وتوێژ لەگەڵ پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب سەبارەت بە بەرهەمەکانی، چاپ و ئامادەکردنی کارەکانی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور لە پاییزی ساڵی ٢٠١٧وە و کۆلێکسیۆنی کتێب، بەڵگە و نامەکانی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە زانکۆی تۆرنتۆ، کانادا
وتوێژ لەگەڵ پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب سەبارەت بە
بەرهەمەکانی، چاپ و ئامادەکردنی کارەکانی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور لە پاییزی
ساڵی ٢٠١٧وە و کۆلێکسیۆنی کتێب، بەڵگە و
نامەکانی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە زانکۆی تۆرنتۆ، کانادا. ڕاوێژ چوارشەمە شەو
٢٩-ی حوزەیران ٢٠٢٢
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. لە
ڕاوێژی ئەمجارەماندا چاوپێکەوتنێکمان هەیە، وتوێژێکمان هەیە لەگەڵ پرۆفێسۆر
شەهرزاد موجاب کە سەرۆکی دیپارتمانی پەروەردە و لێکۆڵینەوەیە سەبارەت بە ژنان لە
زانکۆی تۆرنتۆ و بەڕێزیان وەکوو فێمێنیستێک بۆ بەشێک لە بینەرانی ئێمە کە لە بواری
مافی ژنان و لەسەر کردنەوەی مافی ژنان کار دەکەن ناسراوە. لەم بەرنامەیە دا ئێمە
باسی هێندێک لە کارەکانی بەڕێزی و ئەو پرۆژانەی کە بە دەستەوەیەتی دەکەین،
بەتایبەتی سەبارەت بە ژنانی کورد و هەر وەها ئەو میراسەی کە لە نەمر ئەمیر
حەسەنپوور بە جێ ماوە واتە کتێب و بەڵگەکانی کە دراوە بە زانکۆی تۆرنتۆ لە کانادا
باسی ئەو ئارشیوە بە کەلکە دەکەین و هەر وەها باسی ئەو کتیبانەی مامۆستا
ئەمیریش دەکەین کە دوای لە دەستچوونی لە
ماوەی ئەو پێنج ساڵەی دواییدا بەڕێز موجاب وەکوو هاوژینێکی وەفادار و وەکوو
ئاکادێمیسییەنێک کە هەستی کردووە بە بەرپرسیاری ئامادە و بڵاوی کردووەتەوە. تا
ئێستا ٥ کتێبی حەسەنپوور کە لێرە دەیان بینن [چەند کتێب نیشان دەدا] لە هاوینی
ساڵی ٢٠١٧وە بڵاو کراوەنەتەوە.
بەڕێز موجاب زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ!
پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب: سەلام و ڕێز بۆ جەنابت مامۆستا گیان و بۆ بینەرانی خۆشەویست و سپاس بۆ تۆ بۆ ئەو دەعوەت و دەرفەتە، بە تایبەتی دەمەویست
ئەوەشت پێ بڵێم سپاس بۆ حەول و بە دواداچوونەکانت لەمەڕە کارە سیاسی و عیلمییەکانی
ئەمیر. بۆ خۆت دەزانی کە ڕەفاقەت و دۆستی و نزیکی
ئێوە ڕابردووی مێژوویی و قووڵی هەیە و هەر دووکتان حەز و عەلاقەی هاوبەشتان
زۆر بوو کە زۆرێ دەگەڕێتەوە سەر باس و خواستە
مێژوویەکانی کوردستان. هەر چەند لە ڕوانگەی سیاسییەوە زۆر جارانیش تەوافوقتان
نەبوو بەڵام دۆستایەتییەکی مێژوویی و
قووڵتان هەیە. لەبەر ئەوە زۆر مەمنوونم بۆ ئەو دەرفەتە، زۆر سپاستان دەکەم.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. ئەمن دیارە بە کورتی بەڕێزتم ناساند وەکوو ئینسانێکی
فێمێنیست بە تایبەتی و دەزانم کە لە زەمینەی لە سەر کردنەوەی مافی ژنان و ڕۆڵی
ژنان لیستەیەکی زۆر لە کتێبەکانتانم لە بەر دەست دایە لێرە، کە لیستەیەکی درێژە و
زیاتر لە ١٠ کتێبە و لەبەر ئەوەی لەم بەرنامەیە دا ڕەنگە وەخت نەبێ یەک بە یەک
باسی هەموویان بکەین پێم خۆش بوو هێندێک لە سەر بەرهەمەکانتان بدوێن، بە
تایبەتیش وا بزانم ئێوە لە ساڵی٢٠٠١
کتێبێکتان ئێدیت کرد سەبارەت بە " ژنانی نەتەوەی بێدەوڵەت"، زیاتر لە
سەر ژنان و خەباتی ژنان لە سەر دەمی کۆماری کوردستاندا. لەو کتێبەدا وتارێکی زۆر
بەنرخ و بەکەلکی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور هەیە کە سەبارەت بە بەرهەمهاتنەوەی
بابمەزنییە لە زمانی کوردیی سۆرانی دا. فەرموو!
موجاب: بەسەرچاو، ئەمن لە دوو زەمینە دا قسە دەکەم. یەکیان لەمەر کارە
تیورییەکانم کە زۆرتر سەبارەت بە مارکسیزم و فێمێنیزمە و هەر وەها لە بەشی
پەرەوەردە و لە بواری ژناندا. لە ڕووی جوغرافیاییەوە تەئکیدی من لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و لە ئاکامدا تەرکیزی کارەکانی من لە سەر مەسەلەی ژنانی
کورد، مەسەلەی دەوڵەت، مەسەلەی فێمێنیزم، ناسیۆنالیزم و پاتریارکی ( بابمەزنی)یە. لەبەر ئەوە ئەو کتێبەی
کە باست کرد، ئەز قەزا ناشرەکەی بە تازەگی پێوەندی کرد. ئەو کتێبە کە بە زمانی
ئینگلیسی هاتووەتە دەرێ، یەکەم کتێبی کۆکراوەی وتارانە سەبارەت بە ژنی کورد و تا ئێستا کتێبێکی دیکەی
ئاوا بە زمانی ئینگلیسی دەرنەچووە، چاپ نەبووە. و لە ساڵی٢٠٢٤ بە بۆنەی
بیستوپێنجەمین ساڵی چاپی ئەو کتێبە، کۆکراوەیەکی دیکە چاپ دەبێ کە لەوێدا ١٥ تا ١٦
لێکۆلەرەوەی ژنی زۆر بە توانا کۆمەڵە دانیشێکی تازە بەرهەم دێنن سەبارەت بە ژنانی
کورد لە زەمینەی جیاوازی فەرهەنگ، مێژوو،
ئەدەبییات، زمان و لەمەڕ خەبانی ژنی کورد لە قۆناخی جۆر بە جۆر دا. بۆیە ئەو کارە
دەبێتە کۆکراوەیەکی تازە و نایاب و هیوادارم نەسلی جەوان بتوانێ کەلکی لێ وەربگرێ
یانی بتوانن ئیستیفادەی لێ بکەن. بەشی سەرەکی کارەکانی من سەبارەت بە ژنانی کورد
لەو کۆکراوەیە دایە و هەر وەک باست کرد مەقالەیەکی ئەمیریشی تێدایە کە هێشتا لەو
کارانەیە کە زۆر تازەیی هەیە و لە ڕاستیدا لە ڕووی مێژووییەوە کۆن نەبووە. بۆیە
لەو کتێبەیدا کە ساڵی ٢٠٢٤ بە بۆنەی بیست و پێنجەمین ساڵی کتێبی " ژنانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت" چاپی دەکەین ئەو مەقالەیەی ئەمیریش چاپ
دەکرێتەوە.
قازی: هەر چۆنێک بێ، ئەوە مژارێکە، بابەتێکە، مەوزووعێکە کە لە پێوەندی
لەگەڵ زمانناسی کوردیدا زۆر کەم لێی
کۆڵدراوەتەوە. دەزانین ئەو ڕەهەندە دە زمانی ئینگلیسی و فەڕانسەییدا، بە
تایبەتی لە جێگایەکی وەک کانادا زۆر بە
گەرمی قسەی لێوە کراوە. واتە نەهێشتنی بابمەزنی لە زماندا بۆ نموونە لە جیات policeman بە پۆلیسی ژن بگوترێ policewoman و هتد. جا ئەوە لە کوردیدا بە تایبەتی لە کوردیی
سۆرانیدا ئەو مەقالەی مامۆستا زۆر شتێکی
تازەیە. باشە لە زەمینەی دیکە دا لەمەڕ کتێبەکانت، ئەگەر پێوەندی بدەینەوە بە
کێشەی ژنان و مارکسیزم؟
موجاب: ئەوانەش زیاتر تەئکیدی من لە سەر ئەوەیە بتوانین هەموو پێوەندییە
کۆمەڵایەتییەکان، پێوەندییە سیاسییەکان، ئابووری، فەرهەنگی ئەوانە بە شێوەیەک بۆ
تەئکید لە سەر سترووکتوورە گەورەکان لە کۆمەڵ دا
وەکوو دەوڵەت، وەکوو پێوەندییەکان باب-پیاو مەزنانە و پێوەندییە
ئابوورییەکان چاو لێ بکەین و بزانین چ تەئسیرێکیان لە سەر بارودۆخی ژنان و بە تایبەتی لە سەر learning فێربوون هەبووە نەک پەروەردە لە ئاستی مەدرەسە
دا بەڵکوو لە گشت پڕۆسەی فێربووندا. ئەمن لە کارەکانم دا لە تەئسیری شەڕ لە سەر
ژنان، زەبروزەنگ لە هەمبەر ژنان، دەکۆڵمەوە و کاردانەوەی لە سەر ژیانی ژنان و هەر
وەها بوون و خەباتی ژنان لە کۆمەڵدا. ئەوە بە گشتی زەمینەی کارەکانی منە. کۆکراوەیەکی زۆر لەو
شتانەی کە من نووسیومە سەبارەت بە ژنانی کورد ئەوانە هەموویان وەرگێڕدراون لە
زمانی ئینگلیسییەوە بۆ سەر زمانی فارسی و هیوادارم لە وەرزی پاییزی ئەمساڵدا ئەو کتێبەش حازر بێ و ناوی ئەو کتێبەش " مارکسیزم، فێمێنیزم و ناسیۆنالیزم:
ژنانی کورد لە بەستێنی مێژوویی و تیوری" دایە. ئەو کتێبەش حازر دەبێ و چاپ
دەبێ.
قازی: ئەمن لە جێگایەکدا خوێندمەوە، کورتەیەک سەبارەت بە ناساندنی ئێوە، لە
ماڵپەڕێکدا کە ئانڵاین لە سەر تۆڕی ئینترنێت هەیە لە سەر بارودۆخی ژنانی زیندانی
کوردیش کار دەکەن وایە؟
موجاب: بەڵێ دروستە، بەشێک لە کارەکانی من لە مەڕ تەئسیری زەبروزەنگی
دەوڵەتی لە ئاست ژنان بریتییە لە ئەزموونی ژنان و زیندان. یەکێک لەو زەمینانەی کە
ئێسا کاری لە سەر دەکەم تەجروبەی ژنانی کورد و زیندانە چ لە تورکیا و چ لە ئێران
لە دوای هاتنە سەر کاری جمهووری ئیسلامی. ئێستا ئاڕشیوێکی ئینترنێتی هەیە بە
تایبەتی بە زمانی ئینگلیسی بۆ ئەوەی خەڵکی بەینەلمیلەل ئاگادار بن لە تەجروبەی
ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زینداندا، و ئەوە نە تەنیا ئەو دەقانەی کە ژنان
نووسیویانە بەڵکوو لە ڕووی هونەریشەوە بە جۆرێک خەبات و خۆڕاگری ژنان و تەجروبەی
زندانیان لەو ماڵپەڕە دا باس دەکرێ. ئەمن لە سەر ئەو بابەتە زۆرم کار کردووە و
لەوێدا بڵاوم کردوونەوە و ئەوە ئاڕشیوێکی لێکۆڵینەوەی زۆر باشە.
قازی: دیارە ئەمن دەزانم جەنابت وەکوو ئاکادێمیکێک باوەڕت هەر ئەوە نییە
هەر لە چوارچیوەی زانکۆ دا کار بکەی بەلام پێت وایە ئەو کارەری کە دەکەی واتە
بەرهەمهێنانی دانیش و کولتوور ئی خەڵکە و بۆ خەڵکە و دەبێ بچێتەوە نێو خەڵک. جا
لەو پێوەندییە دا وابزانم ئێستا دە پڕۆژەیەکدا کار دەکەی لەمەڕ تەئاتر و هەڵپەڕکێ
و ئەوانە. ئەو پڕۆژەیەش ئەگەر شی بکەیەوە زۆر باش دەبێ.
موجاب: سپاست لێ دەکەم ئەوە پرسیارێکی زۆر گرینگە چونکە ئەمن پێم وایە
هونەر چ تەسویری بێ چ بە شکڵی تەئاتر یا مووسیقی بێ، هەڵپەڕکێ بێ ئەوە دەتوانێ
گیروگرفتی زمانی و فەرهەنگی بە شێوەیەکی
زۆر خولقێنەرانە جێ بە جێ و چارەسەر بکا، یانی لەو بابەتەوە خولقێنەرە، ئافرێنەرە.
بۆیە ئێمە دەبێ بتوانین ئەو باسە تیورییانەی کە بەرهەمی دێنین، ئەو دانیشەی کە
بەرهەمی دێنین بیبەین بۆ ناو خەڵک بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن کەلکی لێ وەربگرن و بەرتەنگییە
تیۆریک، کولتووری و زمانییەکان لا بەرین و
بتوانین ئەوانە لە ناو فەرهەنگی جۆر
بەجۆر، زمانی جۆر بەجۆر دا بەکار بێنین. بۆیە سەبارەت بە بابەتی موهاجەرەت، شەڕ،
زەبروزەنگ و توند وتیژی بە دژی ژنان و سەبارەت بە خەباتی ژنان، خۆڕاگری ژنان دەکرێ
ئەوانە بە شێوەیەکی خولقێنەرانە بەرینە ناو خەڵک بۆ ئەوەی بتوانن لەوە کەلک
وەربگرن.
قازی: وا بزانم یەکێک لەو کەسانەی دیکەش کە لەو پڕۆژەیە دا ناوی پچووکی
شەهرزادە؟
موجاب: بەڵێ ئەوە یەکێک لە هونەرمەندەکانە کە ئەمن هاوکاری لەگەڵ دەکەم و
هەر لەم چەند حەوتوویە دا لە تۆرنتۆ تەئاترێکی هەیە بە ناوی Children of Fire کە ئەوەش لە سەر بنەمای لێکۆڵینەوەیە لە سەر
ژیان و خەباتی شەرڤان و پێشمەرگەی ژنە لە کوردستان. ئەوە شەهرزاد ئەڕشەدی یە کە
ئەو کارە دەکا کە وەکوو تەئاتر پێشکێش دەکرێ.
قازی: ناوی " منداڵانی ئاگر" ە؟
موجاب: بەڵێ دەقیقەن " منداڵانی ئاگر"ە، کە لە لێرە نمایش دەدرێ
و خەبات و پێشمەرگایەتی ژنانی کورد دەباتە ناو خەڵک و پێیان دەناسێنێ کە ئەو
خەباتە چییە؟
قازی: فەرمووت لە سەر کێهە بەشی
کوردستانە ئەو بەرهەمە؟
موجاب: زیاتر لە سەر کوردستانی تورکیا و کوردستانی عێڕاقە!
قازی: ئەگەر ئیزنت لە سەر بێ ئێستا بێینە سەر کتێبخانە و بەڵگە و نووسینی
کاک ئەمیر، دیارە زیاتر بۆخۆت باسی بکەی باشترە، ئەو پێشنیاری کرد بوو ئەوانە
پێشکێش بکرێ بە کتێبخانەی زانکۆی تۆرنتۆ.
لەو بارەیەوە ئەگەر بکرێ هێندێک بە وردی، بە وردەڕیشاڵ بتوانی شی بکەیەوە، پڕۆسەی
وەرگرتنی ئەوانە لە لایەن کتێبخانەی زانکۆی تۆرنتۆ، وا بزانم لە ساڵی ٢٠١٩ بووە.
فەرموو بابێینە سەر ئەو باسە!
موجاب: لەوە ڕا دەست پێ بکەم ئەمن کاری قورسی زۆر لە پڕۆژەکانی ئەمیرم بە
یەکجار و بێ ئامادەیی پێشوو دەست پێ کرد. ئەوەی کە خواستی ئەمیر بوو. لێرە نوختەیەک
بڵێم بۆ ئەوەی بینەران بزانن ئەو کارە چۆن بووە. نوختەی یەکەم شێوەی کار بوو واتە
سەبارەت بە مێتۆدۆلۆژی ئەمیر کە من بۆ ئامادەکردنی کارەکان لەوە کەلکم وەرگرت. بۆ
خۆت دەزانی ئەمیر زۆر بە دیقەت و وردی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئەنجام دەدا. و لەو
بارەویەوە ئیبتیکاری عەمەل و دەستپێشخەری زۆر جوانی هەبوو. بەکار هێنانی نەخشە،
کەلک وەرگرتن لە ئارشیوی جیاواز، بەکار
هێنان و کەلکوەرگرتن لە ئەدەبییاتی زارەکی، وتوێژ، وێنە، ڕەسم، ئیستیفادە کردن لە
مووسیقی، دەنگبێژەکان و گۆرانی بێژەکان، لە فیلم و تەجروبەی وڵاتانی جۆربەجۆر. نەک
هەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکوو ئافریقا، ئامریکای لاتین لە هەموو ئەوانە کەلکی
وەر دەگرت. لەڕووی مێتۆدۆلۆژییەوە یادداشتە جۆر بە جۆرەکانی ڕێکوپێک دەکرد و
ئەوانەی لە دوای خۆی جێ هێشتبوو و ئەمن بە کەلکوەرگرتن لەوانە بوو کە لەو ماوەیە دا توانیومە ئەو هەموو کارە
ئەنجام بدەم. کارەکان بریتین لە ٣ کتێب بە زمانی فارسی. یەکەمیان:
" آریان پور وجامعە شناسی مارکسیستی: تاریخ، طبقەء اجتماعی و دیالکتیک "
لە سەر بنەمای بیروهزری ئەمیر حوسێن ئاریان پوور، دوو کتێبی گرینگی دیکەش بە فارسی
: " شورش دهقانان مکریان، ٣٢ – ١٣٣١ شمسی" و کتێبێکی ئینگلیسی کە
بریتییە لە کۆکڕاوەی نووسینەکانی ئەمیر بە ئینگلیسی و دوایە کاری ئاڕشیو. دەمەوێ
هێندێک باسی ناوەرۆکی ئەو کارانە بکەم ئەوەش بڵێم دوایین کتێنی کە ئەمیر خۆی دیتی
بریتی بوو لە هێنانەگۆڕی بۆچوونەکانی خۆی لەگەڵ هاوڕێکانی لە " حیزبی کۆمۆنیستی
ئێران – مارکسیست، لێنینست، مائۆیست " کە ئەوانە یارمەتییان کرد کۆکراوەیەک
لە نووسراوە فارسییەکانی خۆی لە کتێبی: " بر فراز موج نوین کمونیسم " دا
چاپ بکرێ. ئەو کتێبە بابەتی ئەوتۆی تێدایە کە بۆ ئەمڕۆش گرینگن و پێوەندییەکی
چڕوپڕیان هەیە لەگەڵ مەسەلە سیاسییەکانی کوردستان و پێوەندییەکی نزیکیان هەیە لەگەل
مەسەلەی کوردستان لە ئێران و لە تەواوی
هەرێمیشدا. ئەو بابەتانەی لەو کتێبە دا هاتوونە گۆڕێ بریتین لە زمانکوژی یان لە
ناوبردنی زمان، بابەتی چینایەتی، دەوڵەت، مافی نەتەوایەتی و نەتەوان و فۆرماسیۆنی
کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی، هەر وەها بۆچوون و ڕەخنەکانی ئەمیر لە تەواوی کارکرد
و کارنامەی حیزبە سیاسییە کوردییەکان، دەوری سیاسەتی کۆلۆنیالیستی دەوڵەتە سەرەڕۆ
و ئیستبدادییەکانی ناوچە و ئەمپریالیستەکان کە لەو ناوچەیە چییان کردووە و نەخشی
ئەوانە بۆ سەرکوتکردنی کوردان، ئەوانە هەموو لەو کتێبەدا هاتوون. بڵاوکراوەیەکی
دیکە کە هاتە دەرێ و بەداخەوە ئەمیر نەی دی. یانی کە نووسراوەکە بڵاو بووەوە بە
چاپکراوی نەی دی، بڵاوکراوەی گرینگی " دەروازە " بوو. بۆ خۆت دەزانی
ئەمیر سەر ئێدیتۆری بوو و لەوێشدا بۆ جاری
یەکەم وتارێکی گرینگی ئەمیر کە بریتییە لە ناساندنی لێکۆڵینەوە لە سەر ڕاپەڕینی
جووتیارانی موکریان بڵاو بووەتەوە.
قازی: ببوورە بۆ بەرچاو ڕوونی بینەران با بڵێین کە کتێبی " ڕاپەڕینی
وەرزێرانی موکریان" [ کتێبەکە نیشان دەدا]، مامۆستا ئەمیر بڕیاری ئەوە بووە
ئەو کتێبە بە فارسی بنووسێ، بەڵام لە ژمارە ١-ی دەروازە دا کە باست کرد و مامۆستا
ئەمیر سەرنووسەری بوو بەڵام بە داخەوە گۆوارەکەی نەدی، لەوێدا بەندی یەکەمی ئەو
کتێبە بە کوردی بەڵام بەخەتی لاتینی بەدرخانی چاپ بووە و دواتر هێنراوتە سەر خەتی عەڕەبیش. بەندی
یەکەمی کتێبی " شۆرش دهقانان مکریان" بە
کوردیی سۆرانیش هەیە.
موجاب: بەڵێ ئەوە بە فارسیش وەرگێڕدراوە. بۆ خۆت دەزانی گرینگترین مەسەلەیەکی تیوری کە بۆ ئەمیر مەتڕەح بوو،
مەسەلەی چینایەتی و فۆرماسیونی کۆمەڵایەتی – ئابووری و پێوەندی ئەوانە بوو لەگەڵ
شۆڕش لەو کتێبە دا. لە هەموو دەرفەتێک کەلکی وەردەگرت کە لەگەڵ کەسانی جۆر بەجۆر و
جیاواز لە مەنتەقەی موکریانی کوردستان موساحەبەی دەکرد، زۆر پرسیاری گرینگ و کلیلی
بە ڕێگای نامە و دواتر بە ڕێگای ئی- مەیل لەگەڵ ئەو لێکۆلەرەوانەی لە ئوڕووپا
بوون، لە ئێران، تورکیا، عێڕاق لەگەڵ هەموو ئەوانە دەیهێنا گۆڕێ و ئارشیوێکی زۆر
ڕێکوپێکی دروست کرد کە هەر ئەو ئاڕشیوەش بەشێکە لەو سەرچاوانە کە ئەمیر کەلکی
لێوەرگرت بۆ بەرگی یەکەمی ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان. ئەو ئاڕشیوە ئەلئان لە
زانکۆی تۆرنتۆ هەڵگیراوە. بەرگی دووەمی ئەو
کتێبە بریتییە لە بەڵگە و ئەسناد و نامەکانی کۆنسوولخانەی ئەمریکا لە
تەورێز و هەر وەها موکاتەباتی دیپڵۆماتیک و بڕاوەی ڕۆژنامەکان کە باسی ئەو
ڕووداوانەی تێدایە.
قازی: ئێستا لە ژێر چاپ دایە؟
موجاب: بەڵێ، بەڵێ ئەوە تا مانگێکی دی حازر دەبێ. نزیکەی ٥٥٠ لاپەڕەیە و
نامەگۆڕینەوەی ئەمیر لەگەڵ مامۆستا مەسعوود محەمەد لەو بەرگە دا چاپ دەبێ. و ئەوەش
بۆ خۆت دەزانی ئەو نامە گۆڕینەوانە لە ساڵی ١٩٧٦ دەست پێ دەکا بە ئەوەڵین نامەی
کە ئەمیر بۆ مامۆستا مەسعوود محەمەدی نووسی و تا ئاخرین نامەی لە
ساڵی ١٩٩٩-ی تێدایە.
قازی: ببورە، لێرە بازەینی بینەرانیش بڕێک تازە بکەینەوە، ریفڕێش بکەینەوە
ئەویش ئەوەیە وەختێک مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور لە ئەمریکا لێکۆڵینەوەی کردووە لە
سەر تێزی دوکتورایەکەی لە پێوەندی دابووە
لەگەڵ مامۆستا مەسعوود محەمەد وەکوو سەرۆکی کؤڕی زانیاری کورد لە بەغدا و
پێوەندییەکی زۆر چڕ وپڕیان هەبووە مامۆستا مەسعوود محەمەد چاپەمەنییەکانی کۆڕی
زانیاری بۆ ناردووە و لەو ئالوگۆڕی بیروڕایە دا دیارە بیروڕایان جیاواز بووە
سەبارەت بە مەسەلەی کۆمەڵایەتی و هتد. ئیدی ئەو پێوەندییە نەماوە، دوای ماوەیەک
مامۆستا مەسعوود محەمەد لە دوو توێی کتێبێکدا یەکێک لە نامەکانی کاک ئەمیری
دۆزیوەتەوە و لە سەر بنەمای ئەوە ویستوویەتی وڵامی کاک ئەمیر بداتەوە ئیدی ئەو
نامەیە درێژ بووەتەوە و بووە بە کتێبێک بە ناوی " بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر
کوێیەک بێت"، کە دیارە کاک ئەمیر لە ساڵی ١٩٩٣ کە گۆڤاری گزینگ لە سوێد دەستی
پێکرد لە وتوێژێکدا هێندێک وڵامی ئەو کتێبەی داوەتەوە و ئێستا بەڕێز شەهرزاد
موجابیش ئاگاداریمان دەداتێ کە لە بەرگی دووەمی کتێبی " ڕاپەڕینی جووتیارانی
موکریان" دا ئەو نامانەی لە نێوان مامۆستا مەسعوود محەمەد و مامۆستا ئەمیر
حەسەنپوور ئاڵوگۆڕ کراون بە وەرگێڕانی فارسی چاپ دەبێ.
موجاب: نامەکان بە فارسی وەرنەگێڕدراون. بە کوردین و بە فارسی تەرجومە
نەکراون. چون ئەمن پێم خۆش بوو ئەوانە بە کوردی هەر وەکوو خۆیان چاپ بن و دوایە ئەگەر لازم بوو ئەوانە بە فارسی
تەرجومە دەکرێن. لەو فاسیلە لە نێوان ١٩٧٦ تا ئاخرین نامە کە ١٩٩٩
بوو فاسیلەیەکی ٧ ساڵە هەیە (١٩٨٦ – ١٩٧٩)
کە هیچ نامەیەک لە ناو ئەوان ئاڵوگۆڕ ناکرێ. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئێمە
چووبووینەوە ئێران و لە شۆڕشی ئێراندا دەرگیر بووین و دوایە کە گەڕاینەوە بۆ
ئامریکا دیسان ئەمیر دەست پێ دەکا و نامەی بۆ دەنووسێ. بەڵام هەر ئەوەی کە باست
کرد لەو فاسیلەیەدا مامۆستا مەسعوود محەمەد کتێبی: " بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە
هەر کوێیەک بێت" لە ساڵی ١٩٨٤ چاپ
دەکا. لەبەر ئەوە ئەو دو کتێبەی، بەرگی دووەم کە بریتییە لە بەڵگە و ئەسناد، ئاماژەی
بە دەیان تێزی تازەی خوێندکاریی
دوکتورا و ماستری تێدایە یانی بۆ موتاڵای ئەسناد و بەڵگەکان. هیوادارم ئەوە تا یەک مانگی داهاتوو چاپ و بڵاو بێتەوە.
قازی: بەڵام لەوێدا ئەو چاوپێکەوتنانەی کە بۆ ئامادە کردنی ئەو
لێکۆڵینەوەیە، ئەو پەژووهێشە کراوە چاپ نابن. بۆ نموونە چاوپێکەوتن لەگەڵ
حەمەدەمین شەشە (حەمەدەمین ئەحمەدپوور) کە یەکێک بووە لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی
جووتیاران. یانی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە موساحەبە کراوە، مەتنی ئەو موساحەبانە چاپ
ناکرێن و لە ئاڕشیو دان. وایە؟
موجاب: بەڵێ مەتنی موساحەبەکان هەموو لە ئارشیو دایە و ئەمیر دە ساڵی
مەحدووییەت لە سەر دانابوون کە ئیزنی چاپیان نەبێ.
قازی: یانی مەحدوویەتی زەمانیان لە سەرە.
موجاب بەڵێ: مەحدوویەتی زەمانی دە ساڵەی دانا بوو، ئەویش بۆ ئیحتیڕام بە خانەوادەی ئەو کەسانەی
موساحەبەیان لەگەڵ کراوە. بەڵام هەموو موساحەبەکان هەم بە دەنگ واتە نەوارەکانیان
و بە نووسراو کە هێنراونەتە سەر کاغەز هەموو ئەوانە هەن و لە ئارشیو دا پارێزراون.
قازی: ئەمن دەمویست لە پێشدا باسی ئارشیوەکە بکەین بەڵام کەوتە دواتر و
هاتینە سەر کتێبەکان. کتێبێکی دیکەش کە بە داخەوە ئەمن لێرە نوسخەییم نییە، ئەویش
کتێبنامەیەکە سەبارەت بە ژنانی کوردستان
کە دیارە ئەوە کارێکی هاوبەشی نەمر ئەمیری حەسەنپوور و بەڕێزتە کە دوای نەمانی وی زەحمەتت کێشاوە و ئێدیتت
کردووە. ئەگەر هێندێک لە سەر ئەو کتێبەش زانیاری بدەی بە جێیە. فەرموو.
موجاب: ئەو کتێبە ناوی : " ژنانی کورد، لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و
کتێبنامەیی Women of Kurdistan:,A Historiography and Bibliographic Study . ئەو کتێبە نزیکەی بیست ساڵ من
و ئەمیر کارمان لە سەر کردووە و تەواوی ئەو سەرچاوانەی سەبارەت بە ژنانی کورد
نووسراون لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە وسەرەتاکانی سەدەی بیست تا ساڵی ٢٠٠٥ ئاستە کراون و ئەوە بە سێ زمانی
ئینگلیسی، ئەڵمانی و فەڕانسەیی یە. سەرچاوەیەکی زۆر گرینگە بۆ لێکۆلەرەوان، بۆ هەر
کەسێکی کە بییەوێ سەبارەت بە ژنانی کورد کارێکی تازە بکا، هەر سەرچاوەیەک بییەوێ
دەتوانێ لەو کتێبەدا بیبینێتەوە. و ئێمە لەسەر ئەوە کارێکی عیلمی زۆر جیدیمان
کردووە چونکوو لە سەرچاوەی باشترین دانیشنامەی ئێنسیکلۆپێدیای لێکۆڵینەوەکانی ژنان
ئیستیفادەمان کرد و هەمان شێوە و مێتۆدۆلۆژیمان بە کار هێنا بۆ ناساندنی دانیش
سەبارەت بە ژنانی کورد. هیوادارم وەچەی لێکۆلەرەوەی جەوان بتوانێ لەو بیست ساڵەی
ڕابردوو بکۆڵێتەوە. چونکە لەو بیست ساڵە دا زانستێکی زۆر بەرهەم هاتووە سەبارەت بە
ژنانی کورد. ئەوانیش بتوانن هەر ئەو شێوە و مێتۆدۆلۆژییە بەکار بێنن کە ئەو سەرچاوانە
لە جێیەکدا هەبن و بتوانین کەلکی لێ وەربگرین. ئەوە زۆر گرینگە و زۆر جالیبە. یانی
ئەلئان ئیدی کەس ناتوانێ بڵێ سەرچاوەمان نییە سەبارەت بە ژنانی کورد. ئەگەر چاو
لەو کتێبە بکەن لە هەموو بوارێکدا سیاسەت، دەوڵەت، مێژوو، فەرهەنگ، مووسیقا،
هونەر، جلوبەرگ و کراس، هەرچی کە فکری لێ بکرێتەوە، لە زەمینەی مەردمناسی،
ئانترۆپالۆجی، کۆمەڵناسی هەموو ئەو سەرچاوانە لەو کتێبە دا هاتوون و سەرچاوەیەکی
دەوڵەمەند و باشە بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ژنان.
قازی: ئێمە دەزانین مامۆستا ئەمیر زۆر بابەتیشی بە کوردیی سۆرانی نووسیوە کە لیر و لەوێ چاپ کراوە. بۆ نموونە لەم
کتێبەی Essays on Kurds:Historiography, Orality,and Nationalism دابابەتێک
هەیە سەبارەت بە
" زارەکێتی و
ناسیۆنالیزم" کە بەشێکی بە کوردیی سۆرانی
وەک سەرەتای یەکێک لە کارەکانی بەڕێز سەلاح پایانیانی بڵاو بووەتەوە.
بەڕێزت هیچ پڕۆژەیەکت هەیە بەرهەمە کوردییەکانیشی کۆ کەیەوە، ئێدیتی بکەی و بڵاوی
کەیەوە؟
موجاب: بۆخۆت دەزانی بە یارمەتی خۆت مامۆستا حەسەن ئەمن لیستکی
نووسینەکانمان ئامادە کردووە و ئەوە لیستێکی درێژە. و لە ڕاستیدا پێم خۆشە دوای
ئەوەی کارەکانی کتێبەکانی دیکەی ئەمیر تەواو بوو حەتمەن ئەو کارە بکەم. شتێکی
دیکەش کە زۆر پێویستە ئەنجامی بدەم؛ ئەمیر نزیکەی ٧٠ لاپەڕە بەسەرهاتی خۆی نووسیوە
کە ئەوەش دەبێ ئەمن تەکمیلی بکەم و حەتمەن چاپی بکەم. هێندێک لەو شتانەم باس کرد
کە بە فارسی بوو بەڵام نووسراوەی دیکەی
ئەمیر هەیە کە بە ئینگلیسی چاپ بووە کە ئەگەر پێت خۆش بێ دەتوانین باسی ئەوانیش بکەین.
قازی: فەرموو!
موجاب: دەزانی ناشرێک هەیە سەبارەت
بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر بابەت چاپ دەکا، ئەو وەشانخانەیە ناوی Peter Lang ە. لە
ساڵی ٢٠١٦ داوایان لێ کردم کە ببم بە
ئیدیتۆری زنجیرەیەک کتێب سەبارەت بە سیاسەت، مێژووی گەلی کورد. یەکەم کتێبی ئەو
زنجیرەیە کۆکراوەیەک بوو لە نووسینەکانی ئەمیر بە ئینگلیسی بە ناوی Essays on Kurds "هێندێک مەقالە سەبارەت بە کوردان"
هەر ئەوەی کە تۆ باست کرد. مێژوونووسی، کولتووری زارەکی و ناسیۆنالیزم. دوو
مەقالەی گرینگی ئەو کۆکراوەیە بۆ جاری یەکەم چاپ دەبن، یەکیان "مێژووی زارەکی
و ناسیۆنالیزم" ە، و ئەویدیکەشیان " نەبوونی ڕاپەڕینە جووتیارانەکان لە
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "
قازی: ببوورە کتێبکی دیکەش هەیە،
با ئەویشمان لە بیر نەچێ، چونکە وەخت کەم ماوە. ئەویش کتێبەکە بەڕێزێک بە ناوی
ئەمیر حەڕاک ئێدیتی کردووە کە تێێدا لە سەر بنەمای مێتۆدۆلۆژی مامۆستا ئەمیر کاری
کردووە. ئەگەر شی کردنەوەیەکی کورتیش لەسەر ئەو کتێبە بدەی باش دەبێ، بۆ ئەوەی
بگەینە سەر ئاڕشیوەکەش.
موجاب: بەڵێ هەر دەمەویست ئەوە بڵێم کە کتێبی دووەمی ئەو زنجیرەیە بە ناوی
" مێژووی سیاسی و فەرهەنگی کوردان"ە
کە پرۆفێسۆر ئەمیر حەڕاک ئێدیتۆری بووە و لەوێشدا چەندین مەقالەی گرینگ
هەیە کە هیوادارم بینەرەکانی ئەو بەرنامەیە بیبین، مەقاڵەیەکیش لە سەر فەلەستین و
کوردانە و ئەویدەکەیان کە بۆ جەنابت دەبێ زۆر جالب بێ " مێژوو نووسی کورد لە
ڕوانگەی میسیۆنێرە کان" ە کە تام ڕیکس نووسیویە کە ڕەفیقێکی زۆر نزیک و کۆنی
ئەمیر بووە، لە ساڵانی ١٩٦٠ لە مەهاباد بووە وەکوو ئەندامی سپای ئاشتی و لەوێ
لەگەڵ کوردان و دۆزی کوردان ئاشنایی پەیدا کردووە.
قازی: باشە ئەو نووسینەی تام ڕیکس لەسەر ئەو میسیۆنێرانەیە کە لە مەهاباد
بوون یان ئەوانەی کە لە ورمێ بوون؟
موجاب: لە سەر هەموویانە و ئەوانە چۆن و بە چ شێوەیەک مێژووی کوردیان
نووسیوە.
قازی: ئێستا بگەینە سەر ئارشیوەکان. ئێستا هەموو ئاڕشیو و کتێبەکانی مامۆستا
ئەمیر دراوە بە کتێبخانەی زانکۆی تۆرنتۆ و ئانڵاین، سەرهێڵیش زانیاری لەو بارەیەوە
هەیە، ئەگەر بکرێ هێندێک شیکردنەوەی زیاتر لە سەر ئارشیوەکە بدەی و هەر وەها
ئارشیوێکی دیکەش، بەڕێزێک، تێکۆشەرێکی کوردی ڕۆژهەڵات دانیشتووی تۆرنتۆ، کاک
سەتاری ئاویهەنگ کە ئەویش ئاڕشیوەکەی داوە بە زانکۆی تۆرنتۆ وابزانم لە سەر کار و
چالاکییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە.
موجاب: کۆکراوەی ئەو دوو ئاڕشیوانە لە ڕاستیدا زانکۆی تۆرنتۆی کردووە بە
ناوەندێکی گرینگ بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە
پرسی کوردستان. ئاڕشیوی ئەمیر تا ئێستا
٢٥٠٠ بەرگ کتێب کە ٨٣٠ بەرگی بە سۆرانی یە،
١٣٠ بەرگی بە کورمانجی و ٥١٨ کتێبی بە فارسی یە، و ئەو ئاڕشیوە نزیکەی ٢٠٠
بڵاوکراوە و گۆواری تێدایە لەوەش دەرچێ ئەو نامانەی کە لە لایەن تاکوتەرای
ڕووناکبیر و سیاسی کوردستان بۆ ئەمیر هاتوون. ئەوە کۆکراوەیەکی زۆر باش و
گرینگی کوردی لێ پێک دێ. کۆکراوەی ئاڕشیوی
کاک سەتاری فەتحی ئاویهەنگ کۆکراوەیەکی زۆرتر تەسویری و نەواری و دەنگی یە کە ئەوە
نزیکەی ٤٠٠٠ وێنەی تێدایە و ١٨٢ نەواری تێدایە، نەواری فیلم footages و ١٤٩ نەواری سەوتی کە بۆخۆی سەرچاوەیەکی زۆر
گرینگ وباشە. با باسی ئەوەش بکەم کە زانکۆی تۆرنتۆ بۆچی وا گرینگ بووە هەم لە ڕووی
ئەو ئارشیوە و هەم لە بەر ڕابردووی ئەمیر
و دەوری ئەمیر لەوێدا ئەوەیە کە بوورسییەکیان بۆ دەورەی ماستر و دوکتورا بە ناوی
ئەمیر داناوە و سێ ساڵە کە بۆ جاری یەکەم لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی سەبارەت بە کوردستان
واتە Critical Introduction to Kurdish
Studies لە زانکۆی تۆرنتۆ بە دەرس دەگوترێتەوە. ئەوە یەکەمجارە کە
کۆرسێکی ئاوا لە ئاستی زانکۆکانی دنیا دا بەڕێوە دەچێ.
قازی: زۆر باشە. ڕەنگە بۆ بینەرانی ئێمە و بە تایبەتیش بۆ لێکۆلەرەوان و
ئاکادێمیسیەنی کورد بە تایبەتیش لە ناوخۆی وڵات جا چ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ، چ
بەشەکانی دیکەی کوردستان گرینگ زانینی ئەوە بێ کە بە چ شێوەیەک ئەوان دەتوانن
دەستڕەسی پەیدا بکەن بەو ئاڕشیوە لە
زانکۆی تۆرنتۆ. دەزانین ئێستا دەرفەتی تێکنۆلۆژی زۆرە چۆن دەتوانن دەستیان بەو
ئاڕشیوە ڕابگا؟
موجاب: ئیستا باسی دەکەم تەنێ دەمەویست ئەوە بڵێم ئەو کلاسانەی کە باسم کرد
پرۆفێسۆر جەعفەری شێخولئیسلامی لە سێ ساڵی
ڕابردوو دا دەرسی تێدا گوتووەتەوە و سەرپەرستی کردوون و کارەکەی زۆر سەرکەوتووانە
بووە. بۆ دەست ڕاگەیشتن بەو ئاڕشیوەش،
زانیاری لە ماڵپەڕی کتێبخانەی زانکۆی
تۆرنتۆ دا بە ناوی ئارشیوی ئەمیری حەسەنپوور
هەیە. Amir Hassanpour Collection بەڵام دیجیتال کردنی ئەو بەڵگانە ماوەی زۆری پێ
دەوێ. هەر کەس کە بییەوێ شتێک ببینێتەوە دەبێ پێوەندییان لەگەڵ بکا و ئەگەر
ئیمکانی هەبێ دیجیتاڵی دەکەن و لەبەر دەستی دەنێن.
قازی: باشە پلانێکی ئاوایان هەیە کە هەموو ماتریاڵەکە، کتێبەکانیش دیجیتاڵ
بکەن؟
موجاب: نەخێر کتێبەکان نا. بەڵام بەڵگەکان بەڵێ، نامەکان و ئەوانە.
قازی: لە سەر هێندێکان مەحدوویەتی زەمانی هەیە وایە؟
موجاب: بەڵێ مەحدوویەتی زەمانی زۆرتر لە سەر موساحەبەکانە سەبارەت بە
ڕاپەڕینی جووتیاران و ئەو کەسانەیە کە لە ڕاپەڕینی جووتیاراندا بەشدار بوون.
زیاتری مەحدوودییەت لە سەر ئەوانە.
قازی: لە بەر پاراستنی ئەمنییەتی ئەوان. دیارە ئەوانە بەڵگەی زۆر گرینگن بۆ
مێژووی مۆدێڕنی کوردستان بەتایبەتی ئەو موساحەبانەی کە لە سەر ئەو بزووتنەوەیە
کراون. ئێستا دوو سێ دەقیقەمان ماوە. پێم خۆش بوو لە کۆتاییدا پرسیاری ئەوەت لێ
بکەم بەڕێزت حاڵی حازر چ پڕۆژەیەکی دیکەت بە دەستەوەیە لە پێوەندی لەگەڵ مەسەلەی
ژنان؟
موجاب: ئەو کتێبەی کە بە بۆنەی ٢٥-مین ساڵی دەرچوونی یەکەم کتێب بە
ئینگلیسی سەبارەت بە ژنانی کوردە. وکتێبێکی دیکەش سەبارەت بە خەباتی خوێندکارانی
کوردە، بەشێکی گرینگی بڵاوکراوە خوێندکارییەکانی کورد کە ئەوەش بۆ خۆی لە ناو
کتێبێکدا دەبێ کە ئەو کتێبەش بڵاوکراوە خوێندکارییەکانی ئێران و خەباتی خوێندکاریی
چەپ لە ئێران وەبەر دەگرێ.
قازی: بە زمانی فارسی دەبێ؟
موجاب: بەڵێ بە زمانی فارسی دەبێ، بەڵام کتێبی لەمەڕ ژنانی کورد بە
ئینگلیسی دەبێ.
قازی: زۆر باشە بەڕێز پرۆفێسۆر شەهرزاد موجاب گەورەییت نواند بۆ بەشداری لە
بەرنامەی ڕاوێژ دا و سپاسداری بەڕێزیشتین بۆ ئەو
وەفادارییەی کە نیسبەت بە مامۆستای لە دەستچوومان ئەمیری حەسەنپوور نیشانت داوە و هیوادارم هەر سەرکەوتوو بی.
موجاب: ئەنگۆش هەر بژین، سپاس بۆ تۆ و بینەرەکانتان. زۆر مەمنوونم بۆ ئەم
دەرفەتە.
قازی: زۆر سپاست دەکەم. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی
ئەم جارەشمان. هیوا دارم ئەم بەرنامەیە کەلکی زۆر تایبەتی هەبووبێ لەبەر ئەو هەموو زانیارییە بە نرخەی کە بەڕێز
موجاب باسی کرد. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم بەڕنامەیە لە ڕێگای سکایپەوە لە چوارشەمە شەو ٢٩-ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بە شێوەی زیندوو لە
تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە. لەم لینکەی خوارە ەر دا دەکرێ ویدێئۆی
بەرنامەکە تەماشا بکەن.
https://www.youtube.com/watch?v=r1bCSaiqKKo&t=921s
پەیوەستی ١
بەشێک لە
وتووێژی سولەیمان چیرە لەگەڵ مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە وڵامی کتێبەکەی مامۆستا
مەسعوود محەمەدا دا. گۆواری وەرزیی گزینگ،
ژمارە ١، پاییزی ١٩٩٣، سوێد
سولەیمان چیرە: ئەگەر ئیجازەت لە سەر بێ دێمە سەر پرسیارێکی خۆمانی: تا ئەو جێیەی من
ئاگادار بم، ئێوە لەگەڵ زۆر نووسەری کورد،نامە و نامەکاریتان بووە کە یەکێک لەوانە
مامۆستا مەسعوود محەمەدە؛ ئایا دەکرێ سەبارەت بە کتێبەکەی مامۆستا لە ژێر
ناوی " بۆ ئەمیری حەسەنپوور
..." * کورتەیەکمان بۆ باس بکەی؟ هەر وەها پێمان خۆش بوو بزانین ئایا دوای
ئەوە، ئێوە هیچ وڵامێکتان داوەتەوە؟
حەسەنپوور:
من تا ئێستە فرسەتی وەم نەبوە وەڵامی مامۆستا مەسعوود بدەمەوە. ئەو بۆ
بەرپەرچدانەوەی سێ پەڕەگڕاف کە من لە
نامەیێک دا بۆم نووسیبوو کتێبێکی ١٧٢ لاپەڕەیی نووسیوە. منیش بۆ وەڵامدانەوەی ئەو
کتێبە پێویستم بە نووسینی کتێبێکی چەند بەرگی هەیە. مامۆستا گەلێک باسی هێناوەتە
گۆڕێ کە ئەمن لە نامەکەم دا هەر بە لاشیدا نەڕۆیوم. لێرە دا تەنیا پەنجە بۆ دوان
ڕادەکێشم.
یەکەم: دەڵێ پێوەندی کۆمەڵایەتی –
ئابووری کوردستان لە ڕابردوو دا دەرەبەگی یان فێۆداڵی نەبوە. بۆچی؟ چونکە مڵکداری
کورد فێۆداڵ نەبوە(ل ٤١). فئۆدالیسم یانی زەویداری و مڵکداری گەورە و ئەوەش لە
کوردستان دا نەبوە (ل ٤٢)، فێۆدالیسم وشەیێکە بۆ دزێوکردنی زەویداری (ل ٤٨) و زۆر
دەلیل و بورهانی تر کە ئەو قسانە تەنیا ئەوە دەر دەخەن کە ئەوەی مامۆستا بە
فئۆدالیسمی دادەنێ لەگەڵ ئەوەی من لە نامەکەمدا نووسیومە دوو شتی جیاوازن. با
کەمێکی شی بکەمەوە.
فئۆدالیسم یان دەرەبەگی جنێو نیە. ناوی
نیزامێکی کۆمەڵایەتی – ئابووری یە. لەو نیزامە دا دوو چینی سەرەکی هەبوون. چینی
دەسەڵاتدار – دەرەبەگ یان فئۆداڵ – زەوی و ئاوی هەبوو بەڵام قەت لە سەر زەوی کاری
نەدەکرد. چینی ژێر دەست – جووتیار - هێزی
کاری خۆی و ئامرازی بەرهەمهێنان وەک جووت
و گا و شتی وای هەبوو، وا دەبوو تۆویشی هەبێ. دەرەبەگ بە هۆی زەویدار بوون و
زاڵبوون بەشێک لە حاسڵی کاری جووتیاری هەڵدەگرت . وێڕای وەش لە هەرچی بەرهەم و
داهاتی جووتیارە تەنانەت لە ژن هێنانیش
سوور و ساتی وەردەگرت – ئاغایانە، پووشانە، جووتانە، ئاشانە، مەڕانە، تووتنانە،
بزنانە، ڕۆنانە، هێلکانە، گوریسانە، ڕێواسانە، کاوڕانە، فڕووجانە، کایانە، دەوانە،
تەپاڵانە، و هەزار باج و پیتاکی تر. شێوەیێکی دیکە بێگاری بوو. نەک هەر جووتیار –
ژن و پیاو و منداڵ- بەڵکوو یەکسم (کەر و ئەسپ و ئێستر)ی جووتیاریش دەبوو بۆ ئاغا و
ماڵی ئاغا بێگاری بکەن. دەسەڵاتی دەرەبەگ بە سەر ژیانی جووتیار دا هیچ سنوورێکی
نەبوو. لە سەفەر کردن ڕا بگرە هەتا ژن هێنان ومێرد کردن ئیزنی دەرەبەگ یان کوێخای
دەرەبەگی پێویست بوو. خەڵکی دێ بە جووتبەندە و ڕەشاییەوە بەشێک لە زەوی بوون و
وێڕای زەویەکە دەکڕدران و دەفرۆشران. ئەوە نیزامێکی دەرەبەگی یان فئۆداڵیە،جا چ
فئۆداڵەکە قوڵە ئاغایێک بێ بە خۆی ونیو
دانگ مڵکەوە یان بنەماڵەی جاف بن کە مڵکداری هەرە گەورەی سەرانسەری عێڕاق بوون. کە
وا بوو چۆنێتی یان شێوەی چەوساندنەوە، پێوانەی نیزامی کۆمەڵایەتی – ئابووری فئۆداڵیە نەک ژمارەی
گوندەکان. یان ئاوەدانبوونی دیوەخان، یان بەرزایی کۆشک و خانووبەرە، یان
هونەرپەروەر بوونی دەرەبەگ.
دووەم: مامۆستا، هێرش دەباتە سەر
فەلسەفەی " مادی، جەدەلی و مێژوویی " ( ماتریالیسمی دیالێکتیک و مێژوویی
یان مارکسیسم). بەڵام بەداخەوە لێرەش دا وەک باسی دەرەبەگی، هاتوە بە کەیفی خۆی
فەلسەفەیێکی داتاشیوە و نێوی ناوە مارکسیسم و پێی وایە تەرت و تونای کردوە. بۆ
وێنە مەفهوومێکی سەرەکی لەو فەلسەفەیە دا مادەیە کە مامۆستا زۆری دەکار دێنێ،
بەڵام نەک بەو مەعنایەی ماتریالیسمی جەدەلی
و مێژوویی دەکاری هێناوە. مامۆستا دوو مەفهوومی هەرە گرینگی ئەو فەلسەفە –
مادە و شعوور-ی لەگەڵ دوو مەفهوومی دی – مادە و مەعنا یان مادییات و مەعنەوییات –
تێکەڵ کردوە و لە باتی مەفهوومی فەلسەفیی، مەفهوومی دینی دەکار دێنێ. هەر بە خەیاڵیشی دا نایە کە ئەو
دوو "مادە"یانە بە قەد عەرز و عاسمان لێک دوورن.مامۆستا پێی وایە
"مادە" شتی بێ گیان و تەق ق ڕەق (ل٣١-٣٤) و بەرچاوە کە دەکرێ دەستی
لێبدەی یان هەڵیبگری. بەڵام "مادە" لە فەلسەفەی جەدەلی دا ئەو مەعنایەی
نیە. "مادە" تەواوی ئەو دیاردە (ظاهرە/فێنۆمێن) یان ئەو شتانە دەگرێتەوە
کە لە دەرەوەی ئۆرگانیسمی ( بەدەنی) ئینسان، لە دەرەوەی مێشکی ئینسان، سەربەخۆ لە
فکر و ویست و ئیرادەی ئینسان وجوودیان هەیە. ئەو " شتانە" هەم مادەکەی
مامۆستا مسعوودیان تێدایە (شتی بێ گیان و ڕەق)، هەم مەعنەوییات و ئەوانەی
نابیندرێن وەک هەستی نەتەوایەتی،ئەوین، دۆستایەتی، دەنگ،زانست و هەرچی لە دنیا دا
هەیە.لێرە دا جێگەی وەی نیە پێوەندی نێوان "مادە و شعوور" لێک بدەمەوە و
جیاوازیان لەگەڵ " مافە و مەعنا" شی بکەمەوە، بەڵام دەتوانم لە مامۆستا
بپرسم کە چۆن لە خۆی ڕا دەبینێ بە بێ تێگەیشتنی مەفهوومە سەرەکییەکانی فەلسەفەی
مارکسیسم، ئاوا بە گژ ئەو فەلسەفەیە دا بچێ و پێی وا بێ ئاداری بە سەر پاداریەوە
نەهێشتوە؟
مامۆستا مەسعوود محەمەد لە باسی ئەدەب
دا هیچ پێوەندیێک لە نێوان ئەدەب و نیزامی کۆمەڵایەتی – ئابووری و چینە
کۆمەڵایەتیەکان نابینێ (بڕوانە لاپەڕەی ١٥٠ بەو لاوە). پێی وایە ئەدەب ئەدەبە و
لێکۆڵینەوەی ئەدەب لە چوارچێوەی ئەو کۆمەڵەی کە ئەو مادەیەی خولقاندوە وەدوای
کڵاوی لار کەوتنە.پێی وایە لە لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبی دا نابێ تخوونی دیاردەی
کۆمەڵایەتی – ئابووری وەک دەرەبەگی،
دەسمایەداری و چینایەتی ببین. ئەو بۆچوونە – جیاکردنەوەی ئەدەب لە چینەکان و
ئیدەئۆلۆژی و دیاردە کۆمەڵایەتیەکان – لە جیهانبینی ئیدەئالیستی و دژی جەدەلی
مامۆستا مەسعوود هەڵدەقوڵێ. لە فەلسەفە دا دیاردەکانی ئەو جیهانە –
هونەر،ئەدەب،ئابووری،پیشە،دار،هەوا، ئاو، عاسمان... _هەر کامیان بگری سەربەخۆن و
لێک جیاوازن. لەت و کوت کردنی واقعیەت ( واتە "مادە" یان ئەو دنیایەی کە
جودا لە وجوودی ئێمە هەیە) و حاشا کردنی پێوەندی نێو دیاردەکان، بنچینەی فەلسەفی
ئیدەئالیستی و بۆچوونی مامۆستا مەسعوودە. ئەو بۆچوونە سەرباقی کۆن بوون (مەنتیقی
ئەرەستووئئ یە) و باو بوونی لەگەڵ واقیعیەتی کوردەواری و ئەدەبی کوردی نایەتەوە و
لە نووسینی مێژووی ئەدەب و ڕەخنەی ئەدەبی دا بەرەو پاشەومان دەبا.
مامۆستا لەو کتێبە و لە نووسراوەکانی
تری دا ئەوەندە بە بەژن و باڵای دەرەبەگی کورد هەڵدەڵێ سەد ئەوەندە لۆمەی
خوێندەوار و ڕووناکبیری کورد دەکا. دەرەبەگی کورد کە زۆربەی خەڵکی – جووتیار و
لادێیی- بە ڕەگەزێکی جیاواز و پەست دا دەنا و هەستان و دانیشتنی لەگەڵ نەدەکردن،
"براگەورە"یە، کانگای کوردەواری و کۆڵەکەی کوردایەتی یە،بەڵام خوێندەوار
و ڕووناکبیری کورد – بە تایبەتی ئەوەی ڕەخنە لە دواکەوتوویی و زوڵم و زۆری خۆماڵی
بگرێ – کورد نیە، بێگانەیە و بگرە دژی کوردیشە.
کتێبەکەی مامۆستا هەر بۆ "
ئەمیری حەسەنپوور ...: نەنووسراوە. ئەو کتێبە پەیامێکە بۆ گشت ڕووناکبیر و
چەوساوەی کوردستان. مامۆستا پێیان دەڵێ کوردایەتی و دەرەبەگایەتی یەکن. هیچ ئاسۆیێکی بڵیند و ڕوون نیە. ڕەخنە لە ئێستە
و لە ڕابردوو مەگرن دەنا گورگ ددانی تیژە! مامۆستا دەڵێ تەنیا دەرەبەگی کورد بوون
کە لە دەوڵەتی قاجار و پەهلەوی هەڵگەڕانەوە (ل ١٣٣). لە پێشدا بابڵێم ئەو قسە
تەواو ڕاست نیە.** ئەو بەشەی کە ڕاستە ئەوەیە زۆربەی ڕابەرانی بزووتنەوەی
کوردایەتی دەرەبەگ بوون (شێخ عوبەیدوڵا، سمایل ئاغای سمکۆ و.. (ل١٣٣). مامۆستا لەو
ڕاستیە دەگاتە ئەو ئەنجامە ناڕاستە: نەک هەر بۆمان نیە ڕەخنە لەو "
براگەورانە" بگرین، پێویستە شانازیشیان پێ بکەین و بە ڕێگای ئەواندا بڕۆین.
لادان لە ڕێگەی ئاغاوەت لادینی یە.
سێسەد ساڵ لەوە پێش، لە جەنگەی دەسەڵاتی
ئەماڕەتەکاندا، ئەحمەدی خانی ڕەخنەی لە خانەکان گرت. خانەکان قازانجی خۆیان پێ لە
قازانجی گەلی کورد و کوردستان گرینگتر بوو و نەیان دەویست بۆ دامەزراندنی
دەوڵەتێکی کورد یەک بگرن. خانی کوتی:
تابعیەتی وان [ ڕۆم و عەڕەب و عەجەم] ئەگەرچی عارە
ئەڤ عارە لە خەلقێ نامدارە
نامووسە لە حاکم و ئەمیران
تاوان چیە شاعیر و فەقیران!
دوو سەد ساڵ دوای خانی حاجی قادری کۆیی
ئاڵای ڕەخنەی شەکاندەوە و گەلی کوردی هان دا بۆ دامەزراندنی دنیایێکی نوێ
بەڵام بەداخەوە سەد ساڵ دوای حاجی قادر،
کێشەکە هێشتا لە سەر ئەوەیە: بەڕێگەی خانی دا ڕۆیشتن یان بەڕێگەی خانی دا؟
* مەسعوود
محەمەد،بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت. بەغدا، ١٩٨٤
** مامۆستا
هێمن سەبارەت بە ڕاپەڕینی جووتیاران ئاوای نووسیوە: " جووتیارانی کوردستانی
ئێران لە ساڵی ١٣٣٢/ ١٩٥٣ دا لە دژی زوڵم و زۆر و چەوسانەوەی دەرەبەگەکان ڕاپەڕین
و بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستانی ئێران دا ناتەبایی چینایەتی گەیشتە ڕادەی
تەقینەوە و چینی چەوساوەی وڵاتەکەمان بۆ ماوەیەکی کورت لە بەشێکی کوردستان دا توانی بە سەر چینی دەسەڵاتدار دا
زاڵ بێ..." " .. سەرتیپ موزەفەری فەرماندەی تیپی مەهاباد بە سوپا و
لەشکر و تانک و تۆپەوە بە هاواری دەرەبەگەکانەوە چوو و ڕاپەڕینی جووتیاران و
وەرزێرانی زۆر بێ ڕەحمانە و بە توندی سەرکوت کرد..." .. جارێکی دی بە چاوی
خۆم تێشکانی ڕەسەنترین ڕاپەڕینی گەلەکەم دی..." (تاریک و ڕوون،ل ٣٨ و ٣٩،
چاپەمەنی سەیدیان، مەهاباد)
پەیوەستی ٢
بەشێک لە وتوێژی حەسەن قازی لەگەڵ نەمر ئەمیر
حەسەنپوور، بەرنامەی ڕاوێژ ٢١-ی ژووییەی
٢٠١٤ سەبارەت بە پێوەندیی لەگەڵ
مامۆستا مەسعوود محەمەد
قازی:
لە ساڵی ١٩٧٦ کە خەریکی لێکۆڵینەوە دەبێ بۆ تێزی دوکتورایەکەت پێوەندی
دەکەی لەگەڵ ' کۆڕی زانیاری کورد ' لە بەغدا ، کە دیارە مامۆستا مەسعوود محەمەد
دەورێکی دیاری هەبوو لەو کۆڕە دا و ئێوە هێندێک بیرو ڕا دەگۆڕنەوە و پاشتر ئەو
نامانەی جەنابت کە ئەو ڕای دەگرێ لە لای خۆی لە دوو توێی یەکێک لە کتێبەکانی
دا دەمێنێتەوە و چەند ساڵێک دواتر ئەو سەر لەو نامانە دەداتەوە و دەیەوێ وڵامێکی
دوور و درێژ بنووسێتەوە بۆ جەنابت و ئەو نامەیە دەبێ بە کتێبێک بەڵام ئیدی لەو
وەختە دا کە نامەکە تەواو دەبێ ئەو دەمی ئیدی ئەو دەستی بە ئادرێسی بەڕێزت ڕاناگا
و
حەسەنپوور: نەیدەزانی ئەمن لە
کوێم.
قازی: وەک کتێب چاپی دەکا بە ناوی: ' بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر
کوێیەک بێت ' ئێستا دەمەوێ جەنابت بە کورتی یەک : ئەوەی کە تۆ لەو نامانە دا
بۆت نووسیبوو چ بوو؟ و بە کورتی وڵامی وی چ بوو؟ و وڵامی دیکەی تۆ چییە کە هەتا
ئێستا جگە لە چاوپێکەوتنێک دا کە کاتی خۆی لە گۆڤاری ' گزینگ ' لە ساڵی
١٩٩٣ بڵاو بووەوە، هەتا ئێستا ووڵامێکی بەربڵاوی ئەو کتێبەت نەداوەتەوە.
حەسەنپوور: ئەوە حیکایەتێکی دوور و درێژە. ئەگەر پێوەندی بدەینەوە بە
ڕووناکبیری دەبێ باسی وردە حیکایەتەکەی نەکەم. بە کورتی ئەوە بوو کە مەسعوود
محەمەد چەند کتێبێکی بۆ نارد بووم یەکیان کتێبە سێ بەرگییەکەی خۆی بوو
سەبارەت بە ' حاجی قادری کۆیی '. داوای کرد بوو کە بیر و بۆچوونی خۆمی
سەبارەت بە کتێبەکانی بۆ بنووسم. منیش ئەوەندەی کە فرسەت بوو ئەو کاتەی
بیخوێنمەوە، ئەو کتێبەم خوێندەوە زۆر بە کورتی لە ٣ پاراگراف دا بۆم نووسی ئەو
باسەی کە کردووتە دەڵێی لە کوردستان دا فیودالیسم نەبووە ئەوە دروست نییە ، چونکە
مەبەست لە فیودالیسم ئەوەیە، بە کورتی باسم کرد بوو مەبەست لە فێودالیسم
چییە. چەوساندنەوەی جووتیار لە لایەن دەرەبەگەوە ئەوە پێی دەڵێن فێودالیسم، وە
گوتبووم فێودالیسمی کورد لەگەڵ وڵاتانی دی زۆر لایەنی هەیە کە وێک دەچن و
ئەدەبباتی کوردی لە دەورەی دەرەبەگی دا، کە زۆرتری ئەدەبییاتی کوردی لەو دەورەیەی
دا پەیدا بووە لە ئەدەبییاتی دەرەبەگی فەڕانسە و ژاپۆن نزیکە. شتی ئاوا ، باسێکی
ئاوام کرد بوو. کە مەسعوود محەمەدی ئیدی ... ، لە نامەکانی دا وڵامی ئەوەی دابووەوە.
چون ئەو نامانە ماون و دەمەوێ بەو زووانە تا ساڵێکی تر بڵاویان کەمەوە. لەوێشدا
ئەو باسانەی کرد بوو. بەڵام ئەوە بۆخۆی جێی سەرنجە کە مامۆستا مەسعوود
محەمەد بۆ ئەوەی هێندە پێ گرینگ بووە ، ئەو ٣ پاراگرافەی کە من گوتوومە.
دیارە زۆرتر بەشێک لە بەر ئەوەی کە ئەوە لە ڕوانگەیەکی مارکسیستی یەوە بووە، یەکیش
لە بەر ئەوەی کە ڕەخنەیەکی زۆر جیدی یە لە ناسیۆنالیسمی کورد و لە ڕووناکبیری
ناسیۆنالیستی کورد کە ئەو ناکۆکی چینایەتی چ بەینی کرێکار و دەسمایەدار بێ ، چ
بەینی ئاغاوەت و جووتیار بێ ئەوەی ئینکار دەکەن. پێم وایە لەبەر وەیە وای بۆ
گرینگ بووە دەنا خۆ من هەوەڵ کەسێک نیم کە قسەی وام کرد بێ. ڕەنگە شتی دیش بووبێ
کە من ئاگام لێ نییە بەڵام بە کورتی ئەوەیە کە مامۆستا مەسعوود محەمەد یەکێک
لەوانەیە کە دەڵێ ئەو ناکۆکی یە ناکۆکییەکی گرینگ نییە، بەلانی کەمەوە لە کوردستان
دا گرینگ نییە ، ئاغاوەت برا گەورەی جووتیاران بوون و تەنانەت لە کتێبەکەی دا باسی
وەی دەکا دەڵێ: کاتێکی ئێوەی خەڵکی شار مەبەستی چەپییەکان و غەیری چەپە کە لەگەڵ
دەوڵەتان بە شەڕ دێن و دێنە گوندەکان ئاغاوەتن کە دەتان پارێزن و ڕێگەو دەدەن.
ئەوە بۆچوونەکەی وییە، کە ئەوە بۆچوونێکی زاڵە لە نێو بزووتنەوەی
ناسیۆنالیستی دا کە باسی جووتیاران نەکەی، باسی خەباتی جووتیاران لە
دژی ئاغاوەت هەر نەکەی، ناکۆکی ناوەکی، ناو گەلی کورد، ناو کۆمەڵی کورد ئەوە
گرینگ نییە. هەر ناکۆکی کورد و غەیری کورد، کورد و عەڕەب، کورد و ترک، کورد
و فارس و دەوڵەتەکانیان ئەوە گرینگە. بە کورتی مێژووی کورد، مێژووی گەلی کورد لە
ناکۆکی دەرەکی دا کورت دەکەنەوە و ناکۆکی ناوخۆ کە کێشەیەکی دێمۆکڕاسی یە بۆ وێنە
زۆربەی گەلی کورد جووتیار بوون چۆن دەکرێ لە ژێر دەستەڵاتێکی ئاوا، واتە
دەسەڵاتی دەرەبەگی دا بن. نیوەی گەلی کورد ژنن چون دەکرێ ژنی کورد لە ژێر
دەسەڵاتی پاتریارکی دا بمێنێ. کاتێکی کە ڕووناکبیری ناسیۆنالیستی کورد بێدەنگی
دەکا سەبارەت بەو ناکۆکییە گرینگانەی کۆمەڵی کورد و تەنیا دوشمنایەتی لەگەڵ گەلانی
بەدەسەڵات دەکاتە مەسەلەی سیاسی ئەوە ئاکامی یەکجار خراپی هەیە. زۆر جار دوشمنایەتی
بەینی ئەو گەلانە ساز دەکا. و دوشمنایەتی بەینی کورد و ئەو دەوڵەتانە، دەوڵەتی
عەڕەب، دەوڵەتی ترک و دەوڵەتی فارس ئەوانە دەکاتە دوشمنایەتی بەینی کورد و
ئەو گەلانە. یانی ئاکامی ئاوا خراپی هەبووە کە تا ئەوڕۆش ئێمە دەیبینین کە
گەلی کورد چی بە سەر هاتووە. زۆر شتی دەگەڕێتەوە سەر ئەو بۆچوونە
پەیوەستی ٣
کتێبەکانی
شەهرزاد موجاب
*مارکسیزم و موهاجەرەت، لەگەڵ جێنێڤ ڕیتچی و سارا کارپێنتر
*ژنانی کوردستان، کتێبنامە ( بە دوو قۆڵی لەگەڵ ئەمیر حەسەنپوور) ٢٠٢١ بڵاو بووەتەوە
*فێربوونی شۆڕشگێڕانە: مارکسیزم، فێمێنیزم و زانست، لەگەڵ
سارا کارپێنتر ، ساڵی ٢٠١٧.
*جەوانان لە و دەناو قەیرانی دا: خەڵکی جەوان، سیاسەتی
گشتی و سیاسەتی فێربوون. لەگەڵ سارا کارپێنتر، ساڵی ٢٠١٧
*مارکسیزم و فێمێنیزم
(ئێدیتۆر) ساڵی ٢٠١٥
*پەروەردە کردن لە مارکسەوە. ڕەگەز، جێندر، فیر بوون ،
لەگەڵ سارا کارپێنتر ساڵی ٢٠١٢
*ژنان، شەڕ، زەبر وزەنگ و فێر
بوون ( ئێدیتۆر) ساڵی ٢٠١٠
*زەبرو زەنگ لە ژێر ناوی نامووسئالنگارییە تیوری و
سیاسییەکان، لەگەڵ نەحلە عەبدۆ ساڵی ٢٠٠٤
*لە مەر کەلوپەلو شایستەیی: دەوری جێندر و چین لە
ئەمپریالیزم و ناسیۆنالیزمدا، لەگەڵ هێمانی بانێرجی و
جوودیت وایت هێد، ساڵی ٢٠٠١
*ژنانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت: کوردەکان ( ئێدیتۆر) ساڵی ٢٠٠١
پەیوەستی ٤
کتێبەکانی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور لە پاییزی ساڵی ٢٠١٧وە بە هەوڵی
نەپساوەی شەهرزاد موجاب ئامادە و چاپ کراون
* بر فراز موج نوین کمونیزم
*آریان پور و جامعە شناسی مارکسیستی
تاریخ، طبقەء اجتماعی و دیالکتیک
Essays on Kurds*
Historiography, Orality, and Nationalism
*شورش دهقانان مکریان
١٣٣٢- ١٣٣١
Women of Kurdistan*
A historical and Bibliographic study
بە دوو قۆڵی لەگەڵ شەهرزاد موجاب
*شورش دهقانان مکریان
اسناد کنسولگری، مکاتبات دیپلۆماتیک و گزارش روزنامەها
مامۆستا ئەمیر،
سەرنووسەری گشتی گۆواری "دەروازە" بوو. ژمارەی دووەمی ئەو گۆوارە
ئاوریلی ٢٠١٨
بە(ئینگلیسی، کوردیی کورمانجی و کوردیی سۆرانی) بە تەواوی تەرخان کراوە بۆ
ڕێزڵێنان لە بیرەوەری
مامۆستا ئەمیر
No comments:
Post a Comment