Sunday, January 15, 2012

زمانی کوردی: ڕەمز و واقیع




زمانی کوردی: ڕەمز و واقیع

نووسینی: فیلیپ گ. کڕەیەنبرووک
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەنی قازی

لەم باسە دا لەوە دەدوێین کە، ئەگەرچی زمانی کوردی وەکوو ڕەمزی هەوێتی کورد لە ساڵانی دوای دابەشبوونی بەشەکانی کوردستانی سەر بە عوسمانی ڕا تا ئێستا یەکجار گرینگ بووە،بەڵام لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد دا ڕاستەقینەکانی دۆخی زمان لەوانەیە کێشە و هەرای لێ ساز بێ و، بەم پێیە زمان ببێتە هۆکارێکی بشێوێنی و ئاڵۆزی.لەوانەیە بکرێ بە ڕەچاوکردنی سیاسەتی بەجێ ئەو کێشە و هەرایانە کپ بکرێن و خۆیان لێ ببوێردرێ.
بۆ ئەوەی بەشی یەکەمی ئەو باسە ڕوون بکەینەوە، مێژووی زمانی کوردی و دۆخی ئێستای لەو ناوچانەی دا کە بەو زمانە قسە دەکرێ دەتوێژینەوە، بە ئاماژە کردنی تایبەتی بە پێشوەچوون و بە خۆ داهاتنی دوو "لەهجە"ی جیاوازی ستانداردی پێ نووسین.لە قسەکانماندا دەڵێین کە مێژووی نوێی ئەو زمانە ستانداردانە نیشان دەدەن کە دەوریان هەر دەورێکی ڕەمزی بووە،تا ئەوەی کە ئامراز و هۆی پێوەندی بووبن. ئاخر بەشی ئەم باسە ، کە دیارە زیادتر لە سەر گریمانە و بۆچوون داندراوە و هەر بۆیەش کورتترە،لەو دەورە دەکۆڵێتەوە کە لەهجەکانی زمانی کوردی دەکرێ لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد دا بیگێڕن.

مێژووی بەرایی زمانی کوردی

وەک باش زاندراوە، کوردی زمانێکی ڕۆژئاوای ئێرانییە. ئەو دیمانەی – کە زۆر لە کوردەکان بە خۆشییەوە لێی دواون- کە کوردی لە زمانی مادی کەوناراوە کەوتووەتەوە، واتە زمانی یەکەم قەڕاڵە ئێرانییەکانی ئێران، به‌ پشت بەستن بە بناخەکانی زمانناسی، بە ئاوایەکی جێی سەلمان وەدوا دراوەتەوە.لە قۆناخێکدا لەوانەیە هۆزە کوردەکان لە لای باشوورتری ئەوپەڕی مادەکاندا ژیابن. وا وێدەچێ کە هۆزە کوردەکان دواتر بەرەو باکوور کۆچیان کرد بێ و، لەئانادۆڵی نیشتەجێ بووبن. ئەو کۆچ کردنانە لەوانەیە گەلێکی دیکەی ئێرانی لە زێدی خۆیان ڕەپاڵ نابێ و جێ گۆڕکێی پێ کرد بن، کە لکێک لەوان – باوکە گەورەی زازاکانی ئێستا، کە لەم ڕۆژگارە دا لە سێ سووچێکی نێوان دیار بەکر،سیواس و ئەرزوروم دەژین – زیاتر هەڵکشان و گەیشتنە ئانادۆڵی. زمانی زازا زۆر لە نیزیکەوە خزمی زمانی گۆرانە، کە باوکە گەورەیان لەوانەیە لکێکی دی بووبن کە کۆچ کردنی کوردەکان ڕەپاڵی نان و لە شوێنی خۆیانی هەڵکەندن.دەستەی پچووکی گۆرانی ئاخێوەر لە مەڵبەندی نیزیک کرماشان لە ئێران ماونەتەوە. هەم زازاکان و هەم گۆرانەکان ئێستا بە ئاسایی بە کورد دادەندرێن ئەگەرچی زمانەکانیان نە لە نیزیکەوە پێوەندی بە کوردییەوە هەیە و نە کوردەکانی دیکەش لێیان تێ دەگەن.گوتراوە کە دواتر هێندێک هۆزی کورد دیسان بەرەو باشوور چوون و، لەوێ لە نیزیکەوە لە دراوسێیەتی گۆرانەکاندا ژیاون.هۆی ئەو گریمانەیە ئەوەیە کە زمانی گۆرانی شوێنێکی قووڵی لە سەر لەهجەکانی نێوەندی و باشووریی کوردی کردووە و، جیاوازییەکی سەرەکی لە نێوان ئەو لەهجەیە و لەهجە باکوورییەکاندا ساز کردووە کە،ئه‌وانەی دوایی هیچ نفوزی گۆرانییان پێوە دیار نییەلەو سێ دەستە لەهجە سەرەکییانە – باکووری، نێوەندی و باشووری - ئەوانەی باکووری و نێوەندی ئەو لەهجانەن کە لێرە دا مەبەستی سەرەکی باسەکەمانن: بە نیسبەت دەستەی پچووک بە لەهجە باشوورییەکان دەدوێن؛ئەوان دەورێکی سەرەکی لە پێشوەچوونی لەهجە ستانداردەکانی کوردی دا ناگێڕن و، وێناچێ لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد دا دەورێکی بەتایبەتی گرینگیان هەبێ.ئەگەرچی هێندێک زانای کورد لە گەڵ ئەو نێوانە نێن بەڵام ئێمە لێرە دا زاراوه‌ی کورمانجی و سۆرانی بۆ زاراوه‌ باکووری و نێوەندییەکان بەکار دەهێنین.موکری، ئەو شێوەزارەی کە لە ئێران کوردی پێ دەنووسرێ هێندە لەو ستانداردە سۆرانی یەی کە لە عێڕاق دەکار دەکرێ جوێ نییە و، لێرە دا وەک شێوەزارێکی سۆرانی باس دەکرێ.
کۆرمانجی لە تورکییە، سوورییە، یەکێتیی شووڕەوی* و لە بەشە باکووریەکانی مەڵبەندە کوردی ئاخێوەرەکانی عێڕاق و ئێران قسەی پێ دەکرێ.جگە لە یەکێتیی شووڕەوی نەبێ، کە لەوێ بە گشتی ئەلفوپێتکەی سیریلیک دەکار دەکرێ و، جار جار لە عێڕاق و ئێران نەبێ،ئەو شێوەزارە بە ئەلفوپێتکەی ڕۆمی دەنووسرێ.
جیاوازی خەت تەنێ یەک لە هۆکارەکانی سەر بە زمانە کە کوردەکان لە یەکدی دادەبڕێ. ئەوی دیکەیان جیاوازییەکی بەرچاوی زمانەوانییە لە نێوان سۆرانی و کورمانجی دا.ئەگەرچی بە گشتی ئەو لەهجانە وەکوو "لەهجە"ی زمانی کوردی ئاماژەیان پێ دەکرێ – کە ئەوەش ڕەچەڵەکی هاوبەش و هەستی هەوێتی ئێتنیکی و یەکێتی کوردان دەردەخا- بەڵام جیاوازی ڕێزمانی لە نێویاندا لە جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئەڵمانی و هۆلەندی دا زیادترە: سۆرانی نە زایەندی هەیە و نە پاشگری دۆخ، لە کاتێکدا ئەوانە لە کورمانجی دا دەورێکی سەرەکی دەگێڕن،جێناوی لکاو لە سۆرانی دا بەشێکی پێویستن لە هێندێک لە ڕۆنانە کردارییەکاندا، کورمانجی هیچ جۆرە لکێنی ئه‌وتۆی نییە و ،هتاد.جیاوازی ئەوانە لە ووشە و تەلەفوز کردن دا زۆر وەو جیاوازییانە دەچن کە له‌ نێوان ئەڵمانی و هۆلەندی دا بەدی دەکرێن. لەوەش زیادتر، بن لەهجەکانی خۆجێی و ناوچەیی هەر کام لەو "لەهجانە" فەرقێکی بەرچاویان لە تەک یەکتری دا هەیە. ئەو چەشنە جیاوازیانە شایەد تا ئەو سەردەمی که‌ شێوەزارە جۆر بە جۆرەکانی زمانی کوردی بە ئاوایەکی سەرەکی لە مەڵبەندەکاندا وەکوو زمانانی قسە پێکردن دەکار دەکران گرێ و گۆڵێکی ئەوتۆیان ساز نه‌ ده‌کرد، بەڵام نیشانیان دا کە بەرهەڵستی سەرەکین لە سەر رێی پێک هاتن و خۆ گرتنی کوردیەکی یەکگرتووی پێ نووسین.لە ناوچەکانی سنووری نێوان دوو لەهجەکاندا بە تایبەتی، کوردەکانی بە ئاشکرایی ئاخێوەرانی سۆرانی و کورمانجی لە یەک دەکەنەوە و، جۆرە دژایەتییەک لە نێو ئەو دوو دەستانە دا لە باکووری عێڕاق لە گۆڕێ دایە.
ئەگەرچی لەوانەیە کوردەکان لە پێش تورکەکاندا لە ئانادۆڵی دامەزرا بن و ، سەرەڕای بەرین بوونی ناوچەی کوردی – ئاخێوەر، کوردی قەت نەبوو بە زمانێکی "سەرەکی": وا وێدەچێ کە کوردەکان چ ئارەزووی دامەزراندنی دەوڵەتی گەورە گەورەیان نەبووبێ و هەر بەوە ڕازی بووبن سەردەستی کولتووری دەستەکانی دیکە وەخۆ کەن تا ئەو جێگەیەی کە ئەوانە دەستێکی زۆریان لە کاروباری نێوخۆیی کورد وەر نەدابێ. لە سەر دەمی ئیسلامدا، زمانە زاڵەکانی ناوچە – عەڕەبی، فارسی و دواتر تورکی عوسمانی – بۆ مەبەستی ئایینی و کارگێڕی دەکار دەکران و بۆ ماوەیەکی درێژ بە ڕواڵەت چ هەست بەوە نەکراوە کە پێداویستی به‌ پێشوەچوونی شێوەزارەکانی پێ نووسینی کوردی هەبێ،چ دەگا بە یەک شێوەی ستانداردی یەکگرتوو.
هەوڵدان بۆ داتاشین و سازکردنی زمانێکی ستانداردی دەستکردی یەکگرتوو، کە بەگشتی ئاواتی هەبوونی دەوڵەتێکی نەتەوایەتی هێزی وەبەر دەنێ، وێدەچێ لە بەرهەمەکانی نموونەیی ئەم سەدەیەی ئێستا بێ. خەسڵەتەکانی ئەو جۆرە هەوڵە خەیاڵییانە بە گوێنەدان و چاو لێهەڵبواردنی واقعییەتەکانی :لەهجەکان" دا دەناسرێتەوە و ، ئەو گیر وگرفتانەی کە لە بەر جیاوازیە ڕێزمانییەکانی نێوانیان دێنە سەر ڕێ تەواو بە کەم دەگیرێن: چ پلەیەکی نیوە بە نیوە لە گۆڕێ دا نییە، بۆ وێنە هەبوونی زایەند وەکوو تایبەتمەندیەکی ڕێزمانی و نەبوونی. لە کاتێکدا کە ئەو جۆرە جیاوازییانە غاڵبە دەکرێ لە قسەکردندا داپۆشرێن، نووسین مرۆڤ وا لێدەکا ئەم یان ئەوی دیکە هەڵبژێرێ و ، ڕێگە چارە بدۆزرێتەوە بۆ ئەو گیروگرفتانەی کە ئەو هەڵبژاردنە دەیانهێنێتە گۆڕێ. لە بەر ئەوەی گوترا وێناچێ، هەوڵی ئەوتۆ سەرکەوتووانە بن.
لە ڕاستیدا شێوەی کورمانجی پێ نووسین و سۆرانی پێ نووسین جوێ لە یەکدی بە خۆداهاتوون و پێشوەچوون، ئەوەش لە بەر پڕۆسەی تەبیعی مێژوویی. لە ئاخر و ئۆخرەکانی سەدەی شازدەهەم و بەرایی سەدەی حەڤدەهەم دا، شاعیرێکی کورمانجی – ئاخێوەر ، مەلایێ جزیری، دەستی پێکرد کە بە بنلەهجەی خۆی هۆنراوە بنووسێ. خەڵکی دیکەش پێرۆییان لەوی کرد و، لە ماوەی سەدەی حەڤدەهەم دا ژمارەیەک شوێنەواری ئەدەبی به‌ لەهجەی جزیری پەیدا بوون،شایەد ئی هەرە گرینگ لە نێو ئەواندا مەم و زینی ئەحمەدی خانی بێ، دەقی ئەدەبی بەیت و حەماسەیەکی بەنێوبانگی زارەکی. لە مەڵبەندە سۆرانی-ئاخێوەرەکانی کوردستان دا، دۆخەکە ئاڵۆز بوو لە بەر ئەو راستییەی گۆرانی، کە بە پشتیوانی دەرباری نەجیوزادەی ئەردەڵان پشت ئەستوور بوو، ئەو دەمی شان بە شانی فارسی و عەڕەبی زمانێکی ئەدەبی بوو، جا لە بەر ئەوە پێشوەچوونی شێوەیەکی پێ نووسینی سۆرانی دەرەتانی زۆر بەرتەسک بوو. هەر چۆنێک بێ، بە دەم تێپەڕینی زەمانەوە، بەخت و ئیقباڵی شازادەکانی ئەردەڵان لە کورتێی دا و، لەساڵی ١٧٤٨ سلسلەیەکی ناوچەیی دیکە، واتە شازادەکانی بابان، شاری سلێمانی یان دروست کرد، کە لەهجەکەی – شێوەزارێکی سۆرانی – ووردە ووردە وەکوو زمانی شێعر لە هەرێمەکەدا پڕێستیژی وەدەست هێنا.
ئەو جۆرە کۆششتە بەراییانە، بە زەحمەت دەکرێ لە پێشدەستییەک نەبێ بە زیادتر دابندرێن، چونکوو ڕووتێکردن و مەیل پێدانیان بە ڕواڵەت بە نیسبەت زوو بەرەو لاوازی چوو ( ئێمە بە هیچ شوێنەوارێکی ئەدەبی نازانین کە لە ماوەی سەدەی هەژدەهەم و زۆربەی سەدەی نۆزدەهەمدا بە کورمانجی نووسرابێ) و ، گرینگی ئەوان شایەد ئەو دەمی بەرتەنگ بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر لە ڕووناکبیرانی کورد، ئەو شوێنەوارە بەراییانە بە بەشێکی گەورە لە کەلەپووری فەرهەنگی خۆیان دادەنێن. لەهجەکانی جزیری و سلێمانییەیی، لەوەش زیادتر، بوون بە بنەمای شێوەزارە ستانداردەکانی کورمانجی و سۆرانی کە دواتر پێشوەچوون و بە خۆدا هاتن.
لە ماوەی سەدەی ١٩ هەمدا شتێکی ئاماڵ ناسیۆنالیسمی کورد دەستی کرد بە پێشوەچوون و، له‌ ئاخری ئەو سەدەیە دا بەم لایەوە ئێمە ڕووناکبیری کوردی ئەوتۆ بەدی دەکەین کە گۆواری وەرزانەیان بە کورمانجی دەنووسی ، کە هێندێکیان ئامانجی "ڕزگار کردن"ی کوردستانیان لە بەر خۆ ڕۆنابوو. تا سەرو بەندی ڕمانی ئیمپراتۆری عوسمانی، سۆرانی زیادتر وەکوو زمانی هۆنراوە درێژەی بە پێشوەچوونی خۆی دەدا. ڕاست ئەو ساڵانە و دەستبەجێ لە دوای ئەو ڕووداوە دا وا وێدەچوو کە ساز کردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کورد هەلێکی واقیعی بێ جا بۆیە وا داندرا کە پێداویستی بە زمانێکی پێ نووسینی گونجاو زۆر زیادتر لە بەر باس بێ. بە پەیمانی لۆزان (١٩٢٣)، هیوای کوردستانێکی سەربەخۆ بە با چوو و، دابەشبوونی کوردستانی عوسمانی بوو بە ڕاستییەک. لەگەڵ ئەوەشدا، لە جێی خۆی دایە بگوترێ، کە ئەوە وای لە کوردان نەکرد دەست تێکۆشانی خۆیان لە پێناو ئازادی بەر دەن، بە پێچەوانە، هەر کاتێک هەل هەڵ کەوتووە کوردەکانی تورکییە، عێڕاق و ئێران درێژەیان داوە بە بەرەوپێشبردنی زمانەکەیان بە ئاوایەکی سەربەخۆیانە.

زمانی کوردی لە تورکییە، عێڕاق و ئێران لە زەمانی دابەشکردنی کوردستانەوە

( ئەگەرچی مێژووی کوردەکان و زمانیان لە سوورییە و یەکێتیی شووڕەوی هەتا بڵێی سەرنجڕاکێشە، بەڵام دۆخی زمانی کوردی لەو ووڵاتانە لەوانە نییه‌ شوێنێکی زۆری لە سەر دەوڵەتێکی گریمانەیی کورد هەبێ، جا بۆیە لێرە دا بە جوێ باسیان نەکراوە.)
وا وێدەچێ کە دامەزرێنەری تورکییەی مۆدێڕن، کەماڵ ئاتاتورک، لە قۆناخێک دا هەلی ئەوەی لە بەرچاو بووبێ کە لە گەڵ ساز کرانی کوردستانێکی سەربەخۆ بێ. لە گەڵ ئەوەشدا، هەوڵدان بۆ هەڵهێنانەوەی هەنگاوێکی ئەوتۆ – ددان پێداهێنان بە بەرحەق بوونی داوخوازە ناسیۆنالیستیەکانی دەستەیەکی ئێتنیکی نا تورک – هەست پێکرا زۆر دورە دەست بێ و چی لێ شین نەبێ.کار بەوە تەواو بوو کە بەشێکی گەورە لە کوردستان بوو بە بەشێک لە کۆماری تورکییە کە هاووڵاتییەکانی، بە پێی بیری کەماڵیستی، بە تورک نێودێر کران و، دەبوو بە تورکی بدوێن. تەنانەت بوونی ڕووتی زمانێک لە کۆمار دا کە کۆمەڵێکی زۆر قسەی پێ بکەن جگە لە تورکی نەبێ سەری لە ئیدێئۆلۆژی ڕەسمی دەسوو. لە ساڵی ١٩٢٤ خوێندنگە کوردییەکان، دامەزراو و حوجرە ئاینییەکان و بڵاوکراوەکان پاوان کران. ساڵانی نێوان ١٩٢٥ هەتا بەرایی ساڵانی ١٩٣٠ شاهیدی هەڵته‌زینەوەی توند و تیژ و پەیتا پەیتای کورد بوو، کە ئاخری بەو پەڕی بێ بەزەییەوە تێک شکێندران. لە ساڵی ١٩٣٨ ئاخر ڕاپەڕینی کوردەکان لە مەڵبەندی دەرسیم بە زەحمەتێکی زۆر سەرکوت کرا، دوای ئەوە وێدەچێ کوردەکان زراویان چوو بێ. ساڵەکانی نێوان ١٩٣٨ – ١٩٦١ شاهیدی سەرکوتکرانی کاریگەری هەموو چەشنە نیشانەیەکی هەوێتی کورد لە تورکییە بوون، لەوانە زمانی کوردیش. بە کوردی قسە کردن پاوان بوو، ووشەی " کورد " و " کوردستان" لە ڕیزەی ووشەی ڕەسمی دا نەمان و بزر کران: کوردەکان ببوون بە " تورکی چیا". دیارە زۆر لە کوردان درێژەیان پێدا بە دزی بە کوردی بدوێن، بەڵام ئەوانەی کە نەیان توانی خۆیان فێری تورکی کەن کەوتنە دەرەوی بەستێنی ژیانی گشتی لە کۆماری تورکییە دا. نەبوونی هەل و دەرەتانی خوێندن و پەروەردە، نەبوونی بڵاوکراوە و چاپ کراو و بەرنامەی ڕادیۆیی بە کوردی هەڵبەت شوێنی خۆی کرد و، لە ساڵانی ١٩٥٠ دا وا وەبەرچاو دەهات کە کوردی لە مەترسی ئەوە دا بێ لە ماوەی چەند دەیەیەکدا لە زۆرێک لە شوێنەکانی تورکییە دا کوێر بێتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا، ڕوداوەکانی ١٩٦١ گرینگی زمانی کوردی دەردەخەن. لەو ساڵە دا قانوونی بنچینەیی تازە ئازادیی بەیان، رێکخستن و چاپەمەنی دەستەبەر کرد. دیسان کرا کەم تا زۆر بە ئاشکرای لە ئامرازە ڕاگەیێنەگشتییەکاندا باسی کارو باری کورد بکرێ. ئەوە بووە هۆی بووژانەوەیەکی تازە لە نێو کوردەکاندا بۆ ئەوەی سۆزی فەرهەنگ و کەسێتی زمانی خۆیان تێدا زیندوو بێتەوە. زۆر کەس دیسان دەستیان کرد بە جەخت کردن لە سەر کورد بوونی خۆیان، لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨- ١٩٦٢ دا ژمارەیەک بڵاو کراوەی کورمانجی وەدەرکەوتن و، لە نێوچوونی زمانی کوردی لە تورکییە سەری نەگرت یان هێزی ئەو مەترسییەی لە سەری بوو زۆر کەمتر بووەوە. لە ساڵی ١٩٦٧دا کاربەدەستانی تورکییە لەوە هەڵگەڕانەوە و، لەو دەمێوە تا ماوەیەک لەمەو پێش نموونەیەکی گشتی لە زوڵم و زۆرداری ڕەسمی بە تایبەتی سەبارەت بە زمانی کوردی پێ نووسین لە ئارا دا بووە، کە ئەوەش لە ئاستی جۆر بە جۆر دا سەرکەوتووە. بۆچوونی ڕەسمی لە ئاست زمانی کوردی لە ساڵانی ١٩٨٠ دا جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ ساڵانی ١٩٣٠ دا نییە. مادەی ٢٦ی قانوونی بنچینەیی ساڵی١٩٨٢ دەڵێ: " هیچ زمانێکی کە بە پێی قانوون پاوان کراوە ناکرێ بۆ دەربڕین و بڵاوکردنەوەی بیر و ڕا بە کار بهێندرێ..."، مادەی ٢٨ دەڵێ: " هیچ کەس بۆی نییە بە زمانێکی پاوان کراو شت چاپ بکا". پێویست بە گوتن نییە کە کوردی، ئاوا پاوان کراوە. ئەوانەی وێراویانە هەوێتی کوردی خۆیان بهێننە ڕوو، یان کێشەی کوردیان زۆر بە ئاشکرایی هێناوەتە گۆڕێ، تۆڵەیان لێ کراوەتەوە. بەڵام وا وێدەچێ کوردی قسە پێکردن بە گشتی تا ئەو دواییانە تەحەمول کرابێ. لە بەرایی ساڵی ١٩٩٠ دا گوزارشتی ئەوتۆ هاتن کە وەزعی گرژی ڕۆژهەڵاتی تورکییە لە هێندێک ناوچە گەیوەتە ئەوەی کە کوردی قسە کردنیش بکەوێتە بەر دەرەجەیەک لە کپ کران و دەمکوت کردن. لەگەڵ ئەوەشدا، باسی ئەو بابەتە لە ئامرازە ڕاگەێێنەرە گشتییەکاندا دەری خست کە بەشێکی گرینگ لە بیر و ڕای گشتی تورکییە چی دی لە گەڵ حەولە ڕەسمییەکان دا نییە بۆ حاشا کردن لە بوونی کوردەکان و زمانی کوردی. یان لە ڕاستیدا لە بۆچوونێکی ئەوتۆ ناگەن.لە بەرایی ساڵی ١٩٩١ دام حکوومەت بە ڕەسمی ڕای گەیاند کە پێوەیە بەکارهێنانی زمانی کوردی بکاتە قانوونی. لە کاتی نووسینی ئەم دێڕانە دا زۆر زووە تەئسیری هەڵهێنانەوەی هەنگاوێکی ئەوتۆ پێشبینی بکرێ.
لە ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ دا، زۆر لە ڕوناکبیرانی کورد پەنایان بردە بەر سوورییە، کە له‌ ژێر دەستەڵات و ئینتیدابی فەرانسە دا بوو، لەوێوە ئەوان پشتیوانییان لە خەباتی کوردەکان لە تورکییە دەکرد و، هەوڵیان دەدا بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی خۆیان. لەو سەردەمێوە، کورمانجی پێ نووسین تەقریبەن بە تەواوی لە تاراوگە گەشە و نەشەی کردووە.دوای ساڵی ١٩٤٥، واتە کاتێک کە ئینتیدابی فەڕانسە بە سەر سوورییە دا کۆتایی هات، مەکۆی چالاکی ئەدەبی کورمانجی ووردە ووردە ڕاگوێزرا ئوڕووپای ڕۆژئاوا، بە تایبەتی لە ساڵانی ١٩٦٠ دا. فەزای خنکێنەری سیاسی کارێکی وای کرد کە زۆر لە ڕووناکبیرانی کورد لە تورکییەوە کۆچ بکەن. زۆر لە کوردەکان لە ٦٠ کان و ٧٠ کاندا وەکوو کرێکاری موهاجیر هاتن بۆ ڕۆژئاوا. لە دەوروبەری تازەی ژیانیان دا هێندێک لەوانە لە باری سیاسییەوە زۆر ووشیارتر بوونەوە و ، هەستیان بە ئازادییەکی زیادتر کرد بۆ دەربڕینی کورد بوونی خۆیان.لە ئاکامی ئەوە دا بەرهەمی جور بە جوری کەرەستەی نووسراو بە کورمانجی لە هەندەران بڵاو بووەتەوە. ئەو ڕاستییەی کە کورمانجی نەیتوانیوە لە دەور و بەری تەبیعی خۆیدا گەشە بە ووشەی " ڕووناکبیرانە"ی گونجاو بدا، لە گەڵ بێز و قێزی زۆر لە نووسەرانی کورد لە هەر ووشەیەکی کە ڕەچەڵەکی لاوەیی هەبێ ( واتە ووشەی عەڕەبی یان تورکی) بووە هۆی داتاشرانی ووشەی نوێباوی ئامال کوردی زۆر و زەوەند و هەوسار هەڵماڵاو. بەرو بووی ئەو کارە ئەوەیە کە زۆر جار لە کورمانجی پێ نووسین دا دەکرێ چەندین ووشەی جیاواز بۆ یەک مەفهوومی ئابستراکت وەبەر چاو بێ، کە هیچکام لەوان کۆمەڵانی کوردی دانیشتووی تورکییە تێیان ناگەن. ڕووناکبیرانی کورمانجی – ئاخێوەر لە ئوڕووپا خەریکی گەشە پێدانی شێوەیەکی گونجاو بۆ نووسینی زمانەکەیان و پێک هێنانی ووشەی ستانداردن، لە گەڵ ئەوەشدا، کارەکانیان سۆزی پەتیگەری پێوە دیارە و وێناچێ بتوانن پردێک لە نێوان کورمانجی قسە پێکردن و کورمانجی پێ نووسین ڕایەڵ کەن.
هۆی سەرەکی ئەوەی کە وەزع لە عێڕاق بە ئاوایەکی تەواو جیاواز لە تورکییە پێشوەچوو ڕەنگە لەو ڕاستیە دا بێ کە لە نێوان ساڵانی ١٩٢٠ و ١٩٣٠ دا، مێسۆپۆتامیا (میاندواو) لە ژێر ئینتیدابی بریتانیا دا بوو. دەستەڵاتدارانی بریتانیایی پێکێشییان دەکرد کە کوردەکان لێیان دەوەشێتەوە و دەبێ بۆیان هەبێ کە کارو بارەی پەروەردە و، کارگێڕی بە زمانی خۆیان ڕاپەڕێنن. ئەوان دە کوردان نووسان کە لە نێو خۆیاندا لە سەر شێوەیەکی ستانداردی کوردی ساخ بنەوە و ، بە ئاشکرایی شێوەزارێکی سۆرانی یان بە دەمەوە گرتبوو، واته‌ لەهجەی زۆربەی کوردەکانی عێڕاق. بنلەهەجەی سلێمانی، کە ئەو دەمی لە مێژ بوو وەکوو زمانی شێعر چەشنە ئیعتیبارێکی بۆ خۆی وەدەست هێنابوو، هەڵکەوتوویی هەمیشەیی بە سەر لەهجەکانی دیکەی سۆرانی دا بۆ خۆی پەیدا کرد.
لە گەڵ ئەوەشدا، کوردەکان بە بێ خەبات و تێکۆشان ڕزگاریی زمانی خۆیان وەچنگ نەهێنا. لە ژێر ئینتیدابی بریتانیا دا حکوومەتی عێڕاق بەڵێنی دا بوو دەبێ کوردەکان لە فێرگەکان و لە بەڕێوەبەریی کاروباری ناوچەیی دا مافی بەکار هێنانی زمانی خۆیان هەبێ. بەڵام، کاتێک ئینتیداب تەواو بوو، چ زەمینەیەکی پتەوی ئەوتۆ خۆش نەکرا بوو بۆ ئەوەی ئەو بەڵێنە بێتە جێ. ئەو وەزعە کێشایە دووبەرەکی و ناکۆکی توند لە نێوان کورد و عەڕەبان دا و، لە ساڵی ١٩٣١ دا، قانوونی زمانانی ناوچەیی بەکار هێنانی زمانی کوردی لە فێرگە سەرەتاییەکاندا بە ڕەسمی ناسی. دوای ئەوە، وا دەردەکەوێ، کە کوردان بە لێبڕاوی لە سەر بووژاندنەوە و بە دەور داهاتنی زمانی خۆیان بەردەوام بوو بن. سەرکەوتنێکی سەرەکی لە ساڵی ١٩٥٨، بە کودەتای ژەنەڕاڵ قاسم وەدەست هات. کۆماری تازە دامەزراوی عێراق وەک "هاوبەش" ی عەڕەبەکان ددانی بە کوردان دا هێنا و ، بۆ ماوەیەک زمانی کوردی بە ڕەسمی برەوی پێدرا. سەرەڕای لێک گرژ بوونەوە و لە بەر یەک ڕاسانی تەشەنە بوو لە نێوان سەرۆکایەتی کورد و حکوومەتی عێڕاق دا، ژیانی ئەدەبی کورد بۆ چەند ساڵان گوڵی کرد. دوای کودەتای بەعسییەکان لە ساڵی ١٩٦٨ دا دڕدۆنگی و باوەڕ بە یەکدی نەکردنی دوولایەنە لە نێوان کوردەکان و عەڕەبەکاندا دیسان سەری هەڵداوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٠ دا پەیمانێک ئیمزا کرا و هەلی ئەوەی هەڵخست کە زمانی کوردی وەکوو زمانی دووهەمی ڕەسمی عێڕاق بناسرێ. ڕاست لە ساڵەکانی دوای ئەو پێکهاتنە دا،ریزەیەک ئەنیستیتووی کوردی دامەزران یان زیندوو کرانەوە، وەکوو یەکێتیی نووسەرانی کورد و کۆڕی زانیاری کورد. ئەم دامەزراوەی دوایی دەورێکی هەڵکەوتووانەی لە بەرفرەوان کردنی پێشوەچوونی زمانی کوردی دا گێڕا.
هەرچۆنێک بێ، ساڵی ١٩٧٠ سەلماندی کە دەبێ بە ساڵی نوختە وەرچەرخان دا بندرێ. هێندەی پێ نەچوو لە ماوەی دوو ساڵان دا دیسان نێوانی حکوومەتی عێڕاق و سەرۆکایەتی کورد پیس تێک چوو. ئەوە کێشایە ناکۆکییەکی توند و تیژ لە ساڵی ١٩٧٤ دا. لە ساڵی ١٩٧٥ شای ئێران، کە پشتیوانی لە ئازادیخوازنی کورد لە عێڕاق دەکرد لە ئەلجەزیرە پەیمانێکی لە گەڵ حکوومەتی عێڕاق ئیمزا کرد و، پشتی کوردەکانی عێڕاقی بەر دا و بە تەنێی هێشتنەوە. خۆڕاگری کورد لە کردەوە دا تێک چوو و هەرەسی هێنا. ساڵانی دواتر زۆر لە دەستەکەوتەکانی ١٩٧٠ بەرە بەرە لە لایەن دەستەڵاتدارانەوە کەم کرانەوە و نەمان. لە حاڵی حازر دا، بۆچوونی حکوومەتەکان لە ئاست کوردەکاندا بە ئاوایەکی وایە کە مرۆڤ بە زەحمەت دەتوانێ لە کورت –خایەن دا لە مەڕ ئەدەبی کوردی لە عێڕاق خۆشبین بێ و ، زۆریش زووە بۆ ئەوەی کە بکرێ شوێن و ئاکامی شەڕ لەو بارەیەوە لە درێژ خایەن دا پێش بینی بکرێ. لە سەرێکی دیکەوە، کوردەکانی عێڕاق ئەدەبێکی سەرنجڕاکێش و زمانێکی گونجاوی پێ نووسین یان پێکەوە ناوە و ،زۆر لە وەچەی ئێستا خوێندنی سەرەتایی و ئامادەییان بە کوردی بووە.
لە ئێران مێژووی تازەی زمانی کوردی نەک وەکوو ئی تورکییە دڵتاوێن بووە و ، نەک وەک عێڕاقیش سەرکەتوو. هەوڵێکی توند و تیژی ئەوتۆ نەدراوە بۆ سەرکوت کردنی بە کوردی قسە کردن، بەڵام تا ئەو دواییانەش زۆر بە دەگمەن ڕێگە دراوە بەو زمانە شت چاپ بکرێ.
لە زەمانی ڕەزا شا دا (١٩٢٦ – ١٩٤١ )، هەوڵ درا کە بە کارهێنانی فارسی لە نێو کوردەکاندا برەوی پێ بدرێ و، بە کوردی شت بڵاو کردنەوە پاوان بوو. لە ماوەی دەورەی کورتی کۆماری مەهاباد ( ژانڤییە تا دیسامبری ١٩٤٦) و، ساڵانی بەر لە پێکهاتنی ئەو جمهوورییە ، چاپ و بڵاوکردنەوە بە کوردی ئاهی هاتەوە بەری و بووژایەوە. دوای شکانی حکوومەتی مەهاباد، سەردەمێکی بە هەڵپەی سەرکوتکردنی هەموو جورە دەربڕینێکی کوردی دەستی پێکرد و، چالاکی و کڕوکاشی ئەدەبی ئاشکرا بە تەواوی لە بەست چوو. جگە لە چەند ڕێزپەڕێکی کەم نەبێ، لە ئاخر ساڵەکانی حوکمی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی (١٩٤١- ١٩٧٩) بڵاو کردنەوە بە زمانی کوردی پاوان بوو.
گرووپە کوردەکان بە ئاوایەکی چالاکانە لەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە دا بەشدار بوون کە بوو بە هۆی ڕووخانی سلسلەی پەهلەوی و زۆر کەس ، هیوایەکی زۆریان هەبوو که‌ کوردستان ببێ بە هەرێمێکی خودموختار لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دا و، لەوێدا کوردی بە تەنیشت فارسییەوە پلەی زمانێکی ڕەسمی هەبێ.سیایی ئەسڵی قانوونی بنچینەیی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێگەی دەدا بە بەکارهێنانی زمانە ناوچەییەکان لە فێرگە و لە چاپەمەنی ناوچەیی دا، لە گەڵ ئەوەشدا، ئاخر دەقی ئەو قانوونە ( کە لەنۆڤامبری ١٩٧٩ دا پەسند کرا)، ئەمەی کەم کردەوە و ڕای گەیاند کە زمانە ناوچەییەکان تەنێ دەکرێ بە تەنیشت فارسییەوە بە کار بهێندرێن و، دەقی کتێبەکانی خوێندن تەنێ هەر بە فارسی دەبن.
هەر بە دامەزرانی کۆماری ئیسلامی زۆر کێشە و هەرای توند و تیژ لە نێوان حکوومەتی ئێران و سەرۆکایەتی کورد ساز بوو و، سەرەڕای دەستەبەر بوونی بەرتەنگی قانونی بنچینەیی، بڵاو کردنەوە بە کوردی بە ئاوایەکی کاریگەر پاوان کرا.لە ساڵی ١٩٨٤ دا، رێگە بە بڵاو کردنەوە بە زمانی کوردی درا و، ئەوە سەلماندی کە ئاڵوگۆڕێک لە سیاسەتی ڕەسمی دا پێک هاتووە تا ئەو جێگەیەی کە دەگەڕێتەوە سەر زمان و فەرهەنگی کوردی.ئێستا بنکەیەکی چالاکی بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی هەیە، خوێندن بە کوردی ئێستا بە ڕەسمی ئازادە و رێگەی پێدەدرێ ( ئەگەرچی، نیشانەی وا هەن دەری دەخەن، کە لە ڕاستیدا منداڵێکی زۆر کەم دەتوانن لە خوێندنێکی ئەوتۆ کەلک وەرگرن) و، ئەنیستیتوویەکی تازە و بە دەستەڵات بۆ توێژینەوە و لێکۆڵینەوە (موءسسەی مطلعات و تحقیقات) پسپۆڕێکی لە زمانی کوردی دا دامەزراندووە.

زمانی کوردی وەکوو ڕەمزێکی هەوێتی ئێتنیکی

ئەگەرچی مێژووی زمانی کوردی لە ژێر ئەو هەلومەرجە تایبەتییەی کە گەلی کورد تێیدا ژیاوە پێگەیشتووە، بەڵام هێندێک لەو ئاڵوگۆڕ و پێشوەچوونانەی کە لە سەرەوە باس کران لە سەر زمانە "پچووکترەکانی" بنەماڵەی زمانانی ئێرانیش هەر ئاوا بوون. پەشتوو- کە لە هێندێک بەشی ئەفغانستان و پاکستان قسەی پێدەکرێ – وەکوو کوردی، لە سەدەی ١٦هەم و ١٧هەمدا زمانێکی پێ نووسینی ئەدەبی لێ ساز بوو. بەڵام سەرەڕای ئەو پێشوەچوونەش ئەو زمانە وەکوو زمانێکی پێ نووسین بۆ پێوەندی ڕۆژانە بە بەربڵاوی دەکار نەدەکرا. وەکوو کوردی، هێزێکی واقیعی لە پێناو ساز کردنی زمانێکی ستانداردی مۆدێڕنی هەموو لایەنە لە پەشتوو لە ماوەی سەدەی ئێستا [سەدەی بیستەم،وەرگێڕ] دا دەکار کراوە. لە ئەفغانستان لە ساڵانی ١٩٣٠وە پەشتوو وەک " زمانی نەتەوایەتی" بە ڕەسمی ناسراوە و ددانی پێدا هاتووە و، بەردەوام لە لایەن دەستەڵاتدارانەوە هێزی وەبەر نراوە، لە بەر ئەوەی دۆخی ئەفغانستان چ وێکچووییەکی ڕاستەقینەی لە گەڵ ناوچە کوردیەکاندا نییە، لێرە دا مەبەستی لێدوانی زیادتری ئێمە نییە. لە لایەکی دیکەوە، لە پاکستان، کە خوێندن و دەرس دادان بە زمانی پەشتوو تا ڕادەیەکی زۆر پاوانە، لە ترسی لە کیس دانی هەوێتی خۆیی کە بە له‌ دەستدانی زمان ڕوو دەدا ، هەر بە هەمان شێوەی کە ئێمە لە کوردستان دەیبینین، هەوڵێکی زۆر فیداکارانە دەدرێ بۆ ئەوەی زمانەکە بگەیێندرێتە ئاستی شێوەزارێکی پێ نووسین. لەوەتا دامەزرانی پاکستان، بە تایبەتی لە ساڵانی ١٩٦٠ وە هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر بە هەڵپە و بەرچاو دراوە بۆ ساز کردنی ئەدەبێکی پێ نووسین بە زمانی بەلووچیش.
بە کورتی، بە دەم سەدەی بیستەمەوە چەندین دەستەی ئێتنیکی گەورە هەوڵیان داوە زمانەکانیان پێش بخەن و، ئەدەبی پێ نووسین پێک بهێنن. هیوای دیاریکردنی چارەنووس بە دەستی خۆیان یان سەربەخۆیی نەتەوایەتی یان فەرهەنگی لەو ئاڵوگۆڕ و پێشوەچوونانە دا دەوریان هەبوو، بەڵام تەنێ لە چەند کەیسێک دا دەکرێ ئاماژە بە پێوەندییەکی بە کردەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان ئاواتی ئەوتۆ و چالاکییە ئەدەبییەکاندا بکرێ، لەوەش زیادتر، هەوڵدان بۆ بە ده‌ور داهاتنی زمان و بووژاندنەوەی، بە ئاسایی سەرەڕای تێکشکانی ئاواتە سیاسییەکان هەر درێژەیان پێ دراوە. ئەو ڕاستیەی کە پێداویستی بە کردەوە بە هەبوونی زمانێکی پێ نووسین وێناچێ گۆڕانێکی شیاوی سەرنجی لەو هەوڵ و تێکۆشانانە دا پێک هێنابێ دیاردییە بۆ ئەوەی کە لەبەرچاو گرتنی لایەنی دیکەش بەلانی کەمەوە هه‌ر بەو ڕادەیە بە گرینگ داندراون.ئەو قسەیە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی لەوە دا دەبینێتەوە کە زۆربەی ئەوانەی- ئەگەر هەمووشیان نا، کە یارمەتییان کردووە بۆ پێشختن و ساز کردنی زمانی پێ نووسین بە کوردی، پەشتوو یان بەلووچی زۆر بە کارامەییش لە دەستیان هاتووە کە بیروڕای خۆیان بە زمانە سەردەستەکانی ناوچە دەرببڕن. لە بەر ئەوەی کە، جگە لە چەند جێی ڕێزپەر نەبێ، زمانی سەردەست زمانی خوێندن و پەروەردەیە، ئەوانەی کە تەنێ بە زمانی "کەمایەتی" قسە دەکەن، باو وایە نەتوانن پێیان بخوێننەوە و، چ کەلکێکی ڕاستەوخۆ لە ئەدەبی نووسراو بە زمانی خۆیان وەرناگرن.
تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەر زمانی کوردی،ئەو سەرنجە ئاشکرا و بە دەرەوەیەی کە دراوەتە سەر پێشخستنەوەی په‌تیگه‌ری لە زمان دا تا بەکارهێنانی گشتی و لە ڕاستیدا تێگەیشتنی و، تەنانەت زۆر هەوڵی جۆر بە جۆری بەگوڕتر بۆ داتاشینی زمانێکی دەستکرد و یەکگرتووی ستانداردی کوردی کە بۆ هەموو کوردەکان نامۆیە،خۆی شاهیدی ئەنگێزەی ئێدێئۆلۆژی نووسەرانە تا ئەوەی پێداویستییەکی بەکردەوە لە گۆڕی دابێ. بە گوتنێکی دی، لە کاتێکدا کە زۆربەی زمانەکانی پێ نووسین لە بەر ئەوە ساز بوون کە پێویستییەکی دەستەبەجێی بە کردەوە بە وان هەبووە، لە سەر کوردی ئەوە بە هیچ جور وا نییە. وا دەر دەکەوێ، کە شێوەکانی
پێ نووسینی زمان لە کوردی دا بە دەرەجەی یەکەم لە بەر ئەوە پێشخران یان پێک هاتن چونکوو هەست بەوە دەکرا کە دەبێ شێوەیەکی پێ نووسینی زمانەکە هەبێ، نەک ئەوەی کە پێویستی بە هەبوونی هەبێ.
جێی سەلماندنە وا دابندرێ کە کوردی و ئەو زمانانەی دیکەی کە لێرە دا باسیان کراوە بەر لە هەموو شت لە بەر ئەوە دەکار کراون و بووژێندراونەوە چونکوو هەست دەکرا ئه‌وان ڕەمز یان لایەنێکی گرینگی هەوێتی ئێتنیکی بن. بە لە بەرچاو گرتنی ئەو ڕاستییەی کە ئێستا پێداویستی بە هەبوونی شێوەزارە کوردییەکان بە ئاشکرایی زۆر لە سەدەکانی پێشوو زیادترە، دەکرێ مرۆڤ گرینگی نیسبی لە زێدەی زمان لەچاو هۆکارەکانی دیکە وەکوو نیشانەیەکی هەوێتی ئێتنیکی جەخت بکاتەوە.هەستی هەوێتی لە بناوانی تەبیعەتی خۆی دا شتێکی عاتیفییە تا ئەوەی کە شتێکی ژیرانە بێ، بەڵام داب و شوێن، ڕوانگە و، مێژووی هاوبەش – جا چ واقیعی بێ چ ئەفسانە – بە ئاسایی هەر هەمان دەوری گرینگی زمان دەگێڕن لە گیان وەبەرهێنانی هەستی ئەوتۆ دا. بەڵام، لە کەیسی کوردان دا بەرەو پێشکه‌وتن و " مۆدێڕن بوون" چوون ڕەنگە ڕایەلەی داب و شوێن و دەربڕینە فەرهەنگییەکانی کوردی بەرتەنگ کرد بێ کە زۆر لە کوردەکان، بەتایبەتی ئێلیتی خوێندەوار شانازی پێوە دەکەن (١).
خوێندن لە خوێندنگە دەوڵەتییەکانی چەندین ووڵاتی جیاواز دا شوێنێکی تێکدەرانەی لە سەر ڕوانگەی هاوبەش و جیهانبینی کوردەکاندا کردووە و، مێژووی کورد لە هەرە شێوەی باو و تەماشایی خۆیدا – کە کوردەکان وەکوو گەلێکی لە شکان نەهاتوو و هەتا بڵێی سەربەخۆ نیشان دەدا بە سۆزێکی کەمەوە بۆ سەر وەبەرهێنانی نەزمی دامەزراو و دەوڵەتە نێوەندییەکان – نە ئاوێنەیەکی لەبارە بۆ نیشاندانی وەزعی مەردمی کوردی تێکشکاوی سەدەی ئێمە و، نە یارمەتی دەکا بە بەهێز کردن و تاودانی ئاواتەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوایەتی کورد لە داهاتوو دا.ئەگەرچی لە ڕاستی دا زمانی کوردی لەم سەدەیە دا بەلانی کەمەوە بە قەدەر ئەو سەرکه‌وتنە ناسراوانەی کە بوویه‌تی ئەوەندەش تووشی چەرمەسەری هاتووە و تلاوەتەوە، بەڵام هیچکام لە بایەخە ڕەمزییەکانی خۆی لە کیس نەداوە.
ئەو زمانە سەلماندوویەتی کە کوردەکان گەلێکی جوێ و سەربەخۆن، بە ئەدەب و کولتووری خۆیانەوە،جا هەر بۆیەش هەوێتی لە مەڕ خۆیان هەیە. لە ڕاستیدا هەر دەمکوت کردن و داپڵۆسینی زمانی کوردی لە تورکییە دا دەکرێ وەکوو نیشانەیەکی ئاشکرا و بەدەرەوەی سەرکوتکردنی گەلی کورد لەوێ چاو لێبکرێ – و جەخت بکرێتەوە-.
بۆیە ئێستا دەکرێ ئیدیعا بکرێ کە زمانی کوردی ڕەمزی هەرە گرینگی ئەرێیی یە بۆ یاریدەدان بە زیندوو ڕاگرتنی هەستی ئێتنیکی کوردی یان لەوەش زیادتر هەوێتی نەتەوایەتی و، ئەوە بۆ خۆی، ئەگەر دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێ گومانی تێدا نییە دەبێ بە یەک لە هۆکارە هەرە یارمەتیدەرەکان لە ئاڵوگۆڕ و پێشوەچوونێکی ئەوتۆ دا.

کوردی وەک زمانێکی ڕەسمی: گیر و گرفت و ڕێگەی چارە

بەر لەوەی درێژە بە لێدوان بدەین لە سەر تەئسیرە موحتەمەلەکان کە بە هێنانە گۆڕی " زمانی کوردی" وەکوو زمانی ڕەسمی دەوڵەتێک سەر هەڵدەدەن، دەبێ لەو پرسە وورد بینەوە کە داخودا لە جێدا کارێکی ئەوتۆ دەکرێ یان نا:ئایا دەکرێ لە کۆمەڵێکی نیوە- خوێندەوار دا تاقە یەک شێوەزاری ستانداردی کوردی بهێندرێتە گۆڕێ و کارو باری پێ ڕاپەڕێ؟، بە لە بەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەر کام لە شێوەزارەکان هەڵببژێردرێن، نەک ئەوەی کە ئاخێوەرانی لەهجە ڕەقیبەکان بە نامۆی دادەنێن، بەڵکوو دروست بوونی ئەوە لە لایەن زۆر لە ئاخێوەرانی بنلەهجەکانی خۆشی ، کە ڕەنگە زۆر کەم لە وان خاوەنی تێگەیشتنێکی ئابستراکت لە زمان بن کە بۆ لە یەک کردنەوەی گیرو گرفتی سەرەکی و بوودەڵە لەم بوارە دا پێویستە، وەدوایە دەدرێتەوە.
دیارە سەبارەت بەو جۆرە پرسانە مرۆڤ هەر دەتوانێ بە گریمان بێ، بەڵام ڕەنگە لە جێی خۆی دا بێ کە لێرە دا ئاماژە بە نموونەی تا ڕادەیەک وێکچووی پاکستان بکرێ. دوای جوێبوونەوە زمانی ڕەسمی (دەوڵەتی) نەتەوە بوو بە ئۆردوو، سەرەڕای ئەو ڕاستیەی که‌ ئه‌و زمانە زمانێکی لاوەیی بوو بۆ گشت دانیشتوانی خۆ جێیی (بوومی) ئەوێ. ئەگەرچی ئەو هەڵبژاردنە گێرە و کێشەی لێ ساز بوو، بەڵام ئه‌وانە بە نیسبەت کەم بوون و ئێستا زۆربەی پاکستانییەکان وەک زمانی دووهەمی خۆیان بە ئۆردوو قسە ده‌که‌ن و ، وەکوو شتێکی ئاسایی. ئەوە نیشان دەدا کە ئەگەر ئیرادەی سیاسی لە گۆڕێ دابێ و، ئەگەر ئەو زمانەی لە بەر باسە پلە و نفوزی هەبێ یان وەکوو ڕەمزێکی نەتەوایەتی باو بێ، تەواو هەڵدەسووڕێ و دەگونجێ بە سەرکەوتووییەوە زمانێکی " گیروگرفت داری کێشە هەڵئائیسێن" وەکوو زمانێکی ڕەسمی لە دەوڵەتێکی تازه‌ دامەزراو دا بە کار بهێندرێ.
چاوەڕوانی گشتی لە نێو کوردەکاندا ئەوەیە کە سەرۆکایەتی دەوڵەتێکی داهاتووی کورد لە نێو شێوەزارەکانی مۆدێرنی ستانداردی سۆرانی و کورمانجی دا هەڵدەبژێرێ. لە کاتێکدا کە دڵگەرمی و خۆشی خۆشی سەرەتایی کوردەکان بە دەوڵەتێکی ئەوتۆ هەلی ئەوە هەڵ دەخا کە هەرکام لە شێوەزارەکان بە گونجاوتر بزاندرێ وەخۆ بکرێ و بەرپەرچێکی کەم بدرێتەوە، بەڵام لە درێژخایەن دا هەڵبژاردنێکی ئەوتۆ لەوانەیە گیر و گرفتی زۆر زیادتر لەوەی کە پاکستان بە هەڵبژاردنی ئۆردوو توشی هات ساز کا.هەر ئێستا ئەو جورە ناتەباییە لە گۆڕێ دایە ، بە تایبەتی لە عێڕاق، لە نێوان ئاخێوەرانی کورمانجی و سۆرانی دا و، ئەوە بە ئاسانی لە گوڕ و تاوی زیاد دەبێ ئەگەر لایەک هەست بکا کە لەسەر حیسابی وی لاگری ڕەسمی لە لایەکەی دیکە دەکرێ. بە لە بەرچاوگرتنی باری کۆمەڵی کورد بەرەو ڕێبازی دابڕان بە دەستەی ناکۆک و دژ بەیەک، هەبوونی ڕکەبەری هێزەکی ئەوتۆ لەوانەیە ببێ بە یەک لە هۆکارەکانی ئاڵۆزی و بشێوێنی جۆر بە جۆر کە کوردستانێکی سەربەخۆ تووشی بە تووشیانەوە دەبێ.
لە تیۆری دا، بە دوو ڕێگە دا دەکرێ خۆ لە هەڵبژاردنێکی ئەوتۆ بپارێزدرێ: ساز کردنی شێوەیەکی ستانداردی یەکگرتووی کوردی یان، لە جیات ئەوە ناسین و ددان پێداهێنان هەم به‌ کورمانجی و هەم به‌ سۆرانی وەکوو شێوەزارەکانی ڕەسمی و یەکسانی کوردی، لە هەمان کاتدا تا ڕادەیەک ڕێگەدان بە لەهجە و زمانە ناوچەییەکان ( سیاسەتێکی پلووڕالیستی ئەوتۆ دەکرێ لەسەرەتا و دەستپێکەوە سەبارەت بە پرسی زۆر ناسکی خەتیش ڕەچاو بکرێ، ئەگەرچی لەو بارەیەوە دەبێ زۆر زوو بڕیار بدرێ بە هەوڵدان بۆ ساز بوونی لانی کەمی خۆڕاگری و ملبادان).
وەک پێشتر دەرکەوت، بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە ڕێگە چارەی یەکەم جێ بە جێ کردنی زۆر زەحمەتە،چونکوو پێویستی بە ڕیزەیەک بڕیاری سەرەڕۆیانەی تیژڕۆیانەی کێشە هەڵئائیسێنە و، لەوانەش نییە کە ئاکامی دوایی بە دڵی بیروڕای گشتی بێ.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەرچی بۆ حکوومەتێکی تازە-دامەزراو و ناپتەو زۆر ئاسان نیە کە چارەسەری دووهەم ڕەچاو کا، بەڵام دەبێ سەرنج بدرێ کە بۆچوونێکی " جووت دیالێکتانە" لە ڕاستی دا لە ڕابردووەوە بە شێوەیەکی بەربڵاو و سەرکەوتووانەله‌ لایه‌ن ئیستگه‌ ڕادیۆییەکانی کوردییەوە دەکار کراوە، بە ئاکامی زۆر ئەرێییەوە: ئاخێوەرانی گشت بنلەهجەکان زانیارییان سەبارەت بە شێوەیەکی ستانداردی کوردی زیادتر بووە، هەم کورمانجی ئاخێوەر و هەم سۆرانی ئاخێوەران ووشیارییەکی زۆر زیادتریان تێدا پێک هاتووە سەبارەت بە دەوڵەمەند بوونی زمانی کوردی و، تێگەیشتنی و کەلک وەرگرتن لە لەهجەکەی دیکە زیادی کردووە. بۆچوونێکی ئەرەێیی ئاواش سەبارەت بە زمان و لەهجە ناوچەییەکان ئەو شوێنەی دەبێ کە پێش لە هەستی بێزاری و خۆ بە نامۆ دانانی دەستە پچووکترەکان دەگرێ. بە تێپەڕینی زەمان و بە دەکار کرانی زمان لە خوێندن و پەروەردە دا،لەهجە ستانداردەکان بە خۆدا دێن و ڕێشە ئاژۆ دەکەن.هەر بۆیە ڕێگەی هەرە باش بۆ پێشخستنی هەستی یەکایەتی زمانی لە نێو هاووڵاتیانی دەوڵەتێکی کوردی دا دەبێ بە ناسین و ددان پێداهێنانی جۆراوجۆری و دەوڵەمەندی زمانی کوردییەوە دەست پێبکا.

*ئەم نووسڕاوەیە بەر لە هەڵوەشانی سیستمی شووڕەوی نووسراوە [رێبینی وەرگێڕ]
(١) هۆکارە نەرەییەکان، وەکوو ڕەنجدانی هاوبەش و ڕاوەدوو نرانی هاوبەش، تەنانەت بە ئاشکرایی دەورێکی گرینگتر دەگێڕن لە بەهێزکردنی هەستی ئێتنیکی کوردەکان یان هەوێتی گرووپی دا. ئەو جۆرە هۆکارە نەرەییانە بەداخەوە ئەوەندە ئاشکران کە لێره‌ دا لێدوانی زیاتردتریان ناوێ.

تێبینی وەرگێڕ: پرۆفێسۆر فیلیپ کڕەینبرووک ئەم نووسراوەیەی لە ساڵی ١٩٩١ دا نووسیوە و لە ساڵی ١٩٩٢ دا واتە ٢٠ ساڵ لەمەو بەر لەم سەرچاوەیەی خوارەوە دا به‌م ناوه‌ بڵاوی کردووەتەوە:

The Kurdish Language: symbol and reality
Philip G. Kreyenbroek
GRC Occasional Paper Series NO:2
Political and Economic Potential, Geopolitics and International Boundaries.
Research Centre School of Oriental and African Studies. 1992

له‌نێوه‌ڕاست مانگی مه‌ی 1984 دوای وه‌رگێڕانی ئه‌م ده‌قه‌ له‌ په‌یامێکی فاکسی دا داوام له‌ نووسه‌رکرد ئیزن بدا بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ که‌ به‌ کوردی و وێنه‌یه‌کی خۆشی له‌گه‌ڵ بنێرێ.له‌ خواره‌وه‌ کۆپی ووڵامه‌که‌ی ده‌بینن.
ئه‌وده‌می کڕه‌ینبرووک مامۆستای زمانه‌ ئێرانییه‌کان بوو له‌ دیپارتمانی ڕۆژهه‌ڵاتی نیزیک و نێوه‌ڕاست له‌ مه‌دره‌سه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی و ئه‌فریقایی (سواس) له‌ زانکۆی له‌نده‌ن. پرۆفێسۆر کڕه‌ینبرۆک ئێستا سه‌رۆکی ئه‌نیستیتووی لێکۆڵینه‌وه‌ ئێرانییه‌کانه‌ له‌ زانکۆی جۆرج ئاگوستی گوێتنگن له‌ ئه‌ڵمان و دۆستێکی له‌مێژینه‌ی گه‌لی کورده‌. کڕه‌ینبرووک 19 زمان ده‌زانێ.

ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ جاری یه‌که‌م له‌ ژماره‌ی 5ی گۆواری گزینگ، مانگی سێپتامبری 1994 له‌ سوێد بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ره‌رای 20 ساڵ دوای نووسرانی نرخی زانستی هه‌ر وه‌ک خۆی ماوه‌، بۆ ئاگاداری هۆگرانی بابه‌تی زمان جارێکی دیکه‌ لێره‌ دا بڵاوی ده‌که‌ینه‌وه‌.

No comments: