هاوپرسەکی لە گەڵ شێرزاد حەسەن سەبارەت بە کۆمەڵ، پەروەردە ، زمان
هاوپرسەکی لە گەڵ شێرزاد حەسەن سەبارەت بە کۆمەڵ، پەروەردە ، زمان
حەسەن قازی
بینەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش. لەم بەرنامەیەی ڕاوێژ دا میوانێکی تایبەتیمان هەیە، بەڕێز شێرزاد حەسەن نووسەر و هەر وەها ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی کە دیارە زۆرێک لە ئێوە ڕەنگە لە نیزیکەوە لە گەڵ کارەکانی بەڕێزیان ئاشنا بن بەڵام لە بەر ئەوەی تەنێ چەند کارێکی کراوەتە کوردیی کورمانجی لەوانەیە هێندێک لە بینەران نەیناسن بۆیە دەمەوێ زۆر بە کورتی بەڕێزیان بناسێنم:
شێرزاد حەسەن لە ساڵی ١٩٥١ یان ٥٢ لە هەولێر لە دایک بووە. لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیسی لە زانکۆی بەغدا وەرگرتووە. ٢٦ ساڵ لە بواری پەروەردە دا وەک مامۆستا و سەرپەرشتیار کاری کردووە. سێ ساڵ بەرپرسی ڕاگەیاندنی رێکخراوی " ئێم ئەی جی" بووە بۆ کاری مین هەڵگرتنەوە. شەش ساڵ لە ڕێکخراوی یۆنێسکۆ بۆ کار و باری پەروەردە کاری کردووە.کۆی ساڵانی خزمەتکردنی لەو بوارە دا لە ساڵی ١٩٧٧ وە تا ساڵی ٢٠٠٩ی خایاندووە. ئەوانە هەمووی لە سلێمانی. لە هاوێنی ساڵی ١٩٩٧ وە بۆ ماوەی دە مانگ لە فەنلاند بووە.لە بەهاری ساڵی ١٩٩٨ دوای هەڵوەشانەوەی کەیسی پەنابەرییەکەی گەڕاوە کوردستان. لە فەنلاند لە دیدارێکی ئەدەبی کە لە لایەن یانەی پێن وە ڕێک خرابوو باسێکی پێشکێش کرد. تەوەری سەرەکی باسەکانی ئەو دیدارە " زمان و کەسێتی نووسەر " بوو. لە ساڵی ١٩٧٩ لە بۆنەیەکی ئەدەبی دا بەشدار بوو لە شاری ئێدینبورگ لە شا نشینی یەکگرتوو. لە ساڵی ١٩٧٩وە تا ئێستا بە دەیان کۆڕ و سێمیناری لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان پێشکێش کردووە کە تەوەرەکانی بە بوارەکانی ئەدەب و پەروەردە و کێشەکانی ژن و منداڵ و ژینگە و تابووەکانی نێو ئایین و سیاسەت و سێکس وە پەیوەست بوون کە بە سێگۆشە یان سێ کوچکەی حەرام ناسراوە. شێرزاد حەسەن لەگەڵ هاوسەری سێ منداڵیان هەیە. جگە لە چوار ساڵ خوێندن لە زانکۆی بەغدا و نیزیکەی ساڵێک لە فەنلاند، نیوە بە نیوە ژیانی لە نێوان هەولێر و سلێمانی دا دابەش بووە.دیارە بۆ دەست گرتنەوە بەکات باسی کتێبەکانیان ناکەین .دوای تەماشا کردنی ئەم بەرنامەیە بگەڕێن بە دوای کتێبەکان دا بۆخۆتان بیانبیننەوە!
قازی: مامۆستا زۆر زۆر بە خێر بێی!
شێرزاد حەسەن: زۆر سپاس
قازی:
بەڕێزت وا بزانم لە دیدارێکی تێلێڤیزیۆنی
دا لە کوردستان دەڵێی " ئەمن دەنووسم
لە بەر ئەوەی تەواو نیم." بۆ تەواو نی کاکە؟
شێرزاد حەسەن: خۆی نەک من، لە کۆڕەکانی ئەوڕووپا زۆر تەئکید ئەکەمەوە کە مرۆڤ تاکە گیاندارێکە پێچەوانەی هەموو زیندەوەرەکانی دیکە بە مەل و ئاژەڵ و زیندەوەرەکانی زەریا کە لە باری دەروونییەوە ئەوان کێشەیان نییە، یا وا دەرناکەوێ کێشەیان هەبێ بەڵکوو بەدەر لە مرۆڤ هەر یەکی دیکە لە گیاندارەکانی سەر زەوی و ئاسمان و ناو زەریاکان هەرگیز نەچوونەتە لای دوکتوری، پزشکی دەروونناس بەڵکوو، ئەوە مرۆڤە خاوەنی مەعریفەتێکە کە نەخۆشی خا . ئەوە قسەی من نییە، قسەی بیریارانی گەورەیە کە مرۆڤ شارستانییەتێکی دروست کردووە، شارستانییەتێک لە سەر حیسابی کوشتنی ئیرۆس ؛ ئیرۆس بەو مەعنایەی کە خوداوەندی جوانی و خۆشەویستی و عیشق ، ئەگەر کورتی کەینەوە بە دیوێکی دیکە دا دەتوانین بڵێین ناوی لێ نێین ژیاندۆستی. هەر شتێک کە ژیان گەش و خۆش و جوان دەکا دەکرێ بڵێین لە سایەی ئیرۆس دایە. بە پێچەوانەوە ئێستاکە مێژووی ئەوڕووپا و ڕۆژئاوا بە گشتی ئێستاشی لەگەڵدا بێ زۆر لە بیریاریان باسی ئەو مەرگدۆستییە دەکەن. وە کە دەڵێن مەرگدۆستی واتا مرۆڤ بوونەوەرێکە کە دەکرێ بڕێکی زۆر لە غەم و نیگەرانی و دەردی هەبێ. سەدان نەخۆشی دەروونی هەیە نە پڵینگ تووشی دێ، نە پەپوولە ، نە ماسی تەنیا مرۆڤ تووشی دێ.بەڵام، من ئەوە دەزانم کە دەڵێم تەواو نیم لە بەر ئەوەی لە ژینگەیەکی خراپ گەورە بووم، لە ماڵێکی خراپ لە ناو کۆمەڵگایەک و بڕوا ئەکەم لە ئەمریکا دەوڵەمەندترین کەس دەروونناسە لە بەر ئەوەی هیچکەسێک نییە ڕووی تێ نەکا .
قازی: باشە
بە وەی کە خۆت بە ناتەواو دادەنێی ،لە ڕاستیدا خۆت لە کۆمەڵەکەت جیا ناکەیەوە. وا
نییە؟ یانی کۆمەڵەکە بە ناتەواو دەزانی.
شێرزاد حەسەن: نەخێر! بۆ نموونە ڕستەیەکی بە ناوبانگە، ڕەنگە ئەو
ڕستەیە ناودار نییە بە داخەوە، بەڵام نووسەرەکەی ناودارە ئەڵێ: " نووسەران
کێن جگە لەوەی کە نەخۆشییەکانی خۆیان دەنووسنەوە." بە واتا مرۆڤ، مەسەلەن سەیری هەموو ئەدەبی
دنیا کە باسی کەمبوودی دەکا، دیدێکی تراژێدییان هەیە وە باس لە مەرگەسات دەکەن و باس لە دۆڕان و شکەستی ئینسان دەکەن. حەتا لە بواری خۆشەویستی
زۆریی ، پانتاییەکی زۆر باسی شکەستە. تۆ کە سەیر کەی مێژووی مرۆڤایەتی بە
درێژایی پێنج هەزار ساڵ، چواردە هەزار و
شەش سەد جەنگی گەورە و چکۆڵەی کردووە. لە ٧٦ وە تا ئێستا ساڵانە ٣ جەنگ بووە . ئاماری
زۆر سەیرتر هەیە لە سەر خوێناوی بوونی
سەرزەمین. مرۆڤ لەوەتەی هەیە بەردەوام وەک ئەوە وایە لە ناو
کوشتارگایەک گەورە بووبێ . ئێستا ئەمڕۆ
کاڵچەڕێک هەیە لە پەروەردە ی ڕۆژئاوا دوای
جەنگی جیهانی دووەم. هەوڵێک درا کە ئاشتی
خواز بێ. بەڵام، بە دیدی من مرۆڤ نە لە ڕۆژئاوا ، نە لە ڕۆژهەڵات ساغلەم نییە واتە تەندروست نییە وە لە سەر ئەوەش بوارێکی زۆری قسەی ئەوێ لە سەر
ئەوە.
قازی: باشە
ئەوانەی کە باری بیرەوە کار دەکەن، یانی
کرێکارانی بیر ،ئەوانەی کە لە سەر بیر کار دەکەن
ڕەنگە وەک جەنابت زۆر مەیلیان نەبێ
ڕاستە و ڕاست لە سیاسەت دا بەشدار بن بۆ ئەوەی کە سیاسەت بتوانێ قالبێک
داڕێژێ بۆ ئەوەی ناتەواوییەکان لە ناو نەهێڵێ ، بەڵام ، ئەوان وەکوو خۆیان بە
بیرەکانیان چۆن و بە چ شێوەیەک دەتوانن ئەو ناتەواوییانە لابەرن؟ بیان ڕەوێننەوە!
شێرزاد حەسەن: من نووسەرێک و بیریارێک ناناسم لە ڕۆژهەڵات و لە ڕۆژئاوا
گوتبێی میللەتێکی باشم هەیە ، خەڵکێکی باشم هەیە، خێزان جوانە. هەمیشە بە پێی خوێندنەوەی من – دەکرێ هەموو کەس دژی من
بێ – بەلام، من لەوەتەی فامم کردووەتەوە
لە تەمەنی ١٢ کە فێری خوێندنەوە
بووم بە ڕێکەوت ، بە دەر لە کلاس، پڕۆگڕامی قوتابخانە ، کە کەوتمە خوێندنەوەی
ئەدەب بە ڕای من هەموان کۆکن لە سەر ئەوەی و بۆ نموونە هەموو ئەو نووسەرانەی ڕۆژئاوا هەمیشە هێڕشیان کردووەتە سەر کۆمەڵگای
خۆیان وە هێڕشیان کردووەتە سەر پانتایی
سیاسەت و بڵێین زیندەگی کۆمەڵایەتی وە گومانیان لە هەموو ئەو شتانە بووە کە بە
ناوی سیاسەت و ئایینیش بەڕێوە چووە. بۆ نموونە یەکی وەکوو نیچە تازەگەری قەرزدارێتی " ئانتی کریستۆ"
ی هەیە یانی دێت قسە ئەکا. من دەتوانم
دەیان و سەدان بیریارت بۆ بێنمەوە
کە ئەوانە مێژووی مرۆڤایەتییان گۆڕی بەڵام، هەر هەموویان دەترسێن لەوەی کە مڕۆڤ هێشتا جەنگاوەرێک لە ڕووحی دایە ، شەڕانگێزێک
لە ناو وجوودی ئەوە لە بوونی ئەو دا هەیە
و بڕوا ئەکەم بیریارانی ڕۆژئاوا
ناکرێ ناوەکان بژمێرم بەڵام ، ڕێک
ئەو قسەیەی تۆ ئەکەن کە باس لە
کۆمەڵگایەکی نەخۆش ئەکەن. دەردەدار بە مانای جەسەدی و ڕووحی.
قازی: زۆر
باشە. ئەگەر ئێمە ئەو ناتەواوییە گرێ
بدەینەوە بە ئەساسی مەسەلەکە کە پەروەردەیە و دەتوانێ گۆڕان دروست بکا ، بە
لەبەر چاوگرتنی ئەوەش کە بەڕێزت ماوەی دوور و درێژی ساڵانی ژیانی خۆت تێپەڕاندووە بە پەروەردەوە، دیارە لەگەڵ ئەوەشدا، وەکوو ئەمن لە ووتارەکانت
دا بیستوومە و گوێم لێ بووە بە گشتی ناڕازی لەو سیستمی پەروەردەیەی کە بە گشتی لە
عێڕاق و باشووری کوردستان هەبووە و هەیە. دەکرێ وەک فاکت باس بکەین بزانین
ئەو پەروەردەیە لە ئەساسەوە قەت وا هەبووە
سالم بێ؟ یانی بە گۆڕانی ڕێژیمی سیاسی ئاڵۆگۆڕی بە سەردا نەهاتبێ؟ یان چۆناوچۆنە؟
شێرزاد حەسەن: ئەگەر باسی
کوردستان بکەین من گومانم هەیە لەو ٢٤ ساڵە
عەقڵێکی سالم پەیدا بووبێ!
قازی: پێش ئەوە!
شێرزاد حەسەن: بڕوا دەکەم
یەکێک لەو شتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ کێشەیە خودی پەروەردەیە.
چەکدارانی سەرزەمینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرچووی ماڵێکن، دەرچووی مزگەوتێکن،
دەرچووی دنیایەکن کە ڕێک کردوونی بە
کۆمەڵێک گەنجی جەنگاوەر وە قسمێکیان ڕەنگە
بڕوادار بن، بەشێکیان لە بەر بێ بەشی خۆی
چووەتە ناو ئەو گرووپانە وە هەمیشەش لە
ڕۆژئاواش تۆ ئەگەر سەیری کەی بۆ نموونە
دوو ئایدیۆلۆژیای سەرزەمینی کە سەدەی بیستەمی کرد بە قەسابخانە فاشیزم و نازیسم بوو و دیارە من قۆناغی با بڵێین بە ئومێدی
سۆشیالیزم ، بە ئومێدی کۆمۆنیزم بڕوا ئەکەم ئەو قەسابخانەیەی لە سۆڤییەت ڕووی دا، هەر سەرچاوەی ٢٠
میلیۆن کەس کە دەمرێ گوناهی یەکەم ڕەنگە ئی ستالین بێ و سەرکردەکانی پێش ئەوی. حەتتا قۆناغێک
نادۆزیتەوە بە ناوی ئایدیالۆژیای سەرزەمینی بێ
یا ئاسمانی بێ زەریای خوێنیان دروست نەکرد بێ. یا ئەگە تۆزێ بە ئەدەب بین بڵێین ڕۆبار و جۆگەلەی خۆێن کەلە سەری نەبرد
بێ. ( کە واتە ناتوانی) وە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بوو ئەوڕووپا ؛ ڕۆژئاوا بە
خۆ دا چووەوە و هەموو ئەو شتانەی کە ناوی مافی مرۆڤە ، و ئەنجومەنی پیرانە و چووزانم ئەنجومەنێک بۆ ئاشتییەوانی وە ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتی ٢٠٠٥ی
ئەوڕووپا، یەکێتیی ئەوڕووپا زۆر ئەترسێ لە هەزارەی سێهەم، زۆر ئەترسێ لە سەدەی ٢١.
بۆ؟ لە بەر ئەوەی قەناعەتی وایە پەروەردەی
ڕۆژئاوا هێشتا دەبێ پێداگیری بکا لە سەر ڕووحی ئاشتییەوانی چونکە دەکرێ لە ڕۆژئاوا لە سەدەی ٢١ یش کۆمەڵێک خەڵکی جەنگاوەر و یانی توند و تیژ ،
یانی بڕی توند و تیژی لە ڕۆژئاوا نەمردووە، نە لە ناو قوتابخانە بە تەواوی کۆتایی
هاتووە بەڵام، بە بەراوەرد لە گەڵ ئێمە دنیایەکە چەندین هەنگاویان ناوە. بەڵام لە
ڕۆژهەڵات نا ئومێدم.
قازی: زۆر
باشە. ئەگەر ڕۆژئاوا وەلا بنێین جارێ، مەبەستم ئەوەیە بە شێوەی کۆنکرێت هێندێک باس
بکەین. یانی لە بارەی پەروەردەوە ئەو سیستمە پەروەردەییەی کە لە عێڕاق هەبووە و لە
ژێر سێ ڕژیم دا تائێستا، ڕێژیمی پاشایەتی، دوایە سیستمی بەعس کە سیستمێکی دەوڵەتی
موتەمەرکزی بەڕێوە دەبرد و پاشانەکەش دوای نەمانی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ بەملایەوە هەم
لە عێڕاق بە گشتی و هەم لە کوردستان ئەگەر بمانەوێ وەکوو فاکت باسی بکەین ئەو
سیستمی پەروەردەییەی کە هەیە لایەنە جوانەکانی چییە؟
شێرزاد حەسەن: جوانییەکانی ئەوەیە کە ئێمە قۆناغی حوجرە بە جێ دێڵین
دوای هاتنی کۆلۆنیاڵی ڕۆژئاوا ئەوەی کە خەڵک دەڵێن ئیستیعمار کە پرد و ئوتومبێل دێنێت ، تێکنۆلۆژیا دێنێ،
چاپخانە دێنێ، ئەو کەرەستانەی خۆی پێویستی پێتی. چەکی تازە دێنێ ، هەر وەها لە
هەمان کات قوتابخانەش دێنێ . بەس ئەو ڕووحە میلیتارییەی کە لە ڕۆژئاوا هەبوو بووە
مایەی کۆمەڵێک وێرانکاری گەورە، جەنگی گەورە. ئەورووپا هەوڵی دایە، مەسەلەن
نموونەیەکی زۆر سادە لە مێشکی من دایە بێرتراند ڕاسڵ کە ماتێماتیکناس و سیاسەتناس بوو زۆر ئیشی لە
سەر پەروەردە کرد هێڕش دەکاتە سەر بریتانیای مەزن ئەڵێ منداڵەکان فێر مەکەن بە
مێژووی درۆزنی و سەردەستەیی و کەڵەگایی بریتانیا بە سەر میلەتانی دیکەوە. چونکە
داگیر کردنی میللەتانی دیکە شتێکی نامرۆییە و بەدەرە لە ڕەوشتی ئینسانی. ئەم توانی
کار بکا. مەسەلەن کۆمەڵێک دەروونناس، پەروەردەکار هەیە لە ڕۆژئاوا زۆرن کە پێویست
ناکا ناویان بێنم ئیشیان کرد لە سەر
کاڵبوونەوەی ئەو ڕووحە جەنگاوەری خوێنمژییەی مرۆڤ یان بڵێین ..
قازی: باشە
ئەگەر پێوەندیی بدەیەوە بە عێڕاق و کوردستانەوە.
شێرزاد حەسەن : باسی عێڕاق و کوردستان بکەم. عێڕاق لە سەرەتای
بیستەکان کە ئینگلیز دێ لە ساڵی ١٩٢٩ ڕەگ دادەکوتێ لە باری سیاسی و عەسکەری
میلیتاری، دوای ٥٨ کە عێڕاق بە جێ دێڵێ
ڕووحە میلیتارییەکە [لە دوای خۆی] بە جێ دێڵێ. ئەم ڕووحە سەربازییە
ئەمڕۆکەش لە قوتابخانەکانی کوردستان هیچ عەیبی نییە، تۆزی لە سەر نەنیشتووە بە
دیدی من. واتە شتێک لە عەسکەرتاری بە
مەعنای فەرمان دەر کردن و جێ بە جێ کردن، هەمیشە مامۆستاکان ، هەمیشە سیستمی
پەروەردە منداڵەکان وەک گوێکەڕیلە سەیر ئەکا، فەرمان دەدا. بەڵام، منداڵ مافی
هەیە، ئەرکیشی نابێ هەبێ بەو مانایە لە
بەر چی؟ لە بەر ئەوەی ئەو ئەرکە ئەبێ بە خۆشەویستییەوە واتە مەعریفەتێک هەبێ لە
سەر حیسابی غەمگین کردنی کچ و کوڕەکان نەبێ، چاندنی تۆوی مەرگدۆستی نەبێ. بە ڕای
من قوتابخانەکانی کوردستان بەشێکی مناڵەکان تووڕە و غەمگین ئەکەن وە تەوەلای
دەکەن، دەیتۆرێنن لە مەعریفەت . بۆچی لە ووڵاتی من و تۆ کەلتووری خوێندنەوە
نییە؟ لە بەر ئەوەی یەکەم تۆران لە
قوتابخانەوە دەست پێ دەکا دژی هەر چەشنە مەعریفەتێکی دەرەوەی. چونکە پڕۆگرامەکان
زیندەگییان خراپە. کە واتە عێڕاق بە ڕای من کە ئینگلیز دەچێتە دەرەوە ئەو ڕووحە
میلیتارییە بە جێ دێڵێ واتە لە ناو ووڵات
دا هەیە ئێستاشی لە گەڵدا بێ پێی دەگوترێ عەسکەرتاری، سەربازی ،
قازی: بەڵام هیچ جیاوازی هەیە یانی دوای نەمانی حکوومەتی پاشایەتی و گۆڕانی بەرەو جمهووری؟
شێرزاد حەسەن: هەوڵ دراوە، هەوڵ دراوە ڕێفۆرم بکرێ، هەوڵ دراوە یاسا دامەزراوە، بەڵام، یەک شتی زۆر بەسیت هەیە . من تەواوم نەکرد.
قازی: فەرموو
قازی: بەڵام هیچ جیاوازی هەیە یانی دوای نەمانی حکوومەتی پاشایەتی و گۆڕانی بەرەو جمهووری؟
شێرزاد حەسەن: هەوڵ دراوە، هەوڵ دراوە ڕێفۆرم بکرێ، هەوڵ دراوە یاسا دامەزراوە، بەڵام، یەک شتی زۆر بەسیت هەیە . من تەواوم نەکرد.
قازی: فەرموو
شێرزاد حەسەن: ئێمە کۆمەڵگایەکی دەرەبەگین تا ئێستاشی لە گەڵدا بێ.
.ئێمە سەنعەت سازیمان نەدیوە، ئێمە ئەوەی کە ناوی تازەگەری بوو هات لە گەڵ ڕۆژئاوا هاتە ناو ئەو ووڵاتانەی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێمە ڕووکەشەکەیمان وەرگرتووە، شتێک نەبوو لە عەقڵی
تازە. وە ئەگەر من قسێکی قەڵەوتر بکەم زۆر
بیریاری عەڕەب ئەڵێن نۆسەد ساڵ لەمەوبەر عەڕەب عەقڵی تەڵاق داوە. جەنابت دژی
ڕەها گری [ موتڵەق گەرایی ] بەس ئەوە قسەی
من نییە قسەی محەمەد عابید ئەلجابیری یە لە ڕەخنەکردی عەقڵی عەڕەبی. دوا فەیلەسووف کە نۆسەد ساڵ لەمەو بەر بووە ئیبنی
ڕووشد تڕۆ ئەکرێ، کتێبەکانی ئەسووتێندرێ.
ئەمە دوا فەیلەسووفی ئیسلامی عەقڵانی یە.
قازی: بەڵام
بەڕێزت ئەوەت هێندێک گرێداوە کۆلۆنیالیزمیش، یانی هەر دوو لایەنەکە دەبینی؟
شێرزاد حەسەن: ئەمن دەمەوێ بڵێم میلیتارییەکە کە دێتە ئەو ناوچەیە، هەمان شت فیئۆداڵی ؛ دەرەبەگی ڕەگ و ڕیشەی هەزاران ساڵەی هەیە لە ناو کورد. بۆیە دەرەبەگی بە مەعنای چییە ؟ هەر دووکیان کۆڵەگەی یەکەمیان توند و تیژی یە ، زەبر و زەنگە ، دەرکردنی فەرمانە. ئایا ئەو ئەخلاقە، ئەو ڕەوشتە، ئەو جۆرە پەروەردە ییە کە مناڵەکان گوێکەڕیڵە دەکا فێریان ناکا ڕەخنەگر بن ، فێریان ناکا پرسیاری گەورە بکەن ، فێریان ناکا گومانکار بن. پەروەردەی ڕۆژئاوا ڕووی لە پرسیار و گومان کرد. فەیلەسووفانی ڕۆژئاوا ئیشیان لە سەر گومان و پرسیار کرد.ئێمە لە ووڵاتێک ئەژین ڕەهاگەریی تێدایە وە پیرۆزی تێدایە کە عەقڵ پەک دەخا وە مامۆستا بۆخۆی؛ سیستمی پەروەردە ئەم جۆرە مناڵانە ، ئەم کچ و کوڕانە دروست دەکا کە دواجار زۆر گرگن و ترسنۆک و شەرمن بن. ئیشی قوتابخانەی ڕاستەقینە ئەوەیە کچ و کوڕانێکی ئازا و نەترس و پرسیارکەر و پڕگومان دروست کا کە ڕووحی شیکاری، لێکدانەوەیان هەبێ.
قازی: باشە مامۆستا ئەوەی دەیفەرمووی زیاتر لێکدانەوە و تەفسیرە بەڵام ئەگەر وەکوو تەوسیف یانی ئەگەر وەسفی بکەین بۆ وێنە ئەو سیستمی پەروەردەییە لە بەر ئەوەی کە پێشوەچوونی کۆمەڵایەتی هەیە، پێشوەچوونی تێکنۆلۆژی هەیە پێشوەچوونی فکر هەیە چ ئاڵوگۆڕێکی بەخۆیەوە نەدیوە لەو سێ ڕێژیمانە دا ؟
شێرزاد حەسەن: ناتوانی بڵێی ئاڵوگۆڕی بەخۆیەوە نەدیوە، هەر بە بەڵگەی ئەوەی کە ئێمە هەزاران خوێندەوارمان هەیە. من بۆخۆم یەکێکم لە زادەی ئەو سیستمەی کە قوتابخانەم دی. بەڵام، من لێت ناشارمەوە من تووڕەم لەوەی کە نەوەی من لە ژێر زەبروزەنگ دا بوو بە ناوی پەروەردەوە لە ژێر جۆرێک غەمگینییەکی یەکجار زۆر ، ترس و دڵەڕاوەکێیەکی زۆر. ئایا ئەوە کاڵبووتەوە لە کوردستان ؟ بەڵێ. بەس کاڵبووەتەوە بە چ ڕێژەیەک؟ ڕێژەیەکی کەم کە من دلخۆشکەر نیم پێی . بۆ نموونە سەد ساڵە ڕەبەق ئیمتیحانات، تاقیکردنەوە وای دەسەلمێنێ یەکێک تەنبەڵە و یەکێک زیرەک. لە سەر ئەرز کەس نییە تەنبەڵ و دەماغ سز. ئەو دەماغ سزە سیستمی سیاسی ..
قازی: بێ مێشک یانی!
شێرزاد حەسەن: بەڵێ. ئەتۆ یەکسەر منداڵەکان کە غەمگین و تووڕە و لای خۆت بێ کەڵکن ناویان دەنێی
تەنبەڵ و تەوەزەل، چونکە هەموو کەس بەهرە دارە. ئیشی قوتابخانە، ئیشی
پەروەردە ئەوەیە ئەو بەهرە شاراوانە ئەتەقێنێتەوە لە کچ و کوڕەکان دا. ئی ئێمە
ئەکووژرێ لە بێشکەوە بۆیە قسەکەم ڕێک لە سەر ئەوەیە کە ئەو سیستمە زۆر ستەمگەرییە لە ناو پەروەردەی کوردستان ماوە
بەڵام، لێرە و لەوێ دا شتێک هەیە بە ناوی جوانی ، شتێک هەیە بە ناوی دروست کردنی
مرۆڤێکی تازە بەڵام، ناتوانی گشتگیری بکەی وە بڵێی. من دژی ئەو جۆرە سیستمەم کە بەلانی کەم منداڵێک
نادۆزیتەوە ، دەگمەن مناڵان ئاسوودەن. نەک ئەوە، مامۆستاکانیش بە شەق ئەچنە ئەو
کۆلێژانە ، بە ئارەزوومەندی ناچێ ببێ بە مامۆستا. ئەمن لە مەشق و ڕاهێنان مامۆستا
بووم ، لە چوار پێنج هەزار کەس ، چل کەس، بیست کەس، سی کەسم دەست دەکەوت کە بە
ئارەزووی خۆی ببێ بە مامۆستا . کەسێک بە
ئارەزووی خۆی نەبێ بە مامۆستا لە مێ و لە
نێر ئایا مەزەندە دەکەی داهێنەر بێ؟ ناتوانێ داهێنەر بێ. ئەبێ کارەکەی خۆی خۆش بوێ. وە ساڵانە لە
کۆلێژەکانی ووڵاتی من لە سەدا نەوەد و پێنج ونەوەدو نەوەدونۆ هێندێک جار دژ بە ئارەزووی خۆی ئەچنە کۆلێژ ، لە
کاتێکدا ئیشی تۆ ئەوەیە ١٨ ساڵ ئەو کچ و
کوڕە ڕابێنی کە بزانی ئەوە لە فوتباڵێنا بڵیمەتە، ئەمی دیکەیان لە مۆسیقا، بەس لە کەمانا، ئەویدیکە لە پییانۆ ، ئەویدیکە دەکرێ
فیزیاناسێکی باشی لێ دەرچێ ئەویدیکە دەکرێ
دارتاشێکی داهێنەری لێ دەرچێ. ئێمە ئەوە ئەکەین؟ نەخێر. ئێمە پیشەگەر دروەست دەکەین ، کەسێک بە کەڵکی
بازاڕیش نایە بەڵکوو خۆی سەرقاڵ ئەکا . ڕەنگە لێم پرسی بڵێی جا خۆ ژیان وا
ئەڕوا ، خەستەخانەمان هەیە، شێتخانەمان
هەیە ، چووزانم ووڵات بەڕێوە ئەڕوا ڕاستە ،
بەڵام سەرەتا تۆ پێت وتم چ ناتەواوییەک هەیە. من هەست ئەکەم لەوێدا مرۆڤ وجوودی
نییە. پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کوردستانیشەوە مرۆڤێکی تازەی دروست
نەکردووە ئاشتیخواز، ڕووحپەروەر ، پاک و تەمیز و خاوەن مۆڕاڵ بێ.پەروەردەی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرینەی قسەیەک ئەکا
لە سەر ئەخلاق بەڵام، خۆی دواجار سەیری ئەو
تابوورە بەشەرە بکەن . عێراق چوارەم ووڵاتە بە کوردستانیشەوە لە گەندەڵی.
پێم ناڵێی لە کوێوە هاتوون، لە کام کارگەوە هاتوون؟ کە واتە لێرە لە ڕۆژئاوا..
قازی: باشە سەرچاوەی ئەو ئامارە، ئەو ستاتێستیکە لە
کوێوە هاتووە کە عێڕاق چوارەمین ووڵاتی گەندەڵی دنیایە؟
شێرزاد حەسەن: لە بەر ئەوەی من ساڵانە موراقەبە ئەکەم لەو سەنترانەی کە لە سەر ئاستی دنیایە چۆن بۆ نموونە " میدڵ ئیست واچ " هەیە کە موراقەبەی مافی مرۆڤ دەکا. ڕەنگە ناوەکانم لە بیر نەبێ. ئەوەش حەقی خۆیەتی کەسێک گومان لە [قسەکەی] من بکا. بەڵام، ئەوە دەجار دەیبیستیتەوە وە لە هەر سایتیك یەکێک بگەڕێ لە ماڵپەڕەکان یان بچێتە ناو ئینترنێت ئەزانێ لە بواری گەندەڵی عێڕاق لە کوێ دایە وە بە کوردستانیشەوە ئاگادار بی.
قازی: باشە مامۆستا بۆ بەڕێزت کە پەروەردەکارێکی و بێجگەلە ئەوە نووسەریشی و ڕەخنەگرێکیشی و قسەی خۆشت نەخواردووەتەوە و بۆچوونی خۆت باس کردووە. دیارە لە ڕوانگەی منەوە ڕەنگە بکرێ دەسەڵات بتوانێ ئەو ئاڵوگۆڕانە پێک بهێنێ و ئەوە بە ئەرکی بەڕێزت نازانم. پێت وایە کە خوێندەوار یان ڕەوشەنبیر چەمکێکی کە بە گشتی بە کار دەهێندرێ بە تایبەتی لە بواری پەروەردە دا دەتوانێ چ ئاڵوگۆڕێک پێک بێنی ؟
شێرزاد حەسەن: ئێمە ژمارەیەکی کەممان هەیە . مەسەلەن لە هەموو ئەوڕووپا ئەمن دوو کەسم ناسی ئەکتیڤ بوون فایق سەعید و هۆمەر قەرەداغی لە سویدن. کەسێکی کە وەکوو کار کردن لە ناو پەروەردەی کوردستان..
قازی : من
پێشتر لەگەڵ هەر دووکیان چاوپێکەتنم کردووە لەم تێلێڤیزیۆنە دا نا بەڵام، لە
کاناڵی دیکە دا چەندین ساڵ لەمەو پێش!
شێرزاد حەسەن: ڕاستە. بەس من دەشزانم ژمارەیەک نووسەرمان هەیە بەڵام، بەرامبەر بەو پەروەردە مردووە ، ئەوەی کە مرۆڤ دروست ناکا، ئینسانێکی تازە دروست ناکا، منداڵێکی تازە
دروست ناکا ، ژمارەیەکی یەکجار کەمن ئەو
جەنگاوەرانەی لە بواری پەروەردە شەڕیان لە سەر ئەوەیە، شەڕێکی ئینسان
دۆستانە کە بنیادەمێکی تازە دروست
کرێ کە بە لای کەمی مەرگدۆست نەبێ. ئەوە قسەی من نییە، با من
شتێک بڵێم ، میشێل ئۆنفرەی لە سەر
پەروەردە و کۆمەڵێک کاری دیکە ئیش دەکا یەک لەوان پەروەردەیە ، گومانی لە
پەروەردەی فەڕەنسی یە و بە مەرگدۆستی ناو
ئەبا و ئەڵێ مەرگدۆستی کاڵ نەبووەتەوە لە ئەوڕووپا وە گومانی لە دین هەیە و بە
تایبەتی ڕستەیەکی زۆر سەیری هەیە کە ئەڵێ
عیسا لێ ناگەڕێ منداڵەکان باش بژین. ئێستا ئەویش باسی خورافات ئەکا، ئەڵێ لە
قوتابخانەکانی ئەوڕووپا شتێک لە خورافات
لێرە و لەوێ کەم و لێرە و لەوێ زۆر
دەوترێتەوە، نەمتوانی قسەکەم تەواو کەم .
قازی: فەرموو
شێرزاد حەسەن: ڕاپۆرتی ٢٠٠٥ی
یەکێتیی ئەوڕووپا باسی لە هەزارەی سێیەم
کردووە لە بواری پەروەردە کە ئەو ئەستێرەی
من و تۆ ئێستا لە سەری دانیشتووین قسە
دەکەین , مەبەستم سەرزەمینە خەرێکە ئەکووژێتەوە.هەوا و ئاو و
خاک پیس بووە. وا بزانم لە ڕۆژئاوا خەڵک لە جیاتی نان و ئاو بەیانیان ئەگەر کەمێک
فەهمیدە بێ بیر لەوە دەکاتەوە چەندە ئەم
دنیایە پیس بووە، بۆگەنی کردووە وە هێندێک ئاماری سەیر هەیە کە لەو سەد ساڵە بە
قەت میلۆنەها ساڵ زەوی پیس بووە، بۆگەنی کردووە. پرسیارەکە لە
سەر ئەوەیە سەوزایی وە ڕۆژهەڵات ، بە بیابان بوونی هێندێک ووڵات، لە وانە کوردستان
و عێڕاقیش دەگرێتەوە، بە بیابان بوونی، نەمانی سەوزایی و هەر وەها مەترسییەک کە
بوونەوەرێکی توند و تیژ لە وێدا هەیە، بڕی توند و تیژی لە ڕۆژئاوا کاڵبووتەوە لە
دوای جەنگی جیهانی دووەم بەڵام، هێستا تێکۆشانێکی زۆر گەورەی دەوێ وە کەیسی ژن،
ژنان بە بەراوەد کردن لە گەڵ ڕۆژهەڵات هەنگاوێکی زۆریان بەرەو ئازادی ناوە بەڵام
فێمینیستەکانی ڕۆژئاوا هەرگیز ئاسوودە نین بەو دۆخە.
قازی: باشە
مامۆستا! بە لەبەرچاو گرتنی ئەو بارو دۆخە نائاساییەی کە بەهەر حاڵ لە عێڕاق و لە
باشووری کوردستان و بە گشتی لە بەشەکانی کوردستان دا لە بەر چاوە پێت وا هەیە کە
وەچەی تازە، وەچەی نوێ کە بە دووی تازەگەری و بە دووی ژیانێکی ئاوا دایە کە کە
پێشوەچوونی خۆی لە پێشوەچوونی خەڵکی دیکەش دا دەبینێ، ئەوانە چۆناوچۆن دەتوانن
خۆیان رێک بخەن بۆ ئەوەی کە ئەو ئاڵوگۆڕانە پێک بهێنن مەبەستم بە دەر لە دەستەڵات و بەدەر لە حیزبی
سیاسی یە؟
شێرزاد حەسەن: ئێمە کێمان هەیە. یەکەم جار ئەتۆ چاو لە خێزانێک
ئەکەیتەوە ، دە نێو خێزانێک گەورە دەبی ئەگەر خێزانەکە کەمترین ڕێزی بۆ مەعریفەت و
فکر و پرسیار و گومان نەبێ، خێزانێکی پاتریارکی، باوکسالاری غەرق لە ستەمگەری و نێرەکان تێیدا هەمووشتێکن وە ژنەکان کەسی
دووەمن ، پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا خێزانی کوردی بە دەوڵەمەند و هەژارییەوە جێگای
ئومێدی من و تۆ بێ مناڵێکی تازە دروست کا وەکوو پێناسەی باسمان کرد کە دەبێ کەسێکی
تازە بێ و ئەو میراتەی کە لە باو و باپیرانە مەرج نییە بە پیرۆزی بزانێ، دەبێ
گۆمان لە هێندێک بڕگە و بەندی بکا، نەک ئەوەی هەمووی وەرگرێ وەک ئەوەی کە شتێکی
پیرۆز بێ. ئایا پرسیاری لە کایەی ئایین و سیاسەت هەیە؟ ئایا دەوێرێ دلێرانە و
ئازایانە بە مێ و نێرەوە وایان لێ بێ کە لە هیچ پرسیارێک و گومانێک سڵ نەکەنەوە؟ نەخێر!
لە بەر ئەوەی کە کێشەکە لەوە دایە دووەم
شوێن کوێیە کە مناڵەکە لە باوەش بگرین و کەسێکی تازەی لێ دروست کەین ؟ قوتابخانە.
ئەگەر ئەو لە ماڵەوە باوکێکی ستەمکار بێ، دژی پرسیار و گومان بێ وە خۆی خواهانە
لێی خوڕێ , بکوژ و ببڕ خۆی بێ وە, ژنان کەسی دوەم بن؛ ناقیساتی عەقلی وەلدین بن پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر ببێ بە مامۆستا چۆن
مامۆستایەکی لێ دەر دەچێ؟ چ پەرجوویەک
هەیە، چ موعجیزەیەک هەیە ئەو باوکە لەپڕ
لە ماڵێ ئە بەم چەشنە ڕەفتار ئەکا لە
قوتابخانە ببێ بە مامۆستایەکی مێهرەبان و ئاشتیخواز و زانست پەروەر. ئایا ئەوان؛
مامۆستاکان گوناحیان هەیە ؟ نەخێر. بۆ؟
چونکە دیسانەوە ئەوانیش قوربانی دەستی سیستمێکی سیاسی، ئابووری،
کۆمەڵایەتین کە زۆر ناجۆر و خراپ گەورە بووە. ئێمە بۆ نموونە؛ ئێمە خۆشمان دەزانین
کوردستان کوشتارگا بووە. عێڕاق پەنجا ساڵە خوێنبارانە وە شەڕێکی گەورە. یونێسکۆ و
یونیسێف ڕاپۆرت دەدەن ساڵانە
پێی ئەڵێن " ئیمێرجێنسی کەیس
" یانی حالەی تەواری، یانی وەک ئەوە وایە لە ڕەوەکە بین . ئێمە هێشتا شێوەی ووڵاتمان
نییە، ئۆردووگاییە. هەر بۆ نموونە هەزار و چوارسەد ساڵە شیعە و سوننە ئاشت
نەبوونەتەوە ئەمڕۆ خوێناویترن لە دوێنێ . ئەگەر
عەڕەب لە ڕێگەی مەزهەبگەرایی شیعە و سوننە ئاشت نەبنەوە، تۆ تەسەوری
کوردستانی باشوور چۆن ئەکەی؟ چۆن لەگەڵ تۆ ئاشت دەبنەوە کە ئەوان هەزار و چوارسەد
ساڵ کینەبازی لەگەڵ یەک ئەکەن. ئەمە تەنیا
پەروەردە ئەیکوژێ . ئایا قوتابخانەی
عێڕاقی و کوردستانی توانیویەتی ئەم
جۆرە توند و تیژییە و ڕووحی زەبر و زەنگ و
کینەبازی و جیاکارییە لە ناو قوتابخانەکان کاڵ کاتەوە؟ نەخێر، نەخێر بە ڕەهایی .
چەند کەسێک هەیە خەمی ئەوەیانە بەڵام، بە ژمارە کەمن . دێینەوە ناو حیزب ، حیزب
یەکێکە لەو کارگانەی بە مێ و نێرەوە
ئەهاڕێ. زبان و دڵ و چاو وڕووحیان لێ ئەستێنێتەوە. حیزبم نەدیوە لە
ڕۆژهەڵات حیزبێکی مۆدێرن بێ ، ئاشتیخواز بێ. دیسانەوە لە ناو حیزبا کەڵەگایەک هەیە
و دیسانەوە خۆی خۆیەتی. لە کوردستانا داییمەن لە هەر پارچەیەک ئەگەر سەیری کەی
داییمە حیزبێکی کەڵەگا هەیە ، نایەڵێ حیزبە پچکۆڵەکان هەناسەش بدەن. یان حیزبێکە
درێژکراوەی توند و تیژی ناو خێڵە. خۆ دەکرێ خێلەکان بەشێکیان [..]، خۆ دەرەبەگی
شتی جوانی تێدایە بەڵام ،
قازی: یانی
ئێستا دەتوانین باسی خێڵی مۆدێرن بکەن؟
شێرزاد حەسەن: ئەوە من نیم
وا ئەڵێم ئوستاز.
قازی: ئایا
دەکرێ باسی خێڵی مۆدێرن بکرێ؟
شێرزاد حەسەن: نەخێر! لە لای
ووڵاتی من نا، لە ووڵاتی من نا.
قازی: ئەگەر
گوتمان خێڵ و مۆدێڕن یانی پێکهاتەیەکە کە
هەم ڕیشەی لە ڕابردوو دایە و هەم لەگەڵ ئێستا خۆی دەگونجێنێ. وای نابینی؟
شێرزاد حەسەن: من هەست
دەکەم ئوستاد، ئەو قسەی من نییە کتێبەکەی
مارتین ڤان بڕاونسن " ئاغا و شێخ و دەوڵەت" ، باشترین کەسە کە هەر چوار
پارچەی کوردستان گەڕاوە ، کتێبەکەی کراوە بە کوردی دوکتور کوردۆ عەلی کردوویە.
قازی: بەڵام
لێکۆڵینەوەکەی مامۆستا ڤان بڕاونسن ئی ساڵەکانی ١٩٧٠ کانە.
شێرزاد حەسەن: تا ئێستا بڕ دەکا. ئەوەی کە دەربارەی پێکهاتەی خێزانی
کوردی، ڕووحی دیوەخان بە مانای ستەمگەرییەکە وە ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییە دەرەبەگییە بە مانا ستەمکارییەکەی ، بڕوا دەکەم وەک چۆن
دەبینێ کوڕە گەنجەکان لە ناو پێڵاو دانیشتوون، بەڵام ئاغا لەوێیە، مەلا لە
تەنیشتێتی ، سەرکار لە تەنیشتێتی..
قازی: مەبەست
لە پێڵاو پێشخانەیە، وا نییە.
شێرزاد حەسەن: بەڵێ بەڵێ، هەر ڕێک لە ناو پێڵاوەکان دانیشتوون. پێیان
دەوترێ دەم ڕووت. مارتین ڤان بڕاونسن زۆر
غەمگین ئەبێ دەچێتە هەموو دیوەخانەکان وایە ئەڵێ، ئەوانە زۆریان ماوە بگەنە
بنەبانێ. ئەمە پێکهاتەی دیوەخان و بگرە
حیزبی کوردیشە تا ئێستا بە ڕای من. هەمیشە باوکەکان ئەیبەنەوە ئاگادار بە ،
باوکەکان بە مانا هەرە خەراپەکەی. بۆیە دەمەویست یەک قسە تەواو کەم.
قازی: فەرموو
قازی: فەرموو
شێرزاد حەسەن: ئیسماعیل
بەشیکچی تەسەوری وایە سیاسەتی کوردی هیچ تەجاوزی لە عەقڵی شوانکارەیی
نەکردووە کە پاوانخوازی یە.
قازی: ئاخر
باشە، بٶچوونەکانی ئیسماعیل بەشیکچی ش مەڕبووتە بە ساڵانی ١٩٧٠، بە بێ لە
بەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو ساڵانی زۆر لە تەمەنی خۆی بۆ لە سەر کردنەوەی مافی
کوردان لە زیندان تێپەڕاندووە، ئەوە لایەکی مەسەلەکەیە بەڵام، لێکدانەوەکەی لەمەڕ
کۆمەڵەی کوردی چل پەنجا ساڵی لێ تێپەڕیوە. مەبەستی من ئەوەیە یانی لەو چل ساڵ پەنجا ساڵە دا ئالوگۆڕ ڕوی داوە. پرسیارەکەی من لە بەڕێزت
پێشتر ئەوە بوو کە ئیندڤیدەکان، تاکەکان بە تایبەتی وەچەی گەنج بەدەر لەو مێکانیزمانەی کە هەیە چۆن دەتوانن
ئالیکار بن، یارمەتیدەر بن بۆ ئەو
گۆڕانانەی کە دەبێ بکرێن؟
شێرزاد حەسەن: لە سەر ئاستی
تاکە کەس، نەوەیەک هەیە لەگەڵ ئینترنێت ئیش ئەکا . من ڕادیۆیەک هەبوو، ئیزاعەیەک، گوێم لە وێستگەی
کرماشان ئەگرت.تاکە شتێک بۆ من بۆ
دنیاناسی ئەوە بوو. بەڵام، ئەمڕۆکە ئینترنێت هەیە خەڵک لە ڕێگای تەکنۆلۆجیای تازەوە ئاگاداری زۆر شتە لە گەڵتام، و دەکرێ
ئەو کوڕە، ئەو کچانە، ئەو کچ و کوڕانە
خۆیان تەقەلا بدەن بەڵام، من هێشتا گومانم هەیە
لە زانکۆکانی کوردستانیش مرۆڤێک دروست بێ
زانستخواز بێ، گومانم هەیە
گومانکار بێ. لە سەر ئاستی تاک لێرە و لەوێ کۆمەڵێک بەشەر ئەدۆزیتەوە، بەس سیستمی سەراپاگیری باس ئەکەم. زانکۆی ئێمە
نەیتوانیوە کۆمە ڵگا بگۆڕێ بەڵکوو زانکۆی ئێمە ئەمڕۆکە بچیتە ناوی زۆر سەیرت پێ دێ لە سەدەی بیستەم [ بیست و
یەکەم ] حاڵی وا خەراپە. هێشتا کچان وا دەزانن هەتاو لە قژیان بدا حەرامە. یانی
کەمترین گومان و پرسیار هەیە. کەمترین
زانستخوازی هەیە وە وەک ووتم کتێب بۆ
ئەبەد تەڵاق ئەدا مەعریفە. بەڵێ نەوەیەک تازە پەیدا بووە ئاگای لە ڕۆژئاوا و پێشکەوتن هەیە و ئاگای لە ڕۆژهەڵات هەیە بەڵام
، بۆ من نازانم دەکرێ ئەمن بەدبین بم
مامۆستا، دەکرێ من بەدبین بم، بەڵام، من
ئەوەندەی دەژیم و دەبینم ،
دەبینم زانکۆکانی ئێمە نەوەیەکیان فێر کردووە کە کەڕ و لاڵ بێ،
هێشتا وە من بۆ نموونە بە هەزاران قوتابی
دەبینم دەروێشی حیزبە وە حیزب
ئەپەرستێ وە سەرۆکەکەی ئەپەرستێ ، یەعنی
ئەم جۆرە پیرۆز کردنە لە نەوەی نوێ هەیە. نەوەیەکی
دیکە هەیە ئازادیخوا و تاکڕەو، بەڵێ هەیە
بەس بە ژمارە – بە دیدی من ، تێبینی من – خۆ من ئامارم لا نییە ، کەمە. بەڵام ،
دەزانم حیزبێک ئیدیعای ئەوە ئەکا دەڵێ
هەزار خوێندکاری .. [دە گەڵە].
قازی: بەڵام،
خۆشبینی ئەوەت هەیە کە بە هەر حاڵ ئەو
وەزعە وەکوو ئێستا نامێنێ و جوانییەکان
زیاتر دەبن لە ناجوانییەکان ؟
شێرزاد حەسەن: بێگومان. ئوستازی گەورەم لە بری وەی تف لە تاریکی کەی وا چاکە یەک مۆم داگیرسێنی. بە هەزاران کەس ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە مۆمێک دا ئەگیرسێنێ، تف لە تاریکی ناکا بە تەنیا بەڵام، قسەکەم لە سەر ئەوە نییە ، قسەکەم لە سەر ئەوەیە ئێمە ٢٤ ساڵ ، ئەگەر باس لە کوردستانی باشوور بکەین دەکرا ڕابوونێک و هەستانەوەیەک و زیندوویەتییەک وە نەوەیەکی تازە دروست بکەی کە تووڕە و غەمگین نەبێ . ئەگەر تۆ بچیتەوە کوردستان پاسێک، هەزاران فڕۆکە ی بەختت هەبێ هەزاران پاست هەبێ ، هەتتا ئەگەر بانگەشە بکەی بڵێی هەتاکوو پیاسەیەک ئەکەین ، کەس نایەتەوە ووڵات. ڕاستە نەوەیەک هەیە ووڵاتی خۆش ئەوێ ، بەس من ئەوەندەی ئاگام لێ بێ نەوەی تازە، مامۆستا بە پێچەوانەی ئەو قسەیەی ئەتۆ ئەیکەی نەوەیەکی تۆراوە لە نیشتمان . ئومێد دەکەم من هەڵە بم و درۆیەکی گەورەم کرد بێ، وا نەبێ ، چونکە من حەز ئەکەم نەوەیەکی تازە هەبێ بەڵام، من ئەزانم ئەوەندەی من هاوڕێکانم هەمووی ژێر تەمەنی سی یە کەسم نەدیوە تووڕە نەبێ وە نەتۆرابێ و غەمگین نەبێ.
قازی : وە باوەڕی بەوە نەبێ کە گۆڕانێک دروست دەبێ ؟ وا نییە؟
شێرزاد حەسەن: نا، نا، هەموو کەس بە ئومێدی گۆڕانە. بەڵام گۆڕان شتێک نییە خەونێک، بەیانی هەستی بڵێی خەونێکی خۆشم دیوە دنیا باش ئەبێ. ئەم ئەوڕووپایە کە تۆی حاواندووتەوە لێرە لەگەڵ هاوڕێکانت و، ئیسلامییە توندڕەوەکان کە لێیان دەقەومێ ناچن بۆ مەکەی موکەڕەمە ، مەدینەی مونەوەرە ببن بە پەنابەر کەچی دێنە ڕۆژئاوا یەک لەوانە مەلا کرێکار بۆ نموونە. پرسیاری من ئەوەیە ئەخلاقییەن کە تۆ دێی ئێرە بە ئەرزی فەساد دەزانی چی دەکەی لێرە؟ بۆ ناچییە ئەرزێکی پاک کە تۆ لەوێ پیرۆزییەکان دەبینی. ئەمە دابڵ مۆڕالێتی نییە ئوستاز ؟ ئەمە ڕیاکاری نییە؟ ئەمە ساختە بازی نییە؟ بەڵێ ئەڵێ ووڵاتەکە دێمۆکڕاسی یە. ئەتۆ باشە بە ئەرزی کافرانی دادەنێی.
قازی: بەڵام،
دیارە ئەوە باسێکە باسی دیکەی لێ دەبێتەوە
چونکوو ئەو ئارگومێنتێکە، ئیحتیجاجێکە لە
ووڵاتانی ئوڕووپاییش ئەوانەی کە دژی هاتنی پەنابەرانن بەکاری دەهێنن، بەڵام ئەوە نەمەبەستی
جەنابتە و نە مژاری ئەم بەرنامەیە یە . پێم خۆشبوو لەوەندە کاتەی ماومانە باسی مەسەلەیەک بکەم ئاوا ڕووبەڕوو و بینەرانیش
ئاگایان لێ بێ باشە ئەویش ئەوەیە لەو
ڕۆژانە دا لە شاری برووکسێل بەڕێزت کۆڕێکت
هەبوو. ئەمنیش لەوێ بەشدار بووم و پرسیارم کرد
لە جەنابت لە پێوەندی لەگەڵ گۆیا
بە ستاندارد کردنی زمانی کوردی لە باشووری
کوردستان. وا بوو وەک ئاگاداری لە ساڵی ٢٠٠٨
داوخوازینامەیەک بە ئیمزای زیاتر لە ٥٠ کەس بڵاو کرایەوە کە ئیمزای بەڕێزیشتی تێدا بوو و
ئەوە ڕووی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و
پارڵمانی کوردستان و سەرۆکایەتی پارتییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان
بوو داوایان لێ دەکرا کە شێوەزارێک لە
شێوەزارە کوردییەکان؛ شێوەزاری کوردیی ناوەڕاست یان سۆرانی وەکوو زمانی ستاندارد و ڕەسمی ڕابگەیێنن لە
باشووری کوردستان. دیارە ئەو داوخوازییە تووشی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی توند و تێژی
هات، هەم لە لایەن ئەو خەڵکانەی کە بە شێوەزاری دیکە قسە دەکەن بۆ نموونە لە بادینان کە بەشێکە لە زمانی کوردیی
کورمانجی و هەر وەها لە دەرەوەی ووڵاتیش لە ناو لایەنگرانی مافی مرۆڤی زمان کە من بۆخۆم یەک لەوانە دەزانم. ئەمن بە لەبەرچاو
گرتنی ئەوەی کە ئێوە بە شێوەیەکی ڕەها و
بێ لە بەر چاوگرتنی هیچ سنوورێک بۆ
مەسەلەی ئازادیی ئینسانەکان و
ئازادیی تاک دەچن بە ڕاستی ئەو دەمیش
و ئێستاش کە پرسیار دەکەم و ئێوە شی
دەکەنەوە، بۆم پرسیارە ئێوە چۆن ئامادە
بوون تێکستێکی ئاوا ئیمزا کەن!
شێرزاد حەسەن: لە بەر ئەوەی
بیرۆکەی زمانی ستاندارد لە ئەوڕووپا وەکوو لە کۆڕەکەش باسمان کرد بوو بە
دەمە تەقێ، لە زۆر ووڵات لە سەدا پێنجی
میللەتەکە کەوتووەتە دوای شێوەزارێک. لە
زۆر ووڵاتی ئەوڕووپی لە سەتا پانزدە بووە، لە سەتا بیست بووە. قسەم لە سەر ئەوە
نەبووە کام شێوەزار ئایا هەورامی یا کرمانجی ناوەڕاست یا کرمانجی باکوور چووزانم دەیان شێوەزاری دیکەمان هەیە ،
ڕەنگە سێ چوارێکیان لە سەرەوە بن یان لە بان دا بن بەڵام ، بڕوام وا بوو کە پەنجە مۆرەکە بۆ ئەوە
بوو کە حەقە بیر لە زمانی ستاندارد
بکەینەوە بەڵام، ئەوەش دڕکاوی بوو ئەو
مەسەلەیە. لە گەڵ ئەوە دا نیم من بڕیار بدەم. بەڵکوو، ئەبێ کۆڕ، کۆڕوبەندێک هەبێ و
بڕیار بدا چۆن لە ئێستاکەوە، هەشە بڕوای بەوەیە دەبێ هەر چوار پارچەی
کوردستان یەک خرێ ئینجا بیر لە زبانی ستاندارد بکەینەوە. پرسیارەکەی من ئەوە نییە کە، لەگەڵ ئەوە ،
هاوسۆزی ئەوە نەبووم کە شێوەزارێک سەرخەم من بە تەنیا لە بەرە ئەوە ئیمزام کرد بێ بەڵام ، ئەو
ئەوڕووپایە فڕانسا بۆ نموونە ، ئەتوانی ئەڵمانیا..
قازی: ئاخر هیچیان نموونەی جوان نین. هەمووی بە
زۆری زۆرداری بووە. لە شۆڕشی فەرانسە دا
کە لەهجەی پاریس کە لەو داخوازینامەیش
دا ئاماژەی پێ کراوە، بە زۆری سەپاوە بە سەر خەڵک دا ، نەک بە خواستی خۆیان
شێرزاد حەسەن: لە گەڵتام ، ڕاست دەکەی. بەڵام، بۆ نموونە عەڕەب ئەگەر قورئان نەبوایە زبانی ستاندارد، ئەمڕۆ هەموو ڕۆماننووسێک، چیرۆکنووسێک، شاعیرێک زۆرینە بە زمانی ستانداردی عەڕەبی ئەنووسن، ئەگەرچی عەڕەب ڕووحێکی یەکگرتووشی نییە.
قازی: بەڵام،
لە ناو لایەنگرانی مافی مرۆڤی زمان و ، هەر وەها زمانناسانی کۆمەڵایەتی ئەو مەسەلەی ستانداردە بۆ خۆی چووەتە ژێر
پرسیار لە ووڵاتانی ئوڕووپایی.
شێرزاد حەسەن: من زمانناس
نیم ئوستاز قازی. زمانناس نیم تا قسەیەکی قووڵ و
لە بەرچی بکەم. بەڵام ئەزموونی ڕۆژئاوا سەرنجم ڕائەکێشی کە دەکرێ
زمانێک هەموو کۆمەڵەکە لە سەری لە بواری
ڕاگەیاندن و فەرهەنگ [ لە سەری ڕێک کەون
]، چونکە تۆ بتەوێ و نەتەوێ ئەوانەی باسی
ناسیۆنالیسم ئەکەن لە ڕێی دراوێکەوەیە ،
لە ڕێگەی سروودێکەوەیە ، لە ڕێی
ئاڵایەکەوە ، لە ڕێی زمانێکی
ستانداردەوەیە.
قازی: هەر گرووپە ئینسانییە مومکینە هێندێک
تایبەتمەندی لە مەڕ خۆی هەبێ. مەسەلەن لە کوردستان سێ چوار شێوە زمان هەیە، قسە کردن هەیە .
شێرزاد حەسەن: لە گەڵتم. بەڵام، قسەکەم لە سەر ئەوە نییە من نامەوێ
پاکانە بۆ خۆم بکەم. دەکرێ هەڵەیەکم کرد بێ ، دەکرێ گوناهێکم کرد بێ کە مۆرم
کردووە بەڵام قسەم لە سەر ئەوە بوو تا
ئێستاش هاوسۆزی بیرۆکەی زبانی
ستانداردم بەڵام، من یەکێکم لەم
دەنگانە و بڕیاردەر نیم ئەگەر زۆرینە
بردییەوە ئەوانەی خەمی کوردیانە..
قازی: بەڵام،
ئێستا بۆ نموونە، نموونەی کۆنکرێت هەیە. ئەو مەسەلە لە بادینان جێ بە جێ بوو بە
مەعنای ئەوەیکە داوا هەبوو، داوایەکی
ڕەوای کۆمەڵی هەبوو لەوێ ئێستا خوێندن
هەیە بە شێوەزاری کورمانجی و تەنانەت
ڕۆژنامە دەردەچێ بە خەتی لاتینیی کوردی و ئەو داوایە لە هەورامانیش هەیە.
شێرزاد حەسەن : لە گەڵتام.
قازی : ئێستا ئەگەر هەورامییەک گوێی لێ بێ
کە بیرمەندێکی وەکوو شێرزاد حەسەن
پشتیوانی دەکا لە زمانەکەی لە باری ئینسانییەوە هەم بۆ وی ئاسوودەیی پێک دێنێ هەم بۆ تۆش!
شێرزاد حەسەن: بێگومان بە لەوەی هیچ ناکۆک نیم لەگەڵ جەنابت . چۆن شتەکان ئەڵێ بە دێمۆکراسی . من لەگەڵ پێت ئەڵێم بۆ ئەوەی درۆزن
نەبم، لە گەڵ زبانی ستاندارد دام بەڵام، بە بێ ئەوەی وەکوو تۆ دەڵێی ستەم
بێ یانی زۆردارەکی بێت . ئەبێ چەشنێک ،
ڕووحێک دروست بێ ، ئەوانەی ئەو کارانەیان
کردووە ئەبێ ئامادە بن وە بە شێوەیەکیش ئەمە ساڵانێکی یەکجار دوور و
درێژی دەوێ ، کاری یەک شەو و ڕۆژ نییە
بڕیار دەین بەڵام، بیرکردنەوە لەو حەرام نییە بە دیدی من. بیر کردنەوە لە زمانی
ستاندارد گوناحێکی گەورە نییە خۆی . بەڵێ
ئەوە گۆناحە من بڕیاڕ بدەم و شەڕ لە سەر ئەوە بکەم کورمانجی ناوەڕاست سەرخەم ، ئەوە لەگەڵ ئەوە دا
نیم.
قازی: چونکوو
ئێستا بە وەزعەی کە هەیە، بەو حاڵەی هەیە ، لە ڕاستیش دا موعزەلێک و موشکیلەیەکی
گەورەی کۆمەڵایەتیش نییە یانی زمان عەلقەلەیەکی دروست نەکردووە بۆ کەس تا ئەو
جێگای کە ئەمن بزانم. یانی ئەگەر بەو شێوەیەش بڕوا و ئیمکان هەبێ؛ چونکە بە
لەبەرچاوگرتنی تێکنۆلۆژی ئەو کارانە دەکرێ
پێش بخرێن.
شێرزاد حەسەن: ئەمن سێ
ڕۆمانی چکۆلەم هەیە، ئاوێستا چاپی کرد لە ئیستانبوڵ. ئەمن زۆرم پێ خۆش بوو، چونکە
لە ڕێی ئەو شێوەزارەی ئەمن پێم نووسیوە نەدەگەیشتمە کوردستانی باکوور یان ڕۆژئاوا.
یانی هێندێک کەس منی ناسی لە ڕێی ئەو دوو
سێ کتێبۆکەیە. بەڵام گرفتەکە لەوەیە ئوستاز قسەکەی تۆ ڕەوایە کە ئەڵێی بۆ چی؟
ئەگەر تۆ بە ستەمی تێدەگەی حەقی خۆتە گومان
لە من بکەی، بەس من بڕیار دەر نیم لەو چیرۆکە دا بەڵکوو گوتم هاوسۆزی ئەوەم.
قازی: زۆر
باشە! وەختەکەمان بەرەو کۆتایی دەڕوا. هیچ پلانی ئەوەت هەیە کە کارەکانی دیکەت
بکرێنە کورمانجی یان تورکی؟
شێرزاد حەسەن: من ئاسوودە
ئەبم ئەگەر بۆ هەر زبانێک وەرگێڕدرێن.
قازی: هەتا
ئێستا کامەیەک لە ڕۆمانەکان وەرگێڕدراون؟
شێرزاد حەسەن: مەسەلەن
" زنێکی منگن " کراوە، " خەونی جاڵجاڵووکەکان" کراوە،
قازی: بە
کورمانجی ؟
شیرزاد حەسەن: چیرۆکێکی درێژم هەیە " میم " کراوە، بەڵێ بە
کورمانجی.
قازی: ئەی بۆ
سەر زمانەکانی ئوڕووپایی و ئەوانە چی؟
شێرزاد حەسەن: ئا، بەڵێ بە فەرەنسی شتێک کراوە بەس کەمن. سویدی یا ئینگلیزی یان
ئیتالی کراوە، فارسی کراوە، عەڕەبی کراوە.
قازی: باشە
مامۆستا پرسیارێکم هەیە، دیارە ...
شێرزاد حەسەن : بەڵام، ئێمە لە بواری وەرگێڕان هەژارین ،
قازی:
بەداخەوە ئەمن دەبێ لێرە نەخوویندەواری خۆم باس بکەم بەو شێوەیە کە زۆر لە کارەکانتم نەخوێندووەتەوە
بەڵام، چەندێکیانم خوێندووەتەوە زۆر لەوە پێشتر و زۆریشم پێ خۆش بووە. پرسیارەکەی
من ئەوە بوو ئەو زمانەت لە کوێ دیوەتەوە؟
یانی ئەو زمانەی کە تۆ بەکاری دێنی. چونکوو شتێکی ناوچەیی نییە، هەولێریانە یان
بابانی تەنێ نییە ، شتی موکریانیشی تێدایە یانی چۆناوچۆنە ئەوە؟
شێرزاد حەسەن: ئەمن لە بەر ئەوەی هێندێک شێوەزارم زانیوە نەک
هەموویان، هەوڵم داوە قەرز کەم لە هەموویان وە کۆکتێلێک دروست کەم کە گەورەترین
ژمارە لە خەڵک لێم تێ بگا بەڵام، من باشیش دەزانم بە کورمانجی بە داخەوە نەکراوە
یانی بەختم نەبووە بگەمە خوێنەر. دەزانم ئەمە کێشەیەکی هەم سیاسیشە ئوستاد. کێشێکی
بە تەنیا زبانەوانی نییە.
قازی: ئێمە نموونەمان هەبووە وەکوو ڕەحمەتی شوکر مستەفا کە کورمانجی دەزانی ، تورکی دەزانی..
قازی: ئێمە نموونەمان هەبووە وەکوو ڕەحمەتی شوکر مستەفا کە کورمانجی دەزانی ، تورکی دەزانی..
شێرزاد حەسەن: بێگومان. ئێمە ئەوەشمان هەیە مەسەلەن یەکی وەک سەلیم
بەرەکات بە عەڕەبی ئەنووسێ کە ڕۆماننووسێکی ناودارە، یا یاشار کەمال بە تورکی
نووسیویەتی یا چووزانم نووسەرمان هەیە بە عەڕەبی ، بە تورکی . ئیتر خۆ بە فارسیش
هەمانە. مەسەلەن عەلی ئەشڕەفی دەروێشیان ئەویش یەکێکە لەو نووسەرانەی کە بە فارسی
دەنووسێ بە فارسی شتی زۆرە.
قازی: ئێستا
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر زمانەکەی خۆت. ئەو زمانەت لە کوێ پەیدا کردووە ؟
شێرزاد حەسەن: وەڵڵا لە دایک. زیاتر لە دایکەوەیە، چۆن ئەڵێی زمانی
ئەو ماڵەیە، ئەو گەڕەکەیە ، ئەو شارەیە. بەس من
هەست دەکەم زمانم ئاڵۆز نییە، یانی هەوڵ دەم، یانی دوا جار زمان بونەوەرە
بۆ خۆی ، ڕاستە من بوونەوەرەکەم ، من داهێنەری زمانم بەڵام، ئەویش فەزای گشتی وە
داییمەن فکر نییە لە دەرەوەی زبان بەڵام، نووسەرەکانیش بە ستاییلی خۆیان
ئەناسرێنەوە.
قازی: ڕاستە،
قازی: ڕاستە،
شێرزاد حەسەن: یانی هەر کەس وەک پەنجە مۆر وایە . یانی من هەوڵم داوە
پەنجە مۆرم هەبێ بەڵام من ناتوانم
بانگەشەی ئەوە بکەم بڵێم من زمانێکی زۆر نازدارم، یان زۆر داهێنەرانەم هەیە چونکە ئەوانی دیکە ئەبێ ئەو بڕیارە بدەن.
قازی: باشە
لە کۆتاییدا با ئەو پرسیارەش بکەم چونکە
لە چاوپێکەوتنەکاندا زۆر جار ئاماژە دەکەی بەو ماوەیەی کە لە فەنلاند بووی.
تا چ ڕادەیەک ئاشناییت پەیدا کردووە لە ڕێگای زمانی ئینگلیزییەوە لە گەڵ ئەدەبی
فەنلاند؟
شێرزاد حەسەن: نەخێر ئەگەر
شتێکی کەمم خوێندبێتەوە بە عەڕەبی خوێندوومەتەوە . مەسەلەن من ئەزانم کیڤی وەک
ڕۆماننووسێک " حەوت براکە " ی
هەیە. یانی دەکرێ بڵێم زمانی فەنلاندی قەرزداری ئەو ڕۆماننووسەیە ، چونکە زۆر لەوە
پێش یانی دوو سەد ساڵ زیاتر ئەم کابرایە ئەو ڕۆمانەی نووسیوە ئەوەندە ئاگادارم ،
یەکەم جار کە بیرم کردەوە سەیرم کرد ئەو کابرایە تەئسیری لە سەر زبان هەیە.
مەسەلەن یەکی وەکوو ئارتر ڕامبۆ ، شاعیرێکی کە بە تەمەنێکی ساوا کۆتایی بە ژیانی
دێ، فەڕەنسییەکان قەرزداری ئارتر ڕامبۆن. زۆر جار زبانێک نووسەرێک دەیهێنێتە
پێشەوە کە نەتەوەکەی خۆی قەرزداری ئەبێ ئەگەرچی وەک تاقە کەسێکە. من بڕوا
دەکەم بایی ئەوەندە لە ناو نووسەرانی کورد
ژمارەیەک هەیە کە لە ئایەندە دا کورد ئەلێ بەڕاست قەرزداری ئەو نووسەرەم کە ئەو
زبانەی پاراستووە، ڕووحی ئەو زبانەی پاراستووە.
قازی: باشە
مامۆستا گەورەت کردین بۆ بە شداری لە ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
شێرزاد حەسەن: زۆر سپاس
قازی:
بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەم جارەشمان. تا ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەو
هاوپرسەکییە لە ئێوارەی یەکشەمە ٢٦ی
ئاوریلی ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی
تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی
پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب هەڵێنن
1 comment:
دەست خۆش کاک حەسەن بۆ پێک هێنانی ئەم وتووێژە.
تەنیا یەک کتێبی ''شێرزاد حەسەن''م خوێندۆتەوە کە ناوی حەسار و سەگەکانی باکم .. بوو کە بەراستی زۆر سەرنجراکێش بوو. هیوادارم کە بتوانم کتێبەکانی دیکەی ناوبراویش بخوێنەمەوە.
لەگەل رێزدا
چیا لە فینلاند
http://www.mirovayeti.blogspot.fi/
Post a Comment