فرە زمانی لە کوردستان
فرە
زمانی لە کوردستان
بەرنامەی
' گەلی ئازاد ' لە تێلێڤیزۆنی نەورۆز ، وتووێژی بەڕێز سیاوەش گۆدەرزی لەگەڵ حەسەن
قازی سەبارەت بە فرە زمانی. ئەو بەرنامەیە لە
٢- ٨ – ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە.
گۆدەرزی: ڕۆژتان باش بینەرانی
بەرنامەی ' گەلی ئازاد '. مافی زمانی و یەکسانی زمانی ئەو چەمکانەن کە لەم ساڵانەی
دواییدا کەوتوونەتە ڕۆژەڤ. لەو سۆنگەیەوە لە بەرانبەر ڕوانگەی سەردەستی تەک زمانی
باسی فرە زمانی و فرە کولتووری دەکرێت. بەرنامەی ئەمجارەی ' گەلی ئازاد ' تایبەت بۆ
باس و شرۆڤەی فرە زمانی و فرە کولتووری تەرخان دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا
بەڕێز کاک حەسەنی قازی لە ستودیۆ یە. کاک
حەسەنی قازی بەخێر بێی!
قازی: زۆر سپاست دەکەم. زۆر
خۆشحاڵم کە لە بەرنامەی ' گەلی ئازاد ' دا بەشداری دەکەم لەگەڵ بەڕێزت.
گۆدەرزی: زۆر سپاس بۆ تۆش کاک
حەسەن. کاک حەسەن دەزانین کە تیۆری فرە زمانی، بە گشتی باس و خواسی فرە زمانی لە
ئاستی کوردستان دا لە لایەن دوکتور ئەمیری حەسەنپوور و هەر وەها جەنابتەوە کەوتە
ڕۆژەڤ لە ساڵانی ڕابردوو دا ، بەڵام ئەم تێئۆرییە، فرە زمانی لە خۆیدا وەک مێژوو
باکگڕاوند و پاشخانێکی دیکەی هەیە لە ئاستی جیهان دا. پێم خۆشە بەر لەوەی
بێینە سەر باسی کوردستان و هاتنی ئەم تێئۆرییە و باسکردنی ئەم تێئۆرییە لە
کوردستان دا لە ئاستی جیهان دا پاشخانی ئەم تێئۆرییە باس بکەی . سپاست
دەکەین.
قازی: دیارە ئەگەر ئێمە
تەماشای هەڵکەوتی زمانەکان بکەین لە ئاستی جیهانی دا، وەک دەزانین ژمارەیەکی زۆر
زمان هەبن کە ئەو زمانانە هەموویان لە بارەی ڕەسمییەت و فەرمی بوونەوە ڕەنگە لە
هەموو ووڵاتان عەینی هەڵکەوتیان نەبێ، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە زۆر
بە دەگمەن ووڵاتێک دەبیندرێتەوە کە هەر تاقە زمانێکی تێدا بێ. دەکرێ بڵێین زۆربەی
ووڵاتان فرە زمانین ، بەڵام لەوانەیە بە هۆی جۆر بەجۆری مێژوویی یان سیاسی زمانێک
بە سەر زمانێکی دیکە دا سەرەتی پێدرابێ، بەڵام بە گشتی ئەگەر لەبەرچاو بگرین
مەسەلەی فرەزمانێتی هەر بەشێکە لە پڕۆسەی خۆی هەبوونی زمان لە ووڵاتانی جۆر بە جۆر
دا. دیارە گرینگە ئەوەمان لەبەر چاو بێ لە باری مێژووییەوە مافی زمانی دەکرێ بڵێین
بە شێوەی کۆنکرێت تەقریبەن لە ساڵی ١٩٤٨ بەملایەوە لە قانوون و چوارچێوە
نێونەتەوەییەکاندا باسی لێوە کراوە، ئەویش بە پەسندکرانی پەیماننامەی جیهانی مافی
مرۆڤ لە ساڵی ١٩٤٨ کە لەوێدا ئێشارەیەک کراوە بە مافی زمانی. دیارە پێش ئەوەش
ئاماژەی ئاوا هەبوو بۆ وێنە لە سەدەی ١٩ ئەگەر لە نێو دوو ووڵاتان لە سەرهێندێک شت
تەوافوق کرا بێ، لەوانە بۆ نموونە بە گەلێک، گرووپێک یان دەستەیەکی ئێتنیکی
مافی زمانی بدرێ، بەڵام ئەو مافە لە چوارچێوەیەک و یا قالبێکی نێونەتەوەییدا باسی
لێوە نەکراوە.
بە دوای ئەوە دا مافی
زمانی چەندین قۆناغی بڕیوە هەتا گەیشتووەتە ئەو سەردەمەی کە ئێمە قسەی لێ دەکەین و
بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٧٠کان بەملایەوە ، دیارە ئەو قسانەی کە ئێستا دەیکەم هێندێک
حاڵەتی جیهانشموولی هەیە، لە ساڵانی ١٩٧٠ کانەوە لە سەر ئەو مەسەلەیە
قووڵتربوونەوە زیاتر بووە و بە تایبەتیش لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بوارانەی زانستی زمان
کە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە بەکارهێنانی زمان ئەوەش لەو ساڵانە دا زیاتر چووتە
پێشێ و بە تایبەتی لە زانستی زمانناسی لە ئەمریکا کە بۆ یەکەمجار سەری
هەڵداوە ئەگەر بکرێ باسی بکەین لەوێ چەمکی زمانناسیی کۆمەڵایەتی زۆر قووڵ
بووەتەوە.
گۆدەرزی: کاک حەسەن دەزانین کە بە گشتی هاتنی ئەو باسە بۆ کوردستان ، یانی لە ناو بەحسی کوردی دا ، بۆ خۆی ئەم باسە تووشی جۆرێک رێئاکسیۆنێکی بڵێین دژ کردەوەیەکی توندی هەمەلایەنە بوو ، ئەویش لە ژێڕ کاریگەری ناسیۆنالیزمی کوردی بە گشتی و ڕوانگەی تەک زمانی یا بە گشتی بڵێین نەتەوە – دەوڵەت. لە ڕاستییدا ئەم بیرۆکەیە کە، ئێمە دەزانین کە کوردستان چەند زمانی تێدایە و چەند زراواشی تێدایە. بەڵام بە گشتی ئێوە هاتنی ئەو باسە بۆ کوردستان بە تایبەتی بە کێ ئەبستنەوە، دیارە لێرە مەبەستم لە باری تێئۆریکەوەیە ؟
قازی: شتێک هەیە ئەویش ئەوەیە کە مافی زمانی و نەتەوە بوون، نەتەوە بوونیەتی، زۆر چووە دەباڵ یەکەوە، بەیەکتری گرێ دراوە، یانی لە زۆر نموونەی جیهانی دا ئەگەر تەماشا بکەین یەکێک لە خەسڵەتەکانی کە دەتوانێ نەتەوەیەک لە نەتەوەیەکی دیکە دەکرێ جیا بکاتەوە یەکێک لە هۆکارەکان دەتوانێ زمان بێ، دیارە ئەوە گشتی نییە ؛ لە جێگای ئاوا هەیە کە زمان ئەو حاڵەتەی نییە و ئەو ڕۆڵە ناگێڕێ. جا ئەوەی کە ئەو باسە چۆن هاتووەتە کوردستان و بۆ هاتووەتە کوردستان زۆر تەبیعی یە کە ئەگەر گەلی کورد لە هەر بەشێکی کوردستانێ لە بەر چاو بگرین لەبەر ئەوەی لە مافەکانی خۆی بێ بەش بووە و بەتایبەتیش بە هاتنە ئارای نووسین و بڵاوبوونەوەی چاپەمەنی و فۆڕموولە کردنی بۆچوون، ئەو شتانە ، ئەگەر ئەوە لە پێوەندی لەگەڵ کوردستانی عێڕاق دا لە بەر چاو بگرین لە زەمانی ئینتیدابی بریتانیا ڕا کە قەبووڵ کراوە بە شێوەیەک لە شێوەکان کە شێوەزارێک لە شێوەزارەکوردییەکان جێگای قەبووڵ بێ و بەکار بهێندرێ ئەو بەحسە لەوێ زیاتر خۆی دیوەتەوە و لە بەر ئەوەی ئەو قالبی کەیانی کوردییە دروست نەبووە ئەو باسەش لە قالبی کۆنێ خۆی دا هەرماوە و نەبڕاوەتەوە . و وەک لە سەرەتا دا جەنابت ئیشاڕەت پێ کرد لە ساڵی ٢٠٠٨ ژمارەیەک ، کۆمەڵێک لە نووسەر و ڕووناکبیران بە پێی ئەو قالبەی کە لە نەریتی کۆن و لە تڕادیسیۆنی شۆڕشی فەڕانسە دا هەبووە کە لەوێش زمانێک کراوەتە سەردەست ، ئەو مەسەلەیە لەوێش تا ڕادەیەک هاتە گۆڕێ. وەکوو دیکە یەک لەلایەنەکانی دیکەی کە ڕەنگە هۆی ئەوەی ئەو مەسئەلەیە بۆ کۆمەڵی کوردەواری و تایبەتی لە باشووری کوردستان دا هێندێک زوو بێ ئەوەیە لە بەر نەبوونی فەزایەکی سیاسی کراوە ، لە ڕێژیمی پێشوو دا مەبەستمە، ئەو جۆرەی کە پێویستە لێگەرینێکی تایبەتی لە سەر زمان، لێگەڕینی مەیدانی زۆر کەم کراوە، ناڵێم بە موتڵەقی نەکراوە ، بەڵام زۆر کەم کراوە جا لە بەر ئەوە زۆرێک لە زانیارییەکان لە بارەی زمانەوە دیسان دەبەسترێتەوە بەو شتانەی کە لە ڕابردوو دا هەیە. بۆ نموونە بۆ دابەشکردنی شێوەزارە کوردییەکان حەتتا زۆر جار موڕاجەعە دەکرێ بە سەرچاوەی کۆن و بۆ نموونە دەگوترێ شەڕەفخانی بتلیسی لە شەڕەفنامە دا شێوەزارەکانی ئاوا دابەش کردووە و ئیستیناد بەوە دەکەن بۆ ئەوەی نەتیجەی ئەوڕۆیی لێ وەربگیرێ. کە دیارە ئەوە بە بۆچوونی من لە جێگای خۆی نییە. بەشێکیش کە ئاڵۆزی هەیە لەو بارەیەوە گرێدراوی ئەوەیە کە بە مێتۆدی تازە بە پێی لێکۆڵینەوەی مەیدانی هێندێک لەو داتایانەی کە پێویستە بۆ ئەوەی کە تۆ بگەیە مەرحەلەی ئەوەی کە پلانی بۆ دابنێی و قسەی لە سەر بکەی دە ڕاستیدا ئەو جۆرەی کە دەبێ جێ بە جێ نەکراوە.
گۆدەرزی: بەڵام بە گشتی
ئەو باسە دەکەوێتە دەرەوەی چوارچێوەی زمانناسانەوە بەتایبەتی کاریگەری
ناسیۆنالیزمی کوردی بڵێین ڕوانگەی نەتەوە – دەوڵەت ، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە ، یەک
زمان هەر لەو ڕوانگەیەوە. پێت وایە کاریگەری ناسیۆنالیزمی کوردی لەو بارەیەوە
چییە؟ باسەکە دەکەوێتە دەرەوەی چوارچێوەیەکی زمانناسانەوە دەبێتە سیاسی لە جیاتی
ئەوەی بە گشتی ببێتە زمانناسانە و هەر وەها لە سۆنگە و ڕوانگەی بڵێین
ڕاستییەکانی کوردستانەوە ئەو باسە بکرێت.
قازی: ئەگەر جارێ
لەوەڕا دەست پێ بکەین بە هەر شێوەیەک ئەتۆ باسی زمان بکەی ناکرێ جیای
بکەیەوە لە وەزعی سیاسی. بە هیچ جۆر ئیمکانی ئەوەی کە بتوانی جیای بکەیەوە نییە.
بۆ نییە چونکە بە سیاسەت زمانەکە قەدەغە کراوە. بۆ نموونە قەدەغە کردنی زمانی
کوردی لە باکووری کوردستان کە بە شێوەیەکی زۆر زەق دیتراوە یا لە ڕۆژئاوای
کوردستان ، دیارە ئەو قەدەغەیە مومکینە بۆ سەردەمایەک لە باشوور و لە ڕۆژهەڵاتی
کوردستان و لە جێگای دیکەش هەبووبێ، لە بەر ئەوەی وەکوو ئەکتێکی سیاسی ،
وەکوو کردەوەیەکی سیاسی بووە قەدەغە کرانەکە، سیاسەت ئەوەی ئیجاب
کردووە لە خزمەت سیاسەتێکی دیکە دا ، کە وابوو داوا کردنی ئەو خواستەش ، جێ
بە جێ کردنی ئەوە، پێکهێنانی ئەوەش ناکرێ لە بەرنامەیەکی سیاسی جیا بکرێتەوە.
ئەوە زۆر زۆر گرینگە. یەک نوختەی دیکەش دەمەویست باس بکەم چونکە بەوە
باسەکەمان ڕوونتر دەبێتەوە. ئەویش لە پێوەندی لەگەڵ چەمکی ' ناسیۆنالیسم ' دایە.
یانی چەمکی ناسیۆنالیزمیش و حەتتا فکرەی ناسیۆنالیزمیش بۆخۆی شتێکی زۆر
ئاڵۆزە. بەستراوەتەوە بەوەی کە لە کوێ و لە چ شێوەیەکی زەمانی ، مەکانی دا دەتوانێ
خۆی نیشان بدا.
تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر مەسئەلەی کورد گەلۆ ئێمە دەتوانین تەنێ ئەوە بڵێین کە بۆ نموونە لە بەشێکی کوردستان دا چەمکێک هەیە بە ناوی ناسیۆنالیسمی کورد ؟ ئەوە زەحمەتە . چونکە زۆرێک لەو شتانەی کە کورد لە باری مێژووییەوە، یانی مێژووی موشتەرەک یا بیرەوەری موشتەرەک بەرەو یەکتریان دەباتەوە غاییبە، و چوارچێوەیەک نییە کە هەموویان کۆ کاتەوە ، بۆیە دەکرێ باسی چووزانم هووییەتخوازییەکی لەت لەت کراو بکەی. بەو مەفهوومە، جا لە بەر ئەوە ئەگەر بێی و لە بەرانبەر ئەوە دا بڵیی ناسیۆنالیستەکان وا دەڵێن و غەیرە ناسیۆنالیستەکان وا ناڵێن ئەوە تا ڕادەیەک لە پێوەندی لەگەڵ مەسئەلەی کوردی دا هێندێک ڕەنگە جێگای مۆناقەشە بێ ، بەڵام بە گشتی ئەوەیە لە سەروبەندێکی دا کە ئێمە تێیدا دەژین لە هەر ووڵاتەی کە ئەو تەفەکورە سەردەست بووبێ بیری ئەوەی کە تۆ هەر خۆت ببینی و نکووڵی لە ئەوەیدیکە بکەی ، یانی فکری ناسیۆنالیستی ئەگەربە شێوەیەک لە مەفهوومی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ، لە مەفهوومی ئازادی خاڵی بکرێتەوە بەڕاستی بەرەو فاشیزم دەڕوا کە نموونەی ئەوە لە ئەڵمان دیتراوە و نموونەی زۆر زیندووتریشی لە دەورانی ئێستا دا لە هێندێک ووڵاتان بە ئاشکرا دەبینین . ئەوە دەتوانێ لە پان ئیرانیزم دا خۆی نیشان بدا، دەتوانێ لە ناسیۆنالیزمی غەیری تاریخی کە لە تورکییە دا دەبیندرێ تا ڕادەیەک.
تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر مەسئەلەی کورد گەلۆ ئێمە دەتوانین تەنێ ئەوە بڵێین کە بۆ نموونە لە بەشێکی کوردستان دا چەمکێک هەیە بە ناوی ناسیۆنالیسمی کورد ؟ ئەوە زەحمەتە . چونکە زۆرێک لەو شتانەی کە کورد لە باری مێژووییەوە، یانی مێژووی موشتەرەک یا بیرەوەری موشتەرەک بەرەو یەکتریان دەباتەوە غاییبە، و چوارچێوەیەک نییە کە هەموویان کۆ کاتەوە ، بۆیە دەکرێ باسی چووزانم هووییەتخوازییەکی لەت لەت کراو بکەی. بەو مەفهوومە، جا لە بەر ئەوە ئەگەر بێی و لە بەرانبەر ئەوە دا بڵیی ناسیۆنالیستەکان وا دەڵێن و غەیرە ناسیۆنالیستەکان وا ناڵێن ئەوە تا ڕادەیەک لە پێوەندی لەگەڵ مەسئەلەی کوردی دا هێندێک ڕەنگە جێگای مۆناقەشە بێ ، بەڵام بە گشتی ئەوەیە لە سەروبەندێکی دا کە ئێمە تێیدا دەژین لە هەر ووڵاتەی کە ئەو تەفەکورە سەردەست بووبێ بیری ئەوەی کە تۆ هەر خۆت ببینی و نکووڵی لە ئەوەیدیکە بکەی ، یانی فکری ناسیۆنالیستی ئەگەربە شێوەیەک لە مەفهوومی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی ، لە مەفهوومی ئازادی خاڵی بکرێتەوە بەڕاستی بەرەو فاشیزم دەڕوا کە نموونەی ئەوە لە ئەڵمان دیتراوە و نموونەی زۆر زیندووتریشی لە دەورانی ئێستا دا لە هێندێک ووڵاتان بە ئاشکرا دەبینین . ئەوە دەتوانێ لە پان ئیرانیزم دا خۆی نیشان بدا، دەتوانێ لە ناسیۆنالیزمی غەیری تاریخی کە لە تورکییە دا دەبیندرێ تا ڕادەیەک.
گۆدەرزی: دیارە لە ڕاستیدا
مەبەستی منیش لە باری سیاسییەوە هەر ئەو کارتێکەرییەیە کە ناسیۆنالیسمی کوردی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوو
دا بڵێین بەو بیرۆکەیە کە دەبێت دەوڵەتێک هەبێ و ئەو دەوڵەتە زمانێک و ئاڵایەکی
هەبێت ، لەو ڕوانگەوەیە بڵێم ئەو رێئاکسیۆنانەی کە لە کوردستان دروست بوون
بەشێکیان دەکەوێتە ئەو چوارچێوەوە. بەڵام بە هەر حاڵ ئێستا لە بەرانبەری ڕوانگەی
تەک زمانی دا ڕوانگەی فرە زمانی هەیە کە ئەمە لە ڕاستیدا لە کردەوە دا لە '
ڕۆژئاوا' ی کوردستان جێ بە جێ کراوە. لە کانتۆنەکانی جزیرە، عەفرین و کۆبانی لە
پەنای زمانی کوردی دا زمانەکانی عەڕەبی ، ئاسووری، و حەتا باسی ئەوەش دەکرێ بۆ
نموونە زمانی تورکومانیش و بە شێوەیەکی فەرمی ئەو زمانانە لەوێ کاریان پێ دەکرێت،
یانی ئێستا بە کردەوە تیۆری فرە زمانی، فرە کولتووری کەوتووەتە بواری پراتیکییەوە.
ئێوە پێشوەچوونەکان لە پێوەندی لەگەڵ فرە زمانی لە ڕۆژئاوای کوردستان چۆن دەبینن؟
قازی: وەکوو کوتم ئەو
پێشکەوتنانەی کورد ، لە باشووری کوردستان بووە ،لە باکووری کوردستان بووە
، لە ڕۆژئاوای کوردستان بووە و تەنانەت لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی شایەتی لە ئێران
بووە ، پێشتر ئەوەی کە توانیبات لە سەر زمانی کوردی قسەت کرد با ، مەقالە نووسرابا
و موناقەشە کرابا لە ئێران ئەو ئیمکانە نەبوو ، بەڵام ئەلئان لە ئێرانیش بە
شێوەیەک لە شێوەکان ئەو ئیمکانە پەیدا بووە.
جا بەلەبەر چاوگرتنی ئەو پێشکەوتنانەی کە بەهەر حاڵ تا ڕادەیەک ڕوویداوە لە هەر
کام لەو بەشانەی کوردستان ئەو مەسئەلەیە ئیمکانی موناقەشە کردن و دووان و لە سەر
قسەکردنی زۆر زیاتر بووە . مەسەلەن لە سەروبەندێک دا کە ئیختیناقی فیکری و سیاسی
زیاتر بووە ئەوەی کە خەڵک لە هەورامان بۆ نموونە، یا خەڵک لە بادینان، وەکوو دوو میسال فکر لەوە بکەنەوە کە
لە ژیانی ئیداری و بەڕێوەبەری و سیاسەت و لە هەر بوارێک دا زمانی خۆیان بەکار
بهێنن ، مانیفێستی نەبووە، خۆی نیشان نەداوە، دەرنەخراوە چونکە زەمینە نەبووە،
ئیمکان نەبووە. بەڵام ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕۆژنامە هەیە، میدیا هەیە،
تۆڕی کۆمەڵایەتی هەیە دەبینی کە بەشێوەیەکی گەرم وگوڕ ئەو موناقەشەیانە هاتوونەتە
مەیدانێ و جارێکی دیکەی فرەیێتی ئەگەر بکرێ ئەو ئیستیلاحە بەکار بهێنین ، فرەیێتیی
کولتووری لە کۆمەڵی کوردی دا زۆر بە ئاشکراتر خۆی نیشان دەدا. لێرە دا شتێکی کە
دەتوانێ مەسئەلەکەی ساخ کاتەوە و بەرەوپێشی بەرێ پێوەندیی دانی مەسئەلەی زمانە بە
مافی مرۆڤ. یانی ئەگەر ئێمە مەسئەلەی مافی مرۆڤی زمان لەبەرچاو بگرین و ئەوە بکرێ
لە ناو کۆمەڵانی گەل دا موناقەشەیەکی بەربڵاوتری لە سەر بکرێ دەتوانێ زەمینەی ئەوە
دروست بکا کە ئەو تۆلێڕانس و قەبووڵ کردنی دوولایەنە و چەند لایەنە ش زیاتر بکا.
یانی ئەو تەسەورەی کە بۆ نموونە ، لە تەسەورێکی ئاوا ڕا حەڕەکەت دەکرێ کە هەورامی
زمان، کورمانجی زمان، سۆرانی زمان ، کەلوڕی زمان
ئەوانەی کە لە کۆمەڵگەیەکدا بەگشتی وەکوو کورد دەناسرێن ئەگەر هەر یەک
لەوانە بە شێوەزاری مەنتەقەی خۆیان قسە بکەن ، بە شێوەزاری ناوچەی خۆیان بنووسن ،
بەو شێوەزارەی فرچکیان پێی گرتووە پێی بنووسن ئەوە دەبێتە هۆی لەتبوون و دابڕان،
یانی فەڕزەکە ئەوەیە، ئاوای دادەنێن، گریمانەکە ئەوەیە، دە حاڵێکدا تەواو بە
پێچەوانەکەی ڕاستە. پێچەوانەکەشی ئەوەیە کە ئەگەر هەموو بە سینگی کراوەوە بێ
لەبەرچاوگرتنی کەم و زۆری هەژماری جەمعییەتەکە، زیاد و کەمەکەی چەندە بێ ، چونکە
بۆ ئەوانە هەموو نموونەی پۆزیتیڤ هەیە لە ئاستی جیهانی دا . ئەگەر ئەوە بکرێ ئەو
دەمی هەم زەمینەی تەفاهومی کۆمەڵایەتی پتەوتر دەبێ ، تەبایی کۆمەڵایەتی زیاتر
دەبێ، خەڵک بە شێوەیەکی زۆر خۆشتر دەتوانن لەگەڵ یەک تەعامول بکەن، لەگەڵ یەکتری
بژین. جا ئەو نموونەی کە باست کرد لەمەڕ کۆمەڵگەیەکی کە بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی
کوردستان، پچووکتری وەکوو ڕۆژئاوای کوردستان لە ماوەی ئەو سێ چوار ساڵەی ڕابردوو
دا سەرەڕای ئەوەی کە وەزعێکی بێ سباتی عەسکەری لە گۆڕێ دابووە و مەسئەلەی ئاوارەیی هەیە ، مەسئەلەی داخرانی
سنووران هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوە و تەڤگەڕی کۆمەڵایەتی، سیاسی لە ڕۆژئاوای
کوردستان توانیویەتی ئەو مەسئەلەیە تا ڕادەیەکی زۆر بەرەو پێش بەرێ و دەبێ ڕۆژ
بەڕۆژ ئەوە زیاتر پەرە پێدا. وەک دەزانی ئەوە بە چەند پێریۆد دا چووە. یانی پێش
ئەوەی ئەو پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی ٢٠١٤، لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٤ بڵاو
بکرێتەوە پێش ئەویش حەڕەکەتی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان، تەنانەت لە زەمانێک دا
کە هێشتا حکوومەتی مەرکەزی سوورییە لەو مەنتەقانەی کوردستانی سوورییە دا سەردەست
بووە، تەنانەت لەو زەمانانەش دا وەک دەزانی ڕێکخراوێک هەبوو بە ناوی ' سازیێ زمانێ
کوردی ' کە ئەو سازیێ زمانێ کوردی لە مەرحەلەی یەکەم دا بە شێوەی تەنانەت بڵێین
نهێنی لە نێو بنەماڵان دا کوورسی زمانی
کوردی و خوێندنی زمانی کوردی هەبوو و ووردە ووردە کە حکوومەت مەجبوور بوو هێزەکانی
بکشێنێتەوە، بەڵام بەهەر حاڵ سیستمی پەوروەردە لەوێ هەر مابووەوە، جا هاوکات لەگەڵ
ئەوە ، هاوشانی ئەوە ئەو سازی زمانی کوردی توانی دیارە یەکەم جار لە عەفرین،
هاووڵاتییەکی کورد، تێکۆشەرێکی کورد وەتاغ و خانووی دە ئیختیارنان کە لەوێ
مەدرەسەی کوردی بکەنەوە . هەر چۆنێک بێ ئەو سازییە دەستی کرد بە کردنەوەی مەدرەسەی
کوردی و لە مەرحەلەی یەکەم دا ئەساسی کارەکەیان لە سەر ئەوە دانا کە پێویستی هەیە
بە پەروەردەی مامۆستا ، چونکوو دەزانین کە زمانی کوردی ئەگەرچی هێماکانی ،
دەتوانین بڵێین هێندێک لە هێماکانی ، مەبەستم لە شێوەزاری کوردیی کورمانجی یە،
بڵێین بەدرخانییەکان لە باکوور ڕا هاتن و لەوێ پێشیان خست ، یان ڕەحمەتی عوسمان
سەبری ، بەڵام لە دوای تەشکیلی دەوڵەتی سوورییە لە ١٩٤٦ بەم لایەوە هەتا ئەو
دواییانە لەوێ زمانەکە قەدەغە بووە. بەڵام
بەلەبەرچاو گرتنی ئەو نەریتەی کە هەبووە ئەگەرچی زمانی عەڕەبی هەر زمانی
نووسین و زمانی ئیداری و زمانی ڕووناکبیرانی کورد بووە کە زوربەی زۆریان دیارە
لەوێ وەزعێکی وا هەبووە کە خەڵک بە زمانی خۆی هەر قسەی کردووە جگە لە هێندێک
عەشیرەت نەبێ کە مومکینە لە ناوچەی ، لە کۆنەوە ئەیووبییەکان کە لە دیمەشق بوون یان هێندێک خەڵکی دیکەی لە مەنتەقەی حەڵەب و ئەوانە
، تەنانەی نموونەی ئاوا هەیە کە زمانەکە پارێزراوە بەڵام جلوبەرگەکە بووە بە
عەڕەبی و گۆڕاوە. هەرچۆنێک بێ زۆربەی خەڵکەکە لە قسە کردنی ڕۆژانە دا بە کوردی
قسەیان کردووە بەڵام زمانی سەردەست دیسان عەڕەبی بووە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە
بەر بوونی ئەو نەریتی پێشووی کە باسم کرد و تەبیعەتەن لەو هەلومەرجەش کە لە
باکووری کوردستان بەوجود هاتووە. چونکە دەزانین کە لە چەند ساڵی ڕابردوو ڕا لە
باکووری کوردستانیش
لەگەڵ ئەوەشدا کە زمانی کوردی هێشتا بە شێوەیەکی تەواو ئازاد نییە، یانی لە
پەروەردە دا نییە، هێشتا دەتوانین بڵێین زمانێکی قەدەغەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە
زەمینەی چۆنایەتی پێوە چاران بە زمانەوە بەشێوەیەکی زانستی زۆر کار کراوە.
بەتایبەتی ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی پێشخستنی زمان لەو بارەیەوە کاریان کردووە ،
لەگەڵ زۆرێک لە زانایان لە ئاستی جیهانی دا پێوەندییان کردووە و تەنانەت لە زۆر
کۆنفڕانس و سێمیناران دا بەشدارییان کردووە و تەنانەت لەو بارەیەوە چوارچێوەیەکیشیان
گەڵاڵە کردووە بۆ وێنە بۆ ئەوەی کە خوێندنی زمانی کوردی چۆناوچۆن بەڕێوە بەرن. بۆ
وێنە لە ناوچەیەک لەوانەیە منداڵێک لە بنەماڵەیەک دابێ کە لەڕووی زمانییەوە
بەتەواوی ئاسمیلە بووبن، یان گرووپێکی دیکە کە نە زۆر چالاکانە بە کوردی قسەبکەن .
مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە بۆ گرووپی جیاوازی منداڵان چوارچێوەیەکیان داناوە. جا ئەوە
لە 'ڕۆژئاوا'ی کوردستانیش کەلکی لێ
وەرگیراوە. بێجگەلە لەوە لە پێوەندیی لەگەڵ پەسند کرانی ' پەیماننامەی کۆمەڵایەتی
' لە ساڵی ٢٠١٤ ، چەندین ئاکادێمی، پێک هاتوون . ئاکادێمی جەلادەت بەدرخانمان
هەیە، ئاکادێمی شەهید فەرزادی کەمانگەر. لە چوارچێوەی ئەو ئاکادێمییانەش دا کار لە
سەر ئەوە دەکرێ کە ئەو سیستمی پەروەردەیی کە لە ڕابردوو دا هەبووە، سیستمە
سوننەتییەی کە هەبووە بگۆڕدرێ، بۆ وێنە دەوری مامۆستا و شاگرد بگۆڕدرێ ، یا ئەوەی
کە مرۆڤ تەنێ لە چوارچێوەیەکی موعەیەن دا پسپۆڕایەتی هەبێ، ئەوە دەبێ بگۆڕدرێ.
واتە گۆڕینی سیستمی پەروەردە بە گشتی و دیارە ئەوەش یارمەتی دەکا بە پێشبردنی
زمانی کوردی. ببوورە زۆر درێژ بووەوە؛ مەسەلەیەکی دیکەش هەیە وەکوو ئێوەش
ئیشارەیەکتان پێ کرد لەم ' پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ' دا ، وا بزانم لە خاڵی ٩ دا
باسی زمان دەکرێ . لە خاڵی ٩ دا هاتووە: ' زمانی ڕەسمی کانتۆنی جزیرێ بریتین لە
زمانی کوردی ، عەڕەبی و سوریانی هەر وەها
مافی هەموو پێکهاتەکانی دیکەیە کە بە
زمانی دایکیی خۆیان پەروەردە بکرێن .' کاتێک کە باسی زمانی سوریانی دەکەن، مەبەست
لە زمانی ئارامی نوێ یە ...
گۆدەرزی: جەختی پرسیارەکەش لە سەر ئەوە بوو ئەو
فرە زمانییە چۆنە؟ یان هەلومەرجێکی سیاسی ئەوەی خولقاند کە فرە زمانی لەوێ جێگر
بێ.
قازی: بەڵێ، بێجگەلە ئەوەش . لە ناوچەی دیکە
مۆمکینە زمانی ئەرمەنی هەبێ لە کانتۆنێکی دیکە، یان چەچەنی هەبێ و بۆ ئەوانیش
دەرەتانی پێشخستنی زمانەکانیان هەیە. دیارە لە بەر ئەوەی من خۆم لە وێ نەبووم و لە
نزیکەوە ئەو ئاڵوگۆڕانەم نەدیوە ، بەڵام هەر ئەوەی کە لەوبارەیەوە ئەو پێشبینییانە
کراون واتە ئاخێوەرانی زمانی جۆر بە جۆر بتوانن
بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و دە ئازادی دا
زمانی خۆیان بەکار بهێنن ئەوە لە ڕووی تیۆرییەوە زۆر دەسکەوتیکی گرینگ و
گەورەیە و ئەوەش کە لە پڕاتیک دا چۆن بەڕێوە دەچێ و چۆن بەڕێوە ناچێ ئەوە
مەسەلەیەکی دیکەیە کە دەبێ زیاتر موناقەشەی لە سەر بکرێ. شتێکی گرینگ ئەوەیە تا ئەو جێیەی کە من خوێندوومەتەوە و لێی ئاگادارم
حکوومەتی مەرکەزی لە هێندێک ناوچە بە تایبەتی لە کانتۆنی جزیرێ هێندێک لە مەدرەسە
دەوڵەتییەکانی دانەخستووە ، تەنانەت لە دۆخی شەڕیش دا و حکوومەت ماوەیەک دانی
مووچەی مامۆستایانی ڕاگرتبوو ، لەگەڵ ئەوەش دا سازیی زمانی کوردی توانیویە لە
چوارچێوەی مەدرەسە دەوڵەتییەکانیش دا بە شێوەیەک لە شێوەکان خوێندنی زمانی کوردی
بگونجێنێ.
گۆدەرزی: کاک حەسەن دەزانین کە ئێستا هەلومەرجێکی سیاسی لە گۆڕێ دایە، یانی بڵێین سەرەتای ٢٠١١ وا دەکات کە لە ' ڕۆژئاوای کوردستان ' دیسان بە هۆی هێزێکی سیاسییەوە مەسەلەی فرە زمانی و بە گشتی بڵێین لە چوار چێوەی ئەو پڕۆژەیەی کە پێی دەگوترێت خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک مەسەلەی فرە زمانیش جێگە بگرێ. بەڵام ئەم بیرۆکەیە بە هەمان شێوە لە باکووری کوردستانیش وایە، بەڵام، لە باکووری کوردستان بڵێین فرە زمانی لە خودی هەرێمی باکووری کوردستان دا نییە ، بەڵکوو ڕەنگە بگوترێت فرە زاراوایی هەیە، کورمانجی هەیە و زازاکی یان بڵێین کرمانجکی ، بەڵام بە گشتی بڵێین ئەو بیرۆکەیە لە تیۆری خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک یان کۆنفێدڕالیسمی دێمۆکڕاتیک یان ئەوەی کە بڵێین ڕێزدار ئوێجاڵان باسی دەکا. یانی باسەکە لەو ڕوانگەیەوە یە. بێجگەلە ڕوانگەیەکی زمانناسانە بۆ زمان. ئێوە لەو پێوەندییە دا بڵێین لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دا جۆرێکی دیکە بیر دەکرێتەوە هەر دیسان لە پێوەندیی لەگەڵ زمان دا. هاوکاتیش ئێوە باسی باکووری کوردستانتان کرد، بەڵام، بە گشتی بڵێین لێرە دا چۆن هەلومەرجێکی جڤاکی لە ڕۆژئاوا دەکرێ تیۆرییەکی زمانی بخاتە بواری پڕاتیکییەوە و هاوکاتیش لە باکووری کوردستان دیسانەکە . لەگەڵ ئەوەی کە هەلومەرجێکی جیاوازیش هەیە بە تایبەتی لە ڕووی زمانییەوە کار بەو تیورییە دەکرێ یانی فرە زمانی ، فرە کولتووری ، فرە ڕەنگی لە باکووری کوردستان پەسند کراوە لە ڕاستیدا.
قازی: جەنابت لە سەرەتای ئەو پرسیارە دا ویستت جیاوازییەک دابنێی لە نێوان زمان و شێوەزار یان لەهجە یان هەرچییەکی نێوی بنێین. هەر چۆنێک بێ ئەمن پێم وایە ئەو مەسەلەیەی کە ئێستا باست کرد تەنانەت ئەوە لە پێوەندیی لە گەڵ موناقەشەی زمانی سەبارەت بە باشوور هەبوو. کە بەڵێ ئەوانەی کە دەڵێن دەبێ فرە ستانداردی هەبێ ، ئەوانە لێیان تێک چووە، تێکەڵی دەکەن ، ئەوە نازانن کە ئەو کێشەیە لە ووڵاتانی دیکە لە نێوان دوو زمانان دایە ، لە حاڵێک دا لە کوردستان ئەوە جیاوازیی زاراواییە. یانی ئەو ئارگومێنتە لە ڕاستییدا بە لاڕێ دا بردنی مەسەلەکە ، مونحەریف کردنی مەسەلەکەیە. هەر چۆنێک بێ نێوی بنێی زمان، نێوی بنێی لەهجە، نێوەی بنێی شێوەزار ئەوانە هەموو ئێستا لە ڕووی زانستییەوە جێگای موناقەشەیە. یانی تەعریفێکی موتڵەق بۆ زمان نییە کە بێنی چەمکی زمانی پێ بناسێنی. تەعریفێکی موتڵەق لە سەر شێوەزاریش بەو شێوەیە نییە. ئەوە دەبەسترێتەوە بە دەستەڵات. دیسان ئەو بابەتە دێتەوە ناو سیاسەت بتەوێ و نەتەوێ. ئەوەی کە باست کرد پێش ئەوەی کە بێمە سەر 'ڕۆژئاوا ' . موقایەسەیەکی زۆر گرینگ هەیە لێرە دا، شەباهەتێکی زۆر گرینگ هەیە کە زۆر جار ڕەنگە سەرنجی نەدرابێتێ. ئەویش ئەوەیە ووڵاتی فەنلاند یەکێک لەو ووڵاتانەیە بێ لەبەرچاو گرتنی سیستمە سیاسییەکەی، دەگوترێ کە دێمۆکڕاتترین سیاسەتی زمانی هەیە ؛ بە کورتی لەوە دا کە ٩٤ لە سەدی خەڵکەکەی زمانیان فەنلاندی یە و ٦ لە سەدیان زمانیان سوێدی یە و ئەوەش لەو زەمانییەوە ماوەتەوە کە فەنلاند بەشێک بووە لە سوێد و هێندێک لە توێژێکی ئاریستۆکڕات لەوێ بەجێ ماون. هەر چۆنێک بێ لە قانوونی بنچینەیی دا ئەو ٦ لە سەدە ماف و هەمو شتێکی دیکەیان لەگەڵ ٩٤ لەسەدەکەی دیکە وەکوو یەک وایە. لەو بارەیەوە کەس باسی زۆرایەتی و کەمایەتی ناکا. نموونەیەکی ئاوا لە باکووری کوردستان دەبیندرێ. لە باکووری کوردستان زۆربەی خەڵک بە کورمانجی قسە دەکەن ، بەشێکی زۆر کەمیش لە باری جەمعییەتییەوە بە کوردیی دملکی یان کوردیی زازاکی قسە دەکەن. بەڵام ئەو تەفەکورە، ئەو بۆچوونە زمانییە ، ئەو بۆچوونە عادڵانەیە، ئەو بۆچوونە یەکسانیخوازانەیە لە چوارچێوەی زمانی دا لە کۆنەوە دامەزراوە. مرۆڤ زۆر بە نودرەت دەتوانێ ببینێ کە ڕووناکبیرێک یان نووسەرێک ئیجازە بە خۆی بدا بڵێ ناکرێ بە دملکی بنووسرێ. یان دملی ئاخێوەرێک مەجبوور بکرێ بە کورمانجی بنووسێ. ئەوە لەگەڵ ئەوەشدا وەک باس کرا لە قانوون دا هێشتا پیادە نەکراوە، بەڵام ، لە پڕاتیک دا لە زێهنییەتی ڕووناکبیران و ئەوانەی دا کە بە مەسەلەی زمانەوە دەچارێن تەواو جێی خۆی کردووەتەوە ، یانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئەوە دەتوانێ نموونەیەک بێ وەک چۆن فەنلاند لە ئاستی جیهانی دا نموونەیە. پاشان ئەو مەسەلەیە لە ڕۆژئاوای کوردستانیش وەکوو گوتم ئێمە دەبینین کە فکری خۆسەری دێمۆکڕاتیک، دێمۆکڕاتیسمی ڕادیکاڵ، کە خەڵک لە خوارەوە ڕا بێ ئەوەی کە دەوڵەت بێ و کارەکانی بۆ ئەنجام بدا بۆ خۆی خۆی بەڕێوەبەرێ، بۆخۆی خۆی ڕێک بخا ، فرچک کردنی ئەو بیرە لە باکوورەوە هاتووە و لە ڕۆژئاواش لە ماوەی ئەو دوو سێ ساڵەی ڕابردوو دا ، سەرەڕای وەزعی ئاڵۆزی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی عەسکەری و شەڕ ویستوویەتی خۆی پیادە بکا. ئەوەی لێرە دا گرینگە ڕووحییە و مێنتالیتی یە ، زۆر جار مەسەلەی پڕاتیکیش دێتە گۆڕێ کە دەتوانین زیاتری لە سەر بڕۆین کە مەبەستم لەوە چییە.
گۆدەرزی: باشە، هەر لێرە دا کاکە حەسەن نموونەیەکی
دیکە بە پێچەوانەی ئەمەیە، لەبەرامبەر ئەمە دا باشووری کوردستانە. باشووری کوردستان دەزانین بە
پێچەوانەی باکووری کوردستان ، لە باکووری کوردستان هێژێمۆنییەکی تەواوی کورمانجی
هەیە لەپەنای دا زازاکی کە مافی تەواوی خۆی هەیە جەنابت باست کرد کە دەگەڕێتەوە بۆ
ڕوانگەیەکی سیاسی. بەڵام لە باشووری کوردستان دا هەرێمێکی فرە زمانە ، هاوکات فرە
زاراواشە، زۆر زاراوی دیکەشی تێدایە، یانی بێجگەلە سۆرانی، هەورامی تێدایە، کەلوڕی
تێدایە لە خانەقین و دەور و بەر، دوای ئەوە وەکوو زمان تورکومانی تێدایە، عەڕەبی
تێدایە. بەڵام، هێشتا ئەو ڕوانگەیە یانی ڕوانگەیەکی فرە زمانی ، یان ڕوانگەیەکی
دێمۆکڕاسییانە بۆ زمان لە باشووری کوردستان دا جێگەی نەگرتووە. ئێوە ئەوە بە چی
دەبەستنەوە؟
قازی: ئەمن پێم وایە ئەو مەسەلەیەی کە لە ساڵی
٢٠٠٨ هێندێک لە ڕووناکبیران و نووسەران هێنایانە گۆڕێ ، بەخۆشییەوە بەشێکیان لەو
بۆچوونەی ئەو دەمی بەشێوەیەک لە شێوەکان پاشگەز بوونەتەوە و ئەوە جێگای خۆشییە بە
بۆچوونی من.
گۆدەرزی: کامە بۆچوون؟ ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ ئەلفابێت دا بوو یا بە گشتی لە سەر زمان ؟
گۆدەرزی: کامە بۆچوون؟ ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ ئەلفابێت دا بوو یا بە گشتی لە سەر زمان ؟
قازی: نا بە گشتی لە سەر زمان. ئەو دەمی زۆر
بە توندوتیژی دژی بۆچوونەکانی بەڕێز مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور دەنووسرا و قسە دەکرا
، جار جار لایەنی شەخسیشی پەیدا دەکرد، بەڵام، هەر چۆنێک بێ ، لەو دواییانە دا
ئەمن لەگەڵ چەند کەسێک لەوانە کە زۆر چالاک بوون لەوبارەیەوە هێندێک دیالۆگی کورتم
هەبووە، ئەوانیش بەو ئاکامە گەیشتوون کە ئەو مەسەلەیە لە سەرەوە ڕا و بەشێوەی
ئامیرانە ڕاناپەڕێ و دەرەتانی ئەوەی کە هەموو کەس یەک جۆرە جلوبەرگ دەبەر کا، یەک
جۆر قسە بکا ، یەک جۆر بدوێ ، یەک جۆر پێ بکەنێ ئەوە بەو شێوەیە زەمانی نەماوە و
دەبێ زەمینەی ئەوە دروست ببێ کە شێوەزارەکان، زمانەکان هەر ناوێکی لێ بنێین با
بنێین بتوانن بە تەنیشت یەکەوە بەرەو پێش بچن. چونکوو ئەگەر دیقەتت کرد بێ لەو
ماوەیەش دا کە ئەو تۆفانە بەرپا بوو دە ناو فینجانێک دا، ئەوە وا نەبوو کە قەت وا نەبووە
مەسەلەی زمان موشکیلەیەکی ئەساسی بۆ
بەڕێوەبەریی لەوێ دروست کرد بێ. ئێستا دەبینین لە بادینان، لە هەرێمی کورمانجی
ئاخێف کە ئەو شێوەزارە دەلکێنێ بە ئاخێوەرانەوە لە باکوور ، لەوێ تەواو جێی خۆی
کردووەتەوە بەرەوپێش دەچێ . ڕۆژنامەی ڕۆژانە هەیە کە بەخەتی لاتینی دەنووسرێ، ئەوە
جێگای خۆی کردووەتەوە و لە هەورامانیش هەر وەتر. و لە ناو ئەوانەش دا کە بەزمانی
فەیلی یا کەلوڕیش قسە دەکەن بەرنامەی ڕادیۆیی هەیە، بڵاو کراوە هەیە. یانی ئەمن
پێم وا نییە ئەو فکرەیە ڕیشەیەکی ئەوەندە قووڵی داکوتابێ لە باشوور کە ڕێگەی گۆڕان
بگرێ. لەوێش حەتمەن گۆڕان پێک دێ.
گۆدەرزی: بەڵام لە ئاستی سیاسی دا، بڵێین ئێمە
باسی ڕۆژئاوا و باکوورمان کرد کە پۆتانسییەلێکی سیاسی، حەڕەکەتێکی سیاسی و زۆر بە
کورتیش ئینسان دەتوانێ بڵێ کە بیرۆکەی خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک ، کە ئەو
دەسەڵاتە،هەرێم ئەو دەستەڵاتەی هەیە کە بۆخۆی بڕیار لە سەر زمانی خۆی بدا. بەڵام ،
لە باشووری کوردستان بە پێچەوانە جۆرێکی دیکە لە سیاسەت دەکرێ، یانی سیاسەتی ڕەسمی
پارتییەکانی باشوور ڕێگا بەو شتە نادا. پێت وایە لەو بارەیەوە دەتوانێ چ چەت و
ڕێگرییەک هەبێ لە سەر رێی ئەو پڕۆسە؟
قازی: تەسەوری من لە مەڕ پارتییە سیاسییەکان ،
بە تایبەتی سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ زمان دا ئەو
بۆچونە نییە. یانی ئەمن نەمدیوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بییەوێ شێوەزارێک بە
سەر شێوەزارێکی دیکە دا بسەپێنێ چونکە بۆخۆشی دەزانی لە پڕاتیک دا ئیمکانی ئەوەی
کە خەڵک ئەوە قەبووڵ بکەن نییە. وەکوو لە سەرەتای قسەکانیش دا باسم کرد ئێستا
مێدیا و ئامراز و وەسیلە زۆر بووە بۆ ئەوەی خەڵک لە یەکتری ئاگادار بن، بەڵام، وەک
ڕەنگە بیستبێتت لەو ماوەیەی دوایی دا فکرێکی ئاوا هاتووەتە گۆڕێ کە زمانی ئینگلیسی
بکرێتە زمانی ڕەسمی. نازانم بیستووتە یان نا؟ هەرچۆنێک بێ فکرێکی ئاوا هاتووەتە
گۆڕێ، زمانی ئینگلیسی پێشنیاز کراوە، وا بزانم لە پارڵمانیش قسەی لێوە کراوە،
چەندێک لە ئەندامانی پارڵمان ئیمزایان بۆ کۆ کردووەتەوە کە کارێکی ئەوتۆ بکرێ ،
دیارە ئەوەش ڕێگا دەکاتەوە بۆ هاتنە گۆڕی موناقەشەیەکی دیکە. ئەویش بۆچوونە لە سەر
ڕەسمی بوون. ئەمن پێم وایە باشتر وایە ئەو نەریتەی کە لە زەمانی شۆڕشی فەڕانسەوە
هاتووە و لە هێندێک ووڵاتان کاری پێ کراوە و لە فەڕانسە خۆی ئیدی چبڕ کاری پێ
ناکرێ، بۆ نموونە ئەو زمانانەی کە ئەو دەمی سەرکوت کراون ئێستا جارێکی دیکە سەر
هەڵدەهێننەوە و بەکار دەهێندرێن و ترێندێکی جیهانی بەڕاستی بۆ پاراستنی زمانانی
ژێر مەترسی هەیە. بۆ وێنە ووڵاتێکی وەکوو ئەمریکا ، ڕەنگە بینەرانی ئێمە، یان
ئەوانەی کە وەک پیشە لە زمان ناکۆڵنەوە ڕەنگە ئاگادار نەبن کە لە ئەمریکا زمانی
ڕەسمی ئینگلیسی نییە ، یانی لە ڕەسمییەت دا، لە قانوون دا زمانی ئینگلیسی زمانی
ڕەسمی نییە ، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دانیشتووی ئەمریکا هەن ، نزیکەی ١٧
میلیۆن کە بە زمانی ئێسپانیایی قسە دەکەن.
گۆدەرزی: بەڵام لە کردەوە دا زمانی ئینگلیسی
سەردەستە.
قازی: بەڵێ ڕاستە، بەڵام بزووتنەوەیەک هەیە بۆ
ئەوەی ڕەسمییەت بە ئینگلیسی بدرێ بە ناوی ' ئینگلیش فرست' ، بەڵام ، هەموو جارێ کە
ئەوانە پێشنیاز دەکەن ئەوە ڕەد دەکرێتەوە. ڕاستە لە هێندێک لە ئەیالەتان زمانی
ئینگلیسی ڕەسمی یە بەڵام لە ئاستی فێدێڕاڵ دا زمانی ڕەسمی نییە. جا ئەمن لە سەر
ئەو باوەڕەم لە ناوچەی ئێمەش چ لە ئاستی دەوڵەتەکان دا و چ لە ئاستی خۆمان دا
زمانی ڕەسمی نەبێ باشترە. یانی بۆ نموونە ئەگەر ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان لە بەر
چاو بگرین لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی دا باسی ٣ زمان کراوە، لەوێدا باسی زمانی
چەچەنی تێدا نییە، باسی زمانی ئەرمەنی تێدا نییە.
گۆدەرزی: تورکومانیشی تێدا نییە.
گۆدەرزی: تورکومانیشی تێدا نییە.
قازی: تورکومانیشی تێدا نییە، کە وا بوو یانی
چی ؟ یانی ئەگەر یەکیان ڕەسمی بێ و ئەویدییان ڕەسمی نەبێ ئەوە دەبەسترێتەوە بە
باڵانسی دەسەڵات ، بۆ وێنە ئەگەر لە کۆبوونەوەیەکی کۆمۆنی دا ئەرمەنییەکان
ژمارەیان زیاتر بێ دەتوانن ئەوە بهێننە گۆڕێ. جا بۆیە ئەمن لەو باوەڕە دام لە
ڕەسمییەت گەڕێین بێینە سەر مەسەلەی پڕاتیک . ئەگەر مرۆڤ مێنتالیتەیەکی دێمۆکڕاتی
هەبێ ئەو دەمی لە کاروباری ڕۆژانە دا کوردێک لێی زەحمەت نایە تورکومانێک چۆنی دەوێ
زمانەکەی خۆی بەکار بهێنێ. پڕاتیک شتێکە ، مەسەلەی سەر کاغەز شتێکی دیکەیە.
گۆدەرزی: دیارە باسی ئینگلیسیت کرد لە باشووری کوردستان دا. بەس وەکوو تێبینییەک دیارە من خۆم لە کۆنفڕانسێک دا بەشدار بووم لە سەر زمان. پێم وایە ئەو بیرۆکەیە بیرۆکەی دەسەڵاتێکی تەجاری و بازرگانی یە لە باشووری کوردستاندا ئەوەی کە زۆر جار بە ' دوبەی کردن' ناوی دەندرێ کە جیاوازە لە ویستی خەڵک ، بەڵام ، بە هەر حاڵ پرسیاری من ئەوەیە کە لەم ماوەیە دا ڕەشنووسی دەستووری هەرێم کەوتووەتەوە ڕۆژەڤ و بە پێی ئەو باسانەی کە دەکرێت باسی خۆبەڕێوەبەری بۆ هەرێمەکان زۆر بە توندیی پێشی دەگیرێ، حەتا قەرارە بڕگەیەکیشی پێ زیاد بکەن کە هیچ هەرێمێک نابێ بۆ خۆی خۆبەڕێوەبەر بێ یانی جیاواز لە دەسەڵاتی پارێزگا، ناحییە و قەزاکان. پێت وایە کە جێگیر کردنی بڕگەیەکی ئاوا لە دەستووری هەرێم دا ڕێگر نابێ لەوەی کە بۆ نموونە سبەینێ ئەگەر هەرێمێکی وەک هەورامان کە دەیهەوێت هەورامی بکاتە زمانی خۆی لە هەرێمی خۆی دا یان لە هەرێمی دیکە بۆ نموونە شەبەک هەیە یان شنگار و بادینان هەیە لە شوێنەکانی دیکە دا. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کارتێکەری سیاسەت لە سەر زمان. پێت وایە ئەوە چ کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر داهاتووی زاراوایەکان لە باشووری کوردستان دا؟
گۆدەرزی: دیارە باسی ئینگلیسیت کرد لە باشووری کوردستان دا. بەس وەکوو تێبینییەک دیارە من خۆم لە کۆنفڕانسێک دا بەشدار بووم لە سەر زمان. پێم وایە ئەو بیرۆکەیە بیرۆکەی دەسەڵاتێکی تەجاری و بازرگانی یە لە باشووری کوردستاندا ئەوەی کە زۆر جار بە ' دوبەی کردن' ناوی دەندرێ کە جیاوازە لە ویستی خەڵک ، بەڵام ، بە هەر حاڵ پرسیاری من ئەوەیە کە لەم ماوەیە دا ڕەشنووسی دەستووری هەرێم کەوتووەتەوە ڕۆژەڤ و بە پێی ئەو باسانەی کە دەکرێت باسی خۆبەڕێوەبەری بۆ هەرێمەکان زۆر بە توندیی پێشی دەگیرێ، حەتا قەرارە بڕگەیەکیشی پێ زیاد بکەن کە هیچ هەرێمێک نابێ بۆ خۆی خۆبەڕێوەبەر بێ یانی جیاواز لە دەسەڵاتی پارێزگا، ناحییە و قەزاکان. پێت وایە کە جێگیر کردنی بڕگەیەکی ئاوا لە دەستووری هەرێم دا ڕێگر نابێ لەوەی کە بۆ نموونە سبەینێ ئەگەر هەرێمێکی وەک هەورامان کە دەیهەوێت هەورامی بکاتە زمانی خۆی لە هەرێمی خۆی دا یان لە هەرێمی دیکە بۆ نموونە شەبەک هەیە یان شنگار و بادینان هەیە لە شوێنەکانی دیکە دا. ئەگەر بگەڕێینەوە سەر کارتێکەری سیاسەت لە سەر زمان. پێت وایە ئەوە چ کاریگەرییەکی دەبێت لە سەر داهاتووی زاراوایەکان لە باشووری کوردستان دا؟
قازی: ئەمن پێم وایە ئەو قانوونی بنچینەیی
فێدێڕاڵی کە ئێستا هەیە لە عێڕاقێ و لەوێدا زمانی کوردی هاوشان و هاوتەراز و
یەکسانە لەگەڵ زمانی عەڕەبی کە ساڵی ٢٠٠٥ پەسند کراوە ، لەوێدا زمانی کوردی ئاوا
قەبووڵ کراوە و کاتێک ئاوا قەبووڵ کراوە باسی ئەوەش نەکراوە کە جیاوازی بخرێتە
نێوان شێوەزارەکان. ئەوە بەو مانایەیە کە لە هەرێمی کوردستانیش بە پێی ناوچە ، بە پێی هەرێم، هەرێمی بادینان،
هەرێمی هەورامان دەتوانێ زمانی خۆی بەکار بهێنێ و دەتوانێ ناوی ئەوە بنێ زمانی
کوردی یانی ئاماژە قانوونییەکە ئاوا دەکرێ تەفسیر بکرێتەوە. جا لەبەر ئەوە ئەمن
پێم وا نییە ئەگەر هاتوو ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆ بکرێ واتە پارێزگا زیاد بکرێ یان کانتۆن
دابمەزرێندرێ ئەوە خۆی لە خۆی دا کێشەیەکی ئەوتۆ ساز ناکا چونکوو ئەگەر تێکی نەدەن
لە قانوونی بنچینەیی عێڕاق دا بناغەیەکی باش داندراوە لە پێوەندیی لەگەڵ زمانەکان
دا و زمانی عەڕەبی و زمانی کوردی وەکوو زمانی دەوڵەتیی و یەکسان قەبووڵ کراون.
گۆدەرزی: کاک حەسەن بێینە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان
و مەسەلەی زمانەکان. دەزانین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەمان شێوە مووزائیکێکە،
و مووزائیکێکی زمانی و کولتووری هەیە و ڕەنگە زۆر زیاتریش بێ لە باشووری کوردستان
یان هەرێمەکانی دیکە. و بە تایبەتی ئازەری و کورد زۆر تێکەڵ دەژین و سنوورێکی دوورودڕێژیان هەیە و لە زۆر شوێنیش
لەناو یەک دا دەژین. و ئەو باسەش ئێستا بۆ نموونە ئازادیی فرە زمانی و فرە
کولتووری بە جۆرێک نەکەوتووەتە ڕۆژەڤی سیاسەتی کوردی ڕۆژهەڵات . یانی سیاسەتی
پارتیی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێوە هەم لە ڕوانگەیەکی زمانییەوە و هەم لە
ڕوانگەی پێکەوە ژیان و داهاتوو بۆ گەلی
ئازەری و کورد ئەو پرسە چۆن شرۆڤە دەکەن؟
قازی: دیارە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ، یانی
لە قسە کردن سەبارەت بە زمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هێندێک ئەو چوارچێوە و دیتنی نەریتی هەیە بە
مانای ئەوەی کە دەبێ شێوەزارێک پێش بخرێ و سەردەست بکرێ، هەر چۆنێک بێ هەر وەک
باسمان کرد ئەو بۆچوونە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان سست دەبێ بە مانای ئەوە کە
هەڵگران و ئاخێوەرانی شێوەزارە جۆر بە جۆرەکان لە بواری جۆر بەجۆر دا دەکرێ شێوەزارەکەیان
بەکار بهێنن. بەڵام مەسەلەیەکی دیکەش هەیە ئەویش سووئی تەفاهومێک، خراپ بۆچوونێک
هەیە سەبارەت بەو دوو مادەیەی کە لە قانوونی بنچینەیی جمهووری ئیسلامی دا هەیە کە
ئەو دوو مادەیەش بە هیچ جۆرێک بەو مانایە نییە کە ددان بەوە دا هاتووە کە زمانی
کوردی یان زمانی تورکیی ئازەربایجانی یان بەلووچی دەکرێ بۆ
پێ خوێندن بەکار بهێندرێن. لەوێدا باسی ئەوە کراوە کە هاوشانی زمانی فارسی ئەو
زمانانەش دەکرێ ئەدەبییاتی خۆیان بەکار بهێنن. هەر لە بەر ئەوەشە لەگەڵ ئەوەشدا کە
دەگوترێ ئەو مادانە جێ بە جێ نەکراون بەڵام لە پڕاتیک دا کراوە، هەم نەشرییە هەیە
بە زمانی تورکیی ئازەربایجانی ، بە کوردیش هەیە. دەمەوێ بڵێم ئەو تەسەورە نابێ
بێتە گۆڕێ کە لە چوارچێوەی ئەو مادانە دا دەکرێ مەسەلەی زمانی جێ بە جێ بکرێ.
گۆدەرزی: ئەی لە ڕوانگەی کوردی یەوە؟
قازی: لە ڕوانگەی کوردییەوە ئەگەر تەماشای
بکەین دەبینین لە ئێران مەسەلەی زمان کراوەتە بابەتێکی ئەمنییەتی. وەک چۆن مەسەلەی
کورد مەسەلەیەکی ئەمنییەتی یە لە ڕوانگەی حاکمانی ئێرانەوە، مەسەلەی زمانیشیان هەر
ئاوا لێ کردووە. بۆ نموونە پارەکە ساڵی ٢٠١٤ کە ئاغای ڕووحانی هاتە سەر کار و دە
مادەی پێشنیار کرد و باسی جێ بە جێ کردنی ئەو مادە موعەوەقانەی ناو قانوونی
بنچینەییش هاتە گۆڕێ ، لەو پێوەندییە دا ئەگەر وەبیرت بێ ڕێکخراوەی پاراستنی
فەرهەنگ و ئەدەبی فارسی واتە فەرهەنگستانی ئێران زۆر بە توندی کاردانەوەی نیشان دا
نیسبەت بەو مەسەلەیە، ئەوەش لە بەر ئەوە بوو کە مەسەلەی زمان لە ڕوانگەی ئەوانەوە
وەک بوارێکی ئەمنییەتی چاو لێ دەکرێ. جا بۆیە ئەو دەستگایەش ئەگەرچی دەبێ خەریکی گەشە
پێدانی زمان و ئەدەبییات بێ ، هات ئەکتێکی سیاسی لە خۆیەوە نیشان دا و باسی ئەوەی
کرد ئەگەر کارێکی ئاوا بکرێ ئەوە دەبێتە هۆی لەت بوونی ووڵات. بەڵام لە بەرانبەر
ئەوە دا گەلانی ئێران یان ئەو بەشە لە کۆمەڵ کە بە زمانی غەیری فارسی قسە دەکەن
زەمینەیەکی هاوبەشیان هەیە و دەکرێ لە سەر ئەوە زۆر زیاتر بەیەکەوە کار بکەن و بەتایبەتی ئێوە باستان کرد لە باری
جوغرافیاییەوە تورکی ئازەربایجانی و کورد لە نزیک یەک دەژین و بەیەکەوە دەژین
گرینگە بتوانن لە سەر ئەو نوختە موشتەرەکە کە ئەویش داوخوازی زمانییە یەک بگرن و
ئەگە مرۆڤ لە بوارێک دا یەکی گرت ڕەنگە ئەوە ببێتە هۆیەک بۆ ئەوەی لە سەر شتی
دیکەش تەفاهوم دروست بێ. ئەگەر بۆچوونی جیاواز لە سەر مەسەلەی خاک هەبێ ، ئەگەر لە
لایەکی دیکە دا موشتەرەکاتەکەت زەق کردەوە لەو بارەیەوەش دەتوانی بە تەفاهوم بگەی.
گۆدەرزی: کاک حەسەن تەنها خولەکێکمان ماوە،
بەڵام، ئەگەر بە شێوەیەکی کۆنکرێت بۆ نموونە لە پێوەندیی لەگەڵ زمانی ئازەری دا .
قازی: دیارە ئەو بەناو کردنە زۆر کەس
قەبووڵیان نییە دەڵێن تورکی
گۆدەرزی: لە پێوەندیی لەگەڵ زمانی تورکیی
ئازەربایجانی دا پێت وا هەیە پارتیی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە گشتی مێدیای
دەرەوەی دەوڵەت لە ئێران دا ، مێدیای کوردی بۆ نموونە تێلێڤیزیۆن و مێدیاکانی
دیکەی کە هەن پێت وا نییە کەمتەر خەمی دەکەن لەگەڵ زمانی تورکیی ئازەری دا؟
قازی: بەڵی ئەمن پێم وایە دەیکەن. و ئەوە
کارێکی زۆر گرینگ دەبێ ئەگەر تێلێڤیزیۆنە کوردییەکان حەول بدەن هەر نەبێ
بەرنامەیەک یا چەندین بەرنامە بە زمانی تورکیی ئازەربایجانیش هەبێ چونکە دەزانین
لە لایەکی دیکەوە تەبلیغاتێکی زۆر ڕەگەزپەرستانە بە دژی خەباتی قارەمانانەی گەلی
کورد و گەلانی دیکە دەکرێ لەوانە گەلی تورکی ئازەربایجانیش.
گۆدەرزی: زۆر سپاس بۆ تۆ بەڕێز کاک حەسەنی قازی ، نووسەر و لێکۆلەرەوە زۆر سپاس.
گۆدەرزی: زۆر سپاس بۆ تۆ بەڕێز کاک حەسەنی قازی ، نووسەر و لێکۆلەرەوە زۆر سپاس.
قازی: سپاس بۆ ئێوە گەلێک مەمنوون
گۆدەرزی: بەڵێ بینەرانی هێژا لە شاری دەندرلێو لە ووڵاتی بێلژیکەوە لەگەڵتان بووین هەتا بەرنامەیەکی دیکە بۆ ئازادی و لە ئازادی دا بژین ماڵتان ئاوا.
گۆدەرزی: بەڵێ بینەرانی هێژا لە شاری دەندرلێو لە ووڵاتی بێلژیکەوە لەگەڵتان بووین هەتا بەرنامەیەکی دیکە بۆ ئازادی و لە ئازادی دا بژین ماڵتان ئاوا.
تێبینی: ئەگەرچی
ساڵ و نیوێک لەو هاوپرسییە تێدەپەڕێ بەڵام ناوەرۆکەکەی کۆن نەبووە. هەر
بۆیە بۆ کەلک لێوەرگرتنی هۆگرانی بابەتی زمان لیرە دا قسەکانم دابەزاندووە.
حەسەن قازی ژانڤییەی 2017
حەسەن قازی ژانڤییەی 2017
No comments:
Post a Comment