وتوێژ لەگەڵ دوکتور مراد بەتوول (ڕۆحی) وانەبێژ، دیپارتمانی مێژوو، لە کوینز یوونیڤێر سیتی، کینگستن، کانادا
وتوێژ لەگەڵ دوکتور مراد بەتوول (ڕۆحی( وانەبێژ، دیپارتمانی مێژوو، لە کوینز یوونیڤێر سیتی، کینگستن، کانادا لەمەڕ تێزی دوکتورایەکەی: “Architecture of Domination: Imperialism, Infrastructure and the Territorialization of an Iranian Nation-State (1860-1928)
" مێعماری سوڵتە: ئەمپریالیزم ،ژێرخان و قەڵەمڕەوسازی دەوڵەت – نەتەوەیەکی ئێرانی (
١٩٢٨-١٨٦٠)
ئەم هەڤپەیڤینە ئێوارەی دووشەمە ١٠-ی ئووت بە ڕێگای پلاتفۆڕمی میتس ڕاستەوڕاست لە
بەرنامەی ڕاوێژی ستێرک تیڤی دا بڵاو کراوەتەوە
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێربێنەوە بۆ بەرنامەی
ڕاوێژ. لە ڕاوێژی ئەمجارەمان دا میوانداری دەکەین لە بەڕێز دوکتور بەتوول یان دوکتور ڕۆحی کە ئێستا
وانەبێژە لە کوینز یونیڤێرسیتی و لە مانگی ژانڤییەی ئەمساڵ دا لەو زانکۆیە لە
کانادا ، لە دیپارتمانی مێژوو دا دوکتورای وەرگرتووە سەبارەت بە: " مێعماری
سوڵتە: ئەمپریالیزم، ژێرخان و قەلەمڕۆ سازی دەوڵەت – نەتەوەیەکی ئێرانی
(١٩٢٨-١٨٦٠).ئێمە زۆر خۆشحاڵین کە بەڕێزیان لەم بەرنامەیە دا بەشداریمان لەگەڵ
دەکا. بەڕێز
بەتوول ئەم کاتەت باش!
دوکتور مراد بەتوول (ڕۆحی): مامۆستا گیان، سپاس بۆ ئەو
دەرفەتە سڵاوی تایبەتم هەیە بۆ خۆتان و هەر وەها بۆ بینەران و بیسەرانی ئەو
پڕۆگرامە؛خۆشحاڵم لەگەڵتانم ئەمڕۆ.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم، پێش هەموو شتێک پێم
خۆش بوو کە ئەم دەستە گوڵەت پێشکێش بکەین بە بۆنەی وەرگرتنی دوکتوراکەت بەڕێز مراد
ڕۆحی و هەر وەها هیوادارم ڕۆژێک لە ڕووی تێکنیکییەوە ئیمکانی ئەوە هەبێ کە مرۆ
بتوانێ بەو شێوەیەش دەستەگوڵ بنێرێ. هیوادارم ئەگەر ڕۆژێک ڕێگات لەم لایانە کەوت
لە نزیکەوە دەستە گوڵەکت پێشکێش بکەین.
دیارە ئەمن دەزانم بەڕێزت پێم وابێ لە شۆڕشی
ژن ژیان ئازادی بەم لایەوە بێجگەلە ناوی فامیلی خۆت کە ڕۆحییە،' بەتوول'یش بەکار
دێنی وا بزانم بەتوول ناوی دایکی بەڕێزتە. پێم خۆش بوو لە سەرەتای بەرنامەکەمان پێش
ئەوەی کە باسی تێزەکەت بکەین و بچینە ناو ناوەرۆکی، باسی ئەوە بکەی چۆنە ئەو ناوە
فامیلییە تازەیەت هەڵبژاردووە، یان زیادت کردووە لە ناوەکەی پێشوو؟ فەرموو!
بەتوول(ڕۆحی): زۆر سپاس بەڕێز قازی لە پێشدا مەمنوونم
بۆ ئەو دەستە گوڵە جوانە. زۆر زۆر سپاس هیوادارم پێش ئەوەی کە گوڵەکە ویشکەوە
بێتەوە ئیمکانی بینینی یەکترینمان بێ بە حزووری.سپاسی تایبەت بۆ ئەو دەستە گوڵە
جوانە. لە پێوەندی لەگەڵ پرسیارەکەتان من بە پێویستی ئەزانم کە ئەوە ڕوون بکەمەوە
ڕاستییەکەی. چون لە لە دوو دانە فامیلی نێو ئیستیفادە دەکەم؛ یەکێکی نێوی فامیلییەکە
کە بە حوکمی ناسنامە و ئەوانە قاعیدەتەن وەکوو هەر کەسێک کە هەڵگری ناسنامەی ئەو
وڵاتانە بێ نێوێکی فامیلی لە لایەن دەوڵەتەوە وەکوو شتێکی فەرمی بە سەری ئێمە دا
تا حەدێکی زۆر دەتوانین بڵێین سەپێنراوە و یەکیش فامیلییەکە کە بۆخۆم پێم خۆشە لێی
کەڵک وەربگرم. ئەویش هەر وا کە باستان کرد نێوی دایکمە. بەو بۆنەیەوە کە لە شۆڕشی
ژن ژیان ئازادی یا شۆڕشی ژینا بە ڕاستی کاریگەرییەکەی فەقەت ئەوە نەبوو کە لە
ئاستی سیاسییا چ پێش هات یا چ پێش نەهات، لە لحازی گرینگیشی بۆ تەئسیراتێکی
ئیجتیماعی قووڵ و درێژی، کاریگەرییەکی وای لە سەر من هەبوو کە هەستم کرد پێم خۆشە
لە نێوی دایکم وەکوو نێوی فامیلی ئیستیفادە بکەم و ئەوەش شتێکی بە ڕاستی نوێ نییە.
من لە دەور و بەری خۆم، لە گوندەکەی خۆمان و تەنانەت دواتریش کە لە سەر ئەو
پایاننامەیە کارم کرد، لە سەر مەسەلەن ناوچەی لوڕستان و ئەوانە کەسی زۆر هەن کە بە
نێوی دایکیانەوە پێناسە دەکرێن،وە ئەوە شتێکی تا حەدێکی زۆر باو بووە لە چاند و
کولتووری شوێنە جیاجیاکانا لەوانە ناوچەی زاگڕۆس و ئەو شوێنانە. بەو بۆنەوە من حەزم کرد کە لە جێگەی
ئەوەی کە فامیلییەک کە دەوڵەت لە سەر منی داناوە، لە فامیلییەک کەڵک وەربگرم کە
بۆخۆم هەڵم بژاردووە و فەلسەفەیەکی سیاسی موعەیەنیشی لە پشتەوە هەبێ. بەڵام لەبەر ئەوەی کە پێویست نیسبەت بەو کارانەی کە
پێشتر مەشغووڵی بووم بەهەر حاڵ وەکوو ئایدێنتیتی یا هووییەتێک کە ئینسان لینکێک
لەبەین شتەکانا بەرقەرار بێ لە ئەو
فامیلییە ڕەسمییەش کەڵک وەردەگرم هێشتا!
قازی: دیارە ئەوەی کە ئێوە باستان کرد لە ناوچەی
موکریانیش عەشیرەتێک هەیە بە نێوی عەشیرەتی مەنگوڕ کە لە زەمانی کۆن دا بە کەڵەک و
دۆڵاب لە مەراغە زۆربەی پیاوەکانیان
کووژراون ئێستا نێوی هەموو بەرە دایکەکان (بەرە بابەکان) بە نێوی دایکانە:بەرەی
مرۆتێ، بەرەی زێنێ تا دوایی. وەکوو باستان کرد دیارە ئەوە لە کولتووری کوردیدا
هەیە. زۆر سپاس بۆ ئەو ڕوون کردنەوەیە.
ئێستا بێینە سەر تێزی دوکتوراکەتان کە لە
مانگی ژانڤییە دا پێشکێشتان کردووە لە ساڵی ٢٠٢٦ بە ناوی " مێعماری سوڵتە:
ئەمپریالیزم، ژێرخان و قەڵەمڕۆ سازی
دەوڵەت – نەتەوەیەکی ئێرانی ( ١٩٢٨-١٨٦٠) "، دیارە لە زۆر جێگا بۆ ساز کردنی
ئەو بابەتە باسی بیری نەتەوەیی، زمان و بەربەرەکانی کراوە بەڵام پێم وایە ئێوە لە
تێزەکەتاندا زیاتر کێشانی خەتی تێلگراف، جادەسازی، کەشتی هەڵم و گومرگ و ئەوە
پێتان وایە ئەو هۆیانە بوون کە لەو مەودا زەمانییە دا ئەوەی کە پێی دەڵێن دەوڵەت
نەتەوە ڕێک بخەن بەتایبەتی لە نێوان ئەو ساڵانە دا کە دیارە ئێوە لێتان
کۆڵیوەتەوە. لەو زەمینەیە دا ئەگەر هێندێک شی بکەیەوە باش دەبێ فەرموو!
بەتوول (ڕۆحی): زۆر سپاس. لە ڕاستیەکەیدا ئەو
پایاننامە یا ئەو تێزە نەتیجەی چەند ساڵ کاری پڕۆژەی پێ ئیچ دی یا کاری دوکتوری
بوو لەو زانکۆیەی کە باستان کرد. کوینز یونیڤێرسیتی کە لە شاری کینگستن ە لە
کانادا. پێش ئەوەی کە من ئەو پڕۆژەیە دەست پێ بکەم پێشتر کارێکم لە سەر میرنشینی
ئەردەڵانەکان ئەنجام دابوو، پاش ئەوەی کە دەورەی کارشناسی ئەڕشەد یا ماسترم لە زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تەواو
کرد. ئەو کارە بە شێوەیەک لە شێوەکان منی لە دیپارتمانی کۆمەڵناسییەوە لینک کردە
دیپارتمانی مێژووەوە. چون من پێش پی ئێچ دی، لە دیپارتمانی کۆمەڵناسی دەرسم
دەخوێند و لەو پڕۆژەیە دا بوو کە من گرینگی مێژوو زۆرتر بۆم دەرکەوت ئیدی لەبەر
ئەوە ئەمن لینک کرام لە سەر ئەوە کار بکەم کە ئەو شتەی کە ئێستا پێی دەڵێن دەوڵەتی
ئێران. سەرەتاکانی ساز کردنی بە چ مۆدێلێک بووە، بە چ شێوەیەک بوو ئێرانێک وەکوو
دەوڵەتێکی سەرزەمینی، وەکوو نەیشن – ستەیت ێک کە ئێستە ئەیبینین لە ڕاستیدا چ جۆر
پەیدا دەبێ. دیارە ڕوانگەی باو، نەزەرییەی غاڵب، ڕوانگەی غاڵب لە ناو موتالەعاتی
مەڕبووت بە ئێران ئەوەیە کە ئێمە دەوڵەتێکی کۆنی ئێرانیمان هەیە لە کانتێکستی
ئینگلیسی دا بە پێرشیا ناوی لێ دەبەن، لە متوونی فارسیشدا بەو ناوەوە ئاماژەی پێ دەکەن. بەحسیان ئەوەیە
کە ئێمە دەوڵەتێکی کۆنی ئێرانیمان هەبووە و ئەو دەوڵەتە کۆنە ئێرانییە لە فەراز و
نەشیبگەلی جۆر بە جۆرەوە تێ پەڕیوە، گوزەری کردگە و ئێستا ئەو شتەیە کە خەریتەکەی،
نەخشەکەی وەک پشیلەیەک ئەبینین. بەڵام ئەو دەولەتە کۆنە، قیدمەتەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ
پێش ئیسلام بۆ ئیمپڕاتووری هەخامەنشی و کێ و کێ و ئەوانە بەڵام وەکوو دەوڵەت وەکوو
نەهادی ستەیت و جیا لەوە وەکوو نەشناڵ ئایدێنتیتی وەکوو شوناسێکی نەتەوەیی کە ئەو
دەوڵەتەی ڕاگرتووە ئەمە شتێکی نەگۆڕ بووە لە هەزاران ساڵی پێشەوە تا ئێستا هەر
هاتووە و هەر ماوەتەوە و ئەوانە.
دیارە لە موتالەعاتی جەدید دا ڕەخنە لەو
بۆچوونانە گیراوە، لە لحازی دیسکۆرسەوە، لە لحازی گوفتمانی کە چ جۆری ئەو ڕوانگەیە
هەڵەیە و فڵان و فیسار، بەڵام لە لحازی تاریخ نووسییەوە، یانی تۆ مێژوویەک بنووسی
کە نیشان بدەی کە چ جووری ئاوا ڕوانگەیەک نیسبەت بەو مێژووە ڕوانگەیەکی هەڵەیە و
ئێمە ناتوانین قسە لە دەوڵەتێکی پەیوەستەی موتەداوم بکەین لە گوزەری قەرنگەلی
موختەلیفا و لە نیهایەتا ئێستا کە مەسەلەن نێوی ئێرانە.
قازی: زۆر باشە، ئێستا ئەگەر دەکرێ هێندێک بە
کورتیش بێ باسی ئەوە بکەی ئەو کارانەی کە کراوە بۆ جادە سازی، و کەلکوەرگرتن لە
کەشتی هەڵم یانی ئەو هۆکارانەی کە لەو سەروبەندی دا ئەو وەزعەی لێ کەوتووەتەوە.
بەتوول(ڕۆحی): تەنێ من شتێک لەسەر ئەو بەحسەی پێشوو
ئیزافە بکەم کە من لەو تێزە دا دا گەرەکم بوو ئەوە نیشان بدەم، وتم لە لحازی
دیسکۆرسیڤەوەوە بەحس کراوە کە چ جۆری کانسێپتی ئێران و دەوڵەتی ئێران و ئەوانە
شتێکی نوێ یە و ئەو بەحسانە بێ بنەمایە کە ئێرانێکی کۆن هەبووە، بەڵام گەرەکم بووە
کە بەشێوەیەکی کانکریت نیشان بدەم کە ئەو ئێرانەی کە ئێستا هەیە چ جۆری دروست
دەبێ، چ جۆری ساز دەبێ و بەو بۆنەوە من هەوڵم داوە بە جێگەی ئەوەی کە تەمەرکوزم لە
سەر ئایدێنتیتی بێ، لەسەر کولتوور بێ، لەسەر زمانی فارسی بێ یان شتانی فەرهەنگی
بێ، هەوڵم داوە کە تەمەرکوزم لە سەر گۆڕانکارییە مادییەکانی دروستکردنی دەوڵەت بێ.
یانی مادییەتی ئەو دەوڵەتە چییە کە ئیستە ناوی دەوڵەتی ئێرانە و چ جووری دروست
بووە. لە تاریجێکی موعەیەن دا نیشان دەدەم کە ئەو دەوڵەتە، بە شێوەگەلی موشەخەس،
لە سەر بنەمای تەحەولاتی مادی موعەیەن شتێک بە ناوی دەوڵەتی ئێران لە نیوەی دووەمی
سەدەی ١٩وە دواتر وردە وردە پێک دێ.
جا ئێستا باسی ئەو ژێرخانانەی کە باستان کرد،
یانی مەجمووعەیەک لە ژێرخانە کە لە حدوودی ١٨٦٠وە بەرەو پێش بە شێوەیەکی سیستماتیک
ئەو سازوکارە حوکمڕانییەی کە پێشتر هەبووە تووشی گۆڕانکاری ڕادیکاڵی دەکا یانی
موتەحەولی دەکا لە دەروونەوە.
بەشێک لەو گۆڕانکاریانە، یان بەشی زۆری
ئەو گۆڕانکاریانە هیچ پێوەەندی بەوەوە نییە مەسەلەن کە لە ناوخۆی ئێران چی
دەگوزەرێ، یا لە ناوخۆی مەمالیکی مەحرووسەی قاجار دا چی دەگوزەرێ. بەشی زۆری ئەو
تەحەولاتە ڕەبتی بە تەحەولاتی دوو دانە ئیمپراتووری بریتانیا و ڕووسییەوە هەیە کە
لە شومال و لە جنووبەوە بە شیوەی جۆراوجۆر باعیس دەبن کە تەحەولاتێکی ئابووری و
سیاسی و شتی جۆراوجۆر ڕوو بدات و ئەو تەحەولاتە وەکوو فشارێک دێتە سەر مەمالیکی
مەحرووسە کە مەمالیکی مەحرووسە لە ناوەوە تووشی گۆڕانکاری دەکا.
دواتر دەتوانین بچینە سەریان موشەخەس ئەو ژێرخانانە باس بکەین بەڵام گشت شتەکە
ئەوەیە کە ئێمە مەجمووعەیەک ئینفراستراکچر یا ژێرخانمان هەیە. ئەو ژێرخانانە بە
هێزی دوو ئیمپراتووری ئەمپریالیستی دروست دەبن.
قازی: ئێستا ئێوە باسی
چەمکی مەمالیکی مەحرووسەتان کرد، دیارە مەمالیک جەمعی مەملەکەتە و هەر دووکیان بە
ڕەچەڵەک پەیڤی عەڕەبین کە ئەوە لە زەمانی قاجارەوە بە کار هاتووە و وا بزانم تا
سەردەمی مەشڕووتییەتیش لە کاتی ڕاگەیاندنی بەکار هاتووە و دوایە بەکار نەهاتووە.
ئێستا بەشێک لەو میلەتانەی کە لە چوارچێوەی ئێستای ئێران دان داوخوازی
نەتەوایەتییان هەیە، داوخوازی ئەوەیان هەیە مافەکانیان، مافە سەرەتاییەکانیان جێ
بەجێ بێ و دابین بکرێ وەکوو دەستاوێژێک، وەکوو ڕێفرێنسێک باسی ئەوە دەکەن کە ئەو
وڵاتە لە زەمانێکدا ناوی " مەمالیکی مەحرووسەی ئێران " بووە و لەوە
نەتیجە وەر دەگرن کە ئەوانە بەش بەش بوون و هەر یەکەی ویلایەتێک بوون بە سەری
خۆیان. بەڵام تا ئەو جێگای کە ئێمە دەزانین ئەو مەمالیکە ڕاستە لەوانەیە
ڕاستەوڕاست گرێ نەدرابن بە تاران یان پێتەخت بەڵام ئەگەر باج و خەراجێکیشیان دابێ
داویانە بەو شایەی کە لە مەرکەزێک لە تاران یا لە ئیسفەهان یا لە شوێنێکی دیکە
بووە. یانی دە ڕاستیدا ئەو مەملەکەتە دەو چوارچێوەیە دا بە مانای ئەیالەت یان
ویلایەتی ئەم سەردەمەیە. بەڕێزت لە تێزەکەتدا ئەو 'مەمالیکی مەحرووسە' یانی دەور
دراو و پارێزراو چۆن شی دەکەیەوە؟ فەرموو!
بەتوول(ڕۆحی):
ئەوە زۆر پرسیارێکی گرینگە و ئێستاش ڕۆژانە بە هەزاران لەوانەیە؛ پۆستی سۆسیال
میدیایی و لە مەس میدیای فارسی و ئێرانیدا ڕۆژانە سەدان گوزارش و تەحلیل دێتە دەرێ
و بەکگراوندو پشتی سەحنەی ئەو گوزارش و
رێپۆرت و تویت و چووزانم ئەو بەحسانەی کە بەشی زۆرینەی چەپ و ڕاستی ئێرانی ئەوە دەکا
ئەتوانێ بەکگراوندی ئەو شتانە زۆر تێک بدا. بەو بۆنەیەوە کە فەهمی عموومیcommon
sense ی ئێرانی ئەوەیە کە ئێمە دەوڵەتێکمان
هەبووە، دەوڵەتێکی یەک دەستمان هەبووە ئێستا ئەو دەوڵەتە ناوی قاجار بووە، مەسەلەن
فەڕز کەین لە لحازی efficiency حوکمڕانییەوە ئەو جوورەیەکە دەوڵەتی ڕەزا شا هەیبوو ئەو بەو شێوە
نەبوو و ئەوانە. بەڵام لە نیهاتا ئەوان موعتەقید بەوە هەن کە ئێمە یەک شتی یەک
دەست و یەکگرتوومان بە ناوی دەوڵەت بووە وە قاعیدەتن هەر ناویشی لێ دەنێن ئێران.
بەڵام ئێمە ئەگەر لە ئەوەڵا لە لحاز
فەرمییەوە چاو لە داستانەکە بکەین شتێکمان بە ناوی مەمالیکی مەحرووسەی ئێران نییە.
دروستە نەقشە هەیە مەسەلەن ئی ١٧٢٢ یە عوسمانییان کێشاویانە وە لە سەری
نووسیویانە مەمالیکی مەحرووسەی ئێران،
بەڵام هیچکام لەو دەسەڵاتانەی چ سەفەوییە بێ، چ پاشتر زەند یا مەسەلەن ئەفشار یا
دواتر قاجار بێ ئەوانە خۆ بە حکوومەتەکەی خۆیان نەیانگوتووە مەمالیکی مەحرووسەی
ئێران. حکوومەتەکەی خۆیان نێوی بنەماڵەکەی خۆیان بووە، مەمالیکی مەحرووسەی قاجار
بووە، مەمالیکی مەحرووسەی سەفەوییە بووە و فڵان. دەر نەتیجە ئێمە لە لحازی
فەرمییەوە شتێکمان نییە بە ناوی مەمالیکی مەحرووسەی ئێران. ئەوە زۆرتر نێوێکە کە
بەشێوەیەکی cultural
لە نێو ئەدەبییاتی فارسی دا هەیە بەڕاستی. تەنانەت ئەدەبییاتی عەڕەبیش کە زۆرینەی
تێکستی ئەو سەردەمە بەو زمانە بەرهەم هاتووە خوب
وشەی ئێرانمان هەیە ئەوە کەس ناتوانێ نکووڵی لێ بکا. لە دەورانی میانەش دا
ئەو شتانەمان هەیە بەڵام ئەوە نێوێکی کولییە بۆ پانتاییەکی فرەتری جوغرافیایی تا
ئەوەی کە ئێشارە بە واحیدێکی سیاسی موعەیەن بکات.
مەمالیکی مەحرووسە چییە؟ مەمالیکی مەحرووسەی قاجار، ئەلبەتە مەمالیکی مەحرووسە هەر
ئەوە نییە بۆ قاجار ئیستیفادەی لێ کرابێت، بە عوسمانیانیشیان هەر گوتووە مەمالیکی
مەحرووسە، ئیمپراتوورییەی گورگانییەکانیش لە هێند دا ئەوانیش لەفزی مەمالیکی
مەحرووسەیان هەبووە. مەمالیکی مەحرووسە لێرە دا فرەتر لەوە کە ئیشارە بە نەزمێکی
سانتڕاڵ بکا کە لەو سێنترەوە مەجمووعەیەک واحیدی ئەیالەتی لە فۆڕمی مەسەلەن
فێدارلیستی دا پێکەوە گەیشتوونەتە یەک نەوع ئەرەنجمێنتێکی سیاسی. فرەتر لەوە کە
ئیشارە بە شتێکی ئاوها بکات ئێشارە بە نەوعێک نەزمی سیاسیی پیچیدە دەکات کە بە
ڕاستی بە بڕوای من کاری تاریخی باش لە سەری نەکراوە و پێویستە زۆر کاری تاریخی
دەقیقتر لەسەری بکرێ تا ئێمە بتوانین تەوزیح بدەین کە خودی نەزمی مەمالیکی مەحرووسە
چ جۆری بووە.
مەمالیکی مەحرووسە ئەتوانێت مەسەلەن فەرز کەین لە تاران ئەو پاشایە حوکمی بڕوا تا
دەروازەکەی تاران ، بەڵام تۆ کە لە دەروازەکەی تارانەوە ئەچیتە دەرەوە گوندێک
پەیدا بکەی لە ناو چۆڵ و دۆڵێک بێ کە ئەسڵەن حوکمڕانی و ئاوتۆریتەی شای قاجار بە ڕەسمییەت
نەناسن. جا چ بگاتە ناوچەگەلێک وەکوو بەلووچستان، وەکوو کوردستان، وەکوو لۆرستان
وەکوو ئەو شوێنەی کە ناوی عەڕەبستان بوو ئێستا کردوویانەتە خووزستان. ئێمە لە تەک
نەزمێکی زۆر زۆر پیچیدە دا ڕووبەڕووین کە ئەو نەزمە پیچیدەیە هەر بەیس و ئەساسی لە
سەر خودگەرانییە، لەسەر ئاوتۆنۆمی یە. و ئەساسی ئەو ئاوتۆنۆمیشە فرەتر
هەڵئەگەڕێتەوە بۆ تەوانایی دەوڵەت. یانی کاپاسیتی دەوڵەت وەکوو نەهاد. کاپاسیتی
دەوڵەت وەکوو نەهاد زۆر زۆر لاوازە. بەو ئەندازەیە لاوازە کە وەکوو مساڵ ئێمە
عەڕەبستانمان هەیە وەکوو میرنشینێک کە لەو دواییانە دەزانین ئاخرین میریشیان خەزعەل بووە و ئەمە بە
شکڵێکی فۆرماڵ لە ژێر هەر ئەو چەتری مەمالیکی مەحرووسە دا بووە و ئێران یانی قاجار
لە تارانەوە حاکمێکی تەعیین دەکرد کە بڕوات بۆ عەڕەبستان لەو حەلە وەکووحاکمی
ئێرانی لەوێ دابنیشێ بەڵام ئەو حاکمە شتێکی کاریکاتۆری بوو، هەر شتێکی فۆرمالیتە
بوو ئەسڵەن قودرەتێکی ئەوتۆی نەبوو، قودرەتە ئەسڵییەکە لە دەستی ئەو کەسانە دا بوو
کە لەو ناوچەیە دا حوکمیان دەکرد. وە ئەو کەسە ئەسڵەن چ جۆری ئەڕۆیشت کە بگاتە
عەڕەبستان. یانی ڕێگە نەبوو خۆ لە تارانەوە بڕوا تا ئەگاتێ. پێگەی حکوومەتی لە
شووشتەر بوو وە لە تارانەوە ئەو حاکمە نەی
دەتوانی موستەقیم ڕێک بڕوا تا ئەگاتە شووشتەر. ئەو ئەهاتە کرماشان لە کرماشانەوە
ئەچووە ناوچەی عوسمانی، لە بەغداوە ئیحتیمالەن بە کەشتی بریتانیاییەکان لە دەجلەوە
ئەهاتەوە خوارەوە بەسرە، لە بەسرەوە دووبارە ئەگەڕایەوە هەتا ئەچۆوە شووشتەر. و بۆ
ئەوەش کە بگاتە شووشتەر.
مەسەلەن من کەیسی بەو جوورەم هەبووە کە
حاکمێک کە لە لورستانا ئەبێ ئینتیخابی ئەکەن، ئەوە تەنانەت پێش لە شەڕی جیهانی
یەکەمیشە. حاکمێک کە بە ڕێکەوت لە لورستان ئەبێ ئینتیخابی ئەکەن بڕوات ببێ بە
حاکمی عەڕەبستان جا ئەو حاکمە ناتوانێ بڕوات فاسڵەی ئەو شوێنیەی کە دەبوو بڕوا تا
بگاتە شووشتەر مومکینە کەمتر لە دوو سەد کیلۆمیتر بێ بەڵام ناتوانێ بڕوات
سەفەرەکەی بۆ شەش مانگ ئەخاتە دواوە کە لە تەک کۆچی هاوینەی یەکێک لە عەشاییرەکان
بروات کە بگاتە ئەو شوێنەی کە حکوومەتی هەیە.
مسالێکی ترمان هەیە ئیحتیشاموسەلتەنە کە
یەکێک لە حاکمانی ئەردەڵانە لە سەروبەندی ساڵی ١٩٠٠ و ئەوانە دا، ئەو حاکمە لە
بیرەوەرییەکانی خۆیدا خۆی دەنووسێت کە ئەڵێ من سەربازانی حکوومەتیم ناردووە کە
ماڵیات لە ئیلی جاف بستێنن بەڵام ئیلی جاف ئەو سەربازانەیان گرتووە ئالفیان پێ
دووراندوون. یانی کاپاسیتی دەوڵەت ئەوەندە لاواز بووە، یانی قودرەتی دەوڵەت
ئەوەندە لاوازە کە هەر وەکوو شتێکی فۆرمالیتەیە، قودرەتە ئەسڵییەکە و دەسەڵاتە
ئەسڵییەکە لە دەستی کەسانی دیکەیە کە لە سەر ئەرزی واقیع لە ڕاستیدا خەریکن
بەڕێوەبەرایەتی شتەکان دەکەن و ئەو ساختارە ئەوە نییە کە لە مەرکەزەوە نەزمێک هەبێ
ئەو نەزمە بە شێوەیەکی هایرارکیکاڵ لە سەرەوە بێ بەرەو خوارەوە و لە بنەوە گشتی
ئەمانە گرێ باتە یەکەوە.
هەر ناوچەیەک ئەرنجمنتی تایبەتی خۆی هەیە،
هەر ناوچەیەک تەنزیمات و ڕەوابیتی قودرەتی
خۆی هەیە کە مەجمووعەی ئەو شتانە لە نەهایەتدا مەمالیکی مەحرووسە پێک دێنن. کە ئەو
مەمالیکی مەحرووسە زۆرتر نەزمێکی کۆنفێدراڵە، بەو مەعنایە کە تۆ شتێکی سانتراڵت
نییە کە لە سیستمێکی فدرالیستی دا هەر ئەیالەت یا ویلایەتێک بەر ئەساس تەقسیم
قوایەکی دەقیق ئەو جوورە بن و ئەو جوورە نەبن. ئەو مەناتقە هەر کامێکیان
ئاۆتۆریتەی ئەو شای قاجارەیان قەبووڵ ئەکرد. ناوچەی وا هەبوو دەوڵەت هێزی
هەبوو بڕوات ماڵیاتی لێ بستێنێ هەر ساڵ،
ناوچەی واش هەبوو بۆ دە ساڵ و پازدە ساڵ
یەک دانە مەئمووری دەوڵەتی نەی ئەتوانی ڕووی
تێ بکا و خەڵک ماڵیاتیان بە
دەوڵەتی مەرکەزی نەدەدا. دەر نەتیجە دەوڵەت لە ئەوها کانتێکستێکا زۆرتر شتێکی
لاوەکی و فۆرمالیتەیە، شتێکی nominal ە بە ئیستیلاحە ئینگلیزییەکەی. شتێکە کە فەقەت وەکوو
ئاوتۆریتەیەکی نۆمیناڵ هەیە بەڵام لەسەر عەڕزی واقیع شتانی دیکەن کە ئاوتۆریتەی
واقعییان هەیە. و ئەو نەزمە پیچیدەی مەمالیکی مەحرووسە زۆر زەحمەتە کە بیتێری سانتراڵی بکەیتەوە و ئەو
سانتڕاڵ کردنی نەزمی مەمالیکی مەحرووسە بە دەستی خودی ئێلیتی ئێرانی ڕووی نەدا،
بەدەستی خودی ئێلیتی قاجاری ڕووی نەدا کە
ئەوە لە دواتر دا باسی دەکەین، فەقەت نوقتەی موهیم ئەوەیە کە ئێمە بزانین مەمالیکی
مەحرووسە مەجمووعەیەکی پیچیدە لە سازوکارگەلی سیاسی جواروجۆرە. لە کوردستان دا بە
شێوەیەک بووە، لە لوڕستان دا بەشێوەیەک، لە بەلووچستان، بە شێوەیەک. بۆ وێنە لە
ئیسفەهان بە شێوەیەک و ئەم مەجمووعەی پیچیدە و ئەوانە، خاڵی مەرکەزی ئەو داستانە
ئەوەیە کە دەوڵەت هێزێکی وەهای نییە. ئەگەر چاو لە تاریخی دوور و درێژی ئەو شوێنەی
کە ئێستا ناوی ئێرانە بکەین پایتەخت لە ئەردەوێڵەوە ئەچێتە تەبرێز، لە تەبرێزەوە
تێ بۆ قەزوین لە قەزوینەوە ئەچێ بۆ
مەشهەد، لە مەشهەدەوە تێ بۆ شیراز لە شیرازەوە دووبارە ئەگەڕێتەوە ئەچێتەوە بۆ
تاران. خوب ئەم جێگۆرکێی پایتەختە چ بە ئێمە نیشان ئەدا؟ نیشان ئەدا کە دەوڵەت
شتێکی زۆر لاوەکی و ناسەرەکییە، بۆ وێنە تۆ ناتوانی شەو بخەویت و سوبحە هەستی لەندەن ئەو پایتەختە بیبەیە شارێکی تر لە بریتانیا،
ئەوە ناکرێ. ئەوەندە ئینستیتووشنی قەبە و گەورەی هەیە کە تۆ ناتوانی جێ بەجێی کەی.
بەڵام لە نەزمی مەمالیکی مەحرووسەی قاجار یا سەفەوی یا هەر شتێک لەو نەزمە دا
دەوڵەت ئەوەندە ئینستیتووشنی قەوی نییە کە نەتوانن جێ گۆڕکێی پێ بکەن. بۆیە بە
ڕاحەتی پایتەخت لێرە و لەوێ ئەڕوات.
قازی: زۆر باشە ئێوە لە تێزەکەتاندا
بە پێچەوانەی تاریخی ڕەسمی کە دەگوترێ،
لەو دەورە زەمانییە دا دەڵێم یانی لە ساڵی ١٨٦٠ تا ١٩٢٨ لە دەورەی قاجار و شای
یەکەمی سیلسیلەی پەهلەوی ڕەزا خان کە دوایە بوو بە ڕەزا شا باسی ئەوە دەکرێ کە
ئەوانە قوربانیی دەستی ئەمپریالیزمی بریتانیا وڕووسیا بوون بەڵام ئێوە وای بۆ
دەچن کە جۆرێک ئیشتراکی پەرژەوەندی هەبووە
دە نێو ئەوانە دا، یانی بۆ ئەوەی کە ئەوانە بتوانن لە سەر دەسەڵات بمێننەوە بە
شێوەیەک لە شێوەکان هاوکاری ئەو هێزە کۆلۆنیالیستیتانەیان کردووە . ئێمە لە باری
هووییەت سازییەوە ئەوە جوان دەبینین کە ئەو فکری ئێرانی کۆن و ئەوە شتێکە کە
ناسیۆنالیستە ئێرانییەکان ئەو فکرەیان لە ئۆریانتالیستی ڕۆژئاوایی وەرگرتووە و
هێناویانە شكل و شەمایلێکی ئێرانییان پێ داوە. لەو زەمینەیە دا ئێوە مەسەلەکەتان
لە تێزەکەتاندا چۆن لێکاڵا کردووەتەوەبە تایبەتی
لە ناوبەری ئەو ساڵانەیدا کە ئێوە لێتان کۆڵیوەتەوە؟
بەتوول (ڕۆحی):
یانی هەر وەک کە خۆشتان ئاماژەتان پێ دا لە لحازی فکرییەوە ئەو شتانەی کە
ڕۆژهەڵاتناسەکان لە قەڕنی ١٩ دا زۆرتر ئەو ئەدەبییاتەیان تەولید کرد، دواتر
ناسیۆنالیزمی ئێرانی دێ و ئەو ئەدەبییاتە هەڵئەگرێت وەکوو بنەمای فکری پڕۆژەکانیان
دای دەنێن.
عەرزم کردن وەختێک کە مادییەتی دەوڵەت لەبەر چاو بگرین یانی کارمان بەوە نەبێ لە لحازی دیسکورسیڤەوە لە مێشکی بۆ نموونە فڵان
نوخبەی دەورانی مەشرووتە دا چی گوزەراوە و چی نەگوزەراوە. کارمان بەوە بێ کە ئەو
دەوڵەتە مادییەتی چ جۆری بووە لە سەر عەرزی واقیع دا چۆن هەڵسووڕاوە. وەختێک کە
چاو لەو مادییەتە دەکەین دوو دانە شت زۆر زۆر گرینگە و بەرجەستە دەبێتەوە، کە هەر
دووکیشیان بە پێچەوانەی فەهمی عموومییەکە کە لە سەر ئێران هەیە. ئەو فەهمی
عموومییە هەم لە بەینی خەڵکی ئاسایی دا هەیە و هەم لە ئاکادێمییە جۆراوجۆرەکانی
داخڵی ئێران و دەرەوەی ئێرانیش ئەو فکرە هەیە ئەوە بازتەولید دەبێتەوە. یەکێک لەو
فکرانە ئەوەیە کە ئەمپریالیزم هات و ئەو حکوومەتەی لاواز کرد، ئەوەی کرد، تیکە
تیکە خاکی لێ داپچڕاند، موداخەلەیان کرد، حکوومەتی قاجاریان زەلیل کرد.
یەکێک لە تەسویرەکانی تر ئەوەیە ئەوانەی کە لە نەزمی ئامووزشی ئێراندا دەرسیان
خوێندووە، هەر لە دەورانی ئیبتیدائییەوە تا دەگاتە پایانی دەبیرستان مەجمووعەیەک
نەخشە پێمان نیشان دەدرا، نەخشەگەلی تاریخی ئی ئێران، مەسەلەن لە دەورەی
هەخامەنشییەوە دەستی پێ دەکا، نەخشەیەکی زۆر زۆر گەورەیە جا هەر لەبەرەوە دێ
ئیمپراتووری جۆر بە جۆر و نازانم چی و چی
ئەمانە ، و هەر دێ و چکۆلە ئەبێتەوە و چکۆلە ئەبێتەوە تا دەگاتە ئەو نەخشەیە کە
ئێستا شکڵی پشیلەیە ، و ئەلێن ئینگار ئیمپراتوورییەکی ئێرانی بووە لە زەمانێک، لە
هێندەوە کە ئەگاتە کوێ و کوێ، وەلێ هەر دێ و چکۆلە ئەبێتەوە تا دەبێتە ئەو شکڵی
پشیلەیە. ئەمە تەسویری دووەمە. تەسویری ئەوەڵیش ئەوە بێت کە ئیران زەلیلی دەستی
نازانم فڵانە.
بە بڕوای من ئەو دوو دانە هەر دووکی دەقیقەن پێچەوانەکەی دروستە. یەک، دەوڵەتی
ئێران مەحسوولی موستەقیمی موداخەلاتی ئەمپریالیستییە
لە ناوچەکە دا، یانی بێ هاتنی ئیمپڕاتووری
بریتانیا و بێ هاتنی ئیمپراتووری ڕووسیا و
بێ موداخەلاتی ئەمپریالیستی ئەوان دەوڵەتێک بەو شکڵ و فۆڕمە کە ئێستە ئێمە هەمانە
لە ئێران دا نێوی دەوڵەتی ئێرانە، دەوڵەتێک بەو شکڵ و شەماییلە نەی دەتوانێ شکڵ
بگرێ، بە تایبەتی دەوڵەتێکی سانتڕاڵی بەو شێوەیە کە ئێمە ئێستا ئەیبینین، و دوو،
ئەگەر ئێمە نەخشەکە بێنینەوە پێش چاوی خۆمان دەوڵەت لە ئێران دا لە درێژایی سەدەی
١٩ دا لە جیات ئەوەی کە چکۆلەوە بێ گەورە
بۆتەوە یانی مەسەلەن دەوڵەتی قاجار حەوزەی حوکمڕانی، حەوزەی ئیقتیداری فەقەت
مەناتقێکی چکۆلەی دەورو بەری شارە گەورەکانی مەرکەزی ئێرانە، بەڵام هەر دێینە
بەرەوە هەر گەورەتر ئەبێتەوە حەوزەی دەسەڵاتی گەورەتر ئەبێتەوە تا لە نەهایەت
دا ئەتوانێت ئەو نەخشەیە کە ئێستا شکڵی
پشیلەیە پڕی کاتەوە، یانی پڕی کاتەوە بە ئینستیووشنگەلێک، بە نەهادگەلێک کە لە
ناویدا دەوڵەت دابمەزرێنێ، دەوڵەت تەئسیس بکا.
دەر نەتیجە ئەو ڕوانگەیە کە هەم قاعیدەتەن فکری ڕاستی ئێرانی و هەم فکری
چەپی ئێرانی کە ئێران بە زەلیلی دەستی ئەمپریالیزم ئەزانێت، بە نەزەر من ئەوە
دروست نییە، دروستترەکەی ئەوەیە ئێمە چاو لەوە بکەین کە ئەو ژێرخانانەی کە ڕووسیە
و بریتانیا لە ئێران دا دایان نا، چ جووری بوون باعیس ئەوە کە تاران بتوانێت
حوکمڕانی بکات بە سەر بەلووچستان دا، تاران بتوانێت حوکمڕانی بکات مەسەلەن بەسەر
کوردستان و عەڕەبستان و کوێنە و کوێنە دا، وە ئەو ژێرخانانەن کە دەوڵەتی ئێران
تەئسیس دەکەن و دەوڵەتی ئێران دروست دەکەن.
ئەزانم ئەو جیاوازییەی بەینی مادییەت و ئیدە جیاوازییەکی ئابستڕاکتە لە ئەرزی
واقیعدا شتەکان بەو شێوەیە جیا ناکرێنەوە لە یەک، بەڵام بەرگی بەرەندەی
ناسیۆناڵیزمی ئێرانی ئەوەیە کە داییم ئەچێ تێکستی
ڕووناکبیرەکانی دەورەی مەشڕووتە و چەند ساڵێک پێش مەشڕووتە دەخوێنێتەوە، ئەوان لەو حەنە قسەی
ئیمپڕاتووریەکی ئێرانی دەکەن، قسەی چووزانم فڵان و فیسار دەکەن و وا ئەزانن کە چون
ئەوان قسەی ئیمپراتوورییەکی ئێرانی دەکەن و قسەی دەوڵەتێکی ئێرانی دەکەن دەرنەتیجە
لە سەر ئەرزی واقیعیش مەسەلەن شتێکی بەو شێوە هەبووە.
لە حاڵێکدا ئەو تەولیداتی فکری و فەرهەنگییەی کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی
سەدەی بیستەم شتێکە و سازوکاری دروستکردنی
دەوڵەتی موتەمەرکزی تێریتۆریاڵ لە ئێراندا شتێکی دیکەیە کە من لە پایاننامەکەم دا
هەوڵم داوە نیشان بدەم کە ئەو تەحەولاتە چ
جۆری بووگە تیکە تیکە ئەو مەمالیکی مەحرووسەیەی لکاند بە یەکەوە و لە نەهایەت دا
لە جیات ئەوە ئەگەر لە پێش چاو بگرین لە لحازی تاریخییەوە ئەڵمانیش لە قەڕنی ١٩
دایە کە دەبێتە چت، لە نیوەی دووەمی سەدەی ١٩ دا
کە وردە وردە ئیتر، ئەبێتە دەوڵەتێکی یەکگرتوو. لە پڕۆسەیەکی
توولانیدا کە ئاینوونگ ی پێ دەڵێن. یا
مەسەلەن لە ئیتالیاش بە هەمان شێوە، ڕیزۆر جیمەنتۆی پێ دەڵێن، لە لەحازی
زەمانییەوە لە تەک ئەو شتانەی کە لە زەمانی قاجار دا روو دەدا کەم و زۆر وەکوو
یەکن بەڵام مەسەلەن لە نموونەی ئەڵماندا، خۆ ئەوان نەهاتن دەوڵەتێکی موتەمەرکز دا
بنێن، لێی دەن هەموو شتێک ساف کەن و غەلتەکێك بخەنە مل باقی شتەکانا سافی کەن و
دەوڵەتێکی موتەمەرکز دابنێن.
بەڵام لە نموونەی قاجار دا وە دواتر لە نموونەی ڕەزا شا وەختێک ئیدامەی پەیدا کرد،
ئەمان هاتن ئەو نەزمە جەدیدە نە بەر ئەساسی بازئارایی ئەو ڕەوابیتە کۆنە
کۆنفێدڕاڵەی کە هەبووە، بەڵکوو بەر ئەساسی ئەوەی چتێک وەکوو ئەوەی تەسەور کەن، تۆ
شتێکت هەیە لە سەر عەرزی واقیع، ئەو دەم بێی و بیکوتی لە نەوەوە چتێکی تر دروست
کەیتەوە. یانی بە پارچە کانکریتێک بخەیتە مل ئەوە دا، لە ژێر ئەوە دا هەموو شتێکی
بفلەقینیتەوە، جا ئەو دەم لە سەر ئەو زەوینە مردووە چتێکی دیکە ساز بکەیتەوە کە
نێوی دەوڵەتی ئێرانە ئەوەی کە ئێستا هەیە.
لەبەر ئەوە من موعتەقیدم دیسان بگەڕێمەوە بۆ سەر ئەو نوختەیە، تەوەجوهکردن بە
تەحەولاتی مادی دروستبوونی ئەو دەوڵەتە سانتڕاڵەی ئێران زۆر چت ئەخاتە پێش چاومان
کە سیرفەن خوێندنەوەی تێکست و ڕۆزنامە و چووزانم ئەوەی کە فڵان ڕووناکبیری دەورەی
مەشڕووتییەت چی گوت و چی نەگوت ئەوانەمان پێ نیشان نادا.
قازی: لە ئەدەبییاتی
سیاسی دا زۆر باس کراوە کە ڕەزا شا ئینگلیستان هێنایە سەر تەخت و هەر ئینگلیسییەکانیش
لایان برد. ئێوە پێتان وایە ئەو بۆچوونە، ئەو نەزەرییە تا چەندە ڕاستە؟
بەتوول(ڕۆحی):
راستییەکە لە سەر ئەو بابەتە من لێکۆڵینەوەم نەکردووە بەڵام لەو حەدە دا کە من
خوێندوومەتەوە دیارە بریتانیا قورس و قایم لە پشت سەری دروست کردنی دەوڵەتێکی
بەهێز بوو لە پاش شەڕی جیهانی. موشەخەسەن لە ساڵی ١٩٢١وە بەرەو پێش بریتانیا
نیهایەتی هەوڵی خۆی ئەدا کە کەسێکی کارامە لە تارانا بگاتە قودرەت و تەوانی ئەوەی
هەبێ کە نەزمی ئێران ڕابگرێت و لەو لایشەوە شووڕەویش هەمان سیاسەتی بوو . بە
دەلاییلی موختەلیف. دەلاییلیان موختەلیف بوو بەڵام هەدەفەکەیان، ئامانجەکەیان یەک
بوو، هەر دووکیان ئەیانویست دەوڵەتێکی effective ی مەرکەزی لە ئێراندا دروست بکرێ کە ئەو دەوڵەتە لە لایەکەوە
شووڕەوی فکری دەکردەوە دەبێتە لەمپەرێک لە بەرانبەر ئەمپریالیزمی ئوڕووپا و ئەوانە
دا و لەولایشەوە بریتانیا دەوڵەتێکی موئەسیری بەو شێوەیە ئەویست کە وەکوو لەمپەرێک لە موقابیلی نفووزی کۆمۆنیسمەوە بەرەو
خوارتر ڕابوەستێ. بەڵام ڕاستییەکەی من زۆرتر لەوەی کە چاوم لەو نەرەتیڤە سیاسییە
بی کە ڕیوایەتی سیاسی پاش شەڕی جێهانی یەکەم ساڵی ١٩٢٠ و ١٩٢١ و ئەوانە چ بێت .
چاوم لەوە بوو کە مەسەلەن لە ١٨٦٠وە بەرەو پێش چ تەحەولاتێک ڕوو دەدا، کە ئەگەر
ئەو تەحەولاتە نەبایە قەت شتێک دەوڵەتێک بە ناوی موتەمەرکز و سانتڕاڵی ئێران دروست
نەدەبوو.
یەکێک لەو تەحەولاتە تێلگڕافە، بەرلەوەی کە تێلگراف هەبێت لە تارانەوە چ جووری
حوکمیان ئەکرد؟ مەسەلەن پەیامێکیان ئەنارد بە ئەسپ سوارێک دا چەند ڕۆژێک دەبوو بە
ڕێگاوە بێ تا بۆ نموونە بگایشتبا بە کوردستان. یا مەسەلەن ئەگەر بەرەو بەلووچستان بڕۆین تا نێوەڕاستەکانی ١٨٥٠
بەرەو پێش حوکمڕانی قاجار هێشتا
نەیتوانیوە لە کرمان بەرەو خوارتریش بڕوات. بەڵام وەختێک کە تێلگڕاف دێ، تەسەور
کەن لە سەرەتاکانی ١٨٦٠وە تێلگڕاف واریدی ئێران دەبێ و تێلگڕاف ڕەبتیشی بە خودی
قاجار و ئێرانەوە نییە، تێلێگڕاف پێوەندی بەوەوە هەیە کە ڕاپەڕینێکی گەورە لە هیند
دا ڕووی داوە، سەربازەکان دژ بە بریتانیا ڕاپەڕیون و بریتانیا ئیحتیاجی هەیە کە
ئیڕتیباتێکی خێراتری لەگەڵ مەراکزی فەرماندەهی خۆی بێت لە هیند دا.
پێش ئەوەی تێلگڕاف هەبێت بە چەندین مانگ
توولی ئەکێشا کە پەیامێک بڕوایەتە هیند و بگەڕیایتەوە بۆ هیند لە تەریق ڕێگای
دەریایی وئەوەوە. بەڵام کە تێلێگڕافیان دا نیا ئەوە هات بوو بە عەرزی چەند سانییە،
لە چەند سانییە دا توانیان پێوەندی بکەن.
جا بۆیە ئەوان هاتن لە لەندەنەوە خەتی تێلێگڕافیان کێشا. یەکەم خەتی تێلێگڕاف لە
ناوچەی قەسر شیرین بوو، یانی لە عوسمانییەوە هات گەیشتە بەغدا، لە بەغداوە هات
بەرەو ناوچەی خانەقین و قەسر شیرین. لە قەسر شیرینەوە بەرەو تاران لە تارانەوە بچێ
بەرەو بووشێهر و لەوێشەوە بەرەو هیند
بڕوات و ئەمە لە ئەواییلی ١٨٦٠وە بوو. پاش دوو سێ دەهە کە چاو لێ دەکەن تەواوی
ئێران سیمکێشی ئەکرێ، یانی تەواوی مەمالیکی مەحرووسەی قاجار یا ئێران هەرکامێکیان
بە کار بێنین سیمکەشی ئەکرێت. وەختێک کە سیمکەشی ئەکرێت ئەڵێن ناسرەدین شا بەیانان
کە لە خەو هەڵدەستا، چ جووری ئێستا ئێمە ئەوەڵ گووشییەکەمان (تێلێفۆنە
دەستییەکەمان) باز ئەکەین، ئەوەل کارێک کە بیکەین بەیانیان وای فای ڕۆشن ئەکەین تا
بزانین دنیا چ خەبەرە، ناسرەدین شا ئەوەڵین کاری کە بیکردایە بەیانیانان هەڵدەستا ئەڕوا
تێلگڕافخانە، لە تێلگڕافخانەوە هەواڵی ڕۆژانەی ئەبیست کە لە دەورادەوری مەمالیکی
مەحرووسەوە بۆی دەهات و قاعیدەتەن سەریعیش جوابی ئەدایەوە.
قازی: دیارە ئێوە لە
تێزەکەتاندا باسی لورستانیش دەکەن کە ئەو جادەو مواسەلاتی کە بەرەو ئەوێ چووە بۆ
ئەوەی بەو ڕێگایە دا خوزستانیش بە تاران ببەسترێتەوە. ئەوەش دەزانین کە
عەشیرەتەکان لە ناوچەی لوڕستان زۆر بەهێز بوون و ئەو زولم و زۆری، بە تایبەتیش
مەشهوورە لە زەمانی ئەمیر ئەحمەدی و ئەوانە شێوەی ژیان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی لەوێ
لە بەین بردرا و دوایە نەفی بەلەد کردن و گرتنی زۆرێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان. لەمەڕ
لوڕستان لە تێزەکەتاندا چتان گوتووە؟ فەرموو!
بەتوول (ڕۆحی):
پایاننامەکەم پێنج فەسڵە، دوو فەسڵی لە سەر لوڕستانە، یانی بابەتێکی زۆر زۆر گرینگ
بوو و بە نەزەر من تێشک خستنە سەر لورستان
زۆر ئەتوانێت بنەمای ڕوانینی ئێمە نیسبەت بە دەوڵەتی ئێران بگۆڕێ بە شێوەگەلی
جۆراجۆر. لە مەرحەلەی ئەوەڵدا پێش هەموو
شتێک ئێمە لە لوڕستان لەگەڵ جوغرافیایەکی سیاسی ڕووبەڕووین کە لە هیچ شوێنێکی
دیکەی "مەمالیکی مەحرووسە" من بەو شێوە نەمبینەوە. ئەگەر نزیکترین
ناوچەی جوغڕافیای سیاسی و کولتووری بۆ لوڕستان لە نەزەر دا بگرین ناوچەی بەختییاری
ئەگەر وەکوو پێوەر وەکوو موقایسە لە بەرچاو بگرین، ئەمانە دوو دانە جوغڕافیای
سیاسی کاملەن موتەفاویتن.
ئێمە لە ناوچەی بەختییاری ئیلخانێکی موتەمەرکیزمان هەیە کە لە ١٨٦٠وە بەرەو پێش
یەک دانە ئیلخان حوکم دەکات بە سەر تەواوی بەختییارییەکاندا کە ئێلێکی زۆر زۆر
گەورەن لەو مەنتەقەی زاگڕۆس دا. بەڵام ئێمە لە لوڕستان دا شتی ئەو جۆرەمان نییە،
لە لوڕستان دا ئێمە چەمکێکمان هەیە بە ناو " تووشماڵ "، تووشماڵ یانی
خانی چکۆڵە و لە لوڕستاندا ئێمە کانسێپتێک بە ناوی ئیلخان مان نییە، یانی ئیلخان
بەو مەعنایەی ناوچەی بەختییاری یا لە
ناوچەی موکریان و ئەوانە دا ئەگەر هەبێ. بەو مەعنایە کەسێک نییە کە ئاوتۆریتەی ئەو
کەسە بتوانێت حوکم بکات بە سەر تەواوی عەشاییرێک کە هەن لە ناوچەی لوڕستاندا،
تووشماڵمان هەیە تووشماڵیش لە واقیع دا وردە خانێکە کە حوکمی مومکینە بەسەر یەک
دوو بنەماڵەی دەوروبەری خۆیدا بڕوات، وە زۆرتر لە واقیعدا تەسمیمگیری سیاسی یا جیدییەکانی ئەو ناوچەیە لە
ڕێگای دروستکردنی مەجلیس و فۆرمی شوورایی یەوە بەڕێوە دەچێ و ئەوە بۆ
ئوڕووپاییەکانیش هەم جێگەی سەرسووڕمان بووە و هەم جێگەی عەسەبانی بوون.
یەکەم ریپۆرتێک کە من چاوم لێ کردووە هی حدووود ١٨٢٠ و ئەوانەیە، ئەگەر هەڵە نەبم
ئێستە دەقیق لەسەر تاریخەکەی، وە ئەوە ریپۆرتی ژەنەڕالێکی کۆمپانی هێندی شەرقییە، هی بریتانیا کە ها لە
خزمەتی داو و دەستگای قاجار دا، حاکمی کرماشان ئەو دەم حوکم ئەکاتە مل لوڕستان و
ئەوانە، لەتەک حاکمی کرماشان دا ئەڕوات بۆ لوڕستان بۆ کۆ کردنەوەی ماڵیات و ئەوانە
و ئەو ئەو حەنە تەوسیفێکی زۆر دەقیق ئەکا لە موناسەباتی ئەو عەشاییرەی کە لە
ناوچەی ڵوڕستان هەبووە. ئەڵێ ئەوانە ئاوتۆریتەی کەسێکی سانتراڵ ئە بەو شێوە قەبووڵ
ناکەن، بۆ هەر کارێک کە ئەبێت، هەر تەسمیمێکی سیاسی کە لەو ناوچەیە دا هەبێت
مەجلیسێک دروست دەکەن، شوورایەک پێک دێنن کە ئەبێ هەموو عەشێرەتەکان بەشداری کەن
لە ناویدا و بڕیاری ئەو مەجلیسە ئەبێتە قسەی نەهایی، وا نییە کە حاکمێکی قەبە
هەبێت کە ئەو بڕیارێک بدات و هەموو قەبووڵی بکەن. بەو بۆنەیەوە لوڕستان دەردی سەری
ئەساسی دروست ئەکا هەم بۆ بریتانیا و هەم بۆ دەوڵەتی قاجار چون فەزای سیاسییەکەی
لەو حەنە ئەوە نییە کە من بچم سمێڵی ئەو حاکمە چەور کەم، شتێکی پێ بدەم و ئیدی
مەردمەکەم بۆ موتیع بکا، و هاوکاتیش لوڕستان وەکوو زنجیرەیەک کێفستانییە کە ها لە بەینی
تاران و عەڕەبستان دا، تاران و خووزستان دا. خوب تاران پێویستی بەوەیە کە ڕێگە
دروست کا بڕوا بەرەو عەڕەبستان. مەسەلەن نەجمولمولکی ئیسفەهانی لە ساڵی ١٨٨١
دا ناسرەدین شا دەینێرێ کە بڕوات ڕیپۆرتێ
لەو مەنتقە بێنێتەوە. نەجمولمولک ئەڵێ لە بیرەوەرییەکانیدا، لە کتێبەکەی دا ئەڵێ ڕێگەمان نییە لە تارانەوە بۆ عەڕەبستان،
بۆ ئەهواز و ئەوانە. تا زەمانێک کە ڕێگە دروست نەکەین عەڕەبستان وەکوو دەوڵەتێکی
سەربەخۆیە، وەکوو وڵاتێکی سەربەخووە و بەشێک لە ئێران نییە، هەر بە فۆرماڵیتە بەشێک
لە ئێرانە. جا ئەو وەختە ئەڵێ ئەو جادە لە کوێوە ئەڕوات لەناوچەی بەختییاری و
لوڕستانەوە ئەڕوات کە بۆ ئێمە ناکرێ ئەو جادەیە دروست کەین و ئەبێ ئەو جادە دروست
کەین. بریتانیاییەکان هەوڵی زۆریان دا؛ کاتی ئەوە نەبوو من باسی پڕۆژەگەلی ڕاهسازی
بکەم، ڕووسەکان لە شومالەوە کە جادەیان دروست ئەکرد، بریتانیاییەکانیش هەولیان ئەدا لە رەقابەتی ئیستیعماری دا جادەی خۆیان دروست بکەن. یەکێک لەو
جادانە جادەیەک بوو کە قەرار بوو لە دێزفوولەوە بڕواتە لوڕستان یانی "خورماوا"، لە خورماواشەوە بڕوات
بەرەو سوڵتان ئاباد کە ئێستا پێی ئەڵێن ئەراک و لەوێوە بەرەو تاران. ئەوان لە
بانەوە ئەو جادەیانەیان کێشا تا گەیشتە سوڵتان ئاباد یا ئەراک، لە جنوونیشەوە کە
ڕێگەی کاروون و ئەوانە بوو و کردبوویانە
کەشتیڕانی و ئیمتیازی ئەوانەیان هەبوو تا شووشتەر ئەهات و ئەو فاسڵەیە کە حدوودی
نازانم دەقیقەن ئێستا، ٢٥٠ کیلۆمیتر یا زیاترە، ئەو فاسڵەیە مابووەوە و بریتانیا
حدوود دوو دەهە و نیم، حدوود بیست و پێنج ساڵ زیاتر هەوڵی دا کە ئەو جادە بکاتەوە، ئێستە و ئێستەش
نەیتوانی، هەوڵی زۆر دا، ڕیپۆرتی جواروجووری لە مەنتەقە کۆ ئەکردەوە، یانی ئەیجنتی
جواروجۆری ئەنارد، کۆنسوولخانەی باز ئەکرد، مەسەلەن موشەخەسەن لە دێزفوول و نازانم
ئەهواز و ئەوانە کۆنسوولخانەی تایبەتیان دای نیا بۆ ئەوەی کە بڕۆن ڕیپۆرت جەمۆ
بکەنەوە تا بزانن کێ لەو حەنە قسەی ئەڕوات کە بڕۆن سمێڵی ئەو چەور کەن بۆ ئەوەی کە
ئەو جادەیە دروست بکەن. حەدی ئەقەل چوار پێنج تەرحی جۆراوجۆریان کۆ کردەوە، یانی ئیمتیاز
و ئەوانەیان لە دەوڵەتی قاجار وەرگرت کە ئەو
جادەیە دروست کەن، بەڵام ئەوە هەر نەکرا هەتا ڕەزاشا هات دروستی کرد.
قازی: ببوورە کاتمان کەم ماوە، پێم خۆش
بوو لە دواییشدا ئەو پرسیارە بکەم بە
بۆچوونی بەڕێزت گرینگی پەیامی ئەم تێزەی ئێوە بۆ تێگەیشتنی بارودۆخی سیاسی و
هاوکێشە سیاسییەکانی ئێستا لە ئێران بەگشتی و بە تایبەتی کوردستان چۆن شرۆڤە
دەکەی؟
بەتوول (ڕۆحی): زۆر بە کورتی لەمەڕ لوڕستان بڵێم لە
دەورەی ڕەزاشا دا بە شیوەیەکی زۆر زۆر
خەشن و بێڕەحمانە ئەو جادە دروست کرا کە
ئەگەر دەرفەت هەبایە من باسم دەکرد کە چ جووری بوو، بەڵام با هەر لەسەر ئەو بابەتە
لینکی کەمەوە بە سوئالی نیهائیتانەوە.
بۆ گرینگە ئێمە ئەو تاریخە بزانین؟ وەختێک سەرهەڵدانی مانگی بەفرانباری ساڵی
١٤٠٤-ی هەتاوی لە ئێران دەستی پێ کرد یەکێک لە یەکەم شارگەلێ کە پەرچەمی شێر و
خورشیدی سەلتەنی بەرز کردەوە خورماوا (خوڕەم ئاباد) بوو. خوب چ شتێک باشتر لەوە بە
ئێمە نیشان ئەدا کە ئەگەر ئەو خەڵکە
بەڕاستی تاریخی ناوچەی خۆیانیان بزانیبایە هیچ وەخت نەدەچوون شتێکی بەو شێوەیە
ئەنجام بدەن. یانی ئەوانە نازانن کە ڕەزا خان چ جووری غەڵتەکی خستە مل لوڕستانا،
لە هیچ شوێنێکی تری ئێرانا بە ئەندازەی لوڕستان جینایەت نەکراوە لە پڕۆسەی
دەوڵەتسازی لە ئێران دا. جینایەتێک کە لە لوڕستان دا کراوە بە ڕاستی زەمانی دەوێ و
مێژوونووسی دەقیقی دەوێ کە بڕوات ئەوانە نیشان بدا لە کوشت و کوشتاری عەشاییرەوە
بگرە، چووزانم لە دزین و تاڵانی مەڕ و ماڵاتیان بگرە تا لەجێی خۆ هەڵکەندنیان و
دەر کردنیان.
بەشێکی گەورە لەو شەڕە سیاسییە کە ئێمە ئیمڕۆ
وەکوو نەتەوە پەراوێزخراوەکانی ئێران هەمانە لەگەڵ مەرکەز ڕەبتی هەیە
بەوەوە کە ئێمە فەهمێکی تاریخی دروستمان نییە کە دەوڵەتی ئێرانی چ جووری دروست
بووە و لێکۆڵینەوە مێژووییەکان بەو شێوەیە نیشان دەدەن کە ئێمە نەزمێکی
کۆنفێدڕاڵمان هەبووە و ئەو نەزمە کۆنفێدڕاڵە نابوود کراوە و ئەگەر گەرەکیان بێ
چووزانم سازوکارگەلێک لە ژیان لەو مەنتەقە دا
دروست بکەنەوە ڕێگەکەی لە تەریقی مشتی ئاسنی دەوڵەتی مەرکەز خوازەوە ناڕوات، هەڵبەت ئەگەر
ڕێگەیەک هەبێ بۆ دروستکردنی ئەو شتە، ئەوە باسێکی دیکەیە. بەڵام تیشک خستنە سەر
ئەو مێژووە،کە لە گوزەری ئەو مێژوویەوە دەوڵەتێکی سانتڕاڵی تێریتۆریاڵی وەکوو ئێران
دروست دەکرێ قەتعەن دەلالەتی سیاسی زۆر ڕادیکاڵی هەیە بۆ ئەوەی کە ئێمە لە حاڵی
حازر دا چۆن چاو لە سیاسەتی ڕۆژ بکەین لە ئێران دا.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور مراد بەتوول،
دوکتور ڕۆحی بۆ بەشداریت و ئەوە دەستە گوڵەکەشت لە لای من پارێزراوە، کاتێکی خۆش
بەتوول (ڕۆحی): سپاس بەرێز قازی، سپاس بۆخۆتان و دەست
ئەندەر کارانی بەرنامە و بۆ بینەرانی ئەم بەرنامەیە.
قازی: بینەرانی خۆشەویست، بەم شێوەیە
دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش، تاکوو
ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش
-----
تێبینی
ئەم
بەرنامەیە ئێوارەی دووشەمە ١٠-ی ئووتی ٢٠٢٦
ڕاستەوخۆ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک
بڵاو کراوەتەوە و چەند جار پیشان دراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لە مەکۆی
ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب بە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە تەماشا بکەن.
https://youtu.be/nk2NAhhuRGc?si=qd5fo2wu1H1dnpe5
