Friday, May 22, 2015

لە فەرخوندەوە تا فەریناز ، زێهنییەتی دژی ژن و ژنکوژی

 لە فەرخوندەوە تا فەریناز ، زێهنییەتی  دژی ژن و ژنکوژی                                              
هاوپرسەیەک  لەگەڵ نەجیبە قەرەداغی
حەسەن قازی
بینەرانی  خۆشەویست! ئەم کاتەتان باش بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی "ڕاوێژ" . لە یەکشەمە ١٣ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی لە شاری سابڵاغ خانمێک بە نێوی فەریناز خوسرەوانی لە هەلومەرجێکدا کە هەتا ئێستاش بە تەواوی دیار نییە ژیانی لە دەست دا و پێش ئەوەش لە ٢٨ی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە شاری کابول ژنێکی بێ گوناح، ژنێکی بێ تاوان بە نێوی فەرخوندە بە دەستی کەسانی جاهیل و کۆنەپەرست کووژرا. دیارە ئەو دوو ڕووداوە لەگەڵ ئەوەشدا کە دیارە ڕەهەندی سیاسییان هەیە، بەڵام جارێکی دیکەش نیشاندەری ئەو زوڵم و زۆر و زەختەن کە لە سەر ژنان هەیە و دیارە ئەو زۆردارییەش هیچ سنوورێکی نەتەوەیی ناناسێ. لە بەرنامەی ئەمجارە دا لەگەڵ هاوکارم نەجیبە قەرەداغی ئەو بابەتە تا و توێ دەکەین. دیارە بەڕێز قەرەداغی بێجگەلەوەی کە مێدیاکارێکی لەمێژینەیە ، تێکۆشەرێکی مافی ژنانیشە و زۆر تەبیعی یە سەبارەت بەو بابەتە بکرێ بە یەکەوە بدویێن.
قازی: زۆر زۆر بە خێر بێی بەڕێز قەرەداغی
قەرەداغی: سپاس
قازی: پێم خۆشە لەوە ڕا دەست پێ بکەین. زۆر لە وانەیە بەشێکی زۆر لە تەماشاوانانی ئەم بەرنامەیە هەلومەرجی ووڵاتێکی وەک ئەفغانستان تەعقیب نەکەن ، ئەگەر دەکرێ لە سەرەتاوە بە کورتی باسی ئەو ڕووداوە بکەی کە فەرخوندەی تێدا کووژرا.
قەرەداغی: ئەڵبەتە بابەتێکی زۆر گرینگە، بۆچی؟ لە بەر ئەوەی هێندێک لەو ڕووداوانە بۆ نموونە کوشتنی فەرخوندە و هەر وەها ئەو ڕووداوەی مەهاباد لە بەرانبەر بە فەریناز و ڕووداوی هاوشێوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کاتێک دەبێتە ڕۆژەڤ، کاتێک دەکەوێتە نێو  ڕای گشتییەوە خەڵک قسەی لە سەر دەکا و خۆپیشاندان و چالاکی بەرفراوان هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی دەرەکی دا ئەنجام دەدا، کاتێک کە دەبێتە بابەتێک بۆ ڕای گشتی؛ واتە، قەڵەباڵغییەک دروست دەبێ، تەقینەوەیەک دروست دەبێ  لە ڕووی میدیاییەوە و جیهانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە و لە چوارچێوەی ئەوە دا کۆمەڵێک کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە هەم لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی دەرەوە دا. دیارە ئەمە چەند ڕووداوێکە کە ئەڵبەتە ئەوانە تاکە ڕووداو نین؛ بۆ نموونە لەو ووڵاتانە دا، بە هەزاران، بە دەیان هەزار ئەو توندو تیژیانەی کە بەرانبەر بە ژنان کراوە ، بەڵام ئەوە بۆ لەگەڵ ئەوانی دیکە دا جیاوازە، لە بەر ئەوەی کە دەنگی داوەتەوە، بووەتە ڕای گشتی، شەقامی وورووژاندووە. من دەمەوێ، ئەڵبەتە لە پێش ڕووداوەکەی فەرینازەوە ، لە پێش ڕوداوەکەی مەهابادەوە ئەوەی فەرخوندە ڕووی دا و بوو بە بابەتێکی نێو دەوڵەتی ، نێونەتەوەیی و بابەتی ڕۆژەڤی ژنان، لەوەوە دەست پێ بکەین. بێگومان من دەمەوێ سەرەتا ئاماژە بەوە بکەم کە تایبەتمەندی ئەفغانستان لە گەڵ ووڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوین دا ، تایبەتمەندێکی جیاوازتری نییە، هەر ئەو ووڵاتانە بۆ خۆیان لە ماوەی سەدەی بیست دا لە لایەن چەند دەستی جیاوازەوە داگیر کراون ، چەند هێزی جیاوازەوە داگیر کراون. ئەفغانستان بۆ خۆی یەکێک لەو ووڵاتانە بووە کە لە ساڵی ١٩١٩ گۆیا ڕزگاری بووە، واتە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند وەکوو دەوڵەتێک لە بەرانبەر بە هێزی بەریتانیا واتە لە بەرانبەر بە ئینتیدابی بەریتانی و لە قۆناغی ١٩٧٩وە لە لایەن یەکێتیی سۆڤییەتەوە داگیر کرا ، لە ساڵی ٢٠٠١ بەدواوە بە تایبەتی لە دوای ڕووداوەکەی ١١ سێپتامبرەوە لە لایەن ئەمریکاوە داگیر کرا. واتە هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی دا ئەفغانستان بووە جێگەیەک کە هەمیشە ململانی هێزی نێودەوڵەتی تیدا هەبووە و هەم لە ئاستی ناوخۆییدا بوو بە  جێگەیەک کە هێزی کۆنەپەرستی هەرێمەکە و جیهان بۆ ئەوێ بە کێش کران وەکوو چۆن ئێستا لە سووریا بابەتێکی زیندووە ئێمە دەی بینین کە هێزی گۆیا جیهادیستەکانی دنیا، ئەوەی کە لە لیتراتووری کوردی دا پێی دەگوترێ چەتە، لێی کۆ کرایەوە، کەس نکووڵی لەوە ناکا ووڵاتانی کەنداو بە تایبەتی  دەستێکی باڵایان هەبووە لە وورووژاندی بار و دۆخەکە.
قازی: ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ پێش ئەوەی کە بێینە سەر لێکدانەوەی مەسەلەکە وەکوو فاکت ڕووداوەکە چۆن بوو؟ چونکوو لەوانەیە بەشێک لە بینەرانمان ئاگاداری مەسەلەکە نەبن.
قەرەداغی: زۆر باشە، ئەڵبەتە  لە نێو قسەکانی خۆمدا هەوڵ دەدەم ئەو لێکدانەوەیە تەواو بکەم بەڵام، وەکوو فاکت، ڕوداوەکە لەوەوە تەقییەوە کە مەلایەک لە مزگەوتی " دوو شمشیرە"ی کابول هاوار دەکا و دەڵێ ئەم ژنە قورئانی سووتاندووە و دەبێتە قەڵەباڵغی و ئیدی ڕووداوەکە لەوێوە دەست پێ دەکا و دەتەقێتەوە و فەرخوندە دوای لێدان و ئەشکەنجەیەکی زۆر بە زیندووی پاشان دوای ئەوەی کە دەیکووژن دەیسووتێنن ، تەبعەن ئەوە لە دیمەنەکان لە ئاستی نێو دەوڵەتی دا لە حاڵەتی جیاواز دا بڵاو بووەوە چونکە  پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا، پێشکەوتنی ئامرازەکانی پێوەوندی ئەو تایبەتمەندییە باشەشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە کە لە هەمان سانییە دا ئەو دیمەنانەی کە دەگیرێ یەکسەر بڵاو دەبێتەوە و جیهان پێی دەزانێ. ڕووداوە لە ڕاستیدا لەوەوە دەست پێدەکات لە چوارچێوەی
" سووتاندن"ی قورئان دا کە ئەمە لە ڕاستیدا لە دوای ئەوەیدا کە لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێ ، دوای ئەوەی کە لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکرێ کە لەوێ دەستیان هەبووە لە کوشتنی فەرخوندە و سووتاندنی فەرخوندە دەردەکەوێ کە ئەسڵ و ئەساسی نییە. کارەساتەکەش ئەوەیە کە ئەم ڕوداوە لە یەک کیلۆمیتری کۆشکی کۆماری ، لە چەند سەد میتری ناوەندی پۆلیسەوە بە بەرچاوی  هێزەکانی پۆلیسەوە ئەمە ڕوودەدا.
قازی: لە ئەفغانستان دیارە وەزاڕەتی " حەج و ئەوقاف " هەیە کە بە سەر مەسەلەی  ئایینی و شوێنی ئایینی ڕا دەگا و بە پێی قسەیەکی کە من گوێم لێ بوو  جێگری وەزیری ئەو وەزاڕەتخانەیە باسی ئەوەی دەکرد  ژمارەیەکی زۆر لەو شوێنانەی کە شوێنی ئایینی و پاڕانەوەن لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ئەوانە ، ئەو کەسەی کە لە کوشتنی فەرخوندە دا دەستی باڵای هەبووە کەسێکی دۆعانووس، بەڵا گەردان بووە  کە لە سەر ئەساسی خورافە کار دەکەن و تەنانەت  زۆر لە پیاوانی ئایینی لە ئەفغانستان پێیان لەو مەسەلەیە ناوە و باسی دەکەن و تەنانەت لە قانوونی 'قەدەغە کردنی توندو تیژی بەدژی ژنان' یش دا ئەوە باس کراوە. ئەو جۆرە تەعویز نووسانە کاریان ئەوەیە سەری خەڵکی دەغافڵێنن ، ئەو مەسەلەیەی کە فەرخوندە ویستبێتی خودای نەخواستە قورئان بسووتێنێ ئەسڵ و ئەساسی نییە.
قەرەداغی: ڕاستە، ئەساسی نییە، مەسەلەکە لەوەوە دەست پێدەکا کە ئەم ژنە کە ژنێکی چالاکوان بووە و داوای لەو دۆعانووسە کردووە واز لەو کارە بێنێ، کۆتایی پێ بدا کە لە بن ناوی نوشتە نووسین و فرۆشتنی نوشتە دا ژنان هەڵبخەڵەتێنێ ، بەڵام وەختێک مەلاکە وا تێ دەگا کە زۆریی بۆ دەهێنێ لەو مەسەلەیە دا کە کۆتایی بهێنێ بە نوشتە نووسی بۆ ژنان  هاوار دەکا. ئێمە باش دەزانین لە ناو ئەو کۆمەڵگایانە دا هەر بۆ خۆی قسەی فڵانکەس قورئانی سووتاند بەسە بۆ ئەوەی کە ببێتە مایەی هەرایەکی گەورە لە نێو ئەو کۆمەڵگایەدا. ئەمە لە ڕاستیدا، لە نێو کۆمەڵگای ئەفغانستان دا شتێکی نوێ نییە، ڕاستە ئەو ڕووداوە تەقینەوەیەکی گەورەی لێ کەوتەوە ، شتێکی نوێ نییە بە دەیان هەزار ڕووداوی هاوشێوەی ئەوەی فەرخوندە ڕووی داوە. ئێمە باش دەزانین ووڵاتی ئەفغانستان یەکێکە لەو ووڵاتانەی کە  بەردەبارانی ژنی تێدا کراوە و توند و تیژی لە ئاستێکی یەکجار بڵیند دایە لە بەرانبەر بە ژنان بەڵام، بۆچی بە تایبەتی ئەمە بەرانبەر بە فەرخوندە کرا من بۆخۆم وەکوو کەسێک کە لێکۆڵینەوەم لە سەر بابەتەکە کردووە و تەنانەت  ئەمن لە پڕۆگرامەکەی خۆمدا لە ستێرک تیڤی خانمێکی ئەفغانیم بانگ کرد و لە سەر ڕەوشی ژنان لە ئەفغانستان  پرسیارم لێ کرد و لێکۆڵینەوەم کرد؛ لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەی ڕابردوو دا و بەتایبەت لەو دو سێ  ساڵەی دواییدا ئەفغانستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیەوە لە ڕووی پێش کەوتنی بزووتنەوەی ژنانەوە. جۆرێک لەو بزووتنەوە ژنانەیەی کە پێش ساڵەکانی ٧٠، بە تایبەتی لە ساڵەکانی ٧٩ دا هەبووە لە چوارچێوەی ڕێکخستنی  " ڕاوا" و لەم دواییەشدا لە گەشە کردنی پارتیی سیاسی و ڕێکخراوەی ژنان یان پارتیی سیاسی وەکوو پارتیی هەمبەستەگی ، ئەمە کەشێکی نوێی لە ناو کۆمەڵگای ئەفغانستان دا دروست کردووە  کە جۆرێک لە پێشکەوتنە، هەوڵدانێکە بۆ گۆڕینی هەم نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان  لە نێو کۆمەڵگا دا و هەم دروست بوونی پارتیی سیاسی، بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نوێ لە ناو کۆمەڵگاکە دا. ئەمە  توێژی کۆنەپەرستی نێو کۆمەڵگای ئەفغانستان وەک خەتەرێک دەبینێ بۆ خۆی و مەسەلەکان ئەساسەن لە مەسەلەی ڕووداوی کووژرانی فەرخوندە دا تەقییەوە.

قازی: دیارە مەسەلەیەکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە  هەم لە ئەفغانستان و هەم لە چوارچێوەی نێو نەتەوەیی دا  هێندێک پەیماننامە هەن. دەزانین کە لە ساڵی ١٩٧٩  ڕێکخراوی کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان  پەیماننامەیەکی پەسند کرد بە ناوی "  پەیماننامەی  لە ناوبردنی هەموو چەشنە هەڵاواردنێک بە دژی ژنان"  و دوایە لە ساڵی ٢٠١١  شووڕای ئوڕووپا لە کۆنفڕانسێک دا  کە لە ئەستەنبووڵ بەسترا پەیماننامەیەکی گەڵاڵە کرد  و لە قانوونی بنچینەیی ئەفغانستانیش دا  قانوونی قەدەغە کردنی توند و تیژی بە دژی ژن هەیە کە لە ٤٤ مادە پێک دێ. مەبەستم لێرە دا ئەوەیە  ئەگەر لە چوارچێوەی قانوون دا تەماشای بکەین  ئەو پێشبینیانە کراون کە دەبێ خشوونەت و توند و تیژی  بە دژی ژنان بە کار نەهێندرێ ، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین ئاوا  بە شێوەی وەحشیانە و دڕندانە  ئەو مەسەلەیە هەر وا بەردەوامە ، ئەگەر لە چوارچێوەی مەودای پەسند کرانی ئەو قانوونانە دا تەماشای بکەی  هەتا مەسەلەی پەیدا بوونی داعش و ڕفاندنی  ئەو هەموو ژنە کوردە لە شنگار هەتا دێ مەسەلە و ڕەوشی ژنان زیاتر و زیاتر بەرەو خراپ و خراپتر  دەڕوا.

قەرەداغی: دەزانی چۆنە لەو ووڵاتانە دا، بە تایبەتی ووڵاتێکی وەک ئەفغانستان  دێمەوە سەر ووڵامی پرسیارەکەی یەکەم بۆ ئەوەی تەواوی بکەم، ووڵاتێکی وەکوو ئەفغانستان ووڵاتێکە کە دروست بوونی  هێزی جیاوازی ئیسلامی  لەوێ  ، لە بن ناوی ئیسلام دا  هێزی ڕادیکاڵ ڕەتاندوویەتی ، وای لێکردووە  کە هەموو شیرازەی کۆمەڵگاکەی بە شێوەیەک لێک ترازاندووە  لە بن ناوی ئیسلام دا. هەر  هەوڵدانێکی ڕێکخراوەکانی ژنان، هەر هەوڵدانێکی  چالاکوانێکی ژن لەو کۆمەڵگایە بە  خەتەری بۆ سەرخۆیان دەبینن لەبەر ئەوە  نە یاسا ، نە دەستوورێک ئەگەر لە چوارچێوەی سەر کاغەزیش بێ نەیتوانیوە جڵەوی ئەم کۆنەپەرستییەی نێو کۆمەڵگا بکا واتە، گۆڕانکارییەکی جیدی و ڕیشەیی بەخۆیەوە نەبینیوە. لە نێو کۆمەڵگاکەدا ئەوەی کە پێی دەگوترێ  دەستەڵاتی یاسا دانان و ڕاپەڕاندن و  دادوەری بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە  کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە ناو ئەو کۆمەڵگایانە دا هەبێ. ئێمە بۆیە باسی ئەفغانستان دەکەین لە بەر ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە ووڵاتانێکی وەک هەم عێڕاق، هەم ئێران، هەم تورکیا ، هەم سووریا ، بە باشووری کوردستانیشەوە یاسا چەند دەر بکرێ، چەند یاسا و ڕێسای نێو دەوڵەتی هەبێ یا جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ هەبێ  بەڵام ئەگەر لە ناو کۆمەڵگا دا زەمینەی پێکهێنانی ئەو یاسایانە نەبێ ، ئەو یاسایانە هیچ دەرفەتێکی جێ بە جێ کردنیان نابێ. ئەگەر وا نەبێ بۆچی [ هەبوونی یاسا] نەیتوانی پێش بە ڕوودانێکی وەک کووژرانی فەرخوندە  یا پێش بە ڕوداوێکی وەک ئەوەی مەهاباد بگرێ. بە بۆچوونی من یاسا نەیتوانیوە هیچ بکا، یاسا چەند داش برێژرێ بەڵام نەیتوانیوە لەو کۆمەڵگایانە  پێش بەو توند و تیژییە بگرێت کە  هەناوی کۆمەڵگاکەی هەڵتەکاندووە. ئەوەی کە حوکم دەکا لەوێ ئەو نۆرمانەیە کە  مەلاکان ، یان ئەو نۆڕمانەیە کە کۆنەپەرستانی تالیبان دەست نیشانی دەکەن. واتە تەواوی ئەو سنوورانەیان بەزاندووە کە بۆ مافە تاکە کەسییەکان، ئازادە گشتییەکان لە ناو کۆمەڵگاکە دا لە هەموو چوارچێوەی نێونەتەوەیی دا فەراهەم کراوە. ئەمانەیان هەموو تێپەڕاندووە. لە بەر ئەوە بۆ نموونە مەلایەک ئەو مافە بە خۆی دەدا بە تەنیا بە هاوارێک، هاوارێک بکا تەواوی ئەو خەڵکانە لە چوار چێوە پەیڤی قورئان سووتێنرا کۆ بکاتەوە و وەحشەتێکی بەو شێوەیە دروست بکا.
قازی: دیارە ئەو وەحشەتە بوو بە هۆی ئەوە کە ڕووداوەکە لەگەڵ ئەوەش ڕەهەندی دەرەوەیی هەبوو یانی چاپەمەنی دنیا باسی کرد تەنانەت لە تێلێڤیزیۆنی کوردیش دا چەند بەرنامە کرا لە سەر ئەو ڕووداوە، بەڵام لە ئەفغانستان خۆشی بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتییە سیاسییەکانی کە لە ئۆپۆزیسیۆن دان وەک ئەوەی ئێوە باستان کرد بۆ نموونە " حیزبی هەمبەستەگی ئەفغانستان " بە ڕاستی زۆر ڕێئاکسیۆنیان نیشان دا و تەنانەت ئەوە بوو بە سەبەب کە هێندێک لە کار بەدستان لە سەر کارەکانیان لا بچن. جا ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ پێش ئەوەی باسی ڕووداوی مەهاباد و کووژرانی فەریناز خوسرەوانی بکەین کورتەیەکمان لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزۆنێکی ئەفغانستانی وەرگرتووە کە ئەویش دمەتەقەی جێگری وەزاڕەتی ئیتیلاعات و فەرهەنگی ئەفغانستانە لەگەڵ تێکۆشەرێکی مافی مرۆڤ و قسە وێژی پارتیی هەمبەستگی لە سەر ئەو ڕووداوە. تکایە ئەگەر دەکرێ هەواڵانمان ڤیدێئۆیەکە نیشان بدەن، پاشان هێندێک قسەی لە سەر دەکەین:
تێلێڤیزیۆنی تولووع، بەرنامەی  " فەرا خەبەر "
جێگری وەزاڕەتی ئیتیلاعات و فەرهەنگ،سیمین غەزەل حەسەنزادە: .... ئەتۆ بە چی ڕا دەڵێی ئەمن لە ژووری گەرم دا بووم؟
نوێنەری پارتیی هەمبەستەگی ئەفغانستان، سیلەی غەففار:  یا لە وەزاڕەتەکەت بووی، یا لە دەفتەرەکەت بووی ، یا لە ماڵەکەت بووی بە مۆبایلەکەت یان هەرچییەکی کە لە بەر دەستت دا بووە لاپەڕەی فەیس بووکت کردووەتەوە، بەڵام ناچینە سەر ئەو قسەیە. مەبەستی من ئەوەیە کە ئینسانێک ، کچێکی مەزلووم  بە وەحشەتێکی ئاواوە لە نێو دەبردرێ و ئەتۆ باسی ئەوە دەکەی کە هەستت جووڵا بوو. ئەگەر بۆ خۆت لە دەوڵەت دای و باسی قانوون دەکەی ...
سیمین حەسەنزادە: خانمی سیلە ئەگەر لێرە دا نووسرابایە کە بە ناوی دین بە شێوەیەکی ئاوا قێزەوەن ڕژاونەتە سەر کچێک، سەد لە سەد ئەمن ناکرێ ڕستەیەکی ئاوا بنووسم ...
سیلەی غەففار: دەی با وای دانێین کارێکی ئاوای کرد بێ یانی سووکایەتی کرد بێ بە پیرۆزییەکانی ئیسلام ئایا ئێوە مافتان هەبوو بەو شێوەیە ببزوونەوە؟
سیمین حەسەنزادە: نا بەهیچ جۆر.
سیلەی غەففار: ئەمن کارم بە وەزاڕەت یان دەوڵەت نییە و هیچ نرخیان بۆ من نییە و نە باسی پلەو پایەی ئێوە دەکەم، ئەمن وەکوو ژنێک دەتکەمە بەردەنگی خۆم. کاتێک ئەتۆ  باسی دەوڵەت و قانوون دەکەی، ڕێگە بدە با قانوون بڕیار بدا. شتێکی دیکەش کە گرێنگە، ئەتۆ گوتت داوای لێبوردنت کردوە لەوەی نووسیوتە. ئەتۆ  بۆیە داوای لێبوردنت  کرد چونکە کەوتییە ژێر گوشاری بیر و ڕای گشتی ، بیرو ڕای گشتی خەڵک بووە هۆی ئەوە، کاتێک دیتت لە فەیس بووک و لە کووچە و کۆڵانان دا خەڵک ڕژاونەتە دەرێ، خۆڕاگری و خەبات و ملەی خەڵکت بینی و پڕۆتێستی خەڵکت دی تەریق بوویەوە ، هەر بۆیەش داوای لێ بوردنت کرد، ئەگەر بەڕاستی هەست بە شەرم دەکەی و لەو کارەی کردووتە پاشگەز بوویتەوە و بە ڕاستی داوای لێ بووردنت  کردووە، تکایە لە سەر کار لابچۆ و ئیستقالە بدە، هەر ئێستا و هەر لەم تێلێڤیزۆنی تلووعەوە ئەوە ڕابگەیێنە. خۆت لە پلەو پایەکەت بکشێنەوە ..
پێشکێشکاری بەرنامە: ئیزن بدە خانمی غەففار
سیلەی غەففار: داوای لێ بووردنەکەت لەبەر ئەوە بوو پلەو پایەکەت بپارێزی ، داوای لێ بووردنەکەت لە بەر ئەوە بوو بتوانی لە سەر کورسییەکەت پاڵی لێ بدەیەوە.
سیمین حەسەنزادە : بە چ بەڵگەیەک ئەوە دەسەلمێنی خانمی سیلەی کە هاواری مافی مرۆڤ و هاواری پشتیوانی لە مافی ژن و ئینسانییەت دەکەی؟ بە پێی چ بەڵگەیەک دەیسەلمێنی کە داوای لێبوردن کردنی من  لەبەر ئەوە بووە کە جێی خۆم لە دەستەڵات دا بپارێزم.
سیلەی غەففار: ئەگەر ئەوە نییە ئیستیقالە بکە!
=======
قازی: ئەوە موناقەشەیەک بوو لە نێوان خانمی سیمین حەسەنزادە کە موعین (جێگر)ی وەزاڕەتی ئیتیلاعات و فەرهەنگی ئەفغانستان بووە لەگەڵ ئەو خانمە تێکۆشەرەی قسە وێژی پارتیی هەمبەستەگی ئەفغانستان...
قەرەداغی: ئەڵبەتە ئەو سیمین خانمە لە سەر کارەکەی لا بردراوە
قازی: کە ناوی  "سیلەی غەففار" ە. پێی دەڵێ ئەتۆ کە کاربەدەستێکی و دەبوو لە بەرانبەر ڕوداوێکی ئاوا دا تووشی هەیجان نەبی و هەستت نەکوڵێ. ئەو خانمی حەسەنزادەیە وەختێک ئەو خەبەرە دەبیسێ لە فەیس بووک دا پەیامێک دەنوسێ و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێ پشتیوانی لە هێرشکردنە سەر فەرخوندە دەکا، جا لەو بەشەی ڤیدێئۆیەکە دا کە دیتمان خانمی غەففار پێی دەڵێ ئەگەر تۆ ڕاست دەکەی و لە نووسینەکەت پەشیمانی دەبێ هەر ئێستا ئیستیقالە بکەی و هەرچۆنێک بێ لێی لەقاو دەدا. و وەکوو ئێوەش باستان کرد دوایە لە کۆبوونەوەی شووڕای ئەمنییەتی میللی ئەفغانستان دا سەرۆک کۆمار فەرمان دەدا ئەو خانمە لە سەر کارەکەی لابچێ کە بە زمانی دەری لە ئەفغاستان دەڵێن " سەبوک دووش " بکرێ یانی شانی سووک بکرێ. هەرچۆنێک بێ لە سەر کارەکەی نەماوە. مەسەلەیەکی دیکەش سەبارەت بەم وێنەیەی کە دەیبینین، دیارە دوای ماوەیەک زۆربەی ئەوانەی لەو کارە دا دەستیان هەبووە دادگایی کران، ٤ کەس لەوانە حوکمی ئێعدامیان دراوە، ٨ کەس بە ١٦ ساڵ زیندان حوکم دراون و ١٦ کەسیش  بە تەواوی تەبرەئە کراون و بەردراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قسەوێژانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە گوێرەی ئەوەی کە لە چاپەمەنی و مێدیای ئەفغانستان دا هاتووە لەو بڕیارانە ڕازی نین، دەڵێن ئەوە زۆر بە پەلە کراوە و پێیان وایە کە ئەو تاوانبارانە بە تەنێ نین بەڵکوو پشتیوانی زۆر گەورەتریان هەیە ...
قەرەداغی: لە ناو دەوڵەتدا

قازی: لە ناو دەوڵەت دا کە دەبێ ئەوانەش بکێشرێنە بەر دەم دادگە. فەرموو ئەگەر بۆچوونێکت هەیە لەو بارەیەوە با دوای ئەوە بچینە سەر مەسەلەی فەریناز!

قەرەداغی
: لە ڕاستیدا دادگایی کردنی ئەوانەی کە ئەو دڕندایەتیان بەرانبەر بە  فەرخوندە ئەنجام دا بە تەنیا ناتوانێ ببێتە چارەسەری. ئێمە دەزانین سیستمی ئەو دەوڵەتانە، سیستمی نادێمۆکراتیکە، هەم گیرۆدەی کولتووری داگیرکاری دەرەوە بوون و هەم لە نێو خۆیاندا، لە نێو ئەو دەوڵەتانە دا سیستمێکی دێمۆکراتی نییە. ئەوەی کە ئەو دیالۆگە لە نێو ئەو دوو خانمە  لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی تلووع ی ئەفغانستانییەوە بەڕێوە چووە ئەوە لە ئەساسدا شەڕی دوو زیهنییەتە. زیهنییەتێک کە  تاکەکانی کردووەتە داردەستی خۆی و دەوڵەت بە دەست ئەو تاکانە دا سیستمەکەی خۆی بەڕێوە دەبا بەتایبەتی ئەوەی کە سیمین غەزەل حەسەنزادە بەڕێوەی دەبا، ژنە بەڵام نوێنەرایەتی سیستمی دەوڵەت دەکا. نوێنەرایەتی پیاو سالاری دەوڵەت دەکا، لە لایەکی دیکە لە بەرانبەر زیهنییەتێک شەڕێتی کە لە راستیدا دەیەوێ ئەو ناهاوسەنگییەی کە لە ناو کۆمەڵ دا هەیە، لە سەر بنەمای سەرکوتکردنی مافەکانی ژنان، مافی منداڵان، مافی گەنجان  و لە سەر بنەمای زۆرینەیەکی ڕەهای دیکتاتۆری دامەزراوە، دەیەوێ ئەو هاو سەنگییە ڕاست ببێتەوە. کە واتە ئەوەی هەیە بە ئێعدام کردنی چوار کەس یا بە سزای گران بۆ ٨ کەس ڕاست نابێتەوە . ڕاستە ئەوە هەنگاوی یەکەمە. من بۆ خۆم وەکوو  کەس هیچ کاتێک لە گەڵ ئێعدام کردنی کەسەکان دا نیم ئەوەی کە پێویستە ئێعدام بکرێ، ئەوەی کە پێویستە لە ناو کۆمەڵگە دا وەکوو چەمک بکووژرێ ئەو زیهنییەتە پیاو سالارییە کە لە نێو کۆمەڵگا لە هەموو شوێنێک  دا هەیە؛ لە نێو خێزان دا هەیە، لە جێگەی کار دا هەیە،  لە نێو دامو دەزگاکانی دەوڵەت دا هەیە، لە هەموو جێگایەکدا هەیە ئەو زیهنییەتە . لەبەر ئەوە ئەوەی کە دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێ و کاری لە سەر بکرێ ئەو زیهنییەتەیە، هەر ئەو زیهنییەتەیە کە  ئێمە لە ڕووداوەکەی مەهاباد دا دەیبینین.
قازی: جا ئێستا با بێینەوە سەر ئەو ڕووداوەی کە لە مەهاباد هاتە پێشێ. لە ڕاستیدا جیاوازییەکی زۆر هەیە لە ڕووی شێوەی جووڵانەوەی کاربەدەستان لە ئاست ئەو مەسەلەیە، ئەگەر بەراوەردی بکەین لە گەڵ ئەوەی کە لە مەڕ کووژرانی فەرخوندە لە ئەفغانستان هەبووە. لە ئەفغانستان ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە بەر کەمتەرخەمی گیراون، ئەو پۆلیسانەی کە شاهیدی ئەو حادیسەیە بوون لە حاڵێک دا لە مەهاباد دوای کووژران یا خۆکوشتنی – دیارە ئەوەش ناڕوونە لە مەڕ فەریناز- ، بەڵام  بە هەر شێوەیەک بووبێ فەریناز قوربانی ڕوداوەکەیە. یانی ئەگەر ئێمە هیچ شتێکیشمان لە دەست دا نەبێ، ئەگەر کابرای کە بەوە تاوانبار کراوە کە پێوەندییان هەبووە یان ئەو چووە بیبینێ، ئەمنییەتی بێ، نەبێ، سەر بە ڕێژیم بێ، نەبێ هەرچییەکی بێ لەو چوارچێوەیە دا قوربانییە ئەساسییەکە ئی زێهنییەتێکە  کە زێهنییەتێکی کۆنەپەرستانەی دژی ژنە. بەڵام لێرە دا جیاوازییەک هەیە، جیاوازییەکە ئەوەیە کە لە ئەفغانستان دەستبەجێ لە بەرنامەی تێلێڤیزۆنی دا – وەک ئەوەی دیتمان – بە کراوەیی، تا ڕادەیەکی زۆر لە سەر گەورەترین کاربەدەستانی ئەمنییەتی یان پایەبەرزانی دەوڵەتی قسە دەکرێ. خەباتکارێکی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی یان ئەندامێکی پارتییەکی سیاسی دێ قسە دەکا. لە کاتێکدا ئەوەی کە لە مەهاباد بووە لە ڕۆژی یەکشەمە ١٣ی بانەمەڕ کە ئەو حادیسەیە ڕووی داوە و ئەو خانمە لەناو چووە و ژیانی  لە دەست داوە هەتا پێنجشەمە ١٧ی بانەمەڕ کە کاردانەوە نیشان دراوە بە سووتاندنی هۆتێلی تارا کاربەدەستان کەمتا زۆر بێدەنگ بوون. دوایەش کە بێدەنگی شکاوە لە لایەن یەکێک لە کاربەدەستانی ئوستانداریی ورمێ ڕا ویستوویانە بە شێوەیەک لە شێوەکان بابەتەکە پاساو بدەن و شانەی مەسەلەکەش لە سەری قوربانی دا بشکێنن. گوتوویانە ئەگەر ئێمە هێندێک شت ڕوون کەینەوە ئەوە دەبێتە چوونە ناو شتی خسووسی . یانی چی ئەو قسانە؟ چۆنی لێک دەدەیەوە؟
قەرەداغی: لە ڕاستیدا ڕوانگەی جیاواز هەیە بۆ مەسەلەی مەهاباد. ئەمن بۆ خۆم لە کەسی " فەریناز "  دا  بە قوربانی کردنی کۆمەڵگایەک دەبینم. ئەڵبەتە ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووی داوە، لە شاری مەهاباد ڕووی داوە ئەمە حادیسەی یەکەم نییە، ئەمە ڕووداوی یەکەم نییە. دەوڵەتی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک بۆ بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا تێدەکۆشێ، ڕووداوی هاوشێوە ، پلان داڕێژراو کراوە. بۆ نموونە هیچ مافێک بە تاکەکان نادا ، لە چوارچێوەی خۆ پاراستنیش دا ئەو مافە بە کەسەکان نادا. دەوڵەتی ئێران سیستماتیک ئەم کارەی کردووە. باشە بابڵێین ئەوە لە کوردستان رووی داوە. لە ساڵی ڕابردوو دا " ڕیحانە جەبباری" لە لایەن ئەندامێکی دەستگای ئیتیلاعاتەوە حەولی دەستدرێژی کردنە سەری درابوو بەڵام ڕیحانە جەبباری  بۆ خۆ پاراستن دەستدرێژکار دەکووژێ. دەوڵەت تەنانەت ئەو مافی خۆ پاراستنە بە ژنان نادا. لە هەمان ساڵ دا ڕووداوی مەرگی گومناوی " شەیدا حاتەمی " و زۆر ڕوداوی دیکە قەومان. من چەند ناوی دیکەم لە لایە کە لە قۆناغی ڕابردوو دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بە تایبەتی و جێی دی بووە. لە زانکۆی هەمەدان ڕووداوی " سەحەر چو وەینی" هەیە، لە هەمان کاتدا ڕووداوی کوشتنی "شیلان" هەیە، وەک گوتم ڕووداوی کوشتنی گومناوی " شەیدا حاتەمی " هەیە، ئەمانە  بەر لە مەسەلەی فەریناز ڕوویان داوە. لە قۆناغی ڕابردوو دا دەوڵەتی ئێران ئەوەی کە لانی کەمی لە ئەفغانستان، لە مێدیاکانی ئەفغانستان دا کراوە وەکوو کاردانەوە بەڕانبەر بە کوشتنەکەی فەرخوندە کراوە، لە ئێران لە ڕاستییدا دەوڵەت بۆخۆی پچووکترین شتی نەکردووە. نایکا، لەبەر ئەوەی کارەکەی ئەوەیە ، کاری دەوڵەت دەستدرێژکارییە، کوشتنە، بڕینە، ئاسیمیلە کردنە. ئەمن بەڕاستی وەکوو ڕۆژنامەوانێک شتەکە بابەتییانە ئاوا دەبینم. کاری دەوڵەت لە کوردستان  لە کەسی " فەریناز " دا کوشتنی کۆمەلگایەکە، داگیر کردنی جەستەیی کۆمەڵگایەکە.لە خودی "فەریناز" دا دەرس دانە بە کۆمەڵگای کورد کە دەبێ بێ دەنگ بێ. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ڕابردوو دا ئێمە شاهیدی  چەندین خۆ پیشاندانی گەورە بووین بۆ داکۆکی کردن لە " کۆبانێ " ئەمە لە ئەفغانستانیش ڕووی دا، جگە لە کابول لە ٧ ئەیالەتی ئەفغانستان لە یەک کاتدا گەل  هەستایە سەر پێ بۆ  پشتگیریی کردن لە کۆبانی. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە بوو. دەوڵەت ئەمە هەزم ناکا، دەوڵەت ئەمەی پێ قەبووڵ ناکرێ، دەوڵەت ئەوە وەکوو خەتەرییەک دەبینێ. ئەو دەڵێ وەختێک ئێمە ڕێگایان دەدەین دەبێ تەنیا پەیامەکانی پشتگیریی لە کۆبانی ڕوویەکی دەرەوەییان هەبێ ، بەڵام کۆمەڵگا لە هەمان کاتدا کە دەڕژێتە سەر جادە پشتگیریی لە کۆبانی دەکا ڕوویەکی تری ئەم مەسەلەیە هەیە؛ خەڵک لە کۆبانی دا داکۆکی لە مافەکانی خۆی دەکا. بەڵام دەوڵەت لە ڕووداوی فەریناز دا دەیەوێ کۆمەڵگا بەوە تەنبێ بکا ، دەڵێ من جەستەشت داگیر دەکەم ، دەتکوژم، مافی ژیانیشت پێ نادەم و لە قاتی چوارەمەوە فڕێی دەداتە خوارەوە. ئەمە پەیامێکە بە کۆمەڵگا بەڵام کۆمەڵگا ...

قازی: باشە لەو مەسەلەیە دا ئێمە ئەگەر باسی زێهنییەت بکەین یانی ئەو مێنتالیتییەی کە سەبارەت بە ژن هەیە بە تایبەتی. یانی پێت وایە ئەگەر ئەو مەسەلەیە بۆ پیاوێک ڕووی دابا، یانی پیاوێک بەو شێوەیە ڕەفتاری لەگەڵ کرا با ڕێئاکسیۆنی کۆمەڵانی خەڵک هەر ئەوە دەبوو؟ مەبەست لەم پرسە ئەوەیە؛ دووشت هەیە لایەنێکی ئەوەیە کە زوڵم و زۆرێکی نەتەوەیی هەیە، ئازادیی بەیان نییە ، ئەگەر بەراوەردی بکەین لەگەڵ ئەفغانستان. لە ئەفغانستان ڕەنگە لێ بوونی هێزی دەرەوەیی، و لە لایەکی دیکە ڕا گوشاری تالیبان زەمینەی ئەوەی خۆش کرد بێ کە فەزایەک هەبێ خەڵک قسە بکەن وەکوو دیتمان لە مەڕ مەسەلەی ڕووداوی کووژرانی فەرخوندە. بەڵام ئەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. ئەوەی کە باست کرد سەبارەت بە سیاسەتی ڕێژیم بەرانبەر بە کورد بە گشتی و بەرانبەر بە ئازادیی مەدەنی و ئەو شتانەی کە ڕووی داوە لە ناوچەکانی دەرەوەی کوردستان، ئەوانە هەموو بە جێگای خۆی، بەڵام گەلۆ  ئەو مێنتالیتەیە مێنتالیتەیەکی گشتی نییە؟ لە نێو ئۆپۆزیسیۆنەکەش دا هەر وا نییە؟ چونکە ئۆپۆزیسیۆنەکە ئەوەی بۆ گرینگە دەڵێ کابرای کە ئەو ئیتیهامەی لەسەرە عونسورێکی ئەمنییەتی یە، یانی ئەگەر عونسورێکی ئەمنییەتی نەبێ غەیری ئەمنییەتی بێ ، کابرایەک بێ کە وەکوو  باس دەکرێ ڕاوێژکار بێ بۆ کاری هۆتێلداری چ فەرق دەکا لە ئەسڵی مەسەلەکە دا؟ ژنێک فیدا بووە، ژنێک قوربانی بووە، ژنێک ئەگەر لە ڕوانگەی سونەتی، نەریتی ڕا تەماشا بکرێ لەوانەیە جۆڕێکی دیکە باسی بکرێ. مەبەستم ئەوەیە .
قەرەداغی: لە ڕاستیدا لە ئێران ڕووداوێکی ئاوا ئەوەندە فرەڕەهەندە ئەگەر مرۆڤ باسی بکا، بە تەنیا مەسەلەکە مەسەلەیەکی جێندری نییە کە ژنێکە لە ڕوانگەی نامووس پەرستییەوە، ئەم ژنە دەستدرێژی کراوەتە سەری بۆیە ئەو پیاوانە هێرشیان کردووەتە سەر ئەم هۆتێلە. ئەوە لە وانەیە لە روانگەی هێندێک کەسەوە وەکوو دەستدرێژی کردن بۆ سەر ئەوەی کە پێی دەڵێن " نامووس" ببیندرێ و لەو چوارچێوەیە دا دیفاعی لە مەسەلەکە کرد بێ. بەڵام لە گشت مەسەلەکە دا مەسەلە بە تەنیا ئەوە نییە. دەوڵەتی ئێران لە زیندانەکان دا دەستدرێژی دەکاتە سەر پیاوەکانیش. یانی دەوڵەتێکی ئاوایە. لە بەر ئەوە  ئەمن لە مەسەلەی فەریناز دا یەکەم لە چوار چێوەی ژنێک دا دەیبینم، لە چوار چێوەی کورد دا دەیبینم، ئەوەی کە پێیان وا بووە فەریناز کرێکار بووە لە هۆتێلەکە لە چوار چێوەی پێشێلکردنی مافی کرێکارێک دا دەیبینم . تۆ لە کام گۆشەیەوە لێی دەڕوانی لەوێ پێشێلکاری هەیە و لە خودی فەریناز دا دەستدرێژی کردن بۆ سەر کۆمەڵگایەک هەیە. دەستدرێژی کردن نە بە مانای نامووسی، دەستدرێژی کردن بۆ سەر مافە سیاسییەکان، بۆ سەر  مافە کۆمەڵایەتییەکان، مافە ئابوورییەکان. هەموو ئەو مافانەی کە کۆمەڵگا دەبێ هەیبێ، مافی فەردی، تەنانەت مافە گشتییەکان ئەوەی کە دەبێ لە کۆمەڵگایەک دا هەبێ، سەرەتاییترین مافەکانی کە دەبێ کۆمەڵگا هەیبێ. لەبەر ئەوە ئەم ڕووداوەی فەریناز بە بۆچوونی من ڕووداوێکی فرە ڕەهەندە چونکە کۆمەڵێک پرسیار گرینگە ئێمە لە خۆمانی بکەین بە تایبەتی لە مەهاباد دا؛ مەهاباد ڕەمزە بۆ گەلی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا شارێکە کە ڕەمزی پایتەختی  سیاسی کوردە، ئەوێ واری پێشەوا قازیی محەمەدە. ئەمن وەک کەسێکی ڕۆژنامەوان و ژنێکی کورد وای دەبینم. مەهاباد لە گەڵ ئەوەی کە سەمبولێکی سیاسییە، ناوەندێکی گرینگی سیاسی گەلی کوردە ، لە بەر ئەوە بە دەیان جار گوزارەیە بۆ ناوەندێکی گرینگ بۆ گەلی کورد. لێرە دا کۆمەڵێک پرسیار گرینگن مرۆڤ بیان ورووژێنێ: بۆ مەهاباد؟ بۆ بەرانبەر بە ژنێک ؟ ئیشی  ئوتێلێکی ٥ ئەستێرە لە شارێکی وەکوو مەهاباد دا کە نیوە و سەرووی خەڵکەکەی هەژارن ئۆتێلێکی ٥ ئەستێرە چی دەکا لە شارێکی وەک ئەوە دا؟ ئەگەر هەش بێ ئایا بێجگەلە کەسانی دەوڵەمەندی کورد، بێجگەلە کەسانی دەوڵەمەندی سەر بە ڕژێم ، سەر بە دەوڵەت و ئیتیلاعات کەسێکی تر بۆی هەیە، دەوڵەمەندێکی کورد بۆی هەیە ئوتێلێکی  هەبێ و چۆن بییەوێ سەرمایەگوزاری لەو جێگایانە بکا؟ نەخێر، من پێم وا نییە. تەواوی ئەو شتانە لە چوارچێوەی  سیستمێکی دەوڵەتی دا  خۆی دەردەخا.
قازی: باشە ئەتۆ زیاتر دەچییەوە سەر مەسەلەی دەوڵەت. دیارە ئەوە وا بزانم بۆ زۆربەی بینەرانیشمان ڕوونە بەڵام مەسەلەیەکی کە باست کرد و پێم خۆش بوو ئەو مەسەلەیە زیاتر شی بکەیەوە ئەویش مەسەلەی زێهنییەتە. یانی مەبەستی من ئەوەیە پرسم ئەو زێهنییەتە بە بۆچوونی جەنابت بە چ شێوەیەک دەگۆڕدرێ؟ باسی ئەوەمان کرد کە قانوون و کۆنوانسیۆن و چوارچێوەی نێونەتەویی هەن و ئەو جێگایانەش دەگرنەوە کە بەشێک لە کوردستانی تێ کەوتووە. سەبارەت بە ئێران، بزووتنەوەی ژنان لە ئێران پێشینەیەکی هەیە ، بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان پێشینەیەکی هەیە بەڵام هەتاکوو ئێستا ئەو ئاڵوگۆڕەی کە لە بنچینەوە دەبێ بکرێ یانی ئاڵوگۆڕی ڕوانگەی لەمەر ئەو دوو جێندرە لە بەرانبەر یەکتری دا، نیسبەت بە ژنان و کچان بە تایبەتی نەکراوە، پێت وایە ئەوە لە کوێ ڕا دەبێ دەست پێبکا بۆ ئەوەی کە گۆڕانێکی جیدی دروست ببێ؟ یانی ئەوە هەر دەبێ ببەسترێتەوە بە ئاڵوگۆڕ لە ڕێژیمی سیاسی دا؟ بەڕێزت چۆنی دەبینی؟
قەرەداغی: خۆی لە ڕاستیدا ئێمە کە باسی دەوڵەت دەکەین بە تەنیا باسی ئەوە ناکەین کە لە دەمووچاوی خامەنەیی یان ئەحمەدی نەژاد یان  ڕووحانی و ئەمانە دا ببینین  یان دامودەزگاکانیان کە کوردستانیان میلیتاریزە کردووە. تەنیا مەبەست ئەوە نییە. ئەوە زێهنییەتێکە لە ئاستێکی زۆر قەبە دا مرۆڤ دەتوانی بیبینێ بەڵام، لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا ئەم زێهنییەتە لە جێگەی جیاواز ، لە کایەی جیاواز دا مرۆڤ دەتوانێ بیبینێ. بۆ نموونە دوانەی خێزان و دەوڵەت دوو دوانەن کە زۆر پەیوەست بە یەکترییەوە کار دەکەن. واتە ئەو عەقڵییەتەی کە لە ناو خێزان دا هەیە ، لە نێو بنەماڵە دا هەیە جیاواز نییە لەو عەقڵییەتەی کە دەوڵەت بە ڕێوەی دەبا. ئەمانە یەکتری ئاو دەدەن، لە سەر یەکتری بە خێو دەبن، لە سەر یەکتری خۆیان دەژێنن. ئەم عەقڵییەتەی کە بە گشتی لە ناو کۆمەڵگا دا هەیە بەتایبەتی لە  خێزان دا پێویستە ئەو عەقڵییەتە گۆڕانکاری بە سەر دا بێ بە بۆچوونی من. ئەم عەقڵییەتە لەوانەیە لە قەبەترین کاردانەوە دا، ئەو کاردانەوەیە بوو کە خەڵک بەرانبەر بە هۆتێل تارا نیشانیان دا. من بۆ خۆم سووتانی ئۆتێلەکە بە سووتانی ئەو عەقڵییەتەی دەوڵەت دەبینم کە لەوێ دەیویست لە نێو گۆمەڵگا دا بیچەسپێنێ، بییەوێ لەوێ حاکمییەتی خۆی دروست بکا. بەڵام ئەو عەقڵییەتەی کە دەبێ لە نێو کۆمەڵگا دا، لە نێو عەقڵییەتی ئینسانەکاندا بسووتێندرێ هەیە.
قازی: ئەو عەقڵییەتە چۆن دەگۆڕدرێ؟
قەرەداغی: ئەو عەقڵییەتە بە بۆچوونی من بەخۆ ڕێکخستن کردن دەگۆڕێ. ئەو عەقڵییەتە تازەیە پێویستی بە خۆ بە ڕێکخستن کردنە. پێویستیی بە چالاکییە. پێویستیی بەوەیە کە ژن بگاتە ئەو باوەڕییەی کە لەو سیستمە خۆی دابڕێنێ. من کە دەڵێم دابڕان مەبەستم دابڕانی جوگرافی نییە کە تۆ لە شارەکە بێیە دەرەوە، یان لە گوندەکە بێیە دەرەوە ، یا لە خێزانەکە بێیە دەرەوە دەتوانی ئەو گۆڕانکارییە بکەی. ئەوە دەتوانێ گۆڕانکاری نیسبی دروست بکا بەڵام مەبەستم دابڕانە لەو زیهنییەتە کە دەوڵەت پایەکانی خۆی لە سەر دروست کردووە. واتە ئیعتیماد کردن لە سەر شتی دەوڵەت . پێت وا بێ دەوڵەت مەسەلەکە چارەسەر دەکا. پێت وابێ کە دەوڵەت بە یاساکانی بە دوای ئەم مەسەلەیە دا دەچێ. بە بۆچوونی من بە تایبەتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ، ئێستا هەیە، کە من ئەو شتە دەڵێم هیوادارم بینەر وا تێ نەگا کە من دەمەوێ ئامۆژگاری ژنان بکەم کە چی بکەن ...
قازی: بۆچوونی خۆت دەڵێی
قەرەداغی: ئەوە کۆمەڵگایە کە بڕیار دەدا  چۆن خۆی بە ڕێکخستن بکا. بەڵام من کە ئەو قسەیە دەکەم  مانای ئەوە نییە کە ژنان لە سیفرەوە دەست پێ دەکەن بە پێچەوانەوە تێکۆشانێکی بەرفراوانی ژنان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنانەت هێزی سەربازی ڕێکخراوە کردنی ژنان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی  هێزەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا. لە چوارچێوەی سیستمێکدا کە هەم کایەی پەروەردە کردنی ژنانی هەیە ، هەم کایەی خۆ ڕێکخستن کردنی هەیە لە ئاستی ناوخۆ و هەم لە ئاستی دەرەوە  و  کایەیەکی چالاکی هەیە واتە ژنان لە دەرەوەی کوردستان و لە ناوخۆی کوردستان بێدەنگ نەبوون  لە ئاست ئەم ناحەقییانەی کە بەرانبەریان دەکرێ...
قازی: یانی پێت وا هەیە کە ژنان وەک لە ئەفغانستان دیتمان بۆ نموونە لە ڕێوڕەسمی ناشتنی فەرخوندە دا دیارە ئەو تەجروبەیە لە ووڵاتی دیکەش دا هەبووە، بە تایبەتی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردلە ڕۆژئاوای کوردستان دیتوومانە وەختایەک کە گریلایەکی ژن ژیانی لە دەست داوە زۆر جار دیتوومانە ژنان دەچن تابووتەکەی هەڵدەگرن. لە تورکییەش نموونەی ئاوا هەبووە . بەڵام ئەوە لە ئەفغانستان نەریت شکاندنێکی زۆر تایبەتی بوو لە کاتی ناشتنی فەرخوندە دا ژنان تابووتەکەیان هەڵگرت. پێت وا هەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئێستا بە تایبەتی لە سەر ئەوێ قسە دەکەین ژنان لە مەسەلەی فەریناز دا غاییب نەبوون؟ چونکە ئەگەر تەماشای ئەو وێنە و دیمەنانە بکەین کە لە تۆڕە کۆمەڵییەکاندا بڵاو بوونەوە، دیارە مەبەستم لە خودی مەهابادە، دواتر دیارە لە شارەکانی دی دا کە خۆپیشاندان و چالاکی کرا ژنان بەشدار بوون. پێت وا هەیە بۆ سازکردنی گۆڕانکاری ژنان بۆخۆیان دەبێ دەستپێشخەری سەرەکی بکەن یان چۆنی دەبینی؟
قەرەداغی: ئەو گۆڕانکارییە بە بۆچوونی من لە خودی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا گۆڕانکارییەکە کە ڕووبەڕووی هەموو کەسێکە هەموو چین و توێژەکان. لە مناڵێکی ٧ ساڵەوە بیگرە هەتا بە ساڵاچوویەکی ٧٠ ساڵی، لە ژنەوە بگرە هەتا گەنج ئەرکی هەموو کەسێکە. بەڵام، بە بۆچوونی من ژنان چەند پێشەنگی ئەو گۆڕانکارییە بکەن ئەوەندە دەتوانن بەڕاستی گۆڕانکارییەکان بکەنە ڕیشەیی. گۆڕانکارییەکان بکەنە ڕیشەیی وەک ئەوەی کە لە مەهاباد دا هەیە. بە بۆچوونی من لە مەهاباد دا بزووتنەوەیەکی ژنانەی زۆر جیدی هەیە کە دەتوانێ دڵخۆشکەر بێ بۆ ئەو قۆناغەی تێیداین.
قازی: ببوورە بەڕێز قەرەداغی، وەختمان زۆر کەم ماوە. چەند خاڵێکی دیکەش هەبوو پێم خۆش بوو باسی بکەین. یەک لەوانە چەواشەکاری چاپەمەنی، مێدیا  لە وەختی ئاوا دایە. نموونەیەکی ئاوا لە تێلێڤیزیۆنێک ڕووی دا بوو لە باشووری کوردستان. پێم خۆش بوو باسی ئەو مەسەلەیش بکەی و دووەمیش مەسەلەی ئێفێکتی کۆبانێ لەو بارەیەوە چۆن دەبینی؟ چونکە ئێمە دیتمان بە دوای ڕووداوی مەهاباد دا لە کۆبانێ دەستبەجێ کاربەدەستانی هەرە گەورەی بەڕێوەبەری هەموو دروشمیان هەڵگرتبوو ، دیارە بە زمانی عەڕەبی بوو و لە سەریان نووسرا بوو. " هەموومان  مەهابادین" و " مەهاباد دڵی کوردستان " ە ! ئەوانە چۆن لێک دەدەیەوە. وەختمان زۆر نییە بە داخەوە.
قەرەداغی: بە بۆچوونی من چەواشە کردنی هەواڵەکە زۆر کاریگەری نەبوو. ڕاستە هەوڵدانێک بوو بۆ ئەوەی کە تەواوی خودی ڕووداوەکە چەواشە بکرێ وا نەبوو. ئەو دیمەنانەی کە بڵاویان کردەوە گۆیا فەریناز لەگەڵ خودی ئەو کەسەی کە دەستدرێژی کردووەتە سەری و بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ڕادەستی نەبێ و خۆ کوشتن هەڵبژێرێ. ئەسڵ و ئەساسی نەبوو ئەو دیمەنانەی کە بڵاو کرانەوە. هەر کەسێک دەتوانێ ئەو دیمەنانە بۆ جێگایەکی تریش دروست بکا.ئەوە زۆر کاریگەری نەبوو بە بۆچوونی من.
قازی: ئەمن باسی کاناڵێکی تێلێڤیزۆنی دەکەم کە بە زمان برایەکەی فەرینازەوە قسەیەکی کرد بوو.
قەرەداغی: برایەکەی ئەوەی ڕەد کردەوە. پێم وایە لە تێلێڤیزۆنی کورد کاناڵەوە. ئەوەی ڕەد کردەوە کە شتێکی ئاوای نەگوتووە و بە زمان ئەوەوە ئەوان هەواڵێکی وایان بڵاو کردووەتەوە.

قازی: بە زمان وییەوە هەڵیان بەستووە.
قەرەداغی: هەڵیان بەستووە، لە بەر ئەوە دەڵێم کاریگەری نەبووە. تا ئێستا کاردانەوەکان تەواوی سێبەری خۆیان دا بە سەر ئەو چەواشەکارییەی دا کە هەوڵ درا بکرێ. خاوەن دەرکەوتنی گەلی کورد بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان  جۆرێکە لە پەیامێکی دوو لایەنە بە یەکتری . یانی ئەوەی کە بەڕاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەیدانەکان دا داکۆکی لە کۆبانی کرد وەک مەسەلەیەکی نەتەوەیی و مەسەلەیەکی خۆیی ، بە مەسەلەی خۆی زانی لە هەمان کاتدا ڕۆژئاوای کوردستان یەکێک بوو لەو مەیدانانەی کە لە ئاستێکی زۆر بەرز دا هەر سێ کانتۆنی کۆبانی و جزیرە و عەفرین  داکۆکییان لە فەریناز کرد و هەتا ئێستاش  چالاکی دەکرێ.  لەبەر ئەوەی ئەوان یانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان مەسەلەی فەریناز بە مەسەلەی خۆیان دەزانن چونکە ئەوان ڕووبەڕووی زیهنییەتێکی شەڕ بوونەتەوە و شەڕ لە گەڵ زێهنییەتێک دا دەکەن کە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دا. ئەوان چەندین جار لە لێدوانەکانی خۆیان دا دەڵێن ئەو زێهنییەتەی کە فەرینازی کوشت هەمان زێهنییەتە کە بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ دەکا. لەبەر ئەوە هەم لە باکووری کوردستان ، هەم لە باشووری کوردستان داکۆکییەکی بەرفراوان کرا لە فەریناز و بە مەسەلەی خۆیان  زانی. بەڵام  من دەمەوێ لێرە دا ئەم بەرنامەیە وەک دەرفەتێک ببینم کە  بە داخەوە ئەوەی کە وەکوو تابوو لە ئەفغانستان شکا بە داخەوە ئەوە کەلکی لێ وەرنەگیراوە لە باشووری کوردستان دا. لە باشووری کوردستان دا لە ساڵی ١٩٩١ وە هەتا ساڵی ٢٠١٢ نزیکەی بیست هەزار ژن ژیانیان لە دەست داوە، هەم یان ناچاری خۆ کوشتن کراون، هەم یان کووژراون بە دەستی کەسێکی ناو بنەماڵە یان لە دەرەوەی بنەماڵە.  بەڵام ، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئێمە نەمان بینی ژنان بێن  شانی خۆیان بدەنە بن تابووتی ژنێکی کووژراو وەک ئەوەی کە ئێمە لە ئەفغانستان بینیمان.

قازی: وەک ئەوەی کە لە ڕۆژئاواش دەبیندرێ
قەرەداغی: وەک ئەوەی لە ڕۆژئاوا دەیبینین، لە باکوور دەیبینین.  من لەگەڵ ئەوەدا نیم ژنێک بکووژرێ ئینجا ئێمە بێین شان بدەینە بەر تابووتەکەی. دەبێ ئێمە ڕێگر بین لەوەی کە ژنان بکووژرێن. ڕاستە بزووتنەوەی ژنان هەیە، رێکخراوەی جیاوازی ژنان هەیە بەڵام  لە بەر ئەوەی کە یەکێتییەکی چالاکی نییە، لە بەر ئەوەی کە ئیرادەیەکی گۆڕانکاریی جیدی لە ئارا دا نییە و نەیانتوانیوە ببن بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان بۆ گۆڕانکاری، ناشتوانن بگەنە ئەو ئاستەی کە لە ئەفغانستان کرا. بە ڕاستی ئەوەی کە لە ئەفغانستان کرا، ڕاستە دوو ووڵاتن کە لە وانەیە تایبەتمەندییەکانیان وەک یەک بێ بەڵام من  لە هێندێک چالاکی دا لە ڕووی نەوعی یەوە دەڵێم هێندێک چالاکی لە ئەفغانستان کران کە زۆر دڵ خۆش کەرن و دەتوانن نموونەی زۆر زیندوو و باش بن بۆ ئەو کۆمەڵگایە بۆ خۆی. یەکێک لەوانە ، خۆ ژنان نەیانکرد پیاوان کردیان. گرووپێک لە پیاوان لە سەروبەندی ٨-ی ئازار دا ئەو نیقابەی، ئەو باڵاپۆشەی کە ژنان لە ئەفغانستان دەیپۆشن، بە زۆر بە سەریان دا سەپاندوون چەتەکانی تالیبان، پیاوان هەستان وەکوو ڕەمز  ئەم نیقابەیان دەبەر کرد و لە سەروبەندی ٨- ی ئازار دا لە بەر دەم کامێرا نیقابەکانیان فڕێ دا و ژنێکی ئەفغانی بە ناوی " ڕیزە گوڵ" کە لە گوندێکی نزیکی هەڕات دەژیا دوای ئەوەی کە کوڕەکەی کە یەکێک لە پۆلیسەکانی پارێزەری گوندەکەیان دەبێ لە لایەن  چەکدارەکانی تالیبانەوە دەکووژرێ خۆی و هاوسەری کوڕەکەی کە لە لیتراتووری کۆمەڵگای ئێمە دا دەگوترێ بووکەکەی ، خۆی و هاو سەری کوڕەکەی پێکەوە چەک هەڵدەگرن و چالاکی لە بەرانبەر چەتەکانی تالیبان دەکەن و لە یەک چالاکی دا ٢٥ چەکداری تالیبان دەکووژن. ئەمە لە گەڵ ئەو تابڵۆیەی کە ژنان شانیان دایە بەر تابووتەکەی فەرخوندە و نەیان هێڵا پیاوان دەست بە تابووتەکەی فەرخوندەوە بدەن جۆرێکە لە تابوو شکاندن لە نێو کۆمەڵگای ئەفغانستان دا من پێم وایە ئەوە کەمترلەو کۆمەڵگایەی کە گۆیا پێی دەگوترێ سیستمێکە دێمۆکراسییە و نموونەیەکە بۆ عێڕاق و ئەمانە، ئەمن کەمتر ئەو تابلۆیە دەبینم.
قازی: زۆر باشە! ئەگەر بە یەک ووشە بڵێی فاکتۆری ئەساسی بۆ گۆڕان چییە؟
قەرەداغی: من فاکتۆری هەرە ئەساسی بۆ گۆڕانکاری لە نێو کۆمەڵگا دا لە ڕێکخستن بوونی ژنان دا دەبینم. ژنان  خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و ئیرادەیەکی هاو بەش نیشان بدەن و هەموو  بیرو بۆچوونەکانی خۆیان بەلاوە بنێن و ئێمە لەو دیمەنەی کە دیتمان کە چۆن سیلەی غەففار بەرانبەر بە ژنێکی کە کۆنەپەرستی لە نێو  کۆمەڵگا دا دەپارێزێ دەبێ  ئەو تێکۆشانەش هەبێ . واتە تێکۆشانی هەمە لایەنە دەبێ هەبێ  بەرانبەر بە کۆنە پەرستییەکانی کە دەبنە هەڕەشە لە سەر ژیانی ژنان لە ناو کۆمەڵگا دا و ژیانی تاکەکان لە ناو خودی کۆمەڵگا دا ، دەبێ ئەو ئیرادە هاوبەشییە، ئەو بەرە دێمۆکراتیخوازە هاوبەشە دروست بکرێ لە بەرانبەر ئەو شەپۆلە کۆنە پەرستییەی کە لە نێو کۆمەڵگا دا هەیە. لە بیرمان نەچێ مامۆستا حەسەن، ئێستا لە باشووری کوردستان دا بە ڕێکخراوەیی ئێستا تەڤگەڕێکی سەلەفیزمی  زۆر خەتەر هەیە کە خودی دەسەڵات بۆ خۆی  سەرچاوەیەکە بۆ دروست کردنی ئەمە. ئەمە  خەتەرە لە بەر ئەوەی کە تەنانەت ئەو ئیسلامەی کە لە نێو کۆمەڵگەی ئێمە دا بە ئیسلامی کولتووری دەناسرێ تەنانەت ئەوەش دەکا بە ئامانج، ئەوەش ناهێڵێ لە کۆمەڵگا دا و لە ناوی دەبا. ئەو ئیسلامەی کە لە قۆناغی ڕابردوو دا باوکم و دایکم و بەشێک لە کۆمەڵگاکە لە چوار چێوەی ئیسلامی تاکە کەسی نێو کۆمەڵگایەکەدا باوەڕی پێ یە ئەوەش دەکووژێ، دەیکاتە هەدەف، نایهێڵێ و تەواوی جوانییەکانی کۆمەڵگا لە ناو دەبا . بە بۆچوونی  من لە نێو کۆمەڵگای ئێمە دا پێویست بە هەبوونی ئیرادەیەکی هاو بەش هەیە  باوەری بە گۆڕانکاری هەبێ و ژن دەبێ پێشەنگی ئەو گۆڕانکارییە بێ.

قازی: زۆر زۆر سپاس بەڕێز نەجیبە قەرەداغی بۆ بەشداریت لە  " ڕاوێژ" دا. بینەرانی خۆشەویست بەم پێیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش

تێبینی: ئەو هاوپرسەیە  لە ئێوارەی یەکشەمە  ١٧ی مەی  ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب هەڵێنن



پەیوەست
په‌یماننامه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژبه ژنان CEDAW


Convention on the Elimination of all forms of Discrimination Against Women

وەرگێڕ: ئەحمەد ئەسکەندەری

پێشه‌کییه‌ک بۆ وه‌ڕگێڕانی کوردی:

کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان له 107 ه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی خۆی له ڕۆژی 1979/12/18دا به په‌سندکردنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه هه‌نگاوێکی گرینگی هه‌ڵێنا به‌ره‌و وه‌دیهێنانی مافی یه‌کسان بۆ ژنان‌و پیاوان و هه‌روه‌ها بۆ به‌گژاچوونی هه‌موو چه‌شنه سته‌مێک له‌دژی ژنان. ئه‌م په‌یماننامه‌یه هه‌موو بواره‌کانی ژیانی ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی‌و فه‌رهه‌نگی ده‌گرێته‌وه‌و زۆر به‌وردی چووه‌ته ناو هه‌موو که‌لێن‌و قوژبنی کۆمه‌ڵگاوه‌و ده‌ستی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی وا په‌یوه‌ستن به مافی ژنانه‌وه؛ یان باشتره بگوترێت ئه‌و شوێنانه‌ی وا بێمافی ژنانی تێدا شاردراوه‌ته‌وه.

له‌نیگای ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که ئه‌و دیارده نگریسانه‌ی که دونیای ئه‌وڕۆ له‌گه‌ڵیان ده‌سته‌ویه‌خه‌یه کاردانه‌وه‌یان به‌پله‌ی یه‌که‌م له‌سه‌ر ژنانه. شه‌ڕ، کوشتار، هه‌ژاری، نه‌خوێنده‌واری، دواکه‌ۆتوویی، ئاواره‌یی‌و بێخانه‌ولانه‌یی، له‌شفرۆشی‌و کاری تاقه‌تپرووکێنی منداڵان، نه‌خۆشینه‌کوشنده‌کان و له‌وانه ئه‌یدز، مردن‌و ێیلفلیج‌بوونی منداڵانی ساوا‌و ته‌نانه‌ت په‌ککه‌وته‌یی‌و بێده‌ره‌تانی پیاوانیش قورساییه‌که‌ی له‌سه‌رشانی ژنانه.

به‌ڵام که‌م نین ئه‌و بڕیارنامه، به‌ڵگه‌نامه، ڕێککه‌وتننامه‌و هتد که له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان‌و یان ناوه‌نده نێونه‌ته‌وه‌یی‌و جیهانیه‌کانی دیکه‌وه ده‌رچوون و لێواولێون له وشه‌ی بریقه‌دار‌و مزگێنیده‌رو ئاسۆی گه‌ش‌وڕووناک بۆ داهاتووی مرۆڤایه‌تی ده‌ستنیشانده‌که‌ن! ئه‌ی کوا ئه‌ۆ به‌هه‌شته‌و ئه‌ی بۆچی ئه‌م هه‌موو ده‌ردو مه‌ینه‌تی‌و هه‌ژاری‌و ماڵوێرانیه؟ دانانی یاسا، په‌یماننامه و له‌م چه‌شنه بڕیارانه هه‌نگاوی یه‌که‌مه. گرینگترین هه‌نگاو ڕێگا خۆشکردنه بۆ جێبه‌جێ‌بوون و به‌کرده‌وه به‌ڕێوه‌بردنیان. هه‌ربۆیه زۆر سه‌رنج‌ڕاکێش ده‌بێت بزانین ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م په‌یماننامه له وڵاتانی جۆراوجۆر و به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی کوردی تێدا ده‌ژین چۆن بووه. ئه‌مه‌ش پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندنێکی تایبه‌تیه که له‌م سه‌ره‌تایه‌دا ناگونجێت‌و هیوادارم به‌م زوانه له نامیلکه‌یه‌کدا بتوانم بڵاوی بکه‌مه‌وه. هه‌ر ئه‌وه‌نده بڵێم که سوئێد‌و کووبا له مانگی سێی ساڵی 1980دا یه‌که‌مین و به‌حره‌ین له مانگی شه‌شی 2002دا دوایین ده‌وڵه‌ته که به‌م په‌یماننامه‌وه په‌یوه‌ست بوون.

ئه‌م وه‌رگێڕانه له ده‌قه ئیتگلیزیه‌که‌یه‌وه کراوه به‌کوردی و له‌گه‌ڵ ده‌قی فه‌رانسه، سوئێدی و دوو وه‌ڕگێڕانی فارسیدا به‌راورد کراوه. کاتێک که خه‌ریکی ئه‌م وه‌رگێڕانه‌بووم، گۆڤاری «ژنان» ژماره ۲ی زستانی(2002)1381م بینی که ده‌قی په‌یماننامه‌که‌ی به‌کوردی تێدابوو. وه‌رگێڕانه‌که له ده‌قی فارسیه‌که‌یه‌وه کراوه به‌کوردی‌و سه‌ره‌ڕای خۆماندووکردنی زۆر به‌داخه‌وه که‌م‌وکووڕی زۆری تێدایه چ له‌ناوه‌رۆکداو چ له‌باری زمانه‌وانیه‌وه. هه‌ڵبه‌ت خودی سه‌رچاوه فارسیه‌که‌ش به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌قه ئینگلیزیه‌که‌ی بێ‌هه‌ڵه نیه. سپاس بۆ به‌ڕێز مه‌هاباد قه‌ره‌داغی که به‌سه‌ر وه‌رگێڕانه‌که‌دا چووه‌وه‌و سه‌رنج‌و پێشنیار و تێبینی به‌نرخی هه‌بوو.
ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری پاییزی 2002



(CEDAW)
به‌یماننامه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژبه ژنان

ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی ئه‌م په‌یماننامه‌یه،
به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی که به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان جارێکی دیکه‌ش جه‌خت له‌سه‌ر باوه‌ڕی خۆی به مافه‌سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ، به که‌رامه‌ت وبایه‌خی هه‌ر ئینسانێکی تاکه‌که‌س، به‌مافی یه‌کسان بۆ پیاوان و ژنان ده‌کات،
به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی که جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤ جه‌خت له‌سه‌ر سه‌ره‌تای ناڕه‌وابوونی هه‌ڵاواردن ده‌کات‌و ڕاده‌گه‌یه‌نێت که هه‌موو مرۆڤێک به‌که‌ڕامه‌ت و مافی یه‌کسانه‌وه‌و به ئازادی له‌دایک‌ده‌بێت و هه‌موو که‌سێک بۆی هه‌یه له هه‌موو مافه‌کان‌و ئازادیه‌کانی که له په‌یماننامه‌که‌دا هاتووه، به‌بێ هیچ جیاوازیه‌ک‌و له‌وانه‌ش جیاوازبوون له‌سه‌ر بناغه‌ی جنس به‌هره‌مه‌ندبێت،
به‌سه‌رنجدان له‌وه‌ی که وڵاتانی گرێدراو به بڕیارنامه‌کانی مافی مرۆڤ ئه‌رکی سه‌رشانیانه که مافی یه‌کسان بۆ ژنان‌و پیاوان دابین بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی له هه‌موو مافه ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی، مه‌ده‌نی‌و سیاسیه‌کان به‌‌هره‌مه‌ندبن،
به‌ڕه‌چاوکردنی ئه‌وپه‌یماننامه نێونه‌ته‌وه‌ییانه‌ی که له‌ژێر چاوه‌دێری نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان‌و ناوه‌نده پسپۆڕه‌کانیدا بۆ پێشخستنی یه‌کسانی ماف له‌نێوان ژنان‌و پیاوان گه‌ڵاڵه‌کراوه،

هه‌روه‌ها به‌سه‌رنجدانی بڕیارنامه‌کان، بانگه‌وازه‌کان و ڕاسپێری په‌سندکراو له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان‌و ناوه‌نده پسپۆڕه‌کانی بۆ به‌ره‌وپێش‌بردنی یه‌کسانی مافی پیاوان‌و ژنان،
نیگه‌ران له‌وه‌ی که سه‌ره‌ڕای ئه‌م به‌ڵگه‌نامه جۆراوجۆرانه هه‌ڵاواردنی به‌ربڵاو دژبه‌ژنان هێشتاش هه‌ر به‌رده‌وامه،
به‌وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که هه‌ڵاواردن دژبه ژنان پێشێلکردنی سه‌ره‌تاکانی یه‌کسانی ماف‌و ڕێزگرتن له که‌رامه‌تی ئینسانه، کۆسپێکه له‌سه‌ر ڕێگای به‌شداریکردنی ژنان شانبه‌شانی پیاوان له ژیانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری‌و فه‌رهه‌نگیدا له‌ وڵاته‌که‌یان، ڕێگاده‌گرێت له گه‌شه‌کردنی به‌ختیاری کۆمه‌ڵگاو بنه‌ماڵه‌و هه‌روه‌ها ئاسته‌نگ ده‌خاته‌سه‌ر ڕێگای ژنان که به‌هۆی ئه‌وانه‌وه ناتوانن پڕاوپڕ و به‌هه‌موو تواناییه‌کانیانه‌وه له خزمه‌تی وڵاته‌که‌یان‌و مرۆڤایه‌تیدابن،
به‌نیگه‌رانی له‌وه‌ی که له‌کاتی هه‌ژاریدا ئه‌وه ژنه که به‌که‌مترین ڕاده ده‌ستی ده‌گات به بژیوی، ته‌ندروستی، خوێندن‌وفێربوون، خۆئاماده‌کردن‌و ده‌رفه‌ت بۆکارکردن‌و هه‌روه‌ها پێداویستی دیکه،
به‌هاتنه‌سه‌ر ئه‌وباوه‌ڕه‌ی که دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی نوێی ئابووری نێونه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری به شێوه‌یه‌کی زۆربه‌رچاو یارمه‌تی به‌ره‌وپێشچوونی یه‌کسانی نێوان ژنان‌و پیاوان ده‌دات، به‌سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که خاشه‌بڕکردنی ئاپارتاید، هه‌موو شێوه‌کانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی، هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی، کۆلۆنیالیسم، کۆلۆنیالیسمی‌نوێ، ده‌ستدرێژی، داگیرکردن له‌لایه‌ن بێگانه‌وه و خۆزاڵکردن‌و ده‌ستێوه‌ردان له‌کاروباری ناوخۆی وڵاتاندا بۆ دابینکردنی پڕاوپڕی مافه‌کانی پیاوان‌و ژنان ئێجگار پێویسته، به‌داکۆکیکردن له‌وه‌ی که پته‌وکردنی ئاسایش و ئاشتی نێونه‌ته‌وه‌یی، خاوکردنه‌وه‌ی بارگرژیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان، چه‌کداماڵینی گشتی‌و یه‌کجاره‌کی، به‌تایبه‌ت چه‌کداماڵینی ئه‌تۆمی له‌ژێر چاوه‌دێری توندوتۆڵ‌و کارامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی، داکۆکی له‌سه‌ره‌تاکانی دادپه‌روه‌ری، به‌رابه‌ری‌و به‌رژه‌وه‌ندی دوولایه‌نه له‌په‌یوه‌ندی نێوان وڵاتانداو دابینکردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین‌و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی ژێرده‌سه‌ڵاتی کۆلۆنیالی و داگیرکه‌رانی بێگانه، هه‌روه‌ها ڕێزگرتن له ده‌سه‌ڵاتداره‌تی میللی‌و ته‌واوه‌تی خاک، پاڵپێوه‌نه‌ری گه‌شه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئاوه‌دانی‌و له‌ئاکامدا یاریده‌ده‌ری به‌دیهێنانی یه‌کسانی نێوان پیاوان‌و ژنانه به‌ته‌واوی، به‌هاتنه‌سه‌ر ئه‌وباوه‌ڕه‌ی که ئاوه‌دانبوونه‌وه‌ی ته‌واو و پڕاوپڕی هه‌ر وڵاتێک، خۆشبژیه‌تی جیهان‌و ئامانجی ئاشتی پێویستی به زۆرترین به‌شداری ژنانه له‌هه‌ل‌ومه‌رجی یه‌کساندا له‌گه‌ڵ پیاوان‌و له‌هه‌موو بواره‌کاندا،
به‌وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که ژنان به‌ڕاده‌یه‌کی ئێجگار زۆر یاریده‌ده‌ری خۆشبژیه‌تی بنه‌ماڵه‌و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵن، هه‌رچه‌ند به‌ته‌واویش به‌ڕه‌سمی نه‌ناسراوه، گرینگ‌بوونی کۆمه‌ڵایه‌تی دایکایه‌تی‌و ده‌وری دایک‌و باوک له‌بنه‌ماڵه‌و له‌به‌خێوکردنی مناڵاندا، هه‌روه‌‌ها به‌ئاگاداری له‌وه‌ی که ده‌وری ژنان له‌منداڵبووندا نابێ بکرێته بناغه‌یه‌ک بۆ هه‌ڵاواردن به‌ڵکوو ئه‌وه‌ی که به‌خێوکردنی منداڵ پێویستی به‌دابه‌شکردنی به‌رپرسیارێتی‌یه له‌نێوان پیاوان، ژنان‌و کۆمه‌ڵکادا به‌گشتی، به‌هۆشیاربوون له‌وه‌ی که ئاڵ‌وگۆڕ له ڕۆڵی نه‌ریتی پیاوان‌و هه‌روه‌ها ڕۆڵی ژنان له‌کۆمه‌ڵگا‌و له‌بنه‌ماڵه‌دا بۆگه‌یشتن به یه‌کسانی ته‌واوی ژنان‌و پیاوان پێویسته، شێلگیر له‌به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و سه‌ره‌تایانه‌ی له « به‌یماننامه‌ی له‌ناوبردنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژبه ژنان»دا گونجێندراوه‌و هه‌ر به‌ومه‌به‌سته‌و بۆ په‌سندکردنی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که پێویسته بۆنه‌هێشتنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک‌و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک هه‌ڵبگیرێن، ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ی خواره‌وه ڕێککه‌وتوون:

به‌شی یه‌که‌م
بڕگه‌ی 1
مه‌به‌ستی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌ی ئێستا له ده‌سته‌واژه‌ی «هه‌ڵاواردن دژبه ژنان» به‌مانای هه‌ر چه‌شنه جیاوازیدانان، ده‌رهاویشتن یان دانانی سنووره له‌سه‌ر بناغه‌ی جنس که ئاکامه‌که‌ی و‌ یان مه‌به‌سته‌که‌ی لاوازکردن یان پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی جه‌ختکردن، به‌هره‌مه‌ندبوون یان ئه‌نجامدانیه‌تی له‌لایه‌ن ژنانه‌وه ـ به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ئه‌وه‌ی که هاوسه‌رداره یان نه، له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی ژن‌وپیاو، مافی مرۆڤ‌و ئازادیه بنه‌ڕه‌تیه‌کان له‌بواری سیاسی، ئابووری، فه‌رهه‌نگی، مه‌ده‌نی و یان هه‌ر بوارێکی دیکه‌دا،

بڕگه‌ی 2
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژبه ژنان له‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بێ، مه‌حکووم ده‌که‌ن و یه‌کده‌نگ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌کی گونجاو و به‌بێ وه‌دواخستن سیاسه‌تێک په‌یڕه‌و ده‌که‌ن بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن دژبه‌ژنان‌و بۆ ئه‌م ئامانجه به‌ئه‌رکی خۆیانی داده‌نێن که:
ئا ـ سه‌ره‌تای یه‌کسانی نێوان پیاوان و ژنان له ده‌ستووری وڵاتدا یان له یاساکانی دیکه‌دا به‌پێی پێویست، ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا نه‌کرابێت، بگونجێنن بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگای یاساو به‌هه‌ر شێوه‌یه‌کی دیکه دڵنیایی بدرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م سه‌ره‌تایه به‌کرده‌وه؛
ب ـ په‌سندکردنی یاسای پێویست و هه‌نگاوه‌کانی دیکه و له‌وانه ئه‌گه‌ر پێویست‌بێت سزادان‌و قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک دژ به‌ژنان؛
پ ـ دامه‌زراندنی پارێزگاری یاسایی له مافه‌کانی ژنان له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاواندا و دڵنیاکردن بۆ پاراستنی کاریگه‌رانه‌ی ژنان دژبه هه‌رچه‌شنه کرده‌وه‌یه‌کی هه‌ڵاواردن‌ئامێز به‌هۆی دادگای لێهاتووی سه‌رانسه‌ری وڵات‌و دام‌وده‌زگا گشتیه‌کانی دیکه‌وه؛
ت ـ خۆپاراستن له هه‌ر چه‌شنه ره‌فتارێک یان هه‌نگاوی هه‌ڵاواردن‌ئامێز دژبه ژنان و دڵنیاکردن له‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵات‌و دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تیه‌کان شانبه‌شانی ئه‌م ئه‌رکانه ده‌چنه پێشه‌وه؛
ج ـ هه‌ڵگرتنی هه‌موو هه‌نگاوێکی پێویست بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن دژبه ژنان له‌لایه‌ن هه‌ر تاکه‌که‌س، ڕێکخراوه و یان کۆمپانیایه‌که‌وه بێ؛
چ ـ هه‌ڵگرتنی هه‌موو هه‌نگاوێکی پێویست و له‌وانه دانانی یاسا بۆ گۆڕین یان نه‌هێشتنی ئه‌و یاساو بڕیارو داب‌ونه‌ریتانه‌و یان ئه‌و کرده‌وانه‌ی که هه‌ڵاواردنی دژبه ژنانیان تێدایه؛
ح ـ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو بڕیارێکی سزادان له وڵاتدا که هه‌ڵاواردنی دژبه ژنانیان تێدایه،

بڕگه‌ی 3
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ له‌هه‌موو بواره‌کان، به‌تایبه‌ت بواره سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری‌و فه‌رهه‌نگیه‌کاندا هه‌نگاوی گونجاو، له‌وانه هه‌نگاوی یاسادانه‌رانه هه‌ڵگرن بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی گه‌شه‌ی ته‌واو و پێشکه‌وتنی ژنان به‌مه‌به‌ستی مسۆگه‌رکردنی به‌کارهێنان‌و به‌هره‌مه‌ندبوونیان له مافه‌کانی مرۆڤ‌و ئازادیه بنه‌ڕ‌ه‌تیه‌کان له‌سه‌ر بناغه‌یه‌کی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوان،

بڕگه‌ی 4
-1
هێنانه‌کایه‌ی چاره‌سه‌ری کاتی‌و تایبه‌تی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه بۆ به‌کرده‌وه خێراکردنی یه‌کسانی نێوان پیاوان‌و ژنان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م په‌یماننامه‌یه، نابێ وه‌کوو هه‌ڵاواردنێک بکه‌وێته‌به‌رچاو. هه‌روه‌ها ناشبێت به‌هیچ چه‌شنێک ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌وه‌بێت که له‌گه‌ڵ خۆیدا هێشتنه‌وه‌ی شێوه‌ی جیاوازو نابه‌رابه‌ر به‌دی‌بێنێت؛ ئه‌م هه‌نگاوانه هه‌رکه ئامانجی یه‌کسانی ده‌رفه‌ت‌و ڕه‌فتار به‌دیهات ده‌بێ هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه،
-2
هێنانه‌کایه‌ی چاره‌سه‌ری تایبه‌تی له‌دووتوێی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانی ئه‌ندامه‌وه له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا هاتوون و ئامانجیان به‌رگریکردنه له دایکایه‌تی، نابێ به هه‌نگاو بۆ هه‌ڵاواردن دابنرێن،

بڕگه‌ی 5
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی گونجاو هه‌ڵگرن بۆ:
ئا ـ گۆڕینی ئاکاره کۆمه‌ڵایه‌تی‌و فه‌رهه‌نگیه‌کانی پیاوان‌و ژنان له پێناوی نه‌هێشتنی پێشداوه‌ری و داب‌ونه‌ریت‌و هه‌موو ئه‌و ئاکارانه‌ی که له‌سه‌ر بناغه‌ی نزم‌تێڕوانین‌و یان به به‌رزتێڕوانینی یه‌کێک له جنسه‌کانه‌و یان به‌نموونه‌یی‌کردنی ڕۆڵی ژنان‌و پیاوان دامه‌زراون؛
ب ـ دڵنیابوون له‌وه‌ی که په‌روه‌رده‌ی بنه‌ماڵه تێگه‌یشتنێکی باشتر له دایکایه‌تی ده‌گرێته‌وه‌ که‌ده‌بێته کرده‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و ناسینی به‌رپرساێتی هاوبه‌شی پیاوان‌و ژنان له به‌خێوکردن‌و گه‌شه‌کردنی منداڵه‌کانیان. ئه‌مه‌ش ئه‌و تێگه‌یشتنه دێنێت که به‌رژه‌وه‌ندی منداڵان له هه‌موو بوارێکدا له‌سه‌رووی هه‌موو شته‌یه‌که‌وه ده‌بێت؛

بڕگه‌ی 6
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو، له‌دووتوێی یاسادانان هه‌ڵده‌گرن بۆ له‌ناوبردنی هه‌موو شێوه‌کانی کڕین‌و فرۆشتنی ژنان و هه‌روه‌ها که‌ڵکی ئاوه‌ژوو‌وه‌رگرتن4 له له‌شفرۆشی ژنان،

به‌شی دووهه‌م

بڕگه‌ی 7
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن له‌دژی ژنان له‌ژیانی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاته‌که‌یان هه‌ڵده‌گرن‌و به‌تایبه‌ت ژنان دڵنیاده‌که‌ن له‌وه‌ی که له‌گه‌ڵ پیاواندا مافی یه‌کسانیان ئه‌بێت له:
ئا ـ ده‌نگدان له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کان‌و ڕاپرسیه گشتیه‌کانداو هه‌روه‌ها مافی خۆپاڵاوتنیان ده‌بێت له هه‌موو ئۆرگانه هه‌ڵبژێردراوه‌کاندا؛
ب ـ به‌شداریکردن له گه‌ڵاڵه‌کردنی سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تدا‌و هه‌روه‌ها له جێبه‌جێکردنیاندا، هه‌روه‌ها به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی کاروباری ده‌وڵه‌تی‌و ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌رکێکی ده‌وڵه‌تی له هه‌موو ئاستێکدا؛
پ ـ به‌شداریکردن له ڕێکخراوه نامیریه‌کان و ئه‌و کۆمه‌ڵانه‌ی به خه‌می ژیانی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی وڵاته‌که‌وه‌ن؛

بڕگه‌ی 8
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو هه‌ڵده‌گرن بۆ دڵنیاکردنی ژنان له‌وه‌ی که به‌مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوان‌و به‌بێ هیچ چه‌شنه هه‌ڵاواردنێک ده‌رفه‌تیان ئه‌درێتێ بۆ نوێنه‌رایه‌تیکردنی حکوومه‌ته‌که‌ی خۆیان له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییداو بۆ به‌شداریکردن له کاروباری ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا،

بڕگه‌ی 9
-1
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ مافی یه‌کسان وه‌کوو پیاوان بده‌ن به‌ژنان بۆ وه‌ده‌ستهێنان، گۆڕین‌و یان هێشتنه‌وه‌ی شارۆمه‌ندێتی خۆیان. به تایبه‌ت ئه‌بێ دڵنیابکرێن که نه‌هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ بێگانه‌یه‌ک‌و نه گۆڕینی شارۆمه‌ندێتی له‌لایه‌ن مێرده‌وه له‌کاتی هاوسه‌رێتیدا نابێ شارۆمه‌ندێتی ژنه‌که بگۆرێت، بیکا به‌که‌سێکی بێده‌وڵه‌ت و یان به‌زۆر شارۆمه‌ندێتی مێرده‌که‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.
-2
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ به ‌ڕه‌چاوکردنی شارۆمه‌ندێتی منداڵه‌کانیان، مافی یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوان بۆژنان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن.

به‌شی سێهه‌م

بڕگه‌ی 10
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو بۆ نه‌‌هێشتنی هه‌ڵاواردن له‌دژی ژنان هه‌ڵگرن بۆئه‌وه‌ی دڵنیایان بکه‌ن که مافی یه‌کسانی وه‌ک‌پیاوانیان ده‌درێتێ له‌بواری په‌روه‌رده‌داو به‌تایبه‌ت بۆ دڵنیاییدان به‌وان له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی پیاوان‌و ژنان له‌:
ئا ـ هه‌لومه‌رجی وه‌ک‌یه‌ک بۆفێربوون‌ له‌بواری پسپۆڕێتیدا که ڕێگه‌خۆشکه‌رن بۆ په‌یداکردنی کار، ده‌ستڕاگه‌یشتن به فێربوون‌و وه‌رگرتنی بڕوانامه له دام‌وده‌زگاکانی په‌روه‌رده له‌هه‌موو ئاستێک چ‌له شارو چ‌له‌گونده‌کان؛ ئه‌م یه‌کسانیه ده‌بێت له‌فێرکردنی پێش‌قوتابخانه، خوێندنی گشتی، تێکنیکی، پسپۆڕێتی‌و په‌روه‌رده‌ی پیشه‌سازی باڵاو هه‌روه‌ها له هه‌موو جۆره‌کانی فێرکردنی پسپۆڕانه ده‌سته‌به‌ر بکرێت،
ب ـ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌هه‌مان خولی فێرکردن‌و خوێندن، هه‌مان تاقیکردنه‌وه‌و ده سته‌ی مامۆستایان به‌هه‌مان ئاستی لێوه‌شاوه‌ییه‌وه و جێوشوێنی خوێندنگای وه‌ک‌یه‌ک به‌که‌ره‌سته‌و پێداویستی چوونیه‌ک له‌باری چۆنایه‌تیه‌وه،
پ ـ بنبڕکردنی هه‌رچه‌شنه چه‌مکێکی نموونه‌یی سه‌باره‌ت به ڕۆڵی ژنان و پیاوان له‌هه‌موو ئاستێکداو له‌هه‌موو شێوه‌کانی فێرکردن له‌ڕێگای هاندان بۆ فێربوونی شانبه‌شان و هه‌روه‌ها جۆره‌کانی دیکه‌ی فێرکردن که یارمه‌تیده‌رن بۆ گه‌ێشتن به‌م مه‌به‌سته‌و به‌تایبه‌ت به چاوخشاندنه‌وه به‌سه‌ر ده‌قی کتێبه‌کان‌و به‌رنامه‌ی خوێندنگه‌کان‌و هه‌روه‌ها به‌گونجاندنی شێوازه‌کانی وانه‌گوتنه‌وه (ده‌رسدان)،
ت ـ هه‌بوونی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ که‌ڵک‌وه‌رگرتن له ده‌رماڵه‌ی خوێندکاران و هه‌روه‌ها کۆمه‌کی دیکه‌ی خوێندن،
ج ـ هه‌بوونی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ سوودوه‌رگرتن له به‌رنامه‌کانی درێژه‌دان به‌خوێندن، له‌وانه به‌رنامه‌ی خوێنده‌وارکردنی گه‌وره ساڵان‌و به‌تایبه‌ت ئه‌وده‌رفه‌تانه‌ی ئامانجیان که‌مکردنه‌وه‌ی هه‌رچه‌شنه که‌لێنێکه وا له‌نێوان ژنان‌و پیاواندا به‌دیده‌کرێت، به‌زووترین کاتی گونجاو،
چ ـ که‌مکردنه‌وه‌ی ڕاده‌ی ده‌ستهه‌ڵگرتنی کچانی خوێندکار له‌خوێندن و داڕشتنی به‌رنامه بۆ ئه‌و کچ‌و ژنانه‌ی که پێشوه‌خت خوێندنگه‌یان به‌جێهێشتووه،
ح ـ دابینکردنی ده‌رفه‌تی یه‌کسان بۆ به‌شداری چالاکانه له وه‌رزش‌و ڕاهێنانی جه‌سته‌یی،
خ ـ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌زانیاری له‌سه‌ر ڕاهێنانی تایبه‌ت بۆ یارمه‌تیدان و دڵنیاکردن له‌ته‌ندروستی‌و خۆشبژیه‌تی بنه‌ماڵه‌کان‌و له‌وانه زانیاری‌و ئامۆژگاری سه‌با‌ره‌ت به پلانداڕشتن بۆ منداڵبوون.

بڕگه‌ی 11 ‏ 
-1
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو بۆ نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردن له دژی ژنان له‌بواری دابینکردنی کار ‏هه‌ڵده‌گرن بۆ دڵنیاکردن له هاومافی له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی پیاوان‌و ژنان‌و به‌تایبه‌ت: 
ئا ـ مافی کارکردن وه‌کوو مافێکی بێ ئه‌ملاوئه‌ولای هه‌موو مرۆڤێک؛ ‏ 
ب ـ مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له ده‌رفه‌تی وه‌ک‌یه‌ک له بازاری کاردا، له‌وانه به‌کارهێنانی پێوانه‌ی یه‌کسان ‏له‌هه‌ڵبژاردندا بۆ ده‌ستبه‌کاربوون، ‏ 
پ ـ مافی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌ست بۆ هه‌رچه‌شنه کارو فرمانێک، مافی گه‌شه‌کردن، هێمنایه‌تی له‌سه‌رکارو ‏هه‌موو چه‌شنه ده‌رماڵه‌و هه‌لومه‌رجی خزمه‌تگوزاری‌و مافی به‌شداریکردن له خولی فێرکردنی پیشه‌یی‌و ‏دیسانه‌وه فێرکردنه‌وه و له‌وانه فێربوونی کارو ڕاهێنانی پێشکه‌وتووی کارو فێرکردنی ناوبه‌ناو و به‌دوای یه‌کدا، ‏ 
ت ـ مافی وه‌رگرتنی پاره‌ی یه‌کسان له‌وانه ده‌رماڵه، ڕه‌فتاری یه‌کسان به ڕه‌چاوکردنی ئه‌وکارانه‌ی که هاوسه‌نگن و ‏هه‌روه‌ها ره‌فتاری یه‌کسان له‌کاتی هه‌ڵسه‌نگاندنی چۆنایه‌تی کاره‌که، ‏ 
ج ـ مافی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌تایبه‌ت له‌کاتی خانه‌نشینی، بێکاربوون، نه‌خۆشی، که‌متوانایی و پیری‌و ‏جۆره‌کانی دیکه‌ی ناکارامه‌یی له‌کاردا‌و هه‌روه‌ها مافی پشوو به‌مووچه ‌وه‌رگرتنه‌وه، ‏ 
چ ـ مافی پارێزگاری ته‌ندروستی‌و هێمنایه‌تی له‌هه‌لومه‌رجی کارکردندا و له‌وانه پاراستنی فرمانی ئاسایی ‏منداڵبوون، ‏ 
-2
به‌مه‌به‌ستی پێشگرتن له هه‌ڵاواردنی دژبه ژنان له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوسه‌رێتی یان منداڵبوون‌و بۆئه‌وه‌ی ‏به‌شێوه‌یه‌کی کاریگه‌ر مافی ئه‌وان بۆکارکردن ده‌سته‌به‌ر بکرێت، وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌نگاوی شیاو هه‌ڵگرن بۆ: 
ئا ـ قه‌ده‌غه‌کردن‌و دانانی سزای یاسایی بۆ له‌کارده‌رکردنی ژنان به‌هۆی دووگیانی‌و یان پشوو وه‌رگرتن بۆ منداڵبوون‌و ‏یان هه‌ڵاواردن و ده‌رکردن له‌سه‌ر بناغه‌ی هاوسه‌رێتی، ‏ 
ب ـ دابینکردنی مۆڵه‌ت له‌کاتی منداڵبووندا به‌مووچه‌وه یان به ده‌رماڵه‌ێ کۆمه‌ڵایه‌تی هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌و ‏به‌بێ له‌کیسچوونی کاره‌که‌ی پێشوویان‌و پله‌ی پێشکه‌وتن له‌کاره‌که‌و ده‌رماڵه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی، ‏ 
پ ـ هاندان بۆ دابینکردنی خزمه‌تگوزاری کۆمه‌ڵایه‌تی پێویست بۆ پشتگیری‌و باربده‌دانی دایک‌وباوک به‌مه‌به‌ستی ‏تێکه‌ڵکردنی ئه‌رکه بنه‌ماڵه‌ییه‌کانیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسیارێتی له‌سه‌ر کارو به‌شداری له ژیانی گشتیدا. به‌تایبه‌ت ‏له‌ڕێگای هه‌وڵدان بۆ پێکهێنان‌و گه‌شه‌پێدانی تۆڕێک بۆ دام‌وده‌زگاکانی چاوه‌دێری منداڵان، ‏ 
د ـ دابینکردنی پاراستنی تایبه‌تی بۆژنان له‌کاتی دووگیانیدا له‌سه‌ر ئه‌وکارانه‌ی وا ده‌رکه‌وتووه‌ که زیانبه‌خشن، ‏ 
-3
یاسای پارێزه‌ر سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ی له‌م بڕگه‌یه‌دا هاتوون ده‌بێ ناوبه‌ناو و له‌به‌ر تیشکی زانیاری ته‌کنیکی‌و ‏زانستیانه‌دا پێداچوونه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکرێت‌و به‌گوێره‌ی پێویست هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه و یان په‌ره‌یان‌پێبدرێت، ‏ 
 
بڕگه‌ی 12 ‏ 
-1
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی پێویست هه‌ڵگرن بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن دژبه ژنان له‌بواری ‏ته‌ندروستی‌و چاوه‌دێریدا. ئه‌مه‌ش به‌و مه‌به‌سته‌ی دڵنیابن که له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی نێوان ژنان‌و پیاوان ‏ده‌ستیان ڕابگات به خزمه‌تگوزاریه‌کانی ته‌ندروستی و چاوه‌دێری‌و له‌وانه ئه‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ی که په‌یوه‌ستن به ‏پلانداڕشتنی منداڵبوونه‌وه، ‏ 
-2
به‌بێ پێشگرتن له ئه‌رکه‌کانی به‌شی یه‌که‌می ئه‌م بڕگه‌یه وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ خزمه‌تگوزاری شایسته ‏له‌کاتی دووگیانی، منداڵبوون‌و ماوه‌ێ پاش منداڵبوونیشدا بۆ ژنان ده‌سته‌به‌ربکه‌ن‌و به‌پێی پێویست خزمه‌تکاری ‏به‌خۆڕایی‌و هه‌روه‌ها خوارده‌مه‌نیش له‌کاتی دووگیانی‌و شیرداندا بۆیان دابینبکه‌ن، ‏ 
 
بڕگه‌ی 13 ‏ 
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی پێویست هه‌ڵبگرن بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن دژبه ژنان له‌بواره‌کانی دیکه‌ی ‏ژیانی ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیدا به‌مه‌به‌ستی دابینکردنی مافی وه‌ک‌به‌ک له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی نێوان ژنان‌و ‏پیاوان به‌تایبه‌تی: 
ئا ـ مافی وه‌رگرتنی ده‌رماڵه‌ێ خێزان، ‏ 
ب ـ مافی وه‌رگرتنی وام له‌بانک، بارمته‌دانان‌و شێوه‌کانی دیکه‌ی متمانه‌ی دارایی، 
پ ـ مافی به‌شداریکردن له چالاکی بۆ شادڕاگرتنی له‌ش، وه‌ڕزش‌و هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی فه‌رهه‌نگی، ‏ 
 
بڕگه‌ی 14 ‏ 
-1
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ ئه‌و گیروگرفته تایبه‌تیانه‌ بده‌نه‌به‌ر سه‌رنج که ژنانی لادێ له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕوون‌و ئه‌و ده‌وره ‏گرینگه‌ی ئه‌م ژنانه ده‌یگێڕن له‌درێژه‌پێدان به ژیانی ئابووری بنه‌ماڵه‌و له‌دووتوێی کاری بێ‌قه‌ره‌بوودا ده‌بێ هه‌موو ‏هه‌نگاوێکی شیاو هه‌ڵبگیرێت بۆ دڵنیابوون له به‌کارهێنانی بڕیاره‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه بۆ ژنانی لادێ، ‏ 
-2
وڵاتانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی شیاو هه‌ڵگرن بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن له‌دژی ژنانی لادێ به‌و ‏مه‌به‌سته‌ی دڵنیابن که له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی نێوان پیاوان‌و ژنان، به‌شداری ده‌که‌ن‌و که‌ڵک له گه‌شه‌کردنی ‏لادێکان وه‌رده‌گرن به‌تایبه‌ت ده‌بێ دڵنیابن له‌وه‌ی که‌ئه‌م ژنانه مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه که‌‏: 
ئا ـ به‌شداری‌بکه‌ن له‌داڕشتن‌و جێبه‌جێکردنی گه‌ڵاڵه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه له هه‌موو ئاستێکدا، ‏ 
ب ـ ده‌ستیان ڕابگات به‌داموده‌زگاکانی سه‌رپه‌رشتی ته‌ندروستی به تێروته‌سه‌لی و له‌وانه زانیاری، ڕاوێژگاری‌و ‏خزمه‌تگوزاری له پلانداڕشتنی منداڵبووندا، 
پ ـ راسته‌وخۆ که‌ڵکوه‌ربگرن له به‌رنامه‌کانی دابینکردنی کۆمه‌ڵایه‌تی، 
ت ـ به‌ده‌ستهێنانی هه‌موو چه‌شنه فێرکاری‌و په‌روه‌رده، ڕه‌سمی یان ناڕه‌سمی‌و له‌وانه ئه‌وبه‌شه‌ی په‌یوه‌سته ‏به‌فێرکردنی خوێندن‌و نووسین‌و هه‌روه‌ها سوود وه‌رگرتن له هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌کانی کۆمه‌‌ڵگاو هه‌ڵسووڕانی ‏ڕاوێژکارانه به‌مه‌به‌ستی زیادکردنی شایسته‌یی ته‌کنیکی خۆیان، 
ج ـ ڕێکخستنی ده‌سته‌و تاقمی خۆیارمه‌تیده‌ر و کۆڕه هه‌ره‌وه‌زیه‌کان به‌مه‌به‌ستی ده‌ستڕاگه‌یشتنی یه‌کسان ‏به‌سه‌رچاوه ئابووریه‌کان له‌ڕێگای دامه‌زران له‌سه‌ر کار، یان خۆدامه‌زراندنه‌وه، ‏ 
چ ـ به‌شداریکردن له هه‌موو چالاکیه‌کانی کۆمه‌ڵگادا، ‏ 
ح ـ سوود وه‌رگرتن له وام‌و متمانه‌ی دارایی کشت‌وکاڵی، ئاسانکاریه‌کانی بازاڕپه‌یداکردن، ته‌کنۆلۆژی له‌بارو ‏هه‌روه‌‌ها ڕه‌فتاری یه‌کسان، چاکسازی زه‌ویوزار و دابه‌شکردنی زه‌وی کشتوکاڵ‌و هه‌روه‌ها له گه‌ڵاله‌کانی کێڵاندنی ‏سه‌رله‌نوێی زه‌وی، ‏ 
خ ـ به‌هره‌مه‌ندبوونی تێروته‌سه‌ل له مه‌رجه‌کانی ژیان، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌سته به خانووبه‌ره، پاکووخاوێنی، ‏ئاوو کاره‌با، هاتوچوو و په‌یوه‌ندیه‌کان، ‏ 
 
به‌شی چواره‌م ‏ 
 
بڕگه‌ی 15 ‏ 
-1
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌بێ ژنان له‌به‌رامبه‌ر یاسادا یه‌کسان له‌گه‌ڵ پیاوان دابنێن، 
-2
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌بێ له‌بابه‌ته مه‌ده‌نیه‌کاندا هاوتا له‌گه‌ڵ پیاوان تواناکاریه‌ یاساییه‌کان بۆژنان دابینبکه‌ن و ‏هه‌مان هه‌لومه‌رجیان بۆ بخولقێنن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن که‌ڵک له‌و تواناکاریانه وه‌ربگرن. به‌تایبه‌ت ده‌بێ مافی یه‌کسان ‏به‌ژنان بدرێت بۆ به‌ستنی ڕێکه‌وتننامه و بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ‌وسامان و هه‌روه‌ها ده‌بێ له‌گه‌ڵ ژنان له هه‌موو ‏قۆناخه‌کان‌و کاروباری دادگاکان‌و مه‌حکه‌مه‌کاندا به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان ڕه‌فتاربکرێت، ‏ 
-3
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌یسه‌لمێنن که هه‌موو ڕێکه‌وتننامه‌کان‌و هه‌ر به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی دیکه‌ی تایبه‌ت به تاکه‌که‌س ‏له‌هه‌ر چه‌شنێک که لایه‌نی یاساییان هه‌یه‌و بۆ سنووردارکردنی تواناییه یاساییه‌کانی ژنان ئاراسته‌کراون، ده‌بێ ‏به‌ته‌واوی هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه، ‏ 
-4
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌بێ مافی یه‌کسان بده‌ن به‌پیاوان‌و ژنان له‌و بواره یاساییانه‌دا که ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ‏هاتوچووی که‌سه‌کان‌و ئازادی هه‌ڵبژاردنی خانوو و شوێنی ژیان، ‏ 
 
بڕگه‌ی 16 ‏ 
-1
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ده‌بێ هه‌موو هه‌نگاوێکی پێویست هه‌ڵگرن بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن له‌دژی ژنان له‌هه‌موو ‏بابه‌تێکدا که په‌یوه‌ندی به هاوسه‌رێتی‌و بنه‌ماڵه‌وه هه‌یه، به‌تایبه‌ت ده‌بێ له‌سه‌ر بناغه‌ی یه‌کسانی نێوان پیاوان‌و ‏ژنان دڵنیابکرێن له: 
ئا ـ مافی وه‌ک‌یه‌ک بۆ پێکه‌وه‌نانی ئازادانه‌ی ژیانی هاوسه‌رێتی، ‏ 
ب ـ مافی وه‌ک‌یه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر و مافی ئه‌وه‌ی ته‌نیا له‌سه‌ر خواستی ئازادانه‌‌و ته‌واوی خۆیان بچنه‌ناو ‏ژیانی هاوسه‌رێتیه‌وه، ‏ 
پ ـ ماف‌و ئه‌رکه‌کانی وه‌ک‌یه‌ک له‌کاتی ژیانی هاوسه‌رێتی‌و هه‌روه‌ها له‌کاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یدا، ‏ 
ت ـ ماف‌و ئه‌رکه‌کانی وه‌ک‌یه‌ک بۆ دایک‌وباوک به‌بێ ڕه‌چاوکردنی ئاستی په‌یوه‌ندی هاوسه‌رێتی له‌و بابه‌تانه‌دا که ‏ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر منداڵه‌کانیان، له‌هه‌موو کاتێکدا ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی منداڵان له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێکه‌وه‌بێت. 
ج ـ مافی وه‌ک‌یه‌ک بۆ بڕیاردانی ئازادانه‌و به‌رپرسانه له‌سه‌ر ژماره‌ی منداڵ‌و ماوه‌ی نێوان له‌دایکبوونیان‌و ‏ده‌ستڕاگه‌یشتن به زانیاری، په‌روه‌رده‌و ئامرازی پێویست بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌م مافانه‌ی خۆیان جێبه‌جێ‌بکه‌ن، ‏ 
چ ـ ماف‌و ئه‌رکه‌کانی وه‌ک‌یه‌ک سه‌باره‌ت به به‌خێوکردن، سه‌رپه‌رشتیکردن‌و چاوه‌دێری منداڵان‌و منداڵی ‏به‌خۆوه‌گیراو و یان شتی‌‌دیکه‌ی له‌م چه‌شنه ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌م چه‌مکانه هه‌بێت‌و یاسای وڵات بیانگرێته‌وه، له‌هه‌موو ‏کاتێکدا ده‌بێ به‌رژه‌وه‌ندی منداڵان له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێکه‌وه‌بێت. 
ح ـ مافی تاکه‌که‌سی وه‌ک‌یه‌ک بۆ ژن‌ومێرد‌و له‌وانه مافی هه‌ڵبژاردنی ناوی بنه‌ماڵه، کارو پیشه، ‏ 
خ ـ مافی یه‌کسان بۆ هه‌ردووک هاوسه‌ر سه‌باره‌ت به خاوه‌ندارێتی، وه‌ده‌ستهێنان، به‌ڕێوه‌بردن، ڕاپه‌ڕاندن، ‏له‌به‌رده‌ستدابوون‌و که‌ڵکوه‌رگرتن له مڵک‌وسامان چ به‌خۆڕایی بێت و یان پاره‌ی تێبچێت، ‏ 
-2
ده‌ستنیشانکردن‌و ماره‌کردنی منداڵ نابێ هیچ چه‌شنه کاریگه‌رێتی یاسایی هه‌بێ و هه‌موو کارێکی پێویست‌و ‏له‌وانه هه‌نگاوی یاسایی ده‌بێ بۆدیاریکردنی لانی که‌می ته‌مه‌نی هاوسه‌رێتی‌و ئه‌وه‌ی که هاوسه‌رێتی ده‌بێ ‏له‌تۆمارگه‌یه‌کی ره‌سمیدا تۆماربکرێت، هه‌لبگیرێت، ‏ 
 
به‌شی پێنجه‌م ‏ 
 
بڕگه‌ی 17 ‏ 
-1
به‌مه‌به‌ستی تاوتوێکردنی ڕه‌وتی جێبه‌جێکردن‌و چوونه‌پێشی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ده‌بێ کۆمیته‌ی بنبڕکردنی ‏هه‌ڵاواردن دژبه‌ژنان (که له‌مه‌ودوا به کۆمیته ناوده‌برێت) پێکبێت. کۆمیته له‌کاتی وه‌گه‌ڕکه‌وتنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا ‏بریتی‌ده‌بێت له 18 شاره‌زا‌و پاش په‌سه‌ندکران‌و یان په‌یوه‌ست‌بوونی وڵاتی سی‌وپێنجه‌م، ده‌بنه 23 شاره‌زا که ‏له‌باری ڕه‌فتاره‌وه خۆشناون‌و خاوه‌نی لێهاتوویی زۆرن له‌بواره‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا. شاره‌زاکان له‌لایه‌ن ‏ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامه‌وه له‌نێو خه‌ڵکی وڵاتدا هه‌ڵده‌بژێردرێن‌و به‌پێی توانایی تاکه‌که‌سی خۆیان خزمه‌ت‌ده‌که‌ن. له‌م ‏هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه ڕه‌چاوده‌کرێت که له‌باری جوگرافیه‌وه دادوه‌رانه دابه‌شکرابێت‌و له‌باری شێوه جیاوازه‌کانی ‏شارستانیه‌ت‌و هه‌روه‌ها سیسته‌مه یاسایه سه‌ره‌کیه‌کانه‌وه نوێنه‌رایه‌تی‌بکرێن، ‏ 
-2
ئه‌ندامانی کۆمیته به‌شێوه‌ی ده‌نگدانی نهێنی له لیستی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامه‌وه ‏ده‌ستنیشانکراون، هه‌ڵده‌بژێردرێن، 
-3
یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردن شه‌ش‌مانگ پاش وه‌گه‌ڕکه‌وتنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ڕێکده‌خرێت. لانی‌که‌م سێ‌مانگ پێش ‏ڕۆژی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێک سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان نامه‌یه‌ک ئاراسته‌ی وڵاتانی به‌شدارده‌کات‌و داوایان ‏لێده‌کات له‌ماوه‌ی دوو مانگدا پاڵێوراوانی خۆیان بناسێنن، 
-4
هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی کۆمیته له یه‌که‌مین کۆبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامدا به بانگهێشتنی سکرتێری گشتی ‏له ناوه‌ندی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌و کۆبوونه‌وه‌دا که‌لانی‌که‌م ده‌بێ دوو له‌سێی ئه‌ندامان ‏به‌شدارییان تێداکردبێت، ئه‌وکه‌سانه له‌ناو پاڵێوراواندا هه‌لده‌بژێردرێن که زۆرترین ده‌نگیان هێنابێت‌و هه‌ره‌ها زۆربه‌ی ‏ڕه‌های نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له کۆبوونه‌وه‌که‌دا ده‌نگیان پێبده‌ن، 
-5
ئه‌ندامانی کۆمیته بۆماوه‌ی چوارساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێن، به‌ڵام خولی هه‌ڵبژاردنی نۆ ئه‌ندامی هه‌ڵبژێردراو له ‏یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردندا له کۆتایی دووساڵدا ته‌واوده‌بێت. ده‌ستبه‌جێ دوابه‌دوای یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردن ناوه‌کانی ئه‌م ‏نۆئه‌ندامه له‌لایه‌ن سه‌رۆکی کۆمیته‌وه به‌شێوه‌ی پشک‌هاویشتن ده‌ستنیشان ده‌کرێن، 
-6
هه‌ڵبژاردنی پێنج ئه‌ندامی دیکه‌ی کۆمیته به‌پێی بڕیاره‌کانی خاڵه‌کانی ‏2و 3و 4ی ئه‌م بڕگه‌یه‌و به‌دوای ‏په‌سه‌ندکران‌و یان په‌یوه‌ست‌بوونی وڵاتی سی‌وپێنجه‌مدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. خولی هه‌ڵبژاردنی دووکه‌س له‌و ‏ئه‌ندامانه‌ی له‌م کۆبوونه‌وه‌دا هه‌ڵبژێردراون پاش دووساڵ کۆتایی پێدێت. ناوه‌کانی ئه‌م دوو ئه‌ندامه له‌لایه‌ن ‏سه‌رۆکی کۆمیته‌وه به شێوه‌ی پشک‌هاویشتن ده‌ستنیشان‌ده‌کرێن، ‏ 
-7
بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌وشوێنانه‌ی که‌خاڵی ده‌بنه‌وه، ئه‌و ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامه‌ی که شاره‌زاکه‌ی ئیتر وه‌کوو ئه‌ندامی ‏کۆمیته هه‌ڵسووڕانی نامێنێت، شاره‌زایه‌کی دیکه له‌خه‌ڵکی وڵاته‌که‌ی دیاریده‌کات که ده‌بێ له‌لایه‌ن کۆمیته‌وه ‏په‌سند بکرێت، ‏ 
-8
ئه‌ندامانی کۆمیته به‌ڕه‌زامه‌ندی کۆڕی گشتی‌(نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان) له سه‌رچاوه‌ی دارایی نه‌ته‌وه ‏یه‌کگرتووه‌کان و به‌پێی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی که کۆڕ دیاریده‌کات‌و هه‌روه‌‌ها به ڕه‌چاوکردنی گرینگی ‏به‌رپرسیاره‌تیه‌کانی کۆمیته، بڕی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان‌ده‌کرێت، ‏ 
-9
سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، کارمه‌ندو ئاسانکاری پێویست بۆ به‌ڕێوه‌چوونی کارای ئه‌رکه‌کانی ‏کۆمیته به‌پێی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ئاماده‌ده‌کات، ‏ 
 
بڕگه‌ی 18 ‏ 
-1
ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام ئه‌وه وه‌ئه‌ستۆی خۆده‌گرن که به‌مه‌به‌ستی به‌راوردکردنی کۆمیته، ڕاپۆرتی هه‌نگاوه‌کانی ‏یاسایی، دادوه‌ری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌و هیتر که بۆوه‌گه‌ڕخستنی بڕیاره‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه په‌سندکراون‌و هه‌روه‌ها ‏پێشکه‌وتنه‌کان له‌و بوارانه‌دا، پێشکه‌شی سکرتێری گشتی بکه‌ن: 
ئا ـ له‌ماوه‌ی ساڵێکدا دوای بره‌وپه‌یداکردنی بۆ ده‌وڵه‌تی دیاریکراو، ‏ 
ب ـ دوای ئه‌وه لانی که‌م هه‌رچوارساڵ جارێک‌و یان هه‌رکات کۆمیته داوای بکات، 
-2
ڕاپۆڕته‌کان له‌وانه‌یه ئه‌و هۆکار و گیروگرفتانه ده‌ستنیشان‌بکه‌ن که له‌سه‌ر چۆنیه‌تی جێبه‌جێبوونی ‏به‌ڵێنییه‌کانی ئه‌م په‌یماننامه‌یه کاریگه‌ر ده‌بن، 
 
بڕگه‌ی 19 ‏ 
-1
کۆمیته بۆخۆی پێڕه‌وی ناوخۆ بۆ ڕاپه‌ڕاندنی کاره‌کانی په‌سند ده‌کات، 
-2
کۆمیته به‌رپرسانی خۆی بۆ ماوه‌ی دووساڵ هه‌ڵده‌بژێردرێت، ‏ 
 
بڕگه‌ی 20 ‏ 
-1
کۆمیته به‌شێوه‌ی ئاسایی هه‌موو ساڵێک بۆماوه‌ی که‌متر له دووهه‌فته کۆده‌بێته‌وه به مه‌به‌ستی به‌راوردکردنی ‏ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی که به‌پێی بڕگه‌ی 18ی ئه‌م په‌یماننامه‌یه پێشکه‌شکراون. 
-2
کۆبوونه‌وه‌کانی ئه‌م کۆمیته‌یه به‌شێوه‌ی ئاسایی له‌ناوه‌ندی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان‌و یان له‌هه‌ر شوێنێکی ‏له‌باری‌تر که له‌لایه‌ن کۆمیته‌وه بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، به‌ڕێوه‌ده‌چن، ‏ 
 
بڕگه‌ی 21 ‏ 
-1
کۆمیته له‌ڕێگای ئه‌نجومه‌نی ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه هه‌موو ساڵێک له‌سه‌ر چالاکیه‌کانی خۆی ڕاپۆرتێک ‏پێشکه‌ش به‌کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌کات که‌ڕه‌نگه پێشنیارو ڕاسپێریه گشتیه‌کانی له‌سه‌ر بناغه‌ی ‏تاقیکردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌کان‌و ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامه‌وه به‌ده‌ستیان گه‌یشتووه بخاته به‌رده‌میان. ئه‌م ‏پێشنیارو ڕاسپێریه گشتیانه له‌گه‌ڵ هه‌ر لێکدانه‌وه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام، ئه‌گه‌ر هه‌یان‌بێ، له ڕاپۆرته‌که‌ی ‏کۆمیته‌دا ئه‌گونجێندرێت. 
-2
سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ڕاپۆرته‌کانی کۆمیته‌ بۆ ئاگاداری ئه‌گه‌یه‌نێته ده‌ستی کۆمیسیۆنی پایه‌ی ‏ژنان. 
 
بڕگه‌ی 22 ‏ 
دامه‌زراوه پسپۆریه‌کان ئه‌ومافه‌یان ده‌بێت که به‌هۆی نوێنه‌رانیانه‌وه له تاوتوێکردنی به‌ڕێوه‌چوونی بڕیاره‌کانی ئه‌م ‏په‌یماننامه که ده‌که‌وێته قه‌ڵه‌مڕه‌وی چالاکی ئه‌وانه‌وه به‌شداری‌بکه‌ن. کۆمیته له‌وانه‌یه بانگهێشتنی ئه‌م دامه‌زراوه ‏پسپۆڕیانه بکات که ڕاپۆرتی خۆیان سه‌باره‌ت به جێبه‌جێکردنی په‌یماننامه له‌و بوارانه‌دا که ده‌که‌وێته قه‌ڵه‌مڕه‌وی ‏چالاکی ئه‌وانه‌وه پێشکه‌ش بکه‌ن. 
 
به‌شی شه‌شه‌م ‏ 
 
بڕگه‌ی 23 ‏ 
هیچ شتێکی ئه‌م په‌یماننامه‌یه کاردانه‌وه‌ی نابێت له‌سه‌ر هه‌رچه‌شنه بڕیارێک که به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو یه‌کسانی ‏نێوان ژنان‌و پیاوان به‌ره‌و پێش ده‌بات‌و له‌وانه‌یه له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا خۆیان بنوێنن: 
ئا – له‌دانانی یاسای وڵاتێکی ئه‌ندامدا، یان ‏ 
ب – له هه‌ر په‌یماننامه، به‌ڵێننامه‌و یان ڕێککه‌وتننامه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی دیکه‌دا که له‌و وڵاتانه به‌ڕێوه‌ده‌چن. 
 
بڕگه‌ی 24 ‏ 
وڵاتانی ئه‌ندام هه‌ڵگرتنی هه‌موو هه‌نگاوی پێویست له ئاستی نه‌ته‌وه‌ییدا وه‌ئه‌ستۆده‌گرن به‌ئامانجی گه‌یشتن ‏به‌جێبه‌جێبوونی ته‌واوه‌تی ئه‌ومافانه‌ی له‌م په‌یماننامه‌یه‌دا به‌ڕ‌‌سمی ناسراون. 
 
بڕگه‌ی 25 ‏ 
-1
ئه‌م په‌یماننامه بۆ مۆرکردن له‌لایه‌ن هه‌موو وڵاتانه‌وه کراوه‌ئه‌بێ. 
-2
سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان وه‌کوو به‌ئامانه‌تهه‌ڵگری ئه‌م په‌یماننامه‌یه دیاریده‌کرێت، 
-3
ئه‌م په‌یماننامه‌یه ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی په‌سندبکرێت. به‌ڵگه‌نامه‌کانی له‌مه‌ڕ په‌سندکردنی یاسایی ‏له‌لای سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌مان هه‌ڵده‌گیرێن. 
-4
ئه‌م په‌یماننامه‌یه ده‌بێ بۆ په‌یوه‌ست‌بوونی هه‌موو وڵاتان ئاوه‌ڵابێت. په‌یوه‌ست‌بوون ئه‌وکاته به‌ئه‌نجامده‌گات که ‏به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کی په‌یوه‌ست‌بوون له‌لای سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دابنرێت. 
 
بڕگه‌ی 26 ‏ 
-1
هه‌رکام له ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام بۆیان هه‌یه هه‌رکاتێک بیانه‌وێت داوای پێداچوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌یماننامه‌یه بکه‌ن‌و ‏بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت به‌نووسین داواکه پێشکه‌شی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بکه‌ن. 
-2
کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌گه‌ر به‌پێویست بزانرێت، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه ده‌دات که به‌گوێره‌ی ‏وه‌ها داواکاریه‌ک ده‌بێ هه‌ڵبگیرێن. 
 
بڕگه‌ی 27 ‏ 
-1
ئه‌م په‌یماننامه له 30یه‌مین ڕۆژی دوای ئه‌وه‌ی که بیسته‌مین به‌ڵگه‌نامه‌ی په‌یوه‌ست‌بوون یان په‌سندکردنی ‏یاسایی له‌لای سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دانرا، بره‌و په‌یداده‌کات. 
-2
بۆهه‌ر ده‌وڵه‌تێک که‌ئه‌م په‌یماننامه‌یه په‌سندبکات یان پێی په‌یوه‌ست‌بێت، پاش دانانی بیسته‌مین به‌ڵگه‌نامه‌ی ‏په‌سندکردن یان په‌یوه‌ست‌بوون، په‌یماننامه‌که له 30یه‌مین ڕۆژی پاش دانانی به‌ڵگه‌نامه‌که‌ی خۆی له‌سه‌ر ‏په‌یوه‌ست‌بوون یان په‌سندکردن، بره‌و په‌یداده‌کات. 
 
بڕگه‌ی 2‏8 
-1
سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌قی پارێزنامه‌ی هه‌ر ده‌وڵه‌تێک که له‌کاتی په‌یوه‌ست‌بوون یان ‏په‌سندکردندا دایانناوه، وه‌رده‌گرێت‌و به ناو هه‌موو ده‌وڵه‌تاندا بڵاوی ده‌کاته‌وه. 
-2
پارێزنامه‌یه‌ک که له‌گه‌ڵ ئامانج‌و مه‌به‌ستی ئه‌م په‌یماننامه‌یه ناکۆک‌بێت، وه‌رناگیرێت، ‏ 
-3
پارێزنامه‌کان بۆیان هه‌یه هه‌رده‌م به‌نووسینی نامه‌بۆ سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌ربه‌م مه‌به‌سته ‏وه‌ربگیرێنه‌وه که‌ئه‌ویش دواتر هه‌موو ده‌وڵه‌تان ئاگادارده‌کاته‌وه. نامه‌یه‌کی وا هه‌رله‌و ڕۆژه‌دا که‌وه‌رده‌گیرێت، ‏بره‌وی‌هه‌یه. 
 
بڕگه‌ی 29 ‏ 
-1
هه‌رچه‌شنه ناکۆکییه‌ک له‌نێوان دوو یان چه‌ند ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامدا سه‌باره‌ت به‌لێکدانه‌وه یان به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ‏په‌یماننامه‌، ئه‌گه‌ر له‌ناوخۆیاندا نه‌کرێت له‌ڕێگای گفتوگۆوه جێبه‌جێی‌بکه‌ن، له‌سه‌ر داوای یه‌کێک له‌لایه‌نه‌کان ‏ده‌درێت به‌دادوه‌ری. ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگ پاش پێشکه‌شکردنی داوای دادوه‌ری لایه‌نه‌کان نه‌توانن له‌سه‌ر ‏ڕێکخستنی دادوه‌ریه‌که ڕێکبکه‌ون، هه‌رکام له‌و لایه‌نانه بۆیان هه‌یه کێشه‌که‌ ببنه‌نه لای دیوانی دادوه‌ری ‏نێونه‌ته‌وه‌یی به‌داخوازییه‌ک که له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌و دیوانه‌دا بگونجێت، ‏ 
-2
هه‌رده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندام بۆی هه‌یه له‌کاتی مۆرکردن یان په‌سندکردنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا‌و یان په‌یوه‌ست‌بووونی ‏ڕابگه‌یه‌نێت که نیازی نیه خۆی پابه‌ند بکات به به‌ندی یه‌که‌می ئه‌م بڕگه‌وه. ده‌وڵه‌تانی دیکه‌ی ئه‌ندام بۆیان هه‌یه ‏له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێکدا که خۆی به‌م چه‌شنه پاراستووه، پابه‌ند نه‌بن به‌به‌ندی یه‌که‌می ئه‌م بڕگه‌یه‌وه. 
-3
هه‌رده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندام که خۆی له‌به‌ندی 2ی ئه‌م بڕگه‌یه پاراستووه، بۆی هه‌یه هه‌رکاتێک بیهه‌وێت به‌نووسین ‏بۆ سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌م پابه‌ند نه‌بوونه‌ی خۆی وه‌ربگرێته‌وه. 
 
بڕگه‌ی 30 ‏ 
ئه‌م په‌یماننامه‌یه، که ده‌قی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بی، چینی، ئینگلیزی، فه‌رانسه، رووسی‌و سپانیاییه‌که‌شی هه‌ر به‌و ‏ئه‌ندازه‌یه جێگای متمانه‌ن، له‌لای سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌ڵده‌گیرێت