Friday, February 3, 2017

کومەلەی ژیانی کورد

 کۆمەڵەی ژیانی کورد
کۆمەڵەی ژیانی کورد
نووسینی: ڕەحمان حەلەوی
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی
... هاوین تێپەڕی و ساڵی خوێندن لە سەر ڕا دەستی پێکردەوە. نا ئارامی هەر وا بەردەوام بوو.ناوچە خاوەنی نەبوو. لە یەکێک لە دوای نیوەڕۆیەکانی مانگی ڕەزبەر لە دەبیرستانەوە دەهاتمەوە ماڵێ. غەرقی فکر و خەیاڵات بووم لە پڕ یەکێک سڵاوی لێکردم دەبینم ئەوە ئاغای حوسێن فڕووهەر ە. پێم سەیر بوو چونکە هیچ ئاشناییەکی ئەوتۆمان نەبوو. ئاغای فڕووهەر دوای چاکوچۆنی گوتی: کارێکی پێویستم بە ئێوە هەیە. هەڵبەت بڕێک نیگەران بووم بەڵام ئەو زوو ترسەکەی ڕەواندمەوە و گوتی ئەمشەو لە ماڵی ئێمە مەجلیسێکمان هەیە هێندێک لە دۆستان سەربڵیندمان دەکەن دیارە بڕیار وایە لە سەر کارێکی گرینگ بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کەین . ئاغای مەلا قادر مودەڕیسی تەشریف دێنن . ئەمن بە بیستنی ناوی وی بە تەواوی نیگەرانییەکەم ڕەوییەوە چونکە دەمزانی ئەو قەت لە کاری نالەبار دا بەشداری ناکا. بڕیارمان دا سەعات ٨-ی ئێوارە بچمە ماڵیان بەڵام نەمدەتوانی لە مێشکم دا لێکی دەمەوە ئەو بیروڕا ئاڵوگۆڕ کردنەکە لە سەرچی دەبێ.
 لەو سەعاتەی دا کە داماننابوو لە دەرگای ماڵی ئاغای فڕووهەرم دا.فڕووهەر بۆ خۆی دەرگای لێ کردمەوە و بردمییە ژوورێ ئەوانەی لە مەجلیسەکە دا ئامادە بوون بریتی بوون لە ئاغایانی : مەلا قادر مودەریسی، سەدیق حەیدەری، عەبدولڕەحمان ئیمامی، محەمەد یاهوو، ڕەحمان زەبیحی و فڕووهەر بۆ خۆی. جگە لە ئاغایانی مودەریسی و زەبیحی نەبێ لەگەڵ ئەوانیدی ئاشناییەکی ئەوتۆم نەبوو و لە ناویان دا لە هەموان جەوانتەر من بووم. هێندەی پێ نەچوو ئاغای مودەریسی دەستی کرد بە قسان . دوای شرۆڤە کردنی بارودۆخی ناوچە گوتی: ئێستا دەرفەتێکی بە قیمەت بۆ نەتەوەی ئێمە بۆ وەدەست خستنی مافی خۆی پێک هاتووە. ئەرکی نەتەوەیی ئێمە لێمان دەخوازێ لەو کات و ساتە دا لە هیچ تێکۆشانێک تەنەخی نەکەین. بەو ئیمان و باوەڕییەوە بڕیارمان داوە بە بەشداری و هاوکاری یەکتری تەشیلاتێک دامەزرێنین بۆ ئەوەی ئەو ڕیسالەتە مێژووییەوە بە ئەستۆوە بگرێ . بەو بۆنەیەوە ( ڕووی لە من کرد ) ئێوەش بانگ کراون بۆ ئەوەی لەو کارە گرینگە دا هاوڕێمان بی و هەموان لەگەڵ بوون بۆ ئەو بانگەوازییە. هەڵبەت ئەگەر ئەو ویستە قەبووڵ نەکەی بۆخۆت دەزانی بەڵام بەو باوەڕییەی کە بەتۆمان هەیە دەزانین ئەگەر لەگەڵ ئێمەش نەبی لەدڵت دا لە دۆستان و هاوپەیمانانی ئێمەی و لە بەر ئەوەی ئەو تەشکیلاتە بە ناوی ' کۆمەڵەی ژیانی کورد ' ئێستا بە نهێنی کار دەکا دڵنیاین ئەوەش نادرکێنێ. ئەگەر قۆلێشی لە سەر بکێشی ئەوە برا و دۆستی خۆشەویستی ئێمەی.
دوای ماوەیەک بێدەنگی گوتم هەر چەند بۆ ئەو کارە ئامادەییم نەبوو و پێم وا نییە لاییقی ئەوە بم لە نێو ئێوە دابم بەڵام لە قووڵایی دڵەوە و بە نیازی پاک ئەوە قەبووڵ دەکەم و گەورەترین شانازییە بۆ من، بوونی من ئی نەتەوەی کوردە و تا ڕۆژی مردن لەگەڵ ئێوە دەبم. ئاغای مودەریسی هەستا و لە باوەشی وەرێنام.دوایە ڕێوڕەسمی سوێند خواردن بە ڕێوە چوو. ئاغای فڕووهەر لە گۆشەی وەتاغەکە پەردەیەکی لا دا ، لە شوێنێک کە وەک میحڕاب وا بوو مێزێکی پچووک داندرابوو و خەنجەر و قورئانی پیرۆزی لە سەر بوو. ئەمن سوێندم خوارد و لەو دەمییەوە یەک لە ئەندامانی کۆمەڵەی ژ.ک بووم هەموومان یەکتریمان لە باوەش کرد و دوایە یەک یەک ماڵی ئاغای فڕووهەرمان بەجێ هێشت.
 ئەمن گەڕامەوە ماڵێ بەڵام ئەو شەوە تا نزیک بەیانی خەوم لێ نەکەوت . زیاتر بیرم لەو شتانە دەکردەوە کە سوێندم پێ خوارد بوون. وەفا داری بە کۆمەڵەی ژ.ک و فیداکاری بۆ وەدەستخستنی مافی دیاریکردنی چارەنووس کارێکی پێویست بوو بەڵام بەرعۆدە بوون و سوێند خواردن بە ئەوەی کە هەموو پیاوانی کورد بە برا و هەموو ژنانی کورد بە خوشکی خۆم بزانم شتێکی نامەنتقی و نە پێویست بوو هەرچەند کە ئەو بابەتە ڕیشەی مەزەبی هەبوو بەڵام هێنانی بۆ ناو بیرو باوەڕ و مەڕامی سیاسی پێویست نەبوو و یان سوێند خواردن بەوەی کە تا ئاخری عومر ئەندامی حیزبی کۆمەڵەی ژ.ک بم ئەگەر چی لە جێدا گرفتێک نەبوو بەڵام ئەوە بە پێچەوانەی ئازادییەکانی تاک بوو چونکە هەموو ئینسانێک دەکرێ لە درێژایی ژیانی خۆیدا بە هۆ و لە سۆنگەی جۆر بەجۆر بیر و ڕای بگۆڕێ و ڕێگایەکی دی وەبەر بگرێ و یان ڕێبازی هەنووکەیی و شێوەیی هەیی بۆ گەیشتن بە ئامانج پێ هەو نەبێ. بەو پێیە ناچار کردنی کەسێک کە تا دوایی ژیانی لە سەر یەک بیر وڕا و باوەڕی بمێنێتەوە جۆرێک دیکتاتۆری و داسەپاندنی بیروڕای سیاسی یە. نوختەیەک کە حەتمەن پێویستە لێرە دا سەرنجی بۆ سەر ڕابکێشم ئەوەیە کە ئەمن لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژیانی کورد نەبووم چونکە لە هێندێک کتێب دا ناوی ئەمنیشان خستووەتە ناو لیستەی دامەزرێنەران. هەڵبەت لەوە دا هێچ گومان نییە ئەو کاتەی من چوومە ناو کۆمەڵە کەسی هەرە کەم تەمەنی ئەو گرووپە بووم. ئەمن لە سەر ئەو باوەڕە بووم و ئێستاش هەر وام کە قەبووڵ کردنی مەڕام و مەسلەک و بەشداری لە گرووپێک دا بۆ من بە مانای ئەوە نییە لە فکری پلەو پایە دا بم . چ جیاوازی نییە بۆ من لە سەرەوە بم یان خوارەوە ، سەردەست بم یان ژێردەست ، مەرجی سەرەکی خزمەت کردنە. بە بۆچوونی من ئەو کەسانەی کە دەکرێ وەکوو ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی ژ.ک ناویان ببردرێ بریتین لە ئاغایان: محەمەد نانەوا زادە *، حوسێن فرووهەر ، عەبدولڕەحمان ئیمامی ، ڕەحمان زەبیحی ، قاسم قادری ، مەلا عەبدوڵا داودی ، محەمەد یاهوو ، مەلا قادر مودەریسی ، سەدیق حەیدەری و عەبدولڕحمان کەیانی. بەڵام نابێ حەق نەگوترێ کە گشت ئەو تەشکیلاتە و دامەزراندنی کۆمەڵە بیری میرحاجی عێڕاقی پێکی هێنا و گەورەترین دەوری سەرەکی بە ملەوە بوو و هەر ئەویش بوو کە توانی بانگەوازی ئەوانە بکا لە پێناو ئەو کارە گەورەیە دا هەنگاو هەڵێننەوە.
 نوختەیەکی دیکەی کە یەکجار جێی داخ و لە لایەنە لاوازەکانی ئەو تەشکیلاتە وەحیساب دەهات نەبوونی مەڕامنامە و ئەساسنامە ئەویش بە نووسراو بوو و لە ڕاستیدا ئەندامان تەنێ شتێکی گشتیان دەزانی سەبارەت بە ئامانج و مەڕامی ئەو ڕێکخستنە. لە سەرەتاوە حەول دەدرا کەسانێک وەک ئەندام ڕابکێشرێن کە سەڵاحییەتیان تاقی کرابێتەوە و لە دووی درابێ ، کەسانی فیداکار بن و باوەڕییان هەبێ بە ئامانج و مەڕام بەڵام بەرە بەرە کە ئەو کۆمەڵەیە لە حاڵەتی نهێنی هاتە دەرێ و خۆی ئاشکرا کرد و لە لایەکی دیکە بە وەرگرتنی ئەندام بە بێ پێڕاگەیشتن بە سەڵاحییەت و کەسایەتی ئەوان کۆمەڵە بوو بە سیایی لەشکر و لە ماوەیەکی کورت دا لە هەموو کوردستان دا پەرەی سەند. لەوەش دەرچێ بە هاتنی ژمارەیەک لە سەرۆک عەشیرەتەکان و دەوڵەمەند و خاوەنموڵک و شێخەکانی ناوچە بۆ ناو کۆمەڵە دەستەڵات لە دەست هەیئەتی دامەزرێنەر و هۆگرانی ڕاستە قینە هاتە دەرێ. تا ئەو جێگایەی کە تەنانەت ناوی کۆمەڵەیان لە کۆمەڵەی ژ.ک وە گۆڕی و کردیان بە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و ئەوەش تەواو بە پێچەوانەی ئەو سوێندەی بوو پێشتر خواردبوویان . هەڵبەت ئەو ناو گۆڕینە بە پێی ئامۆژگاری و فەرمانی کاربەدەستانی شووڕەوی ئەنجام درا و هۆی ڕاستەقینەی ئەوەش ئەوە بوو لەبەر ئەوەی دەوڵەتی شووڕەوی بە تایبەتی حکوومەتی ئازەربایجانی شووڕەوی کە هەڵسووڕێنەری سەرەکی هەموو جۆرە چالاکی سیاسی بوو لە بەشی ڕۆژئاوای ئێران پێی وا بوو دانەر و دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە میرحاجی عێڕاقی بووە و ئیحتیمالی هەیە یەکێک بێ لە دەستنێژانی ئینگلیس ، جا بۆیە پێویست بوو لە سەرەتاوە ناو و عینوانی حیزب بگۆڕدرێ دوایە بە بانگهێشتنی سەرکردە و تاکوتەرای بە نفووز بۆشووڕەوی دەیەویست بە تەواوی چالاکی حیزب بخاتە دەست خۆی.
 لە لایەکیشەوە جێگای داخ بوو کە تاکوتەرای سیاسەتمەدار و خوێندەوار و باشمان نەبوو. تەنێ عەقیدە و ئیمان و فیداکاری بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورە بەس نییە ، دیرایەت و سیاسەت زۆر جار دەتوانێ لە هێزی عەسکەری و شەڕ زیاتر کاریگەر بێ. هەر وەک لە ڕەوتی سیاسی و ڕووداوەکانی دواتر دا دیتمان چلۆن قەواموسەلتەنە بە مانۆڕێکی سیاسی ئەڕتەشی دەوڵەتی شووڕەوی لە ئێران دەرپەڕاند و لە ئاکامی ئەو مانۆڕە سیاسییە دا هەموو چالاکە سیاسی و نەتەوەییەکانی ئازەربایجان و کوردستانی پووچەڵ کردەوە .هەڵبەت ئەو بابەتانە پێویستە بە دوورو درێژی قسەیان لێوە بکرێ کە هەڵیان دەگرین بۆ کات و دەرفەتێکی دیکە. لەگەڵ گشت ئەوانە بە حەقیقەت و بە دڵقایمییەوە دەبێ بگوترێ کۆمەڵەی ژ.ک بناخە و بنچینە و دایکی خەباتی نەتەوەیی لەو ناوچەیە دا بوو . بە جێیە سلاو بنێرین بۆ گشت ئەو کەسانەی لەو ڕێبازە دا گیانیان لە دەست دا یان تووشی دەربەدەری ، زیندان و ئاوارەیی هاتن و ئێستا سەریان ناوەتەوە. روحیان شاد بێ و بیرەوەرییان هەمیشە پیرۆز بێ.
* خودا لێ خۆشبوو نانەوازادە کە لە جەنگەی خەباتی نەتەوەیی دا پلەی سەرهەنگی درابوویە لە کەوتنی فڕۆکە لە بەرەی سەقز گیانی لە دەست دا و ناوی وی بۆ هەمیشە لە کاروانی تێکۆشەرانی نەتەوەیی کورد دا ئاستە کرا.

********
 تێبینی وەرگێڕ: ئەو بابەتەی نەمر ڕەحمان حەلەوی لە تۆڕی کۆمەلی فەیس بووک دا بە زمانی فارسی بڵاو کراوەتەوە. دوکتور حەلەوی بەر لە ڕاگەیاندنی کۆمار بە وەرگرتنی بوورسی خوێندن چووە ئازەربایجانی شووڕەوی.دوای ڕووخانی جمهووری کوردستان بە بێ ویستی خۆی ناردراوە ئێران.دیسان چووەوە شووڕەوی لەوێ تووشی ناخۆشی و زیندان هات. دوا جار گەڕاوە ئێران و لە بەشی حقووق لە زانکۆی تاران دوکتورای وەرگرت و کاری پارێزەری دەکرد. نەمر حەلەوی لە ٢- ئۆکتۆبری ٢٠١٠ لە تەمەنی ٨٩ ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە و لە مەهاباد نێژراوە. ئەو ڕیوایەتە کورتە لە مەڕ ' کۆمەڵەی ژیانی کورد' زنجیرەی ١٢ هەمی بیرەوەرییەکانێتی کە لە تۆڕی کۆمەڵی فەیس بووک دا بە زمانی فارسی  لە لاپەڕەی 'رحمان حلوی ' دا بڵاو بووەتەوە. وێنەکانی ڕەحمەتی دوکتور حەلەوی ش بە سپاسەوە  هەر لەو لاپەڕەیە وەرگیراون.



No comments: