Monday, September 7, 2020

دەیڤید گڕەی بر مرۆڤناس، چالاکوان و نووسەر کە دەورێکی سەرەکی هەبوو لە بزووتنەوەی داگیر کردنی واڵ ستریت دا

 


دەیڤید گڕەی بر مەرگنامە
مرۆڤناس، چالاکوان و نووسەر کە دەورێکی سەرەکی هەبوو لە بزووتنەوەی داگیر کردنی واڵ ستریت دا
گاردییەن
ستوارت جێفریز
گاردییەن، یەکشەمە  ٦-ی سێپتامبری  ٢٠٢٠

وەرگێر: حەسەن قازی

مرۆڤباس دەیڤید گڕەی بر،کە لە تەمەنی ٥٩ ساڵان دا لەپڕ مرد،بە شێوەێەکی سەرنجڕاکێش لەوە دا سەرکەوتوو بوو کە لێکۆڵینەوە و کردەوەی ڕاستەوخۆ بەیەک ببەستێتەوە. ئەو کەسێکی بە باندۆر بوو لە بزووتنەوەی داگیر کردنی واڵ ستریت دا و بەوە بەناوبانگە کە بێژەی " ئێمە لە سەدا نەوەدو نۆین " ی داڕشتووە.
بۆ وێنە، لە ساڵی ٢٠١١ ئەو بەرهەمی کلاسیکی مرۆڤناسی، قەرز: ٥٠٠٠ ساڵی یەکەم،ی نووسی، لە جەنگەی ڕێکخستنی داگیرکردنی واڵ ستریت لە نیویۆرک. لەو کتێبە دا گڕەیبر بانگەوازی کرد بۆ " یوبلی" یەکی  شێوە پیرۆز – واتە پاک کردنەوەی قەرزەکانی سەروەر و مەسرفکاری. ئەو نووسی" قەرز"، هۆی هەرە بەکارە کە تا ئێستا ساز کرابێ بۆ سەرکەوتن بە سەر پێوەندییەکاندا کە لە جێدا لە سەر بنەمای توندوتیژی و نابەرانبەری بەزەبرو زەنگ داندراون و گۆڕینی ئەو پێوەندییانە بەشێوەیەکە کە دروست و لەبار وەبەرچاو بێن."
ئەو ئاماژەی پێ کرد، زۆربەی ئەو خەڵکەی کە شانبەشانی وی پڕۆتێستیان دەکرد، هەر وەها ئەو خەڵکانەش کە لە میسر و ئێسپانیا لە ساڵی ٢٠١١ ڕژانە سەر کۆڵانان، شتێکی گەورەی هاوبەشیان هەبوو: " زۆربەی ئەوان خەڵکی ئەوتۆ بوون کە بە سیستمی پەروەردە دا تێ پەڕیبوون و تا ملان قەرزدار بوون و بە هیچجۆر دەرفەتی پەیدا کردنی کاریان نەبوو. سیستمەکە بە تەواوی پشتی تێ کردبوون.... جا ئەگەر بمانەوێ کۆمەڵێکی ئاوامان هەبێ کە شیاوی تێدا ژیان بێ، ئێمە دەبێ خۆمان بە دەستی خۆمان  کۆمەڵێکی ئاوا دروست بکەین."

لە ڕاستیدا، ئەو بزووتنەوی داگیر کردنی وەک " ئەزموونێک لە پاش کۆمەڵێکی  بوروکراتیک" نێو زەد کرد، و لە ساڵی ٢٠١٥ بە ڕۆژنامەی گاردییەنی گوت: " ئێمە دەمانویست نیشان بدەین ئێمە دەتوانین گشت ئەو خزمەتانە بە بێ بوروکراسی بێ کۆتا ڕاپەڕێنین بە پێچەوانەی ئەوەی دابینکاران دەیکەن. لە ڕاستیدا لە دەمێکدا لە پارکی زاکۆتی  سندووقێکی گەورەی پلاستیکی ئاشغاڵ داندرا بوو کە ٨٠٠ هەزار دۆڵاری تێدا کۆ ببووەوە. خەڵک  هەر پارەیان دەداینێ بەڵام ئێمە نەدەچووین پارەکە لە بانک دانێین. لەوێ گشت ئەو ڕێوشوێن و موقەڕاراتە هەن. و واڵ ستریت داگیر بکە بۆی نییە حیسابی بانکی هەبێ. ئەمن هەمیشە دەڵێم کە پرێنسیپی کردەوەی ڕاستەوخۆ وەک پێکێشییەکی سەربزێوە بۆ شێوەیەک لە هەڵسوکەوتی کە مرۆڤ وەک ئازاد بێ وایە."
دەیڤید، لە نیویۆرک لە دایک بوو، کوڕی دایکوباوكێکی جوولەکەی سەر بەچینی کرێکار بوو. دایکی
ڕووت، کە لە لەهیستان لە دایک ببوو ( و پاشناوی ڕوبین شتاین) بوو، کرێکارێکی پارچە چنین بوو و لە نمایشتێکی میوزیکال دا لە ساڵی ١٩٣٠، بە ناوی تەزین کە یایانی ئەنترناسیۆناڵی یەکێتیی کرێکارانی پارچە چنین هێنایانە سەر شانۆ دەورێکی سەرەکی گێڕا.
باوکی، کێنێت، کە لە کانساس لە دایک ببوو، لە کاتی خوێندن لە کالیج ئەندامی کۆمەڵەی لاوانی کۆمۆنیست بوو، دواتر لە ڕیزی بریگادە نێونەتەوەییەکان لە شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا دا بەشداری کرد بەر لەوەی بگەڕێتەوە نیویۆرک و لە چاپخانەیەک دەست بەکار بێ. دەیڤید لە خانووبەرەیەک دا  کە ژیان لە ئاپارتومانەکانی دا بەشێوەی هەرەوەزی بوو گەورە بوو و لە وتوێژێک دا دەڵی:" ئەو ژینگەیە لە سیاسەتی ڕادیکاڵ دا خنکا بوو".
لە تەمەنی ١٦ ساڵان دا، ئیدی خۆی بە ئانارشیست دەزانی، هەڕچەند – هەر وەک لە تویتر دا ڕوونی کردووەتەوە- قەت گوێی نەداوەتێ کە وەک مرۆڤناسێکئ ئانارشیست باس بکرێ: " ئەمن ئانارشیزم بە بەشتێک دەزانم کە مرۆڤ دەیکا، و وەک پێناسەیەک چاوی لێ ناکەم، جا بۆیە پێم مەڵێن مرۆڤناسی ئانارشیست."
دیڤید دەچووە مەدرەسە دەوڵەتییەکان بەر لەوەی لە  مەدرەسەیەکی شەو و ڕۆژی جێی دەست کەوێ کە وەک
" مەدرەسەیەکی ڕازاوە " باسی لێوە دەکا، بە ناوی فیلیپس لە ئاندۆڤر، لە ئەیالەتی ماساچوسێتش. ئەو یارمەتی خوێندنی بۆیە بە دست هێنا لەبەر زەوقی زۆری خۆی بۆ وەرگێڕانی خەتە هیرۆگلیفەکانی مایان.   
سەیڤید لە زانکۆی دەوڵەتی نیۆیۆرک  لە پرچس لە مرۆڤناسی دا لیسانسی وەرگرت ( ساڵی ١٩٨٤) و بە دوای ئەوە دا لە زانکۆی شیکاگۆ پلەی ماستری و دوکتورای تەواو کرد . ئەو بۆ ماوەی ٢٠ مانگ لە بێتا فۆ، لە ناوچەی ئاریڤۆنیامۆ لە ماداگاسکاری ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەیدانی کرد، و لە سەر بنەمای ئەو لێکۆڵینەوەیە  تێزی دوکتوارکەی نووسی (١٩٩٧)، لە مەر کۆمەڵگەیەک کە دابەش ببوو بەسەر تۆرمەی نەجیب زادە وکۆیلەیان دا. دە ساڵ دواتر ئەو تێزە بە شێوەی کتێب  بە ناوی  گەلی ونبوو: جادوو و پاشماوەی کۆیلایەتی لە ماداگاسکار بڵاو کرایەوە.
گڕەیبر لە زانکۆکانی شیکاگۆ، نیویۆرک و دواجار یەل مامۆستایەتی  کرد، و لەوێ کتێبی بەرەو تیورییەکی مرۆڤناسانەی بایەخ ی نووسی (ساڵی ٢٠٠١)، و هەر وەها کتێبێکی کورت  بەناوی، لەتکەکانی مرۆڤناسییەکی ئانارشیست ( ساڵی ٢٠٠٤)، ئەوەی دەرخست کە بۆچی، جگە لە دەیڤید گڕەیبر و هێندێکی دیکە نەبێ  لە دنیای ئاکادێمیک دا ئانارشیست زۆر کەمن.
لە ساڵی ٢٠٠٤ زانکۆی یەل بڕیاری دا کۆنتڕاکتی کارەکەی تازە نەکاتەوە. دیڤید دەڵی، زانکۆ "هیچ هۆیەکی ڕانەگەیاند بۆ ئەو بڕیارەی داوە جگە لە ڕازی نەبوونی لە لێوەشاوەیی زانستی  من نەبێ، بەڵام هێندێکان وایان دانا ڕەنگە ئەوە بە تەواوی لەبەر ئەو هۆیە بووبێ کە ئەمن ئەو دەمی ئیدی تەواو چالاک بووم لە بزووتنەوی جیهانی لە پێناو عەداڵەت و پڕۆژەکانی دیکەی کە لە ئانارشیزم ئیلهامیان وەردەگرت". کاتێک لە گڕەیبریان پرسی گەلۆ ئەو لە زانکۆی یەل درێژەی بە کار دەدا، ئەگەر ئانارشیست نەبووبا، ئەو وڵامی داوە: " ڕەنگە، ئەمن پێم وایە ، دوو زەربەم لە دژی بوو یەکەم، وا وێدەچوو ئەمن زۆر حەز لەکارەکەم بکەم. دووهەم ئەوەی کە ئەمن سەر بە چینێکی هەڵە بووم: ڕەچەڵەکی من لە چینی کرێکارەوەیە."


دوای یەل، دەیڤید دەڵێ ئیدی وای هەست کرد لە ئەمریکا کار بۆ ئەو نەبێ، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٧، گۆلدسمیتس ، زانکۆی لەندەن  کاری دایە ، و لە ساڵی ٢٠١٣ بوو بە پرۆفێسۆری تەواو وەخت لە مەدرەسەی ئابووریی لەندن . ئەوە لە لەندەن بوو کە ئەو ئەمریکاییە پاتراوە زیاتری بەرهەمە هەرە باشەکانی خۆی نووسی، لە هەمان کاتدا کە لە کردەوەی ڕاستەوخۆ تێوەگلا.
کتێبەکانی دواتری بریتین لە   کردەوەی ڕاستەوخۆ: مرۆڤناسییەک (٢٠١٣)، لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە بزووتنەوەی جیهانی لە پێناو عەداڵەت  ، کە، ئەو دەڵێ، " ئاستەمە کەس بیخوێنێتەوە" و هەر وەها کتێبی  قەرز: ٥٠٠٠ ساڵی یەکەم " کە تەقریبەن وێدەچێ هەموو کەس بیخوێنێتەوە". کتێبی یوتۆپیای ڕێوشوێنان ( ٢٠١٥) کە تێیدا ئارگومێنتی ئەوەیە کە لە ساڵانی ١٩٧٠کانەوە گۆڕانێکە هاتووەتە ئاراوە لەمەڕ ئەو تێکنۆلۆژیانەی کە  لە سەر بنەمای داهاتووی بەدیل وەدی دن بەرەو تێکنۆلۆژیی مەسرەفی کە دیسیپلینی کارو کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیان لا پەسندە.  گڕەیبر دەڵێ "ئەو کۆنتڕۆڵە ئەوەندە بەرىڵاوە کە ئێمە نایبینین. ئێمە ئەوەش نابینین، کە چۆن هەڕەشەی زەبروزەنگ لە کۆمەڵ دا ڕیشە دادەکوتێ"  ئەوەش سەرنجڕاکێشە کە، لەکاتێک دا هیچ چارەیەک بۆ نەخۆشی سەرەتان نەدۆزراوەتەوە، کەشفی هەرە سەرسووڕهێنەری دەرمانی ساز کردنی دەرمانی وەک ڕیتالین، زۆلۆفت و پڕۆزاک بووە کە " مرۆڤ دەتوانێ بڵێ بە ڕادان دراون، بۆ ئەوەی ئەو داوخوازە نوێیە پیشەییانە بە تەواوی بێ کەلک و گەوجمان نەکەن".
لە ساڵی ٢٠١٨ گڕەیبر کتێبی  کارە قۆڕەکان: تێورییەک ی نووسی، و تێیدا دەڵێ  کە زۆربەی کارە ئیدارییەکان کاری بێ مانان و پێشکەوتنە تێکنۆلۆژییەکان بوونە هۆی ئەوە کە خەڵک زیاتر کار بکەن، نەک کەمتر.  ئەو دەڵێ
 " بەشێکی زۆری خەڵک، بە تایبەتی لە ئوڕووپا  و ئەمریکای باکوور، تەواوی ژیانی کاری خۆیان بۆ ئەرکی ئەوتۆ تەرخان دەکەن کە لەو باوەڕە دان پێویست نین.  ئەو سەدەمە ئەخلاقی و ڕووحییەی کە لەو هەلومەرجە دەکەوێتەوە زۆر قووڵە. ئەوە برینێکە لە سەر روحی بەکۆمەڵی ئێمە. بەڵام تەقریبەن هیچ کەس لەوبارەیەوە متەقی لەبەر دەم دەرنایە".  ئەمن جارێک لێم پرسی، گەلۆ ئەوە مانای ئەوەیە کە کارەکەی خۆشی نەپێویستە . ئەو لە ولام دا گوتی. " هیچ پێوانەیەکی هەست پێکراو نییە بۆ نرخی کۆمەڵایەتی،".
لە ساڵی ٢٠١٩، گرەیبر لەگەڵ نیکا دۆبرۆڤسکی، هونەرمەند و بلۆگ نووسێکی بە ڕەچەڵەک ڕووس زەواجی کرد و لەو بارەیەوە بە خۆشی و ئارامییەوە دەڵێ:" ئەمن قەت ئاوا نەورووژاوم کە کەسێک کە بەڕاستی من دەناسێ دەیەوێ بۆ هەمیشە لەگەڵ من بێ."  ئەو جووتە بە یەکەوە دەستەیەکی هونەرییان ساز کرد بە ناوی  ' ئەدی ژن ' کە حەول دەدا لە پێناو عەداڵەت بۆ ژنانی ترۆ کراو لە ئاڵمانی ڕۆژهەڵاتی پێشوو دا
.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو، گرەیبر نێوانی لەگەڵ گاردییەن تێک چوو و لە جریوەیەک لە تویتر دا نووسی  ئیدی ئەو قەت جارێکی دی بۆ ئەو ڕۆژنامەیە نانووسێ لەبەر ئەو ڕەفتارەی لەگەڵ جێرێمی کۆربین، ڕێبەری پارتیی کرێکار کردی، لەماوەی بەربەرەکانی هەڵبژاردنی گشتی دا. گڕەیبر بەتایبەتی لە سەر کۆربین وەجواب هات و پاراستی لە ئاست تاوانبارکردنی بەوەی کە دژی جوولەکەیە. گڕەیبر لە وتوێژک دا  دەڵێ " ئەگەر مرۆڤ چاو لەوکەسانە بکا کە لەبەر دژایەتی جوولەکە پارتیی کرێکاریان بە جێ هێشتووە، زۆربەیان جوولەکە نەبوون و خەڵکێکی یەکجار زۆر کە هێشتا زۆر لە جێریمی کۆربین نزیکن جوولەکەنە. ئەوە گەوجێتی یە."
گڕەیبر هەر وا کەسایەتییەکی چالاک بوو تا لەپڕ لە کۆتایی مانگی ڕابردوو لە وێنیز نەخۆش کەوت. لە کاتی مردنی دا ئەو بە دووقۆڵی لەگەڵ کۆنینەناس دەیڤید وێنگرۆ لە سەر زنجیرەیەک لێکۆڵینەوە لە مەڕ ڕیشەی نابەرانبەری کۆمەڵایەتی کاری دەکرد. ئەو هەر وەها کاری دەکرد بۆ بزووتنەوەی ئازادیی کورد.
گڕەیبر خۆی وەک " خۆشبینێکی هەتاهەتایی " دەناساند کە هیوادارە لە پەنجا ساڵی داهاتوو دا سیستمێکی نوێ  دێتە مەیدانێ کە  سەرمایەداری نییە. ئەو لە لەتکەکانی  مرۆڤناسی ئانارشیست دا  نووسی:" هەر وەک لە گۆڕانییەکی فۆلکلۆری برازیلی دا هاتووە ، ' دنیایەکی دیکە دەلوێ'، و دامەزراوەی وەک دەوڵەت، سەرمایەداری، ڕەگەپەرستی و باڵادەستی پیاو وەنەبێ حەتمی بن؛ و ئەوەیکە دەکرێ  دنیایەکمان هەبێ کە  تێیدا ئەو شتانە نەبن، و لە ئاکام دا ژیانی گشتمان باشتر دەبێ "
دەیڤید نیکای لە پاش بەجێ ماوە.
*دەیڤید رولف گڕەیبر، مرۆڤناس و ئانارشیست ، لە ١٢-ی فێڤرییەی ١٩٦١ لە دایک بوو و لە ٢-ی سێپتامبری ٢٠٢٠  مرد



No comments: