Friday, April 10, 2026

وتوێژی حەسەن قازی لەگەڵ بەڕێزعەدنان حەسەنپوور، زیندانی سیاسی پێشوو، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی



وتوێژی حەسەن قازی لەگەڵ بەڕێزعەدنان حەسەنپوور، زیندانی سیاسی پێشوو، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی
لەمەڕ: نەهامەتییەکانی شەڕی ئەمریکا – ئیسراییل بەدژی جمهووری ئیسلامی
          هاوپەیمانیی هێزەسیاسییەکانی کوردستانی ئێران
           کونگرەی  " آزادی برای ایران "

لە بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزیۆنی ستێرک، دووشەمە ٦-ی نیسانی
  ٢٠٢٦
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ. وەک دەبینن ئەمجار بەرنامەکەمان سەعاتێک وەپێش کەوتووە، ئەویش لەبەر هۆی گۆڕینی کاتە لە ئوڕووپا، هیوادارم لەمەو دواوە
لە وەختی تازە دا تەماشای بەرنامەکەمان بکەن.
لە بەرنامەی ئەمجارەمان دا بە خۆشییەوە میوانداری دەکەین لە بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی. بەڕێزیان پێشتریش لە ساڵی ٢٠٢٤، نزیکەی دوو ساڵ و مانگ و نیوێک لەمەوبەر لەم بەرنامەیە دا بەشدارییان کردووە. زۆر بەخێرهاتنتان دەکەین بەڕێز حەسەنپوور.
عەدنان حەسەنپوور: زۆر سپاس کاک حەسەن گیان، سپاس بۆ ئێوەش.
قازی: ئێمە دیارە لە شەڕ ڕا دەست پێ بکەین. وەک دەزانین ئەو شەڕی ئەمریکا و ئیسراییل بەدژی جمهووری ئیسلامی ئێران ئێستا ئەوە پێی دە مانگی دووەمی خۆی ناوە و وەک دەردەکەوێ ئەو هەدەف و ئامانجانەی کە ئەمریکا و ئیسراییل، بە تایبەتی ئەمریکا لە سەرەتاوە ڕای گەیاند بوو هێندێک لەوانە دوور کەوتووەتەوە بەو مانایەی کە ئەو هێرشانە هەر بۆ سەر پێگە و ئامانجی عەسکەری نییە. لەو ڕۆژانە دا دەبینین ئەوە چەندین جار هێرش کراوەتە سەر بۆ نموونە ئەو تەئسیسات و دامەزراوانەی پێتڕۆشیمی لە ئێران و وەک دەزانین پێتڕۆشیمی یەکێکە لە سەنعەتەکانی دایک کە زۆر سەنعەتی دیکە بەوییەوە بەستراوەتەوە. وە ئەوە وەک باس دەکرێ بووەتە هۆی بێکاربوونی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران. یانی وەزعێکی زۆر ناجوور پەیدا بووە ئەگەر تەماشای دەکەین لە ڕوانگەی قازانجی خەڵکەوە و لە ڕوانگەی هێمنی خەڵکەوە لە ئێران بەگشتی. لە سەرەتاوە جەنابت ئەو نەهامەتییانەی ئەو شەڕە چۆن لێک دەدەیەوە؟
حەسەنپوور: بێگومان هەر شەڕ خۆی دۆخی ئاسایی ژیان تێک دەدات. یانی ئەو چاوەڕوانییە کە هەندێک لە ئێرانییەکان هەیان بوو دەیانگوت ئەم شەڕە دێت و وەکوو شتێکی تەمیز، ئەو دەستە واژەیان بەکار ئەهێنا کە شەڕێکی تەمیز ئەبێت و نوقتەزەنی ئەکەن و هەندێک کەس و هەندێک شوێن و هەندێک لایەن لە کار ئەخەن و لایان ئەبەن و لە هاوکێشەکە ئەیسڕنەوە ئەوە ئیتر هەموو شتێک گوڵ و بولبول ئەبێت دوای شەڕەکە.
شتی وەها جۆرێک یا لە وەهمە یا وەکوو خۆیان ئەڵێن ئارەزوو فرۆشتنە بە خەڵکی تر. ئەو شەڕە کە ئێستاش پێش هاتووە ڕێک ئاقاری هەموو شەڕێکی تری بڕیوە یانی ئێستا ژیانی ئاسایی خەڵک لە ئێرانا، لە بەشێکی هەرە زۆری ئێرانا لانی کەم کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەکانی ئەو شەڕەوە. جگە لەوەی کە ئێوە ئاماژەتان پێ کرد بە هۆی لێدانی کۆمەڵێک لە کارگە و کارخانە گەورەکانی ئێرانەوە کۆمەڵێک خەڵکی زۆر، ژمارەیەکی زۆر ڕەنگە دەیان هەزار کەس بێکار کەوتبێتن کە ئەو دەیان هەزار کەسە نوێنەری دەیان هەزار بنەماڵەن، یانی هەر کەسێک با بڵێین بژێوی ژیانی چەندین کەسی تر دابین ئەکا دەکاتە میلیۆنان کەس کە ئێستا بژێوی ژیانیان لە مەترسی دایە یان تووشی بڕان بووە وە حکوومەتیش لەو لاوە خۆی ئەو تواناییەی نییە کە بتوانێت هەموو ئەمانە قەرەبوو بکاتەوە وە لە ماوەیەکی دوورودرێژا بتوانێت ژیانی خەڵک دابین بکا، بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کە شەڕەکە تێ ئەپەڕێت تەنانەت بۆ سادەترین شتەکانی ژیانیش خەڵک تووشی چەرمەسەری ئەبن.
ئەمە بەشێک لە وەزعەکەیە کە ئەو شەڕە دروستی کردووە. بەشێکی تریش هەڵئەگەڕێتەوە بۆ شتی تری وەکوو خوێندن. ئێستا ئەلئان زیاتر لە مانگێکە کە هەر هەموو کەرتی خوێندن لە ئێرانا داخراوە. یانی خەڵک ناڕۆنە مەکتەب، تەنانەت بە شێوەی ئان ڵاین خوێندنیش تا ڕادەیەکی زۆر هەر داخراوە.
قازی: چەندین زانکۆش بۆمباران کراون.

حەسەنپووور: بەڵێ ئەوە ئیتر هەر با بوەستێ. سەرباری ئەوەی کە زانکۆکانیش بۆردمان کراوە، و ئیتر هیچ شتێکیان، لانی کەم بەشێک لە زانکۆکان هەندێک لە کالیجەکان ئیتر شتێکی پێوە نەماوە وە مەزنە ئەکرێت ئەگەر شەڕەکە ئاوها درێژەی بێت دۆخەکە زۆر لەوەش قورستر بێتەوە یانی ئەمە ئەم یەک دوو شتە کە ئاماژەی پێ ئەکەین باسی خوێندن و باسی بژێوی ژیانە و ئەمانە لە هەموو ئاستەکان و ڕووبەرەکانی تری ژیانیشا هاوشێوەکەی ڕووی داوە و کاریگەری کردووەتە سەر هەموو ژیان.  ئێستا بۆ نموونە خەڵکێکی زۆر هەن کە خەڵکی نەخۆشیان هەیە ئەم خەڵکە نەخۆشە تەبعەن پێویستی بە دەرمانە، پێویستی بە نەخۆشخانەیە دەی ئەگەر ئەو هەڕەشانەی کە تڕامپ ئەیکا بۆ سبەی دوو سبەی ئەڵێت هەموو کەرتی وزە لە ناو ئەبەم، ئەڵێ با بڵێین وزەخانەکان ئەوەیان کە کارەبا بەرهەم ئەهێنن هەمووی بۆردومان ئەکەم ئەو خەڵکەش تووشی چەرمەسەری ئەبن بۆ دەرمانی  کەسە نەخۆشەکانیان. بە کورتی عەرز کەم یەک ڕووبەری ژیان نەماوە کە کاریگەری ئەو شەڕەی پێوە دیار نەبێت.
قازی: مەسەلەیەکی کە زۆر دڵتاوێنە لەباری ئینسانییەوە، ئەگەر ئێستا لە پێوەندی لەگەڵ ئەو شەڕە دا لە چاوەدێرانی ئێرانی ڕا دەست پێ بکەین، ئەو خەڵکەی کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئاکامەکانی شەڕ ڕووبەڕوون، لە ڕاستیدا دوو سێ جوورە بۆچوون دەبینین. وەک ئێوە باستان کرد هێندێکان پێیان وابوو خەڵک بۆخۆی عامیلییەتی نییە، ئەمریکا و ئیسراییل دێن دەتوانن ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی لابەرن و ئەوانیش بێنە سەر حازری، بەڵام ئێستا بەو وەزعەی کە دەیبینن بڕێک پێ دزیلکەیان هەیە یانی بە تەواوی ناتوانن بچنە پشت ئەو هەڵوێستە و دیفاع لەو شەڕە بکەن، چونکە وەک ئەوەی ئێوە باستان کرد بەشێکی زۆری ئەو نەهامەتییانە پای خەڵک دەگرێتەوە یانی ئەگەر سبەی ڕۆژێ بێژین ئەو ڕێژیمەش نەمێنێ بە ساڵانی دوور و دڕێژی پێ دەوێ هەتا دۆخەکە بێتەوە سەرخۆ. دەبینن بەشێکی زۆر کاری نائینسانییە دەکرێ بۆ نموونە باسی بۆردومانی ئەنیستیتووی پاستۆر کە تاریخێکی زۆر کۆنی هەیە لە ساڵی ١٩٢٠ لە ئێران دامەزراوە. لایەنێک باسی ئەوە دەکەن ئەوێ مومکینە بۆ مەقسەد و مەبەستی عەسکەری بە کار هاتبێ. جەنابت ئەو ڕیوایەتە جۆر بەجۆرانە چۆن لێک دەدەیەوە؟
حەسەنپوور: کاک حەسەن بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی یا با بڵێین ئەو ڕەوتە سیاسییانەی ئێران کە هەر هەموو هیوای خۆیان گرێ دابوو بەم شەڕەوە هۆکارەکەی ئەوە بوو کە لە ڕاستییدا نە خاوەنی گوتارێکی سیاسی بوون و نە جەماوەرێکیش لەناوخۆ دا کە بتوانن ئەو جەماوەرە ئاڕاستە بکەن و گۆڕانێکیان پێ دروست بکەن. بەهێزی میدیا ئێستا با بە ڕوونی ئاماژە بکەین بۆ نموونە پاشاخوازەکان، یان تەنانەت هەندێک لە کۆماری خوازەکان. ئەمانە خاوەنی هیچ پێوەندییەکی ئۆرگانیک لەگەڵ ناوخۆی ئێرانا نین، پچووکترین پێوەندی ئۆرگانیکیان نییە، یانی ئەوەی کە خەڵکێک بێت ڕاستەوخۆ پێوەندی بەمانەوە بێت و ئەمان بتوانن بیان جووڵێنن. بزووتنەوەش لە ڕێگەی پێوەندیی ئۆرگانیکەوە جێ بەجێ ئەبێت، نەک هەر تەنها بە میدیا. میدیا تەنها دەتوانێ تا شوێنێک خەڵک بورووژێنێت بەڵام ناتوانێ خەڵک ئاڕاستە بکا بەرەو یەک  ئامانجی دیاریکراوی سیاسی کە ئەنجامێکی لێ بکەوێتەوە.
ئەمان هەموو هێزیان خستبووە سەر میدیا کە بە میدیا بتوانن ئەو جۆرەی کە ئیتر بینیومانە لەو ساڵانە خەڵکێک ڕابکێشن بەرەو لای خۆیان و بەڵکوو لە ڕێی ئەمانەوە بتوانن خۆیان وەکوو ئەکتەرێک یا ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن. بەڵام لە ڕاستیدا نە گوتارێکیان هەبوو و نە ئەو جەماوەرە ئۆرگانیزەکراوەیان هەبوو. هەر بۆیە ئاساییە کە ئەمانە بابڵێین لە بەها ئەخلاقییەکانیش دوورن، لە بەها سیاسییەکانیش دوورن پشت بەو شەڕە ببەستن. هەموو هیوای خۆیان کەڵەکە بکەنە سەر ئەو شەڕە، بەڵکوو بە شەڕێکی دەرەکی ئەمان بێنەوە دەست بگرن بە سەر دەسەڵاتا، خۆیان ئەڵێن دێینەوە ئەگینا خۆ زۆریان هەر تازەن، دەست بگرن بەسەر ئەو دەسەڵاتە دا و بەجۆرێک ببن بە جێنشینی کۆماری ئیسلامی. ئەمە نەتەنیا بزووتنەوە نییە، دژە بزووتنەوەیە.
لە ڕاستیا ئەمان دژ بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە ئێران کاریان کردووە، بە تایبەت ئەو بزووتنەوەی کە ئێمە بینیمان ساڵی ٢٠٢٢ هاتە سەر جادە و زۆر پێشکەوتنخواز بوو، زۆر ئاڕاستەیەکی مۆدێرنی هەبوو.
قازی: مەبەستت بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی یە؟
حەسەنپوور: بەڵێ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی. یانی ئەمانە تەنانەت لە هەندێک خاڵی دەقیقی وەک ساڵی ٢٠٢٢ ش هەر دژ بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی کاریان کردووە بۆیە شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبوو کە بڵێین ئەمانە سەیر بووە کە چۆن ئاوا هاتوون و پشتگیریان لە شەڕ کردووە. هەر بۆیە ئێستا تووشی پارادۆکسیش بوون. ئێستا لە چەند ڕۆژێک لەمەو پێشەوە کە بەهۆی ئەوەی کە ئاڕاستەی شەڕەکە؛ ئەوان خۆ نەیان ئەتوانی پێشبینی ئەوە بکەن، یانی زیرەکی ئەوەیان نەبوو پێشبینی بکەن کە ئەمریکا هەرجۆرێک بێ ئەبێ بەرەوەی ئەم شەڕە بێ لە ڕوانگەی خۆیەوە بۆیە ئەگەر بە لێدان لە هێزە سەربازییەکان تەسلیم نەبێ، دواجار بە لێدان لە ژێرخانەکان تەسلیمی ئەکەن. ئێستا کە هاتووەتە سەر ئەم ئاستە وە ئەوان بینیویانە ئەمە کاردانەوەیەکی لێ کەوتۆتەوە و جۆرێک لە عەیبەی دروست کردووە لای ئەوان تووشی پارادۆکس بوون. یانی نموونەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشمان هەبوو، یەکێک لە ڕاوێژکارانی پەهلەوی لە ماوەی ١٠ سەعاتا دوو هەڵوێستی ڕێک دژ بە یەکی گرتبوو. یەکێک لە  مەدحی شەڕا نووسیبووی گوتبووی ئەوە پێتڕۆشیمییەکانیان لێ دا دەبا ئیتر باقییەکەشی لێ بات، یانی کارەباش لێ بات، ئیتر حکوومەت فەلەج بێ، ١٠ سەعات دوای ئەوە دژ بە لێدانی ژێرخانەکان هەڵوێستی گرتبوو. جا بۆیە نازانم هەر وتنی ئەوەی کە ئەمانە ڕەوتی سیاسین ڕاست بێ یان نا؟ نا ڕەوتی سیاسیش نین، جۆرێک لە فیرقەن، جۆرێک لە کاستن ئەمانە وە ئەم دژوازی و پارادۆکسەش وا ئێستە تووشی بوون بەرهەمی هەر ئەوەیە، ئەو نەبوونی گوتارە، ئەو نەبوونی پێوەندیی ئۆرگانیک لەگەڵ ناوخۆی کۆمەڵگا وە بۆیە ناتوانین بڵێین بە هیچ شێوەیەک ئەوانە ئەتوانن تەیارێکی سیاسی بن کە خەڵک بتوانن متمانەیان پێ بکەن.
قازی: زۆر باشە، باسی ئەوەش دەکرێ لە میدیای جیهانیدا بە گشتی، تەنابەت لە میدیای ئەمریکاش باسی ئەوە هاتووەتە گۆڕێ کە دە ڕاستیدا ستراتێژی ئەو شەڕە دیار نییە. یانی بە تایبەتیش باسی ئەو دژوێژیانە دەکەن کە لە قسەکانی داناڵد تڕامپ دا هەیە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، کە ئێستا شتێک دەڵێ، دوای ماوەیەکی دیکە شتێکی دی. وەکوو لە سەرەتاشەوە باسم کرد یانی ئێستا ڕێبازی شەڕەکەش گۆڕانی بەسەر دا هاتووە. بە  بۆچوونی بەڕێزت ئەو ئامانجە چییە کە بیانەوێ وەک دەڵێن خاکەکەی بە توورەکە بکێشن، دەیانەوێ لەوە چ ئاکامێک وەرگرن؟ ئایا بەوە ڕێژیم دەڕووخێ؟
حەسەنپوور: لە ڕاستیا ئێمە ئەگەر بمانەوێ لەمە تێ بگەین نەختێک ئەبێ کانتێکستە عەینییەکەش  بخوێنینەوە یانی بزانین شەڕەکە بۆ ڕووی داوە. زۆر جار میدیا ئێمە بە هەڵە ئەبات. من ئەم ماوە لە یەک دوو وتوێژی تریشا ئاماژەم بەمە کردووە. هۆکاری ڕاستەقینەی سەرهەڵدانی ئەم شەڕە نە مەسەلەی ئۆرانیۆمە، نە مەسەلەی مووشەکە بالستییەکانی ئێرانە،نە مەسەلەی، زۆر مەسەلەی تر هەیە، کە ئێستە بووە بە گەرووی هۆرموز. چڕبوونەتەوە لەسەر گەرووی هۆرموز. هیچ کام لەمانە هۆکاری هەڵگیرسانی ئەو شەڕە نەبووە. هۆکاری هەڵگیرسانی ئەو شەڕە لە ڕاستیا گەورە شەڕی ئەمریکایە بۆ  هێشتنەوەی هێژێمۆنی خۆی بەسەر دونیا دا. ئەم هێژێمۆنییەی کە ئێستا هەیەتی لە دوای شەڕی دووەمی جیهانییەوە زۆر پتەوی کردووەتەوە وەئێستا کەوتۆتە بەر مەترسییەوە. مەترسییەکە ئەوەیە کە لە بەرانبەریا هێزێمۆنی وڵاتێکی تر، هێزێمۆنێکی وەکوو چین دروست بووە کە مەزەندە دەکرێ لە ساڵانی داهاتووا بتوانێت بە ئاسانی ئەمریکا وەلا بنێت و خۆی ببێ بە دەسەڵاتی یەکەمی دونیا لانی کەم  لە ڕووی ئابوورییەوە کە دوا بە دوای ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە بوو بە دەسەڵاتی یەکەم  لە ڕووەکانی تریشەوە ببێ بە دەسەڵاتی یەکەم تا ڕادەیەکی زۆر.
ئەمریکا ئێستا ئەیەوێ ئەمە پەک بخات وە بۆ پەکخستنی ئەم ڕەوتە بڕیاری داوە نەزمی دونیا بگۆڕێ، ئەو نەزمەی کە لە دوای شەڕی جیهانی دووەم جێگیر کرا وە دونیایەکی چەند جەمسەری بوو، بڕیاری داوە ئەم نەزمە بگۆڕێت، بۆیە ئەبێت لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەندێ ناوچە بۆ خۆیان یەک لایی بکەنەوە. یەکێک لەو ناوچانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ئەبێ یەکلایی بکەنەوە وە ئەو دەوڵەتانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا حاکمن ئەبێ لەگەڵ ئەمریکا هاوپەیمان بن وە نە تەنیا هاوپەیمان بن بەڵکوو ئەوەندەش بەهێز نەبن کە ڕۆژێک خولیای ئەوە با لە سەریان کە واز لە ئەمریکا بێنن یا تەیاری خۆیان بگۆڕن، بەرەی خۆیان بگۆڕن بڕۆن بەرەو چین. ئەمە هۆکاری ئەسڵییەتی بۆیە بۆ گەیشتن بەم هۆکارە ئەمریکا ئەوەندە پاڵنەری هەیە یانی ئەوەندە ئەنگیزەی هەیە – لە ئێرانا ئەڵێن ئەنگیزەی هەیە کە ئامادەبێت تا دوا شوێن بڕوا لەو شەڕە. یانی هەر شەڕێک کە دەست پێ بکا لە ناوچەی ئێمە تا دوا شوێن بڕوات و ئەگەر تەنانەت تێچووەکەی کاولکردنی وڵاتێکیش بێت بە تەواوی و گەڕاندنەوەی بێ بۆ چاخی بەردین وەها کە خۆی ئەڵێ ئەمەش ئەنجام بدات.
قازی: ئەوڕۆ لە ڕۆژنامەی گاردییەن دا نووسینێکی دوور و درێژ هەبوو باسی ئەوە دەکا لە سەرەتاوە ئیسراییل و بەتایبەتی لێکدانەوەکانی کە نەتەنیاهوو هەیبووە، ئەمریکای تووش کردووە، یانی بەو مانایەی کە ئەوان دە ماوەیەکی کورت دا دەتوانن ڕێژیمی ئێران بڕووخێنن و ئەو داوایەی کە هەیانە وەدی بێنن و ئەمریکاش لەو بۆچوونەوە گلاوە. یانی ئەوە کورتەی ئەو لێکدانەوەیەیە.باسی ئەوەش دەکا ئێستا لە ئەمریکا خۆشی دژایەتی بەرانبەر بەو شەڕە زیادی کردووە و تەنانەت لە ڕابردوو دا بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لۆبییەکی زۆر بەهێزی ئیسراییل لەوێ هەیە کە پشتیوانی دەکا لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسراییل ئەلئان دۆخەکە تەقریبەن هەڵگەڕاوەتەوە و بیروڕای گشتی زیاتر پشتیوانی دەکەن لە فەلەستین و تەنانەت بە پێی لێگەڕینی دەزگایەکی ڕاپرسی ٦٠ لەسەدی جوولەکەکانی ئەمریکا دژی ئەو شەڕەن. یانی ئەو دۆخە دەبێ بە جێگایەک بگا ئیدی. ئێستا ئۆلتیماتۆمێک هەیە، هەتا سبەینێ یە  بەکاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. جەنابت ئەو دۆخە چۆن دەبینی، پێت وایە بە کوێ دەگا؟
حەسەنپوور: ناتوانین بڵێین ئەو زانیارییانەی کە لە میدیاکان بڵاو دەبنەوە، بە تایبەت وەک شوێنێکی جێ باوەڕی وەک گاردییەن بڵاوی دەکاتەوە بە تەواوەتی بێ بنەمان بەڵام  ناشتوانین بڵێین هەر هەموو حەقیقەتەکە ئەنوێننەوە و هەموویمان بۆ باس ئەکەن. بەشێکی زۆر لەو شتانەی لە میدیا باس ئەکرێت لە ڕاستییا نیوە ناچڵە ناتوانێ هەموو شتەکەمان پێ بڵێت. من پێم وا نییە  کە ئەم شەڕەی ئێستە کراوە بە فیتی ئیسراییل بووبێت، یانی ئەو شتەی کە ئەم ماوەیە میدیا زۆر زۆر باسیان کردووە. بەشێک لە ئێرانییەکانیش پێیان خۆشە؛ ئێرانییەکانی ناو دەسەڵاتی ئیسلامی مەبەستمە پێیان خۆشە ئەم بۆچوونە پەرە پێ بدەن کە بەڵێ ئەمە بە فیتی ئیسراییل بووە. وەها نییە ئەمریکا پلانی هەبووە و ئەم پلانەش لە پێشترەوە و لە ساڵانی زۆر کۆنترەوە بووە، یانی گۆڕینی نەزمی جیهانی شتێک نییە کە تڕامپ بڕیاری لە سەر دابێت زۆر پێش لە تڕامپ بریاریان لە سەر داوە. تەنانەت هەندێک بۆچوون هەیە ئەڵێن یەکەم  فازی ئەم گۆڕینی نەزمە  لە ساڵی ١٩٩١وە دەستی پێکرد بە شەڕی یەکەمی کەنداوەوە. لەوێوە دەستی پێکرد و فاز بە فاز هێناویانەتە پێشەوە و ئێستا گەیشتووەتە بەگوڕترین و گەرمترین نوقتەکەی، خاڵەکەی ئەو گۆڕینی نەزمە. گۆڕینی نەزم تەبعەن نەزمێکی جێگیر کە هەموو دونیا خەریکە لەسەری ئەمەشێت و دەرواتە پێشەوە بەو ئاسانییە نییە، ماوەیەکی کورت نییە، بەڵکوو ماوەیەکی درێژی دەوێت و پشوو درێژیشی دەوێت هاوکات. بۆیە ئەمن پێم وا نییە شتەکە ئاوها کاڵ و کرچ ئەنجام درابێ، شەڕەکە بەو شێوە کاڵ و کرچ کرا بێت کە زۆرجار میدیا بە ئێمەی ئەڵێت. بەڵام ئەوەی کە ئایا شەڕەکە بۆ ئەمریکا وەکوو خۆی یا با بڵێین پڕۆسەکە وەخۆی ئەڕواتە پێشەوە ئەوە ئیتر باسێکی ترە کە ڕەنگە وەک دەڵێن ئێمە نەتوانین بڕیارێکی تەواوی لەسەر بدەین یا ئەنجامگیرییەکی تەواو بدەین بە دەستەوە. ڕاستە هەندێ بۆچوون لە میدیا دا بەتایبەت لە میدیای لای خۆمان وەها باس ئەکرا؛ مەبەستم لە لای خۆمان ناوچەی خۆمانە، وەها باس ئەکرا کە ئێران بە دوو ڕۆژ ئەڕووخێت و بە حەفتەیەک ئەڕووخێت و بە مانگێک ئەڕووخێ. ئەم بۆچوونانە زۆر کاڵفامانە بوون.
سەدام حوسێن لە دوای نزیک بە دوازدە ساڵ گەمارۆی ئابووری زۆر قورسەوە دەر کرا لە نەزمی دونیا. ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک هاتن بە تەواوی بیڕووخێنن ٢١ ڕۆژی پێ چوو هەتا ڕووخاندیان کە چەک وچۆڵێکی ئەوتۆشی نەبوو، وڵاتەکەش پچووکتر بوو.، ئێران ئەلئان ٤٠ ساڵە بەشێکی زۆر لە بوودجەکەی، لەو بوودجە کەلانە، لەو پارە زۆرەی کە بوویەتی تەرخانی کردووە بۆ کەرتی سەربازی، بۆ دروستکردنی موشەک، بۆ درۆن بۆ چەکی ستراتێژیک مەعقوول نییە لە حەفتەیەک و دوو حەفتەو مانگێک و دوو مانگ دا بڕووخێت. و پێم وا نییە بژاردەی ئەمریکاش ئەمە بێت بە هۆکارێکی زۆر زۆر گرینگ. لە حاڵی حازر دا ئاڵترناتیڤێک بۆ کۆماری ئیسلامی نییە. ئەوەی کە ئێستا ئێمە  ئەیبینین لەو پێشنیارانەی کە ئەمریکا ئەی خاتە بەردەست: پێشنیاری ئاگربەست ٤٥ ڕۆژ، مانگێک فڵان، ئەمانە وا چۆن  لە شەڕی ١٢ ڕۆژەشدا ئاگربەسێک، ناوبڕێکیان خستە بەین ، ئەوەیە کە بتوانن لەو بۆشاییانە ئیستیفادە بکەن بۆ ئەوەی کە ئاڵترناتیڤێک بۆ ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستەی ئێران پەیدا بکەن. ئەڵبەت مەرج نییە لە دەرەوەی خودی ئێران یا لە دەرەوەی تەنانەت خودی دەسەڵاتیش بێت، بەڵام ئەوان ئەیانەوێ قۆناغ بە قۆناغ بیبەنە پێشەوە  کە دواجار، ڕاستە بۆ عێڕاق بۆ نموونە ١٢ ساڵی پێ چوو بەڵام بۆ ئێران ڕەنگە یەکساڵ، دوو ساڵ، سێ ساڵ، چوار ساڵی پێ بچێ، کەمتریشی پێ بچێ، تەنانەت چەند مانگی پێ بچێ بەڵام  بە بۆشایی نەیهێڵنەوە یانی  وڵاتێکی بۆش نەهێڵنەوە لە ڕووی دەسەڵاتەوە کەس کۆنتڕۆڵی نەکا چونکوو چەند مانەوەی ئێران لە بەرەی چینا وەکوو با بڵێین دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە، بە هەمان شێوە ئێرانێکی ناسەقامگیریش دژ بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە. بۆیە دەبێ هاوسەنگییەک لە ناو ئەم دوو شتەدا دروست کا هەم سەقامگیرییەک لە ئێرانا ببێت و هەم گۆڕانکارییەک لە ناو دەسەڵاتا ڕوو بدات.
کۆماری ئیسلامی بەم شتەی زانیوە بە ڕای من بۆیە بەردەوام ئەڵێ من ئاگربەس ڕەد ئەکەمەوە. من ئاگربەس قبووڵ ناکەم ئەبێ شەڕەکە بۆ هەمیشە کۆتایی بێت. چونکە چاک چاک ئەزانێت کە ئەم ئاگربەسە کاتییە، دوای ماوەیەکی کورتی تر دووبارە دەست پێ ئەکاتەوە. هەر بۆیە ئەوەی کە ڕای گشتی لە ئەمریکا، یا لە ئوڕووپا یا لە شوێنەکانی تر دژی شەڕە بەردەوامیش ئەو ڕای گشتییە زیاتر دژ بە شەڕ ئەبێتەوە، هەر لە سەرەتاشەوە ڕەنگە زۆر هاوڕای شەڕ نەبووبێتن، هەر هاوڕای شەڕ نەبووبوون بەڵام،
قازی: بەڵام لە دەزگای نیزامی ئەمریکا خۆشی دا کێشە هاتووەتە ڕوو، یانی ئەوەی کە وەزیری شەڕ چەندین ژەنەڕاڵی لە کارەکەیان لا دا یەکێک لەوانە سەرۆکی ئەرکانی ئەمریکا بوو، ئەوە نیشان دەدا کە ئەوە نییە کە هەموو کەس ڕازی بێ لەو شەڕە و لەو وەزعەی کە هەیە.
 حەسەنپوور: بێگومان ! بەڵام ئایا ئەو کەسانە یا ئەو ڕای گشتییە تەنانەت ئەوەی ناو دام و دەزگای دەوڵەتی ئەمریکا هێزیان بەوە دەشکێ کە ڕێگری لە شەڕەکە بکەن و شەڕەکە ڕابگرن؟ پێم وا نییە هێزیان پێی بشکێت.
قازی: یانی پێت وایە ئەوە جارێ بەردەوام دەبێ بۆ ماوەیەک؟
حەسەنپوور: تەنانەت ئەگەر ئاگربەستیش بکرێت بەڵێ بەردەوام ئەبێت تا ئەو شوێنەی کە حکوومەتی ئێران تەسلیم بکەن. ئەم تەسلیم بوونە ئەتوانێ ئێستە بێت، لەم ئاستەیا بێت ئەوان تەسلیم بن و ببن بە هاوپەیمانی ئەمریکا، ئەتوانێ نا کاولکاری زۆر زیاتری پێوە بێت تەنانەت تا ئەو شوێنە بڕوات کە بۆمبی ئەتۆم بەکار بێنن، تا ئەو شوێنە بڕوا کە وەکوو خۆیان ئەڵێن ئێران بگەڕێننەوە بۆ چاخی بەردین. بۆیە شەڕەکە هەتا نەگەیشتن بە ئەنجامێکی تەواو کە لە ڕوانگەی ئەمریکاوە بوونی ئێرانە بە هاوپەیمانیان درێژە پەیدا ئەکات. ئەوەش کۆمەڵێک مەلزووماتی هەیە بۆ نموونە قبووڵ کردنی نەزمی نوێ. لە نەزمی نوێدا لە ناوچەکە دا ئێستا ئەگەر پێوەندی ئەم مەسئەلە لەگەڵ ئیسراییلیش بخەینە بەر باس ئەبێ ئیسراییل بە ڕەسمی بناسن، ئیسراییل قبووڵ بکەن لەگەڵیشیدا پێوەندی دروست بکەن. چون ئەوە بەشێکە لەو شەڕە، بەشێکە لەو نەزمە تازەیە کە ئەیانەوێ دروستی کەن. ئیسراییل هێژێمۆنی پەیدا ئەکا بەسەر ناوچەکە دا، ئەبێ بەدەسەڵاتی یەکەم لە ناوچەکە دا،
قازی: بەڵام ئاخر ئەوەبابەتێکی دیکە لەگەڵ خۆی دێنێتە گۆڕێ ئەویش مەسەلەی پەیمانی برایم، ئابڕاهام ئەکۆردە. هێندێک لە وڵاتانی کەنداو هاتوونە ناو ئەو پەیمانە، عەڕەبستان و ئیماڕات و ئەوانە. لە لایەکی دیکەشەوە ئێران بۆ ئەوەی ئاورەکە لە خۆی دوور کاتەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو وڵاتانە بەو شێوەیە. جا ئەوە دەرفەتەکە دژوارتر دەکا بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی دواتر دا کە ئەگەر ئێران مل  بدا لەگەڵ ئەو پەیمانە بکەوێ وڵاتە عەڕەبییەکان لێی قبووڵ کەن.
حەسەنپوور: کاک حەسەن ئەو پەیمانی ئابڕاهامە پێم وا نییە بە پێچەوانەی ئەو شتی کە ناویان ناوە ئاشتی نامە یا پەیماننامەی ئاشتی بێت. پەیماننامەیەکە بۆ  قبووڵکردنی هێژێمۆنی ئیسراییل. ئەمە حەقیقەتێکە ئەوە نییە کە دەڵێن ئاشتییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا سەقامگیر دەکەین. نا، زۆر بۆیان گرینگ نییە کە ئەم وڵاتانە لە ژێرەوە بەیەکەوە ئاشت بن، شەڕیان بێ، چۆن بن، ڕقیان لەیەک بێ، یەکتریان خۆش بوێ، بۆیان گرینگە کە هەموویان مل دانەوێنن بۆ ئیسراییل، ئیسراییلیش وەکوو نوێنەری ئەمریکا لە ناوچەکەدا، وەکوو زل هێزێک کە ئەتوانێ ئەو نەزمە بۆ ئەو وەزعە تازە کە لە دونیا  قەرارە دروست بێت بپارێزێت و مەنەیجی بکات و بەڕێوەی ببات. مەسئەلەکە ئەمەیە بۆیە ئەوان ئەو باسە ئەکەن کە ئاشتی لە ڕێگای هێزەوە. لە ڕێگەی هێزەوە ئاشتی ئەسەپێنین. لە ڕاستیدا ئەوەش کە ئاشتی لە ڕێگای هێزەوە بێت خۆ ئاشتی بەو مەعنا ڕاستەقینەیە نییە بەڵکوو جۆرێک سەپاندنە و هێز دروست کردنە. بەڵام بەدەر لە هەموو ئەمانە ئەوەی کە ئایا ئەمریکا سەرکەوتوو ئەبێ لەمەدا. ئەوە پرسیارێکە کە من خۆم بەشەخسە سەخت بتوانم جوابی بدەمەوە کە ئایا ئەمریکا سەرکەوتوو ئەبێت چونکوو زۆر جار دیومانە ئەمریکا پلانێکیشی بووە سەرکەوتوو نەبووە تیایا.


قازی: زۆر باشە ئێستا بێینە سەر مەسەلەی " هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران "ئەو جۆرەی کە نێوی ڕەسمییەتی. ئێمە دەزانین کە ئەو هاوپەیمانییە و پێویستی ئەوەی کە هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ئەوانەی کە لە دەرەوەن و یا لە باشووری کوردستانن و لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، یەکێک لەو شتانە بووە، هەمیشە هەموو کوردێک و بەتایبەتی  ڕووناکبیرانیش هەمیشە باسیان کردووە ئەوە بوو کە ئەو هێزانە لە سەر کولییاتێک، لەسەر لایە گشتییەکان بتوانن یەک بگرن. دەشزانین کە ئەو  هاوپەیمانییە بە پێچەوانەی بۆچوونی نەیاران پێوەندیی بەو شەڕەی نێوان ئەمریکا – ئیسراییل لە بەرانبەر ئێراند دا نییە و پێشتر لەوە وا بزانم لە ٢٢-ی مانگی فێڤرییە ئەو هاوپەیمانییە ڕاگەیێندرا. بەڵام هەتاکوو ئێستا ئێمە لە سەر خاڵە گشتییەکانی ئەو هاوپەیمانییە کە ڕابگەیندرێ و شی بکرێتەوە هێندە نازانین و دووەمیش ئەوەیە لە ڕووی تێکنیکیشەوە دەزانین  ئەو هاوپەیمانییە میدیایەکی تایبەتی نییە. ئەمن بۆخۆم  پێشنیارم ئەوە بووە کە زمانی کوردی زمانی سەرەکی بێ لە بڵاوکراوەکانیان دا و هەر وەها وتەبێژێکی ڕەسمیش هەبێ بە تایبەتی لە دۆخێکی حەساسی دا کە ئێستا هەیە، بەڕێزت وەکوو کەسێکی کە تەجروبەیەکی سیاسی دوورودرێژت هەیە و لەو پێناوە دا وەک بە فارسی دەڵێن هەزینەشت داوە بۆچوونت چییە ئەو هێزانە چۆن ئەو خۆشییە لەو دۆخە ناخۆشە دا کە ئەو یەکگرتنە لە نێو کوردان دا پێکی هێناوە ئەوە قووڵتر و پتەوتر کەن؟
حەسەنپوور: کاک حەسەن ڕاستە کە ئەم هاوپەیمانییە پێش ئەم شەڕە دروست کرا وە هەنگاوەکانی زۆر پێش شەڕەکەش دەستی پێ کردبوو، بەڵام بەم دۆخە تازەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوینەوە بێ پێوەندی نەبوو ڕاستییەکەی. جۆرێک ئەتوانین بڵێین وڵامدانەوەیەک بوو، یا هەوڵدانە بۆ وڵامدانەوەیەک بەم دۆخە تازە کە هاتووە کە هەموو بۆنی ئەوەی کرد بوو کە گۆڕانکارییەک لە پێشە، بێ گومان لەم گۆڕانکارییەدا لەگەڵ ئەوە کە شەڕێکی ئاوەها ماڵوێرانکەریش روو ئەدا هاوکات ئەکرێ کۆمەڵێک دەرفەتیش لە بەر دەست دا بێت و کۆمەڵێک دەرفەتیشی لێ دروست بێ. بۆیە لەم ئاستەیا بێ پێوەندی نەبوو، یانی وەها نییە کە هیچ ڕەبتێکی نەبووبێت بەڵام  تا ئێستا ئەوە کە ئێمە لە هاوپەیمانییەکە ئەیبینین زیاتر سەلبییە هەتا ئیجابی. یانی زیاتر هەر ئەوەیە وڵامدانەوەیە بەو وەزعە، نەک هەست بە زەروورەتێکی زۆر درێژخایەنتر بۆ هاوکاری و هاوپەیمانی چون لەم ماوە دا کۆمەڵێک، ڕەنگە لە میدیا دا ئێستا ورووژاندنی زۆر باش نەبێ، خۆیان زۆر باس ئەکەن ئەڵێن جارێ لە میدیا زۆر باس نەکەین ئەوە بەو مەعنا نییە کە دەرگای ڕەخنە دابخەین، بەڵام کەمتر، با هێمنانەتر  سەری باسەکان بکەینەوە.
بەڵام هەر  لە دوای دروستبوونی هاوپەیمانییەکەش ئێمە چەند جار سەکتە و جۆرێک لە وەستانمان تیا بینی. جۆرێک لە پەرچەکردارمان بینی لە لایەکان بەرانبەر بە یەکا پێچەوانەی ڕوحی هاوپەیمانییەکە بوو  وە ئەمە نیشان ئەدا هێشتا بەو ئاستە لە تۆکمەیی نەگەیشتووە کە پێویستێتی. ئەو هاوپەیمانییە بێگومان ئەبێ دوو ئامانج بۆ خۆی دیاری بکا. ئامانجێکی زۆر فۆرس ماژۆر و کورتخایەن کە هەر ئێستا ئەبێت ئەنجامی بدا و ئامانجێکی درێژ خایەن. ئامانجە کورتخایەنەکە کە زۆر فۆرس ماژۆرە ئەوەیە کە هەموو هەوڵێک بخاتە گەڕ کە یەکڕیزییەکی هەمەلایە لە هەموو ڕوویەکەوە و نە تەنها لە زمان و لە بەیاننامەیەکا بەڵکوو لە هەموو ڕوویەکەوە یەکڕیزییەکی هەمەلایەنەی هێزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بەجێ بکات. بە بێ ئەو یەکڕیزییە ئیمکانی نییە ئێمە هیچ سەرکەوتنێکی جیدی بە دەست بێنین. هەر شتێک بەدەست بێنین لە دەستی دەدەینەوە دوایی، تەنانەت ئەگەر شتێکیش بە دەست بێنین ئەمە بۆ کورت ماوەکە.
بەڵام بۆ ئەو درێژماوەکە دیاریکردنی ستراتێژی نیشتمانی یە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بێگومان پێوەندی بە زۆر بابەتەوە هەیە هەم  بە پارچەکانی تری کوردستانەوە هەیە، هەم بە هاوکێشەکانی ئێرانەوە هەیە، هەم بە هاوکێشەکانی ناوچەکەوە هەیە، هەرێمییەوە هەیە و دونیاشەوە. دیاریکردنی ئەو ستراتێژییە نیشتمانییە ئەبێ  هەدەفی غایی ئەو هاوپەیمانییە بێت. یانی ئەو هاوپەیمانییە بتوانێت سەنەدێکی باڵا دەستی وەکوو ئەڵێن لە ئێرانا، سەنەدێکی باڵادەستی دروست بکات و بەرهەمی بهێنێ کە هەر جوورە جووڵەیەکی کورد لە سەر بنەمای ئەوە بێ و بۆ ئەوە بەمەش بگات بێگومان تەنها خۆیان دەرەقەتی ئەمە نایەن. پێویستە لە دەرەوەی خۆیان خەڵکی بێ حەد زۆر هەیە، خەڵکی زۆر زۆر هەیە هەم ناوەند و ڕێکخراوە هەیە کە خۆشیان لە بەیاننامەی ڕاگەیاندنەکەدا باسیان کرد بوو، پێشوازییان کرد بوو لەوەی کە خەڵکی دەرەوەی حیزبەکان وە ناوەندەکانی دەرەوەی حیزبەکانیش بەشداری بکەن. لەوانە ئەتوانن یارمەتی وەربگرن بۆ دیاریکردنی ئەو ستڕاتێژییە نیشتمانییە کە جۆرێک لە بیچم بەندی دۆخی کورد لە ئێستەی ناوچەکەدا ئەنجام بدات و ئەوەی لێ بێتە دەرەوە.
ئەمە گرینگترین شتە کە ئەوان ئەتوانن بیکەن. ئەمەش ئیتر پێویستی بە پەرەپێدانی ڕووحی ئاسانگیری و لێک بوردن و قبووڵکردنی یەکترە و لە هەمان کاتا حەتمەن ئەبێ لە سەر ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان فەڕز بکەن کە هیچ هەنگاوێک دژ بەوە ئەنجام نەدەن، هیچ هەنگاوێک هەڵنەگرن کە ڕوحی هاوپەیمانییەکە تێک بدات یا پێچەوانەی ڕوحی هاوپەیمانییەکە بێت. چ بگا بە ئەندامانی سەرکردایەتی کە هەندێک جار ڕەنگە هێشتا ئەوانیش زۆر نەیان توانیبێ قبووڵی ئەو  وەزعە بکەن کە تا ساڵانێک لەمەوپێش بەهۆی ئەو ئیبلیس سازییەی کە لە یەکیان کرد بوو، هەموو لایەک یەکتری بە ئیبلیس ئەکرد، ئەوە نازانم فڵانە، ئەوە هێڵی سووریان لە سەر یەک دا ئەنا ئێستا دۆخەکە ناچاری کردوون بەیەکەوە دانیشن. ئەبێ ئیتر لەو قۆناغە کەمێک سەرووتر بڕوات، لەو ناچارییە بێتە دەرەوە و بگۆڕێ بۆ زەروورەت بۆ پێویستی.
قازی: باشە ئێستا بێینە سەر مەسەلەیەکی دیکە، ئێمە دەزانین زۆر باسی ئەو بابەتەش کراوە لە کۆنەوە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باری خاکەوە دەگەڵ ئەوەش کە وەک فارسەکان دەڵێن پەیوەستەیە بەیەکەوە گرێ دراوە  لە هەموو جێگایەک بەڵام لەو تەقسیماتی ڕەسمی جوغڕافیایی دەوڵەتی دا کە کراوە، لە زەمانی ڕەزا شا ڕا بەشێک لەو کوردستانە لە ڕۆژهەڵات کە ئێمە بە کوردستانی دەناسین، لەوێ میرەکایەتی موکریان هەبووە و لەوێ کۆماری کوردستان دامەزراوە دە ڕەسمییەتی دەوڵەتی ئێراندا بەشێک بووە لە ئازەربایجانی غەڕەبی یا ئازەربایجانی ڕۆژئاوا وە ئەو بۆچوونەی کە لە لایەن ناسێنەخوازانی ئازەربایجانی دەو ساڵانەی دواییدا، دەتوانین بڵێین لە زەمانی خاتەمی بەملایەوە کە بەحەق و بە دروستی داوای ناسێنەی خۆیان و داوای ڕەسمییەتی زمانی خۆیان و ئەو شتانە دەکەن بۆچوونیان بەرانبەر بە مەسەلەی کورد و دۆزی کورد دە ڕاستیدا بۆچوونێکی زۆر ئوسوولی نییە. دەزانین کە هێندێک ڕێکخراو هەن دە ناو ڕێکخراوی وەک " کۆنگرەی میلییەتەکانی ئێران" دا دەو چوارچێوەیە دا  لەگەڵ کوردەکان تێکەڵاوییان هەبووە،  قسەشیان کردووە و هاوکاریشیان هەبووە و باسی ئەوە دەکرێ گەیشتوونە بڕیارێکی ئەوتۆ کە پرسی حدوود و سغووری جوغڕافیایی بهێڵنەوە بۆ دوایە و ئەوە شتێک نییە کە حیزبەکان خاوەنی بن بەڵام ئەو دامەزراوە و نیهادەی کە لە داهاتوو دا هەڵدەبژێردرێ بۆی هەیە لە سەر ئەو بابەتە بڕیار بدا.
بەڵام لە ژارگۆن و وێژمانیان دا جیاوازی زۆرە. لە لایەک ئەوەیان پەسند کردووە و ئەوە دەڵێن، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر دەرفەتێکیان بۆ هەڵکەوت دێن پڕۆپاگاندای ئانتی کورد دەکەن. پێت وایە لەم قۆناغە دا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یان هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران چۆن دەتوانن لە پلەی یەکەمدا لەگەڵ ئەو نەتەوە بن دەستانە نزیکی و دۆستایەتی لە سەر بنەمای پرێنسیپێکی جیدی دامەزرێنن؟
حەسەنپوور: پێش هەموو شتێک ئەبێ نەختێک لە ڕووداوەکان کە وەرئەگیرێت، حەتمەن ئەزموونی تازە وەربگرن. یەکەم بەیاننامە کە ڕوو بە تورکەکانی ئێران دەریان کرد، لە لایەن بەشێکی زۆریانەوە، ئەڵبەت چونکوو ئەوان بە جیدی ڕێکخراوی زۆر جیدییان نییە و نازانین نوێنەرایەتی چەندێکی کۆمەڵگا دەکەن، ئەستەمە بڵێین لە لایەن بەشێکی زۆریانەوە،  بە موسامەحەوە ئەوە ئەڵێم بەجۆرێک پێشوازییەکی لێ کرا. بەڵام هەر لەو پێشوازی لێکردنە دا بۆ نموونە یەک شتی زۆر سادە هەبوو کە بەشی هەرە زۆریان ڕەخنەیان لێ گرت ئەویش بەکار هێنانی وشەی " ئازەری " بوو. تەنانەت لە تەنیشتی تورکی ئازەریشا ئەوان قبووڵیان نەئەکرد. ئەمە وەکوو نموونە ئەیهێنمەوە بۆیە هاوپەیمانی ئەتوانێ ئەو شتانە لە بەرچاو بگرێت. کاتێک کە ئەزانێ تورکەکان تەنانەت بە وشەیەک هەستیارن ئەگەر ئەم شتە مەوزووعێک لەسەر مەسەلەی کورد دروست ناکات، یانی هەزینەیەکی بۆ مەسەلەی کورد نییە ئەو شتە ئەنجام بدەن کە حەساسییەتەکان و هەستیارییەکان کەم کاتەوە.
قازی: ئەگەر ئیزن بدەی من لەسەر ئەو مەسەلەی شیکردنەوەیەکم هەیە. من خۆم تورکی ئازەربایجانی بەکار دێنم. بەڵام ئەو موستەلەحەیە موستەلەحەیەک نییە کە کوردەکان دایان نابێ. لە قانوونی ئەساسی جمهووری ئازەربایجان دا لەفزی تورکی تێدا نییە بە خۆیان دەڵێن ئازەربایجانی. لە تورکییە خۆ بە وان ناڵێن تورک دەڵێن ئازەری، ئازەریلەر. یانی کەوابوو دەبێ ئەوان ئەو کێشەیە لە نێو خۆیاندا جێ بەجێ بکەن، نەک ئەوەی کە یەخەی کوردێک بگرن کە مومکینە ڕاستەوڕاست هەست بەو حەساسییەتە نەکا و لە ژێر تەئسیری ئەدەبییاتی فارسی دا بڵێ ئازەری. ئەوەش هەیە. 
حەسەنپوور: بەڵام ئەوە ئایا تەوافوقێک هەیە لە ناو تورکەکانا، کە ئێمە هێشتا نازانین کە تەوافوقێکی تەواو هەیە وشەی ئازەری بە تەواوی بنێنە لاوە یا
قازی: ناڵێم لە جمهووری تورکییە  و لە جمهووری ئازەربایجان هەر دووکیان لەفزی ئازەری بەکار دێنن.
حەسەنپوور: وایە لەفزی ئازەری بەکار دێنن بەڵام ئێستە لە ئێرانا ئەمە بووە بە مەوزووع. ئەڵبەت ئەمە تەنها نموونەیەک بوو کە عەرزم کرد ئیتر شتێکی زۆر زۆر بنەمایی و گرینگ نییە بەڵام ئەمە تەنها بە " هاوپەیمانی"  ئەنجام نادرێ، هاوپەیمانی  ئەبێ یارمەتی لە خەڵکی دەرەوەی خۆی وەربگرێ بە تایبەت پێش هەموو شتێک بۆ ئەوەی ئیمکانی دروستکردنی دیالۆگێک لە نێوان نوخبەی کورد و نوخبەی تورکا هەبێت، تورکی ئازەری، تورکی ئازەربایجان هەرچییەکی پێ بڵێی بڵێین چونکوو بە جیدی هیچ فۆرمووڵێکی لەحزەیی وجوودی نییە کە ئەم خەڵکانە کۆمەڵێکیان ئەڵێن با ئەوە بێلێنەوە بۆ خەڵک دواتر. نا دواتر فەزایەکی پاپیولار و زۆر پۆپۆلیستییە، زۆر زۆر فەزایەکی پۆپۆلیستییە کە لەو فەزای پۆپۆلیستییە هەر کەس میدیای بەدەست بێ ئەتوانێ بۆچوونی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. نابێ ئەوە بهێڵینەوە بۆ ئەو کاتە کە پۆپۆلیستەکان حاکم بن بە سەرییا چون ئەگەری هەیە هیچ ڕێگا حەل و چارەسەرێکی لێ دەر نەیێت و دواجار شەڕ لە نێوان ئەو دوو نەتەوە ڕوو بدات. بۆیە ئەبێ لە ئێستەوە پڕۆسەیەک لە دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان کورد و تورکا دەست پێ بکات و ئەمە خۆ ئەبێ عەینییەتێکیشی پێ ببەخشین ئێمە هەر بڵێین دیالۆگی کورد و تورک خۆ لە سەر ئەو جادە خەڵک بەیەکەوە گفتوگۆ ناکات لە سەر ئەم مەوزووعە ئەوان ئەڕۆن ئیشی ڕۆژانەیان بەیەکەوە ئەنجام ئەدەن لە شوێنەکا کە هاوبەشە و بەیەکەوە ئەژین. بەڵام ئەم دیالۆگە جیدییە پێویستی بەوەیە کە دەستەبژێری کورد لەگەڵ دەستەبژێری ئەوانا پێکەوە بکەونە گفتوگۆوە، ئەمە بەشێکی ئەرکی خودی دەستەبژێرەکانە، خودی ڕووناکبیران و چالاکوانانی کوردستان و ئازەربایجانە و بەشێکیشی ئەتوانێت سیستماتیک لە لایەن هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە ڕێک بخرێ، ئەنجام بدرێ ئەوە ئەتوانێ زۆر،
قازی: لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە چی؟ ڕەنگە بڕێک کارهاسانی زیاتر بێ و موشکێلاتێکی ڕێگریش نییە، بۆ وێنە لەگەڵ بەلووچەکان، یا لەگەڵ تورکەمەنەکان، بە تایبەتی مەبەستم لە تورکەمەن سەحرایە، یا لەگەڵ عەڕەبەکانیش تا ڕادەیەکی زیاتر، دواتر لە بابەت  کۆنگرەی ئازادی بۆ ئێران زیاتری باس دەکەین. پێت وایە لەگەڵ ئەوان چۆن دەبێ؟ چ مێکانیزمێکی دەبێ بۆ دروست بکەن بۆ ئەو هاوکارییە؟

حەسەنپوور: ئەوە کە میکانیزمێکی گشتی بۆ ئەوانە پێویستە با ئاماژە بە یەک شتی تریش کەین ئەویش لوڕە. مەسەلەی لوڕیش کەمێک پڕۆبلێماتیکە لە ئاستی مەسەلەی کوردستانا. زۆر جار ئێمەی کورد ئەڵێین لوڕەکان کوردن، ئەمە ئەگەر تەنانەت وەکوو مێژوو ڕاستییەکیشی تێدا بێ، هەڵگری بەشێک لە حەقیقەتیش بێ، لە ئێستا دا هەڵگری حەقیقەتی ناوەکی ئەو کۆمەڵگایە نییە. بەشی هەرە زۆری لوڕ ئەتوانین بڵێین زۆرینەی ڕەهای لوڕ پێیان وا نییە کورد بن، پییان وایە بۆخۆیان نەتەوەیەکی سەربەخۆن. ئێمە ئەبێ ڕێز لەم شتە بگرین ڕاستییەکەی هەوڵ نەدەین لوڕ بکەین بە ژێر مەجمووعەی کورد. ئەمە هەمان ئەو کارەیە کە فارسەکان لەگەڵ باقییەکە ئەیکەن. ئێمە نابێ تووشی هەمان ئەو شتە بینەوە. دواجار ئینسان ئەو شتەیە کە خۆی پێناسەی ئەکات. نەک ئەو شتەی کە مێژوو ئەیڵێت. مێژوو شتێکی وتووە بەڵام ئەکرێ ئەو مێژووە بگۆڕدرێت و لە پێناسەی تازە دا دوا جار نەتەوە هەمان هوشیارییە. یانی نەتەوە بونیانێکی زێهنی هەیە هەتاکوو ئەو شتە مێژووییە، ئەگەرچی ئەو بونیانە زێهنییە  لە ئاسمانەوە دروست نابێ، لە فەزایەکی خاڵی دا دروست نابێ، مێژووی لە پشتە بەڵام  بە هەر حاڵ ئێستە وەهایە. زۆر گرینگە کە ئێمە حەتمەن ڕێز لەو پێناسەیە بگرین کە لوڕەکان بۆ خۆیانی دائەنێن بە تایبەت  کە ئێستا دۆخێکیش دروست بووە کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی ئەتوانێت ئەو کێشە لە نێوان کورد و لوڕا دروست بکات کە بێتە هۆی سەرئێشەیەکی بێ حەد زۆر چون ئێمە ناوچەکانمان زۆر لێک گرێدراوە لەگەڵ لوڕەکانە ئەمە ئەو خاڵە بوو کە حەزم کرد عەرزی کەم.
بەڵام بۆ باقی نەتەوەکان کارەکە ئاسانترە وەکوو پێوەندی گرتن یانی تۆ هیچ کێشەیەکی سەرزەمینیت لەگەڵیانا نییە، کێشەی خاکت لەگەڵیانا نییە لەگەڵ بەشی هەرە زۆریانا. تەنانەت لەگەڵ فارسا ئێمە کێشەی خاکمان نییە لەهیچ شوێنێکەوە ئێمە خاکمان بەیەکەوە پەیوەست نییە وە دەکرێ تەنها دابنیشن لەسەر بەهاکان، لەسەر ئوسوول و پڕێنسیپەکان قسە بکرێت کێشەکان چارەسەر بکا. لەم نێوانەدا کورد لەبەر ئەو پۆتانسییێلە کە هەیەتی ئەتوانێ هاوکات کاتالیزۆرێک بێت بۆ لاچوونی کۆمەڵێک کێشەی نێوان ئەو نەتەوانەی تریش. بۆ نموونە عەڕەبەکان و لوڕەکان لە زۆر شوێنا کێشەیان هەیە، کێشەی خاکیان هەیە بەیەکەوە، کێشەی نەوتەکەیان هەیە بە یەکەوە. هەر دوو لا ئەڵێن ئەو نەوتە هی ئێمەیە. ئەم کێشە ڕەنگە کورد بتوانێ حەلیان بکات کە نەگاتە ئاستی تەقینەوە لە نێوانی ئەو دووانە. وە ئەگەر کورد بتوانێ ئەو ڕۆڵە بگێڕێ ئەتوانێ پێشەنگایەتی ئەو بزووتنەوەی نەتەوە پەراوێز خراوەکان لە ئێرانا بکات و هاوکاتیش ئەمە بەرەی کوردستانیش زۆر بەهێزتر ئەکاتەوە.
قازی: مەسەلەیەک هەیە لێرە دا ئەویش ئەوەیە کە وەک دەزانین زۆر فارس ئەوە ڕەد دەکەنەوە کە بڵێن قەومێک یا نەتەوەیەک هەبێ بە نێوی فارس و دیارە ئەوەش لەو چوارچێوەیە دا دەڵێن لەو قالبەی دەوڵەت – نەتەوە دا کە دیارە شتێکی ئێرانی نییە لە دەرەوە ڕا هاتووە لەوێ دامەزراوە. دەزانین لە هێندێک وڵاتانی ئوڕووپایی کە دەوڵەت نەتەوە دروست بوو، مومکینە لە چەندین ئێتنی یان نەتەوە نەتەوەیەک دروست بووبێ کە زۆر جار نێوی ئێتنییەکی تایبەتی لەسەر نییە. و لە ئوڕووپا نموونەی وا زۆرە. لە ئێران ئەوە نەبووە بەڵام چونکوو هەڵگری ئەو داوخوازی دەوڵەت نەتەوە زمانی فارسی بووە، زۆر جار باسی ئەوە دەکرێ دەڵێن دەوڵەتی فارس، لە حالێک دا چەمکەکە هەرچەند کرچ و کاڵیش بێ کۆنسێپتێکی ئێرانییە. یانی ئەگەر چل و نیوچڵیش بێ ئەوانەی کە خۆیان بە ئێرانی دەزانن دە ڕاستیدا لە سەرەتای رێژیمی ڕەزا شا را ئەگەر تەماشا بکەی زوربەی ئەو مونەویر و ڕووناکبیرانەی کە بە فارسی بانگی دەوڵەتی ئێرانیان بەرز کردووەتەوە فارس نەبوون و تەنانەت لەوانەیە بە فارسی قسە کردنیشیان بۆ دژوار بووبێ. یانی ئەو هوویەتانەی کە هەن لە ڕاستیدا لە بەرانبەر ناسێنەی ئێرانیدا هەن. بۆ نموونە ئەو بەشەی کورد کە لە ئێرانە، بوونەکەی لە موقابیل هووییەتی ئێرانی دایە نەک هووییەتی فارسی وایە یان نا؟
حەسەنپوور: تەقریبەن ئێستا ئین هەمان بوون، یانی هووییەتی فارسی و هووییەتی ئێرانی ئین هەمان بوون. هەموو ئێلێمانەکانی هووییەتی ئێرانی بە جۆرێک لە جۆرەکان فارسییە. ئەوەی کە ئەوان ئەڵێن ئێمە قەوم نین، ئێمە میللەت نین، ئێمە ئێرانین ئێمە بێ شکڵ کردنەی خۆیان ئەمە هەر هەنگاوێکە، یا هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە هێژێمۆنی خۆیان بەسەر باقییەکەدا بهێڵنەوە و هەوڵ بدەن با بڵێین ئەو گەورە گێڕانەوەیە کە دروستیان کردووە لە ئێرانی مێژوویی، دەوڵەتی کۆنی ئێران ئەمە هەر بپارێزن و نەهێڵن لە ناو بچێت.
قازی: زۆر باشە کاتمان زۆر نییە بۆ ئەوەی بگەینە ئەو بابەتەی دیکەش، ئەو هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران چۆن دەتوانێ پێوەندی و هاوکاری خۆی لەگەڵ هێزەکانی ناوەند بەهێزتر و پتەوتر بکا، دوایە دەگەینە ئەو کۆنگرەی " آزادی برای ایران" کە هێزە کوردەکانیش تێیدا بەشدار بوون، نەک وەکوو هاوپەیمانی بەڵکوو هەر هێزەی بۆخۆی و چەند ڕووناکبیریش بەشدار بوون. پێت وا هەیە ئەوە بتوانێ زەمینەسازی ئەوە بێ لە دۆخێکی دیکە دا، لە ئەگەری ئاڵۆگۆڕێکی کە دێتە کایەوە لە چوارچێوەی کۆمەڵی ئێران دا بتوانێ ڕێگا بکاتەوە بۆ ئەوەی مەرکەزیش لایەک بکاتەوە لە نەتەوەکانی غەیری سەردەست؟
حەسەنپوور: هەر ئەگەر لە کۆتایی پرسیارەکەی ئێوەوە دەست پێ بکەین ئەو لا کردنەوە ئەگەر ئێمە زێهنییەتەکە لەسەر بنەمای لاکردنەوەی ئەوان دا بنێین بێگومان قەت لا ناکەنەوە. سەردەست بوون و بندەست بوون پێگە بە مرۆڤەکان ئەبەخشێ و ئەم پێگە بە هەست و ناهوشیاری ئینسانا ڕۆ ئەچێت، ئینسان چ وەک تاک،وەک کۆمەڵگا، چ وەک کۆ. ئەم  مرۆڤە کە لەم پێگەیە دا ئەوەستێت دواجار پێگەکە ئەبێت بە بەشێک لە وجوودی، لە جەوهەری. جەوهەر دیارە مەبەستم ئەو شتە ئێسێنسیالیستییە نییە کە ئاپریۆری و پێشوەختە بێ بەڵکوو جەوهەر لەناو مێژووا دروست ئەبێت و ئەکرێ بشگۆڕێت. بەڵام دواجار ناتوانێ، بەسەختی ئەتوانێ واز لەم پێگەیەی خۆی بێنێت. بۆیە زۆر جار پێی وایە، هەر ئێستا تڕامپ تویتێکی کردووە، کۆمەڵێک قسەی کردووە کە گوتوویە ئەمن چەکم ناردووە بۆ کوردەکان و ئەوان نەیان داوە بە خۆپیشاندەران ئەسڵەن قسەیەکە هیچ بنەمایەکی ناتوانێ بێ، یانی لە عەرزی واقیعا ناتوانی تەرجومەی کەیتەوە.
ئەوە یەک دونیا کوردۆ فۆبیا دەستی پێکردووەتەوە خەریکن جنێو ئەدەن وەکوو ئەوە سەیری ئێمە ئەکەن کە ئەنەهوو  کورد وەزیفەی ئەمە بووە چەک بێنێت و بیبا و لە تارانا ببێ بە حەماڵی وان و بڵاوی بکاتەوە.
قازی: ئەوە لایەنێکی تایبەتی ئێرانییەکانن، هەموویان وا نین.
حەسەنپوور:  ئەمە تەنها نموونەیەکە بەڵام ئێمە لە هەموو ئاستەکانی تر ئەم شتەمان تا ڕادەیەک ئەزموون کردووە کاتێک کە بەر فارسێک ئەکەوین ڕێک وەکوو پێوەندی نێوان ژن و پیاوێک وایە. وەکوو چۆن پیاو زۆر جار ئامادە نییە دان بنێ بە بە مافی ژنێکا و ئەگەر ژنێک زۆر لە سەر مافی بڕوا پێی ئەڵێ کاکە ئیتر زۆر ڕوودار بووە، ئەوانیش زۆرجار ئاوا بە ئێمە ئەڵێن. ئەو شتە زۆربەی هەرە زۆری ئێمە، نەوەی ئێمە لانی کەم بەر ئەم شتە کەوتووین و ئەزانین کە چۆن ئەوان لە پێگەی سەردەستەوە ئەم کارە ئەکەن. بۆیە یانی واقیع بین بین، گرینگترین کار کە ئێمە ئەتوانین بیکەین، لە ئێمە گرینگترین شت کە ئەتوانێت ئەم ڕەوتی سەردەست و بندەستە تێک بدا دروستکردنی هاوسەنگی هێزە. ئەم هاوسەنگی هێزە ڕووبەری زۆر زۆری هەیە لە ڕووبەری با بڵێین زمانی و بەرهەمهێنانی کتێب و نووسراوەوە بگرە یانی ڕووبەری کولتووری و فکرییەکەیەوە بگرە هەتا کوو ڕووبەری ئابووری و تەنانەت ڕووبەری سەربازی و هەموو شتێکی تریش. هەموو ئەو شتانەی کە ژیانی مرۆڤ دروست دەکات ئەبێ هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی کە هاوسەنگی هێز تا ڕادەیەک دروست بکەین و ئەم هاوسەنگییەی کە ئێستا هەیە، ئەم ناتەوازوونییەی کە ئێستا هەیە  تا ڕادەیەک تێکی بدەین. بۆیە تەنها ئەوە نییە کە بڵێین لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە ئەکرێ ئەمشتە دروست بکرێ بەڵام بەو مەعنییە نییە کە دیالۆگ بێ سوودە. هەر ئەم ساڵانە بە هۆی دیالۆگەوە ئەو نیوە هاوسەنگییەکی پچووک لە ناو میدیا دا دروست بووە، هاوسەنگیش نییە،  نیوە هاوسەنگییەکە، تا ڕادەیەک ئێمە لەو بندەستییە دەرهاتووین میدیا و سۆشیاڵ میدیا و ئەمانە  دەست خەڵکی پەراوێز کەوتەش کەوتووە، تا ڕادەیەک وەزعەکە گۆڕاوە.

قازی: زۆر باشە ئەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەی بە ناوی " کنگرە برای آزادی ایران " کرا دیارە پێشتر کاری بۆ کراوە، دیارە ئەمن شتەکانی پشتەوەی ناتوانم بخوێنمەوە بەڵام بە گوێرەی ئەوەی کە هەموو پانێلەکانم تەماشا کرد لە میدیا دا بۆم دەرکەوت کە عەڕەبەکان قورساییەکی تایبەتییان هەبوو لەو کۆبوونەوەیە دا و ئەوجار شتێکی کە بۆ من چاوڕاکێش بوو وەکوو چاودێڕێک ئەوە بوو کە هیچ عەکسولعەمەلێکت نەدەدی وەختێک کەسانی نا فارس زۆر بە ڕاشکاوی داوای خۆیان دەهێنا گۆڕێ، هەر وەها کوردەکان و بەتایبەتیش قسەکانی بەڕێز ئاودانان کە بە بۆچوونی من زۆر زۆر ڕێکوپێک بوو و بەشێوەیەکی وابوو کە لە فۆرومێکی ئاوا دا پەژاکی دەناساند بە ئێرانییەکان. بەڕێزت چۆنی هەڵدەسەنگێنێ، دیارە هەم لە لایەن پادشایی خوازەکان و هەم لە لایەن خەڵکی دیکەش کە ئیحتیمالەن  بانگ نەکرابوون یان بە هۆی دی ئەو کۆنگرەیە هێندێک خراوەتە ژێر پرسیار کە ئەوە فاینانسەکەی کێ دەیدا و لەو جۆرە قسانە. بەڵام بە گشتی پێت وا نییە کە ئەو دەستپێشخەرییە کارێکی پۆزیتیڤ و باش بوو؟
حەسەنپوور: بێگومان،رەنگە وەک جەنابتان وتتان ئێمە زانیاری تەواومان لەبەر دەست نەبێ کە بتوانین پشتەوەی شتەکە بخوێنینەوە بەڵام من بۆخۆم چەند جارێک لە چەند کۆبوونەوەیەکا لێرە لە ئوڕووپا بەشداریم کردووە کە  بەشێک لەو کەسانە بەڕێوەیان ئەبرد کە ئێستا ئەم فۆرومە یان ئەم کۆنگرەی ئازادی ئێرانیان بەڕێوە بردووە. کەسانی وەکوو ڕەزای عەلیجانی و ئەوانە سالانێکە دەستیان کردووە بە هەوڵێک بۆ ئەوەی ئەوها کارێک ئەنجام بدەن و زیاترین خەڵک لەدەوری یەک کۆبکەنەوە.
بەشێک لەمە قەناعەتێکە کە لای ئەوان دروست بووە، قەناعەتێک کە ناتوانن کەس ئیگنۆر کەن، ناتوانن کەس پشت گوێ بخەن. تازە ئیتر ئەو دنیا نەماوە کە بتوانی بە تاکە هێزێک یا بە تاکە نەتەوەیەک، چووزانم تاکە خەڵکێک، تاکە ڕەوتێکی فکری هەموو شتێک ئاڕاستە بکەیت و بیبەتە پێشەوە و دواجار هەموو کارەکانیش ئەنجام بدەی. مەجمووعەیەک کە ئەم کۆنگرەی " آزادی برای ایران" یان بەڕێوە برد بەم قەناعەتە گەیشتوون و ئەمە قەناعەتێکی زۆر زۆر باشە یانی ئینسان ئەتوانێ پێشوازی لەمە بکا. مەجمووعەیەکی تریان لە ڕاستییا ئەو کەسانە بوون کە پێشتر زۆر نزیک بوون لە ڕەزا پەهلەوی بەڵام لەوێ خواردیان بە بونبەست، ئێستا لە نەتیجەی ئەو وەزعەی کە لەوێ حاکمە خواردیان بە بونبەست یا دەر کران ئەو کەسانەی کە جەوانترن و گەنجترن و با بڵێین زیاتر ئینسانی توندن ئەمانیان دەرکرد کەسانی وەک شەهریار ئاهی و ئەوان دەر کران. بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەیانەوێت هاوسەنگییەک لە نێوان ئەوان و خەڵکی تریشا دروست بکەن، ئەو ئەنگیزە و پاڵنەرەشیان هەیە. بەدەر لەوەی کە ئێمە ئەنگیزەکان بخوێنینەوە کە هۆکاری ئەوە چییە ئەم کارەیان کردووە، خودی کارەکە بێگومان کارێکی پۆزێتیڤە و خۆزگە کەم و کەسرییەکانی چارەسەر ئەبوو، لەباتی ئەوەی تەنیا ڕاگۆڕینەوە و گفتوگۆ بێت هەنگاوێکی کرداریش بگرنە بەر بۆ ئەوەی کە هەر بە هەمان شێوە لەوێ کاتیان دانا و کاتیان دا بە خەڵکی تر کە قسە بکات کە تا ئێستا بە دەگمەن بوو کە زۆرێک لەوانە حازر بن گوێگرن بۆ قسەی عەڕەبێک، بۆ قسەی کوردێک، بۆ قسەی تورکێک بۆ قسەی ئەمانە گوێ بگرن، چوارچێوەیەکیشیان دروست بکردایە کە هەموو ئەم کەسانە بیان توانیایە هاوسان و بەرابەر نوێنەرایەتییان هەبێ لەوەدا. ئەگەر ئەم هەوڵانە بەو ئاڕاستەیە دا بڕوا و بگاتە ئەو شوێنە کە هەنگاوی کرداری و ڕێکخراو بوونی لێ بکەوێتەوە بێگومان ئەتوانێ کاریگەری زۆر زۆر باشتریشی هەبێت لە داهاتووا.

قازی: زۆر زۆر سپاست دەکەم بەڕێز حەسەنپوور بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ دا، داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم، زۆر سپاس.
حەسەنپوور: زۆرسپاس بۆ ئێوەش.
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەم بەرنامەیە ئێوارەی دووشەمە ٦-ی نیسانی ٢٠٢٦ سەعات ٧ بەکاتی ناوەندیی ئوڕووپا بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە ستێرک تیڤییەوە بڵاو کراوەتەوە. دەکرێ ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە لەم لینکەی خوارەوە لە مەکۆی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا تەماشا بکەن.
https://youtu.be/8MkumdToq6A?si=ITzsNLCivk3t5I5E













 

No comments: