵکیان لە دەور وبەری بانە و میرەدێ و ئەو شوێنانە بووە ئەو سەردەمی کە حەمە ڕەشید نۆکەری دەوڵەت بووە ، ئەوانیش لە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان بوون و ئێستا موڵکی خۆیان بەجێ هێشتووە و چوون لە بۆکان و شوێنی دی لێی دانیشتوون بۆ ئەوەی نەگوترێ کە ئەوان لایەنگری حەمە ڕەشید بوون دیارە بەندەش دەبوو ئەو کەسانەی کە خزمەتکاری دەوڵەتن و کاغەزی مەئموورانی پێشووی دەوڵەتیان سەبارەت بە خزمت کردن پێیە، دیسان بەهومێد بکەمەوە سەبارەت ڕوحم و بەزەی دەوڵەت و پێیان بڵێم کە هاوکاری دەکرێن بۆ ئەوەی ڕازی بن و بڕۆن بە دووی کاری خۆیانەوە
دوایە گەڕامەوە بۆ سنە و لە گەڕانەوە دا بۆ سنە هێندێک تێلگڕاف لە تارانەوە بە دەستم گەیشت کە هەستم کرد پێوا بوونم لە سەر چوونم بۆ بانە دروستە واتە هێندێک کەس لەوێ هەن کە پێێان خۆش نییە ئەو هەیئەتە سەری ئەوێ بدا و لەوێ تاوانیان وەپاڵ هێندێک کەس دەدا و دەیان گوت کە چاوپێکەوتنی ئەوانە لەبار نییە یان باش نییە. بەڵام بەندە ئەرکی خۆم بەڕێوە دەبرد و گوێم لە قسە و ئیرادەی کەسی دیکە نەبوو .دوایە ئەو کەسانەی کە دەیانەویست سکاڵا و گازەندە بکەن بەڵام دەترسان ووردە ووردە دەهاتنە لام. لەو کەسانەی کە هەم خەڵکی شارنشین و هەم خەڵکی دیکە شکایەتیان لێ دەکرد کەسێک بوو بە ناوی مەحموودی کانی سانانی کە یەکێک لە شەڕانییەکانی وەک حەمە ڕەشیدە و تا بەر لە خەرمانان [ی ساڵی ١٣٢٠] لە زیندان دا بووە و دوای خەرمانان ئازاد کراوە و ڕۆیشتووە. ئەو کەسەیان لەوێ داناوە بۆئەوەی سەرحەدی ئەوێ بپارێزێ. ئەو پارێزگارییەی لە سنووری دەکا ئەوەیە کە دەهێڵێ تەبەعەی عێڕاقی بە بێ پاسپۆرت بێنە ئەم لایە، یان بۆخۆی پاسپۆرتیان دەداتێ ،بێ پسانەوە ماڵی قاچاغ دەهێنێ کە دیارە ماڵ و کەلوپەلی قاچاغ لە دەوروبەری کوردستان زۆرە و ئەو کەلوپەلە قاچاغەی کە دەیەوێ بییانهێنێتە نێو شاری ، دەنووسێ ئەوە بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیە، پێشیان پێ مەگرن و ئەو کەلو پەلەش کە بۆ هەناردە کردن دەیان کڕێ دەنووسێ ئەوە بۆ بەکارهێنانە لە هەورامان و مەریوان، ئیجازەیان پێویست نییە. موڵکی خەڵکیش داگیر دەکا، هێندێکان دنە دەدا بۆ ئەوەی شوێنێک بە ئی خۆیان دابنێن و خۆشی دەکا بە موباشیری هێندێک کەسی دیکە، بەڵام وەرە و ببینە چ جۆرە موباشیرێک
بۆ وێنە حاجی موعتەمەدی کوردستانی کە لەو دواییانە دا کۆچی دوایی کرد لەو ناوچانە دا هێندێک موڵکی هەیە کەوەک باسیان دەکرد ئەو موڵکانە داهاتیان سەدهەزار تمەنە و ئەو موڵکانە بە دەست ئەو کەسەوەیە و دوو هەزار تمەنی بۆ ناردووە و گوتویە ئەوە داهاتی موڵکەکانە. هێندێک لە خاوەنانی ئەو موڵکانە هاتنە لام و لە وانە ئاغای دوکتور ئەردەڵان کە یەکێک لە خاوەنموڵکانی ئەوێ یە، حوکمێکی پێ بوو لە لایەن ستادی ئەڕتەشەوە بۆ ئەوەی موڵکەکانی وەربگرێتەوە. فەرماندە لەوێ پێی گوت من مەئمووری جێ بە جێ کردنی بڕیارانم ئەگەر حوکمێکت بە دەستەوەیە لە لایەن مەحکەمەوە ئەوە قەبووڵ دەکەم دەنا کاغەزی دی قەبووڵ ناکەم. ئەمن زۆرم پێخۆش بوو و پێی گەشامەوە کە فەرماندەیەک تا ئەو ئەندازەیە قانوون ڕەچاو دەکا، بەڵام بە ڕێکەوت بۆ بەیانی ئەو ڕۆژە دۆسییەیەکم دی کە لە ژاندارمەری یەوە سەبارەت بە کەسێکی دیکە هێنابوویان کە بۆخۆیان بڕیاریان داوە موڵکەکەی وی بدەنەوە و دەرکەوت کە ئەو کارە دەکەن جا لە بەر چی ئەوە دەکەن نازانم چتان عەرز بکەم
هەرچۆنێک بێ ئێمە مەئموورێکی ئاوامان لە سەر سنوور هەیە، مەئمووری گومرگ ناوێرێ متەقیشی لە بەر بێ و قسەیەک بکا و ئەو کەسە [مەحموودی کانی سانانی] لە کارو باری ئەوێدا ئەوەندە دەستی دەڕوا و ئەوەندە نفووزی پەیدا کردووە شەخسی فەرماندەش هەر وا پارێزگاری لێ دەکا. سەرۆکی ژاندەرمەری ئەوێ کۆلۆنێل میرفێندرسکی زۆر ئینسانێکی باش بوو،مەئموورەکانیشی باش بوون بەڵام ئەویش لێی ڕازی نییە بەڵام ناوێرێ سەبارەت بە کردەوەکانی ئعتڕاز بکا و لەوەش زیاتر لەوێ دیتم کە مەحموودی کانی سانانی لەوێ بە ناوی فەرمانداری نیزامی هەورامان و مەریوان کاغەز ئیمزا دەکا، بەندە نازانم کە هەورامان و مەریوان کەی بوو بە شارستان و کێ ئەوی کردووەتە فەرماندار و كێ لەوێ حکوومەتی نیزامی داناوە.پاشان هاتینە سەقز و ویستمان بچینە مەهاباد. ئەو مەئموورەی کە ئەو گوزارشتەی هەوەڵێی ناردبوو هاتبوو دیتم کە پێکێشی دەکا بەندە نەچم
،بۆ مەهاباد . ئاغای سەرهەنگ عەلەوی لێی پرسیبوو بۆچی نەچێ ، گوتبووی لە بەر ئەوەی مەترسیدار پرسیاری کرد بوو چ مەترسییەک؟ دەکووژن، زیندانی دەکەن چ دەکەن؟ گوتبووی نەخێر ئەگەر هیچکام لەوانەش نەبێ بەلانی کەمەوە لە سەر ڕێگا پێشیان پێ دەگرن و دەیان گێڕنەوە.سەرهەنگ پێی گوتبوو کە فڵانەکەس لە هیچکام لەوانە ناپرینگێتەوە، چونکە بە دڵخوازی خۆی هاتووە و ناترسێ و دەچێ، جا هەر لەو ڕۆژە دا خەبەر هات کە پاسگایەکی سۆڤییەتییەکان پاسگایەکی ژاندارمەرییان چەک کردووە. منیش گوتم ئێمە دەچین و چەند ژاندرمیشمان لە گەڵە و ئەگەر چەکەکانی ئەوانیشیان ئەستاند با بی ئەستێنن. لە ڕاستیدا پاسگای سۆڤیەتییەکان بەو پەڕی ڕێزەوە لە گەڵمان جووڵانەوە و زۆر لە گەڵمان خۆش ڕەفتار بون و بە هیچجۆر هیچ بێ ڕێزییەکیان لێوە
نەبیندرا. پاسگای ژاندارمەری بە چەکەوە لە سەر جێی خۆی بوو و هیچکام لەو شتانەی گوترابوون وا نە بوو و مەبەستی ئەو مەئموورە لەو قسانە ئەوەبوو ڕاست و درۆی ئەو گوزارشتانەی دابووی ڕوون نەبێتەوە. دوایە چووین و دوو شەو لە بۆکان بووین. ژمارەیەک خەڵک کە ماڵ و موڵکیان لێ ئەستاند بوون هاتنە لای بەندە و سکاڵا و گازەندەی خۆیان دەکرد و هێندێک کاغەزشیان نیشان دام کە کاربەدستانی پێشوو ئیمزایان کردبوون، لە سپەهبود شابەختی یەوە بگرە تا خودالێخۆشبوو سەرتیپ ئەڕفەع و گوڵشائیان و هەر کەس کە لەوێ بووە لە دوای خەرمانانەوە [ خەرمانانی ١٣٢٠ی هەتاوی، وەرگێڕ] نووسیویە ئەوانە هەمیشە خزمەتکاری دەوڵەت بوون و خزمەتیان کردووە و بەندە جگە لە تەئیدی ئەو بەڵگە ڕەسمیانە کە مەئموورەکانی دەوڵەت داویە بەوان بە موعتەبەر بزانم چارەیەکی دیکەم نەبوو.چونکە دیتم کە ئەوانە سەردەمێک خزمەتیان کردووە و هیچی خراپیان نەکردووە و و لە خۆڕا نابێ بیانترسێنن. لەوێوە شەرحێکم نووسی بۆ فەرماندەی لەشکر کە ئەو کەسانەی کە باسیان هاتووەتە نێو نێوان پێشینەیان ئەوەیە، ئێستا هاتوونەتە ئێرە و ماوەیەکە لێرە ماونەتەوە و ئەوە کەسانێکن کە دەست بە سەر ماڵ و موڵکیان دا گیراوە ، ئێستا باش دەبێ ئێوە دڵنیایان کەن بۆ ئەوەی بە هومێد بن و بێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان و خزمەت بکەن. بە داخەوە ئەو داوایەی من پێک نەهات و گوتیان ئەوانە لە خەرمانان دا کاری تێکدەرانەی زۆریان کردووە و تاڵانیان کردووە و ناکرێ بگێڕدرێنەوە شوێنی خۆیان. بەندە لەوێوە چوومە مەهاباد واتە ناوەندی مەترسی و ئاور!! ئەو هەموو نێوانەیان بۆ هەڵبەستبوو، هەوەڵێ کە گەیشتمە جێ ژمارەیەک لە تاجر و پیاوانی ئاینی و ماقووڵانی شاری هاتبوون بە پیلمەوە پێموا بوو بیستبوویان کە وەزیرێک لە لایەن شاوە دێ.وەک ئەوە وایە مەلایکەتێک لە ئاسمانەوە بێ.هەرچۆنێک بێ ئەوان بە ئەوپەڕی زەوق و خۆشییەوە پێشوزاییان لێ کردم و پێکێشیان دەکرد ئەمن سواری ماشێن ببمەوە و ئەوان بە پێیان بە دوام دا بێن. بەندە ئەوەم قەبوووڵ نەکرد، گوتم ئاغایان زەحمەتیان کێشاوە بە پێیان هاتوون، زۆر دوور لە ئینسافە بەندە بە سواری ماشێن بەردەوام بم و ئەوان بە پێیان بە جێ بهێڵم، بە تایبەتی لە بەر ئەوەی بۆ دەربڕینی ڕوحم و بەزەیی ئەعلاحەزرەتی هومایوونی و دەوڵەت هاتووم ناشێ من سوار بم و ئەوان پیادە. هەتا مزڵ بە پێیان چووم و دوای نیوەڕۆش سەرۆکانی کورد دەستە دەستە هاتنە لام و جگە لە دەربڕینی گوێڕایەڵی و حورمەت لێنان لە دەوڵەت هیچ شتێلی دیکەیان نە دەگوت و هەموویان هێندێک هۆیان باس دەکرد کە مرۆ نەدەکرا لە ئاست ئەو قسانە هیچ بڵێ. بۆ وێنە دەیانگوت ئێمە لە ڕووی بیروڕای مەزەبی و ئیسلام و بە پێی بنەماکان و بنچینەکامی ئیسلامی گوێڕایەڵی لە سەلتەنەتی ئێران دەکەین و ئەوە بۆ ڕواڵەت کاری نییە. ئێمە لەو بڕوایە داین ئێڕانی ڕەسەن ئێمەین. هەموو دەیانگوت بۆچی هێندێک کەستان بانگ کردووە بۆ تاران [ لەو سەردەمە دا قازیی محەمەد، قەرەنی ئاغای مامەش، سەید عەبدوڵا ئەفەندی لە تاران بوون، وەرگێڕ] و لە ئێمەتان نەگێڕاوە. ئێمە دەبێ شا ببینین، مەجلیس ببینین و ، گوتم خەتای ئەوە لە ئەستۆی منە ، لە بەر ئەوەی هێندێک تاوان وەپاڵ هێندێک لە ئاغایان درابوو داوامان لێکردن بێن، هەڵبەت داوا لە ئێوەش دەکەین کە بێن بۆ تارانێ و بچنە خزمەت شا.چاوتان بە دەوڵەتیش بکەوێ. دەوڵەتیش ئێوە ببینێ، ئێوەش دەوڵەت ببینن ، دەچنە خزمەت ئەعلاحەزرەتیش مەجلیسیش ببینن. ئێوە ئێرانین . لەو دووسێ ڕۆژەی دا کە لەوێ بووم جگە لەوەی کە دەستە دەستە دەهاتن و قسەی خۆیان دەکرد و گوێڕایەڵی خۆیان دەردەبڕی قسەیەکی دی لە گۆڕێ دا نەبوو. تەنیا سکاڵا و گازەندەیان ئەو فەرماندەیەی ئەڕتەش هەبوو کە هەمیشە ویستوویەتی ئەوان وەک یاغی بناسێنێ . وەک دەرکەوت جاری یەکەم کە ئەو چووە بۆ مەهاباد، بە ڕێزەوە میوانداریان لێ کردووە و خزمەتیان پێ کردووە و پێیان گوتبوو کە ئێمە هەمیشە لە خزمەت دەوڵەت دا بووین و گوێڕایەڵی بووین. ئەویش لە ووڵام دا پێی گوتبوون کێ گوتوویە گوێڕایەڵی بکەن، دەوڵەت حەوجێی بە خزمەتی ئێوە نییە و دوایە پێی گوتبوون ئێوەومانان دەبێ ئیعدام بکرێن. ئەوە شێوەی میوانداری لەوی بووە و لە بەرانبەر خزمەتی خەڵک یان دەربڕینی گوێڕایەڵی و سەر وەبەرهێنان ، ئەو کەسانەی کە تا ئەو دەرەجەیە خۆیان بە ئێرانی دەزانن داخودا دەکرێ ئینسان جنێویان پێ بدا و لە ڕووی ڕق وکینەوە بەدگۆییان بکا. ئەوانە لە خزمەت دەوڵەت دان، بۆ نموونە عەرزتان دەکەم. قەرەنی ئاغای ئەمیر عەشاییر سەرۆکی خێڵی مامەش ئینسانێکە کە هەموو دەزانن ئێرانییەکی دەمارگرژە و هەموو دەزانن کە لای ئەو ناکرێ بە سووکی باسی ئێران بکرێ. پیرە پیاوێکی بەڕێزە. کوڕەکەی لەوێ بە ئامادە بوونی فەرماندە و سەرۆکی ستاد قسەی دەکرد دەیگوت کە من خۆم سەرباز بووم و بابم سەرباز بووە و باپیرم سەرباز بووە. ئێمە هەموومان سەربازی دەوڵەت بووین و خزمەتمان بە دەوڵەت کردووە و لەو ڕێبازە دا زۆر کەسن لێ کووژراوە. جا لە ووڵامی ئەوە دا ئەوە چ قسەیەکە پێیان بڵێن سەرلەشکرەکان ئەوەندەیان خزمەت کردووە کە دەبێ هەموو بچنە ناو کۆشک.باشە ئەو چ قسەیەکە کە دەبێ بەوانی بڵێن کە هەمیشە ئەوان لە مەڕ دەوڵەت دڕدۆنگ و دەوڵەت لەمەڕ وان دڕدۆنگ بکەن.کام لە سەرلەشکرەکان چووەتە کۆشک و لە ڕاستییدا قسەی وا زۆر خراپە و لە جیاتیان دەبێ هاوڕێیەتیان بکرێ ،کەسێک کە شانازی دەکا بە ئێرانییەت، نابێ بەو شێوەیە ڕەفتاری لە گەڵ بکرێ.نابێ پێی بگوترێ تۆ ئێرانی نی، ئەویش لە لایەن کەسێکەوە کە مەعلووم نییە جەد و ئابادی خۆی کێ یە؟ لە لایەن خەڵکی مەهاباد و کوردستانەوە بەندە بەوپەڕی متمانەوە عەرز دەکەم کە ئەو عەلاقەیەی ئەوانە بە ئێرانیان هەیە نموونەی نییە.

Saturday, January 21, 2012

دوو ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ دره‌نگ وه‌خت





تێبینی: بە بۆنەوەی هاتنەوەی ٢-ی ڕێبەنانی پێرۆز دوو ڕوونکردنەوەی بنکەی ژین بڵاو دەکەینەوە کە لە ووڵامی هێندێک کەس دا نووسراوە. ئەوانە لە جیاتی دەستخۆشی لەو دامەزراوەیە بۆ ئەو هەموو زەحمەتەی بۆ بووژاندنەوەی چاپەمەنییەکانی سەردەمی کۆمار کێشاویەتی، لە خوت و خۆڕایی پێی هەڵدەکاڵێن.
ڕوانگە

دوو ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ دره‌نگ وه‌خت
خوێنده‌واری‌ ئازیز، ئه‌م دوو ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ نیوه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌مساڵ‌ نووسراون، بڵاوكردنه‌وه‌یان له‌به‌ر سه‌رقاڵی‌‌و پڕكاری‌ دوا كه‌وت. بۆ ئه‌وه‌ی‌ بۆچوونی‌ (بنكه‌ی‌ ژین) له‌و دوو لایه‌نه‌وه‌ بۆ مێژوو تۆمار ببێ‌، پێویست بینرا بڵاو بكرێنه‌وه‌. هیوایه‌ به‌شدارییه‌كی‌ ڕاستگۆیانه‌ بن له‌ خستنه‌ ڕووی‌ ڕاستیدا.

بنكه‌ی‌ ژین
تشرینی‌ دووه‌می‌ 2011

(1)
ڕوونكردنه‌وه‌
كاتی‌ خۆی‌، ساڵی‌ 2007، كه‌ (بنكه‌ی‌ ژین) هه‌شتاویه‌ك ژماره‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "كوردستان"ی‌ زمانی‌ حاڵی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان- 1946ی‌ به‌ پڕۆژه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ‌ (ده‌زگای‌ ئاراس)دا له‌چاپ دایه‌وه‌، ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ زۆری‌ له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان به‌نسیب بوو. ئه‌و به‌رهه‌مه‌، به‌لای‌ بنكه‌وه‌، شاكارو سه‌رتۆپی‌ هه‌موو كاره‌كانیه‌تی‌، چونكه‌ –به‌ شانازییه‌وه‌- ئه‌رك‌و ماندوێتی‌‌و زه‌حمه‌تێكی‌ زۆری‌، به‌ هاوكاریی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ خوالێخۆشبوو ڕه‌شید باجه‌ڵان‌و قسه‌ی‌ خێری‌ هێندێ‌ دۆست‌و پشتیوانی‌ بنكه‌ له‌ به‌غدا، به‌ په‌یداكردن‌و خاوێنكردنه‌وه‌و ڕێكخستن‌و ئاماده‌كردنی‌ ئه‌و (81) ژماره‌یه‌وه‌ كێشاو دواجار له‌ به‌رگێكی‌ یه‌كجار نازداردا خرایه‌ به‌رده‌ستی‌ خوێنده‌وارانی‌ كورد.
زۆری‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌ بنكه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یین، واته‌ یا هه‌ر نموونه‌ی‌ وێنه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ن، یان ژماره‌یه‌كی‌ دیاری‌ ئه‌و نموونانه‌یان تێدایه‌. وا ڕێ‌ كه‌وتووه‌ جاروبار لاپه‌ڕه‌یان لێ‌ یا دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌، یان په‌ڕیوه‌و له‌بیر چووه‌. كه‌م‌وكورتی‌‌و هه‌ڵه‌ی‌ بێ‌مه‌به‌ستی‌ له‌و جۆره‌ هه‌بوون‌و پاشتر پێیان زانراوه‌، ڕاستكردنه‌وه‌یان –به‌ناچاری‌- هه‌ڵگیراوه‌ بۆ چاپێكی‌ دیكه‌.
ماوه‌یه‌ك پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ ناوبراوه‌، له‌ڕێی‌ چه‌ند براده‌رێكه‌وه‌ پێ‌ زانرا كه‌ لاپه‌ڕه‌ (3)ی‌ ژماره‌ (22) له‌ ژماره‌ (23)یشدا دووباره‌ كراوه‌ته‌وه‌و لاپه‌ڕه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ بیر چووه‌و له‌ جێی‌ خۆیدا دانه‌نراوه‌. ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌، به‌ هه‌موو دڵنیایی‌یه‌كه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی‌ پڕكاری‌‌و سه‌رقاڵیی‌ زۆره‌وه‌ ڕووی‌ داوه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ بنكه‌ توانایی‌یه‌كی‌ كه‌می‌ مرۆیی‌‌و ماددیی‌ له‌چاو ئه‌ركه‌ زۆره‌كانیدا هه‌یه‌‌و به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ كاروباره‌كانی‌ له‌ ئه‌ستۆی‌ چه‌ند ئه‌ندامێكیدایه‌‌و ئاسایی‌یه‌ له‌ ئه‌نجامی‌ كاری‌ زۆره‌وه‌ تووشی‌ هه‌ڵه‌ی‌ وا ببن. بۆیه‌ هیچ نه‌كرا، ئه‌وه‌ نه‌بێ‌ كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ په‌یداكردنی‌ ژماره‌كانی‌ دیكه‌ی بین، تا –خوا یار بێ‌- له‌ چاپێكی‌ نوێی‌ بێ‌كه‌م‌وكوڕیدا بڵاو بكرێته‌وه‌. پار، كه‌ بیسترا ده‌وره‌یه‌كی‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌كه‌وه‌ پێشكه‌شی‌ به‌ڕێز كاك مه‌سعوود بارزانی‌ كراوه‌، نامه‌یه‌كی‌ به‌ ناوی‌ بنكه‌وه‌ بۆ نووسراو ڕووی‌ لێ‌ نرا تا بفه‌رموێ‌ ئه‌و ژماره‌ نوقسانانه‌ بخرێنه‌ به‌رده‌ست‌و ئه‌و كاره‌یان پێ‌ ته‌واو بكرێ‌، بنكه‌ هێشتا له‌ چاوه‌ڕوانیی‌ ئه‌وه‌دایه‌.
(دووشه‌ممه‌ی‌ ڕێكه‌وتی‌ 24/1/2011)، باس‌وخواس له‌ كۆڕێكی‌ شاری‌ هه‌ولێردا سه‌باره‌ت به‌ حكوومه‌تی‌ میللیی‌ كوردستان له‌ مه‌هاباد، هاتووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و چاپه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "كوردستان"‌و "حامید گه‌وهه‌ری‌" ناوێك، له‌بریی‌ ده‌ستخۆشی‌لێكردن‌و به‌رز هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ئه‌و كاره‌، نه‌دیو و نه‌ناسیو ئه‌م كه‌م‌وكورتییه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "كوردستان"ی به‌ ده‌ستئه‌نقه‌ست‌و بۆ نیازێكی‌ تایبه‌ت لێك داوه‌ته‌وه‌، گوایه‌ نه‌ویستراوه‌ بابه‌تی‌ (نوتقی‌ محه‌مه‌د مه‌حموود ئه‌فه‌ندی‌ له‌ ڕۆژی‌ هاتنی‌ مه‌لا مستەفا له‌ حزووری‌ حه‌زره‌تی‌ پێشه‌وای‌ كوردستان) كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ (3)ی‌ ژماره‌ (23)دایه‌، بخرێته‌ به‌ر چاوی‌ خوێنده‌واران‌و شاردراوه‌ته‌وه‌!! له‌كاتێكدا به‌ڵگه‌ی‌ بێ‌ئه‌ملاوئه‌ولای‌ له‌بیركرانی‌ ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ناوی‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ پێڕستی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ ژماره‌كانی‌ "كوردستان"دا هێنراوه‌ته‌وه‌ (ل49)، ته‌نانه‌ت هه‌واڵه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌ له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا كه‌ بۆ ڕۆژنامه‌كه‌ كراوه‌، له‌ژێر سه‌رباسێكدا به‌ ناوی‌ خۆیه‌وه‌ ڕیز كراون (ل31-32).
ئه‌م بۆچوونه‌ –به‌ هه‌موو ڕووسووری‌‌و بڕوابه‌خۆبوونێكه‌وه‌- نه‌ك هه‌ر بێ‌ویژدانانه‌، به‌ڵكوو به‌ ته‌واوی‌ ناڕاست‌و هه‌ڵه‌و تفه‌نگ به‌تاریكییه‌وه‌ نانه‌!، به‌تایبه‌ت كه‌ كه‌سێك كردوویه‌ نه‌ دوورونزیك ئاگاداری‌ كارو چالاكیه‌كانی‌ بنكه‌یه‌، نه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌ناسێ‌‌و ده‌زانێ‌ به‌ چ گیانێكی‌ خاوێنی‌ كوردانه‌وه‌ كار ده‌كا. بنكه‌، وه‌ك ده‌زگایه‌كی‌ زانسیتی‌ كوردی‌‌و پڕۆژه‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نیشتمانی‌، به‌بێ‌ پاكانه‌كردن -به‌ر له‌ هه‌موو شتێك- خۆی‌ له‌ به‌رده‌می‌ دادگای‌ مێژوو و میلله‌تدا به‌ به‌رپرس‌و په‌رێزی‌ خۆیشی‌ به‌ پاك ده‌زانێ‌. بۆیه‌ به‌رهه‌مه‌كانی‌، له‌ ئاستێكی‌ وا به‌رزی‌ زانستی‌‌و بێ‌لایه‌نیدان كه‌ هه‌رگیز ڕێ‌ به‌ خۆی‌ نه‌دا، له‌به‌ر پابه‌ندبوون به‌ ئه‌مانه‌تی‌ مێژوویی‌‌و زانستی‌، مێژوو بشێوێنێ‌‌و به‌ ویستی‌ خۆی‌ ده‌ستكاریی‌ بكا، به‌ڵكوو مه‌به‌ستیه‌تی‌ مێژوو وه‌كوو خۆی‌ به‌بێ‌ هیچ شێوه‌ لایه‌نگرییه‌ك بنووسرێته‌وه‌و زیندوو بكرێته‌وه‌. جۆری‌ به‌رهه‌مه‌كانیشی‌ گه‌واهیی‌ له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ بۆ ده‌ده‌ن. بنكه‌، ئه‌گه‌ر به‌و گیانه‌ كوردییه‌و به‌ نیازی‌ خزمه‌تكردنی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ كوردستان‌و كورد به‌بێ‌ جیاوازی‌ كاری‌ نه‌كردایه‌، پڕكێشیی‌ نه‌ده‌كرد پڕۆژه‌ی‌ هاوبه‌ش بۆ له‌چاپدانه‌وه‌ی‌ ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌و ڕۆژنامه‌ی‌ "ده‌نگی‌ گێتیی‌ تازه‌"‌و خولی‌ یه‌كه‌م‌و دووه‌می‌ گۆڤاری‌ "ده‌نگی‌ گێتیی‌ تازه‌" له‌گه‌ڵ‌ (ده‌زگای‌ ئاراس)دا‌و بۆ له‌چاپدانه‌وه‌ی‌ گۆڤاری‌ "هه‌تاو، 188 ژماره‌" له‌گه‌ڵ‌ (ده‌زگای‌ موكریانی‌)داو بۆ له‌چاپدانه‌وه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "كوردستان، تاران، 209 ژماره‌" له‌گه‌ڵ‌ (ئه‌كادیمیای‌ كوردی‌)دا به‌جێ‌ بهێنێ‌‌و -به‌بێ‌ زیاده‌ڕۆیی‌- به‌و سه‌نگ‌و قورسایی‌یه‌وه‌ له‌ ناوه‌ندی‌ ڕۆشنبیریی‌ كوردیدا ده‌ر نه‌ده‌كه‌وت و ئه‌و هه‌موو دۆست‌و هاوكاره‌ی‌ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ كوردستان بۆ په‌یدا نه‌ده‌بوو و كه‌سانی‌ لێكۆڵ‌ به‌تایبه‌ت بۆ خوێندنی‌ ماسته‌رو دكتۆرا له‌ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ ڕوویان تێ‌ نه‌ده‌كردو سوودیان لێ‌ وه‌ر نه‌ده‌گرت!
مایه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بڵێین: چوار ساڵ‌ به‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌و كتێبه‌دا تێ‌په‌ڕیوه‌، بۆچی‌ پێشتر ئه‌و قسانه‌ به‌ نووسینێك بڵاو نه‌كرانه‌وه‌و هه‌ڵگیران بۆ ئه‌مڕۆ و هه‌ل‌ومه‌رجی‌ ئه‌م ڕۆژانه‌ی‌ كوردستان، تا هه‌م له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ری‌ ژاراویی‌ پێ‌ له‌ (بنكه‌ی‌ ژین) بدرێ‌‌و هه‌م ((نان‌و پیازیشی پێوه‌ بخورێ‌!!)). ئه‌م قسانه‌، به‌لای‌ ئێمه‌وه‌، نه‌ك هه‌ر خزمه‌تی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ ناكه‌ن‌و به‌ ناهه‌ق ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ گومانی‌ بێ‌بناغه‌ هه‌ڵبه‌ستن‌و شێواندنی‌ ڕووی‌ ڕاستی‌ چالاكیی‌ ڕۆشنبیریی‌ ده‌زگایه‌كی‌ كاراو پڕبه‌رهه‌می‌ وه‌كوو (بنكه‌ی‌ ژین)، به‌ڵكوو له‌ چوارچێوه‌ی‌ هێندێ‌ هه‌وڵی‌ بێ‌ئینسافانه‌دان بۆ تێوه‌گلاندنی‌ بنكه‌و به‌لاڕێدابردن‌و ڕه‌نگكردنی‌ به‌ ڕه‌نگی‌ ئه‌م یا ئه‌و لایه‌ن -به‌وپه‌ڕی‌ ڕێزمانه‌وه‌ بۆ هه‌موویان- هه‌تا نه‌توانێ‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌جێ‌ بگه‌یێنێ‌. به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ئه‌م به‌یته‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌هه‌شتی‌ "شوكری‌ فه‌زڵی‌"دا بڵێینه‌وه‌:
((گێره‌شێوێنێ‌ كه‌ كای‌ كۆنی‌ به‌با دا له‌كنت
چاكه‌ هه‌ر لێی‌ خوڕی‌، سه‌یری‌ ده‌م‌وكاوێژی‌ نه‌كه‌ی‌!))
خوا كاری‌ چاكی‌ دڵسۆزان ڕاست بێنێ‌.

(2)

گومانێكی بێ‌بناغه‌
(وه‌لاَمێكی دره‌نگ وه‌ختی‌ وتاره‌كه‌ی‌ كاك حه‌سه‌نی ئه‌ییوب زاده‌)

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر كاك "حه‌سه‌نی ئه‌ییووب زاده‌"، نووسینێكی به‌ناوی‌ "وتارێكی مێژوویی: به‌ڵگه‌یه‌كی ته‌زویریی له‌په‌نای‌ (92) ژماره‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ كوردستان"ی‌ سه‌رده‌می كۆمار؟!"ه‌وه‌ له‌ ڕێی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ بۆ ناردین، سه‌رپێیی هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ وه‌لاَمی درایه‌وه‌ كه‌ به‌ڕێزیان به‌ هه‌ڵه‌دا چووه‌و به‌ زووترین كات وردتر وه‌لاَمی ده‌درێته‌وه‌، كه‌چی دواتر ئه‌و نووسینه‌ی‌ له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری‌ ماڵپه‌ڕه‌ كوردیه‌كاندا بلاَو كرده‌وه‌. ناوبراو، به‌بێ‌ هیچ به‌ڵگه‌و ده‌ستاوێژێكی متمانه‌پێكراو، گومانی خستووه‌ته‌ سه‌ر شاكارێكی مێژووییی (بنكه‌ی‌ ژین)، كه‌ پێوه‌ندیی‌ به‌ مێژووی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.
بنكه‌ی‌ ژین، به‌ شایه‌تیی به‌رهه‌م و چالاكیه‌كانی خۆی‌ و ئاگادارانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان، به‌بێ‌ زیاده‌ڕه‌وی‌ و شانازیی بێ‌بنچینه‌، ده‌زگایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نیشتمانیی‌ زانستیی ئه‌مڕۆی‌ ولاَته‌، بایه‌خێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری به‌ لایه‌نی زانستی‌ و به‌ڵگه‌نامه‌ییی كارو به‌رهه‌می خۆی‌ داوه‌.
بنكه‌، خۆشبه‌ختانه‌ به‌ حوكمی به‌رنامه‌و نه‌خشه‌ی‌ كاری‌ خۆی‌، ده‌زگایه‌كی یه‌كجار دووره‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردان و كاریگه‌ری‌ و ڕاسپارده‌ی‌ ده‌ره‌كی، هه‌موو كارو به‌رهه‌مێكی خۆیی پاش وردكردنه‌وه‌و تاووتوێكردن و هه‌ڵسه‌نگاندن و دڵنیابوون له‌ دروستی‌ و ڕاده‌ی‌ خزمه‌تكردنی ڕاستیی مێژوویی، ئه‌مجا به‌ره‌و بلاَوبوونه‌وه‌ بردووه‌. به‌رهه‌می بلاَوكراوه‌ی‌ بنكه‌و ئه‌وانه‌یش كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری كاروبارینی، شایاتحاڵی‌ ئه‌م ڕاستییه‌ن.
هه‌موو هه‌ڵلاَیه‌كی كاك حه‌سه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ -گوایه‌- ئه‌و به‌یاننامه‌ی‌ دامه‌زراندنی حیزبی دیموكراتی كوردستان، كه‌ كراوه‌ته‌ پاشكۆیه‌كی (81) ژماره‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "كوردستان"ی‌ به‌رهه‌مێكی بنكه‌، ساخته‌و دورستكراوه‌، بۆیه‌ چیرۆكێكی خه‌یاڵكردی‌ له‌و ڕووه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبه‌ستووه‌!
به‌پێویستی‌ ده‌زانین، به‌ ڕاشكاوی‌ و ئه‌وپه‌ڕی‌ پێ‌داگرتنه‌وه‌ بڵێین: نه‌خێر، ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ ڕاسته‌قینه‌و ڕه‌سه‌نه‌‌و هیی‌ جێیه‌كی‌ یه‌كجار متمانه‌پێكراوه‌، ئێمه‌ له‌ (بنكه‌ی‌ ژین) دیومانه‌و هیچ گومانێك هه‌ڵناگرێ‌. تا ئێره‌ وه‌لاَمێكی بنه‌بڕی‌ گومانه‌كه‌ی‌ كاك حه‌سه‌نه‌. به‌لاَم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك بۆچوون و قسه‌ی‌ بۆ چه‌واشه‌كردن و شێواندنی ڕاستیه‌كان، به‌پێی‌ تێگه‌یشتن و بیری‌ ئه‌مڕۆی‌ خۆی‌ خستووه‌ته‌ ڕوو، ناچارین له‌ ئاستیاندا بێ‌ده‌نگ نه‌بین.
- پێشه‌كیه‌كه‌ی‌ بنكه‌و ساغكردنه‌وه‌كه‌یش هه‌ر نووسینی‌ "سدیق ساڵح"ی‌ ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ بنكه‌ن، پشتبەستوو به‌ ناوه‌ڕۆكی هه‌ر (81) ژماره‌كه‌ی‌ به‌رده‌ست، نه‌ك (92) ژماره‌ كه‌ كاك حه‌سه‌ن پێی‌ وایه‌!، به‌ دروستتر زانرا هه‌ر (حكوومه‌تی میللیی كوردستان)یان تێدا بۆ ئه‌و قه‌واره‌ كوردییه‌ به‌كار بهێنرێ‌، نه‌ك (ده‌سته‌واژه‌ی‌ خودموختار، حكوومه‌تی خودموختار و كۆماری مه‌هاباد) كه‌ له‌ باری مێژوویی‌یه‌وه‌ وردو ڕاست نین. پێ‌ده‌چێ‌ كاك حه‌سه‌ن ئه‌و دوو نووسینه‌ی‌ به‌ وردی نه‌خوێندبێته‌وه‌. هه‌رچی ئه‌وه‌یشه‌ كه‌ ئه‌و خودموختاریی پێ‌ باشه‌ یان نا، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ دیكه‌یه‌. ده‌كرێ‌ ڕه‌خنه‌ له‌و تێزه‌ بگرێ‌، به‌لاَم ئه‌وه‌ ڕاستییه‌كی مێژووییی سه‌رده‌مه‌كه‌ بووه‌، ڕه‌وای‌ هه‌ق نییه‌ ڕاستیه‌كانی قۆناغێكی مێژوویی، به‌بێ‌ ڕه‌چاوكردنی هه‌ل‌ومه‌رجی خۆیی و بابه‌تی، به‌پێی‌ بۆچوونی ئێستا هه‌ڵبسه‌نگێنین و خۆمان چۆنمان ده‌وێ‌، وا له‌ قاڵبی‌ بده‌ین.
بنكه‌، كاتێك سه‌رقاڵی‌ ئاماده‌كردنی ئه‌و ژمارانه‌ی‌ "كوردستان" بوو، به‌ هه‌لی‌ زانی ئه‌و دیارییه‌ گرانبه‌هایه‌ی‌ به‌ڕێز "دكتۆر كه‌مال فوئاد"، ده‌ستنووس و له‌چاپدراوی‌ به‌یاننامه‌ی‌ دامه‌زراندنی حیزبی دیموكراتی كوردستان، بۆ ڕزگاركردن له‌ فه‌وتان و خستنه‌به‌رچاوی‌ خوێنده‌واری كورد، بۆ یه‌كه‌مین جار بكاته‌ پاشكۆی‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی‌ خۆی‌. بنكه‌یش، پاش هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راورد و شیكردنه‌وه‌و دڵنیابوون، ئه‌مجا ڕێی‌ به‌ خۆی‌ دا بلاَویان بكاته‌وه‌.
دكتۆر كه‌مال فوئاد، بێ‌ به‌ڵگه‌ نه‌یوتووه‌: ئه‌وسا داوای‌ خودموختاری كراوه‌! ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ ڕاست ئه‌وه‌ی‌ تێدا هاتووه‌، ئه‌وه‌ مێژوه‌كه‌یه‌، كه‌ به‌ ویست و میزاجی ئێستا نانووسرێته‌وه‌. سۆڤیه‌تیش هه‌رگیز ڕێی‌ به‌ دروشم و ئامانجێكی له‌وه‌ زیاتر نه‌داوه‌.
پێ‌ناچێ‌ كاك حه‌سه‌ن به‌ وردی‌ چاوی‌ به‌ ژماره‌كانی "كوردستان"دا گێڕابێ‌، ده‌نا قسه‌ی‌ له‌و جۆره‌ی‌ نه‌ده‌كرد. وام من هه‌ر ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ ده‌كه‌مه‌ سه‌رچاوه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆچوونه‌كه‌ی‌:
* قازی‌ محه‌مه‌د، له‌ چاوپێكه‌تنێكی په‌یامنێرانی ڕۆژنامه‌كانی "تاران"دا (ژماره‌1، 20ی‌ به‌رفرانباری1324/11ی‌ ژانویه‌ی‌ 1946، ل1، 4)، له‌ وه‌لاَمی پرسیاری ئه‌وه‌دا كه‌ ئه‌وان جوێبوونه‌وه‌و ئیستیقلالی كوردستانیان ده‌وێ‌، وتوویه‌: ((خێر ڕاست نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی ئێران ئیجرای‌ قانوونی ئه‌ساسیمان ده‌وێ‌ و ده‌مانه‌وێ‌ به‌ خودموختاری له‌ژێر به‌یداغی ئێراندا بژین وه‌ خودموختاریشمان وه‌گیر كه‌وتووه‌.((
ژماره‌كانی دیكه‌ی‌ "كوردستان" چه‌ندین به‌ڵگه‌ی‌ هاوشێوه‌یان سه‌باره‌ت به‌و بۆچوونه‌ ناڕاسته‌ی‌ كاك حه‌سه‌ن تێدایه‌، ئاماژه‌ به‌ هێندێكیان ده‌كه‌م:
نوتقی‌ حه‌زره‌تی پێشه‌وای‌ كوردستان له‌ میتینگی ڕۆژی‌ 31/2/1325دا (ژماره‌ 50، 6ی‌ جۆزه‌ردانی 1325/27ی‌ مه‌یی 1946)، تێیدا وتوویه‌: ((له‌پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌مه‌ ئیستیقلالی تام و ته‌مامی خۆشمان به‌ده‌ست هێنا، بۆ وه‌ی‌ له‌ حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی‌ مه‌علووم بكه‌ین و به‌ دنیایه‌ش نیشان بده‌ین كه‌ ئه‌مه‌ كه‌ ئه‌و كارانه‌مان كردووه‌ له‌به‌ر موخاله‌فه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ستگای‌ دیكتاتۆرییه‌ته‌، نه‌ ئینكی كورد له‌ برایه‌تیی فارسان حاشا بكا، به‌ ئیرانییه‌تی خۆی‌ ئیفتیخارێ‌ نه‌كا((.
ڕه‌هبه‌ری حیزبی دیموكراتی كوردستان گه‌یشته‌ تاران. (ژماره‌ 65، 14ی‌ پووشپه‌ڕی‌ 1325(.
موصاحه‌به‌ی‌ نوێنه‌ری ڕۆژنامه‌ی‌ "ڕه‌هبه‌ر" له‌گه‌ڵ پێشه‌وای‌ مه‌زنی كوردستان (ژماره‌ 65، 30ی‌ پووشپه‌ڕی‌ 1325(.
نوتقی‌ حەزره‌تی پێشه‌وای‌ موحتەڕەمی كوردستان جه‌نابی "قاضی محه‌مه‌د" له‌كاتی ڕۆیشتنی بۆ ورمێ‌ (ژماره‌ 72، 8ی‌ گه‌لاوێژی‌ 1325(.
نوتقی حه‌زره‌تی پێشه‌وای‌ كوردستان (ژماره‌76، 22ی‌ گه‌لاوێژی‌ 1325(.
تاكه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی كاك حه‌سه‌ن سه‌روتاری ژماره‌ 302ی‌ 6ی‌ خه‌زه‌ڵوه‌ڕی‌ 1329ی‌ "كوردستان"ی‌ به‌شه‌ كوردییه‌كه‌ی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ "فیرقه‌ی‌ دیموكراتی ئازه‌ربایجان"ه‌ كه‌ پاش ڕووخانی‌ حكوومه‌تی‌ میللیی‌ كوردستان له‌ باكۆ ده‌رچووه‌و "دكتۆر ڕه‌حیمی قازی‌" و "دكتۆر عه‌لی‌ گه‌لاوێژ" سه‌رپه‌رشتییان كردووه‌. ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ ئۆرگانی‌ (حیزبی دیموكراتی كوردستان) نه‌بوه‌، به‌ڵكوو ئه‌و ده‌مه‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی حیزب له‌ كوردستان بووه‌و "كوردستان"ی‌ ئۆرگانی حیزبیش له‌ خولی‌ دووه‌میدا له‌ كوردستان ده‌رچووه‌. ئه‌وه‌ی‌ وا له‌و سه‌روتاره‌دا نووسراوه‌، بۆچوونی تایبه‌تی نووسه‌ره‌كه‌یه‌تی، نه‌ك ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ی‌ حكوومه‌تی میللیی كوردستان، مخابن ئه‌گه‌رچی نووسه‌ره‌كه‌ی‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری ئه‌و حكوومه‌ته‌ بووه‌، لێكدانه‌وه‌یه‌كی هه‌ڵه‌و نادروستی‌ بۆ كردووه‌. "دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملوو" ڕاستی بۆ چووه‌ كه‌ ئامانجی ئه‌و ده‌ورانه‌ی‌ حیزب خودموختاری بووه‌. حیزب ئه‌گه‌ر پاشتر له‌ سه‌رده‌می شه‌هید قاسملوودا ئامانجی خۆیی گۆڕیبێ‌ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی‌ له‌ ئێران، ئه‌وه‌ هیچ نابێته‌ پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ وا سه‌رده‌می قازی‌ ئامانجی‌ خودموختاری نه‌بووبێ‌!
- مه‌له‌سه‌ی‌ كتێبی (پاش شه‌ست ساڵ یادو بیره‌وه‌ریه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال) به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك و دوور ونزیك پێوه‌ندیی به‌ باسی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌وه‌ نییه‌. نه‌ده‌بوو بۆ مه‌رامێكی تایبه‌ت بورووژێنرێ.
- كاك حه‌سه‌ن ده‌قه‌كه‌ی‌ "دكتۆر ڕه‌حیمی قازی"ی‌ ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی‌ پێ‌ دروسته‌ كه‌ له‌ توركییه‌وه‌ كراوه‌ته‌ كوردی و ده‌ستكاری كراوه‌، كه‌چی ئه‌وی‌ "دكتۆر كه‌مال فوئاد"ی‌ قبووڵ نییه‌ كه‌ ڕاسته‌قینه‌و هه‌ر خۆیشی كوردییه‌؟! پاشان با به‌نده‌كانی به‌یاننامه‌كه‌ خاڵی‌ هاوبه‌ش و له‌یه‌كچووی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وی‌ "فیرقه‌ی‌ دیموكراتی ئازه‌ربایجان"دا هه‌بووبێ‌، ئه‌وه‌ جێی‌ خه‌وش و گومان نییه‌، چونكه‌ هه‌ردوولا هاوپه‌یمان و هاومه‌به‌ست بوون و فیرقه‌یش به‌ ئه‌زموونترو پشت ئه‌ستوورتر و ئه‌زموونه‌كه‌ی‌ كامڵتر بوو.
ناوه‌ڕۆكی هه‌موو ده‌قه‌كانی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی‌ لای‌ "ویلیام ئیگلتۆن" و "قاسملوو" "مه‌حموودی‌ مه‌لا عیززه‌ت" و "عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریف" و "نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین" له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاسته‌قینه‌یه‌دا به‌راورد كران، به‌ گشتی‌ هه‌مان مه‌به‌ست و خاڵیان تێدا جێ‌ كراونه‌ته‌وه‌، دیاره‌ له‌ وه‌رگێڕاندا ده‌قاوده‌ق ناوه‌ستنه‌وه‌. بۆچی ده‌بێ‌ ئه‌م ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوانه‌ جێی‌ متمانه‌ نه‌بن و ده‌قه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یش دروستكراو؟! ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر خوێنده‌وار خستنه‌ گێژاوی‌ دوودڵی‌ و بێ‌متمانه‌یی نه‌بێ‌، چی‌ ده‌گه‌یێنێ‌؟! هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یش كه‌ ناوی‌ حیزب له‌ ده‌قه‌ فارسیه‌كدا به‌ (فیرقه‌) هاتووه‌، به‌بێ‌ به‌ڵگه‌ كردوویه‌ به‌ ده‌ستهه‌ڵبه‌ستی‌ كوردێكی ناو فیرقه‌ی‌ ئازه‌ربایجان!! له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ به‌یاننامه‌كه‌ له‌ ته‌ورێز چاپ كراوه‌و دوور نییه‌ هه‌ر له‌وێش وه‌رگێڕدرابێ‌ بۆ فارسی. (فیرقه‌) هه‌مان مانای‌ (حیزب)ی‌ هه‌یه‌و پێشتر كوردی ناو قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانیش له‌بریی‌ حیزب به‌كاریان هێناوه‌. پێ‌ناچێ‌ ئه‌و زاراوه‌یه‌ له‌و ڕۆژه‌دا نائاسایی بووبێ‌، بۆیه‌ وه‌ك خۆی‌ هێڵراوه‌ته‌وه‌و نه‌گۆڕدراوه‌. هه‌رچی چاپه‌كه‌یشه‌، هه‌ڵه‌ی‌ چاپی تێدایه‌، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ چاپخانه‌ له‌ كوردستان نه‌بوه‌، (ژ. ك)یش پێشتر "نیشتمان"ی‌ ئۆرگانی خۆیی هه‌ر له‌ ته‌ورێز له‌چاپ داوه‌. بۆیه‌ هه‌ر ده‌بێ‌ به‌یاننامه‌كه‌ برابێته‌ ئه‌وێ‌ و له‌وێ‌ چاپ بووبێ‌. ده‌بێ‌ كارمه‌ندی پیتچنینه‌كه‌ی‌ كورد نه‌بووبێ‌، وا هه‌ڵه‌ی‌ چاپی‌ تێ‌ كه‌وتووه‌، كه‌ ساغكردنه‌وه‌یان زه‌حمه‌ت نییه‌. كاك حه‌سه‌ن، له‌باتیی ئه‌وه‌ی‌ به‌ جه‌فه‌نگه‌وه‌ چه‌ند ناوێكی هه‌ڵه‌تێداكراو به‌ نموونه‌ بهێنێته‌وه‌و به‌ڕاستیان نه‌زانێ‌، ده‌بوو ئه‌وه‌ی‌ به‌ ئه‌ركی خۆی‌ دانابایه‌ ڕاست و ساغیان بكاته‌وه‌و زانیارییان له‌باره‌وه‌ تۆمار بكاته‌وه‌.
كاك حه‌سه‌ن به‌ چ به‌ڵگه‌یه‌ك پێی‌ وایه‌ یه‌ك كه‌س ئیمزای‌ هه‌ر 39 (نه‌ك 35 وه‌ك نووسیویه‌) ناوه‌كه‌ی‌ كردووه‌؟ خۆ ده‌ستنووسه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ی‌ له‌ به‌رده‌ستدا نه‌بوه‌ تا به‌ شیكردنه‌وه‌یه‌كی زانستی بۆی‌ ساغ بووبێته‌وه‌ ئه‌و ئیمزایانه‌ یه‌ك كه‌س كردوونی! ئاسانه‌ قسه‌ی‌ له‌و جۆره‌ بكرێ‌، به‌لاَم ده‌بێ‌ بسه‌لمێنرێ‌.
هێشتنه‌وه‌ی‌ زاراوه‌ی‌ (كۆمه‌ڵه‌) له‌ به‌یاننامه‌ ده‌ستنووسه‌كه‌دا و لابردنی له‌ هیی له‌چاپدراوه‌كه‌دا، بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌ كه‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ تازه‌یه‌ی‌ وا به‌ناوی‌ (حیزبی دیموكراتی كوردستان)ه‌وه‌ له‌سه‌ر داروپه‌ردووی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ (ژ. ك)‌و به‌ ڕه‌زامه‌ندیی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سۆڤێت دامه‌زرا، سه‌ره‌تا هه‌ر ئه‌ندامانی‌ دامه‌زرینی‌ ناوچه‌ی‌ موكریان ناویان تێدا هه‌بوه‌، ئه‌و ناوه‌ وه‌ك وه‌فادارییه‌ك‌و بۆ دڵڕاگرتنی‌ سه‌ران‌و ئه‌ندامانی‌ (ژ. ك)یش هێڵراوه‌ته‌وه‌. دوور نییه‌ سۆڤێت ڕێی‌ نه‌دابێ‌ ئه‌و ناوه‌ بمێنێته‌وه‌. (پارتی دیموكراتی كورد)ی‌ عیراقیش كه‌ به‌ ئاگاداریی سۆڤێت دامه‌زراوه‌، هه‌مان شێوه‌ی‌ ناوی‌ (حیزبی دیموكراتی كوردستان)ی‌ هه‌ڵگرتووه‌.
- نووسیویه‌: ((مێژووی‌ حیزبی دیموكراتی كوردستان ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ تائێستا له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی نه‌شاره‌زاوه‌ نووسراوه‌)). كاك حه‌سه‌ن خۆی‌ چیی له‌م مه‌یدانه‌دا كردووه‌و كامه‌یه‌ به‌رهه‌م و به‌شداریی له‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی‌ نهێنیه‌كانی‌ ئه‌و ده‌ورانه‌دا، تا ڕێ به‌ خۆی‌ بدا كه‌سانی خزمه‌تكردووی‌ ئه‌م بواره‌ به‌ نه‌شاره‌زا له‌قه‌ڵه‌م بدا؟ خۆی‌ كه‌ له‌ ئه‌وروپا ده‌ژی‌، ئایا ئه‌ركی ئه‌وه‌ی‌ به‌ر خۆی‌ ناوه‌ به‌ڵگه‌نامه‌و زانیاریی ناو ئه‌رشیڤی ئه‌و ولاَتانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆژگاره‌ و ئێران و كوردستان و ڕووداوه‌كانی كۆ بكاته‌وه‌و لێیان بكۆڵێته‌وه‌و بلاَویان بكاته‌وه‌؟!
- ژماره‌ی‌ دامه‌زرێنه‌كانی حیزبی دیموكراتی كوردستان، به‌پێی‌ ئه‌م به‌یاننامه‌ ڕأسته‌قینه‌یه‌، هه‌ر (72) كه‌سه‌، نه‌ك ژماره‌یه‌كی دی‌، ئه‌و ناوانه‌یش خه‌ڵكی ئاسایی نه‌بوون، به‌ڵكه‌ كه‌م‌وزۆر هه‌موویان پله‌و جێ‌وڕێی‌ دیاری خۆیان هه‌بوه‌. ده‌بێ‌ پاشتر ناوی‌ ئه‌ندامانی دیكه‌ی‌ دامه‌زرێنی‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی‌ كوردستان، جگه‌ له‌ موكریان، زیاد كرابێ‌، تا حیزبی دیموكراتی ببێته‌ حیزبێكی سه‌رتاسه‌ری كوردستان. ئه‌و (72) ناوه‌، سێیان له‌ سه‌رانی (ژ. ك) بوون. به‌داخه‌وه‌ هیچ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و زه‌مانه‌ بیره‌وه‌ریی خۆی‌ نه‌نووسیوه‌ته‌وه‌، تا ورده‌كاریی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ژ. ك و دامه‌زرانی حیزبی دیموكراتی كوردستان زیاترو وردتر ڕوون ببنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رانی ژ. ك به‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یه‌ قایل نه‌بوونایه‌، هه‌ر هیچ نه‌بێ‌ به‌شداریی ئه‌و حیزبه‌ نوێیه‌و حكوومه‌ته‌كییان نه‌ده‌كرد، به‌لاَم وا نه‌بوه‌. هێنده‌ی‌ بزانم، ته‌نیا شه‌هید "عه‌بدوڕڕه‌حمانی زه‌بیحی"، وه‌ك دیارترین سه‌ركرده‌ی‌ ژ. ك، كاتی خۆی‌ مێژووی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ نووسیوه‌ته‌وه‌، مخابن كه‌ له‌ ڕووداوه‌كانی سالاَنی شه‌ستی‌ سه‌ده‌ی‌ ڕابوردووی‌ كوردستانی عیراقدا فه‌وتاوه‌!
- پاشان ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ كه‌ ((ناوی‌ وه‌رزێرێك، به‌ننایه‌ك، كرێكارێك، باربه‌رێك))ی‌ تێدا نه‌بێ‌، هیی ئه‌وه‌ نییه‌ گومانی‌ لێ‌ بكرێ‌، كاك حه‌سه‌ن شاره‌زای‌ هه‌ڵكه‌وتی كۆمه‌لاَیه‌تیی كورده‌واری نییه‌، بۆیه‌ وا به‌م شێوه‌یه‌ بیر ده‌كاته‌وه‌. نه‌ك ئه‌وسا، ئێستایش ئه‌و توێژه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیانه‌ نه‌ له‌باریاندایه‌و نه‌ ڕێیان پێ‌ دراوه‌ له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ حیزبی كوردیدا هه‌بن و به‌رز ببنه‌وه‌. مه‌سه‌له‌كه‌ پێوه‌ندیی به‌ ڕاده‌ی‌ هۆشیاریی سیاسی و كۆمه‌لاَیه‌تییانه‌وه‌ هه‌یه‌. ئاسایی‌یه‌ له‌ هه‌ل‌ومه‌رجێكی وادا هه‌ر خوێنده‌وارو توێژو چینی‌ بالاَده‌ست به‌شداری دامه‌زراندنی حیزب ببن.
- به‌ییانامه‌ له‌چاپدراوه‌كه‌ ئیمزای‌ هیچ دامه‌زرێنێكی پێوه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ وه‌ك ئاسایی بووه‌، پێ‌ ده‌چێ‌ ئه‌و كاته‌ له‌ ڕووی‌ ته‌كنیكیشه‌وه‌ ئیمزای‌ ده‌ستخه‌ت خستنه‌سه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ ئاسان نه‌بووبێ‌. ئێستایش كه‌ به‌یاننامه‌ی‌ له‌و شێوه‌یه‌ بلاَو ده‌كرێته‌وه‌، ناوه‌كانی تێدا به‌بێ‌ ئیمزان.
- بۆچی ده‌بێ‌ مایه‌ی‌ سه‌رسامی بێ‌ كه‌ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ ناوی‌ گه‌لانی دیكه‌ی‌ ئاشووری و ئه‌رمه‌ن و هیی‌ وای‌ تێدا برابێ‌ و بكرێته‌ فیتی‌ سیاسه‌تی ستالین و مۆلۆتۆڤ! خۆ ئه‌و گه‌لانه‌ له‌ كوردستان هه‌ن و گوناهیش نه‌بوه‌ و نییه‌ داكۆكی له‌ ماف و پارێزراوییان بكرێ‌. مادده‌ی‌ (22)هه‌می به‌ندی‌ چواره‌می پێڕه‌و و پرۆگرامی حیزبی دیموكراتی كوردستان له‌ سه‌رماوه‌زی‌ 1324ی‌ هه‌تاویدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ كردووه‌ته‌وه‌. ]بڕوانه‌: عبدالستار طاهر شريف، الجمعيات والمنظمات والاحزاب الكردية في نصف قرن 1908-1958، ط2، مؤسسة سردم، السليمانية، 2007، ص340[