Wednesday, April 29, 2026

وتوێژ لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس_ بریتاننا لەمەڕ شەڕی ئەمریکا- ئیسراییل دژی جمهووری ئیسلامی ئێران. دووشەمە ٩- مارسی ٢٠٢٦

وتوێژ لەگەڵ دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس_ بریتاننا
لەمەڕ شەڕی ئەمریکا- ئیسراییل دژی جمهووری ئیسلامی ئێران. دووشەمە ٩- مارسی ٢٠٢٦

حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست ئێستا کە ئەمن قسەتان لەگەڵ دەکەم دە ڕۆژ ڕادەبرێ لە پەڵاماری دوو قۆڵی ئیسراییل و ئەمریکا بۆ سەر جمهووری ئیسلامی ئێران. وەک دەزانن لە ڕۆژی یەکەمی ئەو هێرشە دا عەلی خامەنەیی وەلی فەقیهلەناو چوو. دەزانین شەڕ هەمیشە ئاکامی زۆر دڵتاوێن و ناوخۆشی هەیە بە تایبەتی بۆ ئینسانی سیڤیل و دەزانین لەو ماوەیەشدا ئەو بۆمبارانانەی  کە کراون زۆر تەئسیری نێگاتیڤی هەبووە  لە ڕووی ئینسانی و ئابوورییەوە. لەو ناوە دا ژمارەیەکیش خەڵکی بێ تاوان لە ناو چوون و دیارە لەو شەڕە دا گەلی کورد دەخالەتێکی نییە بەڵام ئاکامەکانی شەڕ لەسەر گەلی کوردیش ڕاستەوڕاست باندۆر و کاردانەوەی خۆی دەبێ. ئێمە لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ بەڕێز دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس لە بریتانیا لەو بارەیەوە قسە دەکەین. مامۆستا زۆر زۆر بەخێر بێی بۆ بەرنامەی ڕاوێژ!
دوکتور کامڕان مەتین: سڵاو وڕێز زۆر سپاس بۆ ئێوە و بینەرانی بەرنامەی ڕاوێژ.
قازی: مامۆستا کامڕان دیارە ئەمن نووسینەکانی بەڕێزت لە تٶڕی کۆمەڵی دا دەشۆپێنم، بە تایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ بێ کەلک کرانی عەلی خامەنەیی شتێکت نووسیبوو پێم خۆشە ئەوە لێرەش دووپاتە کەیەوە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زیاتر بیبیسن. جەنابت یەکەم رێئاکسیۆنت چ بوو وەختێک ئەو خەبەرەت بیست کە خامەنەیی نەماوە؟
مەتین: من بەر لە هەموو شتێک هەر وەک لە تۆڕەمیدیاییەکانیش دا باسم کرد بوو و ئێوەش ئیشاڕەتان پێ کرد ڕاستییەکەی وەبیر وتەکانی باوکی " کۆمار دەرئوفتادە" کەوتم کە خەڵکی پیرانشار بوو لە جەرەیانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەداخەوە گیانی بەخت کرد و شەهید بوو و وتەکانی ئەو لە سەر گۆڕی جگەرگۆشەکەی بە ڕاستی کاردانەوەیەکی یەکجار قووڵی لە سەر من هەبوو و ئەو کاردانەوەیە تا ڕۆژی ئەوڕۆ هەر ماوە. ئەمن ئەو کات وەبیر ئەو وتانە کەوتم و بیرم لەوە کردەوە کە هەرچەند هیچ شتێک ناتوانێ بەڕاستی زام و ئێشی لە دەستدانی مناڵ ساڕێژ بکا بەڵام هەواڵی کووژرانی خامەنەیی ڕەنگە بۆ کورتە ساتێکیش بووبێ سوکناییەکی دابێ بە هەزاران دایک و باب کە جگەرگۆشەکانیان، ڕۆڵەکانیان بە دەستی کۆماری ئیسلامی و لە ژێر چاوەدێری خامەنەیی شەهید بوونە. بۆیە منیش لەو بارەیەوە بەهەرحاڵ تەقریبەن وەک هەموو کەسێک لە کوردستان و زۆر کەس لە ئێران لەو هەواڵە زۆر خۆشحاڵ بووم.
قازی: وا دیارە ڕایەدارانی ئەمریکا و پرێزیدێنت تڕامپ خۆشی وەختێک باسی ئەو مەسەلەیە دەکەن، تەنانەت ئیسراییلیش، پەیامێکی مەعلووم و کۆنکرێت نییە گەلۆ ئەو پەلامارەی کە دەستیان پێ کردووە بە مەبەستی  لەناوبردنی تەواوی سیستمی جمهووری ئیسلامییە یان نا. دیارە بە نەمانی عەلی خامەنەیی و ئەوەش کە دەزانین ئەمڕۆ کوڕەکەی داندراوەتەوە وەکوو سیستمی مەورووسی پاشایەتی، لێکدانەوەی بەڕێزت لەو بارەیەوە چۆنە. پێت وایە بە نەمانی خامەنەیی ویلایەتی فەقیهیانی نیزام و پەرگالی ویلایەتی فەقیهبتوانێ بمێنێتەوە لە کۆمەڵگەی ئێراندا؟
مەتین: لێرە دا کۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەی کە سیستـمێکی دیکتاتۆڕی و سەرەڕۆییشە بەڵام تایبەتمەندی خۆی هەیە و جیاوازە لەو وڵاتانەی کە ئەساسەن دامەزراوەی دەسەڵات بەو شێوەی کە ئێمە لە ئێران دەیبینین نەبووە و تەنیا یەک کەس هەموو دەسەڵاتی پێ بووە و نەمانی ئەو کەسە دەیتوانی ئەو حکوومەتانە بە تەواوی لێک بترازێنێ وەکوو  مەسەلەن قەزافی لە لیبی، یا سەدام حوسێن لە عێڕاق. لە ئێران وێڕای وەی کە بەهەر حاڵ ویلایەتی فەقیههەیە بەڵام چونکە ئەم نیزامی کۆماری ئیسلامی هەڵقوڵاو و بەرهەمی شۆڕشێکی جەماوەری بووە، بە هەر حاڵ لایەنێکی ئەو شۆڕشە کە ئیسلامیستەکان بوون کە توانین دوای شۆڕش ئەو دەم دەسەڵات بە دەستەوە بگرن  هێندێک تایبەتمەندی ئەو دەوڵەتانەی کە بەرهەمی شۆڕشن تێیدا هەیە وەکوو ئەوەی کە مەسەلەن ئێمە دەبینین لە ئێران پارڵمان هەیە، با وجوودی ئەوەیکە هەڵبژاردنەکان بە ئیستیلاح موهەندیسی دەکرێن و شووڕای نیگەهبان هەموو کەس هەڵدەبژێرێ بەر لەوەی کە خۆیان کاندید بکەن، بەڵام شتێک بە نێوی پارڵمان هەیە، هەڵبژاردنەکان بۆ زۆر شوێنی تریش هەن،دوایە دامەزراوەکانی دەسەڵات جیاوازن، دامەزراوەکان بەربڵاون وە لە سەرەتاشەوە کۆماری ئیسلامی هەمیشە فڕاکسیۆنی ناوخۆیی هەبوە ئەو شتەی کە لە ڕۆژئاوا زۆر جار وەکوو توند ئاژۆیەکان و مەسەلەن ئیسلاح تەڵەبەکان ناویان دەبەن. ئەوە خۆی نیشان دەدا کە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی تەواو یەکپارچە و یەک دەنگ هەر نەبوە وەکوو مەسەلەن دەوڵەتی یەکێتی سۆڤیەت لە دەورانی ستالین. بۆیە ئەو چەند دەنگییە لە ناو خودی دەوڵەت و ئەو دامەزراوانەی کە بەشێکیان لە سەر بنەمای هەڵبژاردن دامەزراون هەرچەندی کە ئەو هەڵبژاردنانە موهەندیسی کراون خۆی لە خۆیدا نەوعێک تەنەوع و تەکەسور دەدا بە نێو خودی ئێلیتی حاکم کە باعیس دەبێ ئەو کێشمە کێشمانە هەمیشە بووبن وە لە نەتیجە دا دەسەڵات وێرای وەی کە لە تەحلیلی نەهائی دا بەدەست یەک کەسە بەڵام ئەو یەک کەسە بۆخۆی، ئەو دەسەڵاتە لە ئیڕتیبات لەگەڵ شەبەکەیەکی وەسیع لەو کەسانەی خاوەنی دەسەڵات و دەسەڵاتی ئابووری، بە هەر حاڵ ئەمنییەتی و نیزامین بە کار دێنێ بۆیەش ئەو شتەی کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن differentiation  یانی نەوعێک ئینکیشافی دەروونی لە کۆماری ئیسلامیدا هەیە بۆیەش وێڕای وەی کە ڕۆڵی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وەکوو وەلی فەقیهزۆر زۆر گرینگە بەڵام سیستیمەکە جۆرێکیش دامەزراوە وا نییە بە بێ ئەو هەموو شت یەک جێ بڕووخێ بەهەر حاڵ شتێک هەیە، نیهادێک هەیە، دامەزراوەیەک وەکوو مەجلیسی خوبرەگان کە وێڕای ئەوەی کە موستەقیل نییە، سەربەخۆ نییە و سپای پاسداران دەتوانێ کاردانەوەی لە سەر هەبێ بەڵام بەهەر حاڵ لە باری procedural وە، لە باری دیوانسالارییەوە ڕۆڵی هەیە و دەتوانێ کار بکا. بۆیەش بەڵێ من پێموایە کۆماری ئیسلامی توانیویەتی جێگرێک تەعین بکا و لە حاڵەتی شەڕ دا بە هەر حاڵ ئاسەواری نەمانی خامەنەیی وە ئەوەی کە کوڕەکەی لە باری مەداریجی فیقهی و عیلمییەوە بە هیچ عینوان ئەو مێعیارانەی کە قانوونی ئەساسی کۆماری ئیسلامی دیاری کردوە بەرئاورد ناکا بۆتە جێگرەوەی، لە کورت ماوە دا ڕەنگە ئاسەوارەکەی نەبینین چونکە ئێستا لە شەڕ دایە و هەموو دەوڵەتێک لە شەڕ دا هەموو لایەنەکانی لێک کۆ دەبنەوە بۆ وەی کە بەرگری، پارێزگاری لە خۆیان بکەن. بەڵام لە میان مودەت دا، لە درێژ ماوە دا ئەمن پێم وایە ئەو هەڵبژاردنەی موجتەبا خامەنەیی شتێک نییە کە هەموو لایەنەکانی نێو دەسەڵات بەئاسانی قەبووڵی بکەن. وە بە ئیحتیمالی زۆر کێشمە کێشمی لە سەر ساز دەبێ حەتتا هەر ئەو ڕۆژانە باس کرا ئەوەی کە هەڵبژاردنی موجتەبا خامەنەیی وەدرەنگی کەوت بەشێکی ئەوە بوو کە عەلی لاریجانی کە زۆر کەسێکی بە دەسەڵات و بەهێزە و سەرۆکی یا بڵێین دەبیری شووڕای عالی ئەمنییەتی میللییە ئەو موخالیفی هەڵبژاردنی ئەو بوو. ئەو پێی وا بوو کە دەبێ سادقی ئامولی لاریجانی کە برای خۆیەتی، برا گەورەی خۆیەتی پێم وایە و ئایەتوڵایە و بە هەر حاڵ زۆر زۆر لەسەرترە لە باری ئەو مەراتیب و دەرەجاتی عیلمی و فیقهی کە لە شیعە دا هەیە. بەڵام ئەو نەبوویە، بۆیەش زۆر کەس پێیان وایە موجتەبا خامەنەیی بژاردەی سپای پاسدارانە و بۆیەش لەو کاتە دا هەڵیان بژاردووە چونکە سپای پاسداران عەمەلەن هەموو شتێکی هەر لە دەست دا هەیە بەڵام ئێستا نەفەرێکیشیان لە ڕێبەرایەتی دایە. بۆیە ئەگەر کورتی کەمەوە ئەمن پێم وایە زەربەیەکی قورس بووە بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵام ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی لەو جۆرە ڕێژیمانە نییە کە بە نەمانی یەک نەفەر بڕووخێ. هەر وەک دەشبینین جارێ نەڕووخاوە هەر چەند هەر وەک عەرزم کردن کێشمەکێش لە سەر وەی کە ئایا سەلاحییەتی ڕەهبەری هەیە ئەو کەسە یان نا  دواتر مەعلووم دەبێ، ئەڵبەتە ئەگەر کۆماری ئیسلامی سەری خۆی دەرباز بکا دوایی بەهەر حاڵ دوای شەڕەکە ئەم ئیختیلافانە، ئەم جیاوازییانە  زۆرتر دەردەکەون.

قازی: باشە مامۆستا پرسیار ئەوەیە ئێستا بە دانانی موجتەبای خامەنەیی و ئەو ڕاستییەش کە دەزانین لەناوخۆی ئەمریکا پشتیوانییەکی بەربڵاو نییە بۆ ئەو شەڕەی کە ئەمریکا دەیکا و ئەوەش دەزانین کە مۆتیڤ و ئەنگیزەی ئەمریکا و ئیسراییلیش لەو شەڕە دا برێک جیاوازە، چەندە ئەگەری ئەوە هەیە ئەوان بتوانن لەگەڵ کەسێکی وەکوو موجتەبا خامەنەیی بێنە ڕەدایە یانی قەبووڵ بکەن کە ئەو  وەکوو وەلی فەقیهی تازە کار بکا؟
مەتین: من زۆر بە دووری دەزانم دیارە تڕامپ چەند ڕۆژ لەمەوپێش کوتی کە ئێمە دەبێ بەشدار بین لە هەڵبژاردنی ڕێبەری داهاتووی ئێران، یا لانی کەم دەبێ بیروبۆچوونی ئێمە لەبەر چاو بگیرێ. دواییش کە موجتەبا هەڵبژێردرا پەیامێکی دابوو کە پێم وایە بە زوویی بە دیداری باوکت شاد دەبییەوە یانی بە نەوعێک باسی وەی دەکرد کە دەکووژرێ، دیارە ئیسراییلیش ڕەسمەن کوتوویەتی لێی دەدەین.
بۆیە ئەمن پێم وایە موجتەبا خامەنەیی کەسێک نییە کە ئەمریکا بتوانێ لەگەڵی سات و سەودا بکا بەڵام لە عەینی حاڵدا هەر وەک ئێوەش باستان کرد ستڕاتێژی ئەمریکا و ئیسراییل زۆر دیار نییە.
دوو خوێندنەوە دەتوانین بۆ ئەوە بکەین. یەک ئەوەی کە ئیسراییل و ئەمریکا هەر بە ڕاستی پێیان وابوە ئەو شەڕە شەڕێکی کورت ماوە دەبێ و ئەوان دەتوانن زۆر بە خێرایی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنن و لەوەدا ڕەنگە دوچاری هەڵەی موحاسباتی بوو بن. یان ئەوەی کە ئەوان بە ئانقەست ستراتێژی خۆیان زۆر بە ئاشکرا ناڵێن بۆ وەی کە دەستی خۆیان ئاواڵە بهێڵنەوە بۆ ئەوەی لە هەر کاتێکی بە مەسڵەحەتی خۆیان زانی بڵێن جا ئێمە بە ئامانجەکانمان گەیشتووین. بۆ وێنە هەر ئێستا ترامپ دەتوانێ بڵێ ئێمە سەرکەوتووین چونکە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیمان لە بەین بردوو، هێزی دەریایی ئێرانمان لە بەین بردوە، هێزی مووشەکی ئێرانمان بە شێوەیەکی زۆر لاواز کردووە، بناغەکانی سەربازی و نیزامی ئێرانمان کوتاوە وهتاد، و دوایی بەهەر حاڵ شەڕەکە تەواو کەن، بێ وەی کە کۆماری ئیسلامی ڕووخابێ یا کۆماری ئیسلامی بە جۆرێک گۆڕا بێ کە ئامادە بێ لەگەڵ ئەمریکا سازش بکا.
ئەوەی کە نیهایەتەن چ ڕوو دەدا بە ڕاستی ئایا ئەوان شەڕەکە تەواو دەکەن و هەر بەو ئەندازەی کە ئێستا بەدەستیان هێناوە ڕازی دەبن یان نا لە ئێمە دیار نییە بەڵام  ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە ئێران ئەو هەڕەشەی خۆی کە کوتی لە ڕۆژی هەوەڵەوە ئێمە ئەو شەڕە دەکەینە شەڕێکی ناوچەیی ئەوەی وەڕاست گەڕاندوە، لە وڵاتانی کەنداو دەدا، قیمەتی نەوت یەکجار زۆر چۆتە سەرێ، دەتوانێ زۆرتریش بچێتە سەرێ و ئەوە دەتوانێ کاردانەوەی زۆر جیدی هەبێ لەسەر ئابووری ئەمریکا بە تایبەت لە ساڵێک کە
  قەرارە لە پاییزی ئەوساڵ هەڵبژاردنەکانی میان دەورەیی لە ئەمریکا بەڕێوە بچێ و بۆ جمهووریخوازەکان، بۆ دەوڵەتی تڕامپ خراپ بوونی وەزعییەتی ئابووری بە تایبەت بۆ چینی مام ناوەندی، لە ئەمریکا هەمیشە قیمەتی نەوت یا قیمەتی بێنزین مێعیارێکی زۆر سەرەکییە بۆ وەی کە بزانین ئایا ئەوان ڕازین لە دەوڵەت یان نا؟ بۆیە ئەو کاردانەوانە لە سەر ئابووری ئەمریکا و ئابووری دنیا هەن و دەتوانن زۆرتر بن، و لە لایەکی تریشەوە لەباری سەربازییەوە ئێوە و بینەران دەزانن کە زۆر باسی ئەوە دەکرێ کە ئەمریکا و ئیسراییل بە ئەندازەی پێویست چەکی دژی دڕۆن و مووشەکی ئێرانیان نییە و ڕەنگە ئەوە تەواو بێ. لە حاڵێکدا ئەگەر ئێرانیش لانچرەکانی، سەکۆی پەرتابەکانی بە ئەندازەی کافی نەبێ یا لە بەین چوو بن دڕۆنی یەکجار زۆرە و ئەو دڕۆنانە ئەگەر نەشگەنە ئیسراییل دەگەنە وڵاتانی کەنداو.
بۆیە زۆر دیار نییە بە ڕاستی ئەو شەڕە چۆن بەرەوپێش دەبەن. یەک ئەگەر ئەوەیە کە ئەمریکا بە ڕاستی بیهەوێ هێزی زەوینی بەکار بێنێ بۆ وەی کە بتوانێ توانایی ئێران بۆ بەکار هێنانی مووشەک و دڕۆن کەمتر کاتەوە چونکە ئەگەر ئەوان بچنە ناو خاکی ئێران تەبیعەتەن هێزەکانی ئێرانی دوور دەبنەوە لە سنوورەکان و کێشە دروست دەبێ بۆ ئەو سەکۆ مووشەکی و دڕۆنانەی کە لە نزیک سنوورەوە ئەو کارانە دەکەن. بەڵام ئەو کارەش ڕیسکی خۆی هەیە بۆ ئەمریکا. بە تایبەت بۆ تڕامپ کە پلاتفۆڕمی سیاسی و هەڵبژاردنی ئەوە بوو کە ئێمە چیتر سەربازی ئەمریکایی دەرگیری شەڕ ناکەین لە شوێنی تر. وە شەڕی زەوینیش بۆخۆت دەزانی وەختێک هاتیە ژوور تەواو بوونی یان تەواو کردنی زۆر ئاسان نییە. بۆیە بە بڕوای من بە جۆرێک هەر دووک لا کێشەی جیدییان هەیە لە بەرەوپێشبردنی ئەو شەڕە. بۆ کۆماری ئیسلامی ڕێبەرانیان هەر دێ و لێیان دەدەن، بنەماکانی نیزامی و سیاسییان لێ تێک دەدەن و مەعلووم نییە هێزە چەکدارەکانی ئێرانی تا چەندە دەتوانن ئەو گورزانە تەحەمول بکەن.
لەوبەریشەوە مەسەلەی ئابووری دنیا هەیە، مەسەلەی گوشاری وڵاتانی کەنداو بۆ سەر ئەمریکا هەیە، مەسەلەی ئوڕووپا هەیە کە ئێستا دووبارە مەجبوور بوونە دووبارە بە دزی لە ڕووسییە نەوت بکڕن و تەبیعەتەن ئەوە دەستی ڕووسییە بە هێز دەکا لە شەڕی ئۆکراین. لایەنی سەربازی هەیە هەر وەک عەرزم کردن ڕەنگە ئەمریکا و ئیسراییل نەتوانن بەشێوەی پێویست دژ بە مووشەک و دڕۆنی ئێرانی کار بکەن و لە بەینیان بەرن. هەمووی ئەوانە فاکتۆری جۆراوجۆرن کە بە ڕاستی چارەنووسی ئەو شەڕە ناڕوون دەکا بۆ ئێمە. بەڵام تا ئەو چرکە ساتەی ئێمە قسە دەکەین ئێمە شتێکمان نەبیستوە لە ئەمریکاییەکان نیشان بدا ئەوان بەرەو بڕیاری کۆتایی هێنان بەشەڕ نزیک دەبنەوە. پیتر هێگست وەزیری شەڕی ئەمریکا کوتی شەڕ تازە ئێستا دەست پێ دەکا گورزی ئەسڵی خۆمان نەوەشاندووە. بۆیەش بە ڕاستی جگە لەحەدس و گومان و چاوەڕوانی ئینسان زۆر ناتوانێ بە دڵنیاییەوە تەحلیلێکی جیدی بکا لەوەی کە ئەم شەڕە کەی کۆتایی پێ دێ و چۆن کۆتایی پێ دێ.
قازی: مامۆستا مەسەلەیەکی دیکەش هەیە لە باری سیاسەتی ناوخۆیی ئەمریکا. دەزانین کە ئەو دۆسییەی جێفری ئێپستین و تێکەڵاوی زۆرێک لەگەورە پیاوانی دنیا لەگەڵی، نەک هەر لە ئەمریکا  لە جێگای دیکەش  ئێستا ئەوە لە ئەمریکا زۆر لەو لێپرسینەوانەی کە لە سەنا و لە مەجلیسی نوێنەران دەکرێ و ئیستا یەکێک لە بەرپرسانیان ناچار کردووە لە کارەکەی بکشێتەوە و هەتا دێ حەولی ئەوەش زیاتر دەدەن کە پێوەندی ئێپستین لەگەڵ ترامپ بشارنەوە. پێت وایە ئەو شەڕە لەحاڵێکدا کە موزاکەرە هەبوو لە ژێنێڤ، بەشێکیشی لەبەر ئەوە نییە کە لە داخڵی ئەمریکا دا ئەو دۆسییەیە بشاردرێتەوە؟
مەتین: بەڕاستی ئەمن لەسەر ئەو بابەتە زانیاریم نییە ڕەنگە لە باری مەنتقییەوە ئەوە سەیر نەبێ بەڵام لە عەینی حالێشدا بڕیار بۆ شەڕێکی ئاوا بەو ئاکامانەی کە باسمان کرد زۆر زۆر لەوە گەورەترە، زۆر لەوە زۆرتر بەرژەوەندی ستراتێژیکی ئەمریکا کاردانەوەی لەسەر دەبێ کە لەبەر یەک نەفەر، لە بەر وەزعییەت و ستاتوسی سیاسی یەک کەس شەڕێکی ئاوا هەڵبگیرسێ. ڕەنگە هۆیەکی ئەوە بێ کە ئەو شتەی کە ئەمریکا دەیویست ئێران ددانی پێدا نەدەهێنا و لەو لاشەوە زانیاری ئەوەی خامەنەیی و ئەو کەسانەی دیکەش کە لەگەڵێ کووژران لەیەک شوێن، لەیەک کاتی دیاریکراو دا کۆ بوونەتەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسراییل نەیانهەوێ ئەو دەرفەتە لە دەست بدەن. پێیان وابوو ڕەنگە ئەوە بەو شێوەیە دووبارە ڕوو نەداتەوە بۆیەش لەو هەلەیان کەلک وەرگرت و دوای ئەو هێرشەش شەڕەکە ڕەسمەن دەستی پێکرد. بەڵام هەر وەک عەرزم کردن ئەو شتەی ئێوە باستان کرد دوور نییە بەڵام بەڕاستی دیاریش نییە کە بەڕاستی وا بووبێ و لەبەر ئێپستین ئەو کارەیان کرد بێ.
قازی: زۆر باشە مامۆستا با ئێستا بێینە سەر ئەو شێواز، شێوە و جووڵەی جەماعەتی پادشایی خواز، بە تایبەتیش دەزانین دوای ئەو قەتڵی عامەی لە مانگی ژانڤییە دا لە ئێرانێ کرا، ئەوانە لە دوەرەوەی وڵات بە تایبەتی دەستیان کردوە بە خۆپیشاندان و لەپێوەندی داوخوازەکانیاندا شتێکیشیان بڵاو کردووەتەوە بە نێوی  دەفتەرچەی ئیزتیرار کە ئێمە لێرە دا نامانەوێ بچینە نێو ناوەرۆکەکەی، بەڵام ئەو بەشانەی کە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە لەگەڵ دۆزی کورد و ئەو هێرشەی کە لەو بەڵگەیە دا بە ئاشکرا کراوەتە سەر گەلی کورد. وا لەو ڕۆژانە دا دەبینین لە لەندەن هێرشیان کردووەتە سەر ڕێستوڕانی کوردی چەند کەسێکیان بریندار کردوە یا لە تێلێڤیزیۆنەکاندا خانمی وا دێنن جلکی کوردیان دەبەر دەکەن بۆ ئەوەی بێن بە سیستمی پاشایەتی هەڵبڵێن. ئەوە لە حاڵێک دایە ئێمە دەزانین لەو شۆڕشانەی کە لە ئاستی جیهانیدا کراون، بۆ وێنە  کاتیک لە ساڵی ١٩١٧ لە ڕووسیا شۆڕش کرا، هیچ ئەو تەسەورە نەبوو پاش چەند ساڵێک ڕووسە سپییەکان بیانەوێ جارێکی دیکە بێنەوە سەر کار یان بنەماڵەی ڕۆمانۆف بێنەوە سەر تەخت. یانی ئەوە نایە دە مێشکەوە کە دوای ٤٧ ساڵ سیستمێک کە بە شٶڕشێک ڕووخاوە، کە دوایە ڕێبازەکەی گۆڕاوە، جارێکی دیکە دەسەڵات بە دەست بگرێتەوە و کەسێکیش کە لە ماوەی ئەو ٤٧ ساڵە هیچ ناوی لە ناوان دا نەبووە  و لەو دووسێ ساڵە دا نێوی هاتووەتە مەیدانێ خۆی بەسەر خەڵک دا بسەپێنێ. پێم خۆش بوو سەبارەت بەو هەڕەشەی کە لە ناوەرۆکی ئەو دەفتەرچەیە دا لە نەتەوەی کورد کراوە و ئەو قسانەی کە ئەو کابرایە کردوویە دوای ئەوەی کە ٦ هێزی کوردی یەکتریان گرتووە بۆچوون و لێکدانەوەی بەڕێزت بزانم. فەرموو.
مەتین: ئەوەی کە ڕەوتێکی پادشایی خوازی بە ئاشکرا فاشیستی توانیویەتی تا ڕادەیەک لە ناو بەشێک لە خەڵکی ئێران پشتیوانی بەدەست بێنێ بە بڕاوی من چەند لایەنی هەیە. لایەنێکی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە لە ئاستی دنیا دا جەرەیاناتی ڕاستی کە بە فارسی دەڵێن ئیفڕاتی پەرەیان سەندووە لە مەجارستانەوە بگرە تا خودی بریتانیا مەسەلەی برێگزیت، حیزبی ڕێفۆرم کە ئێستا هەیە، و لە واقیعدا ڕاستی توندئاژۆ یان ئیفڕاتی دیاردەیەکی جیهانییە و خود بە خود ئەو جوورە ڕەوتانە لە هەموو شوێنێک تەقوییەت دەکا، بەهێز دەکا.
هۆیەکی دیکەی کە ئەوانە توانیویانە خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە تەقریبەن لە دوای شەڕی ئێران – عێڕاق بەو لاوە، لەو کاتەوە کە جووڵانەوەی ئیسلاح تەڵەبی لە ئێران دەستی پێکرد و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژیش ئەوان، دوو دەورەی خاتەمی هێزیان هەبوو، دەسەڵاتیان هەبوو، سەرۆک کۆمار لە ئەوان بوو دوایە ڕووحانیش تا حەدێک لە ئیسلاح تەڵەبەکان نزیک بوو. پڕۆژەیەکی هەرە سەرەکی ئیسلاح تەڵەبان ئەوە بوو کە ئەوان پێیان وابوو کە لایەنی بەرانبەری خۆیان واتە ئوسوولگەرایانی جمهووری ئیسلامی دەتوانن لە ڕێگای هەرچی قووڵکردنەوەی پێوەندییەکانی سەرمایەداری و ڕەوابیتی بازاڕ لە ئێران لاواز بکەن. یانی سەرمایەدارییەکی ئۆلیگارشیک کە سپای پاسداران و ئەو کەسانەی نزیک لە خامەنەیی بوون خاوەنی بوون لە بازاڕی ئازادێکی موتەعاریفدا ئەوانە  ناتوانن ڕەقابەت بکەن و خود بە خود لە باری ئابوورییەوە لاواز دەبن و بە پێی ئەوە لە باری سیاسیشەوە لاواز دەبن.
بۆیە دیسکۆرسی ئەوان بۆ پەرەپێدانی وەها دۆخێک لە باری سیاسییەوە زۆر بە توندی دژی چەپ بوو. دژی هەر بیرۆکەیەکی چەپ بوو و هەر شتێکی سۆسیالیستی و هەر شتێکی دژی سەرمایەداری.
بۆیە ئێمە دەبینین نزیک سی ساڵ تەواوی گوشار و وتاری ئەم بەشە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بە ئیزافەی بەشەکانی دیش، بەڵام ئیسلاح تەڵەبەکان بە تایبەت لە باری گوفتمانییەوە دژی چەپ بوو و ئەو مەسەلەیە زۆر شەباهەتی هەیە بەوەی کە لە زەمانی شا ڕووی دا.
ئەو دەمی شا تەواوی ترسەکەی، ئەو ترسەی کە هەیبوو لە چەپ بوو بۆیە چەپی بە هەموو جوور کوتا و لاوازی کرد و لەو دۆخە دا بوو کە ئیسلامییەکان بە ڕێبەری خومەینی یا شەریعەتی توانیان پەرە بستێنن، یانی وزە و ئیمکاناتی شا لە سەر چەپەکان موتەمەرکیز بوو، ئیسلامییەکان توانیان خۆیان سازمان بدەن.
لە دەورەی جمهووری ئیسلامیشدا وا بوو یانی هەموو گوشارەکان لە سەر گوفتمانی چەپ بوو لە بەر ئەوە دەر واقیع گوفتمانی ڕاست خود بە خود بوو بە گوفتمانێکی نۆرماڵ لە فەزای گوفتمانی ئێراندا. وە هەم زەمانیش ئەوەی کە گۆیا چەپ لە شۆڕشی ٥٧ ڕۆڵی ئەسڵی گێڕاوە ئەو جیلە لە جەوانانی ئێران کە تەجروبە و تەمەنیان ئیقتیزای وەی نەکردووە کە شۆڕشی ٥٧یان دیتبێ، خود بەخود تەواوی نەهامەتەکانی دوای شۆڕشی ٥٧یان پێوەندی داوە بەوەی کە گۆیا ئەوە چەپ ئەو شۆڕشەی دروست کردوە و بەو جێگایە گەیشتوە. بۆیە لە واقیعدا تێکەڵاوێک لەو دژە چەپی بوونی کۆماری ئیسلامی و ئیسلاح تەڵەبەکان بە تایبەت بە ئیزافەی ئەو تەسویرەی کە دروستیان کرد لە هەرچی کێشەیە دوای شۆڕش  لەبەر ئەو شۆڕشە بووە و شۆڕشەکەش چەپەکان دروستیان کردوە خود بە خود بەشێک لە خەڵک ڕاکێشراون بەرەو گوفتمانێکی زۆر ڕاستی ئیفڕاتی کە شاپەرستەکان نوێنەرایەتی دەکەن و ئەو فیلم و دوکومێنتارانەش کە لە دۆخێ ئێران لە بەر لە شۆڕش دا نیشان دەدرێ لە تێلێڤیزیۆنەکانی نزیک بەو ڕەوتە، خوب ئێرانێک نیشان دەدەن کە بەهێزە، کە دەوڵەمەندە، کە پاسپۆرتەکەی ویزای ناوێ بۆ هیچ شوێنێک لە دنیا. هەمووی ئەوانە لە واقیعدا شتێکی فانتێزی لە ئیڕانی بەر لە شۆڕش بە خەڵک پیشان دراوە بۆیەش بە بڕاوی من ئەو شتانە دەستیان وە دەستی یەک داوە بۆ ئەوەی کە ئەم ڕەوتە بە ئاشکرا فاشیستییە بتوانێ لایەنگری هێندێک خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، بە تایبەت کە ئەو خەڵکانە پێیان وا بوو کە بە ڕاستی ئەم ڕەوتە نزیکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ئەمریکا و ئەمریکاش قەرارە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ بۆیە ئەم ڕەوتەیە کە زۆرترین شانس و ئیمکانی وەی هەیە کە جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی بێ.
هەر وەک دەزانین خوب ئەو شتە وا نەبوە و وا نییە بۆیەش بە بڕوای من پەرەگرتنی کۆمەڵایەتی ئەم جەرەیانە دەبێ لە وەیدا ببینین. بەڵام من هێشتا وڵامی ئەو بەشەی مەڕبووت بە کوردستانم نەداوەتەوە ببوورن.
لەو " دەفتەرچەی ئیزتیڕار" ە دا زۆر بە ئاشکرا باسی وەی دەکرێ کە ئەوەڵەن تەواوی دەسەڵات لە دەستی ڕەزا پەهلەویدا کۆ دەبێتەوە لەو دەورەیە دا و هەر جۆرێک بۆخۆی ئیشتیای لێ بێ دەتوانێ بەکاری بێنێ. مەعلووم نییە کە بۆچی ڕێفراندۆمێک کە بە ئیشتیای خۆی نەبێ ڕێکی دەخا و نەتیجەکەی قەبووڵ دەکا. لە عەینی حاڵدا لەو دەفتەرچەیە دا زۆر بە ئاشکرا کوتراوە کە بەشێک لە قانوونەکانی ئێستای جمهووری ئیسلامی ئەوان ڕادەگرن و لەغویان ناکەن و هێزە ئەمنییەتی و نیزامییەکان تا ئەو جێگای مومکینە ڕادەگرن مەگەر ئەوەی محاکەمە بکرێن و یا باسی بەخشینی دەستەجەمعی دەکا ولە بەشێکیدا زۆر بە ئاشکرا باسی وەی دەکا کە ئەڕتەشی داهاتووی ئێران لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەوان ئەوەڵین کاری ئەوەیە کە لە بەرانبەر بەقەولی وان " تەجزییە تەڵەبان" ڕابوەستێ و نێوی چەند هێز زۆر بە ئاشکرا دێنێ لەوانە " جەیشولعەدل"، " پەژاک "، " داعش"، و دوایەش دەنووسێ  گروههای تجزیەطلب دیگر، کە دیارە مەنزووریان هێزە کوردستانییەکانی ترە. بۆیە مەبەستم ئەوەیە کە وێڕای ئەوەی کە ئەو دەفتەرچە ئیزتیرارە هەر زاتەن و بەگشتی شتێکی زۆر دژی دێمۆکڕاتیکە و نوسخەی دامەررانی سەلتەنەتێکی موتڵەقەیە بەڵام تا ئەو جێیەی دەگەڕێتەوە سەر کوردستان دوو قات خراپترە چونکە زۆر بە ئاشکرا باسی سەرکوتی هەر جۆرە داوخوازی مافی نەتەوایەتی دەکا لە ژێر ناوی وەی کە ئەوانە تەجزیە تەڵەبن دەبێ لە ناو بچن.
قازی: دیارە مامۆستا بەڕێزت لە سەر مەسەلەی " تەجزیە تەڵەبی " چەند ساڵ لەوە پێش مەقالەیەکت هەبوو. ئەوانە تەمامییەتی ئەرزییان کردووەتە گورزێک بە دژی کوردەکان. بۆ وێنە ئێستا لەو بەرنامە تێلێڤیزیۆنیانە کە بە زمانی فارسی بەرنامە بڵاو دەکرێتەوە ئەگەر میوانێکی کورد بانگ دەکەن وەک ئەوە وایە لەو بارەیەوە شادوئیمانی پێ بهێنن وەک لە ئیستیلاحی مەزهەبی دا دەگوترێ. دەڵێن لە پێشدا دەبێ بڵیی تەمامییەتی ئەرزیم قەبووڵە جا دوایە دێینە سەر بابەتی تر. لە حاڵێکدا ئەوە بەستراوەتەوە بە ڕەوتی دیاردەکان ئەگەر لە هەلومەرجێکدا کورد بتوانێ بۆخۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکا لە فۆڕمی دەوڵەتێکی نەتەوەیی دا بۆخۆی، پێم وا نییە هیچ کوردێک بتوانێ دژی ئەوە ڕاوەستێ. ئەوە موشکیلەکەیە، بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە لە پێوەندی لەگەڵ جەرەیان و ڕەوتی مۆنارکیستی دا، دیارە ئەو گرووپانەی کە کۆماریخوازن بە شێوەیەک لە شێوەکان و چوارچێوە سیستمی سیاسی لە زەینیان دا دیاری کراوە بەڵام هەر چۆنێک بێ دەکرێ ناسیۆنالیزمی ئێرانی دە نیو ئەوانیشدا گوڵ بکا. پێت وایە چەندە ئیمکانی سازانی ئەو دوولایەنە بەیەکەوە هەیە لە هەمبەر مافی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران؟
مەتین: بەڵی، ئەو زەرفییەتەیان یەکجار زۆرە. ئێوە چاو لێ بکەن، یەک شت و تەنیا یەک شت هەیە کە هەموو لایەنەکانی ئێرانی لەسەری کۆکن. ئەویش دژایەتی مافی چارەی خۆنووسینێ گەلانی ئێرانە، میللەتانی ئێرانە بەتایبەت میللەتی کورد. یانی ئێوە چاو لە دیسکۆرسی کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی پەهلەوی بکەن هیچ جیاوازییەکیان نییە بە ڕاستی. لایەکانی کۆماریخواز و چەپی ئێرانی دیارە بە زمانێکی جیاواز، بەڵام لە نەهایەتدا ئەوانیش دژی وەن. یانی ئەوان پێیان وایە کە داواکاری مافی نەتەوایەتی یانی لێک هەڵوەشاندنەوەی ئێران. کە ئەوە لەگەڵ خودی نەریتی چەپی ئێرانیش جیاوازی زۆرە چونکە بۆ وێنە لە حەفتاکان، لەهەشتاکان بەشێکی زۆر لە چەپی ئێرانی ددانی بەوەدا هێنا بوو کە ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و مافی چارەی خۆ نووسین شتێکی سروشتییە کە ئەو گەلانە دەبێ هەیانبێ.
بەڵام هەر ئەو ڕەوتەی باسم کرد کە لە ئێراندا گوفتمانی سیاسی هەر چووە و بەرەو ڕاست ڕۆیشتوە، دیارە لە مەڕ چەپەکان و کۆماریخوازەکانیشدا هەر سیدق دەکا و ئەوانیش کە دێتە سەر مەسەلەی نەتەوایەتی هەر بەو شکڵە قسە دەکەن. دیارە ئەمن هەر ئەو ڕۆژانەش نووسراوەیەکی بڕێک دوورودرێژم هەبوو لە سەر سۆشیال میدیا کە کاتی خۆی لە شۆڕشی ژینا بڵاوم کردبۆوە بەڵام ئێستا لەبەر ئەو شتەی کە ئێوەش باستان کرد، ئەو شتەی کە هەر کەسێکی کورد کە دێتە سەر شاشەی تێلێڤیزیۆنەکانی فارسی زمان بازجووییان لێ دەکەن و دەبێ ئەوەڵ ئێعلام بکەن کە تەجزیە تەڵەب نین، لەبەر ئەوە ئەمن ئەو نووسراوەیەم دیسان بڵاو کردەوە و تێیدا زۆر بە تێر و تەسەلی باسی ئەوەم کردوە کە بۆچی ئەو شتە، ئەوەی کە ئێران تەجزییە دەبێ لە واقیعدا سەرپۆشێکە بۆ  سەرکوتکردنی مافە ڕەواکانی، داوخوازی مافە ڕەواکانی میللەتان بە تایبەت نەتەوەی کورد لە کوردستان، کە نە لە باری سیاسی و نە لە باری مێژووییەوە و نە لە باری مەنتقییەوە هیچ بنەمایەکی هەیە و ئەوە سەرەڕای وەش کە زوربەی هەرە زۆری هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژهەڵات داوای سەربەخۆیی ناکەن هەر چەند سەربەخۆییش هەر مافی خەڵکی کوردە. مافی چارەی خۆ نووسین چەندین شکڵی هەیە، مافی چارەی خۆ نووسین دەتوانێ ئۆتۆنۆمی بێ، دەتوانێ فێدراڵیزم بێ، دەتوانێ کۆنفێدرالیزم بێ، دەتوانێ سەربەخۆیی بێ. هەر چۆنێک بێ مەسەڵە ئەسڵی مافی چارەی خۆ نووسینە کە دەبێ بە ڕەسمییەت بناسرێ و ئەوەی کە ئەو مافە چ قەوارەیەک بە خۆیەوە دەگرێ بە پێی دۆخ و بە پێی شەراییت و بە پێی بەراوەردی خەڵکی کوردستان و هێزەکانیان تەعیین دەکرێ و بۆیە ئەمن پێم وایە ئەو شتە دەبێ زۆر تەئکیدی لەسەر بکرێ.

قازی: مامۆستا ببوورە پرسیارێکی دیکەش هەیە، بەڵام لێرە دا لە سەر مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەگەر بە کورتیش بێ ئاماژەی پێ بکەی. دیارە ئەوە بەشێکە لە تیۆری دێمۆکڕاتیک و لە مارکسیزم دا ڕێفرێنسەکەی دەچێتەوە سەر تیۆری دێمۆکڕاتیک. بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە باسی ئەوە دەکرێ ئەو مافە لە زەمانێک دا بووە کە ئەو وڵاتانەی کە کۆلۆنی بوون پێویست بووە دەرفەتی ئەوەیان هەبێ مافی دیاریکردنی چارەنووس بەکار بێنن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قالبەی کە بۆ چەمکی کۆلۆنی هەیە و کوردستان بەو شێوەیە کۆلۆنی نەبووە ئەو قالبە چۆن دەتوانین تەتبیق بکەین لەگەڵ دۆزی کورد؟
مەتین: بەڵام ئەمن پێم وایە ئەو تیۆرییانەی کە ئەو شتە دەڵێن هەڵەن. کوردستان کۆلۆنی بوە و کۆلۆنی هەیە چونکە کۆلۆنی دەبێ بزانین چۆنی تەعریف دەکەن. ئەو کەسانەی کە ئەو شتەی ئێوە دەڵێن باس دەکەن ئەوان پێیان وایە دەبی کۆلۆنیالیستەکە حەتمەن لە پینج هەزار کیلۆمیتر لەولاتر هاتبێ مەسەلەن بریتانیا لە هیندووستان، فەڕانسە لە ئەلجەزاییر یا لە وییێتنام و فڵان و بێهمان. لە حاڵێکدا ناوەرۆکی دۆخی کۆلۆنیالیستی ئەوە نییە کە دەبی کۆلۆنیالیست حەتمەن لە شوێنێکی زۆر زۆر دوورتر هاتبێ یا زمان وفەرهەنگەکەی بە تەواوی جیاواز بێ.
کۆلۆنیالیزم بریتییە لەوەی کە خەڵکێک کە چەوسێنەری خۆیان بە بێگانە لە خۆیان دەناسن وە مافی چارەی خۆ نووسینی ئەو خەڵکە لە لایەن هێزێکی دەرەکی و هێزێکی بێگانە زەوت دەکرێ. و ئەوە شتێکە لە کوردستان زۆر دیارە یانی کوردستان و خەڵکی کوردستان هێزێکی دەرەکی کە بە زمانێکی جیا لە کوردی قسە دەکا و بە زمانێکی جیا لە کوردی دەیچەوسێنێتەوە و بە زمانێکی جیا لە کوردی مافی چارەی خۆ نووسینی لێ دەستێنێ دە واقیعدا کارکەردی  کۆلۆنیالیستی هەیە و ئەوە شتێکە کە حەتتا بەشێک لە ڕووناکبیرانی خودی ئێرانی ئەوەیان کوتوە. مەسەلەن ئەمن کە زۆر جار شت دەنووسم نەقڵی قەول دێنمەوە لە ئەفشینی مەرعەشی. ئەو زۆر بە جوانی یانی زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێ کە دەوڵەتی ڕەزا شا بە ئیستیلاحی ئینگلیسی ئەو دەڵێ
surrogate colonialism  یانی کۆلۆنیالیزمێکی جێگرەوە یانی کۆلۆنیالیزمێکی نیابەتی بوە دەوڵەتی ڕەزا خان. بۆیە ئەمن پێم وایە لەو بارەیەوە دەکرێ زۆر قسە بکرێ و کوردستان دۆخەکەی کۆلۆنیالیستییە بەڵام  لە عەینی حاڵدا هەر وەک عەرزم کردن مافی چارەی خۆ نووسینی گەلانێک کە کۆلۆنیزە کراون ئیلزامەن و هەمیشە باشترین ڕێگا چارەسەری یا هاسانترین ڕێگا چارەسەری سەربەخۆیی نییە و خەڵک دەبێ بۆخۆیان تەشخیس بدەن کە چۆن لەو مافە کەلک وەردەگرن. و هەر بۆیەش کە هێزە کوردەکان ئیلزامەن باسی مەسەلەن سەربەخۆیی ناکەن ئەوانەی کە بڕوایان بە مافی چارەی خۆ نووسیی هەیە. هەرچۆنێک بێ هیوادارم لە داهاتوو دا بتوانین لە سەر ئەو مژارە زۆرتر قسە بکەین چون پێم وایە هێندێک سووئی تەفاهوم لە مەسەلەی کۆلۆنیالیزم دا هەیە کە بۆتە هوی ئەوە کە ئەوە مەسەلەی چارەی خۆ نووسین وەکوو شتێکی زۆر ماکزیمالیستی چاوی لێ بکرێ لە حاڵێکدا وا نییە.

قازی: حەتمەن کارێکی وا دەکەین، مامۆستا ئاخر پرسیارم لە پێوەندی دایە لە سەر مەسەلەی یەکگرتن و ئیتیلافێک کە لە نێوان  هێزە سیاسییەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتوە، هێزی ئەوتۆی کە پێشینەی دوورو درێژیان هەیە لە خەبات دژی جمهووری ئیسلامی و تەنانەت پێش ئەویش دژی حکوومەتی پادشایەتی لە ئێرانێ دا. لەو زەمینەیە دا تا ئێستا زۆر قسە کراوە، تا ئەو جێگای من دیتوومە چەند ڕووناکبیرێک لەو بارەیەوە نەزەریان دەربڕیوە، دیارە سەر بەهیچکام لە حیزبەکان نین، یەک لەوانە بەڕێزێک بە ناوی شەماڵ بەشیری کە دەڵێ ئەوە باشە کە ئەو لایەنانە یەکتریان گرتوە بەڵام دەبێ بەرنامەیان ڕوون بکەنەوە، باسی ئەوە بکەن کە دوای ئەوەی جمهووری ئیسلامی ڕووخا ئەوان چ دەکەن و ئەو مەسەلەیە دەبێ لە چوارچێوەی بەیان و ئەو شتانەدا نەمێنێ بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیتیلافی ئاوا تازەیی هەیە لە کۆمەڵگەی کوردی دا، جەنابت لەو بارەیەوە یانی ئەو ئیتیلافەی کە پێک هاتووە، ئەرکەکانی کورتخایەن و درێژخانەی ئەو هاوپەیمانییە بە چ دادەنێی؟
مەتین: ئەمن پێم وایە ئەو ئیتیلافە یەکێک لە باشترین و خۆشترین ڕووداوەکانی ژیانی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات بوە لە چەندین و چەند ساڵی ڕابردوو دا و دیارە ئەو پلاتفۆڕمە دەکرێ داواکارییەکان و بەرنامەکانی بۆ داهاتوو تەبعەن بەتەفسیل و تەوزیحێکی زۆرتر ئیڕائە بکا بەڵام ڕووداوەکان هێندە بە خێرایی ڕوو دەدەن کە هەرچۆنێک بێ زۆر سەیر نییە ئەو ئیتیلافە لە سەر فەوریترین مەسەلە فێعلەن ڕێک کەوتبن. ئەوە گرینگترین و فەوریترین مەسەلەش ئەوەیە کە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی هەیە و ئەو هاوپەیمانییە بە پێک هاتنی خۆی هەم  ئەو ڕووخانە دەتوانێ خێراتر بکا و هەم دەتوانێ وەکوو ئاڵترناتیڤێک بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشایی دەسەڵاتەی کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ پێکی بێنێ کار بکا. بەڵام لە عەینی حاڵدا خۆ هیچ شتێک پێشگیری لەو ئیتیلافە و لە ئەندامانی ئەو ئیتیلافە ناکا لە سەر وردەکاری ئەو داهاتوویەی کە دەیانەوێ دەستەبەری بکەن لە کوردستان یا لە ئێران کار بکەن. بەڵام ئەمن پێم وایە ئەوە نابێ مانیعی وەی بێ کە ئیتیلافەکە دروست نەبێ لەبەر ئەوەی کە هێشتا لەسەر هەموو شت ڕێک نەکەوتوون.
بۆیەش هەرچۆنێک بێ بۆچوونی من ئەوەیە، بەڵام هەر وەک دەشبینین پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە تەئسیر و کاردانەوەیەکی یەکجار زۆری هەبوە لە فەزای سیاسی ئێران و تەنانەت ناوچەکە و دنیاش.
ئێمە دەبینین هەموو لایەنە ئێرانییەکان، ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەڵوێستیان گرتوە، کاردانەوەیان بوە، چ ئەوانەی کە پێشوازییان لێ کردوە و چ ئەوانەی کە لێی دەترسێن و پێیان وایە کە ئەوە مەسەلەن سەرەتای پێکهاتنی کوردستانێکی سەربەخۆیە و فڵان و بێهمان.  بۆیە من پێم وایە بە گشتی ئەو ڕووداوە ڕووداوێکی زۆر زۆر موسبەتە بەڵام ئەوەی کە چ دەکەن لەمە بەدوا بە بڕوای من هەڵسوکەوتێکی زۆر زۆر ژیرانەی دەوێ بە تایبەت تا ئەو جێگای دەگەڕێتەوە سەر ئەو دەنگۆیانەی کە گۆیا ئەمریکا داوای لە وان کردوە کە بچنەوە ناوخۆی ڕۆژهەڵات و دژی کۆماری ئیسلامی شەڕ بکەن. من پێم وایە ئەوە مەسەلەیەکە دەبێ زۆر زۆر بە ئیحتیات و بە ژیری چاوی لێ بکەن. چونکە زۆر هۆ هەنە بۆ ئەوەی کە کورد ئیعتیماد و متمانە بە ئەمریکا نەکا هەم ڕابردووی ئەمریکا لەگەڵ هێزە کوردییەکان چ لە ڕۆژئاوای کوردستان، چ لە ڕێفراندۆمی ٢٠١٧ –ی باشووری کوردستان، چ لە ساڵی ١٩٩١ کە داوایان لە خەڵک کرد هەستنەوە دوایە بەجێیان هێشتن،چ لە ساڵی ١٩٧٥، میسال بۆ ئەوە زۆرن. وێڕای وەش کە ئەمریکا بۆ وەی هێزە کوردەکان بتوانن ڕۆڵی نیزامی بگێڕن دەبێ بەر لە هەموو شتێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵی ڕێک کەوێ چونکە بە هەر حاڵ ئەو هێزانە بەشێکیان لەوێ جێگیرن و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەش بەحاڵی خۆی متمانەی بە ئەمریکا نییە هەر بەو هۆیانەی باسم کرد، هەر وەها بە هۆی ئەوەی کە ئەوانیش بە دروستی بیر لەوە دەکەنەوە، هەر وەک هێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بیر لەوە دەکەنەوە؛ دەی ئەوە تڕامپ کەسێکی دەمدەمی مەزاجە بەڵکوو سبەینێ کوتی بەڵێ جا ئەوە ئێمە سەرکەوتووین و شەڕ کۆتایی پێ دێنین و لەو حاڵەتە دا بڕوا لە ناوچەکە.  
قازی: ئێستاش کوتوویەتی. کوتی ئەمن نامەوێ کوردەکان بچنە نێو ئێران، دەمەوێ کوردەکان بپارێزرێن و نە کووژرێن. ئەوەی کوت خۆ.
مەتین: ئەوە دروستە، ئەوەی کوتووە، ئەوە دەقیقەن لەبەر ئەوەی بوو کە کوردەکان زۆر بە ئاسانی نەچوون بە پێشوازی بڵێن جا زۆر باشە، ئێمە زۆریش خۆشحاڵین بچین شەڕ بکەین بە بێ ئەوەی کە ئێوە هیچ تەعەهودێکی عەلەنیتان هەبێ نیسبەت بە ئێمە. ئێمە ئەو شەڕە بکەین. بەڵکوو کۆماری ئیسلامی نەڕووخا، ئەمریکا کوتی ئێمە سەرکەوتووین و ڕۆیشتن ئەو دەم خەڵکی کوردستان دەبێ باجی ئەو شەڕە بدەن، حکوومەتی هەرێم مومکینە زەربەی زۆر گەورەی لێ بکەوێ. کوردەکانیش بەهەر حاڵ ناتوانن دەگەڵ ئەڕتەشێکی چەند سەد هەزار نەفەری کۆماری ئیسلامی هەر بە هێزی خۆیان بە شەر بێن.  
بۆیە ئەمن پێم وایە کە ئەوە لایەنی سیاسییەکەی زۆر زۆر گرینگە و هێزە کوردییەکان دەبێ لەگەڵ هەر دانوستاندنێکی لەگەڵ ئەمریکا هەیانبێ لەسەر یە دوو شتی زۆر بنەمایی پێ داگرن یەک؛ ئەوەی ئەمریکا دەبی بە عەلەنی نەک بە دزی، دەبێ بە عەلەنی داکۆکی بکا لەوەی داهاتووی ئێران دەبێ داهاتوویەکی لامەرکەزی بێ کە تێیدا مافی نەتەوایەتی گەلی کورد دەستەبەر بێ. دەبێ تەعەهودێکی عەلەنی بەوە بدا دەنا دەتوانن لە قسەکانیان پاشگەز ببنەوە، بە دزی ئەگەر شتێک بکەن دەتوانن  دوایە وەستۆی خۆی نەگرن. دوایی دەبێ لە باری نیزامییەوەش تەعەهودێکی عەلەنیان هەبێ مەسەلەن لە ساڵی١٩٩١ ناوچەی دژە فڕین کە لە باشووری کوردستان دروست بوو بوو بە بنەمای پێکهاتنی ئەو حکوومەتی هەرێمەی کە ئێستا هەیە. دەبێ شتێکی لەو جۆرە ئەمریکا قەبووڵ بکا، دەنا دەبێتە ڕیسکێکی یەکجار زۆر گەورە و نەهامەتییەکەی هەم بۆ ئەو هێزە ڕۆژهەڵاتییانە دەبێ ئەگەر ئەمریکا ئەم تەعەهودە نەدا و هەم بۆ خەڵکی کوردستان دەبێ چون دەکەونە بەر تۆڵە سەندنەوەی کۆماری ئیسلامی کە هێشتا نەکەوتوە. بۆیە من پێم وایە وێرای وەی کە هێزە کوردییەکان، هێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافی خۆیانە کە یارمەتی وەربگرن لە هێزە دەرەکییەکان، بەڵام ئەو مافە بە مانای ئەوە نییە کە لە هەر دۆخێک و تەحتی هەر شەڕایتێک ئەو کارە بکەن.
دەبێ لە زۆر شت دڵنیا بن لەوەی کە کۆماری ئیسلامی هێزەکانی سەربازی و ئەمنییەتی لە کوردستان یا نەماون یا لە ئاستانەی ڕووخان دان ئەوە یەک، دوو، ئەمریکا دەبێ بە عەلەنی، نەک بە دژی و حەتتا ئەگەر پێویست بێ لە کۆنگرە دا باسی داهاتوویەکی دێمۆکڕاتیکی لامەرکەزی لە ئێران بکا، کە مافە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کورد تێیدا دەستەبەر بێ. ئەگینا دەتوانێ لێی پاشگەز بنەوە و من لێرە دا پێم خۆشە باسی مەسەلەی ڕۆژئاوای کوردستان بکەم چون ئەمریکا لەوێ چونکە یارمەتی ئیدارەی خۆسەری دەدا بەڵام هیچ کات ئەمریکا ئەم ئیدارە خۆسەرە و هێزەکانی سووریای دێمۆکڕاتیکی بە شتێک جگە لە پارتنری دژی تێڕۆر پێناسە نەکرد.
بۆیەش کاتێک کە مەسەلەی تێڕۆر بە ئیستیلاحی خۆیان تەواو بوو، ڕۆیشتن بێ وەی کە هچ تەعەهودێکیان دابێ، دەیانکوت خۆ ئێمە نەمان کوتوە دەوڵەت بۆ ئێوە دروست دەکەین، ئێستاش ئێمە خەیانەتێکمان بە ئێوە نەکردوە. هەر چۆنێک بێ لە سەر کاغەز ئەوە ناڕاست نییە چونکە ئەوان هیچ وخت ددانیان یانی
recognition ی پێناسەی سیاسییان نەدا بە ڕۆژئاوای کوردستان و ئەمن پێم وایە ئەو هەڵەیە نابێ دووپاتە بێتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ پێناسە کردنی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەکوو ئاکترێکی سیاسی کە ئەمریکا تەعەهود دەدا  بە دەستەبەر کردنی مافەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەوە دابین بکرێ. بەبێ ئەوە ئەمن پێم وایە هەمیشە ترسی وەی هەیە کە ئیسراییل و ئەمریکا ئەو کاتەی لە بەرژەوەندییان دا بوو یارمەتییان بکەن و هەر وەخت دیتیان کە بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون بڕۆن و ئەو شەڕ و نەهامەتییە بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەجێ بێڵن دوای خۆیان.


قازی: دیارە هێزێکی کوردی، بە کۆنکرێت ناوی بێنین" ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە کوردستان، کۆمەڵە"  لەگەڵ ئەو هاوپەیمانی ئەو شەش گرووپە کوردیە نەکەوتووە، لە هەمان کاتدا هێندێک هێزی چەپی دیکە هەن  کە بەیانیان دەرکردووە لەو بارەیەوە. بە تایبەتیش دیارە ئەوان لە چوارچێوەیەکی تەواو ئیدێئۆلۆژیک لەمەڕ ئەمپریالیزم بۆ مەسەلەکە دەچن، بەڵام ئیتیلافێکی ٦ گرووپیش کە لایەنگری سەربەخۆیی کوردستانن ئەوانیش گەیشتوونە یەکتر وپێم وا نییە دژایەتیەکی ئەوتۆ بکەن لەگەڵ هاوپەیمانیی  هێزە سیاسەکانی کوردستانی ئێران. لەو زەمینەیە دا  بەڕێزت پەیامت بۆ ئەو جۆرە گرووپانە چییە؟
مەتین: تا ئەو جێگایە کە دەگەڕێتەوە سەر ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کۆمەڵە ئەمن پێم وایە خوێندنەوەی وان لە پرسی نەتەوەی کورد زۆر دروست نییە و بۆیەش ئەوان بەو شێوەی دەیبینن کە باستان کرد. پرسی نەتەوەیی و جووڵانە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەکان زاتەن و بینا بە تەعریف هەمیشە دیاردەی ناونەتەوەیین نەک دیاردەیەکی ناوخۆیی، بۆیە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە ڕێکخراوی ئەو حیزبە لە واقیعدا دەیەوێ پرسێکی ناونەتەوەیی لە چوارچێوەیەکی نەتەوەیی نێو ئێراندا چارەسەر بکا کە ئەوەش ئەگەر لایەنی بە ڕاستی چەپی بەهێزی ئێرانی هەبوایەن کە لایەنگریان لەمافی چارەی خۆ نووسینی گەلی کوردستان کردبا ئەوە مەنتقێکی تێدا بوو، بەڵام ئەوەش  نییە لە نەتیجە دا ئەمن پێم وایە ئەو تیۆرییەی ئەمپریالیزم کە لە پشت ئەو هەڵوێستەی ئەوانە لە مێژە کە ڕەد کراوەتەوە هەر لە لایەن خودی مارکسیستەکان خۆیانەوە، نەک لە دەرەوەی مارکسیستەکان.
یانی ئەگەر ئەمپرێالیزم بریتییە لەوەی کە دەوڵەتێک دەسەڵاتی خۆی دادەسەپێنێ بە سەر دەوڵەت و خەڵکێکی دیکە دا، کۆماری ئیسلامی بە هەمان ئەندازە ئەمپریالیستە کە ئەمریکا ئەمپریالیستە. کۆماری ئیسلامی لە سووریا، لە لوبنان، لە عێڕاق لە هەر شوێنێک کە چاوی لێ کەن ‌ەوڵی داوە پڕۆسەی سیاسی بێنێتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی. بە بێ نەزەری ئێران دەوڵەت لە عێڕاق ناتوانێ تەشکیل بێ، کاتی خۆی لە سووییەی یارمەتی ئەسەدیان دا،چەند سەدهەزار نەفەر کووژرا، لە لوبنان هەر بەو شێوەیە. بۆیە ئەگەر ئەمریکا ئەمپریالیزمە، ئێرانیش مینی ئەمپریالیزمە مەعلووم نییە لەو نێوە دا بۆ دەبێ ئەو دژایەتییە حەتمەن بچێتە هەمبەر ئەمریکا. با ئەوەش زیاد کەم  یارمەتی وەرگرتن لە هێزی دەرەکی بە مانای ئەوە نییە کە تۆ ئیدێئۆلۆژی ئەو هێزە قەبووڵ دەکەی، تۆ یارمەتییەکی زۆر دیاریکراو بۆ مەبەستی خۆت قەبووڵ دەکەی یانی هەر وەک لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزەکانی سووریای دێمۆکڕاتیک یەپەگە/یەپەژە یارمەتییان لە ئەمریکا وەردەگرت بەڵام پڕۆژەیەکی زۆر زۆر ڕادیکاڵی دژی ئەمپریالیستی و دژی سەرمایەدارییان لە عەرزی واقیعدا دروست کردوە کە کۆنفێدرالیزمی دێمۆکڕاتیک بێ. بۆیە ئەمن پێم وایە ئەو دوو شتە تێکەڵ دەکەن، یارمەتی وەرگرتن بە مانای ئەوە نییە کە تۆ ئیدێئۆلۆژی تەڕەفی موقابیلیش قەبووڵ دەکەی.
قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور کامڕان مەتین بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا، هیوادارم لە دەرفەتێکی دیکە دا بە زوویی لەسەر بابەتی کۆلۆنیالیزمیش کە باست کرد بەیەکەوە قسە بکەین کاتێکی خۆش.
مەتین: زۆر سپاس بۆ ئێوەش بژین.
قازی: زۆر مەمنوون. بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژیش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی، ئەم بەرنامەیە ئێوارەی دووشە ٩-ی مارسی ٢٠٢٦ ڕاستەوخۆىە ڕێگای پلاتفۆڕمی تیمس لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو بووەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لێنکەی خوارەوە دا تەماشا بکەن.
https://youtu.be/bDTlmFpQnn0?si=B_tyPGbsHgeipF20

     

 

 









No comments: