Saturday, February 25, 2017

پاڕڵمانی سوێد ، گەنگەشە سەبارەت بە پرسیاری یووناس شوێستێد لە وەزیری دەرەوە مارگوت واڵسترێوم سەبارەت بە ڕاوەدوونانی ئۆپۆزیسیۆن لە لە لایەن دەوڵەتی تورکییەوە.




 پاڕڵمانی سوێد ، گەنگەشە سەبارەت بە پرسیاری یووناس شوێستێد لە وەزیری دەرەوە مارگوت واڵسترێوم
سەبارەت بە ڕاوەدوونانی ئۆپۆزیسیۆن لە لە لایەن دەوڵەتی تورکییەوە.
دانی بەیانی جومعە ١٧ – ی  فێڤرییەی ٢٠١٧
سەرۆکی مەجلیس: ئێستا نۆرەی پرسیاری پارڵمانیی ژمارە ٢٢٧یە ، کە لە لایەن یووناس شوێستێد لە پارتیی چەپەوە کراوە سەبارەت بە ڕاوەدوونان و چەوساندنەوەی ئۆپۆزیسیۆن لە لایەن حکوومەتی تورکییەوە. فەرموو بۆ ووڵام دانەوە وەزیری دەرەوە!
مارگوت واڵستڕیوم: بەیانیتان باش، بەڕێز سەرۆکی پارڵمان و نوێنەرانی بەڕێزی پارڵمان. یووناس شوێستێد پرسیاری لە من کردووە داخودا پێوەم دەستپێشخەری بکەم بۆ ئەوەی حکوومەتی سوێد کاردانەوە نیشان بدا سەبارەت بەو ڕەفتارەی لەگەڵ دوو سەرۆکی هەدەپە کراوە و داخودا ئێمە حەول دەدەین یەکێتیی ئوڕووپاش کاردانەوە نیشان بدا سەبارەت بەو شێوە جووڵانەوەیەی حکوومەتی تورکییە لەگەڵ دەمیرتاش و یوکسەکداغ؟ ئەمن بە تەواوی لەگەڵ نیگەرانییەکانی پێشکێشکاری ئەو پرسیارە نووسراوەم لەمەر ناخۆشتر بوونی بار و دۆخی تورکییە، لە لە سەر کار دەرکردنی بە کۆمەڵەوە بگرە تا دەگاتە گرتنی بە کۆمەڵ ، بەرتەنگ کردنی ئازادیی مێدیا، پێشنیاز بۆ گۆڕینی قانوونی بنچینەیی کە ئەگەر ئەوە بکرێ دەوری پارڵمان لاواز دەکرێ. ئەو جۆرە گرتن و داوای سزا کردنە بۆ ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی کە ئێمە لە دوای حەولی کودەتای هاوینی ساڵی ٢٠١٦ شاهیدیانین دیارە سیستمی دێمۆکڕاتیک پێشێل و بێکەلک دەکا. هەنگاوی ئەوتۆ کە پای پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلانیشی گرتووەتەوە خەتەری ئەوەی هەیە ببێتە هۆی جەمسەربەندی زیاتری فەزای سیاسی کە هەر ئێستا گرژە و ئەوەش دەبێتە هۆی بارگرژی زیاتر لە نێوان گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دا. ئەو سزا بێ سنوورانەی بۆ ئەو دوو ڕێبەرەی پارتیی هەدەپە داوا کراوە ، هەتا بلێی جێی نیگەرانییە ، ئەو هەنگاوانەی کە بە دژی ڕێبەران و نوێنەرەکانی هەدەپە هەڵهێندراونەتەوە و هێرش بۆ سەر ئافیسەکانی پارتییەکەیان کە زۆر لە مێژە دەستی پێکردووە دیارە جێی نیگەرانییە . ڕێبەرانی هەدەپە و نوێنەرانی دیکەی ئەو پارتییە کە لە هەڵبژاردنی دێمۆکڕاتیک دا هەڵبژێردراون دەبێ هەرچی زووتر بەر بدرێن بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکی پارڵمانیەتی خۆیان بەجێ بهێنن و یارمەتی بکەن بۆ ساز کردنی زەمینەی گەنگەشەیەکی باش بەر لەو ڕێفراندۆمەی کە بڕیار وایە بەو زووانە ئەنجام بدرێ. حکوومەتی سوێد لێبڕاوە بەردەوام بێ لە سەر هێنانە گۆرێ ئەوانە لەگەڵ حکوومەتی تورکییە چ لە پێوەندی و تێکەڵی دوولایەنە دا و چ بە ڕێگای یەکێتیی ئوڕووپا دا. ئێمە پشتیوانی دەکەین لە پەیامی ئاشکرای نوێنەری بەرزی ئوڕووپا بۆ کارو باری دەرەوە مۆگێرینی و کۆمیسر هانس لەو بارەیەوە. ئێمە هەر وەها درێژە دەدەین بە حەولی خۆمان بۆ ئەوەی ئەو باباتانە سەرەتی هەرە زۆریان پێ بدرێ لە ڕۆژەڤی سیاسی نێوان یەکێتیی ئوڕووپا و تورکییە دا!
سەرۆکی پارڵمان: ئێستا نۆرەی قسەی پێشکێشکاری پرسیارەکە یووناس شوێستێدە لە پارتیی چەپەوە!

یووناس شوێستێد: سپاس و بەیانیت باش ڕێزدار سەرۆک! سپاس وەزیری دەرەوە واڵسترێوم بۆ ووڵامەکەت. ئەمن پێم وایە بە تایبەتی گرینگە کە وەزیری کار و باری دەرەوە ئاوا بە ڕوونی و ڕاشکاوی هەڵوێست دەردبڕێ لەمەر ئەوەی کە سوێد داوا دەکا هەرچی زووتر ڕێبەرانی هەدەپە بەر بدرێن. ئەمن پێم وایە ئەوە بڕیارێکی گرینگە، ئەوە بڕیارێکی پۆزیتیڤە و ئەوە بڕیارەکە ڕاستەو ڕاست بە گوێی حکوومەتی تورکییە دا دەدرێ. ئێستا ڕێبەرایەتی هەدەپە لە زیندان دان و جگە لەوان ڕەنگە لە نێوا ن ٤٠٠٠ هەزار تا ٥٠٠٠ ئەندامی دیکەی هەدەپەش کە زۆریان بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون ، شارەدار، نوێنەرانی پارڵمان لە زیندان دان و تەنیا سووچی ئەوان و ئەو تاوانەی کە وەپاڵیان دەدرێ ئەوەیە ئەوان بیروڕای سیاسی خۆیان دەربڕیوە و وەکوو ئۆپۆزیسیۆن ئەرکی سیاسی خۆیان بە جێ هێناوە. و ئەمن پێم وایە ئەوە زۆر گرینگە کە مارگۆت واڵسترێوم و حکوومەت بەڵێن دەدەن ئەو مەسئەلەیە بهێننە گۆڕێ هەم لە پێوەندییەکانی دوولایەنە لەگەڵ تورکییە و هەم بە ڕێگای یەکێتیی ئوڕووپا دا.
تورکییە بەرەو ئەوە دەچێ ببێ بە حکوومەتێکی دیکتاتۆری. ئەو حەولەی کە بۆ کۆدەتا درا بەکار دەهێندرێ بۆ تێکشکاندی ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی کە هیچ پێوەندی و تێکەڵاوییەکی بەو حەولی کۆدەتایەوە نەبووە ، ئەوە هەر سیاسەتمەداران نین کە دەگیرێن، زۆر لە ئەندام و چالاکانی سەندیکاکان بە کۆمەڵ لەکارەکانیان دەر کراون . ئێمە دەبینین چون دەستگا مێدیاییەکان دەرگاکانیان گاڵە دەدرێن و مۆر دەکرێن. کۆمەڵە کولتوورییەکان داوایان لێ دەکرێ چالاکییەکانیان ڕا بگرن. ئاکادێمیکەکان لە سەر کارەکانیان لابراون و سەفەر کردنیان لێ قەدەغە کراوە. و ئێمە لە کوردستان شاهیدی توندو تیژییەکی بێ سنوورین کە دەتوانێ بگاتە شەڕی ناوخۆیی. تورکییە ئەمڕۆ ووڵاتی ترسە، بە گیرانی بەکۆمەڵی خەڵک. هەدەپە ئامانجی سەرەکی ئەو هێرشانەی حکوومەتی تورکییە بووە. و ئەوە ئاشکرایە بۆچی ئاوایە. هەدەپە پارتییەکی چەپی دێمۆکڕاتیکە، ئەو پارتییە مەسەلەی کۆمەڵایەتی و سەندیکایی و مافی مووچەخۆران دەهێنێتە گۆڕێ ، بەڵام لە هەمان کاتدا هەدەپە دەنگێکی گرینگی کەمایەتیانیشە لە تورکییە. وەنەبێ هەر لە سەر مافی کوردان بکاتەوە کە زۆرجار باسی لێوە دەکرێ بەڵکوو لە سەر مافی کەمایەتی مەسیحیش دەکاتەوە و زۆرجار مافەکانیان باس دەکا. سەبارەت بە مەسەلەی کورد هەدەپە ئاکتۆڕێکی هەمەلایەنە بوو بۆ چارەسەرییەکی ئاشتییانە. هەدەپە بەردەوام داوای لە دەوڵەتی تورک و لە پ.ک.ک کردووە دەست لە چەک هەڵگرن و بێنە دەوری مێزی وتووێژ. مەترسی ئەوەیە بێتوو هەدەپە تێک بشکێندرێ و لەناو ببردرێ ، ئەو دەمی هیوای چارەسەرییەکی ئاشتیانەی دۆزی کوردیش لە تورکییە بۆ ماوەیەکی نادیار لە داهاتوو دا  تێک دەشکێ . هەدەپە هەر وەها دەنگێکی زوڵال و ڕوونی مافی ژنانیشە لە تورکییەی بابمەزن دا و لە ئاست ئەو دەستدرێژیانەی کە کراوەتە سەر مافی ژنان و منداڵان لەلایەن حکوومەتەوە. هەدەپە لە سەر پەنابەران و مافی پەنابەرێتی کردووەتەوە. ئەوان لە سەر هەموو شت نوختەی هەمبەری ئاکەپە و ئەردۆغانن ، هەر لە بەر ئەوەیە پەلامار دەدرێن و هەر لەبەر ئەوەیە کە دەخرێنە زیندانەوە.
ئێمە لە ڤێنستر پارتی ( پارتیی چەپ) سیستیمێکمان داناوە ئەویش وەخۆ کردن و بوون بە کریڤی پارڵمانتارانی هەدەپەیە. ئێمە بەرپرسیارەتی کەسانی جۆر بە جۆر بە ئەستۆوە دەگرین ، بە دووی دۆزی ئەواندا دەچین و پێوەندیی شەخسیمان لەگەڵیان هەیە. ئەمن بۆخۆم کریڤی سەلاحەدین دەمیرتاش م. ڕێبەری پارتی کە ئێستا لە زیندان دایە. ئەمن لە مانگی مەی [ ساڵی ٢٠١٦] لە پارڵمانی تورکییە چاوم پێی کەوت ئەوکاتە کە حەسانەی ئەویان پووچەڵ کردەوە. هەنووکە داوای ١٤٢ ساڵ زیندانی کران هەڕەشەی لێ دەکا. لە پڕاتیک دا یانی ئەو ئیدی قەت لە زیندان بەر نابێ بۆ ئەوەی چاوی بە کچەکان و هاوسەری بکەوێتەوە. بەڵام دەمیرتاش وەک ئەندامانی دیکەی هەدەپە بڕیاری دا هەڵ نەیە و لە تورکییە بمێنێتەوە. ئەو بڕیاری دا لە ووڵات بمێنێتەوە. کاتێک ئەمن لە مانگی سێپتامبری [ ساڵی ٢٠١٦] لە ستۆکهۆڵم چاوم پێی کەوت ئەو گوتی ئەمن بەو زووانە دەگیرێم و دەخرێمە زیندانەوە و قسەکەی ڕاست دەرچوو . کاتێک لە مانگی دیسامبری [ ساڵی ٢٠١٦] چوومە تورکییە ، ڕێگام پێ نەدرا چاوم پێی بکەوێ، لە بن دیواری زیندانەکەی ڕاگیرام، ئەو لە زیندانێکی تاق هێشتراو دا بەند کراوە. سەلاحەدین ئەوەشی بە من گوت، ئەوە دنیای دەرەوەی تورکییە یە کە داهاتووی هەدەپە دیاری دەکا و ئەوە دنیای دەرەوەیە کە داهاتووی من دیاری دەکا. ئەوە گرینگە کە ئێوە پڕۆتێست بکەن و تورکییە لە ئاست پڕۆتێستی دەرەوە حەساسە. ئێستا ڕۆژی پێنجشەمەی داهاتوو یەکەم ڕۆژی محاکەمەی سەلاحەدین دەمیرتاش بەڕێوە دەچێ. ئێستا محاکەمەکان دەست پێ دەکەن. لە تورکییە دەستگای قەزایی سەربەخۆ بوونی نییە. و پرسیارەکەی من ئەوەیە داخودا حکوومەتی سوێد بەر لە ڕۆژی پێنجشەمە سەفیری تورکییە لە سوێد بانگ دەکا یان بە شێوەیەکی دی پێوەندیی ڕاستەوخۆ بە تورکییەوە دەکا سەبارەت بەو دادگا نا مەشڕووعە؟ ئایا بەر لە پێنجشەمە یەکێتیی ئوڕووپا پرۆتیستی خۆی دەردەبڕێ؟ سپاس ڕێزدار سەرۆک!
سەرۆکی پارڵمان: سپاس، فەرموو وەزیری دەرەوە

مارگۆت واڵسترێوم: زۆر سپاس ڕێزدار سەرۆکی پارڵمان، با ئەمن لە سەرەتاوە بڵێم لە ڕاستییدا ئەمن سەری حورمەت دادەنوێنم بۆ ئەو کارەی  ئێوە کردووتانە، ئەو کارەی کە ئەتۆ خۆت شوێستێد بە شەخسی خۆت کردووتە. ئەمن پێم وایە دانانی ئەو سیستیمەی بەدەنگەوەهاتنی کریڤییە هەتا بڵێی هێژایە و کارێکی چاکە. ئەمن پێم وایە ئەوە هەتا بڵیی ئازایانە و گرینگە ئەوەی کە ئێوە چوونەتە وێندەرێ ، ئەتۆ سەفەری ئەوێت کرد و ئەوە تەنێ سیگناڵێکی پتەو نییە بەرەو دەور و بەر و دەرەوە بەڵکوو لە پراتیکیش دا هەر وەک ئەوەی گوتت نیشان دانە بە دنیای دەرەوە کە مرۆڤ دەبێ سەرنجی خۆی جەخت بکا لە سەر ئەوەی لەوێ ڕوودەدا. جا بۆیە ئەمن دەبێ بڵێم ئەو کارەتان هەتا بڵیی جێی شانازییە. هەر وەک دەزانی ئێمە لە بەرنامەی سیاسەتی دەرەوەیی حکوومەت دا باسی تورکییەشمان کرد بەڵام وەکوو هەمیشە کورت بوو و ئەوە باشە کە ئێمە لێرە لێی دەدوێین. ئەمن بە شەخسەش چاوم بە سەر ئەوەوەیە کە ئێمە بەکاتی خۆی هەڵوێست دەرببڕین یان پشتیوانی بکەین کاتێک یەکێتیی ئوڕووپا هەڵوێست دەردەبرێ کە ئێمەش وەک سوێد هەلوێستی خۆمان دیاری بکەین. ئەمنیش چاوم بە دەمیرتاش کەوتووە و ئەوە گرینگە ، بە تەواوی هەر وەک ئەوەی ئەتۆ دەڵێی، کە ئەو مەسەلەیە لە سەری هەرە سەرووی ڕۆژەڤی ئێمە دابێ . ئەمن بە تەواوی لەگەڵ شیکردنەوە و لێکدانەوەکەی تۆ دام و هەر وەها تێوەگلان و شان وەبەردانت بۆ مافی مرۆڤ. بە داخەوە ئێمە شاهید بووین ڕەوت بە ئاراستەی پێچەوانە دا بڕوا . ئەوەی کە ئێمە لە بار و دۆخی ئاوا دا دەیکەین واتە کاتێک محاکەمە بەڕێوە دەچن ئێمە داوا دەکەین کە بچین و لەو محاکەمەیانە دا وەک چاوەدێر ئامادە بین و ئێمە حەول دەدەین کاری ئەوتۆ لەگەڵ ووڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا ڕێک بخەین و بەو شێوەیە بەهێزتر دەتوانین بجووڵێینەوە. و ئەمڕۆ دوای ئەوەی لێرەوە چوومەوە وەزاڕەتی دەرەوە لەوە دەکۆڵمەوە بۆ ئەوەی بزانم لەو بارەیەوە تا کوو کوێ چوون بۆ ئەوەی چاوەدێری محاکەمەکە بکەین لەگەڵ ووڵاتانی دیکەی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا. و هەر وەها ئەوەش لایەنێکی باشە ئێمە لەگەڵ سەفیر قسە بکەین یا بە شێوەی دیکە بەڕێگای سەفیری خۆمان لە تورکییە بە ئاشکرا هەڵوێستمان دەرببڕین کە ئێمە چاومان بە سەر ئەوەوەیە و ئێمە ئەوەی لە دەستمان بێ دەیکەین بۆ ئەوەی چاوەدێری محاکەمەکە بکەین. لایەنێکی زۆر جیدی دیکەش هەیە لەمەڕ ئەو هەنگاوانەی کە حکوومەتی تورکییە هەڵی هێناوەتەوە ئەویش ڕاوەدوونانی ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامەوانانە، هەر وەها کەسانی ئاکادێمیک و ئەوە جگە لە سیاسەتمەدارانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆن. و ئەوە گشت پلوورالیسم و ئەو دینامیزمەی کە لە تورکییە هەبووە و ئێستاش هەیە و لە هەموو کۆمەڵێکی دێمۆكرات دا بەردی بناغەیە سست دەکا. و ئەوە تەواو بە پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێمە لە دوای هەڵبژاردنی ٧-ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ دا دیتمان کاتێک کە هەدەپە هاتە ناو پارڵمانەوە و ئەوە سەرکەوتنێک بوو نەک هەر بۆ نوێنەرایەتی کردنێکی ووردتری گەلە جۆربەجۆرەکان بەڵکوو سەرکەوتنێکیش بوو بۆ پاڕلمانێکی زیاتر یەکسان ، چونکە زۆر لە نوێنەرانی هەدەپە لە پارڵمان ژنن. و ئێستا ئەو هەنگاوانەی کە بۆ پێشێل کردنی هەدەپە هەڵگیراونەتەوە لەو دەمەوە دەستی پێ کردووە کە حەسانەی پارڵمانی نوێنەرانی هەدەپە لا براوە. و ئێمە لەم حەوتووی ڕابردوو دا پەیاممان پێ گەیشت، زانیاریمان بۆ هات لە مەڕ هێرشی بەربڵاوتر بەدژی نوێنەر و دەمڕاستی کورد ، لە ئاستێکی زۆر هەراوتر دا وەکوو بەشێک لە نەبەردی مەشرووع بە دژی تێرۆریسم و تێرۆریسمی پ.ک.ک ، بەڵام ئەوە یارمەتی دەکا بە نیشاندانی وێنەیەکی سەرکوتکەر لە کۆمەلی تورکییە. و ئێمە لەو باوەڕە داین  بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی هەدەبە وەبەر ئەو هێرشی گرتنە کەوتوون. جیاوازی هەیە و ئەوە خاڵێکی ناوەندییە کە مرۆڤ جیاوازی بخاتە ناو کردەوەی توندوتێژی و تێرۆریستی لە لایەک و دەربڕینی بیروبۆچوونی ئۆپۆزیسیۆن لە لایەکی دیکەوە . و ئەوە ئەو شتەیە کە لێرە لە گۆڕێ دایە. و ئەمن لێبڕاوانە و بە گردبڕی دڵنیایی دەدەم بە شوێستێد کە ئێمە چاوەدیری ئەو محاکەمەیە دەکەین بە شێوەیەکی لەبار!

سەرۆکی پارڵمان: فەرموو یووناس شوێستێد
یووناس شوێستید: سپاس ڕێزدار سەرۆکی پارڵمان و سپاس وەزیری دەرەوە بۆ ووڵامەکەت. ئەمن پێم وایە ئەوە ئاگادارییەکی زۆر پۆزیتیڤە کە سەفاڕەتخانەی سوێد لە تورکییە تێوە دەگلێ بۆ چاوەدێری کردنی ئەو محاکەمانە. و ئەمن دەمەوێ ئەوەش جەخت بکەمەوە کە هەم وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە و هەم سەفاڕەتخانەی سوێد لە تورکییە زۆریان یارمەتی داین کاتێک ئێمە لەوێندەرێ لە تورکییە بووین و ئەمن لەو بارەیەوە سپاسی خۆم دەردەبڕم. چارەنووسی تورکییە بۆ هەموو هەرێمەکە گرینگە. ئینسان لە سەر دوو ڕێیانێکە. و ئەمن پێم وایە ئەوە دژوارە کە پێشوەچوونێکی دێمۆکڕاتیکی ئاشتییانە بدۆزرێتەوە بە بێ ئەوەی بە شێوەی جۆر بەجۆر ماف بدرێ بە کەمایەتی کورد. و لە چاوی ئەردۆغان دا گەورەترین تاوانکاری هەدەپە ئەوەیە کە لە پێناو مافی کوردان و هەر وەها لە سەر مەسەلەی دیکەش وەدەنگ هاتووە. هەدەپە هەر وەها پشتیوانی کردووە لەو کوردانە لە سوورییە کە پاشەکشەیان بە دەوڵەتی ئیسلامی کردووە و فیداکاری گەورەیان کردووە لە نەبەرد بە دژی جینایەتەکانی. لەو پێوەندییە دا تورکییە دەورێکی دووجەمسەری گێڕاوە. لە لایەکەوە کەوتووەتە بەر هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و ئێستا لە سەر ئەرز لە سوورییە شەڕی دەکا بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە ڕێگای داوە دەوڵەتی ئیسلامی بە سنوورەکانی دا شەڕکەری ناقانوونی بگوێزێتەوە و بازرگانی هەموو لایەنەی لەگەڵ کردووە و بە کورتی دەوڕێکی دوو جەمسەری لەگەڵی هەبووە لەو ساڵانەی دواییدا. ئینسان دەتوانێ پرسیار بکا تورکییە چۆن دەوێرێ ئاوا ملهوڕ بێ و ئەو دەورە دوو جەمسەرییە بگێڕێ؟ لەوانەیە بەڕێوەبەرایەتی تورکییە پێی وابێ ئەو دوو شێوە جووڵانەوەیەی لێ قەبووڵ دەکرێ و کەس هیچ ناڵێ؛ لە لایەکەوە ئەندامێکی ناتۆ یە ئەوەش مانای ئەوەیە ووڵاتانی دیکەی ئەندامی ناتۆ ڕەخنەی لێ ناگرن، ئینسان دەتوانێ ئەوە لە ناو لایەنگرانی ناتۆ لە سوێد ببینێ ، ئەوان ڕەخنە لە تورکییە ناگرن و لێرە سیاسەتمەدارانی بورژوا دەڵێن ئێستا تورکییە خۆی لە گەڵ شەرتەکانی ئەندامەتی لەیەکیتیی ئوڕووپا دا گونجاندووە، تورکییە چەکێکی زۆر لە ووڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا دەکڕێ، تورکییە دان و ستاندنێکی گەورەی ئابووری هەیە لەگەڵ ئوڕووپا، بەڵام ڕەنگە لە هەموان گرینگترئێستا ئەوە بێ کە تورکییە پێشی پەنابەرانی گرتووە کە خۆیان بگەیێنە ئوڕووپا. و ئەمن لەو باوەرە دام تورکییە ئەو گرێ بەستەی لەگەڵی کراوە سەبارەت بە پەنابەران وەکوو بارمتەیەک لەئاست ئوڕووپا بەکار دەهێنێ. لایەنێکی کە هەدەپە ئاماژەی پێ کردووە، ئەو پەیمانە بووەتە هۆی بارودۆخی خراپ بۆ بەنابەران و بووە بە هێزێکی گوشارهێنان لە دەست ئەردۆغان دا. و پرسیار ئەوەیە داخودا یەکێتیی ئوڕووپا دەیەوێ چاو بخشێنێتەوە بە ڕەهەندە ناوەندییەکانی ئەو سیاسەتە دا و تا چەندە پێی وایە ئەوە بووەتە هۆی ئەو ئاڵۆزییەی کە ئێستا لە تورکییە دەیبینین؟ لە مانگی ئاوریل دا تورکییە ڕێفڕاندۆم دەکا سەبارەت بە قانوونی بنچینەیی نوێ. ئەو ڕێفراندۆمە حەولێکە بۆ ڕەوایی دان بە سەرۆکایەتی سەرەرۆیانەی ئەردۆغان. و ڤێنستر پارتی ( پارتیی چەپ)  و هەدەپە داوا دەکەن لە هاووڵاتیانی تورکییە لە سوێد کە لەو ڕێفراندۆمە دا بەشداری بکەن و دەنگی نا بدەن بەو گۆڕانانەی کە لە قانوونی بنچینەیی دا کراون. دیارە ئەوە ڕێفراندۆێکی ئازاد و دێمۆکڕاتیک نییە کە ئێمە دەیبینین. نوێنەر و دەمڕاستانی ئەو پارتییانەی کە دژی ئەو گۆڕانانە لە قانوونی بنچینەیی دان لە ڕاستییدا لە زیندانەکان دان. ئێمە شاهیدی ئەوەین بینا و شوێنی هەدەپە دەکەونە بەر پەلاماری و هێرشی سەرسەریان، مەترسی گەورە هەیە لە سەر ئەوانەی لە شوێنی هەڵبژاردن لەو ڕێفراندۆمە دا دەنگی نا بدەن. جا پرسیاری من لە مارگۆت واڵسترێوم سەبارەت بەو ڕێفراندۆمە ئەوەیە: ئایا حکوومەتی سوێد پێی وایە بە لەبەر چاوگرتنی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا لە گۆڕێ دایە ، واتە لە کاتێکدا کە ئۆپۆزیسیۆن دە زیندان دەکرێ، مێدیا بەرتەنگ کراوەتەوە، دەکرێ ڕێفڕاندۆمێکی ئازاد لە تورکییە ئەنجام بدرێ؟ ئەگەر بارودۆخەکە ئەو جۆرەی کە هەیە تا مانگی ئاوریل درێژە بکێشێ؟ سپاس سەرۆکی پاڕڵمان !
سەرۆکی پارڵمان: سپاس! فەرموو وەزیری دەرەوە
مارگۆت واڵسترێوم: بەڵێ سەرۆکی پاڕڵمان. ئەمن پێم وایە ئەو گەنگەشەیەی ئێمە و ئەو پرسیارە  بەڕاستی یارمەتی ئەوە دەکا ئێمە بیر لە هەڵوێستی درێژ خایەن و هەروەها بیر لە پێوەندیی خۆمان لەگەڵ تورکییە بکەینەوە ، و هەر وەها پێوەندی یەکێتیی ئوڕووپاش لەگەڵ تورکییە. ئێمە کارمان بۆ ئەوە کردووە کە ڕوانگەی ئەندامەتی تورکییە لە یەکێتیی ئوڕووپا دا بپارێزین. ئێمە لەو باوەڕە داین پاراستنی ئەو ڕوانگەیە لە کۆنەوە هەبووە و دەکرێ بڵێین لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە. ڕێفۆرمەکان لە تورکییە و ئەو پێشوەچوونانەی کە بە ئاراستەیەکی ڕاست دا چوون و ئێمە لەو باوەرە داین لە درێژ خایەن دا ئەوە شێوەی هەرە کاریگەرە بۆ شوێن دانان لە سەر ئەو ڕێگایەی کە تورکییە هەڵی دەبژێرێ. دیارە ئێمە لەو بوارانەی دا کە بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە هاوکاری یەکتری دەکەین. ئەگەر ئێمە بتوانین دیالۆگێکی بەربڵاو و ئافرێنەرمان هەبێ ، ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هێزە پێشکەوتوو و ڕێفۆرمخوازەکان لە تورکییە. دەبێ ئەوەشمان لە بیر بێ کە لە گشت ئەو پێواژۆیە دا هێز و توانایان وەبەر بنێین کە بتوانن هەڵسووڕێن و بەخۆیان بپەرموون لە سەر قسەی خۆیان ڕاوەستن. و لەو دیالۆگی لەمەڕ یەکێتیی ئوڕووپا لەگەڵ تورکییە دا ئێمە و خەڵکی دیکەش بە بەردەوامی باسی گرینگی دێمۆکڕاسی، ڕێز گرتن لە مافی مرۆڤ ، ڕێز گرتن لە پرێنسیپەکانی دەوڵەتی قانوون، و بارودۆخی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە دەکەین. جا بۆیە ئێمە لە دیالۆگمان دا لە نێوان یەکێتیی ئوڕووپا و تورکییە دا لە سەر ئەوانە پێکێشیمان کردووە. و ئەوە ڕاستە ئەمنیش هەر هەمان بۆچوونی تۆم هەیە کە ئەوە چۆن دەڕوا و تەنانەت لە مەر پێوەندیی لەگەڵ تێرۆریسم و شەڕی دژی تێڕۆریسم دا. بەڵام ئەگەر ئەو توندو تیژی و زەبروزەنگە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکییە بەردەوام ببێ ئەوە سەدەمە دەگەیێنێ بە هەموو حەولێک بۆ وەگەرخستنی پێواژۆی ئاشتی. و بە بێ هەبوونی پێواژۆیەکی ئاشتی و گەڕانەوە بۆ دەوری مێزی وتووێژ لەگەڵ کوردەکان، مرۆڤ ناتوانێ تورکییەیەکی هەبێ کە پێگەیشتوو و پێشکەوتوو بێ، دێمۆكرات بێ و بە ئاراستەیەکی دروست دا بڕوا. دیارە بۆ هەموو هەرێمیش و بۆ دەرەتانی ئارامی و هێدیایەتی لە هەرێم دا ئەوە لایەنێکی ناوەندییە. تەنیا نوختەیەکی کە ئەمن لەگەڵ قسەکانت نیم لە ڕاستیید گرێ بەستی لە مەڕ پەنابەرانە لەگەڵ تورکییە. ئەو گرێ بەستەی لە مەر پەنابەران لە ڕاستییدا بریتی یە لە یارمەتیدانی ئەو پەنابەرانەی کە لە تورکییەن و تا ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر تورکییە ڕێزی گرتووە لە ناواخنی ئەو پەیمانەی لەو بارەیەوە لەگەڵمان گرێ داوە. و ئەو پارەیەی لەو بارەیەوە دەدرێ، دەدرێ بە دەستگاکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، ئەوە دەدرێ بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە ئێستا وەک پەنابەر لەوێن ، و ئەتۆ دەزانی کە ئەوانە ژمارەیەکی زۆرن و دەبێ ئێمە ددان بەوەشدا بهێنین کە تورکییە یارمەتی کردووە بۆ وەرگرتنی لێشاوی گەورەی پەنابەران و پڕۆژەی زۆر باشی بۆ پەنابەران وەڕێ خستووە، ڕێگەیان پێ دەدا بێنە ناو کۆمەڵ، کار بکەن، سیاسەتێکی یەکانگیر کردنی هەیە کە هەتا ئێستا هەڵسووڕاوە. دیارە ئەوە ئەرکێکی قورسە کە مرۆڤ دەبێ بەردەوام بەگژی دا بچێ. دەکرێ بڵێم ئەوان تا ڕادەیەکی زۆر ڕێزیان گرتووە لەو ڕێکەوتنەی لەگەڵیان کراوە. ئاشکرایە ئێمە لێرە دا باسی یەک میلیۆن تا دوو میلیۆن پەنابەر دەکەین. و ئەمن پێم وا نییە مرۆڤ بکرێ بڵێ تورکییە بە خراپ کەلکی لەو بارودۆخە وەرگرتووە بەشێوەیەکی ناڕەوا، بەڵکوو ڕێزی لەو گرێ بەستە گرتووە. بۆ ئەوانیش ئەوە مانای ئەوەیە کە بتوانن بارودۆخی ئەو هەموو کەمپی پەنابەریی یەی کە لەوێ هەن باشتر بکەن ، جا بۆیە ئەمن پێم وایە ئێمە دەبێ بەردەوام بین لە سەر ئەو گرێ بەستەی کە لەمەڕ پەنابەران کراوە چونکە ئەوە بەر لە هەموو شت بریتی یە لە یارمەتی بەوانەی کە ئێستا بەنەغدەن وەک پەنابەر لە تورکییەن. و ئەوان حەوجێیان بەو پشتیوانییە هەیە. وەکوو دیکە ئەمن لەگەڵ قسەکانی تۆ دام سەبارەت بەو شێوەیەی کە بارودۆخەکە شی دەکەیەوە و ئەو ئالنگاریانەی وا لە سەر ڕێن .
سەرۆکی پاڕڵمان: یووناس شوێستێد!
یووناس شوێستێد: سپاس ڕێزدار سەرۆکی پاڕڵمان، سپاس وەزیری دەرەوە. ئەمن بە گشتی ئامۆژگاری خەڵک ناکەم بۆ ئەوەی ببنە ئەندام لە یەکێتیی ئوڕووپا دا. پێم وایە هەموو ووڵاتێک بۆ خۆی دەبێ لەو ڕووەوە بڕیار بدا و ئەوە تورکییەش دەگرێتەوە. و ئەو ڕۆژەی کە تورکییە جارێکی دی وەک دێمۆکڕاسییەک هەڵسووڕێ ئەو ڕۆژە دەبێ ئەو دەرفەتە بۆ تورکییەش هەبێ ئەگەر خۆی وای بوێ. لەمەڕ گرێ بەستی پەنابەران ئێمە بۆچوونمان جیاوازە . ئێمە لەو باوەڕە داین کە تورکییە ئەو شەرتانە بەجێ ناهێنێ کە لە گرێ بەستەکە دان، پەنابەران بە شێوەیەکی راست ناحاوێنێتەوە، مافی پەنابەری نادا بە هاووڵاتیانی نا ئوڕووپایی ، بە شێوەیەکی بەربڵاو بەخراپە کەلک وەردەگیرێ لە پەنابەرانی سوورییەیی لە تورکییە. و ئەو گرێ بەستە وەک نیشانەیەکە لە ژێرکەوتنی یەکێتیی ئوڕووپا و کۆمەڵی جیهانی بۆ هەبوونی بەرپرسیارییەکی هاوبەش لەمەڕ پەنابەرانی سوورییە لە تورکییە. لەو بارەیەوە پێشتر گەنگەشەمان کردووە و بۆچوونی جیاوازمان هەیە. بەڵام تا ئەو جێیەی دێتەوە سەر خاڵی سەرەکی پرسیارە نووسراوەکەی من ، ئەمن دەمەوێ سپاسی وەزیری کاروباری دەرەوە بکەم بۆ ووڵامی ڕوون و ئاشکرای کە یوکسەکداغ و دەمیرتاش و زیندانییە سیاسییەکانی دیکە دەبێ بەر بدرێن هەرچی زووتر و ئەوە پەیامێکی گرینگە لە سوێدەوە و ئەوەی کە سەفاڕەتخانەی سوێد بە ڕێگای جۆر بەجۆر ئامادە دەبێ لەو کاتەی دا کە ئەو محاکەمانە ئەنجام دەدرێن. و هەم لە پێوەندی دوولایەنە لەگەڵ تورکییە و هەم بە ڕێگای یەکێتیی ئوڕووپا دا حەول دەدا بەشێوەیەکی عادڵانە ڕەفتار بکرێ لە گەڵ نوێنەرانی هەدپە لە ئاستی جۆر بە جۆر دا و ئەوان ئازاد بکرێن. سەلاحەدین بە منی گوت ئەوە دنیای دەرەوەیە دیاری دەکا داخودا ئێمە ئازاد دەبین یان دە زیندان دەکرێین. ئێستا ئەو دەمە هاتووە و ئەمن هیوادارم سوێد ئەو ووڵاتە بێ لە چوارچێوەی یەکێتیی ئوڕووپا دا کە لە سەر مافی سیاسی و مافی مرۆڤ دەکاتەوە لە تورکییە. سپاس ڕێزدار سەرۆکی پارڵمان!

سەرۆکی پاڕڵمان: وەزیری دەرەوە

مارگۆت واڵسترێوم: ڕێزدار سەرۆکی پاڕلمان، ڕێگام بدە سپاسی یووناس شوێستێد بکەم هەم بۆ ئەو تێوەگلانە قووڵەی خۆی و هەم بۆ ئازایەتی وی کە دەبێ شتێک بکرێ و بۆ ئەوەی کە چووەتە ئەوێ و ئەمن پێم وایە وەکوو گوتم ئەو سیستمەی وەخۆ کردن و بوون بە کریڤ مۆدێلێکی باشە و ئەمن سەری ڕێز لەبەر ئەو کارە دادەنوێنم ، سپاس بۆ ئەو بیروڕا گۆڕینەوە گرینگە و ئەو پێوەندییە باشە کە ئێوە [ پارتیی چەپ ] دایدەچێنن لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵی تورک و بۆ ئەو قسەکردن و گەنگەشەیەی کە ئێمە دەکرێ هەمان بێ . ئەوە زۆر گرینگە ئەو پێشوەچوونەی ئێستا لە تورکییە هەیە هەڵگەڕێتەوە و ئێمە بە ڕێگای سەرنجدانی یارمەتی ئەوە دەکەین و هەر وەها بەڕێگای دیبەتێکی ئافرێنەری ڕوو لە دابێ. زۆر سپاست دەکەم.

 سەرۆکی پارڵمان! سپاس گەنگەشە لەسەر پرسیاری نوسراوی ژمارە ٢٥٧ –ی یووناس شوێستید بەم شێوەیە کۆتایی هات.
وەرگێڕان لە سوێدییەوە: حەسەن قازی   

Saturday, February 18, 2017

وێنەیەکی بە نرخ لە ئاڵبۆمی نەمر حوسێنی زێڕینگەران (فرووهەر ) دا

این عکس در حدود هشتاد سال قبل  در مهاباد  باتفاق آقایان  صالح عثمانی و حاجی موءمین  خان و اسماعیل فتحی دائی اینجانب برداشتە شدە است
دست راست ردیف اول نفر وسط حاجی موءمین خان  با نوکر  و دائی اینجانب فتحی و نوکرش چچی  ... صالح عثمانی قبلی است کە در پشت سر قرار گرفتە  با نوکرش .. .. ...
( با جوهر آبی شرحی اضافە شدە است)  جوانان  ....  ....  دلگیر بدانند
... سنگ است آدم مثمر شیشە
٢٠ / ٥ / ١٩

وێنەیەکی نزیکەی ١٦٠ ساڵ لەمەو پێش لە ئاڵبۆمی نەمر حوسێنی زێڕینگەران دا!
وەک دەبینین پێشتر چەند ووشەیەک بە میداد نووسراوە ؛ ' این عکس یادگار ... ] دوایە نەمر حوسێنی زێڕینگەران (فڕووهەر) لە پشت ئەو وێنەیە ئەو شەرحەی بە جەوهەری سوور نووسیوە:
' ئەم وێنەیە نزیکەی هەشتا ساڵ لەمەو بەر لەگەڵ ئاغایانی ساڵح عوسمانی و حاجی موءمین خان و ئیسماعیل فەتحی خاڵی من هەڵگیراوە.
لای ڕاست رێزی یەکەم کەسی ناوەڕاست حاجی موءمین خان لە گەڵ نۆکەرەکەی ، و خاڵی من فەتحی و نۆکەرەکەی ... ساڵحی عوسمانی  پێشوویە کە نۆکەرەکەی لە پشت سەری ڕاوەستاوە [ چەند ووشەیەک ناخوێندرێتەوە]
(بە جەوهەری ئابی لەو شەرحەی زیاد کردووە) لاوانی ... ... دڵگرتووبزانن ، ... بەردە ، ئینسان لە شووشە
٢٠ – ٥ – ١٩   کە دەکاتە  ١١ – ٧ – ١٩٤٠ زایینی
ئەگەر ئەو تاریخەی کە بە جەوهەری ئابی نووسراوە  لە بەرچاو بگرین و ٨٠ ساڵ دوای هەلگیرانی وێنەکە نووسرابێ مێژووی وێنەکە ئێستا دەبێ بە ١٥٧ ساڵ. وێدەچێ ئەو تەخمینەی  ' نزیکەی ٨٠ ساڵ لەمەوپێش ' تەواو نەبێ و وێنەکە تازەتر بێ . بەرز و پیرۆز بێ بیرەوەری نەمر حوسێنی زێرینگەران .

تێبینی: مافی ئەو شەرحەی سەرەوە پارێزراوە بۆ وێبنووسی ڕوانگە

Saturday, February 4, 2017

دزی بە ڕۆژی ڕووناک


دزی بە ڕۆژی ڕووناک

ماڵپەڕێک کە ناوی خۆی ناوە  ' مێژووی کورد '  وەک لەم لینکەی  خوارەوە دا دەیبینن  هەشت بابەتی وێبنووسی ڕوانگەی کە بریتین لە نامە، وێنە و لێکدانەوە و لە ساڵی ٢٠٠٨ لە ڕوانگە دا بڵاو بوونەتەوە لە ماڵپەڕەکە دا بڵاو کردووەتەوە بێ ئەوەی کەمترین ئاماژەیەک بە سەرچاوە بکا. ئەمن لە ٢٩-ی دیسامبری ٢٠١٦ لەو دزییە ئاگادار کرام و دەستبەجێ ئەم کورتە تێچنەم لە ژێر بابەتە دزراوەکان دا نووسی. ·
بۆ بەرپرسانی ئەو ماڵپەڕ
لەم سەردەمە دا دزی و گزی ناشاردرێتەوە. ئێوە ئەو بابەتەی سەرەوەی ماڵپەڕی ' ڕوانگە' تان بێ ئێوەی واوێکی لێ بقرتێنن بە ناوی خۆتان بڵاو کردووەتەوە وەک نە بای بێ و نە بۆران. تکایە یان لە سەرەوە و خوارەوەی بابەتەکە بە ئاشکرایی ناوی سەرچاوەکە بنووسن یان گشت ئەو بابەتانەی لە وێبنووسی ' ڕوانگە'تان وەرگرتووە لابەرن. دیارە ئەگەر ئەوە نەکەن خوێنەرەوانی کورد بە ڕێگای جۆر بە جۆر لەو بێ ئەمانەتییە ئاگادار دەکرێنەوە
وێبنووسی ڕوانگە
حەسەن قازی 
٢٩-ی دیسامبری ٢٠١٦

لەو دەمەوە نە بابەتەکانیان لا بردووە و  نە تێچنەکەشیان سڕیوەتەوە و ئەوەش نیشانەی ئەوەیە مێشیشیان لێ میوان نەبووە بەو ئاگادار کردنەوەیە. دیارە هەتا بابەتەکان لا نەبەن یان ڕوونکردنەوەیەک نەدەن خوێنەران بە چاوی دزی ئەدەبی لێیان دەڕوانن .

 http://www.historyofkurd.com/2016/12/27/6-%D9%86%D8%A7%D9%85%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D9%85%D9%87%E2%80%8C%D9%84%D8%A7-%D9%85%D8%B3%D8%AA%D9%87%E2%80%8C%D9%81%D8%A7%DB%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%B2%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D8%A8%DB%86-%DA%95%D9%87/

Friday, February 3, 2017

کومەلەی ژیانی کورد

 کۆمەڵەی ژیانی کورد
کۆمەڵەی ژیانی کورد
نووسینی: ڕەحمان حەلەوی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی
... هاوین تێپەڕی و ساڵی خوێندن لە سەر ڕا دەستی پێکردەوە. نا ئارامی هەر وا بەردەوام بوو.ناوچە خاوەنی نەبوو. لە یەکێک لە دوای نیوەڕۆیەکانی مانگی ڕەزبەر لە دەبیرستانەوە دەهاتمەوە ماڵێ. غەرقی فکر و خەیاڵات بووم لە پڕ یەکێک سڵاوی لێکردم دەبینم ئەوە ئاغای حوسێن فڕووهەر ە. پێم سەیر بوو چونکە هیچ ئاشناییەکی ئەوتۆمان نەبوو. ئاغای فڕووهەر دوای چاکوچۆنی گوتی: کارێکی پێویستم بە ئێوە هەیە. هەڵبەت بڕێک نیگەران بووم بەڵام ئەو زوو ترسەکەی ڕەواندمەوە و گوتی ئەمشەو لە ماڵی ئێمە مەجلیسێکمان هەیە هێندێک لە دۆستان سەربڵیندمان دەکەن دیارە بڕیار وایە لە سەر کارێکی گرینگ بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کەین . ئاغای مەلا قادر مودەڕیسی تەشریف دێنن . ئەمن بە بیستنی ناوی وی بە تەواوی نیگەرانییەکەم ڕەوییەوە چونکە دەمزانی ئەو قەت لە کاری نالەبار دا بەشداری ناکا. بڕیارمان دا سەعات ٨-ی ئێوارە بچمە ماڵیان بەڵام نەمدەتوانی لە مێشکم دا لێکی دەمەوە ئەو بیروڕا ئاڵوگۆڕ کردنەکە لە سەرچی دەبێ.
 لەو سەعاتەی دا کە داماننابوو لە دەرگای ماڵی ئاغای فڕووهەرم دا.فڕووهەر بۆ خۆی دەرگای لێ کردمەوە و بردمییە ژوورێ ئەوانەی لە مەجلیسەکە دا ئامادە بوون بریتی بوون لە ئاغایانی : مەلا قادر مودەریسی، سەدیق حەیدەری، عەبدولڕەحمان ئیمامی، محەمەد یاهوو، ڕەحمان زەبیحی و فڕووهەر بۆ خۆی. جگە لە ئاغایانی مودەریسی و زەبیحی نەبێ لەگەڵ ئەوانیدی ئاشناییەکی ئەوتۆم نەبوو و لە ناویان دا لە هەموان جەوانتەر من بووم. هێندەی پێ نەچوو ئاغای مودەریسی دەستی کرد بە قسان . دوای شرۆڤە کردنی بارودۆخی ناوچە گوتی: ئێستا دەرفەتێکی بە قیمەت بۆ نەتەوەی ئێمە بۆ وەدەست خستنی مافی خۆی پێک هاتووە. ئەرکی نەتەوەیی ئێمە لێمان دەخوازێ لەو کات و ساتە دا لە هیچ تێکۆشانێک تەنەخی نەکەین. بەو ئیمان و باوەڕییەوە بڕیارمان داوە بە بەشداری و هاوکاری یەکتری تەشیلاتێک دامەزرێنین بۆ ئەوەی ئەو ڕیسالەتە مێژووییەوە بە ئەستۆوە بگرێ . بەو بۆنەیەوە ( ڕووی لە من کرد ) ئێوەش بانگ کراون بۆ ئەوەی لەو کارە گرینگە دا هاوڕێمان بی و هەموان لەگەڵ بوون بۆ ئەو بانگەوازییە. هەڵبەت ئەگەر ئەو ویستە قەبووڵ نەکەی بۆخۆت دەزانی بەڵام بەو باوەڕییەی کە بەتۆمان هەیە دەزانین ئەگەر لەگەڵ ئێمەش نەبی لەدڵت دا لە دۆستان و هاوپەیمانانی ئێمەی و لە بەر ئەوەی ئەو تەشکیلاتە بە ناوی ' کۆمەڵەی ژیانی کورد ' ئێستا بە نهێنی کار دەکا دڵنیاین ئەوەش نادرکێنێ. ئەگەر قۆلێشی لە سەر بکێشی ئەوە برا و دۆستی خۆشەویستی ئێمەی.
دوای ماوەیەک بێدەنگی گوتم هەر چەند بۆ ئەو کارە ئامادەییم نەبوو و پێم وا نییە لاییقی ئەوە بم لە نێو ئێوە دابم بەڵام لە قووڵایی دڵەوە و بە نیازی پاک ئەوە قەبووڵ دەکەم و گەورەترین شانازییە بۆ من، بوونی من ئی نەتەوەی کوردە و تا ڕۆژی مردن لەگەڵ ئێوە دەبم. ئاغای مودەریسی هەستا و لە باوەشی وەرێنام.دوایە ڕێوڕەسمی سوێند خواردن بە ڕێوە چوو. ئاغای فڕووهەر لە گۆشەی وەتاغەکە پەردەیەکی لا دا ، لە شوێنێک کە وەک میحڕاب وا بوو مێزێکی پچووک داندرابوو و خەنجەر و قورئانی پیرۆزی لە سەر بوو. ئەمن سوێندم خوارد و لەو دەمییەوە یەک لە ئەندامانی کۆمەڵەی ژ.ک بووم هەموومان یەکتریمان لە باوەش کرد و دوایە یەک یەک ماڵی ئاغای فڕووهەرمان بەجێ هێشت.
 ئەمن گەڕامەوە ماڵێ بەڵام ئەو شەوە تا نزیک بەیانی خەوم لێ نەکەوت . زیاتر بیرم لەو شتانە دەکردەوە کە سوێندم پێ خوارد بوون. وەفا داری بە کۆمەڵەی ژ.ک و فیداکاری بۆ وەدەستخستنی مافی دیاریکردنی چارەنووس کارێکی پێویست بوو بەڵام بەرعۆدە بوون و سوێند خواردن بە ئەوەی کە هەموو پیاوانی کورد بە برا و هەموو ژنانی کورد بە خوشکی خۆم بزانم شتێکی نامەنتقی و نە پێویست بوو هەرچەند کە ئەو بابەتە ڕیشەی مەزەبی هەبوو بەڵام هێنانی بۆ ناو بیرو باوەڕ و مەڕامی سیاسی پێویست نەبوو و یان سوێند خواردن بەوەی کە تا ئاخری عومر ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی ژ.ک بم ئەگەر چی لە جێدا گرفتێک نەبوو بەڵام ئەوە بە پێچەوانەی ئازادییەکانی تاک بوو چونکە هەموو ئینسانێک دەکرێ لە درێژایی ژیانی خۆیدا بە هۆ و لە سۆنگەی جۆر بەجۆر بیر و ڕای بگۆڕێ و ڕێگایەکی دی وەبەر بگرێ و یان ڕێبازی هەنووکەیی و شێوەیی هەیی بۆ گەیشتن بە ئامانج پێ هەو نەبێ. بەو پێیە ناچار کردنی کەسێک کە تا دوایی ژیانی لە سەر یەک بیر وڕا و باوەڕی بمێنێتەوە جۆرێک دیکتاتۆری و داسەپاندنی بیروڕای سیاسی یە. نوختەیەک کە حەتمەن پێویستە لێرە دا سەرنجی بۆ سەر ڕابکێشم ئەوەیە کە ئەمن لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژیانی کورد نەبووم چونکە لە هێندێک کتێب دا ناوی ئەمنیشان خستووەتە ناو لیستەی دامەزرێنەران. هەڵبەت لەوە دا هێچ گومان نییە ئەو کاتەی من چوومە ناو کۆمەڵە کەسی هەرە کەم تەمەنی ئەو گرووپە بووم. ئەمن لە سەر ئەو باوەڕە بووم و ئێستاش هەر وام کە قەبووڵ کردنی مەڕام و مەسلەک و بەشداری لە گرووپێک دا بۆ من بە مانای ئەوە نییە لە فکری پلەو پایە دا بم . چ جیاوازی نییە بۆ من لە سەرەوە بم یان خوارەوە ، سەردەست بم یان ژێردەست ، مەرجی سەرەکی خزمەت کردنە. بە بۆچوونی من ئەو کەسانەی کە دەکرێ وەکوو ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژ.ک ناویان ببردرێ بریتین لە ئاغایان: محەمەد نانەوا زادە *، حوسێن فرووهەر ، عەبدولڕەحمان ئیمامی ، ڕەحمان زەبیحی ، قاسم قادری ، مەلا عەبدوڵا داودی ، محەمەد یاهوو ، مەلا قادر مودەریسی ، سەدیق حەیدەری و عەبدولڕحمان کەیانی. بەڵام نابێ حەق نەگوترێ کە گشت ئەو تەشکیلاتە و دامەزراندنی کۆمەڵە بیری میرحاجی عێڕاقی پێکی هێنا و گەورەترین دەوری سەرەکی بە ملەوە بوو و هەر ئەویش بوو کە توانی بانگەوازی ئەوانە بکا لە پێناو ئەو کارە گەورەیە دا هەنگاو هەڵێننەوە.
 نوختەیەکی دیکەی کە یەکجار جێی داخ و لە لایەنە لاوازەکانی ئەو تەشکیلاتە وەحیساب دەهات نەبوونی مەڕامنامە و ئەساسنامە ئەویش بە نووسراو بوو و لە ڕاستیدا ئەندامان تەنێ شتێکی گشتیان دەزانی سەبارەت بە ئامانج و مەڕامی ئەو ڕێکخستنە. لە سەرەتاوە حەول دەدرا کەسانێک وەک ئەندام ڕابکێشرێن کە سەڵاحییەتیان تاقی کرابێتەوە و لە دووی درابێ ، کەسانی فیداکار بن و باوەڕییان هەبێ بە ئامانج و مەڕام بەڵام بەرە بەرە کە ئەو کۆمەڵەیە لە حاڵەتی نهێنی هاتە دەرێ و خۆی ئاشکرا کرد و لە لایەکی دیکە بە وەرگرتنی ئەندام بە بێ پێڕاگەیشتن بە سەڵاحییەت و کەسایەتی ئەوان کۆمەڵە بوو بە سیایی لەشکر و لە ماوەیەکی کورت دا لە هەموو کوردستان دا پەرەی سەند. لەوەش دەرچێ بە هاتنی ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەتەکان و دەوڵەمەند و خاوەنموڵک و شێخەکانی ناوچە بۆ ناو کۆمەڵە دەستەڵات لە دەست هەیئەتی دامەزرێنەر و هۆگرانی ڕاستە قینە هاتە دەرێ. تا ئەو جێگایەی کە تەنانەت ناوی کۆمەڵەیان لە کۆمەڵەی ژ.ک وە گۆڕی و کردیان بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و ئەوەش تەواو بە پێچەوانەی ئەو سوێندەی بوو پێشتر خواردبوویان . هەڵبەت ئەو ناو گۆڕینە بە پێی ئامۆژگاری و فەرمانی کاربەدەستانی شووڕەوی ئەنجام درا و هۆی ڕاستەقینەی ئەوەش ئەوە بوو لەبەر ئەوەی دەوڵەتی شووڕەوی بە تایبەتی حکوومەتی ئازەربایجانی شووڕەوی کە هەڵسووڕێنەری سەرەکی هەموو جۆرە چالاکی سیاسی بوو لە بەشی ڕۆژئاوای ئێران پێی وا بوو دانەر و دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە میرحاجی عێڕاقی بووە و ئیحتیمالی هەیە یەکێک بێ لە دەستنێژانی ئینگلیس ، جا بۆیە پێویست بوو لە سەرەتاوە ناو و عینوانی حیزب بگۆڕدرێ دوایە بە بانگهێشتنی سەرکردە و تاکوتەرای بە نفووز بۆشووڕەوی دەیەویست بە تەواوی چالاکی حیزب بخاتە دەست خۆی.
 لە لایەکیشەوە جێگای داخ بوو کە تاکوتەرای سیاسەتمەدار و خوێندەوار و باشمان نەبوو. تەنێ عەقیدە و ئیمان و فیداکاری بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورە بەس نییە ، دیرایەت و سیاسەت زۆر جار دەتوانێ لە هێزی عەسکەری و شەڕ زیاتر کاریگەر بێ. هەر وەک لە ڕەوتی سیاسی و ڕووداوەکانی دواتر دا دیتمان چلۆن قەواموسەلتەنە بە مانۆڕێکی سیاسی ئەڕتەشی دەوڵەتی شووڕەوی لە ئێران دەرپەڕاند و لە ئاکامی ئەو مانۆڕە سیاسییە دا هەموو چالاکە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئازەربایجان و کوردستانی پووچەڵ کردەوە .هەڵبەت ئەو بابەتانە پێویستە بە دوورو درێژی قسەیان لێوە بکرێ کە هەڵیان دەگرین بۆ کات و دەرفەتێکی دیکە. لەگەڵ گشت ئەوانە بە حەقیقەت و بە دڵقایمییەوە دەبێ بگوترێ کۆمەڵەی ژ.ک بناخە و بنچینە و دایکی خەباتی نەتەوەیی لەو ناوچەیە دا بوو . بە جێیە سلاو بنێرین بۆ گشت ئەو کەسانەی لەو ڕێبازە دا گیانیان لە دەست دا یان تووشی دەربەدەری ، زیندان و ئاوارەیی هاتن و ئێستا سەریان ناوەتەوە. روحیان شاد بێ و بیرەوەرییان هەمیشە پیرۆز بێ.
* خودا لێ خۆشبوو نانەوازادە کە لە جەنگەی خەباتی نەتەوەیی دا پلەی سەرهەنگی درابوویە لە کەوتنی فڕۆکە لە بەرەی سەقز گیانی لە دەست دا و ناوی وی بۆ هەمیشە لە کاروانی تێکۆشەرانی نەتەوەیی کورد دا ئاستە کرا.

********
 تێبینی وەرگێڕ: ئەو بابەتەی نەمر ڕەحمان حەلەوی لە تۆڕی کۆمەلی فەیس بووک دا بە زمانی فارسی بڵاو کراوەتەوە. دوکتور حەلەوی بەر لە ڕاگەیاندنی کۆمار بە وەرگرتنی بوورسی خوێندن چووە ئازەربایجانی شووڕەوی.دوای ڕووخانی جمهووری کوردستان بە بێ ویستی خۆی ناردراوە ئێران.دیسان چووەوە شووڕەوی لەوێ تووشی ناخۆشی و زیندان هات. دوا جار گەڕاوە ئێران و لە بەشی حقووق لە زانکۆی تاران دوکتورای وەرگرت و کاری پارێزەری دەکرد. نەمر حەلەوی لە ٢- ئۆکتۆبری ٢٠١٠ لە تەمەنی ٨٩ ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە و لە مەهاباد نێژراوە. ئەو ڕیوایەتە کورتە لە مەڕ ' کۆمەڵەی ژیانی کورد' زنجیرەی ١٢ هەمی بیرەوەرییەکانێتی کە لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک دا بە زمانی فارسی  لە لاپەڕەی 'رحمان حلوی ' دا بڵاو بووەتەوە. وێنەکانی ڕەحمەتی دوکتور حەلەوی ش بە سپاسەوە  هەر لەو لاپەڕەیە وەرگیراون.