Monday, January 16, 2017

لە سوو فاڵزەوە بۆ کوردستان


لە سوو فاڵزەوە بۆ کوردستان

مێری ئیلەین هێگلاند
پێنجشەمە ، ٢٢ دیسامبری ٢٠١٦
ئێران وایر
 نووسینی : ڕۆناڵد ئێلیۆت بڕاون
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی

 زۆر بەر لەوەی ئێران نێو و نرتکە لە ئەمریکا هەڵدا و پێی بڵێ " ئیبلیسی گەورە " ، سەرکۆماری ئەمریکا جان. ف. کێنێدی نیگەرانی چاری ئەمریکا بوو وەک " ئەمڕیکایی دزێو" لە هەندەران –  دیاردەی خۆ بەزڵ زانی و لە ڕووی کولتوورییەوە نەخوێندەواری نوێنەرانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان سەدەمەی لە هەڵکەوتی ناونەتەوەیی ئەمریکا دەدا لە دوندی سەروبەندی شەڕی سارد دا. کێنێدی لە ماوەی کەمپەینی هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٦٠ ی خۆیدا بە دژی رێچارد  نیکسۆن، حەولی دا ببێتە ئیلهامدەرێک بۆ وەچێکی نوێ لە ئەمریکایی گەنج ، کە ئەو داوای لێکردن شان بدەنە بەر خزمەت کردن بە ووڵاتەکەیان و بە جیهان .
 بەشێک لە پلانەکەی کێنێدی بریتی بوو لە دامەزراندنی " سپایەکی ئاشتی پێکهاتوو لە پیاوان و ژنانی لێ هاتوو" کە خۆیان بەخت بکەن بۆ " پێشوەچوون و ئاشتی  لە ووڵاتانی خەریکی بووژانەوە دا ". ئەگەر چی فکری دامەزراندنی  سپای ئاشتی هی کێنێدی نەبوو – سەناتۆڕی دێمۆکڕات هووبێرت هەمفری حەولی دا بوو ئەو پڕۆژەیە لە ساڵی ١٩٥٧ دەست پێ بکا -  بەڵام ئەوە کێنێدی بوو کە لە مانگە بەراییەکانی سەرۆک کۆماریی خۆی دا ئەو ڕێکخراوەیەی وەکوو دەستگایەکی هەمیشەیی فێدێڕاڵ لە چوارچێوەی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا دا دامەزراند.
 سپا لە ساڵی ١٩٦٢وەوە دەستی کرد بە ناردنی دڵخوازان بۆ هەندەران، کە بەئاسایی تازە خوێندنی زانکۆییان تەواو کرد بوو ، کە دەبوو بۆ ماوەی دووساڵ بچن لە ووڵاتێک دا کە وەریان بگرێ بژین و کار بکەن. ئامانجیان ئەوە بوو یارمەتی ووڵاتانی خانەخوێ بدەن بۆ ڕاپەڕاندنی پێداویستی کادری پەروەردەکراو  و هەر وەها بەرەوژوور بردنی تێگەیشتنی دوولایەنەی کولتووری لە نێوان ئەو ووڵاتانە و ئەمریکا دا. ئەو ماوەیەی کە لە هەندەران دەبوون،  دڵخوازەکان بە زمانگەلی خۆجێی قسەیان دەکرد و لەگەڵ خەڵکی پسپۆڕ لە بواری پەروەردە ، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشەپێدان دا کاریان دەکرد و یارمەتییان  دەدان. ئەو دڵخوازانە لە ئەمریکای باشوور ، ئاسیا، ئەفریقا ، و ڕۆژهەڵاتی  ناوەڕاست خزمەتیان کرد
لە نێوان ساڵانی ١٩٦٢ تا ١٩٧٦ دا ، زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە دڵخوازانی سپای ئاشتی لە ئێران خزمەتیان کرد. زۆر لە وان  دۆستایەتی گەرم و گوڕ و هەمیشەییان لەگەڵ هاوکارە ئێرانییەکانیان پەیدا کرد و بە لێگەیشتنێکی کولتوورییەوە لە سەر ئێران گەڕانەوە ئەمریکا کە سەلماندی دەگمەن و بە نرخ بێ ئەو کاتەی پێوەندییەکانی دوو ووڵات بە دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ دا  ناخۆش بوو و گرژی تێ کەوت.
لەم زنجیرە ووتارانە دا ، دڵخوازانی پێشووی سپای ئاشتی باسی ئەو ساڵە لە بیرنەکراوانە دەکەن کە لە ئێرانیان بە سەر بردووە.


***
بۆ ئەو ژنە گەنجانەی  لە ساڵانی  ١٩٦٠ کاندا  لە ئەیالەتی داکۆتای باشوور  گەورە دەبوون ، ئاسۆی ژیان بەرتەنگ وەبەر چاو دەهات. مێری ئیلەین هێگلاند دەڵێ " لە داکوتا ژنان بە ئاسایی دەبوو لە نێوان ئەوەی دا کە ببن بە نەخۆشەوان یان مامۆستای خوێندنگەی سەرەتایی وڕەنگە کرێکاری کۆمەڵایەتیش هەڵبژێرن". بەڵام کاتێک ئەو گەنج بوو و لە کالێجی سوو فاڵز ، کۆمەڵناسی و دەروونناسی دەخوێند ، باوکی هێگلاند، کە قەشەیەکی لوتێران بوو ، پێشنیازی پێکرد ڕێبازێکی دی وەبەر بگرێ. " ئەو پێی گوتم ، ' ئەگەر ئەمن گەنج بایەم  دەچووم دە  سپای ئاشتی کێنێدی یەوە . "  ئەگەرچی  مێری زۆری بیر لە سپای ئاشتی و ئەرکەکانی نەکردبووەوە ، بەڵام داوخوازی چوونە ناو ئەو سپایەی پێشکێش کرد.
لە هاوینی ساڵی ١٩٦٦ دا . هێگلاند لە گەڵ دەستەیەک لە دڵخوازان ناردرا بۆ ئاوستین لە تێگزاس بۆ دەورەی پەروەردەی مامۆستایەتی زمانی ئینگلیسی لە ئێران. هەڵبژاردنی ئەو شوێنەی بۆی دەچوو تەقریبەن بە هەڵکەوت بوو.ئەو هەر ئەوەندە داوای کرد بوو بنێردرێتە شوێنێکی زۆر دوور. بەڵام لە ماوەی دەورەی پەروەردە دا،  ئەو هێندێک ئاگاداری پەیدا کرد سەبارەت بە پێوەندی ئەمریکای سەردەمی شەڕی سارد لەگەڵ ئێران، و ئەوەی کە پەروەردەکارەکانی لە سپای ئاشتی دا چۆن چاو لە محەمەد ڕەزای پەهلەوی دەکەن، کە یەک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. " هێندێک لە مامۆستاکانمان پێیان دەگوتین بە ڕاستیش ئێران دەبێ دیکتاتۆرێکی هەبێ چونکە خەڵکەکەی نەخوێندەوارن و ئامادە نین بۆ وەخۆ کردنی دێمۆکڕاسی. پێم وایە ئەمن ئەو دەمی تەواو ساویلکە بووم. ئەمن هەر وام بیر دەکردەوە سپای ئاشتی خێر و خۆشی بۆ  ئێران دەهێنێ و تەعاموڵێکی ڕوو بە ڕوو لە نێوان ئەمریکاییەکان و ئێرانییەکان دا پێک دەهێنێ."
بەڵام بەر لەوەی هێگلاند زانکۆی تێگزاس بە جێ بهێڵێ، ئەزموونێکی ترسناکی تێپەڕاند ، ئەویش چاوپێکەوتنی یەکەم کوشتنی بەکۆمەڵ بوو  لە ئەمریکا دا.لە ١- ی ئووتی ١٩٦٦ ، لەکاتێکدا  ئەو و  چەند کەسی دیکە پۆلی فێر بوونی زمانی فارسییان بەجێ هێشت ، تەقەکەرێک ، چارڵز ویتمەن ، کە سەربازێکی پێشووی هێزی دەریایی بوو  لە بورجی سەرەکی حەوشەی زانکۆ  تەقەی لە خەڵک کرد. ١٤  کەسی کوشت و زیاتر لە ٣٠ کەسی دیکەی بریندار کرد . " یەک لە ئەندامانی گرووپی ئێمە ، تام ئاشتۆن ، لەو ڕووداوە دا کووژرا، دوو کەسی دیکە بریندار بوون. ئەمن   وەبیرم دێ لەگەڵ چەند کەسی دیکە لە پەنای خانووبەرەیەک دا خۆمان حەشار دابوو ، نزیکەی سەعاتێک چاوەڕوان بووین هەتا ڕاگەیێندرا ئیدی بارو دۆخ ساغڵەمە ."
 دوو لە ئەندامانی بەرنامەی خوێندنی زمانی فارسی بریندار بوون. یەک لەو کەسانەی کە بریندار ببوو بڕیاری دا نەچێ بۆ ئێران.  بەڵام ئەویدیکەیان، دەیڤید ماتسۆن ، کە گولە وە مەچەکی دەستی کەوتبوو ، دەبوو سەفەرەکەی وەدرەنگ بخا. ئەو دواتر بەشێکی زۆر لە کاتی خۆی لەگەڵ سپای ئاشتی لە تاران بە سەر برد ، و لەوێ لە ژێر چاوەدێری زیاتری پزشکی دا بوو . هێگلاند  دەڵێ :  " ئەوە هاوینێکی تەواو پڕ لە ڕووداوی ناخۆش بوو. " " بەڵام ، لەوان ڕۆژان دا ، سەرنجێکی هێندە  نە دەدرا سەر دەرمانکردنی دەروونی بۆ ئەوانەی تووشی تڕاوما هاتبوون."
شوێنێک لە چیایان
هەر کە هێگلاند گەیشتە ئێرانێ ، سپای ئاشتی پرسیاری لێ کرد پێی خۆشە لە کوێ خزمەت بکا. ئەو دەڵێ: " ئەمن گوتم ئەمن خووم بە جێگای ئاوا گرتووە کە چوار وەرزی هەبێ و ئەمن چیایانم پێ خۆشە " . ئەو هەر وەها پێکێشی کرد نایەوێ لەگەڵ دڵخوازێکی مێینەی دیکەی سپای ئاشتی بنێردرێتە شوێنێک ، چونکە ئەو وای پلان دانەناوە کاتی خۆی لەگەڵ ئەمریکاییەکانی دیکە بە سەر بەرێ.
 سپای ئاشتی ناردی بۆ مەهاباد ، کە لە ناو چیاکانی کوردستان هەڵکەوتووە ، و هێندە لە سنووری عێڕاق دوور نییە.  بەڵام سپای ئاشتی بە هیچ جۆر نەیدەویست ئەو بە تەنێ بنێرێ بۆ مەهاباد . " سپای ئاشتی تەنێ ئەو کاتە ئەندامانی مێینەی دەناردە شوێنێک کە دڵخوازی نێرینەی ئەمریکاییش لەوێندەرێ بووبا ، و ئەو بۆچوونەش بەڕاستی سێکسیستی  بوو! لە ڕاستیدا بارو دۆخەکە پڕ کێشە و گرفت بوو  چونکە  هێندێک لە پیاوەکان لەو ناوچانەی ئێمە کارمان لێ دەکردن پێیان وا بوو ژنان تەنێ بۆ خزمەتی سیکسی ناردراونەتە وێندەرێ."
لە مەهاباد، دوو دڵخوازی دیکەی پیاوی سپای ئاشتی هەبوون. یەکیان   مامۆستای ئینگلیسی بوو ، ئەوی دیکەشیان پسپۆڕێکی کشتوکاڵ بوو  کە بە مۆتۆڕ سیکلێت دەچووە دێیەکان بۆ یارمەتی کردن بە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان.
 هێگلاند کە لە دەبیرستانی کچان دەرسی دەگوتەوە  زۆربەی کاتی خۆی لەگەڵ ژنانی کورد تێ دەپەڕاند. ئەو دەڵی " وا وێدەچوو ئەمنیان زۆر بە گەرمی وەردەگرت "  " خەڵکەکە زۆر مێهرەوان بوون و هەتا بڵیی مێواندۆست بوون ." ئەو لە ماڵی بنەماڵەیەکی کورد دا دەژیا ، و لەگەڵ مامۆستایەکی جوولەکەی ئێرانی خەڵکی تەورێز سێ ژووریان بە کرێ گرتبوو ، ئەو هاوکارەی مامۆستای ئەدەبییاتی فارسی بوو. ئەو دوو ژنە بە ئاسایی بە یەکەوە دەچوونە مەدرەسە و بەیەکەوە دەهاتنەوە  ماڵێ.
هێگلاند تەنێ تاقە تەجروبەیەکی ناخۆشی وەبیر دێ لەگەڵ کەسێکی خۆجێیی ." جارێکیان ئەمن بە ڕێگا دا دەڕۆیشتم پیاوێک یان کوڕێک کە سواری دووچەرخە ببوو لە پشتەوە هات و دەستی بۆ ناو ڕانم برد. ئەمن زۆری پێ چڕژام .ئەوە لەو جۆرە گیروگرفتانە بوو  کە جارو بار دڵخوازە مێیینەکان  تووشی دەهاتن. بەڵام بە گشتی ، ئەمن زۆر هەستم بە ئاسوودەیی دەکرد. "
لە لایەکی دیکەوە ژن بوون لە مەهاباد ، هێندێک دەرفەتیشی دەدا بە هێگلاند کە بە پێویستی ئەوە لە بەر دەست دڵخوازانی نێرینە دا نەبوو. ئەو دەڵێ . " ئەمن وەک ژن بۆم هەبوو لە هەلومەرجی خێزانی دا بەشدار بم بێ ئەوەی چ گیروگرفتێک بێتە ئاراوە. " ئەو مامۆستا نێرینەیەی زمانی ئینگلیسی لەگەڵ مامۆستاکانی دی ذەچووە شاخەوانی ، بەڵام لە زۆر فەزای خێزانی دا .لە وانەیە کەسێکی نێرینە وەخۆ نەکرێ. هێگلاند ، زۆر شەوانی زستانی وەبیر دێ کە لەگەڵ هاو وەتاغەکەی و ئەندامانی بنەماڵەی خانەخوێیەکەیان لە دەوری کورسی ڕەژی دا دەنیشتن و لاقیان تێ دەخزاند.
 ئەمریکا و شا  لە چاوی کوردەوە
ئەگەرچی هێگلاند کوردی نەدەزانی و دەبوو خۆی بەو پەروەردەیە ببەستتێتەوە کە بە زمانی فارسی دیتبووی ، دەرس گوتنەوە لە مەهاباد ئەو هەلەی بۆ ڕەخساند سەبارەت بە مێژووی کورد زانیاری پەیدا بکا، ئەو دەڵێ  " هێندێک لە شاگردەکان بۆ من زۆر گرینگ بوون ، یەکێکیان خزمێکی قازیی محەمەد بوو، کە سەرۆکی کۆماری کوردستان ببوو لە مەهاباد،" ، ئەوە ئاماژەیە بە ڕێبەرێکی بەناوبانگی جوداییخوازی کورد. بە دوای شەڕی دوویەمی جیهانی دا ، هێزە جودایخوازەکان لە مەهاباد و لە ئازەربایجانی دراوسێ دا سەربەخۆیی خۆیان لە ئێران دەستەبەر کرد بە پشتیوانی یەکێتیی شووڕەوی، کە حەولی دەدا ئیمتیازی دەرهێنانی نەوت لە حکوومەتی ناوەندی ئێران بە دەست بهێنێ. بەڵام کاتێک هێزەکانی شووڕەوی لە ساڵی ١٩٤٦ دا پاشەکشەیان کرد، حکوومەتی پەهلەوی کۆنتڕۆڵی خۆی داسەپاندەوە و محەمەد [ قازیی محەمەد ] و رێبەرە جوداییخوازەکانی دیکەی لەبەر خیانەت ئێعدام کرد.

لەکاتێکدا بنەماڵە خانەخوێیەکەی هێگلاند قەت پشتیوانیان لە محەمەد [ قازیی محەمەد ] یان کۆماری مەهاباد نەکرد بوو، بەڵام لە نزیکەوە لەگەڵ کولتووری کوردی ژیان شوێنێکی گەورەی لە سەر وی کرد ، و ئاسۆیەکی تایبەتی لە بەر چاوی کردەوە.  ئەو دەڵێ " چوونم بۆ ناو سپای ئاشتی پەروەردەیەکی گەورە بوو بۆ من " . " مرخێکی تایبەتی لە من دا پێک هات سەبارەت بە دانیشتووانی کورد ، و ئەمن زۆر نیگەران و بە پەرۆش بووم سەبارەت بەو کێشەیەی لە ناو کوردەکان و حکوومەت دا لەگۆڕێ دا بوو. "

ئەو دەڵێ هەر بەر لەوەی لە ساڵی ١٩٦٨ مەهاباد بە جێ بهێڵێ خەبەری ڕێکەوتنێک هات لە نێوان ڕێبەری کوردی عێڕاقی مستەفا بارزانی و سی ئای ئەی بۆ پێشگرتن لە کوردەکانی ئێران کە لە سنوورە نەپەرنەوە و نەچنە ناو هەڕیمەکانی کوردیی عێڕاق. ئەو دەڵێ " هێندێک لە کوردە دژبەرەکان لە سنوور دەپەڕینەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە ڕاوەدوونانی هێزە ئێرانییەکان ڕزگار بکەن" . " بەڵام  ڕێگایان لێ دەگیرا ، چونکە پێوەندیی نێوان ئێران و حکوومەتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر خۆش و نزیک بوو." هێگلاند وەبیری دێ کە چەندین کورد لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە حکوومەتییەکان دا کووژران،

یەک لەو کەسانەی کە کووژرا بە هەڵکەوت کوڕی قازیی محەمەد بوو، [ شیکردنەوەی وەرگێر، دیارە هەم نووسەر و هەم هێگلاند لەو بارەیەوە هەڵەیان کردووە، بە ئەگەری زۆر دەبێ مەبەستیان لە سولەیمان موعینی بێ]  کە ئەو لەماوەی دەرسگوتنەوەی خۆی دا چاوی پێیان کەتبوو. " ئەمن چوومە لای شاگردەکەم، کە ئەویش خزمێکی ماڵی کچی قازیی محەمەد بوو ، واتە خوشکی ئەو پیاوەی کە کووژرا بوو. ژنان بەیەکەوە دانیشتبوون، بە ئارامی دەگریان، ئەوە دیمەنێکی زۆر دڵتەزێن بوو."

لە ناو شاریش دا، دیمەنی زۆر دڵتەزێن بەدی دەکران . " هەر لەهەمان سەروبەندی دا ، ئەمن لە مەدرەسەی ڕا بە پێیان دەچوومەوە ماڵێ ڕاست دوای ئەوەی تاقیکردنەوەیەکی شاگردەکانم تەواو کرد بوو ، و خەڵک دەیانگوت  لە مەیدانێ ، یان چواڕڕێیانی سەرەکی شاری، لە سەر دارە مەیتێک  بەدەنی  ڕووتی یەک لەو کوردانەیان داندراوە  کە لە سەر سنوور کووژرا بوو. لە خوارەوە لە سەر سینگی پلاکاردێکیان دانابووە کە شتێکی ئاوای لە سەر نووسرا بوو " ئەوە بەسەر هەموو ئەو کەسانە دا کە بە دژی حکوومەتی شا بن. "   دیارە ئەمن تەماشای مەیتەکەم نەکرد و ڕووم لێ وەرگێڕا، دانیشتووانی کورد تووشی سەدەمەی دەروونی هاتبوون."

یادگاری سپای ئاشتی

کاتێک هێگلاند لە هاوینی ساڵی ١٩٦٨ دا گەیشتە کۆتایی خزمەتی خۆی لە سپای ئاشتی دا ، نەیدەویست ئێران بەجێ بێڵێ. بەڵام دوا جار ئەوێی جێ هێشت بە بەسترانەوەیەکی هەمیشەیی بە ووڵاتەکە و بە کوردەکانەوە.
 " ئەمن حەولم دا بە ڕاستی کارێکی باش بکەم بە دەرس دادانی زمانی ئینگلیسی. ئەو دەمێ ، لە ڕاستی دا ئەمن بیرم لە قازانجەکانی سپای ئاشتی بۆ ئێران یان ئێرانییەکان نەکردبووەوە. بەڵام ئێستا کە بیری لێ دەکەمەوە ، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک ئێرانیان بە جێ هێشتووە و پێداویستییان بە زانینی زمانی ئینگلیسی بووە ، و ئەو کارەی من دەکرێ ئەرێنی بوو بێ ."

دڵخوازێتی لە سپای ئاشتی دا  ڕێبازێکی نوێی ژیانیشی لە بەر دەم هێگلاند کردەوە. ئەو دەڵێ " ئەوە بووە هۆی ئەوەی بڕیار بدەم بۆ چوونە ناو بواری مەردمناسی کولتووری و جەخت کردن لە سەر کولتووری ئێران ،" کاتێک هێگلاند گەڕاوە ئەمریکا دەستی کرد بە خوێندنی بەرز لە بواری مەردمناسی دا و لە زانکۆی نیۆیۆرک لە بواری مەردمناسیی کۆمەڵایەتی و کولتووری دا پلەی ماستری وەرگرت و پلەی دوکتوراشی لە زانکۆی دەوڵەتی نیۆیۆرک لە بینگهامتن  تەواو کرد، هێگلاند ئێستا مامۆستای مەردمناسی یە لە زانکۆی سانتا کلارا لە کالیفۆرنیا.
ئەو دەڵێ ساڵانی ١٩٦٠ کان و ١٩٧٠ کان ، ساڵانی ئاستێکی بەدەر لە سروشتی بوون  لە پێوەندی نێوان ئێران و دەوڵەتە یەکگرتووەکان دا، و یادگارەکانی ئەو سالانە دەکرێ لە ئێرانی ئەمڕۆش دا ببیندرێ. ئەودەمی، ئەو کاتەی ئەمریکاییەکی زۆر سەفەری ئێرانیان دەکرد چ لە سپای ئاشتی و یان لە دەوری دیکە دا، ئێرانییەکانیش  گەورەترین گرووپی خوێندکارانی بێگانە بوون کە لە ئەمریکا دەیانخوێند. ئەو دەڵێ ، لەوانەیە هێندێک لەوان شاگردی مامۆستاکانی سپای ئاشتی بووبن.

سەردەمی ئاڵوگۆڕی کولتووری ، لە ساڵەکانی دواتر دا زێدە بوونی تێکنۆلۆژی کامیونیکەیشنی بە دوو دا هات، هەر ئەوەش وا دەکا ئێستا ئەو ژمارە کەمە لە ئەمریکاییان کە هێشتا سەری ئێران دەدەن چاوەڕوان بن تووشی کەسی ئاوا بێن کە ئەندامی کولتووری جیهانی بن،
                                                  
دوای نووسین: لەمەڕ تڕامپ و ئێران
دوای ئەوەی لە ٨ –ی نۆڤامبری ٢٠١٦  دۆناڵد تڕامپ وەک سەرکۆمار هەڵبژێردرا  ئیران وایر پرسیاری لە هێگلاند کرد  کە بە بۆچوونی وی سەرکۆمارێتی تڕامپ چ شوێنێک دەکا لە پێوەندییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دا.
ئەو دەڵێ " وەکوو دڵخوازێکی پێشووی سپای ئاشتی ، ئەمن زۆر بە پەرۆش و نیگەرانم، " ئاغای تڕامپ نوختەی پێچەوانەی گشت ئەو شتانەیە کە من باوەڕم پێیانە و کارم بۆ کردوون لە هەموو ماوەی ژیانم دا. بەلەبەرچاو گرتنی بۆچوونی ترس لە ئیسلامی ئاغای تڕامپ، زانیاری و لێتێگەیشتنی یەکجار زۆر کەمی سەبارەت بە پێوەندییە ناو نەتەوەییەکان، هەڕەشەکانی بەدژی ئێران، پشتیوانی نابەجێی لە ئیسرائیل و ماڵدانانە ناقانوونییەکانی، و دەربڕینەکانی بە دژی پەیمانی ناوکی لەگەڵ ئێران، مرۆڤ بۆی هەیە تەواو بترسێ لەو شوێندانانەی کە سەرۆکایەتی وی دەکرێ هەیبێ لە سەر پێوەندییەکانی نێوان ئێران – دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دا."

 هێگلاند دەڵێ، " ڕاوێژی دەمی تڕامپ ، لەوانەیە هێز وەبەر عونسورە هەرە کەلە ڕەقەکان بنێ لە سیاسەتی ئێران و ئەمریکا دا. " لەوانەیە ئاغای تڕامپ سیاسەتی گەشاندنەوەی ئاوری ترس و بێزاری خۆی بەکار بهێنێ بۆ وەگەرخستن و سوودی سیاسی بە مەبەستی هەڵائیساندنی شەڕێکی دیکە. مرۆڤ هەر دەکرێ هیوادار بێ کە ڕاستەقیینە ئابوورییەکان، گوشاری ناونەتەوەیی، و دەنگی بە ئاوەزتر بتوانن ئەو و ڕاگەیاندنە وەحشی و ناعاقلانەکانی پێ بەست بکەن. ئێمە پێداویستیمان بە پشتیوانی لە دێپڵۆماسی و میانەڕۆیی و خۆڕاگرییە لە ئاست بە ڕواڵەت ووڵامی هاسان بە بەکارهێنانی هەڕەشە و هێز."

مێری ئەیلین هێگلاند پڕۆفێسۆری مەردمناسی یە لە زانکۆی سانتا کلارا. ئەو لە ساڵی ١٩٧٨ گەڕاوە بۆ ئێران بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و تاقە زانستکاری ئەمریکایی بوو کە لە ماوەی شۆڕشی ئیسلامی دا ئەوە بکا. هێگلاند نووسەری کتیبێ  ' ڕۆژەکانی شۆڕش: ناڕەزایەتی سیاسی لە دێیەکی ئێرانی دا ' یە.

سەرچاوە:
https://iranwire.com/en/features/4274

No comments: