وتەی بەڕێز مستەفا هیجری ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە پارڵمانی ئوڕووپا
وتەی بەڕێز مستەفا هیجری
ڕێبەری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە پارڵمانی ئوڕووپا
دوای نیوەڕۆی چوارشەمە ١٥-ی ئاوریلی ٢٠٢٦
ئەو گەنگەشەیە لە پارڵمانی یەکێتی ئوڕووپا لە بروکسێل لەلایەن کۆمیتەی
کاروباری دەرەوەی پارڵمانی ئوڕووپا بە هاوکاری دڵێگاسیۆن بۆ پێوەندی لەگەڵ ئێران
ڕێکخراوە.
دەیڤید مەک ئالیستر بەڕێوەبەری کۆبوونەوە لە پارتیی دێمۆکڕاتی مەسیحی. ئێستا نۆرەی
قسەکردنی بەڕێز مستەفا هیجری یە. فەرموو ماوەتان ٧ دەقیقەیە، بەخێر بێن.
سڵاوتان لێ بێ بەڕێزان، ئامادەبووانی هێژا،
بەڕێزان ئەندامانی پارڵمان!
سەرەتا دەمەوێ سپاستان بکەم بۆ ئەم دەرفەتە، کە بانگهێشتنی ئێمە، لانی کەمی
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی.هیوادارم ئەوە هەنگاوێکی یەکەم بێ و لە کۆبوونەوەکانی دیکە دا
ئێمە شاهیدی ئەوە بین کە ژمارەیەکی زیاتر لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ
باسکردن لە بیروبۆچوونی خۆیان لێرە دا کۆ ببنەوە.
ئەوەی لێرە دا ویستم بەزمانی کوردی قسەتان ئاراستە بکەم، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە
دەگرێ کە زمانی ئێمە زیاتر لە سەد ساڵە لە ئێران ئینکار کراوە و بە فەرمی
نەناسراوە. واتە منداڵانی ئێمە ئیجازەی ئەوەیان نەبووە کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و بنووسن. بەڵام
ئەمن ئەوڕۆ لێرە بەو زمانەی قسە دەکەم
تاکوو بەشێکی پچووکم هەبێ لە خەبات بۆ
بە فەرمی ناسینی زمانی دایکیی خۆم.
بەڕێزان، ئەمە سێیەم جارە ئێرانییەکان بۆ بنیاد نانی دێمۆکڕاسی تێدەکۆشن، بەو
مانایە کە خەڵکی ناو جوغڕافیای سیاسی ئێران لە هەوڵی بەردەوام دان بۆ گەیشتن بە
ئازادی و ڕزگاری، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون. لە ڕوانگەی
کوردستان و بە تایبەت حیزبی دێمۆکڕاتی
کوردستانی ئێرانەوە کە من نوێنەرایەتی دەکەم کێشەیەکی بونیادی لە ئێران هەیە ئەویش
دەوڵەتێکی نامەدەنی، پاوانخوازە کە ڕێگای هەر چەشنە ئازادییەکی بەربەست کردووە.
لە ئێراندا دوو جار دەوڵەت لە ئاراستەی مەدەنی دەرچووە. جارێک پاش شۆڕشی مەشڕووتە
کە لەوێدا نیزامی پاشایەتی دەوڵەتی کردە سیستمێکی پاوانخواز و جاری دواییش لە ساڵی
١٩٧٩ بەملاوە نیزامی ئایینی دەوڵەتی کردە کەرەستەی پاوانخوازی و ئایدێئۆلۆژیای
خۆی. لە سەردەمی پاشایەتی ناسنامەی فارسی دەوڵەتی بەکار هێنا تاکوو هەموو
فرەییەکان بسڕێتەوە تەنیا ناسنامەیەک، تەنیا زمانێک، تەنیا مێژوویەک و تەنیا
کولتوورێک بەسەر ئەوانی تر دا بسەپێنێت و ئاسیمیلەیان بکات. لە کاتێکدا ئێران کە
وڵاتێکی فرە زمان، فرە ناسنامە و فرە کولتوور و فرە مێژووییە. لەساڵی ١٩٧٩جارێکی
دی ئێرانییەکان بە هیوای بنیادنانی سیستمێکی دێمۆکڕاتیک ڕاپەڕین بەڵام ئەمجارە
دەوڵەت لەلایەن ئایینی شیعەی ویلایەتی فەقیهکۆنتڕۆڵ کرا و ئەویش هەوڵەکانی بۆ
سڕینەوەی ئازادی و فرەییەکانی ناو ئێران خستە گەڕ.
ئەمڕۆ دەبینین دەوڵەتی ئێرانی تەنیا مەترسییەک نییە بۆ ئێرانییەکان بەڵکوو مەترسییەکە بۆ هەموو
جیهان. مۆدێلی ئێمەی کوردستانی بەر لە هەموو شتێک کۆنتڕۆڵکردنی پاوانخوازی ئەو
دەوڵەتەیە. بە دیاریکراوی ئێمە دەمانەوێ دەوڵەت ژێر دەستی هاووڵاتی بێ، نەک
هاووڵاتی ژێردەستی دەوڵەت. مێکانیزمی ئێمە بۆ ئەو شێوە لە حکوومەتە نیزامێکی
دێمۆکڕاتیک، فێدراڵ و سێکولارە. لێرە دا هێز لە ناوەندێکدا کۆ نابێتەوە و دەتوانێ
پاونخوازی دەوڵەت کۆنتڕۆڵ بکا. ئەوە بە تەنیا چارە دەبینین بۆ بونیادنانی ئێرانێکی
دێمۆکڕاتیک، ئازاد و سێکولار کە لەوێدا ئێران ببیتە موڵکی هەموو دانیشتووانەکەی
نەک موڵکی گرووپێک.
لە بەرانبەر ئەم داوخوازە دا رێژیمەکانی پاشایەتی و دوای ئەو کۆماری ئیسلامی بۆ
پاراستنی تۆتالیتاریزم، پاوانخوزی خۆیان
ئەم داوخوازییە دێمۆکڕاتیک و پێشکەوتنخوازانەیان وەک سەربەخۆیی خوازی ئەو نەتەوانە
لە قەڵەم داوە و بەو تاوانە سەدان هەزار کەسیان ئێعدام و زیندانی کردووە یان
ناچاریان کردووە لە ژێر زەختی سەرکوتدا وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن و پەڕیوەی هەندەران
بن. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەزموونی دنیای پێشکەوتوو نیشانی داوە کە ڕێزدانان بۆ جیاوازییەکان و بە
ڕەسمی ناسینیان نەک هەر نەبۆتە هۆی دابەشبوونی وڵات بەڵکوو ڕاست بە پێچەوانە
بەهێزترین ئامرازی یەکگرتوویی ئارەزوومەندانە و پاراستنی وڵات و نیشتمانن.
یەکگرتوویی خاک و نیشتمان ئەو کاتە دێتە دی کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان لە
بەڕێوەبردنی ئیدارەی وڵات و ناوچەکانی خۆیاندا بەشدار بن و بەو شێوەیە وڵات ببنە
پێشەوە، نەک گرووپێک لە ژێر سەرکوت وزەبروزەنگ هەموو وڵات بۆخۆی داگیر بکا و باقی
دیکە پەراوێز بخات.
بزووتنەوەی ئێمە پشتی بەو بەها مرۆڤانەوە بەستووە و دەیهەوێ بە پێچەوانەی دوو
ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی سەراسەری ئێران بە کوردستانیشەوە ببێتە مەکۆی
سەقامگیری و پەیوەست بوون بە جیهانی ئازادەوە. لە بیرتان نەچێ کە کوردستان لانکەی
بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادییە. ئەم بەهایانە لای ئێمە پرێنسیپ و عەقڵییەتێکی
بونیادین نەک دروشم. بزووتنەوەکەشمان لە خانەی ئەو بەهایانەوە خۆی پێناسە کردووە.
هەر بۆیە ئێمە بیر لە چەوسانەوە، ناسەقامگیری و نەمانی ئاسایش ناکەینەوە بەڵکوو بۆ
بەدیهێنانی هەوڵ دەدەین مەگەر ئەوەی جارێکی دیکە هەوڵی لەناوبردنمان بدەن.
لە کۆتاییدا بە ناوی هاوپەیمانی و بە تایبەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانەوە
سپاستان دەکەین بۆ ئەم دەرفەتە و لە دواییدا ئەگەر کات هەبێ دەکرێ دووبارە
باسەکانمان درێژە بدەین. سپاس لە هەموو لایەک.
قسەکانی بەڕێز مستەفا هیجری لە بەشی پرسیار و وڵام
دا
لە قسەکانی یەکێک لە بەڕێزاندا ئەوە
هاتبوو ئێوە دەتوانن یەک بگرن و پێکەوە یەکڕیز بن لە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی
ئێران؟ من دەڵێم بەڵێ ئەوە دەکرێ. ئێمە لە کوردستان ٦ حیزب یەکمان گرتووە،
هاوپەیمانیمان پێک هێناوە، لەگەڵ دە دوازدە حیزبی نەتەوەکانی جیاوازی ئێرانی ئێمە
ساڵەهایە کە هاوپەیمانین و پێکەوە خەبات دەکەین بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان کە
پێشێل کراوە و گۆڕینی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران.
بەڵام ئەگەر بمانەوێ ئەو یەکگرتنانە بەرینتر بکەینەوە پێویستیمان بە یارمەتی هەیە.
یەکێتیی ئوڕووپا دەتوانێ لەو پێوەندییە دا یارمەتی بدا و زیاتر لە دەوری یەک کۆمان
بکاتەوە بۆ وەی کە یەکگرتوویەکی بەهێزتر و بە تواناتر پێک بێنین بۆ وەی کە
ئاڵترناتیڤێک لە نەتیجەی دا جێ بەجێ بێ.
- لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی ئەمریکا و ئیسراییل بۆ سەر ئێران بەڕێزێک باسی وەی کرد
کە ئەو هێرشە ڕەنگە خەڵکی ڕاکێشێ بۆ لای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. من ئەوەتان پێ
دەڵێم کە خەڵکی ئێران گەیشتووەتە نوقتەیەک کە بە هەموو شێوەیەک وە کۆمەگ لە هەموو
لایەک وەربگرێ بۆ وەی کە ئەو حکوومەتە نەمێنێ. هێرش کردن، شەڕ کردن زەرەری هەیە
بەڵام لەگەڵ ڕێژیمێک کە بە هیچجوور لەگەڵ خەڵکەکەی خۆی و لەگەڵ دونیا ئاشت
نابێتەوە بێجگەلەوە ڕێگایەکی دیکە بۆ خەڵک نەماوە. چاو لێ بکەن ٤٥ ساڵە ئەو
حکوومەتە لە لایەن ئوڕووپاوە، لە لایەن ئەمریکاوە موماشاتی لەگەڵ دەکرێ، حەول
دەدرێ سیاسەتی بگۆڕی بەڵام، موقایەسە بکەن لەگەڵ ڕۆژەکانی ئەوەڵ تا ئێستا ئایا
کۆماری ئیسلامی لەو بارەوە هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەر دا هاتووە؟ ئایا مەترسی تێرۆریزم
لە ئوڕووپا، تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی کەمتر بۆتەوە؟
-حەولی زۆر دراوە بۆ وتوێژ. ئێمە کوردستانی ئێران، هەموو حیزبەکان هاوپەیمان بوون
بۆ وەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانیشین و داوخوازەکانمان لە ڕێگای وتوێژەوە جێ بەجێ
بکەین، بەڵام کۆماری ئیسلامی لە جیاتی ئەوەی کە جوابمان بداتەوە هێزەکانی ڕێک
خستەوە و هێرشی کرد بۆ سەر کوردستان و فتوای جیهادی دا لە دژی خەڵک. دوای شەڕی
ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٩ کۆماری ئیسلامی بۆخۆی داوای کرد کە لەگەڵ ئێمە وتوێژ
بکا. سکرتێری گشتی ئێمە ئەو دەمی دوکتور عەبدولڕەحمانی قاسملوو هات بۆ ڤییەن لەگەڵ
نوێنەرانی بە ناو دیپڵۆماتی ئێرانی دانیشێ
بۆ حەلی مەسەلەکە بەڵام لەسەر مێزی وتوێژ
تێڕۆریان کرد. ٤٥ ساڵە ئەو ڕێژیمە لەگەڵ خەڵکی ئێران شەڕی هەیە، لەگەڵ دونیا شەڕی
هەیە، ڕێژیمێک کە هیچ گرینگییەک بۆ بیرو
بۆچوونی ئەو سەردەمە دانانێ. مەسەلەی دێمۆکڕاسی، مافی مرۆڤ، و ڕێزدانان بۆ
جیاوازییەکان لە نەزەر ئەو ڕێژیمەوە
ئیمکانی نییە چونکە ئیدێئۆلۆژییەکەیان ئیجازەیان پێ نادا و لەو مەیدانە دا
تەنیا مەحکووم کردنی ئیقداماتی کۆماری
ئیسلامی ئێران هیچ تەئسیرێکی نەبوە، بۆیە ئەگەر لەبەر خەڵکی ئێرانیش نەبێ پێویستە
ئوڕووپا بۆ ئەمن کردنی وڵاتەکەی خۆی، بۆ کەمکردنەوەی تێرۆریزم لە وڵاتەکەیدا،
هاوکاری زیاتر و عەمەلی تر لەگەڵ خەڵکی ئێران بکا بۆ وەی کە ئەو ڕێژیمە نەمێنێ.
چون تا ئەو ڕێژیمە بمێنێ هەرچەند لاوازیش بێ
لە سیاسەت و ئیدێئۆلۆژییەکەی خۆی، کە سیاسەتەکە لە سەر بنچینەی وی
دامەزراوە دەست هەڵناگرێ.
ئێمە پێمان وایە کە ئێستا خەڵک لایەنگری لەو هێزە دەکا بە شێوەی عەمەلی، کۆماری
ئیسلامی سەرکوت دەکا، هێرش دەکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.زۆر بەجێ دەبێ کە
ئوڕووپا لەگەڵ ئەمریکا پێکەوە ڕێگایەک ببیننەوە بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی
ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کار بکەین بۆ ئەوەی کە ڕێژیمەکە نەمێنێ. سپاستان دەکەم

No comments:
Post a Comment