قسەکانم لە بەرنامەی تایبەت: ڕووماڵی شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل لە ڕۆژی بیست و حەوتەمدا، ئاریەن تیڤی، پێنجشەمە شەو ٢٦-ی مارسی ٢٠٢٦
قسەکانم لە بەرنامەی تایبەت: ڕووماڵی شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل لە ڕۆژی بیست و حەوتەمدا
ئاریەن تیڤی،
پێنجشەمە شەو ٢٦-ی مارسی ٢٠٢٦
پێشکێشکار: سامان شەهابی
سامان شەهابی: بەڕێز حەسەن دوایین زانیارییەکان و لێکدانەوەکانت،
سەرنجی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
حەسەن قازی: سپاس کاک سامان، دیارە ئەو پەیامەی کە ئەمریکاییەکان
ناردوویانە بۆ ئێران بە ڕێگای پاکستانەوە، ئەوە تەقریبەن بە تەواوی ڕوون بووەتەوە
کە ئەوە ڕاستە، ئەمریکا لە ١٥ نوختە دا ئەو داوخوازانەی کە لە ئێرانی هەیە هێناویەتە گۆڕێ. هەرچەند ناوەرۆکەکەی بە تەواوی
ڕوون نییە بەڵام وا دیارە یەکەم ئەوەیە کە ئێران بە تەواوی دەست لە پیتاندنی
ئۆرانیۆم و مەسەلەی ئەتۆمی بە مەبەستی نیزامی هەڵ بگرێ و نوختەیەکی دیکەش ساز
کردنی مووشەکی بالستیکی دوور بڕ ڕابگرێ. جا ئەگەر بەگشتی تەماشای ئەو شەرتانە
بکەین ئەوە نیشانەی داوخوازی تەسلیمی ئێرانە و ئەوە لە ڕێگای فەرماندەیەکی نیزامی
پاکستان بە نێوی ژەنەڕاڵ مونیر کە پێوەندیی باشی هەیە لەگەڵ سپای پاسداران لە
ڕێگای ویڕا ئەو دانوستاندنانە کراوە.
ئەوە لایەکی مەسەلەکەیە، لایەکی دیکەش ئەوەیە کە دیارە ئێمە وەکوو کورد لایەنێکی
ئەو شەڕە نەبووین دەڕاستیدا قوربانی یەکەمی شەڕ هەمیشە کەسی سیڤیل بوون و ئەوان
ماڵیان وێران بووە، بەڵام ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە شەڕی
ئەو دوو دەوڵەتانە یانی ئەمریکا و ئیسراییل لە هەمبەر دەوڵەتی جمهووری ئیسلامیدا
ڕووی داوە و وەکوو ئێوە باستان کرد ئیدی ئەوە نزیک دەبێتەوە لە مانگێک و ئەوەی پای
ئێمە دەگرێتەوە ئاکامەکانی ئەو شەڕەیە بە چاک و خراپ. لەو قۆناغەشدا ئێمە دەزانین
کە لە ٢٢-ی مانگی ڕابردوو دا پارتییە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هێزە
سیاسییەکان کە لە سەرەتاوە پێنج هێز بوون و دوای حەوتوویەک هێزی شەشەمیشیان پێ
پەیوەست بوو، یەکەم جارە دە تاریخی مۆدێرنی کوردیدا، دیارە پێش ئەوەی ئەو شەڕە
دەست پێ بکا بەو نەتیجەیە گەیشتن کە پێویستە ئەو لایەنانە بەیەکەوە هاوکاری بکەن و
ئەو هاوکارییە هەم لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە تا ئەو جێیەی کە دەبیسینەوە، بە تایبەتی لە باشووری
کوردستانەوە کە ئەو خەبەرانە دێ و هەمیش لە لایەن نووسەران، ڕووناکبیران و کەسانێک
کە دەستێکیان هەیە لە دۆزی کورد دا پێشوازی لێ کرا جا ئەوە زۆر زۆر گرینگە وەکوو
باسم کرد ئاکامەکانی سەلبی و ئیجابی کە لەو شەڕە، لەو ناخۆشییە دێتە گۆڕێ کوردان
بە حاڵەتێکی ئامادەییەوە بۆی دەچن. و ئەوە دەتوانێ لە داهاتوو دا لەو ئاڵوگۆڕانەی
ئێران کە قەتعییەن ڕوو دەدا کوردیش بە
جۆرێک لە جۆرەکان بگاتە شتێک.|
مەسەلەیەکی دیکەش کە لێرە دا گرینگە دوای ئەو پێکهاتنی ناوخۆیی لەناو هێزە
کوردییەکاندا، پێکهاتنە لەگەڵ هێزە سەراسەرییەکانی ئێران چونکوو دەزانین بۆ هەر
ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە کۆمەڵگەی ئێراندا کورد بە تەنێ ناتوانێ ئەوە پێک بێنێ بەڵکوو
دەبێ لەگەڵ هێزە سەراسەرییەکان کە ئەوانیش لایەنگری پێکهاتنی سیستمێکی دێمۆکڕاتیکن
بتوانن یەک بگرن و دیارە لە پلەی یەکەمدا لەگەڵ دەروجیرانەکان و بە تایبەتی ئێمە
دەزانین لە هێندێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی لەباکووری
ڕۆژهەڵاتی کوردستان کورد دەگەڵ خەڵکی ئازەربایجانی هاوسێن لە زۆر شاراندا لە ورمێ
ڕا بگرە هەتا دەگاتە ماکۆ، لە خۆی، سەڵماس و ئەو جێیانە، لە زۆر شوێنان لە شارەکاندا،
دیارە لێرە دا ناچینە سەر ئەوەی کە پێکهاتەی دانیشتووان چەند بە چەندە بەڵام
تێکەڵن، خەڵکەکە بەیەکەوە ژیاون، ساڵهای ساڵ لە تەنیشت یەکدی ژیاون و دەزانین لەو
ساڵانە دواییشدا ئەو مەسەلەی هووییەتخوازی یان بەدەستهێنانی مافی ناسنامەی خۆ لە
لایەن ئازەربایجانییەکانیشەوە هاتووەتە گۆڕێ، بەڵام بەداخەوە ئەو جووری کە پێویستە
سەرەڕای ئەوەی کە ڕابردوویەکی کۆنمان بەیەکەوە هەیە لە زەمانی حکوومەتی میللی
ئازەربایجان و جمهووری کوردستان و تەنانەت دواتریش بەڵام لەو دواییانە دا ئەمن هەر
نموونەیەک دەهێنمەوە کە زۆر پێویستە باسی بکەم خانمێک کە بەناوی وتەبێژی حیزبی
دێمۆکڕاتی ئازەربایجان قسەی کردووە لەگەڵ تێلێڤیزیۆنێک بە نێوی "تێلێڤیزیۆنی
برابری " کە سەر بە " سازمانی راەکارگر" ە وابزانم، ئەو سازمانی
ڕاهی کارگەرە هاتووە بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی داناوە سەبارەت بە هاوپەیمانیی هێزە
سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بێ ئەوەی کە لەگەڵ یەکێک لە هێزەکانی ناو ئەو
هاوپەیمانییە قسە بکا ئەو خانمە واتە وتەبێژی حیزبی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان هاتووە
لە سەر ئەو هاوپەیمانییە قسەی کردووە. بەڵام ئەو قسانەی کە کردوویەتی لە سەری ڕا
هەتا دوایی بە شێوەیەکی خۆ بە زلزانی و لەسەرەوە را دیتنە و جۆرەیەک هەڕەشە و
تەهدیدیشی تێ دەخوێندرێتەوە کە ئەوانە دەڵێن ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوە مومکینە
دۆخێک وەک دۆخی قەرەباغ بێنێتە گۆڕێ. ئەوە بۆیە گرینگە ئێمە ئاگادار بین، بە
تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران چونکوو هەر هەمان
حیزب واتە ئەو حیزبی دێمۆکڕاتی ئازەربایجانە ئێستا لەگەڵ گرووپێکی دیکە بە دوو
قۆڵی بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە و پشتیوانیان کردووە لە هاوپەیمانیی
کوردستان. چۆن دەکرێ وتەپێژێک بە ناوی حیزبێک ئەو قسە بێ مانایانە بکا، نێوی خانمی
سیمینی سەبری یە، بەڵام لە عەینی حاڵ دا ئەو حیزبە پێشوازی لەو هاوپەیمانییە بکا و
پشتیوانی لێ بکا.
ئێمە لە باسەکەمان دوور نەکەوتینەوە بەڵام پێویستە ئەو هاوپەیمانییە لەگەڵ
هێزەکانی ئازەربایجان بە تایبەتی پێوەندی دامەزرێنین
لە سەر بنەمای دۆستایەتی دوولایەنە و حورمەتی دوولایەنەی یەکتری.
سامان شەهابی: بەڕێز حەسەن ئێمە ئەو ئێنفۆگڕافییەمان بڵاو کردەوە لە
سەر کووژرانی بەرپرسانی ڕێژیم، یەک لە دوای یەک کە ئامانجی سپای پاسداران بووە
لێیان دراوە کووژرانی فەرماندەکانی سپای پاسداران بۆتە پرسیارێک کە کێ ئەو ڕێژیمە
بەڕێوە دەبات. بەشێکی پرس ئەوەیە ئەو شەڕە بۆچی بەردەوامی کێشا بێ ئەوەی ڕێبەری
ڕێژیم مابێ، بێ ئەوەی فەرماندە سەرەکییەکان مابن، ئەی کێیە ئەم شەڕانە بەڕێوە دەبا
لەم کات و ساتە دا؟
حەسەن قازی: بەڕێز سامان وا باس دەکرێ کاتێک کە لە زەمانی ویلایەتی
فەقیهدا عەلی خامەنەیی پێش ئەوەی بکووژرێ سیستمەکەیان بە شێوەیەکی وا دامەزراندووە
لەگەڵ ئەوەش کە دەوڵەت هەیە، سپا هەیە، دەزگا و دامەزراوەی جۆر بە جۆر هەیە و بە
شێوەیەک لە شێوەکان ئەوانە هەمووی بە خۆیەوە گرێ درابوون و پاشان وەختێک ئەو شەڕە
دەستی پێکرد مەعلووم بوو کە فەرماندەییەکە بەتایبەتی ئەوەی مەڕبووت بێ بە سپای
پاسداران ئەوە دابەش کراوە یانی هەر فەرماندەیەک بۆخۆی دەتوانێ ئاتەش بە ئیختیار
بێ و کاری خۆی بکا و لە سەر فەرمانی ناوەند ڕانەوەستێ. بەڵام دەزانین لە کاتی شەڕ
دا پڕۆپاگانداش دەوری زۆرە.
ئەگەر مرۆ گوێ لە قسەکانی پرێزیدێنت تڕامپ بگرێ وا باس دەکا کە هیچ نەمابێ، دەڵێ
ئێمە هێزی دەریاییمان لە بەین بردووە، هێزی هەواییمان لە ناو بردووە، بە سەر
ئاسمانی ئێراندا زاڵین و فڵان، بەڵام لە عەینی حالێشدا دەبینین کە ئێرانیش هەر وا
بەردەوامە لە سەر ناردنی مووشەک بەرەو ئیسراییل و بەرەو وڵاتانی خەلیجیش کە لە
ناوچەکە دان بەتایبتیش وەک دەزانین ئەو ڕۆژانە هێرش کرایە سەر پێشمەرگە لە باشووری
کوردستان و بەداخەوە شەش پێشمەرگەی کورد گیانیان لە دەست دا. ئەوەم بۆیە باس کرد
ئەگەر گرێی بدەینەوە بە ئەگەر ئاگربەسێکی کورتیش بێ هەر وەک بەڕێزیشت باست کرد
لەبەر ئەوەی سەرانی ئەو ڕێژیمە بە قەولی کە تڕامپ دەڵێ تا ڕادەی سێیەمیش یان بێ
کەلک کردووە، هیچ زەمانەت و دەستەبەرییەک بۆ ئەوە نییە کە بکرێ ئاگر بەس و شەڕ
ڕاوەستاندنێکی دائیمی بکرێ، لە لایەکی دی لەبەر ئەوەی فەرماندەیی جەمعی نییە
لەوانەیە گرووپێک بتوانێ بە پێی بڕیار و شێوەی کاری خۆی بجووڵێتەوە.
شتێکی دیکەش هەیە کە هێندێک لە چاوەدێرانی سیاسی باسی دەکەن لە دۆخێکی ئاوا دا کە
ئەمریکا دەڵێ ئەمن هەموو شتێکم لە ناو بردووە ئەی چۆنە ئێران دەتوانێ ئاوا خۆڕاگری
لە خۆیەوە نیشان بدا؟ لێرە دا باسی ئەوە دێتە گۆڕێ کە ئیحتیمالی ئەوە هەیە کە
هێندێک لە کارناسان و پسپۆڕانی ڕووسی یارمەتیان پێ بکەن.
جا ئەوانە ئەگەر هەموو کۆ بکەمەوە سەر یەک لەو بەشە دا، هەرچییەکی هەبێ
نەهامەتییەکەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکە و بەتایبەتی بۆ خەڵکی مەدەنی، دەبێ ئەوە
دابگرینەوە و هەر چۆنێکی بێ ئەمنیش پێم وایە هەرچی زووتر ئەو ماڵوێرانییە، بە
تایبەتی و ئەگەر هاتوو وەک ئەو هەڕەشەیەی ترامپ کردوویەتە ئەمرێکا بێ لە تەئسیساتی
بەرق و ئاو و ئەوانە بدا ئیدی ئەوە وێرانییەکەی بۆ هەموو خەڵکە، هەر ئەوە نییە کە
بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ڕێژیم بێ.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەش کە ڕێژیم ڕێژیمێک نییە کە زۆر خەمی خەڵکی لەبەر بێ بەڵکوو
بۆ پاراستنی خۆی هەموو شتێک دەکا وەک دیتمان لە بەر ئەوەی کە مەدرەسەیەکی منداڵان
لە نزیک پێگەیەکی سپای پاسداران بووە، ئەو هەموو منداڵە بێ گوناهەش لەوێ لە
ناوچوون.
سامان شەهابی: بەرپرسیاری سەرەکی ئەم شەڕە، بەشێکی کردەوەکانی ڕێژیمی
ئێرانە بەساڵان خەڵکی برسی کرد و مووشەکی دروست کرد و هیچ کرانەوەیەکی بەرانبەر
بەگەلان دروست نەکرد. دوو مانگ پێش ئەوەی ئەو هێرشانەی لە سەر بێ عەلی خامەنەیی بۆ
خۆی وتی خەڵکەکە تەمێ دەکەین بیست سی هەزار کەسیان قەتڵی عام کرد، ئەی ڕێژیم چۆن
لەناو دەچێت؟ ڕاستە خواستەی ئەمریکا و خواستەی گەلانی ئازدیخوازی ئێران یەک نییە
بەڵام ئەو دۆخەی کە هاتۆتە پێشێ ئایا
دەرفەتە؟
حەسەن قازی: وەکوو باسم کرد هەر دوولایەنی کێشەکە دەبێ لەبەر چاو
بگرین. ئەو شەڕە بێ موداخەلەی کۆمەڵانی خەڵکە. بێ موداخەلەی گەلی کوردە. شەڕی دوو
دەوڵەت، زل هێزێکی وەکوو ئەمریکایە و ئیسراییلە لە ناوچەیەکی دیکە دژی جمهووری
ئیسلامی. کە دیارە ئەوانە ئێستا بەیەکەوە هاوپەیمانن بەڵام ستڕاتێژی جیاوازیان
هەیە. ئیسراییل بۆ پاراستنی خۆی دەیەوێ لە تەواوی دەورو بەرەکانی لە ناوچەدا تا
ئەو جێگای کە لە توانای دا هەیە حەول دەدا هێزی ئەوەیان نەبێ کە بتوانن هەڕەشە لە
مان و نەمانی بکەن. بەڵام ڕەهەندەکانی شەڕ
کاتێک ئاوا بەر بڵاو بوو و وڵاتێک خاپوور
و سووتاوی لێ بەجێ ما ئیدی ئەوە نە دەرفەتە و نەدەکرێ ئاکامێکی باشی هەبێ. بەو
شێوەیە دەبێ بیبینین ئەوە بەو مانایە نییە کە هێندێک لایەن دەڵێن تەنانەت ئەوانەی
لە باڵی چەپیشن پێم سەیرە بە تەواوی جینایەتەکانی ڕێژیمیان لە بیر بردووەتەوە و
کەوتوونەتە هەڵوێستی ئەی وای میهەنا! و دیفاع دەکەن لە ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی.
هەر دووک لایەن دەبێ ببیندرێ بەڵام ئەو شەڕە، شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل بەدژی جمهووری
ئیسلامی شەڕێک نییە بۆ دامەزراندنی دێمۆکڕاسی لە ئێرانێ.
سامان شەهابی: بەڕێز حەسەن ئێمە بێینە لای بەڕێزتان. لەگەڵ ئەوەدا لە
سەرەتای قسەکانتاندا باستان لە سەر هێندێک خاڵ کرد کە یەکگرتنی ئەحزابی سیاسی وەکوو
خاڵێکی وەرچەرخان، وەکوو خاڵێکی مێژوویی بە ناوتان کرد، بەڵام هەنگاوەکانی دوای ئەوە
چییە؟ ئەحزابی سیاسی کە ئێستا ڕێک کەوتوون هاوپەیمانییەکیان پێک هێناوە حەدی ئەقەل
زۆرینەی ئەحزابی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەتوانن لەم
کات و سادە دا چ هەنگاوێک هەڵبگرن بە بڕوای ئێوە.
حەسەن قازی: لەو
بارەیەوە پێم وایە ئەوان بۆ پێشنیار کراوەن. من بۆخۆم یەک دوو بۆچوونم هەبووە باسم
کردووە، یەک ئەوەی کە تا ئێستا نەکراوە و دەبێ بکرێ کە زۆر زۆر گرینگە هاوپەیمانیی
کوردستانی ئێران یا پارتییە سیاسییەکان، هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێویست بەوە دەکا وتەبێژێکی تایبەتییان هەبێ
چونکوو ئێستا دەبینین هەر ئەو ڕۆژانە لە ئیتالیا کۆبوونەوە هەبووە، لە زۆر جێگای
دنیا مەسەلەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دوای مەسەلە ڕۆژئاوای کوردستاندا ئاکتوێلە لە
ئاستی جیهانیدا و بەتایبەتیش ئەو یەکگرتنە وەکوو کوتم پێشتر لە لایەن هەموو لایەکەوە پێشوازی لێ کراوە پێویستی
بەوە هەیە کە وتەبێژێکی تایبەتی هەبێ بۆ ئەوەی خەڵک لە سەرچاوەیەکەوە بزانن لە ڕۆژهەڵاتی
کوردستان داواکان بەرەو کوێ دەڕوا. بەڵام هێندێک شتیش هەیە وەک یەکخستنی هێزی نیزامی
ڕەنگە پێویستی بە میدیایی کردنی نەبێ. لە بەشی یەکەمیش دا باسم کرد ئێستا کە گەیشتووینە
ئەو قۆناغە و زۆربەی هێزە سیاسییەکان یەکیان گرتووە و تەنانەت ئەوانەی کە لە دەرەوەی ئەوانیشن، بۆ وینە دەزانین
کە گرووپی ئاواش هەن کە لایەنگری دروشمی سەربەخۆیی
کوردستانن ئەوانیش پشتیوانیان کردووە لەو دەستپێشخەرییەی ئەو هێزە کوردانە. قۆناغی
دووەمیش ئەوەیە کە وەک باسمان کرد لەگەڵ دەروجیرانەکان لەگەڵ ئازەربایجانییەکان و
لەو لا لوڕەکان هاوکاری بکەن و پاشانیش لەگەڵ هێزەکانی ناوەند چوارچێوەیەک بدۆزنەوە
بۆ هاوکاری. وەک باس دەکرێ ئەو ڕۆژانە لە پایتەختی بریتانیا لە لەندەن کۆبوونەوەیەک دەکرێ کە هێندێک لە هێزە کۆماریخوازە
ئێرانییەکان کە بەشێکیان دۆزی کوردیشیان قبووڵە
ڕێکیان خستووە. و لەو کۆبوونەوەیە هێندێک لە نوێنەرانی پارتییە کوردەکانیش
بەشداری دەکەن. بەڵام دیارە ئەگەر بە یەک دەنگ وەک هاوپەیمانی بەشداریان کردبا، دیارە
ئەوە قورسایی لایەنی کوردی زۆر زیاتر دەکرد.
سامان شەهابی: بە
کورتی کەسانی ئاکادێمیسییەن و سیاسەتمەداری کورد زۆرن، لە ئاستی ئوڕووپا، لە ئاستی
کوردستاندا تەنانەت لە ئەمریکاش هەن دەتوانن چ ڕۆڵێک بگێڕن؟، لە چوارچێوەی بەرفراوانتر
جیا لە حیزب ئەو کەسانە چ ڕۆڵێک دەتوانن بگێرن لەم کات و ساتە دا؟، چون هەلومەرجیش
لە ناوخۆ زۆر لە بار نییە لە ئێستە دا.
حەسەن قازی: دیارە هەلومەرجی ناوخۆش دەبێ لەبەر چاو بگیرێ، کۆمەڵەی
مەدەنی بە تایبەتی. دەزانین کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕاستیدا
زۆر لە پێشەوەی حیزبەکان حەڕەکەتی دەکرد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەم قۆناغەش دا دەبێ
ئەو دەورەی لەبەر چاو بگیرێ. ئەمنلەو
باوەڕ دام ئەو هێزی هاوپەیمانییە دەبێ لە باری میدیاییەوە هێندێک چالاکتر بێ بۆ ئەوەی
باشتر کارەکان ڕاپەڕێنێ و ئەو بەشە لە ڕووناکبیر و ئاکادێمیسیەن و ڕووناکبیر کە ئێوە
باستان کرد تا ئەو جێگای من بزانم، لەگەڵ چەند کەسێکیان بەرنامەی تێلێڤیزیۆنیم
کردووە هەموو لەو کارە زۆر پشتیوانی دەکەن، پێشوازی لێ دەکەن بەڵام لە هەمان کاتدا
ئەو چوارچێوە گشتییانەی کە هاوپەیمانی باسی لێوە دەکا لە سبەی ڕۆژێ زیاتر ڕوون کەنەوە.
یانی هیچ یەک لەو حیزبانە خاوەنی کوردستان نین و دەبێ چارەنووس بهێڵنەوە بۆ خەڵکی
کوردستان کە لە ڕێگای سندووقی دەنگەوە بۆچوونەکانی
خۆیان بهێننە گۆڕێ.
حەسەن قازی: دیارە بڕیارە سبەینێ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتە گەورەکان
لە گەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمریکا کۆ ببنەوە لەمەڕ ئەو تەنگوچەڵەمەی لە نێوان
ئەمریکا و ناتۆ هاتووەتە گۆڕێ. هەر چەند ناتۆ بەشێوەی ڕەسمیش نەهاتبێتە ناو ئەو شەڕە
بەڵام دیارە یارمەتی ئەمریکای کردووە و ئەوە
نێوی دەنێن یارمەتیی دیفاعی و بۆ مەسەلەی گەرووی هۆرموزیش بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەنگە
بێنە مەیدانێ. بەڵام دەمەوێ لێرە قسەکانم
ئاوا تەواو بکەم کە ئەو شەڕە بە پێی پێوانە نێونەتەوەییەکان و قانوونی نێونەتەوەییەوە
بەڕێوە ناچێ بەڵکوو بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێ کە ئەمریکا هێزێکی گەورەیە لە دونیا
دا، گەورەترین هێزی نیزامی هەیە و سیاسەتەکانیشی
جار جار لەگەڵ خۆ تاقخەرەوەکان واتە ئایزۆلەیشنیستەکان کە ئێستا لە ئیدارەی ئەمریکا
دا دەستیان دەڕوا ناگونجێ. وەک دەزانی ئەوان زیاتر دەیانەوێ لە سەر کاروباری ناوخۆیی
ئەمڕیکا چڕبنەوە بەڵام تووشی ئەو شەڕەش هاتوون. وەک گوتم کۆمەڵانی خەڵکی مەدەنی
قوربانییەکانی شەڕن. ڕاستە ئێمە ئەوە لە دوورەوە لە جێی گەرم و نەرم دانیشتووین وشەڕەکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئوڕووپا
بەڵام بەڕاست دەبێ خۆمان لە جێگای ئەو خەڵکە دانێین کە ئێستا لە نادڵنیایی دائیمی دا دەژین لە ئێران، دیارە ئەوە هێچ بەو مانایە
نییە ئەو جینایەتانەی کە کۆماری ئیسلامی دەرحەق
بە میللەتان و شارومەندانی ئێران و خەڵکی دەرەوەی جوغڕافیای ئێرانی کردووە لە بیر
بکەین. بەڵام شەڕ لە هەموو دۆخێکدا مەحکوومە
و قوربانییە ئەسڵییەکانیشی خەڵکی بێ تاوانن.

No comments:
Post a Comment